هۆشیار عەبدوڵا: ئێمەبووین داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتمان كرد

Draw Media

2018-06-08 11:38:20



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نامیق رەسوڵ 

" بەڵێ ئێمە داوامانكردووە دەنگدانی تایبەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بە ساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسیان بۆخۆیان مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە" ئەمە وتەی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق، ئەو كە بە حەماسێكی زۆرەوە بەرگری لە دەنگی بزوتنەوەكەی و لایەنە ناڕازییەكان دەكات و بە شانازیەوە باس لە هەوڵەكانیان دەكات لە پەرلەمانی عێراق بۆ رێگریكردن لەو ساختەكارییانەی كە پێی وایە لە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە كراوە، جەخت دەكاتەوە كە "  ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان  كردی، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتی دادوەرییدایە و دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی رێگەكە راست بكاتەوە، ئەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە راست بكاتەوە، كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە" 

دەقی چاوپێكەوتنەكە
درەو میدیا: ئێستا شەپۆلێكی تەخوینكردنی ئێوە دەستیپێكردووە، بەتایبەت كە ئێوە لە هەمواری یاساكەدا دەنگدانی تایبەتتان لە پارێزگاكانی هەرێم هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەڵبوەشێتەوە؟ 
هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نانبڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە .
بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە.

هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكاریەكی گەورە كراوە

 

درەو میدیا: ئەم هەوڵەی ئێوە لە پەرلەمان چۆن و لە كوێوە سەرچاوەی گرتبوو؟ 
هۆشیار عەبدوڵا: ئەو هەوڵەی ئێمە بەهۆی سوربونی كۆمەڵێك لایەنی سیاسیەوە بوو بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامییە)ەوە زیاتر وەكو ئەو بەشەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، ئەو بەشەشی پەیوەندی بە سوننەوە هەیە پارێزگا سوننیەكان تەزویری زۆر زۆریان لێكراوە، كۆمەڵێك شاهید عەیان هەیە كە شاهیدی ئەوە ئەدا كە بۆ نمونە،  لە سوریا لە ئوردن وێستگەكان فرۆشراون  جگە لەوە لە دەنگدانی ئاوارەو مەرجدار و جوڵەی دانیشتواندا ساختەكارییەكی زۆر كراوە، بۆیە بەشێك لەو لایەنە سوننیانەش هاتنە پاڵ ئەم پرسە، جیاواز لەوە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی شیعەش لە دەرەوەی فراكسیۆنەكانیان كە هەست دەكەن دەنگەكانیان دزراوە، ئەمە وایكرد كە بتوانین لەناو پەرلەماندا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن بكەین و هەوڵبدەین نەخشە رێگەیەك بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەرییش دابنین بۆ چۆنیەتی رێگری كردن لە ساختەكارییەكان.

 

درەو میدیا: بەرای ئێوە ئەم هەوڵە ئەنجامەكەی بە كوێ ئەگات ؟
هۆشیار عەبدوڵا: ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان كە تا 30/6 هەموو دەسەڵاتێكی یاسادانان و چاودێریكردنی هەیە ئەنجامیداوە، لە ئێستادا لە پێی دەسەڵاتی دادوەریدایەو دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی رێگەكە راست بكاتەوە، پێمان وایە ئەگەر پرۆسەكە بەدەست ئەژماربكرێتەوە بە توانایەكی گەورەی دەوڵەتیەوە وە بەبێ ترس و  دەسەڵاتی دادوەری هەستێت بەو ئەركەی لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دیاریكردووە ئەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە راست بكاتەوە، كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە چونكە داواكراوە بەدەست دەنگەكان جیابكرێتەوەو ئەژمار بكرێت، ئەو كێشانەش كە لە یاریكردنی بە ئەنجامەكانەوە ئەنجامدراوە دیسانەوە دادگا ئەتوانێت خۆی ئەو دەنگدانە بە بەتاڵ ئەژمار بكات، ئەو دەنگە پاكانەی كە لە ناو سندوقەكاندا دەمێننەوە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوە بكرێت بە ئەنجامی كۆتایی، وایە پێمان وایە دەبێت ئەنجامی دەنگی ناو سندوقەكان رابگەیەنرێت نەك ئەو ئەنجامەی بە ئامێری دەنگدانەكە راگەیەنراوە. 


درەو میدیا: چاوەڕوان دەكەیت دادگای فیدراڵی عێراق پێش كۆتایی هاتنی كێشەی نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمان ئەنجامەكە پەسەند بكات ؟
هۆشیار عەبدوڵا: لە راستیدا دادگای فیدراڵی بۆ كۆتا جار ناوەكان پەسەند دەكات، كاتێك كە ناوەكان پەسەند دەكات، كۆتایی بە پرۆسەی ناوەكان دێت، ئەو كاتەی دادگای فیدراڵی ناوەكان پەسەند دەكات واتا پرۆسەكە كۆتایی پێدێت، بەپێی زانیاریەكانی ئێمە دادگای فیدراڵی هەنگاوێكی لەو شێوەیە هەڵناگرێت، واتا تا ئەو كاتەی ئەو تانانەی پێشكەشكراون، ئەو یاسایە لە بارودۆخێكی تایبەتدا جێبەجێنەكرێت، بۆیە پێمان وایە تا ئەو كاتەی دەسەڵاتی دادوەری تەواوی ئەركەكانی خۆی رادەپەڕێنێت، پاشان لەدوای ئەوەوە دادگای فیدراڵی ناوەكان پەسەند دەكات ... 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand