پەرلەمانی توركیا ئەمڕۆ هەینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لە 24ی حوەزەیرانی داهاتوودا پەسەندكرد و پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"ش كۆبوونەوەكەیان بایكۆت كرد. پرۆژە یاسای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 25ی حوەزەیراندا لەلایەن هەردوو فراكسیۆنی ئاكە و مەهەپەوە پێشكەشكرا و لە كۆی 550 پەرلەمانتار 386 پەرلەمنتار دەنگیان پێدا. بڕیاربوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019 ئەنجامبدرێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و پارتەكەی بە هاوكاری پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " مەهەپە" وادەكەیان بۆ 24ی حوەزیرانی ئەمساڵ پێشخست.
بەهای كورسیەك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان درەومیدیا بەهای كورسی بە پێی ئاستی دەنگدان دیاری دەكرێت و لە ژمارەی دەنگدەری راستەقینە دەردەكرێت، لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. - بەهای كورسیەك لە پارێزگای هەولێر ( 49.632 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 744489) كەس دەنگی داوە بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 893226) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 490452 ) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی لەو پارێزگایە. بەڵام مەرج نیە كاندید بەدەنگی بەهای كورسیەك بەدەستبهێنێت، بەڵكو بەرزترین دەنگی كاندید لەناو لیستەكەدا دەردەچێت و دەنگەكەی پڕدەكرێتەوە بە بەدەنگی ئەو كاندیدانەی دەرناچن.
زۆرینەی كاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەنگی لیستەكانیان دەچنە پەرلەمان نەك بەدەنگی خۆیان، لەكۆی 328 پەرلەمانتاری ئێستای عێراق كە لە هەڵبژاردنی 30 ی نیسانی 2014 هەڵبژێردران، تەنها 19 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان، واتا 6%ی پەرلەمانتاران، بەو پێیەش 309 پەرلەمانتاری بەدەنگی حزبەكانیان چونەتە پەرلەمان. لە هەرێمی كوردستانش لەكۆی 44 پەرلەمانتار تەنها 7 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە، بۆیە لەكۆی 18 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش:. ئارام شیخ محەمەد لە لیستی گۆڕان ( 150613 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. شێركۆ میرزا محەمەد مەنگۆری لە لیستی یەكێتی ( 83.663 ) دەنگی بەدەستهێنابوو موسەنا ئەمین لە لیستی یەكگرتوو ( 51.587 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای هەولێر كە بەهای كورسیەك ( 49.632 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 15 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش : ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیستی یەكێتی ( 76.380 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. سەلیم هەمزە شوشكەیی سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی ( 59.492 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. ئەردەڵان نورەدین سەرۆكی لیستی پارتی ( 57.496 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 11 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 1 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەویش : جەمال ئەحمەد كۆچەر ( 51.358 ) دەنگی بەدەستهێنابوو.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا لە پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، كە 12 لیست لە پارێزگای سلێمانی كێبەركێ دەكەن كە 211 كاندیدیان هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق. بەڵام بەپێی زۆرێك لە پێشبینیەكان، سەرۆكی 7 لیست دەردەچن بۆ پەرلەمان ئەوانیش لیستەكانی ( گۆڕان ، یەكێتی، یەكگرتوو، پارتی، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ) لەگەڵ 4 كاندیدی ژن، كە دەكاتە 11 كاندید دەردەچن، ئەوەی دەمێنتەوە تەنها 7 كورسیە واتا 200 كاندید كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 7 كورسی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف یەكێتی پەرێشانترین هێزی هەڵبژاردن ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەرفراونە، بەوەی لە ساڵی 1976 ەوە شەهید دەدات و بەهەزاران خانەوادەی شەهیدی هەیە، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرە رۆژنامەنووس و نوسەر و رۆشنبیر و خوێنی نوێ و گەرمە سیاسییەی كە هەیەتی، بەڵام ئێستا ئەم هێزە بەهۆی باڵباڵێن و نەبوونی گوتارێكی روون بۆ پرس و پێشهاتەكان، ئەم هێزەی سەرگەردان كردووە، قۆرغكردنی سەركردایەتی و بڕیاربەدەستی ئەم هێزە، لەلایەن كۆمەڵێك دەموچاوەوە ئەم هێزەی بەجۆرێك پەرێشان كردووە، كە نازانێت لەكوێوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەكانی بەردەمی ببێتەوە، چی ئاڵنگارییە دەرەكییەكان چی ناوخۆییەکان، كە یەكێتی لەناوە و دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت، كێشە ناوخۆییەكانی كەمتر نین لە كێشە دەرەكییەكانی. لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی خاوەنی گوتار و بەرنامەیەكی روونی نیە، دروشمی سەرەكیان ( بەدەستهێنانەوەی ئایندەیە) واتا خۆیان بڕیاریانداوە ئایندەیان لە دەستداوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەن، ئێستا یەكێتی هێزێكی پەراوێزخراوی سەرگەردانە، بەتەنها ماوەتەوە، ژمارەیەك لیستیش چاویان بڕیوەتە دەنگەكانی، هەرچەندە ئێستا یەكێتی رووی تیرەكانی لەو هێزە نوێیانەن كە چاویان لە دەنگەكانیەتی، بەڵام ئەوەی جەستەی یەكێتی شەكەت كردووە سەرەڕای ململانێ و یەكترشكاندنی باڵەكانی، دۆستە هاوپشتەكەیەتی كە ئێستا ئەویش پشتی تێكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەماوەی رابردوودا پارتی بۆ میكیاژكردنی دەسەڵاتی خۆی، هەمیشە یەكێتی بەكارهێناوە و یەكێتیش هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو حوكمرانییە بووە كە هەمیشە هێلکەكەی بۆ پارتی بووە و ریقنەكەشی بۆ یەكێتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبری گەشەكردن، بە بەردەوامی ئاستی دەنگەكانی كەمیكردووە، بۆنمونە لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی ( 349.164 ) دەنگ زیاتر لە ( 207.168 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (60%)ی دەنگەكانی سلێمانی ، لە هەڵبژاردنی 2005 ی لە كۆی (736.734) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ( 485.718) بە رێژەی (66%)، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 لە كۆی ( 1.168.459 ) زیاتر لە ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) واتا لە ماوەی 26 ساڵدا لەبری گەشەكردن بەرێژەی ( 27%) دەنگەكانی كەمیكردووە. دابەزینی كێرڤی دەنگەكانی یەكێتی هێندەی پەیوەستە بە ناوخۆی ئەو حیزبە و سەركردایەتییەكەی، هێندە پەیوەست نیە بە كارتێكەرە دەرەكییەكان، ئەم هێزە لە رابردوودا هەمیشە خۆی نوێ دەكردەوە و لە ئاستی كێشە و گۆڕانكارییەكاندا هەڵوێستی جدی هەبوو، بەڵام نەخۆشی ناوخۆیی یەكێتی و ململانێ و ناكۆكی سەركردایەتییەكەی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی و خێزانی بەتەواوی ئەو هێزەی دوورخستەوە لە بەرنامە و پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی، ئێستا ناوەندی بڕیاری ئەو هێزە دیار نیە، هەركەسەو خۆی بە جەمسەر و باڵی سەرەكی دادەنێت، بەڵام جەوهەری بڕیاری یەكێتی لە ماڵی تاڵەبانییەوە دەدرێت و ئاسۆكانی داهاتووش بەرەو ئەوە دەڕۆن كە دواجار یەكێتی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی دەڕوات و دواجار ماڵی مام جەلال دەبنە چەقی بڕیاری سیاسی ئەو حزبە. یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 21 كورسی هەبووە ( سلێمانی 6 كورسی، كەركوك 6 ، هەولێر 4 ، دهۆك 1 ، دیالە 2 ، نەینەوا 2 كورسی ) بەو پێیەش یەكێتی لە سلێمانی ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) و 6 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر ( 168.688 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 23%) و 4 كورسی بەدەستهێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش ( 37.457 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 1 كورسی واتا لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكێتی ( 11) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا سەرەڕای بزوتنەوەی گۆڕان كە بەردەوام دەنگی یەكێتی بردووە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكە ئەمجارە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات هەروەك و لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی برد، سەرەرای لیستەكەی د. بەرهەم، جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، واتا یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا نەشتەرگەییەكی گەورەی بۆ دەكرێت و رەنگە ئەم هێزە بەشێك لە جەستەی لێبكرێتەوە و بچوكتر بێتەوە، وەك ئەوەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دانی بەوەدانا كە دەنگەكانیان دادەبەزێت. ئێستا قسەكە لەسەر ئەوە نەماوە دەنگەكانی یەكێتی بە دروستبونی لیستەكەی بەرهەم ساڵح كەم دەكات، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە كامیان زۆرتر دەنگی یەكێتی دەبەن، لیستی یەكێتی یان لیستی هاوپەیمانی و دادپەروەری. ئێستا یەكێتی پەرێشانترین هێزی ناو هەڵبژاردنەكانە، نەك وەك ساڵانی رابردوو ڕکابەری پارتی و گۆڕان نیە، بەڵكو بوەتە رکابەری هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، چونكە بە روونی دەزانێت، ئەوەی دەنگی یەكێتی دەبات ئەو دوو هێزەن، نەك گۆڕان و پارتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە( 1/6/1976 دامەزراوەو سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە، لەو كاتە تا كۆچی دوایی تاڵەبانی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكەن. لەماوەی چوارساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتییانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەڕای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام هێشتا حكومەتداری لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوەدەبات. خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1-هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكستان و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا رویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە، چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان، حكومەت هەڵدەوەشایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حێزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامەو پرەنسیپی حیزبی نەرۆیشتووە هێندەی بەرژەوەندی ئاڕاستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێ. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكەو بەشێك لەسەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لێیان دراوەو كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتداو لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لێستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی بە بەرهەم ساڵح كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردانی ناو یەكێتی كە بڕیاری ناویەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكانەوە، ئەمە زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە لاوازانەدا كۆمەلێك خاڵی بەهێزی هەرماوە، بەو پێیەی یەكێتی خاوەنی بنكەی جەماوەری خۆیەتی و خاوەندی هەیكەلی حیزبی و هێزوو دەسەڵاتی حكومداری خۆیەتی لەناوچەی سەوز، واتا كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی كەمترین كاریگەری هەبووە لەسەر دەسەڵاتی ئەو حزبە لەناوچی جێنفوزی خۆی. خاڵی بەهێزی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال، ئەگەر كۆچی ئەو بۆشایی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی. 2- هێشتا هێزی دەسەڵاتداری لە سنوری زۆنی سەوزو سەرەڕای كەمكردنی دەنگەكانی. 3- بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتەكانی، بەبەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێنفوزی. 4- سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5- ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن. ئەگەرەكانی هەستانەوەی ئەم هێزە ئەگەرێكی قورس نیە ئەم هێزە دەتوانێت هەستێتەوە و گەشە بەخۆی بدات، تەنها رێگەی هەستانەوە و چارەسەركردنی خۆرەی ناوخۆییە، كە لە مێژە جەستەی ئەو هێزەی داڕزاندووە، بەڵام بەبونی مام جەلال ئەو خۆرەیە كاریگەری نەبووە و نەیانتوانیوە سەر دەركات، بەڵام ئێستا ئەو خۆرانە لە جەستەی یەكێتی سەریان دەركردووە، بەبێ بڕینی سەری ئەو خۆرانە و هێنانە پێشەوەی كادری ناوەندی كە رەنگە كەم هێز هەبێت وەك یەكێتی كادری خوێن گەرم و لێهاتووی هەبێت، ئەو هێزە ناتوانێت ببێتەوە بە هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی كوردستان.
دادگای باڵای توركیا بە گوێرەی مادەی 83ی دەستور مافی پەرلەمانتاری لە هەردوو پەرلەمانتاری شاری روحای هەدەپە عوسمان بایدەمیر و پەرلەمانتاری شاری هەكاری سەلما ئیرماك سەندەوە. لە دانیشتنی پەرلەمانی توركیادا، ئەو دۆسیانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران خوێنرانەوە كە تایبەتن بەو سزایانەی دادگاكان سەبارەت بە هەریەك لە عوسمان بایدەمیر و سەلما ئیرماك دەریان كردووە و بەگوێرەی یاسا، دوای خوێندنەوەی دۆسیەكان، مافی پەرلەمانتاریی لە هەریەك لە بایدەمیر و ئیرماك سەندرایەوە. هەروەها سزای ئیرماك بە تاوانەكانی ئەندامییەتی پەكەكە و بانگەشەكردن بۆی بە ١٠ ساڵ زیندانییكردن و سزای بایدەمیر بە تاوانی سوكایەتیكردن بە پۆلیس بە زیندانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ، پەسەندكراون. پێشتر بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەك لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كرابوەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
هاوپەیمانی بەغداد كە یەكێكە لە قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مردنی پارێزەر یاسین مەجید لهێبی كاندیدی قەوارەكەی لە بەغدا راگەیاند. بە گوێرەی میدیاكانی عێراق یاسین لهێبی بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ برایەكی كاندیدی هاوپەیمانی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی " ئیناس عودە لهێبی " و كوڕەكانی كاندیدی وەتەنیە " كەریم عەبد عید لهێبی " شەڕی بووە و بەهۆی ئەو شەڕەوە دواتر بەهۆی وەستانی دڵییەوە كۆچی دواییكردووە. بەوتەی میدیاكانی عێراق شەڕی نێوان ئەو كاندیدە و كەسوكاری كاندیدەكانی تر بەهۆی دڕاندنی پۆستەرەی بانگەشی هەڵبژاردنەوە بووە.
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە و نرخی یەك بەەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 74.35 سەنت ، ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لەم چەند ساڵەدا. هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكسای گەیشتە 69.18 دۆلارە ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر پاشەكەوتی موچە كە ئەو كاتەی سیستمی پاشەكەوتی موچەی پەیڕەوكرد نرخی بەرمیلێك نەوت 25 دۆلار بوو واتا ئێستا بەرێژەی 300% بەرزبوەتەوە. ئێستا هەرێم رۆژانە نزیكەی 330 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەگەر لێكدانەوەیەكی ئاسایی بۆ بكرێت، كە 10 دۆلار نرخی نەوت هەرێم كەمترە لە نەوتی برێنت كە 74.35 دۆلارە واتا نەوتی هەریم 64.35 دۆلار دەكات، ئەوا كۆی داهاتی مانگێكی نەوتی هەرێم دەكاتە ( 633 ملیۆن دۆلار ) كە مانگانە ( 185 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە، بەو پێیە مانگانە 125 ملیۆن دۆلاری قەرزی كۆمپانیا نەوتیەكان دەداتەوە، 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە، 35 ملیۆن دۆلار قەرزی توركیا دەداتەوە، واتا هەرێم لەو 633 ملیۆن دۆلارە، بڕی 448 ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 546 ملیار دینار) لەگەڵ ( 317 ملیار دیناری) بەغداد و 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان و 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كە بۆ خەرجی وەزارەتەكانە دەكاتە ( 1 ترلیۆن و 8 ملیار دینار).
فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق ئەمڕۆ لەناو خاكی سوریا هێرشیانكردە سەر چەكدارانی رێكخراوی داعش. بەپێی بەیاننامەیەك كە نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، هێزی ئاسمانی عێراق گورزی ئاسمانی كوشندەیان لە پێگەكانی داعش وەشاندووە لەناو خاكی سوریا و لەسەر سنورەكانی عێراق. كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە سنوری عێراق دەرپەڕاند، بەڵام هێشتا چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە چەند ناوچەیەك لەناوخۆی عێراق و لەسەر سنورەكان جموجوڵیان هەیە. ئەبو بەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعش تائێستا بێسەروشوێنە و چارەنوسی نازانرێت.
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ كوبا پێی نایە قۆناغێكی نوێیەوە، ماڵئاوایی لە قۆناغی دەسەڵاتی كاسترۆ و بنەماڵەكەی كرد، دوای ئەوەی ئەنجومەنی گەل " پەرلەمان سەركردەیەكی تری بۆ وڵات هەڵبژارد تا جێگای سەرۆكی ئێستا " رائول كاسترۆ" بگرێتەوە كە دوای (10) ساڵ لە سەرۆكایەتیكردنی بە ویستی خۆی دەستبەرداری دەسەڵات بوو. ئەنجومەنی گەلی كوبا " میگێل دیاز كانیل" ی تەمەن 58 ساڵی وەك سەرۆكی وڵات هەڵبژارد، ئەوەش بە واتای كۆتایهاتنی حكومی فیدڵ و رائول كاسترۆ دێت كە لە دوای سەركەوتنی شۆڕی كوباوە لە ساڵی 1959 جگە لەو دوو برایە هیچ سەرۆكێكی تری بەخۆیەوە نەبینیوە. نەوەیەكی نوێ دیاز كایل ئەندازیاری ئەلیكترۆنی لە كوبا خوێندووە، ماوەی 30 ساڵ لە ریزەكانی حزبی شیوعیدا كاریكردووە و وەك وەزیری خوێندنی باڵا دەستبەكاربووە تائەوكاتەی لە ساڵی 2013 دا بە جێگری سەرۆك هەڵبژێردرا. هەرچەندە دیاز كایل بە میانڕەو لە سەركردایەتیكردندا دادەنرێت، بەڵام هەڵوێستەكانی ئەمدواییەی زیاتر توندڕەویی نیشاندەدەن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی دەربارەی پەیوەندیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئازادكردنی ئابوریی كوبا. ساڵی 2015 گرتەیەكی ڤیدیۆی دزەپێكراو بڵاوكرایەوە كە تێیدا دیاز دەردەكەوێت لە كۆبوونەوەیەكی حزبیدا قسەدەكات و رەخنە لە " میدیای سەربەخۆ" دەگرێت و دەڵێت باڵیۆزخانەی وڵاتانی خۆرئاوای لە كوبا پشتیگری چالاكی روخێنەر دەكەن لە وڵاتدا، هەروەها هەنگاوی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆباما بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ وڵاتەكەیدا بەوە وەسفدەكات كە " رێگایەكی ترە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی كۆتاییی كە وێرانكردنی شۆڕشی كوبایە". بەڕای بەشێك لە چاودێران لۆژیكی نییە قسە لەوە بكرێت كە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دیازە و بە قۆناغی پۆست كاسترۆ ناوبنرێت، لەبەرئەوەی رائول كاسترۆ وەك سەرۆكی حزبی شیوعی دەمێنێتەوە و ئەلیخاندرۆی كوڕیشی كە تەمەنی 52 ساڵە و ئەفسەرە بە پلەی عەمید لە وەزارەتی ناوخۆ، بە میراتگری خێزانی كاسترۆ لێی دەڕوانرێت. دیاز كانێل دوا دەرچوونی لە زانكۆ وەك مامۆستای زانكۆ كاریكردووە و دواتر لە ریزەكانی حزبی شیوعی دەستی بەكاركردووە لەماوەیەكی كەمدا لە ناوچەی " ڤیلا كلارا" پۆستێكی باڵای حزبی گرتە دەست و لەو ناوچەیەش ژیانێكی خاكی و سادە دەژیا و بووە مایەی سەرنجی هاوڵاتیانی ناوچەكە و بە پێچەوانەی زۆرینەی سەركردەكانی حزبەوە زۆرجار بە پاسكیل هاتوچۆی دەكرد. ساڵی 2003 دیاز بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی هەڵبژێردرا كە لە 15 ئەندام پێكدێت، ئەوەش بازێكی گەورە بوو لە رێچەكەی بەرزبوونەوەی لە ریزەكانی حزبدا و ساڵی 2009 دوای دەستبەرداربوونی فیدڵ كاسترۆ و هەڵبژاردنی رائۆلی برای بە سەرۆك، دیاز وەك وەزیری خوێندنی باڵا دیاریكرا و ساڵی 2012 هەنگاوێكی تر چووە پێشەەوە و لەگەڵ حەوت كەسی تر لە ئەنجومەنی وەزیران وەك جێگری سەرۆك دەستنیشانكرا و دوای ساڵێك بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دەوڵەت و جێگری یەكەمی سەرۆك بەرزكرایەوە. بە دەستبەكاربوونی دیاز وەك سەرۆكی دەوڵەت دەشبێتە فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان و بەوەش پێویستە لەسەری مامەڵ پاسەوانی كۆن و ئەو ژەنەراڵانە بكات كە بەشێكی بنەڕەتین لە دامەزراوەی سەربازی لەدوای سەركەوتنی شۆڕشەوە و ژمارەیەكی زۆر لەو ژەنەراڵانە پۆستی باڵایان لە سوپا و حزبدا بەدەستەوەیە. ئاڵنگارییەكان یەكێك لەو ئاڵنگارییە گەورانەی كە رووبەڕووی دیاز دەبنەوە، داكشانی ئابوری و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانی ئابورییە خنكێنەرەیە كە كوبای تێدایە و داهاتی كرێكارێكی كوبا لە دەوڵەتدا مانگانە (30 دۆلار) تێپەڕناكات و 80%ی كوبییەكان لە كەرتی گشتی حكومەتدا كاردەكەن. لە رابردوودا ڤەنزوێلا بڕێكی زۆر لە نەوتی بە نرخێكی زۆر كەم پێشكەشی كوبا دەكرد و بەهاكەی ساڵانە دەگەیشتە نزیكەی (6 ملیار) دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و ئاڵۆزییەكانی دۆخی ڤەنزوێلا و دوای كۆچی دوایی هۆگۆ چاڤێز، هاوكارییەكانی ڤەنزوێلا بۆ كوبا وەستان، هەروەها دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە سەرەتای ساڵی 2017دا پەیوەندییەكانی نێوان هاڤانا و واشنتۆنی تاریكتر كرد كە دوای چەندین ساڵ لە پچڕان ئاسایی ببوونەوە، ترەمپ كۆت و بەندی خستە سەر گەشتی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ كوبا و ئەو كەسانەی خوازیارن گەشتی كوبا بكەن پێویستە لە رێگەی گروپی گەشتیارییەوە بێت كە كۆمپانیا ئەمریكییەكان رێكیدەخەن. وەسێتننامەكەی كاسترۆ فیدڵ كاسترۆ لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی كوبا لە ساڵی 1959 بووە یەكەمین سەرۆكی كوبا و بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە سەرۆكایەتی وڵاتی كرد و ساڵی 2006 دەسەڵاتی رادەستی رائول كاسترۆی برای كرد و كاسترۆ ساڵی 2016 لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دواییكرد. رائولی كاسترۆ لە كاتی مەراسیمی بەخاكسپاردنی خۆڵەمێشی جەستەی فیدڵ كاسترۆ وتی لەسەر داوای كاسترۆ پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی هیچ شوێن و شەقامێكی كوبا بەناوی فیدڵ كاسترۆوە نەكرێت و وتی " فیدڵ هەتا داو ساتەكانی ژیانی سوربووە لەسەر ئەوەی كە هیچ شوێنێكی گشتی نەكرێت بە ناویەوە و وێنەی لە هیچ دامەزراوە و گۆڕەپان و باخچەیە و شەقامێك و شوێنە گشتییەكاندا دانەنرێت و هیچ جۆرە پەیكەرێكی بۆ دروست نەكرێت."
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت بەپێچەوانەی لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانەوە كە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن، لیست و هاوپەیمانێتییە كوردییەكان تەنیا یەكێكیان نەبێت (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆربەیان هیچ ئامادەگییەكی ئەوتۆیان لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. رەنگە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم نائامادەگییەی لیستە كوردییەكان لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراق بۆ ئەوە بگەڕێتەوە زۆرینەی لایەنە كوردییەكان ئەگەر بۆ دروشمیش بێت خۆیان بە هێزی كوردستانی دەزانن و سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە عێراق لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیاندا جێگیركردووە. بەپێچەوانەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە وەكو پارتێكی كوردی لە توركیا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و بە گوتارەكەی توانی لە ناوچە توركنشینەكانیش دەنگی زۆر كۆبكاتەوە، لایەنە كوردییەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە دوای 2003 وە لە بەغداد پۆستە باڵاكانی وەكو سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دەیان پۆستی باڵای تریان بەدەستەوە بووە، بەڵام نەیانتوانیوە سۆزی شەقامی عەرەبی بەلای دۆزی كورددا رابكشێن، رەنگە نەبوونی گوتارێكی سیاسی جددی یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی نائامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان بێت لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق. ئەوەی جێگای سەرەنج بوو لەدوای شكستهێنانی ریفراندۆم، ئەوانەی بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم دەكرد و ئەوانەشی دژی بوون، هەموان كەوتنە كێبركێ لەسەر گەڕانەوە بۆ بەغداد، زۆربەی لایەنە كوردییەكان بەپەلە نوێنەریان ناردە بەغداد، بەڵام دیار نییە بۆچی نایانەوێت لەبری نوێنەر، كاندید و گوتاری سیاسی ببەنە ناو گۆڕەپانە عەرەبییەكەی عێراقەوە ! بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 12ی مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت، تەنیا دوو لایەنی كوردی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق لیستیان هەیە، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ). یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشمانی كوردستان سەرباری ئەوەی لە دوای 2003 وە سێ خولی سەرۆكایەتی كۆمار و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق بەدەستەوە بووە و هێزێكی ناسراوە لای دەنگدەرانی عێراقی، لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراقدا تەنیا لە بەغدادی پایتەخت لیستی هەیە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان. لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغداد (10) كاندیدی هەیە و (ساحیب رەشید موسا) سەرۆكی لیستەكەیە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چوار پارێزگای جێناكۆكە تەنیا لە سێ پارێزگای (كەركوك – دیالە- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە، لە پارێزگای (سەلاحەدین) تەنیا بە كاندیدێك بەشداریكردووە ئەوەش لە چوارچێوەی (ائتلاف قلعە الجماهیر الوگنیە)، كاندیدەكەی یەكێتی لە سەلاحەدین (شەلال عەبدول) قائیمقامی پێشووی دووزخورماتووە. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوشێوەی یەكێتی لە دوای ساڵی 2003 وە چەندین پۆستی باڵای عێراقی بەدەستەوە بووە و لەلای دەنگدەرانی عەرەبی عێراقی پارتێكی ناسراوە، لە هیچ پارێزگایەكی عەرەبی عێراق نەچوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە. پارتی لە چوار پارێزگا جێناكۆكەكەش لە (كەركوك) و (سەلاحەدین) بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە و تەنیا لە (دیالە- نەینەوا) لیستی هەیە. لیستی پارتی لە (دیالە) پێكهاتووە لە (16) كاندید و (كازم بێرولی موراد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، لە پارێزگای (نەینەوا)ش لیستی پارتی (62) كاندیدی هەیە و (عەبدولعەزیز ئیبراهیم محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەكە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانێتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەیەكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ پارێزگا جێناكۆكەكان دروستكردووە بەناوی ( لیستی نیشتمان)، ئەم هاوپەیمانێتییە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق. بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكێك لە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە یەكێكە لە لایەنە كوردییەكانی بەشداری كابینەی ئێستا حكومەتی عێراق و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق هەیە و تاڕادەیەكیش لەناو دەنگدەرانی عێراقیدا ناسراوە، بەڵام ئەویش هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە سەرۆكەكەی (بەرهەم ساڵح) لە یەكێك لە كابینەكانی بەغداد پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە و لە شەقامی عەرەبیدا كەسایەتییەكی ناسراوە، بەهەمان شێوە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. كۆمەڵی ئیسلامیش كە لە دوای 2003 وە ئامادەگی لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. لەناو (لیستی نیشتماندا) بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان سێ لایەنەكە كراوە، سەرۆكایەتی لیستەكانی هاوپەیمانێتییەكە لە پارێزگا جێناكۆكەكان بەمشێوەیە بەسەر هەرسێ لایەنەكەدا دابەشكراوە: • لە پارێزگای (دیالە) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (ئیخلاس ئەڵماس براخاس) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە. • لە پارێزگای (كەركوك) لیستی نیشتمان (8) كاندیدی هەیە و (محەمەد حسێن محەمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. • لە پارێزگای (نەینەوا) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (حازم حەسەن ئیسماعیل) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە. • لە پارێزگای سەلاحەدین لیستی نیشتیمان كاندیدی بۆ هەڵبژاردنەكان نییە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە پارێزگا تێكەڵەكان یاخود ئەوەی لە دەستوری عێراق ناوی لێنراوە (ناوچە جێناكۆكەكان) كە خەڵكی كوردیان تێدایە، جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) لە (5) پارێزگای عێراقی كە بریتین لە پارێزگاكانی (بەغداد- نەجەف- كەربەلا- میسان- ئەنبار) لیستی كاندیدی پێشكەشكردووە. • بەغداد جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد (28) كاندیدی هەیە و (مستەفا عەبدولكەریم عەلی) سەرۆكی لیستەكەیە. • نەجەف جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاكە هێزی كوردییە لە نەجەف كە مەڵبەندی ئاینی شیعەكانە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە نەجەف لە (3) كاندید پێكدێت و (زەینولعابیدین عەزیز مەزید) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • كەربەلا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەمان شێوە لە كەربەلا وەكو مەڵبەندی دووەمی شیعەكانی عێراق، تاكە حزبی كوردییە كە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە كەربەلا لە (10) كاندید پێكدێت و سەرۆكی لیستەكە ناوی (وەلید عەبدولمەلیك عەبدولجەبارە). • میسان جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای میسان بەهەمان شێوە تاكە هێزی كوردییە كە بە لیستێك ركابەرێتی لایەنە عەرەبییەكان دەكات، لیستەكەی نەوەی نوێ لە میسان پێكدێت لە (7) كاندید و (موهەنەد سەعد سەعدون) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • ئەنبار جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای ئەنباریش تاكە لیستی كوردییە چوەتە ناو گۆڕەپانی ركابەرێتیكردنەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان، نەوەی نوێ لە ئەنبار (4) كاندیدی هەیە و (ئاریان عەبدولوەهاب قادر) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. نەوەی نوێ لە ناوچە جێناكۆكەكان جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكایەتی دەكات و جاری یەكەمە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، جگە لەو چوار پارێزگا عەرەبییە، لە چوار پارێزگای تێكەڵیش كە ناوچەی جێناكۆكن و كوردیان تێدایە و بریتین لە پارێزگاكانی (كەركوك- دیالە- سەلاحەدین- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە و بەشداری هیچ هاوپەیمانێتییەكی كوردی نەكردووە لەو ناوچانە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی یەكێكە لەو حزبە كوردییانەی كە لەدوای ساڵی 2003 وە ئەگەر بەشێوەیەكی لاوازیش بوبێت ئامادەگی لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەبووە، بەڵام ئەم حزبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمجارە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگا جێناكۆكەكانیش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداریكردووە: • لە پارێزگاكانی (دیالە) و (سەلاحەدین)، یەكگرتووی ئیسلامی هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. • لە پارێزگای (كەركوك)، یەكگرتووی ئیسلامی (12) كاندیدی هەیە و (جوان حەسەن عارف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (نەینەوا)، یەكگرتووی ئیسلامی (9) كاندیدی هەیە و (حسێن حاجی محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. حزبی شیوعی كوردستان- عێراق حزبی شیوعی سەرەراِی ئەوەی پاشگری عێراقی لەگەڵ ناوی كوردستان هەڵگرتووە، بەڵام ئەویش لە شارە عەرەبییەكانی عێراق هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. حزبی شیوعی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كردووە: • لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی شیوعی كوردستان (9) كاندیدی هەیە و (دلێر محەمەد شەریف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (دیالە)، حزبی شیوعی (3) كاندیدی هەیە و (حەمید محەمەد ساڵح) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (سەلاحەدین)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. • لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوەی حزبی شیوعی هیچ لیست و كاندیدێكی لە شارە عەرەبییەكان عێراق نییە. حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە ناوچە جێناكۆكەكانیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات: • لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (رەسوڵ رەئوف عەبدولعەزیز) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (دیالە)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (3) كاندیدی هەیە و (ئەحمەد محەمەد عەلی) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (تەها رەشید تەها) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. ئەگەرچی ئێستا بەمشێوازە ئامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان لە شەقامە عەرەبییەكەی عێراق ئامادەگی ئەوتۆیان نییە، بەڵام ئەگەر كورد لەدوای ریفراندۆمەوە بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و جارێكی تر رۆڵ و پێگەی خۆی بەهێز بكاتەوە، رەنگە رۆژێك پێویستی بەوە هەبێت بەدوور لە گوتارە نەتەوەییەكە بە شوێن گوتارێكی گەورەتردا بگەڕێت و لەو رێگەیەوە پێگەی خۆی لە پایتەخت بەهێز بكات.
راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا " ئاكەپە" و سەرۆك كۆماری توركیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی وڵاتی پێشخست بۆ 24ی حوەزیرانی داهاتوو، هەرچەندە كە بڕیاربوو ئەو دوو هەڵبژاردنە سێی تشرینی دووەمی 2019 و هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئازاری هەمان ساڵ ئەنجامبدرێن. ئەردۆغان هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی رەتدەكردەوە، بەڵام شێوازیی راگەیاندنی پێشخستنی ئەم هەڵبژاردنە سروشتێكی پلان بۆداڕێژراوی هەیە، رۆژ سێشەممە دەوڵەتی باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " مەهەپە" كە پێشووتر نەیارێكی سەرسەختی ئەردۆغان بوو ئێستا هاوپەیمانێتی، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی نیسانیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی، ئەردۆغان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی " بڕیارماندا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی رۆژی یەكشەممە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەبچێت." دوابەدوای لێدوانەكەی ئەردۆغان ، فراكسیۆنی ئاكەپە و مەهەپە لە پەرلەمانی توركیا رایانگەیاند رێوشوێنی یاسایی لە پەرلەمان دەگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە 24ی حوەزیراندا ." لیژنەی هەڵبژاردنەكان ئامادەكاریی دەكات سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند لە چوارشەممە وە ئامادەكارییان بۆ دانانی خشتەیەكی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژدا تەواوی دەكەن. سەعدی گۆڤەن لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی : " داوا لە دادگای باڵا دەكەین دۆكیۆمێنتی پێویستمان بداتێ، ئەوكاتە رونیدەكەینەوە كە كام حزب مافی هەیە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات". سێ مانگی تر باری نائاسایی پێش ئەوەی ئەردۆغان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات پەرلەمانی توركیا بڕیاری درێژكردنەوەی باری نائاسایی وڵاتی بۆ سێ مانگی تر پەسەندكرد كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە پێشنیازكرابوو. لە دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی توركیا بەردەوام حكومەتی ئەنكەرە باری نائاسایی درێژدەكاتەوە و لەو كاتەشەوە هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی نەیارانی حكومەت و داخستنی میدیا ئۆپۆزسیۆنەكان دەستپێكردووە و هەڵمەتەكەش بە شێوەیەكی سەرەكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەنی كردوەتە ئامانج كە ئەردۆغان ئەمەی دووەمیان بە پلانداڕێژەری سەرەكی كودەتاكە ناودەبات. هۆكارەكانی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن ئەردۆغانەوە لە كاتێكدایە كە توركیا لە رووی ئیقلیمییەوە رووبەڕووی دۆخێكی دژواری سەربازی و ئابوری بوەتەوە و پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەش خراپە. ئەم هەڵبژاردنانەی توركیا بە یەكلاكەرەوە دادەنرێن لە مێژووی توركیادا، لە راپرسییەكەی نیسانی 2017دا گۆڕینی سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەسەندكرا، ئەم یاسایە دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆك كۆمار دەبەخشێت و دوای ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا ئەردۆغانی تەمەن ( 64 ساڵ ) كە لە 2003ەوە وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتدایە، مافی ئەوەی دەبێت خۆی بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی پێنج ساڵە كاندید بكات. جەنگیز تورك یەكێك لە سەركردەكانی جەهەپە دەڵێت" پێشخستنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئاكەپەوە بەهۆی ئەوەیە كە ترسێكی زۆری لە داڕمانی جەماوەر هەیە لە شەقامی توركیادا و ئەردۆغان ئەو هەنگاوەی ناوە بۆئەوەی هەل بۆ ئەوانی تر نەڕەخسێنێت كاتی تەواوەتیان هەبێت خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادەبكەن، وەك ئەوەی كە ئەردۆغان خۆی چەند مانگێكە دەستیپێكردووە و ئەمسەر و ئەوسەری وڵات دەگەڕێت." هاوكات مستەفا ئۆزجان چاودێری سیاسی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21 " رایگەیاند ئاراستەیەك لای پارتی دەسەڵاتداری توركیا دروست بووە بە پێویستی دەزانێت كە بەهۆی جێگیربوونی سوپای توركیا لە عەفرین و دۆخی خراپی ئابوری و دابەزینی خێرای بەهای لیرەی توركی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت. هاوكات تۆران قشڵاقچی نوسەر و رۆژنامەنوسی تورك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21" وتی :" راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت چاوەڕوانكراو بوو، جموجوڵی زۆری ئەردۆغان و وتاری رۆژانەی لە شارەكاندا ئاماژەبوون بۆئەوەی كە هەڵبژاردنی پێشوەخت بڕیاری لێدەدرێت." بە بۆچوونی قشڵاقچی ئۆپەراسیۆنی عەفرین و كێشە دەرەكییەكانی توركیا پێویستیان بە یەكخستنی بەرەی ناوخۆ هەیە و ئەوەش تەنها لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەدی دێت. هەدەپە و جەهەپە بۆ هەڵبژاردن ئامادەن لە كاردانەوەیدا بەرامبەر راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" رایدەگەیەنێت كە ئامادەی هەڵبژاردنن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی " هەدەپە" لە پۆستێكیدا لە پەیجی هەدەپە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی: " بە گیانی حەوتی حوەزیرانەوە پێشوازی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەین و دەیبەینەوە." هەروەها بوڵەند توزجان وتەبێژ و جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" ئامادەیی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت راگەیاند. توزجان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" جەهەپە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن وەكو ئەوەی بەیانی ئەنجامبدرێت". وتەبێژی جەهەپە داواشیكرد دەستبەجێ باری نائاسیی لە توركیا كۆتایی پێبهێنرێت و وتی:" پێویستە دەستبەجێ باری نائاسایی كۆتایی بێت، ناكرێت هەڵبژاردن لە ژێر سایەی باری نائاساییدا بكرێت و وڵاتەكەمان پێویستی بەوەیە باری نائاسایی لە ئەمڕۆوە كۆتایی پێبهێنرێت". سەرۆكی پارتی نیشتمانی توركیاش دوغو برینشیك رایگەیاند حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادەیە و وتیشی " ئەمجارە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنەكە نابێت". كێ ركابەرێتی ئەردۆغان دەكات؟ لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆكایەتی توركیادا ركابەری سەرەكی ئەردۆغان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " سەڵاحەدین دەمیرتاش " بوو كە ئێستا لەدوای كودەتاكەوە لە كونجی زینداندایە و دەیان تۆمەتی ئاراستەكراوە و لە گۆڕەپانی سیاسی دووخراوەتەوەو تا ئێستاش نازانرێت كە هەدەپە كێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیددەكات، لەبەرئەوە بەرای چاودێران ئێستا گۆڕەپانەكە بۆ ئەردۆغان تەخت بووە دەتوانێت بە ئاسانی كورسی سەرۆكایەتی بباتەوە، هەرچەندە پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە ركابەری تر رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێكناكەون پرۆسەكە بە قازانجی ئەردۆغان دەشكێتەوە. وتەبێژی جەهەپە بوڵەند تورجان لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند بەمزوانە كاندیدای خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رادەگەیەنن، ئەوەش دوای گفتوگۆی چڕ و قوڵ لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پارتەكەیان. ژنێك چانسی خۆی تاقیدەکاتەوە تا ئێستا بە رەسمی یەك كاندیدا ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەردۆغان راگەیاندووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەویش " میراڵ ئاكشینەر " سەرۆكی پارتی چاكە "IYI "، كە پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە و كۆتایی ساڵی رابردوو لە مەهەپە جیابوەتەوە و ئەو حزبەی دامەزراندووە. ئاكشینەر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هیچ بەربەستێكی یاسایی نییە بۆئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید نەكات و بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەیە 100 هەزار ئیمزا كۆدەكاتەوە. ئاكشینەر كۆتایی ساڵی رابردوو حزبەكەی حزبەكەی دامەزراندووە و بە گوێرەی دەستوری توركیاش حزبە سیاسییەكان ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن ئەگەر شەش مانگ بەسەر یەكەمین كۆنگرەی حزبەكەدا تێنەپەڕیبێت. گویل دێتەوە مەیدان؟ دەربارەی ركابەریكردنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئێستا لەناوخۆی توركیادا باس لە ناوی عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشوو و هاوڕێی ئەردۆغان دەكرێت كە ئێستا لە ئەردۆغان نیگەرانە و لە ئاكەپە دوووركەوتوەتەوە. شارەزایەكی توركیا پێشبینی ئەوەدەكات كە عەبدوڵا گویل لە رێگەی پارتی سەعادەتەوە ركابەری ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەڵام ئاماژە بەوەشدەدات كە گویل چانسی لەو ركابەرییەدا لاواز دەبێت ئەگەر نەتوانێت هاوپەیمانێتییەكی بەهێز لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پێكبهێنێت. دەربارەی كاندیدكردنی گویل محەمەد ئەمین یەكێك لە سەركردەكانی حزبی سەعادەت بەدووری نازانێت ئەو هەنگاوە بنێن و رایدەگەیەنێت حزبەكەی لە گفتوگۆدایە و تا ئێستا بڕیاری نەداوە و هەموو بژاردەكان تاوتوێدەكەن. ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ سەرچاوە: ئاژانسەکانی هەواڵ
چاوپێكەوتنی: درەومیدیا ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەكێتی كاندیدی ژمارە 5 ی لیستی 149 ی هاوپەیمانی بەغدایە لە پارێزگای بەغداد و دوای خۆكاندیدكردنی لە لیستێكی عێراقی ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە بڕیاری سڕكردنی بۆ دەرچووە، ئاڵا تاڵەبانی ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت بە پرسكردن خۆی كاندید كردووە، بۆیە بڕیارەكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە و پەیوەست نابێت پێیەوە،. ئاڵا تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا" دەشپرسێت بۆچی یەكێتی كاندیدی هەیە لە لیستە عێراقییەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆچی كاندیدی حزبە عێراقی و عەرەبییەكانی هەیە لە لیستی خۆیدا لە پارێزگای كەركوك، دەشڵێت : " من نەچومەتە هیچ حزبێكەوە بەڵكو چومەتە لیستەوە". دەقی چاوپێكەوتنەكە: درەو : هەڵوێستی ئێوە چیە لەسەر بڕیاری سڕكردنتان، ئێوەش دەڵێن بە ئاگاداری و پرسكردن خۆتان كاندید كردووە؟ ئاڵا تاڵەبانی : من دوو خاڵ بەلامەوە گرنگە: یەكەم، من لە لیستێكی عێراقی خۆم كاندید كردووە و بەڵگەشم هەیە كە پرسم كردووە، بۆیە من داوا ئەكەم ئەنجومەنی ناوەند لێكۆڵینەوە بكات و لیژنەیەك پێكبهێنێت بەڵگەكان پێشكەشی لیژنەكە ئەكەم، چونكە من بەڵگەم هەیە كە بەپرس ئەو كارەم كردووە و هێرۆخان ئاگاداربووە، ئەگەر لیژنەكە پێی باش بوو بەڵگەكان بڵاوبكاتەوە با بڵاوی بكاتەوە. خاڵی دووەم: مەسەلەی سڕكردنەكە ئەوان سەرەتا باسی دەركردنی منیان كردووە كە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە، لە ئەنجامدا لە كۆی 38 كەس تەنیا (7) كەس دەنگیان پێداوە، كە هەوڵی دەركردن شكستیهێناوە دواتر باس لە هەوڵی سكڕدنم كراوە، دیارە سڕكردن لە دەسەڵاتی سەركردایەتیدایە، بەڵام دەبێت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە بێت، دوای سەڵماندنی ئەوەی كە ئەم هەڤاڵەی سەركردایەتی لە پەیڕەوی یەكێتی لایداوە، حەقی خۆیەتی باس لە سڕكردن بكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ لیژنەیەك دروستبكرێت و بەڵگە هەبێت پرسی سڕكردنیان خستوەتە دەنگدانەوە، ئەمجارەش لە كۆی 38 ئەندام كە ئامادەبوون تەنیا (11) ئەندام دەنگیانداوە بە سڕكردنم، بەڵام ئەوان دیسان بەدەر لە پەیڕەو و بە نایاسایی بە بڕیاری مەلا بەختیار بڕیاری سڕكردنی من دراوە. درەو: ئێوە پەیوەست دەبن بەو بڕیارەوە؟ ئاڵا تاڵەبانی : ئەو بڕیارە دەنگی پێویستی نەهێناوە و لەدەرەوەی پەیڕەوی ناخۆیە ئەو نوسراوەی مەلا بەختیار من بەهیچ شێوەیەك پابەند نابم پێیەوە و قبوڵیشی ناكەم. درەو: رێكەوتنێك هەیە لە نێوان تۆو ئەو لیستەی خۆت تیایدا هەڵبژاردووە؟ ئاڵا تاڵەبانی: بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ هەركەس بچێت بۆ حیزبێكی تر نابێت لەو حزبە بمێنێت، هەڤاڵان خۆیان باش دەزانن كە من نەچومەتە حزبی تر، من چومەتە ئیئتیلافێكەوە بۆ هەڵبژاردن بۆ نمونە ئێستا لیستی نیشتمان هەیە لە كەركوك كە گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵی تیایە و هیچ حزبێك نەتواوەتەوە تیایدا، منیش چومەتە هاوپەیمانێتیەك كە شەش حەوت حزبە كە خەڵكی سەربەخۆشی تیایە و هاوپەیمانێتییەكە بۆ هەڵبژاردن، لە حزبی دەعوەی ئیسلامی مالیكی ئەمینداری حزبەكەیە و حەیدەر عەبادی ئەندامی مەكتەبی سیاسیە، بە دوو لیستی جیا دابەزیون، مالیكی عەبادی دەركردووە لە حزبی دەعوە؟ د. سەلیم جبوری جێگری ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراقیە، سەلیم جبوری لە لیستی ئەیاد عەلاوی خۆی هەڵبژاردووە، نمونەیەكی تر دوور نەڕۆین یەكێتی لە خورماتوو لە سەڵاحەدین ، شەلال عەبدولی لە لیستێكی عێراقی عەرەبی هەڵبژاردووە، لە كەركوك كەسێك ناوی میقداد فەیزوڵا ئەحمەد بەرپرسی لقی كەركوكی حزبی ئیسلامی عێراقیە، لەناو لیستی یەكێتی بە ژمارە 18 خۆی هەڵبژاردووە. درەو: ئەی بۆچی سەركردایەتی یەكێتی ئەو هەنگاوەی بەرامبەر بەتۆ ناوە و بەرامبەر بەوانیش ئاساییە؟ ئاڵا تاڵەبانی: ئەو بڕیارەی یەكێتی تەنها لەگەڵ من و بەرامبەر بە منە، ئەمە ئەو شەڕەیە كە بەتایبەتی لەگەڵ ماڵی مام و بەتایبەت لەگەڵ ئاڵا دەیكەن، پەیوەستە بە قسەكانی من بەرامبەر بە كاك هوشیار زێباری، بەرامبەر د. نەجمەدین بەرامبەر بەو دزی و گەندەڵییەی نەوت لە كەركوك دەكرێت ئەزانن من مەلەفەكانم لایە. ئاڵا تاڵەبانی: بۆ خۆكاندیدكردنم پرسم بە هێرۆخان كردووە، بڕیاری سڕكردنم دەنگی زۆرینەی نەهێناوە و مەلا بەختیار داویەتی درەو: پێشبینی دەرچونتان دەكەن لەو لیستە لە بەغداد؟ ئاڵا تاڵەبانی: جگە لەوانەی كە سەرۆكی لیستن هیچ كاندیدێك گرەنتی دەرچوونی نیە، من كاری خۆمم كردووە لەناو بەغداد كارم كردووە، پێشتریش كارمكردووە، چاوەڕوانم دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەیامی خۆمم دەبێت. درەو: دەنگەدەری تۆ لە كەركوك بووە، بۆچی لە بەغدا خۆت هەڵبژاردووە، بۆچی لە كەركوك خۆت هەڵنەبژارد؟ ئاڵا تاڵەبانی: من دوای هەڵبژاردن زۆر شتی دیكە هەیە باسی دەكەم و روونی دەكەمەوە كە بۆ لە كەركوك نەبوو لە شوێنی دیكە بوو.
بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارەی كورسییەكانی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو ئەنجامدەدرێت " 329" كورسییەوە بە گوێرەی رێژەی دانیشتوان 320 كورسی بەسەر 18 پارێزگاكەی عێراقدا دابەشكراوە و 9 كورسیشی بە شێوەی كۆتا بەسەر پێكهاتە و كەمینەكاندا دابەشكراوە بەمشێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشخست و بڕیاریدا ئەو دوو هەڵبژاردەنە رۆژی 24ی حوەزیرانی داهاتوو لە یەك رۆژدا ئەنجام بدرێن. ئەردۆغان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەتی باخچەی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " MHP" ی هاوپەیمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" هەڵبژاردنەكان رۆژی 24ی حوەزیران بەڕێوەدەچین، واتە زیاتر لە ساڵێك لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆی." ئەردۆغان وتیشی :" وڵاتە پێویستی بەوەیە بە خێرایی سیستمی سەرۆكایەتی تێدا جێبەجێ بكرێت." سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكراشیكرد دەستبەجێ دەستدەكەن بە رێوشوێنە یاساییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن و گومانی تێدا نییە كە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستبەجێی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان دەستپێدەكات. پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە لە كاتێكدایە كە پەرلەمانی توركیا پرۆژە یاسای گۆڕینی سیستمی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەسەندكردووە و لەدوای ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تێیدا دەسەڵاتێكی زۆر بە سەرۆك كۆمار دراوە كە ئەردۆغان خۆی بۆ كاندید دەكات . هەروەها پارتی داد و گەشەپێدانی" AKP " كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی " هاوپەیمانی جەماوەریان " بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێكهێناوە و لە ناوخۆی توركیاشدا باری نائاسایی راگەیەنراوە و زۆرینەی سەركردەكانی پارتی دیموكراتی گەلان " HDP" كە ركابەری سەرەكی ئەردۆغانن لە زیندانەكاندان و بەهۆی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەشەوە ئەردۆغان هەزاران لایەنگری فەتحوڵا گولەنی دەستگیركردووە.