Draw Media

نارسیزمی سیاسیی دوای چەمچەماڵ

نارسیزمی سیاسیی دوای چەمچەماڵ

2025-12-16 18:14:20


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەو شتەی هەر چاودێرێکی ئاسایی لە پەیوەندیدا بە  رووداوە گەورە و بچوکەکانی کوردستانەوە، تێبینی دەکات، لەناویشیاندا رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ، کە بە هەموو مانایەک رووداوێکی تراژیدییە، وونبوونی تەواوەتی مانا «گشتیی» و «دەستەجەمی»ەکانی رووداوەکەیە لەناو بەشێکی گەورەی  ئەو روانین و نمایشکردنانەدا کە دوای رووداوەکە هاتونەتەکایەوە. 
ئەوەی غائیبە ئەو رەهەندە گشتیی و پێکەوەییە کە مانایەکی دەستەجەمعیی بە کارەساتەکە دەبەخشێت و سیاسەت خۆیشی دەکات بەو چالاکییە سەرەکیی و هاوبەشەی مرۆڤەکان لە ڕێگایەوە ژیانێکی گشتیی و هاوبەش دروستدەکەن. ئەو زمانی قسەکردنەی ناوەندە سیاسییەکە و حاشییە گەورەکەیان، لە میدیاکار و وتەبێژ و هەوادارانیان، لەسەر رووداوەکە قسەی پێدەکەن و ئەو هەڵسوکەوتانەی لەسەر زەویش پیادەیدەکەن، هەرچییەکیان نیشاندابێت، ئەو رەهەندە گشتیی و پێکەوەییان نیشاننەداوە کە کۆمەڵگایەک دوای هەر کارەساتێکی گەورە، لە فۆرمی هاوخەمییەکی گشثیدا، پێویستی پێیەتی.
 لەناو ئەم زمان و هەڵسوکەوتە سیاسیانەدا کە گوێمان لێیاندەبێت و دەیانبینین، کارەساتەکەی چەمچەماڵ، لە کۆستێکی دەستەجەمعیی تراژیدییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێک بۆ موزایەدەی سیاسیی و خۆنمایشکردنێکی شانۆکارانە و نارسیزمێکی سیاسیی کوشندە. کە هەر یەکێکیان وەک بکوژ و وێرانکەری هەر ئیجماعێکی سیاسیی بەرپرسیار و هەر کۆگیرییەکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی کاردەکەن. 

کە باس لە نارسیزمی سیاسیی دەکەم، هێما بۆ ئەو دۆخە بیمارە دەکەم کە تیایدا بکەرە سیاسییەکان، ویستی بەرپرسیارێتیی و خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەیان تەڵاق داوە و لە شوێنی ئەودا خواستی دروستکردنی وێنەیەکی فریادڕەسیان بۆ خۆیان، ئەکتیڤ و چالاککردوە.
 ئەوان دەخوازن وێنەی سەرۆکێکی دڵسۆز و خەمخۆر و بێوێنە، بۆ خۆیان دروستبکەن و لە ڕێگای ئەم وێنەیەشەوە رکابەر و کەسانی لەخۆیان نەچوو، بخەنە خانەی ناپاک و بێباک و خائین و خۆفرۆشەوە. ئەوەی بەبەرچاومانەوە روودەدا بەکارهێنان و خستەنگەڕی پێگە جیاوازەکانی دەسەڵاتە، نەک بۆ نیشاندانی هاودەردیی و هاوخەمیی و خزمەتکردنێکی بەرپرسیار و ڕاستەقینەی هاوڵاتیان، بەڵکو بۆ دروستکردن و سەپاندنی  وێنەی خۆیان وەک فریادڕەسێکی بێرکابەر کە وڵاتەکە و کۆمەڵگاکە و مرۆڤەکانی ناویان، بە موڵکی شەخی خۆیان دەزانن.  

ئەم نارسیزمە سیاسییە، سەرجەمی دامەزراوەکانی ئەم دەسەڵاتدارییە و سەرچاوە مادییەکانی خستۆتە خزمەتکردنی وێنەی نمایشکراوی دەسەڵاتدارەکانەوە، کراون بە ئامرازێک بۆ نیشاندانی شکۆمەندیی دروستکراوی ئەوان و ئەو بنماڵە و پارتە سیاسییەی ئەوان لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتیدا، دانیشتون. سەرجەمی پلان و شێوازی بەدەمەوەچونی قوربانییەکانی کارەساتەکە، گۆڕاون بۆ شانۆی خۆنمایشکردنی ئەوان و دەرکەوتنیان وەک فریادرەسێکی بێوێنە. یان وەک پاڵەوانێکی دڵسۆز و خەمخۆری خاوەن ویژدان.  

لەم نمایشە شانۆییەشدا هەم کۆمەڵگا و هەم هاوڵاتییان لەوەدەکەون کۆمەڵگا و هاوڵاتیی بن بە مانا راستەقینەکەی خۆیان، واتە شتێک بن خاوەن ماف و خواست و ئیرادەی سەربەخۆ، بەشداربن لە دروستکردنی بڕیارەکاندا، خزمەتکردنیان وەک ئەرکی دەوڵەت و حوکمڕانییەکە ببینن، بەڵکو گۆڕاون بۆ تەماشەکەرێکی پاسیڤ و بێچارە، بۆ لێقەوماوانێکی بێدەرەتان کە چاوەروانی مەکرەمە و خێری دەستی فریادڕەسە سیاسییەکان بن. ئەم نارسیزمە سیاسییە تا ئەو شوێنە دەڕوات حەزی سەرسامبوون بە فەرمانڕەوابوون و نمایشکردنیان وەک شکۆمەندێک تێپەرێنێت بۆ ئاستی کردنیان بە بووەوەرێکی پیرۆز و ئاسمانی. 

سەرجەمی ئەم دیمەنە، لە ئاستە فەلسەفییەکەیەدا، مانای کۆتاییهێنانە بە سیاسەت وەک پەیوەندیی نێوان مرۆڤە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بۆ دروستکردنی ژیانێکی هاوبەشی متمانەپێکراو. مانای گۆڕینی دەسەڵاتی گشتیشە بۆ ئامرازی نمایشکردنی «من»ی فوتێکراوی سەرکردە سیاسییەکان. بریتییە لە داماڵینی تەواوەتی سیاسەت لە هەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیارێتی و ڕاستیگوتن و مانای هاوبەش. ئەوەی روودەدات وێرانکردنی هەر دیدگا و تێگەیشتنێکە، جیهان هەم بە دیوە کارەساتاویی و هەم بە دیوە خۆشگوزەرانییەکەیدا، وەک مەسەلە و واقیعێکی هاوبەش ببینێت کە مرۆڤەکان بەیەکەوە خاوەنی بن. واقعێک لە پشتییەوە کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگا و کارەساتەکانی وەک کارەساتی هاوبەش ئامادەبێت، نەک وەک سەرزەمینی خۆنمایشکردنی ئەم یان ئەو فەرمانڕەوا و ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیی.

 ئەوەی لەم نارسیزمە سیاسییەدا غائیبە، بوونی هاوسۆزیی راستەقینەیە بۆ کەسانیتر، بەتایبەتی کەسانی لە خود جیاواز. کردنی خود خۆشیەتی بە سێنتەری هەموو شتەکان و فریادرەسیی ناوە کارەساتەکان. ئەم نارسیزمە سیاسییە ئامرازی بێنرخکردنی تەواوی مەسەلە گشتییەکانی کۆمەڵگایە، دوورکەوتنەوەیە لە خەم و خواستە گشتییەکان، سڕینەوەی بەردەوامی چاوەڕوانییە گشتییەکانە. ئەوەی لە شوێنی ئەم شتانە کاردەکات خۆبەگەورەزانینێکی بیمارە، کە لەناو تەفاسیلەکانیدا واقیع وەک واقیع سڕدراوەتەوە، تەحەدا گشتییەکان نابیناکراون و هاوبەشە کۆمەلایەتیی و ئینسانییەکانیش بەتایبەتکراون. 
نارسیست بە مانا ئەفلاتونییەکەی کەسێکە نەک توانای حوکمڕانییکردنی کۆمەڵگای نییە، چونکە حوکمران پێویستیی بەوەیە بتوانێت رەهەندە گشتیی و پێکەوەییەکانی دەرەوەی خودە نارسیستییەکەی خۆی ببینێت، بەڵکو توانای حوکمڕانییکردنێکی عەقلانیانەی خودی خۆیشی نییە. لەم دۆخەدا خواست و پێداویستی بە سەرسامبوون و بە بەرزراگرتی وێنەی خود وەک کەسێکی بێوێنە، شوێنی سەرجەمی ئەو رەهەندە گشتییانە دەگرێتەوە کە حوکمڕانیکردن پەویستیپێیانە.

خاڵێکی دیکە کە پێویستە جەختێکی تایبەتی لەسەر بکەین، ئەو راستییەیە کە نارسیزمی سیاسیی بەردەوام پێویستیی بە دروستکردنی دوژمن و ناحەزی هەمەجۆرە. نارسیزم تەنها دوژمنیش دروستناکات، بەڵکو پێویستییەکی گەورەشی بە بوونی دوژمنان هەیە. لە نارسیزمی سیاسیدا دوژمن بەشێکی ناوەکیی خەیاڵێکی سیاسیی نارسیستییانەیە.  لە ڕێگای دوژمنەوە، نارسیزمی سیاسیی، هەم پارێزگاری لە وێنەی خۆی وەک فریادرەسێکی پاکژ و بێگوناه دەکات، هەم پارێزگاریش لە هەستی خۆبەگەورەزانینی خۆیشی. سیاسەتی نارسیستی، وەک سیاسەتی دینیی، جیهان بۆ باش و خراپ، پاک و پیس، دڵسۆز و ناپاک دابەشدەکات. بەشە باش و پاک و دڵسۆەزەکە خود خۆیەتی، و دەرەوەی ئەو خودەیش بەشە خراپ و پۆخڵ و خائین و ناحەز و دوژمنەکەیە. بۆئەوەی خۆیشی وەک بوونەوەرێکی بێگوناه و پاکژ رابگرێت، دوژمنە دروستکراوەکانی وەک تاوانبار و توندوتیژ و هێرشبەر و پیلانگێر وێنادەکات. ئەو دابەشکردنەی کارل شمیت لە سیاسەتدا لە نێوان دۆست و دوژمندا دەیکات، لە سیاسەتی نارسیستیدا تەواو پەرگیر و هەمەلایەن دەبێت و پێداویستیی بوونی دوژمن تا ئاستی خۆکوژیی بەرزدەبێتەوە. سیاسەتی حیزبە کوردییە باڵادەستەکان لەدوای کارەساتەکەی چەمچەماڵەوە سیاسەتێکی دروستکردن و داتاشینی دوژمنە بەمانا پەڕگیر و خۆکوژییەکەی. ئەم نارسیزمە سیاسییە، هێما بۆ شکستێکی ئەخلاقیی گەورە دەکات کە تیایدا ئازارە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکان دەگۆڕدرێن بۆ سەرزەمینی خودئەڤینیەکی بیمار و موزایەدەکردنێکی هەمەلایەن و فوتێکراو. 

ئەوەی گوێی لە زمانی بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی دوای رووداوەکەی چەمچەماڵ بێت بە ئاسانی باڵادەستی لۆژیکی فریادڕەس و لە دەستدانی لانی هەرەکەمی عەقلانیەتی سیاسیی دەبیستێت. کردەوەکانیش بە ئاسانی گەشە بە لۆژیکی دابەشکردنی دوژمنکارانەی کۆمەڵگاکە دەدەن بۆ ئیمارەتی سیاسیی سنوورداخراو و دوژمن بەیەک.  کارەساتەکەی چەمچەماڵ لەباتی شتێک لە کۆگیریی و پێکەوەبوونی نیشتیمانیی و ئینسانی دروست و نیشانبدات، ناوەندێکی سیاسیی تەواو نارسیستی داڕزاومان نیشانئەدات، کە دابڕاوە لە لانی هەرەکەمی بەرپرسیاریەت. تەنانەت کارەساتە گەورە و وێرانەکەرەکانیش ناتوانن سنوورێک بۆ ئەم نارسیزمە سیاسییە و ئەم خۆنمایشکردنە هەرزانە دابنێنن.    

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand