Draw Media

لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!

لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!

2025-12-17 16:10:01



ئازاد حەمە
 

پرۆفیسۆر لەفەلسەفە لەزانکۆی سلێمانی

 

لافاوناس نییم و لافاوناسییش بواری پسپۆریم نییە، لەبەرئەوە لێرە ناخوازم لە بارینی زۆری باران یان دیاردەی سێڵاو بدوێم، لێ لەوە تێدەگەم، کە لافاوەکە، یان لێزمەبارانەکە پێیگوتین: ماڵ و شوێنی ژیانی ئێمە و ڕێگاوبانەکانمان بەرگەی گەردەلول، زریان و باوبۆران ناگرن.

مافی خۆمە بڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ بەو مەرجەی کەس نەبێتە قوربانی، بەڵام با شڕەبەتانی و کۆنەزۆپا و بەڕە و ڕاخەرە بێبەهاکانی ئەو ماڵانە لەگەڵ خۆی بەرێت،کە بێژیان و بێ داهاتوون؛ تا یەک تۆز هەستی ئەرستۆکراتییەکان(خواپێداوەکان) بورووژێت.

ئەگەرچی لافاوناس نییم، بەس کوا ئەو لافاوەی دەبێتەوە هۆکاری لادانی دەیەها بەڕێوەبەری بێباک؛ ئاودیوکردنی دەیەها زوڵم و ئاشکراکردنی قەتماغەی بێدادیی. گومانیناوێت، موسیبەتەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش وایلێکردین لە ئەلفوبای بێماڵی و بوونی ماڵێکی درۆیینە، کە شوێنی ژیانی تیانییە، حاڵیبین. ئەی پێش لافاوەکە، چەن بێباکبووین بەرامبەر بێماڵ و هەژار و بیمارییە کۆمەڵایەتییەکان.

بەشەرمەوە دەڵێم بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا دەڤەرەکان لێکدی نزیکبکاتەوە؛ مێتافیزیکی ڕەحم و بەزەیی چرۆدەرکات و نەبوو و داماوەکان لەو شومە سوودمەندبن، کە لە بەرگی لافاو دەبێتە میوانیان.

حەیف و هەزار مخابن، کە دەبێت بڵێین سوپاس بۆ لافاوەکە،کە بێدەرەتان و کرێچییەکانی ماڵە کەلاوەکانی کردە خاوەنی ماڵێ تازە و پێویستییەکانی ناو ماڵی، کە کەمترین مافن، بۆ ئەوانە مسۆگەرکرد ئاستنزمترین ژیان لەناو ماڵە بێماڵەکەیاندا، لە سەردەمی ژیری دەستکرد، دەژین.

بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە دیسانەوە دەڵێم: بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان بەخۆیانا بچنەوە، قوتابخانە و دایەنگەکان پڕ پێداویستی بکرێن، نەخۆشخانەکان لەوە دڵنیابن چەند بەرگەی کارەساتە سروشتییەکان دەگرن، کتێبخانەکانیش لێوانلێوکرێن لە سەرچاوە و پێداویستیی خۆڕانکبیرکردن. 

ئەڵبەتە زۆر بە حەسرەتەوە دەڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ تا هەژاریی، داماویی، بێدەرەتانیی، بێماڵیی کەساسەکان ئاشکرابکات، کە دەمێکە پەردەپۆشکراوە. تا ماڵی ئەوانە ببینین، کە رۆژانەی کاسبکارییان پانزە هەزار دینارە(نۆ دۆلار)، ئەو خێزانانەش دەرکەون، کە نزادەکەن بۆکڕینی دەرمان بۆ پەککەوتوەکانیان.

چەند عەیبە دەڵێم:  با بۆ لافاوێکی تر؛ ئاخر لەبەرئەوەی خوازیارم لافاو کۆمانکاتەوە، لافاو ڕۆحبکات بە بەر کەلتووری بەخشین و بەتەنگیەکەوەچوون. مەگەر لافاوەکە فێرینەکردین لە پەرۆشدار، ئاتاج و بێخانوەکان بیربکەینەوە؟ لەوە تێبگەین سروشت توانای پەلاماردانی خۆی هەیە، لەسەر ئەوە وەستاوە مرۆڤەکان چەند دەتوانن رووبەرووی ڕووداوە سروشتییەکان ببنەوە.

دەرکەوت ئەو قسانە لە شوێنی خۆیاندا نیین، کە دەلێن کوردەکان بەتەنگ یەکەوە نایەن، خۆخۆر و چیوچین. هەرلەبەرئەوە، تەکیە ، شۆرش و چەمچەماڵ ناوگەلێکن تا ساڵانیک لە گوێماندا دەزرینگێنەوە. ئەمە (سەلیم بەرەکات) گوتەنی لە مەهابادەوە بۆ مەهابادێکیترە، بەس ئەمجارەیان سروشت خستمانیە ناو گەرووی مەهاباد و هەڵەبجەیەکی ترەوە.

حەیف و داخەکەم بۆ لەوە تێناگەین، ئەو جینۆسایدە سروشتییەی هاتەسەر دەڤەری چەمچەماڵ، کاکە مەند، ئاخجەلەر و پیرەمەگرون بەرهەمی نادادیی و خراپدابەشکردنی داهاتە نەک هەقایەتی فاشیزمی بەعسیزم و.... .

بائەوەش بڵێین: هاوخەمیی سیاسییەکان بۆ لێقەوماوان خەمخۆری بوو بۆ ئەوەی نەک لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو دەڤەرانە زەرەرمەندبن لافاو بووە میوانی ناوەختیان. چونکە بۆ سیاسییەکان بەدبەخت، لێقەوماو و پەککەوتەکان ژمارەن بۆ کاتی تەنگانەی سیاسیی(بۆزیادکردنی کورسی).

شەرمە بۆ من، کە دەڵێم ئاخ بۆ لافاوێکی تر. ئاخر ئەو لافاوە بوو،کە دیاردەی بێدەرەتانی و بێ ماڵی لە دەڤەرێک ڕووماڵکرد خاکێ بەپیت و داهاتداری هەیە. بۆلەمەولا سیاسییەکان ڕقیان لە وشەی لافاو و باران دەبێتەوە، چونکە لافاو زۆر شتی کەشفکرد و جەوری ئابووریی و ستەمی بەڕێوەبردنیشی خستەڕوو.

تەماشای ئەو ڕێکەوتە، ڕێک چەند کاژمێرێک پێش لافاوەکە و ڕووداوەکانی تەکیە و شۆڕش و چەمچەماڵ لە خوێندنەوەی شانۆنامەی(زریان)ی شکسپێر بوومەوە... ئەم شانۆنامەیە ئەمەی چرپان بەگوێما: دۆزەخ بەتاڵە و گشت شەیتانەکان وان لێرە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand