د. شۆڕش حاجی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەرکەوتنی وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستانی عیراق، بوە هەوێنی کۆکردنەوەی هەمو ئەو ئاراستەو تاک‌و لایەنەنانەی کە بڕوایان بە گۆڕینی سیستمی سیاسی‌و واقیعی ئابوری‌و کۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری کوردستانی عیراق هەبو. ئەو رەوتە چاکسازی‌و گۆڕانخوازییە لە ماوەیەکی کورت‌دا بوە جێگای ئومێدی رێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، چونکە پەیام‌و ئامانجەکانی لە بەرژەوەندی زۆربەی چین‌و توێژەکان بو بەبێ ئەوەی هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بێ. لەبەرامبەردا بوە مایەی ترس‌و دڵەڕاوکێی هەمو ئەو تاک‌و دەستەو هێزو لایەنانەی کە بەرژەوەندیان لە مانەوەی ئەو واقیعە سەپێنراوەی ئەو سەردەمەدا بو. هەردو بەرە بە جیدی چونە ناو ململانێیەکی توندەوە بۆ بەلاداخستنی ئەو بۆڕبۆڕێنە تازەسەرهەڵداوەو تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە بەرژەوەندی لایەکیان لە تێکشکاندنی ئەو رەوتەدایەو قازانجی لایەکەی تر لە سەرکەوتنیەتی. بزوتنەوەی گۆڕان خەباتی مەدەنی‌و پەرلەمانی هەڵبژارد وەک شاڕێی گۆڕانکاری؛ پرۆژەی چاکسازی بۆ زۆربەی جومگەکانی دەسەڵات‌و دامەزراوەکانی حکومەت پێشکەش کرد؛ پەیکەرێکی رێکخراوەیی حیزبیی جیاوازی داهێنا؛ خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ ئێستا‌و ئایندەی کوردستان خستە بەردەم هاونیشتیمانیان؛ میکانیزمێکی نوێی بڕیاردانی لە ناوخۆی حیزب پیادە کرد‌و تێڕوانینێکی هاوچەرخی سەبارەت بە بایەخدان بە نەوەی نوێ‌و سودوەرگرتن لە سامانی مرۆیی‌و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەمو تواناکان هێنایە کایەوە. بەڵام ئەو هەلومەرجە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەی کوردستانی عیراق‌و، شێوازی باوی کاری حیزبی‌و، کلتوری پاشماوەی شەڕی ناوخۆ‌و، نەفەسی یەکترقبوڵنەکردن‌و، توندڕەوی لە زیهنییەتی بەشێک لەوانەی لەناو کایەی سیاسەتدا بون کاریگەریان لەسەر شێوازی کاری حیزبی‌و بەیەکەوە کارکردنی خاوەن بیروڕا جیاوازەکان لە چوارچێوەی یەک رێکخراوی سیاسی‌دا دروستکرد. هەر لەبەر هەمان ئەو هۆکارانە زۆر جار شێوازی ململانێی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە رێچکە سروشتییەکەی خۆی دەرچو. بێگومان ئەو بارودۆخە رەنگدانەوەی لەسەر ناوخۆی گۆڕان‌و خیتابی ئیعلامی‌و کاری پەرلەمانی‌و جەماوەری گۆڕانیش دروست کردوە. هەروەها کۆچی دوایی کاک نەوشیروان وەک کەسایەتییەکی سیاسی دیار‌و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەلومەرجێکی نالەباری تری هێنایە ئاراوە، کە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە لەئێستادا کارێکی ئاسان نیە. هەمو ئەوانە بارودۆخێکی هەستیارو نوێی هێناوەتە کایەوە کە پێویستە تێڕامان‌و هەڵوەستەیەکی ژیرانەی بۆ بکرێ. ئێستا لەم ساتەوەختەداو لەبەردەم دوڕیانی شکست‌و سەرکەوتنی ئەو رەوتەدا ئەرکی ئەوانەی بەرەی یەکەم، کە بریتین لە هەڵسوڕاوان‌و سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و گۆڕانخوازان‌و رۆشنبیران‌و نوخبەی کۆمەڵگای کوردەواری‌و هەمو ئەوانەی ئومێدیان بە گۆڕانکارییە، قورسترە. ئەرکی بەرەی گۆڕانخوازان ئەوەیە هەمو بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی هەوڵ‌و پیلانی بەرەی بەرامبەر پوچەڵ بکەنەوەو ئەم رەوتە بەرەو سەرکەوتن ببەن، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان هی هەمویانە. ئەمەش بە پەیڕەوکردنی گیانی گوێگرتن‌و قبوڵکردنی یەکتری‌و، رێزگرتن لە بیروڕای جیاواز‌و، هەڵسەنگاندنی بابەتییانە بۆ روداو‌و پێشهاتەکان‌و، دەوڵەمەندکردنی کارەکان بە پرۆژەی واقیعی‌و هاوچەرخ‌و رەخنەی بابەتییانە لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و کەناڵە فەرمییەکاندا. نەک رەتکردنەوەی یەکتر‌و، سەپاندنی بیروبۆچونی تاکەکەسی‌و، خۆبەپاڵەوان کردن‌و بۆسە نانەوە بۆ شکاندنی یەکتر‌و، کارکردن بە گیانی تۆڵەسەندنەوەو، دەرخستنی شڕوشیتاڵی یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. دیارە کە بەرژەوەندی هەر رێکخراوو حیزب‌و تەنانەت خێزان‌و کۆمپانیاو دامەزراوەی مەدەنی‌و حکومیش لەوەدایە کە چوارچێوەو پرەنسیپ بۆ کاری بەیەکەوەیی‌و هەنگاونان بەرەو ئایندە دابنێ. ئەگەر ئەوە پەیڕەو نەکرێ هەمو شتێک لە گرێژەنە دەردەچێ‌و ناتوانرێ بەرەو پێش هەنگاو بنرێ. لەهەمان کاتدا پەیڕەوکردنی خەسڵەتی رەخنە لەخۆگرتن‌و داننان بە هەڵەو کەموکوڕییەکان ماکی سەرکەوتنی هەر کەس‌و دەستەو دامەزراوەو حیزب‌و رێکخراوێکە لە بواری کارکرندا. لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ کە لەم بارودۆخەی ئێستادا نەک بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو چمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم دوڕیانی مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندایە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان شکست بێنێ ئومێدی خەڵک بە گۆڕانکاری بۆ ماوەیەکی زۆر خامۆش دەبێ. ئەمەش وا دەکا ئەم واقیعە ناجورە سەپێنراوە بەردەوام بێ‌و ئەرکی نەوەکانمان لە دواڕۆژ زۆر قورس‌تر بێ.
كامەران وریا قانیع به‌شی 2 كۆتایی كۆرییه‌كان قسه‌یه‌كی باویان هه‌یه ده‌ڵێن( كۆریه‌ك به‌رامبه‌ر یابانیه‌ك ، كۆریه‌كه به‌هێزتره، به‌ڵام كۆمه‌ڵه كۆرییه‌ك به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵه یابانیه‌ك، كۆمه‌ڵه یابانیه‌كه به‌هێزتره) ئه‌م وته‌یه ده‌ربڕینی كاری پێكه‌وه‌ییه كه له چ ئاستێكی به‌رزه له كۆمه‌ڵگای یابانی به‌راورد به كۆمه‌ڵگای كۆری. ئه‌م كاری پێكه‌وه‌یه و ئاماده بوون به كاركردن به گروپ له بواری ئابوری پێده‌ڵێن (سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نووسینه باسكرا. سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك هه‌ر جۆره سه‌رمایه‌كی تر ده‌كرێت له ده‌ست بدرێـت یاخود كه‌مبێـته‌وه له ساتێكی زه‌مه‌نی بۆ ساتێكی تر.هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌م سه‌رمایه‌یه زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكرێت. به كورتی له په‌نجا ساڵه‌ی رابردووی كۆمه‌ڵگای كوردی ئه‌م سه‌رمایه‌ی به‌ر چه‌ندین هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زین كه‌وتوه، وه ئه‌م سه‌رمایه زیاتر سه‌رمایه‌ك بوه كایه‌ی سیاسی دروستی كردبوو( پێچه‌وانه‌ی یابانیه‌كان كه زیاتر له بواری ئابوری و پیشه‌سازی یاساكانی كاركردن دروست بوه) چونكه كۆمه‌ڵگای كوردی تا ئه‌م ساته‌ش له رووی پیشه‌سازی و بواری ئابوری رۆلێكی ئه‌وتۆی نیه ، كۆمه‌ڵگای كوردی به حكومی ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می داگیركه‌ر زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌رێ كردوه ، رژێمه داگیركه‌ره‌كانیش بوونی گروپ هاندانی رۆحی كاركردن و هاریكاری به كۆمه‌ڵ به یه‌كێك له محره‌ماتی( بڤه‌كانی ) كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌زانێت( هه‌رچه‌ند خه‌ڵكی هه‌ولیری ئازیز له ساڵی 1988 سه‌رمایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی دروست كرد كاتێك هاوكاریه‌كی گه‌وره‌یان له كۆلانه‌كانی شار كۆكرده‌و پێشه‌كه‌شی هه‌ڵبجه‌یه‌كان كرد كاتێك ئاواره‌ی هه‌ولێر بوون ، پرۆسه‌ی هاوكارییه‌كه و كاری پێكه‌وه‌یی ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو ، حكومه‌تی ناچار كرد كه ته‌نها وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك رۆڵ ببینێت ) . لێره‌دا كۆمه‌ڵگای كوردی ناچار كراوه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای خۆی زیاتر له شاخه‌كان به دوای سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و متمانه بگه‌رێت كه خۆی له شۆرش كردن ده‌بینێته‌وه . ئه‌م شۆرشانه‌ی كورد به‌شێكی گه‌وره‌ی متمانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ خۆی بردبوو، به‌جۆرێك گه‌نجێك ئاماده بوو له زیندان له سێداره‌ش بدرێت به‌ڵام متمانه‌ی هاورێكانی نه‌دۆرێنێ. له سه‌ره‌تای راپه‌رینی 1991 ئه‌م متمانه‌یه ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو، هه‌ر تاكێكی كورد خۆی به پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌زانی، هه‌موو له بیرمانه سه‌ره‌تاكانی راپه‌رین ( سه‌ری به‌رزمان بۆ مووچه نه‌وی ناكه‌ین) به هێزترین دروشم بوو له كۆمه‌ڵگای كوردی. ئه‌وه‌ی دواتر روویدا له ده‌ست دانی ئه‌و متمانه‌یه یاخود ئه‌و ( سه‌رمایه كۆمه‌ڵایه‌تیه ) بوو له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم كه ته‌زویر هه‌موو پرۆسه‌كه‌ی بێ مانا كرد، كه لێره‌دا خه‌تای كۆمه‌ڵگا نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌تای ئه‌و سیاسیانه بوو كه به روحێكی نه‌خۆشه‌وه هاتنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگا و سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆداڕمانی ئه‌و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه له شاخه‌كانه‌وه دروست كرابوو. دواتر شه‌ڕی برا كوژی هات له ناوه‌راستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، نیشتمان كرا به دۆزه‌خه‌ێك ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی به پێشمه‌رگه ده‌زانی له راپه‌رین یه‌كه‌م كه‌س بوو،بارگه‌ی پێچایه‌وه‌و به‌ره‌و سه‌فه‌ره‌ی هانده‌ران به یه‌كجاری رۆیشت. ئه‌م دۆخه له دوای رووخاندنی سه‌دام حسینیش هه‌ر به‌رده‌وام بوو،هه‌رچه‌ند جار جار سه‌رمایه‌كه دروست ده‌كرایه‌وه ( وه له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی) زۆربه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌ستیان به سه‌ركه‌وتنێك ده‌كرد كه یه‌كه‌مجار بوو له مێژووی هاوچه‌رخ كورد ئه‌وه‌نده قورسایه‌یی هه‌بێت له ناوه‌ندی وڵاته‌كه‌ی. به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م ده‌سته‌كه‌وتانه‌ش به‌سترانه‌وه به كۆمه‌ڵه پۆستێك كه دووهێزی وه‌ك پارتی و یه‌كیه‌تی به‌كاریان هێنا بۆ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی زۆر بچوك كه له ئاستی چاوه‌روانی كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌بوو، له‌و ساته‌دا هه‌رچه‌نده دۆخی ئابوری خه‌ڵك به‌ره‌و باشتر بوونێكی گه‌وره ده‌چوو، شاره‌كان گه‌وره بوون، دێهاته‌كان ئاوادان كرانه‌وه، فرۆكه‌خانه‌كان دروست كران، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م ده‌سته‌كه‌وتانه ئه‌وه بوو دوو حوكمران ده‌یانكرد كه رۆژ به رۆژ پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌یان پێ به‌هێز ده‌كرد( متمانه‌یه‌نا له هه‌مۆوو كۆمه‌ڵگا ده‌سنده‌وه)، رۆژ به رۆژ بریاره سه‌ره‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی له رووی ئابوری و سیاسیه‌وه ، سنوره‌كانی بچوكتر ده‌بوونه‌وه له حزبه‌وه گۆرا بۆ مه‌كتب سیاسیه‌كان، له مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانه‌وه بۆ ناو خێزانه ده‌سترۆیشتوه‌كان( وه ده‌كرێت دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆران هه‌وڵێكی گه‌وره بوو بۆ گه‌رانه‌وه‌ی متمانه به تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا، وه كۆمه‌ڵگاش پشتگیریه‌كی گه‌وره‌ی لێ‌كرد ) .هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كوردستان به‌ناو له‌شكرێك له كه‌سی گه‌نده‌ڵ و ده‌زگای گه‌نده‌ڵ به‌رێوه ده‌چوو،له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی به‌دیهات له پرۆژه‌ی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كوردستان، ده‌كرا زۆر زیاتر بوایه ، ئه‌م به سیستماك كردنی گه‌نده‌ڵیه بووه هۆی بێهێز بوونێكی گه‌وره‌ی متمانه و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. له بواری ئابوری ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه كه ده‌كرێت بگوازرێته‌وه بۆ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی كه میلله‌تانی دنیا كاری پێده‌كه‌ن ئه‌ویش ( شۆرشی خواسته‌كانه). ئه‌م شۆرشه زیاتر له سه‌رده‌می جیهانگیری و سه‌رده‌می په‌یوه‌ندی ئاسان به‌هۆی تۆری ئه‌نترنێته‌وه زیاتر گه‌شه‌ی كردوه، له‌م شۆرشه میلله‌تان زوو هه‌ست ده‌كه‌ن چۆن ده‌ژین و چ كه‌مورتیه‌كیان هه‌یه به‌هۆی به‌راوردكردنی دۆخی خۆیان به میلله‌تانی تره‌وه كه دۆخی ژیانیان باشتره. ئه‌م زانینه‌ش وا ده‌كات به‌رده‌وام داخوازیه‌كان زیاتر بن و چاوه‌روانیه‌كان گه‌وره‌تر بن. ئه‌م به‌راورده‌ش زۆرجار یارمه‌تی حكومه‌ته‌كان ئه‌دات باشتر كار بكه‌ن وه یارمه‌تی كۆمه‌ڵگاكانیش ئه‌دات سوود له ئه‌زموونی ئه‌وانی تر وه‌رگرن. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هه‌م لای حكومه‌ته‌كان و هه‌م لای كۆمه‌ڵگاكانیش ئه‌م چاوه‌روانیه بمێنێته‌وه بێ پراكتیك كردن یان حكومه‌تێك خۆی گێل بكات له‌م شۆرشه تازه‌یه،چونكه هه‌موو خوگێل كردنێك په‌شێوی و ناره‌زایی به‌دوای خۆی دێنێت. له كۆتایدا هێشتا كۆمه‌ڵگای كوردی سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له بواری كاركردنی سیاسیه‌وه ئه‌بینێته‌وه ، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتوه ئه‌م روانینه بگوازرێته‌وه بۆ بواره‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردی( ئابوری ، په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، كشتوكاڵ..هتد) بۆ نموونه بواری كشتوكاڵ، ده‌كرێت كۆمه‌ڵگا بیر له‌وه بكاته‌وه فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت دابنێت كه( هه‌موو گوندێكی كوردستان هێڵی ئه‌نترنێـی هه‌بێت) بكاته ئامانج ، به‌یارمه‌تی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵه ده‌وڵه‌مه‌ندێك، ده‌كرێت بوونی ئه‌نتنریت له لادێكان بڵاو كردنه‌وه‌ی رۆشنبیری فرۆشتن له‌سه‌ر نێت بوار به جوتیاری كورد به‌رهه‌مه‌كه‌ی پیشانی كۆمه‌ڵگاو جیهان بدات، به‌مه‌ش زیاتر كه‌رتی كشتوكاڵ پێش بخات.
شێرزاد شێخانی كێشه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌وه‌دایه كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی دونیا به‌گشتی گۆڕاوه ، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌ت و حوكمداریدا ، به‌ڵام ئه‌و تاكو ئێستاش به هه‌مان عه‌قڵییه‌تی ساڵانی شه‌ست وحه‌فتاكان بیر ئه‌كاته‌وه‌و ، ناتوانی خۆی له‌و وه‌همه ده‌رباز بكات و تۆزێك براگماتیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی روژدا بكات . سیاسه‌تیش وه‌ك هه‌ر بوارێكی تری ژیان هه‌میشه له‌گۆڕانكاریدایه ، ئه‌گه‌ر حزبێك نه‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵیدا بگونجێنێ ، هه‌ڵبه‌ت دوا ئه‌كه‌وێت وشكست ئه‌هێنێ . كێشه‌ی ئێستای سه‌رانی پارتی له‌وه‌دایه ، تاكو ئه‌مڕۆش گۆڕانكارییه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییان پێ ئه‌زم ناكرێ ، له‌وه تێناگه‌ن كه سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتیش وه‌كو هه‌ر حزبێكی زیندوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌و، نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی گه‌نج شوێنی سه‌ركرده كلاسیكیه‌كانی گرتۆته‌وه، بریاره‌كان زیاتر به‌ده‌ست ئه‌و نه‌وه تازه‌یه‌یه . له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه ، سه‌ركردایه‌تی پارتی تاكو ئه‌م له‌حز‌یه‌ش ئه‌م ده‌سته گه‌نجه بریار به‌ده‌سته‌ی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به خائین وخاكفرۆش وه‌سف ئه‌كات و، له‌هه‌مو بواره‌كاندا دژایه‌تیان ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی رێكنه‌كه‌وتنی یه‌كێتییه له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر زۆربه‌ی دۆسیه‌كانی ئه‌مرۆ .. ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا روویدا سه‌باره‌ت ده‌نگدان به كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ، به‌شێكه له‌و كێشه قووڵانه‌ی په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی گه‌یانده لێواری ته‌قیینه‌وه ، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ئه‌نجامی هه‌ڵه تێگه‌یشتنی پارتییه سه‌باره‌ت به گۆڕانكارییه‌كانی ناو یه‌كێتی . ئه‌وه‌نده‌ی پارتی له‌هه‌وڵی پاشكۆكردنی به‌شێك له‌سه‌ركرده ته‌قلیدیه‌كانی ناو یه‌كێتییه، ئه‌وه‌نده هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ تاقمه گه‌نجه‌كه‌ی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌داوه ، كه ئه‌مرۆ واقیعه‌ن باڵی ده‌سڕۆیشتووی ناو یه‌كێتیین . ته‌حه‌ددای یه‌كێتی له‌هه‌موو پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به وه‌زعی ناوخۆی كوردستان ودژایه‌تیكردنی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی پرسه‌كانی به‌غداو ناوچه دابڕێنراوه‌كان ، هه‌ر ئه‌وه‌ی لێئه‌كه‌وێته‌وه كه ئه‌مڕۆ له‌ناو په‌رله‌ماندا بینیمان ، كاریگه‌ری خراپتریشی به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێ . ئێستاش تێناگه‌م پارتی بۆچی ناتوانی ئه‌و راستییه ئیستیعاب بكات كه جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له‌كه‌ركوك زۆر له‌وه گه‌وره‌تره هیچ حزبێك بتوانێ ململانێی له‌گه‌ڵدا بكات ، ئه‌م لێكدانه‌وه خراپه‌شی وایكردوه تاكو ئه‌مڕۆش پارتی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێ یه‌كێتی له‌كه‌ركوك وه‌ده‌ربنێ ، ئه‌گینا چ حیكمه‌تێكی تێدایه پارتی تاكو ئێستا رازی نه‌بێت به‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بدرێته یه‌كێتی كه ئه‌مه هه‌م ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و هه‌م ئیستحقاقی جه‌ماوه‌ریشه . ته‌نانه‌ت پارتی رازییه كه‌سێكی شۆفینیزمی وه‌كو راكان جبوری له‌م پۆسته‌دا به‌رده‌وام بێت و رۆژ به‌رۆژ دژایه‌تی كوردیش له‌م پارێزگایه‌دا بكاته سیاسه‌تی رۆژانه‌ی خۆی وپێكهاته‌كه‌ی . نزیكه‌ی ساڵێكه پارتی رێگره له‌دانانی كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ پۆستی وه‌زیری دادی به‌غدا ، ئه‌و كه خۆی خوازیاری ئه‌و پۆسته‌ش نیه ، به‌ڵام ته‌نها بۆ دژایه‌تی یه‌كێتی رازییه كه‌سایه‌تیه‌كی بێلایه‌ن وه‌ریبگری ته‌نها بۆ یه‌كێتی نه‌بێ . دوو ساڵ زیاتره پارتی و میدیاكانی رۆژ نیه به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به خائین وه‌سف نه‌كه‌ن ، رۆژانه له‌میدیا فه‌رمی وسێبه‌ره‌كانیه‌وه هه‌وڵی ناوزڕاندن و ناشرێنكردنی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ئه‌دات ، ده‌یان تۆمه‌تی ناڕه‌واشیان ئه‌داته پاڵ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی رازی نابن ببنه پاشكۆو گوێڕاێه‌ڵی سه‌رانی پارتی . پارتی ململانێیه‌كی ناڕه‌واو ناهه‌قی دكتۆر به‌رهه‌می كرد له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی عیراق ، له‌كاتێكدا كوتله عه‌ره‌به‌كانی عیراق به‌گشتی ده‌نگیان پێدا وهه‌ڵیانبژارد ، پارتی نه‌ك هه‌ر ده‌نگی نه‌دایه ، به‌ڵكو راشیانگه‌یاند كه به‌سه‌رۆكی خۆیانی نازانن و ته‌نانه‌ت ناشهێلن قاچ بخاته هه‌ولێره‌وه . ئێستا یه‌كێتیش مافی خۆیه‌تی بڵێ ، منیش نێچیرڤان بارزانی به‌سه‌رۆكی خۆمی نازانم ، ئه‌ویش مافی ئه‌وه‌ی نیه قاچ بنێته سلێمانییه‌وه . ئه‌مانه به‌گشتی هۆكاری سه‌ره‌كی گۆڕانی هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتین به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی پارتی وسیاسه‌ته تاكڕه‌وییه‌كانی ، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان روویدا ئاماژه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییه بۆ هه‌ڵویستی زۆر تووندتر به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌ته‌كانی پارتی ، به‌دووری نازانم ئه‌گه‌ر پارتی خێرا به‌خۆ نه‌كه‌وێ بۆ گۆڕینی سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی ، هه‌رێم به‌ره‌و دابه‌شبوونێكی خه‌ته‌رناك ئه‌بات . چونكه ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم روویدا ، شیمانه‌ی دو‌وباره‌بونه‌وه‌ی هه‌یه له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدان به كابینه‌ی نوێی حكومه‌تیش كه هه‌مدیس كاندیده‌كه‌ی پارتییه ، له‌م كاته‌شدا یه‌كێتی به‌ته‌واوی خۆی یه‌كللا ئه‌كاته‌وه‌و له‌پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا ئه‌كشێته‌وه. ئه‌وسا بژارده‌كان زۆر قوڕستر ئه‌بن . ئه‌گه‌ر پارتی چاوێك به‌سیاسه‌ته‌كانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا نه‌خشێنێته‌وه ، تا حه‌ددیكی زۆر شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی له‌ده‌ست ئه‌دات، چونكه له‌پرۆسه‌ی داهاتوی ده‌نگدان به كاندیده‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت هه‌مان هه‌ڵوێست دووباره ئه‌بێته‌وه ، به‌مه‌ش هه‌م په‌رله‌مانێكی لاواز‌و هه‌م حكومه‌ته‌كه‌شیان لاوازتر ئه‌بێ . به‌هه‌ردوو پۆسته‌كانه‌وه حوكمڕانی نیوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كه‌ن . ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر وه‌كو پییشه‌ی خۆی به مه‌غرووری بڕیار بدات و به‌گوێی تووندڕه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بكات و ، هه‌وڵبدات یه‌كێتی له‌ده‌سه‌ڵات دوو‌ر بخاته‌وه به كۆنتڕۆڵكردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانو حكومه‌ت و ، ره‌فزی شه‌ڕاكه‌تی راسته‌قیینه‌ش بكات ، بێگومان یه‌كێتیش بژارده‌ی تری به‌ده‌سته‌وه‌یه كه پێشتریش كاری بۆ كردوه ، ئه‌ویش راگه‌یاندنی دوو ئیداره‌یه ، ئه‌مه‌ش بژارده قوڕسه‌كه‌یه ، چونكه بێگومان یه‌كێتی ناتوانێ ببێته هێزێكی ئۆپۆسزیۆن له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمداو، پارتیش ببێته حزبی سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدار . سروشتی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه ، یان ئه‌بێ شه‌راكه‌تی راسته‌قیینه به‌رجه‌سته بێت وه‌كو ساڵانی پێشتر ، یاخود دوو ئیداره‌یی . بژارده‌ی سێیه‌م بوونی نیه و نابێ ..
د. ئەرسەلان بایز (2) کۆڵەپـشت بابڵێین دوای ریفراندۆم و (16)ی ئۆكتۆبەر، دوای هاتنە دەرەوەی هێزی چەكداری پێشمەرگە لەو شارە و هاتنەوەی سەرلەنوێی هێزە چەكدارە عەرەبەكانی عێراق. دوای بەشداری نەكردنی (پارتی دیموكراتی كوردستان) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. پارتی هێندە خەمی كەركوك و كەركوكییەكانی نییە. یان ئاگاداری زۆری ئەوە نییە چی لەو شارە دەگوزەرێ. یان با بڵێین بە هە چ پاساوێك بێت خۆی بە بەرپرسیار نازانێ. چونكە تەنیا یەك بارەگا و هێزی چەكداری لەو شارەدا نەماوە. بەڵام بە حوكمی ئەوەی بارەگا حیزبییەكان و هەندێ لە لێپرسراوە حیزبی و سەربازییەكانی «ی.ن.ك» لەو شارەدا ماون. بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد و شەش كورسی بەدەست هێنا. ڕۆژانە ئاگاداری ورد‌و درشتی ڕووداو و كارەساتەكانی شارەكەیە. بۆیە زیاتر خۆی بە خاوەن و خەم خۆری دەزانێ. بەوتەی هەڤاڵەكانم لە مەكتەبی سیاسی و هەموو لایەن و كەسانی تر بە فەرمانی (راكان جبوری) پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی، كەركوك سەرلەنوێ تەعریب دەكرێتەوە، ڕۆژانە پۆل پۆل لێپرسراوە كوردەكانی دائیرەكانی دەوڵەت لادەبرێن و توركمان و عەرەب لە شوێنیان دادەنرێن. حەشدی شەعبی شەو و نیوە شەو هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و سووكایەتییان پێدەكەن، دەست بەسەر چەكەكانیاندا دەگرن. ڕۆژانە چەند ماڵێكی كورد دەردەكرێن. عەشایەرە عەرەبەكان دەچنە سەر زاگەی سەدان ساڵەی جوتیاری دێهاتەكان و دەیانەوێ دەریان پەڕێنن، لانی كەم دەغڵ و دانەكانی ئەو ساڵەیان دروێنە بكەن و بۆ خۆیانی ببەن. ماوەی یەك ساڵ و نیویشە بەهۆی ناكۆكی و بۆچوونی جیاوازی «ی.ن.ك» و پارتی. بەهۆی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی نەتوانراوە پارێزگارێكی كوردی بەهێز لە كەركوك دابنرێت. بۆیە ڕۆژانە خوێن لە جەستەی ئەو شارە وێرانە دەچۆڕێت. ڕاستە دانانی پارێزگارێكی كورد (هەرچەندە بەهێزیش بێت) ناتوانێ هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، یان بارودۆخی كەركوك ئارام بكاتەوە. بەڵام هەر هیچ نەبێت بەشێكی زۆر لە ڕۆیشتنی ئەو خوێنە ڕادەگرێت. چونكە پارێزگار دەتوانێ تەعریب ڕابگرێت. ڕێگا نەدات فەرمانبەرە كوردەكان دەربكرێن. نەهێڵێ عەشایەری عەرەب بچنە سەر موڵك و ماڵی جوتیارەكان ….هتد. لە مێژووی ڕابردووی هەردوو حیزب كەركوك قودسی كوردستانە، كەركوك دڵی كوردستانە. چەندین دان و ستاندن و شۆڕش لەسەر كەركوك بە سەركەوتن نەگەیشتووە، لە ڕابردوودا كەركوك هۆكاری تەبایی و یەكڕیزی سەرجەم حیزب و لایەنەكانی كوردستان بووە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ حیزبەكان كردوویانە بە هۆكاری لە یەكتر ترازان، وا خەریكە پڕوشكی ئەو لەیەكتر ترازانە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە. من لێرەدا ڕووی قسەم لە سەركردایەتی هەردوو حیزبە. ئایا مەبەستتان خەمی كەركوك و ڕاگرتنی خوێنی لەبەر ڕۆیشتووی جەستەی ئەو شارەیە؟ ئایا مەبەستتان ڕزگاركردنی كەركوكییەكانە لەو ناهەقییەی ڕۆژانە بەرامبەریان دەكرێت. یان مەبەستتان بەرژەوەندی حیزبی و دانانی فڵان و فیسارە….؟ لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستاندا هەزاران پێشمەرگە و هاووڵاتی بوونەتە قوربانی سەركەوتنی شۆڕش و مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد، كەچی ئەمڕۆ «ی.ن.ك» و پارتی ئامادە نین سازش لەگەڵ یەكتر بكەن (ئامادەن سازش لە گەڵ غەیرە كورد بكەن) و چەند ناوێك بكەنە قوربانی چارەنووسی ئەو شارە. پێكنەهاتنی یەكێتی و پارتی: واتە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتنی خوێن لە جەستەی كەركوك. داوا لە هەڤاڵەكانم لە كەركوكییەكان دەكەم كە خۆیان لە هەموومان بە خەمخۆر تری كەركوك دەزانن، هەرچۆنێ بێت ڕێگا چارەیەك بۆ وەستاندنی ئەو خوێن لەبەر ڕۆیشتنە بدۆزنەوە. كەركوك گەورەترە لە كەسەكان، با ئەو ڕێگا چارەیە لای (ئەوان) جۆرێكیش بێت لە ژەهر خواردنەوە.
فارس نەورۆڵی یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی کورد یاخود نەخۆشییە درێژخایەنەکەی بەدرێژایی مێژوو نەبوونی سیمبول یان ڕەمزی ھاوبەشە ، کە سیمبولی ھاوبەش ڕۆڵێکی بنەڕەتی بۆ ھەرنەتەوەیەک ھەیە لەیەکانگیری سیاسی وکۆمەڵایەتیدا و لەھەمانکاتدا لەنەخشی ناسنامەی گشتی و نەتەوەییدا، لەمێژووی گەلانی جیھانیشدا نمونە زۆرن ، کە سیمبولەکان بوونەتە ھۆکاری پێگەشتن و تێگەشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لە کۆمارەکەی ئەفلاتون دا ، دووشت یان دوو ھۆکار ھەیە کە دڵسۆزی یان ئینتیما پەرەپێدەدا، یەکەم ھەستکردن بە شتەکان دووەم پەیوەستبوون پێیانەوە ، ئەمەش سیمبول ڕۆڵی بنەڕەتی ھەیە، ئێمە وەک کورد خاڵی ھاوبەشمان زۆرە تراژیدیا یەکێکە لەو خاڵانە، بەڵام لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان ڕێکناکەوین ، بەردەوام تراژیدیا بۆ خۆمان زیاددەکەین بێ لێکدانەوە و بیرکردنەوە کە دەبوو ئێمە دیکارتی بیربکەینەوە، ئێمە سیاسەت دەکەین بێ ئەوەی بزانین پرسیاری فەلسەفەی سیاسی چییە، سیاسەت ئەخلاقە، پرسیارە، ئامرازە بۆ پاراستنی ڕێساکان ، بەڵێنەکان و ڕێگرتنە لە پشێوی و پاشاگەردانی و بێ یاسایی ، بۆیە کورد و کەمەنەتەوەکانی دیکەی جیھان زیاتر پێویستی بە ئەخلاقی سیاسییە، بەڵام کە مێژوو دەخوێنینەوە ، ئەوەمان پێ دەڵێ کە کورد چۆن یەکمان ھاڕیوە، دەبێ تێبگەین ئێستا لە دۆخێکی جیاوازداین و ناوچەکە لەدۆخێکی ھەستیار و نادیاردایە بۆیە دەبێ کورد و ھێزە سیاسیەکان تەجاوزی زۆر مەسەلەیان بکردایە یان لەکەوانەیەکی داخراودا جیاوازییەکانیان دانایە ، نمونە پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەکرا ھەر لەسەرەتاوە بکرێتە سیمبولی گشتی، بەڵام نەکرا بەڵکو لەچوارلاوە کرایە ئامانج لە ٢٨ی ٥ ی ٢٠١٩ بەڕێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی و یەکێتی وگۆڕاندا بڕیاربوو ھەڵبژێردرێت، ئەمەش بەگفتوگۆیەکی دوورودرێژدا تێپەڕی، بەڵام وەک نوسەرێک یێژێت (گفتوگۆکانی ناو کورد گفتوگۆیەک نییە بگەنە ئەنجام بەڵکو گفتوگۆیەکە براکان زیاتر لەیەک دوردەخاتەوە). ئەوەتا دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لە نێوان لایەنەکان و ڕێککەوتنیان کەچی لەکۆتاییدا یەکێتی دەنگنادا بەڕێککەوتنەکە ، من ناڵێم یەکێتی بۆدەنگی نەدا دەبێ لەسەر ئاستی باڵای ھەردوو لا قسەی لەسەر بکرێت، لەھەمان کاتیش‌دا ھەندێ فراکسیۆن بەپەلە وتیان ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەداوە وەک ھەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە بۆیە دەمەوێت ئەوە بەو بەڕێزانە بڵێم ، ئەگەر پێتان وایە دەنگدان بەکاندیدی پارتی ڕای گشتی بۆ خۆیان ڕادەکێشن، ئەوە تێنەگەشتنە لەئێستای شەقامی کوردستانی، چونکە چیتر شەقام بڕوا بەو وەھمە ناکەن تەجاوزی ئەو جۆرە گەمەیەی کرد و ئەو سیحرە بەتاڵبوویەوە، ئێستا خەڵک ژیان و خۆشگوزەرانی دەوێ وتێگەشتوون، ئێوەش چیتان دەوێ. سەرەڕای گرفتەکان خۆشبەختانە پرۆسەکە بە پێوەری دیموکراتی شەرعییەتی وەرگرت و ھەر یەک کاتژمێر دوای پرۆسەکە لەسەر ئاستی جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان پیرۆزبایی شەرعییەتیان لێ کرد لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا و ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان پیرۆزبایی‌یان لەنێچیرەوان کرد و ئامادەیی ھاوکارییان دەربڕی بۆ قۆناغێکی نوێ، لەناو یەکێتی قوباد تاڵەبانی ھەر زوو پیرۆزبایی کرد و لەھەمانکاتدا پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی قۆناغێکی نوێیان گەیاند. بۆیە پرۆسەکە لەبەرژەوەندی گشتی کۆتایی ھات. ئەو وردە گرفتانەش لەمێژووی کورددا کەم نین وچارەش کراوە، ئەمەش وردە گرفتە و ئیرادەی گشتی بەسەریدا زاڵ دەبێت. بۆیە واباشە لایەنەکان بەتێگەشتن لەسیاسەتی جیھانی وناوچەیی وعێراقی بۆ پڕۆسەکە و بۆ چاکەی گشتی کوردستانی و تێگەشتنیان نێچرەوان بارزانی لەلاپەڕەیەکی نوێ‌دا سەرنجەکانیان بنوسنەوە و بزانن ئەمە کۆتایی دنیا نیە و گەمەی سیاسییە. ئەگەر ئێمەی کورد نەگەشتوینەتە ئاستێکی ڕاقی سیاسی ئەوەش پەیوەندی بەھۆشیاری سییاسیمانەوە ھەیە، بۆیە نابێ بەگرژی بیربکەینەوە دەبێ پەلە بکەین بۆ پێک‌ھێنانی حکومەت، چونکە خەڵک ماندووە، پێم وایە پارتی و سەرۆکی ھەرێم باش دەرکی ھەستیاری دۆخی ناوچەکە و ژیانی خەڵکی کوردستان دەکەن. بۆیە بەگیانی وەرزشی بارودۆخی ناوخۆ وەردەگرن، ئەقڵانی تەفسیری دەکات لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە لایەنەکانیش ڕوانینی پارتی بەھەمانشێوەی ئەرێنی لەچوارچێوەی چاکەی گشتی و پێوەری دیموکراتیدا وەرگرن ھەموولا تێبگەین کە باڵای کوردستان لەباڵای حیزبەکان بەرزترە و پۆستی سەرۆکی ھەرێم سیمبولی کوردستانە و شەرعییەتی دیموکراتی و پاڵپشتی یاسایی و پشتگیری جیھانی و ناوچەیی وعێراقی و کوردستانی وەرگرتووە، پەیامەکانیان ڕوون نیشانی ھەموولایەکیدا کەواتە پێویستە لەگەڵ ئەو دۆخەدا قوڵتر بیربکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ناوچەکە ئامادەکەین و بیرێکیش لە حاڵی کەرکوک وخانەقین وشەنگال و دوزخورماتوو بکەینەوە وەک تیمێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دا.
د. دیاری ئەحمەد مەجید سەرۆك وەزیرانی پێشوی سوید كارل بیلدت لە ووتارێكیدا بەناوی (بڕیاری تەنهای ئەوروپا)، كە دەربارەی دواڕۆژی ئەوروپا لەژێر سایەی پێشبینیەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەوروپا نووسیوێتی دەڵێت; لەسەروبەری ئەم هەڵبژاردنەدا چەندین پرسیار و پێشبینی و بۆچوون لە سوید و سەرجەم ووڵاتەكانی یەكێتی ئەوروپا دروستبوە، كە ئاخۆ كێن ئەوانەی سەرۆكایەتی دامەزراوە سەرەكیە گرنگەكانی یەكێتی ئەوروپا پڕدەكەنەوە و بەدەستدەگرن لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا؟ لەوانە سەرۆكایەتی كۆمیسیۆن كە ئێستا جان كلۆد یونكەرە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئەوروپی كە ئێستا سەرۆكەكەی دۆنالد تاسكە، نوێنەرایەتی باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش كە تا ئێستا فیدەریكا موگرینی بەڕێوەی دەبات، سەرۆكایەتی بانكی ناوەندی ئەوروپی كە ماریۆ دراژی لێپرسراوێتی؟ لە ڕاستیدا ئەو بابەتانەی كە تایبەتن بە لێپرسراوانی گەورە، بچوك و بێبایەخ نین، لە سیاسەتدا ڕۆڵی كەسایەتیەكان گرنگیەكی گەورەو بڕیاردەری هەیە. كاتێك كۆمەڵی ئابوری ئەوروپی دروست بوو ساڵی ١٩٥٧، كە وەك یەكەیەكی پێشینەی یەكێتی ئەوروپا هەژماردەكرێت، ئامانجە سەرەكیەكانی دابینكردنی ئاشتی بوو لە نێوان فەرەنساو ئەڵمانیادا. كۆمەڵە بە یەكێتی گومرگی لەسەر كاڵا پیشەسازیەكان (ئەڵمانیا) و سیاسەتی كشتوكاڵی هاوبەشی (فەرەنسی) دەستیپێكرد و چەندین دەیە بەردەوام بوو لەسەركاركردن بەو شێوازە بۆ خەمڵاندن و پێگەیاندنی ئەجیندا ئەوروپیەكان. پاش ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و ئیمپراتۆرێتەكەی، ئەو دەوڵەتانەی لە پشتی ”پشتێنەی ئاسنینەوە” گەمارۆ درابوون هەر زوو حەزی خۆیان بۆ ”گەڕانەوە باوەشی” ئەوروپا دەربڕی. بەوجۆرە ساڵانی دوای ئەوە یەكێتی ئەوروپا ڕوبەڕووی فراوانبوونێكی گەورە بوەوە تا بتوانێت جێگەی ئەو ووڵاتانە لە ڕیزەكانیدا بكاتەوە، ئامانجی یەكێتیش دوو ئاڕاستەی هەبوو; یەكەم یارمەتی ئەو ئەندامە نوێیانە بوو لە گەشەی ئابوری و سیاسیاندا، دوای نەمانی سیستەمی كۆمۆنیستی. دووەم پارێزگاری ئاشتی و سەقامگیری بوو لەسەر ئاستی هەموو كیشوەری ئەوروپا لە ڕێگەی پەیوەستكردنی ووڵاتەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بە دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپاوە. دیارە لێرەدا بیلدت نایەوێت بڵێت، كە ئەو فراوانبوونەی (یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ) بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات یەكێك لە ئەجیندا هەرە ستراتیژیەكانی بەرتەسك كردنەوەی مەیدانی جوڵەی ”وورچی ڕوسی” بوو، بەڵام وەختێك گەیشتە ئۆكرانیای ”باخەكەی بەردمی ماڵەكەی” ڕوسیا، ”وورچەكە” دەمێكبوو تێربووبوو وە حەسابوەوە، نەهێڵێت بە ئاسانی باخەكەی لێداگیربكەن. بیلدت دەڵێت سەردەمی دوای جەنگی سارد و پێداویستیەكانی فراوانبوونی یەكێتی ئەوروپا، متمانەو بڕوابەخۆبونێكی گەشبینانەی لای یەكێتی ئەوروپا دروستكردبوو، كە ووردەووردە ئەركە ستراتیژیكانی برەو پێبدات تا ئەوپەڕی توانایی و چیتر تەنها لە بابەتی پارێزگاری كردن لە ئاشتیدا قەتیس نەخوات، بەڵكو بەرەو دانانی هێڵە نمونەییە ئەوروپاییەكانی دەسەڵاتدارێتی هاوبەش و یەكبوون و تەواوبوون بە هەموو ئاڕاستەكاندا هەنگاوی گەورە بنێت ، تاوەكو نمونەی یەكێتی ئەوروپا ببێتە سەرمەشقی حوكمڕانیە هەرە جێگیر و سەركەوتوەكان لە جیهاندا. بەداخەوە وەكدەڵێن هەموو جارێك ”با بە دڵی كەشتیوان هەڵناكات”. یەكێتی ئەوروپا لەم دەیەی دواییدا ڕووبەڕووی گەلێك كێشەی خۆیی و بابەتی بوەوە، كە زۆربەی ئەو هەوڵ و كۆششانەی بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانیدا و لەپێناوی ”نمونەیی بووندا” دەیدات شكستی هێنا، داڕوخانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨، كێشەی یۆرۆ، كێشەی تیرۆریزم و توندڕەوی، كێشەی كۆچ و ئەو لێكەوتە و تەنگەژە سەختانەی لێیكەوتەوەو بەردەوام ئاڵۆزتردەبێت لەلایەكەوە و بەرزبوونەو و بەهێزبوونی دەنگە ناڕازیە ”پۆپۆلیستەكانی” هەندێك لە حكومەتەكانی دەوڵەتانی ئەندام وەك هەنگاریا و پۆڵۆنیا، كە ناڕازین لەم فۆڕمەی ئێستای یەكێتی ئەوروپا وهەندێك لە سیاسەتەكانی لە لایەكی ترەوە، وایانكرد یەكێتی ئەوروپا لە بری كرانەوەی زیاتر بەرەو دەرەوە، بەپێچەوانەوە بەرەو ناوخۆی دابخرێت. لەسەروئەوەوە سەرجەم دراوسێكانی یەكێتی ئەوروپا كە لەناو بازنەی هاوڕێیەتی و ئەگەری هاوكاری یەكێتی ئەوروپا بوون ، ئێستا بوون بە ”بازنەیەك لە ئاگر”. لە ئێستادا یەكێتی ئەوروپا خۆی لە جیهانێكدا دەبینێتەوە، كە دووبارە پێشبڕكێی زلهێزەكان، هەڵوێستی دوژمنكارانەی چین و دڕندایەتی ڕوسیا بەسەریدا زاڵە، بەڵام لەوانە خراپتر یەكێتی ئەوروپا لە وەستانیدا بەرامبەر بەم ئاڵنگاری و مەترسیانە، چیتر ناتوانێت و ناگونجێت بۆی، پشت بە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ببەستێت، وەك هاوڕێیەك و هاوپەیمانێك بەبێ مەرج. لەم سەردەمەدا و زیاتر لە هەموو كاتێك یەكێتی ئەوروپا پێویستی بەوەیە جێگەی خۆی لەسەر شانۆی جیهان دیاری بكات و یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەمی هەڵبژێرێت، یان دابینكردنی ڕۆڵی بەهێزی خۆی لەسەر ئەو شانۆیە، یان بوون بە مەیدانی ”گەمە” ی هێزەكانی تر. ئەوە بڕیارێكی ستراتیژی پلە یەكە و سەرجەم لێكەوتەو و هەڵبژاردە سیاسیەكانی تری لەسەر دەوەستێت، ئەگەر ئەوروپا ئەم تراژیدیایەی ئیستا بەسەر جیهاندا دێت پشتگوێ بخات، ئەوا شكست لە دابینكردنی ئاشتیدا دێنێت لە چواردەوریدا و خیانەت لە بەڵێنی هەرە گرنگی خۆی دەكات، كە بە هاووڵاتیانی خۆی داوە بۆ پارێزگاری كردنیان لە مەترسی دەرەكی. بەڵام گەر بیەوێت پابەند بێت بە پەیامە سەرەكیەكەیەوە، كە بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایش و جێگیریە لەناوخۆدا، ئەوا دەبێت ببێت بە ”یاریزانێكی جیهانی”. بیلدت یەكێتی ئەوروپا دەخاتە بەردەم دوو بژاردەوە، یان دەبێت بە ئەركی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت و ببێتە هێزێكی جیهانی، یان دووچاری لێكترازان و لاوازبوونی زیاتر ببێت. بیلدت ووتارەكەی بە میتۆدی شیكاری بەراوردكارانە نووسیوە، دەیەوێت پێمان بڵێت كە یەكێتی ئەوروپا هەروەك سەردەمی جەنگی سارد، چۆن ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا كەوتبوونە نێوان ”بەردئاشی” منەتی ئەمریكا، كە پارێزگاریان لێدەكات بەرامبەر بلۆكی ڕۆژهەڵات و ترسی هەژمون و هەناردەكردنی شۆڕشی كۆمۆنیستی لە لایەن یەكێتی سۆڤێتەوە، بەو شێوەیەش لە ئێستادا كەوتۆتە نێوان سیاسەتی پاوانخوازانەی ئەمریكاو بەهێزبوونەوەو بوونەوەی ڕوسیا بە هێزێكی گەورە و بەهەژمون، لایەنی كەم ئێستا لە ناوچەی ”ئەورۆئاسیا” دا‌و بەڵام وەك هێزێكی ئەتۆمی لە هەموو جیهاندا. ئەوە جگە لە درەوشانەوەی ئەستێرەی چین و هیند و ”پاڵێوراو” بوونیان بۆ بوون بەهێزی كاریگەری سیاسی و ئابوری جیهانی. ووتارەكەی بیڵدت ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆشە بۆ ناڕەزایەتی لە سیاسەتەكانی ئێستای سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ، كە لە لایەكەوە كاریگەری نێگەتیڤانەی بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی درووستكردوە، بە بڕیارە تاكڕەوەكانی وەك دەرچوون لە پەیمانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و ڕاكێتی ئەتۆمی مەودا ناوەڕاست لەگەڵ ڕوسیا‌و دەرچوون لە پەیماننامەی پاریسی كەشوهەوا و لە ڕێكخراوی یۆنسكۆ و چەندین سیاسەت و هەنگاوی دیكەی ”كتوپڕ”. لەلایەكی ترەوە لە سیاسەتەكانی ترامپدا پاشگەزبوونەوەی گەورە و مەترسیدار دەبینرێت لە بەها دیموكراتی و مرۆڤایەتیەكان، كە ئەویش پێچەوانەی بەهاو ئامانجەكانی یەكێتی ئەوروپایە. بیڵدت دەیەوێت بڵێت كە یەكێتی ئەوروپا بە پشت بەخۆ بەستن و پتەوكردنی یەكێتی ناو یەكێتی ئەوروپا و هەماهەنگی پتەوتری نێو ئەندامەكانی دەتوانێت ببێت بە ژمارەیەكی گەورەی سەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی و گەر چەند هەنگاوێكیش بنێت وەك ئەوەی سەرۆكی فەرەنسی ماكرۆن پێشنیاری كرد سەبارەت بە بنیاتنانی سوپایەكی ئەوروپی، واتە یەكێتی ئەوروپا تەنها یەكەیەكی ئابوری بەهێز نەبێت، بەڵكو هێزێكی هەژمونداری تەواو بێت لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەوا دەتوانێت و لە توانایدا دەبێت ڕۆڵی كاریگەر و بەرچاو بگێڕێت لەسەر شانۆی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، و دەنگ و سەنگی تایبەتیشی هەبێت لە یەكلاكردنەوەی تەنگەژە جیهانیەكاندا. كۆتا پرسیار، كە ئەم باسە لە خاڵێكدا بە عێراقیشەو ببەستێتەوە ئەوەیە; یەكێتی ئەوروپا زۆربەی ئەو ڕەگەز و مەرجە سیاسی و ئابوریانەی كە پێویستن بۆ ئەوەی بە ڕۆڵی نێودەوڵەتی سروشتی خۆی هەستێت تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هۆكار بەربەستن لەبەردەمیدا و ڕێگرن لە هەستان بەو ئەركە، ئایا عێراقێكی لاواز دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینێت یان بێلایەنی دابین بكات لەو تەنگەژە گەورەیەی لە نێوان ئەمریكاو ئێران‌دا درووستبوە، كاتێك عێراق هیچ كۆمپۆنێنتێكی (عونسورێكی) سیاسی و ئابوری و سیاسی بەهێزی نیە ئەو ڕۆڵ و ڕێسپێكتەی (قبوڵكردنەی) پێ ببەخشێت؟، ئەوە هەرێمی كوردوستان ”لەنێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا” بۆ ئێوە جێدێڵم. سەرچاوە: https://www.project-syndicate.org/commentary/european-union-strategic-agenda-2019-to-2024-by-carl-bildt-2019-05
ئەرسەلان بایز دەسپێك: ژیان هیلاكی كردووم، سیاسەت و «ی.ن.ك»یش زیاتر. خۆر لە دەم كەلە، بۆیە پێش ئاوابوونی ڕۆژ، دەمەوێ هەرچی لەو ماوەیەی تەمەنمدا دیومە، بەرچاوم كەوتووە، گوێم لێبووە، ڕوویداوە یان بەسەرم هاتووەو كۆڵە پشتەكەمی لێوان لێو كردووە، بەزنجیرە بۆ مناڵەكانم و نەوەی ئایندەی گەلەكەم هەڵبڕێژم. دڵنیاشم بەشێكی ڕەتدەكەنەوە، پێكەنینیان بە بەشێكی تریشی دێت. ئەو بەشە كەمەش كە دەمێنێتەوە هیوادارم سوودبەخش بێت بۆیان. كەلەپچە (1) شەڕی ناوخۆ گەرم بوو. تۆپ بەر تۆپ دەكەوت. لە پڕ بروسكەیەك دەهات یەكە قارەمانەكانی «ی.ن.ك» لە (كەپكی حەمەد ئاغا) كە (قومێ ئاوی تێدانییە بۆ خواردنەوەش) دوو سەنگەریان لە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان پاككردەوە، كوژراو‌و برینداریشیان هەیە. ئێمە هەموو لە خۆشییان هەلهەلەمان لێدەدا. پاش چەند سەعاتێكی تر بروسكەیەك دەهات: بەداخەوە هێزەكانی پارتی هەردوو سەنگەرەكەیان لێوەرگرتینەوە، شەهیدو برینداریشمان هەیە. بێگومان هەمان ڕووداو‌و هەواڵ و دیمەن لای پارتیش دەبیسترا. رۆژێكیان مقۆمقۆ لەناو هەڤاڵانی (مەكتەبی سیاسی) بڵاوبووەوە گوایە (مام جەلال) لە خەیاڵی ئەوەدایە سنورێك بۆ ئەو شەڕی براكوژییە دابنێ و یەكلایەنە دەستپێشخەری بكات، دەیەوێ بەتەنیا سەردانی سەرۆكی پارتی بكات. ئەو هەواڵە وەكو زەنگێكی مەترسیدار لەناو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی بڵاوبووەوە (چۆن دەبێ مام جەلال كاری ئاوا بكات. ئەمە تەنازولە بۆ پارتی. چۆن دەبێ بەتەنیا سەفەر بكات. ئاخر بۆ كەسایەتی و هەیبەتی مام جەلال و «ی.ن.ك» خراپەو زۆرمان لەسەر دەكەوێ). رۆژێكیان بەسەردان چوومە ماڵی (كاك كۆسرەت) بەڕێكەوت (عیماد ئەحمەد)یشی لێ‌بوو. هەرسێكمان باسێكی ئەو نیازەی (مام جەلال)مان كرد. دواتر بڕیارماندا بە سێقۆڵی سەردانی بكەین و هەوڵی پەشیمانبوونەوەی لەگەڵدا بدەین. هەر لە سلێمانیەوە تاكو دوكان بەرنامەڕێژیی ئەوەمان كرد بە چ شێوەیەك قسە بكەین و لەو سەفەرە ساردی بكەینەوە. كاتێ گەیشتینە دوكان (مام) لە ژێر سێبەری دارێك لە باخچەكەی پشتی ماڵی خۆیان بەتەنیا دانیشتبوو. دوای سڵاو‌و چا خواردنەوەیەك. (كاك كۆسرەت) باسەكەی هێنایە پێشەوە. من و كاك (عیماد)یش قسەی خۆمان كرد. دیارە زیاتر لە قسەكانی من ناڕەحەت بوو. بۆیە كاتێ پێشمەرگەیەك بەوێدا تێپەڕی، بانگی كرد وەرە كوڕم بڕۆ كەلەپچەیەكم بۆ بێنە. ئێمەش هەرسێكمان حەپەساین (مام) كەلەپچەی بۆ چییە؟! كاتێ پێشمەرگەكە بەكەلەپچەكەوە هاتەوە، (مام) هەڵسایە سەرپێ‌و وتی: فەرموو (ئەرسەلان بایز) كەلەپچەم بكەو هەموو قسەو جوڵەیەك و دەسەڵاتی سكرتێریشم لێ قەدەغە بكە. منیش گورج كشامەوە دواوە. استغفر اللە استغفر اللە (مام جەلال) من حەدی وام نییە. ئەم قسەیە چییە دەیكەیت. (مام) دانیشتەوەو وتی: ئەگەر ئەو ڕووباری خوێنەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ بەسەردانێكی من بوەستێ، ئەوا سەد سەردانی وا دەكەم. ئێمە ئامادەین بۆ دوژمنانی كورد سەد سازش بكەین و بە عەیبیشی نازانین، ئەی بۆچی بۆ كورد تەنازول و عەیبەیە. ئەی بۆچی من سكرتێری گشتیم..؟
ئەمین بەكر بەرزانی بۆ جارێکی تریش بۆوە بەسەرۆک وئەمجارەیان لەجێی مامیی سەرۆکی هەرێمە: نێچرڤان بارزانی کە لەتەمەنی 23ساڵیدا لەبەر ئەوەی کوڕی گەورەی ئیدریس بارزانی وکوڕەزای مصگفی بارزانیە دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمکراتی کوردستان، تائێرە بۆمن گرنگ نیە ومافی ڕەخنە گرتنیشم نیە چونکە کارێکی ناوخۆی حزبەکەیەتی و ئەندام ولایەنگرانی ئەو حزبە بەوە ڕازین، بەڵام کاتێک نێچیرڤان بارزانی پۆستی گشتی حکومەت وەردەگرێت وبەتەسکیەی بنەماڵەوە زیاتر لەدوو دەیەیە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات و لە ساڵی 1996 ەوە دەبێتە جێگری سەرەک وەزیران لە 1999ەوە دەبێتە سەرۆکی حکومەت--ئیدارەی هولێر--و لەساڵی 2006یشەوە دەبێتە سەرەک وەزیرانی هەردوو ئیدارەکەو تا ساڵی 2019، بێجگە لەدوو ساڵی 2009 تا 2011 ، سەرەک وەزیرانی ئەم هەرێمە بووە وئێستاش لەدوای چۆڵکردنی پۆستەکە لەلایەن مامیەوە دێت ودەبێت بەسەرۆکی هەرێم ، بۆیە مافی خۆمانە کەبزانین کامانەن ئەو دەسکەوتانەی کەلەماوەی بیست وئەوەندە ساڵەی ڕابردودا بۆئەم هەرێمە بەدەستی هێناون تا ئێستاش دڵ خۆش بین بەوەی کە جارێکی تریش تاجی شاهانە لەسەر بنێتەوە، --لەڕوی سیاسیەوە : نێچیرڤان بەرزانی لەماوەی حوکمڕانی زیاتر لەدوو دەیەیدا نەیتوانی دابەش بونی هەرێم بۆ دو ئیدارە کۆتایی پێ بهێنێت و بەردەوام هەرێمی کوردستان --ئیدارەی هولێر وئیدارەی سلێمانی دوو حکومەتی جیایان هەبووە بەشێوازی سەرەک وەزیران وجێگرەکەی حوكمرانیان کردوەو، خۆی سەرەک وەزیرانی دێگەڵە تا زاخۆی کردوەو جێگرەکەشی لەدێگەڵە بۆ کلار دەسەڵاتداری ڕاستەقیە بوە، بۆوەزارەتەکانیش هەمان پێودانگ، لەلایەن وەزیرو جێگر وەزیر بەو شێوەیە حکومەت دازەشکراوبوە؟وبەڕێوە براون ، تەنانەت وەک سەرۆکی حکومەت نەیتوانی سەندیکاو دەزگا بەناو سەربەخۆکانیش لەو دابەش بونە حزبی وناوچەییە دەربهێنێ ، وکاتێکیش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق وبەفشاری هاوپەیمانان حکومەتەکەیان لەڕوکەشدا کردەوە بەیەک ، لەواقعدا دوئیدارەی حزبی جیاواز بون و تا ئەم چڕکە ساتەش سلێمانی وهولێر دوو ناوچەی نفوزی حزبی وبنەماڵەین . نزیکەی 30ساڵە ئەم هەرێمە سەربەخۆیە بەڵام تائێستا حکومەت و دامەزراوە جۆڕاوجۆرەکانی بەدەسەڵاتی دادوەریشەو لەژێر فەرمانی حزب وحزبەکانیش لەدەستی بنەماڵەکاندان، بۆیە مافی خۆمانە کە بپرسین کامە کاری گەورەی نێچرڤان بەرزانیە کە بۆکۆتایی هێنان بەو دۆخە کردویەتی ،ڕاستە ئەو بەتەنها بەرپرس نیە بەڵام ئەو سەرەک وەزیرانێک بوە کەنەیتوانیوە کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت و بەپێچەوانەوە شەرعیەتی بەتۆخ کردنەوەی داوە. . لەڕوی دبلۆماسیەوە لەماوەی درێژی دەسەڵاتی ئەودا نەک نەیتوانی سەرکەوتنی دبلۆماسی بەرامبەر بغدا بەدەست بهێنێت ولەدۆسیە گرنگە چارەنوس سازەکاندا چارەسەری پرسە گرنگەکانی خاک وپێشمەرگەو ئابوری ودارایی وڕێکخستنی دەسەڵاتەکان و شێوازی پەیوەندی نێوان هەرێم وبغدا بکات ، بەڵکو خۆی بۆ پرسە حزبیەکانی حزبەکەی دەگەیشتە بغداو زۆرجار ململانێ حزبیەکانیان دەبردە ئەوێ. لەپەیوەندیە دەرەکیەکاندا زۆر ڕۆڵی گەورە پیشان ئەدرا بەڵام لە دوای ڕیفراندۆما دەرکەوت چەند کوردیان بێ دۆست کردوەو لەیاری نێوان بەرژەوەندی زلهێزاندا زۆر ناموەفەق بون. -- لە ڕوی سەربازی و ئەمنیەوە زیاتر لەدوو دەیەیە وەزیری پێشمەرگە لەبەردەستی ئەودا بوە،بەڵام تائێستاش هێزێکی نیشتمانی ناحزبی نیەو پێشمەرگە پێشمەرگەی پارتی ویەکێتیەو مافی خۆمانە بپرسین کامانەن ئەو هەنگاوانەی حکومەتەکانی ئەو بۆ بێ لایەنکردنی پێشمەرگەو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی هاویشتونی، چەند پڕۆژە یاسایان لەو بوارەدا داوەتە پەرلەمان وچەند بەرپرسی ئەمنی سزادراون ، ئایا توانراوە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەک پڕچەک بکرێن و لەفرمانی حزب دەربهێنرێن ولەسەر بیروباوەڕی بەرگری لەبەرژەوەندی نیشتمانیە باڵاکان پەروەردە بکرێن. ئایا توانراوە ئامانج وستراتیژی هێزی پێشمەرگە دیاری بکرێت تا پیاوەتی بەخوێنیانەوە نەکرێ، شەڕی موسڵ وتکریت ودیالەیان پێ بکرێت و دواتریش پاشەکشەیان پێ بکرێ، ئایا لێرەوە بەرپرسیارێتی شکستی هێزی پێشمەڕگە بەشێکی بەرئەو ناکەوێ؟. لەڕوی ئابوریەوە ،تەنها لەساڵی 2004ەوە نزیکەی سەد ملیار دۆلار لەبغداوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان ،بێجگە لەداهاتی ناوخۆ‌و باجی هاوڵاتیان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام هەموو ئەم هەرێمە بگەڕێیت نا‌توانیت بایی 5 ملیار دۆلار بەژێرخانی ئەم وڵاتەوە ببینی.،ئەوی تری کەس نەیزانی بەقوڕگی چ ئەهریمەنێکدا کراوە تەنانەت ڕاپۆڕتە نێو دەوڵەتیەکان دەڵێن هەر کۆمپانیایەک بیەوێت بچێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکات بەشەریک. بەفرمانی ئەو بانکەکان تاڵان کران و بانکەگەورەو جیهانیەکان، ترسێنران بەبڕیاریکردنەوەی لقەکانیاندا لەهرێمدا چونەوە تەنانەت پارەی هاوڵاتیان وبەرهەم هێنە ناوخۆیەکانیش بردراوافلاس بەسەدان کۆمپانیا کرا دەسکەوتی حوکمڕانی ئەو بۆ چارەسەری کێشەی دارایی کەم کردنەوەی موچەی موچەخۆران بوو بۆنیوەو ،تەنانەت ئەو پارەش کە لەبغداوە بۆ موچە خۆران دەهات لێیان زەوت دەکرا وقەرزی کۆمپانیا گەوورەکانی پێ ئەدرایەوە ، ویاخود بەسەر موچەخۆرانی حزبیدا دابەش دەکرا. هەر لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا حکومەتی هەرێم زیاتر لەبیست ملیاردۆلاری قەرزی لەسەر خەڵکی ئەم هەرێمە کردە ماڵ و دەبێت تا عەیامێکی زۆر مناڵەکانیشمان باجی ئەو سیاسەت چەوتە بدەین. ئابوری هەرێم لەماوەی ڕابردودا بێجگە لەئابوریەکی بەکاربەر نەیتوانی ببێتە خاوەنی ژێرخانێکی ئابوری وبازاڕی ساغ کردنەوەی کاڵای تورکی وئێرانی بوە، چونکە دەسەڵاتدارە حزبیەکانی ئەم هەرێمە نازانن بەرهەم هێنان،بکەن بەڵام ئاسانە،بۆیان لەڕێگای قۆرغ کاریەوە بازرگانی بکەن، بەجۆرێک ئەگەر پارەیەکیش دەست خەڵک دەکەوت دەدرا بەکاڵای تورکی وئێرانی ودەچوە گیرفانی ئەوانەوە هەربۆیە حکومەتەکەی بەرگەی بچوکترین قەیرانی ئابوری نەگرت . ، لەڕوی ئاستی ژیانەوە ئاستی هاوڵاتیانی لەگەڵ ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی سۆماڵی وئەفغانیدا بەراورد دەکرێ،وڕۆژانە لەسۆشیال میدیا‌و تەلەفزیۆنەکانەوە وێنەی ژیانی کولەمەرگی ونەبونی خێزان و پیرو پەک کەوتەو کەم ئەندام ونەخۆشەکانی پیشان ئەدرێ و داوای هاوکاری وبەدەمەوە هاتن لەخێرخوازان دەکرێت، ڕوی دەمیان ناکەنە حکومەت چونکە نەک هەر دەزانن حکومەت هیچیان بۆناکات بەڵکو ئەزانن ئەوەی توشی هاتون دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی ئەو بەناو حکومەتەبوە. ولەڕوی مافەکانی مرۆڤ وئازادیشەوە لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵات وناوچانە دێت کەپێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی تێدا دەکرێ. -- لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا زۆربەی سامانی ژێر زەوی ئەم هەرێمە بەخاکەکەیەوە بەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت فرۆشراو بەشێکیکشی کرایە دیاری ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا ودەسەڵاتەکەی، بەجۆرێک کە زۆر غەشیمانە گرێبەستەکانی دەرهێنان وفرۆشتنی نەوتیان ڵەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر حسابی سامانی گشتی و ئایندەی خەڵکەکەی واژوکردوە. بێجگە لەوەی کە هەر لەمیانەی گرێبەستە نەوتیەکاندا و بەڕەزامەندی ئەو چارەنوسی ئابوری وسیاسی ئەم هەرێمەش خراوەتە قومارێکی دۆڕاوەوە. -- ئەو سەرەک وەزیران بوو دەیزانی پرۆسەی ڕیفراندۆم کارەساتی گەورە بەسەر ئەم پارچەیەی کوردستاندا دەهێنێت، بەڵام ڕازی بوو چارەنوسی ئەم وڵاتە بخاتە ئەو قەیرانەوە کە بێجگە لەتێرکردنی حەزی چەند کەسانێک ، نەک هەر دەسکەوتی بۆ خەڵک بەدەست نەهێنا بەڵکو پاشەکشەیان بە هەرێمی کوردستان و ئەزمونی حوکمڕانی کرد بۆ دەیان ساڵی تر. هەر لەسەردەمی ئەودا بوو 51% خاکی کوردستان هەر لەجەلەولاو خانەقین ودووزو کرکوک وشنگارو مخمورو دەشتی موسڵ تەسلیم بەحەشدی شعبی کران و خوێنی ڕژاویی دەیان هەزار گەنج ولاوی ئەم وڵاتە کە لەژێر ختوکەی سۆزی نەتەوەیی وڕزگارکردنی خاکی کوردستاندا ڕژێنرا بەبادرا . من هیچ ڕقێکی شخصیم نیە بەڵام دڵخۆش نیم وگەش بینیش نیم بەوەی کە سەرەڕای ئەو هەمو شکستانەو ماڵ وێرانیەی بەسەر خەڵکی کوردستانی باشور هاتوە لەماوەی دەسەڵاتی ئەوو بەهۆی بێ توانایی ئەوەوە ،جارێکی تریش لەسەر کورسی سوڵتانی دائەنیشنەوە ، تەنها خەم بۆ ئایندەی میلەتەکەم دەخۆم.
كامەران مەنتك چەند رۆژێكە توركیا لە باشوری كوردستانەوە هێرشێكی چڕی كردۆتە سەر پارتی كرێكارانی كوردستان. بە ئا‌گرو ئاسن هەرێمی كوردستان سوتماك دەكات و ئەوەی هەناسەی بێت و بچێت، لەمرۆڤ و گیانلەبەرو زیندەوەرو داردرەخت دەیكوژێت. تەنانەت ئاو و هەوای كوردستانیش پیس و ژاراوی دەكات. توركیا لە پەنای شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە شەڕی و ژیان و مرۆڤ و هەموو شتێكی زیندوو دەكات لە كوردستان. بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە باشووری كوردستان هیچ دەنگێكی نارەزایی نابیسترێت، تەنانەت رۆژنامەو میدیاكان، ئەوانەی سەر بەدەسەلاتن و ئەوانەش خۆیان پێ ئازادە متەقیان لێكردوەو دەمیان وەك تەڵەی تەقیوی لێهاتووەو ئامادەنین تەنانەت هەواڵێكی ئەو سوتماككردن و كوشتن و بڕینە بڵاو بكەنەوە. لە باشوری كوردستان دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆن، رۆشنبیر‌و نا رۆشنبیر، میدیای سێبەرو بەرهەتاو. قڕقەپ بیدەنگن و نوزكەیان لیوە نایەت!. ئەمە بەراستی كارەساتیكی زۆر گەورە و پڕ شەرمەزاریە بۆ میللە‌تێك بەو شێوەیە بەرامبەر لەناوبردنی ولاتەكەی بێدەنگ بێت!. زۆر سەیرە بەشێك لە رۆڵەكانی نەتەوەكەت و تەنانەت خاكی خۆشت دەستدرێژی بكرێتە سەر، تۆ باسی نەكەیت و هەرخەریكی ئەوە بیت، قەوانی بەناو پەرلەمانی باشوور دانیشت یاخود دانەنیشت! حكومەت پێكهات یاخود پێكنەهات لێدەیتەوە. بەناو نوسەرو رۆشنبیرانی كوردیش هەر خەریكی رەخنەگرتن بن لە یەكێتی و پارتی، وەك ئەو دوو بنەماڵە سیاسیە تۆزقاڵێك بواری رەخنە لیگرتنیان مابێتەوە. ئەو جۆرە بێباكی و بێهەڵوێستیە پاساودانە بە توركیای داگیركەر، بۆ ئەوەی دڕندانەتر بكەوێتە وێزەی كورد. ئەمە بە شێوەیەك لە شێوەكان داننانە بەوەی ، كه مافی توركیایە بە بیانگەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە پەلاماری باشوری كوردستان بدات. لەكاتێكدا توركیا سنووری دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بڕیوەو لەو دیو سنوورەكانی خۆیەوه هاتووەو زوڵم لەكورد دەكات! لە لایەكی ترەوە رەوادانە بە قەتل و عامكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان. كە پارتێكە هەزاران رۆشنبیر‌و رۆلەی كوردی دڵسۆز‌و لەخۆبوردو و قارەمانی لە خۆوە گرتووە. ئەمە چ شەرمەزاری و كارەساتێكە لە كوردستان دەگوزەرێت!. ئەگەر پێشتر باسمان لەگەلە كۆمەی هەرێمی كردبێت لەسەر كورد، ئێستا دەبێت باس لە گەلەكۆمەی ناوەخۆ بكەین دژی كورد خۆی، كە ئەمە خۆی لەو بنەماڵە سیاسیانە دەدۆزێتەوە بە پێش توركیا و ئێران دەكەون و كوردستان دەسوتین!. بێدەنگ بوونی رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران هیچی لە هەڵوێستی ئەو بنەماڵە بەكرێگیراوانە كەمتر نیه، كە هۆزو عەشیرەتەكانی خۆیان خستۆتە خزمەت سوپای توركیا و لە ژیر باڵی پارتی و یەكیتی و بە تایبەتیش پارتی، چاوساغی بۆ جەندرمە توركە مرۆڤكوژەكان دەكەن و مەتەرێزو سەنگەرەكانی گەریلاكانیان پێ نیشاندەدەن!. چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان بێدەنگ بوون بەرامبەر راستی و رەوایی و قبووڵكردنی ناحەقی، لەگەڵ سیخوڕی و جاشایەتیكردن و پێش سوپای داگیركەران كەوتن!؟؟ كاتی ئەوە هاتووە واز لە پارتی و یەكیتی بێنن، ئەوان هیچیان بە بەرنەماوە جگە لەوەی فڕێ بدرێنە زبڵدانی مێژووەوە. شەرمە چیتر باسی پێكهینانی حكومەت و پەرلەمانێك بكەن، كە لەسەر زبڵ و ساختەكاری و فڕوفێڵ و گزی و فزی بیاتنراوە. شەرمە گفت و گۆ لەسەر هەڵوێستی یەكێتی و پارتی بكەن و وتاریان لەسەر بنووسن و بازاری خۆتانی پێگەرم بكەن. وەك رۆژی رووناك دیارەو منداڵێكی ساوای كورد دەزانیت ئەوان هیچ شەرعیەتێكیان نەماوەو لە ریزی نیشتمانیدا دابڕاون تا هەتایەش لە دەرەوەی ئەو مێژووە دەمێننەوە، وەك رۆژی رووناك ئاشكرا بووە، كە ئەوەی ئەوانەی هێشتۆتەوە دەنگ و هەڵبژاردن و دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری نیە، بەڵكو ئەوە سەرەنیزەو تۆپ و مەتەرالیۆزی داگیركەرانە سواری ملی خەلكی كردوون! ئەوان هیچ جیاوازیەكیان نەماوە لەگەڵ فەوجی جاشەكان و مەفرەزە تایبەتیەكانی سەردەمی سەدام، وەكو ئەوان و زیاتریش بە پێشی دوژمنان دەكەون سەری براكانیانیانی بۆ دەبەن، ئەوەی لە ماوەی ئەو بیست و هەشت سالە ئەوانە بەسەر كوردیان هیناوە هیچ جاش و خائنێكی تر لەمێژووی كورد وای بەرامبەر میللەتەكەی خۆی نەكردووە، نەك هەزار جار، بگرە ملیۆنان جار رەحمەت لەو كفندزانەی راستەوخۆ بەناوی جاشایەتیەوە كاریان بۆ دوژمن كردووە خەلك وەك جاش تەماشای كردوون. ئەوان جاش بوون و دانیان بەجاشایەتی خۆیان دەنا، بەڵام بیست و هەشت سالە بە ناوی كوردایەتیەوە قێزەونترین جاشایەتی دەكرێت، كە لەمێژووی كورددا نمونەی نەبووە. بۆیە قۆناغی نوسین و رەخنەگرتن و تەنانەت ناوهێنانی ئەوانەش بەسەر چووە، ئەوانە تەنیا هێندەیان ماوە گۆڕانكارییەكی كەم لە ناوچەكە رووبدات تاوەكو بەر توورەیی خەڵك بكەون، ئەوانە هێندە تاوانیان بەرامبەر ئەو میللەتە كردووە جێگەی شرۆڤە كردن و لێكدانەوە بۆ رەفتارەكانیان نەماوەتەوە. شوورەییە سوپای وڵاتیكی تر پەلاماری وڵاتەكەت بدات، كەسێك نەبێت دەنگی لێوە بێت، شەرمەزاریە رەوایی بدەیتە داگیركەرێك، كە بێت رۆڵەكانی گەلەكەت بكوژێت و لە ناوبەرێت، با مردن بۆ ئەو دەنگ و مییدا درۆزنانە بێت، كە بەناوی میدیای ئازاد‌و كەسانی رۆشنبیر‌و سەربەخۆ گوێچكەی خەڵكیان كاس كردووە. میدیایەك، یاخود بەناو رۆشنبیرێك، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا راستیەكان نەڵێت، تەنیا بۆ شەرمەزاربوون و ریسوایی نەبێت بۆ هیچی تر باش نیە!. دەبێت ئەوانیش وەكو خائینەكانی تری نیشتمان بخرێنە بەردەم دادگاكان و وەك تاوانبار مامەلەیان لەگەل بكرێت
کاروان عەلی شامار بەپێی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی دەنگەکانی ھەڵکشاوەو حەجمی ناسروشتی گەورەبووە! راستە ئەو حیزبە تەزویرێکی رێکخراوەی کردوە لێ بارتەقای ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەسکاری زۆربەی یاساکانی کردوەو بۆ سودی خۆی تەوزیفی کردون، بەمەش ئایندەی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە. لێرەیا کۆمەلێک پێشنیار دەخەینەروو بۆ گەرانەوەی شکۆی پەرلەمان و رێگری لە ھەژمونی پارتی بەسەر دامودەزگا تشریعی و تەنفیزیەکاندا ھەروەھا دانانی سنورێک بۆ قەڵەمڕەوییەکەی، یەقینم گەر حیزبەکانی تر ئیرادەیان ھەبێ و تەباو یەکڕیزبن دەتوانن پێش بەخۆسەپێنی و گەورەبون و نێرگزیەتی پارتی بگرن! (١) کۆتاکان مۆتەکەی پەرلەمان لە خولەکانی رابردوی پەرلەمانی کوردستاندا بەیاسایەک ژمارەی کورسی کۆتاکانی لە ٥ کورسیەوە کرد بە ١١ کورسی ئەم رێژەیە زۆر زیاترە بەبەراورد بە ژمارەیان، لە پەرلەمانی بەغدا ئەم پرسە بابەتی رێکخراوە، لەکۆی ٣٢٩ کورسی تەنھا ٩ کورسی بۆ کۆتاکان دانراوە بەڵام لە کوردستاندا لە کۆی ١١١ کورسی یانزەیان بۆ کۆتاکانە! لەلایەکی ترەوە کۆتاکان تا ھەنوکە نەیانتوانیوە ببنە نمایندەی راستەقینەی پێکھاتەکانیان بەلکو زیاتر وەک پارتی مامەڵەدەکەن و بۆ تێکرای پرسە ھەستیارەکان بەمیل لە راوبۆچونی ئەو حیزبە لانایەن! (٢) یەک بازنە بۆ فرە بازنە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە ھاوشێوەی بەغدا یاسای ھەڵبژاردن لە یەک بازنەوە بگۆرێ بۆ فرەبازنە. ئەم یاسایە بێدادیەکی زۆری تێدایە، ھەمیشە لەسودی ھێزە گەورەکانەو ھیچ رەچاوی ھێزە بچوکەکانی تێدا نەکراوە، بۆ نمونە پارتی لە بادینان نزیکەی ٢٨ کاندیدی گەشتونەتە پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ھەلبژاردن یەک بازنە بوایە ئەو پارێزگایە تەنھا ئستحقاقی ١١ کورسی بوو وەک ئەوەی لە پەرلەمان عیراق بۆیدیاریکراوە! (٣) سەرژمێری دانیشتوان و پاکردنەوەی لیستی دەنگدەران دەیان ساڵە نەتوانراوە لەھەرێمی کوردستاندا سەرژمێریەکی دروست ئەنجامبدرێ، بەوھۆیەشەوە سکانداڵێکی گەورە لە ئاماری دانیشتواندا ھەیە بۆ نمونە پارێزگای دھۆک بۆ ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٧٧٨ ھەزار کەس دەنگیداوە بەلام پارێزگایەکی وەک سلێمانی تەنھا ملوێنێک و سەد ھەزار مافی دەنگدانی ھەبووە! لیستی دەنگدانیش خەوشێکی زۆری تێدایە بەڵگەش بۆ قسەکانم ھەزاران مردوو تا ئێستا ناویان لە لیستی دەنگداندا نەسراوەتەوەو لەبریان دەنگ دەدرێ، ئەمە سەرباری ھەزاران ئاوارەی سوری و ناوراست و خواروی عیراق کارتی نیشتیمانیان بۆ کراوەو دەنگیان پێدەدرێ! (٤) لامەرکەزییەتی ئیداریی و دارایی لەھەر وڵاتێک‌دا لامەرکەزیەت پەیرەو نەکرا ئەوا فەسادی ئیداری و دارایی لە لوتکەدا دەبێ، بۆ ئەوەی سێکتەرەکانی نەوت و دارایی سەربەخۆ بن و لەژێر ھەژمون و مۆنۆپۆلی یەک حیزب‌دا نەبن، پێویستە لامەرکەزیەت پەیرەوبکرێ، گومانی تیا نیە لامەرکەزیەت ھیچ لە بەرژەوەندی حیزب‌دا نییەو تەواو لەبەرژەوەندی ھاونیشتیمانیە. غەدرێکی گەورەیە رۆژانە ھەزاران ھاوڵاتی تەنھا بۆ واژویەک سەدان کیلۆمەتر دەبرن بۆ گەشتنیان بەمەرکەز ئەمە سەرباری رۆتین و بیرۆکراسیەتی ئیداریی کە لەدامودەزگاکانی پایتەختدا بەرامبەر ھاونیشتیمانیانیانی ناوچەکانی تر پەیرەو دەکرێ! (٥) ھاوسەنگی ھێز لەئێستادا ناوچەکە لە ناھاوسەنگیەکی گەورەی ھێزدایە، پارتی لە دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆران توانیویەتی کۆنترۆڵی تەواوی جومگە گرنگ و ستراتیجەکانی حکومەتی ھەرێم بکا، لە ئێستایە ھیچ شت ھێندەی پارسەنگی ھێز گرنگ نییە بۆیە پێویستە سەرجەم ھێزەکان درک بەو فاکتە بکەن. وە بتوانن بەرەیەکی ھاوبەش پێکبھێنن و بەرامبەر بە پارتی بوەستن و چیدی ھەرێمەکە دەرگیری قەیرانی زیاتر نەکرێ و باڵانس و ھەژمونی تاک حیزبی لاوازکرێت.
هیوا سەید سەلیم هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كوردستان، بۆ جارێكی تر تراافیكی سوری بۆ پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵگیرساند، وە جارێكی تر شەرێكی سارد لە ئاستی ڕاگەیاندن و هڵگیرساندەوە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حزبە لە ئاستی فەرمی و نافەرمی كرانە مینبەری تۆمەتباركردنی یەكتری، بەوەی هەریەكەو ئەوی تر تۆمەتباربكات كە پابەندی رێكەوتنامەی نێوانیان نەبوونە . ئالۆزی پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، كە ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستاندا شەریكە دەسەڵاتی یەكترن و لە چەندین وێستگەی گرنگ بەیەكەوە بوونە و جارجاریش لەگەڵ یەكتر ناكۆك بوونە، بەشێوەیەك كە ناكۆكیەكان گەیشتۆتە ئاستی پێكدادانی چەكداری و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و تەنانەت دوو ئیدارەیش ، بەڵام ئەگەر ئەمجارەیان وا لێكبدرێتەوە كە ناكۆكیە لەسەر بەرژەوەندیەكان و دابەشكردنی پلە‌و پۆست وەك هەر جارێكی تر، ئەوا ئەوەی كە ناكۆكیانە قووڵتردەكاتەوە، زیاتر نەبوونی متمانەیە لە نێوان ئەو دوو لایەنەی دەسەڵات، هەر بۆیەشە باشترین رێكەوتن لە نێوان ئەو لایەنانە هەمیشە وەك مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێنێتەوە و ناچێتە واری جێبەجێكردنەوە. ئەمجارەیان لە كاتێك پارتی و یەكێتی چرای سور بۆ یەكتر هەڵدەكەن، كە خەڵكی كوردستان لە ئاستی ناوخۆدا چاوەڕوانی بەكرداركردنی بەڵێنەكانی ئەم دوو لایەنە و لایەنەكانی تر بوونە كە لە دوایین هەڵبژاردن بە خەلكی كوردستانیان داوە، وە دۆخی كوردستان و ناوچەكە لێی دەخواستن كە پشت لە بەرژەوەندیەكان و بە ئاراستەی بەرژەوەندیە گشتیەكان هەنگاوبنێن. جارێكی تر حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان نەك هەر ئەمە ناكەن، بگرە بە ناكۆكیەكانیان درزی سیاسی نێوانیان فرەتردەكەن و هێندەی تر خەڵك بێ متمانە دەكەن و دۆخەكە بە ئاڕاستەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری زیاتر دەبەن، كە ئەگەر ئەو دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت گومانی بە دوو ئیارەیكردنی دوو ئیدارەی هەرێم دەبێتە واقیعێكی تاڵ. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 250، رۆژ نزیك دەبێتەوە، رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی جگە لە دواخستنی كابینەی تازە، مەترسی دۆڕاندنی ئیدارەی پارێزگای كەركوك و لاوازكردنی زیاتری سەنگی كورد لە بەغدا و دەیان ئاریشەی تری لێدەكرێت. ئەوەی تێبینی دەكرێت گرفتی گەورەی ئەو قەیرانە سیاسیەی كە ئەم جارەیان لە نێوانی نێوان پارتی و یەكێتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم سەریهەڵداوە، لە لایەك نەبوونی نێوەندگیرێك جدیە كە لەسەر دەسنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم و رێگاچارەی دەرچوون لەو قەیرانە قسەی خۆی هەبێت، كە جیا بێت لە قسەی ئەم دوو لایەنە كە یەك ئەویتر تۆمەتبار دەكات، لە لاكەی دیكەش كێشەكە بۆ لاوازی پێكهاتەی ئەم خوولەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە كە نەك وەك دەزگایەكی چاودێری و یاسادانان ناتوانێت رۆڵ ببینێت بگرە كراوەتە شوێنی بێ هەیبەتكردنی ئەو دەزگا گرنگە. بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو جیاوازیەش لە تێڕوانی سیاسی و ناكۆكی لەسەر پۆست و ئیمتیازات، پارتی و یەكێتی بەدەر لە بژاردەی رێكەوتن هیچ رێگاچارەیەكی تریان لەبەردەم نیە، بۆیە دەبێت لایەنگرانی سازان لە نێوان ئەو دوو لایەنە زیاتر لەوانی تر گوێیان لێبگیرێت و رێگای بەزاندنی خەتە سورەكان بەكەس نەدرێت. ئەو چرا سورەش كە پارتی و یەكێتی بۆیەكتریان هەڵكردووە نابێت تا سەر بە سوری بمێنێتەوە، ئەوەی زووتر چاری سەوز بۆ ئەویتر هەلبكات گرەوەكە دەباتەوە، چونكە ئەزموونی ڕابردوو دەریخست كە ئەو دوو حزبە ناتوانن بەبێ یەكتر ئیدارەی ئەو هەرێمە بكەن، ئەمە واقعە و خۆ دزینەوە لەو واقعە بیركردنەوەیەكی نالۆژیكیە .
ئاراس فه‌تاح پارتی سه‌رده‌مانێك هێزێكی نه‌یاری مێژوویی هه‌بوو كه ساڵانێكه هێنده‌ی ده‌یه‌وێت له‌و بچێت، ئه‌وه‌نده‌ش له‌وه كه‌وتووه خۆی بێت. ئه‌و هێزه‌ش یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه. یه‌كێتی بووه به هێزێك كه هیچ شوناسێكی سیاسیی و فیكریی نه‌ماوه. ئه‌م حیزبه ساڵانێكه وێنه‌ی حه‌قیقی خۆی له‌ده‌ستداوه و به سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌ژیی، سێبه‌رێك كه خۆی لێبووه به ئۆرجیناڵ. یه‌كێتی له سه‌رده‌می رێككه‌وتنی ستراتیژییه‌وه جگه له به‌شدارییكردنێكی ئه‌كتیڤ له به‌رهه‌مهێنانی مۆدێڵی پارتی بۆ سیسته‌مه ئابووریی و سیاسییه سوڵتانییه‌كه‌ی كه پرنسیپی سه‌رمایه‌داریی چه‌ته‌گه‌ریی بزوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی، خاوه‌ن هیچ دیدگایه‌كی ئابووریی سیاسیی تر نییه. یه‌كێتی له حیزبێكی جه‌ماوه‌رییه‌وه كه ساڵانێكی دوورودرێژ مێژووی خه‌باتی سیاسیی نوێی گه‌لی كوردستانی ده‌نوسییه‌وه، بووه به چه‌ندین نووسینگه‌ی شه‌خسیی چه‌ند باوكێكی سیاسیی كه وه‌زیفه و كاری سه‌ره‌كییان بووه به دۆزینه‌وه‌ی پۆست و پێگه‌ی سیاسیی و ئابووریی بۆ منداڵه‌كانیان. زه‌مانه‌تكردنی ئه‌م مۆدێله‌ش له كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه بۆ نه‌وه تازه‌كانی ئه‌م حیزبه، به‌ته‌نها له‌ڕێگای به‌شداریكردنیانه‌وه ده‌كرێت له ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیی. له‌دوای له‌ده‌ستدانی شوناسی خۆی و لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی بێتامی پارتیی، ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت خه‌می سیاسیی و پڕۆژه‌ی نیشتیمانیی بۆ باشتركردن و دابینكردنی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم، له فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تی یه‌كێتییدا بوونی نه‌ماوه. یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌دا له قه‌له‌ڕه‌شێك ده‌چێت كه رۆشتنی سیاسیی خۆی بیرچووه‌ته‌وه، چونكه نه توانی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ڕێبكات و په‌یمانی ده‌باشان جێبه‌جێبكات و نه توانییشی هاوتای هه‌یمه‌نه‌ی پارتی ڕێبكات و ببێته ركابه‌رێكی سیاسیی راسته‌قینه. یه‌كێتی سه‌رده‌مانێكه له به‌به‌غایه‌كی سیاسیی ده‌چێت كه زمانی قسه‌كردنی خۆی بیرچووه‌ته‌وه. هه‌ركاتێكیش قسه‌بكات لاسایی پانتۆمیمانه‌ی ئه‌و هێزه ده‌كاته‌وه كه به‌لایه‌وه مه‌به‌سته هاوپه‌یمانیی له‌ته‌كدا بكات. ساڵانێكه ئه‌م حیزبه بووه به قه‌فه‌سێكی سیاسیی گه‌وره كه تیایدا هه‌ر باڵنده‌یه‌ك به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووریی و ته‌كه‌تولییه‌كانی خۆی له ئاوازێك ده‌خوێنێت. له‌م دۆخه‌شدا گه‌ر ده‌نگێكی ناڕه‌زایه‌تیشی به‌رامبه‌ر به هه‌یمه‌نه‌ی پارتیی تێدابێت، وونده‌بێت، چونكه ته‌نها گوێت له ژاوه‌ژاوێكی گه‌وره‌یه. یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌مڕۆدا به‌ته‌نها حیزبێك نییه كه ئاوێنه‌ی نیشتیمانی سیاسیی نه‌ماوه بۆئه‌وه‌ی شوناسی خۆی تێدا ببینێت، به‌ڵكو ئاوێنه‌یه‌كی شكاوه كه هه‌ر به‌ره‌یه‌ك پارچه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان كه ته‌ماشای پارچه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له‌جیاتی ڕه‌نگی سه‌وز ڕه‌نگی زه‌رد ده‌بینن.
دانا حەمەعەزیز بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، تەنها کەرکوك خاڵی بنەڕەتی ململانێی خوێناوی نێوان کورد و بەغدا بوە. بەڵام ناشیرینیی ئەزمونی حوکمڕانیی کورد لە هەریمی کوردوستان و ڕواداوەکانی دوای ڕاپەڕین، سەلماندی کە نەك کەرکوك، بەڵکو کۆی ئەوەی پێی ئەوترێ کوردایەتیی، پرۆژەیەکی بازرگانیی خێڵەکیی بوە و لە بەرژەوەندی بنەماڵەدا کورتکراوەتەوە. تاک‌و ئێستاش برایم خەلیل تاکە دەروازەی ستراتیژی سیاسی و ئابوری هەریمی کوردودوستانە، ئاماژەکانی پشت دەسبەسەراگەتنی ئەم شوێنە لە یەکی ئایاری ١٩٩٤ دا لەسەر ئەوەی شەڕ و دەمەقاڵێ لە قەڵادزە ڕویدابوو، زۆر مەترسیدار بوو. کاتێکیش لەپادشتی ٣١ی ئابدا حزبێکی کوردی قەزای مەخمور پێشکەشی سەدام ئەکا و ئەخرێتە سەر موسڵ، باسکردنی کەرکوك بێ مەعنایە. کەرکوك تاکە ئومێدی ڕاستکردنەوەی ئەو لاسەنگیە بوو کە جوگرافیا و برایم خەلیل و ٣١ی ئاب بۆ پارتی دروستکردوە، بۆیە ئەوەی لە دوای روخانی سەدام، پارتی لە کەرکوك کردویەتی، گەڕکردن بوە بەیەکێتی و بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەم شارە و کارکردن بوە لەسەر بەتەواوی دورخستنەوەی لە هەریمی کوردوستان. ئەگەر کەرکوك لەسەر هەرێم بوایە نە ٣١ی ئاب سەرکەوتن و نە هەولێر پایتەخت و نە برایم خەلیلیش موقەدەس ئەبوو. کەواتە دەسکەوتی ڕیفراندۆم بۆ پارتی لە دەسکەوتی ٣١ ی ئاب کەمتر نەبووە. ڕیفراندۆم ئامانجی خۆی پێکا، سەری کەرکوی خوارد و پێگەی پارتی بەهێزتر کرد. لەبەرامبەر چاکەی کۆتایی هێنان بە کەرکوك و کۆتایی هێنان بە نیوسەدە ململانێیی کورد‌و بەغدا، پارتی ئیمتیازی گەورەتری پێدرا و بە رەزامەندی تاران و ئەنقەرە و بەغدا، ئێستا پارتی رۆژانە یەك لەسەر چواری نەوتی عێراق بۆخۆی ئەفرۆشێ و لەبەغداشەوە مووچە وەرئەگرێ. لەبەر ئەو دەسکەوتانە و سەودای ژێربەژێری لەگەڵ تورك و فارس و عەرەب، مەحاڵە پارتی ڕێگە بدا کەرکوك پارێزگارێکی کوردی بە غیرەتی هەبێ. ئەوەی یەكێتی لە پارتی داوای ئەکا، تەنها خۆ خەڵەتاندنە، کەی پارتی هەولێر و برایم خەلیل و داهاتی نەوتی تەسلیم بە ئیرادەی خەڵکی کوردوستان کردەوە، شتێك نامێنێ بەناوی کێشەی کوردوستان و کەرکوك.
ژوان ئەحمەد یەكێتی خاوەن شەرەفی هەستانەوەو ملكەچ نەبون بۆ ئاشبەتاڵ، بەڵام..... دەبەنگ‌و گێلە یان خۆی وا لێدەكات ئەوەی پێی وابێت ئێستا یەكێتی لە دۆخێكی باش‌و پێگەیەكی بەهێزدایە. لە دوای نەخۆش كەوتنی جەنابی مام جەلال‌و پاشانیش كۆچ كردنی ئەبەدی، ئیدی هیچ بیم‌و لەمپەرێك لەبەردەم ئاستی باڵای یەكێتیدا نەما بۆ ئەوەی یاری بە موقەدەراتی ئەم حزبەوە بكەن‌و بیكەنە بوكەڵەی دەستی خۆیان‌و لەپێناو گیرفانی خۆیان حزبەكەیان ناشرین كرد. ئیدی لە ناوەندی بریار تا جیابونەوەو باوەخون بونەوە، تا رێكەوتنە لێڵەكان بەو لەو مێژووە بەشێكی زۆر لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی توانای قسە كردنیشیان نەبوو نەك كردەەكانی ئێستایان، چونكە مام وتەنی: ئەوانە میزەڵدانن‌و دەرزیەكە لای مام جەلال بوو هەركاتێك سنوریان ببەزاندایە وەك پفدانك فش دەكرانەوە. ئێستا!! ئێستا یەكێتی وەك شیعرەكەی فەرهاد پیرباڵی لێهاتوە، یەكێك ئەڵێت ئا، ئەویتر نا، ئەوی تر ئا، ئەویتر نا.. ئەجێندایەكی گشتگیر نیە كۆیان بكاتەوە. گەندەڵی‌و بێسەروبەری‌و تێوەگلان لە سەفقەی گوماناوی بڵاوە تا دێت هێڵی بنەماڵەیی‌و خێزانی‌و خزم خزمێنە لەناو یەكێتی تۆختر دەبێتەوە بەخشینەوەی پلە بە خێر‌و سەدەقە، بە پاداشتی تەكەتول‌و باڵباڵێن تادێـ زیاتر دەبێت بە جۆرێك زۆرینە بونەتە خاوەن پلە‌و كەمینەیەك ئەندام، كە خۆی پێچەوانەیە. پەیرەوی ناوخۆ‌و پرۆگرامی كاری یەكێتی بەجۆرێك فەرامۆش كراوە، كەس بیری نیە، لە جێگری سكرتێری گشتی تا خوارەوە، پەیڕەو پێشێل دەكەن‌و باكیشیان نیە. بۆ ئایندە چی؟؟ وەك چۆن دامەزراندنی یەكێتی سەخت بوو، ئایندەش پێویستی بە سەرلەنوێ دامەزراندنەوە هەیە، یەكێتی لایداوە لە هێڵی گشتی كاركردن‌و ستراتیژی خۆی، پەیوەندیەكانی تەواو پچراوە لەگەڵ حزب‌و پێكهاتەكانی تر. بۆیە: یەكێتی پێویستی بە كۆنگرەیەكە سەرلەنوێ پەیكەرە‌و پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دابڕیژێتەوە، گشت ئەو گیاكەڵانە هەڵكێشێت كە یەكێتیان لاواز كردوە. یەكێتی پێویستی بە ئامانجی رون‌و رێبازە دێرینەكەی مام جەلال هەیە. گشت هاوڕێكانی مام جەلال، لە كاك كۆسرەت تا خوارەوەی سەركردایەتی، بە كوڕەكانیشیەوە، بەداخەوە بەئەمەك نەبون بۆ رێبازی مام‌و بە ئێستاشەوە زیان بە خۆیان‌و یەكێتی دەگەیەنن، چونكە: یەكێتیان نەپاراست، یەكێتیان لاواز كرد درود بۆ گیانی مام جەلال‌و تەواوی شەهیدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
هیڤیدار ئەحمەد حەوت مانگ ئەو ماوەیە بوو، پارتی لەگەڵ یەكێتی دانوستاندنی وردی كرد، دوو جار لەنێو "ماڵی" یەكێتی رێككەوتنی ئیمزاكرد. بەڵام لە خولەكی كۆتایی دوای حەوت مانگەكە، برادەرانی یەكێتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. بەڵام هێشتاش دەرگای نوێ دەكرێنەوە. دەنگنەدانی یەكێتی بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، پێشبینیكراوبوو، چونكە لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا یەكێتی چەندین جار لەگەڵ پارتی رێككەوتووە و پەشیمان بووەتەوە. پارتی بەم هەنگاوەی یەكێتی ناڕەحەت بووە، بەڵام ئەوە نییە دەستبەرداری یەكێتی ببێت. تاوەكو دەكرێ تووند جارێكی دیكە دەستی یەكێتی دەگرینەوە. قۆناخی خۆش و ناخۆشمان پێكەوە دەربازكردوون . رەنگە ئەم كێشەیە ئاسانتر لە هەموو كێشەكانی دیكە چارەسەر ببێ، ئەویش لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەكی پارتی ئاشتەوایی و سەقامگیری كوردستانە، ئەگەر نرخەكەی چەندە گەورەبێ، ئامادەین بیدەین بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە بەهێز بمێنێتەوە. وەك سەركردەیەكی ئەو حیزبە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەمنی گوت " یەكێتییەكان دوو رێگەیان لەبەردەمە، یان دابڕان لە پارتی، یانیش رێككەوتن". گوتی "دابڕان پێش هەمووان لەبەرژەوەندی خودی یەكێتی نییە. هەرچەندە دەنگی ئەوەش لەنێو یەكێتی هەیە كە كۆتایی بەهەموو شتێك بێنین لەگەڵ پارتی". بە بۆچوونی من، ئەوە بۆچوونێكی مام جەلالانە نییە و ناشبێ ئەو بۆچوونە لەنێو حیزبێكدا هەبێ كە ناوی "یەكێتی نیشتمانی كوردستان"ە. شایەتی ئەوە بۆ فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەدەم، كە لەگەڵ ئەو بڕیارەی حیزبی خۆیان نەبوون، ئەوان زیاتر لەگەڵ تەبایی و پێكەوە كاركردنن ، چونكە پێكەوە لە پەرلەمانی كوردستان كاردەكەین . بەڵام سەرئەنجام بەناچاری ملكەچی بڕیاری حیزبەكەیان بوون . لە هەڵبژاردنی 30/9/2018ی پەرلەمانی كوردستان دەنگی ملیۆنێك و 567 هەزار و 547 دەنگدەر هەژماركران. لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو پەرلەمان (یەكێتی، كۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، شیوعی) دەنگی هەموویان دەكردە 644 هەزار و 18 دەنگ ، كە دەكاتە 42 كورسی نێو پەرلەمان. بەڵام دەنگی پارتی بەتەنیا لە دەنگی ئەو پێنج لایەنە زیاترە، ئەویش 686 هەزار دەنگبوو ، دەنگی (پارتی، گۆڕان، نەتەوەكانی دیكە و سەردەم) نزیكەی 902 هەزار دەنگ بووە كە دەكاتە 69 كورسی نێو پەرلەمان . كاك نێچیرڤان بە دەنگی 68 ئەندامی پەرلەمان بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە نوێنەرایەتی 902 هەزار دەنگدەر دەكەن. نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە سەرۆكی ئەوەی دەنگی پێداوە و ئەوەی دژیشی بووە، سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستانە و بەناوی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە قسە دەكات و بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان دەكات. بەوەش ناسراوە كە ئەو گرێیانەی بە دەست و ددان نەكرێنەوە، لای ئەو بە ئاسانی دەكرێنەوە . یەكێتی و پارتی جگە لە دیالۆگ هیچ رێگەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە، كاك نێچیرڤان "چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەبێت ". جەنابی سەرۆك بارزانیش لەهەموو كەس زیاتر قیمەتی "ئاشتەوایی و تەبایی" دەزانێت. واتە لەنێو پارتیدا ئاراستەی چارەسەركردن لەگەڵ یەكێتی لەهەموو ئاراستەكانی دیكە زاڵترە. چاوەڕێی ئەو ئاراستەیە لەنێو یەكێتیش دەكەین. ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روویدا، كە یەكێتی نەهات و دەنگینەدا، كێشە گەورەكەی بەردەم هەرێمی كوردستان – عێراق نییە، نا ئەوە كێشەكە نییە. كێشەی كوردستان لەگەڵ عێراق و دەورووبەرە، كێشەی كەركووك و سووتاندن و بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكانە، كێشەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە. دەبێ بیر لەوە بكەینەوە چۆن كێشە یاخود قەیرانەكانی نێو خۆمان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی دەرەقەتی قەیرانی دەرەكی بێین كە بەسەر كوردستان و ناوچەكەدا دێن . راستە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیون، بەڵام ئەوەی ماوە زیاترە، پێكەوەكاركردنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، لەهەموویان گرنگتر، چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانە . ئەگەر بەحەز بوایە، حەزمان دەكرد یەكێتی نەبووایە، بەڵام یەكێتی هەیە، لەنێو یەكێتیش ئەو حەزە هەیە كە دەبووایە پارتی ئێستا نەمابووایە، بەڵام پارتی هەیە و دەمێنێتەوە و بەهێزتریش دەبێت . ئیدی سەرباری جیاوازی لە تێڕوانینی پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام چونكە هەردوو حیزب هەن، جێگرەوەی رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی تەنیا "رێككەوتنە".