قوباد تاڵەبانی شكست ئەهێنێت؟؟؟

Draw Media

2019-05-16 09:26:04



ژوان ئەحمەد سەعید 

چیتر نابێ ئەمە لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی قبوڵ بكرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی باس ئەكرێت‌و لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی گفتوگۆی لەسەرە، پۆستەكانی ئەم جارەی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم بۆ ئەم كەسانە ئەبێت:

- ئەندامانی مەكتەبی سیاسی
- ئەندامانی سەركردایەتی
- كوڕە نازدار‌و ناسكەكان بەرپرسان

ئەگەر ئەوانەی باس دەكرێن راست بن، كەواتە:

مەكتەبی سیاسی گەیشتۆتە ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی‌و سوكایەتی كردن بە ماندوبونی كادران‌و مێژووی ئەم حزبە، ئەگەرنا ئەم حزبە كەی موڵكی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بوە تا بیكەن بە رەوزە بۆ مناڵەكانیان.؟؟؟!!!

- كەواتە جێگری سكرتێری یەكێتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، تەواو بێباك بون لە كادر‌و ئەندامان، بۆیە لەكاتی هەڵبژاردن هەمویان ئەڕەتێنن بۆ دەنگ كۆكردنەوە، دواتریش بەرهەمەكەی بۆ خۆیان‌و كوڕەكانیان دائەنێن، كادرانیش با 60 رۆژ جارێك وەك سواڵ‌و دەرۆزە موچەیان پێ بدرێت.

- كەواتە كوڕە نازدارەكانی ئەوان دیاری‌و هەڵبژێردراوی خواوەندن، بۆیە بەبێ فلتەر‌و لەبەر بەرژەوەندیە بەیەكاچوەكان راستەوخۆ دەبنە وەزیر‌و بەرپرسی پلە باڵا، كادرێكیش پێویستە سەد ساڵ كاربكات بۆ ئەوەی یەك پلە بچێتە پێشەوە.

- كەواتە ئەم حزبە لەلێواری مەرگ نزیك بۆتەوە، چارەنوسی حزبەكەی گاندی‌و یاسر عەرەفات چاوەروانیەتی‌و هاكا لەبەریەك هەڵوەشا بۆیە بەرپرس‌و كوڕ‌و كچەكانیان هێندە هەڵپەی پۆست ئەكەن چونكە دوكانە سیاسیەكەیان خەریكە لەبەین ئەچێت.

- كەواتە: كاتی ئەوەیە كادرانی یەكێتی لە گشت ئۆرگانەكان، مەڵبەند‌و كۆمیتە، مەكتەب‌و رێكخراوەكان، گوشار دەست پێ بكەن بۆ ئەوەی یەكێتی بە نزیكترین كات كۆنگرە ببەستێت، چونكە بەپێی ئەوەی باس دەكرێت، سەركردایەتی خۆی بێدەنگ كردوە‌و بەنیاز نیە بەم زوانە كۆنگرە ببەسترێت، ئەگەرنا هەمومان مەرگی یەكێتی ئەبینین

قوباد تاڵەبانی لە ئێستاوە حوكمی فەشەلی بەسەر خۆیا سەپاندوە ئەگەر ئەو ناوانە، چ مەكتەبی سیاسی‌و چ سەركردایەتی‌و چ مناڵە نازدارەكانیان قبوڵ بكات لە ستافەكەیدا لە حكومەت.

بەدڵنیاییش هەڵبژاردنی كەسەكان بە خودی قوباد تاڵەبانیشەوە لە دەسەڵاتی مەكتەبی سیاسیدایە كە خۆیان هۆكاری شكستەكانن نەك خودی قوباد هەڵیانبژێرێت

دواتریش باوكی ئەو مناڵانە لەپێش هەمویانەوە دێن‌و لەسەر تەلەفزیۆن‌و لە كۆڕەكاندا دەڵێن: قوباد چی بۆ ئەم حزبە كردوە؟؟
قوباد تاڵەبانی ناكارایە

ئایا قوباد تاڵەبانی ئەم شكستە حەتمیە توشی خۆی ئەكات؟؟؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand