(درەو میدیا): لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی تایبەت بە جێبەجێكردنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لە پەرلەمانی عێراق، 30 كەسی دیاریكرد بۆ راییكردنی كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەو 30 كەسە 27 یان دادوەرن و 3 یان سەرپەرشتیارن. هاوكات 9 دادوەر دیاریكراون بۆ جێگەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و 18شیان بۆجیگەی بەرپرسی ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لە 18 پارێزگاكەی عێراق. هاوكات عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەنجومەنی دادوەری ئەمرۆِ كۆبونەوەیەكی تایبەتی بە گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان كردووە، كە تیایدا دادوەرەكان دیاریكراون بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان لە شوێنی ئەندامانی كۆمسیۆن و هاوكات پڕكردنەوەی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان.
(درەو میدیا): وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی رایدەگەیەنێت" هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەكردووە دەنگی پێشمەرگە و هیزەكانی ناوخۆ پووچەڵ بكرێتەوە و پێشنیازی واشی نەكردووە" سەبارەت بە تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت" ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك نەداوە، چونكە بەپێی رێكارەكان، ھێشتا موتابەقەی دەنگەكان لەو پارێزگایە نەكراون و تائێستا بەڵگە و دۆكیومێنتەكان لە كۆمسیۆن وەرنەگیراوە" پێشی وایە " ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسكی نیفاق و ریاكارانە دەیانەوێت بۆ كەركوك پەردەپۆشی بكەن، بەڵام خەڵكی كوردستان دەزانێ نەوت دز و خاك فرۆشان، ئەوانەی كەركوكیان لەدەستدا، ئابرووی بەرگری لە كەركوك و پێشمەرگەیان نەماوە. كوردستانیبوونی كەركوك بە ساختەكاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت" دەقی راگەیەنراوەكە: ڕاگەیاندراوێك لە وتەبێژی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری سەبارەت بەو تەزویرو ساختەكاریە ئابروبەرانەی ھەندێ لایەنی سیاسی لە ھەڵبژاردنی ۱۲ی ئایار ئەنجامیاندا، كە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە عیراق و كوردستان، و ئەنجام پەرلەمانی عێراق بڕیاڕێكی پەسەند كرد بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان و چارەسەری كۆمەڵی تەزویر و ساختەكاری لە دەنگی هاوڵاتیان. ھاوپەیمانی دووپاتی دەكاتەوە، بەھەموو ھێز و توانای خۆی، لەگەڵ لایەنە دیموكراتخوازەكان، بەرگری لە دەنگی ڕەوای ھاوڵاتیان دەكات و ئەوەی پێویست بێت، لەچوارچێوەی رێكارە قانونیەكان، لەھەر كات و جێگەیەك بێت، بێ دوودڵی و بە راشكاوی كار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەنگە دزراوانە دەكات. ھەر لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستی دەزانین بۆ رای گشتی روونبكەینەوە كە: ١- ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك نەداوە، چونكە بەپێی رێكارەكان، ھێشتا موتابەقەی دەنگەكان لەو پارێزگایە نەكراون و تا ئێستا بەڵگە و دۆكیومێنتەكان لە كۆمیسیون وەرنەگیراوە. بەڵام ساختەكارەكان بەھۆی ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی كەلە لایەن كۆمسیۆنەوە دەرچوون، و كە دەیسەلمێنن بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی ئابرووبەرانە تەزویر كراوە، بۆیە دەیانەوێت (پێش تا بەڕە بەخۆیان دابدەن) و ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسكی نیفاق و ریاكارانە بۆ كەركوك پەردەپۆشی بكەن، بەڵام خەڵكی كوردستان دەزانێ نەوت دز و خاك فرۆشان، ئەوانەی كەركوكیان لەدەستدا، ئابرووی بەرگری لە كەركوك و پێشمەرگەیان نەماوە. كوردستانیبوونی كەركوك بە ساختەكاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت. ۲- سەبارەت بە دەنگدانی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنیەكان؛ پێشمەرگە پیرۆزە و هێمای خەباتی گەلی كوردستانە. هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەكردووە دەنگی پێشمەرگە و هیزەكانی ناوخۆ پووچەڵ بكرێتەوە و پێشنیازی واشی نەكردووە، پێچەوانەكەی ڕاستە ئێمە لەگەڵ ڕێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە وهێزەكانی ناوخۆ و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەڕێی گونجاوین بۆ هەژماركردنی دەنگە راستەقینەكانیان. سەرەڕای ئەوەی ساختەكاری لە دەنگدانی تایبەت كراوە، دەشزانین ژمارەیەكی بەرچاو دەنگیان بە ھاوپەیمانی داوە. تەزویركارەكان وەك چۆن لە رابردوو، بە بێباكی مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە كردووە، وەك چۆن بە ھەرزان سەیری گیان و ژیانی پێشمەرگەو ھاوسەرو منداڵەكانیان كردوە، لەم ھەڵبژاردنەش ھەر وایان كرد، بۆیە ساختەكاری و بێباكی لە دەنگی پێشمەرگە هۆكاری گومانكردن بووە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان. وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری ۱٠ حوزەیرانی ۲٠۱۸
( درەو میدیا): عەلی بەشار تۆمەتبار بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی و خنكاندنی كچێكی تەمەن 14 ساڵانی ئەڵمانیی ئێوارەی دوێنێ شەممە لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا. هۆرست سیهۆڤەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی خۆشحاڵی خۆی بە دەستگیركردن و رەوانەكردنەوەی عەلی بەشار بۆ ئەڵمانیا دەربڕی و هیوای خواست بە زوویی دادگایی بكرێت. عەلی بەشار كە تشرینی یەكەمی 2015 لەگەڵ لێشاوی كۆچبەراندا گەیشتوەتە ئەڵمانیا، بەوتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە 22 و 23ی ئایاری رابردوو دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر سوزانا فیلدمانی 14 ساڵ و پاشان خنكاندویەتی. عەلی بەشار دوای بەجێهێشتنی ئەڵمانیا دوانیوەڕۆی هەینی لە قەزای زاخۆی هەرێمی كوردستان دەستگیركرا و سەرەڕای نەبوونی هیچ رێككەوتنێك لە نێوان عێراق و ئەڵمانیا بۆ رادەستكردنەوەی تۆمەتباران بە یەكتری ئێوارەی شەممە بە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای لۆفتهانزا لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا.
(درەو میدیا): ئێستا لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەولێر مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیارە لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاربدرێت لەسەر پڕكردنەوەی شوێنی هەریەكە لە (نەجمەدین كەریم- ئازاد جوندیانی- بەرهەم ساڵح) لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی. سەرچاوەیەكی ئاگادار كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی وت: هەریەكە لە (مستەفا چاوڕەش- شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) و دوو ژن كاندیدن بۆ پڕكردنەوەی شوێنی (نەجمەدین كەریم- ئازاد جوندیانی- بەرهەم ساڵح)، دوو كاندیدە ژنەكە بریتین لە (بڵێسە جەبار فەرمان- جوان ئیحسان)، بەڵام تائێستا یەكلانەبوەتەوە كامیان لە مەكتەبی سیاسی دادەنرێن. ئەوانەی پشتیوانی دانانی ژنێك دەكەن دەڵێن دەبێت یەكێك لە نوێنەرانی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە مەكتەبی سیاسیدا بێت، دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە بەهانەی ئەوەیە دەبێت بەرپرسی مەڵبەندی شارە گەورەكانی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسیدا بن. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركوكی جێهێشتووە و لە هەولێر دەژی، پڕكردنەوەی شوێنەكەی لەكاتێكدایە تائێستا ئەو خۆی بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەزانێت، بەڵام بەشداری لە هیچ كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا ناكات. بەرهەم ئەحمەد ساڵح وەكو یەكێكی تر لەوانەی كە بڕیارە شوێنەكەی پڕبكرێتەوە بە فەرمی لە یەكێتی جیابوەتەوە و سەركردایەتی هێزێكی نوێ دەكات بە ناو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری. ئازاد جوندیانیش كە شوێنەكەی پڕدەكرێتەوە لەسەروبەندی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاندووە.
(درەو میدیا): تەنها بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 6 كورسی لەدەستدەدات. لە مادەی سێیەمی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دانیشتنی رۆژی 6/6/2018 پەسەندكرا، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوە و ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی مەرجداری هەڵوەشاندەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان. تەنها لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتدا، پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی 3 كورسی لەدەست دەدات چونكە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای ( 70083 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و لە پارێزگای دهۆكیش ( 48017 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، كە پارتی دەنگی زۆرینەی هێزە ئەمنییەكانی ئەو دوو پارێزگایەی لە دەنگدانی تایبەتدا بەدەستهێناوە. هاوكات لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارە و جوڵەی دانیشتواندا پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 3 كورسی لەدەستدەدات، بەتایبەتیش لە پارێزگای نەینەوا كە پارتی دیموكراتی كوردستان 6 كورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێناوە و زۆرینەیان لە دەنگی ئاوارە و جوڵەی دانیشتواندا بەدەستی هێناون. بە وتەی بەرپرسی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ جۆرەكەی دەنگدانی ئاوارەكانەوە لە موسڵ پارتی لە كۆی 6 كورسییەكەی 3 كورسی لەدەست دەدات، پێشی وایە : لەناو كەمپەكانی پارێزگای دهۆك (مەرجدار) كە ژمارەیان 88 هەزار دەنگدەر بوو، دەنگدان لە ڕێگای كارتی نوێی دەنگدانەوە (بایۆمەتری) كە ژمارەیان 111 هەزار دەنگدەر بوو، جۆری سێیەمیش كە بەجوڵەی دانیشتوان ناودەبرێت ژمارەیان 49 هەزار بووە، پارتی دەنگێكی زۆری لەناو ئەو سێ جۆرە دەنگدانەدا هێناوە، بەپێی مادەی سێیەمی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی ئاوارەكان بەتەواوی جۆرەكانیانەوە هەڵوەشاوەتەوە بەو پێیەش پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكانەوە زیاتر لە 6 كورسی لەدەست دەدات.
(درەو میدیا): لیوا عومەر سولەیمان، پیاوە هەواڵگرییەكەی حوسنی موبارەكی سەرۆكی پێشووی میسر ، بە نەخۆشی نەمردووە، بەڵكو لە تەقینەوەیەكدا لە سوریا كوژراوە. لیوا عومەر سولەیمان لە ساڵی 1993 یوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری گشتی میسربوو، ساڵی 2011 ش وەك جێگری سەرۆكی میسر دەستنیشانكرا و هەر ئەویش لە كاتی خۆپیشاندانەكانی 2011ی بەهاری عەرەبیدا لە میسر بڕی دەستلەكاركێشانەوەی حوسنی موبارەكی لە تەلەفزیۆنی رەسمی میسرەوە بڵاوكردەوە. 19ی حوەزیرانی 2012 میدیاكانی میسر هەواڵی مردنی لیوا عومەر سولەیمانیان بڵاوكردەوە، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە تیرۆركراوە، بەڵام سەرچاوە رەسمییەكان لە میدیاكانی ئەو وڵاتەدا رایانگەیاند لە كاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییدا بۆ دڵی لە نەخۆشخانەی " كلیڤلاند" ی ئەمریكا گیانی لەدەستداوە. دوای زیاتر لە شەش ساڵ بەمەسەر مردنیدا، لیوا مەحمود زاهر شارەزای بواری سەربازی و ستراتیژی میسری كە چەندین ساڵ لەگەڵ عومەر سولەیماندا كاریكردووە هۆكاری مردنەكەی ئاشكراكرد. لیوا مەحمود زاهر لە بەرنامەی " المیزان"ی كەناڵی " Itc" میسریدا رایگەیاند لیوا عومەر سولەیمان كوژراوە و بە نەخۆشی نەمردووە وەك بڵاوكراوەتەوە. ئەو شارەزا سەربازییەی میسر ئاشكراشیكرد لیوا عومەر سولەیمان لە بارەگانی ناوەندیی هەواڵگری سوریا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كاربەدەستانی هەواڵگری ژمارەیەك وڵات لە تەقینەوەیەكدا كوژراوە و خیانەتێك لەناو ناوەندەكەدا روویداوە و تەقێندراوەتەوە و عومەر سولەیمان لەو تەقینەوەیەدا كوژراوە. زاهر روونیشیكردوەتەوە كە عومەر سولەیمان لەو كۆبوونەوەیدا سەرقاڵی دانانی چەند پلانێك بوون بۆ ناوچەكە و ئەگەر تەواوبكرایە ئەو دۆخەی ئێستا نەدەهاتە كایەوە كە ئێستا ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت.
(درەو میدیا): هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەوەرێكی سەرەكی ئەو كۆبونەوەیە تایبەت بووە بە بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو میدیا) زانیویەتی لە كۆبونەوەدا بۆچونێك هەبووە كە داوایكردووە لەبەرامبەر هێرشەكەی شەوی 12ی ئایار بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی فەرمی یەكێتی داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەبووە بەتەواوەتی دژی ئەوە بووە یەكێتی داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات، مستەفا چاوڕەش یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانە بووە كە دژی ئەوە بووە داوای لێبوردن بكرێت. هەر لە كۆبونەوەكەدا بۆچونێك هەبووە داوایكردووە نەك داوای لێبوردن لە گۆڕان، دەبێت یەكێتی سەرجەم یارمەتییە داراییەكانیشی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رابگرێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف هەردوو ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن، ئەگەر ئەو پۆستە بەر یەكێتی بكەوێت. ئەم ململانێیە ململانێی دوو كارەكتەری ناو یەكێتی نیە بەڵكو لە پشتی ئەو دوو كارەكتەرە دوو خاتوون هەن كە رەنگە چاویان لە خانمی یەكەمی عێراق بێت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، وەك خوشكە گەورەیان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە دوو خول خانمی یەكەمی عێراق بوو، كە ئەگەرچی نەك خانمی یەكەمی عێراق بەڵكو پۆستی سەرۆك كۆماریش پۆستێكی تەشریفاتی و رەسمیە، بەو پێیەی د. محەمەد سابیر هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد و د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چاویان لە پۆستەكەی جەلال تاڵەبانیە كە هاوسەری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو. هێشتا گفتوگۆی لایەنەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەستی پێنەكردووە، بەڵام سەرەرای یەكێتی، پارتیش چاوی لەو پۆستەیە و لە لێدوانی سەركردەكانیاندا ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵام دەوترێت باسكردنی ئەو پۆستە لەلایەن پارتیەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نیە هێندەی بۆ سەندنی پۆستی دیكەیە لەبەرامبەر ئەو پۆستە لە یەكێتی، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی یەكلاببێتەوە، قسەكە لەسەر كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستە بۆ كێ دەبێت، دەوترێت مەلا بەختیار چەندین جارو لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەو پۆستە كردووە و چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام ئێستا زیاتر بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید و د. محەمەد سابیر دەكرێت، هەریەكەیان سایت و پەیجە سێبەرەكانیان بۆ خۆیان خستوەتە گەڕ. د. محەمەد سابیر نیازی خۆی ئاشكراكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ژمارە ( 259 ) رۆژی 27/5/2018 كە ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردووە ، رایانگەیاندووە كە ( د. محەمەد سابیر ) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داوایكردووە كە لە پشكی یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا پۆستێكی باڵای پێبدرێت چ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر بدرێت بە یەكێتی یان پۆستێكی باڵای تر، بۆیە ئێمە پشتیوانی دەكەین و هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە كە نوێنەرایەتی یەكێتی بكات لە بەغداد. هاوكات د. عیزەت سابیر برای د. محەمەد سابیر و پەرلەمانتاری یەكێتـی لە پەیجی تایبەتی خۆی ڤێدیۆیەكی ژیانی د. محەمەد سابیری بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە:" بەربژێری فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز د محمد سابیر ئیسماعیلە، بە هیوای پشتیوانی تەواوی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سەرجەم كادران و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە" لە بەرامبەریشدا بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی پێگە و دەركەوتنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاترە لەناو یەكێتیدا وەك لە هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری د. محەمەد سابیر. پەیجەكانی سەربە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید دەكەن، لە پەیجی پشتیوانانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە بابەتێكدا بەناوی ( یەكێتی كێ بكاتە سەرۆك كۆمار! ) نوسیویەتی " ئەوەی بۆ پۆستی سەركۆمار گرنگە دابنرێ، پیاوێكە متمانە پێكراوی خودی سەرۆك مام جەلالە و پیاوێكە نزیك لە مامە و نزیك لە بیردۆزو سیاسەتەكانی ئەم چەند ساڵەی بەغدا، پیاوێكە ئەزمون دەیخوازێ، ژیر و سەنگین، ئەویش بەرێز دكتۆر لەتیف رەشیدە". دەشڵێت :"دكتۆر لەتیف رەشید، یەكێكە لە نزیكەكانی سەرۆك مام جەلال و بەدرێژایی وجودی مامی گەورە وجودی هەبوە لە بەغداد. دكتۆر لەتیف لینكی پەیوەندییەكانی مام بووە لەگەڵ شیعە و سوننە و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق، هەروەها تێگەیشتو لە رێبازی مام و نزیك لە سیاسەتەكانی مامی مەزن. دەبێ یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆمار دەست بۆ ئەم زاتە راكێشێ، رەشید ئاشنا لە بەغدا، ئاشنا لە سیاسەت و هەنگاوەكانی عێراق، گرنگە دەستنیشان بكرێ" رەنگە خستنە رووی ناوی هەردوو ئاوەڵزاوەكەی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بێ هۆ نەبێت و پلانێك بێت بۆ ئەوەی هەركامیان بێت گرنگ ئەوەیە پۆستەكە لە دەستی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، بەڵام ئەوەی كارەكتەری سەرۆك كۆمار دیاری دەكات تەنها یەكێتی نیە، بەڵكو پارتیش رۆڵی كاریگەری دەبێت لە دیاریكردنیدا و بەبێ رەزامەندی پارتی هیچ كارەكتەرێك دانانرێت لەناو یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هەڵوێستە توندەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دژ بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ د. لەتیف رەشید لاواز كردووە، بۆیە لەسەرەتاوە ناوی د. لەتیف رەشید زۆر بەگەرمی دەهات، بەڵام ئێستا ناوی د. محەمەد سابیر زیاتر دەردەكەوێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. یەكەم/ د.محەمەد سابیر د. محەمەد سابیر، ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 71 ساڵە، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. پێنج زمان دەزانێت( عەرەبی ، ئینگلیزی ، فارسی، سویدی، چینی ) دەزانێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فیزیای ئەتۆمییە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، لەدروستبونی كۆمەڵەوە بەرپرسی سلێمانی كۆمەڵە بووە تاساڵی١٩٧٤. لەنێوان ساڵانی 1977 تا 1992 لێپرسراوی لقی ئەوروپای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە. لە ساڵی 1993 تا 2001 نوێنەری حكومەتی هەرێم بووە لە فەرەنسا پاشان لە ئەمەریكا، لە 2004 تا 2010 باڵیۆزی عێراق بووە لە چین، لە 2013 تا 2016 نوێنەری هەمیشەیی عێراق بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ. محەمەد سابیر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە سەبارەت بەوەی رەخنەی لێدەگیرێت لەبەرئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانییەوە نزیكە و پۆستی وەرگرتووە رایگەیاندووە “تەنها لەبەرئەوەی من ئاوەڵزاوای مام جەلالم، ئەگەرنا جگە لەنەوشیروان مستەفا و یەك دوانێكی تر نەبێت، هیچ كام لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نەپێش من هاتوون، نەهێندەی بەندە خەباتی سیاسییان هەیە. ئیتر گوناهم چییە؟ لەبڕوانامەوە دەڵێیت نەك لەكوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق بەرزترین بڕوانامەم هەیە، پێنج زمان دەزانم. لە١٣ساڵییەوە لە خەباتدا بەشدارم”. دووەم/ د. لەتیف رەشید د. لەتیف جەمال رەشید، ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 72 ساڵە، سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سلێمانی لەدایكبوەو زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزی دەزانێو بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لە بواری ئەندازیاریدا لەبەریتانیا بەدەستهێناوە. لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا وەك ئەندازیار لە رێكخراوی فاوی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان كاریكردوە و بەڕێوەبەری چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی بواری خۆراك و كشتوكاڵ بووە لە سعودیە و یەمەن. لەساڵی 2003ەوە تا 2010 وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بووە و پاشان بووە بە راوێژكاری پێشكەوتوی سەرۆك كۆمار “تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم”.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ شەممە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و نوێنەرانی چەند حزبێك لە كۆشكی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای عێراق و قەیرانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوە. دوای كۆبونهوهی سێ سهرۆكایهتیهكه، له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا ئارام شێخ محهمهد، جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهران رایگهیاند: "روكردنه دادگای فیدراڵی و تانهدان لهو ههموارهی بۆ یاسای ههڵبژاردنهكان له ئهنجومهنی نوێنهران كرا، به مانای ههڵتهكاندنی سهرجهم ئهو ههوڵانهیه كه له رێگهیانهوه پێشێلكارییهكان رێكدهكرێنهوه". وتیشی ههوڵێكی لهو جۆره ئێستا "دهكرێت به قبوڵكردنی ئهو تهزویره بدرێته قهڵهم كه له ههڵبژاردنهكاندا ئهنجامدراوه". سهبارهت به كۆبونهوهی ئهمڕۆی سێ سهرۆكایهتیهكه، ئارام شێخ محهمهد ئاشكرایكرد، كه "كۆبونهوهی سێ سهرۆكایهتیهكه له قازانجی گێرانهوهی دهنگ و ئیرادهی هاوڵاتیان بوو، تێیدا تهئكیدمان له بێدهنگ نهبوون سهبارهت به گۆڕین و یاریكردن به ئیراده و دهنگی خهڵك كردهوه". هاوكات سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:" كۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك بوو دەربارەی لێكەوتەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكان و ئەو بڕیار و یاسایانەی كە پەرلەمان بەمداوییە بۆ چارەسەركردنی پەسەندیكردوون". جبوری وتیشی:" هەموان هاوڕابوون كە ناكرێت بێ دەنگ بین لە بەرامبەر پرۆسەی دەستكاریكردنی ویست و خواستی دەنگدەران، لە هەمان كاتیشدا رێز لە رێوشوێنە یاساییەكان بگیرێت، بەڵام بەو ئاستەی كە پارێزگاریی لە دیموكراتی بكرێت و نەبێتە هۆی پشێویی و دۆخێكی ناهەموار كە نەتوانین بە شێوازێك لە شێوازەكان چاسەری بكەین." جبوری زیاتر وتیشی :" بە شێوەیەكی چڕوپڕ ئەم پرسانە تاوتوێكران و بیر لە قۆناغی داهاتوو كرایەوە و هەروەها هەوڵیشدرا دەرچەیەكی پراكتیكی و یاسایی بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێنەوە كە رووبەڕوومان بوونەتەوە و چەندین دید و بۆچونی هەن كە هاوشێوەی یەك نین ، هەندێك رەخنە لە دیدی پەرلەمان دەگرن و هەندێك بە ناڕەوای دەبینن و هەشیانە دەڵێت ئە و رێوشوێنانە دەبێت بگیرێنبەر و پێویستن."
( درەو میدیا): ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی " ئافاق" دا باسی لە بڕیاری بەدەست ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرد و رایگەیاند 300 هەزار كارتی دەنگدانی زیادە و 500 هەزار كارتی بەتاڵ لەناو سندوقەكانی دەنگداندان. لەكاردانەوەیدا لە بەرامبەر ئەو قسەیەی بەدران، حەنان فەتلاوی، سەرۆكی لیستی ئیرادە لە پۆستێكیدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی : تەنها ئەم لێدوانە بەسە بۆ دادگاییكردنی ئەندامەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن". فەتلاوی كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا 90 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا شكستیهێناو نەیتوانی پارێزگاری لە كورسییەكەی پەرلەمانی بكات دەشڵێت:" بۆچی پێشتر ئەمەتان رانەگەیاند و ئێستا بۆچی دوای بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان رایدەگەیەنن، ئایار ترستان لە لە ئاشكرابوونی شتە شاراوەكان هەیە؟". فەتلاوی دەشپرسێت:" ئەگەر دەتانزانی هەندێك لە فەرمانبەرەكانتان 300 هەزار كارتی دەنگدانی ساختەیان كردووەتە ناو سندوقەكانەوە، بۆچی نەتاندانە دادگا بۆئەوەی بەتۆمەتی ساختەكاریی و خیانەتی مەزنەوە دادگایی بكرێن؟".
(درەو میدیا): عەلی بەشار پەنابەرێكی عێراقی بوو داواكاری مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە رەتكرایەوە و خۆی و خێزانەكەی لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیاوە بە فڕۆكە دێنە ئەستنبوڵ و دواتر لەوێشەوە دەگەنە فڕۆكەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. دوای ئەوەی عەلی بەشار و خێزانەكەی ئەڵمانیایان بەجێهێشت، پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاند عەلی بەشار لە تاوانی دەستدرێژیكردن و كوشتنی كچێكی جولەكەی تەمەن 14 ساڵان بەناوی سوزانا ڤیڵدمان لە ڤیسبادنی خۆرئاوای ئەڵمانیا. دوای راگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە، هۆرست سیهۆڤەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند عەلی بەشار لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركراوە. تارق ئەحمەد فەرماندەی پۆلیسی دهۆك ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند عەلی بەشار كە تۆمەتبارە بە كوشتنی كچە جولەكەكەی ئەڵمانیا دەستگیركراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە. پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت 22 و 23ی ئایاری 2018 ، عەلی بەشار دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر سوزانا ڤیڵدمان و پاشان كوشتوەیەتی، بەڵام عەلی بەشار گێڕانەوەیەكی تری بۆ رووداوەكە هەیە و دەڵێت:" سوزانا هاوڕێی بووە، بەڵام شەڕە قسە و دەمەقاڵی لە نێوانیاندا دروست بووە، دوای ئەوەی سوزانا هەڕەشەی پەیوەندیكردن بە پۆلیسی لێكردووە كوشتویەتی." روداوی كوشتنی سوزانا لە لایەن عەلی بەشاری پەنابەرەوە، لە نێوخۆی ئەڵمانیادا مشتومڕی زۆری لێكەوتوەتەوە و هەلێكی زۆری داوە بە راستڕەوە توندڕەوەكان بۆئەوەی جامی توڕەیی خۆیان بەسەر ئەنگێلا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیادا بڕژێنن كە لە ساڵی 2015دا سیاسەتێكی نەرمی بەرامبەر بە هاتنی كۆچبەران پیادەكردووە و دەروازەی ئەڵمانیای بە رووی كۆچبەراندا كردەوە.
دەرەو میدیا: دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا ستۆدیۆیەك بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە زیندانی ئەدیرنە دروستبكرێت بەمەبەستی تۆماركردنی دوو پەیامی ڤیدیۆیی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەناڵی TRTی توركی. بە گوێرەی هەواڵێكی " ANF News " پاش ئەوەی پارێزەرانی دەمیرتاش داوایان كرد كە مۆڵەت بدرێت سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ڕێی كەناڵی فەرمیی TRT بە ڤیدیۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بكات، ئەمڕۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا. لە بڕیارەكەدا كە ئیمزای سادی گیوڤەن سەرۆكی دەستەكەی لەسەرە، ئاماژەبۆ ئەوە كراوە كە دوو پەیامی دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنەوە بە ڤیدیۆ تۆماردەكرێن. دەستەی باڵای هەڵبژاردن جەنگیز تۆپئاكتاشی ئەندامی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ڕاسپاردووە بۆ ڕێكخستنی ستۆدیۆیەك لە زیندان بەمەبەستی تۆماركردنی ٢ پەیامی بانگەشەی هەڵبژاردن كە ماوەكەی ١٠ خولەك بێت. بڕیارە ڕۆژی ١٢ی حوزەیران پەیامەكان تۆماربكرێن و ڕۆژانی ١٧ی حوزەیران، كاتژمێر ٢٠:٥٣ و ٢٣ی حوزەیران كاتژمێر ١٧:٥٠ لەسەر كەناڵی TRT بڵاوبكرێنەوە.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.. دوو هێز كە لەناو هەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتونەتە دەرەوە و ئێستا هەوڵی كۆبونەوە دەدەن لەناو هەناوێكی نوێدا. ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق سەرباری گومانەكانی ساختەكاری، سەنگ و قورسایی جەماوەری لایەنەكانی تاڕادەیەك دیاریكرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكەم بەشداریكردنی بوو لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا)، ئاستی دەنگەكانی كەمیكرد، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لە یەكەم ئەزمونی بەشداری هەڵبژاردندا توشی نائومێدی بوو. گۆڕان و هاوپەیمانی كە بەهاتنەدەرەوەیان لە یەكێتی نەیانتوانی هاوسەنگی هێز لە كوردستان بگۆڕن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بكەن. لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە لە هەردوولاوە بانگەواز دەستیپێكردووە بەمەبەستی كۆبونەوە لە پرۆژەیەكی سیاسیدا یان لانی كەم دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان. عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەفتەی رابردوو لە وتارێكدا كە لە (درەو میدیا) بڵاویكردەوە، بە ئاشكرا داوایكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو رێككەوتنەكەی كە لەگەڵ یەكێتی هەیەتی و تائێستا هەڵینەوەشاندوەتەوە، لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری جێبەجێ بكات وەكو بەشێكی جیابوەوە لە یەكێتی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) عەبدولڕەزاق شەریف ئاشكرایكرد"پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتمان بوو لە ناوچە دابڕاوەكان، دواجاریش لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا باسكراوە و بیروڕا لەوبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كراوە". ئەوانەی بانگەواز بۆ نزیكبونەوەی نێوان گۆڕان و هاوپەیمانی دەكەن باوەڕیان وایە ئەو هەنگاوە "هاوسەنگی هێز" بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە تێكچووە و پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی دەست بەسەر هەموو جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانیدا لە هەرێم بگرێت. رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان. عەبدولڕەزاق: پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتیمان بوو ئارامی حەمەی مینا مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: لەدوای 12ی ئایارەوە ئیتر هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی ئەو بەرەیە نەماوەتەوە، هەر لایەنیك بەهەر پاساوێك بیەوێت خۆی لە راپەراندنی ئەو ئەركە بدزێتەوە، زەرەری گەورەی جەماوەری دەكات، چونكە دریژەدان بەو پەرتەوازەییە وازیكردنە بەكامی دڵی دەسەڵاتداران و لەڕووی ستراتیژییەوە ئاوكردنە بە ئاشی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا. فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات. چۆن رێككەوتنێك بكرێت ؟ ئەوەی تائێستا هەیە لەبارەی نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی تەنیا قسە و تاوتوێكردنە و لە ئاستی باڵادا لەنێوان هەردوولا تاوتوێ نەكراوە. عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەبێت بنەمای رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەو رێككەوتنە سیاسییە بێت كە گۆڕان بەر لە دوو ساڵ و لە رۆژی 17-5-2016 لەگەڵ یەكێتی ئیمزای كردو جێبەجێنەكرا. ئەوكات كە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ئیمزا كرا، هێشتا بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیانەبووەوە و ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بوو. نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی، ئەو رێككەوتنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە سڕكرا، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ یەكێك لە گۆڕان و یەكێتی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنەیان رانەگەیاندووە، رەنگە ئەمە دەرفەتێك بێت بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە لەگەڵ بەرهەم ساڵح زیندوبكرێتەوە. عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێ: ئێستا دەرفەتێك هەیە لەگەڵ ئەو بەشەی یەكێتی كە بەناوی هاوپەیمانی جیابوونەتەوە ئەو رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەین، ئەكرێ بەپێی ئەم سەردەمە پێكەوە ئیزافەی بۆ بكەین یان هەمواریشی بكەینەوە. لەبەرامبەردا ئارامی حەمەی مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێیوایە دەبێت رێككەوتنی سیاسی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانی لەسەر ئەم بنەمایانە بكرێت: یەكەم: هەماهەنگی وكاری هاوبەشی میدیایی دووەم: دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش سێیەم: هاوكاری جەماوەری و تەنزیمی چوارەم: خەباتی هابەشی دیپلۆماسی و مەدەنی پێنجەم: یەكخستنی گوتار و ستراتیژ و بەرنامەی سیاسی شەشەم: دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان حەوتەم: دروستكردنی چەند لیژنەیەكی فەرعی هاوبەش بۆ پرسەكانی هەڵبژاردن و پەیوەندییەكان و كاروباری یاسایی و هتد بۆچونێكی تر هەندێك زیاتر دەڕۆن و لەبری پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح داوا دەكەن بەرەیەكی فراوانتر پێكبهێنرێت لەنێوان (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری). هەفتەی رابردوو گروپی "سەكۆی جەماوەر" ئیمزای (139) كەسایەتی كۆكردەوە كە داوای دروستكردنی ئەو بەرە چوارقۆڵییە دەكەن. هەموو ئەم هەوڵانەش بەرەنجامی نائومێدییەكانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارە. رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان ئاستەنگەكان بەردەم رێككەوتنی گۆڕان و هاوپەیمانی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رەنگە بۆچونی هەموو سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا بەڕوونی هەست بە بۆچونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان كرا لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە. لەو رۆژانەی بانگەشەدا كە گۆڕان و هاوپەیمانی لە ناوچە جێناكۆكەكان لیستی هاوبەشیان هەبوو (لیستی نیشتیمان)، بەپێچەوانەوە لە سلێمانی هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەسەر شاشەی كەناڵەكەیانەوە هێرشیان دەكردە سەر كەسایەتی بەرهەم ساڵح. رەنگە ئەم جیاوازی بۆچون و دابەشبوونەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری قورس لەسەر ئەو هەوڵانەی جێبهێلێت كە بۆ لێكنزیكبونەوەی ئەو دوو حزبە خراونەتەگەڕ. لەلایەكی تریشەوە فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات. یەكێكی تر لەو شتانەی كە رەنگە ئاستەنگ بۆ نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دروستبكات، بەهێزی كەسایەتی سیاسی بەرهەم ساڵحە، كە هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان مەترسییان هەیە لە حاڵی هاوپەیمانێتیكردندا هەژمونی ئەو سەركەوێت، سەرباری ئەوەی هەندێكی تریان پێیان وایە بە جیابونەوەی لە یەكێتی بەرهەم ساڵح زیانی لە پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان داوە. لەبارەی ئەم دوو هێزەوە دەتوانرێت بوترێت هاوپەیمانی سەرێكی بەهێز و بنكەیەكی جەماوەری لاوازی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕانیش بنكەیەكی جەماوەری بەهێز و سەرێكی لاوازی هەیە. هەرچۆنێك بێت تاكە چانسی سەركەوتنی دروستبونی هاوپەیمانێتییەكی لەم شێوەیە تەنیا نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو حزبەكە و ئەو نائومێدیە سیاسییەیە كە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستبووە.
(درەو میدیا): زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەر پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان ئەنجام دەدەن و پرۆسەكە نزیكەی 10 رۆژ دەخایەنێت. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی (عەرەبی الجدید) بڵاویكردوەتەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ژمارەیەك لە سەرۆكی دادگاكانی لە باكور و خۆرئاوا و باشوری وڵات بانگهێشتكردووە وەكو ئامادەكارییەك بۆ دانانیان وەكو سەرۆكی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو دادگا گەشتكردنی لە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان قەدەغەكرد، ئەوەش بەهۆی تۆمەتەكانی یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن. رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە كە ناوەكەی بڵاونەكردوەتەوە ئاشكرایكردووە" زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەر لە ئەمبارەكانی كۆمسیۆن دادەنرێن بەمەبەستی ئەژماركردنەوەی زیاتر لە 10 ملیۆن كارتی دەنگدان لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا لە بارەگای سەرەكی كۆمسیۆن لە بەغداد". سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، ئەو كارمەندانەی كە دەنگەكان بەشێوەی دەستی ئەژماردەكەنەوە، پێكدێن لە كارمەندی دادگاكانی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و زانكۆی بەغداد و وەزارەتی پەروەردە. پێشبینی دەكرێت رۆژی چوارشەممە یاخود پێنج شەممەی داهاتوو پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێبكات، رێگری لە بریكاری قەوارە سیاسییەكان و رێكخراوەكان دەكرێت دەست لە پرۆسەكە وەربدەن، بەڵام مافی ئەوە بە نەتەوە یەكگرتووەكان دراوە چاودێری پرۆسەكە بكات. دادوەرێكی دادگای رەسافەی بەغداد بە رۆژنامەكەی وتووە: پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ دەخایەنێت. ئەم رێوشوێنانە دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەمواركردووە بەپێی ئەو هەموارە پابەندی كرد كە دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەدەست ئەژماربكرێنەوە. ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گومانیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار هەیە و دەڵێن ساختەكارییەكی بەرفراوان لە پرۆسەكەدا كراوە، ئەوەش لەرێگەی پرۆگرامكردنی سندوقە ئەلیكترۆنییەكان، ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو گومانانەیە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەڵێ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە لە هەندێك بڕگەیدا نادەستورییە، بۆیە لە دادگای فیدراڵی تانە لە هەموارەكە دەدات، بۆیە بۆ ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەبێت دواین مۆری پەسەندكردن لە دادگای فیدراڵی وەرگرێت.
لە سێ تەقینەوەی یەك لەدوای یەكدا لە شاری كەركوك، كەسێك كوژراوە و ١٥ كەسی دیكەش بریندار بوون. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی سەنتەری ڕاگەیاندنی ئەمنی لە شاری كەركوك كە ئەمشەو بڵاویكردەوە،ئاماژە بەوە دەكات تەقینەوەی یەكەم كە بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە لە نزیك مزگەوتی ئەبرار لە شەقامی قودسی كەركوك ڕویداوە، بەهۆیەوە ئافرەتێك گیانی لە دەستداوە و ١٤ كەس دیكەش بریندار بوون، كە لە ناو بریندارەكاندا ئافرەت و منداڵیان تێدایە. وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، تەقینەوەی دووەم كە بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە بووە، لە نزیك ڕێگای بەلدەی كەركوك ڕوویداوە و بەهۆیەوە هاووڵاتیەك بریندار بووە. تەقینەوەی سێهەمەیش بۆمبێكی "كەی فۆڕ" بووە كە ئاراستەی قوتابخانەی گەرەكی موسەڵای كەركوك كراوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی بە دواوە نەبووە.
