Draw Media

عەلی کەریمی   لە بەرەبەری بەیانی رۆژی سێهەمی ساڵی تازەی ٢٠٢٠ هەواڵی کوژرانی یەک لە گرنگترین و شوێن دانەرترین کەسایەتی ئێران لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گووتەی زۆر لە چاودێران پیاوی دووهەمی دارێژەری سیاسەت و بڕیاردانی ئێران پاسدار قاسم سلیمانی هەموو جیهانی هەژاند و بوو بە سەر تیتری هەموو میدیای جیهان. لە بیرمە چەند ساڵ پێش لەناکاو خەبەری مەرگی خامنەیی بۆ چەند سەعاتێک بەهۆی سەرەتان بڵاو بۆوە، بەس وەک ئەمڕۆ نەبوو! بەهۆی چالاکی و لێزانی و ئازا بوونی "سلیمانی" لە ماوەی بەتایبەت ١٥ ساڵی رابردوو یەک لە پڕباسترینەکانی رووداوەکانی عێراق و بەتایبەت گرژییەکانی ئەمریکا و عێراق بوو. هەر لەدوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٨ لە بیرمە رەفسنجانی گووتی ئیتر ئێران شەڕەکانی خۆی جارێکی تر لە خاکی ئێراندا ناکات. هەر ئەوکات یەک لە هەرە دمووچاوە سەرکەوتووەکان و نازدارەکانی شەڕی ئێران-عێراق لە چاوی سەرانی کۆمار و بەتایبەت خامنەیی "سەردار سلیمانی" بوو. لەو ساڵەدا کێشە و هەرایەکی زۆر بلوچستانی ئێرانی گرتەوە، سلیمانی راسپێردرا بۆ کوژانەوە و سەرکووتی سەرهەڵداوەکان. ئەو کارە زۆر بەخێرایی و سەرکەوتوویی کرا و دیسان "سلیمانی" زۆرتر جێی خۆی لە ناو دڵی ئیمامدا کردەوە و کرا بە قارەمانی نەتەوەیی و تەنانەت سپایەکی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست کرد بە ناوی "سپای قودس" واتا سپا لەناو سپادا! بەڵام کەس بۆی نەبوو دەست وەرداتە کاروباری  "قاسم سلێمانی" کە زۆرتر تەرکیز کرابوو لە سەر گوازتنەوەی شۆڕش (صدور انقلاب) بۆ وڵاتانی دەورووبەر لە سەر وەسێتی ئیمام خومێنی، واتا سپای قودسی ئاغای سلێمانی وەک راسپێردراوی کاروباری شۆڕش بۆ وڵاتانی جیران کاری دەکرد و لە هەموو سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران ئەوە ئەو بوو قسەی ئەوەڵ و ئاخری دەکرد. دوای شەڕی ئەمریکا و رووخانی سەدام ئیتر مەیدانی هەموو ناوچەکە دواتر لە سوریا، یەمەن و لوبنانیش و تەنات ئەفغانستانیش بریار و سیاسەتەکانی ئەو بوو سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی دیار دەکرد و بەدوایدا دەچوون. ئەو وەک پاسدارێکی خاکی و بوونی خۆی لە مەیدانەکانی شەڕ، کاریزمایەکی تەواو شوێنداری بۆ کەسایەتی خۆی لە لای هەموو سیاسەتمدار و دەوڵەتمدار و تەنانەت ئەمریکا و پیاوە گەورە سیاسییەکانی هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دیمۆکراتەکان کە هەردوو بەرە لە دەسەڵاتی ئەمریکا دابوون لە سەردەمەکانی قاسم سلیمانیدا( سەردەمی بوشی باوک، کلینتۆن، بوشی کوڕ، ئۆباما و ترامپ) واتا ٥ سەرۆکی ئەمریکا لە نزیکەوە ئەو پاسدارەیان ناسییوە و رۆژانە ناوی لە سەر مێزی کاریان بووە. دەڵێم شک و گومان نامێنێتەوە کاریزما و هێژمۆنی قاسم سلێمانی گەر لە ئیمام زیاتر نەبووبێت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیران کەمتریش نەبووە. ئەمڕۆ راستە زۆربەی گەلانی ئێران و بە تایبەت میللەتی کورد لە ئێران زۆر شادن بە لەناو چوونی ئەم پاسدارە کە بووبوو بە هۆی ماڵوێرانی و تاڵانی سەروەت و بەرو بوومی ئێرانییەکان و ئاودیوکردنیان بۆ وڵاتانی دەورووبەر بۆ چەسپاندنی سیاسەتی شیعە لە ناوچەکە و هێژمۆنی ئێران –مەزنی، مەلای شیعە. گەر چاویکی خێرا لە ناسیونالیزمی دەمارگرژی ئێرانیش بە هەموو باڵەکانیانەوە بکەین دیسان شک و گومان نامێنێ کە هەن خەڵکانێکی زۆر ئەمڕۆ شینی بۆ دەگێڕن. کوشتن و لە ناو چوونی "سەردار حاج قاسم سلیمانی" بەدەستی ئەمریکا و لەناو خاکی عێراق دەبێ وای دابنێین نوقتەیەکی وەچەرخانی زۆر گرنگ دەبێ لە سیاسەت و مانەوە و نەمانەوەی حکومەتی ئێران، لەناوچوونی حکومەتی ئێستای عێراق و بە گشتی شەڕی سوریا و لوبنان و هەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت سیاسەتی ئابووری و نرخی نەوتیش. هەر بۆیە ئەمڕۆ کورد بە گشتی و بەتایبەت کوردی ئێران حەقە بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم رووداوە بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەگەرەکان کە بە رای من گەر وریا و ژیر و یەکگرتوو بین و بزانین سیاسەتێکی واقعی دوور لە کرژ و کاڵی و ئێحساسات بکەین ئەوە دڵنیا بن هەموو ئەم گورانکارییانە لە بەرژەوەندی کورد دەکرێ تەواو بن، پڕش و بڵاوی و هەرکەس ئەسپی خۆ تاودان دیسان دەبێتە مایەی چارەڕەشی و ماڵوێرانی گەلی کوردستان.


سەردار عەزیز کوشتنی قاسم سلێمانی لە فرۆکەخانەی بەغدا، لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان-درۆنەوە، کۆتایی دیاردەیەکە، کە بە دیاردەی قاسم سلێمانی ناسراوە. قاسم سلێمانی زیاتر لە دەیەیەکە دروست دەکرێت، لە پرۆسەیەکەدا کە بە ئەفسانەسازی کەسێتی ناسراوە. خەڵکان و وڵاتانی تریش هەوڵی دوبارەکردنەوەی ئەم دیاردەیەیان دا، ماوەیەک برێت مەکگوێرک ڕکەبەری بوو، سعودییەکانیش کابرایەکیان هەبوو، بەڵام هیچکامیان وەک قاسم سلێمانی نەبوو. ئەم ئەفسانەسازیە بەشێکبوو لە پرۆسەی ئیدارەدانی ئەو دۆخەی کە هەبوو، سەپاندنی هەژەمۆنیەت بە سەر خەڵک و خاکێکدا کە لە دەرەوی سنور وخاکی وڵاتە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین لە تارانەوە هەتا بیروت سەرزەمینێکی شل هەبوو، گونجاو بوو بۆ مەلەکردن تیایدا. ئێران پێویستی بەم کەسایەتیە هەبوو هەتا دوو پێکهاتەی تیادا بەرجەستە بکات: یەکەم، ئێران، دوەم ئەوانیتر. بە جۆرێک، وەک چۆن لە سەردەمی برێت مەکگوێرکدا ئەو لە هەر کوێ بوایە، ئاماژە بوو بۆ بونی ئەمریکا لەوێ، بە هەمانشێوە بۆ قاسم سلێمانی و ئێرانیش. لە هەمانکاتدا، بۆ ئێران ئەو هەموو ئەو ووردە کەسایەتیانەی بەرجەستە دەکرد یان نوێنەرایەتی دەکرد کە لە دەرەوەی سنوری ئێراندا بون و بەشێک بوون لە پرۆسەی هەژەمۆنیەتەکە. تەنها بۆ نمونە وێنەکەی موقتەدا سەدر و ئەو و خامنەئی بێنە بەرچاوی خۆت. وێنەیەک کە تیادا ئەم پرۆسە و ئەفسانەسازییەی تیادا بەرجەستە بوبو. ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟ یەکەم، کوشتنی قاسم سلێمانی بە ئاسانی جێگای ناگیرێتەوە دوەم، هەوڵی دروستکردنی کەسێکی تری هاوشێوە، بەو هەمو ئەفسانانەوە، ئاسان نیە و کاتی دەوێت سێیەم، ئێمە لە سەردەمێکی تردا دەژین. ئایا سەردەمی قارەمانەکان و ئەفسانسازی بەسەرچوو؟ قاسم سلێمانی و ئەوانیتر لە قایمترین جێگادا کە فڕۆکەخانەی بەغدایە دەکوژرێن، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئەمریکا دەتوانیت ئەمە بکات. لە ڕاستیدا لە زوەوە دەیتوانی ئەمە بکات. بەڵام ئەنجامدانی لە ئێستادا یانی چی؟ یەکەم، درۆن یان فڕۆکەی بێفرۆکەوان سروشتی ململانێی گۆڕی دوەم، پێشتر ئەمریکا ئەمەی ئەنجام نەداوە، چونکە ناوچەکەی بەلاوە گرنگ بوو، بەڵام ئێستا ناوچەکە گرنگ نیە، هیچ نەبێت وەک جاران. سێیەم، هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمریکی، هێرش بوو بۆ سەر ئەمریکا، ئەمە هاوشێوەی کۆمەڵێک ڕوداوی تر بوو، گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکی لە ١٩٧٩، هەروەها کوشتنی باڵویزی ئەمریکی لە بەنغازی لیبیا. هەردوو ترەمپ و پۆمپیو، زۆر هەستیار بوون بەرامبەر ئەم ڕوداوە، چونکە ئەوەی بە سەر هیلەری کلینتۆندا هات لە ڕوداوی بەنغازی ئەمانی زۆر هەستیارکردبوو. بە تایبەتی کە پۆمپیو بە هیوایە کە خۆی بۆ سێنات کاندید بکات. چوارهەم، ئێران بژاردەی ئاسانی نیە، نە لە دەرەوە و نە لە ناوەوە.


هیوا سەید سەلیم رێکەوتنی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ویفاق لە لیبیا کە فائیزسەراج سەرکردایەتی دەکات، سەبارەت بە دابەشکردنی سنووری رۆژهەلاتی دەریای ناوەڕاست، دوو ڕاستی گرنگ دەردەخات. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەردۆغان لە خەونی سوڵتانیانەی نەکەوتووە، بگرە خەریکە سنوور دەبەزێنێت و بەرەوە مەشرقی عەڕەبی بچێت، تا دەستوەردان لەو ناوچانەش بکات، کە رۆژگارێک دوا پێگەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بووە، کە دوای دۆڕانیان لە جەنگی جیهانی یەکەم لە زۆرێک لەو ناوچانە پاشەکشەیان پێکرا. دووەمیشیان بریتیە لەو کارتەی کە تورکیا بە بەردەوامی یاری پێدەکات دەکات، ئەویش کارتی گرووپە تیرۆرستیەکانی کە ساڵانێکە لە سوریای هاوسنوری کۆیکردوونەتەوە، جیهان بە گشتی و وڵاتانی ئەوڕپی بە تایبەت پێدەترسێنێت، وەک کارتی فشار بۆسەر ئەوروپا بەکاریان دێنێت تا خواستەکانی جێبەجێبکەن، بەتایبەت لە دابینکردنی کۆمەکی دارایی بەناویی هاوکاری پەنابەرانی سوریا گوایە لە تورکیا داڵدەدراون. بەهاری عەڕەبی بۆ وڵاتێکی وەک لیبیا هاوشێوەی سوریا کارەساتی بەدوای خۆیهێنا، لەو وێرانەی کە رووی کردە ئەو وڵاتە، ئاوارە بوونی چەندین ملیۆن کەس لە دانیشتیوانی بۆ وڵاتانی دەوورووبەر، کوژرانی هەزاران لە خەڵکی سڤیل، ناسەقامگیری و سەرهەڵدانی چەندین رێکخراوی تیرۆرستی هاوشێوەی داعش و ئەوانی دیکە، هەموو ئەمانە بە کوشتنی موعەمەڕ قەزافی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆتاییان نەهات بگرە خراپتربوون. لیبیا دوای قەزافی کرایە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە مێژوویەکان، وە دەستگرتن بەسەر دەرامەتە ئابووریەکانی لیبیا بە تایبەت نەوت و غاز کە لیبیا پێیان دەوڵەمەندە، بۆیەشە دەبینین لە لیبیای وێرانە زیاتر لە کاراکتەرێکی دەولی و ئیقلیمی و ناوخۆیی بڕیاردەدات. ساڵی ٢٠١١ کاتێک باهۆزی شۆڕشی گەلان گەیشتە لیبیا، هەرزوو جلەوی شۆڕشەکە لەدەستی خەڵکی ئەو وڵاتە دەرهێندرا، ئەویش بەهۆی کاردانەوە دڕندانەکەی رژێمی قەزافی و دەستوەردانی دەرەکی ولاتان لە بارودۆخی لیبیا. ئێستا کە هەشت ساڵ بەسەر رووداوەکانی لیبیا تێدەپەڕێت، خاکی ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرە لە هێزەکانی لیوا حەفتەر لەلایەک، کە لەلایەن هاوپەیامانی نێودەولەتی لە ئەمەریکا و روسیا و فەڕەنسا و بە پراکتیکیش لە لایەن ولاتانی میسر و ئیمارات پشتیوانی لێدەکرێت، وە بەرکەی دیکەش کە بە حکومەتی ویفاق ناسراوە، سیراج سەرکردایەتی دەکات و لەلایەن تورکیا و قەتەڕ پشتیوانی لێدەکەن. دابەشبوونی لیبیا لە رووی سەربازی پشتیوانی دەرەکی بەسەر دوو بەرەو، رێکەوتنی بەرەیەکیان لەگەڵ تورکیا دۆخی لیبیا بەرەوە قۆناغێکی تازە دەبات کە چاوی جیهانی کەوتۆتە سەر، با بزانین کە تورکیا دوای ریکەوتنی لەگەڵ سەراج و وەرگرتنی بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی ئایا راستدەکات هێز بۆ لیبیا دەنێرێت؟ ئایا ئەو هێزە کامەیە کە تورکیا بۆ لیبیای دەنێریت؟ وێڕای هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە تورکیا بۆ دەستوەردانی زیاتر لە دۆخی لیبیا وەریگرتووە، بەڵام وەک لە سەرەتا باس کرا، لە ئێستا تورکیا زیاتر هێندەی مەبەستیەتی یاری بە کارتی گروپە تیرۆرستیەکانی سەربەخۆی بکات، مەبەستی نیە هێزی سەربازی تورکیا ڕەوانەی لیبیا بکات، بگرە لەسەر ئەوە دەگیرسێتەوە کە کۆمەکی لۆجستی و سەربازی و چەند شارەزایەکی سەربازی بۆ پشتیوانی سەراج بنێرێت بەس، وەک چۆن لە سوریاش هەر ئەوەی کرد. ئەمەشیان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی تورکیا هەیە، ئەویش بریتیە لەوەی کە بارودۆخی ناو تورکیا لەبار نیە بۆ کوژران و بە کووشتدانی سەربازی ئەو وڵاتە لەوڵاتێکی دوورە دەستی وەک لیبیا، بۆیە پەنا بۆ ناردنی هێزە تیرۆرستیەکان دەبات. دووەمیش ئەویە کە گروپە تیرۆرستیەکان کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، لە سوریا لە ژێر فشاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هێزەکانی روسیا دان، بۆیە دەبێت چارەنووسیان لە لایەن تورکیاوە یەکلابکرێتەوە، باشترین شوێنیش کە تورکیا ئەو هێزانەی بۆ بگوازێتەوە لە ئێستا لیبیایە. تورکیا بە ئەنجامدانی ئەو کارە دەستی دەگاتەوە لیبیا ، بۆ ئەوەی درێژە بە هەڕەشەکانی بۆسەر ئەورپا بدات لە لێوارەکانی دەریا کە هاوسنوورە لەگەڵ فەرەنسا و ئیتاڵیا، وە ئەو گروپانەش لە سنووری وڵاتی میسر نزیک دەکاتەوە کە تورکیا لەگەڵی لە ناکۆکی بەردەوام دایە، بە تایبەت دوای لادانی سەرۆک ئیخوانەکەی میسر کە تورکیا پشتیوانی لێدەکرد. لێرەوە تێدەگەین کە خەونی ئەردۆغان لە لیبیا، خەونێکی سوڵتانە چونکە دەمێکە ئەردۆغان وەک سوڵتانەکانی سەردەمی کۆنی دەوڵەتی عوسمانی بیردەکاتەوە، لە باڵادەستی و دەستوەردانە لەو وڵاتانە کە رۆژگارێک ژێردەستەی ئەوان بوونە، وە ئەو هەنگاوەشی شەڕعیەتدانە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە لە لیبیا و دەریای ناوەڕاست.


 لەتیف فاتیح فەرەج دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر بەرلەوەی ببێتە پارێزگار مامۆستایەكی دەنگ دلێرو پیاوێكی رۆشنبیرو خوێنەواری میلەتەكەمان بوو ، لە زانكۆ یەكێك لەو مامۆستایانە بوو كە خوێندكارو فێرخوازەكانی بە شانازیەوە باسیان دەكردو دەیانزانی چەند لە خەمی پێگەیاندندایە ، پیاوێكی بە دەست و برد و هەمیشە بە تەنگەوە بووی خەڵك بوو ، لە سەرەتای نەوەدەكانەوە لە رێگەی میدیایەوە هەمیشە دەیویست ئازارەكانی خەڵك نیشانی دەسەڵات بدات ، ئەم كاریگەریەی تا ئێستا تیا ماوەتەوە ، ئەو چەند جارێكە هەندێك قسە دەكات ، لێی دەكەن بە هەڵا بێئەوەی سەیری دیوی پشتەوە ی قسەكەبكەن ، ئەوەی كە لەبارەی نەوتەوە وتی رەخنەگرتنێكی رۆژنامەوانیانەبوو لەو دەسەڵاتەی نایەوێت خەمەكانی میلەتەكەی ببینێت و بۆ بانگەشەش ئامێز بۆ خەڵكی تر دەكاتەوە . هەڤاڵ رەخنەی لە دەسەڵاتگرت ، قسەش لەسەر ئەوەی كە خەڵك خۆیان پارە كۆبكەنەوە لە دەخیلەدا دیسان سەرەڕای ئەوەی داوای پشت بەخۆ بەستن لە خەڵك دەكات ، بە خەڵكیش دەڵێت ئەم دەسەڵاتە خەمی ئێوەی نیە ، یان وەك پێویست لە خەمتانا نیە ، من رەخنەم لە هەڵویست و هەست و كەوتەكانی دكتۆر هەیە یان نا ، ئەوەیان بە قەد ئەوە گرنگ نیە بزانین بۆ هەندێ‌ جار ئەو پیاوە بە مەبەست یان بێ‌ مەبەست قسەیەك یان رەوتارێك دەكات و بۆی لە قاو دەدەن . كاتی خۆی كەوەك پارێزگار دەستی كۆسرەت رەسوڵی گرت لە فڕگەی سلێمانی ، لێی كرا بە هەڵڵا لە كاتێكا بە باوەڕی من لایەنە ئەرێنیەكەی ئەو كارە ئەوە بوو كە دەكرێت بەردەوام هاوكاری یەكتر بكەین ، تەنانەت لە خراپترین بارو دۆخیشدا ، دواتر ئەو وەك پارێزگاری شارێك ئەوەی كرد كە كۆسرەت رەسوڵ چەندین ساڵە تێیدا دەژێت ، باشە یان خراپ ، وەك وتم لایەنە ئەرێنیەكەی دەكرێت سەیر بكرێت . ئەركی خەڵك ، دەستەبژێری رۆشنبیر ، ئەوەیە لە كەم و كوڕی و كێماسیەكانی دەسەڵات بێنە دەنگ و پرسیاری ئەوە بكەن ، بۆ نەوت و كارەباو جادەو بان و ئاوی خواردنەوەو خزمەتگوزاری  و داو دەرمان لەو ئاستەخراپ و نزمەدان ، دكتۆریش هەمان ئەو پرسیارەی بە جۆرێكی تر كرد ، بە داخەوە لەبەر ئەوەی ئێمە یەك دیوی شتەكان دەبینین ، ئیدی دەیكەین بە رۆژی خۆمان ، وەك ئەوەی كاتی خۆی پیاوێك دەیویست تۆمەتی بەعسی بوون لە سەر وتارێك بداتە پاڵ هەڤاڵ كە خۆی لە هەشتاكاندا پەلەپڕوزێی ئەوەی بوو چۆن بگاتە بەغداو سەدام لە باوەش بگرێت 


  ساڵح ژاژڵه‌یی     به‌شی‌ هه‌شته‌م      بواری‌ دارایی و کارگێڕی‌      بواری‌ دارایی واته‌ بواری‌ پاره‌. واته‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ داهات و چۆنیه‌تی‌ خه‌رجکردنیه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌رچی‌ هۆکاری‌ پێشکه‌وتنه‌کانی‌ جیهان هه‌یه‌ لە رێگای‌ پاره‌وه‌یه‌. زۆرینه‌ی‌ کێشه‌کانی‌ دنیاش که‌ ئه‌بنه‌ هۆی‌ شه‌ڕو وێرانکاری‌ و کوژرانی‌ مرۆڤه‌کان و تا ئه‌گاته‌ داگیرکردنی‌ وڵاتانیش هه‌ر له‌سه‌ر پاره‌یه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌و بواره‌وه‌ هه‌یه‌.  پاره‌ هه‌تا زۆر بێت باشتره‌ و کاری‌ زۆر باشیشی‌ پێ ئەکرێت. به‌ڵام مه‌رج نییه‌  زۆری‌ پاره‌ هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ پلانت هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجکردنی .  چۆنی بەدەستی دێنێت ، چۆنی خەرج دەکەی ، بۆچی خەرجی دەکەی . کاتێک دینارێکت خەرج کرد، دەبی بزانیت چەندت ماوە . ئەگەر بەم شێوەیە پلان دانەنیی بۆ خەرجکردنی پارە،  دەبی چاوەروانی ئیفلاسبونی خۆت بکەی . پیشینان وتویانە ئەو پارەیەی بە عەرەقی ناو چەوان پەیدا دەکرێت قەدری زۆرە ، ئەوەشی بە خۆرایی دەست دەکەوێت ، قەدری نییەو زوو لە دەست دەچێت. زۆربەی ئەو دەولەمەندانەی دەمرن و پارەی زۆر بو نەوەکانیان بە جێدێلن و ئەوانیش عەرەقیان بە پەیدا کردنیەوە نەکردوە، دوای ماوەیەکی کورت نامێنێت. کەواتە گرنگترین شت لە بواری پارەدا کە دەبێ گرنگی پێ بدرێت ، پلان دانانە بو ئیدارەکردنی.  سامان و داهاتی بزوتنەوەی گۆران بەم شێوەیە بوە:  لە سەرەتاوە بەرێز کاک نەوشیروان 10 ملیۆن دولاری لە بەرێز مامجەلال وەرگرت. ئەو پارەیەش بەزۆری لە دامەزراندنی سایت و رادیۆ و چاپخانەو دروستکردنی بینای تەلەفزیۆن و دامەزراندی تەلەفزیۆنەکەو دروستکردنی هەندێ بیناو دابینکردنی موچەو مەسروفات بۆ ستافی بەریۆەبردنی ئەم دام و دەزگایانە خەرج دەکراو شتێکی ئەوتۆی لێ نەمایەوە .     کاتێک ‌ گۆڕان به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ کرد له‌ 25/7/2009 بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ مانگانه‌ بڕی‌ 600 ملیۆن دینار وه‌کو بودجەی حیزب بەپێی کورسییەکانی پەرلەمان هاوکاری‌ له‌ حکومه‌ت وه‌رئه‌گیرا. به‌ڵام زۆرینه‌ی‌ ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ بواری‌ ئیعلام و به‌ڕیۆه‌بردنی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ خه‌رج ئه‌کراو زۆری‌ لێ‌ زیاد نه‌بو.  به‌ڵام که‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان گه‌شه‌ی‌ کردو مه‌کۆی‌ شارو شارۆچکه‌کان دامه‌زرێنران، گۆڕان گەورەتر بوو، خه‌رجییه‌کایش زۆر زیادی‌ کرد. گۆڕان پێویستی‌ به‌ پاره‌ی‌ زۆر هه‌بوو بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی‌ کاروباره‌کانی‌. زیاد له‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ که‌ پێشوتر باسم کرد. هه‌رچی‌ داهاتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوو کۆمه‌ک و هاوکاری‌ هاوڵاتیان بوو. سه‌رده‌مانێک پاره ‌بە لێشاو له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ئه‌هات بۆ گرده‌که‌. خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ دڵسۆز بوو ده‌غیله‌ی‌ مناڵه‌کانی‌ ئه‌شکاندو ئه‌یکرده‌ دیاری‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ ی‌ گۆڕان.  هه‌موو ئه‌و بینایانه‌ی‌ که‌ بۆ گۆڕان کڕاون یان دروستکراون. به‌ کۆمه‌ک و هاوکاری‌ گۆڕانخوازان و که‌سانی‌ به‌ ئه‌مه‌ک و دڵسۆزی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ هاتونە بەرهەم ، که‌ ئێستا بونه‌ موڵکی‌ کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ خه‌رج کردنی‌ بکه‌ین به‌ شێوه‌یه‌کی‌ زۆر خراپ به‌ڕێوه‌براوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ گومانی‌ زۆریش دروست بوه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ خه‌رجکردنی‌.  زۆرینه‌ی‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ وه‌کو هاوکاری‌ بۆ گۆڕان هاتوه‌. سه‌رچاوه‌ی‌ داهاته‌که‌ واته‌ خاوه‌نی‌ پاره‌که‌  ئاشکرانەکراوە . راسته‌ ئه‌و کاته‌ خه‌ڵک له‌ سزادانی‌ پارتی‌ و یه‌کێتی‌ ئه‌ترسان و که‌ پاره‌یان ئه‌هێنا ئه‌یان وت ناومان مه‌هێنن، له‌ حساباتدا نوسراوه‌ ئه‌م بڕه‌پاره‌یه‌ له‌ لایه‌ن فڵانه‌ کەسه‌وه‌ گه‌یشتوه‌. به‌ڵام خاوه‌نی‌ پاره‌که‌ نه‌نوسراوه‌. گوایه‌ ناوی‌ ئه‌وانه‌ پارێزراوه‌و که‌سانێک هه‌ن ئه‌زانن. منیش به‌ باشی‌ ئه‌زانم هه‌مومان ناوی‌ ئه‌وانه‌ نەزانین که‌ پاره‌یان هێناوه‌ له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ خۆیان.  به‌ڵام کی‌ ئه‌ڵێ‌ ئه‌و که‌سه‌ی‌ که‌ پاره‌که‌ی‌ بۆ گرده‌که‌ هێناوه‌. هه‌موی‌ ته‌سلیم کردوه‌و هیچی‌ بۆ خۆی‌ لانه‌داوه‌؟ ئایا لیژنه‌یه‌کی‌ متمانه‌ پێکراو هه‌بوه‌ به‌دواداچون بۆ ئه‌وه‌ بکات؟ هه‌موو شتێک له‌سه‌ر متمانه‌ رایی‌ کراوه‌و هه‌رگیز متمانەش‌ له‌ پاره‌دا نییه‌ ‌. خۆ هیچ نەبێت دەبێ رێکخەری گشتی بزانێت و ناوی هەموو ئەوانەی لابێت کە پارەیان بۆ گردەکە هێناوە ئەگەر کار بگاتە سەر ئەوەی بە دواداچون بکرێت، بەلام من بروام نییە ئەویش بزانێت. هه‌ڵه‌یه‌کی‌ تر یان با رونتر بڵێین گۆمانێکی‌ تر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ خه‌رجکردنی‌ پاره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌دواداچون لێپرسینه‌وه‌ نه‌کراوه‌ له‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رج کردنی‌. بۆ ئەوەی بزانرێـت چۆن و بۆکێ و بۆچی‌ خه‌رج ده‌کرێـت. ده‌بوایه‌ سه‌ری‌ هه‌موو مانگێک حساباتی خیتامی ‌ ورد بکرایە. ئه‌و کات به‌ ئاسانی‌ که‌موکورتییه‌کان ده‌رئه‌که‌وت.  به‌ڵام تۆ بێی دوای‌ دوو ساڵ حسابات بکه‌یت و لەو ماوەیەشدا هیچ لێپرسینەوەو بەدواداچونێک نەکرابێ،‌ به‌ هه‌زاران ئاڵم و ساتم ئه‌کرێت و هه‌ر دیاریش نابێت که‌م و کورتی ‌لەکوێدایە. بۆ نمونه‌ موه‌لیده‌یه‌کی‌ کاره‌با ده‌کڕن و بڕی‌ 50 وه‌ره‌قه‌ زیاد ئه‌نوسن و که‌س نییه‌ به‌دواداچون بکات.  دوای 6 مانگ ئەگەر بە دواداچونیش بکەیت،  دەلێ ئەو کاتە نرخ ئاوابوو . لیژنەی موشتەرەیات هەیەو ئیمزا لەسەر کرینی کەل و پەلەکان دەکەن. بەڵام ئایا تەنها ئەوە بەسە ؟. لیژنەکە کێن و کێ دایناون ؟.  بەلام روژێک لە رۆژان کەسێک چوو بە دواداچون بکات  وەسلی کرینی  دوو کۆمپیوتەر یان یەک تاقم قەنەفە لەگەل خۆی بەرێت بۆ ئەو شوینەی کە لێیان کریوەو دواجاریش بچن لە شوێنێکی تر نرخی ئەوانە بپرسن ؟. هەر هیچ نەبێت بۆ تاقیکردنەوەی ئەوکەسانەی کەئەم بەرپرسیارێتییەیان پێسێردراوە بەتایبەت بۆ هێزێک کە بانگەشەی دژایەتیکردنی گەندەڵی دەکات، بەدلنیایی ئەوە نەکرا و لەبری ئەوە فیلی واکراوە کە بۆ گێرانەوە ناشێت. دەبێ ئەوە بزانین کە لیژنەی کرینی کەلوپەل بۆ گردەکە لە ماوەی 10 سالدا، خەرجییەکانی ملیار دیناری تێپەراندوە.  ئایا کەسێک هەبوە  لە گردەکەو سەردانی دوان یان سیان لەوانە بکات  کە کۆمەکیان بۆ گردەکە هێناوە ، بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو برە پارەیەی کە ئەمانە ناردویانە بو گردەکە ، وەکو خۆی گەیشتوە؟ بەدڵنیایی ئەوەش نەکرا. چەن پارە لەو گردە خەرجکراوە ، هیچ کەسێک بە دواداچونی بۆ نەکردوەو کەوتوتە سەر ویژدانی ئەوانەی پارەکەیان خەرجکردوە. ئەوەش دەزانین ویژدان لە بواری پارەدا زۆر کەمە. قسەو باسی ئێستا هەموی لەسەر گەندەڵی و تاڵانی بەرپرسە حیزبیەکانە. قابیلە گۆڕانخوازانی گردەکە لەئاوی حەیات پاکتربن و لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتبن و هیچ گومانیان لەسەر نەبێت.  ئه‌م نمونه‌یه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو که‌سێک گومانی‌ هه‌بێت له‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجکردنی‌ پاره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: که‌سێک به‌رپرسی‌ کاره‌با بوه‌  لە گردی زەرگەتە . ئەو کەسە فەرمانبەری  فەرمانگەی کارەبا بوەو  موچەی خۆشی هەبوو، لە گردەکەش موچەی هەبوو. ئەم زاتە مونەسیقی نێوان گردەکەو دائیرەی کارەبا بوو. مانگانە پارەی کارەبای لە گردەکە وەرگرتوە گوایە تەسلیم بە دائیرەی کارەبای دەکات. دوای ماوەیەکی زۆر فەرمانبەرێکی دائیرەی کارەبا دەچێتە گردەکەو پێیان دەڵێت: بۆچی ئێوە پارەی کارەبا نادەن ؟. ئەوانیش دەڵێن چۆن پارەمان نەمانداوە ؟. ئێمە مانگانە لە کاتی خۆیدا پارەمان داوە ‌.  ئەویش دەڵێت ئێوە بری 157 ملیون دینار  قەرزدارن. دوای ئەوەی ئەوە ئاشکرا دەبێت کابرا بانگ دەکەن و کەمێکی ئەو پارەیەی داوەتەوەو زۆرەکەشی خواردو ئێستا وەک بەرزەکی بانان دەسورێتەوەو ئەو سوارو خەلکیش پیادە.  کارەسات ئەوە نییە ئەو پیاوە پارەکەی بردوە، کارەسات ئەوەیە بەشی ژمێریاری ئەوەندە بێ ئاگابێت فێلی ئاوای لێبکریت. ئەی نابێت بەرپرسی دارایی کە پارەی  تەسلیم بەو کەسە یان هەر کەسێکی تر بکات، داوای پسولەی لێبکاتەوە؟.  کاتێک دامەزراوەت نەبێت ، لێپرسینەوەش نابێت ، کاتێک لێپرسینەوەش نەبێت ، فێڵی  ئاوات لێدەکریت.   کارمەندێکی تەلەفزیۆنەکە بری 17 ملیۆن دیناری وەکو سلفە وەرگرتوە بۆ ئەوەی شوقەی پێ بکرێت (تەبعەن ئەمە بۆ هەموو کەس نەبووە بۆ کۆمەڵێ خەڵکی دیاریکراو نەبێت) بەو مەرجەی مانگانە 500 هەزار بداتەوە . لە هەمان کاتدا  ئەم کارمەندە  مانگانە لە تەلەفزیۆنەکە بری 500 هەزاریشی وەرگرتوە بو کرێی خانو. دوای سەیر دەکەن مانگانە 500 هەزار دینارەکە ناداتەوە  وەکو پێشتر لە سەری رێککەوتون. سەرەرای ئەوەش مانگانە 500 هەزار وەکو کرێی خانو بەردەوام  وەردەگرێت .    دوای زەمانێکی دوور ئەمە ئاشکرا دەبێت چونکە وەکو لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد کەس بە دواداچونی نەکردوە. گرنگ ئەوەیە خەلک پارە بێنێت و ئەمانیش خەرجی بکەن. دوایی کابرا چەند ملیونێک دەداتەوەو کەس لە باقیەکەی ناپرسێتەوە، تەلەفزیۆنەکە هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە زۆرترین گەندەلی تێدا کراوە، لەکاتێکدا شەو و ڕۆژ باسی گەندەڵی دەکرد بەڵام دوایی دەرکەوت خۆی بوئرەیەکی گەورەی گەندەڵی بوو. هەر بەم نمونانەی  کە لە سەرەوە باسمکردن ، دەردەکەوێت  کاک مستەفای سەید قادر وەک بەرپرسی دارایی  ئاگای لە چۆنیەتی خەرجگردنی پارە نەبوە .   له‌ کاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک له‌ گرده‌که‌ خه‌نی‌ بون به‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ زۆریان ده‌خرایه‌ به‌رده‌ست و که‌سیش حساب و کیتابی‌ له‌گه‌ڵ نه‌کردون. یان چۆنیه‌تی‌ پێداویستی‌ هه‌ڵبژاردن یان کڕینی‌ که‌لوپه‌ل و پێداویستی‌ باره‌گاکان. گومانی‌ تێدا نییه‌ پاره‌یه‌کی‌ زۆر به‌ هه‌ده‌ر دراوه‌، هەمووشی پارەی خەڵکبوو. ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسی‌ خه‌رجکردنی‌ پاره‌ بون به‌ ئاره‌زوی‌ خۆیان کێیان خۆش ویستبێ پاره‌یان بۆ خه‌رج کردوه‌و پیاوەتییان بەسەر ئاوی حەمامەوە کردوە . به‌ڵام زۆر که‌سیش زۆر فه‌قیر و داماو بوه‌و که‌سیش لای‌ لێنه‌کردۆته‌وه‌.  بۆ چۆنیه‌تی‌ خه‌رج کردنی‌ پاره‌ له‌ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ تا بڵێی گوماناوییه‌و ئه‌گه‌ر که‌سانی شاره‌زا به‌ مه‌به‌ستی‌ ده‌رخستنی‌ راستییه‌کان پێداچونه‌وه‌ی‌ ورد بکه‌ن. زۆر راستی‌ ده‌ر ئه‌که‌وێت. کەسانێک هەبون  بەرپرسی گەورەیان لە گەندەلی هەندی کەس ئاگادارکردۆتەوە. لە بری ئەوەی بە دواداچون بکات و لێپرسینەوە بکات، وتویەتی شەڕم بۆ دروست مەکەن بچن بە فڵانە کە س بڵێن . خەلک هەیە  پێش ئەوەی بێتە گردەکە خاوەنی هیچ نەبوە ،‌   ئێستا باشترین خانو و باشترین مۆدێلی‌ سه‌یاره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆخۆیی و مناڵه‌کانی‌. که‌س نییه‌ بپرسێت ئایا ئه‌مەت‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بو باری‌؟ .  خه‌ڵک هه‌یه‌ دوو ملیۆن دینار موچه‌که‌یه‌تی‌ و 6 حیمایه‌ی‌ هه‌یه‌ و له‌ گرده‌که‌ش یه‌ک ملیۆن دینار وه‌رئه‌گرێت هیچیش بۆ گۆڕان ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە جڤاتی‌ گشتی‌ ‌ پارە لە ئەندامەکانی‌ وەرئەگرێت بۆ خەرجی‌ رۆژانە زۆرجاریش بۆ کرێی خانو.  ئه‌و کاته‌ی‌ کاک مسته‌فا به‌رپرسی‌ ژووری‌ دارایی بوو. کاک کوردۆ قاسمی‌ ره‌حمه‌تی و کاک عومەری سەید عەلی ‌ زۆر ته‌کلیفیان‌ له‌ کاک ئاوات به‌هادین کرد که‌ له‌ بەشی کارگێری و دارایی کاربکات.   چونکه‌ وه‌کو که‌سێکی‌ ده‌ست پاک و دڵسۆز ناسرابوو. قسەو باسی زۆریش لەسەر گەندەلی ناوگردەکە دەکرا .  دوای دوو مانگ  رازی‌ بوو که‌ ببێته‌ به‌رپرسی‌ به‌شی‌ کارکارگیڕی‌ و دارایی.  ئه‌و کات رێباز حه‌ملانیش لەو بەشە  ئیشی‌ ئه‌کرد. کاک مسته‌فا دەستبەجێ  فه‌رمانێکی‌ بۆ رێباز ده‌رکردو کردی‌ به‌ جێگری‌ خۆیی و سه‌لاحیه‌تی‌ خه‌رج کردنی‌ 5 ملیۆن دیناریشی‌ پێدا. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و ژووره‌ به‌پێی یاسا جێگری‌ نییه‌. کاک ئاوات به‌هادین ئه‌وه‌ی‌ بۆی‌ مایه‌وه‌ حسابات بوو له‌گه‌ڵ چایخانه‌که‌.  هەموان دەزانن کاک ئاوات کەسێکی ئەمین و دەست پاک بووە.  بریارەکەی کاک مستەفا بۆ دانانی رێباز وەکو جێگری خۆی و پێدانی دەسەڵاتی خەرج کردنی 5 ملیون دینار وەکو کاردانەوە وابوو بەرامبەر بە بڕیاری هێنانی کاک ئاوات بۆ ئەو شوێنە. بەڵام وادەردەکەویت کاک مستەفا بە هێنانی کاک ئاوات خۆشحال نەبوبێت. له‌ هه‌موی‌ سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوای‌ کردوه‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت بۆ کاروباری‌ چاکسازی‌ وه‌رگرێت. ئه‌و پۆسته‌ هه‌ر نه‌بوه‌و به‌ نیازبون بۆیان داتاشن و پۆسته‌که‌ش بۆ مامۆستا جه‌لال بێت. به‌ڕاستی‌ زۆر سه‌یره‌ خه‌ڵک نه‌توانێت دوای‌ چه‌ندین ساڵ له‌ ماڵه‌که‌ی‌ خۆی‌ چاکسازی‌ بکات، چۆن دە‌توانێت له‌ ژێر سێبه‌ری‌ پارتی‌ و یه‌کێتی‌ چاکسازی‌ بکات.  ئەوان نەتوانن کاروباری  دارایی گردێک ڕێکبخەن کە هیچ بوارێک بۆ گومان و گەندەخۆری نەهێڵێتەوە، ئەوەندە بێسەروبەربن ئاگایان لە حساب و کیتاب نەبێ و شتێک نەبێت بەناوی لێپرسینەوەوە، ئەتوانن لە حکومەتێکدا کە تا بینەقاقای لەگەندەڵیدا نوقمبووە چاکسازی بکەن؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە هەر خۆیان بیزانن!. وەک باسمکرد ئەو کاتەی کاک مستەفای سەید قادر بەرپرسی ژووری دارایی بوە ، کاروبارەکان بە هەرەمەکی بەرێوەبراون، پرسینەوەو بەدواداچون نەکراوە. کاک مستەفا بەناو بەرپرس بوەو هەموو کارەکان رێباز ئەنجامی داون. ئەو تەنها پارەی تەسلیمی رێباز کردوەو هیچی تر . رێباز حەملان دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی هەبوەو نە کەس بەدواداچونی بۆ کارەکانی کردوەو نە کەسیش پرسینەوەی لەگەل کردوە.   خۆزگە ئێستا بارودۆخیک بێتە ئاراوەو داوابکرێت کاتی خۆی کێ هاوکاری گۆڕانی کردوە با پسولەی ئەو پارەیەی کە داویەتی بە گۆڕان بیگێڕێتەوە بۆ ئەوەی  پارەکەی وەرگرێتەوە، ئەو کاتە دەرئەکەوێت چی فەزاحەت و پارە خواردنێک ڕوویداوە.  تا ئەو کاتەی کاک ئاواتی شیخ جەناب دەست بەکار بوبێت وەکو بەرپرسی ژوری دارایی ، کاک مستەفای سەید قادر لە تەواوی کەم و کورتییەکان بەرپرسیارە. بەڵام دوای ئەوەی کاک ئاواتی شیخ جەناب بو بە برپرسی ژووری دارایی و کارگێری بارودۆخەکەی گۆڕی و باشتر کارو بارەکانی رێکخست و پرسینەوەو بەدواداچونیشی دەست پێکرد. بەڵام وەکو دەلین( بعد خراب البصرە) واتە دوای ئەوەی پارەی بزوتنەوەکە زۆر کەمببوە خەریک بوو چۆڕەبڕ دەبوو، جاران خەلک خۆی پارەی دەهێنا. بەلام لە سەردەمی ئەودا دەبوایە سوال بکرایەو دەست لەخەلک پان بکرایەوە. بەڵام بەهەر حال ئەوەی پێیکرا کردی. قسەی هەق دەبێت بکرێت جا لەبەرژوەندی کێیەو  بەزیانێکی کێیە گرنگ نییە.


هێمن کەریم "قۆناغی شەری راستەوخۆ" لەوتاری پێشومدا ئاماژەم بەوەدا، کە ناوچەکە گەرمەوە ناکرێت بارودۆخی عێراق ساردبێت، شەری وەکیلەکان لەناوخۆی عێراقدا دەستپێدەکات و پێدەچێت شەقامی عێراقی بکەوێتە کێشەی مەزهەبی و دابەش بوونی شیعە بەسەر هەردوو جەمسەری ئەمریکی و ئیرانیدا بێتەئاراوەو دەمامکەکان لاببردرێن، هەروەها شەری ناراستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بەخێرای هەنگاو بنێت. ئیستا بەکەمترین کات عێراق لەناو بارودۆخەی شەری ناراستەخۆی ئاشکرای وەکیلەکانی ئێران و ئەمریکا دەستی پێکردوەو قۆناغی دابەش بونی شیعەش بەسەر ئێران و ئەمریکا لەدەرکەوتندایە، دان بەخۆداگرتنی ئەمریکا لەم دۆخەدا هێشتا چاوەروان کراوە نایەوێت خۆی تەنها ئەو رۆڵەبگێرَت، ئیدی کە ئێسا جۆڵەی راستەوخۆی ئەمریکا لەدژی ئێران لەناو عێراقدا دەستی پێکردوە، مانای وانیە تەواو نیەتی جوڵەگشتیەکەبێت، چونکە لای ئەمریکیەکان عێراق دەتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت ، هەڵبەتە گەربیەوێت، ئەمەش ئەو گومانەیە کە بۆ ئەمریکا هێشتا دەیەوێت عێراق لەمبازنەیە ئێرانیدا بەردەوانبێت؟. زۆرێک لەوچاودێرانەی کە بەئاگان لە لێدوانی بەپرسانی ئەمریکاو ئێران لەسەرئەوەکۆکنین ، کەئەمریکا ئەم گرژیە نەقۆزێتەوە، بەڵام بەتێروانینی من ئەمریکا تائەم ساتە لەراوێژی ناوخۆیدایە کە چۆن راستەوخۆ خۆی هاوپیەمانەکانی داخڵی ناکۆکیەکانی عێراق بێت و بەرەسمی بێتەوە ناو ساحەکەو بەراستەوخۆ لەدژی ئێران جوڵەی سەربازی لەدژی میلیشیاکانی سەربەئێران لەناو عێراقدا دەست پێبکات، نەک تەنها خۆی. رونە کە ئێران تائێستا نایانەوێت شەری راستەوخۆ لەدژی ئەمریکا لەعێراق هەڵگیرسێنێت، هەرچی ئەمریکایە واپێناچێت ساڵی 2020 بەبێ دەنگی ئەم دژایەتیەی ئێران لەناو خاکی عێراقدا قبوڵبکات، بۆیە واپێشبینی دەکرێت کە شەری راستەوخۆی ئەمریکا لەدژی ئێران بکەوێتە ساڵی 2020وە بەڵام هەرخۆی نا (هەوڵی هێنانی هاوپەیمانانیشی دەدات) . بۆنموونە لە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لەکەرکوک، ئەمریکا بەوەهاتەجواب کە ئێران هێرش دەکاتە سەرکۆی بنکەهاوپەیمانەکانی ئەمریکا نەک تەنها ئەمریک، بۆیە هێرشی توندی دایەوە و دەستی نەپاراست لەحەشدی عێراقی و تا لوبنانیش پەلی کێشاوە لەدژی ئێران. ئەم روداوەو هێرشانەی ئەمریکاو ئێران لەدژی یەک لەعێراقدا، هۆکاری ئەو خۆپیشاندانانەی ساحەی تەحریری بەغدانیە، بەڵکو هەنگاوە خێراو دژایەتیە بەپەلەکان هۆکاری ئەوەن، وەلێ روونە ئەم یان ئەو ئیقلیم و نێودەوڵەتی هەریەکەو دەیانەوێت ئەو خۆپیشاندانە بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە. ئەمریکا ئیتر دۆخەکە دەخاتە قۆناغی گشتی و ئێران بەوە تۆمەتباردەکات، کە ئەوەی ئێران دەیکات لەعێراق و کۆی ناوچەکە، تەنها دژی ئەمریکا نیە بەڵکو دژی هەموو هاوپەیمانانی ئەمریکایە لەعێراق، ئەم قۆناغەش راستەوخۆ قۆناغی سەردەمی ئازادکردنی عێراقە لەدەستی سەدەم حسێن ، واتە ئەمریکا نیازیەتی دووبارە زاراوەی (ئازادکردنی) عێراق بخاتە رستەوە لەدژی ئێران و میلشیاکانی نزیک لەئێران لەعێراق و کۆی ناوچەکە، هەرئەمەشە سەرلەنوێ پێشبینی ئەو جەنگە دەکرێت کە لەعێراق روبدات. بەپوختی دەرکەوتەی نوێ لەناوچەکەدا روودەدات ، شەری ناراستەخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامی دەبێت، ئەوەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەناو ئەنجومەنی پیران کە دەڵێن "پێویستەدان بەخۆماندا بگرین لەبەرامبەر ئێران، دەشزانین کە لەم ساڵانەی دوای ئێران تەواو عێراقی کردوە سەربازگەی خۆی". نیشانەی ململانێکە لەناوچەکەدا ئەگەری هەوڵدانە بۆ شەری راستەوخۆ کە لەئێستادا ناراستەخۆیە ئەوەی دەگوزەرێت ، شتێک نەماوتەوە بەناوی سەروەری عێراق و ململانێکانی ئەمریکاو ئێران لەناو عێراقدا کەوتۆتە ناو شەقام و کۆڵانەکانی شارەکانی عێراقەوە، دورنیە لەهەر چرکەساتێکدا ئەگەر کاولکاری گەوەرە روبدات و ئەمریکاش لەم شەرە ناراستەوخۆیە خۆی وەک قوربانی پیشان دەدات تا دواجار بەدورنیە بەکۆی هاوپەیمانەکانی بێنەوە عێراق و شەری راستەوخۆی ئێران بەرپابکات لەکۆی ناچەکە.


چیا عەباس بەشی دوەم:  گرێکوێرەکەی گۆڕان و کاک نەوشیروان  کاک نەوشیروان لە سەرەتای دروستبونی کۆمپانیای وشە لە گەڵ چوار دۆستی ( ئەو چوار بەرێزە لە ژیاندا ماون و لە دامەرێنەرەکانی گۆڕانن) باس لە شێوازی رێکخستنەوەی یاسایی موڵکەکان دەکەن. لەو ساتەدا سەد لە سەدی پشکەکان لە سەر ناوی کاک نەوشیروان بو، پێشنیاز بۆ دۆستەکانی دەکات پشکەکان بە رێژەی ٢٠ لە سەد بەسەر هەر پێنجیان دابەش بکرێت تا ئایندەی کۆمپانیای وشە بە یەک کەسەوە گرێ نەدرێت، بەشداربوان ئەو پێشنیازە قبوڵ ناکەن و راشکاوانە بە کاک نەوشیروان دەڵێن تۆ شوێنی متمانەی ئێمەیت و با بەناوی خۆتەوە بمێنێتەوە، هاوکات دەڵێن باشتریشە بیر بکرێتەوە موڵکداریەتیەکە بخرێتە سەر ناوی رێکخراوێک، بەهۆی گەلێک هۆکارەوە، لەوانە یاسایی و دژایەتی سیاسی دەسەڵات بۆ کاک نەوشیروان و دۆستەکانی، ئەم پێشنیازە نەچوە بواری جێبەجێکردنەوە. گۆڕان تا بەشداربونی لە حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٤ بە کۆمەک و قەرز گوزەرانی کردوە، لەو بەینەدا سەدان هەڵسوراوان نانبراو کران، سزادران، لە کار دەرکران و دورخرانەوە. دەستەی بەرپرسانی ئەو سەردەمەی گۆڕان، کە بەشێکیان لە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان بون بە پلەی وەزیر و باڵا خانەنشین کرابون و بەردەوام پارەی خانەنشینیان وەردەگرت، لە نێوان خۆیان ریك دەکەون کە مانگانە یارمەتی نانبراوەکان بدەن، دوای ٣٢ مانگ دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر کەم، ئێستا بەشێکیان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی گۆڕانن، ئەو ئەرکەیان جێبەجێکردبو.  هەرچۆنێک بێت کاک نەوشیروان و چەند دۆستێکی دڵسۆزی لێرە و لەوێ دابینی پارە بۆ گۆڕان دەکەن. ئەم دۆخە تا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام دەبێت، ئەو كاتەی کاک نەوشیروان بەهۆی ئاڵۆزبونی باری تەندروستیەوە رو لە دەرەوەی وڵات دەکات. بەهۆی خراببونی باری تەندروستی و دوری لە وڵات و کاڵبونەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ زۆربەی هاوکارەکانی لە کوردستان کاک نەوشیروان کەوتە نێو چوارچێوەی بازنەیەکی بچوکی داخراو بۆ بەرێوەبردن و کارەکانی بزوتنەوەکە لە دورە وڵاتەوە. دو کورەکەی کاراکتەری بنەرەتی ئەو بازنەیە بون. ئەم دو زاتە شورایەکی قایمی داخراویان  لە دەوری باوکیان دارشت و بەو شێوازەی خۆیان پێیان باش بو جڵەوی هاریکاری و یارمەتیان لە ئەرک و کارەکانی باوکیان گرتبوە دەست. لەم دۆخەدا  کاک نەوشیروان دوچاری دابران و پچڕپچربونی زیاتری پەیوەندیەکانی لە گەڵ هاوکارەکان و دۆستەکانی، تەنانەت کەسایەتی وهێزە سیاسیەکانیش، کرایەوە.  بەندە لەو ساتە سەختانەدا بۆ ماوەی مانگێک، تا کۆتایی ٢٠١٦، لە گەڵ کاک نەوشیروان بوم لە ماڵەکەی لە لەندەن. سەرەرای ئەوەی بەهۆی ئازار و بێ هێزی و ماندوبونی جەستەیی نەیدەتوانی بۆ چەند چرکەیەکیش بە ئیستراحەت دابنیشێ، بەڵام لە سەر خواستی خۆی ناو بە ناو چەند دۆست و گروپی هەڵسوراوان سەردانیان دەکرد، قسە و باسی چروپری لە گەڵیان دەکرد، تێبینیم دەکرد دڵی بەو سەردانانە خۆشبو، چونکە کەش و هەوای تەنیایی و دابرانیان دەشکاند.  دۆستێکی زۆر نزیکم بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکردم و داوای لێدەکردم داوا لە کاک نەوشیروان بکەم مانیفێستی گۆڕان دارێژێت، تا نەوەکانی ئایندە بزانن گۆڕان و ناسنامەکەی و گۆڕانبون و کاری گۆرانخوازان چین. چەندین جار ئەم بابەتەم لە گەڵ خوالێخۆشبو دەوروژاند، ئامادەیی خۆم پیشاندا بۆ ئەو مەبەستە هەمو هاریکاریەکی بکەم، بەڵام ئەو لە هەمو ئەو هەوڵانەمدا بێدەنگ و بێ وەڵام بو. ئەمە بۆ خۆم مایەی سەرسورمان بو، لە دوا مەتافدا لێم پرسی بۆچی بێ وەڵامە، گوتی: ئەم نامەیە بخوێنەوە، نامەی ماڵئاوایی بو لە گۆڕان، نوسیبوی: ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و نیشتمانی خۆم جێبەجێکردوە، ئیتر کاتی ئێوەیە کارەکان رێک بخەن و بەرێوەیان ببەن. تێگەیشتم گەیشتبوە قەناعەتی تەواو کە رۆڵی پراکتیکی ئەو کۆتایی هاتوە و بە هاوکارەکانی دەسپێرێت. پێم گوت: لە بیرتە لە یەکەم کۆبونەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە شارەکانی کوردستان لە مەکۆی سەرەکی کە هێشتا جڤاتی نیشتمانی دروست نەبوبو و ئەم هاوکارانەی ئێستا هەمو بەشدار بون و داواشت لە من کرد بەشدار بم، ئەوەبو دوای کۆبونەوەکە پرسیاری هەڵسەنگاندنی منت بۆ کۆبونەوەکە کرد، منیش گوتم هەمو خەڵکی زۆر باشن ئەوەی تێبینیم کرد ئاگابونیان لە یەکتر و هەماهەنگی نێوانیان زۆر لاوازە، لە وەڵامدا پێت گوتم: راستە خەڵکی باشن، بەڵام من لە گەڵ بەشێکیان ئەزمونێکی درێژم هەیە، هەر بوارێکیان بۆ برەخسێت یەکسەر یەک و دو سەردەنێن بەیەکەوە خەریکی تەکەتول و لاوازکردنی یەکتر دەبن، من لە ژیانی سیاسیمدا بەدەست ئەم دیاردانەوە زۆر ئەزیەت دراوم و روبەروی کێشەی گەورەیان کردومەتەوە... بریارم دابو لە گۆڕاندا تا بتوانم رێگری لەم دیاردانە بکەم، ئەوەی هەیە خۆم دەتوانم ئیدارەی بکەم، بۆ نمونە کاک قادر و عوسمان و سالار لە گۆڕان دورکەوتنەوە، سەید عومەر هەوڵێکی زۆری دا تا تەبایی دروست بێتەوە و بەیەکەوە کار بکەین، ئەوەمان کرد، کەچی ئێستا شەو و رۆژ کەوتۆتە رێگریکردن لە کارکردنی ئەو برادەرانە. بەهۆی دۆخی ئێستامەوە تاکە رێگەی بەردەمم راسپاردنی ئەو برادەرانەیە هەوڵ بدەن کارەکانی گۆڕان بەیەکەوە بەرێبکەن، پێشتر دەمزانی  کاک نەوشیروان مەبەستی نەبو بەشێک لەو هاوکارانەی لە دروستکردنی خانەی راپەراندندا بەشدار بن، ئەوەی لە لەندەن گوتی زادەی ناچاریەکی سەرسەخت بو.  دوای گەرانەوەم بۆ هۆڵەندا پەیوەندیم بە بەرێز سید عومەر کرد، باسی دۆخی تەندروستی رێکخەری گشتیم بۆ کرد و داواشم لێکرد باشترە سەردانێکی بکات، لە وەڵامدا یەکسەر داواکەی رەتکردەوە. لەو هەوڵەم بەردەوام بوم، بۆیە پەیوەندیم بە بەرێز مامۆستا جمال کرد و باسی هەوڵەکەم و وەڵامی سید عومەرم بۆ کرد، داواشم لێکرد هەوڵی لە گەڵ بدات تا بەیەکەوە سەردانی کاک نەوشیروان بکەن، مامۆستا بەڵێنی دا چی پێ بکرێت بیکات، دوای دو سێ رۆژ ئاگاداری کردم کە سەید عومەر بە تەنیا سەردانی کاک نەوشیروان دەکات. ئەگەر هەڵە نەبم لە مانگی فێبرواری ٢٠١٧ سەید عومەر دەچێتە لەندەن، لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبونی دو دۆستی دێرینی هەر دوکیان ( لە ژیاندا ماون)  باسی موڵکەکانی کۆمپانیای وشە و گۆران دەکرێت. ناوەرۆکی باسکردنەکە جێدەهێڵم بۆ ئەو بەرێزانەی ئامادەی دانیشتنەکە بون، هیواادرم بێنە سەرخەت و قسەی خۆیان بکەن. ئەوەی لای من ئاشکرایە کاک نەوشیروان لەو ساتەدا لە گەڵ رونکردنەوەی هۆکارەکانی ناچێتە ژێر باری یەکلاییکردنەوەی پرسی موڵکەکان بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، جەخت دەکات لەوەی ئەو موڵکانە موڵکی گشتین و دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێن.  دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و دەرکردنی قەسامی شەرعی موڵکەکان بەناوی وارسەکانی کاک نەوشیروان ەوە نارەزاییەکی بەرفراوانی رەوا لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و جەماوەرەکەی بەرپابو. گواستنەوەی موڵکی گشتی، بێ بەرچاورونی چۆنیەتی بەکارهێنان و ئیدارەدان و سەرفکردنی، لە سەرکردەیەکەوە بۆ وارسەکانی، تایبەت سەرکردەیەکی وەک کاک نەوشیروان، کارێکە لە گەڵ پرەنسیپەکانی چاکسازی و گۆرانکاری و مێژوی خودی کاک نەوشیروان یەک ناگرنەوە. لەو ساتەوە تا ئەم چرکەیەش ئەمە یەکێکە لە گرێکوێرە گەورە و ئاڵۆز و کێشەدارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. هاوکاتیش بۆتە زەمینیەکی لەبار بۆ هەوڵەکانی هێرشکردنە سەر کاک نەوشیروان و لاوازبونی بەرچاوی بزوتنەوەکە. کاتێک گۆرانخواز و هەڵسوراو و دۆست و جەماوەر و خەمخۆرە دڵسۆزەکان  دەرباری ئەم گرێکوێرە دەنگیان بەرزدەکەنەوە و لە کورەکانی خوالێخۆشبو و دەسەڵاتدارانی گۆڕان داوای رۆشنی و شەفافیەت دەرباری کۆی پرۆسەکە دەکەن مافێکی رەوای خۆیانە وەڵامی راست و دروست وەربگرن، بەڵام ئەوان تا ئەم چرکەیەش ئەو پرسە هەستیارەیان پشتگوێ خستوە، پشتگوێخستنێک هەزار و یەک پرسیاری لێکەوتۆتەوە.  لە هەناوی ئەم واقیعەدا مانەوەی ئەم گرێکوێرە لە تاریکیدا خزمەتی پرسی چاکسازی و ئیرسی مەعنەوی و سیاسی کاک نەوشیروان ناکات.، دانەوێڵەش بۆ نەیاران رۆدەکات بە جۆرەها شێواز ئەم گرێکوێرە بۆ مەرامی تر بەکاربهێنن. هێز و تاقم و کەسانە نەیارەکانی کاک نەوشیروان کەم نین و تەنها هی سەردەمی گۆڕانیش نین، بەشێکیان دەسەڵاتدار و خاوەنی پێگەی بەهێزی سیاسی و مادی و راگەیاندن و حوکمرانین، زۆربەیان ئەم گرێکوێرە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ  بە جۆرەها شێواز بەکار دەهێنن بۆ ناوزراندنی کاک نەوشیروان، مەبەستیانە بیرۆکەیەک و ئینتباعێک لای جەماوەری گۆڕان بچێنن کە هەرچی دەرباری موڵکداریەتی نما و چیایە خواستی خودی کاک نەوشیروان بوە. لە سایەی نەکردنەوەی ئەو گرێکوێرە و غیابی خەمخۆری نما و چیا و دەسەڵاتدارانی گۆڕان ژمارەیەکی زۆری گۆرانخوازە رەسەنەکانیش پرسیاری دروست دەرباری ئەو پرسە دەکەن، هەرچۆنێک بیت دەبێت جیاوازی بکرێت نێوان نیەتی گومانلێکراوەکان و نیەتی دڵسۆز و خەمخۆران و بە یەک چاو سەیر نەکرێن.   تاپۆکردنی موڵکەکان لە سەر وارسەکانی تەنها یەک شت دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوان تەنها وارسی یاسایی ( نەک رەوا و شایستەی) ئەو موڵکە گشتیانەن، ئەم واقیعە ناکرێت هەرەمەکی و بە مزاج بکرێتە ئاوێنە بۆ نیەتی کاک نەوشیروان و بۆ مەرامی سیاسی ژێر بەژێر بەکار بهێنرێت، ئەمە دیوێکی دراوەکەیە، مەخابن دیوەکەی تری نادیار و شاردراوەتەوە.  پێشتر و ئێستاش باوەری توندم هەیە کە کاک نەوشیروان وەسیەتێکی بۆ پرسی موڵکەکان جێهێشتبێت. با بزانین ئەم ئەڵقە گونبوەی موڵکداریەتی بۆ نادیار و شاردراوەتەوە؟ کاک نەوشیروان ناسراوە بە سەرکردەیەکی خاکی و چاوی لە موڵک و ماڵی دنیا نەبوە و بە درێژایی خەباتی دژی تەوریسی سیاسیش بوە. دوای گەرمبونی باس و خواس لە سەر تەوریسی سیاسی و موڵکداریەتی کورەکانی چەند جارێک بە پەیامی ئەلکترۆنی ( لای خۆم پارێزراون) و تەلەفۆن قسەم لە گەڵ نما کرد کە بۆ سەردان لە لەندەن بو، پێشنیازم بۆ دو براکە کرد کە راگەیاندراوێک بە ناوی خۆیان بڵاوبکەنەوە، تێیدا باس لەوە بکەن کە ئەو موڵکانە موڵکی گشتین و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێنرێن و کەس بۆی نیە تەسەروفی تایبەتیان پێوە بکات، دەقی راگەیانراوەکەم بۆ پێشنیاز کردن، پاش چەند رۆژێک نما وەڵامی دامەوە و گوتی خۆی و چیا لە سەر تەواوی دەقەکە رازین. پاش چەند رۆژێک دیسان پەیوەندیم بە نما کردەوە و پرسیاری راگەیانراوەکەم لێکرد، لە وەڵامدا گوتی: وەک رێزلێنان لە سەید عومەر پێشتر بۆ ئەومان نارد، بەڵام ئەو پێی باش نەبو بڵاوبکرێتەوە، منیش پێم گوت کە واتان کردوە کەواتە   لە مەوداو کەیفی خۆتانە چی و چۆن دەیکەن، چونکە هەستم کرد دۆزینەوەی شەریک بو بۆ مانەوەی پرسەکە بە تەم و لێڵیەوە. نزیکەی دو هەفتە دوای ئەوە سەید عومەر لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی مەسەلەکەی تەقاند و گوتی: ئەو موڵکانە هی کاک نەوشیروان بون و بۆ وارسەکانی جێی هێشتوان و ئێستا موڵکی ئەوانە. ئەم لێدوانە ئەوەندەی تر گرێکوێرەکەی ئاڵۆزتر و دژوارتر کرد، بۆ خۆشم بۆچونێک لام گەرای دادەنا: تۆ بڵیی ئەمە زادەی رێکەوتنێک یاخود لێکتێگەیشتنێک نەبێت نێوان کورەکان و خانەی راپەراندن؟  لەو ساتەوەش خەڵک هەقیانە بە گومانەوە تێرامان و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو مەسەلەیە هەبێت. بەرێز عبدالرزاق شریف دوای دەرکردنی لە بەرپرسیاریەتی و جڤاتی نیشتمانی زنجیرەیەک نوسینی بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە ئەڵقەکاندا باس لەو راگەیانراوە دەکات کە لە گردەکە پیشانیان داوە و بۆچونی خۆی لە سەر بەیان کردوە.  ئەوەی من نوسیبوم ئەوە بو کە ئەو موڵکانە دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربهێنرێن و بگەرینرێەوە بۆ موڵکداری گشتی، کاک رەزاق پێێ باش بوە ئەوانە بکرێن بە موڵکی گۆڕان. مێژوی کاک نەوشیروان و هەڵسەنگاندنی ئەو مێژوە بە رۆژ و دو رۆژ و نوسین و دو نوسین و کۆمێنت و دو کۆمێنت و روداو و دو روداوێک تەواو نابێت، کاری رەتدانەوەی تایبەت و دۆخ و بارێکی تایبەت نیە، ئەوە ئەرکێکی قورسە و کاتێک زۆربەی بەشەکانی ئەو مێژوە وەک خۆیان مهاتما غاندی مرد و بەشێک لە نزیکەکانی رێبازە بەهادارەکەی ئەو مرۆڤە مەزنەیان شێواند، بەڵام غاندی بە مەزنی ماوەتەوە، لنکۆڵن و مارتن لوپەر و مەندێلا و کاسترۆ و جیڤارا و ماوتسی تۆنغ و چەند سەرکردە و کەسایەتی ناوداری تری دنیا روبەروی هەمان مەسیر بونەتەوە، وارسەکانیان بە باش و خراپدا ئیرسی ئەوانیان لە جانتەیەکی سەفەردا هەڵگرت و لە گەڵ سوراندنەوەی زەویدا کەوتنە سورانەوە.   ئەمانە و چەندین نمونەی تری دنیا دەیسەلمێنن هیچ کەسایەتی و سەرکردە و پیاوێکی گەورە ناتوانێت دوای نەمانی کاریگەری بەرچاوی لە سەر ئاراستەی روداوەکان کە مەبەستیی بوە بیانکات بکات. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٣١ دیسمبەر ٢٠١٩   


پەیكار عوسمان    کۆمەڵگای دینی لەسەر بناغەی خێزان دامەزراوە، ئیتر هەموو شتەکانیش لەسەر شکڵی خێزان دروستئەکاتەوە. کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بناغەی تاك دامەزراوە، ئیتر هەموو شتەکان بە خێزانیشەوە بۆ ئەوە هەن، کە وجودی تاك تیایاندا ڕەنگبداتەوە. کۆمەڵگای نەریتی ئەوانیتر مناڵئەکاتەوە لە بەرژەوەندی باوکێك. ئیتر له هەموو پنتێکا تۆ بەر ئەم بچوککردنەوەو گەورەکردنە ئەکەویت. مەسەلەن دوکتۆرو مامۆستا دایمە گەورەن و تۆ دایمە بچوك و مناڵیت لەبەردەمیاندا! بەڵام کۆمەڵگای مۆدێرن هەمووان یەکسانئەکاتەوە لەبەردەم یاسادا. ئیتر تۆ لە هەموو جێگایەکدا بەر ئەم یەکسانکردنەوەیە ئەکەویت. ئیتر تۆ لەبەردەم دوکتۆرو مامۆستادا بچوك نیت، بەڵکو هەردوکتان تاکی یەکسانن لەناو پەیوەنییەکی ئینسانییدا. مناڵی ناو کۆمەڵگای سونەتی، هەمیشە کەسێکی بیرنەکەرەوەی هیچنەکردەیە لەچاوەڕوانیی فریادڕەسێکدا. مناڵی ناو کۆمەڵگای مۆدێرن، خۆی بیرئەکاتەوەو چاوی لە دەستی خۆیەتی و خۆی بکەرەکەیە. لەگەڵ باوکەکاندا تۆ ناکەویتە ناو گفتوگۆوە، بەڵکو ئەکەویتە ناو وەعزەوە. لێرەشەوە تۆ بە هەمیشەیی لە کەسایەتی و لە عەقڵت دراوەو ئینسانێکی گرگنی ناو مێگەلیت. بۆئەوەشی لەم گرگنی و مێگەلییە دەرچیت، هەوڵ ئەدەی جۆرێکك لە باوکایەتی بۆخۆت دەستبخەیت و بەسەر هەنێك لەوانیتردا مومارەسەی بکەیت. یەعنی هەر هەمان کولتور قوڵئەکەیتەوەو ئیتر کۆمەڵگاش ئەبێتە مەکینەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی ستەمکاری. بەڵام لەگەڵ تاکی هاوتادا، تۆ ئەکەویتە ناو گفتوگۆوەو لێرەشەوە عەقڵ و کەسایەتی و کەرامەتت حزور پەیائەکەن و ئەو حزورەش ئینسانەکان ئەباتە ناو عەدالەت و پەیوەندیەکی ئینسانیی. پەیوەندی هاوتایی تەواوکارییەو ئینسانەکان ناچنە شوێنی یەکتر، کەس نابێ بەویتر بەڵکو هەرکەس خۆیەتی و هەمووانیش یەکتری تەواوئەکەن و بەمەش پێشئەکەون. بەڵام پەیوەندی باوکایەتی سفرکارییەو هەرکەس دێ ئەویتر سفربکاتەوەو بچێتە جێگاکەی و ببێت بەو! ئیتر پێشکەوتنێکیش ڕووناداو هەمیشە لە خاڵی سفرداین و بەردەوام یەینەوە ئەوێ. کێشەی پەیوەندی گەورەوبچوکی و باوکایەتی ئەوەیە کە هەر گەورەیەك، گەورەییەکەی لەسەر بچوککردنەوەی ئەویتر بینائەکات! مەسەلەن ئەم حەملەیەی دژی نەوشیروان ئەکرێ، مەسەلە حەقیقەت نیە ئەگەرچی ڕەخنەکان بڕێك حەقیقەتیشی تێدابێ! بەڵکو مەسەلە ماڵێکی نوێیە، کە باوکێکی نوێ ی ئەوێ و باوکی نوێش ئەبێ باوکێکی کۆنی بۆ بکوژیت! ئەمە هەرئەوەیە کە نەوشیروان خۆی بەرامبەر مامجەلال کردی مامجەلالیش بەرامبەر مەلامستەفا کردی و مەلامستەفاش بەرامبەر نەیارەکانی ئەیکردو پێی ئەوتن قوندەر! جا لە کۆمەڵگای ئێمەدا، زۆر ئاساییە کە حیزب هی باوکەو لەوجودیدا مناڵەکان پشتئەستورن و لەغیابیدا هەتیوئەکەون و دواتریش وەکو میرات ئەبێ بە هی کورو ئامۆزاو کەسوکار.. چونکە حیزب تەنیا دەرکەوتەو وێنەیەکی خێزانە! گیایەکە لەسەر ئەو بنجە ڕوواوەتەوەو تاکو دەسکاری بنجەکەش نەکەین گیاکان ناگۆڕێن، تاکو دەسکاری خێزان نەکەین سیحری باوکایەتی بەتاڵ نابێتەوە، تاکو ئەو سیحرەش هەبێت تاکی ئازادو یەکسان دروست نابێ! لێرەدا من دژی خودی باوك و خێزان نیم کە دوو شتی بێ ئەندازە جوانن، بەڵکو من دژی دامەزراندنی کۆمەڵگام لەسەر بنەمای خێزان و باوکایەتی، کە شتێکی نادیموکراتەو دواتر هەموو شتەکانیش ئەباتە ناو پەیوەندیەکی نادیموکراتەوە! بۆ ئەوەی دنیایەکی دیموکرات دروست بکەین، ئەبێ خێزان سەربە ئازادی ئینسانبێت نەک سەر بە موقەدەسی کۆمەڵگا! مەسەلەن نابێ زەواج گەورەترین ڕووداوی کۆمەڵایەتی و جیابوونەوە گەورەترین کارەساتی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو هەردوکی تەنیا ڕووداوی ناو ئازادی دوو ئینسانن و هیچی تر. دواجار ئێمە حیزبێکمان نیە لە دەرەوەی مەشروعی باوکایەتی، چونکە حیزبێکمان نیە قسەیەکی هەبێت لەسەر خێزان و بونیادی کۆمەڵگا! ئیتر هەمووشیان یەک ماهییەتن و هی باوکێکن کە ئەچێ بۆ کوڕ یان ئەچێ بۆ باوکی دووەم. ئەو حیزبەشی کە بۆ باوکێك ساغنابێتەوە، ئەبێتە مەیدانی ململانێ ی چەن باوکێك و لێرەشەوە کوتلەبازی دروستئەبێ و کوتلەبازیش هیچ نیە جگە لە فرەباوکیی. یەکێتی هی چەن باوکێك و کوڕەکانیانە. پارتی هی باوکایەتی بنەماڵەی بارزانیە. گۆڕان هی باوکێکی کۆچکردو وەرەسەکەیەتی. نەوەی نوێ و کۆمەڵ هی دوو باوکی زیندون بە ناوەکانی عەلی و شاسوار. گۆڕانی ناڕازیش هێشتا دروستنەبووە دوو باوکی هەیە، قادرو عوسمان. باوکەکەی یەکگرتووش، ئەگەر خۆشی لێگەڕێ، مناڵەکان لێیناگەڕێن و ئەیهێننەوە، چونکە عەقڵیەتی باوکایەتی دوولایەنەیەو هەرئەوەنیە کە کەسێك ئەیەوێ باوکایەتی بکات، بەڵکو ئەوانیتریش بە مناڵیی خۆیان ڕازین! لێرەدا پەکەکە هەنگاوێ زیاتر ڕۆشتووەو باوکایەتی تەقلیدیی تێپەڕاندوە، بەڵام تاك هەر نائازادە، چونکە لێرەشدا ئینسانەکان هەر مناڵن و گەورەنەبوون، بەڵام ئەمجارە لەبری ئەوەی مناڵی شەخسبن، بوونەتە مناڵی ئایدۆلوژیا. ئەگەر قسەی یەکەم لەسەر خێزان نەبێت، قسەکانی تر لەبارەی دیموکراسییەوە بەتاڵن، چونکە دیموکراسی لەسەر خێزان دانامەزرێ، لەسەر تاك دائەمەزرێ! یەعنی ئەگەر فیلمەکە لە تاکەوە دەستپێبکا ئیتر بەدوایدا شتەکان دیموکراتن. ئەگەریش فیلمەکە تاك بپەڕێنێ و لە خێزان و خێڵ و گروپەوە دەستپێبکا، ئیتر هەموو شتەکانی تریش نادیموکراتن ئەگەرچی پاشگڕو پێشگری دیموکراتیشیان پێوەبێت. لە کۆمەڵگایەکی تاک پەراوێزی خێزان سەنتەردا، حیزبەکەت هیچ نیە جگە لە نوسخەیەکی گەورەی خێزانە باوکسالارەکەت. کۆنگرەکانیش هیچ نین جگە لە مانۆڕی باوك و کوڕەکان. ئەندامەکانیش هیچ نین جگە لە کۆمەڵێ مناڵ کە بۆ باوکێك ئەگەڕێن.


 د. ئیدریس کاریتانی   لەم بونەوەرەدا ھیچ دروستکراوێک بەئەندازەی مرۆڤ گەورە و بەرێز و ڕێزلێگیراو نییە، ھەرچی ئاسمان و زەوی و ئاووھەوا و دار و درەخت و ماڵ و سەروەت و بەروبوم ھەیە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکراوە، تا لەژیاندا ھەموو پێداویستییەکانی بۆ فەراھەم بێت و بە خۆشترین شێوە ژیان بەسەرببات، کەچی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە سەرچاوەی داھاتی ھەموو جیھانە ژیان بووەتە تەنگەتاویی و برسییەتی و قات و قڕی، بەھۆی بوونی سەدان دیکتاتۆر لەم سەردەمەدا، ھەموشیان بەناوی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ خۆیان و کوڕ و منداڵ و خانەوادەیان لەخوشترین ژیان دەژین، کەچی ھاوڵاتی لەبەر نەبونی سادەترین بژێوی ژیان خۆی دەسوتێنێت. بوعەزیزی لە تونس بەکاری عەرەبانەیەک رازییە تەنھا لێبگەرێن ژیانی خۆی و خانەوادەکەی پەیدابکات، کەچی شارەوانی و حکومەتی تونس چونکە لەناو ڤیلا راقیەکاندا دەژین، نەیاندەزانی خەڵکانێک ھەن ژیانی ڕوژانەیان نییە، رێگەیان پینەدا و خۆی سوتاند، دوای بوعەزیزی بووە رەمزی لەناوبردنی دیکتاتۆرەکان لە جیھانی ئیسلامیدا کە ھەتا ژیان ماوە لەبیرناکرێت، لە فەرەنسا تیمسالی ئازادییان بۆ دروستکرد، خۆ کاکە دڵشاد ھیچی لە بوعەزیزی کەمترنەبوو، کەیسەکەشی زۆر لە کەیسی بوعەزیزی دەچوو، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ناڵێم بەرژەوندیخواز و گەندەڵەکان، بەڵام بۆچی رۆشنبیران، مامۆستایانی ئایینی، پەرلەمانتاران، حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، مافی مرۆڤ، مامۆستایانی زانکۆ، قوتابیان و کاسبکاران ھیچ ھەڵویستێکیان نەبوو، دیارە کاربەدەستانیش لەبەر سەفەری سەریساڵ و چونەدەرەوەی ھەرێم، خۆیان و ماڵ و منداڵیان سەرقاڵن و پێویستە کەمێک پشووبدەن، چونکە ماندوون بەخزمەتکردنی ھاوڵاتیان و ئەم ھەرێمە، شەوان شەونخونی دەکەن و بە ڕوژیش خزمەت، زۆر بەداخەوە بۆ ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، لەناوچوونی مرۆڤێک لەناوچوونی ھەموو دونیایە، بەڵام بێڕێزبونی مروڤ لەم وڵاتەی ئێمە گەیشتووەتە ئاستێک زۆرجار لەوانەیە گیاندارێک ڕێزی زیاتری لێبگیرێت و حیسابی بۆ بکرێت، ھەتا مروڤێکی بێدەرامەت!


ئازاد جۆڵا    ئەنجامەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێمان دەڵێ لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو لە فۆڕم و پەیکەر وشێوازی کارکردنی یەکێتی بەشێوەیەکی ڕوون و بەرچاو و ڕوودەدات و بەشێوازێکی تازە درێژە بە خەبات و گەیشت بە ئامانجەکانی دەدات ، لێرەدا دەتوانین زۆر بەکورتی ئەم گۆڕانکاریانە لە چەند لایەنێکەوە دیاری بکەین و بخەینە ڕوو ، ۱- پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسندکراوی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی پێمان دەڵێی ئیتر قۆرخکردنی دەسەڵات و بڕیارو یەکتر نەخوێندنەوە و جێ بەجێ نەکردنی بڕیارەکان و لادان لە پەیڕەو و لێدوانی دژ بەیەک و پابەند نەبوون بە دیسپلینی حزبی و نە پاراستنی نهێنیەکان و شکاندنی یەک و دوو ئێتر کارێکی ئاسان نابێ و تێپەڕبوونی شێوازی کاری پێشوو دووبارە نابێتەوە ، ئەویش لەبەر ئەوەی بەپێی ئەم پیکەر و دابەشکاریەی دەسەڵات کە لە پەیڕەودا هاتووە دەسەڵاتەکان دابەشکراون و دوو ئۆڕگان یان دوو دامەزراوەی بەهێز وەک چاودێر ئامادەن و دەسەڵات بەدەستن بەسەر ئەنجومەنی جێ بەجێکاردا کەئەوانیش ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەو ژمارەی کەوا وەک ئەنجومەنی گشتی دەمێنێتەوە ، ۲ - شێوازی داڕشتن و دابەشکردنی ئۆڕگانەکانی یەکێتی ئەمجارە دوورە لە هەمان پەیکەرە کۆن و تەقلیدیەکەی ساڵانی پەنجاو شەستەکانی کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت ، بەڵکو پەیکەری ڕێکخراوەیی ئەمجارەی یەکێتی کاریگەرە بە دوو لایەنی دیاریکراو ئەوانیش پەیکەری حزبێکی سۆسیال دیموکرات و نوێخواز ، بەتایبەت نزیکە لە پێکهاتەو شێوازی پارتی کرێکارانی بریتانیا ، لە هەمان کاتدا پەیکەری تازەی یەکێتی وابەستەو ئاوێتەی تەوای پڕەنسیپی بلۆک بەندی و تێکەڵاوبوون و کۆنتڕۆڵکردنی تەوای خەڵک و بنەما هەڵبژاردنە گشتییەکانە ، کەئەمەش مەرجێکی گرنگ و سەرەکی یە بۆ بەهیز بوون و بەئاگابوون و تێکەڵاو بوونی حزب لەگەڵ خەڵک و دەنگ دەراندا بەتایبەت لە پرۆسەی کاری ڕێکخراوەیی و هەڵبژردنەکاندا ، ۳ - ئەنجامەکان پێمان دەڵێن لە سەرکردایەتی گشتی یەکێتی دا هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و حزبی بەدی دەکرێ بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و یەکێتی ، جگە لە کەسانی بەئەزموون و خاوەن فکرو فەلسەفە کە بوونی هەیە ، دەتوانین بڵێین لەناو سەرکردایەتی گشتی تازەی یەکێتی کەسانی بەتوانا و بەهێز و بەئەزموونی سێ ڕەوتی گرینگ بەدی دەکرێ ، کە ئەوانیش لایەنی ئەمنی و سەربازی و دارایی ، کە ئەمانەش بۆ دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکەو خودی یەکێتی ڕەهەندی گرینگ و کاریگەرن ، ٤ - لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زۆری سەرکردایەتی کۆن دووبارە سەرکەوتنەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دوو لەسەر سێ ی سەرکردایەتی ئێستا خوێنی تازەو خەڵکی تازەو گەنج و ڕێژەیەکی باشی ژن لەخۆ دەگرێ ، ئەمەش گۆڕانکاری گەورەو متمانەی زۆر بە ئەندامان و دۆست و دەنگدەرانی یەکێتی دەبەخشێ ، ٥ - خاڵێکی تری گرینگی کۆنگرەی چوارەم پوچەڵ کردنەوەی خەون و پیلانی نەیاران و واتەوات و هەوڵە نەزۆکەکانیان بوو بۆ جیابونەوەو لێکترازان و پەرت بوونی نێوماڵی یەکێتی و سەرنەکەوتنی کۆنگرە ، بەمەش ورە و گڕوتێنێکی بەهێزی گەڕاندەوە بۆ یەکێتیەکان و کۆمەڵانی خەڵکیش لە دووبارە گەڕانەوەی هێزی هاوسەنگ و گەڕانەوەی پارامی و تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسی و ئیداری لە کوردستان دا ، سەرەنجام ئەوەی کە ڕوویدا یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی و لەت نەبوون و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر ئۆڕگانەکان و ڕەزامەندی هەموو ڕا جیاوازەکان و پەیمان تازەکردنەوە بوو بە (نێبوونەوەی) یەکێتی نیشتمانی کوردستان ...  


زانا توفیق بەگ  کەواتە بۆ ئەوەی ببینە دیموکراسی تەنها بەوە نابێت چەمکی دیموکراسی لەسەر زمان بێت وباسی بکەین یان تەنها وەکو تایتیل لە ناو دەستوری گشتی ووڵات و مانفێستی حیزبی بەکاری بهێنین . رۆحی دیموکراسی بریتی یە  لە دروست کردنی کەلتوری دیالۆگ لە نێو سیستەمی سیاسی یان لە نێوان چین توێژاڵەکانی کۆمەلگا بەبێ ئەوەی لە کاتی دەربڕینە  جیاوازەکاندا  بکەوینە هەڵکوتانە سەر یەکتری ئازاردانی بەرامبەرو قبۆڵ نەکردنی ئاراستە جیاوازەکان لە گە ڵ یەکتری . چونکە یەکەم هەنگاوی بە پراکتیزە کردنی یان دروست کردنی دیموکراسی واتای بنیاتنانی کەلتوری دیالۆگە، پاشان وەکو پروسە دەتوانین قۆناغەکانی تری دیموکراسی لە ناو کۆمەلگادا  بچەسپێنین کە خۆی لە چەمکەکانی دەوڵەتی مەدەنی، حیزبی هاووڵا تی دا دە بینێتەوە، هەرچەندە دیموکراسی وەکو پڕۆسە چەمکێکی درێژخایەنە بەتایبەتی بۆ کۆمەلگاکانی رۆژهەڵات لە نێویان دا کوردستان ، چونکە ئێستای ئێمە بریتیە یە لە یەکتر سڕینەوە و ڕاهاتن لەسەر ملکەچکردنی یەکتری و پاشکۆیەتی بۆ بەردەوام بوونی ستەمکاری لەناو سیستەمی سیاسیدا ئێمە هەرگیز نامانەوێت  ئەو فۆرمەلەیە کە پرۆسەی دیموکراسی پێویستێتی لەواقیعدا پراکتیزەی بکەین ئەویش  کەلتوری گوێ گرتن لە یەکتری . ئەوەی کە دەیبین ئێمە لە بەر دەم دوو پارادایمی نمونەی دیموکراسی داین  یەکێکیان بریتیە لە شێوازەکانی دیموکراسی ئەورپای رۆژهەلاتی ساڵانی حەفتاکان و پێش تریش چونکە ئێمە خاوەنی حیزبی دیسپلینین کە لە دوای نەمانی بلۆکی سوشیالستی هیج نرخ و بایەخێکی نەماوە پارادایمی دووهەم بریتی یە لە دیموکراسیەکی ئسوڵی نمونەی وەکو (میسر و ئیران و لوبنان...) دەیا ووڵاتی تری عەرەبی کە خۆیان لە کەلتوری کلاسیکی ئیسلامی تێ نەپە ڕاندوە وە پرۆسەی دیموکراسی لای ئەوان بریتی یە لە حکومڕانیەکی تاك جەمسەری تاك حیزبی و تاك رێکخراوەیی چونکە لای سیستەمی سیاسی رۆژهەڵاتی هە موو حەقیقەتە ڕاستێکان بەشێوەیەکی ڕەها دەگەرێتەوە بۆ دەسەلاتی سیاسی  بە مانایەکی تر واتە کەلتوری دیالۆگ تەنها بریتی  دە بێت لە گوێڕایەڵی بۆ دەسەڵاتی سیاسی وە کورت کردنەوەی پانتای موخاتەبە کردنی نێوانی هاووڵاتی و دەسەڵات و هاوکات فیگەرە سیاسێکان وە کورت کردنەوەی کەلتوری دیالۆگی دیموکراسی بۆ ملکەچی  سیستەمێکی ستەمکار کە ئەستەمە توانا ئەوەمان پێ ببەخشێ تا لە دیموکراسی و پرۆسەکەی تیبگەین . بۆ ئەوەی خومان قوتار بکەین لە هەردوو پارادایمی ئوسولی ورۆژهەلاتی. دە بێت سەرەتا لە گۆڕینی شیوازە تەقلدێکانی حیزبایەتی و سیاسەت  تا دەگات بە کۆی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆنتڕۆڵکردن و لەقاڵبدانیان لە ناو پڕۆسەی  سیاسی وە  ووتنەوەی دروشمەکانی دەسەڵاتی سیاسی وەکو پارێزەرێکی بێ وەکالەت بێ ئەرزش بەشێوەی توتی ئاسایە ڕزگار بکەین . بە بڕوای من نابێت ئەم کێشە بنچینەیە بە ئاسانی بازی بەسەردا بدەین تیپەڕێنین چونکە بەردەوام لە هە موو ئاستە جیاوازەکاندا بەرۆکمان دە گرێتەوە وە ناتوانین شکوی هاونیشتمانی وەکو سنتەر لە نێو سیستەمی سیاسی دا بە هەند وەرنەگیرێت یان ڕۆلی محوەری نە بێنێت چونکە بە بێ دروست کردنی کەلتوری دیالۆگ ئەستەمە بتوانین  هاونیشتمانی ئەو دەورە گرنگە ببینێت یان  هیچ هەنگاوێکی مەدەنی یان دروست کردنی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی بنیات بنێن وە خوشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانی دەستەبەر بکەین چونکە یەکەم هەنگاوی چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی لە نێو سیستەمی سیاسی دا بە کە لتوری دیالۆگ دەست  پێ دەکات واتە دە بێت ئێمە لە خاڵی سەرەتاوە جارێکی تر هەوڵی دروست کردنی گوێ گرتن لەیەکتری و دیالۆگی هێمن لە نێوانماندا بدەین  واز لە قۆناغی ملکەچی کە هەمووان راهاتوین لەسەری گوزەربکەین بتوانین ئەرك و مافەکانمان لە ووڵات دا دەستە بەر بکەین دەبێت سەرەکۆنەی ئەو رۆشنبیرانە بکەین بوونەتە رێگرو ئاستەنگ لەبەر دەم دروست کردنی زەمینەی دیالۆگی نیوان خەڵک و دەسەڵات پاساو هێنانەوە بۆ کارەکانی دەسەڵاتی سیاسی دژی هاووڵاتیان . بە داخەوە پێ دەچێت ئێمە لەبەر هۆکار گەلێکی زۆر کۆمەڵاتی و سیاسی و فکری نەماتوانی بێت ئەم کێشانە تێ پەڕینین چونکە شوڕشەکانی کورد خواستی تەنها  بۆ لەناوبردنی سانسۆری سیاسی  بووە واتە ئەگەر بە جۆرێکی تر بڵێن ئێمە دەبوو لە پێش شورشی سیاسی دا پێویستمان بە شوڕشی فکری هە بووە پاشان شورشی سیاسی نمونەی زۆر ووڵاتانی دنیا هەیە وەکو شورشەکانی (فەرەنسا و ئەمریکا و بریتانیا) بەتایبەتی شوڕشەکانی فەرەنسا سەرەتا نمونەی وەکو (ڕوسو) بەرهەم هێنا پاشان شوڕشەکەیان دروست کردو ئەنجامی گەورەی تەنها  بۆ فەرەنسا نە بوو بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی سودی  هە بوو. ئێمە ئەگەر ئاوڕێك بدەینەوە بۆ پێش شورشی کورد خاوەن بیرمەندوو خاوەن ئایدیایەکی ڕوون نە بووین ئەگەر لێرەو لەوێ ڕۆشنبیرێك سەری هەڵدابێت ئەوا بە هۆکار گەلێك لەناو براوە کە ئێستا هەمان شێوازی ڕابووردوو بەردەوامە .واتە (ئێمە سیاسەت وای کردوە تواناو هێزمانی ژەهراوی کردوە) هێندەی بەکاری دە هێنین بۆ بچووك کردنەوە خۆمان دروست کردنی کۆیلایەتی نیوە ئەوەنە ناتوانین بۆ گۆگرتن لەیەکتری مانا دان بە بیرووبووچونەکانی یەکتری بەکاری بێنین.       


رێبوار کەریم وەلی      (1) حیساباتی سەرۆک بەرهەم ساڵح، لە دوای ناردنی نامەکەی رۆژی پێنجشەممە بۆ پەرلەمانی بەغدا کە تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو دەست لەکار بکێشێتەوە، زۆربەیان گرتی، خۆی لای شەقام خۆشەویست کرد، ملکەچی گوشارەکان نەبوو، خۆی وەک سەرۆککۆمارێکی بەهێز نیشان دا و.. زۆر شتی دیکەش.    ئەڵبەتە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی کابینەی شەشەمیش لەژێر گوشارەکانی حزبەکەی خۆی، جارێکیان نامەیەکی درێژی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کرد. زۆری نەبرد، بە فەرمانی تاڵەبانی کۆتایی بە تەمەنی کابینەکەی هێنرا.   ئەوەی ئەوجارە لە حیسابدا نەبوو ئەوە بوو کە بەشێکی بەهێزی پارتی لەگەڵ شیعە و سوننە، ئەو ئامادەییەی سەرۆک بەرهەم و دانپێدانانی خۆی بە رەفتارکردن پێچەوانەی دەستوور بقۆزنەوە و بیخەنە رۆژەڤی پەرلەمان و گەلەکۆمەی سیاسی. هەر لەو رۆژەوەی کە ئەو قەیرانە دەستیپێکردووە، ناوبەناو دەستلەکارکێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە تەرح کراوە، بەڵام هەموو (بە خۆپێشاندەران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن) دەزانن کە لە حاڵەتی وادا، ئیتر دەوڵەت کۆتایی دێت و، یان شەڕی ناوخۆ روودەدات، یانیش کودەتایەکی سەربازی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات دێتە ئاراوە.   بە دیوێکی دیکەشدا، سەرۆک بەرهەم دەیزانی کە بەپێی ماددەی 61ی دەستوور لەسەرکارلادانی هێندە ئاسان نییە، بەڵام ئەو بلۆفەی ناو نامەکەی خۆی بۆ پەرلەمان، دەکرا وەکو مەبنایەکی لێ بکرێت و داوای لێبکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە. هەر بۆیە دوای هەوڵەکانی دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمان، بەرهەم ساڵح پێش هەموو شتێک کەوتە راستکردنەوەی ئەوەی کە نامەکەی بۆ دەستلەکارکێشانەوە نەبووە (کە پێشتر هەوڵ درا وەک سەروەرییەکی گەورە وێنا بکرێت)، بگرە تەنها ئامادەییە بۆ وازهێنان!   بەیاننامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیاییەکی بۆ سەرۆک بەرهەم تێدابوو کە لە کوردستانەوە هەوڵی لەکارخستنی نادرێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەو بابەتە پێناچێ بەوەندە کۆتایی بێت. چونکە بەشێکی بلۆفەکەی سەرۆککۆمار رووی لە حزبەکەی خۆیشی بوو کە قەڵاکەی بەغدایان لەمەترسیدایە.   ئەوەی روونە ئەوەیە سەرۆک بەرهەم ئەم چوار ساڵە تەواو ناکات. هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێشە و دواتر هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەگۆڕدرێن. ئەوەی ماوە بیکات ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوو، ئاگرەکە هەڵداتە ناو کۆشی پەرلەمانەوە و ناوێک بنێرێ بۆ سەرقاڵکردنی کوتلەکان و ورووژاندنی شەقام لە پەرلەمان. بەوەش ئامانجی خۆی دەپێکێت و رەنگبێ سەرۆکایەتیی کابینەیەکی بچوککراوەی حکومەتی بەغدا بکات تا هەڵبژاردن.   ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسیش بۆ یەکگرتوو   (2) بێ موبالەغە، یەکگرتووی ئیسلامی جوانترین حیزبی سیاسییە لە کوردستان کە پەرێزێکی خاوێنی لە کاری سیاسیی مەدەنیدا هەیە و، حیزبێکی قورس و سەنگینە. لە سەرەتای درووستبوونەوە تا ئێستا وەکو مەدرەسەیەک بە سەدان کادیری پێگەیاندووە کە ئەمڕۆ بەشی هەرە زۆریان لە دەرەوەی حزبەکەیان مەکینەی ئیعلامی و تەنانەت سیاسیی حزبەکانی دیکە هەڵدەسوڕێنن. رەنگبێ بەشی زۆریان لەبەر نەبوونی دەرفەتی کار یان بژێویی پێویست لەناو حزبەکەی خۆیاندا، روویان لە حزبی دیکە نابێت، بەڵام لە درێژماوەدا، هەم بۆشاییەکی گەورەیان لەناو یەکگرتوودا درووست کردووە و هەمیش بوونەتە سەرمەشقی کەسانی دیکە.   ئەو نوێبوونەوەیەی کە لە سەرەتادا پارتی و ئێستاش یەکێتی دەیکەن لە هێنانەپێشەوەی نەوەیەکی گەنج و پڕ لە وزە، دەبووایە پێش هەمووان لە یەکگرتوودا بکرابایە، سەرکردایەتیی ناوچەیی کە پێشتر مۆدێلێکی جوانی حزبی بوو، هی یەکگرتوو بوو، بەڵام ئێستا حزبەکانی دیکە خۆیانی پێ نوێ دەکەنەوە!   کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی ئەگەر ململانێی نێوان ئەبوبەکر کاروانی و سەلاحەدین بەهائەدینی لێ دەربکەی (کە بڕوابەخۆبوونی کاروانی جێگەی تەقدیرە) کۆنگرەیەکی ساردوسڕ بوو. زۆر شت پێشتر بڕابووەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمیندار و دەنگەکانی کاروانی دەبێ جێگەی هەڵوێستە بن بۆ سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکگرتوو کە مەیلی نوێبوونەوە و گۆڕینی خیتابی سیاسی ئیتر باسێکی حاشاهەڵنەگرە. پێناچێ کۆنگرە توانیبێتی وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانیی کادیر و ئەندامانی یەکگرتوو بووبێت، چونکە پۆتانسیەلی کاری سیاسی و حزووری ئەو حزبە زۆر زیاترە لەوەی کە ئێستا یەکگرتووی پێ تەمسیل دەکرێت. دەکرا یەکگرتووش لەم کۆنگرەیەدا، وەک یەکێتی ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسی درووست کردبایە، رێگەی بە گەنجان دابایە بێنە سەری سەرەوەی بڕیاردان، کاری دەعوە و سیاسەتی لێک جودا کردبایەوە (بە کردار نەک بە قسە) و پاشگری ئیسلامیشی دوای ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە ناوچەکە روویانداوە، لابردبایە. ئەوکاتە رەنگبێ دەرفەتێک بۆ قەرەبووی شکستەکان هاتبایە ئاراوە.   کۆنگرە بەشەرتی دەرچوون (3)   پێش دەستپێکردنی کۆنگرە، بەتایبەتیش کۆنگرەی یەکێتی، بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتیی پێشوو وا بە شان و باڵی کۆنگرەیاندا هەڵدەدا، وەکو ئەوەی کۆنگرە دارعەسای سیحریی پێبێت. کە چوونە ناو ململانێ و دەنگیان نەهێنا، هەریەکە هەوڵ دەدات عوزرێک بۆ دەرنەچوون بدۆزێتەوە؛ یەک ناوی نەنووسراوە، یەک تا نیوەڕۆ یەکەم بووە و دوای نیوەڕۆ دەرنەچووە و یەکێک تەکەتولی نەبووە و چاوەڕێی هەڵوێستە دەنا دەیتەقێنێتەوە و...هتد. راستییەکەی ئەو قسانە پارە ناکەن، چونکە خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن، ساختاری حیزبی کوردی نە دیموکراسیی تێدایە نە دادپەروەری. حزبەکانی دەسەڵات کە بتوانن لە هەڵبژاردنی گشتیدا ئەو هەموو تەزویر و ساختەکارییە بە بەرنامەیە بکەن، پارە ببەشنەوە و خەڵک بکڕن، قابیلە لە کۆنگرەی خۆیاندا ئەوەیان پێ نەکرێت؟! ئەوەی دەرنەچووە با خۆی نەکاتە پاڵەوانی سۆشیالمیدیا، ئەوانەی رۆژانێک بەرامبەر بە تەزویر بێدەنگ بوونە، ئەمڕۆ باجەکەی دەدەنەوە، کە تەزویرت کرد، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەی تەزویریشت لێ بکرێت.


شێرزاد شێخانی به‌ده‌ر له‌گله‌یی و گازنده‌و ته‌نانه‌ت تووڕه‌بونی به‌شێك له‌كاندیدانی سه‌ركردایه‌تی له‌كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی ، به‌ڵام گه‌ر به‌ویژدانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چونی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌توانین بڵێین كه‌وا باشترین كۆنگره‌ی یه‌كێتی بوه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نیه‌وه‌ .. ره‌نگه‌ زۆر كه‌س نه‌زانێ له‌چ بارودۆخێكی دژواردا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ستراوه‌ ، چونكه‌ تا دواساته‌كانیش زۆر كه‌س هه‌بوون باوه‌ڕیان به‌وه‌ نه‌بوو یه‌كێتی بتوانێ كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ لایه‌نی سیاسیش هه‌وڵێكی زۆریاندا بۆ شكستهێنان به‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌دیاریكردنی رۆژی به‌ستنی كۆنگره‌ .. خۆم یه‌كێك بووم له‌و كادیره‌ ناڕازییانه‌ی ساڵی 2018 له‌ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كادیرانمان سازدا بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگره‌ی چواره‌م ، ئه‌وسا كادیروئه‌ندامانی یه‌كێتی به‌گشتی له‌حاڵه‌تیكی ده‌روونی زۆر خراپدا بوون و بێئومید ببون له‌به‌ستنی كۆنگر‌ه‌ به‌هۆی كات كوشتنی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان كه‌ ترسێكی زۆریان هه‌بوو له‌به‌ستنی كۆنگره‌ . هه‌ر ئه‌و ده‌میش مه‌سجێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز گه‌یشته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌و داوایان لیكرا هه‌وڵه‌كانیان راگرن بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگره .. دوابه‌دوای ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌گفتوگۆكانم له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی ، گوێم له‌وه‌ بوو كه‌وا هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوه‌ ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ ببه‌سترێ له‌وانه‌یه‌ له‌ ناو هۆڵی كۆنگره‌دا خوێن بڕژێ .. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌شده‌كرا گوایه‌ به‌ ده‌بابه‌و چه‌ك و بیكه‌یسی ده‌وروبه‌ری كۆنگره‌ ئه‌گیرێ و ناهێڵن ببه‌سترێ . نازانم تا چه‌ند ئه‌و مه‌ترسییانه‌ مه‌نتیقی بوون ، چونكه‌ به‌ش به‌حاڵی خۆم قه‌ت ته‌سه‌ورم نه‌ئه‌كرد كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی زاتی ئه‌وه‌ بكات خوێنی هه‌ڤاڵێكیتری برێژێت له‌ناو هۆڵی كۆنگره‌دا ، به‌ڵام به‌هه‌رحال ئه‌و مه‌نتیقه‌ سه‌ریگرت و كۆنگره‌ بۆ زیاتر له‌ساڵ و نیوێك دواكه‌وت . بۆیه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌م به‌و ئارامییه‌ی بینیمان و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی ، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تین كه‌ مێژوو بۆیان ئه‌نوسێته‌وه. ئه‌مه‌و جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كێك له‌ده‌سكه‌وته‌ هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ تازه‌كه‌‌یه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ كه‌سو لایه‌ن ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن گوایه‌ ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتی مۆركی بنه‌ماڵه‌یی پێوه‌ دیاره‌ ، به‌ڵام خۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هه‌موویان ئه‌ندامو كادیری یه‌كێتی بوونه‌ ، به‌پێ په‌یڕه‌وی یه‌كێتیش مافی خۆكاندید كردنیان هه‌یه‌ ، ده‌نگیشیان له‌ناو كۆنگره‌ هێناوه‌ ، ئیدی هیچ گرنگ نیه‌ سه‌ر به‌چ بنه‌ماڵه‌یه‌كن . خۆ حزبی سیاسی هه‌یه‌ حه‌فتا ساڵه‌ له‌لایه‌ن یه‌ك بنه‌ماڵه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ئه‌چێ ، حزبی واش هه‌یه‌ سكرتێره‌كه‌ی وه‌كو بته‌كانی بووزا و ئه‌هرامه‌كانی میسر هه‌ر له‌شوێنی خۆیانن ناجوڵێنه‌وه‌ . له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌و، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌وڵی نه‌یارانی یه‌كێتی بۆ شكستهێنانی كۆنگره‌كه‌ی ، پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، ئایا ئایینده‌ی دۆخی سیاسی كوردستان و به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندی یه‌كێتی به‌ حزبه‌كانی كوردستان و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان چییان به‌سه‌را دێت ؟؟. هه‌ڵبه‌ت حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێ لێره‌دا باسی بكه‌ین ، ئه‌و‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ تایبه‌تیش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ كادیرو سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانی یه‌كێتی ، به‌دڵی سه‌رانی پارتی نه‌بوه‌و نییه‌ . چونكه‌ پارتی ساڵانێكه‌ له‌رێگه‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ ته‌قلیدیه‌كانی یه‌كێتی توانیویه‌تی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ، ده‌نگی یه‌كێتی كپ بكات و خۆی وه‌كو حیزبی قائید له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بناسێنێ . دابه‌زینی ژماره‌ی كورسییه‌كانی یه‌كێتی و ملكه‌چبونی به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ش ، یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی  پارتی خۆی وه‌كو  مه‌رجه‌عی سیاسی له‌كوردستان پیشانبدات .. به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌را هات و ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ پارتی ئه‌چوه‌ سه‌ر ئێستا بۆی ناچێته‌ سه‌ر . نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ له‌نێو یه‌كێتی سه‌ری هه‌ڵداوه‌و شه‌رعییه‌تی كۆنگره‌ی له‌گه‌ڵه‌ ..ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش سه‌روه‌ری وجه‌ماوه‌رییه‌ته‌كه‌شی له‌وه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ دژی سیاسه‌تو پاوانخوازییه‌كانی پارتی بوونه‌ . ئه‌گه‌ر پێشتر شه‌رمنانه‌ ده‌یانتوانی هه‌ڵویستی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی بنوێنن ، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی میوان بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ، به‌ڵام ئێستا نه‌ك هه‌ر شه‌رعییه‌تی حزبییان هه‌یه ‌، به‌ڵكو بوونه‌ به‌بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌كێتیش .ئه‌گه‌ر قسه‌ش بێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی باڵباڵینی ناو یه‌كێتی ، بێگومان ئێستا باڵی زۆرینه‌ ئه‌و باڵه‌یه‌ كه‌ دژی پارتییه ‌و كار بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ زۆربه‌ی هاوكێشه‌كان قڵپكاته‌وه‌و چیتر پارتی نه‌توانێ كۆنتڕۆلی بریاره‌كانی یه‌كێتی بكات . ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌نجونه‌ باڵایه‌ی سیاسیه‌ش كه‌ سه‌ركرده‌ پییره‌كانی یه‌كێتی له‌خۆ گرتوه‌ ‌، ره‌نگه‌ ئه‌ویش نه‌توانێ به‌ر به‌و ته‌ووژمه‌ی دژه‌پارتی له‌ناو یه‌كێتیدا بگرێ ، چونكه‌ بڕیاری زۆرێنه‌ له‌مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كاندا زه‌حمه‌‌ته‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بتوانێ ره‌تی بكاته‌وه‌ . پێموایه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواره‌م سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ، گومانم له‌وه‌شدا نیه‌ كه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی كوردستانیشدا هاوكێشه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی بشكێته‌وه‌ ، چونكه‌ به‌ڕاستی خه‌ڵك بێزار بوه‌ له‌سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رانی پارتی و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش چاوه‌رێی به‌دیلێكی به‌هێز بوون ، ره‌نگه‌ یه‌كێتی ئه‌و به‌دیله‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بێت ، به‌مه‌رجێك گۆڕانكارییه‌كانی ناو یه‌كێتی ببنه‌ هه‌وێنی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌تر له‌سه‌ر ئاستی جومگه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات كه ‌به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌یه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بێنێ كه‌وا یه‌كێتی به‌فیعلی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی مام جه‌لالی نه‌مر ..‌


عەتا قەرەداخی ئایا حیزبی کوردی نوێ دەبنەوە یان بەتەواوەتی شکست دەهێنن؟ رەنگە لە دیدی کۆی حیزب و گروپە سیاسیەکانی کوردستانەوە ئەم پرسیارە تفت و تاڵ بێت، بەتایبەتی کە پرسیاریکی لەم جۆرە دەیانخاتە بەردەم جۆرێک لە خودهەڵسەنگاندنەوەو دیارە ئەگەر کەمێک لە راستگۆیی و بوێری دان بەڕاستیدانان هەبێت، ئەو خودهەڵسەنگاندنە ئازاربەخش دەبێت چونکە زۆرینەی هەرە زۆری حیزب و گروپە سیاسیەکانی کورد ئەگەر روو لە شکستی تەواوەتیش نەبن، ئەوە بە هیچ شێوەیەک روو لە گەشەکردن و نوێبوونەوە نین. با لەوە بگەڕێین کە ئاستی جەماوەریی ئەم حیزبانە چەند پاشەکشەی کردووەو تا چ ئاستێکیش متمانەی نەک جەماوەری گشتیی خەڵک بەڵکو متمانەی جەماوەرو لایەنگرانی پێشتری خۆیشیانیان دۆڕاندووە. تەنیا با سەیری رێژەی بەشداریکردنی خەڵکی کوردستان بکەین لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵانەی دوایدا، تەنانەت بەو هەموو ساختەو گزیەشەوە کە کراوە هێشتا رێژەکە دەیسەلمێنیت کە حیزبی کوردی لەرووی جەماوەرییبوونەوە لە قۆناغی پیربوون و داڕماندایە. کەواتە با بپرسین ئایا هۆکاری چیە کە پاش نزیکەی ٢٩ ساڵ لە دەسەڵاتداری کورد لە باشوورو لەم ماوەیەشدا لە دوو بەشی دیاری تری کوردستان، رۆژهەڵات و باکور، ئایا بۆچی جەماوەردارێتی و پێگەی حیزبەکان بەرەو دواوە هاتووە، هەرچەندە رێژەی ئەو پاشەکشەیە جیاوازیش بیت؟ بەڵام بۆ ئەوەی بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێین، پێویستە ئەو پرسیارە بەرزبکەینەوە کە ئەرکی حیزی کۆمەڵگەو نەتەوەیەکی وڵات داگیرکراو و دابەشکراو چیە؟ بێگومان بەڵگە نەویستە کە هیچ نەتەوەتەک نیە لە دنیادا بە بێ بوونی دەوڵەتی خۆی و بەبێ سەربەخۆیی، بوون و کەرامەتی پارێزراو بێت، بۆیە ئاشکرایە ئەرکی حیزب لە کۆمەڵگەی داگیرکراو و دابەشکراودا کارکردنە لە پێناوی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتدا. هەر حیزبێکیش بەرنامەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەبێت رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی لە رێگای کارکردن لە پانتایی هەستی رۆمانسیانەی جەماوەردا لە رووی ژمارەوە گەورە بێت، بەڵام ئەو گەوەربوونە کاتیەو ناتوانێت بۆ ماوەی درێژخایەن بژی. بەمانایەکی تر بۆ بارودۆخی کوردستان هەر لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە کە حیزب درووستبووە، بەناوی کوردایەتیەوەو بەهۆی سیاسەتی دڕندانەی داگیرکەرانەوە بە ئەندازەی جیا جەماوەر دەوری ئەو حیزبانەی داوەو ئومێدی ئەوەی پێیان هەبووە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ بەدەستبهێنن و دەوڵەتی بۆ درووست بکەن. بەڵام لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا جەماوەر لەوە تێگەیشتووە کە ئەم جۆرە حیزبانە ئەهلیەتی ئەوەیان نیە کە بەدوای ئامانجێکی لەوجۆرەوە بن. بۆیە لێیان بێئومیدبوون. مەبەستمان لەم قسەیەش ئەوەیە کە حیزب ئەرکی مێژوویی هەیە و ئەو ئەرکەش قۆناغی هەوڵبۆدان و کاربۆکردنی خۆیی هەیە، واتە کاتی دیاریکراو هەیە بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەرکی ئەو قۆناغە، واتە هەر بوویەک قۆناغێکی دیاریکراویی هەیە بۆ ئەوەی بکەرێتی خۆیی تێدا نمایش بکات. دیارە بۆ هەر بکەرێکێش ئەرکی دیاریکراو هەیە. لەم روانگەیەوە حیزبی کۆمەڵگەی یان نەتەوەی داگیرکراو ئەرکی رزگاری نیشتیمانی و بنیادنانی سەربەخۆیی لە ئەستۆیە. خۆ ئەگەر نەیتوانی لە قۆناغی گونجاو بۆ رزگارکردنی نیشتیمان و بۆ بنیادنانی سەربەخۆیی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت مانای وایە ئەرکی قۆناغەکەی جێبەجی ناکات و لەبارێکی وەهاشدا ئەو حیزب یان رێکخراوە مادەم لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکە مێژووییەکەیدا نیە لە گەشە دەوەستێت و بەرەو لاوازبوون و سەرئەنجامیش بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەم روانگەیەوە لاوازبوون و پاشەکشەو روو لە هەرەسهێنانی حیزبی کوردی لەبەر ئەوەیە کە نەبوونەتە هەڵگری ئەرکی مێژوویی خۆیان لە قۆناغێکدا کە کۆمەڵگەی کوردی وەکو کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو و دابەشکراو پێویستی بە جۆرە حیزبێکە رابەرایەتی بکات بەرەو رزگاریی و سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت.   لە کۆمەڵی کوردیدا، لە حەفتا ساڵی رابردوودا، سەرباری خەباتی کورد دژی داگیرکەران، کە لە  سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردووەوە حیزب رابەرایەتی بزووتنەوەکانی کوردی دژی داگیرکەران کردووە، ویست و مافەکانی کورد وەکو نەتەوەیەکی بن دەست کە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت، نەبووەتە بەرنامەو پرۆژەو گوتاری بزووتنەوەکان و بەوپێیەش بەرنامەو پرۆژەو گوتاری حیزبەکان. ئەم خواست و مافە وەکو خۆی ماوەتەوەو بەدەستنەهێنراوە. ئاستی پێداگری و کاربۆکردنی زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکانی کوردستانیش لە ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵدا لەسەر سووربوون لەسەر ویستەکانی کورد، کە ئەرکی ئەم قۆناغە بووە، لە بری بەهێزبوون بەرەو لاوازی و پاشەکشە چووە. ئەمەش بەڵگەی ئاشکرای ئەوەیە کە ئەم حیزبانە لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکی ئەم قۆناغەدا نەبوون و ئاشکرایە لەم رووەشەوە زۆر هەلی مێژووییان لەدەستداوەو تەنانەت رۆڵیشیان هەبووە لە دواخستن و زیاتر دابەشکردنی کۆمەڵگەدا و بەردەوام کەوتوونەتە هەڵەی گەورەی نەتوانینی دیاریکردنی دووژمنی سەرەکی لە نیوان کێبڕکێکەرە ناوخۆییەکانیان و داگیرکەردا. دیارە تاکو کوردستانیش بەتەواوەتی رزگارو سەربەخۆنەبیت دوژمنی سەرەکی کورد هەر داگیرکەرەو پێکهاتەکانی ناوخۆ با لە ململانێ و کێبرکێشدا بن، ئەگەر هوشیاری و دڵسۆزیی نەتەوەییان هەبێت ئەوا هەر تەواوکەری یەکترن. لەئەنجامی ناکۆکی و ململاێی نێو حیزبە کوردییەکاندا، نەیاری ناوخۆ وەکو ئامانجی سەرەکی بۆ لێدان و دژایەتیکردن دیاریکراوەو داگیرکەریش لە ئاستی دووەمدا هاتووە. دیارە ئەمەش بەرهەمی لاوازیی هوشیاری نەتەوەییە لە لای نوخبەی سیاسی کوردی کە بەشیکی زۆری ئەوانەیان چوونەتە ترۆپکی حیزب و بزووتنەوەکانەوە، لەژێر کاریگەری روانین و گوتاری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بوون و کاریگەری ئەو نوخبە پان عەرەب، تورک، ئێرانیزمە تاکو ئیستاش بەردەوامەو بەربەستە لەبەردەم خواست و ویستەکانی کورددا. بەڵام هاوکات مەیداری بۆ داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هۆکاری سەرەکی لاوازبوون و پاشەکشەو بەرەو داڕمانی زۆرێک لە پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی کوردستانی گەورەیە چونکە لە پانتایی کۆنەستی جەماوەردا ملکەچی و دڵسۆزی بۆ داگیرکەرانی کوردستان رووزەردی و ریسواییە. لێرەوە دەتوانین بڵیین گەشەو نوێبوونەوەو بەهێزبوونی پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ بڕوابوون و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا پێچەوانە دەگۆڕێت. هەموو نزیکبوونەوەیەک لە داگیرکەران و هەموو هەوڵیک بۆ دواخستنی کورد لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکاکەسیدا، سەرئەنجام لاوزبوونی زیاتری ئەو حیزب و گروپانەی لێدەکەوێتەوەو دیارە هوشیاری جەماوەریش بەردەوام لەگەشەدایەو رۆژ لە دوای رۆژ جەماوەر باشتر تێدەگات کە ئەم جۆرە حیزبانە ئەو لە ئامانجەکانی نزیک ناکەنەوە.  بەم گوتارو بەرنامەو شێوەی کارکردنەی ئێستایانەوە، هیچ حیزبێکی کوردی نەک نوێ نابێتەوە، بەڵکو باری شکستخواردوی ئێستای خۆیشی بۆ ناپارێزرێت، ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی و بەجیدی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان و جیاکردنەوەی کوردستان نەکاتە پرۆژەی خۆیی و بەجدیش کاری بۆ نەکات. حیزبە ئیسلامیەکان گەشە ناکەن ئەگەر نەبن بە حیزبی کوردی مسوڵمان، واتە ئەگەر وەکو شیعەی ئێران چۆن تەشەیوعیان خستە خزمەتی فارسبووننەوە، ئەمانیش ئیسلام نەخەنە خزمەتی کوردبوونەوە، ئەوا زیاتر بەرەو دواوە دێن. ئەگەر چەپەکان خەباتی چینایەتی نەخەنە خزمەتی رزگاربوونی نەتەوەییەوەو پێکەوە گرێیان نەدەن، ئەوا نابنە خاوەنی پێگەی بەهێزی جەماوەریی. ئەگەر ئەو حیزبانەی بنەمای خێلایەتی پتەویان هەیە، پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارو رێکخستن و ئۆردەری هەرەمی خێڵایەتی نەکەنە پایەی گوتاری نەتەوەیی، ئەوا لە پەراوێزدا دەمێننەوە. ئەگەر ئەوانەی خۆیان بە دیموکرات و سۆشیال دیموکرات و عەلمانی و نەتەوەیی دەزانن... پرۆژەی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت نەکەنە پرۆژەی خۆیان و لەبری راکردن بۆ پایتەختەکانی داگیرکەران و راکردن بە دوای بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان و دۆزینەوەی پاڵپشتی دەرەکی بۆ پشت شکاندنی نەیارە ناوخۆییەکانیان، نەبنە هاوکارو هاریکاری یەکتری و پێکەوە پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەت نەکەنە پرۆژەی خۆیان، نەک هەر نوێ نابنەوە، بەڵکو مێژوو لە پەراوێزدا بەجێیان دەهێڵێت.    ٢٨-١٢-٢٠١٩            


 هیوا سەید سەلیم          بەرەو کۆتایی ساڵ دەچین، لە ٢٠١٩ چەند حزبێکی کوردستان( گۆڕان ، نەوەی نوێ، زەحمەتکێشان، یەکێتی ، یەکگرتوو)  فریای بەستنی کۆنگرەکانیان کەوتن، ئەوانەی کە ماون دەبێت بۆ سالی داهاتوو کۆنگرە ببەستن. ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە سەرجەم کۆنگرەکان لە ژێر فشار و کاریگەری یاسایی پارتە سیاسیەکانی عێراق دەبەسترێن، فشارەکان سەرجەم پارتەکان پابەندی بەستنی کۆنگرەیی دامەزراندن دەکەن، کاریگەریەکانیش بریتین لە پابەندکردنی حزبەکان بە ناوەڕۆکی ئەو یاساییەی کە بەشی زۆری پارت و لایەنەکان دوای دەرچوونی یاساکە خۆیان لە فەرمانگەی حزب ورێکخراوە سیاسیەکانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.     ساڵی  ٢٠١٥،  یاسایی ژمارە٣٦ی  پارتە سیاسیەکان لە عێراق دەرچوو ،جیگای ئاماژەیە کە یاسایی پارتە سیاسیەکان وەک هەر یاسایەک لایەنی باش و خراب لە خۆەگرێت .    بەندی یەکەمی یاساکە کە بریتیە لە ئامانجی دەرچوونی ئەو یاسایە،  بریتیە لە سێ خاڵ ، یەکەمیان   رێوشوینی دامەزراندنی هەر پارتێکی سیاسی دیاریکردووە، لەو خاڵەدا کە دواتر مەرجی بۆ دەستەی دامەزراندنی حزب داناوە،  بەوەی دەبێت دەستەی دامەزراندن کە نابیت ژمارەیان لە ٧ ئەندام کەمتر نەبێت، مەرجی بۆ دەستەی دامەزراندن داناوە کە دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بن (ماددەی ٩ خاڵ ٦).  ئەو مەرجە کە لە یاساکە هاتووە هیچ پێویستی نەدەکرد ، چونکە لەوانەیە رۆژگارێک پێویست بکات لە عێراق حزبێکی جوتیاری یان کرێکاری دابمەزرێت، ئەو چین و توێژانە چ پێویستیان بەویە کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالاریۆس بن؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی ئەرێنی یاساکە بریتیە لە زامنکردنی فرەیی سیاسی و حزبی، کە ئەمەیان وەک پڕەنسیب بۆ ولاتێکی وەک عێراق گرنگە، کە زامنی ئازدیەکان دەکات بۆ هاولاتیان،  لە دامەزراندنی پارتی سیاسی تایبەت بە خۆیان. دیوێکی دیکەی نەرێنی ئەو یاسایە بریتیە لە ماددەی (٥)ی بەندی دووەم کە دەڵێت (نابێت حزب لەسەر بنەمانی رەگەزپەرستی، تیرۆر، تەکفیر، تائیفی، یان نەتەوەیی دابمەزرێت) ماددەی ٥ خاڵی ٢، دامەزراندنی حزب لەسەر بنەمایی نەتەوەیی بۆ دەبێت وەک ئەوانی دیکە بە تایبەت تیرۆر هەژمار بکرێت؟  ئەو خاڵەی یاساکە دەکرێن وەک لوغمێک بۆ حزبە کوردستانیەکان داندرابێت، چونکە ئەگەر زۆربەشیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دانەمەزرابن ئەوا ئامانجی نەتەوەیان هەیە بۆی تێدەکۆشن، بۆیە نەدەبوو لە یاساکە ئامانجی نەتەوەیی وەک پرسی تیرۆر و رەگەزپەرەستی سەیربکرێت.  بە هەمان شێوەی ئەو ماددەیە لە بەندی سێی یاساکە لە ماددەی(٨) خاڵی یەکەم هاتووە (نابێت پرەنسیپ و ئامانج و بەرنامەکانی حزب ناکۆک بن لەگەل بنەماکانی دەستووری عێراقی) کە ئەو خاڵەش بۆ هەندێک لەو حزبە کوردستانیانەی باوەڕی تەواویان بە سەربەخۆیی کوردستان و سیستەمی علمانیەت هەیە ناکۆکی  لەگەڵ دەستووری عێراق درووست دەکات. دیوی دیکەی ئەرێنی یاساکە بریتیە: - نابێت لە دامەزراندن و ئەندامیەتی هیچ حزبێک کارمەندانی هیزە ناوخۆیەکان و بەرگری و دەستەکانی مافی مرۆڤ و دادگاکان ئەندام بن، دەبیت ئەو کەسانە لە نێوان کاری پیشەیی و حزبی یەکێکیان هەلبژێرن (ماددەی ٢٥، خاڵی ٤) - حزبی سیاسی نابیت پەیوەندی ئۆرگانی و دارایی بە لایەنی دەرەکی هەبێت، یان بۆ کاری حزبی لەدەرەوە ئاراستە بکرێت( ماددەی ٢٥، خاڵی ١) ئەگەر ئەمەی باس کرا کاریگەری یاسای ژمارە(٣٦)ی حزبە سیاسیەکان بێت بەسەر کۆنگرەکانیان، لە پاڵ ئەمەشدا هەست بە کاریگەریەکی دیکەش بەسەر ئە کۆنگرانە دەکرێت، ئەویش مۆدێلی ( HDP) یە لە بەستنی کۆنگرە ، وە شیوازی سەرکردایەتی کردنی حزب. شایانی باسە هەدەپەیەکان لە کۆنفراسی ناوچەی سەرجەم کارەکانی کۆنگرە بە کۆتا دێنن، پاشان لە کۆنگرەیی گشتی شەرعیەت دەدەن بە کارەکانی ئەو کۆنفراسانە و هەر لەوێش سەرکردایەتی تازە هەلدەبژێرن. دوای ئەوەی باسمان لە کاریگەری یاسا و مۆدێلی تازەی بەستنی کۆنگرەکان کرد هەمووشمان وا دەبینین کە کۆنگرەکان بە یاسا و مۆدێلی تازە بەستران و دەبەسترێن، بەڵام لەوانە گرنگتر ئەوەیە کە حزبەکانی کوردستان بە پڕاکتیکی خۆیان تازە بکەنەوە،  کار بەو یاسایانە بکەن کە خزمەت دەکەن بە فرەیی سیاسی و هەنگاونان بۆ دیموکراسیەتی راستەقینە لە کوردستان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand