بەیار عومەر عەبدوڵا ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت برەو بە کەرتی پیشەسازی بدەن، لەسەرەتادا کارگە خۆماڵیەکانیان ساوا و لاوازن لە ڕوی سەرمایە و تەکنەلۆجیاوە، بۆیە زەحمەتە بتوانن کێبڕکێی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بکەن. کەواتە ئەرکی حکومەتە بیانپارێزێت تا دەکەونە سەر پێی خۆیان. حکومەت دەبێت گومرگێكی زۆر بخاتە سەر كاڵای هاورده، یان نەهێڵێت لە ڕێژەیەک زیاتر لەو کاڵا بیانیانە بێنە ناو هەرێمەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان بتوانن کێبڕکێی کاڵا بیانیەکان بکەن. بەڵام نهێنی سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە پەیوەستە بە دوو خاڵەوە: ١-بڕی ئەو گومرگەی دەخرێتە سەر کاڵای هاوردە. ٢-ماوەی سەپاندنی گومرگەکە. دەبێت بڕی ئەو گومرگەی دەخرێتە سەر کاڵای هاوردەکراو بە وریاییەوە دیاری بکرێت، واتە تەنها بایی ئەوەندە بێت کە ڕێگە بدات پیشەسازی خۆماڵی گەشەبکات و توانای کێبڕکێ پەیدا بکات لەگەڵ کاڵای بیانیدا، وە هەر کە لە ڕووی سەرمایە و تەکنەلۆجیاوه توانای کێبڕکێی پەیدا کرد لەگەڵ کاڵای بیانیدا و کەوتە سەر پێی خۆی، دەبێت حکومەت بەزووترین کات دەست لە پاراستنی هەڵبگرێت، و ئیتر ناچار بێت نرخ دابەزێنێت و کوالیتی بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی كێبڕکێی کاڵا جیهانییەکانی پێبکرێت. چونکە ئەگەر حکومەت زیاد لە پێویست باج بخاتە سەر کاڵای هاوردەکراو، دەشێت بە خراپ بشکێتەوە. بۆ نمونە وڵاتی بەڕازیل لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا دەیویست برەو بە پیشەسازی کۆمپیوتەر بدات؛ لهو پێناوهشدا زیاد لە ٧ ساڵ ڕِێگری کرد لە هاوردەکردنی هەر جۆرە کۆمپیوتەرێک بۆ ناوخۆی بەڕازیل. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کارگەکانی دروستکردنی کۆمپیوتەر لە بەڕازیل، نەبونی ڕکابەر وهك ههلێك بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی کۆمپیوتەری کوالیتی خراپ بە نرخی زۆر گران بفرۆشن، سەرەنجام هاوڵاتی بەڕازیلی زەرەرمەند بوو. لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەو سیاسەتە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پەیڕەو بکرێت، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا كه سیاسەتی پاراستنی پیشەسازی خۆماڵی پەیڕەو کردووە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە، واته له ساڵی ١٩٧٩هوه تا ئێستا. ئەمەش گەر بە دیوێکدا ئێرانی کردبیتە خاوەنی چەندین پیشەسازی، ئەوا بە دیوەکەی تردا بە زیان شکاوەتەوە. چونکە بۆ نمونە لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا، ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە باجێکی زۆر زیاد لە پێویست بخاتە سەر ئۆتۆمبێلی غەیرە ئێرانی، بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایهنیش کە نزیکەی ٤٠ ساڵە بەردەوامە لەسەری. ئەمەش گەر بە دیوێکدا ئێرانی کردبێتە خاوەنی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی خۆی، ئەوا بە دیوێکی تردا کارگەکانی ئۆتۆمبێل لە ئێران، لە غیابی منافسێکی جدیدا، لە جیاتی بەرز کردنەوەی کوالیتی و دابەزاندنی نرخ، ئۆتۆمبێلی کەم کوالیتی بە نرخی خەیاڵی دەخەنە بازاڕەوە. بە کورتی سیاسەتی پاراستنی پیشەسازی خۆماڵی گرنگە، بەڵام بە بڕێکی کەم و بۆ ماوەیەکی کورتخایەن، هەتا ئەو پیشەسازیانهی دهمانهوێت پێشی بخەین دەکەوێتە سەر پێی خۆی، و ئینجا لێیانبگەڕێین كێبڕکێ لەگەڵ کاڵا جیهانییەکاندا بكهن. واتە كه له ڕوی سهرمایه و تهكنهلۆجیاوه كارگهكانمان پێشكهوت و توانی كێبڕكێی كاڵای بیانی بكات، ئیتر گومرگ كهمبكهینهوه لهسهر كاڵای بیانی، بۆ ئهوهی كۆمپانیا خۆماڵیهكان ناچاربن نرخ دابهزێنن و كوالیتی بهرز بكهنهوه.
🔹د.كامهران مهنتك یهكێك له مامۆستا بهڕێزهكانی زانكۆی سهلاحهدین، كه ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كردو كۆمهڵێك حهسرهتی لهگهڵ خۆی برده ژێر گڵ. ئاستی زانستی پڕۆفیسۆر بوو، 48 ساڵ خزمهتی ههبوو، زۆربهی یاساناس و ماف پهروهرو دكتۆرو پارێزهرهكانی ئهگهر نهڵێم ههموو كوردستان، ههموو ههولێر له ژێر دهستی ئهو خوێندیان و قوتابی ئهو بوون، به 2.5 دوو ملیۆن و نیو خانهشین كرا!. بێگومان به دهیان نمونهی تری ئهو مامۆستا بهڕێزه ههیه، كهچی كابرایهك دێنن و چهندین ساڵ بهناوی كوردایهتیهوه خیانهتی لهو میللهته كردووه، ناوی پله باڵای لێدهنێن و به چهند قاتی ئهو پڕۆفیسۆره بهڕێزه خانهنشینی دهكهن!. پهرلهمانتارێك، كادیرێكی حزبی ، كه پێشتر تا توانای ههبوو خزمهتی بهعسی كرد، دواتر خۆی منداڵهكانی بوونه پارتی یاخود یهكێتی و ههر ههموویان به پله باڵا خانهنشین كران، یاخود دهكرێن، كه رهنگ بێت جگه له زیان هیچی تریان بۆ وڵات و نیشتیمان نهبوو بێت، ئایا ئهو لینگهقووچ كردنهوهی پێگهكانی كۆمهڵگاو بینینی شتهكان به پێچهوانهوه، رهنگدانهوهی ئاستی بیر كردنهوهی دهسهڵاتی سیاسی نیه له ههرێمی كوردستان؟ یاخود سووككردنی مرۆڤه پایهبهرزهكانی نێوكۆمهڵگا نیه له لایهن ئهو پایه نزمانهی جلی بهرپرس و سیاسهتمهدارو سهركردهیان لهبهر كردووه!؟. یاخود له كۆتایدا جێبهجێكردنی ئهجێندایهكی دهرهكیه بۆ تێكشكاندن و چرووك كردنی ههموو بههاكانی ئهو ئهو كۆمهڵگایه!. تێبینی1: مهسهلهی خانهنشینهكهم وهك نمونه هێنایهوه لهبهر ئهوهی ئێستا قسه لهسهر ئهو بابهته زۆر دهكرێت، ئهگینا ئهو بێڕێزی و بێبایهخكردنه ههموو كایهكانی ژیانی كۆمهڵگای كوردی گرتۆتهوهو زۆر زانایانه كاری لهسهر دهكرێت!. تێبینی2: بۆ ئهوهی بگهیته پلهی پڕۆفیسۆری دهبێت دوای وهرگرتنی دكتۆرا 4 ساڵ خزمهتت ههبێت و بهلایهنی كهم 3 توێژینهوهت له زانكۆیهكی ئهكادیمی بڵاوكرابێتهوه، ئینجا دهینێرنه لیژنهی پسپۆڕو لهم وڵاته یهك دوو ساڵی دهوێت، ئهگهر توێژینهوهكانت به زۆرباشه و باشه هاتهوه دهبیه پڕۆفیسۆری یاریدهدر. دوای ئهوه دهبێت لهو بهروارهوه 6 ساڵی تر خزمهت بكهیت و به لایهنی كهم 6 توێژینهوهی ئهكادیمیی پێشكهش بكهیت، كه له گۆڤاره ئهكادیمیهكان بڵاوكرابێتهوه یاخود فهرمانی بڵاوكردنهوهی وهرگیرابێت و لێژنهو بینهو بهرده، دهبێت به لایهنی كهم 3 توێژینهوه لهو شهش توێژینهوهیه رهسهن بێت، ئینجا دهبێته پڕۆفیسۆر، ئهمه سهرباری 16 خوێندنی سهرهتایی و ئامادهیی و زانكۆ، ئهگهر هیچ ساڵێكیش نهمێنێهوه ههموو ساڵێك بهسهركهوتوویی دهرچوو بێت. واته 26 ساڵی رێك له خوێندن و كاركردنی بهردهوام، ئهگهر هیچ دوانهكهوتبێت!. بێگومان ئێستا له ههرێم ئهو حزبهكان ئهو پله زانستیانهشیان وهكو ههموو شتهكانی تر سووك كردووه!.
فارس نەورۆڵی زۆربەی جەنگە جیھانییەکان فتوحاتەکان ئەگەر ھەر ئامانجێکی سیاسی ھەبوبێ ، دواجار ئامانجی سەرەکی دەستکەوت و داھات و ئابوری بووە ،چونکە سیاسەت تەنھا زمانێکی سیاسیانە نییە، بە ڵکو پێچەوانەکەی جیناتە ئابورییەکانە، بە پلەی ئیمتیاز لە ناو جەرگەی پەیوەندییە داگیر کارییەکاندا بێگومان ئابورییە، ھەموو مۆتیڤی ھێزی داگیرکەر ئابوورییە ، کوردستان لەبەر ئەوەی سەر زەمین و ژێر زەمینی خەزێنەیەکی گەورەیە، بۆیە داگیرکەران ھەمیشە تەماعیان لەسەر بووە لە ھەر قۆناغێکدا بە ناوێکەوە کوردستانیان داگیر کردووە، لە بەرامبەر ئەمەدا کورد چۆکی دانەداوە ئەگەر چی نەیتوانیوە بگاتە ئامانج، بەڵام نەی ھێشتووە داگیر کەران بە ئاسودەیی سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بخۆن، بۆیە ھەمیشە لە شۆڕشدا بووە. تا ئاستی جینۆساید قوربانیداوە ئەگەر چی ئەم قوربانیدانە بۆ ئەوە بووە بمان ناسن، بەڵام نەیان ناسین، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکی تاریک و کوێری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داین، چاوی ئەوان پێناسەی نەکردین و میتۆدی جیھانی پێناسەی کوردیان نەکرد، چونکە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی جیھان لە سەروی ھەموو شتەکانی ترەوەن، بۆیە وا پێویستی دەکرد بە جۆرێکی تر سیاسەت بکەین لە دەرەوەی خیتابی قوربانیەوە، خیتابێکی دیکە بخەینەڕووکە کە جیھان پێویستی پێی بێت، ئەویش ئابووریە، بە تایبەتی سامانی ژێر زەوی، شوێن کەوتنی ئەم بابەتەش بوێری دەویست، بۆئەوەی ببینە خاوەن مەوقع بۆ ئەوەی پێگە بۆ نەتەوەکەمان دروست بکەین ،چۆن مەوقع بەھاو پێگە دەدا بە نەتەوە ، وەک گەمەی شەترەنج ، لە یاری شەترەنج یاسایی جوڵەکان حوکم دەکات ئەمەش پێویستی بە یاریزانی کارامەیە . لێرەدا نێچرڤان بارزانی بیری لە دەرھێنانی نەوتی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە کوردستان بکرێت و جیھانیش وەک دوو بەرامبەری ئابووری و سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکات ،چونکە دەیزانی شێوەی بەرھەم ھێنان ھێزی سەرەکی بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگا پێکدەھێنێت ، بۆیە لە ھەنگاوی یەکەمدا توانی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی، کە وزە و ئاسایشی وزە کاریگەری تەواوی لەسەر بڕیاری سیاسی جیھان ھەیە، مەسەلەی وزە بووە بناغەیەک کە کوردستان بە جۆرێکی تر بخوێنرێتەوە لەلایەن زلھێزەکانەوە، ئەمە بوو بە بنەما بۆ کورد ،چەند جارێک بەشداری لە کۆڕ بەندی ئابووری جیھانی داڤۆس دا بکات. بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک ڕەمز و نوێنەرایەتی کوردستان لە داڤۆس لە کاتێکدایە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵاندایە، لە کاتێکدایە گەلی کوردستان توانی جەنگی تیرۆر بەرێتەوە و ئەفسانەی داعش بشکێنێت، لە کاتێکدایە ڕۆژئاوای کوردستان کورد بەڕێوەی دەبات ، لە کاتێکدا دۆخی عێراق لە دوای بەرکەوتەکانی ئەمریکا و ئێران چووە قۆناغێکی ترسناکەوە ، لەو کاتەدا جیھان لە داڤۆس کۆ دەبێتەوە بۆ قسە کردن و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشەو ئاستەنگانەی ڕوبەڕوی ئابوری جیھان دەبنەوە، ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەدەن. کارنامەی کۆبونەوەی کۆڕبەندی ئابوری جیھانی جێبەجێ کردنی پلان و بەرنامەی نیولیرالیزمەکانی بانکی جیھانی ڕێکخراوی بازرگانی نێو دەوڵەتییە، کە خۆی لە بەتایبەت کردنی (خێێە) سێکتەرەکانی ئابوری و خولقاندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرھێنان لە ڕێگای چاکسازی سیاسیەوە، لەم کاتەدا بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لە ھەمانکاتدا ئەنجامدانی دیداری گرنگ و تایبەتی لەگەڵ سەرۆک و ناوەندە سیاسی و ئابوریەکانی جیھان، بە تایبەتی دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا (سەرۆک ترامپ) بەشدارییەکی بونی کوردە وەک کارەکتەرێکی دبلۆماسی و سیاسی و ئابوری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لە ھەمان کاتدا بەشداری سەرۆکی ھەرێم بەشداری کۆی ڕەنگ و دەنگ و ئاینە جیاوازەکانی کوردستانە، حزوری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی حزوری گەلی چەوساوەی کوردستانە، لێرەوە بە جیھان دەڵێ بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خاوەن ھێزەکان دەڵێ ئێمە دەتوانین ڕۆڵی کارامان ھەبێت و فاکتەرێکی گرنگ بین بۆ ئارامی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی دیموکراسی و لێبوردەیی و پاراستنی ژینگەی ئابوری لەم ناوچەیەدا،کەواتە بەشداری سەرۆک لە داڤۆس بەشداری کۆی کۆمەڵگای کوردستان و ھێزە سیاسیەکانە ، دەبێ ھەست بەوە بکەین کە حزوری سەرۆک لە داڤۆس حزوری بەرژەوەندیەکانی کوردستانە، چونکە چی سەرۆکی ھەرێم و چی سەرۆکایەتی موڵکی گشتی کوردستانە، بۆیە بەشداری لە داڤۆس بەشداریکردنی کوردستانە.
ساڵح ژاژڵەیی بەشی 11 بزوتنەوەی گۆڕان لە كوێی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندایە؟؟. بزوتنەوەی گۆرڕان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا گەەشەیەكی زۆر خێرای كرد و بو بە جێیی ترسی یەكێتی و پارتی لە لایەك و جێكەی هیواو ئومێدی جەماوەر لە لایەكی تر. بەڵام ئەم گەشەكردنە زۆری نەخایاندو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا پاشەكشەیەكی بەرچاوی كرد . لە ئێستادا گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێكەوتنی كردوە و بەشێكە لە پێكهاتەكانی حكومەت . بەڵام كێشەی گرنگ ئەوەیە ئەم ڕێكەوتنە لەپێناوی بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەكراوە ، بەڵكو لە پێناوی وەرگرتنی پۆست بۆ هەندی كەسی تایبەت كراوە . كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان بەم ڕێكەوتنە لەگەڵ پارتی لە بری ئەوەی گەشە بكات ، بچوك بۆتەوە و جەماوەرێكی زۆری لە دەستدا و پاشەكشەیەكی بەرچاوی كردوە . بۆ ئەگاداری و زانینیی هەمولایەك ، كێشەی گەورەو خەمی گەورەی سەرانی گۆڕان لە ئێستادا ئەوەیە كە پارتی ئەو پۆستانەیان پێ نادات كە پێشتر لەسەری ڕێك كەوتون، نەك لەسەر ئەوەی پارتی بەرنامەكانی گۆڕان جێ بەجی ناكات . گۆڕان خوازی خۆشەویست ، خوێنەری ئازیز ، سەیركەن چۆن ئەم بەناو سەركردایەتیەی گۆڕان لە پێناوی وەرگرتنی چەن پۆستێك بۆ چەند كەسێك كە هەرگیز چاویان پڕنابێت و تێرناخۆن ، هەموو گۆڕان خوازانیان بێ ئومید كرد . ئەوە ماوەی 6 مانگە حكومەت پێك هاتوە ، كوا ئەو چاكسازیانەی وەعدتان بە گۆڕان دابوو. وەرگرتنی چەند پۆستێك بۆ چەند كەسێك كە ئەوانە موستەحەقی وەرگرتنی هیچ پۆستێك نین ، ئەوەی دەهێنا ئاشبەتال بە بزوتنەوەیك بكەن . ڕەنجی 500 هەزار كەس بەهەدەر بدەن . ئەوە 6 مانگە حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە ، ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ بواری چاكسازی هەر لە دایك نەبوەو هەرگیز لە دایكیش نابێت . پۆستی ئەمینداری گشتی پێشمەرگەش كە پێشتر بڕیار درابوو بدرێتە گۆڕان هەر ناویشی نەما . هەر لە ئێستاشەوە تا ئەم دەورەیە تەواو دەبێت ئەو دەسكەوتانە تۆمار بكەن كە مستەفای سەید قادر بۆ گۆڕانی بەدەست دەهێنێت ، موچەی باش و نەسریەی باشی لێدەرچێت . دەزانم ئەم بەناو سەركردانە خەمی گەورەیان ئەوەیە كە پارتی ئەو پۆستانەیان پێ نادات كە پێشتر لەسەری ڕێك كەوتبون بۆ ئەوەی دڵی ئەوانە ڕازی بكەن كە دەنگیان دابوو بۆ هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن . ئەرێ پێم ناڵێن ئەو دروشمانەی لە سەرەتادا بەرزتان دەكردەوەو خەڵكتان پی َدەخەڵاتاند چییان لێهات ؟؟. بزوتنەوەی گۆرڕان لە سەرەتای دروستبونیدا دروشمی گوڕێنی سیستەمی حوكمڕانی و دژایەتی گەندەڵی و چاكسازی و دەستەبەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهاتدا و بە دامەزراوەكردنی دام و دەزگاكانی حكومەتی بەرز دەكردەوە . بەڵام لە ئێستادا خۆی بۆتە بەشێك لە سیستەمەكە . كەواتە ئەم بزوتنەوەیە هیچ بایەخ و هیچ گرنگییەكی نەماوەو ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا تەنها ناوێكەو بوو بە ڕابوردو . لە هەموی گرنگتر ئەوەیە كوڕەكانی كاك نەوشیروان بە دەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە داماون و نازانن چۆن لەم بزوتنەوەیە ڕزگاریان ببێت و هەست دەكەن بۆتە بارگرانییەكی زۆر بەسەریانەوە .ئەوان لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە وەكو لەمپەڕێك دەبینن لە بەردەم بەرژەوەندییەكانیاندا. ئەوان تەنها ناوی بزوتنەوەكەیان پێویستە وەكو چەترێك بۆ داپۆشینی بەرژەوەندییە كانی خۆیان . باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە بە لێشاو خەڵك واز لە بزوتنەوەكە دەهێنن ، بەڵام كەسێك ناپرسێت بۆچی ؟. لە ڕاستیدا ئەمە خواستی ئەوانەو بەوە زۆر دڵخۆشن . كاتێك كاك نەوشیروان سەفەری ئەوروپای كرد ، گۆڕان خوازان زۆر بە پەرۆشەوە لەم شارو بۆ ئەو شار و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دوای كاك نەوشیروان دەكەوتن ، تەنها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاویان پێی بكەوێت . ڕوداوێكی ئوتومبێلیش ڕوی داو كەسێك گیانیشی لە دەستدا . لە بری ئەوەی ماندو بون و پشتیوانیەكەی ئەوان بەرز بنرخێنن و سوپاسیان بكەن ، لە پەیجی پەیسەری تایبەتی نماو چیاوە هێرشی زۆر ناڕەوا دەكرێتە سەر كوردانی تاراوگەو بە خەڵكانی بێ كەڵك و سۆسیال خۆر ناویان دەبەن . كەسایەتییەكی بەڕێزو ناسراوی وەكو دكتۆر بورهان یاسین كە وەكو قەڵایەك وابوو بۆ گۆڕان لە وڵاتی سوید ، بەدەیان كۆبونەوەو سمینار و وتاری زۆر بە نرخی پێشكەشی كوردانی تاراوگە دەكرد. ڕۆڵێكی یەكجار گرنگی هەبوو بۆ هوشیار كردنەوەی جەماوەر لە بێ ئومێدیدا وازی لە گۆڕان هێناو هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەشی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە نوسراو بڵاو كردەوەماوە. ئارام ئەحمەد 10 ساڵی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گۆڕان تەرخان كرد و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە گۆڕان كرد . بەڵام لە ئێستادا كە قسەكانی ئەویان بەدڵ نییە پێی دەڵێن دەم پیس و جنێو فرۆش . ئەی بۆچی جاران كوڕی چاك بوو ؟؟؟. لە ڕاستیدا نە دەم پیسەو نە جنێو فرۆشەو عەیبی ئەوەیە قسەی ڕاست دەكات . نە ڕاستی بە هەموو كەس دەوترێت و نە هەموو كەسێكیش ڕاستی پێ قبوڵە . هەردوكیان پیاوی خۆی دەوێت . بزوتنەوی گۆڕان گەورەترین خزمەتی بە پارتی كرد ، چونكە ئۆپۆزسییۆنی بۆ لەناو برد . كەواتە پارتی زۆر قەرزداری كۆمەڵێك بەناو سەركردەی گۆڕانە ، ئەگەر وەفا هەبێت ، دەبێ پارتی پاداشتی ئەو دڵسۆزانە بداتەوە كە بەوەكالەت ئەركی ئەوانیان جێ بەجێ كردوە . پێشم وایە پارتی وەفای هەبوە بەرامبەریان ئەوەشتان . پارتی سیاسەتێكی زۆر حەكیمانەی پەیڕەو كرد بۆ بەرژەوەندی خۆی . سەرەتا بزوتنەوەی گۆڕانی لە كۆمەڵی ئیسلامی دابڕی بەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی بەشدار پێكرد لەحكومەتداو لە بەرامبەر دا كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی پەڕاوێز خست . لە لایەكی تریشەوە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیشی لە یەكتری دابڕین . پارتی حەكیمانە سەرەتا لەگەڵ كۆڕان ڕێك كەوت ودوایی لەگەڵ یەكێتی دانیشتنی كرد . بەم هەنگاوە پارتی یەكێتی ئیحراج كرد. گۆڕان وای زانی بەم كارەی گۆڵ لە یەكێتی دەكات . بەڵام نەیزانی خۆی دەخەڵەتێنێت و پارتی گوڵی لێدەكات و لە هەموانی دادەبڕێت . پارتی بەم هەنگاوەی توانی هەموو حیزبەكان لە یەكتری دابڕێت . پارتی سیاسەتی ( فرق تسود ) ی بەكار هێناو زۆریش سەركەوتو بوو . لە ڕاستیدا پارتی سەرچاوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بوەو ئەگەر بۆیان بكرێـت و بۆیان بچێتە سەر ناهێڵن كەسی تر هەبێت جگە لە خۆیان . ئەمە ستراتیجی پارتییە و هەمیشە هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ستراتیجە دەدەن. بە بۆچونی من زۆر بونی ژمارەی حیزب لە هەرێمی كوردستاندا ، لە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان نییە . بەشێكی زۆری ئەوانەی لەسەر پشكی حیزبەكان لە حكومەتدا دادەمەزرێن ، لە ڕاستیدا هەر زیادەن و هەرپێویست نین و هەمویان دەبنە بارگرانییەكی گەورە بەسەر قوتی خەڵكی كوردستانەوە . سەیر كەن وەعدی كۆمەڵێك پۆست بە گۆڕان دراوە . بەڵام ئەو شوێنانە بەتاڵ نین و كەسانی تر لەو شوێنانەدا كار دەكەن . كەواتە لابردنی ئەوانە و دانانی كەسانی تر لە شوێنیان چ مانایەكی هەیە . دەبێ ئەوانە بچنە ماڵەوەو موچەی خۆڕایی وەرگرن . كەواتە ئەوانە دەبنە بندیوار . بە بۆچونی من لە هەڵبژاردنی داهاتودا ، نەوەی نوێ ئەگەر بشمێنێت ، زۆر لاواز دەبیت و كاریگەر لە سەر پڕۆسەی سیاسی نامێنێت . بزوتنەوەی گۆڕانیش زۆر زەحمەتە 5 كورسی بهێنێت . كەواتە گۆڕانیش هەر لە جێی نەبوان دەبێت و هیچ ڕوڵ و بایەخێكی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمدا نامێنێت . پێشم وایە ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵو گۆڕی بەسەردا نەیەت ، حیزبە ئیسلامیەكانیش لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسیدا دەمێننەوە و ئەوانیش كاری گەرییەكی ئەو تۆیان نامێنێت ، ئەگەر سیاسەتیان نەگۆڕن و بیر لە میكانیزمێكی تر نەكەوەوهاو هاو پەیمان بۆ خۆیان پەیدا نەكەن . ڕاستە لە پەڕلەماندا دەتوانرێت قسە بكرێت بەڵام دواجار هەر زۆرینە یەكلایی بڕیارەكان دەكاتەوە كە لە ئێستادا پارتییە . باشترین نمونە یاسای چاكسازیە كە لە پەڕلمان دەنگی لەسەر درا لەگەڵ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەنگیان پێ نەدا . بەڵام چونكە ئەوە بڕیارە ویستی پارتی بوو هەر دەنگی لەسەر درا . یاساكە دوو ر ِوی هەیە . كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان كارێكی باش بوو ، بەڵام دەبوایە لە بەرامبەر ئەوەدا بڕیاریش بدرێ كەمترین موچە لە 400 هەزار دینار كەمتر نەبێت . بەرەی ئۆپۆزسیۆن داوای ئەوەی كرد ، بەڵام چونكە پارتی نەیویست ئەوە بكرێـت ، بڕیاری لەسەر نەدرا .كەواتە تاكە شوێنێك كە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بتوانن قسەی تێدا بكەن پەڕلەمانە . تا زۆرینەی پەڕلەمانیش لای پارتی بێت ، چۆنیان بوێت وا دەكەن . لە ئێستادا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە تاكە حیزبێك حوكمڕانی بكات چونكە ئاستی ڕۆشنبیریی و ئەم ناوچەیە لە ڕوی دێموكراسییەوە زۆر لە دواوەوەیەو زۆر بونی ژمارەی حیزب لە هەموو ڕویەكەوە لە بەرژەوەندی هاولاِتیان و هەرێمی كوردستاندا نابێت . ئەگەر تاكە حیزبێكی میانڕەو هەبێت و بەیەك چاو سەیری هەموان بكات و خزمەت گوزاری بۆ هەموو ناوچەكان بە پێی پێویستی ئەنجام بدات و جیاوازی نەكات ، هەنگاوێكی مەزن دەبێت بۆ گەشە كردنی هەرێمی كوردستان . ئەو كات تاكە حیزبی حوكمڕان پێویستی بە پشتیوانی هیچ حیزبێك نابێت و ئەویش مولزەم نابێت هیچ ئیمتیازێك كە لە ڕاستیدا ئەوە بەشێكە لە قوتی هاوڵاتیان ،بداتە بە هیچ حیزب و لایەن و كەسایەتییەك . لە ئێستادا پارتی گەورەترین حیزبە لە هەرێمی كوردستان و تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە بۆ چارەسەری كێشەكان . بەڵام پارتی ئەو حیزبە نییە بە یەك چاویلكە سەیری هەموان بكات لەبەر ئەو هۆكارانەی لە سەرەوە باسمكردون. پارتی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە جومگە ئەساسیەكانی حوكمڕانی كۆنتڕوڵ بكات . هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێكی باڵای حكومەت بە پەڕلەمانیشەوە جگە لە پارتی ئاگاداری ناوەرۆكی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت هەیە لەگەڵ توركیا ؟؟؟. ئایا پارتی ڕێگا دەدات وەزیری نەوت بدرێتەلایەنێكی تر ؟؟. ئایا كەس ئاگاداری ئەوەیە نەوت چۆن دەفرۆشرێت و بە چەند دەفرۆشرێت ؟؟؟. وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەكانی دەرەوەی هەرێم موڵكی پارتین . ئایا وەزیر دارایی دەتوانێت بچێت كارو باری گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل ڕێك بخات ؟؟. پارتی كەی ویستی ڕێگای هەولێر لە بەرپرسانی حیزبەكانی تر دەگرێت . نمونەی زۆرمان هەیە بۆ ئەمە . كەی ویستی دەرگای پەڕلەمان دادەخات . وەزیر دەردەكات. كەواتە هەر كەس و لایەنێك بڕوای بەوە هەبێت كە پارتی دەتوانێت بێلایەنانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی بنەماڵەیی و حیزبایەتی حوكمڕانی بكات ئەوە لە پێشەوە خۆی دەخەڵەتێنێت ، دوای خەڵكانی تر . پێش ئەوەی كاك مەسرور دەست بەكار بێت وەكو سەرۆكی حكومەت ، جۆرێك لە گەشبینی هەبوو بەرامبەری . بەڵام كاتێك دەست بەكار بوو ، لە هەنگاوی یەكەمیدا هەموانی بێ ئومید كرد و حكومەتی سێبەری لە پشتی حكومەتەوە دروست كرد . ئەم هەناگاوەی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ ئەوەیە دەستی وەزیرەكان ببەستێت ، نەك بۆ هاوكریكردنیان بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان. كەواتە لە هەنگاوی یەكەمەوە وەزیرەكان دڵخۆش نابن و هەست دەكەن دەسەڵاتی تەواویان نییە و بە گومانەوە كار لە حكومەتدا دەكەن . كەواتە هەرگیز پارتی بەو عەقڵیەتەوە ناتوانێت ببێـت بە جێگەی متمانەی هەموان . لە ئێستادا تاكە ڕكەبەری بەهێز بەرامبەر بە پارتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە . ئەم حیزبە لە ڕوی پێكهاتەو بەرنامەو ستراتیج و بیركردنەوەوە لە ئێستادا جیاوازییەكی ئەوتوی نییە لەگەڵ پارتی . تاكە جیاوازی ئەوەیە كە پارتی پێگەی بەهێزترەو لەناو پارتیشدا مەركەزیەت هەیەو برَیارەكان بە باشی جێ بەجی َدەكرێن . لە بەرامبەریشدا یەكێتی دوای مامحەلال مەركەزیەتی تێدا نەماوە . فرە كوێخایی هەیە . بڕیارەكان بە ئاسانی نادرێن . ئەوەش وەكو كارەسات وایە بۆ هەر حیزبێك. هەموان چاوەڕوانی كۆنگرەی یەكێتی بون . كۆنگرەش تەواو بوو . هەرچەندە ئەنجامی كۆنگرەكە بۆ ئەم قۆناغە زۆر خراپ نەبوو . دەشتوانین بڵێین سەركەوتوش بوو . بەڵام لە ئاستی پێویسیشدا نەبوو . لە سەرەتاوە وتم كێشەی گەورەی یەكێتی نەبونی مەركەزیەت بوو . ئایا ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دوای كۆنگرە دەتوانن بە خۆیاندا بچنەوەو باشتر خۆیان ڕێك بخەنەوەو تەكانێكی باش بدەن و هەنگاوی گەورەتر بەرەو پێشەوە بنێن و مەبدەئی سزاو پاداشت و لێپرسینەوەو بەدوادا چون بكەن بە دروشمی قۆناغی داهاتویان ؟؟. ئایا سەركردایەتی ئەم حیزبە دەتوانێت بەرنامە دانێت بۆ چاكسازی لەناو ڕیزەكانی حیزبدا و لەناو دام و دەزگاكانی حكومەتدا و هەنگاوی گەورە بنێن لە بواری ئەنجامدانی خزمەت گوزاری و خزمەتی هاوڵاتیان بە تایبەتی چینی فەقیرو هەژار؟؟؟. ئەگەر یەكێتی جۆرێك لە گۆڕان كاری بكات و ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت ، ئەوە دەبێتە جێگەی ئومێدی جەماوەر و سەرنجی خەڵك بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت . لە ئێستادا جەماوەرێكی یەكجار زۆری ناڕازی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە . جەماوەری ناڕازی ئێستا زۆر زیاترە لەو كاتەی كە گۆڕانی تێدا دروست بو . ئەو جەماوەرەی كاتی خۆی بە لێشاو پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەكرد، لە ئێستاشدا بە ڵێشاو لێی دەچنە دەرەوە . ئەو جەماوەرە زۆرە لە چاوەڕوانی جۆرێك لە گۆڕانكاری سیاسیدان بۆ ئەوەی بتوانن بڕیارێك بدەن و شوێنێك بدۆزنەوە خۆیانی تێدا ببیننەوە . بەڵام ئەگەر سەركردەكانی یەكێتی ئایندەی حیزبەكەیان لە ئەوەدا ببیننەوە كە ئەو ناڕازیانە بگەڕێنەوە ناو ڕیزەكانی یەكێتی و یەكێتی بە هێز دەبێتەوە و دەچێتەوە دۆخی جارانی ، ئەوە تێگەیشتنێكی زۆر هەڵەیە . یەكێتی بەوە هەڵناسێتەوە نارَِازیەكان بگەڕێنەوە ناوی ، بەڵكو هەنگاوی یەكەم دەبێ هەوڵ بدرێت ڕیزەكانی ناو خۆی یەكێتی ڕ یكبخرێتەوە . یەكێتی لەناو خۆیدا گۆڕانكاری بكات و مەركەزی بڕیار دروست بكرێت . هەوڵ بدەن كۆتایی بە بەرژەوەندییە شەخسییەكان بهێنن و داهاتی حیزب بە مەركەزیەت بكرێـت هێوا بۆ جەماوەر بگێڕنەوە . ئەگەر ئەمانە كرا ، گومانی تێدا نابێت ، یەكێتی دەبێتەوە جێی متمانەی جەماوەر . لەبیرتان نە چێت یەكێتی خاوەنی جەماوەرێكی زۆر فراوانە، خاوەنی وزەیەكی زۆرە . تەنها پێویستی بە ڕێخستنەوە هەیە . هەموو ئەمانەش ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت ، ئەگەر ئیرادەیەكی ڕاستە قینە هەبێت . ، ئەو كاتە یەكێتی دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی . ئەگەر گۆڕانكاریەكانی ناو یەكێتی لە بەرژەوەندی گشتیدابون ، ئەو كات یەكێتی دەبێتە جێگەی ئومیدی جەماوەر. لە ئێستادا تۆپەكە لە گۆڕەپانی یەكێتیدایە بە تایبەتی دوای بەستنی كۆنگرە . ئایا دەتوانن كارێكی وابكەن ببنە جێی متمانەی زۆرینەی ئەو جەماوە رەو لە ئامێزیان بگرن؟؟؟. وەڵامەكەی لای خۆیانە . بەڵام لە یادمان نەچێت یەكێتی هەلێكی زێڕینی بۆ هاتبوو پێشەوە و بە خۆڕایی لە دەستیدا . ئەویش ئەوەبو لە كاتی دەنگدان بە یاسای چاكسازی دەبوو داوا بكەن كەمترین موچەی خانە نشینی لە 400 هەزار كەمتر نەبێت و ئەوە بكەن بە مەرج بۆ دەنگدان بە یاساكە . ئەگەر ئەوەیان بكردبایە لە ئێستاوە دەبونە خاوەنی پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەر . زۆر گرنگە بۆ یەكێتی كە هەوڵ بدات پشتیوانی باش بۆ خۆی دەستەبەر بكات و دواجار بتوانن تەرازوی هێز كە ئێستا تەواو لاسەنگە ڕاست بكەنەوە . یەكێتی بە تەنها ناتوانێت ڕو بەڕوی پارتی ببێتەوە ، بۆیە زۆر گرنگەو پێویستە هەوڵ بدات لە گەڵ حیزبە ئیسلامیەكان هاوپەیمانییەك پێك بهێنن و دەنگیان بكەن بە یەك ، چونكە لە هەڵبژاردنی داهاتودا هەر ئەو دوو حیزبە ئیسلامیە دەمێننەوە كە خاوەنی جەماوەرن و لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسیدان . كاتی ئەوەیە یەكێتیش سیاسەت بكات . كۆتا قسەشم لەم بەشەدا ئەمەیە : هەتا پارتی بەم عەقڵیەت و بەم بیرتایەوەكردنەوەی ئێستا كار بكات و سیاسەتی قۆرخكاری پەیڕەو بكات ، لاواز بون و پاشەكشەی یەكێتی نیشتمانی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ، لەگەڵ هەموو ئەو كەم و كورتیانەی هەیەتی ، لە بەرژەوەندی زونی سەوزدا نابێت و هەموان زەرەرمەند دەبن ، بێ جیاوازی.
ماردین ئیبراهیم بههۆی ڕابردووی خراپی حوکمڕانی له کوردستان و وونبوونی متمانه لهنێوان حوکمکهران و حوکمکراوان له کوردستان، له سهرووی ههموویشیهوه زاڵبوونی دیدێکی پۆپۆلیستی نا عهقڵانی و بێقوڵایی بهسهر سیاسهتدا که ئهویش جۆرێکی دیکهی ستهمکاریه، دۆخێک خولقاوه قسهی جدی و وتوێژ کهمترین سهرنجی دهدرێتێ. تازهترین دهرکهوتهی ئهو ناعهقڵانیهته کاردانهوهکان بوو بهرانبهر یاسای 'چاکسازی له خانهنشینی و موچه و دهرماڵه و بهخشین و ئیمتیازاتهکانی دیکه'. له ماوهی یهک ههفتهی ڕابردوودا سهرنجمدا کهمترین قسه لهسهر خودی یاساکه کرا و ئهوانهیشی که ڕهتیان دهکردهوه، ههر به شێوازی نووسین و کاردانهوهکانیاندا دیار بوو زوربهیان نهیانخوێندبۆوه. دهکرێت له زۆر گۆشهنیگاوه قسه ههم لهسهر کاردانهوهکان و ههم خودی یاساکهش بکرێت، ههر لهوهی کۆمهڵگای ئێمه چۆن بیر دهکاتهوه؟ دهسهڵاتی ئێمه چۆن دهسهڵاتێکه و دیدی بۆ چاکسازی چۆنه؟ ئهگهرهکان و سروشتی ئهو بهرههڵستیه چیه و چۆنه که دژی دهسهڵات ههیه. من لهناو ههموو ئهوانهدا سێ تێبینی تۆمار دهکهم: یهکهم: بابهتی خانهنشینی و مووچهی پهرلهمانتار بهشێکی بچووک و لاوهکی یاساکه بوو، بهڵام ههموو سهرنجهکان خرانه سهر ئهو بابهته، لهکاتێکدا ئهوانهی پێیان دهڵێن 'پلهباڵا' به ههزارانن، ئهوانهی به نایاسایی خانهنشین بوون به ههزارانن، ئهوانهی به نایاسایی پلهیان له بهشی سهربازی بۆ بهرزکراوهتهوه به ههزارانن، ئهوانهی دوو مووچه و سێ مووچهیان ههیه به ههزارانن و ههموو ئهوانه له یاساکهدا هاتوون و ئهگهر یاساکه جێبهجێبکرێت ههنگاوێکی بچووک، بهلام گرنگه بهرهو پێشهوه. نهبوونی ستراتیجێکی شیتهڵکاری دروست بۆ یاساکه هێندهی له سۆشیال میدیادا ژاوهژاوی دروست کرد هێنده کهشوههوایهکی بۆ گفتوگۆی لۆژیکی دروست نهکرد که زۆر پێویست بوو ئهو گفتوگۆیه بکرێت. دووهم: ههموو توڕهیی ئهو کهسانهی نادادیان بهرانبهر کراوه ڕوبهرووی پهرلهمان کرایهوه و ئهندامانی پهرلهمان و دهزگاکه بوو به بهرخی قوربانی. ههموو فۆکهس خرایه سهر ئهو ئهندام پهرلهمانانه که ههندێکیان به دڵسۆزی و ههندێکیان به ناچاری شانییان دابووه بهر کارێکی باش. ئهگهر حکومهت ئهو پرۆژه یاسایهی ئاراستهی پهرلهمان نهکردایه و پهرلهمان دوای وتوێژ و دهستکاری پهسهندی نهکردایه، هیچ کهسێک نهبوو ملیان بگرێت و وایان لێبکات ئهو کاره بکهن و ئێستا کهشوههواکه کشومات بوو و وهکو جاران ئهوان و ههزاران کهسی دیکه به پارهیهکی زۆر خانهنشین دهبوون. خهڵکانێکی زۆر به ناووردکاریی و ههندێک ناوهندیش له کهسانی موفتهخۆری بهشی پشتپهردهی دهسهڵات بۆ دوورخستنهوهی سهرنج لهسهر خۆیان و گهندهڵی و تاڵانکاریه زهبهلاحهکانی شهوێکیان که به قهدهر مووچهی ساڵێکی ههموو ئهندامانی پهرلهمان دهبێت، به ئهنقهست کهشێکیان خولقاند ههموو ڕمهکان روویان له پهرلهمان بێت. بهمهش ههم خۆیان لێسایهوه و پاڵیاندایهو ههم هێندهی تر ئهم دهزگایهی وڵاتی ئێمهیان سووک کرد. سوککردنی دامودهزگاکان به گشتی و پهرلهمان خراپترین کارێکه بکرێت، چونکه ئهگهر له کۆمهڵگای دامهزراوی خۆرئاوا دامودهزگاکان توندو تۆکمه بن و بوونی دیدێکی کافکایی دژی دامودهزگا و بیرۆکراسیهت پێویست بێت، ئهوا بۆ وڵاتی ئێمه بێنرخکردنی پهرلهمان ئاوێکه دهڕژێته ئاشی فهوزا و ئهو میرانهی جهنگ که قازانجیان له بێسهروبهرهیی و نهبوونی دامودهزگای چاودێریدایه. له ههموو ئهوانهش بترازێت، کهسانێک ههن ڕهنجی فهرهادیان دا بچنه پهرلهمان و بهههر هۆیهک بوو نهیانتووانی بچن، ئێستا بهو دهزگایه دهڵێن گهوڕ و تهویله، کهسانێکی دیکه حهوت ساڵه زیاتر له شهش ملیۆنی خانهنشینی وهردهگرن ئێستا هاواریان لێههڵساوه و باسی نادادی ئهم یاسایه دهکهن. بهڕاست ئهگهر ئهوه مۆڕاڵی ئهو کهسانه بێت که تازه به تازه بیریان کهوتۆتهوه نادادی ههیه، ئهوه مۆڕاڵی ئهو کهسانه بێت ئهگهر خۆیان له پهرلهمان بن پهرلهمان باشه و دنیا عهیبی نییه، ئهگهر خۆیشیان لهوێ نهبن ئهوا پهرلهمان تهویلهیه، ئهو دهبڵ مۆڕاڵیه بابهتێک نییه وامان لێبکات دووباره به پێناسهکردنهوهی چهمکهکاندا بچینهوه؟ سێیهم: دژایهتی یاساکه له چهند ئاراستهیهکهوه دههات، ههندێکیان ئاشکراو ههندێکیان پهنهان. ئاشکراکه ههندێک کهس و هاوڵاتی دڵسۆز بوون که بێدادی هاواری لێههڵساندبوون و دهیانهویست تووڕهیی خۆیان ئاراستهی لایهنێک بکهن، بێوهیترین دهزگاش پهرلهمان بوو ئهو ڕق و تووڕهییهی خۆیانی پێدابمرکێننهوه، ئهم ئاراستهیه سهرهڕای بێسوودیهکهی بهڵام هێشتا ئاساییه، ئاراستهیهکی دیکه چهند ئهندام پهرلهمانێکی پۆپۆلیست بوون که ههندێکیان بێڕوئیا بوون و ههندێکی دیکهیان بۆ وهبهرهێنانی سیاسی له ئایندهدا ئهو ژاوهژاوهیان دروست کردبوو، ئهم ئاراستهیهش سهرهڕای زیانهکانی بۆ فهزای سیاسی تهندروست بهڵام دیسانهوه شتێکی زۆر سهیر نییه. له ههمووی ترسناکتر که زۆر کهس لێی بێئاگا بوون ئهو ئاراستهیه بوو که له ژێرهوه لهلایهن ههندێک دهزگا و ناوهندهوه دهجوڵێنرا چونکه کهسانێکی زۆری مشهخۆر لهو یاسایه زیانمهند دهبن (دیسانهوه ئهگهر یاساکه جێبهجێبکرێت)، ههروهها رسواکردنی دهزگایهکی چاودێری وهکو پهرلهمان له قازانجی ئهو ناوهندانهیه بۆ ئهوهی تهمهنی حوکمی میلیشیایی و بێیاسایی خۆیان درێژبکهنهوه.
محەمەد عەلی دروشمی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتا ھەڵبژاردندا، بریتی بوو لە كوردستانێكی بەھێز، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە كوردستان تازە بەتازە لە شۆكی پیلانی لەنێوبردنی ھەرێم لە شازدەی ئۆكتۆبەردا دەردەچوو، ھاوكات قەیرانی دارایی ھێشتا كاریگەریی ھەر مابوو، بۆیە زۆرێك ھەبوون بەرزكردنەوەی ئەم دروشمەیان بە ناواقیعی ھەژمار دەكرد، بەڵام لە ئێستادا بە كردار و بە بەرچاوی ھەموو لایەكەوە پێگەی كوردستان زۆر لە جاران بەھێزتر بووە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، كوردستان كرانەوە و گەشانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ھەردوو ئاستی جیھانی و ھەرێمی، بە شێوەیەك لە ماوەی ڕابردوودا وەزیرانی دەرەوەی (ڕووسیا و قەتەر) بۆ یەكەمجار سەردانی كوردستانیان كرد، لەلایەكی ترەوە كاتێك سەدای پێكدادانی سەربازیی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكەدا بەرز دەبوویەوە و گرژییەكانی بەغدا گەیشتە ئاستێك مەترسی لەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتان دروست كرد، زۆرینەیان كارمەندانیان گواستەوە بۆ ھەولێر، ئەمەش بە واتای باوەڕبوونی وڵاتان دێت بە توانای حكومەتی ھەرێم لە بەرامبەر بێئومێدبوونیان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا، لە پێش ھەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گشت كاروبارەكانی لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە لە ھەلێرەوە ئاراستە دەكات. تایبەت بە پەیوەندیی نێوان بەغدا و ھەرێم، كابینەی نۆیەم تایبەت بە پرسی بودجە و كێشە ھەڵپەسێردراوەكان توانی بگاتە جۆرێك لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ئەگەرچی واژۆ نەكرا، بەڵام كاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەبوو لەسەر دڵنیاكردنەوەی خەڵكی كوردستان و مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمە لە كاتێكدایە دروستكردنی كەشێكی ئارام لە پەیوەندییەكانی ھەردوولا، بوار بۆ ھەرێم دەڕەخسێنێت بۆ گەشەسەندنی زیاتر لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییەوە، ھاوكات یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ ئەوەی ڕوو لە كوردستان بكەن بە مەبەستی وەبەرھێنانی زیاتر. لە ڕابردوودا و بە درێژایی ماوەی حكومڕانیی كوردی لە باشوور، گەندەڵی و نایەكسانی سیمایەكی نەشاز بووە بەرۆكی گرتووە، بەڵام خاڵی ھەرە سەرەكی لە بەرنامەی كاری سەرۆكوەزیران بریتی بوو لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێكردنی پرەنسیپی یەكسانی لە نێوان ھاوولاتیاندا، ھەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بە ئاراستەی نەھێشتنی ئەم دیاردەیە ڕوونە، ھاوكات تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی بە ھەماھەنگیی ھەرسێ ھێزە سەرەكییەكە بە مانای ئەوە دێت كە حكومەتی ھەرێم بەرەو ئاراستە دروستەكە هەنگاو دەنێت، بە جۆرێك بەدیھێنانی یەكسانیی كۆمەڵایەتی، ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت لە ئاشتكردنەوەی نێوان حكومەت و جەماوەر. لەسەر ئاستی ناوخۆییدا جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ھاتۆتە كایەوە، كە ھاوكار بووە لە نزیككردنەووەی ھێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان، ئەمەش لە یەكھەڵوێستیی كوتلە كوردییەكان لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ڕوونی دەركەوت، لەم بارەیەوە ناكرێ ھەوڵەكانی سەرۆكی ھەرێم نادیدە بگیرێت لە كۆكردنەوە و دروستكردنی یەكھەڵوێستیی نێوان ھێزە سیاسییەكانی كوردستان، بە جۆرێك پێگەی ھەرێمی بەرامبەر بەغدا بەھێز كردووە و كوردستانیشی وەك دوورگەیەكی ئارام لێ كردووە كە ببێتە جێگەی سەرنجی وڵاتان و وەك نموونەیەكی سەركەوتوو چاوی لێ بكەن.و چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ھەرێم ھەبێت ڕۆڵ بگێڕێت لە ھێوركردنەوەی بارگرژییەكان.
رێبوار کەریم وەلی (1) یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمدا ئەوە بوو كە حكومەت دەبێ لە ماوەی شەش مانگدا یاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە و دەرماڵە لە پەرلەمان تێپەڕێنێ. رەنگبێ پەلەپەلی حكومەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، بەشێكی بۆ ئەوە بووبێت كە گۆڕان لەو ئیحراجییە سیاسی و ئەخلاقییەی بەرەوڕووی دەبووەوە رزگار بكات. نزیكەی شەش مانگ بەسەر تەمەنی كابینەی حكومەتدا تێپەڕی و نوێنەرانی گۆڕان لە حكومەت و پەرلەمان، دەبوو بە دەستكەوتێكی ناچیزیش بێت، پاساوێكیان بۆ دەنگدەرانیان هەبێ. پارتی عاقڵانە و بەبێدەنگی تۆپێكی ئاگری هەڵدایە ناو كۆشی پەرلەمانتارانەوە و خۆیشی لە دوورەوە سەیری پێكهەڵپژان و دەمەچەقێی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دەكرد. تێكەڵكردنی ئیمتیازاتی خانەنشینیی پەرلەمانتاران لەگەڵ خانەنشینانی دیكە بووە هۆی ئەوەی بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو هەموو فۆكەسەكە بكەوێتە سەر خانەنشینیی پەرلەمانتار كە دەكرا دواتر بە یاسایەكی تایبەت ئەو مەسەلەیە ببردرایە پەرلەمان. چونكە بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران (نەوەی نوێی لێدەرچێ) ئەوەندەی لە فكری خانەنشینیی خۆیاندا بوون، هێندە لە خەمی چینی كەمدەرامەتی وڵاتدا نەبوون كە دەبوو یاساكە ئاستی بژێویی ئەوان بەرزتر بكاتەوە. تێكڕای مووچە و خانەنشینیی پلە باڵاكان لە كۆی 894 ملیار دیناری مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی نزیكەی 8 ملیار دینارە كە لە باشترین حاڵدا نیوەی ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت و رەنگبێ لەوەی كە دەمێنێتەوەش بە هەمووی 15 تا 20 ملیار دینارێك بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، هەر بۆیەش ئۆپۆزیسیۆن دەنگی پێنەدا، چونكە پێیانوابوو چاكسازییەكە لە خزمەت خەڵكی كەمدەرامەت نییە. راستییەكەی هەڵسەنگاندن بۆ گرنگیی یاساكە كاتێك مەنتقی و جێگەی بڕوا دەبێ كە حكومەت توانیبای قڕووش بە قڕووشی داهاتەكانی و پێبەخشراوەكانی خۆیشی بخاتەڕوو، چونكە تا ئێستاش (بە پێچەوانەی یاساكەی پێشوو لە كابینەی هەشتدا) بە روونی دیار نییە بەو چاكسازییە، چ مەبلەغێك پارە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت؟ ئەو یاسایە گۆڕان رزگار ناكات، چونكە نامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ فراكسیۆنی گۆڕان لە 2012 بە روونی داوا لە پەرلەمانتارانیان دەكات هەموو جۆرە خانەنشینییەك رەتبكەنەوە، بەڵام ئێستا كە گۆڕان وەك شەریكی حكومەت تەپڵی سەركەوتن (سەركەوتنێك كە نە هی ئەوانە و نە هی یەكێتیش) بۆ كەمكردنەوەی خانەنشینی بۆ 50% لێدەدات، دەبێ بزانن كە تەنیا مەكرەمەیەكیان وەرگرتووە. گەردەلوولە زەردەكەی ناو یەكێتی (2) لە دوای كۆنگرەوە، یەكێتی قوفڵ بووە. ئەنجامی دەنگدانەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی و ئەو پەلەپڕوزێیەی بۆ تێپەڕاندنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو هەبوو (تەبعەن وەك تەحەددایەك بۆ ئەوانەی دەیانگوت یەكێتی كۆنگرەی پێ نابەسترێ)، وایكرد كۆمەڵێك خاڵی جەوهەری كە هەرە گرنگەكەی پەیكەری ئیدارەدانی یەكێتی، دەسەڵات و پەیوەندیی ئۆرگانەكان بوو، نادیدە بگیرێت. ئەگەرچی لە كۆنگرەدا بە زۆرینەی دەنگ بنەماكانی پەیڕەوی ناوخۆ و هەیكەلیەتی ئیداریی یەكێتی لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و سەركردایەتیی حزبەكە پەسەند كران، بەڵام شەیتان لە وردەكاریەكاندایە! پێناچێ پارتی بەو پێكهاتە نوێیەی یەكێتی خۆشحاڵ بێت، بۆیە بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی پێیانوایە موبارەكە نەكردنی پارتی و ئەو موقاتەعە سیاسییەی لە نێوان دوو حزب و دوو سەركردایەتیدا روویداوە، نیشان دەدات كە پارتی حەز دەكات بتوانێ رێچكەی هەندێك لە پێشهاتەكان بە شێوەیەك بگۆڕێ یەكێتی قەت نەتوانێ ببێتەوە بە یەكێتییەكەی جاران. هاوكات فاكتەری لەناوچوونی قاسم سلێمانیش تا راددەیەكی یەكجار زۆر كاریگەری بەسەر هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبووە. بۆیە ئەو جەمسەربەندییەی ئێستا لەناو یەكێتیدا درووست بووە، جەمسەری یەكەم كە بریتین لە كۆسرەت رەسوڵ و كەركووكییەكان و، جەمسەری دووەمیش ماڵباتی تاڵەبانی، شێخ جەنگی و برایم ئەحمەد، كارتەكانیان خستووەتە سەر مێز. رەنگبێ هەردوولا لەسەر دانانی سەرۆكی ئەنجوومەن (بۆ بەرهەم ساڵح) هاوڕا بن، بەڵام ماڵباتی تاڵەبانی داوای دوو جێگر (لاهوور و بافڵ) و بەرەكەی دیكەش داوای چوار یان پێنج جێگر دەكەن. رەنگبێ پارتیش لەدەرەوەڕا پێی باش بێت تەنیا یەك جێگر هەبێت كە ئەویش یەكێك بێ لە كوڕەكانی تاڵەبانی، بە تایبەتیش ئەگەر قوباد بێت. كۆنگرەی (ئاسایی)ی پارتی (3) پار و ئەمساڵ، بەشی زۆری حیزبەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی بەغدا بێبەش نەبن، كۆنگرەیان بەست. ئەخیرەن پارتیش بڕیاری دا لە نێوان مانگی 6 بۆ 10 كۆنگرە ببەستێ. ئەوەش دەریدەخات كە جارێ تا دوای مانگی شەش هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێ. پارتی نزیكەی نۆ ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە و بەهەمان ئەندازەش سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكانی پیر بوونە و پێویستی بەوەیە ناوماڵی خۆی بتەكێنێ. هاوكات هەڵسەنگاندنیش بۆ ئەدای ئەوانە بكات كە نۆ ساڵ پێش ئێستا هاتنە نێو سەركردایەتییەوە. ئەزموونی پیرەكان و تین و توانای گەنجەكان، لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا، رەنگدانەوەی هەبووە لە هەڵكشانی دەنگەكانی پارتی. تا ئەو راددەیەی كە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 دا بەبێ ركابەرەكانی توانای پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی هەبوو. بە دڵنیاییەوە ئەم كۆنگرەیەش جیلێكی نوێ لە سەركردایەتی و بەرپرسیارێتی لە ئۆرگانەكانی پارتی دێنێتە پێشەوە. جیلی كۆنگرەی 13 دەبن بە پیرەكان و پیرەكانی ئێستاش، بەشی زۆریان رەنگبێ لە بارەگای بارزانییەوە درێژە بەكاری سیاسییان بدەن. هیچ موفاجەئەیەك لە كۆنگرەی پارتیدا روونادات، چونكە لەناو پارتیدا هیچ تێرمێك بەناوی (موفاجەئە) نییە و هەمووی یەكسانە بە (ئاسایی).
پەیكار عوسمان حەقیقەت هەموو وێنەکەیە. هەر ئەو دیوە نیە کە لە منەوە دیارە، ئەوەشە کە لە تۆوە دیارەو من نایبینم. هەر ئەوە نیە کە بۆت باشەو حەزت لێیەتی، ئەوەشە کە بۆت خراپەو حەزت لێ ی نیە. چاکسازی هەر ئەوەنیە کە لەم یاسایەدایە، زۆر شتی تر هەن کە چاکسازین و لەم یاسایەدانین. یاساکەش هەر ئەو مادە خراپە نیە کە تۆ بەرژەوەندیت وایە بەس ئەوە زەقکەیتەوە، بەڵکو مادە باشەکانیشە کە باسی ناکەیت. هەر ئەو مادە باشانەش نین کە باسئەکرێن، بەڵکو مادە خراپەکانیشە. تەنانەت مادە باشەکانیش لەوەدا خراپن کە ئەکرا باشتربن. تەنانەت مادە خراپەکانیش لەوەدا باشن، کە لە هیچ یان لە دۆخەکەی پێشوو باشترن. یەعنی حەقیقەت ڕێژەکاری و وردەکارییە، نەك لە گۆترە زەڕبلێدان و سەحلێدان. حەقیقەت چوونە ژوورەوەیە بۆ ناو ماڵەکە، نەك ئەوەی لە دەرەوە بوەستیت و بە دافعی حەز، یان لەسەر قسەی ئەم و ئەو، گوڵی تێگریت یان ئاربیجی پێوەنێیت! حەقیقەت ئەوەیە کە عەزێت بکێشی و تۆ بچیت بەدوای وێنەکەدا، نەكئەوەی چاوەڕێکەیت ڕاگەیاندن بۆتی بێنێ و پیشانتی بدا. چونکە ڕاگەیاندن وێنەکە ناگەیەنێ، وێنەکە دائەڕێژێتەوە، لەداڕشتنەوەشدا وێنەکە بارگاوی ئەبێ بە ئەجنداو بەرژەوەندییەکان، لێرەشەوە حەقیقەت هەمووی یان بەشێکی ونئەبێت. تۆ کە لە شەڕەکەدایت و تەرەفیت، ئێمە ناکرێ حەقیقەت لە تۆ وەرگرین و لەچاوی تۆوە، تەنیا دیوێکی شتەکان ببینین. بەڵکو ئەبێ بە چاوی خۆمان سەیری هەموو وێنەکە بکەین و حەقیقەت لە عەقڵی خۆماندا ساغبکەینەوە. تۆی پەرلەمانتار یان تۆی حیزبیی، نوێنەری لایەنەکەی خۆتی لە شەڕەکەدا، نەك وتەبێژی حەقیقەت. ئێمە ئەبێ تۆش بخەینەوە ناو وێنەکە، نەك ئەوەی تۆ لە وێنەکە بێیتە دەرەوەو چاوی ئێمە بدزیت! پێشئەوەی چاکسازیی ماڵی و ئیداریی بکەین، ئێمە ئەبێ چاکسازی ئەخلاقی و عەقڵیی بکەین. عەقڵ و ئەخلاق پێمان ئەڵێ، کە پێویستە هەر شتێك بکەینە دەرفەتی کۆبوونەوە بۆ تەحقیقی خزمەتی گشتی. نەك ئەوەی هەر شتێك بکەین بە دەرفەتی پەرتبوون بۆ تۆمارکردنی گۆڵە بچوکە کەسی و حیزبییەکان. منو تۆی گەمژەش با واز لەوە بێنین، بە فیکەی ئەم بکەوینە پیاهەڵدانی شتێك، یان بە فیکەی ئەو بکەوینە ڕشانەوە بە شتەکەدا. ئەمە هەردوکی لێخوڕینی ئێمەیەو لە هیچ حاڵەتێکیاندا خۆتت لێنەبێ بە پاڵەوان و ئەوت لێببێ بە کۆیلە! لێرەدا تۆش هەروەکو ئەو، کۆیلەی ناعەقڵانییەتی خۆتی. ئەو بێ بیرکردنەوە سەح لێدا، یان تۆ بێ بیرکردنەوە زەڕب لێدەیت، هەردوکی یەك عەقڵەو موجەب و سالبی هەمان گەمژەییە! هەڵوێستی دروست و عەقڵانی، ئەوەیە کە پشتمان ڕاستکەینەوەو خۆمان بڕۆین بۆ حەقیقەتی شتەکان، نەكئەوەی ئەوان لێمانخوڕن بەلای هەوای خۆیاندا. "هەڵوێستی ئازاد" ئەوەیە کە جورئەتی مواجەهەی حەقیقەتمان هەبێ، ئەگەرچی لەگەڵ حەزو بەرژەوەندیشمان نەیەتەوە. نەكئەوەی دیلی ڕق و حەزو بەرژەوەندییەکانمانبین و شتەکان بەوانە بپێوین. چرایەك ئەتوانێ تاریکی ژوورێك ڕووناكبکاتەوە، بەڵام هەموو تاریکی ژوورەکە ناتوانن چراکە بکوژێننەوە. یەعنی بڕێك گەشبین و ژیاندۆستبەو دیوی باش و خراپ هەردوکی ببینە، بەڵام بە پۆینتێکیشبێ، فەزڵی دیوە باشەکانی شتێك بدە بەسەر دیوە خراپەکانیدا، چونکە بوونی تروسکاییەك باشترە لە تاریکییەکی تەواو. سروشتی ژیان گەشەسەندنەو سروشتی گەشەسەندنیش کەموکوڕییەو شتەکان ناتوانن گەشەبکەن ئەگەر پێرفێکت و بێ کەموکوڕی بن! یەعنی کەموکوڕی شتێکی بەردەوامەو چاکسازیش پرۆسەیەکی بەردەوامە. تەنانەت ئەوەشی کە بۆ ئەمڕۆ بێ کەموکوڕییە، بۆ سبەینێ و پێداویستییەکانی سبەینێ، کورتئەهێنێ و دیسان هەر پێویستی بە چاکسازییەو فیلمەکە بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە. یەعنی یەکەم واز لە وەهمی پێرفێکتیی بێنە. دووەمیش لەبەر کەموکوڕی زەڕب لە شتەکە مەدە، چونکە شتێك نیە بێ کەموکوڕی و خودی کەموکوڕی بەشێکە لە پێکهاتەی شتەکان! دواجار ئەوەی کە باشە لە یاساکەدا، بە ڕێکەوتنی هەمووان و بە کاری دەستەجەمعی کراوە. ئەوەشی کە نەکراوە بە فشەی هیچ پاڵەوانێك ناکرێ و لە قۆناغێکی تردا، دیسان هەر بە کاری دەستەجەمعی و بە هەمووان چاکئەکرێ! بۆیە واز لە وەهمی پەرتەکان و دابەشکردنەکانی باش و جاش و بەرەی گەندەڵ و بەرەی گەل بێنە، چونکە پەرتبوون بەرهەمدارنیە، دواجار هەر کۆبوونەوەیە کە بەرهەمدارەو شتێکی لێ سەوزئەبێ و قۆناغێك بەرزئەکاتەوە بۆ قۆناغێکی تر، لەکاتێکا پەرتبوون هەر مانەوەیە لە هەمان قۆناغدا. (بۆ ئەوەی کە باشەو دەسکەوتە لە یاساکەدا، سوپاس بۆ هەموو پەرلەمانتاران. بۆئەوەشی کە باش نیەو خراپە، ئەبێ هەوڵبدەین و خەبات بکەین لە قۆناغێکی تردا ئەویش چاکبکرێ.) دواجار ئەمەیە کە بۆ منو تۆی هاوڵاتی گرنگە، نەك ئەوەی کێ پاڵەوانەو کێ پاڵەوان نیە! چەقی مەوزوعەکە ژیانی ئێمەیە نەك پاڵەوانیی پاڵەوانەکان! پاڵەوان تەنیا ژیانی خۆی ئەگۆڕێ، ئەویش لەسەر حسابی مەستبوونی ئێمە بە چیرۆکی پاڵەوانێتی! بەڵام لە دۆخی ناپاڵەوانی و لە کاری پێکەوەییدا، ئەشێ شتێك لە ژیانی گشتیی بگۆڕێت. بۆیە لایەنگری پێکەوەیی و ژیانی خۆتبە، نەك لایەنگری فسفس پاڵەوان و سەروەرییە بچوکەکانی ئەموئەو. لە "پێکەوەیی" مەبەستم لێکچوون و سڕینەوەی جیاوازییەکان نیە، مەبەستم جیاوازییە بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، نەك جیاوازی لەپێناو جیاوازی. ئێمە ئەبێ تێبگەین، جیاوازیی بەتەنیا خۆی ڕووداوە گرنگەکە نیە، بەڵکو (جیاوازیی+خاڵی هاوبەش) ئینجا ئەبێتە خاڵی وەرچەرخانی گۆڕانکاریی. جیاوازەکان لە خۆیاندا بەرهەمدارنین، لەوێدا بەرهەمدارن، کە لە خاڵی هاوبەشدا لەیەکبدەن. لێرەشەوە ئیتر سیاسەت بۆ گفتوگۆو کاری پێکەوەییە نەك بۆ ڕق و پەرتبوون. نەك هەر ئەم یاسایە بەڵکو کۆی سیاسەت، بۆ منو تۆی هاوڵاتی، ئەونە گرنگە کە چەنێك بەرژەوەندی گشتی تێدایە، نەكئەوەی چەنێك فڵان بکا بە پاڵەوان و فیسار ڕسوا بکات! ئاخر پاڵەوانێتی ئەم و ڕسوایی ئەو چ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتییەوە هەیە، تا لە شتەکان، هەر ئەوەی بۆ گرنگ بێت؟! ئێستا ئێمە لەو دۆخەداین، کە لە هەر شتێك خودی شتەکەمان بۆ مەوزوع نیە، ئەوەمان بۆ مەوزوعە چۆن ئەو شتە بکەینە کەرەستەی شکاندنی ئەم و کەرەستەی فووتێکردنی ئەو. دەی ئەمە نەخۆشییەو بۆ چاکبوونەوەش، پێویستە بچینە سەر خودی بابەتەکان، نەك ئەوەی بچینە سەر شەڕو بابەتەکەش بکەینە کەرەستەی شەڕەکە! تەخەلوف و دواکەوتویی، مانەوەیە لە دۆخی شەڕو فەرامۆشکردنی بابەت. پێشکەوتن و گەشەکردن، ئەوەیە کە لە شەڕەکان گەڕێین و بچینە سەر خودی بابەتەکان. هەر لەناو فرێندەکانما، ڕەنگە هەزار کەس قسەی لەسەر ئەم یاسایە کردبێ. دەی لەو هەزارە دووان سیانێکی قسەی لەسەر خودی یاساکەو ناوەڕۆکەکەی کردوە، ماباقی خەریکی شەڕەکەیەو مادەیەك ئەهێنێ دیفاع و هجومی پێئەکا! خەبات و هەموو فاکتەرەکان پێکەوە، هەر بەشی ئەونە چاکسازیی کردوە. بۆئەوەی لە داهاتوودا چاکسازییەکی زیاتربکەین، ئەبێ چاکسازی لە خەبات و فاکتەرەکاندا بکەین. لێرەشدا پیاچوونەوە بە خۆمان و تووڕدانی عەوامسازی و پاڵەوانبازی، باشترین کارە بۆ داهاتووی خۆمان و بۆ داهاتووی چاکسازیی! گەندەڵی دەردی گەورەی ئێمەیە، بەڵام جەهل دەردێکی گەورەتری ئێمەیەو گرنگە تێبگەین، کە شەڕی گەندەڵی بە پۆپۆلیزم ناکرێ و پۆپۆلیزمیش دەردێکی تری ئێمەیە نەك دەرمانەکە. پۆپۆلیزمیش خۆی فەسادێکی ترە نەك کەرەستەی دژایەتی فەساد! شەڕی فەساد ئەبێ ڕاستەقینەبێت، پۆپۆلیزمیش نمایشی شەڕی فەسادە. لەبەرئەوەشی ڕاستەقینەی شتێك و نمایشی شتێك دوو شتی جیان، ئیتر سیماو لێکەوتەکانیشیان جیان. مەسەلەن شەڕی فەساد، کارکردنە لەسەر گەندەڵی دەرخستن بە ئامانجی چارەسەر. بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، کارکردنە لەسەر خۆدەرخستن و بەئامانجی بوون بە پاڵەوان. مەسەلەن شەڕی فەساد، پێش "ئەو" کارکردنە لەسەر خۆت و ئەوەیە کە خۆت فاسد نەبیت. بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، بازدانە بەسەر خۆتداو یەکسانکردنی گەندەڵییە بەو. هەر ئەمەش فەسادێکە بۆ خۆی، چونکە بچوكکردنەوەی فەساد لەودا، فەرامۆشکردنی فەسادە لە غەیری ئەودا. مەسەلەن شەڕی فەساد، ئەچێتەوە سەر کاری دەستەجەمعی و ئاشتی کۆمەلایەتی، چونکە ئامانج چاککردنەو گرنگ نیە کێ چاکیکات، گرنگ ئەوەیە چاکبکرێ. ئەمەش پێویستی بە ڕق ڕشتن نیە! بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، ئەچێتەوە سەر پەرتکردن و تێکدانی ئارامی، چونکە ئامانج چاککردن نیە، ئامانج خۆ بەپاڵەوانکردن و ئەو بەشەیتانکردنەو لێرەشەوە ڕق ڕشتن ئەبێتە چەکی کاریگەری شەڕەکەو شیرازەی کۆمەڵگاو دەروونی ئینسانەکان ئەشێوێ. ئیتر شەڕی فەساد، بە دەنگهەڵبڕینێکی کەم، ئەشێ کارێك بکاو نمایشی شەڕی فەساد، بە دنیایەك فەوزا هیچت بۆ ناکاو خۆشی ئەبێت بە کێشەیەکی تر. جا ئەگەر کێشەی ئێمە گەندەڵییەو قەرارە شەڕی گەندەڵی بکەین، ئەبێ سەرەتا شەڕی پۆپۆلیزم بکەین، بۆئەوەی نمایشی شەڕەکە کۆتایی بێ و ڕاستەقینەکەی دەستپێبکات. بە ڕێژەیی یاساکە باشەو شتی باشی تێدایە، هەڵوێستی دروست ئەوەیە، بەڵێ بۆ یاساکە بکەیت و نەخێر تەنیا بۆ مادە خراپەکە بکەیت. نەكئەوەی یاساکە کورتکەیتەوە لە مادەیەکیدا. ئەگەر پەرلەمانتارێك یان فراکسیۆنێكیش، لەگەڵ ئەوانیتردا بەڵێ ی بۆ یاساکەو مادە باشەکان کردووەو دواتر خۆشی بەجیا، خانەنشینییەکە ڕەتکاتەوەو بە ناڕەواو ناعەدالەتی بزانێ. ئەوە هەڵوێستە دروستەکەیە، چونکە لە هەردو مەوقیعەکەدا لەگەڵ چاککردندایە. (بەڵام ئەوەی کە مادە باشەکان بکەیتە پاساوی وەرگرتنی خانەنشینی، یان خانەنشینی بکەیتە پاساوی ڕەتکردنەوەی کۆی یاساکەو مادە باشەکان.) ئەمە لەڕاستیدا هەردوکی یەك شتەو فەرقێکی ئەوتۆی نیە، چونکە تەنیا لە دیوێکدا لەگەڵ چاککردندایت نەك لە هەردوکی. چاکەویستیی ڕاستەقینەش ئەوەیە کە بەش ناکرێ، کە بەشتکرد، ئیتر ئەوە شتی ترە نەك چاکەخوازیی! ئیتر ئەوە بەشی هەڵخەڵاتاندنی هەموو ئەوانیتریش بکات، هێشتا یەکێك هەر ئەمێنێتەوە کە ڕاستی مەوزوعەکە ئەزانێ، ئەو کەسەش خۆتی! زۆر شت هەیە، ئەشێ جوڵەیەکی سیاسی جوانبێت، بەڵام ناشێ ئەخلاقێکی سیاسی جوانبێت. یەکەمیان ئەوەیە کە لە ڕووکەشدا جوانەو دووەمیان ئەوەیە کە لە جەوهەردا جوانە. ئەوەی کە جەوهەرییە، خۆی ئامانجەو لەپێناو شتی تردا ناکرێ. ئەوەی کە ڕووکەشییە، ئەکرێ، بەڵام بۆ ئامانجی تر، نەکئەوەی خۆی ئامانجبێت! لێرەشەوە شتەکە لە ئەخلاقەوە ئەبێتە نمایشی ئەخلاق! من تەنیا لایەنگری ئەخلاقی سیاسیم، نەك جوڵەو نمایشی سیاسی. ئەخلاقی سیاسی ئەوەیە کە دژیەکی و پارادۆکس هەڵناگرێ. بەڵام جوڵەی سیاسی جوان، بە هەرکەس ئەکرێ و گەندەڵێکیش ئەتوانێ نمایشی دژایەتی گەندەڵیت بۆ بکات.
🔹 هەندرێن شێخ راغب دوو جۆر ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان هەیە، یەكەمیان شەقامو دەنگی ناڕازی هاوڵاتیانو دەستەبژێرێكی رۆشنبیرو خوێندەوارو پیشەوەر....هتد، دووەمیان چەند هێزێكی سیاسینو لەناو پەرلەمانو پرۆسەی سیاسی هەبوونیان هەیە. هەردووكیان بە یەك زمان قسە دەكەن كە بۆچونیان وایە دەستەبژێری حوكمڕانی سیاسیو ئیداری گەندەڵنو نا عەدالەتی هەیەو قۆرغی سەروەتو سامانیان كردووە. ئەمەش هۆكاری ناسەقامگیری سیاسیو حوكمڕانییە لە كوردستان. لەدایك بوونی پڕۆژەی چاكسازی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم متمانە لە دەستچووەیە، ئەم پڕۆژەیە پێش ئەوەی ئابوری بێت،سیاسییە. ئەم بێ قەناعەتیەی خەڵكو هێزە سیاسیەكان هەیانە، بە پڕۆژەی لەم جۆرە نەمێنێت. دەستەبژێری حوكمڕانیو سیاسی كە دوو حزبی دەسەڵاتدار نوێنەرایەتی دەكەن، لەرێگای ئەم پڕۆژەیە هەوڵ دەدەن متمانەی شەقامو ئۆپۆزسیۆنو هێزەكانی دیكە بەدەست بهێنن. جەوهەری پەیوەندی هێزە ناكۆكەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر چاكسازی كردن دروست بووە. بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی پەتی پەیوەندیان ئەم پڕۆژەیەیە، ئەگینا لەروی ئۆرگانیو سیاسەت كردن زۆر دژی یەكترن. جیاوازن لەیەكتر. بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئارام بێت، دەبێت ئەم پڕۆژەیە جێگای خۆی بگرێت. لێرەدا دەشێ هەندێك دیوی بابەتەكە بخەینەروو، كاتێك حزبە دەسەڵاتدارەكان دانی پێدا دەنێن كە گەندەڵیو ناعەدالەتی هەیەو بەخۆیانو وەزیرەكانیانو فراكسیۆنەكانیان( لەناو هۆڵی پەرلەمان راستەوخۆش دەگوزارێتەوە) قسە لەسەر چاكسازی دەكەن .ئەمە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵاتدارەكان لەیەكتر نزیك ببنەوە، نەك گرژی دروست بكات. مادام هەموان لەپەرلەمانن، لە تەك یەكترن، پێكەوە باسی چاكسازی دەكەن، كەواتە نابێت گرژی دروست بێت. بۆ نمونە كاتێك لەسەر كەمكردنەوەی موچە زۆرەكان قسە دەكرێت، نەوەی نوێو پارتی دەبێت لەیەكتر نزیك بكاتەوە، نەك گرژی. بەڵام راستیەكەی وەبەرهێنانی سیاسی لەم پڕۆژەیە دەكرێت، نەوەی نوێو یەكگرتوو هەندێ هێزی دیكە دەیانەوێت وەبەرهێنانی سیاسی لەم پڕۆژەیە بكەن، ئەمەش نە گوناهەو نە خراپەو حەقی شەرعی خۆیانە، چونكە ئەی بۆچی سیاسەت دەكەن؟ پارتیو یەكیەتیش بەهەمانشێوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەهەموان رژدتر دەیەوێت دوو وەبەرهێنانی لێ بكات یەكەم بۆ كەشوهەوای ناوخۆی بزوتنەوەكە كە متمانەیەك بۆ دەنگدەرو كادیرو سەركردەكانی بگێڕێتەوە، دووەم بۆ هاوڵاتیانو دەنگدەرانی كوردستانە.ئەم جۆرە كاركردنە سروشتیەو دژی بنەماكانی سیاسەت كردن نیە. بەڵام ئەوەی كە نابێت بكرێتە قوربانی چاكسازی كردنە. رێكخستنەوەی داهاتو خەرجیەكانە. ئەگەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەیانەوێت سودمەندی پڕۆژەی چاكسازی بن، دەبێت لێرەوە دەست پێ بكەن، نەك بوەستن، بۆ نمونە مەلەفی نەوت، خاڵە گومرگو سنوریەكان، داهاتەكانی ناوخۆش چاكسازی بكەنو رێكیبخەنەوەو سەروەتو سامانی ئەم هەرێمە رونو ئاشكرا بنو سودەكەی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت. لەدەنگدان بە پڕۆژە یاسای چاكسازی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ هاتنە دەرەوەو دەنگیان پێ نەدا، فراكسیۆنەكانی دیكە زۆرینە دەنگیان پێداو پەسەند كرا. لێرەدا هەردوولا لەسەر حەقن، یەكەم هێزە دژەكان بڕوایان بەم یاسایە نیەو بە جۆرێك لە بەیاسایی كردنی ناعەدالەتیو جیاوازی زۆری موچەو ئیمتیازاتەكانی دەزانن، لەم گۆشەنیگایەوە دژی پڕۆژەی چاكسازی دەوەستنەوە. دووەمیان هێزە دەسەڵاتدارەكانن كە بۆچونیان وایە لەم قۆناغەدا لەروی سیاسیو ئیداریو ئابوریەوە هەر هێندە دەكرێتو كردنەوەی دەرگایەكی باشە بۆ داهاتوو تاوەكو سڵ لەوە نەكەنەوە دەست بۆ مەلەفی دیكە بەرن. جیاوازیو ناكۆكی هێزەكان لەناو پەرلەمانو دەرەوە، لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی زۆر سروشتیو یاساییو ئاساییە، بەڵام ئەگەر لە نەخشە رێگای چاكسازیەكان بداتو چاكسازی بكاتە قوربانی. ئەوە كارەساتێكی گەورەو مەترسیدارە بۆ قۆناغەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان. ئەگەر چاكسازی لەمەلەفی نەوتو غازو خاڵە سنوریەكانو گومرگو داهاتی ناوخۆ نەكرێت، ئەوا بانگەشەی چاكسازی درۆیەكی گەورەیە. لەكۆتایدا ئەوەش دەڵێم: تاوەكو چالاكی مرۆڤ بەردەوام بێت، گۆڕانكاری لە پێداویستیەكانی مرۆڤ بەردەوام بێت، چاكسازی كارێكی لەپێشینەیە، هەمیشە ئەم پرۆسەیەمان پێویستە، چۆن دەشێ ئەمریكای پێش یەك سەدە وەك هەمان ئەمریكای ئێستا بێت؟ بۆیە چاكسازی لە حوكمڕانیو دەسەڵاتداریەتی، بۆ سویدو ئەفریقاو كوردستانو یۆنانو ...هتد پرۆسەیەكی بەردەوامەو دەبێت نەوە دوای نەوە بەپێی گۆڕانكاریەكان چاكسازی ئەنجام بدرێت. ئێستاش كوردستان بانگەشەی چاكسازی دەكات، دەبێت نەوەستێو وەڵامی ئێستای گۆڕانكاریەكانو پێویستەكانی حوكمرٍانیو قۆناغەكە بداتەوە.
د. ئیسماعیل نامیق بەپێی یاسای بەناو چاکسازیی هەر پەرلەمانتارێک دەتوانێت لەدوای جێبەجێ بوونی یاساکە فۆرمێک پڕ بکاتەوەو تیایدا مووچەی خانەنشینی رەت بکاتەوە. ئەم فۆرمە لەرووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نیە، چونکە ماف تا دروست نەبێت، ناتوانرێت تەنازولی لێ بکرێت، مافی خانەنشینیش دوای تەواوبوونی خولی هەڵبژاردن دروست دەبێت، نەک ئێستا، بۆیە لەئێستادا ناتوانرێت تەنازول لەمافێک بکرێت کەلەئایندەدا دروست دەبێت. ئیتر نازانم کام یاسا دانەری بلیمەت!! یان کام عەقڵی گەورەی یاسایی!! ئەم فۆرمەی خزاندۆتە یاساکەوە؟ لەرووی سیاسی وکۆمەڵناسیشەوە، ئەم فۆرمە، زیاتر بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگە دەگمەن وکەمانەی ناو پەرلەمانە کە ئەگەر بەرواڵەت وقسەش بێت دژی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارن، ئەمە جۆرێکە لەترساندن وئیکراهی مەعنەوی، بەرامبەر بەدەنگە ناڕازییەکان، کە زۆرینەی پەرلەمان پێیان دەڵێن، یان دەبێت ئێوەش وەکو ئێمە خانەنشینی وەرگرن، یان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە وبێدەنگ بن. واتە لەجیاتی ئەوەی کەمینە ناڕازییەکە رەخنە لەزۆرینە رازییەکە بگرێت، زۆرینە رازییەکە دێت فۆرم بەکەمینە ناڕازییەکە پڕ دەکاتەوە، بەمەش تا خاوەن ماڵ دز ئەگرێت، دز خاوەن ماڵ ئەگرێت. بەداخەوە ئەم جۆرە یاسایانە بەس لەم هەرێمەدا هەن، جا ئەم فۆرمە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئاوێکی زۆر خراپ ئەڕێژێ دواتر کۆکردنەوەی ئاستەم ئەبێت، چونکە لەمەودوا بەهەر کەسێک بڵێین گەندەڵی مەکە، یان ئەو کارە خراپە، مەیکە، ئەویش ئەیکات وفۆرمێکیش بەتۆ پڕ دەکاتەوە، کە تۆ ئەو کارە خراپەی ئەو نەکەی وبەقسەش موزایەدەی بەسەردا نەکەی و نەڵێی دژی گەندەڵیم. ئەسڵ ئەوەیە کەس پێش تەمەنی خانەنشینبوون خانەنشین نەکرێت، بۆیە ئەو بیدعەیەی لەم هەرێمەدا دروست کراوە بەناوی خانەنشینی پلەباڵاکان لەتەمەنی گەنجێتیدا، پێچەوانەی ئەسڵ ودادپەروەرییە، هیچ پێویست ناکات بەشەرعاندن وبەیاسایی کردنی منەت بکرێت بەسەر خەڵکدا. کەواتە لەجیاتی ئەوەی زۆرینە منەت بەسەر خەڵکدا بکەن وبڵێن مووچەی خانەنشینی خۆمان کەمکردۆتەوە،( وەکو ئەوەی موڵک وماڵی باوکیان بێت وبەمیرات بۆیان مابێتەوە وئەمان تەنازولی لێ ئەکەن )، وە لەبری ئەوەی کەمینە موزایەدە بەسەر خەڵکدا بکەن بەوەی فۆرم پڕ ئەکەنەوە وخانەنشین نابن، پێویستە خەڵک خۆی قسەی یەکلاکەرەوە بکات، ئەم قسەیەش، یان بەراپرسی دەکرێت لەسەر یاسای خانەنشینی، یان لەرێگەی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەوە دەکرێـت.
ئاری هەرسین کابینەی نۆھەم لە ئەنجامی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێمەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان «وەک سێ کوچکەی سەرەکی» پێکھێنرا. ئەو لێکتێگەیشتنە ئاسان نەبوو، بەڵام دواجار گەیشتینە ئەنجام. کابینەیەک پێویستی بە ماوەی زەمەنی چوارساڵە بۆ ئەوەی بەرنامە و کارنامەکەی جێبەجێ بکات. ھەندێک جار گەیشتن بە مەرام لەو چوارساڵەشدا مەیسەر نابێت. چونکە شتانی چاوەڕوان نەکراو دێنە پێشێ و، پێشبینیەکان وەک ئەوەی چاوەڕوان ئەکران دەرناچن. ھەر بۆیەش حوکمڕانی ئیشێکی قورسە. بەداخەوە گوێبیستی ھەندێک دەستەواژە بوین لە پێشمەرگەی دێرین کاک مەحمود سەنگاوی کە نەدەبوو قسەی ئەو بن. مەسەلەی درزی نێوان لایەنە سیاسەکان لە کوردستان شتێکی شارراوە نیە، بەڵام کەی دێت ئەو ڕۆژەی واز بێنین لەوەی دوژمن دۆست و، خۆمان دوژمن بین؟... کەی دێت ئەو ڕۆژەی لەسەرخۆ ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرین؟... کەی دێت ئەوڕۆژەی لەبری دڵەڕاوکێ و موزایەدەی بێ مانا، دڵنیایی سەقامگیری ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی بدەینە ھاوڵاتیان؟ کاک مەحمود پێشمەرگەیەکی نیشتیمان پەروەر بوە لە شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستانا و، قوربانی بۆ داوە. بۆ ئەبێت بەم زمانە و بە پێچەوانەی مەبدەئی یەکڕیزی قسە لەگەڵ ئێمە بکات؟... ئەگەر ئێمەی پارتی وەک بەعس و داعش واین، چۆنە ڕێگە ئەدات حیزبەکەی لەگەڵ ئێمە حوکومەت پێک بھێنێت و کاک مەحمود سەنگاوی بکاتە ھاوسەنگەری بەعس و داعش؟!
هێمن باقر سێ حیزبەكەی دەسەڵات بەوجۆرەی كەلەسەری ڕێكەوتبون یاسای چاكسازیان تێپەڕاند،بەڵام دوای ئەوەی كە لەناوەڕۆكەكەی خۆی بەتاڵیان كردەوە. هەر لەبەر ئەمەشە دەكرێت یاساكە بە موزەیفكردن و كوشتنی ئیرادەی چاكسازی دابنرێت. لەگەڵ رێزماندا بۆ ئەوانەی بەنیەتی چاكسازییەوە چونە ناو ئەم پڕۆژەیەوە،بەڵام بەتەنها نیەت بەس نییە،بەڵكو ئەوەی بۆ خەڵكە گرنگە ئەنجامە نەك نیەت. بەر لەهەموشتێ چاكسازی بەتەنها لوتف و كەرەمی چەند پەرلەمانتارێك نییە پێیان وابێت ئەوان لە پیاوەتی و كەرەمی خۆیان كردویانە.بەڵكو چاكسازی خواستێكی گەشەكردوی جەماوەری كوردستانە كە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن تەبەنیان كردو كردیانە بەرنامەی سیاسی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایەشە لە 2009 وە دەنگیان پێدەدرێت.هاتنە ژێرباری پارتی و یەكێتیش بۆ چاكسازی لەژێر كاریگەری ئەو واقیعە نوێیەدا بووە. لەپێناوی خەونی چاكسازیدا دەیان كەس كوژراوە و سەدان بریندار هەیە و خەڵكێكی زۆر قوربانی داوە. هەرلەبەرئەوەیە ئەو چاكسازیەی دەكرێت دەبێت راستەقینەبێت و بارتەقای لانی كەمی 10ساڵی خەباتی مەدەنی و سیاسی خەڵكی كوردستان بێت. ئەم خەونە دەبێت بەراستەقینەیی لەدایك بێت نەك موزەیف بكرێت و بەتاڵبكرێتەوە لە هەموو ماناكانی. كرۆكی فەلسفەی چاكسازی بریتییە لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵكی كوردستان. هەر یاسایەك بتوانێت ئەم ئامانجانە بەدیبێنێت ئەوا سەرخستنی ئیرادەی جەماوەرە بە پێچەوانەشەوە ئەگەر كەمتربێت لەوە، شكاندنی ئیرادەی چاكسازی و ئیرادەی میللەتە. ئێستا با پێكەوە سەیرێكی یاسای چاكسازی بكەین بزانین ئایا دەتوانێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران بۆ خەڵك فەراهم بكات یان نا؟ 1.دەڵێن بەپێی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار لە 25% دەستپێدەكات تا 50%كە بریتییە لە 4 ملیۆن دینار.تەبعەن لەهەموو كوردستاندا 100 پلە باڵا نییە شمولی 25% بكات و هەمویان لەسەروو ئەو تەمەنەوەن ئەمە وادەكات جیاوازی لەنێوانی خانەنشینی پلە بڵا و فەرمانبەری ئاسایی 15-17 هێندە بێت. ئایا دەكرێت ئەمە ناو بنرێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی؟ 2.یەكێك لە ئامانجەكانی یاساكە لە بنەرەتدا پاكردنەوەی لیستی موچەخۆران بوو لە كەسانی ناشایستە و خانەنشینكردنی كادێرانی حیزبی بە پلەی سەربازی و ئیداری جیاواز كە بەپێی مەزندەكانی كاك عەلی حەمەساڵح 100 هەزار كەسێك دەبێت.من ئەپرسم ئایا هەر بەراستی لەدوای ئەم یاسایەوە 100 هەزار موچەخۆری نایاسایی موچەیان دەبڕدرێت یان هەر لەسەرەتاوە یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوە ڕێكەتوون ئەو دۆسیەیە چارەسەر بكرێت؟ واتە دیزەبەدەرخۆنە بكرێت. هەموان دەزانین خانەنشینی نایاسایی پەیوەستە بە پارتی و یەكێتییەوە و هەندێ حیزبی دیكەش هەن كە ژمارەیەكیان بۆ كراوە. كاك عەلی باش دەزانێت پارتی مەلەفی دامەزراندن و بڕوانامە و خانەنشینكردنی ئەوانەی خۆی تەرتیب كردوە و لەڕوی شكڵیەوە كێشەیان نییە.ئەمێنێتەوە سەر ئەوانەی یەكێتی كە بەپێی زانیاریەكانی من دڵنیام كاك عەلی لەمن باشتر ئاگاداری وردەكاریەكەیەتی.هەر لەسەرەتاوە دڵنیایی دراوەتە قوباد تاڵەبانی كە موچەی كادێرانی یەكێتی نابڕدرێـت،بەڵكو ڕێكدەخرێتەوە.لەم ڕێكخستنەوەیەدا لەوانەیە شتێك كەم بكات،بەڵام گرەنتی ئەوە دراوە چاو لەكەموكوڕی دۆسیەكانیان بپۆشرێت. لەم پرۆسەیە پارەیەكی زۆر كەم دەگەڕێتەوە كەشایەنی ئەوە نییە ناوی چاكسازی لێ بنرێت. جگەلەوەش سیفەتی نایاسیی بون بۆ هەتا هەتایە لەسەر ئەەو دۆسیانە لادەچێت. 3.لەبارەی خانەنشینی پلە باڵاكانەوە بەناوی وەزیر و بریكار و راوێژكارەوە،ئەمانە چەند بەشێكن. بەشێكیان پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژكاربون بە فعلی پۆستەكەیان بینیوە،كەواتە تەنها بڕێك لەموچەكانیان كەم دەكرێتەوە. بەشێكی دیكەیان پۆستەكەیان نەبینیوە بەڵام مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بوون و بڕیارە موچەكەیان بۆ بكرێتە خانەنشینی پێشمەرگایەتی.بێگومان هەریەك لەوانە موچەی خانەنشینی لیوا یان شتێك خوارتر وەردەگرن و دیسان تەنها ناونیشانیان دەگۆڕێت و موچەكەیان دەمێنێت.بەشێكی زۆركەمی تێدایە دۆست و ئەحباب كە لەدوو تاقمەكەی سەرەوە نین،من گومانم هەیە خانەنشینی ئەوانەش ببڕێت. 4. لەبارەی كەمترین موچەی خانەنشینی لە كوردستان لە یاساكەدا كە راستەوخۆ پەیوەستە بەدادپەروەری كۆمەڵایەتیەوە. نەیتوانیوە حكومەت ناچار بكات بە بڕەپارەیەكی دیاریكراو و بەڵكو بەپێی بڕگەیەكی مەتاتی بە ناوی ئەولەویەت بدرێت بە بەرزكردنەوەی خانەنشینی موچە كەمەكان. بابەتەكەیان داوەتە دەست حكومەت.لەكاتێكدا ئەوان لەیاساكەدا گرەنتی خانەنشینی خۆیان كردووە كەچی هیچ گرەنتیەكیان دەستەبەرنەكردووە بۆ بەرزكردنەوەی خانەنشینیە كەمەكان بۆ 400 هەزار دینار. 5.سەبارەت بەوەی گوایە لە نێوان 85- 120 هەزار ناوی دوبارە و زیاتر هەیە،ئەوە پێشتریش لە پرۆسە فاشیلەكەی بایۆمەتریدا دەركەوتووە،بەدەقیقی نازانم ژمارەكە چەەندە چونكە هەر ئەندام پەرلمانێك ژمارەیەكی جیاواز لێدەدات،بەڵام بەدڵنیایەوە بەشی هەرە زۆری ئەمانە 90% یان ئەوانەن كە سەرەرای موچەی فەرمانبەری موچەی كەمئەندامی یان شەهیدانیان وەرگرتوە و لە بنەرەتدا بە دوو موچەی نایاسایی حساب نین،لەبەرئەوە موچەكانیان نابڕێت،بەڵكو تەنها ئەوەندەیە لەچوارچێوەی یەك موچە بۆیان كۆدەكرێتەوە. ئینجا بەویژدانتان ئەمە چاكسازییە یان رێكاری ئیداریی. بۆیە ئەوانەی رمڵی ئەوە لێدەدەن گوایە 85-100 هەزار ناوی دوبارە هەیە و ئەم یاسایە چارەسەریان دەكات،تەنها دەیانەوێت خەڵك بخەڵەتێنن چونكە زۆربەی زۆری ئەو موچانە نابڕێت بەڵكو كۆدەكرێنەوە و بەە ئەنجام هیچ خەرجیەكی ئەوتۆ لەم بڕگەیە كۆنابێتەوە. 6. یاساكە بڕگەیەكی زۆر مەترسیداری تێدایە كە دەسەتی حكومەت واڵا دەكات بۆ پێداچونەوە بە دەرماڵەكاندا كە هیچ گومانم نییە لەداهاتوو دەستی بۆ دەبات،حكومەت دەیویست پەرلەمان بیكات و پەرلەمانیش دەیەوێت حكومەت ئۆباڵەكەی بخاتە ئەستۆی خۆی. 7.لەیاساكەدا نەتوانراوە زوڵمی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم هەڵبگیرێت كە راستەوخۆ پەیوەست بە گوزارەنی فەرمانبەرانەوە و كەم فەرمانبەرهەیە پلەبەرزكردنەوەی نەبێت و موچەكەی گۆڕانی بەسەردا نەیەت. 8.پرسی پاشەكەوتی موچە لە یاساكەی پێشودا زۆر باشتر داڕێژرابوو تا ئەم یاسایە،لەم یاسایەدا بە تەنها حكومەت ئیلزام كراوە بە كردنەوەی ژمارە حسابێكی خاڵیەوە كە لەوانەیە لە كردنەوەی ئەو ژمارە حسابیەدا حكومەت ملیۆنان دینار قازانج بكات و پارەیەكی كاش لەگیرفانی موچەخۆران بكێشێتەوە بەناوی دروستكردنی حسابی بانكی. بۆ زانیاری هەموو لایەك كابینەی پێشو دانی دەنا بەوەدا كە ئەو پاشەكەوتە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە،بەڵام حكومەتی ئێستا لەڕوی مەبدەئیەوە خۆی بە قەرزاری ئەو پارەیە نازانێت و پێی وایە قەرزە لە گەردنی عێراق.بە مانای ئەوەی كە عێراق دایە وە منیش ئەیدەمەوە،ئەگەریش نەیدایەوە ئەوا قەرزاری حكومەتی عێراقن. بۆ زانیاری هەریەك لە مەسرور بارزانی و ئاواتی شێخ جەنابوە وەزیری داراییە لەسەر ئەم بابەتە هەمان بۆچونیان هەیە. 9.سەبارەت بە یەكخستنی ژمێرەی لیواو فەوجەكان،كارێكی باش و گرنگە بەڵام هەموان دەزانین یەكێتی و پارتی ئەوەندە نەزان و نەشارەزانین لە تەرتیبكردنی لیستی ناو و دۆسیەدا، ئیترنەتوانن ئەو پارانە وەربگرن كەپێشتر بە گونیە وەریان گرتووە. 10.بەنیسبەتی وەرگرتنەوەی قەرزی سەر كۆمپانیاكانەوە لە یاساكەدا،بونی بڕگەكە بۆخۆی عەیبەیەكی گەورەیە،قەرزێك كە حكومەت داویەتی و كات و سوی لەسەرە پێویستی بە یاسا نییە. حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئەگەر ئیرادەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی هەبێت ئەتوانێت وەك بن سەلمان لە ئوتێلێكدا سجنیان بكات و نەك قەرزەكان جلەكانی بەریشیان پێ داكەنێت،بەڵام كە نایكات دیارە نایەوێـت. فڕێدانی ئەم بڕگەیە بۆ ناو یاسای چاكسازی تەنها مەبەست لێی ئیحراجكردنی شاسوار و فراكسیۆنەكەیەتی لەبەرامبەر رەتكردنەوەی یاساكە.بەدڵنیایەوە ئەگەر فراكسیۆنی نەوەی رازیبوایە بە یاساكە لەبەرخاتری ئەوان وازیان لەو بڕگەیە دەهێنا. ئەوەی كە توشی سەرسوڕمانی كردم پەرلەمانتارێكی گۆڕان تازە بەتازە دەڵێت ئەو یاسایە پەیوەندی راستەوخۆی نییە بە بژێوی هاوڵاتیانەوە،بەڵكو ڕێكخستنەوە و چاكسازی كارگیڕییە؟ برای بەرێز ئەو یاسای چاكسازیەی ئێمە چاوەڕێی بوین ئامانجەكەی ئەوە نەبوو تەنها رێكخستنەوەی كارگیڕیی بێت،بەڵكو چاوەڕێ بوین ئەم یاسایە تەحقیقی دادپەروەری و بەرزكردنەوەی گوزەرانی خەڵك بكات. دەیان جار خۆتان وتوتانە ئەگەر ئەم یاسایە جێبەجێبكرێت 150 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و ئەوپارەیەش گوزەرانی خەڵكی پێ باش دەكرێت. ئێستا كە دەزانن جەدوای ئابوری یاساكە شكستی پێهێنراوە بۆ ڕستیەكەی لە خەڵك دەشارنەوە و دانی پێدانانێن كە ئەم یاسایە ئەوە نییە كە بەڵینتان بەخەڵكی كوردستاندا؟ لەكۆتایدا نامەوێت بڵیم یاساكە لەسەداسەد خراپە و هیچ خاڵێكی باشی تێدا نییە،بەڵكو بەڕونی دەمەوێت ئەوەبڵێم خاڵەباشەكان خاڵی كراونەتەوە لەوەی كاریگەریەكەیان بەپێی خواستی خەڵك بێت.بە مەزەندەی من ئەم یاسایە لە ئاستی 25% ی چاوەڕوانیەكانی خەڵكدایە و ئەوەش بە شكاندنی ئیرادەی چاكسازی دەزانم نەك دەسكەوت.
ئەردەڵان عەبدوڵا لەم بەشەشدا هەوڵ دەدەم حکایەتێکی تری کۆشكی دەسەڵات باسبکەم، کە ئەویش خیانەتی شۆرشگێرەکانە لە هاوڕێکانیان، کاتێک دەگەنە کۆشكی دەسەڵات. دیارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی زۆرمان هەیە، هەمیشە شۆڕشگێرەکان بە خەونی گەورەوە دەچنە ناو کاروانی خەبات و تێکۆشان، بەڵام کاتێک دەگەنە کۆشکی دەسەڵات، خەونەکانیان تەنها لە کورسییەکدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو خەون و ئامانج و کارانەیانە، کە لە ساڵانی خەبات و تێکۆشان کردوویانە. زۆرجاریش ئەم کورسییە، تەواوی خەونەکانی پێشوویان دەشێوێنێت و دەبێتە کابووسێکی گەورە بۆیان، تەنانەت هەرچی شتی جوان و پیرۆزیشە کە پێشتر پێکەوە کردوویانە، ئامادەن لەبەر خاتری کورسی دەسەڵات، هەمووی تێکبدەن. وەکو وتم مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو حکایەتانە، لێ من تەنها باسی چواریان دەکەم، کە ئەوانیش شۆڕشی وڵاتانی " روسیا، میسر، عیراق، جەزائیر"، بۆیە ئەمانەشم هەڵبژاردووە، هەریەکەیان سەر بە ئایدۆلۆژیاو شارستانییەکی تایبەتن، ئومێدەوارم کە بە دڵی خوێنەران. شۆڕشە خوێناوییەکەی روسیا شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917ی روسیا یەکێکە لە شۆڕشە مەزنەکانی جیهان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا روویدا. هیچ شۆڕشێکی جیهانیش، هێندەی ئەم، کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە نەبووە، لەوانەبێت ئەمەش لەبەرئەوەبێت، کە روسیا زلهێزێکی گەورەی جیهانی بووەو هەروەها لەرووی فکریشەوە فکری کۆمۆنیستی، فکرێکی جیهانی بوو، هەربۆیە کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە زۆر گەورە بوو بەسەر جیهانەوە. ئێمە واز لەوە دەهێنێن ئایا ئەم شۆڕشە باش بوو یان خراپ، خوێناویی بوو یان مرۆڤیی بوو، سوودی بۆ کێ و زەرەرەری بۆ کێ هەبوو؟!، چونکە ئەمە مەبەستی من نییە لێرەدا، پێشتر لە وتارێکدا بە درێژی باسی شۆڕشی رووسیام کردووە بەناوی " ئۆکتـۆبەر، شـۆڕشێک دونیـای گۆڕی، دونیـایـەک شـۆڕشی گـۆڕی" لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاومکردەوە. لێ ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، جەنگی سەرکردەکانی شۆرشەکەیە بەتایبەتی هەردوو سەرکردەی ناسراوی ئەم شۆڕشە کە ئەوانیش "ستالین و ترۆستکییە". جەنگی ئەم دوو سەرکردەیە نەک تەنها لە رووسیا بگرە تەواوی کۆمۆنیستی جیهانی کردە بە دوو شەوەو هەریەکەیان ئەوەی تریان تاوانبار دەکردو هەتاوەکو کۆتایی یەکێتی سۆڤێتیش، ئەم جەنگە بەردەوام بوو، دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. لیۆ ترۆتسکی ترۆتسکی ناوی راستەقینەی Lew Dawidowitsch Bronstein لیۆ داودۆڤیش برۆنشتاینە، لە 7 نۆڤێمبەری 1879 دا لە دایک بووە لە 21 ئابی 1940 لە مەکسیک بە تەور کوژرا. ترۆتسکی لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی ئەرتەدۆکسی روسی لە دایک بووەو باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەند بووەو لە رووی داراییشەوە رەوشی ژیانیان باشبووە. لەناو بنەماڵەکەشیاندا رەوشێکی دژە دەسەڵاتی هەبووە، ئۆلگای خوشکی، ئەندامێکی چالاکی گرووپە شۆڕشگێرەکانی روسیا بووە، پاشانیش دەبێتە خێزانی لیۆ کامینێڤ، کە یەكێک بوو لە سەرکردەکانی پارتی بۆلشەفی روسیاو سەرکردەیەکی ناسراوی شۆڕشی رووسیاش بوو. هەرزوو ترۆتسکی تێکەڵی گرووپە چەپەکانی روسیا دەبێت و ساڵی 1902 بۆیەکەمجار ڤلادیمیر لینینی رابەری پارتی بۆلشەفی و شۆڕشی روسیا دەبینێت و پاشان دەبنە دوو هاوڕێی نزیکی یەکتری، هەرچەندە لەکاتی دروستبونی جیابوونەوەی بۆلشەفی و مەنشفی، ترۆتسکی سەر بە مەنشەفییەکان بوو، بەڵام لەسەروبەندی شۆڕشدا، دووبارە ترۆتسکی لە لینین نزیک دەبێتەوەو دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیارو چالاکەکانی شۆڕشەکە. ترۆتسکی هەر لەسەرەتاوە دژی حکومەتی کاتی وەستایەوە داوای شۆڕشی کۆمۆنیستی دەکرد، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرداو توانی رابەرێتی بۆلشفییەکان لە پیترسبورگی پایتەختدا بکات و دەست بەسەر دەسەڵات دابگرێت. پاشانیش لە کاتی جەنگی ناوخۆدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، ساڵی 1918 بووە کۆمیساری جەنگ و توانی لە ماوەیەکی کەمدا سوپای سوور دروست بکات، لە سەرەتادا ناوی ئەم سوپایە "سوپای جووتیاران و کرێاراکان " بوو. پاشتر سوپای سوری روسیا دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی کۆمۆنیستی و دەبێتە یەکێکیش لە سووپا مەزنەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی 1924دا کاتێک لینین دەمرێت، ئیتر خۆری دەسەڵاتی سیاسی ئەم پیاوە کز دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە جەنگ و ململانێیەکی سەخت لەگەڵ سەرکردەیەکی تری شۆڕشەکە کە ئەویش ستالینە. ترۆتسکی جگە لەوەی سیاسییەکی چالاک بوو، نووسەرێکی پڕ بەرهەمیش بوو، کۆمەڵێک کتێبی فکریی و سیاسی گرنگی هەیە کە لەناو چەپەکانی جیهاندا سەردەمانێک زۆر باویان بوو، بەتایبەتی کتێبەکانی "شۆڕشی بەردەوام، مێژوویی شۆڕشی روسیا، شۆڕشی لەخشتەبراو" من هەر سێ کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، نایشارمەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا، زۆر دڵم بەم کتێبانە خۆشبوو، بەتایبەتی "شۆڕشی لە خشتەبراو" زۆر کاری تێکردم و یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە توانیویەتی بۆچوونم بگۆڕێت. جۆزێف ستالین جۆزێڤ ستالین کە ناوی راستەقینەی خۆی Iosseb Bessarionis dse Dschughaschwili لە 18 دیدسەمبەری 1878 لە جۆرجیا لە دایک بووەو لە 5 ئازاری 1953دا لە مۆسکۆ کۆچی دواییکردووە. باوکی کابرایەکی هەژاری پینەچی بووە، بەڵام هەمیشە کەسێکی سەرخۆش و توندڕەو بووە، بە بەردەوامی ژنەکەیی و منداڵەکانی ئازار داوە. پاشان باوکی دەمرێت، کەمێک لە رووی دەروونیەوە رەوشیان باش دەبێت بەڵام لە رووی مادییەوە خراپ دەبێت و لە رەوشێکی هەژاریی و برسێتی خراپدا دەژین. پاشان دەچێتە قوتابخانەو لە تەمەنی 9 ساڵیدا، فێری زمانی روسی دەبێت. بەڵام دایکی" ئیکاترینا" لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەیباتە قوتابخانەیەکی مەسیحی، بەو هیوایەی ببێتە قەشە، بەڵام ستالین ئەو خەونەی دایکی ناهێنەتە دی، چونکە رەوشی ناو قوتابخانەکە زۆر خراپ بووە، هەمیشە مامۆستاکان لە قوتابییەکانیان داوەو مامەڵەی توندیان لەگەڵ کردوون. پاش ماوەیەک ستالین واز لەم قوتابخانەیە دەهێنێت. دایکی ستالین هەتا کۆتایی ژیانی، لە کوڕەکەی نیگەران دەبێت چونکە وازی لە قوتابخانە هێناوەو نەبۆتە قەشەو بۆتە کەسێکی کۆمۆنیست. ستالین هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە بۆ دایکی، چونکە زۆرجار تووشی کێشەی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتداران کردووە، تەنانەت نوکتەیەکیش هەبوو، دەڵێن: کاتێک ستالنیش دەبێتە سەرۆکی روسیا، دایکی هەر خەمی ستالینی هەیەو دەڵێت: ئەم کوڕە هەتاوەکو ئێستا نەحەسایەوەو ژن و منداڵی نییە. جەنگ لەگەڵ ترۆتسکی وەکو وتم لە پاش مردنی لینین لە ساڵی 1924، جەنگ و ململانێیەکی توند دەکەوێتە نێوان ستالین و ترۆتسکییەوە، هەریەکەیان خۆیان بە هەق دەزانی بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەی لینین. لە راستیشدا بە هەموو پێوەرێک مافی ترۆتسکی بوو، چونکە ئەو رابەرێتی بۆلشەفییەکانی کرد لە دژی دەسەڵاتی کاتی، لە کاتێکدا ستالین لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی بوو، هەروەها ئەو دامەزرێنەری سوپای روسیا بوو کۆمیساری سیاسەتی دەرەوەی روسیا بوو، ئەویش توانی رێکەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیا بکات. بەڵام ستالین لەساڵەکانی شۆڕشدا ئەو رۆڵەی نەبوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی خۆیەوە توانی بگاتە لوتکەی دەسەڵات و لە ساڵی 1925ەوە هەموو دەسەڵاتەکانی لە ترۆتسکی سەندەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کامینێڤ زاوای ترۆتسکی بوو، کەچی پشتگیری ستالینی کرد، هەرچەندە ئەویش دوایی بووە قوربانی سیاسەتی ستالین. جەنگەکە بەمەش تەواو نەبوو ستالین هێندە فشاری بۆ ترۆتسکی و هاوەڵەکانی هێنا، ناچار ساڵی 1928 ترۆتسکی روسیای بەجێهێشت. بەڵام ستالین بەوەش وازی نەهێناو ساڵی 1932 ناسنامەی سۆڤێتی لە ترۆتسکی سەندەوەو لە دەرەوەی وڵاتیش بە دوای ترۆتسکییەوە بوو هەتا لە کۆتاییدا، لە مەکسیک لە 21 ئابی ساڵی 1940، لەماڵەکەی خۆی، بەهۆی یەکێک لە پیاوەکانیەوە، ترۆتسکی بە تەوەر دەکوژێت. ستالین لەساڵی 1928ەو ەدەستیکرد بە هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوکردنی هەموو نەیارێکی خۆیی و تۆمەتی و لایەنگری ترۆتسکی دەخستە پاڵ، لە پاش ترۆتسکیش کۆمەڵێک سەرکردەی بۆلشەفی سزادا لەوانە:" کامینێڤ، زینۆڤێڤ، بوخارین" تەنانەت ژنەکەی لینینیشی سزادا، هەربۆیە ژنەکەی وتی: گەر لینینیش ئێستا بمایە، ئەوا ستالین دەیخستە زیندانەوە. زیاتر لە سەرو ملیۆنیک کەس، بوونە قوربانی ئەم جەنگەی نێوان ئەم دوو سەرکردەیەی روسیا. جگە لەوەش لە تەواوی جیهانیشدا، جەنگێکی فکری و سیاسیی هەردووکیان بەردەوام بوو. ساڵی 1928 ترۆتسکی کتێبێکی بەناوی شۆڕشی بەردەوام نووسی، کە ئەمەش دژی هەموو بۆچونەکانی ستالین بوو. پاشانیش ساڵی 1932 کتێبی شۆڕشی روسیای نووسی، لەمەشدا رۆڵی خۆی بەهێز کردو رۆڵی ستالنیشی زۆر کەمکردووە. دواجاریش ساڵی 1936، کتێبە بەناوبانگەکەی "شۆڕشی لە خشتە براو " نووسی، کە بە تەواوەتی هێرشی توند دەکاتە سەر ستالین و بۆچوونی سیاسی و ئیدارییەکانی. جەنگی ستالین و ترۆتسکی، یەکێکە لە حکایەتە ناخۆش و خوێناییەکانی شۆڕشی جیهانی، کێشەکە لەوەدایە لە جەنگی ئەم دووانە، تەنها خۆیان نەبوون، بگرە خەڵکانێکی تریش هاتنە ناو ئەم جەنگەوەوەو زۆرێکیش بوونە قوربانی ئەم جەنگە، بەتایبەتی لە روسیادا. بەڵام ئەمەش بووە سروشتی هەموو شۆڕشگێڕەکان کە پاشئەوەی بگەنە دەسەڵات، دژی یەکتری دەجەنگێن، هەرچەندە لە شوێنەکانی تر کەمتر خوێناوی بوو، بەتایبەتی لە میسر. حکایەتی شۆڕش لە میسر لە پاش روسیا تەوژمی شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی، پەلی هاویشت و گەیشتە کیشوەری ئەفریقاو وڵاتە کۆنەکەی میسری گرتەوە. لە نیوەی سەدەی بیستەمدا، گڕوتینی شۆڕش و هزری شۆڕشگێڕی میسری گرتەوە، لەمەشدا بزووتنەوە چەپەکان و شۆرشگێڕەکان رۆڵیان هەبوو، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی فکری کۆماری. لەناو سوپای میسریش، کە بەهێزترین دەزگای دەوڵەتی میسر بوو، رەوتێکی شۆڕشگێری لەناو ئەفسەرو سەربازەکانی دروستبوو. ساڵی 1949 جەمال عەبدول ناسرو کۆمەڵێک هاوڕێی تری، رێکخراوی " ظباط الاحرار" دروست دەکەن. لێرەش شۆڕش حکایەتێکی خۆش و سەیری هەیە، هەوڵ دەدەین لێرەدا باسی لێوە بکەین. لە میسر سوپا رۆڵێکی بەهێزی هەبوو لە ناو دەوڵەتدا، بەڵام پارتە سیاسیەکانیش بەتایبەتی "وەفد"و کۆشکیش "سەرا" پادشاش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ئیدارەدانی دەوڵەت. لە ناو پارتە سیاسییەکانی تردا "ئیخوان مسلمین" تازە پەیدا بوو، بەڵام رۆڵی بەرچاوی لەناو کۆمەڵگەی میسریدا هەبوو، هەروەها خاوەنی رێخکراوێکی بەهێزی سیاسی و نهێنیش بوو. یەکێك لە هەوڵەکانی ئیخوان، پەلهاویشتن بوو بۆ ناو سوپاو دروستکردنی رێکخراوێکی نهێنی کە بتوانێت کودەتایەکی سەربازی لە دژی پادشا بکات. دیارە قسەکردن لە بارەی ئەوەی ئایا رێکخراوی " ظباط الاحرار" سەر بەئیخوان بوو، زۆر کۆنەو بۆچوونی جیاوازیش هەیە، لێرەشدا کاتی ئەوە نییە. جەنگی ناسر و نەجیب محەمەد نەجیب لە ساڵی 19 شوباتی 1901 لە دایک بووەو لە 28 ئابی 1984 کۆچی دواییکردووە. محەمەد نەجیب لەوکاتەدا سەرۆکی یانەی " ظباط" بوو هەروەها لەرووی پلەی سەربازیشەوە لە هەموو ئەندامانی تری ریكخراوەکە، پلەکەی بەرزتربوو، بۆیە بووە سەرۆکی رێكخراوەکە. پاشانیش لە 23 تەموزی 1952 دا، سووپا کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فاروقدا کردو لەسەر تەختی دەسەڵات لایبردو پاشانیش بەرەو ئیتالیا بەڕێیان کرد. دەتوانین بڵێین کودەتایەکی سپی بوو، خوێنی تێدا نەڕژا. لەپاش لابردنی مەلیک، ئینجا جەنگ و ململانێیەکی سەخت کەوتە نێوان جەمال عەبدول ناسرو محەمەد نەجیب. کار گەیشتە ئەوەی 14 نۆڤێمبەری ساڵی 1954 محەمەد نەجیب لەسەر کورسی دەسەڵات بە زۆر لەلایەن ناسرەوە لابرا، کە ئەمەش وەکو نیمچە کودەتایەک وابوو. ناسر بەوەش نەوەستا، محەمەد نەجیبی هاوەڵی، دەستبەسەر کردو لە ماڵەکەی خۆیدا نەیهێشت بچێتە دەرەوە بە هیچ شێوەیەکیش نەیاندەهێشت کەس پەیوەندی پێوە بکات بەتایبەتی دەزگا ئیعلامییەکان و ئەندامانی سوپا. هەر لەپاش ئەم بڕیارە، یەکسەر هەوادارنی نەجیب کەوتنە خۆیان و داوای گەڕانەوەی نەجیبیان دەکرد، بەڵام ناسر بەهێزێكی سەربازییەوە پەلاماری دان و توانی کۆتایی بە لایەنگرانی نەجیب بهێنێت و پاشانیش سزای هەموویان بدات. پاشان ناسر بووە سەرۆک و هەتاوەکو مردنی ساڵی 1970 لە سەر کورسی دەسەڵات مایەوە و بووە یەکەم دیکتاتۆری عەرەبی. محەمەد نەجیبیش، لە سایەی ناسرو پاش ئەوەیش ئەنوەر سادات و تەنانەت موبارەکیش، هەر لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو. ئەمەش لەکاتێکدا محەمەد نەجیب نەبوایە، ئەو کۆمەڵە ئەفسەرە گەنجە نەیاندەتوانی کودەتا بەسەر مەلیک دا بکەن، چونکە محەمەد نەجیب خاوەنی پلەو ناوبانگێکی بەهێز بوو لەناو سوپادا. هەرچەندە جەنگی ناسر تەنها بە محەمەد نەجیب کۆتایی نەهات، بەڵکە سزای هەردوو هاورێ دێرینی وعبد المنعم عبد الرۆوف و خالد محیی الدین دا، لە ساڵی 1954دا، دادگای شۆڕش تۆمەتی خیانەت و هەوڵی کوشتنی ناسری بەسەر عبد المنعم عبد الرۆوف سەپاندو پاشان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەویش یەکسەر وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە میسر، هەتا ئەوکاتەی ناسر کۆچی دواییکردو ئەنوەر سادات بووە بە سەرۆک. هاوڕێیەکی دێرینی تری، ئەویش خالد محیی الدین، ئەویش تۆمەتی خیانەت و دژایەتیکردنی شۆرشی درایە پاڵ، ئەویش بە ناچاری میسری جێهێشت . دیارە لەمەشدا مێژوونوسان ئەم جەنگ و ململانێیەی نەجیب و ناسر بۆ جیاوازی فکری سیاسی دەگێڕنەوە، هەندێک پێیان وایە، کە محەمەد نەجیب، کەسێکی ئیسلامی بووەو سەر بە ئیخوان مسلمین بووە، بەڵام ناسر دژی ئیخوانەکان بووە. بەڵام کرۆکی کێشەکە، پەیوەندی بە کورسی دەسەڵاتەوە بوو. هەرچەندە جەنگ و ململانێی ئەفسەرە سەربازییەکانی میسر، باشتربوو، کەمتر خوێنی تێدا رژا، بە پێچەوانەی ئەوەی عیراقەوە، کە هاوڕێکان قەسابخانەیەکی گەورەیان بۆ یەکتری دانا. حکایەتی شۆڕش لە عیراق لە عیراقیشدا شۆڕشگێڕەکان حکایەتی سەیرو سەمەرەیان بۆ مێژوو تۆمار کرد، لەهەمانکاتیشدا خوێناویترین لاپەڕەی مێژوویان لە عیراقدا نووسیەوە. لە پاش شۆڕشی روسییەوە، دەنگۆی شۆڕش و ئاگرە سورەکەی، گەیشتە رۆژهەڵات و لە رێگەی پارتی کۆمۆنیستیشەوە، بیرورا شۆڕشگێڕییەکان، جێگای خۆی لەناو مێشکی رۆشنبیران و تاڕادەیەکیش سوپای عیراق کردەوە. لە پاش کودەتاکەی میسریش هێندەی تر، ترسی کودەتا عیراقی گرتەوە. لێرەشدا بە کۆپیکردنی ئەزمونی میسرییەکان، لەناو سوپای عیراقیشدا، رێکخراوی " ظباط الوظنین" دروست دەبێت. جەنگی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف، عەبدولکەریم قاسم ئەفسەرێکی ئاسایی سوپای عیراقی بوو، ئەو لە 21 نۆڤێبەری 1914 لە باوکێکی سونە مەزهەب و دایکێکی شیعە مەزهەب لە دایک دەبێت، ئەمەش تاڕادەیەک مەسەلەی مەزهەبی لە لای قاسم کاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەو سەیری کردووە، دایکی و باوکی کە سەربە دوو مەزهەبی جیاواز بوون بەڵام هیچ کێشەی مەزهەبیان نەبووە، ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەکو عیراق گرنگ بوو، چونکە ئەم وڵاتە ماوەی سەدان ساڵە، مەیدانی جەنگی مەزهەبی شیعەو سوننە بووە. قاسم لەناو سوپادا گۆشکرا بوو بە فکری نیشتمانپەروەریی و تاڕادەیەکیش سۆشیالیستی و لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست نزیک بووە. ساڵی 1956 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا لەوانە عەبدولسەلام عارف، کە دوایی دەبێتە جەلادی، رێكخراوی" ظباط الوطنین " دروست دەکەن. پاشان لە 14 تەموزی ساڵی 1958 واتە پاش دوو ساڵی تر، کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فەیسەڵ و دەکەن و کۆتایی بە حکومی پاشایەتی دەهێنن. لێرە بە پێچەوانەی میسرەوە، کودەتاکە زۆر خوێناوی دەبێت و مەلیک و تەواوەی حاشیەکەی، لەسەر شەقامەکانی بەغدادا، بە ناشیرینترین شێوە دەکوژرێن، ئەمەش جارێکی تر، مێژووی خوێناوی لەعیراقدا زیندوو دەکاتەوە. کارەساتەکە ئەوەیە، قاسم خۆی دوایی دەبێتە قووربانی ئەو تەوژمە خوێناوییەی، کە ئەم کودەتایە لەگەڵ خۆی هێنای. هەر لە پاش گەیشتن بە کۆشكی دەسەڵات، هاوڕێکان لێرەش دەکەونە گیانی یەکتری، جەنگ و ملانێیەکی سەخت لەنێوان قاسم و عارف دەستپێدەکات. قاسم زیاتر هەستی نیشتمانپەروەری بەسەریدا زاڵبوو، گەرچی عارف زیاتر فکری عوربەچێتی بەسەردا زاڵبوو، خۆی بەهەواداری ناسر دەبینی، گەرچی قاسم خۆی بە نەیاری ناسر دەبینی. جگە لەسەرهەڵدانی کۆمەڵێک رووداو لەوانە: سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکداری کورد، کودەتاکەی شەواف لە موسڵ، پرسی بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت، هەموو ئەوانە وایکرد خلافاتی نێوان ئەم دوو پیاوە زۆرتر بێت، ئەوەبوو قاسم لە ساڵی 1959 هەموو پۆستەکانی لە عەبدولسەلام عارف وەرگرتەوە، تا ئەوکاتە جێگری قاسم بوو هەروەها پۆستی وەزیری ناوخۆشی هەبوو. پاشان ناردی بۆ ئەڵمانیای رۆژائاواو کردی بە باڵیۆزی عیراق لە بۆن. بەڵام جەنگەکە بەمە نەوەستا، ئەوەبوو دادگا تۆمەتی خیانەتی درایە پاڵ عارف و سزای لەسێداردانی بۆ دەرچوو، بەڵام پاشان قاسم لێی خۆشبوو، ساڵی 1962 گەڕایەوە بۆ عیراق. هەندێک لە مێژوونوسیش ئەمە بە هەڵەی گەورەی قاسم دادەنێن، چونکە پاش چەند مانگێک لە گەڕانەوەی عارف، لە 8 شوباتدا، بە هاوکاری بەعسیە قەومییەکان، کودەتایەکی سەربازی بەسەر قاسم دەکەن و بە ناشیرینترین شێوە دەیکوژن، جگەلەوەش گەورەترین قەسابخانەیان لە مێژووی نوێی عیراقدا بۆ کەسانی کۆمۆنیست و نیشتمانپەروەر دادەنێن، کە هەزاران کەس بونە قووربانی. لێرەشەوە چرای بەعسییەکان هەڵدێت و هەتا کۆتایی حوکمی سەدام حسێن بەردەوام دەبێت. لێرەش قاسم بووە قوربانی هاوڕێیەکی نزیکی خۆی، کە پێکەوە شۆڕشیان لە دژی حوکمی پاشایەتی کرد، بەڵام کاتێک گەیشتنە کۆشکە جوان و رازاوەکانی دەسەڵات، بوونە جەلادی یەکتری. جەنگی سەرکردەکانی شۆڕشی جەزائیر شۆڕشی جەزائیری یەکێکە لە شۆڕشە خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم، لەپێناو رزگارکردنی جەزائیر لە چنگی داگیرکەری فەرەنسا، نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران، هەروەها هاوڕێ و هاوخەباتەکانی ئێرەش، بوونە جەلادی یەکتری. لێرەش شۆڕشگێڕەکان حکایەتی تایبەت و سەیرو سەمەریان هەیە. بەرەی رزگاریخوازی جەزائیری لەلایەن کۆمەڵێک کەسی شۆڕشگێڕی جەزائیریەوە لە ساڵی 1954 دامەزارو رابەرێتی بزوتنەوەیەکی چەکداری لە دژی فەرەنسا بەرپاکردو هەتاوەکو ساڵی 1963 بەردەوام بوو، لەکۆتاییشدا توانی بە دوا ئامانجی خۆی بگات و سەربەخۆیی بۆ جەزائیر بەدەستبهێنێت. بەڵام هەر لەپاش سەربەخۆبوون، یەکسەر شۆڕشگێرەکانی سەردەمی خەبات و تێکۆشان، لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی یەکتری کرد. هیچ شۆڕشێکی جیهانی هێندەی ئەوەی جەزائیر خوێناوی نەبوو، لە لایەکەوە قوربانی زۆر درا کە گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن قوربانی، دووەمیشیان، لەناو سەرکردەکانی شۆڕشەکەدا، هەر لەپاش سەربەخۆیی بوون جەزائیر، دەستکرا بە هەوڵدانی لەناوبردنی یەکتری. هەرلەپاش رزگاربوونی جەزائیر و دروستبوونی یەکەمین حکومەتی سەربەخۆ، "محمد خضير" ئەمینداری گشتی بە زۆر لەلایەن هاوەڵەکانییەوە لە پۆستەکەی لابراو پاشان تاوانبارکرا بەوەی خائینەو دژی شۆڕش کاردەکات، هەربۆیە یەکسەر ئەویش رایکرد بۆ سویسراو نزیکەی 12 ملیۆن دۆلاریشی لەگەڵ خۆی بردەدەرەوە. بەڵام پاشان لە ساڵی 1967 لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، تیرۆر کرا، زۆربەی مێژوونوسانیش پەنچەی تۆمەت بۆ حکومەتی جەزائیری بەسەرۆکایەتی هواری بۆمدیان رادەکێشن. لەپاش ئەویش نۆبەی "محمد بوضياف" هات، کە ئەویش یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشەکە، هەر لەپاش سەربەخۆبوون و دروستکردنی حکومەتی نیشتمانی لە ساڵی 1963دا ئەویش تاوانبارکرا بە خائین و دژایەتیکردنی شۆڕش، هەربۆیە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لەپاش ئەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت و کەسایەتی جیهانی داکۆکیان لێکردو سزاکەی کەمکرایەوەو لە وڵات دەرکرا. ئەویش ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی جەزائیر دەژیاو هەتاوەکو ساڵی 1992و نەگەڕایەوە وڵات، لەپاش ئەوەی جەنگێکی ناوخۆیی گەورە لەنێوان سوپاو ئیسلامییەکان دروستبوو، ئەو لەلایەن سوپاوە هێنرایەوە جەزائیر، هەتاوەکو بکرێتە سەرۆک، بەڵام تەمەنی زۆر بڕی نەکرد، هەر لەهەمان ساڵدا، تیرۆر کرا. جەنگی ئەحمەد بن بلەو هواری بومدیان لەپاش ئەویش ئەحمەد بن بلە بوو بە یەکەمین سەرۆکی جەزائیر، بەڵام پاشان هەر زوو جەنگ و ململانێی شەخسی کەوتە نێوان ئەو و هواری بومدیانی هاورێ و وەزیری بەرگری جەزائیر، ئەوەبوو لە 19 تەموزی ساڵی 1965دا، هواری بومدیان کودەتایەکی سەربازی بەسەر بن بلە کردو پاشانیش دوورخرایەوەو خرایە ماڵێکی دوورە دەستەوە لە " المسیل" هەتاوەکو ماوەی 15 ساڵ، زیندانی کرا. پاشان ساڵی 1979 کاتێک شازلی بن جدید هاتە سەرکار، لێخۆشبوونی بۆ دەرکردو ئازادیکرد. بەڵام ئەو زۆر باوەڕی بە سەرانی وڵات نەدەکرد بۆیە لە ساڵی 1980 وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە وڵات. شۆڕشی جەزائیر و شۆڕشگێڕەکانیشی، وەکو هەموو شۆڕشگێڕەکانی تری جیهان، کورسی دەسەڵات، زۆر شتی جوانی لەبیربردنەوە، هەرچەندە ئەمان بەشێوەیەکی توندڕەوانە تر، لە هاوەڵەکانی تریان لە جیهان، ویستی گەیشتن بە دەسەڵاتیان هەبوو. دوا قسە بەدڵنیاییەوە شۆڕشگێرەکان لە جیهاندا حکایەتی زۆرو سەیریان هەیە، من لەم وتارەدا ویستم تەنها باسی هەندێکیان بکەم، دیارە مەبەستیش ناشیرینکردنی شۆڕش و شۆرشگێرەکان نییە، بەڵکە زیاتر مەبەستی من، پیشاندانی لایەنە ناشیرینەکانی کۆشكی دەسەڵاتە، کە چۆن دەبێتە شەیتانێک بۆ رۆحی پاکی شۆڕشگێرەکان. لە بەشی داهاتووشدا باسی حکایەتی فەیلەسووفان و رووناکبیران لەگەڵ کۆشکی دەسەڵات دەکەم. سەرچاوەکان: 1/. . Helmut Altrichter. Stalin: Der Herr des Terrors . C.H.Beck; Auflage 2/ Robert Service. Trotzki: Eine Biographie. Suhrkamp Verlag; Auflage: 3/ لیون تروتسکی . تاریخ الثورە الروسیە. ترجمە . اکرم دیری. هیثم الایوبی. مٶسسە العربیە للدراسات ونشر. . بیروت 4/ اسحاق دویتشر. ستالین، سیرە سیاسیە. ترجمە فواز طرابلسی. دار الطلیعە للطباعەو النشر. بیروت .1969 5/ ئیبراهیم عەلاوی. ئاڵوگۆڕ.بەرلین_ بەغداد. شۆڕشی 14ی تەموزی عێراق لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. وەرگێرانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا. چاپی یەکەم. لە بلاوکراوەکانی دەزگای دوارۆژ بۆ رووناکبیری و راگەیاند.. 2015 6/ صلاح عیسی. عبدالناصرو محمد نجیب بین الثورات. رۆژنامەی البیان ئیماراتی. 2 ئابی 2017. 7/ نبذە عن أحمد بن بلە. سایتی بی بی سی. 11. ابریل. 2012 8/ محمد بوضياف. سایتی المعرفە
زانا عەبدولڕەحمان هەڤاڵانی سەكردایەتی نوێی كە هیوایی زۆرمان لەسەر هەڵچنیون زوو زوو كۆئەبنەوە بۆ گفتگۆی پەیرەو بەڵام من لە شتێك تێناگەم ئەو هەموو وێنەیە چیە ئەیگرن ئیش وكارمان بوە بە لایكردنی وێنەی سەكردایەتی نوێی یەكێتی، تكایە رایگرن ئێوە یەكەم ساڵی زانكۆتان نیە ئێوە سەكردایەتی حیزبێكن زیاتر لە بیست هەزار شەهیدی هەیە، برۆن دوایی خەم و ئازاری كادرەكانمان بكەون. پارتیش هەر رۆژەو كادرێكمان لە هەولیرو بادینان بیسەروشوێن ئەكات كەس هیچ ناڵێت، كادرەكانی یەكێتی لەو سنورە زۆر ئازان بەبێ پشتیوانی رووبەرووی زۆرداری پارتی ئەبنەوە، بۆیە گرنگە لە پەیرەو ئەو خاڵە بچەسپێنن هەر ئەندامێكی سەركردایەتی دەوام و كاری لە سنورە بێت كە خۆی لەسەر كاندید كردوەو دەرچووە. هەڤاڵان خۆ سلێمانی هۆتێل نیە هەمووتان خۆتان لێرە خزاندوە ئەو بینا گەورەی مەكتەبی سیاسی هەولێر بۆچی دروست كراوە؟ برۆن دەوامی تێدابكەن ململانێ لە هەولێرە، نیوەی زیاتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دە سالیش ئەبێت بادینانیان نەدیوە، یەكێتی حیزبی هەموو كوردستانە نەك تەنها هی سلێمانی، بۆیە رۆڵی خۆتان ببینن بارەگاكان ئاوەدان بكەنەوە هێزوگور بە كادرەكانی یەكێتی ببخەشن لەو سنورە، لانیكەم تۆمەتەكانی پارتی مەسەلمێنن پێیان بڵێن وەكو كادرەكانمان ئەكوژن وئەگرن فەلاقەئەكەن ئەم تۆمەت دروستكردنە بۆ چیە؟ هیچ كەس وەك كادری یەكێتیی بێخاوەن نیە لە سنوری پارتی، كێشەكە ئەوەیە كە پارتی ئەتگریت بەرپرسەكانی یەكێیتی نەك دیفاع ناكەن !! تۆمەتەكانی پارتیش لەسەر ئەسەلمێنن، خنكاندنی ئەو پێشمەرگەیە جارێكی تر بێهیوایی كردمەوە، بیرمە لە مانگی چواری ٢٠١٥ هێزێكی پارتی حەیدەر شەشۆ و چەند هاورێكیان لە گەرمەی شەری داعش دەستگیركرد لەكاتێكدا تەنها حەیدەر هێزەكەی كە یەكێیتی بوون شەنگال چۆڵ نەكرد گیانی هەزاران ئێزیدیان لەمردن رزگاركرد. شەوەكەی كە هەواڵەكەم زانی فشاری زۆرمان دروستكرد بۆ ئەوەی لانیكەم زانیاریمان بدەنێ پارتی وتیان بەتۆمەتی پەیوەندی بە حەشدی شەعب دەسگیركراوە. بەیانی كە چوومە پەرلەمان تكام لە فراكسیۆن كرد كە لەناو بینایی پەرلەمان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بكەین، ئەو كارە ئیدانە بكەین. فشار لە پارتی بكەین ئازادی بكات، كەچی هەستم كرد هەندێك لە هەڤاڵەكان ساردن وتیان پێوست ناكات، بەڵام پێداگریم كردو كۆنگرەكەمان كرد، ئێوارەكەی كۆبونەوەی فراكسیۆن بوو لەگەل مەكتەبی سیاسی من كەمێك درەنگ گەیشتم كە كۆبونەوە دەستی پێكردبوو هەڤاڵێكی مەكتەب سیاسی یەكێیتی وتى ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە بە پرسی كێ كراوە كێ رێگەی داون، حەیدەر لەسەر جاسوسی گیراوە چۆن دیفاع لە جاسوس ئەكەن، ئیتر من بەرچاوم تاریك بوو. وتم : من بووم، ئەگەر حەیدەر جاسوسە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە برۆن خۆتان بگرین رەمی بكەن. بۆ پارتی بگرێت یان دەسەڵاتی پارتیتان نەماوەو ئەتانەوێت بەم قسانە خۆتان بدزنەوە وەك بەگری لێ ناكەن تۆمەتەكەی لەسەر ساغ مەكەنەوە. ئیتر دەنگم هەڵبری تورەبووم كۆبونەوە تێكچوو چوون بۆ نانخواردن، من نانم بۆ نەخورا بیرمكردوە ئێوارەیەك پارتی من بگرێت تومەتێك بۆ دروست بكات كێ بەرگریم لێ ئەكات. لەناو خەڵكیش حەیات ئەبەن، بۆیە تیلم كرد بۆ شێخ لاهور بابەتەكەم تێگەیاند وتی نامەیەكم توندم ناردوە بۆ پارتی تا بەیانی بەری نەدەن ئێمەش هەڵوێستمان ئەبێت و بێدەنگ دانانیشین تۆزێك ئاهێكم هاتەوە، بۆیە لاهورم خۆشدەوێت. لەوكاتەی كە پێوستە دێتە خەت لەخەمی كادری یەكێتیی خاوەندارییان ئەكات، بەڵام فریایی هەموو گرفتێكش ناكەوێت. من لەگەڵ هیچ جۆرە توندیەك نیم، بەڵام لەگەڵ سەرداخستن و بیدەنگیش نیم ناكرێت هەڤاڵەكانی ئێمە بگیرێن و لێیان بدرێت ئێمەش هەر بەدوایی یەكریزیەوە بین، ئەم پێشمەرگەیش ئەبوو لە كاتی گرتنی بەرگری لێبكرایە تازە كە رۆیشتوە سودی نیە هیچش ناكرێت، بۆیە هەڤاڵانی سەكردایەتی نۆێ هەر وێنەئەگرن بچن لای پردی دەلال لای قەڵایی هەولێر بیگرن.
پەیمان عزەدین دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر قانونی چاکسازی ، بە ئیمزاکردنی بە ڕێزتان یان ئیمزا نەکردنی لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا دەبێتە قانونێکی بەرکار، بۆ ئیمزانەکردنی ئەم قانونە و گێڕانەوەی بۆ پەرلەمان زیاتر لە هۆکارێکی قانونی و کۆمەڵێیەتی و ئەخلاقی هەیە کە لەم نوسینەدا ئەیخەمە بەرچاوی بەڕێزتان. ١-ناوی قانونەکە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکی یەکناگرێتەوە و ئەمەش یەکێکە لە عەیبە قانونیەکانی یاساکە، هیچ ماددەیەکی ناو یاساکە بە دورو نزیک پەیوەندی بە چاکسازیەوە نیە و ماددەکان تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و دەرماڵە لە هەرێمدا، کە لە بنچینەدا بۆ زۆرینەی ئەو ڕێکخستنەوانە قانونی نەدەویست و چۆن حکومەت ئەو دەماڵە و خانەنشینیە ناقانونیانەی دروست کردوە بەهەمان شێوە دەیتوانی بیانبڕێت یان کەمیان بکاتەوە. ٢-هەر قانونێک بەناوی چاکسازیەوە پەسەند بکرێت ، ئەسڵ وایە ئەو قانونە کاری لەسەر هێنانەدی دادپەروەری کردبێ ، کە ئەمەش لە هیچ ماددەیەکی قانونەکەدا بە ڕونی و بە زەمانەتەوە لانی کەمی دادپەروەری ناهێنێتە دی . دادپەروەری ئەوەیە هەمو پلەکانی وەزیفی لەسەر یەک بنەما خانەنشین ببن و لەسەر یەک بنەما دابمەزرێن و دەرماڵەیان بۆ زیاد بکرێت.کە بە هۆی ئەم قانونەوە ئەو نا دادپەروەریانە زیاتر ئەچەسپێن و دوبارە دەستکاریکردنیان زەحمەت ئەبێت . ناکرێت و نابێت لە یەک حکومەت و سیستمی حکومڕانیدا کەمینەیەک ڕێژەی خانەنشینکردنیان لەسەر کۆی موچە بۆ هەژمار بکرێ و زۆرینەیەکیش ئەو ڕێژەیەیان لەسەر موچەی بنەڕەتی بۆ هەژمار بکرێت ، بۆیە ئەرک و ئەمانەتێکی مێژویی لەسەر شانی بەڕێزتانە ئەگەر تەنیا لەبەر ئەم خاڵەش بێ قانونەکە بگێڕنەوە پەڕلەمان و ئەو خاڵە بەو جۆرەی لێبێت کە بۆ خانەنشینی موچە باڵاکانیش رێژەی ٪٢٥ و ٪٥٠ لەسەر موچەی بنەڕەتیان هەژمار بکرێت لەبەر ئەم هۆیانە : -حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازە یاسای خانەنشینی یەکگرتو لە داهاتودا بنێرێتە پەرلەمان ، چۆن دەکرێ لە ئێستادا قانونێک بەو جیاوازیە گەورەیە لە خانەنشینیدا پەسەند بکرێ کە چەند مانگێکی تر و لە پێشنیازی قانونێکی تردا باس لە خانەنشینیی یەکگرتو بکرێت ، بۆیە لە ئێستاوە بایەکخستنی بنەماکانی خانەنشینی لە خزمەتی موچەخۆران و قانونی خانەنشینی یەکگرتودا بێت . -هەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە بەرزترین پلەی وەزیفیەوە تا نزمترینی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن و مافی هاوڵاتیبون و بنەماکانی دادپەروەری و بەڵێنەکانی بەڕێزتان ئەوە دەخوازێ کە هەمان بنەما بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ڕەچاو بکرێت . -ئەم هەنگاوە ڕق و یەکتر ناشرین کردن کاڵ دەکاتەوە ، چونکە ئەوە ئەوناعەدالەتیەی ئەم چەندین ساڵەیە ئەو هەمو ڕق و کینەیەی لەیەکتر دروستکردوە ، دڵنیام بەڕێزتان و هەر کەسێکی تر بچینە شوێنی فەرمانبەرێکی بەتەمەن کە بە هۆی کەمی خانەنشینیەوە خواخوای کاری زیاتر و ماندوبونی زیاترێتی ، بە دڵنیاییەوە ڕقی لەو پەرلەمانتار و وەزیرە دەبێتەوە کە تەنیا بۆ چوار ساڵ ١٥ هێندەی ئەو وەربگرن ، ئێوە ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتیاتان ئەوێ ئیمزا لەسەر ئەم قانونە مەکەن . ٣-ئەوەی لەم قانونەدا وەک کڕۆکی چاکسازی باسدەکرێت ،هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە کە زۆربەیان نە بڕوانامەیان هەبوە و نە تەمەنی خانەنشینی و نە پلەی وەزیفی ، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دامەزراون و هەم خانەنشین کراون، کە ئەمانەش هەمویان ئەندام و بەرپرس و دەنگدەری یەکێتی و پارتین بە پلەی یەکەم و پارتەکانی تر بە پلەی دووەم ، کە زۆر دڵنیام لەهیچ حاڵەتێکدا ئەو کارە ناقانونیانە هەڵناوەشێنرێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشیدا دەخرێنە ژێر ناونیشان وناو چوارچێوەیەکی قانونی نوێ ، کە ئەمەش زۆرتر ناوەڕۆکی قانونەکە لە بابەتی چاکسازی دور دەخاتەوە . بۆیە و لەبەر ئەو هۆکارانە تکایە قانونەکە ئیمزا مەکە .