گۆران عەلی کەریم یەكێك لەرەخنە دیارە و باوەكانی لەسەر یەکێتی ئەوەیە لەنیوەرێگا لادەدات، بۆیە بەردەوام لەم دەساڵی رابردووەدا وەك پاشكۆی پاریتی و یان شەریكێكی گوێ رایەڵ دەركەوتوە. گلەیی و گازندەی بەشی خوارەوەی یەكێتی لەسەركردایەتیەكەی ئەوەیە ئەم قیادە سیاسییەی یەكێتی بەرێوە دەبەن خاوەنی ئەجەنداو كاری سەربەخۆی خۆیان نەبوون و زیاتر وەك پەرچەكرداری لایەنەكانی تر خۆیان نمایش كردوە و لەسێبەری پارتیدا نەخشەی سیاسەتیان دارشتوە. لەپرسی سەرۆك كۆمار و ئەمجارەش لە پرسی گفتوگۆی نێوانیان، بەتایبەت لەبەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا، یەكێتی جۆرێك لەسەربەخۆی گەراندەوە و تارادەیەك هەناسەیەكی بەبەر جەماوەرەكەیدا كردۆتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا یەكێتی ئەم سیاسەتەی تانیوەی رێدەبات، یان تاكۆتایی رێگاكە لەسەر ئەو هەڵوێستەی دەمێنێتەوە؟، یان خۆ ئەگەر سیاسەتی نەرمی ئێستای یەكێتی، تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازبێت، ئەوا هەق نییە خۆیان و خەڵكیش ماندوو بكەن چونكە ئاكامی ئەم نەخشەیەش بەرهەمەكەی هەر نائومێدی دەبێت و دەرئەنجامەکەشی هەردەچێتەوە گیرفانی پارتی. خۆ گەر یەكێتی بەراستی دەیەوێت سود لەو فەراغە سیاسییەی ناوچەی سەوز وەربگرێت، دەبێت نێوانی خۆی پارتی بە ملی مەتر بپێوێت نەك كیلۆمەتر، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بەبەرنامەیەكی تازەو بە پلانێكی تازەیە كە بتوانێت هیچ نەبێت دەساڵی ئایندەی حوكمرانی رابردووی تێپەرێنێت، بۆئەمەش پێویستی بەپیداچوونەوەی خۆیەتی پێش لەقەپان و لەمەحەكدانی راستگۆی سیاسەت و بەرنامەی ئەوانی تر.. پارتی تا ئێستا بروای بەوە نەكردوە كە یەكێتی هێزێكە دەتوانێ لە سەعاتی سفردا یاریەكە بگۆرێت، راستە پارتی بەردەوام باس لەشەراكەتی یەكێتی دەكات، بەڵام شەراكەت لای پارتی بەتەعبیرو خوێندنەوەی دەساڵی رابردوە، شەراكەت لە حكومەتدایە نەك لە دەسەڵات و بریاردان، شەراكەت لای پارتی یانی رازی بوون بە گۆرینی چەمكی راوێژ بۆ گوێرایەڵی و جێبەجێكردن، یان ملدان بە بەشداری لەحكومەت و جێبەجێكردنی بریاری سەروی حكومەت. بۆیە یەكێتی پێش هەر شتێك پێویستی بەوەیە بە پێناسەی شەراكەتی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە، چونكە گەروانەبێت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە نەكات، ئەوا رەنگە نەخشەی پارتی ئەوە بێت یەکێتی لەشەریكییەوە سەرقاڵ بكات بەململانێی خۆ خۆیی. ئاشكرایە دۆخی ئێستای كوردستان بەباش و خراپییەوە بەرهەمی پێكەوە بوونی پارتی و یەكێتییە، كێشەكە هەق نییە لەوەدا كورت بكرێتەوە، كێ چ پۆستێكی بەردەكەوێت، بەڵكو كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە یەكێتی خۆی سەرقاڵی حكومەتێك كردوە كە لەراستیدا دەسەڵاتی راستەقینە و بریاری گرنگ و ستراتیژی لای ئەو نییە، بۆیە دەبێت یەكێتی ئاراستەی ململانێیەتیەكە بگۆرێت بۆ ئەو شوێنەی كە تەواوی دەسەڵاتەكانی تیا چركراوەتەوە، نەك بۆ حكومەت و وەزارەتێك كە زیاتر لە ماف و ئەركی شارەوانییەكی راستەقینەیان پێنەبراوە
ئاری هەرسین لەم دە ساڵەی ڕابوردو موناقەشەیەكی زۆر لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كراوە. هەندێك كەس پێیان وابو هەڵبژاردنی سەرۆك لە پارلەمانەوە بێت باشترە، چونكە ئەو میكانیزمە ڕێگە بە پارلەمان دەدات چاودێری دام و دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بكات. ئێمەش دەمانگوت با هەڵبژاردن لە ناو گەلەوە بكرێت، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەڕێی ڕێككەوتنی چەند حیزبێك لەدەرەوەی پارلەمان نەكرێت بۆ دەرچواندنی كاندیدێك كە لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندنێكی گەورە. ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم لە پارلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبەر ئەوەی هێشتا خۆی لەسەر ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ ئێمە ساغ نەبۆتەوە، لەو دانیشتنەی پارلاماندا بەشدار نەبوو. یەكێتی بەم هەڵس و كەوتەی پەیامێكی ڕوون و سادەی گەیاندە خەڵكی كوردستان و ئێمەی پارتیش. ئەو پەیامە ئەمەیە: ئێمەی یەكێتی ساغ نەبوینەتەوە كە ئایا ئێمە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی (بەو دەسەڵاتانەوە كە قانون بۆی دیاریكردوە) ڕازین، یان نا؟ یەكێتی بۆ وایكرد؟ چونكە ئەگەر لە هۆڵی پارلەمان بمانایەتەوە، لە سێ بەربژێر زیادتریان نەبوو: بەر بژێری یەكەم: دەنگیان بۆ كاك نێچیرڤان بارزانیبێت. كە ئەمە ئەو ڕێكەوتنەیە كە لە نێوان ئێمەو یەكێتیدا كراوە. لەو حاڵەتەدا باسی فراكسیۆنێك دەكەین كە ساغ بوبێتەوە. بەر بژێریا دووهەم: ئەندام پارلەمانەكانی یەكێتی تەعبیر لە بۆچوونی كوتلەیەكی ناو یەكێتی بكەن كە سەر بەون. لەو حاڵەتەدا ئەوەندەی تر بێ سەرو بەرەیی و نەبوونی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتیدا دەچێتە ژێر پرسیارەوە. بەر بژێری سێهەم: نە دەنگ بە سەرۆكی هەرێم بدەن و، نە دژیشی دەنگ بدەن. ئەمەشیان مانای ئەوەیە لە ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ ئێمە لایان داوە. یەكێتی ئەمڕۆ بەربژێری سێهەمی هەڵبژارد، ئیتر لە جیاتی ئەوەی لەناو هۆڵی كۆبونەوەی پارلەماندا ئەو هەڵوێستە وەرگرێت، لەدەرەوەی ئەو هۆڵە كردی. یەكێتی بەم هەڵوێستە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی لە چوارچێوەی جوگرافیایی (ئەمڕۆی) هەرێمی كوردستان خستە ژێر پرسیارەوە... ئینجا ئەگەر سنوری دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم لە زاخۆ تا دێگەڵەبێت، ئەوا دیارە یەكێتی بەدیلی ئیدارەدانێكی جیاواز لە ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان بیر لێدەكاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەش، پێویستە سەركردایەتی یەكێتی لەپێش ئەوەی لەگەڵ هەر لایەنێك بۆ داوستاند دابنیشێت، جارێ لەناو خۆیدا خۆی ساغ بكاتەوە، ئەگینا وە عد و پەیمانەكانیان لای لایەنەكان و لای خەڵكی كوردستانیش هیچ بەهایەكیان نامێنێت. دواجار ئێمە لەمڕۆوە سەرۆكێكی نوێمان لە وڵاتەكەماندا هەیە بەناوی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی... لە هەمو خەڵكی كوردستان و لە سەرۆكیش زۆر پیرۆزە.
ئاراس فەتاح پارتی بووه به هێزێك كه به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدیی تیۆری ریگوله‌یشنی „Regulationstheorie“ به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت. بۆئه‌وه‌ی له‌وه‌ش تێبگه‌ین كه ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی وه‌ك مۆدێلێكی ئابووریی له رێكخستنی سه‌رمایه و ڕژێمێكی تایبه‌ت له كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه بۆ باڵاده‌ستكردنی هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی، چ په‌یوه‌ندییه‌كی به تیۆری ریگوله‌یشنه‌وه هه‌یه، ده‌بێت سه‌ره‌تا ئاوڕێكی كورت له‌م تیۆرییه بده‌ینه‌وه. ئه‌م تیۆرییه قوتابخانه‌یه‌كی ئابووریی سیاسیی ماركسیسته نوێكانه كه له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه به ڕاڤه‌كردنی نوێی „ڕژێمی كه‌ڵه‌كه‌كردن“ی سه‌رمایه و شێوازی ریگوله‌یشن یان رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ناوبانگی ده‌ركرد. ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی گرنگی ئابووریی و سیاسییه‌وه بوو: بۆچی قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داریی نه‌بوونه هۆكاری كه‌وتنی سیسته‌مه‌كه، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه له هه‌ندێ قۆناغدا ده‌بێته هۆكاری خۆرێكخستنه‌وه و سه‌قامگیریی سیسته‌مه‌كه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نموونه‌ی دوو ئه‌زموونی مێژووی سه‌رمایه‌دارییمان له‌به‌رده‌ستدایه. یه‌كه‌م مۆدێلی „فۆردیزم“ه، كه چۆن كۆمپانیای فۆرد توانی به به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمۆبیلی „T5“ی ماركه‌ی فۆرد، پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌ستاندارد بكات و دامه‌زراندنی كرێكاران دابینبكات و بڕی مووچه‌شیان به‌رزبكاته‌وه و به‌م شێوه‌یه‌ش مۆدێلێكی نوێ له پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رمایه و كار بهێنێته ئاراوه. له‌م پرۆسه‌یه‌شدا مۆدێلێك له ئینتیما بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی دروستده‌بێت كه له ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوییدا „welfare state“ ڕه‌نگده‌داته‌وه. دووهه‌میشیان قۆناغی پاش یان پۆست فۆردیزمه كه ده‌وڵه‌ت پیاده‌ی سیاسه‌تێكی نیولیبراڵیی رادیكاڵ ده‌كات كه تیایدا ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه درێژده‌كرێته‌وه و ده‌ستی ده‌وڵه‌ت له سێكته‌ره حكومییه‌كانیش كورتده‌كرێته‌وه. ئه‌مه‌ش به فرۆشتنی سێكته‌رێكی زۆری ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی به سه‌رمایه‌داران كۆتاییهات. به‌پێچه‌وانه‌ی فۆردیزمه‌وه كه پێویستی به ده‌ستی كارا نه‌بوو له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، له قۆناغی پۆست فۆردیزمدا سیسته‌می دابه‌شكردنی كار رێكده‌خرێته‌وه و دابه‌شكردنێكی چینایه‌تی نوێ له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا دروستده‌بێت كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی بێكارییه‌كی نوێ بوو بۆ كرێكاری نه‌شاره‌زا. كشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له زۆر سێكته‌ر و فرۆشتنی به كه‌رتی تایبه‌ت و به‌پرۆفشناڵكردنی هێزی كار و عه‌قلانییكردنی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌رده‌می گلۆبالیزمدا، به كه‌مكردنه‌وه‌ی تێجوون و ده‌ركردنی ئه‌و كرێكارانه كۆتایی هات كه ته‌نها هێزی كاری خۆیان ده‌فرۆشت و ئاست و توانای پرۆفشناڵیان نه‌بوو. پۆست فۆردیزم كۆتایی سه‌رده‌می زێڕینی په‌یوه‌ندیی نێوان كار و سه‌رمایه‌یه. باشترین نموونه‌ش بۆ نماییشكردنی ئه‌م قۆناغه فیلمه‌كه‌ی چارڵی شاپلنه به‌ناوی „سه‌رده‌مه مۆدێرنه‌كان“. یه‌كێك له تێزه سه‌ره‌كییه‌كانی نوێنه‌رانی ئه‌م قوتابخانه‌یه بریتیی بووه له‌وه‌ی كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به‌هۆی قه‌یرانه‌كانیه‌وه گۆڕ بۆخۆی هه‌ڵناكه‌نێت، وه‌كو ماركس پێشبینیی ده‌كرد، به‌ڵكو به‌بۆچوونی ئه‌وان ئه‌وه خودی قه‌یرانه‌كانه كه له قۆناغی جیاوازدا ده‌شێت ببنه هۆكاری دووباره‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه و خۆرێكخستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی وه‌ك سیسته‌م و سه‌قامگیربوونه‌وه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی. دیاره ناكرێت وێنای رژێمی ریگوله‌یشنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی بكه‌ین به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تی خۆشبژێویی و لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی. ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوییش مۆدێلێك له سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و خۆشگوزه‌رانیی بونیادنا كه به‌رخۆریی ئایدیۆلۆژییه‌كه‌یه‌تی. له‌م سیسته‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی ئایدیۆلۆژیی دوو ره‌هه‌ندی گرنگی دروستكردنی ستایلی ژیانن كه تیایدا به‌رخۆریی „consumption“ ده‌كرێت به پرنسیپی ژیانی مرۆڤه‌كان. به‌رخۆرییكردن له‌وێنه‌ی كڕینی كاڵای وه‌ك ئۆتۆمبیل و خانوو و كه‌ره‌سه ئه‌لكترۆنییه‌كانی ناو ماڵ ده‌بێت به ره‌مزی خۆشبژێویی و خۆشگوزه‌رانی. گه‌شت و سه‌فه‌ركردنیش به ئۆتۆمبیلی شه‌خسیی له‌كاتی پشووه‌كاندا بۆ سه‌ر ده‌ریاكان و چێژوه‌رگرتن له ده‌ریا و ئیستراحه‌تكردن، ده‌بێت به ستایڵێكی نوێی ژیانی مرۆڤه‌كان. ئه‌م قۆناغه زێڕینه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی نه‌وت له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكاندا گۆڕانی قووڵی به‌سه‌ردا دێت كه به قۆناغی پۆست فۆردیزم به‌ناوبانگه. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره‌كان ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆده‌ركه‌وت كه چه‌نده وابه‌سته‌ی كه‌ره‌سه‌ی خاوی ده‌وڵه‌ته كۆلۆنییه‌كانی جارانی خۆیانن. ئه‌م قۆناغه‌ش به‌وه ده‌ناسرێت كه مۆدێلی ئاشتبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه و كار له فۆردیزمدا له‌دوای قه‌یرانی نه‌وتی ساڵانی حه‌فتاكان و قه‌یرانی دارایی له كۆتایی ساڵانی 2008وه، كۆتاییپێدێت، چونكه كۆمپانیاكان ده‌ستیانكرد به كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێكار و كارمه‌نده‌كانیان له‌پێناو زیادكردنی داهات. له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م قۆناغه‌شدا ململانێیه‌كی توند له‌نێوان خاوه‌نكار و نه‌قابه‌كاندا بۆ زیادكردنی مووچه ده‌ستیپێكرد. پرۆسه‌ی گلۆبالیزه‌بوون و زۆری تێچوون و به‌رزیی مووچه له وڵاته سه‌رمایه‌داره‌كان، بووه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریی و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا له ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێ. بێگومان تیۆری ریگوله‌یشن ره‌خنه‌ی زۆر كراوه كه مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای له‌سه‌روه‌ستان بوو، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یه: بۆچی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا مۆدێللێك له ریگوله‌یشن یان رێكخستنه‌وه‌ی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانیی به‌رقه‌راره كه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه قووڵه‌كان نابنه هۆكاری داڕمان و كه‌وتنی سیسته‌مه‌كه؟ له مێژووی نوێی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا سیسته‌مه سیاسیی و ئابوورییه‌كه‌ی پارتی له چه‌ندین قۆناغدا تووشی هه‌ژانی گه‌وره بووه، كه‌چی دوای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه قووڵه ئابووریی و سیاسیی و ئه‌خلاقیی و سه‌ربازییه‌ی پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆمیش توشی بوو، نه‌ك هه‌ر نه‌بوونه هۆكاری شكست و كه‌وتنی، به‌ڵكو بوون به هۆكاڕێك بۆ دووباره‌به‌هێزبوونه‌وه و دووباره‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته سوڵتانییه‌كه‌ی. له‌م دووتوێیه‌شدا پارتی توانی جارێكی تر ببێته‌وه به بكه‌رێكی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانی سیاسیی له هه‌رێم و هێزێكی حیساب بۆكراو له عێراق و ناوچه‌كه‌شدا. بێگومان ئێره شوێنی شیكاری كۆی ئه‌و هۆكارانه نیین كه پارتی به چ میكانیزمێك جه‌سته‌ی سیاسیی خۆی له گۆڕێكی ئابووریی و سیاسیی و سه‌ربازییه‌وه ده‌رهێنا و پاش ماوه‌یه‌كی كورت توانی سیسته‌مه سیاسییه سوڵتانییه‌كه‌شی بكات به مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی لای زۆرینه‌ی حیزبه‌كان. پێگه‌ی ئابووریی و هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی پارتی پابه‌ندی گرێدانی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاته له‌ناو سیسته‌مێكی سوڵتانیی. مۆدێلی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوی (دولە الرفاه) و درۆی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی پارتی گه‌یشته ئاستیك نێچیروان بارزانی له هه‌ڵبژاردنی خولی پێشوودا په‌یمانی دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی دا بۆئه‌وه‌ی هه‌موو تاكێكی هه‌رێم پشكی خۆی كه له فرۆشی نه‌وتدا هه‌بێت! ئه‌م سیسته‌مه ئابوورییه سوڵتانییه‌ش زه‌ڕكه‌شكرابوو به گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی كه نه فیكری هه‌بوو نه زه‌مینه‌ی سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی و ئیقلیمیی. ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی زیاتری بۆ پارتی ره‌خساند، تێكئاڵانی تۆڕێكی گه‌وره له كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ی نه‌وت و گاز به سیسته‌مێكی ئیقلیمیی كه تیایدا چه‌مكی ئاساییش و گه‌نده‌ڵیی پێكه‌وه‌گرێدراون. له‌ناوخۆی كوردستانیشدا بێئیراده‌یی و نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ سیاسه‌ته سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیی و گه‌مژه‌یی سیاسییانه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و چه‌ندین كارلێكی تر، هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌یمه‌نه‌ی مۆدێلی سوڵتانیزمی پارتی بوون له‌ناو سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی هه‌رێمدا. خاڵێكی تر كه بۆ هه‌یمه‌نه‌ی پارتی و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی گرنگه، بریتییه له دابه‌شكردنی سه‌رمایه و سامان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر به‌رامبه‌ر به هێشتنه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات له جوگرافیای خۆی. دابه‌شكردنی سه‌رمایه و سامان لای پارتی مانای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات نییه. له‌دیدگای پارتییدا خه‌تی سووری سیاسیی هه‌یه كه كاڵنابێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له كرۆكه خێزانییه‌كه‌ی ماڵی بارزانیدا بمێنێته‌وه. هه‌ر هێزێكی سیاسییش بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه‌ی، له‌م دیدگا سیاسییه‌دا ملكه‌چ و هاودیدی ئه‌و بوو، ئه‌وا پاداشتی ده‌كات، له حوكمڕانییدا به‌شداری پێده‌كات، پۆستبارانی ده‌كات و پێگه‌ی ئابووریی و دارایی به نوخبه سیاسییه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌كو چۆن كۆمپانیای فۆرد مۆدێڵی ئۆتۆمبیلی „T5“ی كرد به ستاندارد و كرێكارانی به ته‌واوه‌تی دامه‌زراند و موچه‌ی به‌رزكردنه‌وه بۆئه‌وه‌ی مۆدێڵی فۆردیزم به‌رقه‌رابكات، ئاوهاش پارتی وێنای ده‌سه‌ڵاتدارێتی له سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌یدا ده‌كات. ئه‌و ساڵانه‌ی كه پاره‌ی نه‌وت بێ‌شومار بوو، پارتی و یه‌كێتی ده‌ستیانكرد به پرۆسه‌یه‌كی به‌ربڵاو و كۆنتۆڵنه‌كراو له دامه‌زراندن و مووچه‌بڕینه‌وه له‌هه‌ردوو بواری سه‌ربازیی و مه‌ده‌نییدا بۆ كڕینی وه‌لائه‌تی سیاسیی بۆ سیسته‌مه‌كه‌یان. پارتی و یه‌كێتی سه‌رمایه و داهاتی هه‌رێمی كوردستان به موڵكی شه‌خسیی خۆیان ته‌ماشاده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌ی هاونیشتیمانیانی هه‌رێمیشیان وه‌كو كرێگرته ده‌كرد كه به‌ئاره‌زووی خۆیان دایانده‌مه‌زراندن و به كه‌یفی خۆیان موچه‌یان بۆ ئه‌ندامه حیزبییه‌كانیان ده‌بڕییه‌وه و به دزینی پاره‌ی نه‌وت ده‌زگای رۆشنبیریی و میدیایی زه‌به‌لاحیان دروستده‌كرد. دوای قۆناغێكی كورت له خۆشگوزه‌رانیی درۆزنانه و دامه‌زراندنی به‌رفراوان له ده‌زگا حكومییه‌كان و ته‌خشان و په‌خشانكردنی پاره و په‌یمانی خۆشبژێوی و سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی، سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه به‌هۆی گه‌نده‌ڵیی و قه‌رزی زه‌به‌لاح و قه‌یرانی دارایی و جه‌نگ و ریفراندۆمه‌وه تووشی هه‌ژانێكی گه‌وره‌ده‌بێت. ئه‌م قه‌یرانه‌ش كۆتایی به‌و سه‌رده‌مه زێڕینه ده‌هێنێت كه به پاره‌ی نه‌وت وه‌همی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرای بۆ هاونیشتیمانیانی هه‌رێم دروستكردبوو. له‌م قۆناغه‌وه موچه‌خۆرانی هه‌رێم لای پارتیی ده‌بن به به‌ڵا، چونكه ده‌بایه ئه‌و له‌شكره گه‌وره‌یه به‌خێوبكات كه بۆ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كێتییدا بۆ هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی خۆیان دروستیانكردبوو. بۆیه حكومه‌ته سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیی به‌ناچاریی دامه‌زراندنی هاونیشتیمانیان ڕاده‌گرێت و به‌رامبه‌ر به‌وه ته‌نها ئه‌و هێزه سیاسییانه له كۆمپانیا ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی داده‌مه‌زرێنێت و پۆست به‌سه‌ر نوخبه خێزانییه‌كانیان په‌خشده‌كات و ستاندارتی ژیانیان بۆ زامنده‌كات، كه بڕوایان به موڵكدارێتی خێزانی بارزانی هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات و سامان. پارتی دوای قه‌یرانی ئابووریی و داراییه‌كه‌ی، له‌وێنه‌ی مۆدێڵی پۆست فۆردیزمدا، جگه له ده‌رهێنان و فرۆشتنی هه‌رزانبه‌های نه‌وت و گاز و گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی ته‌مومژاویی له‌گه‌ڵ توركیا و كۆمپانیا بیانییه‌كان و خواردنی نوقڵانه‌یان، هه‌موو تێچونه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه به دانی مووچه‌شه‌وه. پڕۆژه‌ی فرۆشتنی سێكته‌ره ئابووریی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت گه‌ڵاڵه‌ده‌كات. له‌م قۆناغه‌وه دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی و خۆشگوزه‌رانیی ده‌بێت به زاراوه‌یه‌كی نامۆ. ئه‌م سیاسه‌ته وه‌حشه‌تناكه ئابوورییه‌ش به په‌لاماری موچه‌ی خه‌ڵك كۆتایی نایه‌ت كه به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه هه‌موو قه‌رزه وه‌همیی و حه‌قیقییه‌كانی خۆی پێده‌داته‌وه. له راستییدا مۆدێڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی و یه‌كێتی ساڵانێكه جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمیدییانه‌ی خشته‌ی مووچه له میدیاكان و زه‌لیلكردنی ئینسانی ئێمه و چه‌ته‌گه‌ریی ئابووریی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێكی خێرای نوخبه سوڵتانییه‌كه‌یان و وێرانكردنی ژێرخان و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵگا ئێمه، هیچ به‌رهه‌مێكی تریان بۆ ئه‌م هه‌رێمه نه‌بووه. پاش كۆتاییهاتن به قۆناغی سه‌رده‌می زێڕینی ئابووریی و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه قووڵانه، پارتی به‌ناچاری مۆدێلی پۆست فۆردیزم له ئاسته ئابوورییه‌كه‌ی جێبه‌جێده‌كات و له ئاسته سیاسییه‌كه‌شی ستراتیژی فۆردیزم په‌یڕه‌و ده‌كات. له‌ئاسته ئابوورییه‌كه‌یدا پارتی ده‌ستده‌كات به كه‌مكردنه‌وه و دزینی مووچه‌ی هاونیشتیمانیان و پلانی فرۆشتنی كه‌رتی گشتیی به كه‌رتی تایبه‌ت داده‌ڕێژێت. له ئاسته سیاسییه‌كه‌شیدا له فۆرمی به‌رخۆریی سیاسیی‌دا ده‌ستیكرد به دابه‌شكردنی پۆست به‌سه‌ر نوخبه‌ی سیاسیی و منداڵانی خانه‌واده سوڵتانییه‌كانی تر له حكومه‌ت و دامه‌زراندن و به‌شهه‌بوونیان له سامان و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆیان. به بۆچوونی من وه‌همی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی و خۆشگوزه‌رانیی و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵیی له‌ناو ئه‌م سیسته‌مه سوڵتانییه‌ی پارتی چه‌نده گه‌وره‌بوو، وه‌همی كردنی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌شی به په‌رله‌مانتاریی به هه‌ڵبژاردنی نێچیروان له‌ناو په‌رله‌ماندا، ده هێنده گه‌وره‌تره. بێگومان ئه‌م ستراتیژه‌ش بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانیی بۆ نوخبه سوڵتانییه‌كانی تر بێ باج نییه. پارتی به‌رامبه‌ر به‌م میهره‌بانییه گه‌وره‌یه ته‌نها وه‌لائه‌تی له فۆرمی مكله‌چیی و بێده‌نگیی سیاسیی له‌و هێزانه ده‌وێت كه له خواردنی سامان و داهاتی نیشتیمانییدا به‌شدارییان پێده‌كات. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه وامان لێده‌كات له‌وه تێبگه‌ین بۆچی ئه‌م هه‌موو نادادیی و گه‌نده‌ڵییه زه‌به‌لاحانه به‌بێده‌نگیی تێده‌په‌ڕێت و هیچ هێزێكی كاریگه‌ر نه‌ماوه فزه‌ی لێوه‌بێت، تێده‌گه‌ین بۆچی پارتی پاره‌ی پێنج مانگی موچه‌ی له به‌غدا وه‌رگرتووه كه‌چی ده‌یدزێت و ده‌یداته‌وه به قه‌رزه‌كانی و ئه‌مه‌ش هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی سیاسیی دروستناكات و هیچ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤیشی به‌سه‌ر دروستكردنی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه نییه. پارتی له‌دوای ریفراندۆم و قه‌یرانه قووڵه ئابووریی و سیاسییه‌كانیه‌وه ده‌وڵه‌تی خۆشبژێویی و خۆشگوزه‌رانیی بۆ هانیشتیمانیانی ناوێت، بۆئه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌ناو سیسته‌مه ئابوورییه ره‌یعییه‌كه‌ی به‌ئاره‌زووی خۆیان كاڵا بكڕن و به‌رخۆریی بكه‌ن، به‌ڵكو خۆشبژێویی ته‌نها بۆ ئه‌و نوخبه سوڵتانییانه‌ی تر دابینده‌كات كه ئاماده‌ن قبوڵی هه‌موو ئیملا سیاسییه‌كانی بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ستراتیژێكه بۆ خۆرێكخستنه‌وه و گه‌ره‌نتییه‌كه بۆئه‌وه‌ی له گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌كانی ناو سیسته‌مه‌كه‌ی بێده‌نگبن و پرۆژه سوڵتانییه‌كه‌شی وه‌كو كاڵایه‌كی سیاسیی له‌ڕێگای ئه‌وانه‌وه به خه‌ڵك بفرۆشێت و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش هه‌ڵبمژێت.
مەحموود یاسین كوردی لە هەلبژاردنی ٢٠٠٩ بە پشتیوانی یەكێتی و شەخسی تاڵەبانی سەرەرای تەزویرێكی زۆر ئینجا بارزانی توانی ٦٩% دەنگەكان بە دەست بهێنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە هەلبژاردنی ئەمجارە بە هەموو پێوەرەكان نزیكە ٩٢ دەنگ ئامادە بوو تا نێچیرڤان بارزانی بكاتە سەرۆكی هەرێم ئەمەش تەوافوق و دەنگێكی زۆر بوو، بۆیە ئێستا نێچیرڤان بارزانی خاوەنی ٦٨ دەنگە كەمترە لەو رێژەیە سەرۆكی پێشوو، لە سەرەتاوە نێچیرڤان بارزانی رەتیكردبووە بە دەنگی گۆڕان و پارتی ببێتە سەرۆك دەیویست شەرعییەتی زیاتر بێت بۆیە لەگەڵ رێككەوتن و چارەسەری كێشەی كەركووك بوو، بەڵام ئاراستەیەك لە نێوە پارتی لەگەڵ ئەوە نەبوون شەعبیەتی نێچیرڤان بارزانی لە هی سەرۆكی پێشووی هەرێم زیاتر بێت بۆیە كێشەیان بۆ مەوزوعی كەركووكیان دروستكرد تا یەكێتی ئیستیفزاز بكەن، ئەگەر نا كێشەی كەركووك قورس نییە بارزانی دەیتوانی چارەسەری بكات هەر وەكو چۆن لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رێككەوت بەبێ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئیداری شنگال، زووممار و مەخموور پارێزگاری موسڵیان لە حەشد هەڵبژارد!. یەكێتی لە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانترە كە دەنگی بە سەرۆك نەداوە، چونكە دۆستێكی بەهێزی خۆیان لاواز كرد كە تاڵەبانی ئامادە بوو لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ پارتی ئاشت ببێتەوە نێچیرڤان بارزانییش بكاتە سەرۆكی حكومەت!
ئاری سابیر شاری کەرکوک دانیشتوانەکەی لەنەتەوەکانی (کورد . عەرەب . تورکمان . مەسیحی) پێکهاتووە، بەپێی ئاماری حکومەتی ناوەندی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک لەساڵی ۲۰۱٨ ( ۱،٥۹۷،٨۷٦ ) کەسە ، بەدرێژایی مێژوو هۆکاری سەرەکی ناکۆکیەکانی نێوان شۆڕشەکانی کورد و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووە هەر بۆیەش نەتوانراوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، ساڵی ۱۹٨۳ لەگفتوگۆی نێوان ( ی.ن.ک) و حکومەتی عێراق سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق ئامادەبوو هەموو مافێکی کورد بدات بەهەموو خاکی کوردستان لەسنجارەوە تاکوو خانەقین تەنها کەرکوک نەبێت ئەویش بەوەفدی (ی.ن.ک ) دەڵێت لەبەر ئەوەی ئێستا لەجەنگم لەگەڵ ئێران ئەگەر کەرکوک بدەم بەئێوە ئەوە ۲۰ وڵاتی عەرەبی دژم دەوەستنەوەو هاوکاریم ناکەن تاکوو دوای جەنگ قسە لەسەر کەرکوک دەکەینەوە، بەڵام (ی.ن.ک) بەو پێشنیارە ڕازی نابێت بەو هۆیەوە گفتوگۆکان شکستیهێنا، (ی.ن.ک) لەپێناوی کەرکوک زیاتر لەدوو هەزار شەهیدی داوە لەساڵی ۱۹۷٦ تاکوو ۲۰۱۹ ڕەگ و ڕیشەی لەناو ناخی کەرکوکیەکاندایە ناتوانێت هیچ تەنازولێک بکات لەسەر کەرکوک، ساڵی ۱۹۹۱ ئەوە یەکێتی بوو بەخوێنی دەیان شەهیدی قارەمان و بەسەرکردایەتی قادری حاجی عەلی کەرکوکی ئازاد کرد ساڵی ۲۰۰۳ پێشمەرگەکانی یەکێتی یەکەم هێز بوون دەستیان لەملی خەڵکی جەرگ سوتا و زوڵم لێکراوی ڕەحیمئاوا و ئازادی و شۆڕیجە و ئیمام قاسم کرد و زیاتر ڕەگی خۆیان لەناو دڵی خەڵکی کەرکوک خۆشەویستر کرد لەهەرسێ هەڵبژاردنی ۲۰۱۰ و ۲۰۱٤ و ۲۰۱٨ (ی.ن.ک) زۆرینەی دەنگی خەڵکی کەرکوکی بەدەستهێناوە زاتر بووە لەدەنگی هەموو لایەنەکانی تورکمان و عەرەب و کوردیش ئەمە بۆلایەنی عەرەبی و تورکمان و بەشێک لەحزبە کوردیەکان مایەی نیگەرانی بوو لەوکاتەوە چەندین پیلانی نهێنی و ئاشکرا دژی کەرکوک و (ی.ن.ک) گێڕدران کەسەر ئەنجام بارودۆخەکە بەو ڕۆژە گەیشتوە. پێکهاتەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پارتی ۱۱ کورسی ۱ـ محەمەد کەمال. ۲ـ نەسرین خالید. ۳ـ فواد حسێن. ٤ـ کامەران کەرکوکی. ٥ـ دڵشاد پیرۆت. ٦ـ شێرزاد عادل. ۷ـ ڕیاز محمد. ٨ـ عرفان کرکوکلی. ۹ـ پەروین محمد. ۱۰ـ ساهرە سیف ا‌لدین. ۱۱ـ عەلی نامیق. یەکێتی ٨ کورسی. ۱ـ عوسمان علی. ۲ـ کاکەڕەش سدیق. ۳ـ ئازاد جەباری. ٤ـ ئاوات محمد. ٥ـ گەلاوێژ جەباری. ٦ـ جەمال مەولود. ۷ـ جەواد جاسم. ٨ـ ێ‌حمد عەسکەری. یەکگرتوو ۳ کورسی ۱ـ ڕێبوار تاڵەبانی. ۲ـ ێ‌براهیم خەلیل. ۳ـ جوان حەسەن. مەسیحی ۳ کورسی. ۱ـ ئەدوارد ئەوراهان. ۲ـ سلڤانا بویا. ۳ـ سویتلت. سەربەخۆ ۱ کورسی ۱ـ لەیلا مەحمود . هەڵەی (ی.ن.ک) ڕیفراندۆم. لەیەکەم هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۰٥ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (ی.ن.ک) هەڵەیەکی گەورەی کرد کەڕازی بوو پێکهاتەی لیستی برایەتی بەو شێوەیە تێپەڕێت . ۱ـ دانانی عبدالرحمان مستەفا وەک کەسێکی سەربەخۆ بەپارێزگاری کەرکوک لەیەر حیسابی (ی.ن.ک). ۲ـ پێکهاتەی لیستەکە کەلەهەر سێ کەسێک یەکێکیان پارتی بێت. سێ کورسی بۆ یەکگرتوی ئیسلنمی کوردستان، دوو کورسی بۆ حزبی شیوعی، یەک کورسێ بۆ حزبی سوسیالست ، یەک کورسی بۆ حزبی زەحمەتکێشان کەبەهەموو ئەو حزبانە ناتوانن چوار کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست بهێنن. ۳ـ کاندید کردنی هەندێک خەڵکی بەتەمەن کەئێستا لەبەر نەخۆشی توانای دەوام کردنیان نیە. ٤ـ کاندید کردنی بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی (ی.ن.ک) پەڕلەمانی عێراق و چۆڵ بوونی شوێنەکانیان و هاتنی ئەندامە یەدەگەکان کەلەلایەنەکانی تربوون. ٥ـ پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستان وەفدی ئەمریکا سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانیان کرد و بەڕوونی پێیانی وت ئەگەر ڕیفراندۆم لەکەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەن ئێمە هیچ بەرپرسیاریەتێکی دوای ڕیفراندۆم هەڵناگرین، دەبوو(ی.ن.ک) بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنەدات ڕیفراندۆم لەکەرکوک بکرێت بەشێکی زۆری بەرپرسانی (ی.ن.ک) لەکەرکوک سەروی خۆیان لەو مەترسیە ئاگادار کردەوە ،بەڵام بەرژەوەندی چەند کەسێک لەمەکتەبی سیاسی زاڵبوو بەسەر دەنگی دلێر و دڵسۆزی یەکێتیەکانی کەرکوک، چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنووسم لەپاڕکی سایەی گەشتیاری وتی "تۆ پێشبینیەکانت زۆر ڕاست دەردەچن ئایە ڕیفراندۆم لەکەرکوک دەکرێت" وتم بەڵێ بۆ ئەوەی (ی.ن.ک) لەکەرکوک بشکێت ڕیفراندۆم دەکرێت ئەنجامەکەشی ڕوونە. ٦ـ (ی.ن.ک) هێزی سەرەکی بوو لەکەرکوک هەرگیز نەدەبوایە ڕێگەی بدایە نەوتی ئەو شارە دەستی بەسەردا بگیرێت و هەڕاج بکرێت لەبەر بەرژەوەندی چەند بەرپرسێکی بازرگانی خۆی لەبەر ئەوەی نەوتی کەرکوک تەنها ئەو چەند ساڵە بۆخزمەتی کەرکوک و کەکوکیەکان بوو کەلەلایەن حکومەتی مالیکی فرۆشرا و بودجی پەتڕۆڵ دۆلاری بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ تەرخانکرا. ۷ـ بەلەهێرشەکانی حکومەتی ناوەندی لە۱٦ ئۆکتۆبەر حکومەتی ناوەندی چەند جارێک لەگەڵ وەفدی سەربازی و سیاسی (ی.ن.ک) کۆبۆوەو داوای دەکرد سەربازگەکانی کەی وەن و مەعسکەر خالید و کێڵگە نەوتیەکان چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی هێزە عێراقیەکان بێنەوە ئەوێ شوێنەکانی تر بالەلای هێزی پێشمەرگەبێت ئەگەرنا بەزەبری هێز دێنەوە کەرکوک دەبوو لەوێ لەگەڵیان ڕێک بکەوتایە نەهێڵن کێشەکانی کەرکوک بگاتە ئەو ئاستە. پارتی و یەکگرتوو کەرکوک دوای ۱٦ ئۆکتۆبەر پارتی بەتەواوی لەکەرکوک چوە دەرەوەو بەبیانوی داگیرکردنی ئەو شارە ئامادەنیە بگەڕێتەوە کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کەسەر بەپارتی و یەکگرتون لەهەولێرن و بەشداری کۆبونەوەکانی کەرکوک ناکەن و بەهۆی بڕیاری دادگاش بۆ دەستگیرکردنی نجم ا‌لدین کەریم پارێزگای کەرکوک هەڵاتوە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕاکان جبووری بەوەکالەت کردووە بەپارێزگار و بەهۆی نەگەڕانەوەی ئەندامانی پارتی و یەکگرتوو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕێژەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا تەواو نابێت و ناتوانێت پارێزگاری نوێ هەڵبژێرێت و ڕاکان جبووری بەئارەزووی خۆی بڕیار دژی نەتەوەی کورد دەردەکات، بەشداری نەکردنی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکەرکوک هەر بۆ ئەوە بوو دەنگی کورد کەم بکات و عەرەب و تورکمان بکاتە زۆرینەی کەرکوک و شکست بە(ی.ن.ک)بهێنێت بەڵام ئەوەی بۆ نەچووە سەر و (ی.ن.ک) زۆرینەی دەنگەکانی بەدەسهێنایەوە، لەبەر ئەوەی پارتی دەنگێکی ئەوتۆی نیە لەکەرکوک هیچ دەربەست بەوەنیە ئەو شارە بگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان یان زۆرینەی کوردبێت و پارێزگارەکەی کورد بێت ئەگەرنا خۆ ناوچە کوردیەکانی موسڵیش داگیرکراون جیاوازی چیە لەنێوان ئەو دوو شارە، ئەو شین و واوەیلێیەی پارتی لەڕێگای دەزگا ڕاگەیاندنەکانیەوە دەیکات بۆ کەرکوک تەنها بۆ ناشیرین کردنی (ی.ن.ک) ە ئەگەرنا پرسی کەرکوک تەنها بەگەڕانەوەی ئەندامانی پارتی و یەکگرتد لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێیە. (ی.ن.ک) دەتوانێت چی بکات (ی.ن.ک)دەتوانێت فشارەکانی زیاتر بکات و بەشداری پڕۆسەی سیاسی نەکات ئەوکاتە حکومەتەکەی پارتی تاکوو دێگەڵە دەسەڵاتی دەبێت و سەرکەوتوو نابێت، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلام بکات بۆئەوەی خۆیان یەکلای بکەنەوە یان شیش بسوتێنن یان کەبابەکە ، لەگەڵ لایەنی عەرەب و تورکمان بگەنە ڕێکەوتن لەسەر پرسی کەرکوک پۆستەکان دابەش بکەن. ئاری سابیر
هۆشیار عەبدوڵا بەڵێ دەبێت موچە پرسێکی ئیتیحادی بێت ئەوەی کیانی هەرێم هەڵدەوەشێنیتەوە گەندەڵی و تاڵانی نەوتە نەک ئەوەی لیستی موچەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم لای بەغداد بێت و بزانن چەند فەرمانبەر هەیە و مانگانە موچەی بۆ بنێرن،لە دونیادا نەبوە دو سیستمی موچە لە یەک وڵات‌دا هەبێت. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ماددەی یانزە برگەی شەشی یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۱۹ یە کە داوا دەکات حکومەتی عیراق هەرێم پەیوەست و ناچار بکات بەوەی لیستی موچەی فەرمانبەرەکانی لە سەربازی و مەدەنی لە ژن و پیاو بە پلەی وەزیفی و تێکرای وردەکاریەکانەوە بۆ حکومەتی عیراق بنێریت . ئاخر لە کوێی دنیادا و لە سیستمی فیدراڵی کویدا هەیە حکومەتی فیدراڵ لیستی موچەی راستەقینەی فەرمانبەرانی لا نەبێت وەک ئەوەی هەرێم ئێستا دەیکات یا ناینێرێت یا لیستێک دەنێڕێت پریەتی لە بندیوار و دوبارە و پڕە لە موخالەفەی ئیداری و وەزیفی و میلاکات ؟! ئەگەر لیستێکی پاک بە وردەکاریەوە لای بەغداد هەبێت ئێمە ئاسان دەتوانین ساڵانە لە خشتەی ج کە خشتەی هێزی کارە لە عیراقدا جێگەی بکەینەوە و بزانین بۆ موچە دروست چەند پارەمان پێویستە . هەن بێ ئەوەی بزانن باسیی چی دەکەم دەڵێن ئەوە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمە ؟! نەخێر ئەوە قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات چونکە نسبەتێکی زۆری گەندەڵی لە کۆڵ هەرێم و حکومەتەکەی دەکاتەوە ؟! لە دونیادا ئێستا موچە دەچیتە بانک ئەسڵەن ئەم مۆدێلە تەقلیدیە لە دابەشکردنی موچە باوی نەماوە تەنانەت لە وڵاتە دواکەوتوەکانیشدا ئێستا سیستمی بانک هەیە بۆ دابەشکردنی موچە! پاشان چۆن دەبێت لیستی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد نەبێت ، بروانن وەک نمونەیەک ؛ دو ساڵ زیاترە سەرقاڵی گواستنەوەی چەند کەسێکین لە هەرێمەوە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵ هەمو موافەقەیەکمان تەواوکردوە ئێستا لە وەزارەتی دارایی رایانگرتوە دەڵێن لەبەر ئەوەی خشتەی دەقیقی هێزی کاری هەرێممان لا نیە کە بتوانین ئەو ناوانە و پلەکانیان بکوژێنینەوە نتوانین نەقڵەکەیان بۆ بکەین. باشە بۆ لە ۲٠٠٤ ەوە گومرگ و پاسەوانی سنوری هەرێم موچەکانیان بە بانک دێت لە بەغداوە یەک رۆژ دوانەکەوتوە و موچەکانیان وەردەگرن هیچ کێشە نیە ئێستا کە بڵیین هەمو با ئاوا رێکبخەین دەبێ کوفرمان کردبێت ئەمە چ عەقڵیەتێکە ؟! هەیە لە دڵسافی و هەیە لە ژێر گوتاری چەتەکانی کوردایەتی و هەیە لە ئاگادار نەبون بە سیستمی ئیداری و مالی لە دەوڵەتانی فیدراڵ پێیان وایە ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مەسەلەی موچەدا بکوژ و ببڕ خۆی نەبێت واتا کیانی هەرێم نەماوە ، بە پێچەوانەوە ئەم سیستمەی ئێستا بۆ موچە هەیە وایکردوە کیانەکە لاواز بێت حزب زاڵ بێت بەسەر هاوڵاتیاندا مەگەر هەزاران کەس لە هەرێم موچە براو نەکرا لەسەر ئەوەی دەنگیان بەفڵان حزب داوە ؟! ئێ ئەو فەرمانبەرە ناوی کۆدی موچەی لە بغداد هەبێت چۆن وا ئاسان موچە براو دەکرێت ؟! با ڕون بێت بەش بەحاڵی خۆم کیانی هەرێم دەبێت بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیان بیت نەک ببێتە بانکی لە بن نەهاتوی گەندەڵی بۆ چەتەگەرەکان؟! ئەو کیانەی گەندەڵی لاوازی کردوە ؟ بێ یاسایی وێرانی کردوە ؟! ئەوانە وێرانیان کردوە کە دەیدۆشن نەک ئەوانەی کار بۆ رونکاری و شەفافیەت و رێکخستنی موچە و گەیشتنی دەکەن بە دەستی هاوڵاتی دور لە دەستی حزب ؟!. موچە مافە ، پرسێکی ئیداریە دەبێت لە عێراقدا یەک سیستم بێت ، بەوەش رێگری دەکرێت لەوەی قوتی خەڵک بەدەست ئەم و ئەوەوەبێت . تکایە ئەم پرسی چارەسەرەش بۆ کێشەی موچە مەکەن بە موزایەدەی شێوەی ریفراندۆم تەنها لەبەر ئەوەی وتمان هەڵەیە و کاتی نیە دونیاتان تەخوین کرد و ئەوەتا ئێستاش باجەکەی ئەدەین . بێ جێبەجێکردنی ئەو ئالیەتەی لە سەرەوە باسم کرد کێشەی موچە چارەسەر نابێت و لە پرسێکی ئیداری و مافێکی ئاسایی خەڵکەوە هەر وەک کێشەیەکی سیاسی دەمێنێتەوە و بازرگانی پێوە دەکرێت و دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ دز و گەندەڵکارەکان .
سامانی وه‌ستا به‌کر گرنگە دوژمن و نەیار جیاکرێنەوە لەوڵاتـی دیموکراسییا دوژمنـی سیاسـی نیە بەڵکو ئەوەی هەیە نەیاری سیایسیە بەپێچەوانەی وڵاتە یەک حیزب و تاکڕوەکان کە وەهمـی دوژمنـی سیاسـی ناوخۆی دروست ئەکەن بۆ سەرکوت کردن و بێدەنگ کردن و دەستەمۆ کردنیان. مۆدێلی حوکمرانی لەکۆی دنیای دیموکراسـی و نیمچە دیموکراسـی لە دوو پێکهاتەی سەرەکـی دروست ئەبـێ ئەوانیش حکومەت و ئۆپۆزسیۆنە لە دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشدا تەنها ڕژێمێک هەیە و بەس، لە هەرێمـی کوردستانیش لەبری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن حیزب و خەڵکی قەڵمەڕەو هەیە. بەئارەزووبێ یان بێ ئاگای تێکه‌ڵی و پێکه‌ڵیه‌ک دروستکراوە له نێوان ده‌سته‌واژه‌ی نه‌یارو ئۆپۆزسیۆنا و ئەنجامەکەشی ئەوەی لێکەوتەوە ئێستا هیچ حیزبێ ئارەزووی ئۆپۆزسیۆن بوون ناکەن ئەگەرچی سەرزارەکیش وا خۆیان بناسێنن. داواکردنی ماف وە بەتایبەتی مووچە بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێشکەشی حکومەت ئەکرێ دوور و نزیک ناچێتە چوارچێوەی نەیارەوە. لە سیستمی وڵاتانی ئۆرگانیزە کراوا مووچە تەنانەت بۆ کاتژمێرکیش دواناکەوێ. کەچی پاش چەند ساڵێک لە سێ چارەک و نیو و چارەکە مووچە و دەێژکردنەوەی مانگ لە هەندێ کاتا بۆ نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژ و بێدەنگی و بە ئەمەکی خەڵک و خۆڕاگری و بواردان بە حکومەت ئێستا کاتێ دەنگی ناڕازی لەناو خەڵکانێکەوە بەرزبێتەوە کە حیزبەکەی بەشێکە لە پێکهاتەی حکومەتی چاونەپشکوتوو ئەو کارە بە بخرێتە چوارچێوەی نەیارەوە و سکاڵای یاسای تۆمارکرێت! زۆربەی وڵاتانی زلهێزو گەشاوە و خاوەن ئابووری پتەو تەنانەت لە ٢٠وڵاتە زلهێزە ئابوریەکەی جیهانیش قەرزی کۆمپانیا و وڵاتانی دیکەیان لەسەرە بەڵام هیچ کاتێ نەبیستراوە مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی وڵات بدرێتەوە بە قەرزی کەڵەکەبووی سەر حکومەت! کاتێ باران لە بەغاوە ئەبارێ حکومەتی هەرێم چەتر هەڵەیا بۆ هاوڵاتی و مووچەخۆرانی هەرێم تا گیرفانیان تەڕنەبێ! کاتێ بارانی بەغا بەسەر هەرێما نەئەباری ئەوترا ووشکە ساڵیەکە "بێ مووچەی" خەتای بەغایە ئێستا بارانی بەغا بەخوڕ بەسەر هەرێما ئەبارێ کەچی هەر ووشکە ساڵییە و هەرێم پێی ناخۆشە لە دادگا بووکە بە بارانێش بکرێ. ئەم وەرزی بارانە یەک ساڵیەو ووشکە ساڵیەکی زۆری بەداوەیە و ئەگەر یوسفێک ئەم خەونە بۆ هەرێم لێکنەیاتەوە. تا حکومەت و دەسەڵاتدار باشتر هەڵسەنگاندنبکەن و داوای ماف بە نەیار نەخوێنەوە و خەڵکی باشتر بەرچاو ڕوونبێ وەک کارێکی چەند بارە لەخوارەوە بەراوردێکی نەیارو ئۆپۆزسون ئەکەین: نه‌یار به‌و کۆمه‌ڵه که‌س و رێکخراو گروپه چه‌کدارو بزوتنه‌وه رامیاری و کۆمه‌ڵ و هه‌ندێ جاریش تاکانه ئه‌وترێ که به‌شێوه‌ی کاری په‌چه‌کرداری و رێکخراو یان رێکنه‌خراوا به‌گژ لایه‌نک یان ده‌سته‌یه‌ک یان ده‌سه‌ڵاتێکا ئه‌چنه‌وه، به‌هۆی هه‌ندێ هۆکاره‌وه له‌وانه: 1- کاتێ تاک هه‌ستبکا وه‌لاوه‌نراوه و ده‌نگی ناگات و گوێی بۆ ناگیرێ. 2- کاتێ کۆمه‌ڵێک هه‌ست به‌جیاوازی ره‌گه‌زی (التمیز العنصری) یا بێبه‌شکردنیان له مافه‌کانیان له به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵێ که‌س و لایه‌نا. 3- کاتێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک سه‌ره‌تایترین مافه‌کانی پێشێل ئه‌کرێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاته‌وه به‌جۆرێک که نا یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکراو بوونی ئه‌بێت. 4- کاتێ پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌یه‌که‌وه لەپای چەوسانەوەیان له‌ده‌سه‌ڵاتێکی خوێن مژه و دیکتاتۆر یاخی ئه‌بن. 5- کاتێ گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌ک باڵ ئه‌کێشێ به‌سه‌ر وڵاتا که هیچ رێگایه‌ک نامێنێ نه‌گیرێته‌به‌ر و به‌بنبه‌ست ئە‌گا. ئه‌مانه هه‌ندێ هۆکاری تریش هه‌ن که‌وا ئه‌کا دیارده‌ی به‌نه‌یار بوون ڕووبات و له‌هه‌ندێ کاتیشا یاخی بوونی لێبکه‌وێته‌وه بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه‌کان و شته لێ زه‌وتکراوه‌کان، ئه‌مه‌ش کاتێ ڕوئه‌یات که بێ هیوای باڵ بکێشێ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵا و تروسکای به‌دی نه‌کرێ بۆ پێکه‌وه ژیان یان به‌ره‌و باشبردنی بارودۆخ و ده‌ستهه‌ڵنه‌گرتنی لایه‌ک له بڕیاره تاکڕه‌ویه‌کانیا و خۆبه‌زلزانین و گۆێنه‌دانه که‌سانیترو کارکردن له‌پێناوی ده‌سه‌یه‌ک یا هۆزێک یا بنه‌ماڵه‌یه‌ک یا گروپێکی سیاسی دابڕاو له کۆمه‌ڵگا. هه‌ر لایه‌و نه‌یار به کڵاوی خۆی ئه‌پێوی و لێکدانه‌وه‌ی بۆ ئه‌کا بۆ نمونه به پێوانه‌ی رژێمی به‌عس ئێمه‌ی کورد نه‌یار بووین، به‌ڵام ئایا ئێمه نه‌یار بووین یان به‌ش خوراو؟ نه‌یار بووین یان ماف پێنه‌دراو؟ هاوڵاتی بووین یان به نه‌ژاد کراو؟ سه‌ربه‌ست بووین یان به‌ندو ده‌ست و پێ په‌یوه‌ند کراو؟...هتد. ئایا تورکیا کاتێک هه‌ڵه‌سێ به داخستنی پارته کوردیه‌کان و ده‌ستگیرکردنی په‌رلامانتاران که به ده‌نگدان هه‌ڵبژێراون یان کاتێ ئینقلان ئه‌که‌ن به‌سه‌ر حوکمه‌ته‌کانی خۆیانا که به‌جۆرێک له جۆره‌کان ئاهێکی به دیموکراتیزه‌کردنی تورکیایان تیابه‌دی ئه‌کرێ ناو بنێین چی؟ تا دوێنێ تاڵیبان له ئه‌فغانستان ده‌سه‌ڵادارو به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات بون هه‌رچه‌نده نمونه‌یه‌کی زۆر ناشرینی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیان پشانی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیدا، که‌چی ئه‌مڕۆ هه‌رهه‌مان ده‌سه‌ڵات یاخی و نه‌یاره! زۆرن ئه‌و نمونانه، که‌واته هه‌رکه‌سه‌ی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئیتر ئایا گشتی بێ یا تاکه‌که‌سی ئه‌ڕوانێته به‌رامبه‌رو به پێی بۆچوونه ڕامیاری و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی گونجاو بۆخۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بانگ ئه‌کا نه‌یار. پێی ئه‌چێ تۆ نه‌یاربی له‌کات و شوێنێکی دیاری کراواو هه‌ر تۆش له‌هه‌مان کاتا به‌رامبه‌ره‌که‌و ناوزه‌ندکه‌ی به نه‌یار به‌ڵام لێره‌یا سه‌نگی مه‌حه‌ک هاوڵاتیه‌و هه‌ر ئه‌وانن ئه‌توانن نه‌یاری راسته‌قینه دیارکه‌ن و بڕیاری خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر لایه‌نی خاوه‌ن حه‌ق و لایه‌نی زۆردارا، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ که هاوڵاتی تاسه‌رو بۆ هه‌تا هه‌تای که‌س به‌نه‌یار نابینێ و له‌گه‌ڵ که‌سیشا یان راستر بڵێین له‌گه‌ڵ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیشا تا سه‌ر نابێ. هاوڵاتیش به‌پێی خزمه‌ت و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی وبژێوی ژیان دابین کردن و یه‌کسانی و سه‌ربه‌ستی بیر‌و بۆچوون ده‌ڕبڕین و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی تای ته‌رازوی خۆی ئه‌بینێ ڕونتر بڵێین، ئه‌گه‌ر بینی تای ته‌رازوهی دەسەڵات هاوسه‌نگ و جێگیره ئه‌وا ئه‌ویش گوێڕایه‌ڵی ده‌سه‌ڵاته‌و هاوڵاتیه‌کی به‌ئه‌مه‌ک و به‌رهه‌مهێنه‌ره له هه‌وڵا ئه‌بێ شان با شانی حکومه‌ت خزمه‌ت بکاو زۆرترین قوربانیبا بۆ سه‌رکه‌وتنی کاره‌کانی خۆ ئه‌گه‌ر بینیشی تای ته‌رازوه‌که‌ی لاسه‌نگه و به‌شی خۆی له‌دادی کۆمه‌ڵایاتی و خزمه‌تگوزاری و بژێوی ژیانی بۆ دابین نه‌کراوه، به‌گوێره‌ی مافی هاوڵاتی بوونی ئه‌وا ئه‌وکاته ده‌سه‌ڵات به‌نه‌یاری مافه‌کانی ئه‌بینێ و له‌هه‌وڵائه‌بێ بۆ دورخستنه‌وه‌ی جا ئه‌ویش گه‌ر وڵات دیموکراتی بوو ئه‌وا سندوقه‌کانی ده‌نگان به‌کارئه‌هێنێ بۆ ده‌سته به‌رکردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافاکانی خۆی، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا یاخی ئه‌بێت وچیتر گوێڕایه‌ڵ و بێده‌نگ نابێ، زۆر رێگاش هه‌یه بۆ پشاندانی توڕه‌یه‌کانی هه‌ر له‌خۆپیشاندانه‌ره تا یاخی بوونی چه‌کداری. ئۆپۆزسیۆن زۆر جیاوازه ئه‌ویش به‌وه‌ی که له‌هه‌وڵێکی به‌رده‌وامایا و ململانێ ئه‌کا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه خراپه‌کانی ده‌سه‌ڵات، یان ڕاستر بڵێین کاره کاڵ و کرچه‌کانی به خه‌ڵکی بناسێنێ و هه‌وڵه‌یا که کاره‌کانی حکومه‌ت دیار‌و شه‌فاف بێ و بودجه له‌خزمه‌تی هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵابێ، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌ستی کرد کاره‌کانی حکومه‌ت ئاڵۆزه‌و دیار‌و ڕون نیه ئەوا لە ڕەخنە له‌ڕه‌خنه گرتنێکی به‌رده‌واما ئه‌بێ و بەردەوام بەرچاو ڕوونی ئەیات لەسەر ئەو خاڵانەی کە حکومەت وەک خۆی بە هاوڵاتی ناگەیەنێ. لە هەرێم نەیار هیچ کاتێ بوونی نەبووە و ئۆپۆپزسیۆنیش بوونی نەماوە ئەگەرچی هەندێ جار نووزەنووزێک ئەبیسترێ کە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ چونکە ئەگەر خەڵکانێک نەبن بەڕاستی پەستان بخەنە سەر حکومەت تا پابەندبێ بەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدول مەهدیا کردوویەتی و ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغا نەکا ئەوا ئیحراجیەکی زۆر بۆ عەبدول مەهدی دروست ئەبێ و سەرەنجام هەرێم یەکێک لە باشترین دۆستەکانی لەدەستئەیات و بێ متمانەی دروست ئەبێ کە ئەمەش دەرکەوتەی سەرەتایەکی نوێ ئەبێ بۆ خیتامێکی خراپ.
عەبدولڕەزاق شەریف پێشەكییەك لە جیاتی وەڵامدانەوە دوای ئەوەی مام جەلال لە وتاری پلینیۆمی كۆتایی ئۆكتۆبەری 2009دا‌و ئیرتیجالی هێرشی شەخسیی كردەسەر كاك نەوشیروان، ماوەیەكی كەم‌و لە كاردانەوەی ئەو قسانەدا، دوەمیان نامیلەكەی (لە هاوخەباتییەوە بۆ تەخوین) ئەنوسێ، ئیتر مام جەلال لە "هاوڕێی خۆخستنە بەر گوللە"وە لای كاك نەوشیروان ئەبێ بە "ئاغای تاڵەبانی". لەسەر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیش ناكۆكی ئەو دو هاوڕێیە‌و گروپێكی مەكتەبی سیاسی ی ن ك، لە ساڵی 2005وە دەست پێ ئەكات بەڵام دوای هەشت ساڵ‌و كاتێ مەترسییەكە سەرهەڵئەداتەوە، كاك نەوشیروان نامیلكەی (كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم) ئەنوسێ، هەمو ئەو كۆنوسی كۆبونەوە‌و قسانەی نێوان خۆی‌و مام جەلال‌و مەكتەبی سیاسی بڵاوئەكاتەوە. بەندە، وەك لە بەشی یەكەمدا ئاماژەم پێداوە، تا بە قەواڵەیەكی ئەخلاقی‌و حیزبی، بەو هاوڕێیانەوە گرێدرابوم، ئیلتیزامم بەو بەڵێن‌و گرێبەستەوە كردوە، بەڵام كاتێ ئەگاتە تەخوین‌و مەترسی جددی لەسەر مێژوی ژیانی شەخسی‌و سیاسی‌و بیری نەوشیروان مستەفا‌و ناكۆكییەكان بۆ ناوزڕاندن قوڵ ئەبنەوە، ئیتر بێدەنگی جگە لە تاوان‌و هەڵەی تەمەن، هیچ مانایەكی تری نامێنێ. فەرمانێك بۆ 48 سەعات ! هەر ئەو رۆژەی كاك نەوشیروان بڕیاری گرتنەكەی لە دژەتیرۆری پارتییەوە بەدەست گەیشت، من وەك بەرپرسی میدیا‌و شۆڕش حاجی وەك وتەبێژی بزوتنەوەكە بۆ جێبەجێكردنی، فەرمانی وەڵامدانەوەی مەسعود بارزانی، راسپارد. -پێشنیازئەكەم پەیوەندییەك بە یەكێتی‌و راگەیاندنەكانیانەوە بكەین بۆئەوەی لەم بەرگریكردنەدا هاوكار‌و هاوئاهەنگیمان بكەن. من ئەم قسەیەم كرد‌و كاك نەوشیروان وتی: -زۆر باشە، لەگەڵ كاك قادری حاجی عەلی قسەبكەن، ئەو رێكیبخات. هەر لەوێ تەلەفۆنم بۆ كاك قادر كرد. -كاك قادر ئەڵێ ئیعلامی یەكێتی لای ماڵی مام جەلالە، پێی باشە كاك حەمەتۆفیق ئەو هەماهەنگییە رێكبخات. ئەمەم بە كاك نەوشیروان وت‌و لەگەڵ شۆڕش حاجی خەریكی چپە بوین، بۆئەوەی كاممان پەیوەندی بە كاك حەمەتۆفیقەوە بكات. -باسی چی ئەكەن، پێم بڵێن ؟ لەگەڵ ئەم قسەیەدا كاك نەوشیروان وتی" وازی لێ بێنن، بابزانین یەكێتی خۆیان چی ئەكەن، تاقیكردنەوەیەكی ئەوانیشە". لەو كۆبونەوەیەدا رێككەوتین سەعات 3ی پاش نیوەڕۆ، شۆڕش حاجی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بكات‌و بەدوایدا لە میدیای گۆڕانەوە ئەو فەرمانی "برینداركردن‌و ئازاردان"ەی بارزانی جێبەجێ بكەین. چومە سەرەوە، كۆبونەوەیەكی پەلەی ستافی میدیام رێكخست، لەو فەرمانەی كاك نەوشیروان ئاگادارمكردنەوە، دو رۆژ پێش ئەوە، پێشبینی جۆرێ لە كاردانەوەمان كردبو، بۆیە كەمێ ئامادەسازی كرابو. شەوق‌و حەماسی گشت كادیر‌و كارمەندەكانی میدیا بۆ بەرگریكردن‌و جێبەجێكردنی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان (لە جوڵە‌و جەستە‌و جەسارەتیان)دا، هەمان ئەو حەماسەی پێشمەرگەم بیرئەكەوتەوە كە فەرمانی چالاكییەكیان لە كاك نەوشیروانەوە پێئەگەیشت. سەعات 3, شۆڕش حاجی پێچەوانەی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان لێدوانی دا، لە جیاتی ئازار، هەتوانی ساڕێژكردنی برینەكانی پارتی‌و بارزانی كرد، ئامادەیی كاك نەوشیروانیشی بۆ چونە دادگا دەربڕی (لێدوانەكانی وتەبێژ لە سەعات 3ی 16 حوزەیرانی 2016دا بەدەنگ‌و رەنگ‌و نوسراو لە ئەرشیفدا ماون)، تەنیا شتێ دژی پارتی وتی، ئەوە بو، كە ئەبێ لەسەر 31ی ئابیش خەڵك دادگایی بكرێن. ئێمە توشی شۆك بوین، بەڵام دەستمان پێكرد‌و وەك خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركەدا بوین كە پێمان سپێردرابو. -ئەو حەملەیە لەسەر بارزانی هەرئێستا راگرن. -ئێوە بە قسەی كێ‌و بەچ ئامانجێ ئەم حەملەیە لەسەر بارزانی ئەكەن؟ -مەرج نییە كاك نەوشیروان هەرچییەك بڵێ ئێوە جێبەجێ بكەن ! -هەر شتێ رویدا، ئێوە لە میدیا بەرپرسن. ئەم قسانە‌و زۆری تر، هەریەك لەو ئەندامانەی گروپی "خڕ" دەیانكرد‌و تەنیا یەك وەڵامم هەبو: -فەرمانی رێكخەری گشتییە‌و بڕۆن لەگەڵ خۆیدا قسە بكەن. سەعات 5ی ئێوارەی ئەو رۆژە چومە لای كاك نەوشیروان، بەدیار KNNەوە دانیشتبو. -دەستان خۆش بێ، هەموی ئەبینم، توندتری بكەن. -كاكە، بەڵام بابزانی فشارێكی گەورەمان لەلایەن ئەو برادەرانەوە بۆ راگرتنی لەسەرە. كەمێك بە توڕەییەوە وتی: -كێ فشارتان لێ ئەكا، پێم بڵێ كێن ؟ ! هیچ ناوێكم نەوت، حەزیشم نەكرد بەو توڕەیی‌و بێزارییەوە بیبینم، هەرزو جێم هێشت‌و چومەوە سەرەوە. لە هەمو لایەكەوە تەلەفۆنی جیاجیا بۆ راگرتنی ئەو هەڵمەتە ئەهات، زۆریان لەژێر كاریگەری ئەو گروپەی "خڕ"دا تەحلیل‌و تەفسیریان ئەكرد، وەڵامی من بۆ هەمویان ئەوە بو "ئایا ئەزانن پارتی فەرمانی گرتنی كێی دەركردوە ؟"، هەندێكیشیان ئەیانوت ئێمە قسەمان لەگەڵ خۆی كردوە‌و لەم حەملەیەی ئێوە ناڕازییە‌و وتوشیەتی "رایئەگرین". سەعات 7ی ئێوارە‌و بۆ دڵنیایی، جارێكی تر چومەوە لای كاك نەوشیروان. -كاكە هیچ رێنمایی تازەت نییە ؟ -بەردەوام بن، دەستان خۆش بێ، هەوڵ بدەن زۆرترین كەس قسەی لەسەر بكا. -پەیوەندی بە زۆر كەسەوە ئەكەین، فشاری هاوڕێكانمان بەردەوامە، كاردانەوەی خراپی هەیە‌و وایان كردوە كەمترین كەس ئامادەی قسەكردنن، دەشڵێن تۆ ناڕازیت‌و وتوتە رایئەگرین؟! -ناوم پێ بڵێ، كێ وای وتوە ؟ بەناچاری ئەمجارە ناوی هەمو ئەوانەم هێنا كە دژی ئەو بەرگریكردنەی ئێمە بون‌و لەگەڵ بڕیارەكەی رێكخەری گشتیدا نەبون، رەخنەكانیشیانم پێگەیاند. -ئەوانە هەمویان بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتی‌و هەولێردا هەیە، نایانەوێ لەخۆیانی تێكبدەن، ترسنۆكن‌و ... ئێوارەی رۆژی دوایی 17ی حوزەیران، هەرسێ بەرپرسی ئەوكاتی (سایتی سبەی، بەرنامەكان، هەواڵ)م لەگەڵ خۆم برد‌و چوین بۆ كۆبونەوەی رێكخەری گشتی، وەك پیشەی هەمیشەیم كە هاوڕێكانم لەگەڵدا بوایە، دەرفەتم بە ئەوان ئەدا، گەر پێویستیش نەبوایە خۆم لەو جۆرە كۆبونەوانەدا قسەم نەئەكرد، كاك نەوشیروان، رو لەوان‌و پرسیاری كرد: -دەنگوباستان ؟ فشارتان لەسەر نییە ؟! محەمەد رەئوف وەڵامی دایەوە: -هیچ گوێ بە فشاری پارتی نادەین. -ئەزانم فشاری برادەرانی خۆمانتان لەسەرە، ئەوانە هەر ترسنۆك بون، بزانە كەسیان ئامادەن یەك وشە لەدژی پارتی بڵێن، لە شاخیش هەر ترسنۆك بون، پارتی ئەیەوێ لە ئاخری تەمەنما وەك كەسێكی لەیاسا دەرچوو مێژوی من رەش بكا، بەڵام بەداخەوە هاوڕێكانمان كەسیان جورئەتی ئەوەیان نیە یەك دێڕ بۆ پشتیوانی من لەدژی پارتی‌و مەسعود بارزانی بڵێن، تەنیا ئێوە بەرگری ئەكەن‌و ئەیانەوێ رێگری لە ئێوەش بكەن، گوێ بەو ترسنۆكانە مەدەن. لە هەستاندا‌و بە تەنیا‌و بە چپە بیرم خستەوە كە ئێمە پابەندی 48 سەعاتەكەین‌و كاتی راگرتنی نزیك بوەتەوە. -چیتر پێویستە بیكەین؟ -رەزاق بابزانی، من ئەو قسانەی كە لای هاوڕێكانت كردم ئەم بەیانییەش هەمویانم بانگ كردوە‌و لەوە خراپتر‌و زیاترم پێ وتون، وتوشمە تەنیا رەزاق دیفاعم لێ ئەكا ئەتانەوێ ئەویش بێدەنگ بكەن؟! لەراستیدا تەنیا میدیای گۆڕان‌و میوانەكانی ئەو دو رۆژە بەرگرییان كرد، زۆرن‌و ئەرشیفەكەی ماوە، لێرەدا ناكرێ ناویان بهێنرێ، بەڵام ئەوانە زۆر زیاتربون كە لەژێر كاریگەری ئەم گروپەی "خڕ"دا دژایەتییان ئەكردین، با هەر كەس بە رۆژمێری خۆی‌و لێدوان‌و نوسینەكانیدا، بچێتەوە، لە 16و 17ی حوزەیرانی 2016دا، چی بۆ بەرگریكردن لە كاك نەوشیروان كردوە، حەتمەن بێدەنگی هەر گۆڕانخوازێك بە (ویست) یان بە (پێویست) یاخود بۆ (بەرژەوەندی تایبەتی)، ناڕاستەوخۆ بەبەشێك بوە لە پشتیوانی بڕیاری دادگای دژەتیرۆری پارتی، ناكرێ لێرەدا ئاماژە بە تاقانە مقابەلەیەكی كاك قادری حاجی عەلی نەدەین كە لە سایتی سبەی‌و لە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵمەتەی پارتیدا كردویەتی. هەرچەندە پارتی، زیاتر لە شەش مانگ بو، ماكینەیەكی گەورەی ئیعلامییان بۆ تەشهیرو ناوزڕاندنی كاك نەوشیروان خستبوەگەڕ، لە كاردانەوەی ئەو هەڵمەتە 48 سەعاتییەی ئێمەدا، ئێوارەی 17ی حوزەیران، بۆ یەكەمجار مەسعود بارزانی بەیاننامەیەكی دەركرد‌و داوای لە پارتییەكان كرد، هەڵمەتی راگەیاندن‌و وەڵامدانەوە رابگرن، پێشبینییەكەی كاك نەوشیروان‌و نهێنی 48 سەعاتەكەی بۆ دەمكوتكردنی پارتی راست دەرچو. وا بووە هەزار، بە تاقە مەردێ بەزیوە، دەڵێن سەد قەل و بەردێ خڕ یان گروپی سێ پێ؟ سەرەنجام‌و ئێستا، گۆڕین‌و بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەكە، تەسلیمبون بە هەرسێ فاكتەری پێ (پاوەر، پارە، پارتی)، هەمو ئەو بۆچون‌و شیكردنەوانەی كاك نەوشیروان بۆ كەسایەتی ئەم گروپەی "خڕ"و هاوڕێكانی تری دەیكرد، راست‌و دروست دەرچون، لەپێش مەرگیدا‌و بە نوسراو و بە خەتی خۆی، هەمان بۆچون‌و تەقیمی لەسەر هاوڕێكانی نوسیوە‌و لای (دكتۆر چیا) هاوڕێی پەنجاڵەساڵەی خۆی پارێزراوە، چەندجارێكیش دكتۆر بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو گروپەی زیان بە فكر‌و ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا ئەگەیەنن، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی كردوە. دوای مەرگی كاك نەوشیروان‌و تاكە تاكە نەبێ، هەمو ئەوانەی لەو حەملەی بەرگریكردنەدا دژی پارتی وەستانەوە‌و پشتیوان‌و بەرگریكاری بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا بون، بەشێواز‌و بیانوی جیاجیا لە بزوتنەوەی گۆڕان دورخرانەوە. ماویەتی..
محەمەد هەورامی ڕۆژی ڕابردوو لەسەر داوای بەڕێز (دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش) یەکەم دانیشتنی ڕوبەڕوبونەوەمان لەگەڵ شاسوار عەبدول واحید و باندەکەی لەناو دادگای گشتی سلێمانی ئەنجام درا، لەکەشێکی ئارام و بەبێ هیچ سانسۆر و فشارێک و بەئامادەبوونی (سێ پارێزەر وەک پارێزەری شاسوار و یەکێک لە تۆمەتبارەکان) پرۆسەی ڕوبەڕوبونەوەکە دەستی پێ‌کرد. سەرەتایی دانیشتنەکە:. دوای دڵنیابوونی بەڕێز دادوەری لیکۆڵینەوە کە سەرجەم سکاڵاکارەکان کە (پێنج ڕۆژنامەنوس و سەرنوسەر بووین)لە تەواوی ناو و ناونیشانمان، پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەستی پێ‌کرد بەشێوەک هەریەک لە سکاڵاکارەکان وتەی لێ وەردەگیرا، لەسەر ئەو ناوزراندنەی لە سایتی (ڕۆژنامە)و پەیجەکانی (فایلی نهێنی، داهاتویەکی نوێ، شارەکەم، هەڵەبجەکەم، سلێمانییەکەم، رۆژگوڵ ، بالۆکە، کچە نەوشیروانی، بەختەوەری، ئەمەنەو چەندین بەیجی دیکە).. دوای خستنەڕووی تەواوی بەڵگەکانمان(کەلەبەردەستی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش)دایە، و کەشێکی بێدەنگ تەواوی هۆڵەکەی داگیر کرد، دەستکرا بە پرسیارکردن لە (تۆمەتبارەکان و شاسوار عەبدول واحید و مداخەلەی پارێزەرەکان) کە سەرجەمیان لەسەر فەرمانی (لێکۆڵەری ئاسایش بەشێوەیەکی پۆشەتە و جل و بەرگی گونجاو)ەوە، هێنرانە بەردەم دادوەری لێکۆڵەر. شاسوار عەبدول واحید، کە زیاتر لە هەموو تۆمەتبارەکانی دیکە شیک پۆشتر بوو، بەڵام سەرەپایی ڕوخسار پەشیمانی لێ دەباری بەشێوەیەک وەک کوردەواری دەڵێت (کاڵەکی بە ئەژنۆ دەشکاند) لە وەڵامی تۆمەتبارەکاندا (باندەکە و شاسوار) کە بەشێکیان خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان وە دەرچووی زانکۆکانن،بە مووچەیەکی (ڕەمزی) کارمەند بوون، هیچکام لە تۆمەتبارەکان ڕەتیان نەکردوە کە تەشهر و ناوزڕاندنیان بە ئێمە وەک سکاڵاکار نەکردوە لەو پێگە و پەیجانەدا بەڵام سەرجەمیان ئاماژەیان بۆ ئەوەدەکرد بە فەرمانی شاسوار عەبدول واحید ئەو کارەیان کردوە بەشێوەیەک (شاسوار عەبدول واحید وێنە و بابەتەکانی بۆ ناردون) لەڕێگەی تۆمەتبار (ڕەوەند نەجمەدین) ئاڕاستەی گروپەکان کراوە بۆ بڵاوکردنەوەیان و پاشان بلاوکراونەتەوە بەبێ دەستکاری، دواتر بە ڤیزا کارتی شاسوار عەبدول واحید سپۆنسەریان کراوە وە یاخود سایتی (ڕۆژنامە) لەکاتی لەکار کەوتنیدا خراوەتەکار. دۆخی شاسوار شاسوار عەبدول واحید، کە زیاتر لە هەموو تۆمەتبارەکانی دیکە شیک پۆشتر بوو، بەڵام سەرەپایی ڕوخسار پەشیمانی لێ دەباری بەشێوەیەک وەک کوردەواری دەڵێت (کاڵەکی بە ئەژنۆ دەشکاند) بە ئامادەبوونی هەردوو پارێزەرەکەی بەڕێزان(عوسمان شێخ سدیق و رێباز محەمەد) لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کەلەسەر بنەمای سکاڵاکانی ئێمە ئاڕاستەی شاسوار عەبدول واحید و پارێزەرەکانی دەکرا تەنها ئەوەندەی دەووت(ئێستە قسەناکەم با ئازاد بکرێم قسە دەکەم)، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەرە بەڕێزەکانی لە چەند بڕگەیەکەدا مداخەلەیان کرد و پرسیاریان ئاڕاستەی ئێمە دەکرد و وەڵامان دەدانەوە ئەوەیش بەپێی بەڵگە. شاسوا مانی لە خواردن نەگرتووە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەزگاکانی راگەیاندنی سەربە شاسوار عەبدول واحید ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ناوبراو مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە بەڵام سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییانە ناڕاستن دۆخی تەندروستی شاسوار لەسەرجەم زیندانییەکانی دیکە جێگیرترە و مانی لەخواردن نەگرتووە و ڕۆژی هەینی پێش سەرجەم زیندانییەکانی دیکەی ئاسایش نان براوە بۆ شاسوار. دادوەری لێکۆڵینەوە چی ووت دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنی دادگا کە زیاتر لە (چوار) کاتژمێری خایاند، دادوەری لێکۆڵینەوە داوای لە ئەفسەری ئاسایش کرد کە ڕێگە نەگیرێت لە کاتی بینینیدا بە شاهیدی هەموو دەستگیرکراوەکان و دوو پارێزەرەکەی و پارێێزەری یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان، ئەفسەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد"پارێزەرەکانی نەهاتوون بۆ داوای بینینی، ئێمە ڕێگری لەکەس ناکەین"، یەکێک لە پارێزەکانی ووتی"ڕاستە نەهاتووم بەڵام دەمەوێت بێم"، ئەفسەری ئاسایش ووتی"هەرکات دێیت بەسەرچاو". بۆ مێژوو ئەوەی ڕۆژی رابردوو لە دادگای سلێمانی و لەژێر چاودێری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ئەنجام درا، دەتوانم بڵێم یەکێک بووە لە شەفاف ترین دادگاییەکان و تەنانەت دادوەری لێکۆڵینەوە لە پێش چاوی هەمووان داوای لە تۆمەتبارەکان و پارێزەرەکان کرد هەرکەس ئیفادەکەی بەردەم لێکۆلەری ئاسایشی بەدڵ نییە دەتوانێت ئیستە ڕەتی بکاتەوە سەرجەمیان بە ئامادەیی پارێزەرەکانیان ووتیان قبوڵمانە و لاریمان لەسەری نییە. ناکرێت بۆ خۆبەپاڵەوانی کردن و دەرکەوتنت لەسەر شاشە بە سەعات بێیت و بڵەیت دادگا و لێکۆڵینەوە لەژێر فشاردان و ڕێگەنادەن کەس بیان بینێت و شاسوار عەبدول واحید مانی لە خواردن گرتووە، ئێوە کە سوێندی یاسایتان خواردوە خیانەت و درۆ نەکەن، ئەگەر خیانەتان لە هاوڕێکانی دوێنتان کردبێت بۆ دەرکەوتنتان لەسەر شاشەو وەرگرتنی دارایی باش ئەوا خیانەت لە ڕاستی گەیاندنی ڕوداوێک مەکەن کە بتانەوێت دادگا لەکەدار بکەن **بەهۆی ئەوەی دۆسییەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و دانیشتینی دیکە ئەنجام دەدرێت چاوەڕێ دەکرێت چەند دانیشتنێکی دیکە ئەنجام بدرێت.
مەریوان وریا قانع ھەموو کردەیەکی ئینسانیی پێویستی بە کەمەکێک شەرم و حەیا ھەیە، ئەوەی لە ھەرێم و لە سیاسەتی کوردی‌دا نەماوە، ھەردووکیانە. لە ڕاستیدا سیاسەتی وا بێشەرم و وا بێحەیا لە دونیادا کەم وێنەیە. درۆیەک نەماوە سەدانجار نەکرێت و دەماکێک نەماوە سەدانجار نەپۆشرابێت. بەڵام بێگومان شەرم و حەیا بەتەنھا بەس نین بۆئەوەی ڕێگا بەو شێوازە ترسناکەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە ھەرێمدا ھەیە، بگیرێت. ئەوەی پێویستە بوونی چەندەھا میکانیزم و خاڵی لێپرسینەوە و چاودێریکردنی یاسایی و دەزگایی ڕاستەقینەیە، کە لەباتی شەرم ترس و لە باتی حەیا، سزا ببەخشێتەوە. تەنھا ترس و سزا، کە بەرھەمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن بن، دەتوانن سنوورێک بۆ خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات دابنێن. بەرامبەر بە ھەر خاڵێکی دەسەڵات دەبێت چەند خاڵێکی چاودێریی و لێپرسینەوە و سزادان ھەبێت. لە بەردەمی ھەر تەماحێکدا دەبێت میکانیزمێک بۆ سنوورکێشانێکی یاسایی و دەزگایی لەئارادابێت. لە ھەرێمدا نەبوونی ئەمانەیە ئەو ھەموو دەرگایەی بۆ ئەو ھەموو فۆرمە لە بێشەرمیی و بێحەیایی سیاسیی و ئەخلاقیی، کردۆتەوە. ئەوەی دەسەڵاتادرانی کوردستان تیایدا سەرکەوتون، دەسکەوتی ھەرە گەورەیان، لەناوبردنی سەرجەمی ئەو خاڵ و دەزگا و میکانیزمانەن کە ئەرکی چاودێریکردن ولێپرسینەوە و سزادانیان لەسەرە. لەمەدا لە پێش ھەمووانەوەن لە ناوچەکەدا.
سەلام عەبدوڵڵا مەخابن كە ناچاردەبین بە مانشێتێكی وا مەسەلەیەكی بەڵگەنەویست بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیرەكانمان لە بەغدا ئاگادار بكەینەوە كە ئەركی ئەوان وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا بۆ ئەوەیە داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بكەن كە بەدەستووریش دەستنیشان كراوە. ئەندام پەرلەمان كە بە دەنگی حزبەكەی و خەڵكی هەرێم دەگاتە ئەو پۆستەی بۆ ئەوە نانێردرێت كە تەعبیر لەڕای خۆی و بۆچوونە شەخسییەكانی خۆی بكات، دەنگدەر بۆ ئەوەی نەناردۆتە بەغدا كە بەپێچەوانەی خواستی گەلەكەیەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار بكات، بەڵكو بۆ ئەوە نێردراوە كە نوێنەری خەڵكی و دەنگ و ڕەنگی خەڵكی هەرێم بێت لە بەغدا ئەمە بۆ وەزیر و كاربەدەستانی دیكەو پۆستەكانی تری بەغداش هەر وایە. بەڵام بەداخەوە، لەم چەند خولەی پەرلەمانی بەغدا، زۆرجار هەستمان بەو هەڵوێستە چەوتە ناكوردانەیەی هەندێك لە پەرلەمانتاران لە بەغدا دەكرد كە زۆر خراپتر و توندتر هەڵوێستی لە هەرێم و كێشەكانی هەرێم وەردەگرت كە هەڵكشاوتر بوو لە هەڵوێستی شۆڤێنیە عەرەبەكانی دیكەی نێو پەرلەماندا، بەڕادەیەك كە ڕاكانیان و قسە نابەجێكانیان سنووری ئەوانیشی دەبەزاند كە مایەی بێ هیوایی و سەرسوڕمانی دەنگدەران و سەرجەم خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو، بۆیە ئەمە وەك پرسیارێكی گەورە بەڕووی خەڵكدا قوت دەبووەوە، كە چۆن دەبێ ئەو حزبانە مۆڵەت بە ئەندامانیان بدەن كە بەو شێوەیە دژایەتی حكوومەتی هەرێم و داخوازییەكانی هەرێم بكەن كەچی هاوكات هەڵوێستێكی زۆر پێچەوانەشیان لێ بەدی دەكرا كە ئەوانە بە تەواوی بێ دەنگ و كڕوكپ بوون سەبارەت بە هەموو ئەو كارە ناڕەوا و نادەستووریانەی حكوومەتی عێراقی سەبارەت بە هەرێم دەیكردن هەر لە بڕینی بوودجە و مووچە و پێشێلكردنی مادە دەستوورییەكان تا دەگاتە دەستدرێژی بۆ سەر خاكی كوردستان، ڕۆژێك لە ڕۆژان هەست بە هەڵوێستێكی ئەرێنی ئەم زاتانە لە بەغدا سەبارەت بە هەرێم نەكرا، جا سەیر لەوەش دایە حزبەكانیشیان دەرهەق بەو هەڵوێستە نانیشتمانیانەیان بێ دەنگ بوون كە نەدەبوو لەم خولەدا ئەو هەڵە كوشندانە كە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانەكەمان و بژێوی دانیشتوانی هەرێم جارێكی تر و بەهیچ شێوەیەك دووبارە ببنەوە، كەچی تازە بەتازە پەرلەمانتارێك سكاڵا لەسەر هەرێم تۆمار دەكات؟؟!
شنیار ئەنوەر *نمونەیەك و دوو پێشنیار بۆ كەیسی گیراوانی "نەوەی نوێ" لە دوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ۸ ی ۱۱ ی ۲٠۱٦، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە گیرۆدەی لێكۆڵینەوەیەكی پروكێنەرە بە تۆمەتی دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ روسیا دژی هیلاری كلینتن، و پێشێلكردن یان خۆلایان لە دادگەری. وردەكاریی تۆمەتەكە بۆ زۆربەی ئەوانە زانراوە كە چاودێری هەڵبژاردنی ترەمپیان كرد، بۆیە ئەوە باس ناكەم. لە دوای سوێندخواردنی وەك سەرۆكی ئەمریكا، لە ژێر فشاری جەماوەر و میدیا و پاشان لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئای و دەزگای هەواڵگری، دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا سەلمێنرا، وە بەڵگەی زۆریش هەبوو كە كەسانێكی نزیك لە تیمەكەی ترەمپ تێوەگلاون لە پیلانگێرییەكەی روسیا دژی هیلاری كلینتن ( كە ئەمە بە یاسا قەدەغەیە موئامەرە دژی هاوڵاتی ئەمریكی بكەیت لە بەرژەوەندی وڵاتێكی تر.) بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسی ئێف بی ئای، جیمس كۆمی دەستی بە لێكۆڵینەوەی فەرمی كرد، واتە مەلەفی لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ۲٠۱٦ دژی هیلاری و بەشداری تیمەكەی ترەمپ لە فشار و داواكاری چوە بواری جێبەجێكردنەوە. سەرەتا ئێف بی ئای ژمارەیەك كەسی نزیك و پارێزەر و بەرپرسانی كەمپینەكەی ترەمپ راپێچی لێكۆڵینەوە كران، تا دەهات لێكۆڵینەوە لە ماڵەكەی ترەمپ و خودی ترەمپ نزیك دەبویەوە، لەوكاتەیا ترەمپ بە تۆمەتی لایەنداریكردن بۆ دیموكراتەكان، بەرپرسەكەی ئێف بی ئای دورخستەوە (بەپێی یاسا بەرپرسی ئێف بی ئای لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە دیاریئەكرێت). لەدوای فشاری زۆری خەڵك و میدیا، وەزارەتی داد، كە راستەوخۆ ئێف بی ئای سەر بەوە، رۆبەرت مۆڵەری وەك لێكۆڵەری تایبەت دیاریكرد و لەو كاتەوە مۆڵەر سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە، و نزیكەی مانگێك لەمەوبەر راپۆرتی كۆتای كە زیاتر لە ٤٠٠ لاپەرەیە پێشكەش وەزارەتی دادكرد بۆ ئەوەی بریار لەسەر ئایندەی ترەمپ بدرێت. لە كاتی لێكۆڵینەوەكان كۆنگرێسیش لیژەنەیەكی پێهێنا بۆ چاودێریكردنی كەیسەكە. بە دەیان كەس لەبەردەم كۆنگرێس بە ئاشكرا و بە نهێنی شاهیدیان دا و خەڵك رۆژانە شتی نوێ و زانیاری نوێیان دەبیست. بەڵام راپۆرتەكە هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەیابوو كە ئایا ترەمپ تۆمەتبارە بە دەستێكەڵكردن یان نا، بەڵكو بەڵگەكانی خستبوە روو لەگەڵ راپۆرتی چۆنیەتی هەوڵەكانی روسیا و تێوەگلانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی تیمەكەی ترەمپ. تا ئێستاش مشتومر لەسەر ئەمپرسە بەردەوامە. تەنانەت ناراستەوخۆ خودی ترمپ خرایە ژێر لێكۆڵینەوە و وەڵامی ئێف بی ئای ی دایەوە لەسەر پرسەكە. راپۆرتەكە ئاماژە بەوە ئەكات كە تیمەكەی ترەمپ راستەوخۆ و نا راستەوخۆ تێوەگلاون لە دەستێكەڵكردن لەگەڵ روسیا دژی هیلاری، وە ئێف بی ئای دوو پارێزەری ترەمپ دەستگیركرد لەگەڵ بەرپرسیكەمپینی ترەمپ و بە مەرجی ئەوە لێیانخۆش بوو كە هەمو راستیەكان بڵێن لەسەر پرسەكە و وە لە بەردەم كۆنگرێسیش شاهیدییان یا، وەڵامی زۆر پرسیاریان سەبارەت بەترەمپ دایەوە، لەسەر ویستی خۆیان دانیان بەوەیا نا كە هەندێ كاری "نابەجێ" و مەترسیداریان كردوە بە فەرمانی ترەمپ. (لە ئەمریكا شتێك هەیە پێی ئەڵێن "سەفقەی ناشیرین" كەزۆر جار بۆ ئامانجێكی گەورەتر ئێف بی ئای رێگەی پێدراوە رێكەوتن لەگەڵ تاوانباران بكات و لێین خۆش بێ ئەگەر هاوكاری ئێف بی ئای بكەن لە پرسێكی گرنگ دا) پاش زیاتر لە دوو ساڵ هێشتا ئەم پرسە كۆتایی نەهاتوە، راستە نوسینێك یان نامەیەك یان ئیمەیلێك نیە بیسەلمێنێ كە ترەمپ تێوەگلاوە بەڵام بەڵگەی تەواو هەیە كە دەوروبەرەكەی تێوەگلاون وە بەڵگەش هەیە كە دەوروبەرەكەی لەژێر فەرمانی ترەمپ بون یان ترەمپ ئاگاداربوە كە چی ئەكەن، بۆیە ئەگەرێك ماوە كە كۆنگرێس لەسەر كارلایببات لەسەر ئەمپرسە ئەگەر دادگاییش نەكرێ. ئەمریكا كە خاوەنی سیستمێكی دادوەری بەهێزە، بەو هەمو تەكنەلۆژیایەوە ناتوانێ كەیسێكی ئاوا بەخێرایی كۆتایی پێ‌بێنن، بەڵام شارەزایانی یاسایی لە ئەمریكا ئەڵێن ئەگەر ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەبوایە دەمێك بوو راپێچی دادگا كرابوو بەڵام سەرۆكی ئەمریكا خاوەن پێگەیەكی گرنگە ئەگەر بەڵگەی قاتیع نەبێ ناتوانرێ راپێچی دادگا بكرێت. هەمو ئەم دوو ساڵە گەلی ئەمریكا وە نوێنەرەكانیان چركە بە چركە ئاگاداری پرۆسەی لێكۆڵینەوەكان بون، تەنانەت ئەندامانی كۆنگرێس ئاگاداری زانیاری زۆر نهێنی و تایبەتیش بون و چەندین جار لێكۆڵەرەكەی ئێف بی ئای بە تایبەت زانیاری پێیاون و ئەوانیش لەگەڵ خەڵك باسی وردەكاری لێكۆڵینەوەكانیان كردوە، بەهۆی ئەم شەفافیەتەوە هەم خەڵك و هەم كۆنگرێس متمانەیەكی زۆریان بە راپۆرتەكەی مولەر هەیە، وە بەمە پێگەی ئێف بی ئای و دادگا زیاتر لای خەڵك بەهێز بوو. بۆیە من بۆ كەیسەكەی "نەوەی نوێ" دوو پێشنیارم هەیە: یەكەم: بە مەبەستی بونی شەفافی زیاتر پێویست رایگشتی ئاگاداری لێكۆڵینەوەكان بن، وە خەڵك مافی خۆیەتی كە متمانەی بە دادگا و پرۆسەی لێكۆڵینەوە نەبێت ئەگەر كارەكان لە تاریكی‌دا بەرێوەبچن، بەتایبەت لە كەیسی دادگایكردنی كەسانی خاەن پێگە یان ئەو كەیسانەی جێگەی بایەخی رایگشتی یە. پێشنیار ئەكەم دادگا (نەك ئاسایش) هەفتانە لە پرۆسەی دادگایی و لێكۆڵینەوەكان ئاگاداری رایگشتی بكەن وە دڵنیایی بدەن لە سەلامەتی رەوشی گیراوەكان و گەرەنتی پاراستنی مفە یاساییەكانیان. دووەم: پێشنیار ئەكەم پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەك بۆ بەدواداچون و چاودێری كەیسەكە پێكبهێنێت تا پەرلەمانیش دڵنیابێتەوە لە وردەكاری و رێگرتن لە بە سیاسیكردنی كەیسەكە. ئەگەر ئەوە نەكرێت خەڵك حەقی خۆیەتی متمانەی بەدادگا نەبێت و دادگا بەوە تۆمەتباربكەن كە كەیسەكە بە سیاسی كراوە و لەسەر رێچكەی یاساییخۆی لاییاوە.
سەرتیپ جەوهەر وەك پێشبینی دەكرا ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بەیەكلایی كردنەوەی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی بەغداوە هەیە، گرێی بۆ دروستكرا و پاشەكشە لەجێبەجێكردنیدا هەیە! لێدوانەكانی چەند رۆژی رابردووی چەند سەركردایەتییەكی پارتی، بەڵگەی ئەو پاشەكشەیەیە. جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، لێكەوتەو دەرهاویشتەی خراپی دەبێت لەسەر بارودۆخی كەركوك بەشێوەیەكی گشتیی، هەروەها پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە چەند رۆژێكی داهاتوو هەنگاوی نوێ دەستپێبكات. سەبارەت بەكەركوك، ماوەیەكە هەوڵی بەعەرەبكردن و زەوتكردنی زەوی كوردان و گوشار خستنەسەر كورد لەهەموو روێكەوە زیادیكردووە، ئەگەر هەوڵی سەرۆكایەتی كۆمار‌و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد‌و گوشاری یەكێتی لەكەركوك نەبوایە، بەدڵنیاییەوە زیاتر‌و خراپتر دەبوو! یەكێك لەهۆكارەكانی ئەو زیاتربونەی گوشاری بەشێك لە عەرەب و توركمان، ئەو پەرتەوازەیی و ناڕێكییەی كوردە سەبارەت بەچارەنوسی ئەو شارە. دیارترینیان رێگریكردنی پارتییە لەدانانی پارێزگارێكی نوێی كورد لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ كەركوك! ئەم پەرتەوازەیی و ناڕێكییەی كورد زەمینەیەكی لەباری بۆ شۆڤینستەكان رەخساندووە لەهەموو روێكەوە گوشار بێنن و زەوی كورد داگیربكەن و بەبیانوی تەجاوز خانوی گەڕەكە كوردەكان بڕوخێنن ..تد. ئەگەر پارتی نەیەتە ژێرباری رێككەوتنەكە، ئەوا دەرگا واڵا دەبێت بۆ یەكێتی و كەركوكییەكان تا پلان و هەنگاوی دیكە بنێن. رەنگە سەرەتا لەخۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنیانەو راگرتنی ئیشوكاری حكومەت لەكەركوك دەستپێبكات، بەڵام خۆ ئەگەر ئەو هەنگاوە كاردانەوەو وڵامی نەبوو، بەدڵنیاییەوە هەنگاوی دواتر توندتر‌و كاریگەرتر دەبێت! توندتر بەو مانایەی چیتر یەكێتی ناتوانێت رێگری بكات لەناڕەزایی و توڕەیی هەم یەكێتییەكانی كەركوك و هەم خەڵكی كەركوك بەگشتیی بەرامبەر زەوتكردنی ئیرادەو ئیستحقاقی كورد لەشارەكە. ئەگەر ئەوە روبدات بەدڵنیاییەوە مەسەلەی بەركەوتەو لێكەوتەی ئەو بارودۆخە دێتەگۆڕێ، واتە ئەوانەی رێگربون لەئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد چیتر مافی ئەوەیان نابێت باسی چارەنوسی ئەو شارە بكەن، هاوكات پرسی گەڕانەوەو كاركردنیشیان لەوشارە روبەڕوی دەبێتە جێی پرسیار؟! سەبارەت بەپرسی پێكهێنانی حكومەت، وابەستەی ئەو رێككەوتنەیە كە ئێستا گرێ و گرفتی بۆ دروستكراوە، ئەگەر ئەو بڕگەیەی تایبەت بە كەركوك وەكوخۆی جێبەجێنەكرێت، ئەگەرەكانی بەردەم یەكێتی بۆ بەشدارینەكردن لەحكومەتی كراوەتر دەبێت، چونكە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كراوە، پرەنسیپی بەیەكەوە كاركردن و سەقفی زەمەنی و میكانزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەخۆدەگرێت، ناكرێت هیچ بڕگەیەكی رێككەوتنەكە داببڕێت یان دەستكاریی بكرێت یان دەستكاریی بكرێت.
شەپۆل عەلی عەسکەری چەند ڕۆژێک لەمەوپێش گوێمان لەوتارەکەتان گرت له‌کۆنفرانسی حکومڕانی ئەلکترۆنی لەئەستۆنیا لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩، بەتەفسیل گوێمان گرت، بەڵام جێی داخەو ئەسەفە کە ئەوەی قسەکانی ئەکرد لایەنێکی ئۆپۆسیزێۆن نەبو بەڵکو خودی خۆت بوی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڕێز من کە گوێم لەقسەکانت دەگرت دەمگوت بەڕاستی حەقی ئەوەی هەیە کە هەندێ گفتوگۆی لەسەر بکەین لەپێشدا بەوتەکانتدا بچینەوە بۆ ئەوەی ڕونیبکەینەوە ئێوە کە قسە دەکەن بەو پۆستەی کە هەتانەو لەڕوی دیپلۆماسیەوە ناشێ‌و ناکرێ بەڵام چانسەکەی ئێوە لەوەدا بو کەسێکی شارەزای بارودۆخی هەرێم و عێراقی لێنەبوە دیارە کە بتانخەنە بارودۆخێک کە بڕواناکەم کەس حەز بکات کەتێبکەوێ یا هەبووەو ڕوماڵتان نەکردوە! لەبەشێک لەوتارەکەت باس لەوە دەکەی کە "حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٤ بەغدا بودچەی بڕی ئێوەی خستە بارودۆخێکە نەخوازراو و لە هامان کاتدا دابەزینی نرخی نەوت و هێرشی داعش بۆ ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە ڕویانکردە هەرێم ئەمانە هەمووی ئێمەی توشی شکستێکی ئابوری و سیاسی ئەمنی چاوەڕوانەکراو کرد. لە درێژەی قسەکانتان ووتان لەم هەرێمەی ئێمەدا هێشتا دیناسۆر دەژین دەزانم لە شوێناکانی تری جێهان نەماوەن بەڵام لای ئێمە هەن و زۆر بیرۆقراتن و یاسا وڕێساکان وبڕایارەکان بە تەفاسیڵەوە جێبەچێدەکەن بەڵام ئەمەدەکەن بۆ ئەوەی کە کارەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن". جەنابی جێگری سەرۆک حکومەت دەتوانی پێمان بڵێی بۆچی و لە سەر چی بەغدا بوودجەی بڕی و هۆکارەکەی چی وکێ بو ناکرێ ڕستەکە بە نیوە چڵی بهێڵیتەوە و تەواوی نەکەی ولە هەموو ووتارەکانت ئەتووت بەڵێ من ئاگاداری گرێبەستەکانی نەوت وغاز و کارەکانی حکومەتم، خۆ ئەگەر ئاگاداری دەباویە یەکەم ئەم قسانەت نەکردایە یا نەتهێشتایە بگاتە ئەو ئاستەی کە بەغدا بوودجە ببڕێ، خۆت و حیزبەکەت نەکردایە بە پاشکۆی پارتی و سەرۆک وەزیرانەکەی ئێوە یاسای سەربازیتان بەرپادەکرد لە گەڵ پارتی و حکومەتەکەی (نفژ پم ناقش) هەموویتان جێبەجێکرد و دواتر خستانە پاڵ بەغدا، ئەو سیستمە حکومڕانیەی ئێوە بەرپایدەکەن لە قتوی هیچ عەتارێکدا نیە بێ وێنەیە بەڵام بەداخەوە لە بەر نەزانی خۆتان گەڕانەوە خانەی یەکەم لە گەمەی مارو پەیژەکەی کە خۆتان لە بەشێکی دیکەی پەناڵەکەتان ئاماژەتان پێ کرد. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٤ دا میللەتی کوردی باشور ڕفڕاندمێکی ئەنجام دا تێکڕای میللەت داوای سەربەخۆیی کرد بەڵام بە هەردوو لاتان گۆڕیتانەوە بە پلەوپایە و دەستکەوتی تایبەت بە خۆتان وەک بنەماڵەکان لە بری ئەوەی بیکەنە دەسکەوت بۆ میللەت بیر وهۆش چاوتان لەو کاتەدا تەنها ڕەنگی سەوزی دۆلاری ئەدی و هیچی تر داواتر ڕەنگە ڕەشەکەی نەوت بەتاواوی کوێر و کەڕی کردن ، کاکی من بە شێوەیەک مەغرور بوبون کەستان نە ئەدی و حیسابتان بۆ کەس نە ئەکرد بۆ خۆتان نەوتتان دەفرۆشت و گرێبەستی سەقەتان واژوودەکرد بە ئێستاشەوە، ومیللەت وحکومەتان خستە ژێر باری قەرزێکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەر بتوانێت ڕزگاری بێت لێی . جگەلەوەی کە دزین و بەهەده‌ردانی سەروەت وسامانی میللەتان بە یاسا کرد جۆرەها جۆری کۆمپانایی وەهمی و فەرمیتان دروست کرد کەسوکارەکانتان پێشتر هەموو ئەزانین کە خاوەن چیبوون چۆن دەگوزەران بەڵام فەرموون ئەمڕۆ بیانبێنن کە خاوەنی چین ماشا‌و اللە و تەبارەک ئەناوع و شکال کۆمپانیانی نەوت و وەبەرهێنان و…هتد. وئەڵێن (هژا من فـ‌چل ربی)…! لە گەڵ ئەمانە ئەنواع و ئەشکال شتی وردەتان درۆستکرد و ئەوانێش بوون بە شت، ئەلێرەدا بۆ ئەوەی کارەکانی خودی خۆتان و بنەماڵە ودەورو پشت و دواتر حیزب بەرژەوەندێکانتان بپارێزن ئەم دیناسۆرانەتان دروست کرد کە ئەمڕۆ گلەییان لێ دەکەن . دەفەرموون تەنها ئەوپارەیەی کە لای هەردوو لاتانە تەنها بەشێکی بگەڕێننەوە هەموو بوودجە و مووچە و بە قەرزەکانی حکومەتیشی پێدەرێتەوە ،ئەم نیفاقە چیە وبەس نەبوو خۆڵکردن بە چێ‌وی خەڵکا ئێوە تا ئێستا ڕێگرن لە نووسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێم لە بەر ئەوەی هێشتا لەو بڕوایەدان کە ماوتانە بگەنە ئاستی تێربوون و بەرژەوەندێکانتان ماوێتی، لە لایەکی ترەوە بە هەردوو لاتان وەک ڕۆبۆتان لێهاوە بەدەست وڵاتانی ئیقلیمیەوە بەشی سەرەوە بۆ تورکیا و خوارەوە بۆ ئێران و هەردوو بەش بۆ ئەمریکا و خۆتان خستۆتە گێژاوێکەوە سەرتان لە خۆتان و لە میللەتیش تێکداوە . ڕێگرن لە یەکگرتن و ڕێکخستنی پێشمرگە لە ژێر یەک وەزارەتا و ئێوە ڕێگرن لە ……هتد. ئێمە نازانین ئەم هەرێمە بەشیکە لە عێراقی فیدرال یا سەربەخۆیە یا ئەم هەرێمە بریتیە لە دوو ئیمارەت ئی دوو بنەماڵە و چەند کلک و گوێیەک یا هەرێمێکە کەیانی خۆی هەیە تێناگەین؟ خۆ ئەگەر بەشێکین لە عێراق دەبێ داهات مەرکەزی بێت وەک هەموو وڵاتە فیدرالەکانی دونیا،دەبێ هەرچی داهاتی وڵات هەیە بگەڕێتەوە بۆ مەرکەز و پاشان دابەشبکڕێ بە یاسا. ئێوە ئەمەشتان نەکرد لە دوای ٢٠٠٤ ەوە تا ٢٠١٧ هەموو کوردستانتان بە دەستەوە بو راستە بە فەرمی نەبوو بەڵام ئاسایش و پێشمەرگە ئیدارەتان لە وێ بوون بۆ نەتان پاراست و سیاسەتێکی هووشیارتان بەکارنەهێنا بە شێوەیەک کە نەتەوەکانی تر بۆ خۆیان داوای جێبەچیی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بکەن ، خۆتان ئەزانن چ هەڵەیەکتان کردوە و دەشزانن کە هەم کەرکوک و ناوچەکانیترتان لە دەست دا هاتوون فەشەلی خۆتان لە هەموو بوارەکان دا ئەخەنە شەمماعەی ئەوانەی کە بە دیناسۆر ناویان دێنن هەڵئەواسن. ئێمەی میللەت دڵمان بە چیتان خۆش بێ بە پڕۆژە بەنەڕەتێکانی ئەوانە بونەتە ژەهەر و دەچێتە جەستەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی کە ئەم پرۆژە سەقەتانەی تێدا کراون ، یا بەو هەموو نە خۆشیە مەترسیادارانەی کە ڕووبەڕوی هاوڵاتیان دەبێتەوە رۆژانە ، یان بە سێکتەری تەندروستی و خزمەتگوزارێکان ، یا بە ماوەی ناڵێین ٢٨ ساڵی رابووردو بە ڵام لە دوای ٢٠٠٤ەوە نەتانتوانی کارەباو ئاو دابێن بکەن ئەو حکومەتەی کە نەتوانێ نە خۆشەکانی تیمار یا چارەسەر بکات حکومەتێکی فاشلە و دەبێ بگۆڕدری ،بەڵام بە گۆڕینی دەمووچاو نابێ دەبێ سیستمەکەی بگۆڕی و یاسا سەروەر کەی لە خۆتانەوە دەست پیبکەن و ووەرنەوە هۆش خۆتان بزانن ج تاوانێکتان بەرانبەر ئەم خاک و خەڵکە کردوە و ج بێ وویژدانیەکتان کردوە و هەربەردەوامیشن، فەرموون ئەوە وەزیرەکەی خۆتان لە بەغدا ئەڵێ مووچە هەمووی ناردراوە بۆ هەرێم بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت قەرزارە دەبێ بیدەنەوە . قەرزێک لەبەر نەزانی و دزی خۆتان بە میللەتی ئەدەنەوە هەر بەڕاست مەنتقی حوکمڕانی ڕەشید بەم شێوەیەیە لای ئێوە بە خەڵکیش ئەڵێن دیناسۆر ئەی ئەبێ بە ئێوە بوترێ چی…..! زۆرم لا سەیرە دوای ئەم هەموو شکستانە جورئەتی ئەوەتان نەبوو بێنە سەر شاشەکان و داوای لێبوردن بکەن لەوەی کە فەشلتان کرد لە بەڕێوەبردنی حکومەت و دابینکردنی لای کەم خزمەتگوزاریە سادەکانی کە پیویست بوو بۆ میللەت ودەست لەکار بکێشنەوە هیچ نەبێ بۆ ناو ناوبانگی خۆتان لە پاشە ڕۆژ، ئێوە خاوەن میللەتێکن مەڕ ئاسا بێ وەی کەچی نەتانتوانی لە برسێتی و چاوچنۆکی خۆتان نەک دووژمن بیانپاڕێزن بە ڕاستی جێی داخە. دیناسۆرەکان ئێوە دروستانکردن و خۆشتانکرد بە سەرۆک و جێگر سەرۆکی دیناسۆرەکان، کورد ووتەنی " گەورە ئاو دەڕێژێ و بچووک پێی لێ دەخشێنێ" شوکر هووشیارە مەحوی تێئەگا دونیا خەراباتە..!
رێبوار کەریم وەلی (1) لێكتێگەیشتنی یەكەمی دەباشان لە كۆتاییەكانی 2012 لە نێوان (هەردوو رەحمەتی) تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، شتێكی تاكتیكی بوو. تاڵەبانی لە رێگەی ئەو دیدارەوە كە دوای ئەوە نەخۆش كەوت و كۆتا مانۆڕی ژیانی سیاسی بوو، چەند ئامانجێكی پێكا. یەكەمیان نێوانی خۆی و بارزانیی چاك كردەوە كە لەسەر مەسەلەی لادانی مالیكی تووشی خیلافێكی قووڵ بوون (تا راددەیەك كە هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆككۆماری كرد)، خستنە ریفراندۆمی دەستووری كوردستانی (كە بارزانی پێ‌داگر بوو لەسەر ئەوەی دەبێ هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2013 دا دەنگی لەسەر بدرێت) دواخست و ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ دوو ساڵی دیكە درێژ كردەوە. ئەوە بەرهەمی یەكەم لێكتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بوو، دوای ئەوەی كە سێ ساڵ پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان لەناو هەناوی یەكێتی و چەپكە گوڵە مەشهوورەكەی مام جەلالەوە هاتە دەرەوە و دوو هاوڕێی تەمەن سنوورەكانی تەخوینكردنی یەكتریشیان بەزاندبوو. یەكێتی و گۆڕان لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر هەرچییەك رێككەوتبن، سوودمەندی یەكەم پارتی بووە و سوودمەندی دووەم یەكێتی بووە. جا لێگەڕێ لەو رێككەوتنانەی كە ژێر بەژێریش لە بەینی هەردووكیان لەگەڵ پارتیدا هەیانبووە. پارتی بە لێكتێگەیشتنی یەكەمی دەباشان كەمێك قەڵس بوو، قەڵسییەكەشی لەوەوە نەبوو كە بۆ دەبێ یەكێتی و گۆڕان لێك نزیك ببنەوە، كێشە ئەوە بوو كە پارتی شێوەی ناردنی پەیامەكەی تاڵەبانیی بۆ بارزانی (سەرباری بەركاربوونی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان) بە نەگونجاو دەزانی! چونكە هەر چەند رۆژێك دوای ئەو لێكتێگەیشتنە (مێژووییە!) تاڵەبانی بەخۆ و بە شاندێكی قورسی مەكتەبی سیاسییەوە لە سەری رەش بوو. لەوێ لە حزووری بارزانی و شاندەكەی خۆیدا گوتبووی ئەگەر جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ رووبداتەوە، ئەو ماڵەكەی خۆی دێنێتە سەری رەش! رێككەوتنی دەباشان لە 17ی مایسی 2016 كە لە نێوان دیكۆری تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا ئیمزا كرا (كە لە بنەڕەتدا رێككەوتنی ماڵی برایم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفا بوو) و قەت یەك بڕگەشی (جگە لە ئیمزا كردنەكەی) لە كۆی 11 بەش و 25 ماددە هیچی لێ جێبەجێ نەكرا، بە ئامانجی قووتدانی گۆڕان بوو كە یەكێتی دەیزانی لە سەرەمەرگدان. كارتێك بوو بۆ دوورخستنەوەی گۆڕان لە پارتی. دیسان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، یەكێتی هەمان قەوان لێدەداتەوە. رێككەوتنی دەباشان زیندوو دەكەینەوە! شتێك كە بە مردوویی لەدایك بووبێت چۆن زیندوو دەكرێتەوە: "یەكێتی ئەلئەعلەم". ئامانج ئیحراجكردنی پارتییە! پارتی كە بە خودی رێككەوتنەكە تەققەی سەری هاتبێ، فشەی بە مەیتەكەی دێت. گۆڕان یەك دوو ددانی ماوە، یەكێتی دەیەوێ ئەوانیش بكێشێت. یەك كۆ دوو دەبێ بە سێ! (2) پێدەچێ رۆژی سێشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی هەرێمی چاوەڕوانكراو (نێچیرڤان بارزانی) بە شێوەی غیابی بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت. یەكێتییەكان و گۆڕانی هاوپەیمانی پارتی دەنگی پێدەدەن. سەروو هەشتا دەنگ دێنێت. یەكێتییەكان نیگەران بوون. هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵە دەسەڵاتخوازەكانی مەكتەبی سیاسی‌یان كۆبووەوە و گەرەنتی دانێ كە رێككەوتنی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت. بەڵام راستییەكەی ئەو سێ كەسە (عیماد ئەحمەد، عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایز) هەموویان پتر لەوەی دەربەستی بەرژەوەندیی یەكێتی بن، بۆ خۆدەرخستن داوای ئەو دیدارەیان كردبوو. ویستیان بڵێن ئێمەش هەین. دوای 10ی حوزەیران كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە رەسمی دەستبەكار دەبێت و بارزانییەكی دیكەش رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، كوردستان و پارتی بە عەمەلی داخیلی قۆناغی سێ سەرۆكایەتی (مەرجەعییەتی بارەگای بارزانی، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت) دەبێت. لانیكەم بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ژمارە یەكی ساڵی 2005 كە پەرلەمان لە ماوەی رابردوودا بەركاری كردەوە، پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت رێكخراوە و سنووری دەسەڵاتەكانیان دیاری كراوە، بەڵام هیچ قانوونێك نییە باس لە مەرجەعییەت و جۆری پەیوەندیی نێوان دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بكات. لە حاڵەتێكی ئاوادا، تا ئەو رۆژەی سەرۆك بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی‌دا رۆڵی هەبێت، سەرۆكی هەرێم (جا هەر دەسەڵاتێكیشی هەبێت) رۆڵێكی تەشریفاتی دەبینێ و توانای بڕیاری سیاسی و ستراتیژیی نابێت. ئەگەر نەیەی نایەم! (3) پارتی لای خۆیان وایان داناوە كە وەكو دەستپێشخەرییەك و بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆككۆمار دكتۆر بەرهەم ساڵح بانگهێشتی هەولێر بكەن. بانگهێشتەكە بەشێوەیەك دەبێ كە هەم سەرۆكی هەرێم و هەم سەرۆكی حكومەتی داهاتوو بۆ دكتۆر بەرهەمی دەنێرن و، رەنگبێ هەمان بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان و كەسایەتییەكانی دیكەی بەغداش بنێردرێت. مەراسیمێكی شاهانە دەبێت. بەسەدان دیپلۆمات، سیاسەتمەدار و كەسایەتی لە سوێندخواردنی دووەم سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بەشدار دەبن. بەڵام بەپێی زانیارییەكان هەم سەرۆككۆمار و هەم سەرۆك وەزیرانی بەغداش گوتوویانە بانگهێشتەكە چۆن بێت ئاوا وەڵامی دەدەنەوە. واتا ئەگەر بە نامە دەعوەتیان بكەن، ئەوانیش بە نامە جواب دەدەنەوە. ئەگەریش بە حزووری بانگهێشت بكرێن، ئەوا ئەوانیش بە حزووری ئامادە دەبن. راستە بەرهەم ساڵح پێویستی بەوە هەیە هەولێر لە پشتی بێت، بەڵام رەنگبێ بەقەدەر پارساڵ پێویستی بەو پشتیوانییە نەبێت. لە كاتێكدا وڵاتی بەناو عێراق و سەركردەكانی دەكەونە ناو چەقی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریكا و سەركردەكان رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینن، رەنگبێ پێویست بێت كە یەكەم جار لە هەولێرەوە دان بە بەغدادا بنرێت، نەك بەغدا بێتە بەرپێی هەولێر.