Draw Media

شنیار ئەنوەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی پێویستی بەپاڵەوانێک نیە دوای لێمان ببێ بە تەوق، بەڵکو پێویستی بە ھۆشیاری خەڵکە، لە کۆنکدا ئەو کەسانە کێ بوون، کە توانیویانە دەورێکی کاریگەر ببینن لە کۆمەڵگە و تەواوی جیھاندا ؟  مارتین لوسەر کینگ وە غاندی، رۆسا پارکس، هەتادوایی ..... لەرێگەی ئەم فیگەرانەوە توانیومانە لە ھێزو توانای کاریزما بگەین. ئایا ئەم پاڵەوانانەی مێژو بۆچی ترسناکن؟  چونکە ئێمە ھەست بەوەناکەین کە پەیوەندیەکەی فیزیکیمان بە مانەوە ھەیە، ئەوان سەرکردەیەکەی گەورەی گۆرانی کۆمەڵایەتی بوون و پێمان وایە مێژو یەکجار ئەمانە دروستدەکات!  وا ھەست دەکەین کە ئێمە ھێزمان نیە بۆ بەشداریکردن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، ئێستا تۆ ھەستناکەیت کە ئەتوانیت ( دووسەد و پەنجا ھەزار ) کەس کۆبکەیتەوە دژی گەندەڵی و نا یەکسانی، کە لەوڵاتەکەدا دەکرێت.  وە پێتان وایە ھێزی مارتین لوسەر کینگتان نیە، وە ھەست بە بچڕان ئەکەن لەگەڵیاندا، تەنھا ئەوەندە نەبێ کە مارتین لوسەر کینگ کەسێکی تابلێی تایبەتە، وە ھەستەکەین کە ئێمە کەسانی ئاساین و چاوەرێی کەسێکین ژیانی خۆمان و وڵاتەکەمان بگۆڕێت.  بیرت نەچێ ئەم پاڵەوانانەی کۆمەڵگە، کە کۆمەڵگەیان ڕێکخستوە وە ئەو خەڵکانە بەتەنیا نەبوون کە بوونەتە ئەو پاڵەوانە، بەڵکو ھێزیان ھەبووە لەرێگەی کۆمەڵگەوە، وە ھەموو ئەوشتانەی کردویانە لەرێگەی خۆیانەوە نەبووە. جیاوازیەکی گەورە ھەیە لە نێوان ھیرۆ ( hero) لەگەڵ سوپەر ھیرۆ ( superhero)، سوپەر ھیرۆ زۆربەی کردارەکانی بە تەنیایە، وەک ئەوەی بەتەنیا خۆیان بەسەر بینا بەرزەکاندا سەردەکەون و دەفڕن و پێویستیان بە ھیچ کەس نیە، وەلێ ئەمە لە کۆمەڵگەدا جیاوازە و کەسی سەرکردە دەیەوێ بگات بەھەموو خەڵک و پەیوەندی دروستدەکات، سوپەر ھیرۆ پشت بە خۆی دەبەستێت بەڵام خەلک پشت بە سوپەر ھیرۆ دەبەستن. ئەمما رێکخەرانی کۆمەلایەتی ھەولدەدەن ھێز دروستبکەن لەناو کۆمەڵگە وە بەڕاستی دەیانەوێت یارمەتی خەڵک بدەن و دەستیان بگرن و پێکەوە بن، وەک لە زۆربەی ئەفلام کارتۆنەکاندا ئەیبین باتمان کە سوپەر ھیرۆیە دەیەوێت جیھان لەیەک خراپەکار یان چەند خراپەکارێک پاک بکاتەوە، کەچی نایەوێت ئاراستەی کۆمەلگا بگۆرێت، بەکورتی ئیش لەسەر ھۆشیاری تاک ناکات. چەمکی گۆرانی کۆمەلایەتی، پەیوەندی بە دادپەروەریەوە ھەیە، لە یەکسانی کۆمەلایەتیدا ئەو رێگایانەیە کە چۆن کۆمەلگە ئارامی و سەقامگیری دەستەبەرەکات بۆ کۆی تاکەکانی کۆمەلگە، کاری دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە کۆمەڵگە بگۆڕی بۆ یەکسانی زیاتر.  با نمونەیەکی سلڤادۆرتان بۆ باسکەم، بەھۆی ئەوەی کە تاوان لەو وڵاتەدا لە شەودا زۆربووە، خەڵک بێ بەش بوون شەوان تا درەنگ لە دەرەوە بن. ھەندێک گەنج چۆن توانیان چەلینج بکەن؟!  ھەندێکیان بڕیاریاندا بە گروپ شەوان بچنە دەرەوە پیاسە بکەن، دوای گەڕانەوەیان ھەستێکی زۆر خۆش و تایبەتیان ھەبوو، بەلام بۆ ھەفتەی دواتر خەڵکێکی زیاتریان کۆکردەوەو کە بون بە ١٣ کەس، ھەفتە بە ھەفتە ژمارەیان زیادی ئەکرد، دوای دوو مانگ توانیان دووسەد ھەزار کەس کۆبکەنەوە ھەموو ھەفتەیەک لەشەودا رایان دەکرد و پیاسەیان دەکرد، سلڤادۆر یەکێک بوو لە ھەرە ترسناکترین ولاتەکان لە دنیادا ! دوای سێ سال تەنھا ٢٠٠ ھەزار کەس نەبوون، بەڵکو بوون بە پێنج سەد ھەزار کەس، دواتر بوون بە ھەزاران کەس لە ھەفتەی یەک رۆژدا کچان و کوڕان زیاتر ئەھاتنە دەرەوە، کە ئەم چەندین کەسە ئاگایان لە ولاتەکە و خەڵکە دەبوو وە چاودێربوون بەرامبەر ھەرشتێک کەڕووبدات لەوێ، ئێستا یەکێکە لە شارە ئارامەکان. ئێمە پێمان وایە وا پاڵەوان نین، وە باشترین نین و چاوەڕێی کەسێکین کە ژیانمان بگۆرێت، بەڵام بیرتان نەچێت تا جەند ھۆشیاربیت و بەرژەوەندی کەسی وەلا بنێیت لەرێگەی بیرکردنەوەو قوڵبونەوە و خونێندنەوەوە خۆت پەروەردە بکەیت، ئەوا ھیچ توانای خۆت پێ لە پاڵەوانەکانی مێژوو کەمتر نابێت، وە دەتوانیت دەورت ھەبێ لە گۆرانکاری کۆمەلاتەتیدا، حەزی دەسەلات دەتوانێت تاک بگۆرێت بۆ دیکتاتۆر، بەڵام ئەوە کۆمەڵگەیە دەتوانێت رێگری بکات لە دیکتاتۆر،  تۆ راستەقینەیەیت وە ھەریەک لە ئێمە، پێکەوە دەتوانین دەورمان ھەبێت لە گۆرینی کۆمەڵگە.


ئومێد حەمەعەلی ئەمرۆ لە پەرلەمانی کوردستان سێ هێزی پارتی, یەکێتی و گۆڕان دەنگیان بۆ پەسەندکردنی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا. ئەمە بۆ پارتی جێبەجێکردنی ئەجیندا سیاسییەکانیی و چەسپاندنی ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە سوڵتانی و دیکتاتۆرییەیەتی, کە هەموو توانا سیاسی, ماددی و جاسوسی و دامەزراوەییەکانی خۆیی خستۆتە خزمەتی چەسپاندنیانەوە; بۆ یەکێتی درێژەدانە بەو خزمەتە چەند ساڵەییەی لە دوو دەیەی ڕابردودا بە خواستە سیاسی و بنەماڵەییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کردویەتی. بەڵام بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەداخەوە هەڵەیەکی ستراتیژی خەتەرناکە, کە لەلایەکەوە چەسپاندنی قووڵتری بنەماکانی سیستەمی بە بنەماڵەیی و بە خێزانیکردنی کۆی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستانە و, لەلایەکی ترەوە, لێدانێکی کاریگەر و کوشندەیە لەو بەشە ناڕازییە دیموکراتیخوازەی کۆمەڵگەی کوردستان, کە بەردەوام ویستویەتی پایەکانی دەسەڵاتی سوڵتان و سەرۆکە گەندەڵ و خۆسەپێنەکان بلەرزێنێت. لەراستیدا ئەمەی ڕوویدا قوڵکردنەوەی نائومێدی سیاسییە بەجۆرێک هێزێکی ڕاستگۆ و کاریگەر نامێنێتەوە, کە نوێنەرایەتی جیهانبینی و بیرێکی سیاسی دیموکراتیی جیاواز بکات.  بەباشی لەوە تێدەگەم, هەموو هێزەکان دونیایەک پاساو بۆ ئەم هەڵوێستانەیان ڕیزدەکەن و ڕێککەوتنیان و بەڕیوەبردنی حکومەت و وەرگرتنی پۆست و چاکسازی بەشێکی ئەو بیانووانەن. ئەمانە لەکاتیکدا پاساو و بیانووی گرینگ دەبن, کە لەبەرانبەردا پایەکانی فەرمانڕەواییەکی دیموکراتی و دادپەروەر نەکرێتە قوربانی. ئەو پاساوانە گرینگ دەبوون, ئەگەر لەبەرانبەردا حوکمی بنەماڵەیی و تەمەنی سوڵتانە سیاسییەکان قایمتر و درێژتر نەکرایەتەوە.  ئەوەی ئەمرۆ ڕوویدا منی سەرسامنەکردووە, چونکە ئەو تەوژمەی بە بنەماڵەییکردن و بە خێزانیکردنی حیزبەکان و تەسلیمبوون بە نەخۆشی تەوریسی سیاسی لە زۆربەی هێزەکاندا, هەر دەتوانێ وەها ئەنجامێک بەدەست بهینێت. بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە پێش ئەوەی پێویستی بە حیزبی تازەبێت, پێویستی بە ڕوانین و جیهانبینی تازە هەیە, کە ئیشی ڕاستەقینەی هەڵتەکاندنی ئەو ئەقڵە لاواز و تەسلیمبووە بێت, کە پاش ململانییەکی کاتی لەگەڵ سیستەمی سوڵتانە گەندەڵەکاندا, تەسلیمدەبێ و چۆکدادەدات.


هادی حەمەرەشید دیمەنی یەکەم; ڕۆژی ۲۸ی نیسانی۲٠۱۹ پاش کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن لە چەند دێڕێکی لاستیکییدا (عەبدولڕەزاق شەریف)ی لەڕیزەکانی خۆی دەرکرد، بۆ سبەینێ ناوبراو لەڕوونکردنەوەیەکی سێ خاڵیی کورتدا ڕایگەیاند کە وەك خەڵك ئاگای لەبڕیارەکەیە و لە میدیاوە بینیویەتی و وەڵامی ئەبێت. ڕۆژی ۱ی ئایاری۲٠۱۹ دوو ڕۆژ پاش بڕیارەکە، بەشی یەکەمی زنجیرە وتاری #ئیتر_قسە_ئەکەم ی بڵاوکردەوە و کۆمەڵێك نهێنیی بۆ ڕای گشتیی لەشێوەی بۆمبێکدا تەقاندەوە. بەپێی دەستوور(پەیڕەوی ناوخۆ)ی گۆڕان خانەی ڕاپەڕاندن مافی دەرکردنی ئەندامی جڤاتی نیە، خانە ئەندامێكی جڤات دەرئەکات، بەبێ ئەوەی (لایەنی کەم) سەرەتا بڕیارەکە بنێرن بۆ خۆی و بەفەرمی ئاگاداری بکەن لەهۆکاری دەرچوواندنی بڕیارەکە، پاشان چاوەڕێن وەك چۆن لەخراپیی پارتی و یەکێتی و بێ دەرەتانیی خەڵکی ئازادیخوازدا، دیسان ئەمیش بێدەنگ بێدەنگ بچێتەوە بۆ ماڵەوە و کڕوکپی لێبکات و دۆخەکە بسپێرێت بەقەدەر! ڕەزاق وەك یەکێك لە شاهیدەکانی ڕابردووی بەشێك لەسەرکردە و جڵەولەدەستانی گۆڕان، بەوریایی و زیرەکانە ڕستە و دەستەواژە و پەرەگرافەکان ئەچنێت، ڕووداوەکان لەشێوەی زنجیرەیی و هەندێ جاریش بەتەکنیکی فلاشباك ڕۆمانئاسا وێنای ڕووداوەکان ئەکات، (ئەگەرچی خوێنەر هەست بەجۆرێك لە تۆڵەکردنەوە ئەکات) بەڵام لەڕووی ئارگیۆمێنت و پێکەوبەستنی ڕووداوەکانەوە، ئەکەویتە بەردەم زنجیرە وتارێکی پڕ زانیاریی و پاڵپشتکراو بە بەڵگە و ڕیزکردنی ناوی کارەکتەر و شاهیدی زیندووەوە. وتارەکە(کە تائەم ساتە دوو بەشی بڵاوکراوەتەوە) وەك ئاگری لەپوش بەربوو لە چلەی هاویندا شێر و بڵاوئەکرێتەوە، سەدان هەزار کەس بۆ یەکتری ئەنێرن، پارچە پارچە گوڵچن ئەکرێت و جومگە کاریگەرەکانی چەندبارە بۆ دێتەوە، هێشتا نەك ئەوەش بەدەنگێکی کاریگەرەوە ئەکرێت بە گرتەی دەنگیی و دەستاودەست خۆی ئەکات بە بۆکسی ماسنجەرەکەتدا! مێژووی ئێمە سیخناخە بەم ڕووداو و سەنگەرگۆڕکێ و دەستەگەرییە، بۆ چما خەڵکی خوێندەوار و بەئاگا ئەکرێت شۆك ببێت بەم جۆرە گێڕانەوە و بەسەرهاتانە؟! دیمەنی دووەم; وەك هەمیشە خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیی قسەیەکیان بۆ وتن نیە، بەڵام خۆ پێویستە بەر بەم شەپۆلە بگرن، باشترین کەرەستەش بۆ ئەم کارە حەتمەن ڕێکخستنی گۆڕانە بە دوو پاڵنەر; بەشی هەرەزۆریان ئەهلی سیڤی و تالیبی پۆستن، بۆ خۆبردنەپێشەوە و عەرزی دڵسۆزییان بۆ دەسەڵاتداران و موخلیسییان بۆ بڕیاربەدەستان هەموو شتێك ئەکەن! بەشێکیتریشی زۆر داماو و بێ زانیاریین تا ئەو ئاستەی کە پاشتر بەتەواوی لە زانیارییەکان دڵنیا ئەبن، ئەوەندە شۆك ئەبن کە لەکاردانەوەدا سەری خۆیان ئەکێشن بەداروبەرددا و بەدەنگی بەرز و هاوارکردن توڕەیی خۆیان لە دۆخەکە دەرئەبڕن، بەڵام درەنگ تێئەگەن! بۆیە لەماوەی چەند سەعاتێکدا هەزاران مرۆڤ لەو دوو جۆرە، پۆست لەدژی ڕەزاق و بۆ پشتگیریی سەرانی گردەکە ئەنووسن! هەڵمەتێکی کرچ و کاڵ و پاڵپشت بەوێنەی ڕێکخەری گشتیی و هەندێك لە ڕەمزەکانی گردەکە، پێچراو بە وتە و وتەزای سۆزئامێز و زۆرجاریش ڕمڵ لێدان بەناوی ئەم و ئەوەوە بڵاوئەکرێتەوە! پرسیاری جدیی ئەمەیە ئەم دەنگدەرە مێشك پڕ لەخەونەی گۆڕان، کەی شیاوی ئەم جۆرە کادیر و هەڵسوڕاوە بێ تفاقانەن؟! (کە وەك کەنعان مەکیە لە کۆماری ترسدا باسی ئەکات) تەنیا چەپڵەلێدان ئەزانن!! سەرنج بدە; پاش ئەوەی سەرانی گردەکە لە دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەكدا شکستیان هێنا و بەڵێنی قەبوڵ نەکردنی ئەنجامە ساختەکانی هەڵبژاردنیان گۆڕی بۆ چوون بۆ بەغدا بە فڕۆکەی تایبەتی بنەماڵە و ڕێککەوتن و تەسلیمبوون بە ماڵی بارزانیی! بەڵێنی چاکسازیی ناوخۆیی و ئەنجامدانی کۆنفرانسی گشتییان گۆڕی بە پاکسازیی ناوخۆیی و دەرپەڕاندنی هەر دەنگێك کە ڕازی نابێت بەتەوریسی سیاسیی، بەکورتیی گۆڕانیان لەهێزێکی سەرچڵ و سرکەوە کرد بە گروپێکی دەستەمۆی فورسەت تەڵەب! ڕێکخستن هاتن لەبری ئەوەی بەفیکە و چەپڵە ئەمانە دەرکەن، کەچی چەپڵە و هەلهەلە بۆ مانەوەیان ئەکێشن! چوونەتە ناو تەفاسیلی زنجیرە وتارەکەی ڕەزاق، جەنابی لیدەری گشتی وابوو وا نەبوو، خۆت وابوویت وانەبوویت، فڵان چل ساڵی ڕەبەقە لەبەرەی کاك نەوشیروانە و تۆ خۆت حەرامزادە و خائینیت...تاد لە زیهنی دەروێشێکی ڕێبازی(مام)ـدا، هیچ دووانەیەك لەمێژووی یەکێتیدا نابن بە مام جەلال و کاك نەوشیروان، ڕۆژگارێك هەردووکیان بۆ زۆرکەس هێڵی سوور بوون و گیانیان بۆ یەکتر دەرئەچوو، لەماوەیەکی زەمەنیی کورتدا تاڵەبانیی لە پلنیۆمی چوارەمی حیزبەکەیدا لە ئۆکتۆبەری۲٠٠۹دا ئەوەی نەشێت و تۆمەتی نەکردەنیی بێت بە کاك نەوشیروانی وت، لەبەرامبەردا کاك نەوشیروانیش بە زنجیرە وتاری #لەهاوخەباتییەوە_بۆ_تەخوین بەتوندیی وەڵامی دایەوە و ئەو مەقولەیەیان پشتڕاست کردەوە کە لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی نیە! ئێستا بۆچی عەجایەب بێت بۆ ئەم ڕێکخستنە کە خوێنەر و بیسەری هەندێ تێکە و لێکەبن کە حەزیان بەبیستنی نەبێت و توشی ئەم جۆرە پەرچەکردارەیان بکات، ئەویش بە ڕێنمایی و گشتاندنی خودی خانە و جەنابی لیدەر بێنە جۆش و هەڵچوون!! لەنێوان بڵاوکردنەوەی دوو بەشی ئەم زنجیرە وتارەی ڕەزاقدا، (ڕێبوار کەریم وەلی) کە یەکێکە لە عەڕابەکانی سیاسەتی پارتی و تەرجەمەکەرێكی باش و فرۆشیارێکی کارامەی هەنگاو و دنیابینییەکانی پارتییە لەم بازاڕە شێواوەدا، بۆمبێکی زۆر گەورە و کاریگەری تەقاندەوە و بە ڕوون و ڕەوان وتی:((ئەمجارە پارتی بە مەبەست و بۆ درووستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ))!!! ئەم ڕێکخستنە فشەڵ و بێ ئاگایە، یەك ڕستەیان بۆ ووتن نەبوو لەسەر ئەم سفرکردنەوەیەی گۆڕان، یەك ئەندامی دەم گەرم و قاتلەبەری جڤات و هیچ نووسەر و کەڵەشێرخۆرێکی دەربار نەیانتوانی بڵێن (لەل)، بەبێدەنگیی ئەو دانپیادانانە سەرەتانییە تێپەڕیی، خێرە بۆ ئەم یاداشتانەی ڕۆژانی هاوخەباتی عەبدولڕەزاق و جەنابی لیدەر ئەوەندە کۆك بوون لەسەر هەڵمەتی جنێوباران؟!


شەپۆل عەلی عەسکەری    وا حەوت مانگ تێپەڕ ئەبێ‌و حکومەت ڕانەگەیندرا،هەرچەندە بەڕاگەیاندنی ئەم حوکمەتە ڕەنگاوڕەنگەی پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕان لەبارچونی ئۆپۆسیزێۆن ڕادەگەیەنێت. ئەو ئۆپۆسیزێۆنەی ساڵی ٢٠٠٩ لەدایکبو کە ئامانج‌و ئاواتی بەدیهێنانی دادپەروەری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوریی‌و ئارامیی‌و خۆشگوزەرانی ئێوە بو. سیاسەتی گۆڕان لەدوای نەوشیروان مستەفا بە ڕێژەی ١٨٠دەرجە گۆڕاوە،کەچی داواو جەخت لەجاکسازیی دەکاتەوە!ئاخر چۆن؟ چاکسازیی دەکەی‌و هەر ئەو حوکمەتەی تۆ بوتڵەئاوت تێگەرت هەمان حکومەتە وەزیرەکانت بەسەرۆکی پەرلەمانتەوە شار بەدەرکرد ئەو کات بە ٢٤ کورسی پەرلەمان هیچت بۆ نەکرا ئێستا بە ١٢ کورسی ئەیکەی! چۆن ئەتوانی چاکسازی بکەی کە ئەکەویتە نێوان دو بەرداشی ئاشی چەقبەستوی گەندەڵی،هەر بۆ وەبیر هێنانەوەی خۆت ئەم دو حیزبەو بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکس تا پێشڕاگرتنی موچە لەبەغداوە ٢٠٪ بودجەی هەرێمیان بۆخیان بردووە کە دەیکرد ٢٥ملێۆن دۆلار ئەمە جگە لەداهاتی ناوخۆو ئەمە جگە لەمەلفەکانی  جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق‌و گەڕانەوەی ناوچە جێ ناکۆکێکان‌و مەلەفی١٧ی شوبات‌و مەلەفی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی مەدەنی‌و هتد.. بەڵام ئاگادارنیم ئەمڕۆ ئەگەر تۆش بەم لادانە ١٨٠ دەرەجەیەت بتەوێ خوی ئەوان بگری ئەمەیان باسێکی ترە، لەهەمانکاتدا لەم پەلەپەلەی چوونە ناو دەسەڵاتەوە ئەمەشیان تێناگەم لە کاتێکدا ئەوەی کە بەئۆپۆسیزێنی دەتوانی بیکەی قەد لە ناو دەسەڵاتدا بۆت ناکرێ. هەرچەندە جێی داخە کە سەرکردایەتیەی ئەمڕۆی گۆڕان زۆر هیوای لەسەر بنیادنانرێ لەبەر لاوازی و بێ ئەزموونیان لە بەڕێوەبردن وئاراستە کردنی حیزبەکەیان بە تایبەت دوای شکست هێنانی هەڵبژاردنەکانی بەغدا وکوردستان کە شاهید حاڵی ئەم ڕاستیەن و دواتر  بەرانبەروەرگرتنی پۆستەکان، وە ئەمە زۆر بەئاشکرا ڕەنگیان دایەوە بە بوونی پێنج لە ئەندامانی دانوستاندکاری گۆڕان کە کێبڕکێی پۆستیان هەیە لەم حوکمەتە دا. وە ئەمە بە لاوازترین خاڵ هەژمار دەکرێ بەڵکو ئەمە کارەساتە من زۆر بەدڵنەواییەوە ئەڵێم ئەگەر (نەوشیروان مستەفا) ئەمڕۆ لەژیاندا بمایە ئەم شێوەیەی هەرگیز قبوڵ نەبوولەدانوستاندنەکاندا. چۆن دەبێ ئەندامی دانوستانکار پاڵێوراوی پۆستیش بێت دەبوایە گۆڕان کەسانێکی دابنایە کە ئەزمونێکی باشیان هەبوایە لە گەمە سیاسێکان ، وە ئەمە جێی داخە سیاسەت  لەم هەرێمەی ئێمە دا جۆر وشێوازێکی تایبەتی هەیە کە لە هیچ شوێنێکی دونیا دا وێنەی نیە ئەویش بڕیار و بیر وبۆچون و کرداری ڕۆژانە وهەڵوێست و هتد.. تەنها ئەو گروپە گورپەیی کە لە کۆنگرە گوماناوێکانی حیزبەکانیان دا سەردەکەون بۆ لووتکەی دەسەڵات.  هیوادارم ئەم ڤایرسە گۆڕانیشی نەگرتبێتەوە  وەک یەکیتی ئەوەش بزانن بە چونتان بۆ ناو دەسەڵات دەبنە هۆکاری چەسپاندنی بە بنەماڵەکردنی حوکومڕانی لە هەرێم بۆ هەتاهەتایە و کارکردن بە سیستمی ( باوک بۆ کوڕ)کە ئەمە بە گەورەترین گورزی کوشندە دادەنرێت لە جەستەی ئەوە نیمچە دیموکراتەیە کە لەم هەرێمە دا بەدیدەکرا ، بە داخەوە ئەم جۆرە حوکمڕانیانە ئەگەر بە هەر جۆرێک بێ و بتوانێ ماوە یاساییەکەی خۆشی تێپەڕێنێ هەر سەرکەوتونابێ لە کۆتایی دا لە بەر ئەوەی حوکومڕانیەکەی زیرەک (رشید) نیە و زیاتر وویستە بۆقەتیزکردنەوە و کۆکردنەوەی ناوەندی بڕیارە ئەویش وویستی خودی مەسعود بەرزانیە بۆ قەتیزکردنەوەی بڕیار لەناو سیستمی حوکمڕانی جا چ لە ناوحکومەت بە گشتی و پارتی بە تایبەتی بە وەلا نانی برازاکانی و خۆشکردنی ڕێگا بۆ کوڕەکانی لە ئایندەدا و جەخت کردن لە سەر مەسرور وەک جێنشینی خۆی،وە گۆڕانکاریە سەرەکێ کانیش زیاتر دەردەکەون دوابە دوای دەستباکاربوونی مەسروربارزانی ئەویش بە لادانی دەست ودائیرەی نێچیری ئامۆزا وزاوا بۆ مەسروریزمەکان.  ئەمڕۆ ئەگەر بمەوێ بەراوردی پراکتیزکردنی سیاسەت لە هەرێمدا بکەم  تا ڕادەیەک  خۆی لە شێوازی  پاکستان دەبینێتەوە ئەویش خاوەندارێتی حزب بۆ بنەماڵە دەگەرێتەوە نەک بۆ میللەت هەرچەندە ئەوان لە زۆر بواردا زۆر پێشکەوتوون کە خاوەنی موشەکی ئەتۆمین بە هەرحاڵ ئەمە باسی ئێمە نیە تەنها بۆ نموونە هێنامانەوە.  ئەزمون وهۆشیاری سیاسی ودانایی لە دانوستاندا پایەیکی زۆر گرنگە بۆ ئەوکەسی سیاسی سەرکەوتوو و بە تایبەت ئەوانەی کە مەبستی چاکسازی لە جۆری حوکمڕانی دەخوازن سەرکردایەتی گۆڕان و یەکێتی دەبوایە تۆزێ بیریان بکردایەتوە پێش ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ چونە ناو حکومەت لە کاتێکدا دڵنیام کە مەسعود بارزانی هەموو کارێکی دەکرد بۆ سەرکەوتنی ئەم حوکمەتە لەبەر سەرکەوتنی کوڕەکەی بەتابەتی دوا بە دوایی شکستە سیاسێکانی ، هەر بۆیە بە ٤٥ کورسی پەرلەمانەوە دەستبەرداری زۆر لە بە ناو استحقاقی انتخابی خۆی بو . لە لایەکی ترەوە بونی نێچیروان بارزانی بە سەرۆک هەرێم بەلای من تەنها خۆی لە خانەی (تڕۆ تەرفیع)ەکەی یەکێتی جاران زیاتر نیە و زۆر دڵنیام خۆشی ئەم ڕاستیە تێگەیشتوە و دەشزانێ ئەگەر قبوڵی نەکات یا بەدەردەکەی باوکی ئەبەن یا وەک زاواکانی  صدام حسین ی بەسەر دێ. ئەوەی لە ماڵی بارزانی نزیک بێ ئەم ڕاستیانە دەزانێ پێشتر ڕوویداوە وەک لە ناوبردنی مێرگەسووریەکان و تەحجیم کردنی ماڵی شێخ محمد خالد ی خاڵی مەلا مستەفا بە لێسندنەوەی شێخایەتی و سەرۆکایەتی یا (خودان)ی بارزان بۆ مەسعود بارزانی. واقعی ئەمڕۆی کوردستان بە ئاشکرا دروست بون و هاتنە پێشەوەی جیلی سێیەم لا پارتی و جیلی دووەم لای یەکێتی و گۆڕان ، ئەوەتا دەبینین ئێستا نەک کۆڕ بەڵکو کوڕەزاش هاتە کایەوە هەر یەکە لە ڕێگای جیاواز وەک ڕێکخراوە مەدەنێکان یا دەزگاکانی ڕاگەیاندن یا کۆمپانیاکانەوە  وردە وردە دەیانهێننە پێشەوە وبەشداری کۆبونەوە باڵاکانی سەرکردایەتی حیزبەکان دەکەن و هەندێ حیزب هەیە هەموو ڕاگەیاندن ودەزگای سەربازی وئەمنی و بودجەی لای بنەماڵەیەی سەرکردەیەکە، هەر بۆیە لە ژێر سایەی ئەم ئەحزابانەی ئەمڕۆ هەر وەک ئەوەی کە کورد باشترین میللەتانی جیهان هەژمار دەکرێ لە گەمەی (مار و پەیژە) هەموو جارێک دەگاتە خاڵی ٩٨ بەڵام لە کۆتا هەنگاو دا ژمارە یەک دەهێنێ ودەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەمی پێش حوکمی عوسامنی بە دامەزراندنی ئیمارەتەکانی ئەڕۆ وەک( بارزان و تاڵەبان) وئەگەر ئەم هەواڵانەی گۆڕانیش ڕاست بێ ئەوا کوڕەکانیی کاک نەوشیروانیش پشکێکیان پێ ئەبڕێ وە السەلام. جا کوردە تێبگە ئەمە ویستە، بەڵام وویستێکی نامۆ ویستێکە پێمان ئەڵێ کە هێشتا سەرکردایەتی بڕیار بەدەستی کورد بەپێی یاساو ڕێساکانی دونیای سیاسەت (ناقص اللاهلیه‌)یە واتە هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئاستی ئەوەی بزانێ یا تێبگا بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بنێ بۆ دۆزینەوەی خۆی لە سەر نەخشە جەنجاڵەکەی جیهان. 


سەلام عەبدوڵڵا ئەو دوو لایەنە سەرەكییەی‮ ‬كە بەبێ بوونی‮ ‬ئەوان لە حكومەتدا،‮ ‬لاسەنگییەك لە دۆخی‮ ‬سیاسیدا لە هەرێم دەهاتە گۆڕێ كە كەس سوودمەند نەدەبوو لێی‮.‬ خۆشبەختانە ئەو دوو لایەنەش پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان و‮ ‬یەكێتی‮ ‬نیشتمانی‮ ‬كوردستان كە پێكەوە خاوەنی‮(‬66 ) ‬كورسی‮ ‬پەرلەمانین‮ ‬ڕێكەوتننامەیەكیان لەڕۆژی‮ ‬2019/5/5‮ ‬واژوو كرد بۆ پێكهێنانی‮ ‬كابینەی‮ ‬نۆیەمی‮ ‬حكوومەت بەمەش كۆتایی‮ ‬بەو دڵەڕاوكێیە هات كە ماوەیەكی‮ ‬زۆر دانیشتوانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬گرتۆتەوە‮. ‬ بزووتنەوەی‮ ‬گۆڕانیش كە خاوەن‮(21)‮)‬كورسیە پێشتر لەگەڵ پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان‮ ‬ڕێكەوتننامەی‮ ‬واژوو كردبوو،‮ ‬بۆیە پێكەوە ئەو‮ (‬3‮) ‬لایەنە دەبنە خاوەن‮(‬87)‬كورسی‮ ‬لە پەرلەمانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دا كە دەتوانن بەئاسانی‮ ‬هەموو بڕیار و‮ ‬یاسایەك لە بەرژەوەندی‮ ‬خەڵك،‮ ‬بێ گرفت،‮ ‬تێپەڕێنن،‮ ‬بەتایبەتی‮ ‬بۆ ئەو‮ ‬یاسایانەی‮ ‬كە ماوەی‮ (72 )‬ساڵە نەتوانراوە چوارچێوەیەكی‮ ‬بۆ دیاری‮ ‬بكرێ و بخرێتە بواری‮ ‬جێبەجێكردنەوە ئەویش‮ ‬یاسای‮ ‬بەنیشتمانی‮ ‬كردنی‮ ‬دامەزراوەكانی‮ ‬و سڕینەوەی‮ ‬سیفەتی‮ ‬حزبی‮ ‬لێیان وەكو‮ ‬یەكەی‮ ‬حەفتا و هەشتا كە دوو دامەزراوەی‮ ‬زۆر گرنگن كە بێ‮ ‬یەكبوونەوەی‮ ‬نەدەتوانرێ حكوومەتێكی‮ ‬بەهێز پێكبهێنرێت و‮ ‬نە هێزێكی‮ ‬تۆكمەی‮ ‬سەربازی‮ ‬كە بڕیار و فەرمان تەنیا لە وەزارەتی‮ ‬پێشمەرگەوە وەربگرێ‮. ‬ دامەزراوەیەكی‮ ‬دیكەی‮ ‬گرنگ‮ ‬یەكگرتنەوەی‮ ‬دەستگاكانی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬هەردوو لایە كە ئێستا وەكو دوو دامەزراوەی‮ ‬سەربەخۆ و دوور لەیەك كار دەكەن بەمەش حكوومەتێكی‮ ‬لاواز و بێ توانا نمایش دەكات،‮ ‬چونكە ئەمانە هەریەكەیان لە ناوچەی‮ ‬خۆیان باڵادەستن و كاریان دەڕوات كە ئەمەش نیشانەی‮ ‬یەكنەگرتنەوە و دوو حكوومەت و دوو دەسەڵات نیشان دەدات كە ئەمڕۆ بەزەقی‮ ‬بە حكوومەتی‮ ‬هەرێمەوە دیارە و مایەی‮ ‬شانازی‮ ‬نییە‮. ‬ كابینەی‮ ‬نوێ دوای‮ ‬ئەو دوو ئەركە سەرەكییەی‮ ‬پێویستە هەوڵ و كاری‮ ‬ڕۆژانەو گورج بۆ خۆشگوزەرانی‮ ‬و باشبوونی‮ ‬باری‮ ‬ئابووری‮ ‬خەڵك و بەرەو پێشەوەچوونی‮ ‬دۆخی‮ ‬هەرێم بكات و ئەركی‮ ‬چارەسەری‮ ‬ناوچە كێشە لەسەرەكان و ماددەی‮ (‬140 ) ‬لەگەڵ دەسەڵاتدارانی‮ ‬بەغدا بخاتە ئەستۆ و ئەولەویەتی‮ ‬كارەكانی‮ ‬لە داهاتوویەكی‮ ‬نزیكدا‮. ‬ لێرەدا جێی‮ ‬خۆیەتی‮ ‬سوپاسی‮ ‬ئەم گەلە خۆڕاگر و قوربانیدەرە بكەین كە لەم ماوە زۆرەدا سەبر و ئارامی‮ ‬نیشاندا و مۆڵەتی‮ ‬بە حزبەكاندا كە لە دانوستاندن بەردەوام بن و بتوانن حكوومەتێكی‮ ‬بەهێز و سەركەوتوو و كابینەیەك بۆ خزمەتی‮ ‬خەڵك فەراهەم بكات و پەرلەمانیش هێز و كاریگەری‮ ‬خۆی‮ ‬نیشان بدات‮.‬


هیوا سەید سەلیم دوای هەشت سال لە قەدەغەكردنی دیدار لەگەڵ پارێزەرەكانی، رۆژی 3 ئایار دەوڵەتی توركیا رێگای داوە كە لە زیندانی ئیمرالی دیداری نێوان ئۆجالان و پارێزەرەكانی ئەنجام بدرێت، ئەو بڕیارەی حكومەتی توركیا لە كاتێك دایە شەش مانگە لە زیندانەكانی توركیا و باكوور و باشووری كوردستان و لە هەندەران چالاكی مانگرتن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، كە لە نێو ئەو مانگرتنەدا لەیلا گۆڤەن بۆتە سونبلی مانگرتووان، چەند كەسێكیش تا ئێستا بوونەتە قوربانی ئەو جۆرە خەباتە مەدەنیە.  دوای دیداری ئیمراڵی زۆرێك لە چاودێران وای هەژماردەكەن كە ئەمەیان سەركەوتنی خەباتی مانگرتووانە كە دەوڵەتی توركیای ناچاركرد كە گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەلبگرێت، بەڵام بە وردبوونەوە لەسەر ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجالان كە لە لایەن پارێزەرەكانی خوێندرایەوە و كات و ساتی ڕاگەیاندنەكە، كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنی توركیا سەبارەت بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەلبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆڵ پێویستی بە هەڵوەستەیەك دەكات، كە لێرەدا لە دوو خاڵ دەیخەینە ڕوو. خاڵی یەكەم پەیوەندارە بە پەیامەكە، كە ئەوەی لە پەیامەكە ئێستای ئۆجالان هاتووە، بریتیە لەوەی كە جارێكی تر ئۆجالان جەغت لە پەیامی خۆی دەكاتەوە كە لە نەورۆزی 2013 رایگەیاندبوو ، ئەمەیان یان ئەوەتا ئۆجالان لەو كاتەوە تا ئێستا كە دیدارەكەی لەگەل ئەنجام دراوە تەواو لەو بارودۆخە دابڕاوە،  یان ئەوەتا دەبێت بە گومانەوە لەو هەڵوێستەی دوای بڕوانین، چونكە دۆخی ئێستای توركیا و باكووری كوردستان لەگەڵ بەهاری 2013 تەواو جیاوازە . لە نەورۆزی 2013 ئۆجالان جاڕی كۆتایهێنانی خەباتی چەكداری دا، بەڵام لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی حكومەتی توركیا كۆتایهێنا بە پرۆسەی ئاشتی، لە دوای ئەوە بەدەیان هەزار كادیر و سەركردەی هەدەپ كە لەناویاندا هاوسەرۆكەكانی  ئەو پارەتە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیدان یوكسەداغ و چەندین پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی خراونەتە زیندان، توركیا لە ئۆپڕاسیۆنی سەربازی بەردەوامە نەك هەر لە پرۆسەی ئاشتی پاشەكشەی كردووە بگرە لە ئێستادا لە هەموو جارێك زیاتر نكۆڵی لە پرسی كورد دەكات، نموونەش ئەو قسانەی ئەردۆغان كە لەو دواییە چەندین جار ووتویەتی لە توركیا شوێنێك نیە ناوی كوردستان بێت، بۆیە كاتێك بەراوردی ئەم دوو كاتە دەكەین گومانێك لەلامان درووست دەبێت. خاڵی دووەم كە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە بابەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی شارەوانیەكانی ئەستەنبۆڵە كە هاوكاتە لەگەڵ دیداری ئەو دواییەی ئیمراڵی. هەموو لایەك دەزانین كە ئەردۆغان و پارتەكەی لە ئێستادا ژێر كاریگەری سەدمەی دۆڕاندنی ئەسەنبۆڵ دایە، وە باشیش دەزانێت هۆكاری دۆڕانەكەی چی بووە و هەدەپ ئەگەرچی لە شارەكانی باكوور پاشەكشەی پێكراوە بەڵام بەو هەڵوێستەی كە هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە توانی گەورەترین شكست ڕووبەڕووی ئەكەپە بكاتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی نەچێتە ژێرباری قبوولكردنی دۆڕانە گەورەكە پێدەچێت ئەردۆغان مانۆرێكی لەژێر سەر بێت، بۆیە دەبێت هەدەپ بە تایبەتی و كورد بەگشتی بەهەستیاری مامەڵە لەگەل ئەو پێشهاتانە بكات. ئەو دوو گومانەی لێدەرچێت ئەوەی تر دەبێت بەرێزەوە بڕوانرێتە خەباتی شەش مانگەی مانگرتنی هەلگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و لێرە بەدواوەش ئەوان لە حاڵەتی بەردەوامی دیدارەكانی ئیمڕاڵی دەبێت كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بێن .


عەبدولڕەزاق شەریف     بۆبیرخستنەوە لە رونکردنەوەی یەکەمدا، بەڵێنمدا درێژە و وردەکاری سێ مەسەلەی گرنگ بخەمەڕو، یەکەمیان (دژایەتیکردنی ژیان و کەسایەتی و بیری نەوشیروان مستەفا بو)، ئێستا بەردەوامە و نازانم چەند بەشی تری قسەکانم لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەبێ. خاڵی دوەم و سێیەم (گەندەڵی مالی و ئیداری و نەمانی ئەخلاقی سیاسی و هاوڕێیەتی) لە دوای تەواوبونی خاڵی یەکەم دەستپی ئەکات. تەرمی کاک نەوشیروان و کۆپتەرەکەی سەید عومەر و هاوڕێکانی: نیوەڕۆی ١٩-٥ و لەژورەکەی خۆم، بەو باری کۆستەوە خەریکی نوسینی دورشمەکان و چۆنێتی بەچاپگەیاندنی لافیتەو پۆستەری مەراسیمی ناشتنەکەی کاک نەوشیروان بوم. بێ ئاگادارکردنەوە (سەید عومەر، سەید مستەفا، ئاراس وەلی، نماو چیا) بە لوتفەوە هاتنە ژورەکەم، بۆیەکەمجار بو سەید عومەر پلیکانەی سێ نهۆم ببڕێت و بێتە لام. -کاک عومەر تۆ بۆ زەحمەتتکێشا تەلەفۆنت بکردایە خۆم ئەهاتم. -رەزاق بۆ ئیشێکی گرنگ هاتوین، بڕیارێکمان هەیە و ئەبێ تۆ لەمیدیا هاوکارمان بی بۆ جێبەجێکردنی، چونکە بەشی زۆری لای تۆوەوەیە. کەمێک هەناسەسوار، سەرجوڵاندنێکی نائاسایی، دودڵی و جەنجاڵی مێشک و دەرونی سەید عومەر وایکردبو، من وەک سەرکردەیەکی تێکشکاو بیبینم نەک وەک (دەجالێکی سیاسی، کە دواتر بۆم دەرکەوت)، نماو چیاشم (وەک دو مێردمنداڵی باوک و دایک مردە بینی). هیچم نەوت جگە لە وشەی "لەخزمەتداین". -تەرمی کاک نەوشیروان لە خەستەخانەیە، لەگەڵ برادەران، دۆستەکانمان هەموشتێکمان حازرکردوە، ئەم شەو بە تەیارەیەک کە ماڵی مام جەلال حازریانکردوە درەنگانێک ئەیهێنینەوە بۆ گردەکە، لە ئیسعافێکی سەلاجە دایدەنێین، خۆرکەوت بە دزییەوە ئەینێژین، دواتریش تۆ لە میدیاوە رێنمایی بڵاوبکەوە با سەعات ١٠ی بەیانی خەڵک بێن بۆسەر قەبرەکەی. -کاک عومەر ئێوە بەڕاستانە!؟... -بەڵێ ئەوە بڕیارە و وەک شتەکانی تر لێمان تێکمەدە. -کاک عومەر تۆ ئەزانی کی مردوە! تۆ خەڵکی ئەم شارەیت مردو وا نێژراوە!؟ من هەرگیز بۆ کارێکی وا هاوکارتان نابم و ئەشتوانن لەئێستاوە من لابەن و کەسێکی تر بخەنە جێگاکام. سەید شپرزەبو، هەستمئەکرد لەناخی دڵەوە وەڵامەکەی من پەشۆکانویەتی بەڵام دەسەڵاتی نییە، بە روخسەتەوە من و سەید مستەفا و ئاراس وەلی لە ژورەکە کردە دەرەوە. لەبیر و مەراقی ئەو بڕیارەی ئەواندا چومە ژورێک بەتەنیا و ئاراس و مستەفام بەجێهێشت، چەند دەیقەیەک و وتیان کاک عومەر بانگت ئەکا. -ئەوجارە چومە ژورەکەی خۆم و بەرامبەری نماو چیا لە سانی کاک عومەرەوە دانیشتم، حەزمنەکرد بەو سەروفەساڵەوە بیبینم، دیاربو لەگەڵ چیاو نما مشاوەرەی کردبو بەڵام حەزینەکردبو لەبەرچاوی ئێمە، ئەوان قسەیان هەبێ. -کوڕەکان، ئەوە بڕیارەکەی ئێمەیە و خۆشتان ئاگاتان لێیە، ئەوە رەزاقیش وا ئەڵێ. من سەید عومەرم لەشێوازی کار و مەبەستی سیاسیدا، باش ئەناسی، ئەمزانی ئەوەی لە مێشکیدایە هەمیشە بەوانی تری ئەکا و دواتر خۆی لێ نەبان ئەکا، بۆیە پێش وەڵامی نماو چیا کەوتم. -کاک عومەر کورد یەکمجارە سەرکردەی وای لێ ئەڕوات، سلێمانیش لەدوای شێخ مەحمودەوە مەراسیمی ناشتنی سەرکردەی نەبینییەوە، ئەبێ وایرێکبخەین هەمو کوردستان ئامادەبێ و بەدوایەوە بێ. روی دەمم لە نماو چیا بو کە ئەو قسانەم کرد، بۆیە لەوەڵامدا پێکەوە وتیان "خۆتان هەرچی بڕیارێک ئەدەن چۆن رێکی ئەخەن ئێمە رازین". -ئەی باشە کێ تەحەمولی موشکیلە ئەکا!؟ کێ ئەتوانێ ئەو خەڵکە رابگرێ!؟ لەگەڵ قسەکانیدا گۆچانەکەی هەڵگرتو لەناو دەرگای ژورەکەدا بەفریا کەوتم و وتم؛ "پۆلیس و ئاسایش". لە حەوشەو هێشتا لەناو سەیارەکەدا بو وتیان کاک عومەر ئەڵێ دوام بکەوێ و بێتە خوارەوە، خۆم دواخست، نەمدەویست بچمە کۆبونەوەیەکەوە گوێبیستی بڕیارێکی بەوشێوەیە لە هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بم. دوای نیوسەعات بەبیرمدا هات کە نابێ ئەمە سەربگری و بەپەلە چومە بیناکەی خوارەوە، خۆمکرد بە کۆبونەوەکەدا، کە لەوکاتەدا زیاتر لە مەجلیسێکی عەشایەری ئەچو، بەبێ دەنگی دانیشتم. قادری حاجی عەلی، عومەر سەید عەلی، عوسمان حاجی مەحمود، جەمال حاجی محەمەد، جەلال جەوهەر، مامۆستا جوامێر، سەکەوت حەسەن و چەند کەسێکی تر دانیشتبون. کاک قادر باسی لە تەدارەکی ئەو مەراسیمە ئەکرد کە بڕیاریان لێدابو، کاک عومەر قسەکەی پێ بڕی و هەواڵی منی پرسی. -بەڵی کاک عومەر لێرەم (بە کەمێک سەرجوڵانەوە، چونکە لەشانی ئەو و لەخوارەوە دانیشتبوم). -برادەران رەزاق قسەیەکی هەیە حەزەکەم خۆی پێتان بڵێ. مامۆستا جوامێر، کە هاوڕێیەتی و دڵسۆزی بۆ نەوشیروان مستەفا هێنابویە ئەو مەجلیسەوە، وتی؛ "روخسەتم بدەن ئێوە کۆبونەوەی خۆتانتان هەیە". -"ئینجا مامۆستا کەس وەک تۆ خۆمانە نییە". چەند کەسێکیان و رو لە مامۆستا جوامێر و هەر یەک بەشێوەیەک ئەو قسەیان کرد و ئەویش دانیشتەوە. کەوتمە قسەکردن، هەرچی لە ژورەکەی خۆمدا بە کاک عومەرم وتبو بە زیادەوە پێموتن، وتیشم ئەبێ کاک نەوشیروان بەسەر شانی خەڵکا لە خەستەخانەوە بێتە ئەم گردە، جگەلەمە هیچ شتێکی تر مەقبول نییە. ١- ئەو قسانەی رەزاق بەراست ئەزانم، بمبورن کە تەدەخول ئەکەم، ئەوەی ئەو ئەڵێ ئەبێ وابکرێ. ٢- تازە بڕیارمانداوە خۆمان بۆ ئامادەکردوە. ٣- هەزار کەسی تیا ئەکوژرێ و کێ مەسولیەت هەڵەگرێ. ٤- وابکەین بۆ ئێوارەش تەرمەکە نانێژرێت. ٥- میوانێکی زۆری عەرەبی و ئەجنەبی لە بەغدا و هەولێرەوە دێن و ئەمە ناکرێ. ٦- رێگەکە دورە و هەر ئەبێ ئەمشەو بە کۆپتەرەکە بیهێنین و هەمو ئامادەکارییەک کراوە. ٧- با درەنگانی شەو بیهێنینە مزگەوتی گەورە و لەوێوە بەڕێی کەین. یەکەمیان قسەی مامۆستا جوامێر و دواهەمین هی سەرکەوت حەسەن بو. ئەوانی تر قسەی مەسولەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بو. کە زانیان من هاوکارییان ناکەم، بە ناچاری قسەی سەرکەوت بو بە بڕیاری چۆنێتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا. تەنیا کارێک لە ژیانمدا شانازی پێوە بکەم و بۆ نەوشیروان مستەفام کردبێ ئەوەبو بڕیاری بەدزییەوەناشتنی ئەو پیاوەم هەڵوەشاندەوە. من و نەوشیروان مستەفا (ناسین و متمانە) هاوینی ساڵی ١٩٨٤ و بۆیەکەمجار لە ئاوەژێی بناری ئاسۆس، نەوشیروان مستەفام بینی و چەند رۆژێک لە مقەرەکەی مامەوە، وەک سکتێری کۆمەڵەو کەسی یەکەمی رێبەرایەتیمان، بەهۆی چەند پێشمەرگەیەکی دەستەکەی خۆی کە کوڕی گەڕەک و متمانەپێکراوی ئەوبون، بەمەبەستی ناسینی سەردانمان کردبو، بە هەمو ئەو رۆژانە، چەند سەعاتێک و لە رۆژی جیاوازدا دەرفەتمان بۆ ناسین و گفتوگۆ بۆ رەخسا، بەشێوەیەک سەرقاڵی نوسین و خوێندنەوە بو، تەنها بۆ نانخواردن و کاری پێویستی جیهاز و میوانی تایبەت لە کوختەکەی سەرمقەڕ ئەهاتە دەرەوە، بەدوایدا پەیوەندییەکی پتەو منی بە خەباتی کۆمەڵە و پێشمەرگایەتییەوە گرێدا، پەیوەندییەکی رۆحیش بە سکتێرەکەمانەوە. لەو ساڵەوە لە چەندین شوێن و وێستگەی جیاجیادا، هاموشۆ و سەردانیم کردوە، جگەلەوەش بەردەوام لە پرسی هەواڵ و ژیانی تایبەتی ئەودابوم (حکایەتەکانی تایبەت بەو مێژوە بۆ دەرفەتێکی تر). دوای دروستبونی کۆمپانیا وشە چەند جارێک بە تەنها و لەگەڵ هاوڕێکانماندا سەردانمان ئەکرد، وەکچۆن لەناو یەکێتیدا لای مام جەلال و ئەندامەکانی تری م.س، لای ئەویشەوە هەوڵمان ئەدا لێکترازان و جیابونەوە دروست نەبێ. ئەخوازێ ئەگەر بە دێڕێکیش بێ رای کاک نەوشیروان و ئەوانی تر بنوسم. مام جەلال: "ئەگەر لیست دروست بکا هەر سێ بۆ چوار کورسی دێنێت، بڕۆن پێی بڵێن حەوت کورسی پەرلەمان با خۆی دایبنێ بیر لە کاری وانەکاتەوە". کۆسرەت رەسول عەلی: "کاک نەوشیروان ناتوانێ حیزب دروست بکات" دڵنیایی ئەکردین کە جیانابێتەوە. بەرهەم ساڵح: "ئەوانەی دەوروپشتی کاک نەوشیروان کارەکتەری لاوازن و وائەکەن سەنگی کاک نەوشیروان لە سێ چوار کورسی زیاتر نەبێ". فوئاد مەعسوم: "کە بزوتنەوە و سۆشیالست و دواتر ئاڵای شۆڕش جیابونەوە زۆر کەس وەک ئێوە مەترسی هەبو، دواتر دەرکەوت یەکێتی بەهێزتر بو، دڵنیابن بەجیابونەوەی نەوشیروان مستەفاش یەکێتی بەهێزتر ئەبێ". عومەری سەید عەلی: "نەوشیروان لە کۆبونەوەکاندا لەسەر ئیسلاح دەمەدەمێی لەگەڵ مام جەلال و کاک مەسعود ئەکرد، ئێستا لە دەرەوە بە جەریدە چی پێ ئەکرێ". مەلا بەختیار: "من تەجروبەی جیابونەوەم هەیە، نیوەی زیاتری یەکێتی پشتیوانیان ئەکردم، کە رویدا چەند کەسێکم لەگەڵ مایەوە، دڵنیابن بۆ کاک نەوشیروانیش ئەوە راستە". کاک نەوشیروانیش کە دڵگرانی شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یەکێتی  بو، وتی: "ئەمجارە مام جەلال لە کۆیە ئەخەم". دواتریش شەوی فەرزکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ٢٥-٧-٢٠٠٩، هەواڵم پرسی وتیان کاک نەوشیروان گوێ بەو دەنگە زۆرەی سلێمانی نادا، تەنیا لە خەمی ئەنجامی دەگەکانی (کۆیەدا) یە. کاک نەوشیروان لە نزیکەوە لە نوسین و چالاکییەکانی من و زۆرێک لە هاوڕێکانمانی ئاگاداربو، بەراستەوخۆ و بە ناراستەوخۆ لەپێدانی رێنمایی بۆمان بەردەوام بو، ئەوانەی لەناو یەکێتی مابوینەوە هەر سەرگەرمی بیری گەڕانەوەی ئەو بوین، رێکەوتنی دەباشان دڵخۆشی کردین، تەوژموی دژایەتیکردنی ئەو رێکەوتنە تادەهات لەناو یەکێتیدا توندتر و زیاتر ئەبو، خۆی هەواڵەکانی ئەبیست، تەنیاجارێ داوایەکی لەمن کردبێ ئەوەبو کە رای هەریەک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەسەرخۆی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بنوسم، کە دیاربو بۆ بەرچاوڕونی رێکەوتنەکە پێویستی پێی بو، دەنا ئەوەی لە نزیکەوە ئەوی ناسیبێ دەزانێ زۆر رقی لە دیاردەی (هەواڵدزی و بێمتمانەیی) بو، بەتایبەت لەناو حیزبە کوردستانییەکاندا. کەزانیبوی من لەناو یەکێتیدا تەواو بێزاربوم لەرێگەی تەلەفۆنێکی مامۆستا جەمالەوە داوایکرد سەردانی بکەم. دوای هەواڵپرسین و ئەو لوتفە بێوێنەیەی کە لەماڵی خۆیدا لە میوانەکانی ئەگرت... -بێتاقەتی، لە تەلەفزیۆنیشدا بەروتەوە دیارە، هەرکات پێتباشبو خۆم و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەخزمەتایە، من تۆ بە یەکێک لە سەرکردەکانی گۆڕان ئەزانم، هەر داوایەکیشت هەبێ بۆت جێبەجێ ئەکەین. -سوپاسی بەڕێزت ئەکەم، ئێمەش هەمیشە تۆ بە سەرکردەی خۆمان و بیری گۆڕانکاری ئەزانین، من هیچ کات داوام نەبوە و نیمە، جگە لەو ئەرکەی پێم ئەسپێردرێ. دانیشتنەکە نیوسەعاتی خایان، مامۆستا جەمال بێ ئەوەی یەک قسە بکا لەنێوانمان دانیشتبو. نزیکەی دو مانگ دوای ئەو دانیشتنە و مامۆستا جەمال (کە بەهۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی) یەکتریمان ئەبینی پێی وتم: -رەزاق کاک نەوشیروان ئەیەوێ بتبینێ و پێویستی بەوەیە لەگەڵیا بیت. -من کاک نەوشیروان هەر بە مەسئولی خۆم ئەزانم، ئێستاش وەک جاران فەرمانی قورسترین ئەرکی پێشمەرگانەم پێبدا، جێبەجێی ئەکەم. بەڵام ئێوە سەدان کادری باش و بەتواناتان لەگەڵدایە، من ئەتوانم چی زیاتر لەوان بۆ کاک نەوشیروان بکەم. -رەزاق پێمان وتوە کێت لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوێ پێمان بڵێ، بە تەکلیف و هاوڕیەتیش بێ ئەیهێنین، هەموی رەتکردۆتەوە ئەڵێ تەنها پێویستم بەوە. -مۆڵەتم بەرێ بیری لێ بکەمەوە. بۆیەکەمجار لە ژیانمدا، سەرگەمی پرۆژەیەکی بازرگانی بوم (لەگەڵ کۆمپانیای نۆکان)، کاک دلێری سەیدمەجید پشتیوانی ئەکردم و زانای بەڕێوەبەری پرۆژەکانی نۆکانی بەرەوڕوکردبومەوە، سەرمایەیەکەی دەیان ملیۆن دۆلاربو. بۆیە رۆژی دواتر گشت ئەوراقەکانی پرۆژەکەم بۆ مامۆستا جەمال کۆپی کرد و پێشم وت:  -ئەگەر تەنیا بەرژەوەندی خۆم بوایە بەجێم ئەهێشت، بەڵام ژیانی خزم و خێزانەکەمانی پێوە بەستراوە، خۆشم نامەوێ راستەوخۆ بە کاک نەوشیروان بڵێم، ئەم فایلەی بۆ بەرە بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە تەنها هۆکارەکەی ئەم مەسەلەیەیە. بیرکردنەوە لە ژورێکی تەنیا و تەنیایی ئەو شەوەی من کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر ژیان و کاری سیاسیم وروژاندبو، ئۆقرەم لێهەڵگیرابو. تەلەفۆنم بۆ د.دانای حاجیتانی کردو گەیشتە لام. حاڵ و مەسەلەی خۆمم بۆ باسکرد. -دکتۆر رای تۆم لامەبەستە، من ناتوانم بڕیاربدەم. بۆ بەیانیش هەمان پرسم لەگەڵ ئازاد چالاک باسکرد (ئەو دوانە هاوڕێی نزیکی خەبات و پێشمەرگایەتی کاک نەوشیروان بون). بۆ بەیانی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا جەمال کرد. -مامۆستا ئامان ئەو فایلەت دا بە کاک نەوشیروان. -نەخێر هێشتا نەمدیوە و باسمان نەکردوە. -تکایە ئەم مەسەلە دابخەو بەهیچ جۆرێک باسی مەکە، بڕیارمدا ئەو پیاوە هەرچی ئەرکێکم پێ بسپێرێت جێبەجی ئەکەم. چەند رۆژێک فەرمانەکەی کاک نەوشیروانم وەکخۆی جێبەجێ کرد، دواتر زانیم مامۆستا جەمال فایلەکەی دابوە کاک نەوشیروان و حکایەتەکەی بۆ گێڕابۆوە. لەسەر داوای خۆی و بۆئەوەی لە ئیشوکارەکانی بزانم، ئەچومە کۆبونەوەی بەیانیان، کە عادەتەن لە کۆمەڵیک بەرپرسی بزوتنەوەکە رێکیئەخست، پێشی وتم؛ ئەم هەفتە گوێ بگرە دواتر رای خۆتم پێ بڵێ. دوای ماوەیەک: -کاک نەوشیروان بەراستی جۆرێک لە بەزەیم پێتادێتەوە. -بۆ؟ -تۆ ئەو هەمو ساڵە لەگەڵ خوێنەواری سیاسی و ئیعلامی موخەزرەم بەسەربرد، هەست ئەکەم حەلقەی یەکەمی تۆ زۆر لاوازن. -من حەلقەی یەکەم و دوەمم نییە! مەبەستت چییە؟ -پێموابو ئەم کەسانەی دێنە لات، رۆژانە زانیارو شیکردنەوەی و رێنمایی بە تۆ ئەدەن، کە عادەتەن سەرکردەکان وا ئەکەن، بەڵام چەند رۆژێکە تۆ وەک مامۆستا ئەبینم هەرکەس یەت زانیاری نادروست ئەبەخشێت و تۆ بۆی راست ئەکەیتەوە، بۆ نمونە یاساییەکەت کە کاری خۆیەتی و کاری تۆ نییە زۆر دەقی یاسایی و هەڵەی بۆ راست ئەکەیتەوە. -ئەوە کێشەی گەورەی منە لەگەڵ هاوڕێکانمدا. -باشە کەواتە کاری منیش ئەوە ئەبێ ئەو کێشەیەت بۆ چارەسەر بکەم. لەماوەیەکی کورتدا پرۆژەی دروستکردنی دامەزراوەیەکم بۆ زانیاری و شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوەی هەمو ئەو باسوخواسانەی رۆژانە سەرقاڵی ئەکەن، بۆ نوسییەوە. بەیانییەکیان پرۆژەکەم دایەدەست و لەگەڵ خوێندنەوەی دێڕەکانی یەکەمدا، ئیسماعیل (سکرتێرە تایبەتییەکەی خۆی) بانگکردو وتی؛ با کەس نەیاتە ژورەوە، ئەو کە شەوان یان بەیانییان زو سەرگەرمی خوێندنەوەی ئەو جۆرە نوسراوانە بو، چاوی هەڵنەبڕی تا بەوردی تەواوی کرد. -رەزاق ئێمە کادرمان هەیە بۆ جێبەجی کردنی ئەم پرۆژەیە. -بەڵێ هەمانە. -وەکو کێ؟ -......ئەوانەش هیچیان لەم گردە نین، بەڵام گۆڕانخوازن و تۆیان زۆرخۆش ئەوێت. -بەیانی ناوەکانیانم لەگەڵ سی ڤییەکانیاندا بۆ بهێنە. -پێمسەیرە تۆ لە هەمو ژیانت سیاسەتکردن و بڕیارەکانت لەسەر هەواڵ و زانیاری و لێکۆڵینەوە داڕشتوە کارێکی لەمجۆرەت لە گۆڕاندا نەکردوە. -زۆرهەوڵمدا زۆریانم راسپارد، ترسنۆک بون و هەریەک بەبیانویەک خۆیانیان لێدورخستەوە. هەر ئەو رۆژە پەیوەندیم بە چەند هاوڕێیەکی پسپۆڕەوە کرد و ئامادەییان دەربڕی سی ڤییەکانیان بۆ ناردم. رۆژی دواتر سەرقاڵی خوێنەوەی ژیانی سیاسی و سی ڤییەکانی ئەو ناوانەبو، کە بە فایلێک دابومە دەستی. -رەزاق هەرگیز بڕوام نەبوە ئێمە کادری وامان هەبێ. -بەڵێ هەمویان لەسەر پشتیوانی تۆ یان وازیانهێناوە یان لابراون. -من رازیم پشتیوانیت ئەکەم، بەڵام دو مەرجم هەیە، یەکەمیان لە دەرەوەی گردەوەکە بێ، دوەمیان (.........). دوای رازیبونی من بە مەرجەکانی وتی:  -سبەی ئێوارە لە ماڵەکەی خۆم بانگیان بکە و یەکەم کۆبونەوە بکەین. لەو رۆژەوە ئیتر خۆم و چەند هاوڕێیەک کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی کاک نەوشیروانمان لەئەستۆ گرت، دواتر و کە ئەرکی بەرپرسیارێتی میدیای پێسپاردم کەسێکی تری لە شوێنەکەم دانا.، پێشی وتم؛ لەو برادەرانە دامەبڕێ، هاوکارییان بە، مەلەفەکانی ئێران و ئەوانەشی کە تایبەتن بەخۆت، با هەر لای خۆت بمێنێتەوە. چەند مانگێکی کەم و دوای مەرگی کاکە بە نامەیەکی رەسمی دەستبەرداری هەمو ئەو کارە تایبەتانە بوم. ماویەتی...


سەرتیپ جەوهەر  وەك پێشبینی دەكرا، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەت بگاتە ناوەڕاست یان كۆتایی مانگی داهاتوو. رێوشوێنە پێویستەكانی پێش راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوو هەفتەیەكی دەوێت، دوای راسپاردنیش، ئەگەری بەهێز ئەوەیە نزیكەی یەك مانگ یان كەمتر پێویست بێت. سەرەنجام ئەم كابینەیە بۆ پێش یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە یەكی حوزەیرانە درێژە بكێشێت. بۆیە باسی یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانم كرد، بۆئەوەی تیشك بخەمە سەر دوو تەوەری گرنگ، یەكەمیان بەشێك لەهۆكاری دواكەوتنی حكومەت، وەك دوپاتدەكرایەوە كە پێداگری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو لەسەر باشتركردنی حوكمڕانیی و راستكردنەوەی ئەو لاسەنگییەی بەهۆی تاكڕەویی یان هەژمونی لایەنێكی دیاریكراو دروستبووە، ئەویدیكەشیان بۆ دوای پێكهێنانی حكومەت پلانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ باشتركردن یان نوێبونەوەی یەكێتی چی پێیە؟ لەباسی یەكەمدا ئەمجارە كۆبونەوەو مشتومڕی زۆر لەنێوان یەكێتی و پارتی و تەنانەت لەناوخۆی یەكێتیش دروستبو، سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی نوێی حوكمڕانیی و جێگیركردنی ژمارەیەك پرەنسیپی نوێ‌ بۆ كاركردن لەحكومەت و لەگەڵ پارتی، ئەمەش بۆ راستكردنەوەی بەشێكی لاسەنگییەكەو هێنانەدی بەشێك لەداواو خواستی كادران و دەنگدەرانی یەكێتی. ماوەتەوە ئێستا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ كاری نوێ‌ خەڵكی نوێ‌ بنێرێتە كابینەی نوێ‌. لێرەدا سەرنجی گرنگ ئەوەیە، یەكێتی بەنیازە كێ‌ بنێرێتە ئەم كابینەیەو دەیەوێ چی بۆ بكات؟ بەدڵنیاییەوە دانانی كەسانی (لێوەشاوە، شارەزا، بوێر)، بۆ بەڕێوبردنی ئەو پۆست و جومگانەی حكومڕانی كە بەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەون گرنگییەكی گەورەی هەیە، بەتایبەت ئەمجارە «گوایە!» جیاواز دەبێت لەرابردوو، بەو مانایەی نابێ‌ هەڵەو گرفتەكانی رابردوو بەردەوام بێت. كەوایە پێویستە بنەماو میكانزمێك دابنرێت تا بتوانرێت باشترین كادری حزب بۆ جومگەو بەركەوتەكانی یەكێتی دەستنیشان بكرێت. ئەوەی دوومیان، دوای پێكهێنانی حكومەت یەكێتی چی دەكات؟ بەنیازە كۆنگرە بكات؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگە، رەنگە زۆربەی كادرو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی بیانەوێ‌ وڵامی ئەو پرسیارەوە بزانن، چونكە ماوەیەكی زۆرە بەسەر كۆنگرەدا تێپەڕیوەو واقعێكی نوێ‌ هاتۆتە پێش و یەكێتی لەسەر هەردوو ئاستی ئاسۆیی و ستونی پێویستی بەگۆڕانی ریشەیی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەهەردوو هەڵبژاردنی عیراق و كوردستان بەشێك لەكاربەدەستانی یەكێتی پەیمانیان بە دەنگدەرانی یەكێتی داوە. كەوایە هەموو چاوەڕێن تا بزانن یەكێتی دوای پێكهێنانی حكومەت بەتەمای چییە؟


بەهادین نوری     ٧ مانگ تێپەڕی بە سەر هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ داو دەسەلاتدارانی هەرێم نەیان توانیوە حکومەت پێکبهێنن . زێتر لە جارێ بەشیوەیەکی هەڕەشە ئامیز مسعود بەرزانی ڕایگەیاند کە چیدی لەبەر کەس دامەزراندنی حکومەت دواناخات . بەلام دوایشی خست . ئەمە چیدەگەیەنێت و چ هۆکارێکی لە پشتەوەوەیە ؟  تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم هەرێمە ، پاش ٢٨ ساڵ لە دامەزراندنی ، هێشتا لە قەیرانێکی هەمەلایەنی قوڵدایە کە دەسەلاتداران بە دەستی خۆیان دروستیانکردووە و خۆیان و ئەم میللەتە داماوەش بە دەستیەوە دەناڵێنن وناشتوانن خۆیانی لێدەرباز کەن چونکە نایانەوەێ واز لە قۆرخکاری دەسەلات وگەندەڵی بێنن .  بەر لە نەخۆشیەکەی جەلال تالەبانی ئەهوەنتر بوو ، پۆستی سەرەکوەزیرانی هەرێمی دایە فۆاد معوسوم و بەرهەم صالح و کۆسرەت ڕەسوڵ .. بەڵام مەسعود بەرزانی بە درێژایی ئەم ٢٨ ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی و سەرەکوەزیرانی قۆرخکردووە . بۆ خۆی و برازای . بەڕیوەیە لەم ڕۆژانە ببنە باوک و کوڕ و برازا ، واتە شیوازی حوکمڕانی خێڵەکی بە تەواوی بۆ دو بنەماڵە . دروستبوونی بنەماڵەی تریش بەڕیوەیە ! حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی شیعەکانیش لەم حوکمەتە عیلمانیە قەومیەی هەرێم زۆر باشرترە . لە ماوەی ١٥ سالی پاش ڕوخانی سەدامدا حوکمڕانی عێراق پێنج سەرەکوەزیری بە خۆیەوە دیوە : ئەیاد علاوی ، ئیبراهیم جعفری ، نوری مالیکی ، حیدرعبادی ، عادل عبدالمهدی . بەڵام لە هەرێم کورسی سەرۆکایەتی لە ١٥ ساڵدا نا ، بڵکو لە ٢٨ ساڵی ڕابوردوود ا ، تاپۆ بووە لەسەر مەسعود بەرزانی و کورسی سەرەکوەزیرانیش ئەوە ٢٠ سالە هەر نێچیر بەرزانیە !!  لەسایەی ئەم شێوە حکومڕانیەدا ژیانی سیاسی و حیزبایەتی لەم هەرێمەدا شێوێندراوە و لە شیرازەی سروشتی خۆی دەرچووە . لەباتی ڕژێمی دیموکراتی هاوچەرخ دووبنەمالە دروست بووە کە لەباتی سوپای نیشتیمانی دوهێزی میلیشیایی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە و هەرێمیان کردووە بە دووبەش ، وەک دو مەزرای تایبەتی . شێوەیەک لەهەیکەلی ڕژێمی حکومرانی هەیە بەڵام ناوی بێناوەڕۆکە ، پەرلەمان هەیە بە تەزویری هەڵبژاردن دروستکراووە ، سوپا هەیە بەلام سوپای حیزبە ، دادوەری هەیە بەلام ئامێرێکی حیزبیە ، خوێندن هەیە بەڵام بەهەست و خواستی حیزب بەڕێوە دەبرێ ، ژیانی حیزبایەتی هەیە بەلام لەو جۆرەیە کە نمونەی مەگەر لە ولاتێکی وەک ئەم هەرێمەدا ببینرێ ، بازاڕو کۆمپانیاو جموجۆڵی ئابوری هەیە بەلام پڕ قانزاجترین پرۆژە تەرخانکراوە بۆ دەسەلاتداران .... هتد  بە ٧ مانگ وەزارەتیان بۆ پێکناهێنرێ لە کاتێکدا کە ٨٥ ٪ کورسیەکانی پەرلەمانیان لەدەستدایە ! ئەمە بۆچی و بە چ لۆژیکێ ؟ هیچ تەفسیرێکی ڕاستە قینە هەیە جگە لەوە کە لە قەیرانێکی توندا دەژین ؟ پارتی و ینک لەسەر بەشکردنی هەریسەکە لە ململانێدان . پارتی دەیەوێ بە ئارەزووی خۆی بەشیکات و ینک بەمە ڕازی نیە چونکە دەزانێ هاوبەشەکەی بە چ شیوەیەک بووە بە خاوەنی ٤٦ کورسی ، دەزانێ کە لە هاوکێشەی هێزی سیاسی و سەربازیدا جیاوازیەکی جدییان نیە ، بە پێچەوانەی گۆران کە جێگەی سروشتی خۆی ــ ئۆپۆزسوێن ــ جێهێشت و چوونە ناو حوکمەتی هەڵبژارد . برادەرانی گۆران ئەوەیان بیر چووکە دەمێک نیە پەنجە یانکرد بە کوناو دوپشک پێوەیدان . ئەمجارەش پەنجە یانکردوەتەوە بە هەمان کوندا ، ڕەنگە گران بکەوێ لەسەریان و لەسەر هەموو بزافی نیشتیمانیش .  ئەمڕۆ خراپترین ڕۆژانی ئۆپۆزسوێنە لەم هەرێمەدا . ئەوە گۆران کە پێش ١٠ ساڵ وەکو حیزبێکی ئۆپۆزسوینی بەهێز پەیدا بوو ، جیگەی هیوای خەڵک بوو ، ئەمڕۆ وەکو حیزبێکی بچووک خۆی ئالاندووە لە دەسەلاتدارانەوە . ئەوە نەوەی نوێ کە بە بلۆکێکی هەشت کەسیەوە جێگەیەکی بۆخۆی لە ئۆپۆزسوێندا دروستکردبوو ئیستە کەوتوتە وەزعێکی شڕو شێواو . ئەوە چەپەکان کە بەخیلی بە حاڵیان نابرێ و چاوەڕێش ناکرێ بەم زوانە هەڵسنەوە . جا جارە چیە ؟  بە هەموو حاڵێ ئەگەر پارتی و یەکیتی لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئیستەیان بەردەوام بن دواڕۆژیان نیە و گۆڕانکاری هەردەبێ . بەلام بۆ ئەوەی ئەو گۆرانکاریە زووتربێ ، ئاسانتر بێ ، بە پێویستی دەزانم خەڵکی دیموکراسیخواز و نیشتیمانپەروەران بە گشتی بجووڵێن ، ئەم پرسە بخەنە بەر باس و بگەڕێن بۆ شێوەیەکی گونجاو بۆ ڕێخستنەوەی بزافی ئۆپۆزسیون ، بۆ ڕێخراوێکی وەها کە ئەم بۆشاییە گەورەیەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە پڕ کاتەوە .  ڕای من لەم پرسەدا ئەمەی خوارەوەیە : قەومی عەرەب ( بە تایبەتی بەعس ) خۆیان تاقی کردەوە لە ٤٠ ساڵ ( ١٩٦٣ ـــ ٢٠٠٣ ) و فەشەلیان هێنا لە عێراقدا . قەومی کوردیش ٢٨ ساڵ ( ١٩٩١ ــ ٢٠١٩ ) خۆیان تاقی کردەوەو فەشەلیان هێنا . ئیسلامی سیاسیش لە عیراقدا ١٥ ساڵە ( ٢٠٠٥ ــ ٢٠١٩ ) خۆیان تاقی کردەوەو فەشەلیان هێنا . چەپیش بەر لەوەی خۆیان تاقی بکەنەوە پووکاونەتەوەوە فەشەلیان هێناوە . کەواتە دەبێ بۆ شێوەیەکی نوێ لە خەبات و ستراتیجی بگەڕێین . من ئەم شێوە تازەیە لە پێکهێنانی ڕێخراوێکی جەماوەری تازەدا دەبینم کە سەرجەم جەپەکان و نیشتیمانپەروەرە لیبراڵەکان لە خۆ بگرێ بۆ تێکۆشانێکی ئاشتیانەی دیموکراسیانە ، لە پێناوی ڕژێمێکی دیموکراتی مەدەنی وەکو ڕژێمی سوید ، هولەندا ، کەنەدا . پێمباشە ئەم ڕێخراوە ناوبنرێ ( بزافی چاکسازی دیموکراتی ) + لەسەرە تاوە ( گرووپ گرووپ ) دابمەزرینرێ و دواتر ئەم گرووپانە یەکبگرن + لە سەرەتاوە وابکرێ کە وەرگرتن و گۆڕینی پۆستی سکرتێر بە ئیرس و تاپۆکاری نەبێ وەک ئەم وڵاتە دواکەوتوانە ، بەڵکو وەکو ئەوروپای ئەمڕۆ بێت . 


رێبوار کەریم وەلی (1) لە 3ی كانوونی یەكەمی 2018 وە كە پارتی بەربژێرەكانی خۆی بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم راگەیاند، ئیتر پێی نایە قۆناغێكی نوێوە. بۆ ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری كێشمەكێشەكانی ناو پارتین، شتێكی ئاسایی بوو، ئەمجارەش نەبووایە دەبوو چوار ساڵی دیكە ئەو دەستاودەستكردنە هەر بكرێ، بەڵام پێدەچوو بۆ بەشێكی زۆری ناو پارتی و تەنانەت دەرەوەی پارتیش شتێكی لەناكاو بووبێت و رای گشتی بۆ ئامادە نەكرابێت. رەنگبێ لەناو پارتی نیقاشێك هەبووبێت لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆست و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەڵام نەبووەتە خیلاف و ناكۆكیی جددی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە لەناو پارتیدا هەمیشە مەرجەعیەتێكی بەهێز و خاوەن بڕیار هەیە كە قەت رێگە نادات نیقاش و ململانێكان بگاتە ئاستێك دووبەرەكی لێبكەوێتەوە، چونكە فاكتەری سەرۆك بارزانی هەمیشە یەكلاكەرەوەیە و پارێزەری سەقامگیریی ناوخۆی پارتی و ناوماڵی كوردیشە. ئەو گۆڕانكارییەی ئێستا پارتی كردوویەتی و بووەتە بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، هەنگاوێكی ستراتیژیی گەورەی سەرۆك بارزانییە بۆ داهاتوو. هەندێك كەس هاوكێشەكە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی خۆیانەوە دەبینن كە سەرۆك وەزیرانی پێشوو جێگەی خۆی داوە بە كەسێكی دیكە و هەوڵ دەدەن وەكو ئینقلابێك سەیری بكەن لەكاتێكدا وا نییە. ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بۆ یەك چركەش پێداگری لەسەر مانەوەی خۆی بكردبایە، چوار ساڵی دیكەش هەر سەرۆكی حكومەت دەبوو. بەڵام ئەو دیوەشی نابینن كە دەركەوت لەناو هەموو كورد تەنها یەك كەس هەیە بتوانێ جێگەی سەرۆك بارزانی (بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە) لە سەرۆكایەتی كوردستان بگرێتەوە كە ئەویش نێچیرڤان بارزانییە، ئەگەر مەسروور بارزانی چووبێتە جێگەی نێچیرڤان بارزانی و ئەمانەتی حكومەتی پێ سپێردرابێت، ئەوا نێچیرڤان بارزانیش ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هاوكات سەرۆكایەتی پارتیشی پێ سپێردراوە. ئەم متمانەیەی سەرۆك بارزانی شتێكی كەم نییە، بۆیە گرەوكردن لەسەر ئەوەی كە پارتی لەناوخۆی خۆیدا (خیلاف)ی هەیە، گرەوكردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو. كاركردی سەرۆكی داهاتووی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵگە دەبن بۆ راستیی ئەوەی كە ئەو جێگۆڕكێیە هەرچەند بێ ئامادەكاریش بووبێت، رەهەندێكی ستراتیژیی هەم بۆ پارتی و هەم بۆ كوردستان هەیە. گۆڕان، مەهەپەكەی كوردستان (2) یەكێتی لە روانگای مێژووی خۆی و ئەو تەقسیمە جوگرافییەی كە بە درێژایی نیو سەدە لە كوردستان درووست بووە، لە خراپترین حاڵەتیشدا، خۆی پێ لە پارتی كەمتر نییە. ئەگەرچی تا ئێستاش بە رواڵەت براگەورەیی پارتی قەبوڵ كردووە، بەڵام هەر كاتێك بۆی لوابێت، دەگگەیەكی لە پارتی داوە. بە واتایەكی دیكە یەكێتی میراتێكە كە ئەگەر هیچیشی پێ نەكرێت، دەتوانێ تێكیبدات.  لە 23ی حوزەیرانی 2015، قودرەتی تێكدانی گۆڕان ئیسپات بوو؛ ناوماڵی خۆیان تێكدا و هیچیشیان دەستنەكەوت! ئەمجارە پارتی بە مەبەست و بۆ درووستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ. راستە گۆڕان زۆر سوودمەندە لەو رێككەوتنەی كە ئێستا كراوە، بەڵام دیسانیش پارتی دوای ئەوەی دڵنیا بووەوە كە لە خراپترین حاڵەتیشدا ئیمكانی گەڕانەوەی گۆڕان بۆ باوەشی یەكێتی لەئارادا نییە، وەبەرهێنانێكی سیاسیی دوورمەودای لەسەر ئەو بابەتە كرد. رێككەوتنی یەكەمی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە 2014 مەبەست لێی ئاوتكردنی یەكێتی بوو، دەركەوت ناكرێ. رێككەوتنی دەباشانی یەكێتی و گۆڕانیش بۆ ئەوە بوو كە یەكێتی دەیویست گۆڕان بگەڕێنێتەوە ناو یەكێتی. ئەوەش سەری نەگرت، بەڵام رێككەوتنی ئەمجارەی گۆڕان و پارتی بناغەیەكی ساغڵەمی هەیە كە ئەویش بریتییە لەوەی وەك گوشاری سیاسی بۆ سەر یەكێتی بەكاردەهێنرێت و لەلایەكی دیكەوە پارتی گەرەنتیی مانەوەی ئەو هێزە لە گۆڕەپانی سیاسی دەدات بە گۆڕان. ئەوە رێك مێژووی مەهەپە و ئاكپارتییە كە دوو لە سەرسەختترین ركابەرەكان بوونە هاوپەیمانی یەكتری و هەردووكیان هێزی مانەوە و دەسەڵاتیان لە یەكتریدا دەبیننەوە. سەركونسوڵی ژاپۆنیش نەگرن! (3) بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتی ژاپۆن، زانكۆی لێكۆڵینەوەی بیانی لە تۆكیۆ لە 1ی نیسانی ئەمساڵەوە، كۆرسێكی فێركردنی زمانی كوردی بۆ 40 فێرخوازی بە رەچەڵەك ژاپۆنی كردووەتەوە. كۆرسەكە لە لایەن مامۆستایەكی كوردی كوردستانی باكوور بەڕێوەدەچێت و هەفتانە چوار سەعات دەرسی زمانی كوردی بە فێرخوازەكان دەگوترێتەوە. تا ئێرە ئاساییە. توومەز توركیا ئەو هەواڵەی بیستووە! خێرا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیانەوە پەیوەندییان بە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنەوە كردووە و داوایان كردووە دەستبەجێ ئەو كۆرسانە بوەستێنن. وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئەوە بووە كە خوێندن و قسەكردن بە زمانەكان مافێكی بنچینەییە و دەستووری ژاپۆن دەیپارێزێ. نە حكومەت و نە وەزارەتەكان ناتوانن رێگری لەو مافە بكەن. رەنگبێ كاتسومی مۆری یاسۆ، سەركونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر یەكەم ژاپۆنی بێت كە بە زمانی كوردی قسە دەكات. لەو روانگەیەوە كە حكومەتی ئێستای توركیا قۆڵی لە دژایەتیكردن و سڕینەوەی زمان و كولتووری كوردی لە كوردستانی باكوور و رۆژئاوا هەڵكردووە، دوور نییە ئەمری گرتنێكیش بۆ كاتسومی مۆری یاسۆ دەربكات! ئەم كابرایە دووجار تۆمەتبارە، یەكەمیان بە هۆی ئەوەی بە كوردی قسە دەكات، دووەمیان بەهۆی ئەوەی كە بەوە نەوەستاوە و تەنانەت جلی كوردیشی لەبەركردووە.


چیا عەباس  لە چەند نوسینێکمدا ئاماژەم داوە بەوەی گۆڕانی ئێستا و گۆرانی جاران زۆر جیاوازیان هەیە، پێوەرەکانی گۆرانبون، ئیدارەدان و سیاسەتکردن، سروشتی بزوتنەوەکە و کەش و هەوای کارکردن و هەڵسوراندنی ئەرکەکان لە ئێستادا نامۆن بە رابوردو. یەکێک لە جیاوازیە بنەرەتیەکانیش سەرهەڵدانی چەند سەنتەرێکی بریاردانە لە ناو گۆڕاندا. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر سەنتەری دەسەڵاتی کورەکانی کاک نەوشیروان. لە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان هەڵسوراوان و گۆرانخوازان و دۆست و ناحەزانی بزوتنەوەکە، هەر یەک لە روانگا و بە مەبەستی جیاجیا، سەرهەڵدانی ئەو سەنتەرەی دەسەڵاتی نما و چیا یان بە پرسی بە بنەماڵەکردنی بزوتنەوەکە ناوزەدکردوە و تا ئەم چەرکەیەش وا باسدەکرێت. یەکێک لە خەسڵەتە زەقەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشور دەسەڵاتی بنەماڵەیە بە رێگەی حزبەوە، دیاردەیەک تەنانەت بەشێکی هێزە ئیسلامیەکانیشی گرتۆتەوە، بەڵام ئەم پرسە لە ناو گۆڕان بە شێوە کلاسیکیکە سەری هەڵنەداوە و ئایندەشی نارونە. پارتی زەمینەیەکی مێژویی بەهێزی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە هەیە، بنەماڵە جومگە گرنگەکانی پارتی و دواتر حوکمرانیشیان بەدەستەوەیە، ئاشکرا نیە چەند کەس لە شەجەرەی خانەوادەی بارزانی دەسەڵاتدارن، بەلایەنی کەم دەیان لە کەسایەتیە ناسراوەکانیان لە جومگە جیاکاندا باڵادەستن. پرسی بنەماڵەی بارزانی لە ناو پارتیدا دروست نەبوە، ئەوان پێش دروستبونی پارتیش بە حوکمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و رۆڵیان لە بزافی کوردایەتی بنەماڵەیەکی گەورەی ناوداری دەسەڵاتدار بون، داتر پارتی بۆتە خەیمەی رێکخراوەیی و حزبی زۆری دەسەڵاتەکانیان. تا ئەم چرکەیەش هیچ گروپ و ئاراستەیەک نەیتوانیوە دەسەڵاتی بنەماڵە لە ناو پارتیدا لاواز بکات، ئەزمونی جەلالی بە گەرانەوەی گروپی یاخیبو لە دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ لای هەمان دەسەڵاتی بنەماڵە کۆتایی هات. پاش روخاندنی سەدام و سەرهەڵدانی زەقی بەرژەوەندیەکانی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە لە ناوچەکەمان بە بنەماڵەکردنی یەکێتی لە لوتکەی ئەجێندای دەسەڵاتدارانی ئەو حزبە و هێزە پەیوەنددارەکاندا بو. سەرەرای نارەزایی ناوخۆی یەکێتی بەڵام دوای یەکەم نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبو مام جلال ئیتر بە وردی کار بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە دەستیپێکرد. یەكیک لە خەسڵەتە بنەرەتیەکانی بنەماڵە ئەوەیە مەرجەعێکی باوەرپێکراو بۆ بریاردان هەیە. دوای رێکەوتنی ستراتیژی بەبنەماڵەکردنی یەکێتی بوە ئەمری واقیع، هەر دو هێز و بە پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانیان جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێم و نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا  بگرنە دەست، ئەم واقیعە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بو، چونکە ئەوان باشوری کوردستان بە فاکتەرێکی گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق دەبینن و ئارامی کوردستانیش بە ئەڵقەیەکی گرنگ بۆ ئەجێنداکانیان لە عێراق و ناوچەکە دەژمێرن. چەندین راپۆرتی بیانی باوەرپێکراو باس لە گرنگی ئەو هاوسەنگیە لە سەر بنەمای دەسەڵاتەکانی بنەماڵە دەکەن، هەر بەو هۆیەشەوە رێگا دراوە هەر دو بنەماڵە لە حوکمرانیدا دەستکراوەبن تا دۆخەکە تێک نەچێت. زیادە بۆ ئەوەی گۆڕان بۆ ئەو گەمەکەرە زەبەلاحانە هێزێکی نوێ بو، هاوکاتیش بە بزوتنەوەیەکی چەپخوازی ( بێ متمانە) هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرد. کاتێک لە ٢٠٠٩ گۆڕان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا ئەمریکیەکان لە راپۆرتەکانیاندا خەم و مەراقی خۆیان نەشاردۆتەوە دەرباری ئەم روداوە و بە " بومەلەرزەیەکی سیاسی" چاوەرواننەکراو وەسفیان کردوە، هاوکات ترسیشیان لێ نیشتبو کە تێکچونی هاوسەنگی هێز نێوان پارتی و یەکێتی نائارامیەکی گەورەی لێ بکەوێتەوە، باشترین بژاردەیان لەو سەردەمەدا مامەڵەی دو فاقەیی بو لە گەڵ گۆڕان، ئەمە لە کاتێکدا گۆڕان هێزی چەکداری نەبو و توانای دارایی زۆر لاواز بو، بەڵام بە هۆی کاریزمای کاک نەوشیروان و خەسڵەتە تایبەتەکانی و خاوەنی نیو ملیۆن دەنگی نارەزا بو حسابی وردیان بۆ دەکرد.    لە لایەکەوە موجامەلەکردنی گۆڕان و فشارکردن لێی، هاوکاتیش پشتگیری لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییان پێرەو دەکرد. کاتێک گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دورخرایەوە زلهێزە پەیوەنددارەکان هەڵوێستێکی شەرمنانەیان هەبو و ژێر بەژێریش پێیان خۆش بو بەو مەرجەی گۆڕان، ئەوەی ئەوان باسیان لێدەکرد، بژێوی و ئاژاوە و نائارامی دروست نەکات، بە واتایەکی تر وەک لاین مانێک جار جار عەلەمە نیللیەکەی راوەشێنێت.   گۆڕان لە سەردەمی کاک نەوشیروان لە چەند وێستگەیەکی هەستیاردا روبەروی ئەمریکا بۆتەوە، یەکەمجار کاتێک کاک نەوشیروان ئاماژەی بە عوسیانی مەدەنی بەرامبەر بە حوکمرانی برێمەر کرد، دوا جاریش لە دوا دانیشتنی کاک نەوشیروان لە ساڵی ٢٠١٥ لە گەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، باڵێۆز داوای لێ کردبو رازی بێت ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژ بکرێتەوە، لە وەڵامدا بە باڵیۆزی وتبو: کاتێک تۆ رازی بیت سەرۆک ئۆباما بۆ خولی سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە منیش بە داواکەی تۆ رازی دەبم. لە نێوان ئەم دو روداوەدا بەردەوام ئەمریکا مامەڵەیەکی سر و ساردی گۆڕان یان کردوە و بەدەنگ داواکاریە رەواکانیەوە نەچون. کاک نەوشیروان هیچ هەڵپەی نەدەکرد بۆ پەیوەندی توند و تۆڵ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێران زۆر هەوڵی لە گەڵدا و تورکیاش بە هەمان شێوە.  سارد وسری گۆڕان و ئەمریکا و پشگوێخستنی خواست و داواکاریەکانی ئێران و تورکیا بۆ گۆڕان باجێکی زۆری هەبو، بە تایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام گۆڕان ئیرادەی سەربەخۆی پاراست و نەبوە بەشێک لە گەمەی جەمسەرە بەهێزەکان. ئەم راستیانە ئەو زلهێزانەی هاندەدا تا پێکهاتە و ئاراستەکانی گۆران دەستەمۆ بکەن، لە سەردەمی کاک نەوشیروان سەرجەم هەوڵەکانیان پوچەڵ دەرچون. دوای وەفاتی دۆخەکە زۆر گۆرا و دەرفەتێک دروستبوە بۆ دەستەمۆکردنی گۆڕان.      کاک نەوشیروان نەما، کورەکانی پەلەیانە و چاویان لە خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی تری کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەرەستەی گرنگیان لە بەر دەستدایە: یەکەم: کوری کاک نەوشیروانن دوەم: مولک و ئیرسێکی گەورەیان لە بەر دەستدایە سێیەم: دەسەڵاتێکی لاواز و ناتەبای گۆڕان بە تەنیشتیانەوەیە چوارەم: پارتی و یەکێتی و زلهێزە دەرەکیەکان هاریکار و رێگەخۆشکەری ئەم پرسەن هەرچی پارتی و یەکێتیە لە سایەی کەسایەتی یەکەمی حزبەکانیان توانیویانە دەسەڵاتی بنەماڵە بچەسپێنن و بپارێزن، بەڵام تا کاک نەوشیروان لە ژیاندا بو لە گەڵ ئەو پرسەدا کۆک نەبوە، تەنانەت لە سەردەمی خەباتی شاخی و داتریش لە شاردا کەسێک لە خزمانی کاک نەوشیروان نادۆزیتەوە بە ناهەقی بەرپرسیاریەتی گەورەی هەبوبێت، براکەی، کاک بەختیار، بە خەبات و ماندوبونی خۆی دوا پۆستی پێش راپەرین عەدەد جیهازی شۆرش بوە.  بە بنەماڵەکردنی گۆڕان زیاتر خواستێکی دەرەوەی بزوتنەوەکەیە و کەسێک خاوەن کاریزماش بونی نیە رابەرایەتی ئەو پرس و پرۆسەیە بکات.  ناشێت باس لەوە نەکەم هەمو ئامۆزا و پورزا و خوشکەزا و خزمە نزیکەکانی نما و چیا ژمارەیان دەیان کەس تێپەر ناکات، لە ناو گۆڕاندا بێجگە لە ژمارەیەک دۆستی دڵسۆزی کاک نەوشیروان خزمێکی نادۆزیتەوە بەرپرسێکی باڵا بێت، زیادە بۆ ئەمانەش هەر دو کورەکەی کاک نەوشیروان تا ئەم چرکەیەش ژنیان نەهێناوە. بۆیە ناکرێت بۆ دەستەواژەی بەبنەماڵەکردنی گۆڕان لێکدانەوە کلاسیکیەکەی بۆ بکرێت و لەو روانگایەوە بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی تر بشوبهێنرێت.  دروستە کورەکانی کاک نەوشیروان بەهۆکاری ئەو فاکتەرانەی باسم لێکردون دەسەڵات و پێگەی تایبەتیان لە ناو گۆڕاندا هەیە، کێشەکە لەوەدایە ئەم راستیە بە خراپ بەکاربهێنن و دەست لە کاروبار و بریارە گرنگەکانی گۆڕان وەردەن. ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی دەبیسترێن باس لەو دەست تێوەردانە دەکەن.       بەرامبەر بەم دیاردە نەخوازیارە زۆرینەی ناوخۆی گۆڕان لە گەڵ ئەو پرۆسەیە کۆک نین، لە لاکەی ترەوە فاکتەرەکانی دەرەوەی گۆڕان هاندەر و زەمینە خۆشکەری ئەو پرۆسەیەن، چونکە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بە فاکتەرێکی گرنگ دەزانن بۆ کارنامەکانیان کە لەم ساتە وەختەدا  پاراستنی سەقامگیری و ئارامی باشورە، باشورێک بۆتە خاڵی کۆکردنەوە و بەیەک گەیشتنی زۆربەی بەرژەوەندیەکانی ئەو گەمەکەرە زەبەلاحانە، بوئرەیەکی سارد کە هەڵگری زۆربەی کەرەستە گەرمەکانی تەقینەوەیە.  ئەوەی ئێستا بەرچاو دەکەوێت فاکتەرە بەرهەڵستەکانی ناوخۆی گۆڕان هێدی هێدی پەراوێز و بێدەنگ دەکرێن و فاکتەرە دەرەکیەکانیش باڵادەستر دەبن. دو کورەکەی کاک نەوشیروان هەوڵێکی زۆریان داوە هاوسەنگی ئەم دو فاکتەرە رابگرن،، بەڵام سەرکەوتو نەبون.  بۆچی؟ گەر کار بۆ پرۆژە مەزنەکەی کاک نەوشیروان دەکەن ناشێت بەو نارونی و زیگزاگیە بیکەن، بە پێچەوانەوە هەرچی بکەن دەکەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٥ی مایسی ٢٠١٩     


عەبدوڵا مەلا نوری    ئەسڵ ئەوەیە دەستڕۆیشتوانی گۆڕان کە رەخنەیان لێدەگیرێت خۆیان بێنە ناو کۆڕوکۆبونە جەماوەری و سەر شاشەکان و، بە دۆکۆمێنت و گفتوگۆی عەقڵانی داکۆکی لە هەڵوێست و کارەکانیان بکەن و وڵامی رەخنەکان بدەنەوە. وەلێ ئەمانە بە مەبەست دۆخێکیان دروست کردوە، ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێ روبەروی شەپۆلێک لە هێرش و تۆمەت و ناوزڕاندن دەبێتەوە. ئەوەی تا دوێنێ وەک هەڵسوڕاوێکی پاک و پاڵەوان و دڵسۆز پێیداهەڵدەدرا لە شەو و رۆژێکدا وەک ناپاک و ئەهریمەن پیشان دەدرێ. ئەم چەکە ژەهراویەی کە بۆ تەسفیەکردنی دەنگی ناڕازی و کپکردنی رخنە لە ناو گۆڕان لە چالاکیدایە، جگە لەوەی شوێن پێ هەڵگرتنی چەپەڵترین و ئاست نزمترین کلتوری دەسەڵاتە، کە بەرامبەر بە دەنگی ئازاو جیاواز بە کاریان دەهێنا، هاوکات بۆ دروستکردنی سەرلێشێوان و گومانە لە سەر هەر بۆچون و پرس و بابەتێک، کە بیەوێت رێگا و روی راستی پێشهات و روداوەکان بۆ رای گشتی رون بکاتەوە. ئامانجی دورتریشیان تۆراندن و بێهیواکردنی خەڵکە لە هەموو دەنگ و رەنگێک. لە پاڵ ئەو هەوڵانەی بۆ بێ بایەخکردن و ناشرینکردنی خەڵکانی رەخنەگرو ناڕازی دەدرێت، دەنگێک هەیە بە نیازپاکی بێت یان بە پێچەوانەوە، دەپرسێت: بۆ فڵان کەس تا لە ناو گۆڕاندا بو، رازی بو رخنەی نەبو؟ بۆ تا بەرپرس بو، یا نزیکی بەرپرسەکان بو بێ دەنگی لە کێشەو کەموکورتیەکان کرد؟ ئەمە تا ئەو کاتەی پرسیاری چاودێران و هاوڵاتیان و دەنگدەران بێت بێ چەندوچون پەسەندە. بەڵام کاتێک پرسیاری هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بێت ئیدی دەبێ رونکردنەوەی لە بارەوە بدرێ. لێرەدا قسەی من بۆ هەڵسوڕاوانە. لە حیزبدا بەرنامەی سیاسی و دەستور (پەیڕەوی ناوخۆ) هەیە، پابەندی و سنورو چوارچێوە هەیە، ئەوەی پیی دەوترێت دسپلین. بۆ گەیاندنی هەر بەڵگەو پێشنیازو پرۆژەو رەخنەیەک دەبێت لە رێگەی ئۆرگانەوە بێت. ئەرکی ئۆرگانی بەرپرسە بەدوداچونی هەبێ، وڵام بداتەوە. ئەگەر لادان و سەرپێچی و کەمترخەمی هەبو، دەبێ راستکردنەوەو سزادان هەبێ. دسپلین ئەرکێکی پلەبەندی و بۆهەموانە، چۆن کادرێکی خوارەوە دەبێت پابەندی هەبێ، تا پۆست و بەرپرسیارێتی باڵاتربێت پابەندی زیاتر دەبێ. لە حیزبی کوردیدا پابەندی بۆ کادرانی خوارەوەیە، بەرپرسانی باڵا و دارودەستەو ناو بازنەی تەکتولەکانیان لە سەروی لێپرسینەوەن و حسانەیان هەیە. لە گۆڕاندا لە رابردودا تا دەگات بە ئێستا بە رێژەو ئاستی جیاجیا پێشێلکردنی دەستورو بەرنامەی سیاسی، پشتگوێ خستنی رۆڵی دامەزراوە، هەڵگەڕانەوە، لادان، کەمتەرخەمی، تەکتول، درۆکردن لە گەڵ خەڵک، بەرپرسی گەندەڵ، نا شەفافی دارایی، خۆدەوڵەمەندکردن، کۆبونەوەی ژورە تاریکەکان هەبووەو هەیە. بۆ هەریەک لەمانەش بەڵگەو نمونەی تەواو هەن. لە ئاست ئەمانەدا لە هەنگاوی یەکەمدا ئەرکی هەڵسوڕاو ئەوەیە بە دسپلین سەرەتا لە ئۆرگانەکانەوە رخنەو گللەیەکانی بە سەروی خۆی بگەینێت و هەوڵ بدات بە بێ دەنگی لە ناوخۆی حیزبدا کێشەکان چارەسەر بکرێن. لەم سۆنگەیەوە دەیان پرۆژە، پێشنیاز، بەڵگە، رەخنە لە سەر هەریەک لە لادان و کێشەکانی ناو گۆڕان لە هەندەرانەوە، لە ناوخۆی کوردستانەوە بە ئارامی، بە رێوشوێنی حزبی، بە تەلەفۆن، بە نوسین، بە قسە، لە کۆبونەوەی کراوەو داخراوەکاندا، لە شوێنە رەسمی و نارەسمیەکاندا خراوەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی گۆڕان، بەڵام بۆ جارێکیش نەیانتوانی و نەیانویست دەست بۆ چارەسەری تاکە کێشەیەکی جدی ببەن (دەیان کۆنوس و نوسراوی واژۆکراو و تۆماری تر هەن راستی ئەم قسانەم دەسەلمێنن)، چون لە گۆڕانیشدا دەستڕۆیشتوان و دڵخوازەکانی ئەوانن، کە سەرکێشی و هەرزنفرۆشیان بە پرۆژەی گۆڕانەوە کردوەو دەیکەن و خەریکی شتی تایبەتن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ دوای سەدان هەوڵی دڵسۆزانەی بێ ئەنجام، دەبێ چی بکرێت؟ ئایا کۆڵ بدەیت و، خۆت رادەستی ئەمری واقیع بکەیت؟ یان بە بێ دەنگی بڕۆیتە ماڵەوە لێی دانیشی؟ حیزب دامەزراوەیەکی گشتیە، هی تاقمێک نیە تا لێگەڕیی بە کەیفی خۆیان ئاڕاستەی بکەن. کاتێک سەدان هەزار کەس بەشداربون لە دروستکردنی گۆڕاندا، مافی خۆیانە لە وردو درشتی ژیانی ئەم حیزبە بپرسنەوە. بە تایبەت لە دۆخێکدا بە ئاقاری لادان و هەڵگەڕنەوەدا ببرێت، ئا لەم ساتەدا ئەرکی ئەخلاقی ئەوەیە دەنگ هەڵبڕی، رەخنە بگری، راستیەکان بە خەڵک بڵێی. سەرنج لەم هاوکێشەیە بدەن؛ پاش گوێ نەگرتن و چارەسەرنەکردنی کێشەیەکی هەستیار لە رێگەی ئۆرگانەکانەوە، کە ئەم راستیە لە کات و ساتی خۆیدا دەخەیتە بەردەم دەنگدەران و هەڵسوڕاوان و لە مەترسیەکان ئاگاداریان دەکەیتەوە هەندێک دەڵێن: نەدەبو لە میدیاکاندا ئەم قسانە بکەی! خۆ کاتێک درەنگ وەخت ئەم راستیە دەدرکێنی هەندێکی تر دەڵێن: بۆ لە کاتی خۆیدا باست نەکرد؟! لە سەر ئەو قسەوباسانەی سەرەوە دەمەوێ ئاماژە بە نمونەیەکی زیندو بکەم: ئەوەی لەم سەروەختەدا بە ناوی رێکەوتنی پارتی-گۆڕانەوە لە سەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە دەستبەرداربونی سیستمی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدایە کە کرۆکی بەرنامەی سیاسی گۆڕان پێک دەێنێت. ئەوەی دەکرێت سیستمی پەرلەمانی نیە، ئەسڵەن هیچ جۆرە سیستمێک نیە، بەڵکو دەقیق جێبەجێکردنی ئەجێندای پارتی و ئاوا کردنی سیستمی دڵخوازو داهێنراوی بنەماڵەیە. ئەوەی دەکرێت دەرئەنجامی سەرکەوتنی لۆبی پارتیە بە سەر لۆبی گۆڕاندا لە گردەکەی ‌قڵای گۆڕانکاری، وەک چۆن ساڵانێکە لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا ئەم دیاردە سەیرە دەیبینین. ئەوەی دەسڕۆیشتوانی گۆڕان دەیکەن هەمان رۆڵگێڕانی یەکێتیە لە ناو ئەجێنداو سیاسەت و سیناریۆی پارتیدا، بەڵام بە نرخێکی زۆر هەرزانتر. ئەوەی لە رۆژانی داهاتودا بە ناوی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لە پەرلەمان دەکرێت ٣٠ حوزیرانێکی ترە. ئەو پۆستانەی دەدرێن بە گۆڕان هیچ نیە جگە لە بەرتیلێکی بێ بەها لای پارتی لە بەرامبەر دەستبەرداربونی گۆڕان لە لوبی خەباتی گٶڕان و نەوشیروان مستەفا کە خۆی لە گۆڕینی سیستمدا دەبینیەوە. لە ماوەی رابردودا بە بێ دەنگی و لە ناو ئۆرگانەکانەوە هەوڵی زۆر درا تا رێگە بەم هەرزانفرۆشیەی گۆڕان نەدەرێ، دوا جار لە ٢٦ی ٣ی ٢٠١٩ بە ناوی دەیان هەڵسوڕاوی دیار و باڵاوە بە فەرمی بڕایاربەدەستانی گۆڕان لەوە ئاگادار کرانەوە کە ئەوەی دەیکەن هەڵگەڕانەوەیە لە گۆڕان، داوایان لێ کرا هەنگاوەکانیان راگرن، بەڵام سودی نەبو. ئەمە تازەترین نمونە بو بۆ ئەوانەی کە دەڵێن:"لە ناو ئۆرگانەکانەوە قسەکانتان بکەن"، هەروەها بۆ ئەوانەش کە دەڵێن: "بۆ لە کاتی خۆیدا قسەتان نەکرد؟". وائێستا قسەمان کرد، با بزانین چی دەبێ، باقی قسەکان بۆ رۆژگارێکی تر...


رێبین هەردی  منیش وه‌ك ئێوه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ سه‌یری و گوێم له‌ شته‌كان ده‌گرت...چاوه‌رێش بووم شته‌كان ڕوون ببنه‌وه‌ و بزانین چی روویداوه‌...شته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس و ئالۆز نیه‌ پێوستی به‌م هه‌موو هه‌رایه‌ هه‌بێت ..كه‌سانێك ده‌ڵێن هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه‌ و به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ داوای پاشگه‌زبونه‌وه‌یان لێكردوین له‌ كۆمه‌ڵێك شت..هیچ ئه‌م هه‌رایه‌ی ناوێت ئه‌وه‌ ژماره‌ی ته‌له‌فونه‌كان و كێن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ل بكرێت..بنه‌مای هه‌موو تۆمه‌تێكیش له‌ هه‌موو دنیایه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆمه‌تبار بێ تاوانه‌ تا ئه‌و كاته‌ی تاوانه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێت..نه‌ك تۆمه‌تبار تاوانباره‌ ته‌نانه‌ت گه‌ر نه‌ش سه‌لما.  به‌لام ئه‌مه‌ی هه‌نوكه‌ رووده‌دات هیچ په‌یوه‌ندی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌م كه‌یسه‌ نیه‌..ئه‌مه‌ی رووده‌دات نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئیرهاب و تۆقاندنێك كه‌ هیچ پاساوێكی نیه‌ رقێكی سیاسی قوڵ نه‌بێت له‌ كۆمه‌ڵێك شتی سیاسی كه‌ هیچ په‌یوه‌‌ندی به‌م كه‌یسه‌وه‌ نیه‌...ئه‌م هه‌لكوتانه‌ سه‌ر ئه‌ندامانی نه‌وه‌ی نوێ به‌و شێوه‌ ره‌ق و تونده‌، ده‌ستدرێژیه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێكی ژێر پێ خستووه‌. عه‌قل و مه‌تق ده‌ڵێن كێ داواكراوه‌ به‌ فه‌رمی داوابكرێت و گه‌ر خۆی نه‌چوو ده‌زگاكانی پۆلیس ده‌ستگیریده‌كه‌ن..تازه‌ خه‌لكانێك به‌رده‌وام و رۆژانه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن كه‌ هیچ دیار نیه‌ په‌یوه‌ندیان به‌م كه‌یسه‌وه‌ چیه‌. ئه‌م ئیرهابه‌ بێ پاساوه‌ راوه‌ستێنن و فه‌رمون لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمی خۆتان بكه‌ن..ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موان حه‌ز ده‌كه‌ین راستیه‌كان ده‌ركه‌ون..به‌لام نه‌ك به‌ ئیرهاب و تۆقاندن و به‌لاڕێدا بردنی بۆ توڵه‌ی سیاسی له‌ هێزێك كه‌ گوتاره‌كانی به‌ دڵی تۆ نیه‌.  هه‌لكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای حیزبی به‌و شێوه‌یوه‌ دلره‌قانه‌یه‌ و سوكایه‌تی كردن به‌هه‌ركه‌سێك دێته‌ به‌رده‌ستیان و ته‌نانه‌ت ئازاردانیان(وه‌ك ده‌بیتسین)، كارێكی ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ون و ناشرینه‌ كه‌ ته‌نیا رووی ئه‌و هێزانه‌ ره‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌وه‌ ده‌چێ براده‌ران تا ئێستاش بۆیان هه‌رس نه‌بووێت كه‌ ئێستا حوكمرانی ده‌كه‌ن و له‌ شاخ و دۆخی شۆڕشدا نین ، هه‌نوكه‌ دادگا و پۆلیس و دنیایه‌ك به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌تان هه‌یه‌ كه‌ هیچ پێویستان به‌م ئیرهاب و توقاندنه‌ نیه‌..رێگه‌ یاسای و ئاساییه‌كه‌ بگرن و كه‌سیش له‌مڕوه‌وه‌ گله‌ییتان لێ ناكات، نه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ررۆژه‌ و هه‌لكوتنه‌ سه‌ر ئه‌م و ئه‌و وبه‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڵره‌قانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌لییه‌كه‌ی داعشتان گرتبێت، ئه‌م و ئه‌و بگرن.  من وای ده‌بینم ئه‌مه‌ی هه‌نوكه‌ ڕووده‌دات پێشێلكاریه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ كه‌ گه‌ر ئه‌مرۆ یه‌خه‌ی ئه‌و براده‌رانه‌ی گرتووه‌، سبه‌ی یه‌خه‌ی خه‌لكی تریش ده‌گرێت. بێ مانایه‌ له‌ ولاتێكدا كه‌ كۆی ده‌زگا فه‌رمیه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌به‌رده‌ست خۆتدان، دادگا و پۆلیست هه‌یه‌، به‌مشێوازه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ شكاتێكدا بكه‌یت كه‌ هێشتا بۆ كه‌س دیار نیه‌ چه‌ندی راسته‌ و چه‌ندی ناراست، كێ كردوێتی و تاوانه‌كه‌ خۆی چیه‌...مرۆڤ به‌راستی ئه‌و پرسیاره‌شی به‌ گه‌وره‌ی لا دروست ده‌بێت..ئه‌رێ هه‌ڕه‌شه‌ به‌ مۆبایل و سایته‌كان یه‌كه‌مه‌جاره‌ رووبدات و كه‌ رووشیداوه‌ هه‌روا ره‌فتای له‌گه‌ڵ كراوه‌.  ئه‌م دۆخه‌ بۆستێنن...لێگه‌ڕێن شته‌كان به‌ ڕێڕه‌وی ئاسایی و یاسایی خۆیدا بڕوات،،ئه‌وه‌تان له‌بیر بێت ئێوه‌ هه‌نوكه‌ حوكمرانن و له‌ شاخ ناژین كه‌ هیچ ده‌زگا ه‌ ده‌رفه‌تێكتان نه‌بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی وورد..یه‌كه‌م شتی ڕاستیش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هه‌لكوتانه‌ سه‌ر و دڵڕه‌قیه‌ رابگرن.


عەبدولڕەحمان رەزگەیی كردنەوەی دەروازەیەكی سنوری نوێ لە نێوان عێڕاق و توركیا بە ناوی (دەروازەی سنوری ئۆڤاكۆی) لە ئێستادا بۆتە پرسێكی جدی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و سەرچاوە فەرمیەكانی ھەردوو وڵاتیش چەند جارێك باسیان لە گرنگی ئەم پرسە كردۆتەوە، بە پێی ھەواڵێكی (ئاژانسی ئەنادۆڵ) ی توركیا و ھەروەھا وەزیری دەرەوەی توركیا (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) كە لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر باسی كردووە، كە ئامانجی سەرەكی لە دواین سەردانی بۆ عێڕاق و ھەرێم بۆ ئەم مەبەستە بووە و بۆ ئەم پرسەش لەگەل بەرپرسانی عێڕاق و ھەرێم كۆبۆتەوە، باسی لە جێبەجێكردنی كردارێ پڕۆژەكە كردووە لەماوەیەكی نزیكدا، نەخشە ڕێگای جێبەجێكردنیش لەلایەن توركیاوە ئامادەكراوە. ناوچەی ئۆڤاكۆی لە ڕووی جیۆگرافیەوە بایەخێكی گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتی توركیا و عێڕاق كە دەكەوێتە سەر سنوری عێڕاق، ھەرێم و توركیا،  لەگەل عێڕاق ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی تەل-ئەعفەر لەگەڵ توركیا ھاوسنورە لەگەڵ شاری سلۆپی و لەگەڵ ھەرێم ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی زاخۆ بەدووری ١٢ كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای دەروازی سنوری پێشخابوور ، ھەرچەندە ئەم ناوچەیە لە دیوی عێڕاق لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە، بە دوری ٣٠ كیلۆمەتر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزیەوە دوورە و بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی ھەرێم كارێكی ئاسان نابێت، لە ١٦ ی ئۆكتۆبەر سوپای عێڕاق ھەوڵیدا لە ڕێگەی شەڕەوە دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لە ئێستادا توركیا و عێڕاق سورن لەسەر ئەوەی كە دەبێت پێشمەرگە ئەو ناوچەیە ڕادەستی ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی بكات و بە پێی ھەندێك سەرچاوەش وەزیری دەرەوەی توركیا ئەم پرسەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی ھەرێم باسكردووە و داوای كردووە ڕێگری نەكەن لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە. ئامانجەكانی توركیا لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە و كۆمەڵێك مەترسی گەورەی دوور مەودا لەسەر ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات:- - توركیا ھیچ سنورێكی جیۆگرافی لەگەڵ عێڕاقدا نیە ئەگەر لە ڕێگەی ھەرێمەوە نەبێت، ئەمەش لە ڕابردوودا بۆتە ھۆی ئەوەی توركیا نەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بكات، كردنەوەێ ئەم دەروازەیەش گرێیەكی گەورەی مێژوویی بۆ توركیا دەكاتەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بگات، ئەمەش دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنی ھەرێم و وەك بەدیلێك بەكاریدێنێت بۆدەروازەی سنوری ئیبڕاھیم خلیل جوڵەی بازرگانی لەم دەروازەیە سنوردار دەكات، و لە ھەمان كاتدا نیگەرانیەكانی عێڕاق دەڕەوێنێتەوە لە ھەمبەر كرینی نەوت لە ھەرێمی كوردستان. - توركیا لەوە تێگەشتووە بە بازرگانی كردن لەگەڵ عێڕاق داھاتێكی زیاتری دەست دەكەوێت وەك لەگەڵ ھەرێم، چونكە سەرەڕای ئاڵوگۆڕكردنی كەلو پەلی بازرگابی، ئێستا ھەرێم ڕۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی توركیا دەكات، بەڵام عێڕاق دەیەوێت تێكڕای بەرھەم ھێنانی نەوت لە كەركوك بۆ ١ ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا و تەواوی ئەو نەوتەش لەڕێگەی توركیاوە ھەناردە بكات، ئەگەر ھەیە ئەوكات توركیا ڕازی نەبێت چیتر نەوت لە ھەرێم بكڕێت بەمەش ھەرێم بە تەواوی پەراوێزبخەن ھەرێم  ناچاربێت تەواوی نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات، ئەمەش ھەنگاوێك دەبێت بۆ دوبارە بە پارێزگا بوونەوەی ھەرێم. - توركیا ھەمیشە ڕیسكی ئەوەی ھەیە لە جیھانی ئیسلامی و عەڕەبی داببڕێت، بەتایبەت دوای كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی زۆری باكوری سوریا لەلایەن ھێزەكانی سوریای دیمۆكرات، بۆیە توركیا ھەوڵدەدات زیاتر بەڕووی جیھانی ئیسلامی و عەڕەبیدا بكرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو خەونە صوڵگانیزمیە نوێیەی كە ئەردۆغان ھەیەتی، بەتایبەت ئەو ناوچانەی موصڵ و كەركوك كە زۆرینەی دانیشتوانەكانی ھەم سوننەن و ھەمیش لە ڕووی ئیتنیكیەوە ژمارەیەكی زۆر توركمان لەو ناوچانەدا دەژین، سەرەڕای ھەموو ئەانەش توركیا ھیچ كات سازشی لەسەر ئەم ناوچانە نەكردووە و وەك بەھایەكی مێژوویی لە دەستچوو سەیریان دەكات بۆیە ھەوڵدەدات پەویوەندیەكی كرداری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دروستبكات، ئەمەش مێسجێكە بۆ ئەوەی بڵێت كە توركیا ھەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابێت ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم ئابوریەوە پشتگیری ئەو ناوچانە دەكات. - ئامانجێكی تری ستراتیژی توركیا ئەوەیە ھەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان لەیەكتر داببڕێت ئەگەر ئەم ھەڵەش سەربگرێت دەتوانێت ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لەیەكتر دوور بخاتەوە ئەمەش گورزێكی گەورەی مێژوویی دەبێت كە لە پرسی كوردی دەدات. - توركیا ماوەیەكی زۆرە لەڕێگەی عێڕاقەوە ھەوڵدەدات ھەژموونی ھێزەكانی پەكەكە لە شەنگال و ناوچەكانی تر كۆتایی پێبێنێت، بۆیە پێدەچێت ئامانجێكی تری توركیا ئەوەبێت كە دەستوەردانەكانی لە ناوچەكانی شەنگال زیاتربكات بۆ كەمكردنەوە و نەھێشتنی ھەژموونی پەكەكە لەو ناوچانە بەتایبەتی و فراوانكردنی شەڕیش لەدژی پەكەكە بەشێوەیەكی گشتی، چونكە بە نزیكبوونەوە لەم ناوچانە دەتوانێت ئاسانتر یارمەتی لۆجیستی بگەیەنێتە سوپاكەی و چاودێری جموجۆڵەكانت پەكەكە بكات. سەرەنجام ئەگەر  كردنەوەی ئەم دەروازەیە سەربگرێت كۆمەڵێك لێكەوت و درەنجامی نێگەتیڤ لەسەر داھاتووی ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات، حكومەتی ھەرێمیش ھەستی بەو مەترسیە كردووە و ھەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ڕێریكردن لە كردنەوەی ئەم دەروازەیە، ھەر لەسەر ئەم پرسەش وشیار زێباری لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ڕووداو بیرۆكەی كردنەوەی ئەم دەروازەیەی وەك پلانگێڕی دوبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەتی ڕژێمی سەدام حسێن وەسفدەكات، باس لەوش دەكات كە ئەستەمە ھەرێم ڕێگەبدات، بەڵام پێناچێت ھەرێم بتوانێت ڕێگری بكات، یان ئەگەری زۆر ھەیە بە دانوستان یان لە بەرامبەر كۆمەڵێك دەستكەوتی مادی  تەسلیم ببن.  


د.شوان ئادەم ئەیڤەس    پێدەچێت لەئێستاوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان؛ د.یوسف گۆران بەڵێنی دانانەوەی لەکابینەی نۆیەمدا پێدرابێت وا دەبێژێت: «تا ساڵی ٢٠٢٣ ھیچ زانکۆیەک نامێنێت متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەھێنابێت». ئەگەرچی خەونەکەی گۆران؛ خەونی من و سەدانی ئەکادیمیی دیکەی ئەم ھەرێمەیە، بەڵام پێمخۆشە منیش ئەمە بکەمە دەرفەتێک تاوەکو ھەندێ پێشنیاز بخەمەروو؛ بەشکو ببێتە خەون و کارنامەی کابینەی وزاریی نوێ، چونکە سیڤییەکەی خۆم بۆ وەزیریی ھێشتا «خزمەتی حزبیی و پاساتی نێوان تەکەتولەکان»ی کەمە و وەرناگیرێت. وەگەرنا نەک ھەر بەڵێن، بەڵکو بە چڕیی کارم لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەکرد: ١. لەخۆگرتن و دەستنیشانکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روون و ئاشکرا بۆ کایەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا. بۆنمونە؛ دیموکراسی، لیبراڵی، دیکتاتۆری، ...تد. بەبێ دیاریکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روونی نووسراو؛ ھەمان ئەزموونی ٢٨ساڵی رابردوو دووبارە دەبێتەوە کە میزاج و زەوق و سەلیقەی کەسەکان بڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسەکان دەدات، نەک پلانی پێشوەختەی دیراسەتکراو. ٢. گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پێکھاتەی کارگێڕیی، دارایی و زانستیی ئێستای وەزارەت و جێگرتنەوەی ئەنجومەنێکی نیشتمانیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بەجۆرێک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەوەی ھەبێت کە کار لەسەر رێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی کواڵتی زانکۆ و پەیمانگاکان و نێوەندە ئەکادیمییەکانی دیکە بکات یان دایان بخات. ٣. قۆناغ بە قۆناغ ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو نێوەندە ئەکادیمییەکانی حکومەت و سەربەخۆکردنیان لەرووی ئەکادیمی، کارگێڕیی و داراییەوە. بۆئەوەی ھەریەکەیان بکەونە کێبرکێ؛ ئەو بەش و کۆلیژ و سەنتەرانەی ھیچ پێویستیی و بەشدارییەکی راستەقینەیان نییە رێکبخرێنەوەو سەرلەنوێ بە ناو و ناوەڕۆکی نوێ کە ھاوشان بێت لەگەڵ پێداویستیی بازاڕی کاردا دابڕێژرێنەوە. ٤. جیاکردنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی زانستیی لەھەریەک لە کارگێڕیی و دارایی لەنێوەندەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییدا. ھەڵەیەکی گەورەیە؛ تاقەکەسێک دەسەڵاتی بڕیاردانی یەکلاکەرەوەو جێبەجێکردنی لەھەرسێ پرسی زانستی، کارگێڕیی و داراییدا ھەبێت و بەھیچ فلتەرێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدا نەڕوات. بۆنمونە ، ئێستا لەھەندێ «زانکۆی حکومیی ھەرێمی کوردستاندا» نەک ھەر ئەنجومەنی زانکۆکان بێدەسەڵات و فەرامۆشکراون، بگرە شۆفێری تایبەتیی سەرۆکی زانکۆ؛ بەبێ بڕوانامە و لەکاتێکدا خوێندکاری زانکۆیە دەکرێتە بەڕێوبەری بەشی خزمەتگوزارییەکانی زانکۆ و لەھەندێ پرس و بارودۆخیشدا، شۆفێر و بەرپرسی نووسینگە تایبەتییەکەی سەرۆکی زانکۆ لەیاریدەدەر شکڵییەکانی دەسەڵاتییان زیاترە! ٥. تاوەکو دە ساڵی دیکەش، زۆر زۆر پێویستە لە چوارساڵ زیاتر رێگە بەھیچ سەرۆک زانکۆ، راگری کۆلێژ و پەیمانگا، سەرۆک بەش، یاریدەدەران و بەڕێوبەرانی خوارتر نەدرێت لەیەک پۆستدا بمێننەوە، چونکە ئەوانەی زۆرتر لەپۆستێکدا دەمێننەوە، زووتر بۆگەن دەکەن و لەسەر گەندەڵیی کڕدەکەون. بەچەشنێک ئێستا سەرۆکی ھەندێ زانکۆ؛ ئەگەر پرۆژە بازرگانییەکانیان لەپرۆژە ئەکادیمییەکانیان زیاتر نەبێت، ئەوا لەگەڵ ھەندێ دەڵاڵی دیکەدا بەشی ئەوە دەکات کە بازرگانیی دەرمان، یەکەی نیشتەجێبوون، یانەی شەوانە و رێستورانتی پێبکەنەوە! ٦. جێبەجێکردنی پلانی درێژەدان بەخوێندنی باڵا، بەجۆرێک ئەوانەی دبلۆمی دووساڵەی پەیمانگاکان تەواودەکەن رێگەیان پێبدرێت بەردەوام بن لە کۆلیژەکانداو لەساڵی سێیەمەوە درێژە بەخوێندن بدەن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بھێنن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کواڵتی خوێندنی پەیمانگاکان بەجۆرێک بەرزبکرێنەوە کە خاوەن بڕوانامەیەکی دبلۆم رووبەڕووی ھیچ گرفتێک نەبێتەوە؛ کاتێک بیەوێ لەساڵی سێیەمی زانکۆدا درێژە بەخوێندنی زانکۆیی بدات. ٧. ھەڵسەنگاندنی ساڵانەی ستافی ئەکادیمیی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەچەشنێک ئەوەی ماستەر و دکتۆرا یان یەکێکیانی نەبێت و لەخولی رێگەکانی وانەوتنەوەدا دەرنەچووبێت، رێگەی وانەوتنەوە و سەرپەرشتیکردنی «توێژینەوەی دەرچوون»ی پێنەدرێت. ئەمەش ئاسانکاریی دەکات بۆئەوەی کێبرکێ دروست بێت، تاوەکو تەمەڵیی فەرمانبەری ھەمیشەیی نەمێنێت و لەسەر بنەمای ھەڵسەنگاندنی دادوەرانەی ساڵانە، گرێبەستی کارکردن تازە بکرێتەوە، چونکە ئێستا گاڵتەجارییەکە بەجۆرێکە، لەھەندێ پەیمانگای حکومییدا خوێندکاری زانکۆ؛ دەکرێتە مامۆستا! ٨. سوودوەرگرتن لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا، خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لەوڵاتانی ئەوروپا وخۆرئاوادا تەواوکردووە؛ بەئامانجی گواستنەوەی ئەزموونی خوێندن و کارگێڕیی دەرەوە بۆ ناوخۆی کوردستان. ٩. چاکسازییکردن و گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی «تاقیکردنەوە» و «توێژینەوەی دەرچوون» لەپەیمانگا و زانکۆکانەوە تاوەکو بەماستەرو دکتۆرا دەگات. ١٠. رەخساندنی زەمینەی ئازادی دەربڕین و کارکردنی ئەکادیمیی ھاوشان لەگەڵ دروستکردنی گیانی کێبرکێی لیبراڵ لەنێو ستافی ئەکادیمیی و کارگێڕیی زانکۆ و پەیمانگاکاندا بۆ وەرگرتنی پۆست و پێگەی جیاواز، نەک پەراوێزخستنی ستافی خانەخوێ و سواڵکردنی ستاف لەزانکۆ و پەیمانگای دیکە. ھاوکات رێگریکردن لە دیاردەی وەکالەت و وەرگرتنی دوو پۆست و سێ پۆست لەلایەن یەک کەسەوە، چونکە ئەوە دەیسەلمێنێت؛ یان پۆستەکان بچووک و بێبایەخن یاخود ئەوانەی وەریدەگرن؛ ئەڵقەلەگوێ و کاسەلێسی سەرووترن!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand