Draw Media

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح       بەشی پێنجەم        ئەوەی لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسەی چەسپاندنی تەواوی بەخێزانیکردنی دەسەڵات و بنجبه‌ستكردنی سیسته‌می سوڵتانیزمی سیاسییە. ئەوەی ئێمە دەیبینین لەناوچوونی بەشی ھەرە گەورەی ئەو بەرگریییە سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییانەیە کە لە ھەرێمدا لەبەردەم پرۆسەی بەخێزانیبوونی ده‌سه‌ڵات و بەسوڵتانیبوونی دەسەڵاتدارێتییدا بوونیان ھەبوو. دواھەمین بەرگرییەکی خاوەن قورسایی لەبەردەم ئەم پرۆسه‌یه‌دا پرۆژە سیاسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام لە ئێستادا خودی ئەم بزوتنەوەیەش بەرەو بەخێزانیبوونی ده‌سه‌ڵات و بەسوڵتانیکردنی سیسته‌می سیاسیی له‌هه‌رێمدا، هه‌نگاوده‌نێت. له‌مڕۆدا بکەری ژمارە یەک و سەرەکیی چەسپاندنی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانن، ئەو منداڵانەن کە لە چەند ساڵی ڕابوردودا و بە خێرایەکی گەورە ھاتنە ناو کایەی سیاسیی ھەرێمەوە و لە ئێستاشدا خەریکی مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی پێگە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو ئەو کایەیەن.  ئێمە تا ئێستا زیاد لە جارێک باسمان لە ھاتنەکایەی نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێم کردوە و پرۆسه‌ی بەخێزانیکردنی دەسەڵاتمان ھەم بە دیاردەیەکی سیاسیی ترسناک و ھەم بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیسته‌می سوڵتانی لە ھەرێمدا ناوبردوە. لەم ڕووەوە ئێمە ھەم ئێستا و ھەم ئایندەی سیسته‌مە سیاسییەکەی ھەرێم زۆر بە مەترسیدار دەزانین و پێمانوایە کۆمەڵگای ئێمە بە ئاقارێکی تەواو ترسناکدا تێدەپەڕێت. بەڵام سوڵتانیزم چییە و کامەیە؟ ئاکارە سەرەکییەکانی کامانەن؟  سوڵتانیزم ئەو مۆدێلەیە لە دەسەڵاتدارێتیی کە تیایدا فۆرمی سەرەکیی دەسەڵات فۆرمێکی شەخسیی و تاکەکەسییە، تەوه‌ره‌ سەرەکییەکانی سیسته‌مە سیاسییەکە بەدەوری كه‌سی یه‌كه‌مدا دروستدەکرێت و ئەو کەسەش وەک سێنتەری سیستمەکە کاردەکات. کە ئەمە دەڵێین مەبەستمان نییە وای نیشاندەین کە سیستمە سیاسییەکە کورتدەبێتەوە بۆ ئەو تاکەکەسە، چونكه‌ ئەم وێناکردنەی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا وێناکردنێکی نادروست و نازانستییه‌. سیسته‌می سوڵتانیی ھەموو میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی دەسەڵاتی مۆدێرنی لەبەردەستدایە و ھەموو تواناکانی ئەو میکانیزمانەش  بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییه‌، بەکاردەھێنێت. بەم مانایە دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی ھەم ماشێنێکی بیرۆکراسی گەورە، ھەم پارتی سیاسیی، ھەم میدیا، ھەم دەزگاکانی پیادەکردنی توندوتیژیی، ھەم سیسته‌می داوەریی و ھەم سیسته‌می خوێندن و ھەم پێگە ئابورییە سەرەکییەکانی لەبەردەستدایە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی.   ئه‌وەی ئەم مۆدێلە له‌ ده‌سه‌ڵات، چ لەناو حیزبدا و چ لەناو ده‌زگاكانی حكومڕانیی و دەوڵەتدا، لەوانیتر جیادەکاتەوە، بوونی ”ناوكێكی ره‌قە“ كه‌ وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکات و هیچ كه‌س و گروپێكی تری ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌ ناتوانێت بەو ناوکە بگات و ببێت به‌ئه‌ندامی ئه‌و بازنه‌یە. ئەم ”ناوکە ڕەقە“ نە ناوکێکی ئایدیۆلۆژییە، نە ناوکێکی سیاسیی، نە ناوکێکیشە لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە دروستبووبێت، بەڵکو بازنایەکی داخراوە کە پەیوەندیی خوێن و په‌یوه‌ندارێتیی خێزانیی و ئینتیما بۆ بنەماڵەیەکی دیاریکراو دروستیکردوە. هه‌روه‌كو پێشتر له‌چه‌ندین وتاردا شیكارمان کردوە، حیزب له‌م جۆره‌ مۆدێله‌دا له‌ فۆرمی پیازێكدایه‌ كه‌ ناوكه‌كه‌ی شه‌خسی سه‌رۆكه‌ و ئه‌وانی تر به‌پله‌ی جیاواز وه‌ك توێژاڵ به‌ده‌وری ئەو سەرۆكەدان. گه‌ر توێژاڵی یه‌كه‌م منداڵه‌كانی سەرۆک بێت، توێژاڵی دووهه‌م منداڵی منداڵه‌كانێتی و پاشان به‌پله‌ی جیاواز خزمی دوور و نزیك و هاوڕێ و ئه‌ندام و غوڵامه‌ سیاسییه‌كانی تر دێن. به‌کورتیی،سوڵتانیزم فۆرمێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی خزمگه‌رایی و مه‌حسوبییه‌ت و وەلای ڕەھا بۆ خێزانێکی سیاسیی داده‌مه‌زرێت و به‌پێی دوورو نزیكیی و بڕ و ڕادەی وەلا و خزمایه‌تییش له‌ سه‌رۆك و خێزانی ده‌سه‌ڵاتدارەوە، پێگەی ئەوانیتر دەستنیشاندەکرێت و به‌شیان له‌ ده‌سه‌ڵات و داهات و ساماندا ده‌بێت.  وەلائی سیاسیی بۆ ئەم دەسەڵاتە شەخسییە، وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی و فیکریی نییە، چونکە ئەم مۆدێله‌ له‌ دەسەڵات ھەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرایەتیی ھیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناکات. خۆی بە بەرگریکەر لە ھیچ فەلسەفە و دونیابینییەکی سیاسیی نازانێت، لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤێکی نوێدا نییە کە فیکرێکی دیاریکراو ھەندەسە کۆمەڵایەتییەکەی نیشانبدات، وەلائەتیش پەیوەست نییە بە بوون یان نەبوونی بەرنامەیه‌کی سیاسیی دیاریکراوەوە، ھتد... به‌ڵكو خزمگه‌رایی و مەحسوبییه‌ت، واته‌ Clientelism ،Nepotism فۆرمی په‌یوه‌ندییه‌كانی گروپی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ناو خۆیدا و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، واتە له‌ناو ده‌زگاکانی حیزب و لەناو ده‌وڵه‌تدا دیاریده‌كات. وەلائی سیاسیی له‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌دا لەسەر دوو کۆڵەکە وەستاوە. یەکەمیان ترس و سزادانه‌. ئەمەش لەڕێگای حیزب و دەزگاکانی بەکارھێنانی توندوتیژییەوە پیادەدەكرێت بە جۆرێک پەنابردن بۆ توندوتیژیی دەبێتە یەکێک لە خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌کانی سیستمە سیاسییەکە. دووھەمیان پاداشت و خەڵاتکردنە له‌ناو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی و ئیداریی و سه‌ربازیی و رۆشنبیرییدا. لەیەکەمیاندا دوژمن و خائین بە لێشاو دروستدەکرێت و ھەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت، لە دووھەمیاندا پاڵەوان و دڵسۆز و کەسانێک دروستدەکرێن کە بەردەوام ستایش دەکرێن و بە زیندویی پەیکەریان بۆ دروستدەکرێت. سیسته‌می سوڵتانیی سزای ھەموو نەیارەکانی مۆدێلە خێزانییەکانی دەسەڵات دەدات، پاداشت و خەڵاتی ھەموو ئەوانەش ده‌كات گوێڕایەڵن و وه‌ك غوڵامێكی سیاسیی ئامادەی بەیعەتدانێکی ئاشکرا یان ناڕوونن، بۆ سەرۆك و خێزانە سیاسییەکەی.  ئەم دەسەڵاتە شەخسییە دەسەڵاتی تاکەکەسێک یان خێزانێک نییە کە لە شوێنێکی بچووکی سیسته‌مەکەدا جێگیربن، بە پێچەوانەوە ئەوان دەستیان لەناو ھەموو کایەکان و دەزگاکاندایە و بەشی ھەرە گەورەی میکانیزمەکانی کارکردنی ئەو کایە و دەزگایانەش ئاراستەدەکەن. ئەوەی ئەم کارەیان بۆ مەیسەردەکات نەبوونی هیچ ڕێگرێکی یاساییە کە بتوانێت سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵات و بڕیاری سه‌رۆك و منداڵەکانی دابنێت. یان ھیچ سیسته‌مێکی ئەخلاقیی، یان ئینتیما بۆ ئایدیۆلۆژیایەک، یان سیسته‌مێکی داوەریی سەربەخۆ، یان سوپایەکی بێلایەن ھتد.، کە بتوانن ڕێگربن لەبەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزانە سوڵتانیانەدا. ھیچ یەکێک لەمانە یان بوونیان نییە، یان گەر ھەشبن بەجۆرێک کۆنترۆڵ و ئاراستەکراون كه‌ ناتوانن سنوور بۆ چۆنیەتی پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتە دابنێن. بە کورتییەکەی لەم سیستمەدا كایه‌و پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادگاکان له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆك و خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ كۆنترۆڵ ده‌كرێن و بکەرە سەرەکییەکانی ناویشیان ستنیشانده‌كرێن. ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی کایەی ئابوریی و میدیا و بەشێکی گەورە و گرنگیی کۆمەڵگای مەدەنیش. به‌م چه‌شنه‌ ئەوەی لەناو سیسته‌می بیرۆکراسیی سوڵتانییدا ڕوودەدات، پەیوەندیی بە یاسا و بەھا و نۆرمە عه‌قلانییه‌كانی بیرۆکراسییەتەوە نییە، بەڵکو راسته‌وخۆ وابەستەی سایكۆلۆژیا و قازانج و خواستی ئەو دەسەڵاتە شەخسییەیە كه‌ سه‌رۆك و منداڵەکانی هه‌یانە. کەسانی نزیک لە کەسی یەکەمەوە، بە تایبەتی کەسانی ناو خێزانەکەی خۆی و ھاوڕێ و دۆستە گوێڕایه‌ڵ و ھەرە نزیکەکانی، پێگە سەرەکییەکانی ناو جیھازە بیرۆکراسییەکە و لەشکر و ئاساییش و هه‌واڵگریی و میدیا و دەزگا گرنگەکانی تری حوکمڕانیی، وەردەگرن. بەدەستھێنانی ئەو پێگانەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پلە و ڕادەی دوور و نزیکیی و گوێڕایەڵیی بۆ خێزانە سوڵتانییەکەوە ھەیە. لەم سیسته‌مەدا جگه‌ له‌ په‌رواێزێكی زۆر بچووك، ھیچ دەزگا و ناوەندێک بوونێکی سەربەخۆ و واقیعییانەی نییە لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ بێت؛ ھەرھەموویان بە خواست و ویستی ئه‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گرێدراون و بە شێوازی جیاواز بە ئابوریی و میدیا و ھێزی سەربازیی و ھەواڵگریی ئەو خێزانانەوە پەیوەستن.  دەرەنجامێکی لۆژیكیی دروستبوون و ئیشکردنی ئه‌م فۆرمه‌ له‌ سیسته‌می سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی سوڵتانیی، ھاتنەکایەی گەندەڵییەکی گەورە و ھەمەلایەنە، سەرەتا لەناو دەزگاکانی حوکمڕانییدا و دوای ئەوەش دابەزین و ته‌شه‌نه‌كردنی بۆ ناو ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. وه‌رگرتنی پێگه‌ی سیاسیی، ئیداریی، سه‌ربازیی، میدیایی، ئابووریی، دەرکەوتن و دەرنەکەوتنی بكه‌ره‌ سیاسیی و ئابووریی و میدیاییه‌كان، وابه‌سته‌ی توانا و لێهاتوویی كه‌سه‌كان نییه‌، به‌ڵكو وابەستەی ئاستی خزمایه‌تیی و گوێڕایه‌ڵیی ئەوانە بۆ سه‌رۆك و بکەرە خێزانییەکانی ناو سیسته‌مه‌ سوڵتانییه‌كه‌وه‌.  بێگومان ئەو وێنە گشتییەی سەرەوە بۆ سوڵتانیزمان کێشا، ھەمان ئەو وێنەیەیە کە ماكس ڤێبه‌ر به‌”ئایدیال تایپ“، واتە بە ”نموونەیەکی ئایدیالی“ی ناویدەبات. ”ئایدیال تایپ“ وێنەیەکی گشتییە کە دەرکەوتەکانی لە واقیعدا ھەمیشە بڕێک جیاوازییان لەگەڵ وێنە گشتییەکەدا دەبێت. ئەم حاڵه‌ته‌ش وادەکات وێنە گشتییەکە لەناو رەوتە مێژوویی و ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، بە شێوازی جیاواز دەربکەوێت. وێنەی سیسته‌مە سوڵتانییەکە لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا وێنەی سیسته‌مێکی خێزانییە کە لە ئێستادا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان گەشەی پێدەدەن و ئاراستەیدەکەن. نەوەیەکی منداڵ، کە بەشی زۆریان زۆربەی ژیانیان لە دەرەوەی کوردستاندا بردۆتەسەر و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی دونیای ئێمەدا نەبووە.  ماكس ڤێبه‌ر سوڵتانیزم به‌”فۆرمێكی توندڕه‌وی ته‌عه‌سوفیی، به‌ندنه‌كرا و كۆنترۆڵنه‌كراوی ده‌سه‌ڵاتدارێتی تاکەکەسێک“ پێناسده‌كات كه‌سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ته‌كه‌ی ترادیسیۆنه‌و له‌سه‌ر بناغه‌ی و خزمگه‌رایی و دابه‌شكردنی داهات و سامان به‌سه‌ر كه‌سه‌ نزیكه‌كانی، وه‌لائه‌تی سیاسی ئه‌م گروپانه‌ بۆ خۆی ده‌كڕێت و زامنده‌كات. ئەوەی ئێمەش ساڵانێکە بەرگری لێدەکەین ئەوەیە، کە مۆدێلی ده‌سه‌ڵات و فۆرمی دەسەڵاتدارێتی لە ھەرێمی كوردستاندا فۆرمێکی سوڵتانییە. ئەم مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵاتیش لەناو پارتیدا لە ھەمووان جێگیرترە و لە پارتیشەوە بۆ ناو ھێزەکانی تر گواستراوەتەوە و به‌هه‌مووشیان فۆرمێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوڵتانییان بنیاتناوه‌. ئەوەی له‌كۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمەدا ھەیە لە چەند ڕوویەکەوە لەو مۆدێلە ئایدیالییە جیاوازە کە ماکس ڤێبەر باسیدەکات. له‌كۆمه‌ڵگای ئێمەدا سیسته‌مە سوڵتانییەکە پشتی بە حیزبێکی لینینی گەورە، بە چەندان دەزگای میدیایی ئاراستەکراو، بە ھێزی چەکداریی تایبەت و بە مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی ئابوریی نەوت و بە فۆرمێک لە ھەڵبژاردن بەستوە كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی پێشوه‌خت ده‌سنیشانكراوه‌. ئەم مۆدێلەش لە واقیعی ئێمەدا وێنەی دەسەڵاتێکی خێزانی وەرگرتوە، کە سه‌رۆك تیایدا پاترۆنێکی سیاسییه‌و ده‌سه‌ڵات تیایدا لە باوکەوە بۆ کوڕ، یان بۆ نێرەکانی تری ناو ھەمان خێزان دەگواسترێتەوە و لەوانیشەوە بۆ نەوەکانی تری ناو ھەمان خێزان و خزم و هاوڕێكانیان. بەبێ ئابوریی نەوت و بەبێ ئەو تێکەڵکرنە ھەمەلایەن و ترسناکەی سیاسەت و ئابوریی بەیەکتری، ئەگەری ژیانی ئەم سیستمە بەم شێوەیەی ئەمڕۆکەی گەورەنەدەبوو.  وەک وتمان ئەوەی ئەمڕۆ لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسه‌ی جێگرتنەوەی تەواوی منداڵە سیاسییەکانە بۆ باوکە سیاسییەکان. ئەمە ھەم لەناو خێزانە سیاسییەکاندا ڕوودەدات و ھەم لەناو سەرکردایەتی ھێزەکانیشدا. نەوە کۆنەکان کەنارگیردەکرێن و شوێنیان بەو منداڵانە دەگیرێتەوە کە لەناو خێزانە سیاسییەکانەوە بۆ ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسیی بازدەدەن. ئەم فۆرمە لە جێگۆڕکێکی دەسەڵات دیسانەوە سەرەتا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دروستبوو، له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشدا وه‌ك مۆدێلێك له‌ژیانی سیاسیی ئێمەدا چەسپی. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم مۆدێلە ھەنگاو بە ھەنگاو، بەڵام بەشێوەیەکی سیستماتیکیی، بۆ ناو یەکێتی نیشتیمانی كوردستان گواسترایەوە.  مێژووی ئه‌زموونی به‌سوڵتانییكردنی ده‌سه‌ڵات لەناو یەکێتیدا پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزترە تا له‌ناو مۆدێله‌كه‌ی پارتیدا، چونكە تا ئەم ساتەش لەناو یەکێتیدا زیاد لە خێزانێکی سیاسیی ئامادەیە و لە دوای كۆچی دوایی تاڵه‌بانیشەوە بە ئاشکرا، سێ خێزانی سه‌ره‌كیی سیاسیی دەبینین كه‌ جڵەوی ئەم ھێزەیان لەدەستە و چه‌ندین ته‌كه‌تولیان له‌ناو ده‌زگای حیزب و میدیا و ئابووریی و هێزی چه‌كداردا دروستکردوە. ئەو خێزانانەش بریتین لە خێزانی تاڵەبانیی و خێزانی ئیبراھیم ئەحمەد و خێزانی کۆسرەت ڕەسوڵ. ھەریەکێک لەم خێزانانە، بە تەماحێکی سوڵتانییەوە، ھەم لەگەڵ یەکتردا و ھەم لەگەڵ خێزانە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتیدا، له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی داهات و سێنتەرەکانی دەسەڵات، لە ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی و سه‌ربازییه‌وه‌ بیگرە بۆ دەسەڵاتی میدیایی، له‌ ململانێدان.  ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە دروستبوونی ھەمان دیاردەی خێزانی سیاسییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. ھەمووان دەزانن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تكردنه‌وه‌ی مۆدێلی تەوریسی سیاسیی و پرسی بەخێزانیکردنی دەسەڵات بوو، به‌ڵام هه‌ر لە دوای تاپۆکردنی سەرجەمی موڵک و ماڵی ئەم بزوتنەوەیە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئیتر په‌تای سوڵتانیزمی سیاسیی ئه‌م حیزبه‌شی گرته‌وه‌. له‌مڕۆدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌خێراییه‌كی سەرنجڕاكێش به‌ره‌و ته‌وریسی ڕاستەوخۆی سیاسیی و دروستبوونی خێزانێکی سوڵتانیی نوێ هه‌نگاوده‌نێت.  بزوتنەوەی گۆڕان یه‌كێك بوو له‌و ھێزە کاریگەرانەی کە بەگژ سوڵتانیزمی سیاسییدا دەچووەوە و دژ به‌تێكەڵكردنی ویراسه‌ت و سیاسه‌ت و ئابووریی و حیزب بوو بەیەکتری، کەچی خۆی له‌ئێستادا بە ھەردوو پێوە لەناو ھەمان مۆدێلی سوڵتانیزمی سیاسییدا جێگیرە. هه‌روه‌كو چۆن كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌ی داهات و لەوێشەوە میدیا یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌ سەره‌كییه‌كانی به‌خێزانییكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناو دوو حیزبه‌ سیاسییه‌ باڵادەستەکەی ھەرێمدا، ئاوهاش ته‌ملیككردنی داهات له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بوو به‌وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی سیاسیی بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسیی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەناو ئەو بزوتنەیەدا و ھاتنەکایەی پرۆسه‌ی سوڵتانیزمی سیاسیی له‌ناو ئه‌و رێكخراوەدا.  له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێشدا پرۆسه‌ی به‌خێزانییبونی ده‌سه‌ڵات ھەم ئامادەیە و ھەم ئه‌گه‌رێكی كراوه‌و بەھێزە، خودی شاسوار عه‌بدولواحید خۆشی وه‌كو سوڵتانێكی نیولیبرال له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی و ئه‌ندامه‌كانی و ده‌زگاكانی هه‌ڵسوكەوت ده‌كات، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات و میدیا موڵكی شەخسی خۆیه‌تی و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خۆی و هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیەوە ئیداره‌ی میدیا و سامانی جوڵاندنەوەکەی ده‌درێت. بە کورتی ئەمڕۆکە سوڵتانیزمی سیاسیی مۆدێلی بێڕکابەری سیاسیی ھەرێمە. ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە ساڵانی داھاتوودا چاوەڕوانی دەکات بریتییە لە دەرەنجامە کارەساتاوییەکانی ململانێ و بەریەککەوتنی منداڵی خێزانە سیاسییەکان لەناو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتردا.


بێریڤان محەمەد  لە باشوری کوردستان دوو حەقیقەت هەن کە لە لەناو شەڕی بەردەوامدان دژ بە یەکتیر ئەویش (حەقیقەتی کۆمەڵگا و حەقیقەتی دەسەڵات)ە. لە حەقیقەتی کۆمەڵگادا ئەو مرۆڤە ڕاستگۆ و  شۆڕشگێر و ئازادیخواز و تێکۆشەرانە هەن کە دژ بە ستەم و نادادی و خراپەکاری دەسەڵات تێدەکۆشن و هەردەم لەشەڕدان بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و شکۆی نەتەوە و ویژدان و ئەخلاق، لەگەڵ هەموو تیرۆر و هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجە و برسیکردن و ڕاوەدونان ئەوان لەپێناو پاراستنی بەها بەرز و پیرۆزەکاندا لەبەرخۆدان دان. شەهید سەردەشت و شەهیدانی دیکەی قەڵەمی ئازاد و شەهیدانی ڕێی ئازادی و دیموکراتی حەقیقەتەکانی کۆمەڵگان، ئەوان پێشەنگ و نرخەکانی کۆمەڵگان، لە کەسایەتی ئەواندا هەردەم هێڵی تێکۆشان دژ بە تەسلیم بون بەدەسەڵات گەشە دەکات و پێشدەکەوێت. لە حەقیقەتی دەسەڵاتدا هەموو زاڵم، ستەمکار، گەندەڵ، بەڵتەجی و جەلادەکان دەگەنە یەک، ئەوان کە دەکەونە نێو ئەم بەشەوە، لەڕێی تیرۆر و تۆقاندن و هێزی چەکداریەوە دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە، ئەوان هەمیشە ڕوبەڕووی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی بونەتەوە، ئەم هێزە دەسەڵاتپەرستانە بەدرێژایی مێژویان لەپێناو مانەوەیان و لەپێناو کورسی و پارە لەشەڕدا بوون دژ بە حەقیقەتی کۆمەڵگا، بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتداری بنەماڵە و مافیا و خێڵەکیان، بەردەوام دەستیان لەدەستی داگیرکەرانی نەتەوەی کوردا دەرنەهێناوە، لەپاڵ ئەوەشدا هەزاران ئازادیخوازی گەلی کوردیان تیرۆرکردووە. تیرۆرکردن و شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان حەقیقەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاشکرا کرد، چیرۆکی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هاوشێوەی ئەو چیرۆک و سیناریۆیانەیە کە دکتاتۆریەتی بەعس ئازادیخوزانی پێ تیرۆر دەکرد، ئەمەش نیشانی دەدا کە زهنیەتی دەسەڵاتداری لە هەرێم درێژکراوە هەمان مۆدێل و زهنیەتی دیکتاتۆرەکانی پێشخۆیەتی. مادام هێشتاش دکتاتۆریەت حاکمە، تیرۆر و سەرکوتی ئازادی بەردەوامە، ئەوا ئەمڕۆ تێکۆشانی ئازادی دژ بەو دیکتاتۆریەتە خۆجێیە، لەهەموو کات پیویستترە، سەردەشت و کاوە وسۆران و ویداد و هەڤاڵانیان هێڵی تێکۆشانی دیموکراتین لە پێناو ئازادی و دادپەروەردا. بەخاوەنداریکردن لە ڕێبازی سەردەشت و هاوڕێکانی، دەتوانرێت ئەو شۆڕشە کۆمەڵاتییە دروستبیت کە پێویستی کۆمەڵگای باشوری کوردستانەِ، دەبێت ئەو شۆڕشە لەبەرامبەر سستەمی ناسستەم و ناعەدالەتی و دەسەڵاتی دژە ئازادی و دژە دیموکراتی پێشبکەوێت و سەربکەوێت. مادام تیرۆر بەردەوامە ئەوا لەم قۆناغەدا کە بەهۆی ستەمی دەسەڵات تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگا لاواز بووە، ڕێبازی سەردەشت و هەڤاڵانی ڕۆشنترین ڕێگای پێشخستنی ئەو تێکۆشانەیە.


د. سەنگەر سەیدقادر لە دوای ئەوەی دوێنێ دوو سەرباز و ئەفسەرێكی ئیسرائیلی بە قەناسی چەكدارانی حەماس كوژران، دوابەدوای ڕووداوەكەی دوینێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ وە تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر لە ٢٣ ئامانجی لە ناو كەرتی غەزە بە ٦٣ موشەك بۆردومان كردوە لەبەرامبەردا بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی ١٥٠ موشەكیان ئاراستەی شارەكانی عەسقەلان بئر سبع و اسدود و ئیلات كردوە و لەو هیرشانەدا تەنها هاوڵاتیەكی ئیسرائیل برینداربوە كەرتی غەزە كەرتی غەزە ڕووبەرێكی بچوكی داخراوە كە تەنها ٣٦٥ كیلۆمەتر چوار گۆشیەوە بەتەواوی دابڕاوە لە فەلەستین و لە باكوریەوە هاوسنوری شاری ئەشكەلونە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاو سنوری شاری بئیر سبع ی ئیسرائیلە و لە باشوریشیەوە سنورێكی كەمی لەگەڵ شارۆچكەی رەفەحی میسردا هەیە. ئایا ئیسرائیل بۆ كەرتی غەزە داگیر ناكات؟ زۆر جار پرسیاری ئەوە دەكرێت كە سوپای ئیسرائیل بەو هەموو توانا سەربازیەوە بۆ چی نەیتوانیوە كەرتی غەزە داگیر بكات ؟ لە ساڵی ٢٠١٨ لە كاتی كۆنفرانسی زانستی زانكۆی تەلئەبیدا یەكێك لە ئامادەبوان ئەو پرسیارەی لە شمعون نافیەی گەورە لێكۆڵەری ستراتیژی ئیسرائیل كرد لەوەڵامدا شەمعون گوتی ( زۆر بە كورتی ئیسرائیل دەتوانێت لە چەند ڕۆژێكدا دەست بەسەر غەزەدا بگرێت بەڵام ئیسرائیل نایەوێت ئەو كارەبكات چونكە خۆكوژیە و زیانی زۆری دەبێت بۆ ئیسرائیل ) وەڵامەكەی شەمعون دروست بوو بەڵام ڕوونكردنەوەی نەدا، بۆیە لێرەدا بەكورتی هۆكاری ڕاستەقینەی داگیرنەكردنی كەرتی غەزە دەخەمەڕوو كە پەیوەندی بە بەهێزی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامیەوە نیە كە خاوەنی چەند هەزار سەربازێكن، بەڵكو چەند هۆكارێكی ترە كە گرنگترینیان بریتیە لە : ١-دانیشتوانی غەزە عەرەبی مسوڵمانن لە ئەگەری داگیر كردنی غەزەدا ژمارەی دانیشتوانی عەرەبی مسوڵمان لە ناو ئیسرائیلدا بۆ لەسەدا ٣٠% بەرز دەبێتەوە و ئەمەش مەترسیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئیسرائیل بەتایبەت بە هۆی دەسەڵاتی ٣٢ ساڵەی حەماسەوە دانیشتوانی كەرتی غەزە بە فكری جیهادی دژە ئیسرائیل بارگاوی كراون. ٢- هۆكاری دووەم بریتیە لەوەی ئیسرائیل دەیەوێت چاو لەسەر قودس لابدات وەك چەقی ململانێی (ئیسرائیل-فەلەستین. و ئیسرائیل -عەرەب) لە بەرامبەدار كەرتی غەزە بكات بەچەقی ململانێكان و لەمەشدا سەركەوتووبوو. ٣- مانەوەی كەرتی غەزە لەژێردەستی حەماسدا لەلایەك ناكۆكی نیوان حەماس و جیهاد و بزوتنەوەی فەتحی قوڵتر كردوەتەوە، لە لایەكی ترەوە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەبەرامبەر كێشەی فەلەستیندا لاواز كردوە و دابەشی كردوون بەسەر دووبەرردا كە بەرەی ئیمارات و سعودیە دژی حەماسن بە هۆی باگراوەندە ئیخوانیەكەی و پەیوەندی لەگەڵ ئێران و توركیادا ٤- یەكێكی تر لە هۆكارەكانی داگیر نەكردنی غەزە مەترسی كۆمەڵكوژی و زیانی گەورەی مادی و بەشەریە كە ناوبانگی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناشیرین دەكات و كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی ئیسرائیل بۆ خۆپاڕاستن لەو مەترسیانە ئیسرائیل دەیەوێت بە پلانێكی ستراتیژی و بەهاوكاری ئەمەریكا كۆتایی بە كێشەی كەرتی غەزە و فەلەستین بهێنێت لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی سەدە دا( صفقە القرن) كە بڕیارە دوای ٣ ساڵ لە ئامادەكاری لەدوای مانگی ڕەمەزانەوە لە لایەن گارید كۆشنەری زاواو ڕاوێژكاری ترەمپەوە ڕابگەیەنرێت. ئەگەرنا نە حەماس ئەوهێزەیە بتوانێت ڕووبەڕووی ئیسرائیل بێتەوە، نە ئیسرائیلیش ئەو هێزەلاوازەیە كە نەتوانی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كۆتای بە حەماس بهێنێت، لەكاتێكدا ٥٢ ساڵ پێش ئێستا ئیسرائیل توانی سوپای ٥ دەوڵەتی عەرەبی تێكبشكێنت و بەشێكی خاكی سوریا و لوبنان و میسر و ئەردەن و فەلەستین داگیربكات.


هۆشیار عەبدوڵا     رەنگە ئەمساڵ كولانەوەی برینی ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە ساڵانی تر جیا بێت ، لانیەكەم لەبەر هۆیەك كە نائومێدی ئێستای شەقام و تاریكی تابلۆكەیە. لایەنێكی هەرە دیاری تیرۆری سەردەشت ئەوە بوو كە جوڵەی شەقامیی بەدوای خۆیدا هێنا، جوڵەیەكی نارەزایی گشتگیر كە جۆرێك لە ئومێدی گەراندەوە ناو كۆمەڵگە .. بەداخەوە ،ئەمساڵ كاتێك یادی سەردەشت دەكەینەوە كە ئەو ئومێدەبە تەواوی لە دونیای ئێمەدا لاواز و داكشاوە. تیرۆری سەردەشت ، غەدری لە ناوبردنیی ، مەهزەلەی لیژنە تەحقیقیەكەی،دیزە بە دەرخۆنە كردنیی مەلەفەكەی،ئازاد سوڕانەوەی بكوژانیی، بەڵكو بە دێو بونی زیاتری جەلادەكانی ، هەمو ئەو ئیهانانەی سەرباری تیرۆركردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی رۆحی سەردەشت و خیزانەكەی و كۆمەلگەی كوردستانیی كرا ، قەت بیرناچنەوە بەڵام شتێك كە هەمو ئەوانەی كەمێك ئەهوەن كردبوو ئەو ئومێدە بو كە دوای جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت سەرپێكەوتن ، جوڵەیەك كە بە زویی بێ نوزە كراو و ئەوەشبو وایكرد چەندین قەڵەمیی تر گەنج و رۆژنامەنوسی تر شەهید و خەڵتانی خوێن بكرێن. ئەمساڵ لە دۆخێكدا یادی سەردەشت دەكەینەوە كە هیچ روئیا و ستراتیژێكی گۆڕانكاری لە ئارادا نیە، ئێستاكێ هیچ دونیابینیەكی جدی بۆ بەرگرتن لە ئەجێنداكانی دەسەلات لە ئارادا نیە ، ئەگەر تا دوێنێ دەمانگوت ئەجێنداكانی (پارتی) بۆ حوكمڕانی مەترسیدارن و دەبنە شكست بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێم  ، لە ئێستادا ئیعجاب هەیە بە مۆدێلی پارتی بۆ حزبایەتی و ئیدارەدان،ئەو ئیعجابەش هی حزبیك و دوان نیە ، هیی كەسێك و دوان نیە بەڵكو ئیعجابی ئەو نەوە شۆرشگێرەیە كە بە حساب لە رابردودا بۆ مۆدێلێكی جیا لە (پارتی)تێكوشاوە لە ئێستادا دەیەوێت و مەمنونە لەو بچێت. پێچەوانەی ئەوانەش باسیی شكستی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن پێكەوە دەكەن ، پێم وایە ئەوەی لە هەردولا شكستی خواردوە نەوەیەكی سیاسییە كە شەرعیەتی شاخی هەیە و هەتا ئەم لەحزەیە پرۆژەیەكی سیاسیی جدی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەم نەوەیەی شاخ نە لە دەسەڵات و نە لە ئۆپۆزسێۆن نەهاتۆتە دەرەوە یا ئەسڵەن وجودی نەبوە. خوێنی سەردەشت لە توانایدا بو دونیای سیاسیی و كارگێری هەرێم بە ریشەیی بگۆرێت بەڵام تێروانینی تەقلیدی بۆ سیاسەت و چونەوە سەر هەمان ئاوازی ئەو نەوە سیاسیەی كە لە یەك كاتدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیشدا كارا و قسەگۆ و بریاردەر بون وایكرد جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت بە ئەنجامێكی بەرچاو نەگات. بە كورتەیەكەی چۆن ئەو نەوەیە لە دوای ۹۱ ەوە بەرپرسی هەمو شكستەكانە بەرپرسیی شكستی دامركانەوە و بێ بەرهەمبونی جولەی شەقامیشە بۆ سەردەشت عوسمان ، جا كەی نەوەیەكی سیاسی تازە و جیا لەدەرەوەی ئیرادەی (پاسەوانی كۆن)لە هەمو حزبەكان(بێگومان بە نەوەی تازەی ناو یەكیتی وپارتیشەوە) دێتە دەرێ نازانم ، بەلام لەوە دڵنیام كە لە نەودەكانەوە چەندین نەوەیان لەگەڵ خۆیاندا پیر و بێ چارە كرد و هێشتاش بەردەوامن و كۆی یاریەكانی سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هەڵبەتە مانای ئەوە نیە ، سەردەشت وئازایەتیەكەی ، سەردەشت و بێمنەتیەكەی ، بتشكێنی و پەیامەكەی ئێستا و ئایندەش لە دڵی هەزارن قەڵەم و گەنجدا نە درەوشیتەوە و بە زیندویی و نەمێنێتەوە. هەرگیز بەمانای ئەوە نیە ، چەندین توانا و روئیای جیا وسەركەوتو لە ناو خودی كۆمەڵگەكەدا لە ناو یەكیتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەكان و هیزەكانی تریشدا نەبێت كە جیا بێت لەوەی ئەمڕۆ (دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن)، (حزب و حكومەت)ی قۆرغكردوە. خوێنی سەردەشت خوێنی قەڵەمە، خوێنی چەك و شاخ نیە ، ئەمە دەلالەتی گۆرینی زەمەن و شەرعیەتە ، بەڵام كەی شەرعیەتی قەڵەم و خەباتی مەدەنیی دەچێتە جێگە ی شەرعیەتی شاخ ئەوەیان پرسیارێكی بەردەوام ئامادەی بەردەم كۆمەڵگەی ئێمەیە هەتا جێگۆركێی نیوان ئەم دو شەرعیەتەش نەكرێت ولات و خەڵكی ئێمە ناحەسێتەوە.


مەریوان وریا قانع  لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا کەم شەھید ھەیە ھێندەی سەردەشت عوسمان ڕووخسارە ھەرە ناشیرین و ھەرە دزێوەکانی کوردبوونمان نیشاندبات. ھێما بۆ ئەو دیوە نەخۆش و تاریکانەی کوردبوون بکات کە وەک تارماییەکی گەورە بۆ کوشتن و وێرانکردن ئامادەیە. کە بیر لە مەرگی سەردەشت دەکەینەوە بیر لە جوڵەی عەقڵیەتێک دەکەینەوە لە سەدە تاریکە کۆنەکانەوە ھاتوە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ھەم بازرگانیی و سیاسەتی بەیەکتری تێکەڵکردوە، ھەم کوشتن و پایەکاانی دەسەڵاتدارتێتی. لەم ئاستەدا مەرگی سەردەشت عوسمان، شوناسی ئەو عەقڵیەت و سەردەم و دەسەڵاتدارێتییە درۆزنە کەشفدەکات کە ساڵانێکی درێژە حوکمڕانیی نیشتیمانێکی بریندار دەکات و قوربانی بە دوای قوربانیدا و کارەسات بەدوای کارەساتدا بەرھەمدەھێنێت. بە دەیەھا شێوازی جیاوایش کۆمەڵگا پارچەپارچە و وردوخاش دەکات، بڕێکی گەورە نائومێدیی و ڕەشبینیی تیایدا دەچێنێت. دیوی ئەودیوی مەرگی سەردەشت ھێما بۆ ڕووکارە ڕووناک و بەرپرس و ئەخلاقییەکانی کوردبوون دەکات، ڕووکارە خوێندەوار و ڕەخنەیی و چەقنەبەستوەکانی کوردبوون، لە سەردەمێکدا پارەی دزراوی نەوت خەونی ئەوە دەبینێت و پلانی ئەوەی ھەیە ھەموو خانەیەکی ئەو کۆمەڵگایە، وەک دەسەڵاتدارەکانی، پیس و بۆگەن بکات. سەردەشت نوێنەری ئەو نەوە خوێندەوارە ئازا و بەرپرس و ئەخلاقییەیە کە لە.داڵانە تاریکیەکانی ئەو دونیایەدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و بیردەکاتەوە و دەنووسێت. نەوەیەک خەون بەوەوە دەبینێت دەسکاریی ئەو تاریکاییە گەورەیە بکات، ڕوخسارێکی ئینسانیی بەخۆی و بەو کۆمەڵگایە ببەخشێت کە تیایدا دەژیی، شتێک لە کەرامەت بۆ ژیانی خۆیان و ژیانی ھاونیشتمانییەکانیان، بگەڕێننەوە. سەردەشت عوسمان نوێنەری ئەو دیوە ڕووناکەی کوردبوونە کە پڕە لە ئومێد و وزە و خەون، پڕە لە خواستی دەسکاریکردن و دروستکردنی دونیایەکی نوێ، دونیایەک جیاواز لە دونیای سیاسییە بازرگانەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین کە لەشکرێک پیاوکوژیان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان دروستکردوە.


عەبدوڵای مەلا نوری   هەمو بیرمانە کاک نەوشیروان بە نامەیەک چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانی دەرکرد، لە بەر ئەوەی واژۆیان لە سەر نوسراوێک کردبو خانوەکانی پەرلەمانیان لە سەر تاپۆ بکرێت، ئەمە نەک بە خوڕایی بەڵکو بە نرخی خۆی، بەڵام بە قیستی درێژ خایەن. ئێوارەیەکی درەنگ عەدنان عوسمان، کاردۆ محەمەد، من لە هەولێرەوە کەوتینە رێ بۆ سلێمانی بۆ لای کاک نەوشیروان بۆ ئەوەی داوای لێبکەین پەلە نەکات لە بڕیارەکانی لە ئاست ئەو پەرلەمانتارانە، تا وا دەکەین پاشگەز ببنەوەو داوای لێبوردن بکەن.  وڵامی کاک نەوشیروان ئەوە بو دەبێ بە رون و راشکاوی دان بە هەڵەکەیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە خەڵک و گۆڕانخوازان بکەن. سەرئەنجام لە بەر ئەوەی بە سیغەیەکی نارون و درنگ وەخت داوای لێبوردنیان کرد دەرکران. سەرنج بدەن عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بە رون و راشکاوی دەڵێت: وەزیری کۆچوکۆچبەرانی پێشوی عێراق (دکتۆر دەرباز محەمەد) دۆسیەی گەندەڵی لە سەرە، تا ئاستی ئەوەی دەتوانرا وەک وشیار زێباری متمانەی لێوەر بگیرێتەوە! بە راشکاوی دەڵێت: ئارامی شێخ محەمەد ئاگای لە دۆسیەی گەندەڵیەکەیەتی! هەروەها ئەوەش دەڵێت: وەزیری ناوبراو لەو گەندەڵیە بەشی گۆڕانی داوە! سەرنج بدەن چ کارەساتێکە، چ بێدەنگیەکی کوشندەیە، لەم پرسەدا ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی باسی گەندەڵی وەزیرێکی گۆڕان لە عێراق دەکات، بە ئاگاداری و شایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەڵێت گۆڕان شەریکی گەندەڵیەکەیە! کەچی ئەوە وتارەکەی عەبدولرەزاق شەریف بو بە رابردو، وەلێ لە نزیکەی ۱۳٠ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی یەک کەس قسەیەکی جدی نەبوو نیە، نە رەد دەکرێتەوە، نە رونکردنەوەیەک بە خەڵک دەدرێت؟! لەوە کارەسات بار تر نە هەڵسوڕاوێک نە دەنگدەرێک، نە پەرلەمانتارێکی کوردستان، نە عێراق قسەیەکی نیە. ئاخر بێ دەنگی و دیزە بە دەرخۆنە کردن، پینەو پەرۆکردن، بەرنامەی گۆڕان کلتوری نەوشیروان مستەفا نەبو! لەم پرسەدا بۆ من دو شت گرنگ بو:ـ یەکەم: لە پرسێکی لەم جۆرەدا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە دەبێت بکرێت بۆ خستنە روی راستیەکان بۆ هاوڵاتیان. دوەم: هەرکات ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە پرسە هەستیارەکان بێ دەنگ بون ئیدی بە دەستی خۆیان خەرمانی رەنجی خۆیان دەسوتێنن.


سەردەشت عەزیز گه‌ر گه‌ڕانێك به‌ناو ئینته‌رنێت بكه‌یت به‌شێكی زۆری وتاری داهێنه‌ران و كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانی جیهان بۆ خوێندكارانی زانكۆیه به‌تایبه‌ت له‌ئاهه‌نگی ده‌رچووندا‌، زۆر قورسه‌ بۆ خوێندكارێكی زانكۆ له‌دره‌وه‌ی زانكۆكه‌ی ده‌ستی بگاته‌ به‌و كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌‌ به‌ڵام زانكۆكه‌ی بۆی ده‌هێنێته‌ ناو هۆڵی خوێندنه‌كه‌ی ، زانكۆكانی جیهان كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م خوێندكاره‌كانیان تا پێیان بڵێین ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌مان ده‌توانن. ئه‌ی زانكۆكانی كوردستان ساڵانه‌ له‌ئاهه‌نگی ده‌رچوون چیده‌كه‌ن؟ بێجگه‌ گۆرانیبێژ، ئێوه‌ كێتان بینیوه‌ قسه‌بكات؟ لێره‌ هه‌موو كه‌س ده‌چێته‌ ناو زانكۆكانمان بۆ قسه‌كردن و گۆرانی وتن ته‌نها كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان نه‌بێت.  خوێندكار كه‌خوێندن ته‌واو ده‌كات له‌هه‌ر بوارێكدا بێت پێویستی به‌هاندان و به‌رچاو ڕوونی هه‌یه له‌لایه‌ن كه‌سانی سه‌ركه‌وتووی بواره‌كانی خۆیان. زانكۆی ئێمه‌ هیچ نابه‌خشێته‌ خوێندكار، وه‌ خوێندكاریشمان هیچی ناوێت، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م ساڵانه‌ی پێشوو هیچ شوێن و ده‌زگایه‌ك هێنده‌ی زانكۆكانمان خه‌ڵكی بێ به‌رهه‌میان نه‌خستوه‌ته‌‌ ناو كۆمه‌ڵگاوه. تۆ كاتێك بانگهێشت ده‌كرێیت بۆ ئاهه‌نگی ده‌رچوون چیت بیرده‌كه‌وێته‌وه؟‌ ئایا وه‌ك زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ستده‌كه‌یت ئه‌مڕۆ وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ فێرده‌كرێیت یان بیرت لای ئه‌وه‌یه‌ گۆرانیبێژه‌كه‌ كێیه‌ یان چی به‌رپرسێكی نه‌زان قسه‌ده‌كات. ئێمه‌ بایی ئه‌وه‌ خه‌ڵكمان هه‌یه‌ قسه‌ بۆ خوێندكار بكات، بۆ نمونه‌ ماوه‌ی پێشوو كه‌ كۆچه‌ر بیركار هاته‌ كوردستان، له‌بری ئه‌وه‌ی ببرێته‌ كۆلێژی زانست و ئه‌زمونی خۆی بۆ خوێنكاران باسبكات، كۆچه‌ر قسه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی ده‌كات كه‌ هیچ ئاره‌زوویان له‌بیركاری نیه‌، یاخود له‌بری ئه‌وه‌ی خوێندكارانی زانكۆ پرسیاری ئاڕاسته‌ بكه‌ن ده‌زگاكه‌ی كوڕی سه‌رۆكی حكومه‌ت پرسیاری ئاڕاسته‌ ده‌كات.


هێمن عەبدولقادر شێخی سەعدی ئەفەرموێ :- یەکێک لە پاشایانی کۆن دارو دەستەکەی حیکایەتی (لەیل و مەجنون)ی بۆ ئەگێڕنەوە ، کە چۆن ڕووی لە سەحرا ناوە و تەرکی ئاوەدانی کردووە ، جڵەوی ئیختیاری لەدەست نەماوە ،  پاشا ئەمری کرد (مەجنون)یان هێنا و کەوتە لۆمەکردنی و سوکایەتی زۆری پێ کرد و پێی ووت لە (ئێمە چ زەرەرێکت دیوە وا خوی دەعبات گرتووە و تەرکی رەفیقانی خۆت و ئاوەدانیت کردووە)،  ئەوجا پاشا فەرمانی کرد کە (لەیلا) ببینێ تا بزانێت چ ڕوخسارێکی هەیە وا ئەم بەد بەختەی سەرگەردانی سەحرا کردووە ، دەست و پێوەند گەڕان و (لە یل)یان هێنا بۆ کۆشک ، پاشا کە مەجنونی بینی بەلایەوە زۆر ناشیرین بوو وا بیری دەکردەوە کە تەنانەت خزمەتکارەکانی کۆشک لە لەلیلا جوانتر بوون بۆیە دووبارەوە کەوتەوە سەر زەنشتی ، مەجنون زۆر لە سەر خۆیی ووتی پاشای گەورەم :- (تۆ لە چاوی خۆتەوە سەیری مەجنونت کردووە بۆیە لەلات جوان نیە ، ئەگەر لە چاوی منەوە دەیبینی تۆش وەکو من دەکەویتە کێو و سەحرا)  .......................... (تا بجای ترنج در نڤرت ... بی خبر دستها برید ندی) ئەوانەی کە تەنها ڕووکەشانە سەیری بابەتەکان دەکەن و لێیان دەڕوانن ، هەمیشە لۆمەی خەڵکی دەکەن ، ئاخر خۆ ئەوانەی کە لە کاتی پاککردنی سێودا دەستی خۆیان دەبڕن ، خۆ ناکرێت لۆمە بکرێن بەڵام ئەگەر لە چاوی ئەو ژنانەی کە دەستیان بڕدرا دیمەنەکە ببینن قەت لۆمەی کەس ناکەن ، چونکە مەعلومە ئەوان لە کاتی سێو پاککردنەکەدا جوانی (یوسف)یان بینیوە بۆ یە ئازاری بڕین دەچێژن  ................................ لە مانۆڕی (شۆفێری)دا شتێک هەیە پێی دەڵێن ناوچەی کوێر یان ناوچەی نە بینراو ، ئەم ناوچەیە بە ئاوێنە نابینرێت ، ئیلا هەر ئەبێت زۆر بەووردی ئاوڕ بدەیتەوە و بەخێرایی تەرکیز بکەیت ئەم بینینی ناوچەی نەبینراوە پێویستی بە لێهاتوویەکی زۆر هەیە ، شۆفێری بەسەلیقە دەتوانێت ئەم کارە بکات  لە ژیانی هەمووماندا ناوچەیەکی (کوێر) یان نەبینراو یان تاریک هەیە ، هیچ کات ناتوانین ڕوداوەکان وەک خۆیان ببینین ئیلا یان دەبێت بەوردی ئاوڕ بدەینەوە یان لە چاوی ئەوانەوە دیمەنەکان ببینین  ............................................ ئەگەر خەڵکی لە چاوی ئەوانی ترەوە دنیای بدیتبا رەنگە ئەم دنیا هێندە پڕ نەبوایە لەم هەموو لۆمە و سەرزەنشتکردنە ،  (گفتن از زنبور بی حاصل بود) باس کردنی ئازاری پێوەدانی زەردەواڵە بێ فایدەیە ،  ئیلا ( خورد ناخوردە نیش) مەگەر تەنها ئەو کەسەی کە پێوە درابێ. عیشق ، ڕێز ، خۆشەویستی ، لێبوردن ، بێ دەنگی ، توڕە نەبوون ، بڕیار نەدانی پێش وەخت پێویستی بە (بەصیرەتی دڵ) هەیە نەک بینی چاو ناوچەی نەبینراو  نوقتە سەری دێڕ ......  


هیوا سەید سەلیم   خۆكوشتن دیاردەیەكە زۆر جار تاكەكەن وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رووداوێك یان دیاردەیەك پەنای بۆ دەبەن، لە هەرێمی كوردستان زۆربەی جار خۆكوشتنەكان بە هۆی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بووە، جا لە برسیەتی و بێكاری بگرە تا كێشە خێزانیەكان، بەڵام جارجاریش دەبیستین خەڵك بەهۆی بێ زاری لە دۆخی سیاسی و ئابووری پەنای بۆ خۆكوشتن بردوە،  یان هەڕەشەی خۆ كوشتنی كردووە، جا ئەو هەڕەشەیە لەسەر ئاستی تاك بوویێت یان بە كۆمەڵ. ساڵی 1994 لە دەستپێكی شەڕی ناوخۆ و بۆ رێگری و پرۆتستۆكردنی شەڕی ناوخۆ، ژمارەیەك كەسایەتی و نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەولێری پایتەختی كوردستان هەڕەشەی خۆسوتاندنیان كرد، كە ئەگەر پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی سیاسی حاكمی كوردستان شەڕ لە نێوانیان هەڵبگیرسێێنن، كەچی شەڕە هەڵگیرساوە هەڕەشەكانی ئەوان كەس گوێی بۆ شل نەكرد.  دوا ڕوداوی  خۆكووشتنیش ئەو ڕووداوە بوو كە لە بادینان حاكم گۆران، پەنای بۆ برد كاتێك خواستەكانی لە (چاكسازی و یەكڕیزی و سەربەخۆیی) نەهاتەدی، دوای ساڵێك لە پەناگیری لە شاخ دوای ڕوداوی ریفراندۆم،  سەرەنجام لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی فێسبووك،  بەدەستی خۆی كۆتایی بەژیانی هێنا، وەك خۆی ووتی لە پێناوە ئەو درووشمانە گیانی خۆی كردە قوربانی. حاكم گۆران، كێ بوو یان بۆچی قەناعەتی وابوو كە ریفراندۆم سەربەخۆیی بەدواوە دێت؟ ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە وە كەسانی نزیك لەخۆی دەتوانن روونكردنەوەی لەسەر بدەن، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسەی لەبارەیەوە بكەین هەڵوێستی ئەو دەسەڵاتەیە لەبەرامبەر ئەو جۆرە ناڕەزایانە و رووداوی حاكم گۆران بە نموونە. چەندین مانگە حاكم گۆران وەك كەسێكی دابڕاو لەو گۆمەڵگایە لە شاخ ماوەتەوە، هۆكاری مانەوەشی ئەو هەڵوێستە بوو كە لە ریفراندۆم وەریگرت بوو، كە ئەویش خەونی بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە چوارچێوەی ریفراندۆم، كە خەونەكەی نەهاتەدی و ریفراندۆم ئەوەی لێنەكەوتەوە كە حاكم گۆران بیری لێدەكردەوە، دەبوو ئەو كەسە لە تەنیایی نەهێڵدرێتەوە تا ژیانی بەو تراژیدیە كۆتایی پێبێت. خۆكوشتنی حاكم گۆران، ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو دەسەڵاتە هێندە بێ باكە نەك گیانی مرۆڤەكان، بگرە بیر لە لێكەوتەی ئەو ڕووداوانەش ناكاتەوە كە كاریگەریان بۆ پێكەی ئەودەسەلاتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەگینا نەدەبوو روداوی لەو شێوەیە هەرگیز ڕووبدات.  هەر بۆیە نابێت هەرگیز تاكی كورد وەك ئامرازێك بۆ دەنربڕینی ناڕەزایەكانی لەبەرامبەر نادادی و گەندەڵی و زۆرێك لە دیاردە قێزەونەكانی هەرێمی كوردستان بیر لە خۆكشتن بكاتەوە ، چونكە سەرنجام قوربانیەكە خۆی دەبێت و كەسیش لەوانەی هۆكاری ئەو دۆخەن مێش میوانیان نابێت.    


سالار مەحمود پێشهاتی نوێ چاوەڕێی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات. کێشەی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری کردۆتە سەر دۆخی سیاسی لەعیراقدا، هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا دەیانەوێ عیراق بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن، عیراقیش دەیەوە بێ لایەن بێ و ناوەڕاستی تەرازووەکە بگرێ. کرانەوە بە رووی وڵاتانی دراوسێ و جوڵەی دیبلۆماسی لە دژواری دۆخەکە کەمناکاتەوە، بەقەد ئەوەی لەناوخۆدا ئیرادەی کرداریی بۆ رووبەڕووی مەترسیە کوشندەکەی عیراق  دروست نەکرێت. هەڕەشەی گەورە لەئێستادا گەندەڵیە، کە دەیان جۆر گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی و سیاسی لە وڵاتدا بوونەتە مەترسی سەرەکی لەسەر چارەنووسی بەڕێوەبردن. ئاڵنگاری گەورە بەکرداریکردنی میکانیزمەکانی  رووبەڕووبونەوەی دیاردەی گەندەڵیە. هەمان ئیرادەی سەرکەوتن بەسەر تیرۆری داعش پێویستە، بۆ سەرکەوتن بەسەر گەمارۆدانی گەندەڵی و سەرخستنی هەوڵە نوێکانی کەمکردنەوەی. عیراق و هەرێم لە گەمارۆدانی گەندەڵی دەتوانن هێز وەرگرن و لەتوانایاندایە دەرباز ببن لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران و دوورخستنەوەی گۆڕەپانی بەریەککەوتنەکانی نێوانیان. ئەشێ ئەو پرسیارە دروست ببێ کە بابەتی گەندەڵی و خۆ پاراستن لە دەستێوەردانی وڵاتان دوو کەیسی جیاوازن بەڵام بۆ هێزی ناوخۆیی و یەک گوتاری و هەستانەوە بەڕووی هەردوو مەترسیەکەدا یەکتر تەواوکەرن. یەک گوتاری و یەک سیاسەتی هاوبەشی دەسەڵاتەکانی عیراق و هەرێم بەرامبەر بە ئەمریکاو ئێران پێویستە بۆ ئەمەش دروستکردنی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش بە پێویست دەزانرێ بەر لە هەڵکردنی گەردەلولی ناکۆکیەکانیان. یەک ئاراستەی کار دروست نەبێت ئەوا بە ئاسانتر دەستێوەردان لەسیادەو سامان لایەن هەردوو وڵاتی ناکۆکەوە دروست دەبن و، وڵات دەبێتە پێخۆری شەڕی بەرژەوەندیەکانیان. هاودەنگی دەسەڵاتەکان و کاربەدەستان بەپێی دەستور گرەنتی سود وەرگرتن لە بەردەوامی ئارامی سیاسی و کۆمەڵگایی، دەرفەتی زیاتر دەدەن بۆ ئایندەیەکی باشتر لە ئێستای پڕ دڵەڕاوکێ و، واش دەکات لایەنە دەرەکیەکان سڵ بکەنەوە لەدەستێوەردان و بیرکردنەوە لەوەی وڵاتەکە بە هەرێمەوە بکەنە گۆڕەپانی شەڕی بەرژەوەندیەکانیان لەسەر حیسابی خەڵک و سامانەکەی. پەلەکردن لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان و بەکردار کردنیان توڕەیی شاراوەی شەقام لە گەرمای هاوینی چاوەڕوان کراو سارد دەکاتەوە. تێوەگلانی بەشێک لەدەسەڵاتداران لەگەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرمایەیەکی لەحساب نەهاتووی بەفیڕۆ داوەو یەک گوتاری نەهێشتوەو کارتەکانی تێکەڵکردوە. لەبەر ئەوە شەڕی گەندەڵکاران و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی بەرژەوەندیخوازان شەڕێکی یەخەگرتووی سەختەو، چیتر دواخستن هەڵناگرێ. هەر لەم سۆنگەیەوە لەبەرپاکردن و سەرکەوتنی شەڕی گەندەڵیدا دەتوانرێ عیراق بكەوێتە دەرەوەی بەرداشی نێوان ئەمریکا ئێرانەوە نەک لەنێوان بەرداشیاندا بهاڕدرێ.  .


كەمال چۆمانی  میدیا لەبری ئەوەی ببێتە جێی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوخۆیییەکانی حیزبەکان، پێویستە خۆی قسەی هەبێت لەسەر ململانێکان؛ لەبری ئەو هەمو گرنگیدانە بە ململانێ ناوخۆیییەکان، پێویستە قسە لەسەر سیاسەتەکانی حیزبەکان بکات؛ لەبری ئەوەی دو ئەندام پارلەمانی نەخوێندەوار لە دو فراکسیۆنی جیاواز میوانداریی بکرێن و قسە لەدژی یەکتر بکەن، پێویستە میدیا پرسیار لە خۆیان بکات کە چەندە بە ئەرکی پارلەمانتارییان هەڵساون؛ لەبری ئەوەی ئەندام پارلەمان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە قسەبکات، پێویستە کەمێک خۆی پەروەردە بکات بزانێت سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای -ئەگەر هەیەتی- چییە؛ لەبری ئەوەی رۆژانە دەیان بەرپرسی حیزبی لە دەزگاکان قسەبکەن، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵ و بەدواداچون بکەن بۆ کاروباری حکومەت و دەزگاکان؛ لەبری ئەوەی ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی بانگبکەن لەسەر کێشەکانی حوکمڕانیی قسەبکات، وەزیرێک بانگبکەن کە لەسەر سیاسەتی وەزارەتەکەی قسەبکات؛ لەبری ئەوەی بەیاننامەی حکومەت بڵاوبکەنەوە لەسەر رۆژی کرێکاران، میدیا دەبێ لە حکومەت بپرسێ چەندە مافەکانی کرێکارانی دابینکردوە.... ئەو لەبری و لەجیاتییانە زۆرن و لیستەکە درێژ دەبێت، بەس بە راستی ئینسان ماندو دەبێت هەر کاتێک هەر ماڵپەڕێک دەکەیتەوە بەرپرسێکی حیزبییە و قسەیکردوە. تەلەفۆنکردن بۆ بەرپرسێک و وەرگرتنی لێدوانێک، ئاسانترین کارێکە کە رۆژنامەنوس دەتوانێت بیکات بۆ خۆدزینەوە لە کاری جدیی. میدیا پێویستە حکومەت و حیزب و کۆمپانیاکان بێزاربکات لەڕێی راپۆرت و بەدواداچون و هەواڵ و ستونی جدیی نەک خوێنەرەکانی.


فەرید ئەسەسەرد   پاش هەشت ساڵ لە سەرهەڵدان ‌و پوكانەوەی بەهاری عەرەب، گەڕێكی تری بەهارەكە دەستی پێ كرد ‌و دوو وڵاتی گەورەی گرتەوە، یەكێكیان لە باكوری ئەفریقیایە و ئەوی تر لە باشووری میسرە. ساڵی 2011 هەردوو وڵات بە سەلامەتی لە بەهارەكە دەرچوون ‌و قەیرانەكەیان تێپەڕاند، لە كاتێكدا كە تونس، میسر، لیبیا ‌و سوریا لە پاشاگەردانی ‌و ئاژاوە نغرۆ بوون. ئەم مانگە، لە ماوەی یەك هەفتەدا، دوو سەرۆك لەسەر كار لابران. یەكێكیان بوتەفلیقەیە كە پاش وروژانی شەقام لە دژی، دەستی لە كار كێشایەوە ‌و ئەوی تر عومەر بەشیرە كە كودەتای لەسەر كرا. بەمجۆرە، گەڕی دووەمی بەهار، جەزایر ‌و سودانی گرتەوە. ناوچەكەمان هێشتا بەرەو دیموكراسی نەچووە ‌و هێشتا ژیانی دەستووریی راستەقینەی بە خۆیەوە نەدیوەو هێشتا دیكتاتۆر لە دوای دیكتاتۆر بەرهەم دێنێ‌. هۆیەكی سەرەكیی ئەم دیاردەیە، پەیوەندیی بە كەلتوری سیاسییەوە هەیە كە زۆرتر بەلای دیكتاتۆریی تاك یان دیكتاتۆریی حزب دادەشكێنێ‌ زۆرتر لەوەی كە بەلای دیموكراسیی لیبراڵ دابشكێنێ‌. ئەم كەلتوورە زۆرتر لەگەڵ سیستمی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتیدا دەگونجێ‌ ‌و لەم سۆنگەیەوە لە سایەی ئەم سیستمەدا هەمیشە تاكی دیكتاتۆر جێی تاكی دیكتاتۆرێكی تر و حزبێكی دیكتاتۆر جێی حزبێكی دیكتاتۆری تر دەگرێتەوە، تا وای لێ‌ دێت كە رەوتە مێژووییەكە دیكتاتۆر لە دوای دیكتاتۆر بەرهەم دێنێ‌. لە راستیشدا بەهاری عەرەب لە گەڕی یەكەم ‌و دووەمیدا هەر دژی سیستمە سەرۆكایەتی ‌و نیمچە سەرۆكایەتییەكانە. سۆسیۆلۆژیای سیاسیی ئەم ناوچەیە نیشانی دەدا كە تاكە فریادڕەس سیستمی پەرلەمانییە كە میكانیزمی گونجاوتر بۆ گەشەی سیاسیی وڵاتە بێ‌ ئەزمونە دیموكراتییەكان دەڕەخسێنێ‌. هەر لەم سۆنگەیەوە لە دەریایەكی پڕ سیستمی سەرۆكایەتی ‌و نیمچە سەرۆكایەتیی ناوچەكەدا، تەنها ئیسرائیلی خاوەن سیستمی پەرلەمانی بە سەقامگیری ‌و ئارامی ماوەتەوە و تا دێ‌ زیاتر هەژموونی خۆی بەسەر دەوروبەرەكەیدا دەسەپێنێ‌. كێشەی سیستمی سەرۆكایەتی ‌و نیمچە سەرۆكایەتی لەو وڵاتانەی كە ریشەیەكی قوڵیان لە بواری دیموكراسیدا نییە، ئەوەیە كە میكانیزمی تۆكمە بۆ دەستاودەست كردنی دەسەڵات ناڕەخسێنێ‌ ‌و بە هۆی ئەمەوە هەر ئەوەندە سەركردەیەك بگا بە دەسەڵات، واز لە كورسییەكە ناهێنێ‌ ‌و لەگەڵ نزیكبوونەوەی لە تەواوكردنی ماوەی یاسایی خۆی، یەكسەر ماوەكە درێژ دەكاتەوە یاخود دەستكاریی دەستوور دەكات بۆ ئەوەی چەند خولێكی تر لە دەسەڵات بمێنێتەوە. ئەمەش ئەوەیە كە لە جەزایر ‌و سودان روویدا. لە جەزایر بوتەفلیقە پاش 20 ساڵ حوكمڕانی ‌و چوار خولی دەسەڵات، چاوی لەسەر خولی پێنجەم بوو. عومەر بەشیریش پاش 30 ساڵ حوكمڕانی، چاوی لەوە بوو كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 دا خۆی كاندید بكاتەوە. ئەزموونەكانی جەزایرو سودان نیشانی دەدەن كە هەڵبژاردن پێوەرێكی راستەقینەی نیشاندانی راستی نییە. لە جەزایر بوتەفلیقە لە هەڵبژاردنی ساڵی 1999، پاش ساختەكارییەكی زۆر، هەڵبژاردنی بردەوەو چووە سەر تەختی سەرۆكایەتی. یەك رۆژ پێش دەنگدان، هەر پێنج كاندید كە ركابەرییان دەكرد، كشانەوە، چونكە دڵنیا بوون لە دەرچوونی لە رێی ساختەكارییەوە. لە سودانیش، جەنرال عومەر بەشیر لە ساڵی 1989، بە كودەتا گەیشت بە دەسەڵات ‌و پاش 21 ساڵ یەكەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی رێكخست كە ئۆپۆزسیۆن بەشداریی تێدا نەكرد، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن هەر لە سەرەتاوە دیار بوو. لە ساڵی 2014 دا بەڵێنی دا كە لە هەڵبژاردنی 2015 دا خۆی كاندید ناكاتەوە، بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە و بەڵێنەكەی بەسەر نەبرد. لە مێژووی جەزایر و سوداندا هەردوو سەرۆكی لێخراو زۆرترین ماوە لە دەسەڵات ماونەتەوەو پاش خۆیان وڵاتێكی قەرزارو وێران ‌و پڕ كێشەیان بەجێهێشتووە. ئەگەر ئەم ناوچەیە هەر بەردەوام بێ‌ لەسەر سیستمە دڵخوازەكەی خۆی كە سیستمی سەرۆكایەتی ‌و نیمچە سەرۆكایەتییە، دەبێ‌ لەوە دڵنیا بین كە ئەنجامی بەدەستهاتوو هیچ گۆڕانی بەسەر نایەت ‌و گەلانی ناوچەكە لە بازنەیەكی بۆشدا دەخولێنەوە كە تێیدا هەر چەند ساڵ جارێك رادەپەڕن ‌و سەرۆكەكانیان لێ‌ دەخەن ‌و پشوو دەدەن، تا ناچار دەبن راپەڕینێكی تر بەرپا بكەن، كۆنەكان لابەرن ‌و تازەكان سەرخەن، یاخود دەبێ‌ گۆڕانكاری لە رێی فاكتەری دەرەكییەوە روو بدا، وەك ئەوەی لە عیراقدا هاتە دی. لە پەنجاكاندا پێشكەوتووترین دوو سیستمی پەرلەمانی لە ناوچەكەدا بە كودەتا هەرەسیان هێنا. لە میسر سوپا لە ساڵی 1952 سیستمی پەرلەمانیی لەناو بردو لە عیراقدا كودەتایەكی خوێناوی لە ساڵی 1958 دا رژێمەكەی روخاند، بەڵام هیچ كامیان، سەرەڕای ئەنگێزە نیشتمانییەكەیان، دیموكراسییەكی سەقامگیری پێ‌ دانەمەزرا و لە سۆنگەی داشكاندنیان بەلای تاكڕەویی سیستمی سەرۆكایەتیدا هەردوكیان چانسی دیموكراتیزەكردنی وڵاتیان لە دەستدا. لە عیراق سەركردەی دیاری شیعەكان موقتەدا سەدر پیرۆزبایی لە گەلانی جەزایرو سودان كرد كە بە كۆششی خۆیان دیكتاتۆرەكانیان لێ‌ خستووە ‌و هانایان بۆ هێزی دەرەكی نەبردووە. بە دڵنیاییەوە گەلانی جەزایر و سودان شایستەی پیرۆزبایی لێ‌ كردنن. بەڵام روخاندنی دیكتاتۆرەكان نیوەی مەسەلەكەیە، نیوەكەی تر ئەوەیە كە پاش لێخستنی دیكتاتۆرەكان چی دەكەن. ئەگەر بە نەزانینی خۆیان، دیكتاتۆرێك بە دیكتاتۆرێكی تر بگۆڕنەوە. دەبێ‌ لە ئێستاوە خۆیان بۆ راپەڕینێكی تر ئامادە بكەن.  


ئازاد كەریم  هیچ زیرەکی و بیرکردنەوەیەکی قوڵی ناوێت بۆ ئەوەی لەوە تێبگەیت ئەو هەموو سیناریۆ و پلانە یەک بەدوای یەکەی لە دژی نەوەی نوێ ئەگیرێتە بەر هۆکارەکەی چیە. کاتی خۆی کاک نەوشیروان بەو خەباتە پاک و دورودرێژەی خۆی و بەو‌هەموو سەرکردە کۆن و خاوەن جەماوەرەی یەکێتی کە لەگەڵیدا هاتنە دەرەوە و گۆڕانیان دروستکرد و بەو‌هەموو دەنگە ناڕازیی و جیاوازەی کۆی کردەوە 25 کورسی پەرلەمانی کوردستانی هێنا، بەڵام جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە هەمووی چەند مانگێک بوو دروست بوو بوو و هیچ سەرکردەیەکی سیاسی کۆنی لەگەڵدا نەبوو، هەشت کورسی هێنا، ئەمە بەدەر لەو تەزویرە ئاشکرایەی لەم هەڵبژاردنەدا کرا. سەرباری ئەوەش، جیاواز لە هەموو حیزبەکانی تر کە تا ئێستاش هەمویان چاویان لەسەر کێکی حکومەت و بردنی قاشە کێکێکە بۆ خۆیان، نەوەی نوێ تاکە جوڵانەوەیە کە هەموو ڕۆژێک بە‌هەمان حەماسەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئیش ئەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی جەماوەریی زیاتر ئەبێت. لە کاتێکدا پارتی هەوڵئەدات چوار ساڵی ئارام و بێسەرئێشە لە کابینەکەی مەسرور بارزانی بەڕێ بکرێت و ئەم چوار ساڵە بکاتە درەوشانەوەی ئەستێرەی مەسرور، نەوەی نوێ تاکە جوڵانەوەیە کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەهێز مامەڵە ئەکات، بۆیە ئاساییە کە ببینین پارتی بە‌ئاسانی ئەم‌هێزەی بۆ قوت نەچێت و هەموو هەوڵێک بۆ‌بێدەنگکردنی بدات. یەکێتی کە هێشتا بەتەواوەتی لەمڵۆزمی گۆڕان رزگاری نەبووە، ئێستا هێزێکی وەک نەوەی نوێی لە بەرامبەردا قیتبوەتەوە و بێباکانە هەڕەشەی ئیعدامکردنی سەرکردەکانی ئەکات و ئەشبینێت رۆژ بە ڕۆژ ئاستی جەماوەریی لە هەڵکشاندایە، ئاشکرایە ئەویش بە ئاسانی ئەمەی بۆ هەزم ناکرێت. لەولاشەوە گۆڕان، کە لە 25 کورسی پەرلەمانەوە خلۆر بونەتەوە بۆ 12 کورسی و زیاتر لە نیوەی دەنگەکانیان لە دەستداوە، چاویان لە هەموو ئەو هەڵە گەورانەی خۆیان نوقاندوە کە گەیاندنی بەم ڕۆژە و پێیانخۆشە هەموو تاوانی بچوکبونەوەکەیان بخەنە ئەستۆی نەوەی نوێ و پێیانوایە ئەگەر نەوەی نوێ نەمێنێت ئەوان ئەبنەوە بە گۆڕانەکەی جاران. بۆیە هیچ سەیر نیە ئەبینین چۆن بە جارێک هەموو ئەم حیزبانە لە نەوەی نوێ تۆقیون و سیناریۆی زۆر لەوە سەیرتر و پلانی زۆر لەوە گەورەتریش بۆ‌لێدانی ئەم جوڵانەوەیە داڕێژن. ئێستا دیمەنەکە ئاساییە، لانی کەم ئەمە هەموو ئەو خەیاڵ و وەهمانەی ڕەواندەوە، کە ڕۆژێک ئەیانوت نەوەی نوێ دروستکراوی یەکێتی و ڕۆژێکی تر ئەیانوت دروستکرای پارتییە. دیمەنەکە ئێستا ئاساییە، دیمەنەکە ئەوکاتە نائاسایی ئەبوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ نەوەی نوێ لە بەرچاوی ئەم حیزبانەدا گەشەی بکردایە و ئەوانیش لە دورەوە سەیریان بکردایە و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوایە. بۆیە ئەوەی بەرامبەر‌ئەم جوڵانەوەیە ئەکرێت بە بەراورد بەو کاریگەریە گەورەیەی لەم ماوە کەمەی تەمەنیدا دروستی کردووە، هێشتا کەمە و چاوەڕوانی سیناریۆ و پلانی گەورەتر ئەکەین.


كوردۆ فەرەج  بەژوەندییەكانی هەر دوو بنەماڵەی یەكێتی و پارتی بۆ هەمیشە لە كوردستان كۆتایی نایات، كاتژمێر لەدوای كاتژمێر، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ لە دوای ساڵ و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن، "بەچكە" پێگەیشتووەكانتانمان پێدەناسێنن، بەڵام یاسا خۆی دەكوژێت، كوڕو و كوڕەزا و برازای هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش دەبنە دێوەزمەی ناو ژیانی تاكی كورد. شەوانە كە دەخەوین و بەیانی كە دەست دەكەینەوە بە ژیان، لە پێناو ژیانی شكۆمەندەتر تێدەكوشین، بەڵام كوڕو كوڕەزا و برازای بنەماڵەكانتان نەك كۆتایی نایات، بەڵكو ڕۆژ لە دوای ڕۆژی نەوە دەخەوەنەو دەبنە مڵۆزم بۆ سەر تاك بە تاكی كۆمەڵگەی كوردی.  هەر لەساتی لە دایكبوونیانەوە تا مردنیان، لە داهات و قوتی خەڵك پشكی خۆیان هەیە و دەبنە خاوەنی هەزار ملیۆن دۆلار، بەڵام موچەی فەرمانبەرێكی ماندوو بە ڕەوا نابین، كە لە مانگی پێنج دا مانكی یەكی پێدەدات، بەڵام دیسانەوە وەرگرتنی موچەكەی بە خەون دەزانێت، بەڵام لە یادی لە دیكبوونی بەچكە مەسولێك یان مەسولێك زیاتر لە 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان دەكرێت. بەڵام حاكم گۆران قادر، كە لە پێناو دروستبوونی دەوڵەتی كورد و ریفراندۆمە درۆینەكەی بەرپرسانی كورد، لە شاخێكی قەزای ئاگری نیشەجێ‌ دەبێت، تا  بزانێت دزانی كوردی "بەرپرسانی كورد" دەوڵەت ڕابگەیەنن و هەزارانی وەك حاكم گۆران لە سایەیدا بحەسێتەوە، بەڵام بەو خەونەوە خۆی لە گۆڕنا، نە دەبێتە یەكەم كەس و نە دەبێتە كۆتا كەس. حاكم گۆران قادر ماوەی چەند مانگێك چوەتە شاخ، لە چیایەكی قەزای ئاكرێ‌ نیشتەجێبووە، بە ووتەی خۆی تا دەوڵەتی كوردی ڕانەگەینرێت ناییەتە خوارەوە، بەڵام دوێنی شەو (30ی نیسانی 2019) لە ڕێگای پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە تەقەی لە خۆی كرد لە (1ی ئایاری 2019) لە كاتژمێری (9:00) سەرلەبەیانی كۆچی دوای كرد. بۆیە بە ڕاستی پێم وایە ئەوەندەی بنەماڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی لە خەمی گەورە بوونی كوڕ و كوڕەزا و برازان بۆ جێگرەی باوك و مامیان، ئەوەند لە خەمی بەرژەندی هاوڵاتیان دا نین و هەزار حاكم گۆران خۆی لەم پێناودا بكوژێت، یەك بەرپرسی ئەم وڵاتە ئامادە نیە دەست لە كاربكێشێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆكوشتنی كەسێك ئەگەر چی هاوڵاتییەكی ئاسایی بێت، لە وڵاتێكی وەكو ئەوروپا بێت، ئایا هەمان هەڵوێستی ئەم نا بەرپرسانانەیان دەبێت؟ ڕۆژ دێت و شەو دەڕوات، هەرجار بەچكەیەك دەهێننە سەرشاشە و بەم میللەتەی دەناسێنن، لەگەورە بۆ بچوك لەبەری هەڵدەستن، بەڵام یاسا و سەروەرییەكانی خاكی كوردستان لە ژێر قاچەكانیانە، نەتانەت حاكم و پارێزەی سەروەری یاسا لەبانگەشە و ئێوارە خوانەكانی بنەماڵەدا بەدوای پارەو نانێك و پێكێك مەیدا دەناڵێنن و شەوانە مینۆی كارەكانی سبەینێ‌ ناو دادگاكان وەردەگرن، ئەم دیموكراسییەیە كە دەبێت ناوچەكە چاوی لێ‌ بكەن. ئەوەی ماوەتە بێڵێن هەرێمی كوردستان نە بە مانای پاشایەتی، پاشایەتییە، نە دەستاودەست كردنی دەسەڵاتی بەشێوەیەكی دیموكراسیدا تێدا دەكرێت، بەڵكو دەبێت هەتا تاكی كورد مابێت چاوی لەوە بێت ئاخۆ كام كوڕ و كوڕەزا و برازایەكی تاڵەبانی و بارزانی دەسەڵات دەگرنە دەست، پێشتر هەمیشە پێم وابوو كە ئەمانە هیچیان لە سەدام و قەزافی و عومەر بەشیر و دەیانی تر زیاتر نییە، رۆژێك دێت ئەمانەش لە كورسیی دەسەڵات بهێنرێنە خوارەوە و دادگایی بكرێن لە سەر تاك بە تاك كورد و لەسێدارە بدرێن، هێندە گوێمان لێتان گرت و خەباتی شاخ و شارتان پێ فرۆشتین، هەموو سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەمان پێدان، بەڵام هێشتا ژیان بە هاوڵاتییەك ڕەوا نابینن، بۆیە ئەو قەناعەتم بۆ دروستبووە كە ئەمانە فیرعەون و سەرەخۆرەی میللەتی كوردن، یان ئەوان یان ئێمە دەبێت بڵێن خواحافیز.  


برێت مەکگۆڕک       وەرگێڕانی: پەیڕەو ئەنوەر      لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕابەرایەتیی بەرپەرچدانەوەیەکی جیهانییم کرد لە کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەوڵێکی سەرکەوتوویش بوو لە تێکشکاندنی داعش لەناو دڵ و جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ببوو بە پەناگەیەک بۆ ڕاکێشانی جیهادییە بیانییەکان و بنکەیەکیش بۆ دەستپێکردنی هێرشی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا. کارکردن وەک نێردەی تایبەتی "باراک ئۆباما و دۆناڵد ترامپ" و، دواتریش یارمەتیی دامەزراندنی هاوپەیمانێتییه‌کم دا کە گەورەترین هاوپەیمانی بوو لە مێژووی خۆیدا: ٧٥ وڵات و چوار ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی لەخۆ دەگرت، هاوکارییەکانیان لەسەر بنەمای سەرکردایەتیی ئەمریکا داڕێژرابوو و ئیدارەی ئەمریکایش بەردەوامیی پێ دەدا. ڕاستییه‌كه‌ی، ستراتیژی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە لایەن ئۆباماوە گەشەی پێ درا و دواتریش جێبەجێ کرا و بەردەوام بوو، پاشان بە کەمێک دەستکارییەوە، ترامپ تیشکی خستە سەر بەهێزکردنی چەکدارە خۆماڵییەکان بۆ ئازادکردنەوەی شارەکان لە چنگی داعش و ڕەخساندنی دۆخێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.   هەر لە سەرەتاوە، ستراتیژەکە وا داڕێژرابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەک بە شێوازێکی چالاک لە ناوچەکە بمێنێتەوە لە دوای تێکشکاندنی داعش، بەتایبەت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ئێستادا ٢٠٠٠ هێزی تایبەتی ئەمریکیی تێدایە و هاوشان لەگەڵ ٦٠٠٠٠ چەکداری تری سووری هاوپەیمانییەک پێک دەهێنن کە بە "هێزەکانی سووریای دیموکرات" ناسراون، بەڵام لە کۆتاییی دێسه‌مبەری ٢٠١٨دا دۆناڵد ترامپ کۆتاییی بەو ستراتیژە هێنا. دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ترامپ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"، ترامپ سورپڕایزێک دەکات و فەرمانی کشانەوەی هەموو سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا دەدات؛ پێدەچێت ئەم بڕیارە ڕەچاوی دەرەنجامەکانی نەکردبێت. هەر لەو ساتەوەی ترامپ بڕیار و پلانەکەی گۆڕیوە تاکوو چرکەساتی نووسینی ئەم وتارەیش، نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا ماون و ٢٠٠ی تریش لە "ئەل تەنف" ماون کە بنکەیەکی دوورەدەستە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا. ئیدارەی ئەمریکا دەخوازێت بەپەلەپروزکێ ئەندامانی تری هاوپەیمانان شوێنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بگرنەوە بەڵام ئەگەر ئەم پلانە نوێیە مەترسیی زیاتری هەبوو، ئەوا ئەرکی سەربازانی وڵاتانی تریش کەمێک زیاتر دەکات بۆ هەمان ئەو ئەرکەی کە سەربازانی ئێستای ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیگێڕن، کە دە ئەوەندە زیاترە لە سەربازانی تری وڵاتانی هاوپەیمان.   زۆرێك دوودڵن لەبارەی کشانەوەکەی ئەمریکا، بەڵام هەرچییەک بێت چەند سەربازێک هەر دەمێننەوە. بڕیارەکەی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی یەکجارەکیی شوێنپێی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا، پێناچێت پێچەوانە بکرێتەوە و لێی پەشیمان بێتەوە. ئەرکی ئێستا ئەوەیە بڕیار لەوە بدرێت، پێویستە کێ لە سووریا بێت؟ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە سووریا، تەنانەت لە کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە چەند مانگی داهاتوودا؟ خراپترین شت کە واشنتۆن بیکات، خواستی کشانەوەیەتی؛ کشانەوەی تەواوەتی یان بەشێکی سەربازەکان کێشە نییە، ئەمە تەکتیکێکی کشانەوەیە و پێویستی بە گۆڕان نییە؛ ناکرێت هەموو پرس و بابەتەکان بگۆڕێت. ئەو ستڕاتیژەی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە لایەن "ترامپ"ەوە پێشکەش کراوە، تاکە دەرفەتی ڕاستەقینەیە بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەک ئامانجی تێکەڵ و ئاڵۆز لە سووریادا. ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوسەنگی لە نێوان ئێران و تورکیادا و دانوستان بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی دوای جەنگ لەگەڵ ڕووسیادا، لەگەڵ بەجێهێشتی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا؛ زۆرێک لەو ئامانجانە بوونی نابێت و نامێنێت. واشنتۆن لە ئێستادا، دەبێت دونیابینییەکانی خۆی کورت بکاتەوە. دەبێت تیشک بخاتە سەر پاراستنی تەنیا دوو بەرژەوەندی لە سووریادا: ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و، وەستاندنی ئێران لە دامەزراندنی هێژموونێکی بەهێزی سەربازی کە ڕەنگە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل. بەبێ دەسەڵاتی کرداری، گەیشتن بەو دەرەنجامانە پێویستی بە چارەسەرێکی ئازاربەخش و زۆرە. بەڵام لە بەرامبەریشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دادەنێت کە هیچ شتێک نەگۆڕاوە؛ شکستهێنان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە و زیاتر داپۆشینی لە پڕۆسەکەدا، زۆر خراپتر و ترسناکترە بۆ ئەمریکا. ئەمە دەرمانێکی تاڵە بۆ هەوکردنەکەی لە دوای ئەو هەموو بەرەوپێشچوونەی چوار ساڵی ڕابردوو، بەڵام بژاردەکانی تریشی لا برد؛ بۆیە ئەمریکا پێویستە ئەو دەردەی خۆی تیمار بکات. سەرکەوتن بەسەر خەلافەتدا لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤دا، داعش لە پێشڕەوەیدا بوو. ئەو گرووپە نزیکەی ٤٠٠٠٠ میلی چوارگۆشەی لە خاکی عێراق و سووریا دەستبەسەردا گرتبوو؛ ئەو ڕووبەرە بەقەد ویلایەتێکی وەک "ئیندیانە"ی ئەمریکا دەبێت، کە ٨ ملیۆن خەڵکی لێ دەژی. داهاتی ساڵانەیان ١ تریلیۆن دۆلار بوو. ئەو گرووپە خۆیان بە خەلافەت وێنا دەکەن، وەک بنەمایەک بۆ پلان و جێبەجێکردنی کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ئەوروپا و هاندانی ئەوانەی هاوسۆزیانن بۆ ئەنجامدانی هەمان کردەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. داعش لەسەر ئەو خاکەی کە داگیری کردبوو خەڵکی دەکوشت، ئەتکی دەکردن و دەیکردن بە کۆیلە و، بە بێباوەڕ و کافریشی دادەنان، بەتایبەت مەسیحی، کوردەکان، شیعەکان و ئێزدییەکان و ئەو سوننانەی کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی داعشدا هاوڕا و تەبا نەبوون. سەرەڕای ئەو دڕندایەتییە، ئەو گرووپە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیان هەموو هەوڵێکیان دا. لە نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧، زیاتر لە ٤٠٠٠٠ هەزار کەس لە ١٠٠ وڵاتی جیاوازی دونیاوە گەشتیان بۆ سووریا کردووە بۆ پەیوەندیکردن بە داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر کە لە جه‌نگی ناوخۆی سووریادا تێوە گلاون. من لە هاوینی ٢٠١٤وە لە عێراق بووم. کاتێک داعش شاری مووسڵی گرت و دواتریش بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد، تەنانەت ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا چۆڵیان کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ خراپبوونی دۆخەکە. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان خۆیان بۆ یارمەتیدانی بەرپەرچدانەوە و جەنگی عێراقییەکان لە بەرامبەر داعشدا ئامادە دەکرد. دوای چەند مانگێک لە سەرکەوتن، ئێمە هاوپەیمانێتییه‌كی فراوانمان لە حکوومەتەکانی جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێک هێنا. پلانی هاوپەیمانان تێکەڵەیەک بوو لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی داعش و دەستپێشخەریکردن بۆ یارمەتیی مرۆیی و سەقامگیری، بەتایبەت ئەوانەی کە بە هۆی داعشەوە ئاوارە بووبوون و پێویستییان بە پەناگە و گەڕانەوە بوو لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە. هەڵمەتی ئەمریکا لە دژی داعش هەرگیز "جه‌نگێکی بێکۆتایی" نەبووە و نایشبێت هەر لە سەرەتاوە دیپلۆماتە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردبوو کە ئەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە هەڵمەتێکی کراوە نابێت بۆ بونیادنانی دەوڵەت یان دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجەکە تەنیا بۆ تێکشکاندنی داعش و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆیییەکانە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان لە دوای تێکشکاندنی داعشدا. لەم ڕوانگەیەوە، هەڵمەتەکە سەرکەوتوو بوو. لە چوار ساڵی دواتردا داعش زۆربەی خاکەکەی لەدەست دا کە دەستی بەسەردا گرتبوو. زۆربەی سەرکردەکانی کوژران. لە عێراق چوار ملیۆن هاووڵاتی گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوو. ڕێژەی گەڕانەوە لە دوای هەر ململانێ و توندوتیژییەکی نوێوە، نابەرامبەر و بێشومار بوو. پار، عێراق هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجام دا و حکوومەتێکی نوێ پێک هات و دەستبەکار بوو. ئەوانەی کە پاڵپشتیی ڕۆژاوایان دەکرد لەناو ئەو حکوومەتەدا، تیشکی زیاتریان خستە سەر یەکپارچەیی و یەکبوونی وڵاتەکە. لە سووریادا، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەتەواوی داعشیان ڕاماڵی و لە خاکەکەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا پاکیان کردەوە و، بەرنامەی سەقامگیریی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا یارمەتیی سوورییەکانی دا بۆ گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان و ماڵەکانیان. لە ڕەققە، پایتەختی پێشووتری داعش، ١٥٠٠٠٠ هاووڵاتی کە لە کۆی ٢٠٠٠٠٠ ئاوارە بووبوون، تاکوو کۆتاییی ٢٠١٨ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بەکورتی هەڵمەتی ئەمریکا دژ بە داعش، هەرگیز "جەنگێکی بێکۆتایی" نەبووە و نایشبێت؛ ئەمە جۆرە ئیدانەکردنێکی ترامپ بووە لە مانگی شوباتی ٢٠١٩دا لە یەکێک لە وتارەکانیدا. هەروەک ترامپ ڕاشکاوانە لە وتارەکەیدا ئیدانەی کرد، هەر لە سەرەتاوە بۆ تێوەگلانی ئەمریکا و دانی تێچوونەکەی، وا داڕێژرابوو. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، زۆربه‌ی جه‌نگەکە عێراقی و سوورییەکان دەیکەن نەک ئەمریکییەکان. لەو لایشەوە، هاوپەیمانانیش باجەکەی دەدەن، نەک بەتەنیا واشنتۆن. بەپێچەوانەی داگیرکردنی عێراقی ساڵی ٢٠٠٣وە لە لایەن ئەمریکاوە، ئەم هەڵمەتە پاڵپشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی زۆری ویست.   لە سەروبەندی ٢٠١٨دا، هەڵمەتەکە لە هەڵبەز و دابەزدا بوو. جەستەی خەلافەت، نزیک بوو لە تێکشکان و هاوپەیمانانیش جەنگی دژ بە داعشیان بەرەو کۆتایی دەبرد. هەرچەندە، بڕیاربەدەستانی ئەمریکا پلانیان بۆ ئەم جەنگ و پڕۆسەیە دانابوو، چەند مشتومڕێک هەبوو لەناو حکوومەتدا لەبارەی ئەوەی کە ئەمریکا چەند لە سووریا بمێنێتەوە و بڕیار و ئامانجەکانیشی لەو وڵاتەدا چی بێت. هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەت ئەوانەی لە پێنتاگۆنن، تیشکیان دەخستە سەر تەواوکردنی ئەرکە ڕاستەقینەکە کە تێکشکاندنی داعش بوو لە سووریا. ئەمەیش به‌ مانای تێکشکاندنی خەلافەت بوو و دواتر مانەوەیان بۆ ماوەیەکی تر و یارمەتیدانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پاراستنی خاکەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش. بەڵام ئەوانی تر، بەتایبەت "جۆن بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ترامپ بۆ پرسی ئاسایش، پێی وا بوو کە هێزەکانی ئەمریکا دەبێت لە سووریادا بمێننەوە هەتاکوو هەموو هێزەکانی ئێران سووریا بەجێ دەهێڵن و جه‌نگی ناوخۆی سووریا چارەسەر دەکرێت. ئەمە دەبووە هۆی فراوانبوونی ئەرکەکە و پێویستبوونی پابەندبوونێکی لەڕاددەبەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام ئەمە شتێک بوو ترامپ دژی وەستایەوە. هیچ کەسێک لە حکوومەتی ئەمریکا بەرژدی گفتوگۆی لەسەر نیوە کشانەوەی هێزەکان نەکردبوو؛ زیاتر پاڵپشتیی ئەو بیرۆکەیان دەکرد کە واشنتۆن بتوانێت بەئاسانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕابگەیەنێت و دواتر سووریا جێ بهێڵێت. لە ١١ی دێسه‌مبەری ٢٠١٨، من لە سەکۆی وەزارەتی دەرەوە وەستابووم و سیاسەتی بەرپرسانی ئەمریکام لە سووریا ڕوون کردەوە بەم شێوەیە: "هەڵەیە ئەگەر ئێمە تەنیا بڵێین داعش تەنیا لە ڕووی هێزەوە تێک شکاوە و دەبێت ئێستا سووریا بەجێ بهێڵین." دوای هەشت ڕۆژ ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕای گەیاند: "ئێمە بەسەر داعشدا سەرکەوتین و کوڕەکانمان، ئافرەتە گەنجەکانمان، پیاوەکانمان دەگەڕێنەوە وڵات." ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ، بووە مایەی پەشێوی و بێباوەڕیی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن. بەرپرسانی ئەمریکا، لەوانە خۆم، ئەو گۆڕانی لەناکاوەمان بۆ هاوبەشەکانمان ڕوون کردەوە. دوای چوار ساڵ لە یارمەتیدان بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکە، تێ گەیشتم کە مەحاڵە ئەم بڕیارە نوێیە وەک خۆی و بە شێوازێکی کاریگەر جێبەجێ بکرێت و بۆیە لە ٢٢ی دێسه‌مبەردا دەستم لە کار کێشایەوە.   سەرەتای کۆتایییەکە ئەو کاتەی ترامپ ڕاگەیاندنەکەی بڵاو کردەوە، خەلافەتی داعش تەنیا چەند شارۆچکەیەکی بەدەستەوە مابوو و سووریا لە سات و کاتی بەرپابوونی جەنگە ناوخۆیییەکەیەوە لە ٢٠١١دا، بە کەمترین ئاستی توندوتیژیدا تێ دەپەڕی. وڵاتەکە هەنگاوی بەرەو ئەوە دەنا کە بەرپرسانی ئەمریکا پێیان دەگوت "کۆتاییی دەوڵەتی کاتی" و بە شێوەیەکی کاتی لە نێوان سێ زۆنی باڵادەستی هێزە گەورەکاندا دابەش ببوو.  یەکەم زۆن و گەورەترینیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. ئەم زۆنە لە دوو لەسەر سێی خاکی وڵاتە پێک دەهات؛ ڕەنگە ٧٠%ی دانیشتووانی وڵاتەکە لەگەڵ زۆربەی شارە گرنگەکانی وەک دیمەشق و حەلەب پێک بهێنێت. چەک و تفاقی سەربازی و پاڵپشتیی دارایی، لە هێزێکی گەورەی وەک ڕووسیا و هێزە هەرێمییەکانی وەک ئێران وەردەگرێت. دووەمیان زۆنی ئۆپۆزیسیۆنە و باکووری ڕۆژاوای سووریا دەگرێتەوە. زۆربەی ئەو ناوچەیە ئێستا ڕێکخراوی "تەحریری شام" کە سەر بە قاعیدەیە، تێیدا باڵادەستە و تورکیا پاڵپشتییان دەکات. سوپای تورکیا هێڵی ئاگربەستەکە دەپارێزێت کە ئانكارا دانوستانی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا لەبارەوە کردووە، کە هێڵێکی جیاکراوەیە لە کەناری ڕۆژاوای زۆنی تورکیاوە لە ناوچەکانی ژێردەستی ڕژێمی ئەسەدەوە. سێیەمیان زۆنێکە "هێزەکانی سووریای دیموکرات" تێیدا باڵادەستن کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانه‌وه‌ پاڵپشتی دەکرێن. ئەو ناوچەیەی کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا پێک دەهێنێت وزەیەکی زۆری تێدایە، سامانێکی کشتوکاڵیی گەورەی هەیە و دانیشتووانەکەیشی نزیکەی ٤ ملیۆن کەسە؛ فەڕەنسا، بریتانیا و ئەمریکا هێزی تایبەتیی خۆیان لەو ناوچەیە هەیە و هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە دەیانپارێزن و یارمەتییان دەدەن و لە بەرنامەی سەقامگیریی ناوچەکەدا بەشدارن. ئەمریکا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا "تەناف"یش کۆنتڕۆڵ دەکەن کە پێشتر پەناگەی داعش بوو. لە کاتێکدا توندوتیژییەکان لە سووریا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا نزم دەبێتەوە، سنوورەکانی نێوان ئەم زۆنانە لەسەر مێزی دیپلۆماسیی هێزە گەورەکان پتەوتر دەبێت. لەگەڵ هەبوونی هێزی پیادە و باڵادەستیی بەسەر یەک لەسەر سێی ئەو وڵاتەدا، ئەمریکا لە پێگەیەک بوو ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنەوەی قۆناغی سووریای دوای جەنگ دەگێڕا. دیپلۆماسیی هێزە گەورەکان پێشینەی سەرەکی بە لای دیپلۆماتە ئەمریکییەکان، گەیشتن بوو بە سەقامگیری لەگەڵ تاکە یەک هێزی گەورە لە سووریادا کە ئەویش ڕووسیایە، بەتایبەت لە دوایین ڕێکخستنی خاکی سووریا و کاریگەریی لەسەر زۆنی ئەمریکا. واشنتۆن هەر لە سەرەتای دەستوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا لە ٢٠١٥دا، لەگەڵ مۆسکۆ لە گفتوگۆی دوولایەنەدا بوو. سەرەتا ئامانج ڕێگریکردن بوو لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ڕووسیا. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم گفتوگۆیە بوو بە سەکۆیەک بۆ واشنتۆن بۆ نەخشەکێشانی سنووری ئاشکرا و وێناکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆ هێزەکانی سووریا و ڕووسیا و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەکرێت سنووردار بکرێت. ئەمە سەری گرت، چونکە ئەمریکا ویستی هەبوو و توانیی ئەم سنوورانە بکێشێت. لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا، فڕۆکەکانی ئەمریکا میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی بۆردوومان کرد کاتێک کە لە بنکەی "تەنف" و ئەمریکییەکان نزیک دەبوونەوە. دوای چەند مانگێک، فڕۆکەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی شەڕکەری سووری دەخاتە خوارەوە، کاتێک هەوڵی داوە بچێتە زۆنی باکووری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە بنکەی ئەمریکا و لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا، هێزەکانی ئەمریکا گرووپێک لە بەکرێگیراوی ڕووسیای تێک شکاند کە هەوڵیان دەدا دەست بەسەر ئەو بیرە نەوتانەدا بگرن کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەربازە ئەمریکییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. لە پاییزی ٢٠١٨دا، ئەمریکا خۆی بۆ دانوستانێکی چڕ لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر دوو پرسی سەرەکی ئامادە دەکرد: یەکەمیان: واشنتۆن هەوڵی دەدا ڕووسیا هان بدات بۆ ناچارکردنی ڕژێمی سووریا بۆ هاریکاریکردنی گفتوگۆی ئاشتییانە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرا کە بە "پڕۆسەی جنێف" ناسرابوو. ئەم پڕۆسەیە لە ٢٠١٢وە دەستی پێ کردبوو و کە من گومانم لێی هەبوو ئەنجامێکی هەبێت، بەڵام بۆ یەکەم جار لە دوای چەندین ساڵ، ژمارەیەک بەرەوپێشچوون هاتە پێشێ، وەک کەمبوونەوەی توندوتیژی لە سووریا، ئامادەییی ئەمریکا لە سووریا و بەهێزبوونی کەناڵی دیپلۆماسیی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەرفەتێکی دا بە پڕۆسەکە، بە لایەنی کەمەوە هەندێک سەرکەوتنی بە دوای خۆیدا هێنا. ئەگەر پڕۆسەی جنێف بەربەستی دروست نەکردبا، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەبوو ڕێگه‌ی دووەمی دانوستانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا بۆ ناوبژیوانی و ڕێکكەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕژێمی سووریا ئامادە بکردبایە. ئەم ڕێککەوتنە، دەبوو ڕێگە بە گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان بدات لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە، وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستی بەسەردا گرتووە، ئەگەرنا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خواستی ئەوەیان هەبوو دەوڵەتێکی بچووک لە باکووری سووریا چێ بکەن و مافە سیاسییە بنەڕەتییەکانیش بە دانیشتووانی ناوچەکە ببەخشن. بەرپرسانی ئەمریکا ناوبژیوانیی دەرەنجامی "گەڕانەوە بۆ دەوڵەت، نەک گەڕانەوە بۆ ڕژێم"یان دەکرد. هەر ڕێککەوتنێک دەبوو ڕێگەی بە ئەمریکا بدابایە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە ئاسمانییەکانی و ئاسانکاری بۆ بنکەی سەربازی لە ناوچەکە، تاکوو گوشارەکانی بۆ سەر داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی گرووپە تونداژۆکان سەر بگرێت. ئەمەیش وەک پلانێکی پێشوەختە، دەبوو خواستی بەشێک لە سوورییەکانی لەبەرچاو بگرتایە کە بە درێژاییی ماوەکە لەپاڵ هاوپەیمانان جەنگاون و زامنی سەلامەتی خۆیان کردووە. هەروەها دەبوو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی سووریایش، بگەڕێتەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، یارمەتیدانی هێزە ناوخۆیییەکان و کەمکردنەوەی مەترسیی تونداژۆکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەربازە ئەمریکییەکان. هەرچەندە ڕووسیا لە سەرەتادا ڕازی بوو کە ئەمریکا هەتاکوو تێکشكاندنی "کۆتاییی داعش" (ئەو ڕستەیە لە کۆنفڕانسی هاوبەشی نێوان ترامپ و پووتین لە کۆتاییی ٢٠١٧دا بەکار هێنراوە/نووسەری بابەتەکە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەییی هەبێت و بمێنێتەوە. مۆسکۆ دانی بەوەدا نا کە سەقامگیریی دوای جەنگ، پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتە. لە کۆتاییی ٢٠١٨دا پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەڵام ڕێککەوتنە پەسەندکراوەکە لەبەرچاو دەگیرا. لەقەفەزنانی ئێران ستراتیژی ئەمریکا لە بەرامبەر تاراندا زۆر دوژمنکارانە بوو. بوونی سەرباز و هێزی ئێران لە ناوچەی هێژموونی ڕژێمی سووریادا گرنگ بوو، ئەگەر ئەو هێزەی ئێران گەماڕۆ بدرێت، هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ئیسڕائیل و ئوردن دەبێت کە دوو هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان. تاران پەنا بۆ خواستی فراوانخوازییش دەبات لە سووریا. هێزە پڕۆکسییەکانی/بەکرێگیراوەکانی دەخوازن خۆیان بخزێننە نێو زۆنی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی دەوروبەری سەربازگەی "تەنف" کە ڕێگه‌یەکی سەرەکیی نێوان دیمەشق و بەسرەیە لە باشووری عێراق. هێزەکانی ئەمریکا تاکە ڕێگر و هەڕەشەیە لە بەردەم ئەواندا و ئەگەر لە تەنف نزیک ببنەوە ئەوا ئەمریکا هێز لە بەرامبەریاندا بەکار دەهێنێت. ڕاگەیاندنەکەی "بۆڵتۆن" لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا تاکوو ئێرانییەکان سووریا جێ دەهێڵن، هەرگیز واقعی نەبوو. تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لە سووریا نەمێنێت، ترامپ هێشتا ئامادە نییە لە سووریا بمێنێتەوە؛ ئەمریکا ناتوانێت و هیوا ناخوازێت ئێرانییەکان بەتەواوی لە سووریا دەربکرێن. هاوبەشیی هێزە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ سووریادا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکان؛ تاران ئەو وڵاتە بە گرنگترین هاوپەیمانی خۆی دادەنێت و گەورەترین باجیش لە پێناو پاراستنی هێژموونی لە سووریادا دەدات. شەڕکردن لەو چاڵە سەربازییەدا (سووریا)، تەنیا لاوازبوونی متمانەی ئەمریکا و دوورکەوتنەوەی لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی لێ دەکەوێتەوە: دەورەدانی باڵادەستیی ئێران لە سووریا، ڕێگری دەکات لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئیسڕائیل و، بەکارهێنانی دیپلۆماسییەتیش دەبێتە ناوبڕێک لە نێوان تاران و مۆسکۆدا. لە بەهاری ٢٠١٨دا، پووتین بەئاشکرا ڕای گەیاند کە ڕووسیا دەیەوێت هەموو هێزە سەربازییە بیانییەکان ببینێت (مەبەستی ئێران، تورکیا و هێزەکانی ئەمریکا بوو)، کە لە دوای کۆتاییی جه‌نگی ناوخۆی سووریاوە ئەو وڵاتە بەجێ دە‌هێڵن. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەستیان کرد بە قۆستنەوەی ئەو دەستپێشخەرییە و داوایان کرد ڕووسیا بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ئێرانییەکان لە ناوچە گرنگەکانی سووریا دوور بخاتەوە و لا ببات، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە لە سنوورەکانی ئیسڕائیل و ئوردنەوە نزیکن. وەک بەشێک لە دانوستانەکان، ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەوان دەتوانن ئێرانییەکان بە لایەنی کەمەوە تاکوو ٥٠ میل لە بەرزایییەکانی جۆڵان دوور بخەنەوە و ڕێگە بە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بدەن بۆ چاودێریکردن و ئارامکردنەوەی ناوچەکە. ئەگەر ڕووسیا ئەمەی ئەنجام بدابایە بۆ ڕازیکردنی ئیسڕائیلییەکان، ئەمریکایش ڕەنگە خواستی گفتوگۆکردنی بۆ کشانەوە لە هەندێک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەبووایە. ئەمریکا هەماهەنگیی لەگەڵ ئیسڕائیل کرد کە لە ٢٠١٧دا دەستیان بە هێرشی ئاسمانی کرد لە دژی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل دادەنرا. واشنتۆن هیچ دەسەڵاتێکی یاساییی بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئێران لە سووریا نەبوو جگە له‌ حاڵەتی بەرگریکردن لە خۆی نەبێت، بەڵام ئیسڕائیل هەموو مافێکی هەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەکارهێنانی خاکی سووریا بۆ سیسته‌مە بەرگرییەکەی و تەکنەلۆژیی هێرشکردنەکەی. تێکەڵەی هێزی ڕەقی ئیسڕائیل و دیپلۆماسیی ئەمریکی و هێزی سەربازیی ئەمریکا، واشنتۆنی لە بەرامبەر ڕووسیادا بەهێز کرد. پووتین پەیوەندییەکانی ڕووسیای لەگەڵ ئیسڕائیل بە پەیوەندیی سەرەکیی دادەنا لە ستراتیژەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمریکا هەرگیز بەتەما نەبوو هەموو ئێرانییەکان لە سووریا نەهێڵێت، بەڵام بە کارکردن لەگەڵ ئیسڕائیل دەیویست بەهێزتر و باڵادەستیی زیاتر بێت لە سووریادا و، دەبوو ئەمە زامنی ڕێوشوێنەکانی هاوکاریکردنی ڕووسیای لە ڕێگرتن لە فراوانخوازیی ئێرانییەکانی بکردبایە. خەونی عوسمانییەکان بوونی ئەمریکا لە سووریا بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیایشدا سەخت بوو، کە هەر لە سەرەتای هەڵمەتی دژ بە داعشدا هاوبەشێکی پڕ لە کێشە بوو. لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا ئۆباما چەندین جار داوای لە ئەردۆغان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریادا کە چەکدارانی داعش و کەلوپەلی بەئاسانی و بەئازادی پێدا تێپەڕ دەبوو. ئەردۆغان هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو. لە کۆتاییی ٢٠١٤دا، تورکیا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بووه‌وە بۆ پاراستنی کۆبانێ وەک شارێکی کوردی لە باکووری سووریا و هێرش و هەڕەشەکانی داعش لە قڕکردنی خەڵکی مەدەنی. دوای شەش مانگ، تورکیا داوای هاوپەیمانیی بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە شارۆچکەکان ڕەت کردەوە کە ببووە سەرچاوەیەکی لۆجیستیکی بۆ داعش وەک شارۆچکەی "تەل ئەبیەد"؛ تەنانەت دواتر دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بە تورکەکانیان گوتبوو ئەگەر ئەوان سنوور کۆنتڕۆڵ نەکەن، تێکشکاندنی داعش سەخت و مەحاڵ دەبێت. ڕووبەڕووبوونەوەی لاساری تورکیا وای کرد، ئەمریکا زیاتر و زیاتر لە چەکدارە کوردەکانی سووریا نزیک بێتەوە کە بە "یەکینەکانی پاراستنی گەل/یەپەگە" ناسراون و بەرگرییان لە کۆبانێ کرد. هێرشی یەپەگە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە بوو لە دژی داعش لە سووریادا و هەر زوو سەلماندیان کە شارەزا و لێهاتوون لە تۆمارکردنی ناوی سەدان هەزار عەرەب کە دواتر هێزەکانی سووریای دیموکراتی لێ دروست بوو. تورکیا ئەمریکای ناچار دەکرد کە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەدات. ئانكارا پێی وا بوو کە ئەمانە بەشێکن لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" و لە لایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و زیاتر لە چوار دەیەیە لەگەڵ تورکیا لە جەنگدان. (ئەمریکایش لە ساڵی ١٩٩٧ه‌وە "پەکەکە"ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار کردووە). هەرچەند واشنتۆن بە هیچ جۆرێک ئەندامی یەپەگەی نەبینیوە سنوور ببڕێت و شەڕ لەگەڵ تورکیادا بکات و نە بەڵگەیەکیشی هەیە کە پەکەکە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردبێت یان چەک و تفاقی ئەمریکای بۆ تورکیا گواستبێتەوە، نیگەرانییەکانی تورکیا مایەی ئازار بوو بۆ بڕیاربەدەستانی ئەمریکا. لە ئەنجامدا، ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات سنووردار کرد؛ ئەم گرووپە بەبێ قەڵغان و کڵاوی جەنگی و تەنیا بە چەند کەرەستەیەکی سنووردارەوە دەجەنگان. (لە یەکێک لە سەردانەکانم بۆ ڕەققە، زانیم کە چەکدارانی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕانەمەڕیان بۆ پشکنین و تەقاندنەوەی مینەکانی داعش کڕیوە) دوای چەند مانگێک، ئەمریکا هەوڵی دا ئەردۆغان ڕازی بکات بە دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هەڵمەتێک بۆ دەرکردنی داعش لە "منبج"ی شارۆچکەی سووریا کە داعش وەک تەوەرێک بۆ پلاندان و هێرشکردنە سەر ئەوروپا بەکاری دەهێنا. واشنتۆن تەنانەت باشترین ستراتیژە سەربازییەکانی خۆی بۆ ئانكارا نارد کە ڕاهێنان و پلانی ئازادکردنی ڕەققەی بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا دەکرد. لە کۆتاییدا، ئاشكرا بوو کە پلانی هاوبەش لەگەڵ تورکیادا پێویستی بە ٢٠٠٠٠ هەزار سەربازی پیاده‌ی ئەمریکی هەیە. هەر یەک لە "ئۆباما و ترامپ" ئەو بژاردەیان ڕەت کردەوە و لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا، ترامپ بڕیاری دا بۆ دڵنیابوون لە گرتنەوەی ڕەققە و دەرهێنانی لە دەستی داعش، ڕاستەوخۆ یەپەگە پڕچەک بکات. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان توانییان تەنگەشەکان لەگەڵ تورکیا بەڕێوە ببەن و سوپاسی سەربازە ئەمریکییەکان بکەن لە سووریادا. ئەگەر تورکیا بیگوتبایه‌ کێشەیەک لە سنوور هەیە، هێزەکانی ئەمریکا دەبوو دڵنیا ببنەوە کە سنوورەکان ئارام و جێگیرن. (ئەمریکا چەندین جار بەرپرسانی تورکیای داوەت کردووە بۆ هاتنیان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بینینی دۆخەکە بە چاوی خۆیان، بەڵام ئەوان ڕەتیان دەکردەوە) کاتێک تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کوردەکانی کرد لە سنوورەوە و کە دواتریش کردی، واشنتۆن ئەوەی بەبیر ئانكارا هێنایەوە کە سەربازانی ئەمریکایش لەوێ ئامادەن و ئەمریکا ئەردۆغانی دڵنیا کردەوە کە ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەکی تورکیا دەکات لە سووریادا. هەتا سەربازانی ئەمریکا لەوێ بوون، تورکیا هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ دەستوەردان و، ئانكارایش دەیزانی کە قوربانیدانی ژیانی ئەمریکییەکان دەرەنجامی خراپی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا دەبێت. هەرچەندە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەم بەربەستەی بەردەم تورکیا لا دەبات. لە ئێستادا مەترسییەک هەیە بۆ تورکیا لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوشێوەی ئەوەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا لە عەفرین ئەنجامی دا؛ ئەو شارۆچکە کوردییەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە نەپارێزرا. سوپای تورکی لەگەڵ ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشیان کردە سەر یەپەگە و زیاتر لە ١٥٠٠٠٠ هەزار کوردیان ئاوارە کرد (نزیکەی نیوەی دانیشتووانی عەفرین) و عەرەب و تورکمانیان لە شوێنەکانی تری سووریا هێنا و لە جێگەیاندا نیشتەجێیان کردن. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرپەرچدانەوەیەک نەبوو بۆ هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە، تەنیا بەرهەمی خواستی ئەردۆغان بوو بۆ درێژکردنەوەی سنوورەکانی کە وا هەستی دەکرد بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە ساڵی ١٩٢٣دا لە ڕێککەوتننامەی لۆزاندا نەخشێنراوە. من لە کۆبوونەوەکاندا لە تەنیشت ئەردۆغان دانیشتوومە و گوێم لێ بووە کە باسی ٤٠٠ میل لە نێوان حەلەب و مووسڵی کردووە وەک "ناوچەی ئاسایشی تورکیا" و کردەوەکانی ڕەنگدانەوەی گوتەکانی بوون. لە ٢٠١٦، تورکیا بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی عێراقی و هیچ لایەنێکی تر، هێزە سەربازییەکانی لە باکووری مووسڵ بڵاوە پێ کرد؛ ئەگەر هێزە مارێنزەکانی ئەمریکا نەبوونایە، تورکیا هێزی زیاتری بڵاوە پێ دەکرد. ئەردۆغان لە ئێستادا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی عەفرین لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشدا دووبارە بکاتەوە. ئەمە پێویستی بە ناردنی هێزە تورکییەکان هەیە کە ٢٠ میل بڕۆنە نێو خاکی سووریاوە و یەپەگەیش دەرپەڕێنن (لەگەڵ زۆرینەی دانیشتووانی مەدەنی کورد لە ناوچەکە) و ناوچەیەکی بەناو ئازاد دابمەزرێنن. بوونی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتی بە دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەدا بۆ زامنکردنی ڕێکخستنێکی دوورمەودا ئەگەر تورکیا پێی ڕازی بێت، بەڵام دواتر بووە هۆی ڕێگریکردن لە خواستە گەورەکانی ئەردۆغان و پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارە کوردییەکان. کشانەوە بەر لە ڕێکخستنێکی لەم شێوەیە مەترسی و کارەساتی لێ دەکەوێتەوە؛ داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكێکی زۆری مەدەنی و، تێکشکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دروستبوونی بۆشایی، کە ڕەنگە گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش جارێکی تر سەر هەڵبدەنەوە. ڕێگەی عەرەب بۆ دیمەشق بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا، بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییش گرنگ بوو. تارماییی سێ هێزی ئیمپریاڵیی پێشووی وەک ئێران، ڕووسیا و تورکیا چارەنووسی سووریا دیاری دەکەن. زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەبێ سەرسوڕمانبوون لە پاشەکشەدان، بەتایبەت میسر، ئوردن، سعوودیا و ئیماراتی عەرەبی و زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایش ئێستا، یان ئیسلامییەکان باڵادەستن بەسەریاندا یانیش بوونە بە پڕۆکسیی تورکیا. ئەم وڵاتانە هەوڵەکانی خۆیان خستۆتە گەر بۆ ئەوەی دیمەشق بگەڕێننەوە جیهانی عەرەبی. ئەمریکا دژی هاوپەیمانە عەرەبەکانی بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشقدا و، ویستی ئەو گوشارانەیش کەم بکاتەوە کە باس لە بەشداریی "بەشار ئەسەد" دەکەن لە دانوستانەکانی جنێڤدا. هەتا سەربازەکانی ئەمریکا لە سووریا بوون و ڕابەرایەتیی هەڵمەتە سەرکەوتووەکەیان دەکرد لە دژی داعش، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بەدەسەڵات و هێزەوە قسەیان دەکرد، بەتایبەت کاتێک داوا لە هاوبەشە عەرەبەکانی دەکات بۆ دوورەپەرێزبوون و دوورکەوتنەوە لە ئەسەد. بوونی ئەمریکا هاوسەنگییەکی لە بەرامبەر ئێران و فراوانخوازییەکانی تورکیا دروست کرد کە وڵاتانی عەرەبی ترسیان لێی هەبوو. هەر لەم دوایییەدا و لە دێسه‌مبەری ٢٠١٨دا، واشنتۆن هاوپەیمانە عەرەبەکانی دڵنیا کردبووه‌وە کە سەربازە ئەمریکییەکان بۆ ماوه‌یەکی گرنگ لە سووریا دەمێننەوە. ئەم دڵنیاکردنەوەیە یارمەتیی زامنکردنی وەربەرهێنانێکی گەورەی سعوودیا و ئیماراتی عەرەبیی دا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لەوانە ڕەققە. بەڵێنی کشانەوەکەی ترامپ ئەم دۆخەی کۆتاییی پێ هێنا. ئەمریکا ئێستا هەوڵ بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانە عەرەبەکانی دەدات کە وەک یاریکەرێکی گوێرایەڵ وان لە سووریا و هەر لەو ساتەوەی کە ئێران و تورکیا خەریکی بەرەوپێشبردنی کارنامەکانیانن لە سووریا، ئەمریکا زۆر بەقووڵی کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە عەرەبییانە دروست کردووە و ئەمەیش بۆ دیپلۆماتە ئەمریکییەکان سەخت دەبێت، تاوەکوو بە هاوبەشە عەرەبەکانیان بڵێن کە بە دوای بەرژەوەندییەکانی ئەواندا ناڕۆن هەروەک ئەوان چاوەڕێی دەکەن، بەتایبەت کارکردن لەگەڵ ڕژێمی سووریادا. (واشنتۆن هەڕەشەی سزای بۆ سەر دەوڵەتە عەرەبییەکان کردووە بەڵام ئەو هەڕەشانە هێمایەکن بۆ لاوازی، کاتێک لە بەرامبەر دۆستەکانتدا بەکاری دەهێنیت) جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کاتێک ئیماڕاتی عەرەبی دووبارە باڵیۆزخانەی لە دیمەشق لە دوای ماوەیەکی کەم لە بڕیاری کشانەوەکەی ترامپ کردەوە. چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی تری عەرەبییش هەمان کار بکەن. ڕاستییە سەختەکان بوونی ئەمریکا لە سووریا، بووە هۆی وەستانەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕووسیا. دەورەدانی ئێران، سنووردارکردنی جووڵەکانی تورکیا و یەکخستنی وڵاتانی عەرەبی لە یەک بەرەدا و لە هەموویشی گرنگتر ڕێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش کرد. بڕیاری بنەڕەتیی ترامپ بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریادا، هەموو ئەو دەستکەوتانەی ئەمریکا لەدەست دەدات. ئەم هەموارکردنە تازەیەی لە بڕیارەکەیدا، کە ڕێگە بە ٢٠٠ ڕاوێژکاری سەربازی دەدات بۆ ئەوەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بمێننەوە و ٢٠٠ی تریش لە "تەنف"، بەو هیوایەیه‌ هێزەکانی تری هاوپەیمانان لە کۆتاییدا بتوانن هاوسەنگییەک بەدەست بهێنن تاکوو دۆخەکە خراپتر نەبێت. پلانی نوێی ترامپ، بڕیاری بنەڕەتیی کشانەوەکەی ڕانەگرتووە. لە چەند مانگی داهاتوودا، ئەمریکا ڕێژەیەکی زۆری سەربازەکانی لە سووریا کەم دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی بزانێت هاوپەیمانان شوێنی سەربازەکانی پڕ دەکەنەوە یان نا؛ ئەمەیش پلانەکە سەخت دەکات و مەترسی بۆ سەر ئەو سەربازانەیشی کە ماونەتەوە زیاتر دەکات. هێزی هاوپەیمانانی تر پێناچێت وەک پێویست بێت. لە عێراقدا، هاوپەیمانان ٢٢ هاوبەشی سەربازییان هەیە. لە سووریا سێ هاوبەشیان هەیە کە بریتین لە فەڕەنسا و بریتانیا و ئەمریکا. هێزەکانی فەڕەنسا و بریتانیا بچووکن و ئەمەیش بە هۆی گوشاری ناوخۆی وڵاتەکەیە کە نایەوێت ڕێژەی سەربازەکان بەرزتر بێتەوە. بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت، ئەرکی ئەو ٢٠٠ سەربازە ئەمریکییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێدەچێت فراوانتر بێت و بەتەنیا تێکشکاندنی داعش لەخۆ نەگرێت، بەڵکوو دەبێت پارێزگاری لە ناوچەی ئارامی نزیک لە سنوورەکانی تورکیا و بەرگری لە ناوچەی ئەمریکی لە بەرامبەر ئێران و سووریا و ڕووسیادا بکات. ئەم ئەرکەیش بەتەنیا بە ٢٠٠ سەرباز ئەنجام نادرێت، تەنانەت بۆ ٢٠٠٠ هەزار سەربازیش سەختە. داواکردن لە هێزێکی بچووک بۆ چاودێریکردنی ئەرکێکی وا ورد و فراوان، مەترسیی گەورەی دەبێت و تەنیا بە هەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکی زۆر لە ئێستادا لا دەچێت. باشترین شت کە ئێستا ترامپ ئەنجامی بدات، پاشگەزبوونەوەیە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریادا. بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبێتەوە، ئەمریکا ناتوانێت خواستەکانی لە ڕێگەی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و دوورکەوتنەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژەکەی بەدی بهێنێت. واشنتۆن دەبێت هەندێک ڕاستیی سەخت و تاڵ قبووڵ بکات. یەکەمیان، ئەسەد ناڕواتە هیچ شوێنێک و دەمێنێتەوە. ئەسەد تاوانباری جەنگە و بکوژی خەڵکانێکی زۆر و بەکۆمەڵە بەڵام لە دوایین قۆناغدا هیچ دەرفەتێک نییە کە ئەمریکا یان هەر کەسێکی تر لە کورسییەکەی لای ببات. واشنتۆن پێویست ناکات حوكمی ئەسەد قبووڵ بکات یان پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمەکەیدا هەبێت، بەڵام پێویست ناکات چیتر ئەمریکا بە سووربوون لەسەر ڕۆیشتنی ئەسەد یان چاکسازیکردن لە دەرەوەی گفتوگۆکانی جنێف متمانە و ناوبانگی خۆی لەدەست بدات، هەرچەند ئەمریکا دەتوانێت لە گوشارەکانی بۆ سەر دیمەشق بەردەوام بێت، تەنانەت سزایشی بدات، بەتایبەت سزای ئابووری، هەروەک پێشتر ڕژێم بەدەستییەوە ناڵاندوویه‌تی. لە ٢٠١١وە سووریا زیاتر لە هەموو وڵاتێک لە داڕووخانێکی ئابووریی سەختدا بووە، تەنانەت لە ئەڵمانیا و ژاپۆنی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمیش. واشنتۆن پێویستە سزا ئامانجدارەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سنووردارەکانی بەکار بهێنێت، بەوەی کە پەنابەرە سوورییەکان لە گەڕانەوەیان لە ئوردن و لوبنان و کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ کارکردن لە وڵاتەکەیان دڵنیا بکاتەوە، لەوانە لە ڕیزی هێزەکانی سووریای دیموکرات کار بکەن کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای بەدەستەوەیە. بەکارهێنانی سزاکان لە ئامانجی بێبەهای وەک لابردنی ئەسەد باشترە، کە تەنیا بازاڕی ڕەش دروست دەکات و تەنیا گرووپە توندڕەوەکان لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە هۆی ئازاردانی زیاتری خودی سوورییەکانیش. دووەمیان: ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی عەرەبی لە ئێستادا پەیوەندییان لەگەڵ دیمەشقدا هەیە. نکۆڵیکردن لەم پەیوەندییە لە لایەن واشنتۆنەوە، تەنیا وڵاتانی عەرەبی نائومێد دەکات و هانیان دەدات لە پشتی واشنتۆنەوە پەیوەندییه‌ دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئەسەدا بەڕێوە ببەن. باشترین ڕێگەی بۆ ئەمریکا، کارکردنە لەگەڵ هاوبەشە عەرەبەکان بۆ داڕشتنی کارنامەیەکی واقعی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق؛ بۆ نموونە، هاندانی وڵاتە عەرەبییەکان بە مەرج پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا نوێ بکەنەوە و ڕێوشوێنی نوێ لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد بگرنە بەر وەک لێبووردنێکی گشتی بۆ هەموو ئەوانەی کە بە هۆی تەمەنی سەربازییانەوە لە وڵات ڕایان کردووە یان چوونەتە ڕیزی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە خاکی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەن ڕژێمەوە. دۆخێکی لەم شێوەیە و نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەسەد، قۆرخکردنی باڵادەستیی ئێران و ڕووسیایش لە سووریا کەم دەکاتەوە و تێکی دەشکێنێت. ئەمریکا دەبێت ئەوەیش قبووڵ بکات کە تورکیا هەرچەند هاوپەیمانە بەڵام هاوبەشێکی کاریگەر نییە. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بەردەوام هیواخواز بوون بۆ کارکردن لەگەڵ تورکیا لە سووریادا؛ ئەوان خەونەکانی ئانكارایان بۆ بوون بە ڕژێمێکی دەسەڵاتخواز و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ڕاماڵی. تورکیا نەیتوانی ئامانجەکەی خۆی بپێکێت. تورکیا بەر لە ڕێککنەوتنیشی لەسەر سووریا لەگەڵ ئێمەدا، هەر هاوپەیمانێکی بەکێشە بووە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئانكارا یارمەتیی ئێرانی داوە و لە ئەمریکا وەک دەوڵەت دوور کەوتۆتەوە؛ هاووڵاتیی ئەمریکیی بە بارمتە گرتووە و پرسی کۆچبەرانی لە دژی ئەوروپایش بەکار هێناوە. لە ئێستادا، دەیەوێت سیسته‌می بەرگریی ڕووسی بکرێت و بەسەر ناتۆیدا زاڵ بکات و هاوشانی چین، ئێران و ڕووسیا پاڵپشتیی "نیکۆڵاس مادۆرۆ" و ڕژێمی دەسەڵاتخوازەکەی ڤەنزوێلا دەکات. تورکیا بۆ پڕۆژە و درێژکردنەوەی هێژموونی خۆی بە قووڵاییی ٢٠ مایل لە خاکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، پاڵپشتیی ئەمریکای دەوێت؛ تەنانەت ڕەتی کردەوە کە هیچ کاردانەوەیەک لە دژی قاعیدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بنوێنێت. واشنتۆن دەبێت بەشێک نەبێت لەو کارنامە گاڵتەجاڕییەی تورکیا. دەبێت بۆ ئانكارای ڕوون بکاتەوە کە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایش، دەرەنجامی خراپ و مەترسیداری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا دەبێت. لە کۆتاییدا ئەمریکا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ڕووسیا ئێستا هێزێکی سەرەکییە لە سووریادا. واشنتۆن هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دیمەشق و تاراندا نییە، بۆیە دەبێت کار لەگەڵ مۆسکۆدا بکات. ڕووسیا و ئەمریکا هەندێک بەرژەوەندیی بەیەکداچوو و ئاڵۆزیان هەیە لە سووریادا: هەر دوو لا دەیانەوێت سووریا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و ناوچەی ئارام بۆ داعش و قاعیدە دروست نەبێت و هەر دوو لا پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە. قەیرانی سووریا ناتوانرێت بەبێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن چارەسەر بکرێت و ئەمریکا دەبێت کێشەکانی سووریا لەگەڵ ناحەزبوونی و کێشەکانی تری لەگەڵ ڕووسیادا جیا بکاتەوە و بخاتە لایەکی ترەوە. گەڕانەوە بۆ واقع بەگوێرەی ئەو ڕاستییە تاڵانەی کە باس کران، ئەمریکا ئەگەر لەو ئامانجانەی ئێستای لە سووریا بەردەوام بێت، شکست دەهێنێت. لە بری ئەوە، واشنتۆن پێویستە ئامانجەکانی خۆی بە ئامرازە تازە سنووردارەکانییەوە ڕێک بخاتەوە. دەبێت لە ئێستادا تیشک بخاتە سەر دوو بەرژەوەندی: ڕێگە نەدات ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بەهێز بێت، کە ڕەنگە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل و، ئامانجەکەی تریش ڕێگریکردنە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش. ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە ئامانجێکی مامناوەندی و دوورە، لەوەی کە "جۆن بۆڵتۆن" و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "مایک پۆمپیۆ" ئاماژەیان پێ کردووە. بەر لەوەی ترامپ بڕیاری کشانەوەکەی بدات، بۆڵتۆن ڕای گەیاندبوو: "کە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەمێننەوە تاوەکوو هەڕەشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت." لە گوتارێکیشیدا بۆ ئامادەبووان لە قاهیرە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، پۆمپیۆ ڕای گەیاند کە: "ئەمریکا دوایین سەربازی ئێران لە سووریا دەردەکات." ئەمە بە ماوەیەکی کورت لە دوای ئەوە هات کە ترامپ فەرمانی کردبوو، "دەبێت دوایین سەربازی ئەمریکا لە سووریادا بکشێتەوە." ئەم لێدوانانە بەر لە بڕیاری کشانەوەکە واقعی نەبوون و، دواتریش بۆشاییی زیاتری بە دوای خۆیدا هێنا. ئەوەی کە ئەمریکا دەتوانێت و پێویستە بیکات، پشتگیریکردنی ئیسڕائیل و ڕێگەنه‌دانی ئێرانە بۆ بەکارهێنانی سووریا وەک گۆڕەپانێک بۆ هێرشی ئاسمانی لە دژی ئیسڕائیل. ئەو ئامانجە، ڕووسیایش هاوبەشە تێیدا و دوودڵیشە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئیسڕائیلدا و ڕووسیا دەیەوێت ڕێگە نەدات سووریا ببێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئێسڕائیل و ئێران. ئامانجی سەرەکی، ڕێگریکردنی ئێرانە لە گەمارۆدانی سووریا، کە دەکرێت وەک سەکۆیەک ڕۆڵی دیپلۆماسیی سێلایەنە لە نێوان ئیسڕائیل، ڕووسیا و ئەمریکادا بگێڕێت. ئەگەر ئەمە بە زیرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەکرێت دیپلۆماسییەکی لەم شێوەیە جیاکردنەوە و دابڕانێک لە نێوان ڕووسیا و ئێران لەمەڕ پرسی سووریا دروست بکات. زۆر سەخت دەبێت بۆ ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، چونکە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئێستادا خاکی پێشتووتری داعشیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام سەرچاوەکانیان وشک نەکراون. دەبێت ئەم هێزە ڕووبەڕووی شەڕانگێزییەکانی تورکیایش ببێتەوە لە باکوور و، لە باشووریش ئێران و سووریا و ملیۆنان خەڵکیش لەو ناوچەیە تووشی نائارامی و پەرتەوازەیی دەبن. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەزاران داعشیان بە دیل گرتووە و لەوانەیش زیاتر لە ١٠٠٠ بیانین و ئەگەر ئازاد بکرێن، دەبن بە شانەی خەوتوو بۆ دووبارە زیندووبوونەوەی داعش. هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی بنکەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و توانا بێهاوتا هەواڵگری و لۆجیستییەکانیان پاڵپشتی و خزمەتێکی گەورەیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و ڕێگەیان داوە ببن بە هێزیكی پتەو و بەهێز. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە و یان هێزەکانی کەم بکاتەوە لە ئێستادا، توانا سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کەم دەبێتەوە و دەپووکێتەوە؛ بەجێهشتنی ئەو گرووپە دەبێتە هۆی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ هێزە دەرەکییەکان بۆ گەیشتن بە خاکی هێزەکانی سووریای دیموکرات. کەمکردنەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا، مەترسیی بۆ سەر گرووپە ئیتنیکەکانی نێو هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەبێت و هێزە هەرێمییەکانیش دەست دەکەن بە تێکشکاندنی و دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێ، وەک ئێران و ڕژێمی سووریا بۆ هەندێک و تورکیایش بۆ هەندێک لە هێزەکانی تر. هەرچەند داعش لاواز بووە بەڵام هێشتا ئەکتەرێکی بێبەزەیی و بەدیسپلینە و بەخێرایی ئەو بۆشایییە پڕ دەکاتەوە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دروست دەبێت. ئەگەر ئەمریکا لە سووریا بڕوات، هێزەکانی سووریای دیموکرات پێویستییان بە یارمەتیدەرێکی نوێیە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات بۆ خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و پاراستنی لە ئێران و تورکیا. بەداخەوە، تەنیا پاڵێوراو بۆ ئەمە ڕووسیایە. مۆسکۆ دەتوانێت پاڵپشتیی سەربازی و دیپلۆماسی و یارمەتییان پێشکەش بکات و لەگەڵ ڕژێمیش ڕێک بکەون و ببنە بەشێک لە سوپای سووریا و مافە سیاسییەکانیشیان زامن بکرێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشتر داوایان کردبوو کە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا، لە بەرامبەردا دان بە مافە سیاسی و خۆجێیەکانیاندا بنرێت. هەرچەند ئەمە دەرەنجامێکی بێتام و چێژی دەبوو، بەڵام ڕەنگە ڕێگەیەکی نوێ بووایە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەو کاتەی کە داعش لەسەرپێی خۆی بوو و بەهێزیش بوو. ڕێکخستنێکی لەم شێوەیە بێپێشێنە نییە: ئۆپۆزیسیۆنی پێشووی دژ بە ڕژێم، لەژێر پێنج فەیلەق کە ڕووسیا ڕابەرایەتیی دەکات و ئێستا لە باشووری سووریا کاری خۆیان دەکەن، دانیان پێدا نراوە. بۆ ئەم چەکدارانە و وڵاتە عەرەبییەکان کە پشتیوانییان لێ دەکەن، بژاردەیەکی باش دەبێت لە تێکشکاندنی سەربازییانەی ئێران یان ملکەچپێکردنی ئێران. (سووریا خاکی بژاردە خراپەکانە) ئەمریکا هێشتا دەتوانێت یارمەتیی دروستبوونی ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەم بەرە و جەمسەرانەدا بدات، بەڵام دەبێت پەلەی لێ بکرێت چونکە باڵادەستی تەنیا لە چەند مانگێکدا، دۆخەکە تێک دەدات. ئەو ئامانجە وردانە ئامانجی مامناوەندین. ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییانەن کە ترامپ لە ئەمریکادا لە چرکەساتەکانی هەڵمەتەکەیدا گەشەیان پێ دەدا، بەڵام لە بەرژەوەندیی ئێران، ڕووسیا و تورکیادایە. بڕیاربەدەستانی ئەمریکا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە باڵادەستیی ئەمریکا لە سووریا لاوازە و، دەبێت بەگوێرەی پێویست بیر لە ئامانجەکانی بکرێتەوە. باشترین ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی ئەو دۆخە بۆ سەرکردەکانی ئەمریکا، ڕێکخستنەوەی ئامانجەکان، ڕێگه‌کان و ئامرازەکانە بە تیشکخستنە سەر چ شتێک زۆر کێشەیە بۆ واشنتۆن و ڕێگریکردن لەوەی کە سووریا نەبێتە مەیدانی هێرش لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمە ئامانجێکی گرنگە و، دەکرێت بەدەستیش بهێنرێت. بەربەستی سەرەکییش ئەوەیە، ئەو ڕاستییە بزانیت و نکۆڵیی لێ بکەیت. لە پێنوسەكان وەرگیراوە  سەرچاوە: https://www.foreignaffairs.com



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand