ساڵح ژاژڵهیی بهشی دهیهم سیناریۆی دیاریکرنی بهربژێرهکان بۆ حکومهت ئەم چەند دێرەی لە سەرەتای ئەم بەشەدا دەیان نوسم پەیوەندی بە بەشی نۆیەمەوە هەیەو دەبوو لەویدا باسی بکەم، بەراستی لە یادم کردبو زۆر بەگرینگیشی دەزانم هەموان لێی ئاگادار بن . کاتێک لە سوید هاتمەوەو بەدواداچۆنم دەکرد بۆ ئەوەی بزانم کێ ئەم دوو یاسایەی تێپەراندوە ، پەیوەندیم کرد بۆ بەریز کاک عومەری حاجی عینایەت ئەندامی پەرلەمان، داوام لێکرد زانیاریم بداتێ و چۆن ئەم یاسایە تێپەرینراوە. لە وەڵاما وتی : من زۆر هەوڵم داوە ئەو دوو یاسایە تێنەپەریت و وتومە ئەمە لە زیان زیاتر سودی بۆ گۆڕان نابێت . کاک عومەر دەڵێت: کاک برزو و عەلی حەمە سالح وتویانە لە گردەکە وە پێمانوتراوە. واتە ئەوە فەرمانەو دەبێ جێ بەجێ بکرێت . کەواتە پێش ئەوەی لەپەڕلەمان قسەی لەسەر بکرێـت ، پێشوەخت لەگەل پارتی ڕێکەوتن کراوە. دواجار لە کاتی دەنگداندا کاک عومەر و خاتو پەرواو دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین دەنگیان نەداوە بۆ تێپەڕاندی ئەو دوو یاسە . پێ دەچێت کەسانی تریش هەبوبن ئەوەیان پێ باش نەبوبێت بەڵام نەوێراون دەنگ نەدەن . دوای ئهوهی کۆتا بڕیار درا بۆ بهشداریکرن له حکومەتەدا، بڕیاردرا که لیژنهیهک پێک بهێنرێت و دهسهڵاتی یهکلایی کهرهوهی ههبێت بۆ دیاریکردنی بهربژێرهکان بۆیە بڕیاردرا کۆبونهوهی جڤات بۆ ئهو مهبهسته بکهین. رۆژی کۆبونهوهکه قسه لهسهر ئهوه کرا کە پێش وەخت لیژنهیهکی 7 کهسی پێکهێنراوهو ناوهکانیش دیاریکرابون. بهڵام وهکو بۆمان دهرکهوت و بە بن گویی ئێمەیاندادا جڤاتی نیشتمانی ههڵویستی ههبوه لهسهر دوان لە ئهندامانی لیژنهکه. واته ئهوانهیان بهدڵ نهبوه. ئەو دوو بەریژەش دکتۆر دەرباز و ئاسۆ رەحیم بون . به کورتییهکهی ئهیانویست شهڕهکه به ئێمه بکهن و ئێمە بریار بدەین ناوی ئەو دوو کەسە لە لیژنەکە دەربهێنین . قسه لهسهر ئهو بابهته کراو به ههڵپهسێراوی مایهوه دوای دوو رۆژ سهیرمان کرد ژمارهی ئهندامانی لیژنهکهیان کردوه به 13 کهس و ئهو دوو کهسهش ههر له لیژنهکهدا ماون که پێشتر به دڵی جڤاتی نیشتمانی نهبون. کاک عومهری سهید عهلی خۆشی بۆته سهرۆکی لیژنهکه. لە راستیدا نەدەبوو کاک عومەر بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبول بکات ئەگەر زۆریشی لێ بکەن ، چونکە کاک عومەر لە هەموو کارێکدا سەرکەوتو بێت لەم کارەدا سەرکەوتو و نابێت ، چونکە ناتوانێت بێ لایەن بێت. دوای دوو مانگ وهرهو بڕۆ و دانیشتن هیچ ئهنجامێکی نهبوو. دیاره له سهرهتاوه ئهمه ههر سیناریۆ بوهو بۆ خهڵهتاندن و دهستی دهستی بوه. دواجار لیژنهکه بڕیاری خۆی دابوو بهپێی ئهو پێوهرانهی دانرابون ، بۆ ههر پۆستێک 3 کهسیان بهربژێر کردبوو. بڕیاری پێش وهختیش ئهوهبوو دوای دهستنیشان کردنی 3 بهربژێر بۆ ههر پۆستێک ههردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی دهنگیان لهسهر بدهن. بهڵام ههندێک له برادهرانی خانهش و جڤاتی نیشتمانیش ترسی زۆریان ههبوو لهوهی جڤاتی گشتی بهشداری دهنگدان بکات. هۆکارهکهشی بۆ ئهوه ئهگهڕایهوه که ئهندامانی جڤاتی گشتی بێمنهتن و خۆیان ئازادن چۆن و به کێ دهنگ ئهدهن. بۆیه سهدان بههانهو شێلهو بێلهیان دههێنایهوه بۆ ئهوهی ئێمه بهشداری دهنگ دان نهکهین. بهڕاستی ئێمهش ههڕهشهمان کرد ئهگهر بهشداری دهنگدانهکه نهکهین. دهرگای جڤات دائهخهین. بۆ ئهوهی ئێمه ههر بهشداری دهنگدان نهکهین. جڤاتی نیشتمانی بڕیاری دا دهسهڵات بدهنه دهست رێکخهری گشتی و دواجار له رێگای ئهم سیناریۆیهوه رێگایان له ئێمه گرت وهکو جڤاتی گشتی دهنگ بدهین. لێرەوە بە ئاشکرا دەردەکەویت جڤاتی نیشتمانی لە ئاستی ئەو بەر پرسیاریەتەدا نیە کە لە پێناویدا پێک هاتووە . کاک عومەری سەید عەلیش ئەوەی لە خوا دەویست و کاری بۆ ئەوە دەکرد تاک لایەنە بریار بدات و ئەوەی دەیەویست ئەوە بکات و بەرژەوەندی بزوتنەوەکەو نارەزایەتی هیچ کەسی بەلاوە گرنگ نەبوو . دواجار هەموو سیناریۆ و پلانەکە وەکو خۆی دەرچوو . شایانی باسە ئێمە وەکو جڤاتی گشتی پێشتر پێشنیارمان کردبوو هیچ کەسێک لە ئەندامانی خانەو کادرە ئەساسیەکانی رێکخستن و ئەوانەی پێشتر پۆستی حکومییان هەبوە یان ئەندامی پەرلەمان بون پۆست وەرنەگرن بۆئەوەی بۆشایی رێکخراوەیی دروست نەبێت و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی کەسانی بە تواناو شایستەو موستەحەقیش شانسی وەرگرتنی پۆستیان هەبێت. بەڵام وەکو لەدوییدا دەرکەوت هیچ حسابێکیان بۆ پێشنیارەکەی ئێمە نەکرد. ئەگەر بەهانەکەی کاک عومەری سەید عەلی بۆ دانانی کوێستان خان ئەوە بوبێت کە دەبی ئافرەتی تێدابیت ، ئەوەش لە شوینی خۆیدا نییە ، باشە بۆ ئافرەتیکی تری دانەنا بۆ ئەوەی کەس گومانی نەبێت ؟. لە لایەکی تریشەوە مەرج نییە لە چوار وەزیرەکە یەکێکیان ئافرەت بێت ، چونکە ژمارەی ئەو پیاوانەی حەقی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە زۆرترن. دەکرا پۆستی جێگری وەزیرێک بۆ ئافرەتەکان دیاری بکرێت . بەڵام کاک عومەر ئەوە ناکات چونکە پۆستەکەی بۆ ئەو دانابوو . کاک عومەر خۆی پیشمەرگە بوە . دەزانێت دکتۆر هەژار لە کەیەوە پێشمەرگە بووە، بونی دکتۆر لە پیشمەرگایەتیدا چ رۆلێکی گرنگی هەبووە . لە سەروی ئەمەشەوە دکتۆر هەژار بروانامەی دکتۆرای هەیە لە بواری دەرونیداو مامۆستای زانکۆیە و ئەو بروانامەیە رێک بۆ ئەو بوارە دەگونجێت . جگە لەمەش پێشتر پۆستی وەرنەگرتوە و گورانخوازێکی زۆر باش بوە . ئەگەر ئەوەش بکات بە بەهانەو بڵی ئەگەر ئەو دابنێم، دوایی گۆڕانخوازان گلەیی دەکەن و دەڵێن ، ئەوە لەبەر خاتری دکتۆر رەئوفی برایەتی، ئەوەش بەهانەیەکی بێ مانا دەبێت ، چونکە دەبێ دکتۆر هەژار لەبەر خاتری خەبات و ماندوبونی خۆی دانرێت، نەک براکەی. دکتۆر هەژار پیشمەرگە بووە ، نەک دکتۆر رەئوف . ئەگەر کاک عومەر لەسەر بنەمای تەکەتول خاتو کوێستانی دانەناوە، با بفەرموێت رونکردنەوە بدات بۆ ئەوەی کەس قسەی نەمێنێت . ئەی باشە بۆچی ئاراس وەلی نەکرێتە وەزیر لەبەر دوو هۆکار . یەکەم : لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆرانەوە بەشدارە. خاوەنی کەسایەتییەکی زۆرباشەو کەسێکی بەرێزەو کاری خۆی بە باشی کردووە . دووەم : ئەم پیاوە شانسی نەبوە زانکۆ تەواوبکات. دەکرێت بکرێت بەوەزیر بەڵام ناکریت بکرێتە بەریوەبەری گشتی چونکە بروانامەی زانکۆی نییە . لە ئەوروپاش خەڵک هەیە بۆتە سەرۆکی حکومەت و بروانامەی زانکۆشی نەبوە . ئەمە کاریکی نایاسایی نییە . مەسەلەکە ڕوونە، ئەم پۆستە دەبی هەر بۆ ئافرەت بیت، لەناو ئافرەتەکانیش دەبی هەر بۆ کوێستان خانبێت . ئەی باشە بۆچی ئەم پۆستە بۆ چیمەن خان نەبێت لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕانەوە شێلگیرانە کاردەکات و زۆر چالاکە . ئەی بۆچی بۆ شانازخان خێزانی عەلی چەلەبی نەبێت کە لەپێناوی گۆڕاندا کەوتنە سەر ساجی عەلی. یەعنی ئەگەر کوتلەبازی نییە کوێستان خان چی مەرجێکی تیادایەو ئەمانەی تر تیایاندا نییە، دوو خول پەرلەمانتار بووە چی بەرهەمێکی هەبووە؟ بۆچی ئەبێت جارێکی تریش بکرێت بەوەزیر؟ پسپۆڕییەکەی ئەوەندە دەگمەن و قاتییە ئیشەکە هەر بەو دەکرێت، یان چی؟. هەر بۆ زانیاری لە سەرەتاوە کوێستان خان هەر سیڤیشی پر نەکردبۆوە . دوایی سیڤی پرکردبۆوە . کاتێکیش لیژنەکە بەربژیرەکان بۆ وەزارەتی کارو باری کۆمەڵایەتی دەست نیشان دەکات کوێستان خان چوارەمین کەس دەبێت لە دوای چیمەن خان و کاک ئاراس وەلی و دکتۆر هەژار. واتە ئەو هەر لە بنەرەتدا بەربژیر نەکراوە .ئەگەر بە قسەی لیژنە ناکەی بۆ بە خۆرایی خەڵک مەشغول دەکەی ؟؟؟. ئەی کاک عومەر پێمان ناڵێت ئەم ئینکاریەی بۆ دانی کوێستان خان لەسەر چ بنەمایەکە ؟؟. کەواتە لە سەرەتاوە فەلسەفەی ئەم حیزبە لەسەر بنەمای تەکەتول و پەراویزخستن و ملشکاندن و فێلیکردن و کلاوکردنە سەرەوە دروستکراوە بۆیە ئەوئەنجامەی ئێستای لێدەر چوو. لە هەموی گرنگتر ئەوەیە کە لە بنەرەتدا ئەو وەزارەتە هەر زیادەیەو هەموو کاری ئەو وەزارەتە بە بەڕێوەبەرایەتییەک بەڕیوە دەچێت. زۆری ژمارەی وەزارەتەکان خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی نیشتمانییە . ئەگەر بەراستی دەیانەویت چاکسازی بکەن ، با ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکەنەوە . با حکومەت سەر ژمیرییەک بکات و بزانن چەند راویژکاری بی ئیش تەنها بۆ موچە دامەزرێنراون لە سەرۆکایەتی هەریم و پەرلەمان و حکومەتدا . کاک عومهریش خهنی بوو بهو بڕیارهو ئهوهی به لایهوه گرنگ بوو بیکاته وهزیر خاتو کوێستان محەمەد بوو . زۆرینە پێیان وابوو خاتو کوێستان دوو دەورە ئەندامی پەرلەمان بوەو لە ئێستاشدا خانهنشینی پهرلهمانهو خهڵکانی تر ههن، ههم به توانان و مهغدوریشن. بهههر حاڵ کاک عومهر لهسهر بنهمای تهکهتولهکهی مهڵبهندی سلێمانی بڕیاری خۆی داو ئاواتهکهی خۆی به زیندویی هێنایه دی و قسەی خۆی بردە سەرو حسابی بۆ کەس نەکرد. ئهوهی جێی وهبیر هێنانهوهیه مانگێک پێش ئهوهی لیژنه پێکبهێنرێت بۆ دیاریکردنی بهربژێرهکانی حکومهت. تهلهفزیۆنی روداو ناوی ههموو وهزیرهکان و کاک مستهفاو مامۆستا جهلالی بڵاو کردهوه تهنها ناوی بهڕێز کهمال موسلیمی تێدا نهبوو. دیاره پۆستی جێگری سەروکی حکومەت کە بریار وابوو دایتاشن بۆ مامۆستا جەلال، نەکراو لێی پەشیمان بونەوەو بە نسیبی مامۆستا جەلال نەبوو . کەواتە پێش وەخت پۆستەکان یەکلایی کرابونەوە . کەواتە دروستکردنی لیژنە بۆ شاردنەوەی راستیەکان بوو لە گۆڕانخوازان و هەر لەسەرەتاوە سیناریۆ بوە . ئەگەر مامۆستا جەلال لە سەرەتاوە بیزانیایە ئەو پۆستە بۆ ئەو نابێت ، یان لە سەرەتادا هەوڵی وەرگرتنی وەزارەتێکی دەدا لە بری ئەو پۆستە، یان هەوڵی ئەدا ئەو رێکەوتنە سەر نەگرێت ، ئەگەر سەرنج بدەن لە ئێستادا کەوتوتە تانە لێدان و قسەکردن لەسەر چاکسازی. بەراستی مامۆستا جلال ئەو تیرەی بە دەستی چەپە هاویشت و نیشانی نەپێکا. سیناریۆی دانانی وهزیرهکان کۆتایی هات و سیناریۆی ههڵبژاردنی خانهی راپهڕاندن بوو به باس و خواس. بهبێ هیچ پێشینهیهک بهبێ ئهوهی هیچ باس و خواسێک له ئارادابێت. له پڕجڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا رۆژی 12/ 9/ 2019 جڤاتی گشتی کۆبونهوهی خۆی بکات و سهرۆکی نوێی جڤات ههڵبژێرن. ههروهها رۆژی 14ههمان مانگ جڤاتی نیشتمانی کۆببێتهوه دهنگ لهسهر ههڵبژاردنی 6 ئهندامی خانهی راپهڕاندن بدهن. بهڕاستی ئهوه وهک شۆک وابوو بۆ ئێمه، چونکه وهکو خانهی راپهڕاندن ماوهی یاسایی تهواوبوه. 4 ساڵیش لهوه پێش جڤاتی نیشتمانی ماوهی یاساییان تهواو بوه و چۆن ئهوان بۆیان ههیه ئهندامانی خانه ههڵبژێرن. ئێمه داوامان لێکردن ههتا کاتی کۆنگره با ماوه بۆ خانهی راپهڕاندن درێژبکرێتهوه. ئهو کاته ههڵبژاردن له خوارهوه بۆ سهرهوه بکرێت ئهندامانی تازهی جڤاتی نیشتمانی ههڵبژێرێن و ئهو کاته دهنگدان بکهن بۆ ههڵبژاردنی ئهندامانی خانهی راپهڕاندن. دوای ئهوهی دڵنیابوین که پاشگهز نابنهوهو ههڵبژاردنهکه ههر دهکرێت. بهنده وهکو جێگری سهرۆکی جڤاتی گشتی و 6 ئهندامی بهڕێزی تری جڤات له رۆژی 10 مانگ واته دوو رۆژ پێش ههڵبژاردن نامهی دهست له کارکێشانهوهی خۆمان لە ئەندامێتی جڤاتی گشتی و بزوتنەوەی گۆران تهسلیم به بهڕێز رێکخهری گشتی کرد. کۆتا سیناریۆی ئهم بهڕێزانه ئهمهبوو: تهنها دوو رۆژ پێش ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆکایهتی جڤاتی گشتی که له سهرۆک و جێگر و سکرتێردا خۆی دهبینێتهوهو سهرۆکی جڤاتیش دهبێته ئهندامی خانهی راپهڕاندن. له راستیدا کهس بۆی نییه له دهرهوهی جڤاتهوه بهێنرێت و خۆی کاندید بکات. هەر بۆ ئاگاداری هەموو لایەک دکتۆر رەئوفیش بەر لە نزیکەی ساڵیک بە منی وتبو کە جارێکی تر خۆم بۆ سەرۆکایەتی جڤات کاندید ناکەمەوە، چونکە کارەکانی خانە بە باشی ناڕوات بەڕێوە، بڕیارەکان جێبەجێ ناکرێن و زۆر دوادەکەون. چونکە بڕیارەکان بە تەنها لە دەستی خانەدا نین. بهڵام له چاوتروکانێکدا مامۆستا جهمال حاجی محەمەد که پێشتر سکرتێری خانهی راپهڕاندن بوو. هێنایانه کۆبونهوهی جڤات و دهریشیان چواند. بهلای منهوه ئهوه گهورهترین غەدرە لە ئهندامانی جڤاتی گشتی و نایاسایشەو دەستور بەزێنراوە . قسهکه لهسهر مامۆستا جهمال نییه، چونکه هاوڕێی خۆمه، بهڵام من قسه لهسهر پڕۆسهکه ئهکهم که زۆر نا دهستورییه. دوایی هۆکاری خۆ کاندید کردنی مامۆستا جەمالیشم بۆ دەرکەوت . راستیەکەی ئەوەیە کە کاک عومەری سەید عەلی زۆری لێکردوە بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکات بۆ ئەوەی لە خانەی راپەراندندا پشتیوانی لێبکات، چونکە لە ئیستادا خانەی راپەراندن بۆتە دوو تەکەتول . ههر وهکو له بهشهکانی پێشتریش ئاماژهم به ئهوه کرد که کاک عومهری سهید عهلی له ساڵی 2004 یهکێک بوه لهوانهی داوایان له مام جهلال کردوه دهستبهرداری پۆستهکهی ببێت، چونکه تهمهنی بۆته70 ساڵ . بهڵام کاک عومهری سهید عهلی ئێستا تهمهنی 75 ساڵهو خهرێکی تهکهتول و سیناریۆ رێکخستنه بۆ ئهوهی جارێکی تر ببێتهوه به رێکخهری گشتی و ئێستا چۆن وهڵامی خهڵک ئهداتهوه دەربارەی ئەوەی بۆچی کورسییەکانی گۆڕان لە 24 وە بونە 12 کورسی . چی بە خەڵک دەڵێت کە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وای لیهات؟؟؟. چی ئەڵێت کە 12 دکتۆری زانکۆ دەستییان لە کارکێشایەوە؟؟؟. ئەی لە خۆی ناپرسێت بۆچی گۆرانخوازان دەستە دەستە واز لە گۆران دەهێنن؟. ئاواتهخوازم کاک عومهر سهید علی تهمهنی درێژ بێت و له ههڵبژاردنی داهاتودا به چاوی خۆی بیدیایه چ کارهساتێکی بهسهر گۆڕاندا هێناوه. خۆ لهوانهیه ههندێ کەسی نەشارەزاو بێ ئاگا و بەرژەوەندیخواز بڵێن جا چی بکهین چاره نییهو له ئێستادا له کاک عومهرمان باشتر نییه. بهڵام با ههموان باش بزانن ئێستاش و پێشوتریش له کاک عومهر باشتر ههبون بۆ ئهو جێگایه، بهڵام پرسیارهکه ئهوهیه بۆچی نهیانهێشت کهسی تر ئهو پۆسته وهرگرێـت؟
هێمن مامەند پێش ناوهێنانی ئەو كەسە دووڕای جیاواز هەبوو ، هەندێك پێیانوایە كەئەمە بابەتێكی شەخسیە، بەڵام من دەپرسم ئەمە چۆن شەخسیە، كەبەرپرسانی ئەم هەرێمە جەنەراڵێكی ئەمریكیان هێنا كردیان بەراوێژكاری خۆیان لەكوردستان، بێت بەهەزار مسقاڵ ئاڵتون هاوسەرگیری سێیەم ئەنجام بدات؟ ئایا ئەوپارەیەی لەكوێ بوو ؟؟پاشان ئەمە نایاساییە ، چونكە لەهەرێمی كوردستان ژن هێنانی دووەم و سێیەم نایاساییە ، پاشان كێ ئەم راوێژكارە ئەمریكیەی فێری ئەوە كرد كەبچێت لەناوچە دابڕاوەكانی هەرێم مامەڵەی هاوسەرگیریەكە بكات، كەواتە ئەم كوردستانە كانگای گەندەڵیەو ئەگەر ماندێلاو غاندیش لەژیان بووان و بهاتبوان بۆئێرە بەرپرسانەی ئێمە فێری گەندەڵیان دەكردن. ئەو كەسە كێیەو چ كارەیە كەبەنایاسایی ژنی دووەمی لەهەرێمی كوردستان هێناو هەزار مسقاڵ ئاڵتون وەك پێشەكی و پاشەكی گرێ بەستی هاوسەرگیریەكەیانە؟ هاری جیم شووت ، كە جەنەراڵێكی ئەمریكیەو لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق هاتە هەرێمی كوردستان و دواتر بوو بەراوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت و سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان، دوای مانەوەی لەهەرێمی كوردستان هاری شووت ، كەپێشووتر ژنێكی ئەمریكی هەبوو لێی جیاببووەو بۆجاری دووەم لەساڵی 2006لەگەڵ (گ، ز) ، كەكچە كوردێكی خەڵكی شاری هەولێر بوو هاوسەرگیریان ئەنجامدا ، بەرهەمی هاوسەرگیریەكەشیان دوو كوڕەو لەسەرووبەندی هاوسەرگیری سێیەمی هاری شووتی لێك جیابوونەوە هەرچەندە جیابوونەتەوە بەجیا دەژین،بەڵام تائێستا لەدادگا جیابوونەوەكەیان پشت ڕاست (تصدیق) نەكراوە. هاوسەری سێیەمی هاری شووت كێیە؟ ماوەیەك لەمەوبەر هاری شووت تەمەن 59ساڵ ، بۆجاری سێیەم هاوسەرگیری لەگەڵ كچە كوردێك بەناوی (ه،نـ، م) تەمەن 29 لەیەكێك لەدادگای ناوچە دابڕاوەكانی هەرێم كوردستان ئەنجامدا هۆكاری ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەلەهەرێمی كوردستان هاوسەرگیری دووەم رێگە پێنەدراوە". مارەیی گرێ بەستی هاوسەرگیریەكەیان چەندە؟ مارەییەكەی هاوسەرگیریەكەیان پێشەكیەكەی زیاتر لە 300 مسقاڵ ئاڵتونەو پاشەكیەكەشیان حەفت سەد مسقاڵ ئاڵتونە، كەئەمە زۆر نایاسایی و نائاساییە، چونكە ئەمە بەركەوتەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، لەكاتێكدا هەزاران دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان هەیە بەهۆی بێكاری و نەبوونی توانای ماددی ناتوانن هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، هەروەها دەبێت بپرسین ، كەئەم هەموو ئاڵتون و پارەیەی لەكوێ بوو ؟ ئایا كەهاتە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەو پارەیەبوو ، یان بەنایاسایی ئەو پارەیەی پەیدا كردووە؟؟؟. ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی
سەلام عەبدوڵا جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەو سەركردانەی كە وڵات و خەڵكی خۆیان خۆشدەوێ و بە رۆح و بەگیان دەیپارێزن و لە پێناویدا هەزاران قوربانی دەدەن و ناهێڵن دوژمنان خاكیان داگیر بكات و وڵاتیان وێران بكات لەگەڵ ئەو بە حساب سەركردانەی كە تەنها لە پێناو دەستكەوت و ناوبانگی خۆیاندا بێ گوێدانە خەڵك و خاك و وڵاتیان بەرەو هەڵدێر و تێكدان وێرانبوون دەبەن. یەكەمیان لە ترسی ئەوەی وڵات و خەڵكی نەكەوێتە بندەست دوژمنان، پەنا بۆ هەموو مۆڵەت و دەرفەتێك دەبات كە گەل و وڵاتی بپارێزێ و ترسی رەواش دایدەگرێت بۆیە زۆر بە هۆشیارییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەموو رووداوەكاندا دەكات و بێ باك نابێت لەوەی كە خەریكە روو بدات. مێژووش نموونەی زۆرە. ئەمەش دەقا و دەق بە پێچەوانەی ئەو بەناو سەركردانەیە كە باكیان لە داڕمان و تێكدان و وێرانبوون و ماڵوێرانی هاووڵاتیان نییە، بۆیە ئەمانە لە شوێنە شاراو و نهێنیەكانەوە قسەی زل و درۆی زەبەلاح بەبا دەدەن و ئەنجامەكەشی تەنیا لە كوشت و كوشتارو قاتوقڕی و لە دەستدانی خاك، شتێكی دیكە نییە و نابێت و نموونەش لە مێژوودا زۆرە كە دیارترینیان هیتلەر و مۆسۆلێنی و سەدام حوسێنە. حەسەن نەسروڵڵا كە سەرۆكی رێكخراوێكی تیرۆریستیە و و لەلایەن یەكێی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە خراوەتە لیستی تیرۆریستییەوە لە دوا پەیڤیدا لە شاراوگە ژێر زەمینەكەی كە جاروبار بە ڤیدیۆ شۆ خۆی نمایش دەكات، كۆمەڵێك قسەی نابەجێ دەرهەق سەرۆك بارزانی دەكات كە سەرلەبەری درۆوفیشاڵ و هەڵبەستراوە. هەر خودی ئەم حەسەنە لە هێرشی تیرۆریستانی داعشدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەر لە حەشارگەكەیەوە دەیفەرموو كە ئەمریكا ــ كاتێك داعش رووی كردە كوردستان ــ ئەوسا هاتە سەر خەت و كوردستانی پاراست، كەچی ئێستا هەر خۆی بە پێچەوانەوەی ئەو قسانەیەو بانگەشەی بێسەروبەر دەكات كە تەنیا لەو جۆرە كەسانە دەوەشێتەوە، مێژووی پەنجا ساڵەی رابردوو كە سەرۆك بارزانی لە داكۆكی لەگەل و خەباتی رزگاریخوازییدا و تێكشكانی دەوڵەتی تیرۆریستی داعشدا رۆڵی بەرچاوی گیراوە بە هیچ جۆرێك نابێ لەگەڵ تیرۆریستێكی ناسراودا بەراود بكرێت، بۆیە تەنیا ئەوە دەڵێین كە نەسروڵڵا و هاوشێوەكانی تەنیا مێژوویەكی رەش و ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەكەو شەرمەزاری لەدوای خۆیان بەجێدەهێڵن. ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی
كامەران مەنتك زۆر لەوانەی دەربارەی ئەگەرەكانی دابەش بوونی ئێراق دەنووسن و داخێون، هەمیشە باس لە دابەش بوونی ئەو وڵاتە دەكەن لەسەر بنەمای ئەتنیكی و ئاینزایی، واتە دابەشكردنی بۆ سێ پارچە، كوردو شیعەو سوننە!. ئەم بیركردنەوە تەقلیدیە بە كەسانی ئاسایی نەوەستاوە و تەنانەت زۆر لە هزرمەندو سیاسەتمەداری گەورەش لەو چوارچێوەیەدا بیردەكەنەوە!. لە راستیدا ئەم بیرۆكەیە بنەمایە لەسەر تێڕوانینیكێ سەرپێ و نەبوونی شارەزاییەكی قووڵ دەربارەی ئێراق و پشت بە شێوازی دامەزراندنی ئێراق دەبەستێت لەسەر بنەمای هاوكێشەی (كورد + سوننه = شیعە). لەبەرئەوەی شیعە لە ئێراقدا زۆرینە پێكدەهێنن و بە تەنیا و لە رێگای دیموكراتیەوە دەتوانن بە بێكوردو سوننە ئەو بڕیارانەی بیانەوێت بیدەن، دوا دانیشتنی پەرلەمانی ئێراق و بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ئێراق راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت. بۆ شیكردنەوەی ئەم بۆچوونە بەرلەهەموو شتێك پێویستە ئاماژە بە هۆكارەكانی دابەشكردنی ئێراق بكرێت، كە نەگونجان و نەبوونی كەلتووری بەیەكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردنە، ئەمە سەرباری جیاوازی قووڵایی ستراتیژی هەریەك لەو پێكهاتانە، كە بۆتە سۆنگەی دەستتێوەردانی هەرێمی و بەرژەوەندی زۆر دەوڵەتی لەم ناوچەیە چڕكردۆتەوە!. سوننە بۆ ماوەی هەشتا ساڵ حوكمی ئێراقی كرد، كوردو شیعە لەو ماوەیەدا سەركوت كران، دوای رووخانی رژێمی سەدام شیعە هەموو وڵاتەكەی وابەستەی ئێران كرد و كوردو سوننەی پشتگوێخست!. لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئێراق هێندەی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەكانی ئەو كاتە دروستكراوە، هێندە رەچاوی سەقامگیری و بەیەكەوە ژیانی خەڵكەكەی نەكراوە. واتە ئێراق لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمایەكی پووچ بوونیاتكراوەو ئەوەی لەسەر پووچیش بوونیات بنرێت هەمیشە پووچ دەردەچێت. لەگەڵ ئەو پووچیەشدا دابەشكردنی ئێراق كارێكی وا ئاسان نیەو پەیوەندی بە مەنزومەیەكی هەرێمی و جیهانیەوە هەیە. ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین ئەو مەنزومەیەش گۆڕانكاری بەسەر داهات و ئەو دەرفەتەی هێنایە پێشەوە، ئەوا دابەشكردنی ئێراق لەسەر بنەمای سێ پارچە سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، چونكە دەوڵەتی شیعەكان دوو هێندەی دەوڵەتی كوردو سوننە دەبێت و هەمیشە هەوڵی لرف كردنیان دەكات. چونكە ئەو دوو پارچە بە بە بەشێك لەخۆی دەزانێت و هەمیشە هەوڵی گەڕانەوەیان دەدات!. بە لایەنی كەم لە قۆناغی سەرەتایی دابەشكردنەكە، ئەگەر بێتوو دابەشكردنەكە كۆگیر نەبێت و دەوڵەتانی تری هەرێمەكەش، وەكو ( توركیاو ئێران و سوریا ) نەگرێتەوە!. بۆیە لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری دەبێت شیعەكانیش بكرێن بە دوو پارچە، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئەوان لەسەر بنەمای یەكەكەی دوو بەقەدەر كوردو سوننە هاوسەنگیان پێكراوە، واتە (كورد + سوننه = شیعە). ئەگەر بمانەوێت دابەشكردنە هاوسەنگ بێت دەبێت هاوكێشەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێتەوە (كورد + سوننە + شیعە +شیعە= سەقامگیری)، چونكە شیعەكانیش لەناوخۆیاندا كێشەیان هەیەو بە شێك بۆ قووڵایی عەرەبی دەگەڕێنەوەو بەشەكەی تریشیان بۆ قووڵایی فارسی!. بۆیە باشترین چارەسەر دابەشكردنی ئێراقە بۆ چوار پارچە، ناوەڕاست و باشوور بكرێت بە دوو پارچە بەغداشیان لەگەڵ بێت، كوردو سوننەكانیش هەریەكەی لە ناوچەی خۆی. ئەگەر ئەوەش هاتنە دی ئاستەنگ بوو، ئەوا دەكرێت بەغدا وەكو ئێستا بە سەنتەر بمێنێتەوە پارچەكانی تریش لەسەر بنەمای كۆنفیدڕاڵی رێككەوتنێك ئەنجام بدەن!. یاخود بەغداش بە تەنیا لەسەر شێوەی دەوڵەتانی كەنداو بكرێت بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەو كاتە ئێراق دەبێت بۆ پێنج پارچە دابەش بكرێت!. هەرچەندە لە هەموو حالەتەكاندا ئەم پارچەكردنە بە بێ قوربانیدانی زۆر نایەتە بەرهەم و لە رووی جیۆپۆلەتیكشەوە دەروازەی دەریای ئەو ناوچەیە (شاری بەسرە) دەخاتە بەردەستی شیعەكان، ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر زیادكردنی هەژموونی هەرێمی ئێران دەبێت!. ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتە لە بۆچونی لخاوەنەكەیان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی
سەرتیپ جەوهەر دامودەزگا دەوڵەتیی و دەستورییەكانی كوردستان قەت نەیانتوانیوە رۆڵ و پێگەی خۆیان هەبێت، هەمیشە سێبەرو دیلی دەسەڵاتێكی دیكە بوون لەدەرەوەی دامودەزگای دەوڵەتیی. ئەو روداوەی دوێنێی ناو پەرلەمانی كوردستان زادەی بەریەككەوتنێكی لەناكاو بێپلانی نێوان دوو پەرلەمانتار نەبوو، بەڵكو زادەی واقعی تاڵ و هەژموونی بیری تەسكی حزبیی و بەڵتەجێتیە بەسەر هەڵسوكەوت و بیركردنەوە زۆربەی حوكمڕان و پەرلەمانتارانی كوردستان. دەزانم دەستەواژەكان هەڵێنجراوی بارێكی توندن، حەزمنەدەكرد توند بنوسم، بەڵام دیمەنی ناو پەرلەمان گەلێك خەمئامێزە، لەم دۆخە زۆر بێزارین و مەگەر توند نوسین بەشێك لەتوڕەییەكەمان بەتاڵ بكاتەوە. ساڵانێكە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی دادوەریی لەكوردستان بەتەواوی بێبەهاو بێنرخ بوون، رەوشی میدیاو دەسەڵاتی چوارەمیش لەوان باشتر نییە، هەریەكەیان بەشێوەیەك بۆتە داردەستی حزب و وەزیفەو بایەخی خۆیان لەدەستداوە. لە 2015 پەرلەمانی كوردستان بە دوو زێرەڤانی داخرا! لەكاتێكدا پەرلەمان نەموڵكی بزوتنەوەی گۆڕان و نە یەكێتی و پارتی و نەهیچ حزبێكی كوردستانە، كاتێكیش لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیاری ریفراندۆم-درا ئەوەندەی دیكە بێبایەخ كرا. خراپتر ئەوەبوو پەرلەمانتار لەژورێكی پەرلەمان بەند بكرێت و جگە لەسوكایەتی شەخسی، داركاریی بكرێت، ئەم دیمەنە لەمێژووی هیچ پەرلەمانێكی دونیا نەبووەو نییە. هەڵبژاردنی 2018 و قەبارەی تەزویرو ساختەكردنی دەنگی خەڵك ئەوەندە گەورەبوو، هیچ قیمەتی بۆ دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان نەهێشتەوە، قەبوڵكردنی ئەنجامەكەیشی شەرعیەتدان بوو دەنگی ساختە! ئەو ژمارە زۆرەی بەدەنگی ساختەش بەدەستهات، بووە بارێكی گران بەسەر سەقامگیریی سیاسی و پرسی سازانی نیشتیمانیی لە كوردستان. بۆیە دەبێ بەئاسایی بیبینن بەشێك لەوانەی ئێستا لەپەرلەمانن شەق بوەشێنن یان یان هەڵسوكەوتی نەشیاو و دوور لە عورف و هەڵسوكەوتی گشتیی بكەن، چونكە لەبنەڕەتدا بەشەرعی نەهاتوون و نەبوونەتە پەرلەمانتار! واوەتریش غەدرێكی زۆر لە پێكهاتەكانی دیكەی وەك كلدۆ ئاشوریی و توركمانەكان كرا! بەدەنگی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە، ژمارەیەك داردەست كرانە نوێنەری ئەو پێكهاتانە، لەكاتێكدا كۆتا بۆ گرەنتیكردنی مافی بەشداریی پێكهاتەكان بوو نەك زوڵم لێكردن و بەكارهێنانیان بۆ خواستی سیاسی و كردنیان بە بەشێك لە ململانێی سیاسی لەكاتێكدا ئەوانەی بەناوی ئەوانەوە لە پەرلەمانن، نوێنەرایەتی خۆیشیان ناكەن نەك پێكهاتەكانیان. ئێمە دەزانین پەرلەمان دوو وەزیفەی سەرەكی هەیە، یەكەمیان پەسندكردنی بودجەو بەدواداچونی خەرجییەتی، ئەویدیكەشیان قانون دانان و چاودێریكردنی ئیشوكارەكانی حكومەتە، بەڵام با بپرسین پەرلەمان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو چیكردووە؟ جگە لەدوو ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتی د. بەرهەم چەند جار ئەو پەرلەمانەی ئێمە گفتوگۆی بودجەی ساڵانەی كردووە؟ لەچاودێریكردنی حكومەت توانیویەتی چەند وەزیر بانگ بكات و متمانەیان ژێر پرسیار؟! با لەحكومەت بپرسین، بزانین چ دامەزراوەیەكە؟ لەهەموو دونیا حكومەت سێ ئەركی سەرەكی لەئەستۆدایە، یەكەم؛ دابینكردنی ئەمن و ئاسایش، دووەم؛ دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتیی، سێیەمیش؛ مسۆگەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی. لەهەرسێكیدا ئەم حكومەتەی ئێمە ئەوە نییە كە پێویستە هەبێت، لەیەكەمدا دەبینین بەڕێوبەری ئاسایش وەك بەدیگاردی حزب بەروونی و بەبێ تەمومژ بۆ میدیاكانی حزبەكەی ئاشكرای دەكات كە كادری حزبێكیان بە بارمتە گرتووە لەبەرئەوەی كادری حزبەكەیان لەلایەن دادگا دەستگیركراوە؟! ئەم قسەیە دوو دەرەنجاممان دەداتە دەست، یەكەمیان؛ دامەزراوەی ئاسایش دامەزراوەیەكە لەبری پاراستنی گیانی خەڵك، بۆتە مەترسی بۆسەر گیانی هاوڵاتیان! دووەمیشیان؛ دادگاو دادوەر بێبەها دەكات و هیچ بەهایەكیان بۆ ناهێلێتەوە. خۆ ئەگەر لەخزمەتگوزاریی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیش بپرسین ئەوا شایەتیمان پێویست نییە، فەرموون لەماوەی 28 ساڵی رابردووی ئەم حكومڕانییە، نەتوانراوە رێگای دوو پارێزگا بكرێتە جووت ساید، چجای كارەباو ئاو و سوتەمەنیی..تد ئینجا خۆ باسی عەدالەتیش بكەین بەدڵنیاییەوە ناتوانین نەڵێین هەرچی تەزكیەی حزبی نەبێت مومكین نییە نە دابمەزرێت و نە سودمەندبێت لەخێروبێری ئەم وڵاتە، بگرە وەزارەت یان فەرمانگەی حكومەت هەیە وەك مقەڕی حزبی لێهاتووە، ئەندامی یەك حزب نەبێت كەسی دیكەی لێ نییە. لەبارەی دامەزراوەی دادوەریش بدوێین، بەدڵنیاییەوە دامەزراوەیەكی شەرمهێنە. ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەكی گشتیی ئەوەندە لاوازە، بووە بەدیلی دەستی حزب! عەیبەیەكی زۆر گەورەیە كاتێك دەبینی بەشێك دادوەرانی وڵاتەكەت دەبنە ئەندامی كەمپینی حزب! فەرموون لەكەمپینی 2018 حزب، نەك دادوەران، بگرە سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێرمان بینی لە یاریگای هەولێر بەشداری كەمپینی حزبیان كردبوو، خراپتر ئەوەیە دادوەر لەپەنای حزب هەڕەشە لەدادوەری دیكە بكات و دواتر بەفەرمانی حزب، سكاڵای دادوەری سكاڵاكار لەلایەن دادگاوە وەرنەگیرێت! ئەوەی سەرەوە بەشێکە لەواقع و ژیانی کۆمەڵگای کوردستان، بۆیە ئاساییە پەرلەمان لەبری ببێتە سەکۆی گفتوگۆو بەیەکگەیشتنی دیدو بۆچونە جیاوازەکان، ببێتە شوێنی شەق وەشاندن و سەپاندنی مەنتقی زرینەی ساختەو تەزویر. ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی
هۆشیار عەبدوڵا ((کێشەی زۆربەمان ئەوەیە کە حەزمان لە پیاهەڵدانە نەک رەخنە،جا ئەگەر پیاهەڵدانەکە ببێتە هۆی لەناوبردنمان و رەخنەکەش ببێتە هۆی رزگاریمان... نورمان فینسنت بیل)) هەردوجار، ساڵی (۲٠۱۳و ۲٠۱۸) دژی ئەوەبوم بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا بکا، چونکە دەمزانی ئۆپۆزسێۆن بەبێ گۆڕان لاواز دەبێ وەک دەیبینین، جیا لەوە گۆڕان دەیتوانی ئۆپۆزسیۆن بێ و فشارێکی جدی بێت لەسەر دەسەڵات، بەڵام مەرج نیە لە حکومەتدا بتوانێ یا رێگەبدەرێ هیچ بگۆرێ، مەگەر خۆی! لە ۲٠٠۹ەوە خەڵک چاوی لەوەبوو گۆڕان فشار بێ لەسەر یەکێتی و پارتی، گۆڕان ئەو ئەرکەی لەنێوان ۲٠٠۹ بۆ ۲٠۱۳ باش ئەنجامدا بۆیە جارێکی تر خەلک ۲٤ کورسی و دەنگی زیاتریان پێدایەوە، بەڵام کاتێک ویستی بە تەنیشت ئەو دو هێزەوە بێت کە حزب نین (دۆڕان و بردنەوە) قبوڵ بکەن بەڵکو دەسەڵاتێکی سەپاون، پشتیوانی خەلكێکی زۆری لەدەستدا. خەڵک دەیەوێ هێزێک هەبێت داکۆکی لێبکا، فشاربێ لەسەر ئەو هێزانەی کە سڵناکەنەوە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، خەڵک دەیەوێ هێزێکی جیاواز هەبێت کاک نەوشیروانیش گۆڕانی بەو جیاوازیەوە دروستکرد، ئێستا جیاوازیەکانی گۆڕان و ئەوان بەرەونەمان دەچن، ئەوەش گەورەترین مەترسیە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان. نەوشیروان مستەفا هێندە مەبەستی بو کە جیاوازبێ لە (ینک و پدک) وتاری (ئێمەوئەوان)ی بۆ تۆخکردنەوەی ئەو جیاوازیە فکریانە نوسی، لە ڕوی شکلیشەوە دژی زۆر مەراسیم و رێورەسم بو کە هێزەکانی تر دەیانکرد، دوای وەفاتی ئەو وەک ئەوەی دۆخەکە گەڕابێتەوە پێش ۲٠٠۹، جیاوازیەکان گۆڕان بۆ لەیەکچون. وا شەش مانگ بەسەر بەشداریکردنی گۆڕان لەم کابینە نوێیەدا تێدەپەرێت، حەقی هەمو گۆڕانخوازێکە بپرسێت رای گۆڕان تا ئێرە لە رێکەوتنەکەیان، گۆڕانکاریەکان، چاکسازیەکان چیە؟ گۆڕان لانیکەم دەبێ بە دەنگدەرەکانی بڵێ رازیە لەو حکومەتەی کە هێشتا بەشێکی پۆستەکانی پێنەدراوە یا لانیکەم رەخنەکانی ڕاشکاوانە دەخاتە بەردەم رایگشتی! رێکەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و پاشەکشەی پارتی لە زۆر بەڵێن کە سەرەتا بە گۆڕانیان دابو بەرپرسیارێتی مێژویی وەفدی دانوستانکار گران دەکا چونکە بەشێک لە پاشەکشەی گۆڕان و لاوازبونی بۆ ئەو رێکەوتنە دەگەرێتەوە، کە ئەوان واژۆیانکردوەو ئاڵاهەڵگریبون. هەمو لێدوان و قسەکانی ئەندامانی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان (کە بەشێکیان پۆستیشیان وەرگرتوە) لە سەرەتای دانوستانەکاندا ماوە، بەتایبەت پەیوەست بەوەی گۆڕان شەش مانگی وەک دەرفەت بۆ ئەنجامدان یا سەرپێخستنی چاکسازی داناوە، وا شەش مانگەکە تێپەری، ئایا قسە و سەرنج و رونکردنەوەی ئەو بەرێزانە چیە؟! ئەم کابینەیە چی لەوانەی پێش خۆی جیایە بەتایبەت لەپەیوەست بە شەفافیەتی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان. ئێمە ئەوسا وتمان دژی بەشدارین و پێمان هەڵەیەکی گەورەیە بەڵام رێزی بریاری بزوتنەوەکە دەگرین، ئێستا کاتیەتی ئەوانەی عەرابی ئەو رێکەوتنەبون بە ویژدان جواب بدەنەوە ئایا ئەو پۆستانەی ئێستا وەریانگرتوە ئەوانەن کە لە کۆبونەوەی جڤات یەکەمجار باسیانکرد؟ یا زۆر جیاوازو کەمترن ؟! هەمو ئەو بەڵینانەی کە پارتی لە مەلەفی چاکسازی نەوت و داهاتی ناوخۆ و موچە و پێشمەرگە و پرسەکانی تر بە گۆڕانیداوە چیی لێ جێبەجێکراوە وەک خۆی؟! لەو رێکەوتنەدا هەر لە سەرەتاوە، پارتی لە دەستەی وەبەرهینان و زیادکرنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم و جۆری وەزارەتەکان و بەشێک لەو وەزارەتانەی وەکیلی وەزیر بۆ گۆڕان دەبێت پەشیمانبۆوە، هەموانیش ئەزانن کە بریار بو سەرۆکی حکومەت یەک یاریدەدەری هەبێت بۆ چاکسازی دەسەڵاتەکانی بە یاسا رێبکخرێ بەڵام سەرۆکی حکومەت بێ ئەوەی یاسا رێگەی پێبدا چەندین یاریدەدەری بۆخۆی دانا و حکومەتێکی لەناو حکومەتدا بۆخۆی دروستکرد و پشکەکەی گۆڕانیش بو بە ئاردی ناو دڕکە زی. گۆڕان چارەی تری نیە جگە لەوەی بەروی دەرەوەیدا گوتارە رەخنەییەکەی زیندوبکاتەوەو ڕو لە خەڵک و پشت لە دەسەڵات بێ، ئەوەی کە لە حکومەت بەشدارە مانای ئەوە نیە خۆی بکاتە بەشێک لەو هەمو بەدکاری و گەندەلێی و پیسخۆرەیەی کە هەیە، بە روی ناوەوەدا دەرچون لە دۆخی ناشەرعیبونی دامەزراوەکانی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەخوارەوە بۆ سەری سەرەوە ئێجگار پێویستەو چیتر نابێ دوابخرێ یا خۆدزینەوەی لێبکرێ! ئەوانەی هێشتا شانیان لەژێر ئەمانەتی گۆڕان وەک هیوایەکی گرنگ نەهێناوەتەدەرو هێشتا لێی بێئومێد نەبون دەبێ بزانن ئەرکیان بێدەنگی نیە لە دۆخی ئێستای گۆڕان بەڵکو ئەرکیان هاوارکردنە بۆ بەهێزکردنەوەی ئەو بزوتنەوەیەی مۆمی ئومێدی سەردەمێکی گرنگی کۆمەلگەی ئێمەیەو ناکرێ هەر وا لێگەرێین خامۆشبێ. لەم هاوارەدا دەبێ خەم گوتارە رەخنەییەکەی گۆڕان بێ، ساڵی ۲٠۱۳ کاتێک بە کۆمەلێک پلان و پیلان قەناعەت بە نەوشیروان مستەفا کرا بەشداری حکومەت بکا، هێشتا لە میدیا کارم دەکرد، بەرونی پێی گوتین کە لە هیچ حاڵەتێکدا دەستبەرداری رەخنە نابین و قسەی خۆمان دەکەین، هەتا لە ژیانیشدا بو وایکرد. بێوەفاییە بەرامبەر متمانەو پشتیوانی ئەو هەمو خەڵکەی قوربانیدا لە پێناوی گۆڕاندا ئێستا بێزاری و تورەییان لە گۆڕان نادیدەبگیرێ، گۆڕان لە بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی فراوانەوە بەرەو ئاراستەیەکی کۆنەپارێزی نەریتی دەروا، خەڵک نارازیەو لەوەشدا بە جیاوازی رێژەی بەرپرسیارێتی هەمومان بەرپرسیارین و دەبێ هەردو پرەنسیپی پاداشت و سزا لە گۆڕاندا جێکەوت بکرێ تا هەڵەکان دیاربن بزانرێ خەڵک لەچی نارازیە؟! گۆڕان بەو جۆرەی ئێستاو بێ گۆڕانکاری ریشەیی و نوێبونەوە لە هەمو ئاستەکانیدا بەتایبەتی لە روی فکریەوە، ناتوانێ بەردەوامبێت. هەڵبەتە حزب یا رێکخراوی سیاسیی، سروشتی مرۆڤی هەیە هەمیشە تەندروست و بەهێز نیە، گۆڕان لەسەردەمانێکدا هێزی رچەشکێن و جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستان بو، ئێستا بە زیاد لە هۆكاڕێک تەندروست و ساغ نیە، پسان و جێهیشتن و پشتێکردن هەرچەندی پاساوەکانی رەوا بن چارەسەر نیەو نەفەس درێژی زیاتری دەوێ بەتایبەت بۆ ئەوانەی بەهۆی گۆرانەوە دەرفەت و پۆست و پایەی حکومی و پەرلەمانیان وەرگرتوە، دەبێ لە هەمو ئەو باهۆزانە بەهێزتربن کە لەناوەوە و دەرەوە روەو گۆڕان دێت. هەلبەتە لە نەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفاوە دەیان پیلان و موئامەرە دژی گۆڕان لە زیاد لە ئاستێک لە لایەن زیاد لە گروپێکەوە دژی گۆڕان هەیە، بەڵام حزبێک لەناوخۆیدا بەهێز بێت و خۆی هەڵەی ستراتیژی نەکا بە دژایەتی دەرەکی بەهێز دەبێت نەک لاواز. ئەرکی هەڵگرانی فکری گۆڕانکاری (رازی و نارازی، ئەوانەی دورو ئەوانەی نزیکن، ئەوانەی دەرپەرێندراون یا رەنجێنراون و هێشتا هیوایەکیان بە گۆڕان ماوە) ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان بگەرێننەوە سەر دۆخەکەی جارانی، رەخنە و دەنگهەڵبڕینیش دەبێتە هەولێک بەو ئاراستەیەدا، چونکە وەک گوتراوە بێدەنگی مانای رازی بونە، رازیبونیش بە ترازانی زیاتری گۆڕان لەباربردنی دەرفەتێکە کە جارێکی تر ئاسان لە هەرێم سەرپێ ناکەوێتەوە. دواقسە ئەوەیە پێویستە گۆڕان لەهەمو ئاستەکاندا سنگ فراوان بێت بۆ رەخنە،واز لەم بەشەیتانیکردنە بێنێت، کەسێک مادام تا ئەمڕۆ لە گۆڕاندایە فریشتەیە سبەی وازی لەگۆڕان هێنا بکرێتە شەیتان، ئەو حوکمە بۆ خەڵک لێگەڕێن ئەوان دەزانن کێ وەفادارە و کێ بێوەفایە، دەبێ وەک نەوشیروان مستەفا جگە لە خواستنی ئومێدی ئەوەی خەونی گۆڕانکاری ون نەکەن هیچ قسەیەکتان دژیان نەبێت. هەرکەس و حزب و لایەنێک رەخنەی قبوڵ نەبێت سەرناکەوێت، قسەیەکی جوبران خلیل جوبران هەیە دەڵێ: (رەخنە وەک خۆشەویستیە مەیبەخشە بە کەسێک کە شایستەی نیە)، عادەتەن کەسێک شتێک جێگەی بایەخی نەبێ رەخنەی لێناگرێ، بۆیە ئەوانەی رەخنە دەگرن یا دۆخی ئێستای حزبەکەیان قبوڵ نیە، دەبێ وا حساب بکرێ خۆشەویستی و بایەخیان دەبەخشنە گۆڕان، دەبێ جێگەی رێزبن، نەک ڕق و نەفرەت و تۆمەت.
عارف قوربانی زۆر جار لە میدیای كوردستان و لە ئاستی باڵای حیزبی و حكومیشەوە ئەوە دەبیستین كە فەشەلی حوكمڕانیی عێراق دەبەستنەوە بە شكستی كەرتی كارەباوە. باس لەوە دەكرێت كە لەم 16 ساڵەی رابردووی دوای كەوتنی سەدام، بە دەیان ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا تەرخانكراوە و كەچی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بە ماڵان بەجۆرێكە، شكستی ئەو كەرتە و عەقڵیەتی حوكمڕانی لە عێراق بەدیاردەخات. بەڵام هیچكات روو بەلای خۆماندا وەرناگێڕین تا هەمان ئەو بەراوردكارییە بكەین بە پێوەر بۆ خۆیشمان. ئایا هیچ دامەزراوەیەكی میدیایی، هیچ ناوەندێكی توێژینەوە، هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمانی، یا هیچ دەزگایەكی چاودێری لە كوردستان ژمارەی ئەو بڕە پارانەی لەبەردەستە كە بۆ كەرتی كارەبا لە كوردستان تەرخانكراون، تا بە هەمان پێوەری ئەوەی لەو بوارەدا خەرجكراوە بە ئاستی بەرهەمهێنان و پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بە ماڵان بەراوردی بكەین و بزانین ئێمە لە كوێدا سەركەوتووین تا كارەبا لە عێراق بكەینە بەڵگەی فەشەل؟ ئایا هەر بەڕاستی دەسەڵاتدارانی كورد باوەڕیان وایە كەرتی كارەبا لە كوردستان سەركەوتوو بووە؟ ئایا هیچكات لەخۆیان پرسیوە چ لۆژیكێكە كاتێ لە وەرزی زستاندا بەهۆی دابەزینی چوار پێنج پلەی گەرما، لە شەو و رۆژێكدا سەعاتەكانی پێدانی كارەبا پێنج شەش سەعات كەم دەبێتەوە؟ یان لە هاویندا كە بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی گەرماوە لەپڕ پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بۆ ئاستی نیوە دادەبەزێ؟ هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنرێت كە كەرتی كارەبا لە كوردستان شكستی خواردووە، جا ئەگەر ئەمە پێوەر بێت بۆ سیاسەتی بەڕێوەبردن و عەقڵیەتی حوكمڕانی، ئەوە دەبێت بیسلەمێنین كە ئێمەش وەك بەغدا شكستخواردووین. كەم سروشت و جوگرافیا هەیە وەك كوردستان دەرفەتی فراوانكردنەوە یان فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەبێت. كوردستان سروشتەكەی لەبارە بۆ ئەوەی كارەبا لە (با) دروستبكرێت. دەرفەتی ئەوەی هەیە كارەبا لە (ئاو) بەرهەم بێت. هەڵكەوتە جوگرافییەكەی لەسەر هێڵەكان بەجۆرێكە بە ئاسانی دەتوانرێت سوود لە تیشكی خۆر وەربگرێت وەك سەرچاوەیەكی تری بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمە جگە لەوەی خاوەن نەوت و گازی سروشتیی خۆمانین كە دەتوانرێت وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا پەرەپێبدات. بەم هەموو فرە سەرچاوەییەی دروستكردن و بەرهەمهێنانەوە لەماوەی 28 ساڵی حوكمڕانیدا نەتوانراوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت و ساڵ بەساڵیش لەبری ئەوەی بەرەو باشتر بڕوات، كێشەكانی كارەبا زیاتر دەبن. رەنگە ئێستا بگوترێ كوردستان لە قەیرانی ئابووریدایە و چاككردنی ئەم كەرتە و پەرەپێدان و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی كارەبا پێویستی بە پارەی زۆر هەیە، ئەمە راستە، بەڵام ساڵانێك پارەی زۆر زۆریش لە كوردستان هەبوو، كێشەی كارەباش هەر بەردەوام بوو. ئەگەر پلانی ورد دانەنرێت و بەدوای سەرچاوەی تری بەرهەمهێناندا نەگەڕێین، ساڵ لەدوای ساڵ كوردستان تاریكتر دەبێت. هەرچەندە هەندێك بۆچوون هەن پێیانوایە بەمەبەست نایانەوێ كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت، چونكە سەرچاوەی داهات و كەناڵی بردنی پارەیە بۆ كۆمپانیا حیزبییەكان. پێشتریش زۆرجار ئەوە بەرگوێی خەڵك دەكەوت كە كۆمپانیایەكی وڵاتێكی بیانی، یا فڵان سەرمایەداری خۆماڵی داوای كردووە رێگەی بدرێت لە تیشكی خۆر یان لە با، كارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناو حیزبەكان و حكومەت گوشاریان خستووەتە سەری كە دەبێت بیانكاتە هاوبەش، یان پارە و پشكیان بداتێ، بەو هۆیانەوە هەوڵەكان شكستیان خواردووە. ئەم قسانە ئەگەر راست بووبن یان نا، بەڵام دەكرێت ئێستا بیر لەو رێگایانەی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بكرێتەوە. هەرچەندە كێشەی كارەبا لە كوردستان و لە عێراقیش بەتەنیا پەیوەست نییە بە بەرهەمهێنان و دابەشكردنەوە، بەڵكوو بەشێكی زۆری كێشەكە پەیوەستە بە خەڵكیشەوە، پەیوەستە بەناهۆشیاری لە بەكاربردن و بەفیڕۆدانی. بەڵام ئەركی حكومەتە شانبەشانی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان، هۆشیاریی بەكاربردنیش لای خەڵك دروست بكات. لەم رۆژانەدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند كە 42 لەسەتی كارەبای هەولێر دەدزرێت، ئایا كەس بیستوویەتی هاووڵاتییەك توانیبێتی 5 دۆلار وەحدەی ئاسیاسێڵ یان كۆڕەك تلیكۆم بدزێت. ئەمە پەیوەندی بە عەقڵ و سیستەمی بەڕێوەبردنەوە هەیە. دەگوترێ یەكێك لە كێشەكانی زۆر بەكاربردنی كارەبا بەهۆی (بۆیلەری ئاوگەرمكردنەوەیە). تەماشا بكەن زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەم گرفتەیان چۆن چارەسەر كردووە، سوودیان لەوە وەرگرتووە لە سووتاندنی خۆڵ و خاشاكی كۆكراوەی شار، ئاوی گەرم بۆ ماڵان دەستەبەر دەكەن. كوردستان ئێستا توانای ئەوەی نییە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی گەرم دروستبكات، بەڵام دەكرێت سوود لە ئەزموونی هەندێ وڵاتی تر وەربگرین. لە توركیا لەسەر تانكیی سەربانی ماڵان ئامێرێك دانراوە لە تیشكی رووناكی بەشی گەرمكردنی ئاوی ماڵەكە كارەبا بەرهەم دەهێنێت و ئاوی تانكییەكە گەرم دەكات. نرخەكەشی رەنگە هەر پارەی چەند مانگێكی كرێی موەلیدە بێت كە هەر هاووڵاتییەك ناچارە مانگانە بیدات. ئەمە ئەركی حكومەتە لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە ئەم ئامێرە بهێنێتە كوردستان و هۆشیاری بداتە خەڵك بۆ سوودلێوەرگرتنی لەبری كارەبای نیشتمانی و موەلیدە. هەندێ رێگای ئاسان هەن حكومەت دەتوانێ بەهۆیانەوە گوشارەكانی سەر خۆی كەمبكاتەوە و یارمەتیدەریش بێت لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. بۆ نموونە ئێستا كۆمپانیا لە دونیادا زۆرن وەك چۆن پێشتر موەلیدەی كارەبایی گەورە و بچووكیان بەرهەم دەهێنا، ئێستا بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی تری وەك خۆر و هەوا ئامێری بچووك بۆ ماڵان دروست دەكەن. بەڵام رەنگە هەموو خەڵك توانای ئەوەی نەبێت كولفەی تێچوونەكەی بدات. حكومەت تەنیا بە دروستكردنی هەماهەنگی و دروستكردنی متمانە لەنێوان كۆمپانیایەك و فەرمانبەرەكانی خۆی دەتوانێ دادوەری گرێبەستێك بێت تا ئەم كۆمپانیایە لەسەربانی ماڵی فەرمانبەران ئامێری كارەبا دابمەزرێنێ كە تێچووەكەی كەمترە لە 2 هەزار دۆلار و مانگانە بڕی سەت دۆلار لە مووچەكەی بدرێت بە كۆمپانیاكە بەشێوەی قیست. خەڵك كە بووە خاوەنی سەرچاوەی رۆژانەی هەشت سەعات كارەبای ماڵەكەی خۆی، ناچێت كارەبای حكومی یان موەلیدەی گەڕەك بەكاربەرێت. لە پلەی یەكەمدا بەمە بەشێكی زۆر كارەبا بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و بەشی پێدانی ئەوانی تر دەكات كە خاوەنی كارەبای خۆیان نین. پێشتر كوردستان بەبێ پلان شارەكانی بە ئەندازەیەك گەورە بوونەوە كە حكومەت دەرەقەتی دابینكردنی پێویستییە سەرەتاییەكانی نەیەت. ئەگەر ئێستا كەڵك لە رێگاو ئامرازەكانی تری بەرهەمهێنانی كارەبا وەرنەگرێت، بەدڵنیاییەوە ببینە خاوەنی كوورەی ئەتۆمیش، كێشەی كارەبا چارەسەر نابێت. چونكە تا دێت ژمارەی دانیشتووان و خواست لەسەر بەكاربردنی كارەبا زیاتر دەبێت.
سەرتیپ جەوهەر بارودۆخی عیراق لەبازنەیەكی داخراودا دەخولێتەوەو هیچ دەریچەیەك بەدیناكرێت بۆ دەربازبوون لێی، لەلایەك لەژێر كاریگەریی دەستوەردان و ململانێی ئیقلیمیی، لەلایەكی دیكە خراپی بارودۆخی خزمەتگوزاریی بێچارەیی حكومەت لەئاست ئەم دۆخە. شەممەی رابردوو عادل عەبدولمەهەدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر هاتە هەولێر، دوو مەبەستی خستەڕوو لەو سەردانە، یەكەمیان؛ پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو دابینكردنی پشتیوانی كورد لەوبارەیەوە. دوومیان؛ باسكردنی بێچارەیی دۆخی عیراق و ئاماژەكردن بۆ پشتیوانیكردن بۆ دوبارە راسپاردنەوەی بە سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ. عادل عەبدولمەهدی خێرا پەرلەمانی خستە بەردەم واقعێكی نوێ ویستی هەم بەرپرسێتی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بخاتە بەردەم پەرلەمان و خۆی دووركەوێتەوە، هەمیش بۆ رازیكردنی شیعەو پشتیوانیی ئیقلیمی بۆ دوبارە راسپاردنەوەی چانسێكی باش بخاتە بەر خۆی و لەو بێچارەییە دوبارە بكرێتەوە. بیرۆكەی دوبارە راسپاردنەوەی عەبدولمەهدی بەر لەماوەیەك لەگەڵ چەند لایەنێك گفتوگۆی لەسەكراوە، پێشترو بەر لە كوژرانی، قاسم سولەیمانیی لەگەڵ چەند لایەنێك لەنێوانیاندا كورد ئەو پێشنیارەی خستبووە روو، بەوپێیەی رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی نوێ زۆر زەحمەت بووەو دەشێت عادل عەبدولمەهدی چانسێكی دیكەی بخرێتە بەردەم و خۆی لایەنە سیاسییەكان رازیی بكات بەجێبەجێكردنی بەشێك لەداواكارییەكانیان. چونكە هەم سازان لەسەر كەسێكی نوێ بۆ سەرۆك وەزیران زۆر زەحمەت بووەو نە لایەنە سیاسییەكان و نە شەقام بەكەس رازین. هەمیش دوبارە هەڵبژاردنی پێشوەختە كاتی زۆری پێویستەو رەنگە كێشەی دیكە بەدوایخۆیدا بێنێت. پرسی راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی یان هەر كەسێكی دیكە بۆ كورد بۆ ئێمە جێی پرسیارە. ئەزموونی دوو ساڵی رابردووی ئەو زۆر جێی سەرنج بووە، دەتوانین بڵێین بۆ خۆ دوبارەكردنەوەی باری خۆی لەبەرامبەر كورد گرانتر كردووە. لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەت لەدانانی وەزیرەكانی و پڕكردنەوەی بەركەوتەی كورد لە كابینەكەی، لەبری ئەوەی بێلایەن بێت، زوو خۆی لەسەر بەلایەكداو وەزیرێكی پارتی كردە وەكیلی وەزارەتی داد كە لەبنەڕەتدا بەبەركەوتەی یەكێتی حیسابدەكرا! لەپرسی كەركوك و چارەسەردنی لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆم بەتایبەت پارێزگاری كەركوك و پرسی ماددەی 140 و ئەو كێشانەی تائێستا بەچارەسەرنەكراوی، نەك چارەسەری نەكردن بەڵكو بەهیچ شێوەیەك نەیكردە بەشێك لەئەجێندای كاركردنی و هەموو دەستكەوت و منەتەكەی بەسەر هەرێمی كوردستان، پرسی ناردنی موچەی هەرێم بوو، لەكاتێكدا بەپێی بودجە، مانگانە بڕی خەمڵێنراوی پارەی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لەهەرێم بڕیوە. با لەتێگەیشتنی حزبیی دوربكەوینەوە، ئەمجارە پێویستدەكات چ عەبدولمەهدی یان هەركەسێكی دیكە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەرلەهەموو شتێك لایەنە سیاسییەكان لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێككەون، ئەگەر نەتوانرا رێككەون ئەوا هەموو لایەنەكان بەرپرسن بەتایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چارەكردنی پرسە چارەسەرنەكراوەكانی كەركوك، دەبێ بەروونی خاڵ لەسەر پیت دابنرێت و پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕێنراوەكان ببێتە بەرنامەی كاری هەرە لەپێشی گفتوگۆكان، ئەگەر گلەییەكیش هەبێت بەدڵنیاییەوە روبەرووی ئەو دەكرێتەوە، چونكە ئەو حزبی یەكەمە لەو ناوچەیە. ئەگەر هەر رێككەوتنێكیش بكرێت دەبێ سەقفی زەمەنی و میكانزمی جێبەجێكردن لەخۆبگرێت، تا چیتر خۆیان لێنەدزنەوە.
هێمن غازی لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە لە ئەوروپا و ئەمریكا تۆمار كراوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بۆتەوە، ئامادەكارەكە لە خەڵك ئەپرسێ كە كێ سەرۆكی ووڵاتە؟ لە وەڵامدا خەڵكە ئاساییەكە بێ ئاگایی خۆیان دەرئەخەن و نازانن كە كێ پرۆسەی سیاسی ووڵاتەكەیان بەڕێوە دەبات. لە كوردستان ئەوە كفرە، چونكە خەڵك بە تەواوەتی سیاسین و بە سیاسیكراوون، لەم ووڵاتە منداڵ لە منداڵییەوە تا سەر لێواری قەبر لەگەڵ بەها فاشیلەكانی سیاسەت گۆش ئەكرێت، رەنگبێت كەسێك هەبێت نەزانینی ناوی سەرۆكی ووڵاتەكەی بەوە تەعریف بكات كە ئەوانە خەڵكانی بێئاگا و نانیشتمانین. ئەوان بە لایەنەوە گرنگ نییە كە كێ سەرۆكە، بەڵام بەلایانەوە گرنگە كە سەرۆکێکی بەهێز ووڵاتەكەیان بپارێزێت. هەر ئەوانەی كە بێ ئاگان لە پرۆسەی سیاسی ووڵاتەكەیان كەچی نیوەی دنیایان داگیر كردووە و حكومڕانی و بەرژەوەندی خۆیان لە جیهاندا بە باشترین شێوە سەپاندووە. هەر ئەوانەی كە بێ ئاگان لە وێنەگەورەكەی سیاسەتی ووڵاتەكەیان بەڵام لە هەركوێییەك نەیارێكیان هەبێ و مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی خەڵكەكەیان دروستبكات لەناوی دەبەن و پێشی پێدەگرن ، هەر ئەوانەنین كە خاوەنی داهێنانی گەورەن و خەڵكی جیهان چاوی لەدەستیانە. لە كوردستان هەر جارەو خەڵك بە چیرۆكێكەوە سەرقاڵ ئەكەن، ئەم جارە لە ساڵی تازە باس بۆتە گۆڕینی یاسای چاكسازی خانە نشینان. كە زۆرینەی خەڵكی بەخۆیەوە نیگەران كردووە، چونكە پەرلەمان رێك كراسێكی بەقەدەر باڵاو مەچەكی پەرلەمنتارەكان بڕییوە. پێچەوانەی دیوە راستەقینەكەی كاری پەرلەمانتاری هەموو چاویان لەوەیە كە زوو خانەنشین بكرێن و ملیۆنان دینار لەسەر یەك كەڵەكە بكەن، لە جیهاندا پەرلەمان سەكۆی خەڵكەو شەڕی حەق و مافە زەوتكراوەكانی خەڵك دەكەن. لە هەرێم رێك پێچەوانەوەیە پەرلەمان باشترین شوێنە بۆ دەوڵەمەند بوون و گۆڕینی ژیان لە خراپەوە بۆ ئەوپەڕی باش. هاوڕێییەكم كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، لەخولی پێشوتری پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ تیمی یەکێک لەپارلەمانتاران ئەو ووڵاتە كاری كردبوو. باسی ئەوەی بۆ كردم كە جارێك پەرلەمانتارەکە پێی راگەیاندووە : كە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری لەندەن گرفتی شوێنی عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، بۆیە بابچینە ئەوێ و لێكۆڵینەوە لەچارەی ئەو گرفتە بكەین، دوای ئەو سەردانە پەرلەمان چاودێری بونیاد نانی رێگەی بۆ خاوەن پێداویتسییە تایبەتەكان لە شوێنە گشتییەكانی ئەو گەڕەكە كردو ئەو گرفتەی چارەكرد. لەهەرێم ئەو خەڵكە ئاساییە كە دەچنە پەرلەمان و بازەكە لەسەریان ئەنیشێتەوە هەڵە لە كاری پەرلەمانی گەیشتوون، وائەزانن پەرلەمان شوێنی گەشت و گوزار و وێنەگرتنە، لەكوێی ئەم ووڵاتە دیوتانە كە پەرلەمانتارێك خۆی بەیەك گرفتەوە سەرقاڵ بكات و چارەی كات، نموونە هەبووە بەڵام هێندە كەم بووە كە شیاوی باسكردن نییە، جارێ زۆرینەیان بوونەتە میدیاكاری و واتێگەیشتوون كە دەبێت بەردەوام لەسەر شاشەكان بن و وەك خەڵكی ئاسای قسە بكەن، ئەوە ئەو پەڕی بەلاڕێدابردنە. لە كوردستان ئەوەی كە بوو بە پەرلەمانتار جارێ چەند مانگێك خەریكی قات و بۆین باخ و جلی كوردی دەبێت .دواتر چەك وەرئەگرێت، دواتر پاسكیلەكەی ئەكاتە باشترین ئۆتۆمۆبیل، ئەوسا خەریكی باشكردنی ژیانی خۆی ئەبێت. ئەوەی لەم ووڵاتە ئەگوزەرێت رێك پێچەوانەی رەوتەباشەكەی پێشكەوتنە.
زمناکۆ ئیسماعیل هەشتی یەنایەرو پاش تێپەڕبونی پێنج رۆژ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فڕۆکەی گەشتیاری بیونگ ٧٣٧ ی سەربەکۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا، کەوتە خوارەوە، سەرەتا وەک کەوتنەخوارەیەکی ئاسایی تەماشای ئەو ڕوداوە کرا، بەڵام پاشتر، چاوی میدیاکانی جیهانی کەوتەسەر، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا (جەستن ترودوو)، ئەو دۆسێیەی ووروژاندو رایگەیاند "زانیاریی هەواڵگرییان هەیە، کە فڕۆکە ئۆکرانیاییەکە، بەموشەکی ئێرانی کەوتوەتە خوارەوە"، ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەکاتێکدابوو، لەنێو فڕۆکەی بیونگ (٧٣٧)،ی ئۆکرانی، ١٧٦ سەرنشینی ژیانی لەدەستداوە، لەنێویشیاندا ٦٣ هاوڵاتی کەنەدی بون، لێرە بەدواوە چەندین سەرۆک و بەرپرسی ووڵاتانی جیهان، لەسەر ئەو دۆسێیە کەوتنە قسەکردن، تا ئاستی ئەوەی ئەو دۆسێیە ئاستێکی جیهانی وەرگرت، بەتایبەت کە ئێران تۆمەتبار دەکرێت بەخستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە، هەموان دەپرسن، بۆچی ئێران، فڕۆکەیەکی مەدەنی دەخاتە خوارەوە، ئامانج لەو کردەوەیە چییە؟!، بۆ ئەوەی گرێی ئەم یارییەمان بۆ بکرێتەوە، دەبێت مێژوی دۆسێیەکی هاوشێوەی ئەم کردەوەیە هەڵبدەینەوە، خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەک کە دۆسیەکەی ئاستێکی سیاسی جیهانی وەرگرت، پاش باسکردنی ئەو دۆسێیە، ئەم یارییەمان بۆ دەکرێتەوە. ٣٢ ساڵ لەمەوبەر و رۆژی ٢١ی دیسێمبەری ١٩٨٨، فڕۆکەی کۆمپانیای پان ئەمریکان، لە جۆری بیونگ (٧٤٧)، لەئاسمانی سکۆتلەنداو لەسەر گوندی لۆکەربی کەوتەخوارەوە، سەرەتا وەک کارێکی ئاسایی تەماشای ئەو روداوەکرا، بەڵام پاشتر ئەو گومانە رەوییەوە، کە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بیونگ (٧٤٧)، کردەوەی تیرۆریستی بووە نەک کردەیەکی ئاسایی، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەستی پێکرد، زانیارییەکان دەریانخست، لەو روداوەی لۆکەربی، ٢٥٩ کەسی سەرنشینی فڕۆکەکە ژیانیان لەدەستدا، لەگەڵ ١١ هاوڵاتی سەر بەوگوندە سکۆتلەندییە، بەوپێیەی زۆربەی کەسانی ژیان لەدەستچوو ئەمریکی بون، وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەرزوو پەنجەی تۆمەتی بۆ (رێکخراوی رزگاری خوازی فەڵەستینی و سوریا و ئێران)، درێژکرد، بەڵام پاش ووردگەری لەو روداوە، دەرکەوت کە دوو هاوڵاتی لیبیا دەستیان هەبوە لەو تەقینەوەیە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی کە چەند سەربازێکی ئەمریکی، لەنێو ئەو فڕۆکەیەدا بون، دەیان وویست بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لەئاهەنگەکانی سەری ساڵ، ئەم دۆسێیە بە کراوەیی مایەوە، هەتا رۆژی خستنەڕوی دۆسێکە، لە ١٣ی نۆڤەمبەری ١٩٩١دا، دادگای سکۆتلەندا، دانیشتنی دادگایکردن لەسەر هەردوو تۆمەتبار (عبد الباسگ علی المقرحی) و (اڵامین خلیفە فحیمە )، بەنائامادەبونی خۆیان، دەستپێکرد، دادوەر بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ ئەو دوو کەسە دەرکرد، لەدانیشتنەکانی رۆژانی پاشتری دادگای سکۆتلەندا، دۆسێیەکە لەڕێڕەوی خۆی لادرا، بوو بەپرسێکی سیاسی، وەک لەپرسێکی مرۆیی، لەرێککەوتی ٢ی یەنایەری ١٩٩٢و پاش چوار ساڵ لەوروداوە، هەریەکە لەئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنسا، داوایانکرد لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەسەر دۆسییەی لۆکەربی، بڕیار بدات دژ بەلیبیا، لەرێککەوتی ٢١ی یەنایەری هەمان ساڵ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیاری ژمارە (٧٣١) ی دژ بەو تاوانە دەرچاند، ئەو روداوەی بەکردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبرد. بەهۆی کێشمەکێشی ئەو دۆسێیە کە تاوانباران لەکوێ دادگایی بکرێن، زەمەنێکی خایاند، پاش ١٠ ساڵ لەو روداوە، لەرێککەوتی ٢٤ی ئۆگەستی ١٩٩٨، ئەمریکاو بەریتانیا، بەیاوەری دادگای سکۆتلەندا، بڕیاریاندا کەئەو دادگایکردنە، ببرێتە دادگای لاهای لەهۆڵەندا، لێرەوە ئەو تاوانە وەک کردەیەکی نێو دەوڵەتی ڕێچکەی خۆی وەرگرت، ساڵی ١٩٩٩ هەردوو تاوانباری ئەو کردەوەیە، گواسترانەوە بۆ هۆڵەندا، لە ٧ی ئازاری ٢٠٠٠، دادگایکردنی ئەو دوو تاوانبارە دەستیپێکرد، دادگا تاوانەکەی خستە ملی دەوڵەتی لیبیا، پاش ئەوەی کە ئەو ووڵاتە، ئەو تاوانەی گرتە ئەستۆ، داوای دوو ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری لێکرا، کە دەبێت بۆ هەموو قوربانییەک، ٤ ملیۆن دۆلار لەو بڕە پارەیە خەرج بکرێت. پشتی پەردەی ئەو تاوانە، پاش ٢٣ ساڵ هەڵماڵدرا، پاش هەڵگیرساندنی شۆڕشی لیبیا، لە ٢٣ی فێبرایەری ٢٠١١، وەزیری دادی ئەو ووڵاتە (مصگفی محمد عبد الجلیل) دەستی لەکار کێشایەوە، بەبیانوی نواندنی توندوتیژی حکومەتی ووڵاتەکەی بۆ سەر هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر، ئەو وەزیرە لەڕێگای رۆژنامەی (ئیكسبریسین دەیلی سویدی)، نهێنی لەسەر ئەو دۆسێیەی لاداو گۆتی"سەرۆکی لیبیا (موعەمەر قەزافی)، لەڕێگای بەکرێگیراو (عەبدولباست موقریحی)، تاوانی لۆکەربی ئەنجامداوە. لیبیا بوو بەمەیدانی جەنگ، قەزافی بەدەستی شۆڕشگێڕانی ووڵاتەکەی لەناوچوو، بەڵام دۆسیەی لۆکەربی و فڕۆکەی بیونگ (٧٤٧)، وەک پەڵەیەکی رەش لەسەر ئەو ووڵاتە مایەوە، دەبێت کەمێک لەسەر دۆسیەی فڕۆکەی بیونگ (٧٣٧)، ی ئۆکرانیش بوەستین، بزانین دەرئەنجامی ئەو کەیسە چەند دەخایەنێتو چی بەسەر دێت؟!. بێگومان ئەو دۆسێیەش لەپرسێکی مرۆییەوە کراوە بەپرسێکی سیاسی، هەر وەک دۆسێی لۆکەربی، هەر زوو چەند سەرۆکێکی ووڵاتانی زلهێز، لەسەر ئەو دۆسێیە قسەیانکرد. سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ)، رایگەیاند "دەبێت سندوقی رەشی فڕۆکەکە بدرێت بەکۆمپانیای بیونگ، هەتا ببرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەدەرەوەی ئێران". بەڵام سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران عەلی عابد زادە، رایگەیاند "سەرقاڵی ئەوەن کە سندوقی رەشی فڕۆکەکە بکەنەوەو لێکۆڵینەوەکان لەناوخۆی ئێران دەکەن"، لای خۆییەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جۆنسۆن رایگەیاند "زانیارییان لەبەردەستە، ئەو فڕۆکەیە بەمووشەکی ئێرانی خراوەتە خوارەوە". سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا، ئۆلێکسی دانیلۆڤ، بەراگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەی گۆتوە، "ئەگەری هەیە ئەو فڕۆکەیە، بە موشەکی (TOR-M1) ی دروستكراوی روسی خراوهته خوارهوه، (عەلی عابیدزادە)، بەرپەرچی لێدوانی سەرۆکانی ووڵاتانی دایەوە کە دەڵێن "ئەو فڕۆکەیە بە موشەک کەوتۆتە خوارەوە". ئەو بەرپرسە ئێرانییە رایگەیاند "دەبێت هەموان چاوەڕوانی زانیاری نێو سندوقی رەشی فڕۆکەکەبین". رەنگە دۆسێیەی فڕۆکە ئێرانیەکە وەک دۆسێی لۆکەربی، لەڕێگای ئەنجومەنی ئاسایش یەکلای بکرێتەوە، بەتایبەت کە ووڵاتی کەنەدا پێداگرە کە ئەو فڕۆکەیە بەموشەکی ئیرانی کەوتۆتە خوارەوە، لێرە بەدواوە پێویستمان بەوەیە کە ئەو دۆسێیە ببەستینەوە بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، کە لە رۆژی سێی یەنایەرو پێنج رۆژ بەرلەکەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە، لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس کوژرا. شرۆڤەکارانی جیهان گومانی زۆریان هەیە، کە لایەنێکی رکەبەرکاری قاسم سولەیمانی لەنێو دەوڵەتی ئێران، لەسەر جموجۆڵی قاسم سولەیمانی، زانیاری دابێت بەئەمریکییەکان، لای خۆشیەوە پسپۆڕی بواری تیرۆر (ماگنۆس نۆرێڵ)، دەڵێت "پێی دەچێت، بەرپرسانی باڵای رکەبەرکاری قاسم سولەیمانی، بەنهێنی زانیارییان دابێت بەئەمریکییەکان، لەسەر شوێنی مانەوەی قاسم سولەیمانی و ئاشکرا کردنی جموجوڵەکانی، ئەو پسپۆڕە پاساوی بۆ ئەو تێڕوانینەی هەیەو دەڵێت "قاسم سولەیمانی، سەرسەختانە دژی ئەمریکا بوو، ببوە لەمپەڕ لەبەردەم ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ووڵاتە". ئەو زانیارییانە سەرنجمان رادەکێشیت بۆ ئەو تێڕوانینەی، کەرەنگە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئێرانییەکە، پەیوەندی بەو رکەبەرکارییەی نەیار و لایەنگرانی سولەیمانییەوە هەبێت، دەبێت لەبیرمان نەچێت، کە خودی سولەیمانی سەرۆکی سوپای قودسبوو، بونی ئەو سوپایەش لەنێو سوپای گەورەی پاسداران، خاوەنی هێزی سیاسی و سەربازین، توانای بەرپەرچدانەوەی هەموو کردەوەیەکی سەربازییان هەیە، هەرئەوەش دەمگەیەنێت بەو گومانەی، کە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە، لەپاش موشەک بارانی هەردوو سەربازگەی (عەین ئەسەد و هەولێر)، لە هەشتی یەنایەر، تۆڵەکردنەوەیەک بێت لەو بەرپرسانەی ئێران کە دەستیان هەیە لەکوشتی قاسم سولەیمانی، من خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە بە تەسفیەی ناوخۆیی ئەو ووڵاتەی دەزانم، کوشتنی قاسم سولەیمانی زەڕبەیەکی کوشندە بوو لەرابەڕی ئەو ووڵاتە خامەنەیی درا، لەگەڵ ئەوەشدا رکەبەرکارانی خامەنەیی، بۆ جێگرتنەوە وەک رابەری ئەو ووڵاتە، چەند ئامانجێکیان پێکا. یەکەم: کوشتنی قاسم سولەیمانی کۆتایی خامەنەئی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەنێو ئەو ووڵاتەشدا کەسانێک هەیە کە خۆیان بۆ جێگرتنەوەی رابەرەکەیان داناوە، رەنگە هەر ئەو کەسانەش زانیارییان دابێت بەئەمریکا تا قاسم سولەیمانی بکوژێت و پاشتر ریسی خوریەکەی خامەنەی دەکەنەوە بەخوری. دوهەم: موشەکبارانکردنی هەردوو بنکە سەربازییەکەی عێراق و نەپێکانی ئامانجی ئەو دوو بنکەیە، هەڵماڵینی روی راستی ئەو روداوە لەلایەن رۆژنامەی ئیندی پەیندت " کە بەرێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، ئەو موشەکانە ئامانجی نەپێکاوەو بەمەبەست ئەو کارە کراوە، بەڵگەیە لەسەر ئەو هێزەی ناو خۆی ئێران کە گەرەکییەتی کۆتایی بەرابەر بونی خامەنەئی و دەسەڵات و سیستەمی ئێستای بهێنێت. سێهەم: بەخستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە، ئێرانیان لەشەڕی ئەمریکا لادا، کە رەنگە بۆ داهاتوو ئێران و ئەمریکا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بابەتی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ئەمە دەکەوێتە پاش سەردەمی خامەنەیی و لەسەردەمی رابەڕی تازەی ئەو ووڵاتەدا دەبێت. چوارهەم: ئەو تێڕوانینەیان خستەبەردەم جیهان، کە هێزێکی رکەبەرکار هەیە لەنێو خۆی ئێران، دەیەوێت کۆتایی بەسیستەمی شیععەی توندئاژۆ بهێنێت و بەبێ شەڕ ئەو ووڵاتەو ناوچەکە بگەیەنێتە کەناری ئارامی. ئەمانە هەمووی گومانن، بەڵام ئەوەی راستییە، دەرخەری پاش لێکۆڵینەوەکانە لەکەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی بیونگ ٧٣٧ ی ئۆکرانی، بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەپشتە، وەک چۆن لە دۆسیەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی بینوگ ٧٤٧ ی لۆکەربی، موعەمەر قەزافی و دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتەی لەپشتبون، بەڵام جیاوازی ئەم دوو دۆسێیە لەوەدایە، لە دۆسێیی لۆکەربی، پاش ٢٣ ساڵ لیبیایی روخاند، بەڵام ئەم دۆسێیەی ئۆکرانیا، ئێران لەڕوخاندن دەپارێزێت و بەتەنها سیستەمی سیاسی لەرابەرێکەوە بۆ رابەرێکی دیکە دەگوازێتەوە.
هیوا سەید سەلیم دوای هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات بڵاویانکردەوە کە هاتنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لە کارکێشاوەی عێراق، بۆلای بەرپرسانی هەرێم زیاتر بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئەوان و مسۆگەرکردنی پشتیوانی هەرێمە لە مانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ، ئەگەر ئەو هەواڵە راست بێت و هەڕێم بەڵێنی پشتیوانی پێدابێت ، دیسان کورد کەتۆتە هەڵەیەکی گەورە. لەو بارودۆخە هەستیار و پڕ قەیرانەی عێراق، کە خودی عەبدولمەهدی و کابینەکەشی بەشیکە لە قەیرانەکە، بۆیە هەزوو عادل عەبدولمەهدی لەژیر فشاری ناڕەزایەکانی شەقام ناچارکرا دەست لە سەرۆک وەزیری بکێشیتەوە، لەبەر چەندین هۆکارە پێمان وایە نابێت هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە مانەوەی مەهدی بکات . عادل عەبدولمەهدی لە ململانێ سیاسیەکانی عێراقدا، کە پرۆسەی سیاسی بەسەر دوو لایەن لە حزب و کەسایەتیە تەقلیدیەکانی شیعە لە لایەک، شەقام لە لاکەی دیکە، ئەو تەواو بەسەر بەرەی یەکەم کە لە لایەن ئێران پشتیوانی لێدەکرێت ساغ بۆتەوە،. بە تایبەت کاتێک بەبێ ئامادەبوونی کورد و پێکهاتەی سوونە داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، کە ئەم هەڵوێستەشیان دوای کووشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەدی مهندس هات لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا. ئەو بڕیارەی کە نە ئاسانی جیبەجێدەکرێت، وە نە کۆتایش بە کێشەکانی عێراق دێنێت، بگرە بە پێداگری شیعەکان لەسەری، عێراق بەرەو قەیرانی دیکەی ئابووری و ئەمنی دەبردرێت کە ئەو سەری دیارنەبێت. لە ئاستی شەقام، سێ مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا تێدەپەڕێت، خۆپیشاندەران نەک هەر مەهدیان ناچاری دەستکێشانەوە کردووە، بگڕە تەواوی جێگرەوەی ئەویشیان رەتکردۆتەوە، کە لەلایەن لایەنە شیعەکان پێشنیارکراون تا ببنە جێگرەوەی عەبدولمەهدی. لەو بارودۆخەدا کە ئاماژەکانی شکستی سیاسەتی ئێرانی لە عێراق خەریکە دەردەکەون، لە ئاستی ناوخۆشدا ئێران رووبەڕووی سزای تازەی ئابووری دەکڕێتەوە، کە ئیدارەی کۆشکی سپی بەسەری دەسەپێنێت، قەیرانی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕانیەکەش سەرباری هەموو ئەمانە، بۆیە عادل عەبدوڵمەهدی کەوتە هەڵەیەکی گەورە کە بۆ رازیکردنی ئێران چووە پاڵ ئەو داوایەی کە تەپڵیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمانی عێراق لیدا، بەو کارەی کارتی خۆی سووتاند، بۆیە دەبێت کورد دەست بۆ ئەو کارتە سووتاوە نەبات وە پشتیوانی لە عەبدوڵمەهدی نەکات. بۆ ئەوانەی کە تەنیا لە روانگەی ناردنی مووچە لە بەغداوە عادل عەبدوڵمەهدی وەک کەسێکی باش دەبینن لەوانەیە ئەو ڕایەیان بەدڵ نەبێت، بگرە بە دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی دڵخۆش بن، کێشە لەوە دایە لە نێو هەموو ئەو قەیرانانە دانانەوەی عەبدوڵمەهدی ئاسان نیە. باشترین بژاردە کە ئێستا لەبەردەم هەڕێمی کوردستان و کورد ئەویە کە لەو کێشانەدا بیلایەن بێت، دووربەدووری چاودێری گۆڕانکاریەکانی عێراق بکات، وەک چۆن لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوینەران بایکۆتی کرد و خۆی نەکردە بەشێک لە ململانێکە. پتەوکردنی سیاسەتی یەکڕیزی کوردستانی و دوورخستنەوەی هەڕێم لە ململانێکان، لە ئێستا دەبێت ئەولەویەتی کارەکانی حزبە بڕیار بەدەستەکانی کوردستان بێت، نەک دەستبردن بۆ کارتی سووتاو.
پەیكار عوسمان ١- چاکسازیی "بەردەوامیی"یە. چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامەو هەر چاکسازییەك کە ئەکرێ، ئەگەر بچوکیش بێت، بە مەرجێ بەشێكبێت لە بەردەوامییەکە، جێگەی تەقدیرە. بەڵام چاکسازییەك کە کۆتایی بە سیفەتی بەردەوامیی چاکسازیی بهێنێ، هەرچەن گەورەشبێ، جێگای ڕەتکردنەوەیەو ئەوە چاکسازیی نیەو خودی گەندەڵییە! چونکە چاکسازیی بە بەردەوامییەکەی چاکسازییەو ئەگەر ئەو سیفەتە لەدەست بدا ئیتر چاکسازیی نیە. تۆزێ چاکسازیی لە سفرچاکسازیی باشترە، بەڵام ئەو گەندەڵییەی ئەمێنێتەوە هەر گەندەڵییەو ئەو تۆزە چاکسازییە، گەندەڵییە ماوەکە ناکات بە ناگەندەڵیی! چاکسازییەکەی پەرلەمانیش، ئەگەر هەنگاوێكبێ و هەنگاوی تری بەدوادابێت، باشەو بەخێربێت. بەڵام ئەگەر ئەم تۆزە چاکسازییە، بۆ کۆتاییهێنان بە چاکسازی و شەرعیەتدان بە گەندەڵییە ماوەکەبێت، ئەوکات دژایەتی چاکسازیی ئەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی! ٢- چاکسازیی ناپۆپۆلیزمە. چاکسازیی پێشئەوەی پرۆسەیەکی سیاسی و ئیداریی و هەرشتێك بێت، پرۆسەیەکی ئەخلاقییە. پۆپۆلیزمیش پرۆسەیەکی نائەخلاقییەو لەسەر ئیستغلالکردنی عەوام دامەزراوە نەك لەسەر مەسڵەحەتی عام. لە چاکسازیدا ئەخلاقی سیاسی سەنتەرەو لە پۆپۆلیزمدا عەوامسازی و دروشمبازی. لێرەشەوە پۆپۆلیست ئەتوانێ نمایشی چاکسازیی بکات، بەڵام ناتوانێ خودی چاکسازی بکات! چاکسازی پرۆسەیەکی ئارامەو پۆپۆلیزم هەراو فەوزایە، ئەوانەی هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە گۆڵێکی سەر شاشە بۆ شەخسی خۆیان یان هێزەکەیان تۆماربکەن، بکەری چاکسازیی نین، چونکە چاکسازیی ئەخلاقەو ئەلف و بێ ی ئەخلاقیش، تێپەڕاندنی "من"ی کەس و هێزەکانە لەپێناو هەموو. بەکورتی چاکسازی کارە بەڵام پۆپۆلیزم شۆیە. ٣- چاکسازیی کاری تیمە. لە چاکسازیدا هەمووان یەك تیمن بەرامبەر گەندەڵی، نەكئەوەی هەرکەس یاریکات بەرامبەر ئەویتر. هەموو بەرامبەر گەندەڵی یاری بکەن ئەیبەنەوە. هەموو بەرامبەر یەكتر یاری بکەن، گەندەڵی لە هەموویان ئەباتەوە. مەسەلەن لەکاتی لەچاکسازیدا دابەشکارییەکانی بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵ.. زەڕبەیە لە چاکسازی. ٤- گەندەڵی قۆناغێکی گەشەی حوکمڕانییە. ئەوە ڕاست نیە کە چاکسازیی بە گەندەڵ نەکرێ، ئەسڵەن خودی گەندەڵی، پێویستی بە ئەپدەیتەو گەندەڵی ئەگەر زوو زوو خۆی تەعمیر نەکات، بیناکەی ئەڕوخێ! شێخێکی خلیج، بەتەنیا خۆی، بەقەت هەموو دزەکانی ئێمە دزی لە وڵاتەکەی کردوە، بەڵام بەردەوامیش چاکسازی ئەکاو لە چاکسازیی نەوەستاوە، چونکە چاکسازی بەردەوام، بەردەوامی بە گەندەڵییەکەی ئەویش ئەدات! گرنگە دەسەڵاتی ئێمەش، لە مەرحەلەی چەتەییەوە بپەڕێتەوە بۆ مەرحەلەی گەندەڵی و جارجار دەسێك بەخۆیدا بهێنێ، لەبەر ئێمە نا، هەر لەبەر خۆی. ٥- پەرلەمان ڕادیۆ نیە. پەرلەمان نە هی ئەوەیە دەسەڵات بیکات بە کائینكی بێدەنگ، نە هی ئەوەیە موعارەزە بیکات بە کائینێکی چەنەباز. ڕاستە پەرلەمان ئەبێ دەنگی هەبێت، بەڵام کورتکردنەوەی پەرلەمان لە دەنگدا، بە ڕادیۆکردنی پەرلەمان و بەتاڵکردنەوەی پەرلەمانە لەخۆی! لەنێوان ڕادیۆیەکی کوژاوەو ڕادیۆیەکی داگیرساودا، پەرلەمان ئەبێ هیچیان نەبێ و بڕێك خۆی بێت. کەمێ کرداری چاکسازی، باشترە لە دنیایەك دەنگەدەنگ یان لە دنیایەك بێدەنگی. بەڵام چاکسازییە پێکەوەییەکە، چاکسازیبێ نەك گەلەکۆمە.
گوڵاڵە سدیق یەکێک لە یاساکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکانمانە، بەپێی دەقی یاساکە کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەتە بە فەرمانبەران. بەگوێرەی یاساکە، پێویستە هەر فەرمانبەرێک هەژمارێکی بانکی تایبەت لەبانکێک لەبانکەکانی شارەکەی خۆی بکاتەوە ( یان بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتەکەیەوە دەردەچێت بە چ شێوازێک هەژمارە بانکیەکە دەکاتەوە)، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەشی ژمێریاری وەزارەتەکان و بەڕێزەبەرایەتییە گشتیەکان هەڵدەستن بە کۆکردنەوە و دانانی بڕی پارە پاشەکەوتکراوەکە لە هەژمارە بانکیەکەدا، بەڵام بەبێ ڕاکێشانی پارەکە لە هەژمارە بانکییەکە هەتا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم توانای دارایی بەرەو باشبون دەڕوات دواتر ڕێنمایی تر دەردەچێت بۆ شێوازی دانەوەی ئەو پارەیەی لەسەر هەژمارە بانکیەکەیە. یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەت بە موچەکانمان بوو. وە هەموان ئەوەندی کردنەوەی هەژمارە بانکیەکە و پێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی بە پاشەکەوتەکە بەلامانەوە گرنگ بوو، ئەوەندە بەلامانەوە گرنگ نەبو توانای ڕاکێشانی پارەکەمان دەبێت لەهەژمارەکە یان نا! هەرچەندە هەوڵماندا بەڵام حکومەتی پێشو نەچوە ژێرباری کردنەوەی ئەم هەژمارە. لەبەرئەوە باشترین خاڵێک کە لە یاسای چاکسازییدا هەبێت ئەم یاسایەیە، چونکە پێشتر ئەم پاشەکەوتە لەهەوادا بو، هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نەبو، بەڵام بەکردنەوەی هەژماری بانکی و دانانی پارەکە تێدا ( بەشێوەی ژمارە) خۆی لە خۆیدا شەرعیەتدانە بە ئەو قەرزەی لەئەستۆی حکومەتدایە. هەرچەندە لەیاسەکەدا واهاتوە توانای ڕاکێشانی پارەکە نیه لەلایەن کەسی سودمەندەوە کە فەرمانبەرە، بەڵام ئەم هەژمارە قەرزێکی دانپیانراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەر لەسەردەمی ئەم حکومەتەشدا وەرنەگیرێت ئەوا ئاساییە و دەتوانرێت لەسەردەمی حکومەتەکانی داهاتو وەربگیرێت. لێرەدا پێویستە دوو نمونەی زیندوومان بیر بێتەوە: ١ـ کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا، هەموان دەزانین و لەیادمانە بانکی هەڵەبجە بڕدرا و پارەکەی برا، لەکاتێکدا کە بانکی هەڵەبجە پڕبو لەپارەی دانراوی خەڵک، ئەوەبو حکومەتی عێراقی لیژنەی تایبەتمەندی لە بەغدادەوە دروستکرد لەگەڵ فەرمانبەرانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی و بەهۆی بونی بەڵگەکانەوە خەڵکەکە پارە دزراوەکەی خۆی لە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق وەرگرتەوە و مافەکانیان نەفەوتا، هەچەندە کردارەکە کاتی خایاند بەڵام لەکۆتاییدا بەهۆی بونی هەژماری بانکی و بەڵگەکانی هەژمارەکە خەڵک پارەی خۆی وەرگرتەوە. ٢ـ لەکاتی ڕاپەڕینەکەی هەرێمی کوردستان، دوبارە پارە لە بانکەکانی پارێزگا ڕاپەڕیوەکان نەمان! دیسان هەمو ئەو خەڵکەی پارە و مومتەلەکاتیان لە بانکەکان دانابو تەنها بەڵگە بانکیەکانیان لا مابو وەک بەڵگەیەک لای خۆیان هەڵیانگرتبو، چونکە خەڵک متمانەی بە بانک و کاری بانکی هەبو. پاش ڕوخاندنی ڕژێمی پێشوی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ دوبارە خەڵکەکە بەهۆی بەڵگەکانیانەوە توانیان پارەکانیان لەبانک وەربگرنەوە ( هەرچەندە دراوی عێراقی گۆڕابو، بەڵام بە شکاندنەوەی پارە سویسرییەکانیان بەپارەی چاپی برێمەر پارەکانیان وەرگرتەوە). ئەمە جگە لەو خەڵکەی کە پارەی ٢٥ دیناری سویسری هەبو، بەهۆی بڕیارێکی سەرکێشانەی سەرۆکی ڕژێمی پێشوی عێراق ئیلغا کرابوەوە، هەمویان دوبارە توانیان پارەکانیان بگۆڕنەوە بە پارەی چاپی برێمەر. لەبەرئەوە پێویستە دەستخۆشی لە خاڵە ئیجابییەکانی یاساکە بکەین هەرچۆن ڕێگە بەخۆمان دەدەین ڕەخنە لە خاڵە سلبییەکان بگرین. حکومەتی پێشو پاشەکەوتی کرد، ئەم حکومەتە دەیخاتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، با پشودرێژ بین گەر لەحکومەتی داهاتودا وەریبگرینەوە.
هونەر تۆفیق تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیا ، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان مۆرکرد سەبارەت بە هاوکاری سەربازی و دیاریکردنی سنووری دەریایی لەنێوانیاندا . ناڕەزایەتی توندی میسر ، ئیتالیا ، یۆنان ، قوبرس لێکەوتەوە . هەروەها یەکێتی ئەوروپا ، ڕوسیا ، ئەمریکا ، سعودیە ، ئیمارات بە هەنگاوێکی مەترسیداری تورکی حسابیان کرد . جارێکی تر پرسی رێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ی وروژاندەوە . بۆیە لە کورت مەودادا ئەو رێککەوتنەی تورکیا - لیبیا کاریگەری دەبێت لەسەر نیشتمانی کورد . چی لە لیبیا دەگوزەرێت ؟ لە واقیعدا دەوڵەتی لیبیا لەپاش خستنی جەماهیریەکەی قەزافیەوە دابەشبووە بەسەر دوو حکومەتدا . لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی بەرەی جەنڕال حەفتەر حوکمداری دەکەن ، میسر ، روسیا ، سعودیە ، ئیمارات پشتیوانی لێدەکەن . لە خۆرئاواشە وە ، ترابلوسی پایتەخت حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی بە پشتیوانی ئیخوانی موسلمینی جیهانی و تورکیا و قەتەر ناوچەکەیان بەڕێوەدەبەن . هیچکام لەو دوو حکومەتە بە هەڵبژاردن دەستەڵاتیان نەگرتۆتە دەست . تەرابلوس شەرعیەتی لە ڕێکەوتنی سیاسی بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان وەرگرتووە . حکومەتەکەی حەفتەریش لە شۆرشی لیبیاوە شەرعیەت بەخۆی دەدات . لەو نێوەندەدا دەیان گروپی چەکداری توندڕەو لەجەنگی دژ بەیەکدان . سوپای بیانی لە لیبیا ؟! بۆ خستنی قەزافی دەیان وڵات بەشداری ڕاستەوخۆی کرد بە هێزی ئاسمانی و زەمینی . لەوانە قەتەر ، فەرەنسا ، ئەمریکا ، بەریتانیا ، ئیتالیا . روسەکان لەو کاتەدا کشانەوە ، وڵاتەکەیان بۆ شۆرشگێرەکان بەجێهێشت . بەڵام لەپاش ئەزموونی سوریاوە ، روسیا لەگەڕانەوەدایە بۆ لیبیا . هێزەکانی گروپی ڤاگنەر کە هێزێکی تۆکمەی شارەزاو تایبەتی نافەرمی روسین لە لیبیادا رۆڵی سەربازی گرنگ دەگێڕن . ناکۆکی بەرەکان ؟! هاوپەیمانی روسیا - تورکیا ، لە لیبیادا لەوپەڕی ناکۆکیدایە . روسیای لایەنگری حەفتەر ، ناڕازیە لە پشتیوانی تورکیا بۆ تەرابلوس . روسیا جگە لە ئامانجی ستراتیژی سەربازی و بەرگری لە دەریای ناوەڕاستدا ، چاوی لە سەرچاوەکانی وزەیە ( نەوت و غاز) لەو وڵاتەدا . گەڕانەوەی روسیا بۆ پێگە ئابووریەکەی لە لیبیادا بایی دەیان ملیارد دۆلار داهاتی ساڵانەیە بۆ مۆسکۆ . هەروەها سعودی و میسریەکان دژ بە حکومەتێکی ئیخوانین بە پشتیوانی ئەردۆغان ، لیبیا بگرێتە دەست . ئەمریکیەکان بە گومانەوە لە پەیوەندی دۆستەکەیان حەفتەر دەڕوانن لەگەڵ روسیادا . ڕێکەوتنەکەی تورکیا و لیبیا ؟! تورکیا لە زمانی ئەردۆغانەوە نایشارێتەوە کە لەهەوڵی پێداچوونەوە یان هەڵوشاندنەوەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ دان . پرۆژەکەی ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ باس لە بوژاندنەوەی سیاسی و ئابووری تورکیا دەکات لەیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا . جاڕی ئەوە دەدەن کە لەپاش ١٠٠ ساڵ لەو رێكکەوتنە ، چیدی هەڵدەوەشێتەوە و تورکیا ئازاد دەکات سەروەری دەریایی و زەمینی بەسەر خاکە پچڕێنراوەکانی عوسمانیدا وەربگرێتەوە ، توانای وەگرتنی باج لە کەشتیەکانی گوزەرکار بە کەناڵی بۆسفۆردا بگەڕێتەوە بۆ تورکیا کە لۆزان فەرزی کردووە بەسەر تورکیادا نابێت باج لە هاتوچۆی کەشتیەکان وەربگرێت . هەروەها مافی گەڕان بداتەوە بە تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا نەوت و غاز دەربهێنێت . لە باکووری سوریا ( رۆژئاڤا ) یەکەم هەنگاوی شکاندنی لۆزان لەلایەن تورکیاوە نراوە . ناوچەکانی عەفرین ، سەریکانی ، تەل ئەبیەز ، ئیدلبی لە سوریا دابڕیووە . بەپێ ی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تەرابلوسی لیبیشدا ، مەرجەکانی لۆزان لە دەریادا دەشکێنێت کە نزیکەی شەش هەزار دورگەی یۆنانی دەگرێتەوە لە نزیک کەنارەکانی تورکیادا . هەروەها مافی قوبرسی یۆنانی لە سوودی ئابووری دەریایی پێشێل دەکات بەپێ ی ئەم رێککەوتنە نوێ یە . لەهەمان کاتدا بەشێک لەمافی میسر و دورگەی کریتی یۆنانی زەوت دەکات کە ئەو سنوورە دەریاییە دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی ، تورکیا لەو رێکەوتنەوە مافی داگیرکردنی بۆخۆی دەگەڕێنێتەوە . کاریگەری لەسەر کورد ؟! تورکیا لەڕێگەی ئامادەکاریەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پرۆژەی سەروەری ( وەک ئەردۆغان ناوی ناوە ) دوو هەنگاوی سەرچڵانەی ناوە لە دەریای ناوەڕاست و باکووری سوریادا . ئەگەر ئەو رێکەوتنەی لیبیا - تورکیا لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تێپەربێت و بێدەنگی لەو هەنگاوانەی ئەردۆغان بکرێت . لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا ، ئەو رێگەیەش بەخۆی دەدات پابەندنەبوونی تورکیا بە هەر ١٤٧ خاڵەکەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ەوە ڕابگەیەنێت و هێرشیش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان کەلە ئێستادا چەندین بنکەی سەربازی تیادا هەیە ، بەناوی گەڕاندنەوەی سەروەری خاکی تورکیا ( عوسمانیەکان ) ەوە هەرێمی کوردستانیش داگیردەکات .
سامان وەستا بەكر رۆژی یەکشەممە (٥/١/٢٠٢٠) کۆبونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداری زۆرینەی هێزە سوننیەکان و کورد! ئەو کۆبوونەوە نا ئاساییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر بوو لە کۆبوونەوەیەکی دژە هەڵوێست و دەرکردنی بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی عێراق لە هێزە بێگانەکان کە بە دیاری کراوی مەبەست ئەمریکا بوو لە تۆڵەی کوشتنی قاسمی سلێمانی. کۆبوونەوەکەی ٥ی یەکی ڕۆژی یەک شەممە هەڵدانەوەی پەردە بوو لەسەر وێنە داپۆشراوەکەی عێراق، وێنەیەک هێندە ناشرین کێشراوە کە دوای سەدەیەک تا ئێستاش نیگار کێشیکەی (بەریتانیا) ئامادە نیە واژۆی خۆی لەسەر دابنێ و خۆی بکات بەخاونی ئەو هەڵە مێژووییە. داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی عێراق هێندەی لە تابلۆیەکی خەیاڵی و فەنتاسی ئەچێ کە خودی نیگارکێشەکە خۆی نەبێ ئاستەمە کەسیتر لێی تێبگات نیو هێندە لە نەخشەیەکی ئەندازەیی هاوتەریب و یەکسان ناچێت. کۆبوونەوەکەی ٥ی یەک پەردە لایان بوو لەسەر ئەو سیناریۆیەی کە پێش سەدەیەک بۆ (شانۆگەری عێراق) نوسراوە و لەو ڕۆژەیا بەشی یەکەم لە سێ بەشی سیناریۆکە پێشکەش کرا لەلایەن ڕەش پشۆشەکانەوە"شیعە" بەبێ ئامادەبوونی سپی پۆش "سوونە" و ڕنگاڵە پۆشەکانەوە "کورد". لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق دانیان بەخۆدا گرتبوو وە نەیان ئەویست لەسەر هیچ بەرەیەک خۆیان یەکاڵاکەنەوە و خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی کەسی و حیزبیشبێ وایان پیشان ئەیا کە بە یەک دووری لەنزیک هەر دوو بەرەی ئەمریکا و ئێرانەوە وەستان بەڵام سەرەنجام ڕەوشەکە گەشتە ئاستێ کە چیتر نواندنی پشتی پەردە کاری پێنەکراو نمایش لەودیووی پەردەوە بە ئاشکرا کرا، خۆ ئەگەر نمایشەکە کورت و خێراش بووبێ بەڵام وەڵامێکی ڕاست و ڕاستەقینەی هەموو لایەکی یایەوە. ئێستا هەڵگرانی ئاڵای ڕەش لەبەرەی ئێرانن و هەڵگرانی ئاڵای سپی و ڕانگاڵە ئەگەر لەبەرەی ئەمریکاش نەبن ئەوا لەبەرەی ئێران نین، ئەگەرچی لەترسی هەژموونی خوێناوی ئێران بەزارەکی شتێکی تریش
