Draw Media

ئەنوەر حسێن (بازگر)   دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی )2011( جارێکی دیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بە نیازن شەبەحێک و تارماییەک وەکو مارکس وتی " بەسەر ئەوروپاوە دەبینن، بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا دێت و دەچێت "، کە شەبەحێکە ئەمەریکا بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتی دەکات، لە دوای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە دوو خولی ڕابردوودا، هاتنی هێزگەلێکی زۆری سوپای ئەمەریکا بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان و بێجی، کفری، موسڵ و کەیوان لە کەرکوک ئاوەکانی کەنداوو لە سعودیە و قەتەر و ئیمارات، ڕەوانەکردنی کەشتیگەلی زەبەلاح ( B52و F35) سیستمی پاتریۆت هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پێدەچێت ململانێیەکی توند لە نێوان واشنتۆن و تاران دەست پێبکات، دوای خولی دووەمی گەمارۆکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، ئەمەریکا لە )14( خاڵدا داوایکردوە، پێویستە ئێران ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات، (دەست هەڵگرتن لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی، کۆتاییهێنان بە فراوانکردنی مەودای موشەکە دوورهاوێژەکانی، پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل، کشانەوەی ئێران لە یەمەن کە پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی لە عێراق و پشتیوانیکردن لە شیعەکان، پاشەکشەی سوپای پاسداران لە سوریا، دەست هەڵگرتن لە پشتیوانی حەماس و جیهاد لە فەلەستین دژی ئیسرائیل و کۆتاییهاتن بە پشتیوانی لە حیزبولڵا لە باشووری لوبنان). لە بەرامبەر ئەوانەدا وا پێدەچێت ئەمەریکا گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی ئێران هیچ یەکێک لە خاڵەکانی جێبەجێ نەکردوە، و ئامادەنییە ئەم داوایانەی جێبەجێ بکات، چونکە خاڵی ستراتیژی، سەربازی و هەیمەنەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، قوڵایی ئەمنی قەومی و ستراتیژی ئێرانن، بۆیە پێ ناچێت سزاکانیش ئەو ڕۆڵەیان هەبێت، بەتایبەت لەدوای سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە یەکێتیی ئەورووپا. بینیمان نرخی بەهای تمەنی ئێرانی بەرز بووەوە لەچاو ئەوەی کە داببەزێت بە پێچەوانەی گەڕی یەکەم کە بەهای تمەن بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و لە چەند مانگی ڕابردوودا سەقامگیریی و ئارامییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کە پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەمەریکای نیگەران کردبێت، لە بەرامبەدا ئەو وڵاتانەی کە باسمان کرد بە تایبەت وڵاتە سنوورییەکانی ئێران، هەرێمی کوردستان، عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ئەفغانستانیش دەروازەی سنووری فراوانیان هەیە بەردەوام ئەو پەیوەندییە ئابووریانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ نمونە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق 1200کم سنوری وشکانیان هەیە لە گەڵ ئێراندا و توانیویانە ببێت بە سەرچاوەی داهاتێکی باش و گەمارۆکان جێبەجێ نەکرێت بەتایبەتی فرۆشتنی نەوت. لە ڕاستیدا ئەم گرفتانە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و دووجار سەردانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسجی پۆمپیۆ نامەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت بۆ تورکیا، ئوردن، میسر و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەوەبوە کە ئایا لەگەڵ ئێمەن یاخود لە گەڵ ئێمەدا نین، بەو مانایەی کە لە گەڵ ئێمەن یان ئێران، گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە، بۆ زانیاری زیاتر ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا وایکرد کە کۆبوونەوەکانی یەکێتی نیشنیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە (14/1)ی ڕابردوودا کە خۆیان لە پشتی مێزەکانەوە ئامادەبوون حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێک بێت و فشاریان خستبوە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کە حکومەت زوو پێکبهێنرێت و هاوکات هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بەیەکەوە نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە وەرزی ڕابردوودا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هاتنی پۆمپیۆ و ئەو فشارانەیە کە ئەمەریکا و ئەورووپا لەسەر هەرێمی کوردستان دروستیان کردووە، بێگومان هەرێمی کوردستان خاڵێکی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژی گرنگە لە ململانێکانی ئەمەریکا و ئێران، کە گرنگە لەم ڕووداوانەدا نەبێتە قووربانی، بەبۆچوونی شەخسی خۆم، پێم وانییە هەموو کاتێک یەکێتی و پارتی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان ملبدەن بە سیاسەتی ئەمەریکا و سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا و چیان پێخۆش بوو ئەوەیان بە گوێ بکەن، بۆ نمونە لە ئەگەری شەڕی داهاتوودا کە شەڕێک لە ناوچەکەدا ئەمەریکا هەڵیدەگیرسێنێت لەگەڵ ئێراندا، مەرج نییە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بکات. دەکرێت جارێک پێی بڵێ نەخێر و لەگەڵ سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەبێت، بەو هۆکارەی کە ئێران جگە لەو سنورەی کە هەیەتی، لە ڕاستیدا زۆرجار پشتیوانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەوڵەتێکە لە ناوچەکەدا حزوری کاریگەری سیاسی و ئابووری بوونی هەیە، ئێمە یەک گرفتمان هەیە لەگەڵ ئێران ئەو گرفتەش پەیوەندی هەیە بەوەی کە هاونیشتیمانییەکانی ئێمە لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندان، گەر مامەڵەی ئێران لەگەڵ ئەوانەدا باش بێت، ڕەنگە کەمترین گرفت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبێت، بەڵام لە )100( ساڵی ڕابردوو لە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس - بیکۆوە لە هەر شوێنێک گەلی کورد لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان کە توشی شکست بوون بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیای تێدا بوە، لە دروستبوونی حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە هەتا قازی محەمەد، گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم لە کامەیاندا ئەمەریکا بەتەنها دەستێوەردانی نەکردوە؟ پشتی لە کورد نەکردوە؟ بۆ نموونە لە سەردەمی حکومەتی شێخ مەحمود، لە بیستەکان و دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەتەنها ئێران و تورکیا نەبوون، ئەوە ئینگلیزەکان بوون هاتن حکومەتی شێخ مەحمودیان کۆتایی پێهێنا، حکومەتی قازی محەمەد لە دەرئەنجامی هاتنی هێزەکانی فاشی و هێزەکانی نازی ئەڵمانیا و دواتر ڕێککەوتنی نێوان ئینگلیزەکان و ڕووسەکان و ئەمەریکییەکان حکومەتەکەی قازی محەمەد لەناوچوو، لە چلەکانی دوای جەنگی جیهانی دوەم، لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ئەمەریکا، ئیسرائیل، هۆڵەندا، ڕووسیا و یۆنان بوون عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان ڕادەستی تورکیا کرد، بە بەرچاوی ئەمەریکا و ئەوروپاوەیە ئەندام پەرلەمانەکانی (HDP) دەگیرێن، بەبۆچوونی من دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کێشەکانمان بەتەواوتی نەمێنێت چ لە گەڵ تورکیا، ئێران و عێراق ئەمانە سنوری هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە و ئابووری و ئاڵوگۆڕمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدایە، دەتوانن کێشەی زۆرتر دروست بکەن، من پێم وایە واشنتۆن نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە دۆستایەتی و پشتیوانیان جدی نییە تەنها بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە دەکات و تێڕوانینی ئابوریانەی هەیە نەک سیاسی. ئەگەرچی زۆر ڕاستە، پەیوەندییە ئابوورییەکان لە نێوان تاران و بەغداد یان لە نێوان هەولێر و تاران، لەژێر کاریگەری و هەیمەنەی پەیوەندییە سیاسییەکانن. ئەوە واقیعیەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەت حوکم دەکات و زاڵە، ئەمەش پێچەوانەی بەشێک لە ئەمەریکا و ئەوروپایە کە ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. بێگومان هاتنی زەریفی، ئەوەندەی پەیوەندی بەو ڕووداوگەلەوە هەیە کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، ئەوەندە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نەبوو. بە بڕوای من ئەو کۆڕبەندە ئابوورییانەی لە هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا دەبەسترێن بیانویەکن بۆ ڕووداوە سیاسییەکان، ئەگەرنا چەند مانگ لەمەوپێش بۆچی ڕووینەدا؟ جەواد زەریفی بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندبوو " کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە ئێران دەکات " هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە، پێم وایە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە و ئێران دەیەوێت ئەگەر پشتیوانی ئێرانیش نەبێت، لەو ململانێی کە هەیانە، پشتیوانی کردنی ئەمەریکا وەکو ئێران خۆی دەڵێت ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا نەبێت. قسەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت نێوەندگیری بکات لەو نێوانەدا، لە هەمان کاتدا ناتوانێت بێلایەن بێت، سەبارەت بە سیاسەتی ئەمەریکا و ئێران ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە نەیتوانیوە بێلایەن بێت. ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و پێویستی بە هاوکاری هەردوولا هەیە، بەڵام بەوڕووداوانەی کە لە مێژوودا و چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە، ئێمە دەتوانین چی بکەین؟، هەرێمی کوردستان بە بێ گەرەنتی و زەمانەتێک لە هەرکامیان، حەق نییە پشتیوانی لە هیچکامیان بکات، بەڵام ئەگەر بێینە سەر ئەم واقیعیەتە، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەهاری )1991 ( و لە ڕاپەڕیندا ڕێگای بۆ هێزەکانی عێراق خۆش کرد و سەرکوتی خەڵکی کوردستانیان کرد، )31(ی ئاب سنوورەکانی واڵا کرد و ڕژێمی بەعس خەڵکی کوردستانیان قەتڵ و عام کرد، و دواجار لە )2003( دۆخێکی گونجاو هاتە ئاراوەو دەرفەتی سەربەخۆیی بە هەرێمی کوردستان نەدا و ڕێگای نەدا ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێتەوە سەر کوردستان، هەروەها لە دووەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار بۆ جەنابی مام جەلال، ئەمەریکا گوشاری خستە سەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێویستە ئەیاد عەلاوی ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەگەر ئێرانییەکان و هەوڵی جەنابی مسعود بارزانی نەبوایە، بەڕای من لەو خولەدا پۆستی سەرۆک کۆمار، لەژێر گوشاری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تورکیا، دەدرا بە سووننەکان و عەلاوی. ئێران ڕاستەوخۆ ڕایگەیاند " کە ئەوە پشکی کوردە "، لە هەموو سەردەمەکانی پێشووی حکومەتی عێراقی، ئێران ڕۆڵی سەرەکی بووە لە پشتیوانیکردنی کورد و لە ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییانە، ڕاستە وڵاتانی ئێران و تورکیا نەیاری هەرێمی کوردستانن و پێیان خۆش نییە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات و ببێت بە دەوڵەت، بەڵام قسەکە ئەوەیە ئەمەریکا تەنیا چاو لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سوریای دیموکرات و شەڕڤانانی (پەیەدە) لە بەرامبەر شەڕی داعش دەیان هەزار قوربانیان داوە، ئێستاش ئەمەریکا دەیەوێت پاشەکشێ بە هێزەکانی بکات، کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە كارتێک دەدەن بە تورکیا و ڕوسیا، کە سوریا بۆخۆیان بێت، ئەمەریکا دەکشێتەوە لەبەرئەوەی تورکیا و ڕووسیا پشتیوانی لێبکەن و گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران بکەن یان ئەوەی بێدەنگ بن! بۆ نموونە ئەمەریکا لە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسی سعودیە، جەمال خاشقچی، لە گەڵ سعودیە سازشی کرد، ڕازیکردنی تورکیا بە پاشەکشێ لە سوریا و جێهێشتنی کوردەکان لە پێناوی چی؟ لە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس لە پێناوی چی؟ لە ماوەی )40( ساڵ کە ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە لە گەڵ کۆریای باکوور خەریکی سازشە لەپای چی؟ ئەمانە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە ململانێکانی لەگەڵ ئێرانەوە هەیە، چاوپۆشی واشنتۆن و ئەوروپا لە پێشێکاری مافی مرۆڤ، بێ مافی ژنان، نەبوونی ئازادی سیاسی و میدیایی، حیزبی لە سعودییە بۆچییە؟ چاوپۆشیکردنی لە سیاسەتەکانی قەتەر لە گروپە فەندەمێنتاڵ و ئیخوان موسلمین لە میسر و تورکیا خۆشکردنی ئاگری شەڕ لە لیبیا و یەمەن بە خاتری چییە؟ ئەمەش دوالیزمێکە. مۆڕاڵ تێیدا غائیبە، لە هەرێمی کوردستان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەکاتی ڕیفراندۆم کورد جێدەهێڵێت و دەڵێت ئەگەر بە قسەی من نەکەن من واز دێنم و ڕێگا دەدات بە حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و سوکایەتی بە خەڵکەکەی بکات، کەواتە چۆن دەتوانێت پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات؟. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مەکسیکەوە تا سۆماڵ، لە پاکستانەوە تا ئەندەنوسیا، لە هیچ شوێنێک پشتیوانییەکی جدی نەکردووە جگە لە ئیسرائیل و تەنیا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی کەوتووە. ئەگەر ئەمەریکا پەیامێکی جدی هەیە، یان گەرەنتی و زەمانەتێکی پێیە بۆ خەڵکی کوردستان نەبنە قوربانی لەم ململانێیانە، با هەرێمی کوردستان پشتیوانی لێبکات، بەڵام بەڕای من نایکات و نەیکردووە، ئەمەریکا هەرێمی کوردستان وەکو بنکەیەکی خۆی دەبینێت بۆ مەرامەکانی و بەرژەوەندییەکانی، گەر واشنتۆن، هەرێم بە هاوبەشی خۆی دەزانێت بۆچی ئەو مەترسیانە نابینێت کە لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە بەرۆکی هەرێم دەگرێت؟ بۆچی سیستمی پاتریۆت لە زۆربەی ناوچەکە دادەنێت. بەڵام لە هەرێم پاتریۆتی نییە بەڵام ئەمەریکا پێیوایە هەرشتێک بڵێت دەبێت جێبەجێ بکرێت. بەڕای من لەمەودوا، مەرج نییە هەرێمی کوردستان هەموو سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، پێم وایە لە خراپترین حاڵەتدا ئەوەی کە لە چەند ساڵی پێشوو و دوای ڕیفراندۆم بەسەرمان هات، ڕوودەدات. کەواتە بۆچی ئەمەریکا لە ساڵی )1993( پشتیوانی لە جیابوونەوەی ئەریتریا کە سیستمێکی تۆتالیتارە لە ئەسیۆپیا دەکات؟ لەبەرئەوەی بەشێکی لە جێگە و نفوزی ئیسرائیلە، بۆچی پشتیوانی لە جیابوونەوەی باشوری سودان لە سودان دەکات؟ لەبەرئەوەی کە مەسیحین، بۆچی پشتیوانی لە جیابوونەوەی وڵاتانی یۆگۆسلاڤیای پێشوو بۆ سەر هەر یەکێک لە (کرواتیا و مۆنتینگرۆ) دەکات لە سربیا؟ لەبەرئەوەی کە جێگە و پێگەی هەیە بۆ گوشار خستنە سەر ڕوسیا؟ بەڵام زیاتر لە )28( ساڵە ناتوانێت زەمانەتی تەنیا فیدراڵی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بە بڕوای من ئێستا ئەمەریکا لەم ململانێیانە پێویستی بە بنکە سەربازییەکان و سنوورەکانیەتی، پێویستی بەوەیە کە گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نەوت هەناردەی ئێران نەکات، لە بەرامبەردا زەمانەت و ئاڵتەرناتیڤی ئەمەریکا چییە بۆ هەرێمی کوردستان؟ یان چی دەکات لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەی کە لە داهاتوودا بەسەر کوردستاندا دێت؟. لە یاد نەکەین کە سوریا نموونەی ڕاستەقینەی دەستێوەردانی ئەمەریکا، ڕوسیا، تورکیا و ئەورووپایە، زیاتر لە (500) هەزار کەس لە خەڵکی سوریا بوونەتە قووربانی و ئێستا ڕژێمی بەشار ئەسەد دێننەوە سەر حاکمییەت. لە تورکیا دەیان هەزار کەس دەستبەسەرکراون و سەدان کەس بەهۆی ڕژێمی ئەردۆگان لەسەر کار لابراون، بەڵام ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی نییە. کەواتە هەڵوێستی بەرامبەر بە تورکیا و ئێران جیاوازە. هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، ئەمەریکا دۆسییەی خاشقچی گەیاندبووە لوتکە، بەڵام کاتێک کە زانی سعودیە بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت، لەسەر کەیسەکە بێدەنگ بوو و چاوپۆشی لێکرد. لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، بە هۆی دەستێوەردان و ماڵوێرانی ئەمەریکا و ئەورووپا، جگە لە خەڵکی وڵاتانی بەشمەینەتی عەرەبی، کێ زەرەرمەند بوو؟ لیبیایان بۆ داعش بەجێهێشت، نەیجرییا بۆ بۆکوحەرام و سۆماڵیان بەجێهێشت بۆ حەرەکەی شەبابی ئیسلامی فەندەمێنتاڵ، یان بارودۆخی میسر و یەمەن کە بە سەدان هەزار کەس بوونە قوربانی. بە ڕای من ئەمەریکا و ئەورووپا لە هەموو نەهامەتییەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارن و چاوپۆشی لێدەکەن و پێیانوایە ئەگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و ململانێ هەبێت ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییەکانیان باشتر بقۆزنەوە، سەرمایەگوزاری باشتری تێدا بکەن و نەوتی ناوچەکە بەرن و چەک و چۆڵی سەربازی زۆرتر بفرۆشن.  ئەم ڕووداوانەی کە دێنە پێشەوە و پۆمپیۆ کە وتویەتی " لەگەڵ ئێمەن یان نا "، پێم وایە هەرێمی کوردستان وا باشە بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵێت نەخێر، یان لە بەرامبەر چیدا، کام پشتیوانی و کام دڵنیایی کە دەیدات بە هەرێمی کوردستان، لە ڕووی مێژوویی و سنوری جوگرافی و سیاسی و ئابوورییەوە، لە ڕووی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، من پێم وایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باش بکەین، هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە کێشە و قەیرانەکانی لەگەڵ تاران و ئەنقەرە و وڵاتانی ناوچەکە سفر بکاتەوە، پێویست نییە ببێت بەشێک لەو سیناریۆییانەی کە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەیخوڵقێنێت، پێویستە ئێران لەم نییەت باشییەی هەرێمی کوردستان تێبگات و گرەنتی بدات بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە و پشتیوانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکات وەکو دۆستێک مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، نەک وەکو نەیارێک، بتوانێت ئەو بارودۆخە سیاسییەی و جیۆپۆلیتکیەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لە ناوچەکەدا، ئێران بتوانێت هەستی پێبکات و بە ڕەسمی بیناسێنێت وەکو مەترسی نەیبینێت لەسەر ئێران، ئێران بە بۆچوونی من دەیتوانی هەرێمی کوردستانیش بکات بە دۆستە زۆر نزیکەکانی خۆی هەروەکو ئەوەی کە لەناوچەکەدا کردوویەتی، بەڵام بەداخەوە نەیکردووە یان ململانێی کردووە لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان و سوننە و شیعەکان، زۆرجار ئێران پشتیوانی جدی نەکردوە لە هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ئاوەڵا نەکردوە و سەروەری هەرێمی کوردستانیان بەزاندوە دژی گروپە ئپۆزسیۆنەکانی خۆیان، هەندێکجار هەرێمی کوردستان گلەییان هەیە لە هەندێک لە جموجۆڵی ئەمنی و سەربازی ئێران هەیە، ئەگەر ئێران بتوانێت پشتیوانی جدی لە هەرێمی کوردستان بکات، من پێم وایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەڵامی نەخێر بداتەوە بە ئەمەریکا و ئەوروپا، من پێم وانییە لە هەموو بارودۆخێکدا هەرێمی کوردستان خۆی بکاتە قوربانی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و ئەمەریکاش لە سادەترین حاڵەتدا بەجێی بهێڵێت.  سیناریۆکانی شەڕ پێدەچێت ئاوابێت: یەکەم: خاڵی گرنگ بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا. گەیشتنە، بە یەقین کە ئێران نابێت و ناکرێت دەستی بگات بە چەکی ناوەکی و ڕادەستکردنی یۆرانیۆم و موشەکەکانی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە. دووەم: ئەگەر نا لە حاڵەتی یەکەم، ڕەنگە هێرش بکرێتە سەر بنکە و بارەگاکان و سەد هەزار موشەکی حزبوڵلا لە لوبنان و بنکەکانی ئێران لە سوریا. لەلایەن ئیسرائیلەوە. سێیەم: گەر سیناریۆی یەکەم و دووەم. نەیتوانی ئامانجەکانی ئەمەریکا بەدیبهێنێت، ئەوکاتە شەرێکی جدی و ماڵوێرانیکەر ڕوودەدات. کە ڕەنگە ئێران دەرەقەتی نەیەت و وڵاتانی کەنداوو، عێراق و هەرێمی کوردستانیش قوربانی سەرەکی بن. چوارەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیا و چەکی مۆدێرن و نوێ، فرۆشتنی بە وڵاتانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی گروپی فەندەمێنتاڵ، قوربانی سەدان هەزار کەسی تر. پێنجەم: کۆماری ئیسلامی ئێران. باشترین ئەڵتەرناتیڤی ئەوەیە کە خۆی لە شەڕ دوور بگرێت و سازشی دیبلۆماسی بکات و هەڵەی وڵاتانی ناوچەکە دووبارە نەکاتەوە.


هیڤیدار ئەحمەد لوقمانی حەکیم لەسەر قەرز دەڵێ "بەردم گواستووەتەوە، ئاسنم هەڵگرتووە، بەڵام هیچ شتێک هێندەی قەرز قورس نەبووە"، رەنگە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە هەمووان زیاتر لە مانای ئەم ڕستەیە بگات کاتێک بە قەرز توانی ئەم هەرێمە لە داڕووخان رزگار بکات. ئێستاش پێش ئەوەی کابینەکە تەسلیم بکات، زۆرترین قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەداتەوە. چەند قەرز هەیە و چۆن دەدرێتەوە کاتێ نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بە پێشنیاری هەندێ کەس مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی لە مانگی شوباتی 2014 بڕی بۆ ئەوەی خەڵک دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕن، نێچیرڤان بارزانی ئەوکات باش لەبیرمە یەک بەڵێنی دا، ئەویش ئەوە بوو کە پیلانەکە سەرناگرێ، هەرچەندە بەدیلەکە (پاشەکەوت و وەرگرتنی قەرز)، بەدیلێکی قورس بوو، بەڵام سەرئەنجام قەوارەی هەرێمی کوردستان مایەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو هەنگاوی زۆر ناخۆشی گرتەبەر، یەکەم: پاشەکەوتی مووچە کە سەرەتا 53% لە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت کرا و ئێستا نزیکەی (10 ملیار دۆلار) لەسەر حکومەت کەوتووە. دووەم: وەرگرتنی قەرز بوو لە کۆمپانیا و بانکەکانی نێو هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، ئەویش 10 ملیار دۆلار بوو. شتی باش لەو دوو قەرزە، هەم پاشەکەوت و هەم قەرزی دیکە، ئەوەیە کە سوودی بانکیی لەسەر نەبووە. قەرزەکان چۆن دەدرێنەوە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان 260 ملیۆن دۆلار قەرزداری بانکەکانی نێو هەرێمی کوردستانە. پلانی حکومەت بۆ دانەوەی قەرزی بانکەکان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2022 ئەم قەرزە سفر بکرێتەوە، ئەویش بۆ هەر مانگێگ 10 ملیۆن دۆلار دەداتەوە. قەرزی کۆمپانیاکانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی قەیرانەکە قەرزی داوەتەوە و لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا دوو ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە. بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانەوەی قەرزی تورکیا کە لە گەرمەی قەیرانی داراییدا بۆ مووچە و خەرجیی شەڕی داعش وەریگرتبوو، لە مانگی تەمووزی داهاتوو تەواوی ئەو قەرزە دەدرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە وەک بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری بە منی گوت " بە تێکڕا هەموو مانگێ زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار، ئەو قەرزەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە دەدرێتەوە". واتە بەو شێوەیە هەر چوار مانگ یەک ملیار دۆلار قەرز دەدرێتەوە. ئەگەر بەپێی رێککەوتن بەغدا بەردەوام بێ لە ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی بەغدا دەینێرێ لە کۆی 881 ملیار دینار، مانگانە (453 ملیار دینارە)، دەکاتە 59%ی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ لە مەسەلەی دامەزراندن و ژمارەی زۆری فەرمانبەر و مووچەخۆر لە دنیادا وێنەی نییە. 68%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەیە. پێویستە ئەمە لە پڕۆژەی چاکسازیدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و بەرامبەر ئەوە، حکومەت دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا دروست بکات. دەبێ کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کارا بکرێ خەڵک بە ئاستەم چاوی لە دامەزراندن بێت. شتێکی دیکە کە لە مەسەلەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە دنیادا وێنەی نییە، مەسەلەی دەرماڵەیە، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێک 100 دنیار مووچەی بێ، 57 دیناری دەرماڵەیە و 43 دنیار مووچەی بنەڕەتییە!  بایۆمەتری دۆلارێکی نەگەڕاندەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ سیستەمی (بایۆمەتری) برد، خەڵک هەندێک ئومێدیان بۆ گەڕایەوە کە ئەم سیستەمە هەرچی بندیوار و سەردیوار هەیە ئاشکرای دەکات و پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم ڕێکارە یەک دیناریشی نەگەڕاندەوە. ئەوەتا پێش هەنگاوی حکومەت بۆ پاشەکەوتی مووچە و دواتر کە نەما حکومەت هەمان پارە دەداتە مووچەخۆران، ئەدی کوا بەرهەمی بایۆمەتری! لە بایۆمەتریدا ئاشکرا بوو کە فەرمانبەری وا هەیە زیاتر لە 4 مووچەی هەیە، بەڵام هیچ ڕێکارێک بۆ راگرتنی نەگیراوەتە بەر. وابزانم جگە لە زیادکردنی خەرجی لەسەر حکومەت، تاوەکو ئێستا ئەو بایۆمەترییە هیچی بۆ حکومەت نەگەڕاندووەتەوە. سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە 360 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 453 ملیار دینار لە بەغداوە دێت 61 ملیار دینار وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان 22 ملیار دینار لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێ بۆ هێزی پێشمەرگە سەرجەمی دەکاتە 896 ملیار دنیار، حکومەتی هەرێمی کوردستان 881 ملیاری دەداتە مووچە، خەرجیی مانگانەی حکومەت بۆ دامەزراوەکان و کڕینی دەرمان و پێداویستی قوتابخانە و پڕۆژە و... هتد. بەگوێرەی رێککەوتنی (سیاسی) نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق مانگانە 68 ملیار دینار وەکو مووچە بۆ پێشمەرگە خەرج دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە لە 2019 دا نەگەیشتووە، گریمان گەیشت و وەک دەڵێن بەغدا مووچەی 4 مانگی پێشمەرگە پێکەوە دەنێرێ. ئێستا ئەگەر بینێرێ دەبێتە 5 مانگ. بەڵام لە ئەسڵدا مووچەی پێشمەرگە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە مانگانە 140 ملیار دینارە. واتە ئەوەی بەغدا ئەگەر بینێرێت بۆ پێشمەرگە 72 ملیار دیناری کەمە. بۆ 2020 پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی تۆکمەتر لەگەڵ عێراق واژۆ بکات بۆ دەستەبەرکردنی شایستەی دارایی زیاتری هەرێمی کوردستان. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کاتێ کابینەی هەشتەمی گرتە دەست، قەیران دوای قەیران بەرۆکی حکومەتەکەی گرت، ئێستاش نەخشەڕێگای داناوە بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئەو قەیرانانە. حکومەتی داهاتوو دیسان هەر لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێ، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی ئەو حکومەتە دەکات و سەرەتای کارکردنی حکومەتی داهاتوو، هەنگاوی تەواوکاری کابینەی هەشتەم دەهاوێژێت کە چاکسازییە و ئەمە ئێستا پێش هەموو لایەنێک خواستی پارتی و پارتییەکانە و قسەیەک هەیە دەڵێ "ئەوەی لەسەر بیر بێ، دەبێ بە تەدبیر بێ".


كەمال رەئوف تۆ هەقی خۆتە تا سەر ئێسك رەخنە لە دەسەڵاتە بگریت، كە بوەتە پشت و پەنا بۆ بكوژانی رۆژنامەنوسان و بوتە قەڵا بۆ گەندەڵكاران، هەقی خۆتە بپرسیتەوە لەوەی بۆچی ئەنفالچی و بكوژانی پێشمەرگەو خەڵك دادگایی ناكرێن و بەپێچەوانەوە هەندێكیشیان پاداشت ئەكرێن. ئەرك و مافی هەموو هاونیشتمانییەكە داوا بكات یاسا سەروەربێت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و بەحزبی نەكرێن. هاوڵاتیان هەموو كات مافی خۆیانە لە بونی نادادی و مافەكانی خۆیان بپرسنەوەو هەڵوێستیشان هەبێت، بەڵام هیچ كاتێك و هیچ تاكێك، مافی ئەوەی نییە لەسێبەری ئەو ناشرینیانەدا هەوڵ بدات تاوانی كەسانی تر بپۆشیت و پاكانەی بۆبكات. هەمومان ئەزانین بەشێكی زۆری داهاتی ئەم وڵاتە تاڵان ئەكرێت، (بۆیە ئەڵێن تاڵان چونكە تاڵانی بەئاشكرا ئەكرێت نەك بەدزێوە) بەئاشكرا قۆرخكاری لەبازار هەیە، دەرمان و خواردنی ماوەبەسەر چوو بەسەر هاوڵاتیاندا ساخ دەكرێتەوە، یاری بەقوت و موچەی خەڵكەوە دەكرێت، لەهەڵبژاردنەكاندا ساختەكاری ئەكرێت، دەستێوەردان لە پەروەردە و سێكتەرەكانی تر هەیە، بەڵام هیچ كات ئەم تاڵانییە، ماف بۆدزێك دەستبەر ناكات تەنەكەی خۆڵی بەردەرگاكەی تۆ بدزێت، هیچكات ئەو ساختەكارییە شەعیەتی ئەوە بۆ هاورێكەت دابین ناكات كەسێكی ساختەچی و درۆزن بێت لەگەڵت، وەك دەڵێن، دز حەزی لەبازاری شێواوە، بەڵام شێواوی بازار شەعیەت بەدزیكردن نادات، هەروەك ئەوەی دەستێوەردانی پەروەردە، مافی ئەوە بۆ مامۆستایەك دابین ناكات دار لە قوتابییەك بەرزبكاتەوە یان چاوپۆشی لە قۆپی قوتابیەك بكات. ئەو ناشرینی و تاوانانەی تریش هەرچەند لەناوكۆمەڵگە زۆربن، ناكاتە ئەوەی تۆ بیانكەیتە بەهانە بۆ فرێدانی قوتویەك، یان پاكەتە جگەرەیەكی بەتاڵ لەسەر شەقامێك، راستە هەموو ئەوانە ژینگەیەكی ناتەندروست دروست ئەكەن، بەڵام هیچ كات نابێت ئەو دەردو نەخۆشیە بۆماوانەی حزب و دەسەڵاتی كوردی، بكاتە ئەوەی تۆ بەناوی مافناس و چالاكوانەوە ناشرینی و خراپەكاری و تاوانی كەسانی تر بپۆشیت، یان چاو لەئاستیان دابخەیت.


د. شوان عەبدوڵا حەمەد بە هەزارەها هۆکاری مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ژیانی کۆنترۆڵی ژیانی مرۆڤ دەکەن. یٔەم هۆکارانە هەمویان یەک پارچە تەواو دەکەن و دەبنە دەیان لایەنی دەست نیشان کردنی یٔەو ژیانە. با مرۆڤ وەک تاکێک، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، خۆی ببێتە بەرێوەبەری خۆی. با هەموان و کۆمەڵگە بە گشتی کاربکەن بۆ یٔەم یٔامانجە، واتە تاک ببێتە بەرێوەبەری خۆی. یٔایا پێویست بە شوێنێک، ناوەندێک، بڕیاردەرێک هەیە کە من وەک مرۆڤێک بەرێوە ببات؟ هیچ هۆکارێک هەیە کە من وابەستەی دەسەڵاتێک، گروپێک یان دەوڵەتێک بکات، کە فەرمانم پێ بکات و بیەوێت بەرێوەبەرم بێت؟ با ڕێگەیەک بدۆزینەوە، کە خۆمان بە ملیۆنانمان خۆمان بەرێوەببەین، با یٔەم سەر زەوی و یٔەم نیشتمانە بکەین بە فەرمانڕەوای هەریەکەمان، با من یٔەو بریارانەی کە پەیوەندە بە خودی ژیانی خۆمەوە، خۆم وەریان بگرم و دەریان بکەم. دەتوانرێت لە ژێرەوە لە رەگ و ریشەوە تاک پەروەردە بکرێت، رێک بخرێت، و دەستە و تاقمی دڵخوازی خۆیان دروست بکەن. چونکە هەرچەندە من دەمەوێت خۆم بەرێوەبەری ژیانی خۆم بم، بەڵام کۆمەڵێک هەمیشە دەیانەوێت ژیانی من و هەزارانی وەک من بەرێوەببەن. بۆیە هەتاکو فشارم هەبێت و بتوانم بەرگری لە مافەکانی خۆم بکەم، پێویستە لە دەستە و تاقمی دڵخوازی خۆمدا کۆببەمەوە، چونکە بە تەنیا کاریگەریم نابێت. لە ناو یٔەم تاقمەدا هەم بریاری دەست پێشخەری و بەرێوەبردنی خۆمم هەبێت و هەم لەگەڵ یٔەندامانی تری تاقمەکەمدا یەکتر تەواو بکەین و هەمیٔاهەنگ بین. حاشا هەڵنەگرە، بیرۆکەی باڵادەستی و دەسەڵاتخوازی راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کاتێک لاسەنگەکانی بەرێوەبردن کەمێک بە لای خەڵکە بەرێوبراوەکەدا دەشکێتەوە. واتە چەندە یٔێمە وەکو تاکی کۆمەڵگە بریارەکانی بەرێوەبردنی ژیانی خۆمان بگەڕێنینەوە بۆ خۆمان، یٔەوەندەش جێ پێی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازەکان لەق دەبێت و بەرەو لێژایی و هەڵدێر خلۆر دەبنەوە. یٔێمە هیچ ناچارنین هێز و دەسەڵاتی بریاری بەرێوەبردنی ژیانی خۆمان بدەینە دەست کۆمەڵێکی دەستەبژێر، یان چینێکی دەسەڵاتدار و چەوسێنەر و بیانکەین بە ناوەندی بریاری ژیانی هەمومان، چونکە هەموو دەسەڵاتدارێک دیکتاتۆرە. ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین، دەبینین چینە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکان، هەمیشە خاوەن یٔەو دەسەڵاتە نەبون. بە نمونە پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێش و لەسەردەمی چاخی بەردینی نوێ 'نیۆلیتیک' سەردەمی دایکسالاری بوە و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و هاوسەنگی بەرێوە چوە، کشتوکاڵ و بەروبووم بە هەرەوەزی بەرهەم هێنراوە و بە هاوبەشی و یەکسانی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا دابەشکراوە، واتە ژیانێکی هەرەوەزی بونی هەبوە. کاتێکیش دەسەڵاتداری دروست بوە و کۆمەڵگە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی چینێکی دەسەڵاتخواز و خۆسەپێن، تاکەکانی یٔەو کۆمەڵگەیە هیچ کات بەو دەسەڵاتە رازی نەبون. بەڵکو یٔاشتی و یٔارامی هەرگیز بەرقەرار نەبوە، تەنها شەر و پێکدادانەکان لە خوێناویەوە ووردە ووردە گۆڕاوە بۆ ڕەوشی نە شەڕ و نە یٔاشتی. یٔەمە مانای تەسلیم بونی چینی چەوسێنراوەی کۆمەڵگە نیە، بەڵكو یٔەمە مانای یٔەوە بوە کە یٔەو چینە بۆ ماوەیەک لە سوڕی مت بونی خۆیدا ماوەتەوە هەتا هێز و بیری خۆی کۆکردۆتەوە و دووبارە کەوتۆتەوە ڕوو بە ڕوو بونەوەی چینی باڵادەست. یٔەمەش مانای یٔەوەیە کە هیچ کاتێک دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکان دەسەڵاتی راستەقینە نین، بەڵکو هەمیشە خەڵکی دڵ لەرزاو و لە ژێر فشار و ناجێگیرن و هەمیشە ترسیان لە سێبەری خۆشیان هەیە؛ چونکە دەزانن کە دوایی دەسەڵاتی یٔەوانیش دوورنیە. لە سەردەمێکدا کە باڵا دەستی و زوڵمی دەسەڵاتەکان دەگاتە لوتکە و کۆمەڵگە چیتر بەرگەی یٔەو ڕەوشە نالەبارە ناگرێت، یٔیتر یٔەوانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرێوە دەبرێن، یەک یەک و دوو دوو دەکەونە خۆیان و دێنە لای یەکتری و بیر لە بەرێوەبردنی ژیانی خۆیان و رێکخستنەوەی ژیانی خۆیان دەکەنەوە. هەڵبەت یٔەمە مانای یٔەوە نیە کە بێ هیچ یٔامادەکاری و هەوڵێک یٔیتر بەرێوەبەرەکان و دەسەڵاتی خۆسەپێن بەرەو داروخان دەچێت و خۆری یٔاوا دەبێت. بەڵکو بەپێچەوانەوە قۆناغی سەرکوتکاری زیاتر و کڕین و دەستەمۆکردنی یٔەو کەسانە دێت کە دەنگ و سەریان بەرز کردۆتەوە. دەسەڵات هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچونی خۆی، هێشتاش یٔەگەر یٔەوانەی یٔاڵای بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتیان بەرزکردۆتەوە، بە تۆکمەیی یٔیش وکارەکانی خۆیان رێک بخەن سەریٔەنجام داروخانی دەسەڵاتدار بەدیدەهێنن. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە قۆناغی دروست بونی دەنگی نارازی بەرامبەر بە دەسەڵاتداری مانای ئەوەیە کە چیتر دەسەڵاتداران بە تەنیا کۆمەڵگە بەرێوەنابەن، بەڵکو تێکەڵەیەک لە دەسەڵاتدار و چینەکانی بەرێوەبردراوی کۆمەڵگە دروست دەبێت و دەسەڵات پێویستە لە بیری لێکدانەوەیەکدا بێت بۆ ئەو چینە. لێرەدا بابەتی دەوڵەت و دەسەلاتدار و فەرمانڕەوا واتای خۆیان لە دەست دەدەن و هزری دیموکراسی و خۆبەرێوەبردن لە ناو خەڵکدا قورسایی پەیدا دەکەن و دەبنە ڕاستیەکی یٔاشکرا. لێرەدا دەسەڵاتدار ماوەتەوە بەلام ڕوو بە ڕووی لێپرسینەوەیەکی توندوتۆڵی کۆمەڵگە و تاکە چالاکەکانی دەبێتەوە. لێرەدا بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی باوەوە، نە ڕاپەڕین و نە تووندوتیژی پێویستە، بەڵکو یٔەوەی پێویستە کە کۆمەلگە بەو شێوە رێکخراو و پەروەردە کراوەی خۆیەوە یٔیتر فشاری مەزن بۆ سەر دەسەڵاتدارەکان دروست بکات بۆ یٔەوەی داواکاریەکانی خەڵک جێبەجێ بکەن و دەسەڵات و حکومەت و دام و دەزگاکانی بخەنە خزمەتی هاونیشتیمانیەکانیەوە. دواجاریش یٔەگەر دەسەڵات خۆی بەرگەی فشارەکانی نەگرت و داروخا، کۆمەڵگە پێویستە وەک پێشینەیەک جێگرەوەیەکی راستەقینەی دیموکراسیانەی ساز و یٔامادە کردبێت هەتا بازنەکە دووبارە نەبێتەوە و تاقمێکی تری خۆسەپێن نەکەونە پێگەی دەسەڵاتداری و چەوساندنەوەی چینەکانی کۆمەڵگە.  


كامیار سابیر ئەمانەی خوارەوە، سوود لەو ئاژاوانە، دەبینن:- ١- موخابەراتی تورکیا، بە تایبەتیی ئەو ناسیۆنالیزمە دیینییە-گائیفییەی لە ئیخوانیزمدا هەیە.  ٢- شۆڤینیزمی عەرەبیی، بۆ ئەوەی خۆی دەمەزەرد بکاتەوە و شەڕی نەژادیی بنێتەوە. هاوکات، بۆ ئەوەی عروبە، وەکو سیمبوڵیزمی عێراقییبوون، بەرجەستە بکاتەوە. ٣- شۆڤینیزمی کوردایەتیی، ئەو حیزبانەی ئەجێندای حیزبیی و بنەماڵەییان لەوەدایە و پرۆژە ئابوورییەکانیان کەمی کردووە، ئەمە دەکەنە بیانوو و دنەی شەڕی کورد و عەرەب دەدەن، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان( نەک گەلی کورد) مەیسەر بێت. ٤- موخابەراتی ئەمێریکا و ئیسرائیل، لە رێگەی هەندێ لە قەومییەکانی عەرەبەوە، هەوڵی زیندووکردنەوەی فۆرمێکی تری داعش دەدەن، بۆ ئەوەی لەیەک کاتدا، حیزبە کوردییەکان و عەرەبە سوننەکان، جڵەو بکەن و لەم کێشمەکێشەی لەگەڵ ئێراندا هەیە، "سو‌و الاستفادە"یان لێ بکەن. بۆ ئەوەی هەیەجانی ئیستیحماری کوردایەتیی( کەرایەتیی کوردایەتیی) نەمانگرێتەوە، دەبێ ئەم پرسیارانە بکەین؟ ١- سەرۆک عەشیرەت و سەرۆک هۆزەکانی ئەو عەرەبانەی ئاژاوە دەنێنەوە، زۆربەیان، ئەحباب و ئەکرام و ئەعزاز لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، دانیشتوون، یان لای کەم پێوەندییەکی زۆر صەمیمانەیان لەگەڵ قەومی سیاسییەکانی ریفراندۆمدا هەبوو و هەیە. کێ دەیانجوڵێنێ؟ ئەگەر سەرەگانی ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە گائیفییەی کوردایەتیی لێتی نەدابێت، وەڵامەکەی زۆر ئاسانە؟ ٢- نانەوەی شەڕی گائیفیی، نەژادیی و نەتەوەیی، لە بەرژەوەندیی هیچ گەل و پێکهاتەیەک نییە، بەتایبەتیی بە زیانی گەورە بۆ کورد دەشکێتەوە. ئەی بۆچی بەنزیینی پێدا دەکەن؟ کێ پێیدا دەکات؟ مەگەر بەشێک لە نەتەوەییە دەمار رەپەکانی کورد، نایکەن؟ ٣- تورکیا و کەمپەینی ئەردۆغانیزم، بەتەواویی لە سوریادا شکستی خواردووە. هاوکات ریفراندۆم و داعشیشی لەدەستچوو، ئامادەیە زۆر شتی قێزەون بکات، بەس بۆ ئەوەی کورد و تورکمان، کورد و عەرەب، لە کەرکوکدا بەگژ یەکدا بکات و پلانە جەهەنمییەکانی خۆی جێکەوت بکات! سەرەنجام، تاڵەبانیی وێڕای هەموو خراپییەکانی، بەڵام لەوەدا زۆر عەقڵانیی و واقیعیی بوو کە دەیگوت، چارەسەری کەرکوک وەکو عەمەلییاتی مێشکە، بەڵام ئێستا مێشکی ئەوانەی خۆیان بە یەکێتیی دەزانن، بەشێکی زۆریان دوای هەڵای قیڕەقیڕێک کەوتوون کە لەسەردەمی هەڵای ریفراندۆمەکە دەچێت.


رێبوار کەریم وەلی (1) یەكێتییەكان (چونكە یەك نین) لەناوخۆیاندا تا ئەو شوێنە تەبان (واتا گیڤ دەبنەوە) كە بیانەوێ كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان بكەنە بابەتێكی ستراتیژی بەرامبەر بە پارتی، لە كوێ پارتی تەنازولی بۆ كردن، یان لەگەڵیان رێككەوت، ئەوجا دەكەونە گیانی یەكتری. سەرباری ئەوەی كە یەكێتییەكان لەگەڵ پارتیدا، بۆ پێكهێنانی حكومەت و بەركەوتەكانیان رێككەوتوون، بەڵام ئەو مشتومڕەی ئەمڕۆ لەناویاندا بە دوو ئاراستە بەردەوامە، هەمان ئەو قسانەیە كە لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە دەیانكرد. ئاراستەی یەكەم چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی بە بەریاندەكەوێ لەسەر بنەمای باڵەكان، بنەماڵەكان یان ناوچەكان؟ ئاراستەی دووەمیش پۆستەكانی پارێزگاری كەركووك و وەزارەتی داد لە بەغدا. گومان لەوەدا نییە كە كۆسرەت رەسوڵ دانوستاندنێكی سەركەوتووانەی لەگەڵ پارتیدا كرد و بەركەوتەی یەكێتی (وەك گۆڕان) زیاترە لە حەجمی نوێنەرایەتیە پەرلەمانییەكەی، بەڵام هێشتا نە میكانیزم و نە مەرجەعیەتێكیان هەیە كە بتوانن كێكەكە لە نێوان خۆیاندا بەش بكەن. دوایین تەڕح ئەوەیە كە لەسەر ئەساسی پارێزگاكان، پۆستەكانی هەرێم و دەرەوەی هەرێم دابەش بكرێن.  یەكێتییەكانیش وەكو پارتی لە دیاریكردنی هەندێك كەس بۆ هەندێك پۆست لەژێر گوشاری ئیقلیمیدان و ئێران رازی نییە هەندێك پۆستی ئەمنیی باڵا دەستاودەستیان پێ بكرێ، ئەوەش وایكردووە كە دابەشكردنەكان هەر رۆژە بە جۆرێك بێت. نموونەیەكی سادە ئەوەیە كە لەكاتێكدا هەمووان پێشبینیی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، لەپڕ جارێكی دیكە ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دێتەوە گۆڕێ. هەمان ئەم تەڕحە لەسەرەتاوە لەناو یەكێتیەكاندا هەبوو كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەربگرێ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵیش ببێتە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و، پۆستە وەزارییەكانی دیكە بە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پڕ بكرێنەوە. هەر بۆیەشە ئێستا بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەكان بەدوای پۆستەوەن كە لە رابردوودا كەمتر ئەو حەزەیان هەبوو. ئێستا لەناو یەكێتییەكان ئەگەر ئەولەوییەت بۆ پۆستە حكومیەكان بێت، دوای ئەوە رازیكردنی ئەوانەیە كە دەكەونە دەرەوەی حكومەت و دەبێ لەناو حزبەكەیاندا بە پۆست و پلە قەرەبوو بكرێنەوە. تا سەرەتای مانگی شەش كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێت و دوای ئەوەش یەك دوو هەفتە دەرفەت لەبەردەم یەكێتییەكاندا ماوە، ئەگەرنا دوور نییە ئەو كابینەیەش بێ وەزیرەكانی یەكێتی سوێند بخوات. گۆڕان چی ماوە؟ (2) دوو ساڵ بەسەر مردنی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا تێپەڕی. ناهەقییە ئەگەر بگوترێ مردنی ئەو فاكتەرێك بووە بۆ ئەو وەزعەی ئێستا گۆڕان لەڕووی رێكخراوەییەوە تێیكەوتووە؛ نوشستییەكە لەسەردەمی ئەوەوە دەستیپێكرد و گۆڕان تووشی سەرگەردانی بوو. گۆڕان لە دوو ساڵی رابردوودا، لە ریفراندۆمێك و دوو هەڵبژاردندا كەوتە بەردەم تاقیكردنەوەی گەورە و، لە هەرسێكیاندا بۆی دەركەوت كە ئیدی تین و تاقەتی جارانی نەماوە. وەك وەرزشكارێك كە ئیتر سەردەمی لاوێتی و گوڕ و تینی لەدەستداوە، دەبێ توانای خۆی بۆ شتێكی دیكە تەرخان بكات. گۆڕان توانای ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی لەدەستدا. ئەوەش لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا ئەگەر تەزویریشیان لێ نەكرابایە، پێوەی دیار دەبوو. بۆیە خەسڵەت و پێكهاتەی ئەو سەركردایەتییەی ئێستا، بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون نییە و، بگرە هی كەسانێكی سیاسیی زیرەكە كە بتوانن لە دانوستاندنی بەشداربوون لە دەسەڵاتدا 12 كورسییەكەیان زەڕبی دوو بكەن. دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی كادیر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان، دەلالەتە لەوەی كە بزووتنەوەكە لە ماهییەتی بنچینەیی خۆی لایداوە و، بەرگری لە دەستكەوتەكان و بەركەوتەكانی حوكمڕانی دەكات. بەوەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووەتە دەمڕاستی دەسەڵات. پێگەی جەماوەریی گۆڕان (تەنانەت كادیرانیشیان) بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەوتووەتە ژێر هەژموونی پارتی و یەكێتی و هەندێكیان لەبەر عەیبە نەبێ، دەچنە ناو ئەو حزبانەوە. لەگەڵ پێكهاتنی حكومەتیش، ژمارەیەكی دیكە لەوانەی كە ئومێدی ئەوەیان هەبووە پێگەیەكیان بەركەوێ و بەریان نەكەوێ، خیلافاتی ناو گۆڕان قووڵتر و بەرەو ئینشیقاق دەبەن. ئەوە بە زەرەری پارتی و لە قازانجی یەكێتییە. نەوشیروان مستەفا كەی و لە كوێ وەفاتی كرد؟ (3) 19ی مایس وەك ساڵیادی مردنی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی دیاری كراوە. هەق نییە، شوێن و كاتی وەفاتی نەوشیروان مستەفا كە بە زاكیرە ئەفسانەییەكەی بەشێكی گەورەی مێژووی هاوچەرخی كوردی پاراست، هێشتا جێگەی پرسیار بێت. رۆژی 19ی مایس كە تەرمەكەی بەخاك سپێردرا و گوترا كە ئەو بەیانییە لە سلێمانی وەفاتی كردووە، وا بڵاوكرایەوە كە چەند رۆژێك پێشتر گەڕاوەتەوە سلێمانی. ئەوە لە كاتێكدا كە پێش یەك دوو مانگ بۆ بەشداری لە پرسەی هاوژینەكەی رێگەی پێنەدرابوو سواری فڕۆكە بێت، وەك چۆن مستەفا بارزانیش كە دەیویست لەسەر خاكی كوردستان بمرێت، رێگەی پێ نەدرا و لە ئەمریكا وەفاتی كرد. زانیاریی زۆر هەبوو كە لەكاتی وەفاتیدا لە كوردستان كۆچی دوایی نەكردووە، چونكە ئەو تابووتەی كە پێیانگواستەوە باركۆدی هێڵی ئاسمانیی توركیای پێوە بوو، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی ورووژاندنی ئەم باسە، ئەوەیە كە عەبدولڕەزاق شەریف دوای دەركردنی لە بزووتنەوەكە وەك رێكخەری ژووری راگەیاندن، لە بەشی دووەمی نووسینەكەیدا دەڵێ عومەری سەید عەلی گوتوویەتی: "تەرمی كاك نەوشیروان لە خەستەخانەیە. لەگەڵ برادەران، دۆستەكانمان هەموو شتێكمان حازر كردووە. ئەمشەو بە تەیارەیەك كە ماڵی مام جەلال حازریان كردووە، درەنگانێك ئەیهێنینەوە بۆ گردەكە و لە ئیسعافێكی سەلاجە دایدەنێین". هێنانەوەی تەرمی نەوشیروان مستەفا چ پێویستی بە تەیارەیە ئەگەر لە سلێمانی وەفاتی كردبێت؟ دەركەوت مام جەلال و كاك نەوشیروانیش هەر لە دەرەوەی كوردستان مردوون. بۆ مێژوو ئەوە راست بكەنەوە.


فەرهاد سەنگاوی ئایە ئێمەی كوردستانی، بۆ مافی مرۆڤ و مافی كەمینەكان؟! دیموكراتتر، ئازادیخوازتر، پێشكەوتوتر، مافخوازتر، مرۆڤترین لە دانیماركیەكان؟! دانیمارك: دەوڵەتێكی شاهی دەستوری پەرلەمانیە.  لە ساڵانی 1700ز دەوڵەتەو ( 319 ) ساڵە خۆی خوكمڕانی خۆی دەكات، لە ساڵی 1849ز یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردوەو 170 ساڵە پەرلەمانی هەیە. دانیماركیەكان لە گەلانی ئەسكەندەنافی ( ئیندۆئەوروپین) قژ زەردو چاوشینن، كەمێكیان تۆزی ( تۆخ) ترن، نەوەی ئەو سەربازە ئیسپانیانەن، كە ناپلیۆن ناردبونی بۆ پارێزگاری كۆشكی شاهانەی دانیمارك لە كاتێكدا ناپلیۆن گاردی شاهی دانیماركی برد بۆ شەڕ، چونكە هاوپەیمان بوون، لەولاشەوە خۆی بە فێڵ شای دانیماركی دەپاراست، بۆ ئەوەی كودەتای بەسەردا بكاو كردی ئیتر سەربازە ئیسپانیەكان لە دانیمارك مانەوەو توخمێكی كەمێك سەوزە لە دانیماركدا تۆو بون و بە ئاستەم هەستی پێدەكەی.  دانیمارك سەردەمێك بەریتانیاو زۆرێك لە ئەوروپاشی داگیركردبوو، دانیماركیەكان بەدەوری ئەفریقادا سوڕاونەتەوە بەبەلەم و بە كەنداوو دیجلەشدا سەركەوتون بۆ كوردستانی كۆن، تەنانەت چونەتە ئەمریكاش، خۆیان شانازی بەوەوە دەكەن كە نەوەی ( ڤایكینگ) ( چەتەكانی دەریا)ن 900 ساڵ لەمەوبەر. داهاتو سەرچاوەی ژیان و ئابوری و سروشتی و.. هیتد. لە دانیماركدا تەنها بەرازو دارستان و هەندێ كشتوكاڵە بەڵام دانیماركیەكان بە ژیری و زیرەكی و چالاكی خۆیان یەكێك لەگەلە داهێنەرو دەوڵەمەندو خۆشگوزەرانەكانن. روبەری دانیمارك: 42.933 كم2 یە. دانیشتوانی دانیمارك: 5.749.000 كەسە لە ساڵی 2017  ژمارەی كورسەكانی پەرلەمانی دانیمارك: 175 كورسیە كە ( 4 ) كورسی دوو كەمینەكەی گرینلاندو فەیونەشی لەگەڵە، كەواتا دانیمارك خۆیان 173 كورسی پەرلەمانیان هەیە. •    گرینلاند: ئەبوایە ناوی وایتلاند بوایە چونكە هەموی بەفرێكی سپیە، خەڵكی گرینلاند، بەرەگەز، ئیندۆ ئەوروپی نین و سەربە خێزانی ( زەرد)ن، لە توخمی چین و كۆریا و یابان و مەنگولین، مێژو زمان كەڵچەر، خاك، هەموو شتیان سەربەخۆو جیاوازە، سەررەش و 100% لە دانیمارك جیاوازن، دوورو دابڕاو بەستەڵەك و كزو كۆڵەوارن، نەدانیماركین و خۆیان گۆڕی بێ بۆسەر نەتەوە داگیركەرەكەیان و نەموخابەراتی بێگانە داگیركەرەكەن، خاكەكەیان جەزیرەیەكی زۆر گەورەیە كە ( 50 ) جار لە دانیماركی دایك و حوكمڕان گەورەترە. •    گرینلاند: زێروئەكاس و بەردی گران و نەوت و غاز و سامانی ئاوی و زۆر شتی تریشی تێدایە، كە دەتوانێت هەزار دانیمارك بەخێو بكات. •    روبەری گرینلاند: 21.660.000 كم2 كە دانیمارك خۆی 42.000كم2 یە. •    دانیشتوانی گرینلاند: تەنها 56.500 كەسن، ئەم نەتەوەو نیشتیمانە جیاوازە كە ( 5 ) سەعات بە فڕۆكە لە دانیماركەوە دوورە تەنها ( 2) كورسیان دراوەتێ، واتا دوو نوێنەریان لە پەرلەمانی دانیماركدا هەیە, •    فەیۆنە : نەتەوەیەكی جیاوازو سەربەخۆن، ئۆتۆنۆمیان هەیە ئاڵاو پارەو پاسپۆرت و حكومەتیان هەیە، لەژێر سەپەرشتی دانیماركدان، ( 7 ) سەعات بە فڕۆكە لە دانیماركەوە دورن. •    روبەری خاكەكەیان: 1399 كم2 یە •    ژمارەی دانیشتوانەكەی 49.290 كەسن. •    ئەندامی پەرلەمان و كورسی بۆ گەلی فەیۆنە لە پەرلەمانی دانیمارك تەنها ( 2 ) كورسیە.  خۆات بەراورد بكە لە نێوان ماف و ئازدی و سەروەری و پارێزگاری دەستور و هۆشیاری – دانیمارك و كوردستان. ئایە ئەمە مافە بە كەمینەكانەكانی كوردستان دراوە، ئایە (11) كورسی بۆ كەمینە وەكو ژمارەو كورسی، راستە زۆر زۆرە بەڵام خۆ كەمینەكان لێی سودمەند نین، بەڵام دەبێ، ( بە ژمارە بە یاسا بە دەستور) كەچی هەم لە زیانی كەمینەكانە و هەم لە زیانی كوردەو هەم لە زیانی دیموكراسی، لە كاتێكدا وەكو دانیماركیش دیموكرات بین، كەمینەی كوردستان بە كۆتا نەبێ – بەبەخشین نەبێ هەرهەمویان رەنگە هەردو كورسی بهێنن. ئەگەر لە خزمەتی كەمینەو دیموكراسی بێت، نەك ( 11) كورسی با 20 كورسیش پیرۆزیان بێت، بەڵام ئەی بۆچیە؟!   


سەرتیپ جەوهەر  دۆخی كركوك تادێت گرژو ئالۆزتر دەبیت، داگیركردنی زەویوزار، دورینەوەی بەرهەمی خاكی جوتیاری كورد، روخاندنی خانووی هاولاتیانی كورد، هەڵكوتانە سەر دێهات و گەڕەكە كوردەكان.. تد. ئەمانە هەمووی دیمەن و روداوەكانی چەندرۆژەی كەركوك بوون! ئەمەی سەرەوە دوبارە هەقیقەتی تێگەیشتن و عەقلیەتی شۆڤینیانەی بەغدایە بەرامبەر كوردو هەوڵی دوبارە گێڕانەوەی واقعی تاڵی سەردەمی ستەم و زەوتكردنی خاك و پەراوێزخستنی كوردە لەسەر خاكی خۆی! ئەوەی لەدوای ریفراندۆم رویداوە ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەوانەی لەشێنەیی باسی مافی كوردیان دەكرد، دەمامكداربوون و لەڕاستیدا ئەوانیش هەر گورگن، بەڵام لەپێستی مەڕدا. ئەوەی رودەدات لەخۆڕا نییە، زادەی هەڵەیەكی گەورەی بەشێك لەسەركردایەتی كورد بوو كە دەستیان بۆ ریفراندۆمێكی ناوەخت برد. هەرچۆنێك بێت رەنگە بپرسین ئەوە دیسان زوڵم و ستەم گەیشتۆتە بەردەرگاو خەریكە لەسەر خاك و نیشتیمانی خۆمان ئاوارە دەبینەوە ! كەوایە ئێستا كورد چیكردووەو دەیەوێت چیبكات؟ وڵامی ئەو پرسیارە ئەوەندە زەحمەت نییە. لەماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوو كورد خۆی لەخۆی گیربووەو نایەوێ‌ پاریزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە هەڵبژیرێت. بەرژوەندی حزبیی و عینادی سیاسی بووە بەڕێگرێكی گەورەو كۆبونەوە بەكۆبونەوەی دیكە دەسپێرێت، لایەنە شۆڤینیە عەرەبیی و عیراقییەكانیش لەپەنای ئەو ناكۆكی و نەگەیشتنە رێككەوتنەی كورد، كەوتۆنەتە پەلاماردانی خاك و سامانی كورد و دەیانوێت بەداگیركردنی خاكی كوردستان و دەركردنی كورد لەسەر خاكەكەی مێژوو دوبارەبكەنەوە. لەدوایین رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی، وابڕیاربوو لەگەڵ راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، رێكارە سیاسی و قانونییەكانی كورد (یەكێتی و پارتی) دەستپێبكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، بەڵام دەنگوباسەكانی چەند رۆژی رابردوو باس لەوە دەكەن كە لەوڵامی نامەیەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا، بارزانی رایگەیاندووە دوای پێكهێنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەنێرنە بەغدا! ئەم هەڵوێستە نوێیەی پارتی چەند لێكدانەوەیەكی بۆ دەكرێت. یەكەمیان دوای پێكهێنانی حكومەت دیارنییە كەی ئەو وەفدە دەنێردرێت، كە دەشێت دوای ساڵێكی دیكە بێت! ئەمەش بەهەوڵێكی نوێ لێكدەدرێتەوە بۆ دواخستنی كێشەكانی كەركوك لەسەرووی هەمویانەوە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە. هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ دوبارە دواخستنی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەركوكە لەسەرووی هەموویانەوەی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە، كە دەشێت بەدانانی پارێزگار بەشێك لەكێشەكانی شارەكە چارەسەر بكرێت و لانیكەم كەركوك كەركوكییەكان لەو پەراوێزخرانەی ئێستا دەربازبكرێن. دووەم ناردنی وەفدێك بۆ بەغدا، واتە ناردنی وەفدێك كە پارتی دەستنیشانی ئەندامەكانی بكات، ئەمەش وادەكات ئەجێندای حزبیی تێكەڵ بەئەجێنداو گرفتی خەڵكی شارەكە بكرێت! واتە لەبری باسكردنی راگرتنی تەعریب و گێڕانەوەی لێپرسراوانی كورد بۆسەر وەزیفەیان، رەنگە گێڕانەوەو دوبارە كردنەوەی بارەگاكانی حزب ببێتە ئەولەویەتی ئەجێندای ئەو وەفدە!. ئەگەر ریفراندۆم هەڵەیەكی مێژوویی بوو، ئەوا نابێت هەڵەی دیكە بەردەوام و دوبارە ببێتەوە. پێویستە لەمەودوا چارەنوسی كەركوك نەخرێتە بەردەم قەدەرێكی نادیار، پێویستە هەم وڵامێكی روون بۆ هەموو ئەو لایەنە عەرەبی و غەیرە عەرەبیانە هەبێت كە لەماوەی نزیكی رابردوو گوشاری زۆریان بۆسەر كەركوك دروستكردووە، هەمیش ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی نیشتییمانی و پارتی رونبكرێتەوە كەگوایە دانانی پارێزگارێكی نوێی بۆ شارەكە ددەستنیشانكردووە.


ئارام سەعید  کاتێک سەیری یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا دەکەیت هەمیشە غیابی ئەوی پێوە دیاربوو، کە سەیری گۆڕانت دەکرد هەمیشە دەردەکەوت کە مام جالالێکی نوقسانە، کەواتە ئەو دوانە پێکەوە هێزێکی گەورە بوون ، بە جیابونەوەی لە یەکێتی هەمیشە هەست دەکرا لەولایەی ئەوی لێیە ئەوی تر نوقسانە، کەواتە مام جەلال لە سیاسەتکردندا پێویستی بە نەوشیروان مستەفایەک بوو، و بە پێچەوانەشەوە راستە. پێکەوەبوونیی چەند ساڵەیان لە خەباتی شاخ و حوکمڕانیی دوای راپەڕین،کارێکی کردبوو کە تەواوکەری یەکتربن لە سیاسەتکردندا. تەنەنەت ئەو بریارانەی لە شاخ یش دەدران ئەوکاتەی پێکەوە بوون کاریگەرتر و گرنگ بوون، چونکە زۆر جار لە بریارەکاندا هەریەکەیان رای ئەوی تری پێ گرنگ بوو تەنانەت هەندێ بریار هەبوو بەس لەنیوان خۆیاندا بوو کە سەرکردەکانی تر ئاگاداری نەئەبوون.. تەنانەت دوای جیابونەوەش هەردوکیان سڵیان لە یەکتر دەکردەوەو مام جەلال حیسابی بۆ نەوشیروان مستەفا دەکرد، کاک نەوشیروانیش حسابی بۆ مام جەلال دەکرد، چونکە باش یەکتریان دەناسی. هەریەکەیان خاڵی بەهێز و لاوازی یەکتریان دەزانی. راستیەکەشی نەیاندەویست شەڕی یەکتر بکەن.  لەیەکێک لە وێستگە سیاسیەکاندا هەندێک هاوڕێی گۆڕان پێیان وابوو هێنانی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو گۆڕان رەنگە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە ، بەلام سەری نەگرت. بۆ یەکێتی لە کاتی مام جەلالدا ئەو بۆشاییە هەر بەدی دەکرا هەرچەندە هەوڵ هەبوو بۆ پرکردنەوەی بەڵام بێ سوود بوو. لەم بارەیەوە رێکەوتنی دەباشان هەوڵێک بوو بۆ ئەو پێکەوەییە. ئێستا کێ دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، یەکێتی بێ مام جەلال، گۆران بێ نەوشیروان مستەفا؟ بە دوو جیهانی تەواو جیاوازدا تێپەڕ دەبن، سیاسەتکردنێکی جیاواز، هەڵوێستی جیاواز، سلێمانیش لەم نێوەندەدا بۆ سەردەمیک زەرەرمەند بوو.  لەهەناوی ئەو دوو هێزەدا ئێستاش دەیان و سەدان کادری بە ویژدان و باش هەن کە خوازیاری ئەوەن چاکسازی بکرێ و ببنەوە بەو هێزەی جاران. بەڵام ئایا ئومێد ماوە ئەوە بکریت؟ یان هەردوکیان لەگەڵ خۆیان ئومیدی حزبەکانیشیان برد؟  ئەم کورتە باسە لەحزەکانی جیابونەوەو کاریگەری هەردوو کەسایەتیە لەسەر مێژوی یەکتری، بەرواردێکە لە سیاقێکی مێژوویدا بۆیە هیوادارم سەرنج لەسەر ئەو سیاقە مێژوییە بدریت نەک ئێستا و داهاتوو کەبەتەنها هەر یەکێک لەو دوو سەرکردەیە دەکریت چەندین خوێندنەوە بۆ سیاسەتکردن و هەلویستەکانیان بکرێت.


عەدنان محەمەد زێباری    وەکی دیار زوور رون و ‌ئاشکرایە ئەمریکا هەر پێنگاڤەکێ بهاڤێژیت ئەگەر بەرژوەندیا وێ نەبیت ناهاڤێژیت خو ئەگەر لایەکێ مەزنترین چەکێ ئەتومی جیهانێ هەبیت ، تەنانەت ئەگەر رێکخراوەکا تیروری یان وەڵاتەکێ دژی مافێن مروڤی کاربکەت ، هەر کارەکێ بەرژوەندیا وێ نەبیت خو نالڤینت و زوور جار رەنگە پشتاڤانێ وان بیت ئەگەر بەرژوەندیێن وێ وەسا بخازیت . پرسیار ئەوە چ تشتەک بەرژوەندیا ئەمریکا هەیە کە شەرەکێ دگەل وەڵاتەکێ مەزن وەکی ئێران بکەت کە مەترسیەکا جدی و کرداری هەتا نوکە سەر بەرژوەندیێن وێ نەبیە ، ئەمریکا مەزنترین زلهێزا جیهانە هەر شەرەکێ راستەوخو سەر ئەردی ریبدەت رەنگە ب ڤێ باڵانسا هێزێ سەر ئاستی جیهانێ بو لایێ زلهێزەکا دی وەکی روسیا بشکینت کە روسیا منافسە دگەل ئەمریکا و چاڤ دەرفەتەکە بو هندێ پتر پێگەهێ خو روژهەڵاتا ناڤین بەرفەرەه بکەت ، وەکی چەوا رەوشا سوریا دەرفەت دیت و بیە خودان نفوس و بریار تێدا بن کونترولا ‌ئەمریکا دەرکەفت. ئەمریکا چ دڤێت؟ . لایەکێ ئەمریکا ئێرانەکا لاواز و گوهدار دڤێت بو هندێ  ئیسرائیلێ گەفێن وێ بپارێزیت نە ناڤبرنا وێ ،  ‌ئەڤە دەهان ساڵە هەر دوو لا ب تنێ زێدەتر دروشمێن مرنێ بو هەڤدوو بلند دکەن و واقع لاوازکرنا و ملەکچپێکرنا ئێرانە نە کوشتنا وێ. لایەکێ دی ئەمریکا رژێما ئێران پێناڤ بەرژوەندیێن خو کاردئینت دژی وەڵاتێن سنی تایبەت سعودی  . سعودی ئێکە ژ وەڵاتێن مەزنێن ئابوری لایێ بەرهەم ئینانا نەفتێ کە بن فەرمان و بەرژوەندیێن ئەمریکایە ، ئەڤا سعودیە بو ئەمریکا دکەت ژ ترسا ئێرانە کە بەرامبەر وێ ئەمریکا سعودیە بپارێزیت و سنورەک بو بەرفەرەهبونا دەستێ شیعی  دانێت  ژ بەر کو دوو وەڵاتێن دژ ب ئیک و دوو دەردکەڤن ، ب ناڤبرنا رژێما ئێران ئێدی سعودی مەجگور نیە دیڤ داخازیێن ئەمریکا بکەڤیت چونکی ئەڤە یا ئاشکرایە و هەر ئێکەم سەرەدانا دونالد ترەمپ بو سعودیە ملیار دوولار دگەل خو برن ، لایەکێ دی ئەڤ سەرکردیە ب سیاسیەکێ بازرگانی بەرنیاسە هەمی فوکسا وی سەر هندێیە کە چەوا پارە دەست بێخیت . چەند پرسیار دهێن پێش ئەویش ئەڤەنە:  پرسیار ئەوە باشە ئەگەر مەبەستا ئەمریکا بیت کارئینانا هێزێ دژی ئێران بوچی ڤان ساڵان دا رێک دایە کە ئێران نفوسا خو زێدە بکەت ل وەڵاتێن دەوروبەر خوە قەلەو بکەت ژ وان عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا کە سەدان هەزار میلیشیا بن گوهداریا سەرکردێن وانن و شەری بو بەرژوەندیێن ئێران دکەن هەر دیسان پرسیار ئەوە ئەگەر مەبەستا ئەمریکا بیت ناڤبرنا حکومەتا ئێران بوچی هەڤپەیمانیەکا نیڤ دەوڵەتی ‌پێک نەئینایە خو شەرێ دگەل رژێما صدام حسێن و شەرێ دگەل داعش مەزنترین هەڤپەیمانی درووست کر. راستە ل بەرژوەندیا ئەمریکا دا نیە کە ئێران هەتا هەر وەڵاتەکی دی جیهانێ ب هێز بکەڤیت بەلێ هەمان دەم دا بەرژوەندیا وێ نیە شەرەکێ راستەوخو دگەل ئێران بکەت کە ئەنجامێ وێ روون و ئاشکرا نیە ، بەلێ دیارە دێ تێچوەکا زوور هەبیت و زیانێن مادی و مروڤی بو هەر دوو لایان هەبن . رەنگە ئەمریکا ب رەنگەکی نەراستەوخو شەری بکەت ئەویش وەڵاتێن نەیار دژی وێ کاربینت یان دێ ئوپوزسیونا نافخوی و جەماوەرێ وێ دژی حکومەتێ کارئینت هەر ژ بەر هندێ رابیە ب دوورپێچێن ئابوری بو هندێ جەماوەر رابیت سەر پێیان ، ب ڤێ دێ ئێرانەکا ئاژاوە بەرهەم هێت وەکی ڤان وەڵاتێن عەرەبی کە تژی کێشەیێن نافخویە ، ئەڤە یا گرنگە بو وان دێ ئامانج و بەرژوەندیێن ئەمریکا پتر پاراستی بن بەراورد دگەل شەری کە دێ تێچوەکا زوور بیت و ئامانج زحمەترە .  


 دانا مەنمی پارتی بۆ دروستبونی هه‌ركێشه‌یه‌كی سیاسی بیریشی له‌ خۆبه‌ پاڵه‌وان بوون و فریشته‌و فریادره‌سی ئه‌و كیشه‌یه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی كێشه‌كه‌و ڕۆڵی سوپه‌رمان بگێڕێت ، به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا خۆی بكاته‌ فریادره‌س و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه‌ دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بوو ، ڕوداوه‌كانی  گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ سنووری قه‌زای دوبزی باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كی پلان بۆ داڕێژراوی شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی و خه‌ڵكانی وه‌كو ڕاكان جبوری له‌ پشتییه‌وه‌ بێت ، مومكین نییه‌ پارتی له‌ناو ئه‌و پلانه‌دا رۆڵی نه‌بێت و سیناریۆی پلانه‌كه‌ی دانه‌ڕشتبێت ، پارتی له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ڕێگه‌ی میدیای بیستراو بینراو نوسراو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و مالپه‌ره‌ سێبه‌ره‌كانیه‌وه‌  دۆخێكی ده‌رونی ناجێگیری بۆ هاونیشتیمانیان خولقاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و ئه‌فكاره‌كانی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا نه‌بن ئه‌وه‌ ئیتر ئاسایش و سه‌قامگیری هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسیداریه‌ !   ئه‌گه‌ر خه‌می پارتی له‌ ڕوداوه‌كانی گوندی په‌لكانه‌دا بۆلابردنی ته‌عریب و پاراستنی شوناسی كوردایه‌تی و كوردبوون بێت ، ئه‌وه‌ پێویستی به‌و هه‌ڵایه‌ نه‌ده‌كرد كه‌ پارتی كردی ،ئاخر پارتی له‌و ڕوداوه‌دا ڕۆڵی نمایشی فلیمێكی ئه‌كشنی جیهانی بۆلیۆدی ده‌بینی كه‌ له‌ كۆتاییه‌كه‌دا سۆپه‌رمان ده‌گات و كونه‌مشك له‌ ئه‌كته‌ره‌كانی تر ده‌كاته‌ قه‌یسه‌ری ! ئه‌گه‌ر خه‌می پارتی بۆ زه‌وی و زاری كشتوكاڵی بێت ئه‌وه‌ له‌كه‌ركوك زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له‌ كورد له‌ دوای ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌و تا ئێستاش ئاسه‌واری ته‌عریب به‌رده‌وامه‌ و پارتی ئاماده‌ نییه‌ دۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌و ئیدامه‌ به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ ژێر سیبه‌ری ته‌عریبدا ده‌دات .   پارتی بۆ داپۆشینی شكستی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماسی خۆی له‌ ریفراندۆم دا ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر و باڵێكی یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ پلانی ژێر به‌ژێریان هه‌بووه‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و خورماتوو به‌ ڕێكه‌وتن  ڕاده‌ستی سوپای عێراق كراوه‌ ، به‌ڵام پرسی شنگال و فرۆشتنی خاك و خه‌ڵك به‌داعش دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ ده‌كات ! جارێ سه‌رچاوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌ ۲٥ـی ئه‌یلولی ۲۰۱۷ وه‌ هات كاتێك پارتی ئاماده‌ نه‌بوو عاقڵانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی ڕیفراندۆم دا بكات و به‌ ملهوری به‌ عه‌قلی خێڵه‌كییه‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی پێشكه‌ش به‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كرد ، ده‌مه‌وێت  بڵێم سه‌رباری تێبینی زۆرم له‌سه‌ر ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر نه‌به‌شان و باڵیان هه‌ڵده‌ده‌م و به‌رگریشیان لێناكه‌م به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاستیه‌وه‌ ده‌بێ بوترێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان له‌ ۲٥ـی ئه‌یلولی ۲۰۱۷له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕه‌ سوارانی به‌زیووی رێفراندۆم دا بوو كه‌ ده‌یانگوت ( بڕیاره‌كانی عێراق ناگاته‌ كوردستان و حیساب بۆ رای هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین !).    پارتی هه‌میشه‌ سه‌ركۆنه‌ی لایه‌نه‌كانی تر ده‌كات و تۆمه‌تباریان ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێریان له‌گه‌ڵ (جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌بادی و سه‌درو خه‌نجه‌رو فه‌تلاوی و نوسه‌یف و عامری و سوله‌یمانی) هه‌یه‌و ده‌یانخاته‌ به‌ره‌ی عیراقچێتی و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئیرانیزم ،وه‌لێ له‌ هه‌ر بوارێكدا پارتی سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بكات بۆخۆیشی توشی هه‌مان سه‌رزه‌نشت ده‌بێته‌وه‌و ڕوی له‌وان سپیتر نییه‌ و بۆخۆیشی هه‌مان په‌یوه‌ندی ژێر به‌ ژێری له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌ركرده‌ عه‌ره‌بانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان ڕۆڵی به‌شه‌یتان كردنیان بۆ ده‌گێرێت ، هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ خاوه‌نی ڤێلا و خزمه‌تگوزاری VIPین له‌ ژێر قه‌له‌مڕه‌وی پارتیدا ، چاوپێكه‌وتنه‌ ته‌له‌فیزیۆنیه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ كه‌ناڵی دیجله‌ زۆر ڕاستی دركاندو پارتیش به‌و وتانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌نگه‌تاو بوون و كه‌وتنه‌ لێدوان دژ به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی. پارتی له‌ سه‌نگی جه‌ماوه‌ری خۆی له‌ كه‌ركوك تێگه‌یشتووه‌ و له‌ بیانوو ده‌گه‌رێت كه‌ دۆخی شاری كه‌ركوك سه‌قامگیری به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینێ ، هه‌وڵی پارتی له‌ كه‌ركوك بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی حیزبی یه‌ نه‌ك چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی متمانه‌و پێكه‌وه‌ ژیان و خزمه‌تكردنی كه‌ركوكییه‌كان ، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه‌و گوێ له‌و پروپاگه‌نده‌ی پارتی نه‌گیرێت كه‌ ده‌رهه‌ق به‌و شاره‌ ده‌یكات و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر یه‌كتر لابه‌رن وچیتر نه‌ كورد و نه‌ توركمان و نه‌ عه‌ره‌ب ئاواره‌ نه‌بێت .


 چیا عەباس لە دوەمین ساڵیادی ماڵئاوایی کاک نەوشیروان، کاتێک چروپر و بە گەرمیەوە باس لە ئیرسی سیاسی بەرێزی دەکرێت، بە پێویستی دەزانم بەم نوسینە خاڵ لە سەر چەند وشەیەکی گرنگی ئەو ئیرسە دابنێم. ئەویش لە دوا ساڵی تەمەنی کاک نەوشیروان دیدگا و هەڵسەنگاندنی بۆ سیستەمی پەرلەمانی لە کوردستان وەرچەرخاندنی بنەرەتی بە سەریاندا هاتبو. لە سەرەتای دروستبونی گۆڕان چەمکی سیستەمی پەرڵەمانی و گۆرانکاری ریشەیی زەمینەی سەرەکی سەرهەڵدانی بەهێزی گۆڕان بون. دوای ئەزمونێکی کورتی بەشداری گۆڕان لە حکومەت  و دورخستنەوەی نارەوای لە سەرجەم پێگەکانی حوکمرانی گۆرانکاری لە تێرامان بۆ ئەو چەمکە و بۆچون و هەڵسەنگاندنی دامەزرێنەر و رابەرەکەیدا رویدا.  سەرەرای ئەوەی ئەو چەمکە رۆحە رەسەنەکەی گۆڕانە، بەڵام ناشێت ئەو چەمکە بە تێگەیشتن و لێکدانەوە سەرەتاییەکان بکرێتە پاساو و زەمینە بۆ سیاسەتی هەنوکەی ئێستای بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان دەرباری پرسەکانی حوکمرانی لە هەرێم. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەوڵ و پاساوانە سەردێکی وردی چەمکی سیستەمی پەرلەمانی لە کوردستان و کاک نەوشیروان دەخەمە بەرچاوی خوێنەری بەرێز. زیاتر لە ساڵێک پێش دروستبونی گۆڕان زنجیرەیەک نوسینم دەرباری گۆڕان و وردەکاریەکانی لە سایتی خەندان بڵاوکردەوە، هیچکات کوێرانە باوەرم بەوە نەبوە کە ناوەرۆک و چوارچێوە مۆدیرنەکەی سیستەمی پەرلەمانی لەم بەشەی کوردستانمان بە ئاسانی بهێنرێنەدی و ناشبێتە عەسای سحری بۆ چاکسازی و گۆرانکاری ریشەیی. ئەوانەی لە گەڵ ئەم هەڵسەنگاندنە ناکۆک بون، بە ئێستاشەوە، فانتازیایەکی قەشەنگیان دارشتوە، بێ ئاگابون لە هەڵسەنگاندن و مامەڵەکردنی دروستی چەواشەکردنی خەڵکیان لێکەوتۆتەوە و بەردەوامیش دەبێت. لە چەند نوسینێکی پێشومدا ( چەند یادەوەرییەک لە گەڵ کاک نەوشیروان، گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان و گۆڕانەکەی ئێستا، کاک نەوشیروان و حوکمرانی، کاراکردنەوەی پەرلەمان یا کارکردن بە پەرلەمان، چەمکی پارادۆکس و گۆڕان) زۆر بە وەفاییەوە باسم لە چەند هەڵسەنگاندنێکی کاک نەوشیروان دەرباری ئەو پرسە کردوە. نیو ساڵ پێش ماڵئاوایی لێمان لە کۆرێکی گۆڕان لە لەندەن ( بە دەنگ و ڤیدۆ تۆمارکراوە) کاک نەوشیروان گوتی: ژیانی پەرلەمانی لای خۆمان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. چەندین جار داوامان لە هاوکارانی کاک نەوشیروان کردوە هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئەو بۆچونە بکەن، مەخابن دەرکەوت ئەو تەوەرەیان پشتگوێ خستوە. ئێستا کە هەڵەیەکی گەورە و لادانێکی بێ ویژدانانەیان بەرامبەر بە گۆڕان و دیدگای کاک نەوشیروان کردوە هاتون لە سایەی دیدگای سەرەتایی کاک نەوشیروان دەیانەوێت ئەو لادان و گوناهە گەورەیە پەردەپۆش بکەن و تێیان پەرێنن. پاش کۆرەکەی لەندەن و لە حزوری کورەکانی باسکردن و ئاڵوگۆرێکی چر لە گەڵ کاک نەوشیروان دەرباری ئەو بۆچونەی کرا. یەکێک لەو خاڵانەی باسکرا ئەوەبو کاک نەوشیروان کە لە کوردستان بو چەندین جار لە دانیشتن و کۆبونەوەکانی دەیگوت ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت بۆ خۆم رازیم کاک مسعود چەند جار یاسا رێگای پێبدات خۆی کاندید بکات. لە قسە و باسکردنەکاندا دەرکەوت خەمی سەرەکی کاک نەوشیروان لە خودی سیستەمی پەرلەمانیدا نەبو، بەڵکو لەو هێز و دەسەڵاتانەی ئەو سیستەمە ئاراستە دەکەن. لەو کەش و هەوایەدا پێی گوتم: تۆ چەند نوسینێکت دەرباری بە هەرێمکردنی ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و راپەرین و شارەزور بڵاکردۆتەوە، من هاورات نەبوم، دەتوانیت پێم بڵێیت کۆڵەکەکانی ئەو بۆچونەت چین، چونکە ئەستەمە برادەرانی یەکێتی ئەوسات و ئێستاش بەم پرسە رازی بن، هەرچەندە مافێکی دەستوریشە بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا زۆر بەتوندی دژ بە هەوڵەکان بۆ بەهەرێمکردن بەسرە وەستانەوە، ئێمە بە تەنیا ئەوەمان پێ ناکرێت. ئەم پرسیارەی کاک نەوشیروان بۆ من چاوەرواننەکراو بو، هەستم کرد وەرچەرخاندنێک بەسەر بۆچونە سەرەتاییەکانی دەرباری چەمکی شمولیەت لە بزافی کوردایەتی لە باشور رویداوە، هەر لەو روانگایەشەوە تەبەنای سیستەمێکی پەرلەمانی یەکگرتوی لە هەرێم کردوە و لە هەمو هەوڵەکانیشی لە گەڵ کاک مسعود بۆ کۆتایی هێنان بە شەری ناوخۆ جەختی لە یەکگرتنەوەی پەرلەمانە لەتکراوەکە دەکردەوە.   پێش ئەوەی خۆم بۆ وەڵامدانەوە کۆکۆمەوە پێم گوت: لە بیرت دێت جارێک لە کوردستان لێم پرسیت ئەگەر ٣٥ تا ٤٠ کورسیت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ بەدەست بهێنایە چیت دەکرد. پێش ئەوەی قسەکانم تەواو کەم گوتی: زۆر باش بیرم دێت، هەرچیمان بکردایە لە سنوری دێگەڵە نەمان دەتوانی تێپەرین، چونکە نەک تەنها هێزەکانی دەسەڵات بەڵکو پەناشیان بۆ بەغدا و ئێران و تورکیا دەبرد بۆ لە ناوبردنمان، لە بیرت نەچێت ئێمە بەیانێکی حەوت خاڵمان راگەیاند بە کۆنە دەبابە و مودەرەعەی بەعس دەوریان داین و ویستیان تەفر و تونامان بکەن. پێم گوت: کاک نەوشیروان لێدوانەکەت دەرباری سیستەمی پەرلەمانی لای خۆمان زۆر گشتگیر بو، باست لە هیچ ئەڵتەرنەتیڤێک نەکرد، ئایا ئەمە هۆشداری دانێکە بە دەسەڵات یاخود جەنابتان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە؟ وەک نمونەیەک بۆ چارەی کێشەکان نمونەیەکی حوکمرانیم لە هۆڵەندا بۆ هێنایەوە کاتێک چەند ساڵێک پێش ئێستا حزبی دوەمی ئەو وڵاتە بەشداری لە حکومەت نەکرد بەڵام لە پەرڵەمان بە چەند مەرجێک پشتگیری لە کابینەی لیبراڵ و مەسیحیەکان دەکرد، زۆر بە گرژیەوە وەڵامی دامەوە و گوتی: دەوڵەتی هۆڵەندا دامەزراوەییە، نەریتێکی دەوڵەمەندی سیستەمی پەرلەمانیان هەیە .. چ جۆرە شوبهاندنێکی خەیاڵی دەکەیت. لە درێژەی باسکردنی ئەو تەوەرە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک رۆژێک لێی پرسیم: ناسیاوێکت کە دەرچوی باشترین زانکۆی ئابوری ئەوروپایە وەختی خۆی پرۆژەیەکی بە رێگەی خۆتەوە بۆ ناردم دەرباری چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری دەڤەرەکانی سلێمانی و شارەزور و گەرمیان، ئەو پرۆژەیەت لا ماوە؟ لە وەڵامدا گوتم بەڵی و ئەو ناسیاوەشم سەردانی جەنابتانی لە سلێمانی کرد و ئێستا لە کوردستان کار دەکات، بۆچی ئەو پرۆژەیەت پێویستە؟ لە وەڵامدا باسی روداوێکی کرد منی تۆشی شۆک کرد، گوتی: لە سەرەتای مەجلیسی حوکم لە بەغدا زۆربەی هیزە شیعەکانی عێراق ئەو پرۆژەیەیان دا بە مام جلال و من، ئامادەییان پیشاندا هاریکاری تەواومان بکەن بۆ جێبەجێکردنی، ئێمە ئەوسات بەهۆکاری پرسی یەکریزی نەتەوەییەوە رەتمان کردەوە. ئێستا یەکریزیمان تاقیکردەوە و دەرکەوت ئەوەی ساویلکانە و خۆشباوەرانە و بێ بنەمای بەهێز بچێتە ژێر باری ئەو مەسەلەیەوە بە زەرەری گەورە لێی دەردەچێت، ئێمە لە گۆڕان ئەوەمان بەسەرهات، بۆیە ئامادەنیم ئەو هەڵەیە دوبارە بکەمەوە. لەو کەین و بەینەدا نمای کوری بە پەرۆشی و جدیەوە ئاگای لەم باسکردن و تاوتوێکردنە بو، رۆژیک داوای لێکردم پێداچونەوەیەک بە نوسینی بیرۆکەکانی دەرباری ئەو پرسە بکەم. نوسینەکە بە وردی و سیستەماتیکانە باسی لە وردەکاریەکانی پرسەکە کردبو، بەڵام لە بواری زمانەوانیدا وێرانە بو. پاش راستکردنەوەی هەڵەکان لێم پرسی: چی لەم نوسینە دەکەی؟ گوتی: هەوڵ دەدەم لە کوردستان گەورەترین لۆبی بۆ دروست بکەم. خوا یاوەر بێت لە کاتێکی گونجاودا دەقی پرۆژەکە بڵاو دەکەمەوە، ئەوەی گرنگە بوترێت: هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی ژیانیدا بۆ سیستەمی پەرڵەمانی لای خۆمان زۆر جیاواز بو لەوەی سەرەتای دروستبونی گۆڕان. هەڵسەنگاندنی سیاسی دەقی قورئان نیە تا قابیلی گۆران و بە گونجاوکردن نەبێت.  کارێکی رەوا و دروستە گۆرانکاری لە هزر و بۆچونی سەرکردە و هێزەکان بە مروری زەمان و ئەزمونەکان روبدات، ئەوەی دروست نیە تەنها دەست بە سەرەتاوە بگریت و وەک مەرجەعێکی نەگۆری رەو ق تەق بکرێتە بنێشتە خۆشەی ژێر زمان و پەیامی سیاسی.       رۆتەردام: ١٨ی مایسی ٢٠١٩        


شێرزاد شێخانی ئه‌گه‌ری پێكدادانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران رۆژ به‌رۆژ زیاتر ئه‌بێ ، ئاماژه‌كانیشی زۆر به‌روونی ده‌ركه‌وتون . چه‌ك وجبه‌خانه‌ی ئه‌مریكا هێدی هێدی ئه‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو و سه‌ر سنووره‌كانی ئێران و، دیبلۆماسییه‌تی شه‌ڕیش كارایه‌و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش له‌ئاماده‌باشیدان . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جوڵه‌ سه‌ربازییانه‌ش مه‌سره‌فێكی زۆر ئه‌خاته‌ سه‌رئه‌ستۆی ئه‌مریكاوه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌خۆرایی نیه‌ ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ترساندنی ئێران بێت ، ئه‌مریكا وه‌كو تاكه‌ زلهێزی دونیا ده‌یان بژارده‌ی تری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، ئه‌وه‌تا ته‌نها سزا ئابوورییه‌كانی ئێرانی له‌په‌لوپۆ خستوه‌و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و داڕمانێكی ته‌واوی ئه‌بات . زۆر له‌شیكاره‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌هه‌وادارانی نه‌زه‌رییه‌ی موئامه‌ره‌ ، وای بۆ ده‌چن كه‌ ئه‌مریكا راستگۆ نه‌بێت له‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێرانداو، پێیان وایه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌مووی ترساندنو تۆقاندنه‌، دواتر به‌رێكه‌وتنێكی سیاسی وه‌زعه‌كه‌ ئارام ئه‌بێته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی رووداوو پێشهاته‌كان بخوێنینه‌وه‌ زۆر به‌وازحی هه‌ست به‌هه‌مان دیمه‌نی شه‌ڕی ئه‌مریكاوعیراق ئه‌كه‌ین كه‌ له‌ئاكامدا بوه‌ هۆی روخانی رژێمی سه‌دام . له‌هه‌ردوو رووبه‌رووبوونه‌وكاندا كێشه‌ی ئه‌مریكا جبه‌خانه‌و چه‌كه‌ قوڕسه‌كانی ئه‌م دوو رژێمه‌ بووه‌ . سه‌دام به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا كه‌وا چه‌كی كۆكوژی هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تیش هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ، ئێستا ئێرانیش هه‌مان تۆمه‌تی ئه‌خرێته‌ پاڵ . له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی سه‌دام هۆكاری لادانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بو كه‌وا رژێمه‌كه‌ی بوه‌ مه‌ترسی به‌سه‌ر رژێمه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌كه‌نداو ، ئێستا به‌هه‌مانشێوه‌ ئێران تۆمه‌تباره‌ به‌ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌رژێمه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا. له‌شه‌ڕی عیراق و ئه‌مریكادا پاساوی ئه‌وه‌ش هێنرایه‌وه‌ كه‌وا رژێمی‌ سه‌دام دیكتاتۆره‌و پێویسته‌ لابچێ و ئازادی بۆ عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌ ، بۆیه‌ شه‌ڕه‌كه‌شیان‌ ناونا‌ ( پرۆسه‌ی ئازادی عیراق ) ، هه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌ش ده‌رباره‌ی ئێران ئه‌وترێ . كه‌واته‌ له‌هه‌ردو شه‌ڕه‌كاندا یه‌ك سیناریۆ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ململانێی ئه‌مریكا و ئێران حه‌تمه‌ن به‌ره‌و شه‌ڕێكی خوێناوی ئه‌ڕوات . به‌تایبه‌تیش هه‌مو سه‌رۆكێكی ئه‌مریكی پێویستی  به‌شه‌ڕێكی ده‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خولێكیتری سه‌رۆكایه‌تی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكا ، ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئه‌مریكاشمان بینی له‌سه‌رده‌می جۆرج بۆشی باوك و بیل كلینتۆن وجۆرج بوشی كوڕ وباراك ئۆباماش ، بۆیه‌ دۆناڵد ترامپیش پێویستی به‌شه‌ڕیكی ده‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی خولی داهاتوی . هه‌ر هه‌مان ئه‌و شیكارانه‌ی له‌ئه‌گه‌ره‌كانی شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكاو ئێران ئه‌كۆڵنه‌وه‌، به‌شێكیان باسی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ش ئه‌كه‌ن و كاریگه‌ریه‌كانی به‌سه‌ر كورده‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ كورد له‌م شه‌ڕه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بێ ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كورد ئه‌سڵه‌ن خۆی به‌شێك نیه‌ له‌و ململانێیه‌دا ، ئیدی نازانم بۆچی ماڵی كورد وێران ئه‌بێ له‌م شه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌دا‌. شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌رز نابێ تا پێویستی به‌هاوكاری لوجیستی كوردو ته‌نانه‌ت عیراقییه‌كانیش هه‌بێ ، شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ ، شه‌ڕی موشه‌ك و فرۆكه‌و چه‌كه‌ قوڕسه‌كانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی بینیمان له‌ شه‌ڕه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌ی به‌لقان و سوریاو دژ به‌داعش له‌عیراق ، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ جوڵه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر ئه‌رز نیه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا مه‌به‌ستی نیه‌ خاكی ئێران داگییربكاو خۆی بهاوێته‌ ناو زۆنگاوێكی هاوشێوه‌ی فێتنامی ساڵی شه‌سته‌كان، چونكه‌ رووبه‌ری ئێران زۆر له‌وه‌ فراوانتره‌ سوپای ئه‌مریكا بتوانێ داگییری بكات ، جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌مریكا زۆر په‌رۆشی میلله‌تانی ئێران نیه‌ تا رژێمه‌كه‌یان بۆ بگۆڕێ و دیموكراسیه‌تیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات . ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی وئیسرائیل پاڵیان پێوه‌ ئه‌نێ بۆ شه‌ڕ له‌دژی ئێران وچه‌كه‌‌ كۆكوژه‌كانی نه‌وه‌ك شتی تر. سروشتی شه‌ڕه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ، شه‌ڕی چه‌كه‌ قوڕسه‌كانه‌، له‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا پێشه‌نگه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ، چه‌كی وای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ ناردنی یه‌ك سه‌ربازی ئه‌نجامه‌كان یه‌كڵایی بكاته‌وه‌ ، گه‌لانی ئه‌مریكاش ئاماده‌نین باجی هیچ موغامه‌ره‌یه‌كی سه‌رۆكه‌كانیان به‌خوێنی رۆڵه‌كانیان بده‌نه‌وه‌ ، بۆیه‌ ئاسان نیه‌ رای گشتی ئه‌مریكا به‌وه‌ رازی بێت ته‌رمی سه‌دان وهه‌زاران رۆڵه‌یان بگه‌رێته‌وه‌ ئه‌مریكا له‌پای گۆڕینی رژێمێكی دیكتاتۆری له‌ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتدا. پێموایه‌ هه‌مان سێناریۆی عیراق دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كی بچوك ، ئه‌ویش خۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌ له‌شه‌ڕی مه‌یدانی سه‌ر ئه‌رز ، گورزی یه‌كه‌م وكه‌مه‌رشكێنیش ، به‌هێرشی ئاسمانی چڕو موشه‌كه‌ دوورهاویژه‌كان ده‌ستپێئه‌كات ، به‌تایبه‌تیش به‌ئامانج گرتنی هێزی فرۆكه‌وانی ئێران ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕی پێنجی حوزه‌یرانی نێوان ئیسرائیل وده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌ساڵی 1967 روویدا ، كاتێك فرۆكه‌كانی ئیسرائیل كتوپڕ هێرشێكی چڕیان كرده‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه عه‌سكه‌رییه‌‌كانی میسرو سه‌دان فرۆكه‌ی جه‌نگیان هه‌ر له‌ناو فرۆكه‌خانه‌كاندا په‌كخست ، به‌مشێویه‌ وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك هێزی ئاسمانی ئێران په‌كئه‌خه‌ن . دواتر به‌موشه‌كی دوورهاوێژ بنكه‌ سه‌ربازی وئابووری وئه‌منیه‌كانی رژێمی ئێران بۆردومان ئه‌كه‌ن و ئه‌وانیش له‌په‌لوپۆ ئه‌خه‌ن ، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش ببێته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی راپه‌رینی خه‌ڵكی ئێران كاتێك رژێمه‌كه‌یان توانای سه‌ربازی و ئه‌منی له‌ده‌سئه‌دات و رێگه‌ خۆش ئه‌كات بۆ راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری، لێره‌شدا ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كه‌م ئامانجیان ئه‌پێكن، ئیدی ئه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵوێستی ته‌ماشاكه‌رو، دووریش نیه‌ ها‌وكاری هێزه‌ ئۆپۆسزیۆنه‌كانی ئێرانیش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌راپه‌ڕینه‌كه‌دا رۆڵیان هه‌بێ  . ئه‌وه‌ی باسیش ئه‌كرێ گوایه‌ هاوپه‌یما‌نه‌كانی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌كو میلیشیاكانی شیعه‌ی عیراق و حزبوللای لوبنانی وحوسیه‌كانی یه‌مه‌ن و جه‌ماعه‌تی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی دێنه‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌ بۆ دیفاعكردن له‌ئێران ، من پێموانیه‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ونه‌ جوڵه‌ دژ به‌ ئه‌مریكا ، چونكه‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ واتای كۆتاییهاتنیانه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ خۆیان ناخه‌نه‌ نێو ئه‌م ملمڵانییه‌ی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر خۆشیان خسته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كورت ده‌مكوت ئه‌كرێن . بۆ حزبوڵڵا ئه‌وه‌ ئیسرائیل ئاماده‌یه‌ له‌باشووری لوبنانه‌وه ده‌مكوتیان بكات ‌، بۆ حه‌ماسیش ئه‌وه‌ هه‌رده‌م سوپای ئیسرائیل ئه‌توانێ‌ له‌ناویان ببات . بۆ حوسیه‌كانیش هێزه‌كانی  هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی رووبه‌روویان ئه‌بنه‌وه‌، بۆ میلیشیا عیراقیه‌كانیش ، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ كامێكیان ئامادبن خۆیان بۆ ئێران به‌كوشت بده‌ن ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عیه‌ت و هێزه‌ گه‌وره‌كانی شیعه‌ش خۆیان به‌دوور ئه‌گرن ، چونكه‌ باش ئه‌زانن به‌مه‌ كۆتاییان پێدێت و له‌پرۆسه‌ی سیاسی عیراق وده‌سگرتنیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دوور ئه‌خرێنه‌وه‌ . ره‌نگه‌ میلیشیای عه‌سائیب بێنه‌ ده‌نگ، به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆیان نابێ ، چونكه‌ ئێستا نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌عیراقدا بوونیان هه‌یه‌ و، حكومه‌تی عیراقیش هاوپه‌یمانی ستراتیجی ئه‌مریكایه‌و رێكه‌وتنێكی ئه‌منیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ لێره‌دا حكومه‌تی عیراق ناچاره‌ به‌رپه‌رچی ئه‌و میلشیایه‌ بد‌اته‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی پێش چه‌ند ساڵێك له‌دژی سوپای مه‌هدی كرا، ته‌نانه‌ت پێشبینی ئه‌وه‌ش ئه‌كه‌م مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان فه‌تواش ده‌ربكه‌ن بۆ رێگرتن له‌به‌شداری شیعه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا‌ . له‌كۆتاییدا پێموایه‌ شه‌ڕه‌كه‌ كتوپڕ ئه‌بێ ، به‌دووری نازانم ده‌ستپێشخه‌ره‌كه‌شی ئیسرائیل بێت ، چونكه‌ ئێستا مشتومڕێك له‌ناو ئیداره‌ی سه‌رۆك ترامپ هه‌یه‌ له‌سه‌ر خۆ به‌دوورگرتنی ئه‌مریكا له‌م شه‌ڕه‌دا ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیسرائیل ده‌ستی پێكرد ، بێگومان ئه‌مریكا پاساوێكی ده‌ست ئه‌كه‌وێ بۆ هاتنه‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ به‌بیانوی پشتگیریكردن له‌هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژه‌كه‌ی . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بو، وابزانم سیناریۆی تریش هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێران رابكێشرێته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ ، وه‌كو ئه‌و سیناریۆیه‌ی له‌مرۆژانه‌دا له‌میرنشینی فوجیره‌ رێكخرا كاتێك ته‌قه‌ له‌چه‌ند به‌له‌مێك كراو ئێران پێی تۆمه‌تباركرا ، خۆ ئه‌مكارانه‌ زۆر ئاسانه‌و، ئه‌مریكا ئه‌توانێ سیناریۆی وا دابرێژی بۆ دۆزینه‌وه‌ی پاساوێك هه‌تا ئه‌گه‌ر بچوك و درۆش بێت بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌ . هه‌ندێ هه‌رزه‌كاری سیاسی كورد پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ی داهاتو ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی نه‌خشه‌ی جوگرافی ‌ناوچه‌كه‌و، ته‌نانه‌ت باس له‌دروستبونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردیش ئه‌كه‌ن، به‌ڵام من پێموایه‌ ئه‌مه‌ دووره‌ له‌راستییه‌‌وه‌، چونكه‌ بینیمان ئه‌و شه‌ڕو ململانێیانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا روویانداو زیاتر له‌ ده‌ ساڵیشه‌ به‌رده‌وامه‌ ، وه‌كو شه‌ڕه‌كانی سوریاو لیبیاو یه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌فغانستانیش، هیچیان نه‌بونه‌ هۆكاری پارچه ‌پارچه‌بونو دامه‌زراندی ده‌وڵه‌تی نوێ له‌م ناوچانه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا شه‌ڕه‌كان زیاتر بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌‌و پاراستنی سنووری ئه‌م وڵاتانه‌و شه‌رعیه‌ت گێڕانه‌وه‌یه‌‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی ، بۆیه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی داهاتووش نه‌ قازانجی بۆ كورد هه‌یه‌و نه‌ زیان ، كورد ته‌نها ته‌ماشاكارێك ئه‌بێ وهیچیتر ..


ئاراس مەسیفی لەم نوسینەی بەختیار عەلی کە لە سایتەکەی خۆی بلاویکردۆتەو و لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم، نوسەر کەوتۆتە چەند هەڵەیەکی بابەتی و لۆژیکی دەربارەی چەمکەکانی کولتور، جوانیی و ناشیرینی و هەروەها بۆتە قوربانی بەکارهێنانی تێوری جیاکاری "ئێمە" و "ئەوان" (othering) کە رەگەکەی دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی رەگەزپەرستیی و داگیرکاریی وڵاتە خۆرئاوایەکان لەلایەن وڵاتە رۆژئاوایەکان. ئەم سەردەمە لە ناوەندە زانستیەکان بە -سەردەمی کۆلۆنیالیزم- ناسراوە. لە دوای نەمانی قۆناغی کۆلۆنیالیزم دەربازبون بۆ قۆناغی دوای کۆلۆنیالزم کە بە -پۆست کۆلۆنیالزم- ناسراوە بەکاربردنی چەمکەکانی "رۆژهەڵات"، "ئێمە" و "ئەوان" لە ناوەندە مەعریفی و زانستیەکانی جیهیان بێ کێشە نیە، ئەگەر بەکاریش بهێندرێن بۆ رەخنە لیێ گرتن و راستکردنەوەیەتی. ئێستا تەنها هێزە رەگەزپەرستە راستڕەوەکان بۆ مەبەستی ئەجیندای جیاکاری رەگەزپەرستیانەی حزبی بەکاری دەهێنن. بەکارهێنانی منیش بۆ ئەم چەمکانە لێرە، تەنها بۆ پیشاندانی هەڵە فیکری و مەعریفیەکانی نوسەرە. نوسەر بەمتمانە بەخۆبونێکی بێوێنە، بەدیدێکی لە خۆبایانە باس لە "کولتوری هەمو خۆرهەڵات" دەکات و لە رێگەی چەند دیاریدەیەکی بزێو، کە بەشێکی هەرە بچوکی کولتور پێکدەهێنن، ئەگەر مانا فراوانەکەی کولتور لەبەرچاوبگیرێت، بریار لەسەر "هەمو مرۆڤەکان" و کولتوری "تەواوی خۆرهەڵات" دەدات، ئاخر ئەگەر ئەمە کەمیی مەعریفی نەبێت، چیە؟ ئایا نوسەر بەمەبەست ئەو چەمکانە تێکەڵ دەکات یان ئاگاداری ئەو هەمو نێوکاری و گورانکاریانەی چەمک و گۆتارەکانی پەیوەست بە کولتورناسی لە ناوەندە کولتوریی و زانستیەکان نیە؟ بۆ نمونە چەند چەمکێکی گشتگیر و قەبەی وەکو کولتور، جوانیی و ناشیرینی لەپاڵ یەکتر ریزکردوە، بێ ئەوەی بۆ خوێنەری شی بکاتەوە، مەبەستی ئەو لە چەمکەکانی کولتور، جوانی و ناشیرینی لەم نوسینەدا چیە؟ نوسەر کولتور بە چی تێگەیشتوە کە ئاوا بچوکی دەکاتەوە بۆ سەر چەند بابەت و کردەیەکی رۆژانە؟ ئاخر ئەگەر ئێستا لە ئینتەرنێتدا بە دوای چەمکی کولتور بگەرێیت، دەیان پێناسە و ناورۆکی جیاجیات دەستدەکەوێت، کە هەر پێناسەیەک بێ وردبونەوی قوڵ لێی، زۆر زەحمەتە بتوانیت لێی تێبگەیت، جا چی بەو ساویلکەیەوە بیکەیتە بنەمای بابەتی نوسینێکی قەبە. بەمەست بێت یان بێ مەبەست نوسەر لەو "رۆشەنبیرە" - خۆرهەڵاتیانەیە - کە تا ئێستاش لەسەر بنەمای هەمان تێوری بە هەمان پێوەرەکانی سەدەی رابردو درێژە بە دیدی "ئەوانی" ئەوروپی و "ئێمەی" خورهەڵاتی دەدات. بەشێوەیەکی ڕەها و گشتگیر کولتوری خۆرهەڵاتیەکان لەچەند خالێکی دزێو و ناشیرین بچوک دەکاتەوە، تەواوی کولتورەکە جارێک بە فاشیست، جارێک بە بکوژی جوانی ناودەبات. ئەگەر ئەو قسانەی نوسەر بخەیتە بەردەم هەر کولتورناسێک، بێ ئەمڵا و ئەولا نوسەر بە رەگەزپەرست و تێنەگەیشتنیی بۆ چەمکی کولتور تۆمەتبار دەکات. لە کاتێکدا "ئەوان" بۆ ناشیرینکردنی "ئێمە" ئەو تێوریەیان داهێنا، ئەوا بەشێک لە "ئێمە" بۆ بەردەوامی بەو ناشیرینەیی "ئێمە" لە دیدی ئەوان، هەمان لۆژیک وتێوری پەیرەودەکەین. لەوانیە، بەختیار عەلی پێی وابێت، دیدگای ئەو بۆ خورهەڵات خودیی بێت و هیچ کاریگەریەکی رۆژئاوایی لەسەر نەبێت، بەڵام ئەو کاتێک چەمکی "خۆرهەڵات" بەکاردەهێنی، ئەمە خۆی لە خۆیدا چەمکێکی سیاسی قۆناغی کۆلۆنیالیزمە. ئەو لە کاتێکدا بەزمانی "ئێمە" و "ئەوان" قسە دەکات، ئەوە خۆرهەڵاتی لە ئەوانی تر جیاکردۆتەوە، کە رۆژئاوایا. نوسەر پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئەو لەسەر هەمان رێچکەی ئەوان بەمەستی بەراوردکردنی "ئێمە" و "ئەوان" بە پێوەرەکانی ئەوان (رۆژئاوایەکان) ئەمە دەکات. هێزە ئەورۆپیەکان بۆ رەوایی دان بە داگیرکاریەکانیان، لەسەرەتای سەدەی پانزەم هەڵسان بە دابەشکردنی دونیا بەسەر "ئێمە" و "ئەوان" و خۆیان لە هەمو جیهان جیاکردەوە. خۆیان کردە "ئێمەی" پێشکەوتو و جوان و"ئەوانی" تریشیان بە دواکەوتو و ناشیرین وێنا کرد. لە رێگەی ئەم تێوریە وێنەی "ئێمەیەکی" خاوەن ئەقل، کولتور و توانا و "ئەوانی تری" کەم ئەقڵ، بێ کولتور و بێ توانایان لە سەرتاسەری جیهان بلاوکردەوە و چەسپاند. هێزە رۆژئاویەکان لە ژێر بەهانەی "پێویستە ئێمە بچین، ئەوان فێری کولتور و ژیان بکەین" زۆربەی وڵاتانی گۆی زەویان داگیرکرد و چەندین ساڵ خێروبێرەکەیان بۆ خۆیان برد، خەڵکەکەیان چەوساندەوە و کولتورەکانیان شێواندن. لەم رێگەیەوە رەوایەتیان دا بە دەیان و سەدان شەڕ و کوشتار و کۆمەلکۆژی. گەورە نوسەری ئەمەرێکی بەرەگەز فەلەستینی ئێدوارد سەعید بۆ یەکەم جار لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی رابردو، ئەم دیدە رەگەزپەرستیانەی رۆژئاویەکانی بۆ خۆرهەڵات لەبەر یەک هەڵوەشاندەو و خستیە بەر رەخنە. ئێدوارد سەعید لە رێگەی بەلگەی زانستی سەڵماندی کە ئەم وێنە ناشیرینەی خۆرهەڵات دروستکراوی رۆژئاوایەکانە بۆ رەوایی دان بە زۆلم و داگیرکاریەکانیان بۆ سەر خۆرهەڵات. ئەم تێوریەی ئێدوارد سەعید لە ناوەندە زانستیە ئەمریکی و ئەوروپیەکان پێشوازیەکی گەورەی لێکرا و تا ئێستاش وەک یەکێک لە بنەماکانی رەخنەی قۆناغی دوای سەردەمی کۆلۆنیالزم (postcolonialism) سودی لێوەردەگیرێت. لە کاتێکدا "ئەوان" نەک تەنها پشتیان لەو دیدە رەگەزپەرستیانەیان کردوە، بەلکو کردویانەتە چەقی گوتاری رەخنەیی. لەسەر ئاستەکانی سیاسیی و پەروەردەیی ئەکادیمیی و زانستی و میدیایی هەوڵی راستکردنەوەی دەدەن. بەڵام رۆشەنبیرانی "ئێمە" بە سود وەرگرتن لە ناو و ناونیشانی قەبە، هێشتا بێئاگا لەوهەمو گۆرانکاری و نوێکاری و راستکردنەوەی چەمکی کولتور و گوتارە کولتورناسیەکان بەردەوامن لەسەر هەمان رێچکەی کۆنی "ئەوان" و "ئێمە". بیزانی یان نەیزانی، بینینی کولتوری خۆت، لە روانگەی ئەوانی تر و هەڵسەنگاندنی لە رێگەی چەمکەکانی ئەوان (بۆ نمونە چەمکی فاشیست کە نوسەر زۆر جار بۆ پێناسەی خورهەڵات بەکاری دەهێنێت) بەردەوامی دانە بە هەمان رێچکەی رەگەزپەرستیانە و جیاکاری رۆژئاوا و خۆ بەکەم زانین بەرامبەریان. رۆژانە چەندان بەراوردی بێ سەروبەر و بێ مانا لە نێوان رۆژئاواو و کوردستان لەلایەن رەوەندی کوردی دەرەوەی وڵات لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەبینین کە بەردەوامی دانە بە هەمان ئەو رێچکە و وێنەیەی، کە رۆژئاویەکان بۆ خۆرهەڵاتیەکانیان دروست کردوە. تاکە جیاوازای ئەوان لەگەڵ نوسەر ئەوەیە، ئەوان کەسیان خۆیان بە رۆشەنبیری سەردەم نازانم.


لاوك سەڵاح پەیڤێک بۆ ساڵیادی: نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت کە منداڵ بووم، بەختەوەر بووم، زۆربەی کاتەکانم لە کتێبخانەی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی بەسەر دەبرد، کتێبخانەکە هی ماڵی پورم بوو، لەوێ هەموو گۆڤارە ئەدەبی و سیاسییەکانم بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی دەخوێندەوە، وێنەکان و حیکایەتەکان و شێوازی چاپکردنیان سەرسامیان دەکردم، هەروەها کە گوێم لە دوا هەواڵە سیاسیەکان و شیکردنەوەکان لە لایەن ئەو مامۆستا بەرێزانەوە دەگرد کە رۆژانە دەهاتنە ئەوێ و نوێنەرایەتی چەندان رای جیاوازیان دەکرد، ئەوەندەی دیکە سەرسام دەبووم و پەلکێشیان دەکردم بۆ دونیای کەسە گەورەکان. بۆ من کتێبخانەی گەلاوێژ یەکێکە لە وێستگە هەرە سەرەکییەکانی ژیانم کە لەوێوە، لەو بانیژەوە، هێدی هێدی هەستم کرد کە کۆمەڵگەی ئێمە پڕە لە ململانێ و ناکۆکی، هەندێکیان کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەندێکیان پر وەهمن. هەر لەوێوە ئاشنای ئەو کەسانە بووم کە نوێنەرایەتی بەرژوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتووری جیاوازیان دەکرد، ئاشنای شێوازی نوێنەرایەتیکردنەکەیان و رێبازە سیاسیەکانیان و هەروەها مێژووی کەسە سیاسییەکانیش بووم. لەو کاتەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی، بەتایبەتی لە ٢٠١١ و تا دوا ساتەکانی تەمەنی، کە ئاشنایەتیم لەگەڵ رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا دروست بوو، ئەو تەنها سیاسی بوو توانی ئەو سەرسامییەی کە لە وێستگەیەکی ژیانمدا هەمبوو زیندوو بکاتەوە و بەردەوامی پێ ببەخشێت. من کەسێکی سیاسی نیم و هەرگیز لە کایەی سیاسەتدا کارم نەکردووە و زۆر سەر لە ململانێ سیاسیە لۆکەڵییەکان دەرناکەم! هەندێ لە هاورێکانم دەڵێن کەڵێنێک لە نێوان تۆ و ئەم ژینگەیەدا هەیە، ئەوەی تۆ دەیڵێت و دەتەوێت ببێت لەم ساتەدا نایەتە دی، هەر بۆیە گومانم نییە کە هەردووکمان من و ژینگەکەم ناکۆکیین! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ٣٠ ساڵی تەمەنم بۆ کاروباری رێکخراو و پرۆگرامی مرۆیی و کۆمەڵگە بەسەربردووە، دونیایەک خەڵکی بێگانە و نیشتمانیم لە ژیانمدا بەهۆی کارەکانمەوە لەسەر هەموو ئاستەکان ناسیووە، مێژوویان و پیشەیان و تەنانەت سروشتی کەسایەتیان، ئەو ئەزموونە یارمەتیم دەدات، بەشی خۆم، کەسی خوێنەواری راستەقینە بناسمەوە، خاوەن پرۆژە لە کەسی دیکە جیا بکەمەوە، خاوەن دیدی سیاسی و حکومی و پیشەیی و تەنانەت تا رادەیەک ئەدەبیش بناسمەوە. هەر بۆیە ئەو ئەزموونە یارمەتیم دەدا لە کوێدا و لە چ خانەیەکدا نەوشیروان مستەفا شایستانە ریزبەند و پۆلین بکەم. لەسەر هەر مەسەلەیەک سەبارەت بە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و رۆژنامەنووسی و تەنانەت کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا جیاواز و ناکۆک بووبین، هەمیشە لەسەر توانا و تێگەیشتن و ئاستی باڵای کارکردنی ئەو کۆک بووین. هیچ سیاسییەکی ئەو نەوەیەم نەدیووە ئەوەندەی ئەو توانای پێداچوونەوەی بە مێژووی خۆی و هەڵەکانی خۆی و ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی هەبووبێت، هەروەک چۆن کاک شێرکۆ بێکەس بۆ دونیای ئەدەبی ئێمە لە نەوەی خۆی جیاوازە، بەهەمان شێوە و زیاتر نەوشیروان مستەفا خاوەنی شوناسێک و پرۆژەیەکی جیاوازە لە نەوەی خۆی کە تا چەندان ساڵی دیکە دەبێتە سێبەری ناو دونیای سیاسەتی ئێمە. ئەو کوردناس بوو، بۆ ئەو مێژوو و کارەساتە سیاسییەکان ببوونە چەتر و سێبەری رەفتاری سیاسی و ئیلهامی ئیدارەدانی پارتی سیاسی و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی. هەر هەوڵدان بۆ نووسینەوەی رووداو و کارەساتە سیاسی و مێژووییەکان خۆی لە خۆیدا دروستکردنی گۆرانکارییە لە شێوازی گێرانەوەی شەفەی و زارەکی مێژوو بۆ گێرانەوی مێژوو بە رێگای تۆمارکردن و نووسینەوەی، کە ئەمە لەراستیدا ئەرکی مێژوونووسە ئەکادیمییەکانە. ئەمە کارێکی هەر وا ئاسان نییە بۆ کەسێک کە بەشێکی گرنگی رووداوەکان بووبێت و هەمیشە لە ژێر فشارە جیاوازەکاندا بووبێت و لە ژینگەیەکدا ئەم کارەی ئەنجام دابێت کە هەرگیز یارمەتیدەر نەبووە، ژینگەیەک پر مەترسی بەردەوام و نەبوونی بەردەوام و ململانێی سیاسی سەختی بەردەوام لە ناوەوەی پارتە سیاسییەکەی کە کاری تیاکردووە و لە دەرەوەی پارتەکە خۆشی. سەرنج بدە کامیان لەو برادەرانەی خۆی کە هەمووشیان خوێندەوار بوون ئەم کارەیان بەو شێوەیە ئەنجامداوە. لەو خاڵانەی دیکە کە جێگای تێرامان و سەرنجە، کاک نەوشیروان لەو کەسە دەگمەنانە بووە کە توانی لە پاش راپەرین و هاتنە ناو شارەکانەوە خیتابی سیاسی و بەهای سیاسی و تەنانەت رەفتاری سیاسی خۆی پەرە پێبدات و فراوانتر بکات بە جۆرێک پرۆژەیەکی پر مەترسی بێنێتە کایەوە کە بەرامبەر مێژووی کۆمەڵگەکەی دەوەستێتەوە و دەخوازێت ببێتە سەرەتای پرۆژەیەکی مەدەنی بۆ ئاییندە. ئەم وەچەرخانە بە دەگمەن لە مێژووی نەتەوەکاندا روودەدەن. ئەو وەک ئەوانی دیکە کۆڵەکەکانی ناو کۆمەڵگەکەی خۆی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنا، ئەو دەستکاری ئەو کۆڵەکانەی کرد بۆ ئەوەی ئامانجی سیاسی فراوانتر بێت تا زیاتر رەوایەتی بەکاری سیاسی بدرێت. هەر بۆیە تا چەندان ساڵی دیکە نەوشیروان مستەفا وەک سێبەری سیاسەت دەمێنێتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand