ووردەكاری كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی
2025-12-16 16:28:49
درەو:
لە كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی لە پیرمام هیچ رێككەوتنێك نەكراوەو باسی هیچ پۆست و پلەو دابەشكارییەك نەكرا، كۆبوونەوەكە باش نەبووە، گەڕانەوەبووە بۆ خاڵی سەرەتا، ئەگەری دروستبوونی وەفدی دانوستانكاری نوێ هەیە.
سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی كە ئەمڕۆ لە پیرمام بەڕێوەچوو ووردەكاری كۆبوونەوەكەی بۆ (درەو)ئاشكراكرد:
كۆبوونەوەكەی نێوانیان هیچ بەرەو پێشچونێكی نوێی بەخۆوە نەبینیوەو هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەسەر پۆست و پرسەكان نەبووەو ئەتوانین بڵێین كۆبوونەوەیەكی باش نەبووەو گەڕانەوەبووە بۆ خاڵی سەرەتا.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی رونكردەوە كە لەسەرەتای كۆبوونەوەكە وەفدی یەكێتی پرسیارێكیان لە وەفدی پارتی كردووە: گفتوگۆكان لەو شوێنەوە دەستپێدەكەین كە پێش هەڵبژاردن راگیرا، یاخود لە شوێنی دیكەوە، وەفدی پارتی بەڕونی بە وەفدی یەكێتیان راگەیاندووە ئەوەی پێش هەڵبژاردن گفتوگۆی لەسەركراوە شتێك بوو ئێستا دوای هەڵبژاردنەو شتێكی ترە كەواتا دەبێت لە شوێنێكی ترەوە دەستپێبكەینەوە، بۆیە وەفدی یەكێتی بە وەفدەكەی پارتیان راگەیاندووە ئێمە بە گونجاوی نازانین لەم قۆناغەدا بەم شێوە بەردەوام بین و دەگەڕێینەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و لەوێ بڕیار دەدەین كە ئەم وەفدە بەردەوام بێت یان وەفدەكە دەگۆردرێت، چونكە ئەوەی وەفدی پارتی دەیەوێت جیاوازە لەوەی پێشتر گفتوگۆی لەسەركراوە، كەواتا گفتوگۆكان گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر.
كۆبوونەوەكە كاتێكی كەمی خایاندووەو كۆتایی هاتووەو وەفدی پارتی و یەكێتی دەگەڕێنەوە مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان بڕیار دەدەن.
ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا باسی هیچ پۆستێكی حكومەتی هەرێم نەكراو لە كۆبونەوەكەدا وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون كە لە ئێستادا گفتوگۆكان تەرخانبكرێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و ئەو پرسە یەكلابكرێتەوە و حكومەتی هەرێم پێكبهێندرێت ئێنجا گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی بەغداد بكرێت.
بەڵام وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە لە ئێستادا هەردوو پرسەكە لەرووی كاتەوە نزیكن لەیەكەوە پێویستە وەك یەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئێستا شیعەو سونە پۆستەكانی خۆیان یەكلا دەكەنەوە، بۆیە پێویستە كوردیش خۆی ئامادەبكات و گفتوگۆكانی بە ئاراستەی یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆككۆمار چڕبكاتەوەو ئەو پۆستە یەكلا بكاتەوە، كە یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بە شایستەی خۆی دەزانێت، بۆیە پێویستە لەسەر كاندیدێكی یەكێتی رێكبكەوین، واتا یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوون هەردوو پرسەكە بكرێنە یەك پاكێج بەڵام وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوەبوون كە پۆستەكانی هەرێم و حكومەتی هەرێم یەكلا بكرێتەوە ئینجا بەغداد.
لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی پارتی بەتایبەت پشتیوانی سادق گلەییەكانی پارتی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە بەتایبەت گلەیی لە یەكێتی كردووە كە بۆچی پێشنیازی پارتی قبوڵناكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێش هەڵبژاردن رێككەوتنیان دواخست و ئێستاش ناتانەوێت ئەو پرسە یەكلابكەینەوە، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە دەبێت پۆست و پرسەكان بكرێنە یەك پاكێج و بەیەكەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و یەكلا بكرێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد لە كۆبوونەوەكەدا بەهیچ شێوەیەك باسی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و دابەشكاری پۆستەكان نەكراوە بەتایبەت پۆستی وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی و یەكێتی.
بۆیە وەفدەكەی یەكێتی و پارتی بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێك كۆتاییان بە كۆبوونەوەكەی پیرمام هێناو هەریەكەیان گەڕانەوەو بڕیارە ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان بگەیەننەوە مەكتەبی سیاسی حزبەكانیان
زیاتر لە ساڵێك و یەك مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، پارتی و یەكێتیی لە دانوستانەكانی دوای هەڵبژاردندا لەسەر (كارنامە)ی حكومەت رێككەوتنیان كرد، بەڵام لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان نەگەیشتنە رێككەوتن .
لە دواین هەڵبژاردندا، لە كۆی 100 كورسی پەرلەمان؛ پارتی (39) كورسی و یەكێتیی (23) كورسیان بەدەستهێناوەو براوەی یەكەمی و دووەمی هەڵبژاردنن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (15) كورسی لە پلەی سێیەمدایە.
