Draw Media

به‌دواداچوونی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا "زۆر بنكه‌ و خاڵی سه‌ربازی كه‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدابووه‌ به‌ریانداوه‌ و ته‌سلیمی سه‌ربازانی توركیا كراوه‌ و به‌م جۆره‌ش توركیا‌ هاتۆته‌‌ ناوچه‌ی برادۆست" نه‌جیبه‌ عومه‌ر هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان-رژاك بۆ (دره‌و میدیا) جه‌ختی له‌ قسه‌كانی ده‌كرده‌وه‌ به‌وه‌ی ئاماده‌ن به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و خاڵانه‌ بخه‌نه‌ روو كه‌ له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ دراونه‌ته‌ سوپای توركیا‌ له‌ ناوچه‌كانی باڵه‌یان و خواكورك و برادۆست. له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردووه‌وه‌ توركیا بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ ناوچه‌ی برادۆست به‌ فراوانی دامه‌زراندووه‌، له‌ مانگی ئازاری ئه‌م ساڵیش‌ له‌گه‌ڵ بۆردوومانی گوندنشینان هاتووچۆی ئاشكرایان له‌ناو چیاكان و گونده‌كانی ناوچه‌كه به‌ ئاشكرا ده‌بیندرێت، تائه‌وه‌ی له‌ یه‌كی حوزه‌یران له‌گه‌ڵ دانیشتوانی گوندی به‌رمیزه‌ له‌ ئێواره‌ خوانێدا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن‌ له‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ له‌ ژێر باڵاده‌ستی ئیداری پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌. به‌رمیزه‌ و گه‌لی ره‌ش و گه‌لاوێژ و حه‌سه‌ن به‌گ له‌و ناوچانه‌ بوون نه‌جیبه‌ عومه‌ر وه‌ك نموونه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ "سوپای توركیا پێیان بگات و بچێته‌ ئه‌وێ ده‌بێت به‌ بازگه‌كانی پارتی دیموكرات تێبپه‌ڕن، چونكه‌ ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی پارتیدایه‌ و توركیا به‌ ره‌زامه‌ندی و هاوكاری ئه‌و حیزبه‌ ئێستا له‌و شوێنانه دایه‌‌‌".  وه‌زیری ناوخۆی توركیا سلێمان سۆیلۆ له‌2ی حوزه‌یران وتی "سەربازانی سوپای تورکیا 27 کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێستاش نزیکن لەچیای قەندیل و پێشڕەوی دەکەن، پێشتر وتمان بە هەر رێگەیەک بێت دەچینە قەندیل ئەوەتا ئەمڕۆ ئێمە نزیکی قەندیلین". به‌ڵام هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان پێی وابوو هه‌وڵه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی سوپای توركیا له‌ قه‌ندیل ته‌نیا له‌ ناوچه‌ی باڵه‌یانه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ ژێر ركێفی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌ و وتی "پارتی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دوو بنكه‌ی سه‌ربازی پاسه‌وانانی سنووری عێراق كه‌ له‌و ناوچه‌ سنووریانه‌ هه‌ن بكشێنه‌وه‌ و بۆ سه‌ربازانی توركیا چۆڵ بكرێن، چونكه‌ له‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ ئه‌ندامانی خۆیان به‌ پاسه‌وانی سنوور دامه‌زراندووه‌ و له‌ كاتی پێویست به‌كاریانده‌هێنن".  (دره‌و میدیا) توانی یه‌كێك له‌و شایه‌تحاڵانه‌ بدوێنێت به‌ ناوی كارۆخ عه‌بدوڵڵا كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌ و به‌ چاوه‌كانی خۆی دوو ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی توركی و چه‌ند كه‌سێكی به‌ جل و به‌رگی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ چیای كۆلیتار به‌یه‌كه‌وه‌ بینیوه‌. كارۆخ وتی "ئه‌وان ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی توركی بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك كه‌ جلی پێشمه‌رگه‌یان پۆشیبوو به‌ دوو ئوتومبێلی سه‌ربازییه‌وه‌، مانگ و نیوێك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كه‌م له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌مانه‌ ئه‌وانمان بینی و ئێمه‌ ئۆتۆمبێلمان پێنه‌بوو، كه‌ هه‌ستیان كرد ئه‌وانمان بینی كه‌وتنه‌ دوامان و ئێمه‌ به‌ راكردن به‌لا رێدا خۆمان رزگاركرد". له‌ لو‌تكه‌ی چیای كۆلیتار تاوه‌ری تۆڕه‌كانی كۆمپانیاكانی زێن و كۆڕه‌ك تیلیكۆم و نه‌ورۆزی تێدا داندراوه‌. چیاكه‌ له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ ناحییه‌ی قه‌سرێیه‌ له‌ قه‌زای چۆمانی پارێزگای هه‌ولێر، دۆڵی باڵه‌یان و شێخ ناسڕ و چیای كۆخه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی و، له‌ باشوورییه‌وه‌ دۆڵی ناوده‌شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنووری هه‌رێمی پاراستنی میدیا و شاره‌وانی بناری قه‌ندیل كه‌ له‌ لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ راگه‌یندراوه. له‌ رۆژئاوای چیای كارۆخ و دۆڵی خانه‌قا هه‌یه‌ و، له‌ باكوورییه‌وه‌ چیای مامه‌ڕووته‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر چیاكه‌. له‌ ناوچه‌ی برادۆستی سه‌ر به‌ قه‌زای سۆرانی پارێزگای هه‌ولێر (دره‌و میدیا) زانیاری له‌ به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ست خست سه‌باره‌ت به‌ دانانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا به‌ هاوكاری هێزی باڵا ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی "له‌ هه‌نگاوی دانانی بنكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌ سه‌ر چیای كۆلیتار، پێشتر به‌هاوكاری حیزبی باڵاده‌ستی ناوچه‌كه‌ رێگای چیاكه‌ بۆ سوپای توركیا پاككرانه‌وه‌‌ تا سوپاكه‌ بتوانن بنكه‌كه‌یان له‌وێ جێگیربكه‌ن، له‌كاتی پێویستیش ئه‌و هێزه‌ هاوكاری و رێنوێنی سوپای توركیا ده‌كات".  میدیا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی توركیا له‌ مانگی ئازاری ئه‌م ساڵ بڵاویانكرده‌وه‌ له‌ رێگای بنكه‌یه‌‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ چیای كۆلیتار "چاودێری سنووره‌كان و جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌مه‌ودای 23 كیلۆمه‌تر".  (دره‌و میدیا) له‌ ماوه‌ی به‌دوا داچوونه‌كانیدا زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ست خست كه‌ سوپای توركیا به‌ هاوكاری هێزی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌ربازانی سوپای توركیای تیادا بڵاوبۆته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی دامه‌زراندنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌ن له‌ ریزی سوپای توركیا به‌ پاره‌ تا بتوانن وه‌ك رێبه‌ری ناوچه‌كه‌ كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ندێك به‌رپرسی ئیداری ناوچه‌كه‌ش خۆیان ئه‌و كاره‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای توركیا ده‌كه‌ن. نه‌جیبه‌ عومه‌ر پشتڕاستی ئه‌و زانیاریانه‌ی كرده‌وه‌ به‌وه‌ی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌ی برادۆست به‌ وردی زانیاری ئه‌وه‌یان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ كه‌"به‌پێی دانپێدانانه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ زۆر خه‌ڵكی عه‌شیره‌تی برادۆست ده‌كه‌ن به‌ تورك و ناسنامه‌ی توركییان بۆ ده‌رده‌هێنن، له‌ به‌ده‌لی ئه‌وه‌ش پاره‌ی زۆریان ده‌ده‌نێ، به‌شێكی كه‌من ئه‌وانه‌ی قبوڵیان كردووه‌ و زۆرینه‌ قبوڵیاننه‌كردووه‌ چونكه‌ خه‌ڵكی عه‌شیره‌تن و نیشتیمانپه‌روه‌رن و ئه‌مه‌یان پێناخۆشه،‌ به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ناودا كڕیون به‌ پاره‌ و داوایان لێ كردوون له‌وێ له‌گه‌ڵ سوپای توركیادا جموجۆڵ بكه‌ن بۆ ماوه‌یه‌ك گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و جل و به‌رگی سوپای توركیشیان پێده‌پۆشن". وتیشی "ئه‌وانه‌ی داده‌مه‌زرێندرێن له‌گه‌ڵ سوپای توركیا كه‌سانی حیزبین و نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستانن". له‌ به‌رامبه‌ر هاتنی سوپای توركیا و چڕبوونه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌ی‌ برادۆستی هه‌رێمی كوردستان، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌فین دزه‌یی بوونی په‌كه‌كه‌ی له‌ ناو عێراق گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ساڵانی ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو و رایگه‌یاند "‌تائیستا به‌ به‌رده‌وامی توركیا هاتۆته‌ ناو خاكی عێراق، هه‌ر هه‌بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌شه‌ بۆته‌ مایه‌ی هاتنی له‌شكری توركیا بۆناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق". وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم په‌كه‌كه‌ی تۆمه‌تبار كرد به‌ نائارامی بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم ‌چونكه‌  "زیاتر له‌ سێ سه‌د گوند له‌و ناوچانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ گونده‌كانی خۆیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه" و وتیشی "هیوادارین په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ نه‌مینێت و‌ هیچ بیانوویه‌ك نه‌داته‌ توركیا".  


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نامیق رەسوڵ  " بەڵێ ئێمە داوامانكردووە دەنگدانی تایبەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بە ساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسیان بۆخۆیان مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە" ئەمە وتەی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق، ئەو كە بە حەماسێكی زۆرەوە بەرگری لە دەنگی بزوتنەوەكەی و لایەنە ناڕازییەكان دەكات و بە شانازیەوە باس لە هەوڵەكانیان دەكات لە پەرلەمانی عێراق بۆ رێگریكردن لەو ساختەكارییانەی كە پێی وایە لە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە كراوە، جەخت دەكاتەوە كە "  ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان  كردی، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتی دادوەرییدایە و دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی رێگەكە راست بكاتەوە، ئەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە راست بكاتەوە، كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە"  دەقی چاوپێكەوتنەكە درەو میدیا: ئێستا شەپۆلێكی تەخوینكردنی ئێوە دەستیپێكردووە، بەتایبەت كە ئێوە لە هەمواری یاساكەدا دەنگدانی تایبەتتان لە پارێزگاكانی هەرێم هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەڵبوەشێتەوە؟  هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نانبڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە . بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە. هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكاریەكی گەورە كراوە   درەو میدیا: ئەم هەوڵەی ئێوە لە پەرلەمان چۆن و لە كوێوە سەرچاوەی گرتبوو؟  هۆشیار عەبدوڵا: ئەو هەوڵەی ئێمە بەهۆی سوربونی كۆمەڵێك لایەنی سیاسیەوە بوو بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامییە)ەوە زیاتر وەكو ئەو بەشەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، ئەو بەشەشی پەیوەندی بە سوننەوە هەیە پارێزگا سوننیەكان تەزویری زۆر زۆریان لێكراوە، كۆمەڵێك شاهید عەیان هەیە كە شاهیدی ئەوە ئەدا كە بۆ نمونە،  لە سوریا لە ئوردن وێستگەكان فرۆشراون  جگە لەوە لە دەنگدانی ئاوارەو مەرجدار و جوڵەی دانیشتواندا ساختەكارییەكی زۆر كراوە، بۆیە بەشێك لەو لایەنە سوننیانەش هاتنە پاڵ ئەم پرسە، جیاواز لەوە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی شیعەش لە دەرەوەی فراكسیۆنەكانیان كە هەست دەكەن دەنگەكانیان دزراوە، ئەمە وایكرد كە بتوانین لەناو پەرلەماندا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن بكەین و هەوڵبدەین نەخشە رێگەیەك بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەرییش دابنین بۆ چۆنیەتی رێگری كردن لە ساختەكارییەكان.   درەو میدیا: بەرای ئێوە ئەم هەوڵە ئەنجامەكەی بە كوێ ئەگات ؟ هۆشیار عەبدوڵا: ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان كە تا 30/6 هەموو دەسەڵاتێكی یاسادانان و چاودێریكردنی هەیە ئەنجامیداوە، لە ئێستادا لە پێی دەسەڵاتی دادوەریدایەو دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی رێگەكە راست بكاتەوە، پێمان وایە ئەگەر پرۆسەكە بەدەست ئەژماربكرێتەوە بە توانایەكی گەورەی دەوڵەتیەوە وە بەبێ ترس و  دەسەڵاتی دادوەری هەستێت بەو ئەركەی لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دیاریكردووە ئەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە راست بكاتەوە، كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە چونكە داواكراوە بەدەست دەنگەكان جیابكرێتەوەو ئەژمار بكرێت، ئەو كێشانەش كە لە یاریكردنی بە ئەنجامەكانەوە ئەنجامدراوە دیسانەوە دادگا ئەتوانێت خۆی ئەو دەنگدانە بە بەتاڵ ئەژمار بكات، ئەو دەنگە پاكانەی كە لە ناو سندوقەكاندا دەمێننەوە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوە بكرێت بە ئەنجامی كۆتایی، وایە پێمان وایە دەبێت ئەنجامی دەنگی ناو سندوقەكان رابگەیەنرێت نەك ئەو ئەنجامەی بە ئامێری دەنگدانەكە راگەیەنراوە.  درەو میدیا: چاوەڕوان دەكەیت دادگای فیدراڵی عێراق پێش كۆتایی هاتنی كێشەی نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمان ئەنجامەكە پەسەند بكات ؟ هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا دادگای فیدراڵی بۆ كۆتا جار ناوەكان پەسەند دەكات، كاتێك كە ناوەكان پەسەند دەكات، كۆتایی بە پرۆسەی ناوەكان دێت، ئەو كاتەی دادگای فیدراڵی ناوەكان پەسەند دەكات واتا پرۆسەكە كۆتایی پێدێت، بەپێی زانیاریەكانی ئێمە دادگای فیدراڵی هەنگاوێكی لەو شێوەیە هەڵناگرێت، واتا تا ئەو كاتەی ئەو تانانەی پێشكەشكراون، ئەو یاسایە لە بارودۆخێكی تایبەتدا جێبەجێنەكرێت، بۆیە پێمان وایە تا ئەو كاتەی دەسەڵاتی دادوەری تەواوی ئەركەكانی خۆی رادەپەڕێنێت، پاشان لەدوای ئەوەوە دادگای فیدراڵی ناوەكان پەسەند دەكات ...   


■ درەو میدیا: یاسا هەمواركراوەكەی پەرلەمانی عێراق لە شەقامی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیارەكەیان بە نادەستوری لەگەڵداو تانەیان لە یاساكەدا. ئەوەی زیاتر یەكێتی و پارتی نیگەرانكردووە، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتە كە بەشی 3 بۆ 4 كورسی پەرلەمانی عێراقەو زۆرینەی هەرەزۆریشی دەنگی پارتی و یەكێتیە، تەنها دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سێ شێواز دژایەتی یاساكەی پەرلەمانی كرد:   یەكەم/ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 7/6/2018سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی زۆر بەتوندی و توڕەییەوە یاساكەی رەتكردەوەو بەتایبەتیش دەنگدانی تایبەت " بۆ دەبێت تەنها دەنگی هێزی پێشئەرگە هەڵبوەشێنرێتەوە" هەربۆیە " هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دامەزراوە دەستورییەكان لەلایەن یەكێتییەوە رەتدەكرێتەوە" دووەم/ لە بەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە 7/6/2018 رایگەیاندووە" ئەوەی مایەی نیگەرانی قولی گەلەكەمانە، دەنگە تایبەتیەكانە، كە دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌ و دژەتیرۆرو پۆلیس‌ و هێزەكانی تری ناوخۆیە‌و قوربانییەكی زۆریان لەشەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش داوە، جیادەكرێنەوە لەهێزە چەكدارەكانی عێراق‌ و دەنگەكانیان، كە دەنگی سەنگەری ڕاستەقینەی بەرگرییە لە عێراق‌ و كوردستان، هەوڵدەدرێ بەڕقی سیاسی‌ و مەرامی نەخوازراو بەفیرۆبدرێت" سێیەم/ لە بەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە 7/6/2018 رایان گەیاندووە" لە كۆبونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی هەڵوەشاندنەی دەنگدانی تایبەتیان لە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە و جەختیان لەوەكردەوە كە بەپێی دەستوور هەر هاووڵاتییەك مافی دەنگدانی هەیە و ناتوانرێ ئەو مافەی لێ زەوت بكرێت و دەبێ رێز لەو مافە دەستوورییە بگیرێت" ئەم هەنگاوو نیگەرانیەی یەكێتی و پارتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەت واتا كەمكردنی لانی كەم سێ  بۆ چوار كورسی و دواتر بە شێوازی سانت لیگۆ لە دەنگدانی گشتیدا دابەشدەكرێتەوە بەسەر هێزەكاندا و چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لەو كورسیانە بۆ لایەنەكانی دیكە بڕوات.   


( درەو میدیا): بە گوێرەی راپرسییەك  رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی 24ی حوەزیران لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەستناهێنێت و حزبەكەشی زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستدەدات. بە پێی ئەنجامی ئەو راپرسییە كە دامەزراوەی جیزیجی رۆژانی 25 و 26ی ئایار ئەنجامیداوە و 6811 كەس بەشداریان تێداكردووە، رەجەب  تەیب ئەردۆغان كاندیدی ئاكەپە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەركەوتن بەدەستناهێنێت و 48.7%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت، بەرامبەر بە 25.8% بۆ كاندیدی جەهەپە موحەڕەم ئینجە. هەروەها راپرسییەكە پێشبینیكردووە كە میراڵ ئاكشنەر سەرۆكی پارتی چاكە 14.4%ی دەنگەكان و سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە 10.1%ی دەنگەكانی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدەستبهێنن. ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە دەسەڵاتداری توركیان و زۆرینەی پەرلەمانی هەیە، بەڵام بە گوێرەی راپرسییەكەی جیزجی هاوپەیمانی ئاكەپە و مەهەپە لە هەڵبژاردنی 24ی حوەزیراندا زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستناهێنن و پێشبیندەكات 48.7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنن. راپرسییەكە پێشبینشیكردووە كە هاوپەیمانی ركابەری پێكهاتوو لە جەهەپە و پارتی چاكە و حزبی سەعادەت 38.9%ی دەنگەكان  و پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە 11.5%ی دەنگەكان بەدەستبهێنن. سەرچاوە : رۆیتەرز


(درەو میدیا): هاوپەیمانێتی سائرونی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاویی و رەوتی حیكمەی نیشتمانی عەممار حەكیم  رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی زۆرینەی نیشتمانی بۆ دوای قۆناغەكانی هەڵبژاردنی 2018 ئیمزاكرد. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانی سائرون 54 كورسی و هاوپەیمانی نیشتمانی 21 كورسی و رەوتی حیكمە 20 كورسییان بەدەستهێناوە و كۆی كورسییەكانیان 95 كورسییەن ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەندبكات. نوێنەرانی ئەو سێ‌ لایەنە لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتوون: 1- پێكهێنانی زۆرینەی نیشتمانی. 2- یەكگرتوویی عێراق و پابەندبوون بە دەستور و پتەوتركردنی دیمەكراتیەت و ئازادییە گشتییەكان. 3- هاوپەیمانێتی زۆرینەی نیشتمانی تەنها خۆی لە پێكهێنانی حكومەتدا نابینێتەوە، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە بونیادنانی ئەو ستراتیژانەی كە قۆناغی داهاتوو پێویستی پێیانە بە تەوافقی هێزە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە و بەو رێوشوێنانەی دواتر دیاریدەكرێن. 4- كوتلەی زۆرینەی نیشتمانی بەرنامەی حكومەت ئامادەدەكات بە شێوازێك مایەی بەوە بێت لە چەند ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراوە جێبەجێ بكرێت و ئەم بنەمایانە لەخۆبگرێت: •    چاكسازی ئابوری و چارەسەری دەوڵەتی رەیعی و چالاككردنی كەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی وەبەرهێنان. •    لامەركەزیەت. •    بە سیاسیی نەكردنی جومگە حكومیی و ئیدارییەكان، هەروەها دامەزراوەی سەربازیش. •    چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت و بە سەربازگەكردنی كۆمەڵگە قەدەغەبكرێت. •    چاوخشاندنەوە بە سیستمی ئیداری و یاساكان و بڕیارەكانی كە لە رژێمی پێشوەوە بە میرات ماوەنەتەوە لە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا. •    گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و رەخساندنی دۆخێكی گونجاو بۆیان. •    پێكهێنانی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای پێكهێنانی حكومەت.  5-  بەرنامەی حكومەت رێوشوێنەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی و دادگاییكردنی گەندەڵكاران لەخۆبگرێت. 6-  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەرنامەی حكومەت لە ماوەی زەمەنی دیاریكراودا جێبەجێ دەكات. 7- تایبەتمەندیی ئەم پۆستانە دیاریدەكرێت ( سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كابینەی وزاری، و ئەو پۆستانەی كە لە دەستودا هاتوون و نەهێشتەوەیان بە وەكالەت بەڕێوەببرێن). 8- دەستە سەربەخۆكان لەگەڵ كابینەی حكومەتدا بڕیاریان لێدەدرێت. 9- گەرەنتیكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و چاكسازیكردن لە سیستمی دادوەریدا. 10- بونیادنانی پەیوەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر. 11- پەسەندكردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ و كاریكردن پێی لە ماوەی دوو ساڵدا. 12- بونیادنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەكسانی بە دەركردنی ئەو یاسایانەی پشتیوانی لەوە دەكەن.    


درەو میدیا:  لە بەیاننامەیەكدا فەرماندەیی هێزەكانی 70 كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرمادەییان دەكات هۆشداری توند دەدات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگەكانیان،  رایگەیاندووە" هەر بڕیار و پیلانێك رەتدەكەینەوە كە دەنگی دیان هەزار رۆڵەی تیكۆشەر و نیشتیمانپەروەری ئەم كوردستانە بێ مروەتە پۆچەڵبكاتەوە و بكرێتە ئەجێندای قین لە دڵان و ناحەزانی هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی كوردستانەوە، بێریزیكردن بەرامبەر بە خەبات و گیانبازی سەدان هەزار شەهید و هاوسەنگەرەكانیان"  بەیاننامەكەی فەرماندەیی هێزەكانی 70ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هۆشداری دەدات لە سوتانی دەنگەكانیان ودەڵێن ئەم هەنگاوە یاریكردنە بە ئاگرێك كە لەئەنجامدا پیلان و بەختی ئاژاوەگێڕان و زۆڵە كوردانی تیا دەسووتێت، نە جەماوەری كوردستان لە خۆفرۆشان خۆشدەبێت و نە دوژمنانی گەلەكەمان پاداشتیان دەداتەوە". بەپێی مادەی سێیەمی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە دانیشتنی رۆژی 6/6/2018 پەسەندكرا، ئەنجامی هەڵبژاردنی  دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنرایەوە دەقی بەیاننامەكەی فەرماندەیی هێزەكانی 70    


(درەو میدیا): مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت بە فیتی خیانەتكاراتی 16ی ئۆكتۆبەر فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەجمەدین كەریم دەركراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  لە ساڵیادی دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردوو پێشوازی لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كرد. بە گوێرەی هەواڵێك كە لە سایتی رەسمی مەسعود بارزانیدا بڵاوكراوەتەوە، بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە نەجمەدین كەریم " پارێزگاری شەرعی" كەركوك كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا دەربارەی رەوشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هاوكێشە سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق  ئاڵوگۆڕكراوە و دواین پێشهاتەكان و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان لە بارەی ئاییندەی عێراقەوە هەڵسەنگێندرا. سایتی رەسمی مەسعود بارزانی ئاشكراشیكردووە  لە كۆبوونەوەكەدا " باس لە بڕیاری دەستگیركردنی دكتۆر نەجمەدین كەریم كرا و دەركەوت ئەو دادوەرەی بڕیاری دەستگیركردنی بەڕێز ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی دەركردبوو، ھەر ئەویش بڕیاری دەستگیركردنی پارێزگاری شەرعیی كەركووكی دەركردووە و ئەوەش بە فیتی خیانەتكارانی ١٦ ی ئۆكتۆبەرە و درێژەی ھەمان خیانەتە".  


راپۆرتی رۆژنامەوانی/ نیاز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی ده‌زگایه‌كی توێژینه‌وه‌ ئاشكرایده‌كات مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی سۆسیالیست و یه‌كگرتووی ئیسلامی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ناو پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتمانی، له‌نێو لیستی ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسیانه‌دان كه‌ له‌دوای ریفراندۆم ناویان چووه‌ته‌ ناو "دۆسیه‌ی داخراو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراو له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی". رۆژی 29ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌ نێو پشێوی خۆپیشانده‌رانی پارتی دیموكرات، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌ری و جێبه‌جێكردن دابه‌شكرد. ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌و كاته‌دا پێشوازی نێوده‌وڵه‌تی لێكرا له‌ لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاته‌كانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، له‌و كاته‌ به‌دواوه‌ مه‌سعود بارزانی كه‌ دوو جار خولی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڕیمی له‌ گه‌ڕی سێیه‌م بۆ درێژكرایه‌وه‌، پاش ئه‌و واده‌یه‌ وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیش كه‌مترین ده‌ركه‌وتنی هه‌بوو تا دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی حیزبه‌كه‌ی له‌ 12ی ئایار. مه‌سعود عه‌بدولخالق تویژه‌ر و سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر بۆ توێژینه‌وه‌، هۆكاری بێ ده‌نگی مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌شت مانگی رابردوودا گه‌ڕانده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی "له‌ دوای ریفراندۆم پێنج سه‌ركرده‌ی كورد ناویان چووه‌ ناو دۆسیه‌ی داخراو و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراو" و به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "دیاره‌ له‌نێو دۆسییه‌ی پێنج سه‌ركرده‌ دوورخراوه‌كه‌‌ی هه‌رێم له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشوو كاك مه‌سعود بارزانی هه‌یه‌‌، كاتی ئyستیقاله‌كه‌شی باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا به‌ به‌یاننامه‌ی فه‌رمی خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی"‌.  مه‌سعود عه‌بدولخالق پشتبه‌ستوو به‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی وتی‌ "ئه‌وانه‌ی له‌ ریفراندۆم به‌شداربوون جارێكی تر مامه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان له‌گه‌ڵ ناكرێت". ئه‌و قسانه‌شی خسته‌روو كه‌ له‌ رێگای ئه‌و شایه‌تحاڵانه‌وه‌ زانیویه‌تی له‌ كاتی چوونی برێت مەكگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لای مه‌سعود بارزانی له‌ كاتی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و، وتی "به‌پێی قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانیش، ئه‌و كات كه‌ مەكگۆرك چووبووه‌ لای كاك مه‌سعود بارزانی دوو شایه‌دی كوردی بردبوو و له‌وێ به‌ راشكاوی به‌ بارزانی وتبوو ئه‌گه‌ر ئه‌و ریفراندۆمه‌ بكرێت و به‌گوێی ئه‌مریكا و ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌كه‌ی، ئێمه‌ جارێكی تر مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ناكه‌ین". له‌باره‌ی چوار كه‌سه‌كه‌ی تر كه‌ له‌ نێو لیستی سه‌ركرده‌ دوور خراوه‌كان دان، سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر وتی "له‌ناو یه‌كێتی و له‌ناو پارتی كه‌سی تریش هه‌ن،‌ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیش وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بێت له‌و لیسته‌دان، به‌ڵام زیاتر ته‌ركیز خراوه‌ته‌ سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشوو". سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانی حیزبه‌كه‌ی بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌و توێژه‌ره‌ وتی "وڵاتانی داگیركا‌ری ده‌وروبه‌رمان زۆر پێیان خۆشه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ شكستخواردوو‌ و خاوه‌ن دۆسییه‌ داخراوانه‌ له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تی بمیننه‌وه‌ تاوه‌كو مه‌رجه‌كانیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنن، وه‌ ده‌یسه‌پێنن و له‌ داهاتوو زۆر زیاتریشی ده‌كه‌ن".  


■ وەرگێرانی : نامیق رەسوڵ  بە ئەندازیاری دامەزرێنەری یەكینەكانی پاراستی گەل " پەیەگە" دادەنرێت لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام خۆی ئەوە رەتدەكاتەوە جەختدەكاتەوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" بە شارەزا و چەك و تەقەمەنی هاوكاری یەپەگەی كردووە. باهۆز ئەرداڵ لە دایكبووی شاری دێركی رۆژئاوای كوردستان، یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی ریزی یەكەمی پارتی كرێكارانی كوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە خراوەتە لیستی ئەو كەسایەتییانەی بە تۆمەتی تیرۆر داواكران و خەڵاتی یەك ملیۆن دۆلاریشیان تەرخانكردووە بۆ هەر كەسێك بیكوژێت. ئەرداڵ نزیكەی 30 لە ناو پارتی كرێكارانی كوردستاندایە و هەموو قۆناغەكانی گۆڕانی سەربازیی و ئایدیۆلۆژیی ئەو حزبەی بینیوە، هەروەها یەكێكە لە كەسایەتیە نزیكەكانی عەبدولا ئۆجەڵان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئێستا لە زیندانی ئیمراڵییە. رۆژنامەی عوكازی سعودیە لە قەندیل چاوپێكەوتنێكی دوورودرێژی لەگەڵ ئەرداڵدا ئەنجامداوە كە  لە ریزەكانی گەریلادا نازناوی "دكتۆر"ی لێنراوە. لە چاوپێكەوتنەكەیدا كە " درەو میدیا" لەبەر گرنگی وەریگێڕاوەتەسەر زمانی كوردی ئەرداڵ بە دوورودرێژی باس لە پەیوەندی پەكەكە و رۆژئاوای كوردستان و یەپەگە و پەیەدەوە دەكات و رەتیشیدەكاتەوە كە بۆ سەركردایەتی شەڕ سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردبێت و رایدەگەیەنێت كە تەنها هاوینی 2014 بۆ بەسەركردنەوەی خێزان و كەسوكارەكەی چووەتە رۆژئاوای كوردستان. دەقی چاوپێكەوتنەكە: عوكاز: ناوچەكە لە دۆخێكی زۆر بەرزی ئاڵۆزیدایە و ئێوەش لەناوی دڵی ئەو ئاڵۆزییەدان... ستراتیژی حزبەكەتان چییە؟ باهۆز ئەرداڵ: خوێندنەوەی حزب بۆ دۆخی ناوچەكە پشت بەوە دەبەستێك كە هەموو هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە جەنگ و خوێنڕشتن و پرۆژەكانی تر كە لە ناوچەكەدا تاقیكرایەوە سەلمێنرا كە شكستیهێناوە، لەبەرئەوە ئێمە وایدەبینین كە چارەسەری ریشەیی هەموو كێشەكانی ناوچەكە خۆی لە سیستمێكدت دەبینێتەوە كە گەرەنتی بەیەكەوەژیانی هەموو گەل و كۆمەڵگەكان بكات و ئەم چارەسەرەش پشت لە بنچینەدا پشت بە ئیرادەی گەلان و پێكەوەژیان دەبەستێت. عوكاز: دەڵێیت كە چارەسەر لە رێگەی خوێن و جەنگ و ململانێكانەوە نایاتەدی، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان تائێستاش چەكی دژی توركیا هەڵگرتووە، بۆچی ناچنە نێو ژیانی سیاسییەوە؟ باهۆز ئەرداڵ: جا لەوێ‌ لە توركیا بوار بۆ كاری سیاسی حزبەكەمان هەیە؟!  لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی كرێكاران هەوڵیدا بەرەو چارەسەری سیاسی و دانوستان بچێت و دوا هەوڵیش ساڵی 2013 بوو كاتێك ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاند و هێزەكانمان لە پێناوی قۆناغێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە سنورەكانی توركیا كشانەوە، بەڵام حكومەتی توركیا داننانێت بە مافەكانی كورددا، ئێستا دەیان پەرلەمانتاری كورد كە لەژێر سایەی یاسای توركیادا كاریان دەكرد لە زیندانەكاندا لە نێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش.. ئێمە وایدەبینین كە پرسی كورد پرسێكی سیاسییەوە ناكرێت جگە لە چارەسەری سیاسی هیچ چارەسەرێكی تری هەبێت. عوكاز: هەندێك ئێوە بە هۆكاری تراژیدیای كورد دەبینن؟ باهۆز ئەرداڵ: بە تەواوەتی بە پێچەوانەوە، وێنای بكە ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان لەوێ‌ نەبوایە، ئەگەر لەوێ‌ خەباتێكی چەكداری نەبوایە، دۆخی كورد چۆن دەبوو؟ ئەگەر پارتی كرێكاران نەبوایە لەوێ‌ باس لە پرسی كورد نەدەكرا، پەكەكە پرسی كوردی كرد بە كاری لەپێشینەی دەوڵەتی توركیا.. پەكەكە گەلی كوردی یەكخست. عوكاز: تەنها پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسی گەلی كوردە.. كوردێكی زۆر هەن لەگەڵ پەكەكەدا نین؟ باهۆز ئەرداڵ: راستە هەموو كورد لەگەڵ پارتی كرێكاراندا نین، بەڵام پەكەكە دەربڕی هیوا و خواستی زۆرینەی گەلی كوردە، چەندین كەس لە نێو گەلاندا هەن كە بەكرێگیراوی وڵاتانی دەرەوەن، گەورەترین بەڵگەش لە جەزائیر ژمارەیەكی زۆر بەكرێگیراو هەبوون لەگەڵ فەرەنسای داگیركەردا بوون. عوكاز: دەوترێت باهۆز ئەرداڵ ئەندازیاری یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگە" یە لە سوریا؟ تا چ ئاستێك رۆڵت هەبوو لە دۆخی سوریادا؟ باهۆز ئەرداڵ:  خستنەڕوووی پرسیارەكە بەمشێوەیەیە تەعبیر لە واقیع ناكات، یەپەگە لە ئەنجامی دۆخی سوریا دەركەوت، و گەنجانی كورد هاوشێوەی هەموو ناوچەكانی تر خۆیان رێكخست و یەكینەكانی پاراستنی گەلیان دامەزراندن بەڵام ئێمە وەك پەكەكە یەپەگەمان دانەمەزراند، بەڵام پێش پێكهێنانی و دواتریش بە چەك و شتی تر هاوكاریمان كردن... بەڵام دوای پێكهێنانی و دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆسەر ناوچەكە و كۆبانێ‌ پاڵپشتیمان كردن، ئەوەش كارێكە نكوڵی لێ ناكەین. عوكاز: چۆن ئەو هاوكارییە كرا؟ باهۆز ئەرداڵ: یارمەتی یەكینەكانی پاراستی گەلمان داوە لە سوریا بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا و چڕ لەكاتی هێرشەكانی داعشدا، و چەك و تەقەمەنی و هەروەها راوێژی سەربازیمان پێشكەشكردن بۆ پەرەپێدانی شێوازەكانی پارێزگاریكردن لە ناوچەكانیان. عوكاز: بەڵام رۆڵی تۆ وەك كەسێك دەوترێت زۆر كایگەر و كارا بووە لە سوریا؟ باهۆز ئەرداڵ: من نكوڵی لە رۆڵی پەكەكە لە رۆژئاوا ناكەم، بەتایبەت كە ئۆجەلان 20 ساڵی لە سوریا بەسەربردووە و هێشتا كاریگەری لەسەر ئەوی هەیە، و چەندین گەنج و لاو لە ریزەكانی گەریلادا بوون و گەڕانەوە بۆ سوریا و ویستیان بەشداری بكەن لەو یەپەگەدا و بە فیعلی چوونە ئەوێ‌ و بەشداریان كرد لە پێكهێنانی یەكینەكاندا.. هەروەها ئەو شارەزاییەی كە لەگەڵ پەكەكەدا بەدەستیانهێنابوو رۆڵی هەبوو لە پەرەپێدانی تواناكانی شەڕی گەنجان لە سوریا.. ئەمە چیرۆكی پەكەكەیە لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل، بەڵام یەكینەكان لقێك نین لە پارتی كرێكاران. عوكاز: پرسیارەكەت بۆ دووبارەدەكەمەوە.. رۆڵت چی بوو لە دامەزراندنی یەكینەكانی پاراستی گەلدا؟ باهۆز ئەرداڵ: من گەریلایەكم لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام ناكرێت رۆڵم وەك كەسێك هەڵبسەنگێنرێت، بەوەش رۆڵی من لە چوارچێوەی حزبدایە كە پێشتر بۆ باسكردیتن لەو چوارچێوەیەدا راوێژ و ئامۆژگاریمان پێشكەشی شەڕڤانان لە سوریا كردووە. عوكاز: لە سوریا ئەكادیمیایەكی سەربازی هەیە بەناوی باهۆز ئەرداڵەوە؟ باهۆز ئەرداڵ: هیچ ئاگاداری نیم. عوكاز: ئێستا زیاتر بە چ كارێكەوە سەرقاڵیت؟ باهۆز ئەرداڵ: شەڕكردن لە چیاكانی كوردستان دژی سوپای توركیا، ئێستا شەڕی قورس هەیە لە نێوانماندا، ئەو شەڕانە لەلای ئێمەوە بنەڕەتییە و بەوەش ناكرێت ئەم گۆڕەپانی شەڕە بەجێبهێڵین و سەرقاڵ بین بە گۆڕەپانی سوریاوە، شەڕی بنەڕەتیمان دژی سوپای توركیایە ئەوەش كارێكی ئاشكرایە و راگەیەنراوە. عوكاز: دوای رووداوەكانی 2011 چەندجار سەردانی سوریات كردووە؟ باهۆز ئەرداڵ: هاوینی 2014 سەردانم كردن تەنها سەردانێكی كۆمەڵایەتی بوو، سێ‌ مانگ لەوێ‌ مامەوە، هیچ سروشتێكی سیاسی یان سەربازی نەبوو، بەڵاك رێككەوت بوو لەگەڵ هێرشەكانی ئەو كاتەی داعش، چاومان بە شەڕڤانان كەوت و راوێژ و ئامۆژگاریمان پێشكەشكردن. عوكاز: بەڵام لەوێ‌ فەرماندەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان هەن لە سوریا شەڕ دەكەن و سوریی نین؟ باهۆز ئەرداڵ: ئەوە كارێكی سروشتییە، كەسانێكی زۆر لە ناو یەكینەكانی پاراستی گەلدا بووون، عەرەب هەبوو، هەبوون لە كەنەدا و ئورسترالیاوە هاتبوون، چونگە یەپەگە بوو كە بەرپەرچی داعشی دایەوە و بووە ناوەندێكی جێی بایەخ، بەوەش نامۆ نییە كە كەسانێك لە عێراق و توركیاو ئێرانەوە بۆ شەڕكردن بچنە ئەوێ‌، دەكرێت ئەوە بە كاردانەوە وەسفبكرێت نەك وەك چەتری پارتی كرێكاران. عوكاز: عەفرین زۆر بەخێرایی و چاوەڕواننەكراو كەوت.. كەسانێكی زۆر وتیان دەبێتە كۆبانێی دووەم.. چی روویدا لەوێ‌ ئەو داڕمانە خێرایە بۆ؟ باهۆز ئەرداڵ: بەپێی بەدواداچوونمان بۆ دۆخەكە، لەوێ‌ بەرگرییەكی زۆر كرا دژی نوێترین چەك و دووەم گەورەهێز لە ناتۆن راستە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان چوونە ناو عەفرینەوە، بەڵام شەڕی عەفرین كۆتایی نەهاتووە، و جۆری دووەم لە بەرگریكردن لە عەفرین دەبێت. عوكاز:  تۆ پێشبینی كەوتنی عەفرینت دەكرد؟ باهۆز ئەرداڵ: توركیا سوپایەكی گەورە و چەكی نوێی هەیە، لەبەرئەوە چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ عەفرین لە ژێر سایەی گەمارۆدا لە هەموو ئاراستەكانەوە كارێكی سروشتییە. عوكاز: لە شەڕی داعشدا راوێژت پێكرا؟ باهۆز ئەرداڵ: نەخێر، ئەوە نەكرا. عوكاز: هەڵگەڕانەوەی روسیات دژی كورد لە عەفرین چۆن خوێندەوە؟ باهۆز ئەرداڵ: دۆستایەتی و دوژمنایەتی لە سوریا رۆژانە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەرەچاوكردنی ئەوەی كورد لە سوریا هێزێكی بنەڕەتییە، سروشتییە كە پەیوەندییان لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا هەبێت كە بایەخ بە دۆخی سوریا دەدەن، بەڵام لە كۆتاییدا پەیوەندییەكە نابێت راستەوخۆ پشت بەو هێزانە ببەستێت. عوكاز: سروشتی چارەسەری گونجاو بۆ سوریا چۆن دەبینیت؟ باهۆز ئەرداڵ: پێویستە چارەسەرێكی سیاسی هەبێت سیستمی شمولی و پەراوێزخستن تێپەڕێنێت، نامانەوێت كە سوربا ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی حساباتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، سیاستە شمولییەكانی بەعس سوریای بەو ئاستە گەیاند، بەوەش پێویستە بیری سیستمی بەعس تێبپەڕێنرێت. عوكاز: بوارم بدە راستەوخۆ پرسیارێكت ئاراستە بكەم.. دەوترێت خۆرهەڵاتی فورات راستەوخۆ لەلایەن پارتی كرێكارانەوە بەڕێوەدەبرێت و بە دیاریكراوی بە قەندیلەوە... چی دەڵێیت؟ باهۆز ئەرداڵ: بەو دەنگۆیە بەربڵاوەی هەیە ئەوەیە كە یەكینەكانی پاراستی گەل و قەسەدە لە خۆرهەڵاتی فورات رێنمایی لە پەكەكە وەردەگرتن  و لقێكی ئەو حزبەن، ئەمە تۆمەتی توركیا بۆ ئەوەی پاساو بە دەستوەردان لە سوریا بهێنێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكانی كورد لە  لە توركیا و عێراق و سوریا و ئێران بەردەوامە و ئەم پەیوەندییەش نزیكبوونەوەیەكی  سۆزدارانەی كورد دروستدەكات، ئەمە جفرەیە بەلای كوردەوە، پەیوەندییەكی سروشتی و عاتیفی لە نێوانیاندا هەیە، لەبەرئەوە ژمارەیەكی زۆر شەڕڤان لە كۆبانێ‌ ئامادەبوون، بەڵام پارتی كرێكاران هیچ ئەجێندایەكی لە سوریا نییە، ئەگەر بمانویستایە ناوچە كوردییەكانی سوریا بەڕێوەببەین دەچوینە ئەوێ‌ و لێرە نەدەماینەوە، بۆچونمان وایە كە گەلانی ناوچەكە كاروباری خۆیان بەڕێوەبەن نەك ئێمە یان كەسانی تر بەڕێوەیبەرن. عوكاز: كۆچی گەریلاكانی پەكەكە بۆ سوریا كەی دەستیپێكرد؟ باهۆز ئەرداڵ: ئەوە سەرەتای رووداوەكانی 2011 روویدان ئەوان خۆیان شەڕڤانی سوریین و گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی پاڵپشتی خەڵكی خۆیان بن كە رووبەڕووی هێرشی داعش و نوسرە دەبونەوە و ژمارەیان دەیان كەس بوون. عوكاز: شاری مەنبەج لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدایە.. بایەخی مەنبەج بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات چییە؟ باهۆز ئەرداڵ: ناكرێت دۆخی مەنبەج لە ناوچەكانی تر جیابكرێتەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەكان لە سەر خاكی سوریا هەن و هەموو بەرژەوەندییەكان تێك ئاڵاون، لەبەرئەوە هاتنە ناوەی توركیا بۆ مەنبەج پەیوەندی بە دۆخی گشتی سوریاوە هەیە.. گرنگ لە مەنبەج ئەوەیە كە پێكهاتەكانی خۆی رێبكخرێن، ئەوە چارەسەرە بۆ مەنبەج و شوێنەكانی تریش. عوكاز: هەسەدە لەگەڵ یەپەگە گەیشتونەتە دێرزوور.. ئایا ئەوە بە سود دەبینیت بۆ كورد؟ باهۆز ئەرداڵ: قەسەدە تەنها بریتی نییە لە شەڕڤانانی كورد، بەڵكو تێكەڵەیەكە لە پێكهاتەكانی ناوچەكە، و سەبارەت بە شەڕیش لە دێرزور، هیچ كێشەیەك لە شەڕی داعشدا نییە لە هەر شوێنێك بێت.. كورد هاوڵاتی سوریایەوە مافی هەیە لە هەموو شوێنێك شەڕ دژی داعش بكات. عوكاز: بەڵام شەڕڤانانی كورد تەنها لە ناوچەكانی هاوپەیمانان شەڕدەكەن؟ باهۆز ئەرداڵ: ئەمە پەیوەندی لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەكانەوە هەیە لە سوریا و ناوچەكانی هەژموون، سروشتییە كە كورد بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا شەڕبكەن. عوكاز: باوەڕت وانیە كە زێدەڕۆیی لە پەیوەندی نێوان پەیەدە و ئەمریكا هەیە و گەیشتوەتە حاڵەتی پاشكۆیەتی؟ باهۆز ئەرداڵ: راستە هەن كە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە" بەوە تۆمەتباردەكان، بەڵام پەیەكە كە هێزێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدان پێویستە كە ئەمریكا و وڵاتانی تری پەیوەندیدار پەیوەندییان لەگەڵ هێزی كارای سەر زەوی هەبێت، سەبارەت بە كورد بە دیاریكراوی  و گەلانی ناوچەكە پێویستە كە بەرژەوەندی خۆیان لەسەر ئەرزی واقیع بزانن بەبێ‌ پاشكۆیەتی بۆ هیچ لایەنێك، پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای دۆستایەتی كارێكی سروشتییە، هەموو وڵاتان پەیوەندییان لەسەر وڵاتانی خۆرئاوا هەیە، كاتێك دێتە سەر كورد تۆمەتباردەكرێت بە بەكرێگیراوی و پاشكۆیەتی. عوكاز: كەواتە دەكرێت پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریكا هەبێت؟ باهۆز ئەرداڵ: پەكەكە لەرووی هەموو پەیوەندییەكدا لەگەڵ هەموو وڵاتاندا كراوەیەن بە مەرجێك رێز لە مافەكانی گەلی كورد بگرن. عوكاز: پەیوەندیتان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە؟ باهۆز ئەرداڵ: بە پێی زانیارییەكانمان ئەمریكا لە نزیكەوە چاودێری پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات، كێشی ئەم حزبە لەسەر ئاستی ئیقلیمی دەزانێت، بەڵام بەرەچاوكردنی ئەوەی توركیا هاوبەشی ئەمریكا لە ناتۆ، لەبەر ئەم هۆكارە وادەردەكەوێت كە ئەمریكا ناخوازێت لە رێگەی پەیوەندییەوە لەگەڵ ئێمەدا بەرەیەكی رووبەڕووبونەوە لەگەڵ توركیا بكاتەوە. عوكاز: ئەمریكا هەوڵیداوە نێوەندگیری ئێوە و توركیا بكات؟ باهۆز ئەرداڵ: نەخێر، بەو شێوەیە نەبووە، بەڵام ئێمە داوامان لە ئەمریكا كرد رۆڵ بگێرێت لە پرسی كوردا، بەرەچاوكردنی ئەوەی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەرزی واقیع رووی نەدا. عوكاز: چەكدارەكانتان بە خێرایی لە شەنگال كشانەوە.. بۆچی؟ باهۆز ئەرداڵ: ئێمە بۆ پاراستنی ئێزدییەكان لەدەستی داعش چوینە شەنگال، لە كاتێكدا هەموو هێزەكان بێ‌ پارێزگارییكردن ناوچەكەیان بەجێهێشت، و كاتێك هەڕەشە لەسەر ئەو ناوچەیە نەما و خەڵكی ناوچەكە هێزی خۆیان بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچەكانیان پێكهێنا پێویست بوو ئێمە بكشێینەوە، جگە لەوەش نامانەوێت توركیا بە بەهانەی پەكەكەوە دەستوەربداتە ناوچەكە. عوكاز: باس لە پێكهێنانی هێزێكی هاوپەیمانی عەرەبی دەكرێت بۆ سوریا، چۆن دەڕواننە بوونی ئەم هێزە لەسەر خاكی سوریا؟ باهۆز ئەرداڵ: هەر هێزێك بەشداربێت لە سەقامگیربوونی ناوچەكە و لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی نێوخۆیدا بێت، هێزێكی پێشوازی لێكراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەكمان لەسەر بوونی هیچ هێزێك نییە. عوكاز: تێڕوانینتان  بۆ رۆڵی ئێران چییە و بۆچی زیاتر هەستیارن بەرامبەر توركیا؟ باهۆز ئەرداڵ: رۆڵی ئێرانیش لە سوریا هەروەها رۆڵێكی نەرێنییە  و هێزی داگیركەرە، بەڵام مەترسییەكە بە شێوەیەكی گەورەتر لە رۆڵی توركیادایە، بەو پێیەی كە زۆرترین ژمارەی كورد دەكەوێتە چوارچێوەی خاكی توركیاوە، بەڵام ئێران لەسەر پڕكردنەوەی بۆشاییەكە یاری دەكات، بەڵام بەبێ‌ رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا ئەوەش سیاسەتی تایبەتی ئێرانە. عوكاز: چاودێری لێكەوتەكانی ئەم هەڵبژاردنەی توركیا دەكەن؟ باهۆز ئەرداڵ: ئەم هەڵبژاردانانە پێشوەختن، ئێمە چاودێری پەرەسەندنەكانی توركیا دەكەین لەسەر ئاستی سیاسی بەو پێیەی پارتی كرێكارانی كوردستان لایەنێكی كاریگەرە لە دۆخی سیاسی توركیا .. بڕیاری پارتی دیموكراتی گەلان لە هەڵبژاردنەكاندا بڕیارێكە رێزی لێدەگرین و پشتیوانی لێ دەكەین. عوكاز: شەڕ توندكردنەوە دژی توركیا لە ئارادایە؟ باهۆز ئەرداڵ: ئاساییەن ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین دژی سوپای توركیا و لە چەند رۆژی داهاتووشدا توندتردەبێت، دەتوانم بڵێم بەرەو پیری هاوینێكی گەرم دەچین لەگەڵ توركیا.  


درەومیدیا: لە تویتێكدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیندووە" ئه مڕۆ ڕۆژێكی مێژوییە، ڕۆژی دەستنیشانكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمه ، سوپاس و پێزانینم بۆ ئهوانهی پاشگەزنەبونەوەو خۆیان نەچەماندەوە ... لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 مەسعود بارزانی لەگەڵ سەركردەی ژمارەیەك هێزی سیاسی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریكرد و لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم ئەنجامدرا.   


(درەو میدیا): یاساكەی پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی لایەنە كوردیغەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، لایەنە ناڕازغیەكان پشتگیری دەكەن و لایەنەكانی دیكەش بە نایاسایی لەقەڵەم دەدەن. لەیەكەم كاردانەوەدا شەش لایەنی ناڕازی هەرێمی كوردستان(هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، حزبی شیوعی  كوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان) پشتیوانی خۆیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبڕی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە"پشتگیری خۆمان رادەگەیەنین بۆ ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییەی ئەنجومەنی نووینەرانی عێراق گرتیەبەر بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەكان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلكترۆنی بۆسەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی 5ی 2018لە عێراق و هەرێمی كوردستان.    بەڵام پارتی دیمەكراتی كوردستان بڕیارەكەی پەرلەمان بە سیاسی لەقلەَەم دەدەن و سكاڵا تۆمار دەكەن، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی خەسرەو گۆڕان،  بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: چونكە بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە سیاسیین، ئەوا له ‌دادگای فیدراڵ سكاڵا تۆمار دەكەن.  بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت "پەرلەمانی عێراق بۆی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدان بكات، ئینجا دەنگدانی تایبەتی كوردستانیش بە تەنها ئەمه ‌ڕوونە كە بڕیارێكی سیاسییە، ئەگەرنا بۆ تەنها له ‌كوردستان دەنگدانی تایبەت هەڵدەوەشێندرێتەوه؟‌."   یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەنگاوەكەی پەرلەمانی عێراق رەت دەكاتەوەو سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە بێهودە لەقەڵەمداو رایگەیاند ئەم بڕیارە هەر لە سەرەتاوە نایاسایی بووە لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت یەكێتی تانە لەو بڕیارە دەدات و سكاڵا تۆمار دەكات.       


(درەو میدیا): "مافی یاسایی و دەستوری خۆمان بەكاردەهێنین بۆ تانەدان لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان" ئەمە وەڵامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانە بۆ پەرلەمانی عێراق. لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن ناڕەزایەتی خۆی لەدژی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە راگەیاند. لە بەیاننامەكەدا ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن دەڵێ" مافی یاسایی و دەستوری خۆی بەكاردەهێنێت بۆ تانەدان لە هەمواركردنی ئەو یاسایە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، چونكە ژمارەیەك لە بڕگەكانی ئەو یاسایە لەگەڵ دەستوردا ناگونجێت و دژی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007ی هەمواركراوی كۆمسیۆنە". ئەنجومەنی كۆمسیاران باسلەوەدەكات، هاوكاری تەواو دەكات لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ ئەركەكانی و ئەوان بەهیچ جۆرێك دژی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان نین بەشێوەی دەستی نین ئەگەر لایەنی یاسایی تێدا فەراهەم بكرێت. دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەكۆی دەنگی یاسای هەمواری سێیەمی یاسا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەندكرد و بەپێی ئەو هەموارە پابەندی كردووە دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لەسەرتاسەری عێراق بەشێوەی دەستیی ئەژماربكرێنەوە، هەروەها ئەنجامی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان و دەنگدانی ئاوارەكان و دەنگدانی جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی دەرەوەی هەڵوەشاندەوە.  


 (درەو میدیا): كۆسرەت رەسوڵ  جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیارێكی بۆ ناوخۆی حزبەكەی دەركرد، لە دوێنێ شەوەوە جموجوڵێكی ئەمنی نائاسایی لە سلێمانی هەیە.  (درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، دوێنێ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوسراوێكی بۆ هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی دەركردووە. لە نوسراوەكەدا، كۆسرەت رەسوڵ هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی ئاگاداردەكاتەوە كە" بەرزكردنەوەی پلە و گواستنەوە و دانانی هەڤاڵان لەسەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی و پێشنیازكردن بۆ وەرگرتنی پۆست، نابێت بەبێ ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ تێپەڕێت". لەدوای ئەو نوسراوەی كۆسرەت رەسوڵەوە لەدوێنێ شەوەوە جموجوڵێكی ئەمنی نائاسایی لە سلێمانی هەیە. نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ هاوكاتە لەگەڵ پەسەندكردنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەشێوازی دەستی لەسەرتاسەری عێراق. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی، كۆسرەت رەسوڵ پێی وتووە ئەگەر دەنگەكان بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە ئابڕوی یەكێتی دەچێت و لەوەشدا ئەوان بەرپرسیارن. هەروەك نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ هاوكاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ناوخۆی یەكێتیدا دەكرێت، بەگوێرەی زانیارییەكان كۆسرەت رەسوڵ ناڕازییە لە هەندێك لە گۆڕانكارییەكان و دەڵێ ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییانە نییە.


(درەو میدیا): توركیا پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆی بۆ تەمموزی داهاتوو دواخست و جەختیشدەكاتەوە كە بەنداوەكە بە ئامانجی بەدەستهێنانی تەزووی كارەبا بونیاندنراوە. وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان رێنمایی دەركردووە بۆ دواخستنی بڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ هەتا تەمموزی داهاتوو." جەختیشیكردەوە كە دەروازەكانی بەنداوەكە كراوەنەتەوە و ئاو بۆ رووباری دیجلە بەردراوەتەوە. لایخۆشیەوە وەیسڵ ئار ئۆغڵۆ وەزیری ئاوا دارستانەكانی توركیا رایگەیاند توركیا ساڵی رابردوو پلانی دانابوو بەنداوی ئەلیسۆ پڕبكات، بەڵام حكومەتی عێراق داوایكرد بۆ 2018 دوابخرێت بەهۆی ئەو وشكە ساڵییەی ساڵی 2017 لە عێراقدا هەبووە. ئۆغڵۆ رونیشیكردەوە كە توركیا رەزامەندی دەربڕی بۆ دواخستنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكە بۆ یەكی حوەزیرانی 2018، و لەو كاتەشەوە گلدانەوەی ئاو دەستیپێكردووە." وەزیری ئاو و دارستانەكانی توركیا وتیشی:" سەرۆك ئەردۆغان داوایكردووە گلدانەوەی ئاو لە ئەلیسۆ تا تەمموز دوابخرێت و ناكرێت لە رەمەزاندا ئەو كارە بكرێت، لەبەرئەوە جارێكی تر دەروازەكانی بەنداوەكەمان كردەوە و ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەردەدەینەوە." جەختیشیكردەوە كە توركیا ساڵی 2014 بەهۆی وشكەساڵییەوە ناڵاندوێتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی بۆ عێراق و سوریا بەرداوەتەوە و بەنداوی ئەلیسۆش بە ئامانجی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بونیادنراوە."       


راپۆرت: نامیق رەسوڵ سوپای توركیا 25 كیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیا، بەمزوانە و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی، ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە و بەرفراوان  بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەندیل دەستپێدەكات. ئۆپەراسیۆن بۆسەر قەندیل بەشێكە لەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەی كە لە مانگی ئازاری رابردووەوە سوپای توركیا دەستیپێكردووە و بڕیاری كۆتایش لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیادا دراوە كە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو بەڕێوەچوو. میدیاكانی نزیك لە حكومەتی توركیا باسلەوەدەكەن، ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل" زۆر فراوانتر و گەورەتر دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون" كە سوپای توركیا كردیە سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان. رۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی ئاشكرایكرد" ئیسماعیل مەتین تەمەل فەرماندەی دووەمی سوپای توركیا كە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و چڵە زەیتونی كرد لە رۆژئاوای كوردستان، سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكەی سەر قەندیلیش دەكات". عەبدولقادر سیڵڤی ستون نوسی رۆژنامەی (حوڕییەت) و نزیك لە بازنەكانی بڕیار لە توركیا لە وتارێكیدا لە رۆژنامەكە دەڵێت:" ئۆپەراسیۆنی قەندیل بە كردەوە دەستیپێكردووە و درێژكراوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە كە مارسی رابردوو دەستیپێكردووە و سوپای توركیا گەیشتوەتە قوڵایی 25- 30 كیلۆمەتری خاكی عێراق". ئاماژە بەوەدەكات" سوپای توركیا 11 بنكەی نوێی سەربازی لەناوی خاكی عێراقدا بونیادناوە كە لە گەریلاكانی پەكەكە پاككراونەتەوە و پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئێرانی و عێراقدا هەیە و گفتوگۆدەكرێت لەبارەی رێككەوتن لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی گەورە". ئەو نوسەرەی رۆژنامەی حوڕییەت لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئاشكرایكردووە كە "بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەدوا سەردانیدا بۆ بەغداد گفتوگۆی چڕ و قوڵی دەربارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كردووە". 11 بنكەی سەربازی نوێ‌ هانا لۆسیندا سمیس لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانیدا بە ناونیشانی " توركەكان ئامادەن بۆ دەستپێكردنی هێرش بۆسەر كورد لە 11 بنكەی سەربازی نوێوە" نوسیویەتی: توركیا ئامادەكاریی دەكات بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارە كوردەكان لە باكوری عێراق، لە هەنگاوێكدا كە سەرۆكەی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕوای وایە پشتیوان دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی كە ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت". باسلەوەشدەكات، سوپای توركیا 11 بنكەی سەربازی نوێی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە كە زۆرینەیان لە نزیك سنوری ئێرانن و سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتیش لە لێدوانێكیدا بۆ تایمز هۆشداریداوە لەوەی كە 700 گوند لەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستاندان لەكاتی هێرشی توركیادا، قەیرانێكی نوێی ئاوارەبوون دەستپێدەكات. ماكس هۆڤمان چاودێری سیاسی بە رۆژنامەی تایمزی راگەیاندووە" ئەردۆغان مێژوویەكی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دەرەوە هەیە، كاتێك هەست بە هەڕەشەیەكی هەڵبژاردن دەكات". هەڵوێستی هەرێم حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەریدا زاڵە و پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و سیاسیی زۆری لەگەڵ توركیادا هەیە، داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات خاكی هەرێم بەجێبهێڵێت و پاساو نەداتە سوپای توركیا. سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە هەولێری پایتەخت وتی:" بوونی چەكدارەكانی پەكەكە لە ناوی خاكی هەرێمی كوردستاندا بووەتەهۆی ئەوەی هێزەكانی توركیا چەندینجار بێنە ناو خاكی هەرَم و چەندین شەڕ و پێكدادانی توندی لێكەوتوەتەوە". دزەیی كە ئێستا سوپای توركیا چەندین بنكە و بارەگای سەربازی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حزبەكەیدا هەیە داوای لە پارتی كرێكارانی كوردستان كرد ئەو ناوچانەی هەرێم كوردستان چۆڵ بكات و پاساو نەداتە توركیا بۆئەوەی بێتە ناو خاكی هەرێم و داواشی لە توركیا كرد رێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرێت".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand