Draw Media

( درەو میدیا) حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی " النصر" رایدەگەیەنێت ئامادەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزتر لە داهاتوودا. عەبادی لە وتەیەكیدا كە كەناڵی ئەلعێراقییە بڵاویكردەوە وتی :" ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاوكایكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزتر و بێ‌ گەندەڵی و بەش بەشێنەی تائیفی." عەبادیی راشیگەیاند حكومەتەكەی هەڵبژاردنی لە وادەی خۆیدا بە سەلامەتی بەڕێوەبرد و داواشی لە هاوڵاتیان و كوتلە سیاسییەكان كرد رێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگرن و پابەندی ئەو یاسایانەبن كە پەیوەست بە پێشێلكارییەكان و بەرژەوەندی وڵات و سەقامگیری زاڵ بكەن.  


( درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان لە لیستی " سائرون" لە بەغداد كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانیش ئەو كاندیدەیان دەنگی پێویستی هێناوە و دەرچووە. هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، كاندیدێكیان بەناوی ئازاد شافی لە لیستی " سائرون"ی موقتەدا سەدردا لە بەغداد هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان (6153) دەنگی بە دەستهێناوە و دەرچووە. ئەم زانیارییانەی هێمن هەورامی لە كاتێكدایە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی رابردوودا هێرشێكی توندیان كردە سەر ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆیان لەسەر دوو لیستی بەغداد كاندیدكردبوو، هەرچەندە سروە عەبدولواحید دواتر كشایەوە.      


( درەو میدیا/ سۆمەریە نیوز) پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نیشتمانی رایدەگەیەنێت دەستكاری زۆری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ژمارەكانی هەڵبژاردن كراوە و رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدان لە 19% تێنپەڕیوە و ئەوەش نا شەرعییە و لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانانرێت. عەبدولكەریم عەبتان وتیشی:" ئەوەی لە هەڵبژاردنەكان و دوای ئەوەش روودەدات پیلانگێڕییەكی گەورەیە دژی گەلی عێراق و  هەموو پرۆسەی سیاسییە." عەبتان ئاشكراشیكرد دوێنێ‌ دەنگی چەند كاندیدێك بڵاوكرایەوە و ئەمڕۆ دەنگەكان گۆڕدراون  بە ویست و ئارەزووی چەند لایەنێكی تر. ئەو پەرلەمانتارەی لیستەكەی ئەیاد عەلاوی وتیشی:" ئێمە گومانمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە و گومانمان لە كۆمسیۆن و نەزاهەتی كۆمسیۆن هەیە و هەروەها گونمانیشمان لە كاری ئەو ئامێرانە هەیە كە بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەكارهێنران."  


راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت "هەڵبژاردن بۆ ئێران و پێكهێنانی حكومەت بۆ ئەمریكا" ئەمە ئەو چیرۆكەیە كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003 بەردەوام لە عێراق دووبارەدەبێتەوە. پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كۆتاییهات، لایەنە نزیكەكان لە ئێران هەڵبژاردنیان بردەوە، ئێستا نۆرەی ئەمریكایە ئەركەكە تەواوبكات. برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوێنێ لە بەغداد دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوە كرد لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق. ئێستا برێت مەكگۆرك دوای بەغدا لە شاری هەولێرە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و  جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لە هەولێر، برێت مەكگۆرك چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كەوتووە. رەنگە بەرهەم ساڵح پەیامی نیگەرانی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی بە مەكگۆرك گەیاندبێت.  هاوكات ئێستا لە هەولێر هەر شەش لایەن (گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) لە كۆبونەوەدان. مەكگۆرك لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتی عێراقدا رۆڵی هەبووە ئێستاش گەیشتوەتە ناوچەكە و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە. كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەو گومانانەی كە لەبارەی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لە پارێزگای سلێمانی و ئەو لایەنانە داوادەكەن پرۆسەی هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە" روخساری پێكهێنانی كوتلەیەك كە پێكهاتووە لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەممار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و رەنگە مەسعود بارزانیش خەریكە روون دەبێتەوە، ئەمەش لەسەر حسابی مالیكی و عامری و كەربولی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان". هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات، سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕژێتە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی نێوان عەبادی و سەدر و حەكیم و عەلاوی و نوجێفی و بارزانی و رێخۆشكەری بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەستیپێكردووە. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لیستەكەی سەدر یەكەمە و هادی عامری دووەمە و حەیدەر عەبادی سێیەم و نوری مالیكی چوارەمە ئەنجامەكان چی دەڵێن ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامەكان لیستی (سائرون) بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش لیستی " الفتح" دێت كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و بە لیستی هێزەكانی حەشدی شەعبی وەسفدەكرێت. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە كە بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبێنێت، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لە پلەی سێیەمدایە و لیستی (دەوڵەتی یاسا)ش كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و بە ركابەری سەرەكی عەبادی دادەنرا، لە پلەی چوارەمدایە.  ئەگەری ئەوە هەیە سەدر و عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هاوپەیمانێتی بكەن و مالیكی و عامریش بە هاوپەیمانێتییەك ركابەرێتیان دەكەن سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت لە رۆژانی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی تەواوەتی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت، ئێستا باس و خواسی ئەوەی كێ‌ كابینەی حكومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنێت؟ لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بە گەرموگوڕی باسی لێوەدەكرێت. بە گوێرەی ئەنجامەكانە بەراییەكان، هاوشێوەی خولەكانی تر لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە عێراقدا زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنن، و سەرۆك وەزیران بۆ ئەوان دەبێت و بە گوێرەی دەستوریش گەورەترین كوتلە مافی ئەوەی هەیە حكومەت پێكبهێنێت. پێكهێنانی حكومەتی نوێی و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، جگە لەوەی پەیوەستە بە بڕیاری هێزەكانی عێراقەوە لە كاریگەری دەرەكیش بەدوور نییە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتە رۆڵی كاریگەریان هەیە لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌. سەرچاوەكانی ناوخۆ ئاماژەوە بەوەدەدەن، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانی (سائرون)ی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی (النصر) حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زۆر نزیكە، بەڵام كێشەی سەرەكی بەردەم هاوپەیمانێتییە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، عەبادی خوازیارە خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، سەدریش نەیشاردوەتەوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەیە. چەند سەرچاوەیەكی تر باس لە ئەگەری هاوپەیمانێتیكردنی نێوان هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری و (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكی دەكەن، كە عامری بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دەوڵەتی یاساش پلەی چوارەم. ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا ئەگەر ئەم دوو بەرەیە لە ناو پێكهاتەی شیعەدا پێكبێت و كێبركێ بكەن لەسەرئەوەی كامیان گەورەترین كوتلە پێبكهێنێت، ئەوكات رۆڵی لیستەكانی كورد و سوننە و لیستە بچوكەكانی تر دەردەكەوێت، چونكە هیچ كام لەبەرەی (سەدر- عەبادی) و (عامری – مالیكی) بە تەنها ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنن، هەروەها ئەو دوو بەرەیە بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران  پێویستە لەگەڵ لیستەكانی تردا، پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی چارەسەربكەن، چونكە بە گوێرەی دەستوری عێراق، سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن و پاشان سەرۆكایەتی كۆمار و ئینجا سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. پێشبینیدەكرێت پرۆسەی دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان و پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانێتی ئاڵۆزبێت و كاتی زۆر بخایەنێت، لێرەوە ئیتر رۆڵی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاڕاستەكردنی لایەنەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەستپێدەكات.


بەپێی خشتەیەكی نارەسمی كە بڵاوكراوەتەوە، لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە 54 كورسی بردۆتەوە،هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری پلەی دووەمی بەدەستتهێناوەو  47 كورسی و ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی 42 كورسی و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالكی 25 كورسی بەدەستهێناوە. بە تەواوی لیستە كوردیەكانیش بە بێ كۆتاكان 56 كورسیان بەدەست هێناوە، كە چاوەڕوان دەكرێت بە كۆتاكانەوە بگاتە 60 كورسی لە پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەش  پارتی ٢٣ كورسی و یەكێتی ١٧ كورسی و گۆڕان ٥ كورسی و  نەوەی نوێ ٤ كورسی و كۆمەڵ ٣ كورسی و هاوپەیمانی ٢ كورسی ویەكگرتوو ٢ كورسی بە دەستهێناوە. كۆی گشتی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران 329 كورسیە كە 320 كورسی گشتی و 9 كورسی كۆتاكانە. 


بەپێی ئەو ئامارانەی لای دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیەو لەلایەن وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە راگەیەنراوە،  رێژەی كورسییەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق بەپێی ئەو ئامارانەی لای دەزگای هەڵبژاردنە بەمشێوەیەی خوارەوەیە. -پارێزگای هەولێر 3 بۆ 4 كورسی -پارێزگای سلێمانی 7 كورسی - پارێزگای كەركوك 6 بۆ 7 كورسی - پارێزگای دهۆك 1 كورسی - پارێزگای نەینەوا 2 بۆ 3 كورسی -پارێزگای دیالە 2 كورسی -پارێزگای سەلاحەدین 1 كورسی بەپێی ئامارەكانی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق یەكێتیی نیشتمانیی بە نزیكەی دەبێتە خاوەنی 25 كورسی، واتا 25 كاندید دەنێرێتە پەرلەمانی عیراق.


درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 166204 ) دەنگ  هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك ( 81451 ) دەنگ بەرەی توركمانی ( 72945 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 23127 ) دەنگ  هاوپەیمانی فەتح (17218) دەنگ  ئیئتلافی نیشتیمانی عەلاوی ( 14411 ) دەنگ  لیستی نیشتیمان  گۆڕان, كۆمەڵ ، هاوپەیمانی ( 10268 ) دەنگ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 3663 ) دەنگ نەوەی نوێ ( 9638 )  دەنگ  حزبی سۆسیالیست ( 5771 ) دەنگ  رەوتی حیكمە  ( 2296 ) دەنگ 


درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان ( 315199) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 41690 ) دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 23197 ) دەنگ  هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 24280 ) دەنگ  نەوەی نوێ ( 17318 )  دەنگ  بزوتنەوەی گۆڕان ( 3522 )  دەنگ  كۆمەڵی ئیسلامی ( 3118 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 1172 ) دەنگ  بزوتنەوەی بابلیون ( 1341 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 952 ) دەنگ   


درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان ( 282298) دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 69561 ) دەنگ  نەوەی نوێ ( 67240 )  دەنگ  بزوتنەوەی گۆڕان ( 38018 )  دەنگ  كۆمەڵی ئیسلامی ( 34822 ) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 47066 ) دەنگ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 23402 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 1912 ) دەنگ  بزوتنەوەی بابلیون ( 1473 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 812 ) دەنگ   


درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 219010 ) دەنگ  بزوتنەوەی گۆڕان ( 144574 )  دەنگ  نەوەی نوێ ( 60444 )  دەنگ  كۆمەڵی ئیسلامی ( 48319 ) دەنگ پارتی دیموكراتی كوردستان ( 43866) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 43431 ) دەنگ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 28705 ) دەن\ حزبی سۆسیالیست ( 4588 ) دەنگ  حزبی شیوعی ( 1644 ) دەنگ  رەوتی حیكمە ( 1170 ) دەنگ  بزوتنەوەی بابلیون ( 1092 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 727 ) دەنگ   


كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی هەڵبژاردنی لە (10) پارێزگا راگەیاند، بەڵام هیچ یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبوو، بەوپێیەی هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەیان كۆتایی نەهاتووە. ئەنجامە بەراییەكان هەڵبژاردن لەم پارێزگایانە: پارێزگای بەغداد: یەكەم: (سائیرون- موقتەدا سەدر) دووەم: (فەتح- هادی عامری) سێیەم: (دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی)  پارێزگای ئەنبار: یەكەم: (الانبار هویتنا) دووەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی سێیەم: هاوپەیمانی بڕیار  پارێزگای بابل: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون  سێیەم: (النصر- حەیدەر عەبادی) پارێزگای موسەننا: یەكەم: سائیرون  دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە چوارەم: النصر پارێزگای دیالە: یەكەم: هاوپەیمانی بڕیار دووەم: فەتح  سێیەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی چوارەم: سائیرون پارێزگای كەربەلا: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای بەسرە: یەكەم: فەتح  دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا  پارێزگای زیقار: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای قادسیە: یەكەم: فەتح  دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: رەوتی حیكمە  پارێزگای واست: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە پارێزگای نەجەف: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر  


(درەو میدیا): نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییەكان عێراق دەكات بە رێگەی یاسایی چارەسەری ئەو ناكۆكیانە بكەن كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دروست دەبێت. ستیڤان دوجاریك وتەبێژی فەرمی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەکان بەیاننامەیەكی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بڵاوكردەوە. لە بەیاننامەكەدا نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە عێراق دەكات و دەڵێت" دوای شكستهێنانی سەربازی داعش، هەڵبژاردن پێشكەوتنێكی زیاتر بە ئاڕاستەی بونیادنانی دیموكراتیەتێكی بەهێزتر لە عێراق بەدی دەهێنێت". وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی هەوڵی رێكخەرانی هەڵبژاردنەكە و لایەنە عێراقییەكان و هێزە ئەمنییەكان دەكات كە وایانكردووە "هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاشتیانە و سیستماتیك" بەڕێوەبچێت، ستایشی بەشداری ئاوارەكانیش دەكات لە پرۆسەی دەنگدان سەرباری سەختی بارودۆخی ژیانیان. لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییە كاراكانی عێراق دەكات، هەر ناكۆكییەك كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دروست دەبێت بەرێگای یاسایی چارەسەری بكەن و لەرێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیرەوە لە زوترین كاتدا، پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بكەن.  


( درەو میدیا)  لەبەرامبەر پەلامارەكەی فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بۆسەر گردی زەرگەتە، خواستی پێکهێنانی هێزی 90ی گۆڕان زیاتربووە، كە ( عەدنان عوسمان لە ساڵی 2015 بیرۆكەی پێکهێنانی ئەو هێزەی خستەروو)، دوای ئەوەی شەوی 12ی ئایار جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە پەلاماری گردی زەرگەتەیدا، لەلایەن هەڵسوڕاووفەرماندەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەڵامدرایەوە و هێرشكرایە سەری و ئۆتۆمبیلەكەی چەند گولەیەكی بەركەوتووە، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی گردی زەرگەتە بانگەوازی كردو، پۆل پۆل لایەنگرانی بەچەكەوە بەرەو گردی زەرگەتە بەڕیكەوتن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریكردن لە گردی زەرگەتە دەربڕی. ئێستا بەشێك لەو لایەنگرە چەكدارەکانی  گۆڕان لە گردی زەرگەتە ماونەتەوە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەن و دەوترێت ناونوسین دەستیپێكردووە  بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانیان و چۆڵنەكردنی گردەکە، یەكێتی هەستی بەو جموجوڵەی گۆڕان كردووە، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەوترێت چەند جارێك بەرپرسانی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە داوای گفتوگۆو دانیشتنیانكردووە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سكاڵای لەسەر ئەو هێرشەی یەكێتی تۆماركردووە. هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێكە بەشێك لە فەرماندە باڵاكانی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ هاتنە ریزی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆیە ئێستا ژمارەیەكی زۆری فەرماندەی سەربازیی و كارەكتەری سەربازی لەناو گۆڕاندان. هەموو ئەو فشار و پەلامارانەی كە دەكرێنە سەر گردی زەرگەتە یاخود ئەو هەڕەشانەی لە بزوتنەوەکە و لایەنگرانیان دەكرێت، خواستی چەكداركردنی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەكات و مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو گۆڕاندا زیاتر دەكات، بەجۆرێك بەشێكی زۆری سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە لەگەڵ دامەزراندنی هێزی چەكدارن هاوشێوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی، هێزی 90ی بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنرێت، چونكە ئەو فشارو هێرشانەی دەخرێنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو فێڵ و ساختەكاریانەی دەكرێن بە هێزی چەكدار و پاڵپشتی هێزی چەكدار دەكرێن. نەبونی هێزی چەكدار وایكردووە، دەستەوستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاست ئەو ساختەكاری و فێڵانەی كە لێی دەكرێن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لایەنگرانی گۆڕانی بێهیوا كردووە، بۆیە بەردەوام ئەم دۆخە و بێدەنگ نەبوونی فەرماندە سەربازیەكانی گۆڕان لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری فەرماندە سەربازیەكانی هێزە باڵا دەستەكان، مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕان زیادتر کردووە.    


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا سێ كاتژمێر دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی "بەخۆشحاڵیەوە، پرۆسەی ئازادانەی ھەڵبژاردن، بەبێ ھیچ چەشنە رووداوێكی نەخوازراو، كۆتایی ھات لەدوا ئەنجامدا، ئەزموونی دیموكراسی و گەلی كوردستانمان و ھەموو لایەنە سیاسیەكان سەركەوتین". بەڵام لە هەمان كاتژمێری راگەیەندراوەكەدا‌ هەشت لایەنی سیاسی كە پێشتر لە دۆسیەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ناتەبایی لە نێوانیاندا هەبوو ئەنجامەكەیان لە سلێمانی و كەركوك رەتكردەوە و "هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن"یان لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی راگەیاند و "هێزێكی یەكێتی هێرشی چەكداری بۆسەر گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا". سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشی چەكداری حیزبەكەی و رەزامەندییان بكات لە ژماردنەوەی دەنگەكان بە رێگای دەست، ئەمڕۆ 13ی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ھێرشی ناڕەوا بۆ سەر یەكێتی قبوڵ ناكەین و بێمەنەتیشین لە لێكۆڵینەوە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان". سەعدی پیرە پێی وابوو "ئەوە حەملەی راگەیاندنی دەزگایەكی سێبەری پارتییە لە دژی یەكێتی كە پارتی خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوكی نەكردووە و هێزەكانیش كەوتوونەتە دوای پڕوپاگەندەی ئەو". قسەكانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیدگای كۆمەڵی ئیسلامی وەك یەكێك لە هێزە ناڕازییەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و گومانەكانی گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە لایەن یەكیتییەوە نەگۆڕی، زانا رۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لە پارێزگای هەولێر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئێمە بە ئاشكرا هەست دەكەین‌ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە خراپترین بارودۆخی تەنزیمی نێوخۆییدایە ئەنجامی دەنگەكانی راستەقینەنین و‌ هاوكاری كراوه ‌بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێك، بۆیە دەیەوێت پارێزگاری لەو دەنگانە بكات بە هەر نرخێك بێت و‌ ئامادەیی تێدا نییە وەك پارتی دیموكرات رایبگەیەنێت كە ئامادەیە ژماردنەكە بە دەست بكرێت". لەگەڵ ئەوەشدا زانا رۆستایی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی بە "یەكلاكەرەوە" وەسف كرد و وتی "ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیار دەربكات و سوور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەكان، ئەوكات یەكێتی هیچ رێگایەكی لەبەردەم نامێنێت یان دەبێ ئەنجامەكانی ئەم سنوورە هەڵبووەشێندرێتەوە كە ئەوكات هەموو لا زەرە دەكەین یان دەبێ ژماردنی دەستی ئەنجامبدرێت". تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجامەكانی پارێزگای سلێمانی ناڕازییە، بۆیە لە زاری وتەبێژ حیزبەكەی مەحمود مەحەمەد وتی "بە بەراوردكردنی دەنگی دەنگدەركەنمان، لە پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكەی ئەو پارێزگایە، گومانی زۆرمان لە لا دروستبووە، كە بەشێوەیەكی رێكخراو دەستكاری دەنگی دەنگدەران كرابێت". بۆیە مەحمود محەمەد ئامادەیی حیزبەكەی راگەیاند بەوەی‌ وەك  پارتی ئەو ئەنجامە راگەیەندراوەی پارێزگای سلێمانی قبوڵناكەن و داوادەكەن "پڕۆسەی ژماردن بە دەست ئەژماربكرێت و ئەگەر پڕۆسەی ژماردن بە دەست لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجامبدرێ بە كارێكی باشی" دەزانن. یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی، لە 12ی ئایار رایگەیاند "بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەنگەكانی هەژماركردووە و ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەتەوە". لەبەرئەوە رۆژی 13ی ئایار لە بەیاننامەیەكی نویێدا جگە لە جەختكردنەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاری و قبوڵنەكردنی ئەو ئەنجامانە لە پارێزگای سلێمانی‌، ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی حیزبەكە رایگەیاند "لەسەرئاستی پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگای كەركوك بە گشتی ئەنجامەكان رەتدەكەینەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەكە و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەین لەنزیكترین كاتدا".   لە نێو كۆی هەشت هێزە ناڕازییەكە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی) بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا حیزب بوو كە لە لایەن هێزێكی چەكداری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجامی هەڵوێستەكانی هێرشی چەكداری كرایە سەر مەكۆكەی و ماڵپەڕی سبەی و كەناڵی KNN.  محەمەد عەلی بەرپرسی ژووری تویژینەوەی سیاسی بزووتنەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئاراستەی تەقاندنی گولەكان بۆ ناو باڵەخانەی مەكۆ بە ئامانجی كوشتنی ئەو كەسانە بووە كە ئەو كات لەوێ بوونە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەكدارییە دوو كەسمان لە گردەكە بریندار بووە و زیانی ماددی زۆر كەوتۆتەوە". پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دڵشاد حوسێن سەبارەت بە فراوانی هەڕەشەكان بۆسەر بزووتنەوەكە لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بە (درەو میدیا)ی وت "لە دەربەندیخان هێزە چەكدارەكانی یەكێتی هاتبوونە پێش مەكۆ و تەقەیان بە ئاسماندا دەكرد و هەڕەشەیان دەكرد، تا هاووڵاتیانی گۆڕانخواز هاتن و پشتێنەی ئەمنیان دروست كرد، بەو جۆرە دەستدرێژییەكان وەستان، ئەم جۆرە رووداوە لەو شەوە لە هەڵەبجە و سەید سادق و چەند ناوچەیەكی تریش روویاندا". لەبەرئەو رووداوانە،‌ لە بەیاننامەكەی 13ی ئاریدا بزووتنەوەی گۆڕان وتی "شەوی رابردوو چەكدارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەو چەكانەی كە دەبوو بەرگری لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان بكەن پەلاماری مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان-یان دا". هاوكات بزووتنەوەكە جگە لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان دەنگەكانی هەندەرانیشی رەتكردەوە و رایگەیاند‌ لەگەڵ "كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌، یەكگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستان‌و بزوتنەوەی ئیسلامی رێكاری یاسایی‌و هەوڵی سیاسی دەگرینەبەر". جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكی تر لەو هێزانە بوو كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە، لەو بارەیەوە كۆسرەت ئەحمەد كاندیدی تەڤگەری ئازادی لە جوڵانەوەكە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (درەو میدیا)ی وت "لە هەولێر هەمان ساختەكاری كراوە، بەڵام دیارە وەك هەمیشە پارتی بە هێمنی و ژێربەژێر كارەكانی ئەنجام دەدات، پێش هەڵبژاردن دەنگۆی هاككەری رووسی هەبوو لە هەولێر، سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ روسیا پێش هەڵبژاردن و لەم كاتی بانگەشەكان بێ بنەما نەبوو". كۆسرەت ئەحمەد وای دەبینێت "بەردەوام بوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان بەردەوامبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی لێدەكەوێتەوه، ئەمەش قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوورییه،‌ چونكە پەیوەندییە سیاسییەكان پەیوەندی شەخسین و لەسەر ئاستی دامەزراوەیی نین". رۆژی 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەمان رۆژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە هەڵبژاردنەكاندا لە سەرتاسەری عێراق 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام 10ملیۆن و 844هەزار و 989 كەس دەنگیان داوە كە كۆی گشتی بەشدارییەكە دەگاتە رێژەی 44.52% دەنگدەر". پاش بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی هێزە سیاسییەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئەو سندووقانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە‌ تاوەكو پشكنین بۆ سندوق و ئامێرەكان بكەن. وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیش فەرمانێكی بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان دەركرد بۆئەوەی "بێلایەن بن لە مامەڵەكردن لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن".  وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد  13ی ئایار لە راگەیەنداوێكدا وتی "سێ لیژنە لە بەغدادەوە دێنە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، بەمەبەستی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانەی‌ كە  لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماركراون". .  


 بەپێی زانیاریەكان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لە كۆی 11 كورسی پارێزگای دهۆك بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان 10 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش 1 كورسی بەدەستهێناوە. پێشترو لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2018 پارتی 8 كورسی و یەكگرتوو 2 كورسی و یەكێتی 1 كورسی بەدەستهێنابوو. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand