گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا رۆژی 2ی حوزه‌یرانی 2017 له‌و كاته‌ی شه‌ریفه‌ی دایك به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی شاری سنه داخل كرابوو، رامین بۆ دیداری دایكی به‌ره‌و نه‌خۆشخانه چوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه قۆڵبه‌ستكرا و دواتر به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی له حیزبی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران دادگای شۆڕشی ئیسلامی بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، بۆیه ئه‌و گه‌نجه یادی له دایكبوونی 24 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی له زیندان به‌سه‌ربرد. دایك و باوكی رامین له گه‌وره‌دێی قوڕچيا-ی ناوچه‌ی له‌یلاخ-ی نزیك شاری سنه ده‌ژین، رامین بچوكترین منداڵی خێزانه‌كه‌یانه. رۆژانه ده‌یان كه‌سایه‌تی فارس و كورد و عه‌ره‌ب بۆ پشتیوانی ده‌ربڕین له كوڕه‌كه‌یان روو ماڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. پێشتر به‌هه‌مان تۆمه‌تی سزادانی رامین حوسێن په‌ناهی، ئه‌نوه‌ری برای بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام به‌هۆی فشاره ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه سزاكه‌ی جێبه‌جێ نه‌كراو 7 ساڵی له زیندان به‌سه‌ر برد و ئیستا له‌ژێر چاودێری هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته له تاران ده‌ژی. ئه‌شره‌فی براشی كه ئه‌ندامی حیزبی كۆمه‌ڵه بوو، شه‌هید بوو. جگه له‌وه‌ی ئێستا سێ ئه‌ندامی خانه‌واده‌كه‌یان سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. نیشتیمانی ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه دایكی منداڵێكی 4 ساڵان بوو، له یه‌كی ئایاری ئه‌مساڵ به‌هۆی شۆكی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی سزای له سێداره‌دانی خاڵی، خۆی سوتاند. پێشتر حوسێنی ئه‌حمه‌دی نیاز پارێزه‌ری رامین رایگه‌یاند "له دانیشتنی دادگایی كردنه‌كه‌ی له 25ی كانوونی یه‌كه‌م، ئه‌و باسی له‌وه كرد كه ئه‌شكه‌نجه‌دراوه و هه‌موو دانپێدانانه‌كانی له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووه، بۆیه ده‌بوو دیوانی باڵای وڵات ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرێت". تا ئێستاش دیداری نێوان خانه‌واده‌كه‌ی و ئه‌و گیراوه به‌تۆمه‌تی سیاسی رێپێدراو نییه. سه‌ڕه‌ڕای دواخستنی جێبه‌جێ كردنی سزاكه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی ئایار، به‌ڵام به‌پێی قسه‌كانی ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی برای رامین "كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوه له دوای كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان سزای له سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات" بۆیه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی فشاره‌كان به‌هاشتاگی #RaminHosseinPanahi به‌رده‌وامن بۆ وه‌ستاندنی سزای له سێداره‌دانی. (دره‌و میدیا) له‌و باره‌یه‌وه گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د په‌ناهی كه له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی ئه‌نجامدا. دره‌و میدیا: دوایین زانیاری چییه كه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌باره‌ی چاره‌نووسی براكه‌تان به ئێوه‌ی راگه‌یاندووه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: به داخه‌وه دوایین هه‌واڵ له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كاك رامینی برام ئه‌وه‌یه هه‌موو قۆناغه‌كانی دۆسیه‌كه وه‌كو به‌شی یاسایی ته‌واو بووه و به‌كۆتایی گه‌یشتووه، كۆتایی به‌و مانایه‌ی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت رامین ئیعدام بكه‌ن، ده‌یكه‌ن. به رامین و به بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌كه‌شیان راگه‌یاندووه كه جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كه له دوای مانگی ره‌مه‌زان له ئارادایه و ئه‌گه‌ری زۆره دوای كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان سزای له سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و ئه‌م چالاكوانه سیاسییه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سێدار بده‌ن. دره‌و میدیا: بۆچی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ره‌ڕای بوونی ناڕه‌زایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، سزای له سێداره‌دانی رامینی هه‌ڵنه‌وه‌شاندۆته‌وه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: كۆماری ئیسلامی زۆرجار وابووه. رامین له كاتی گرتنی مه‌ترسی له سێداره‌دانی نهێنی له‌سه‌ر بوو، ئه‌و كه تائێستا زیندووه به فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی وكۆمهڵگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كوردی و ئێرانییه. به‌ڵام به داخه‌وه له دۆخێكی خراپداین له ئێران، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر زیاتر له 6 شاری ئێران خۆپیشاندان هاته ئاراوه و ئێستا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری له زۆر شار هه‌یه، هاوكات حوكمڕانی ئه‌م حكومه‌ته‌ش پیشانی داوه هه‌ر كاتێك حكومه‌تی ئێران ویستبێتی خه‌ڵك چاوترسێن بكات ده‌ستی بۆ ئیعدامكردنی یه‌كێك له چالاكانی سیاسی بردووه، به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی كۆتایی هه‌میشه چالاكانی كوردی ئیعدام كردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی رامین دۆسیه‌كه‌ی دۆسیه‌یه‌كی میدیایی بوو و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ناسراون و له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌ڵك خۆشیان ئه‌وێن، ئه‌مه باشترین هۆبووه بۆئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی تۆڵه له ئێمه و له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێمه و ئێرانیش بكاته‌وه. به‌ڵام ده‌زانن دۆسیه‌ی رامین نێوده‌وڵه‌تییه و، ده‌زانن ئه‌م دۆسیه‌یه جێگای بایه‌خی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه تا په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و زۆر وڵاتی تر كه له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هاتوونه‌ته سه‌رخه‌ت و داوایان له كۆماری ئیسلامی كردووه ئه‌م حوكمه نا ره‌وایه له‌سه‌ر ئه‌م چالاكه سیاسییه نابێت جێبه‌جێ بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه تائیستا كۆماری ئیسلامی رامینی ئیعدام نه‌كردووه. مانگێك له‌مه‌و به‌ر كه براكه‌میان برد بۆ ژووری تاكه كه‌سی تا له سێداره‌ی بده‌ن، شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دنیای ده‌ره‌وه و شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست بوو و كۆماری ئیسلامی ده‌ستی راگرت. ئێستاش پێموایه ئه‌گه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گه‌لی كورد له پارچه‌كانی تر خاوه‌ندارێتی له‌م رۆڵه‌یه‌ی خۆیان بكه‌ن و ده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر رابكێشین پێموابێت كۆماری ئیسلامی ئێران پاشه‌كشه ئه‌كات له‌م بڕیاره‌ی خۆی. به‌تایبه‌ت ئێستا میدیای باشوور و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت زۆر رۆڵ ئه‌گێڕن، من وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی رامین داوا له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومی له باشووری كوردستان ئه‌كه‌م به تایبه‌ت له به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی و ئه‌وانه‌ی وا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له باشوور و ئه‌توانن ده‌نگ و كاریگه‌رییان هه‌بێت، نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت، هیوادارم ئه‌وه بكه‌ن. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئاگاداری بڕێ لە نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دره‌و میدیا: ئێوه 40 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نیشتیمانتان له ده‌ستدا و برایه‌كتان شه‌هید و یه‌كێكی دیكه‌تان رووبه‌ڕووی سزای له‌سێداره‌دان كراوه‌ته‌وه، دۆخی رامین چ جۆره نیگه‌رانییه‌كی بۆ ئێوه وه‌كو خێزان دروست كردووه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئه‌مه یه‌كه‌مین دۆسیه‌ی له‌م شێوه‌یه نییه له نێو بنه‌ماڵه‌كه‌مان، پێش چه‌ند ساڵێك برایه‌كی ترمان به ناوی ئه‌شره‌فی حوسێن په‌ناهی شه‌هید بوو كه چالاكی سیاسی كورد بوو له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی ئه‌نواند و به تاوانی ئه‌ندامبوون و نواندنی چالاكی سیاسی له كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانی ئێران - كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكیشانی كوردستانی ئێران. ئه‌نوه‌ری حوسێن په‌ناهی حوكمی له سێداره‌دانی له‌سه‌ر بوو، دیاره ئه‌و چالاكێكی دیاره و ماوه‌ی 7 ساڵ له زیندان بوو دوای ئه‌وه‌ی له ساڵانی 2008 و 2009 حوكمی له سێداره‌دانی هه‌بوو به‌ڵام به‌هۆی فشاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و كوردی و ئێرانی كه هاتنه پشت قه‌زیيه‌كه نه‌یانهێشت كاك ئه‌نوه‌ر ئیعدام بكرێت، له كۆتایی دوای 7 ساڵ له زیندانیكردن ئازاد كرا و ئێستا له شاری تاران له‌ژێر چاودێری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانه و له‌وێ ئه‌ژی. ئه‌مه دووه‌مین حوكمی له سێداره‌دانه له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه، جگه له‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نیشتیمانمان له ده‌ستدا كاك ئه‌شره‌فی براشمان له ده‌ستداوه. بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو زیاتر له 6 كه‌سمان به تاوانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی و چالاكی مه‌ده‌نی و سیاسی گیراون و راپێچی زیندان كراون و شه‌هید بوون. چه‌ند كه‌سی بنه‌ماڵه‌كه‌مان پیش‌تر پێشمه‌رگه بوون و له ریزی خه‌باتی گه‌لی كورد بوون، له‌به‌رئه‌وه كۆماری ئیسلامی ئه‌یه‌وێت به ئیعدامی رامین كه كوڕی بچووكی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌یه و زۆریش خۆشه‌ویسته لای دایك و باوكم به‌تایبه‌تی و لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه وه‌ك كه‌سێكی سڤیل و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ بووه، ئه‌یانه‌ویت به ئیعدامی ئه‌و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی ئێمه چاوترسێن بكات و چیتر نه‌هێلێت بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌و ناوچه‌یه سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه، هاوكات خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات چاوترسێن بكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی له حوكمڕانییه‌كه‌ی ناڕازین و بڵێت ئێمه وا له‌و كه‌سانه ئه‌كه‌ین كه ناڕازین لێمان. دره‌و میدیا: پێشینه‌ی رامین چۆن بووه له‌گه‌ڵ چالاكییه سیاسییه‌كانی؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: له ته‌مه‌نی 16 ساڵی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی ئێران له نزیك شاری سنه ده‌ستگیر كرا و ماوه‌ی 40 رۆژ له ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان هێڵدرایه‌وه. دوای ئه‌وه ده‌یان جاری تر بانگ كراوه له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی بووه و چالاكی ژینگه‌پارێز بووه. چه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه بانگیان كرد و فشاریان خسته سه‌ر، بۆیه هاته باشووری كوردستان له‌وێ بووه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه. پار ساڵ له‌و كاته‌ی دایكم له نه‌خۆشخانه‌بوو له شاری سنه ئه‌و چوو بۆ نه‌خۆشخانه ئه‌و ببینێت، به‌ڵام له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیركرا. رامین خۆی به گه‌نجێكی خه‌باتكار زانیوه دژ به نه‌هامه‌تییه‌كان و سته‌مكاری. دره‌و میدیا: رامین بۆچی چووبووه شاری كه‌ركوك؟ چۆن به‌شداری شه‌ڕی تیرۆر بوو؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: كاتی خۆی وه‌كو خۆبه‌خشێك له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه سێ مانگ له سه‌نگه‌ره‌كانی كه‌ركوك له دژی هێزه تیرۆریسته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام –داعش چه‌كی هه‌ڵگرت و شه‌ڕی كرد. به‌ڵام هیچ كاتێكی تر چه‌كی هه‌ڵنه‌گرتووه و له شه‌ڕی سه‌ربازی نه‌بووه ته‌نیا ئه‌و سێ مانگه نه‌بێت كه وه‌ك گه‌نجێكی رۆژهه‌ڵات له باشوور له به‌ره‌كانی شه‌ڕبووه. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: رامین بۆته سیمبولێك بۆ لاوانی شۆڕشگێڕ كه دژ به حكومه‌تی ئێران ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه دره‌و میدیا: رامین چ خواستێكی هه‌بوو له بواری خوێندن؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئه‌و تا ئاستی دبلۆمی له ئێران خوێندووه، به‌داخه‌وه ئه‌و خێزانانه‌ی له رۆژهه‌ڵات كاری سیاسی ده‌كه‌ن و كوڕیان پێشمه‌رگه‌یه یا زیندانی سیاسی ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بچنه زانكۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری و ده‌زگاكانیان به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ئه‌كرێت، بۆیه بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ش له دبلۆم زیاتر نه‌مانتوانی بخوێنین و بچینه زانكۆكانی ئێران. رامین زۆری پێخۆش بوو بچێته به‌شی یاسا له زانكۆ بخوێنیت و ببێته پارێزه‌ر تا بتوانێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی زیندانیانی سیاسی و مافه‌كانی مرۆڤ كه‌سێكی چالاك بێت، به‌داخه‌وه نه‌یانهێشت و ئیجازه‌یان پێنه‌دا له‌وه زیاتر بخوێنێت و بچێته زانكۆ. دره‌و میدیا: له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له رامین داواكاریتان چییه و له ئێران پشتیوانییه‌كه چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: 40 كه‌سایه‌تی ئێران 13ی حوزه‌یران داوایان له رێبه‌ر و سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كرد ئه‌و حوكمی له سێداره‌دانی رامین رابگیرێت. پێیان راگه‌یاندووه، راگرتنی سزاكه ئه‌بێته هۆی ئارامی و ئاسایش بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و ئیعدامی ئه‌م چالاكه بارودۆخه‌كه نائاسایی ده‌كات و خه‌ڵكه‌كه ده‌شڵه‌ژێنیت. داوایان كردووه به بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان و هاتنی جه‌ژن ئه‌م حوكمه رابگرێت و دڵی دایك و باوكی و دڵی خه‌ڵكی كوردستان خۆش بكات. ئێستا تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵێكی گه‌وره ئه‌بینن و له ئێران كاریگه‌ری باشیان هه‌یه، له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوو هه‌زاران كه‌س ده‌نگی رامین بوون و چه‌ندین شه‌پۆلی تویته‌ری بۆ پشتیوانی له‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بووه هۆی سه‌نج راكێشانی میدیا نیوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه. ئه‌م ماوه‌یه سه‌ردانی زۆربه‌ی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان كردووه، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی تائێستا له‌سه‌ر خه‌ته و خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و دۆسیه‌یه ئه‌كات له‌گه‌ڵ باقی وڵاته‌كانی تر بۆئه‌وه‌ی رزگاری بكه‌ن. رامین بۆته سیمبولێك بۆ لاوانی كورد و لاوانی شۆڕشگێڕ كه دژ به حكومه‌تی ئێران ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه و حكومه‌ت به زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ئیعدام وه‌ڵامیانی داوه‌ته‌وه، دۆسیه‌ی رامین بۆته دۆسیه‌ی دژ به ئیعدام له هه‌موو ئێران. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: هه‌ر كاتێك حكومه‌تی ئێران ویستبێتی خه‌ڵك چاوترسێن بكات ده‌ستی بۆ ئیعدامكردنی یه‌كێك له چالاكانی سیاسی بردووه دره‌و میدیا: له هه‌رێمی كوردستان رادده‌ی پشتیوانییه‌كه چۆن ده‌بینی؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئاگاداری بڕی نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان داوایان كردووه ناویان پارێزراو بێت ئێمه نامانه‌وێت ناویان بهێنین. ئه‌گه‌ر دوا رۆژ مه‌جال بوو بۆ ده‌ستخۆشی یان هه‌ر شتێك ئێمه له داخوازی نامه‌یه‌ك وه‌ك بنه‌ماڵه سوپاسی ئه‌وانه ئه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر داخوازی خۆیان ئیستا باسیان ناكه‌ین. گرنگه میدیاكانی باشوور پشتوانی له‌م دۆسیه‌یه بكه‌ن، چونكه خاوه‌نداریكردنی دۆسیه‌كه له لایه‌ن ئه‌وان كاریگه‌ری ده‌بێت.
نیاز عه‌بدوڵڵا برایه‌كی رامین حوسێن په‌ناهی داوا له له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات "نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت" و ئاشكرایده‌كات براكه‌ی ماوه‌ی سێ مانگ له كه‌ركوك له دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش به خۆبه‌خش شه‌ڕی كردووه. به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی له حیزبی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، رۆژی 2ی حوزه‌یرانی ساڵی 2017 رامین حوسێن په‌ناهی چالاكوانی مه‌ده‌نی له شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستگیركرا و له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرا. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی برای رامین كه سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ وه‌ستاندنی سزای له سێداره‌دانی رامین ده‌كات، له رێگای گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ (دره‌و میدیا) داوای پشتیوانی له خه‌ڵك و میدیاكانی هه‌رێی كوردستان كرد و داواشی له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومی له هه‌رێمی كوردستان كرد "به تایبه‌ت له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی و ئه‌وانه‌ی وا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له هه‌رێم و ئه‌توانن ده‌نگ و كاریگه‌رییان هه‌بێت، نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت" و وتی "هیوادارم ئه‌وه بكه‌ن". سه‌باره‌ت به فشاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ راگرتنی سزای له سێداره‌دانی براكه‌ی، ئه‌مجه‌د وتی "ئاگاداری بڕی نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان داوایان كردووه ناویان پارێزراو بێت ئێمه نامانه‌وێت ناویان بهێنین". كۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ند جارێك دوای ده‌ستگیركردن و ئازادكردنی فشار ده‌خاته سه‌ر ئه‌و چالاكوانه كورده‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تا رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌جێده‌هێڵێت و دێته هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێته ئه‌ندامی حیزبی كۆمه‌ڵه. برای رامین وتی "كاتی خۆی وه‌كو خۆبه‌خشێك له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه سێ مانگ له سه‌نگه‌ره‌كانی كه‌ركوك له دژی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام چه‌كی هه‌ڵگرت و شه‌ڕی كرد". به‌ڵام ئه‌و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه براكه‌ی "هیچ كاتێكی تر چه‌كی هه‌ڵنه‌گرتووه و له شه‌ڕی سه‌ربازی نه‌بووه ته‌نیا ئه‌و سێ مانگه نه‌بێت كه وه‌ك گه‌نجێكی رۆژهه‌ڵات له باشوور له به‌ره‌كانی شه‌ڕبووه". .
( درەو میدیا): سبەی یارییەكانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018 " مۆندیال" لە روسیا دەستپێدەكات ئێستا مۆندیال تەنها بریتیتە لە كێبركێی ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهان و هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهان، بەڵكو بوەتە بۆنەیەكیش بۆ دەركەوتنی ئەستێرەی تر، ئەویش ئەو گیاندارانەیە كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكەن. لە ماوەی رابردوودا بۆ هەر مۆندیالێك گیاندارێكی تایبەت هەبووە كە بە پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی یارییەكان سەرنجی عاشقانی و جەماوەریی تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهاندا بۆلای خۆی راكێشاوە. لیژنەی ئامادەكاریی مۆندیالی 2018ی روسیا پشیلەیەكی نابیستی بەناوی " ئەخیل" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكانی دیاریكردووە. بەوتەی ئانا كۆندراتیڤای پزیشكی، ئەخیل لە گیاندارەكانی تر پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەبێت، چونكە نابیستە و بە تەواوەتی لایەنگری هیچ تیپێك نییە و گوێبیستی كۆمێنت و هاندانی هاندەران نابێت و بە دڵی و هەستی پێشبینیدەكات. كۆندراتیڤا ئاماژەیبەوەشدا ئەخیلی پشیلە بەیانیان پێشبینی دەستپێدەكات، كاتێك دوو قاپ خۆراكی بۆ دادەنرێت و لەسەریان ئاڵای ئەو دوو هەڵبژاردەیە دادەنرێت كە یاریی دەكەن و ئەویش چووە لای هەر قاپێكەوە ئەوە ئەو تیپە بە پێشبینی ئەو براوەی یارییەكە دەبێت. ئەخیلی پشیلە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی تاوتوێكردنی تیپە بەشداربووەكانی مۆندیالی ئەمساڵ بووە و لەسەر وێنەی هێڵكاری تیپە بەشداربووەكان و خشتەی یارییەكان راهێنانی پێكراوە. لیژنەی بەڕێوەبردنی مۆندیالی روسیا بە شێوەی هەڕەمەكی ئەم پشیلەیەی بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دەستنیشان نەكردووە، بەڵكو پێشتریش تاقیكراوەتەوە و ساڵی رابردوو پێشبینی بۆ یارییەكانی جامی جیهانی كیشوەرەكان كردووە و پێشبینییەكانی بەڕێژەیەكی زۆر راستە دەرچوون و لە یەكێك لە یارییەكاندا لە هەدوو قاپەكە خواردنی خوارد و بەوەش دوو تیپەكە لە یارییەكەیاندا یەكسان بوون. پۆڵی هەشت پێ پۆڵ یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەو گیاندارانەی كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكرد و لە جامی نەتەوەكانی ئەوروپای ساڵی 2008 و مۆندیالی 2008 جەماوەریی لەسەرتاسەری جیهاندا تووشی شۆك كرد كاتێك لەكۆی 13 یاریی پێشبینی دروستی بۆ ئەنجامی 11 یاریی كرد. پۆڵ كە ساڵی 2008 لە بەریتانیا لە دایكبووە و دواتر چووتە ئەڵمانیا، لە مۆندیالی 2010دا پێشبینی بۆ هەموو یاریەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كرد و هەمووشی راست دەرچوو، كاتێك پۆڵ پێشبینی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەرامبەر بە ئیسپانیا كرد و راست دەرچوو، چەند هاندەرێكی ئەڵمانیی توڕە داوایانكرد لەگەڵ ئاوی لیمۆ و زەیتی زەیتون ببرژێنرێت بۆئەوەی ژمە خۆراكێكی بەچێژی پێ ئامادەبكرێت. دوای كۆتاییهاتنی جامی جیهانی 2010 خاوەنەكانی پۆڵ رایانگەیاند دەگەڕێتەوە سەر كاری پێشووی كە ئەویش خستەپێكەنینی منداڵانە، ئەوەش بە وتەی گروپی پاراستنی گیاندارە ئاوییەكانی ئەڵمانیا، و پاشان فەرمانبەرانی ئەو گروپە خەڵاتێكیان پێشكەشی پۆڵ كرد كە بریتی بوو لە كۆپییەكی مەدالیای جامی جیهانی و ژەمە خۆراكێكی چێژبەخش. پۆڵ لە 26ی ئازاری 2010 لەناوچوو، دوای ئەوەی بووە خاوەنی جەماوەرێكی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا، بە تایبەتی لای جەماوەری ئیسپانیی، بەهۆی ئەوەی پێشبینیكردبوو كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا جامی جیهانی دەباتەوە. " بیگ هێد" لە مۆندیالی 2014ی بەرازیلدا كیسەڵێك بەناوی " بیگ هێد" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دیاریكرا، بەڵام وەك پۆڵی هەشت پێ سەركەوتوو نەبوو لە پێشبینییەكانی، لە یاری دەستپێكی مۆندیالدا پێشبینی ئەوەی كرد كە هەڵبژاردەی بەرازیل لە هەڵبژاردەی كرواتیا بەرێتەوە ، ئەو پێشبینییەی دروست بوو، لە یاری بەرازیل بەرامبەر بە مەكسیك بیگ هێد بەرەو رووی ئاڵای هەردوو وڵاتەكە جوڵا و پێشبینییەكەی راست دەرچوو ، هەردوو هەڵبژاردەكە یەكسانبوون، بەڵام دواتر پێشبنییەكانی وەك پێشبنییەكانی پۆڵ لە مۆندیالی 2010دا راستە نەبوون. سەرچاوە: بی بی سی
(درەو میدیا): بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچونی كۆتایی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتە سلێمانی. یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆبوەوە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) ریبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیدا یان كۆبیچ وتویەتی "نابێت هیچ ئەنجامێكی هەڵبژاردن تێپەڕێت كە ببێتەهۆی بێئومێدكردنی خەڵك". وتەبێژی هاوپەیمانی رایگەیاند، یان كۆبیچ جەختی لەسەر ئەوە كردووە دەبێت هێزە سیاسییەكان مافی خۆیان وەرگرنەوە و ئەوان وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەن لەبارەی یاساكەی پەرلەمانەوە. ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو هاوپەیمانی سوربونی خۆیان لەسەر هەڵوێستی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دوپاتكردوەتەوە كە رازی نابن بەم ئەنجامانە. لەلایەكی ترەوە بافڵ تاڵەبانی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی دیداری خۆی لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوكردەوە و نوسیویەتی: باسمان لە دۆخی پاش هەڵبژاردنەكان كرد ، كە نابێت دەنگی هیچ چین و توێژێك پوچەڵ بكرێتەوە. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەگەر ناڕەزایەتی و تانە لە ئەنجام و شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە، ئەبێت لێكۆڵینەوەی وردی تێدا بكرێت و بڕیارێك بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بدرێت كە چارەسەری كێشەی هەڵبژاردن بكات و لە توانایدا هەبێت گۆڕانكاری لە دۆخەكەدا بكات". میدیای گۆڕانیش هەواڵی سەردانی یان كۆبیچی بۆ مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند،ئامانجی سەردانەكەی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سلێمانی ئەوەیە بۆچونی كۆتایی لایەنەكان بزانێت سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق. بەپێی قسەی میدیای گۆڕان، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق نیشانداوە تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان. بەوێنە: دیدارەكانی یان كۆبیچ لە سلێمانی
(درەو میدیا): بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، ئەركی پاراستنی سنورەكان و مەترسی هێرشی دەرەكییە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010 هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار لەناو شارەكان كۆبونەتەوە بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەك هێنراوەنەتە سەر شەقام ، لەلایەك بۆ موچەكانیان و لەلایەكیش دژ بە خۆپیشاندەران. سەرباری ئەوەی، لە چەند ساڵی رابردودا چەندینجار هێزەكانی پێشمەرگە هێنراونەتە ناو شارەكان بەتایبەتیش لەو حاڵەتانەی كە گرژی و پشێوی سیاسی هەبوو، هەندێكجاریش لە حاڵەتی پشێوی ناوخۆیی حزبەكان ئەم هێزانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. سەرباری بانگەشەكان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵام ئەو هێزە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دابەش بوون، كە خۆی دەبینێتەوە لە هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو هێزەش دابەشبوون بەسەر بەرپرسی حزبەكاندا و لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی دەخزێنرێنە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە. لەبەرامبەردا هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكی كەسيی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بەپێی یاسای سەربازی سزادان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر هێزی پێشمەرگەی هێنایەوە سەر شەقامەكان، سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیش لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد، بەوپێیەی سەرچاوەی نیگەرانییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد و دواتر گەیشتە بەغداد. مێژووییەكی كورتی خۆپیشاندانەكانی پێشمەرگە: • ساڵی 2010 عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا هێزەكانی پێشمەرگەی بە "میلیشیا" ناوبرد، هێزەكانی پێشمەرگە بە جلی فەرمییەوە هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییان نیشاندا. • مانگی 12ی ساڵی 2016 لە هەولێر هێزەكانی زێرەڤانی بە جلوبەرگی فەرمییەوە خۆپیشاندانیان كرد دژی لێدوانێكی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سروە عەبدولواحید لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی عەرەبی وتبوی" ژنی پێشمەرگە بەهۆی هەژارییەوە ناچار بووە بۆ بژێوی ژیانی لەشفرۆشی بكات". • ئەمڕۆ 13ی حوزەیران جارێكی تر لە سلێمانی هێزەكانی پێشمەرگە بەجلوبەرگی فەرمییەوە لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی كۆبونەوە و دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆپیشاندانیان كرد. خۆپیشاندان بۆ موچە هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار بە شێوەی جیاجیا هاتونەتە سەر شەقام بۆ موچەو باشكردنی بژێوی ژیانیان. • لە ساڵی 2016دا و بە دیاریكراوی لە مانگی دوودا لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگە بە جلوبەرگی فەرمییەوە رژانە سەرشەقامەكان و دژی دواكەوتنی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد. • چەندین جار پێشمەرگە دێرینەكان لە چەندین كاتی جیاوازدا بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لە مانگی ئابی 2016 پێشمەرگە دێرینەكان بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هێنانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندەران بەبەردەوامی لە خۆپیشاندانەكاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێنراونەتە سەرشەقام دژ بە خۆپیشاندانەكان. • لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكان و رۆژانی دوایی هێزی پێشمەرگە جوڵێنران بەئاراستەی گردی زەرگەتەی شاری سلێمان. • لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا و بەتایبەتیش لە 20ی نیسانی 2011 بە هێزی پێشمەرگە خۆپیشاندانەكان سەركوتكران. • لە خۆپیشاندانەكانی 2015 و 2017 ی شاروشارۆچەكەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە بۆ كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان هێنرانە سەر شەقام.
(درەو میدیا): چوار حزبی كوردستانی لە باكوری كوردستان، بڕیاریاندا بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران پشتیوانی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بكەن. هەر یەك لە حیزبەكانی، حەرەكەتی ئازادی، پارتی ئازادیی كوردستان" پاك" پلاتفۆرمی دیموكراتی كوردستان " پەدەكە" و پارتی سۆسیالیستی كوردستان "پەسەكە" بە ناوی "هاپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن" راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە. هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند، بڕیاریانداوە هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن بەرفراوان بكەن و داوایان لە دەنگدەرەكانیان كرد، كە لە خولی یەكەمدا دەنگ بە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار لە هاوپەیمانییەكانی جمهور (جەهەپە و ئی یی پارتی) و میللەت (ئاكەپە و مەهەپە) نەدەن. هاوپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن راشیگەیاندووە، ئەردۆغان و حیزبەكەی گەڕاونەتەوە سەر سیاسەتەكانی پێشووی دەوڵەت و مافە بنەڕەتییەكانی كورد بە هەڕەشە لە دژی "داهاتووی دەوڵەت" دەزانن. لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "نزیكەی ٢ ساڵە ئاكەپە لەسەر كێشەی كورد، لەبارەی ماف و ئازادییەكانەوە یەك قسەی نەكردووە و تەنانەت یەك وشەشی لە دەم نەهاتووەتە دەرەوە. لە جێی ئەوە پەسنی خۆی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و كوشتن دەدات و شانازیی پێوە دەكات". هاوپەیمانییەكە لەبارەی سیاسەتی ئاكەپەوە رایگەیاندووە، ئاكەپە بە سیاسەتەكانی باشووری كوردستان بچووك دەكاتەوە (رێز و كەرامەتی دەشكێنێت) و هێرشە داگیركارییەكەی لە دژی عەفرین بە زمانێكی سیاسی بەڕێوەبرد، كە شانازیی بە ژمارەی كوشتنەوە دەكرد. لە درێژەی راگەیاندراوەكەدا هاتووە "قسەكانی ئێستای ئاكەپە و بەرنامەكانی هەڵبژاردنی ئەوە دەردەخات، كە درێژە بە سیاسەتە ترسناكەكەی دەدات". هاوپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن ئەوەشی خستووەتەڕوو "لەبەر ئەوانە داوا لە گەلەكەمان دەكەین لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دەنگ نەدەن بە ئەردۆغان، كە سیاسەتی فەرمیی نكۆڵی‌كردن و ئینكار و توانەوە و سڕینەوەی كورد بەڕێوەدەبات". هاوپەیمانییەكە داواشیكردووە، جگە لە دەمیرتاش دەنگ بە هیچ یەك لە پاڵێوراوەكانی تری سەرۆكایەتیی كۆمار نەدەن و ئەوەشیان نووسیوە "ئەو هەڵوێستەی ئێمە بوار دەڕەخسێنێت، كە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا، دەستی كورد بەهێزتر بێت تاوەكو كورد ڕۆڵیكی چارەنوسساز بگێرێت". هاوپەیمانییەكە لەبارەی پشتیوانیكردنیان بۆ دەمیرتاش وتویەتی "سەرباری هەموو كەموكوڕی و هەڵەكان، ئێمە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دەنگ دەدەین بە سەڵاحەدین دەمیرتاشی زوڵم لێكراو". لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیشەوە وتویانە، ئەندام و لایەنگرەكانیان بە عەقڵییەت و هۆشیارییان بۆ كورد و كوردستان و بە هەستیاری نەتەوەییەوە دەنگی خۆیان بەكار بهێنن و وتوشیانە "لەسەر بنەمای ئەو بیروبڕوایە، لایەنگران و ئەندامەكانمان بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا ئازادن".
راپۆرت: نامیق رەسوڵ موقتەدا سەدر وەكو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار هەنگاوی دووەمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەڵگرت، ئەوەش بە رێككەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات. رێككەوتنی دوێنێ شەوی سەدر لەگەڵ عامری بۆ پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكدایە هێشتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق پەسەندنەكراون و تانەكانی كە لەلایەن لایەنە نارازییەکانەوە لەسەر ئەنجامەكان پێشكەشكراون، یەكلانەكراونەتەوە و دادگای باڵای فیدراڵیش داواكاریی بۆ راگرتنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتكردەوە كە پەرلەمانی عێراق بەمدواییە پەسەندی كرد. رێككەوتنەكەی درەنگانێكی شەوی رابردووی نێوان سائرون و فەتح دەستبەجی لەلایەن یەكیتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لێكرا. ئەندامێكی هاوپەیمانی "سائرون" كە موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات، جەخت لەسەر ئەوەدەكات، بە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ "فەتح" ئێستا هاوپەیمانێتییە نوێیەكە (101) كورسی لە پەرلەمانی نوێ‌دا هەیە و بەوە ژمارەیەش سائرون دەتوانێت بە متمانەوە دانوستانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەستپێبكات كە مافی دەبێت كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاریبكات. ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سائرون لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" وتی:" پێشتر سائرون رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردووە لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە 21 كورسی هەیە و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم كە 19 كورسی بەدەستهێناوە، بەوەش ئێستا هاوپەیمانێتییەكەمان 141 كورسی هەیە جگە لە كوتلە بچوكەكان كە دوایی پەیوەندییان پێوەدەكەین و بەوەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلە نیمچە تەواو بووە". عەبادی دووردەخرێتەوە ئەو ئەندامەكەی هاوپەیمانێتییەكەی موقتەدا سەدر، پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بە دیاریكراوی لەلایەن فەتح و سائرونەوە كاندید بكرێت و بە دووری دەزانێت حەیدەر عەبادی هیچ چانسێكی هەبێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولێكی تر، چونكە" لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی گەورەترین كوتلەیە و ئەگەر دواتریش هاوپەیمانێتی نەسر بێتە ناو كوتلە گەورەكەوە، دەبێت پابەندی مەرجەكانی بێت". بە بۆچوونی حسێن جبوری چاودێری سیاسیی، هەڵوێستەكانی ئەمداوییەی حەیدەر عەبادی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هۆكاربوون بۆئەوەی لە هاوپەیمانی سائرون دووربكەوێتەوە، چونكە رەوتی سەدر بە هەنگاوەكانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزیران قایل نییە بۆ دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست. جبوری لە لێدوانی‌دا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" دەڵێ:" سەدرییەكان باوەڕیان وایە لە هەوڵەكانی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان ئەوان بەئامانج گیراون و هاوپەیمانی سائرون و فەتحیش كاردانەوەی ئەو هەڵوێستەی عەبادییە". ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەبەوە دەكات، سەردانی بەرپرسانی ئێران، لە ناویاندا ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی كاریگەری ئاشكرای هەیە لەسەر پرسی لێكنزیكبوونەوەی سەدر و گروپەكانی حەشدی شەعبیی. هاوپەیمانێتی ئێران هاوپەیمانێتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاویی كە پێشتر رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ سائروندا ئیمزاكردووە جەختدەكاتەوە، كە هاوپەیمانێتی سائرون و فەتح بەویستی دەرەكی پێكهێنراوە و هاوپەیمانێتی سائرون و هاوپەیمانیی نیشتمانی و رەوتی حیكمە هەڵناوەشێنێتەوە. حسێن موسەوی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "غەدپرێس" دەڵێ:" هاوپەیمانی فەتح هەڵوێستیان ئاشكرایە، بە تایبەتی كە رایانگەیاندووە حكومەتێكی سەقامیگر پێكنایەت ئەگەر سائرون و فەتح لایەنی بەشدار نەبن تێیدا". موسەوی باسلەوەدەكات" ئەو هاوپەیمانێتییەی دوێنێ راگەیەنرا، هاپەیمانی نێوان سائرون و حیكمە و نیشتمانی هەڵنەوەشاندوەتەوە، ئێستا گەیشتوینەتە هاوپەیمانێتییەكەی چوار قۆڵی و ئومێدیش هەیە بەمزوانە لایەنی تریش بێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە". جەخت دەكات، هاوپەیمانی نێوان سائرون و فەتح بە تەنها خواستێكی نیشتمانی نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی هەوڵەكانی دوو رۆژی رابردووی ژەنراڵ قاسم سولەیمانی لە بەغداد و دیداری لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و نامەكەی بۆ سەدر بووە، هۆی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە و هاوپەیمانێتییەكە زۆر نزیكن لە خواست و ویستی ئێرانەوە". رەوتی مەدەنی توشی شۆك بووە هاوپەیمانێتییەكەی نێوان سەدر و عامری رەوتی مەدەنی تووشی شۆك كردووە، كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا و لە لیستی سائروندا بەشداربوون. ئەندامێكی حزبی شیوعی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ "العربی الجدید" ئاماژە بەوەدەكات، دوای راگەیاندنی هاوپەیمانی سائرون و فەتح، رەوتی مەدەنی توشی شۆك بوو، ئێستا هەوڵدەدەن بزانن چی روویداوە" دەزانین فشاری ئێران هەیە، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە زۆر خێرا بوو". مالیكیش بەشدار دەبێت سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد، مالیكیش رەزامەندە بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ سائرون و فەتحدا، بەمزوانە هادی عامری سەردانی مالیكی دەكات و كەشێك دروستدەكات بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سەدر و مالیكی، پاشان مالیكی بە فەرمی چونی بۆناو ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە رادەگەیەنێت. موقتەدا سەدر لەگەڵ بەشێك لە گروپەكانی ناو هاوپەیمانی فەتح كێشەی هەیە، لەماوەی رابردوشدا بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ هێشتنەوەی حەشدی شەعبی دوای شەڕی داعش راگەیاند، ئەمەش هۆكارەكەیە كە بە هاوپەیمانێتیكردنی سەدر لەگەڵ فەتح لایەنە عێراقییەكان توشی بوون، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، رەنگە شۆكە گەورەكە ئەوكات روبدات كە نوری مالیكیش بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە.
(درەو میدیا): كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر یاداشتێكی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لەبارەی جموجوڵەكانی ئەمدواییەی حزبی دیموكراتی كوردستان لە سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. بەپێی هەواڵی ئاژانسی كۆماری ئیسلامى "ئیرنا"، وەفدێكی كونسوڵگەری ئێران بە سەرۆكایەتی (بورهانی) كە گەورە پسپۆرێكی كونسوڵگەرییە چاوی كەوتووە بە خاتوو سیهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە كۆبونەوەكەدا وەفدە ئێرانییەكە ناڕەزایەتی خۆیان بە یاریدەدەرەكەی فەلاح مستەفا گەیاندووە سەبارەت بە جموجوڵە چەكدارییەكانی ئەمدواییەی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوچە سنورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. وەفدەكەی ئێران سەرباری پێشكەشكردنی یاداشتی ناڕەزایەتی، هۆشدارییان داوە بەو بەرپرسەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەوەی سوپای پاسدارانی ئێران "مافی رەوای" خۆی بەكاردەهێنێت بۆ بەرگریكردن. لەبەرامبەردا یاریدەدەری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم نیگەرانی خۆی لە جموجوڵی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات راگەیاندووە بە وەفدەكەی ئێرانی وتووە: حكومەتی هەرێم لەپێناوی هیچ گروپ و حزبێكدا بەرژەوەندییەكانی خۆی ناخاتە مەترسییەوە. چەند رۆژێكە هاوكات لەگەڵ بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بۆ واشنتۆن، جموجوڵی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیادیكردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری شنۆ پێكدادان لە نێوان پێشمەرگەكانی دیموكرات و سوپای پاسداران رویدا.
(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی بەیاننامەیەكی لەبارەی ئەو داوایانە بڵاوكردەوە كە لەبارەی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران خراوەتە بەردەمی. لەكاتێكدا هەموو خەڵك و دامەزراوەكانی عێراق چاویان لە بڕیاری كۆتایی دادگا بوو لەبارەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی هەندێك لە سندوقەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، دادگا بڕیاردانی لەسەر پرسەكە بۆ كاتێكی تر دواخست. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی بەنوسراو داوای لە دادگای فیدراڵی كرد یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن راگرێت، ئەم بەیاننامەیەی دادگا وەڵامدانەوە بوو بۆ ئەو داوایەی كۆمسیۆن. دەقی بەیاننامەی ئیاس ساموك وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق بەناوی خوای گەورە و میهرەبان دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبونی تەواوی ئەندامەكانی كۆبوەوە، و تەماشای پێنج داواكاری كرد بۆ دەركردنی بڕیاری وەلائی بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی حوكمەكانی (یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەمواركراو). دوای تاوتوێكردن، دادگای فیدراڵی بۆی دەركەوت وەڵامدانەوەی داواكارییەكان و بڕیاردان لەبارەیانەوە بەر لە گوێگرتن لە قسەی لایەنەكەی تری ئەو داوایەی كە بەرزكراوەتەوە بۆ تانەدان لە حوكمەكانی یاسای هەمواری سێیەم كە پێشتر ئاماژەی بۆ كرا، بە ئەرێنی یان نەرێنی، دەكرێت بەشێوەیەكی پێشوەخت هەستیارییەك لە بۆچونی دادگا دروستبكات لە داوا بنەڕەتییەكە. دادگای باڵای فیدراڵی جەختی كرد لەسەر ئەوەی نەریتی دادوەریی جێگیر قەدەغەی دەكات دادگای بۆچونی خۆی بدات لە بابەتی داوا بنەڕەتییەكە كە خراوەتە بەردەمی چ بە لێدوان بێت یاخود ئاماژەكردن، تا ئەوكاتەی حوكمی یەكلاكەرەوە لەبارەوە دەردەچێت، بۆیە دادگا بەكۆی دەنگ بڕیاریدا داواكاری دەركردنی بڕیاری (ولائی) بۆ راگرتنی حوكمەكانی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، رەتبکاتەوە. دەقی لێدوانی وتەبێژی دادگای فیدراڵی:
(درەو میدیا): ئەمرۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، خۆپیشاندانێكیان بۆبەردەم پارێزگای سلێمانی رێکخست، لە خۆپیشاندانەكەدا ئەو هێزانە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە دەقی مادەی سێیەمی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنەكاندا هاتووە" جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، هەڵدەوەشێنەوە" هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت كە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزار ) كەس دەنگیدا، بە گومانی ساختەكاریی زۆر تیایدا لە بەرژەوەندی حزبە باڵا دەستەكانی كوردستان، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت خرایە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە یاسا هەمواركراوەكەدا چەسپێنرا. لە لێدوانێكی پێشتردا بۆ " درەو میدیا" هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نان‌بڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە، بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە" لە نوسینێكدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێم ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" دروستكردنی گەلەكۆمەكێ بۆ بێ بەشكردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر لەمافێكی دەستوری خۆیان لە پیلان لەدژی ئەو ھێزانە و بێ بایەخكردنی قوربانی و ئەرك و ماندوبوونیان بەولاوە ھیچی تر نییە. پوچەڵكردنەوەی دەنگی ئەو ھێزانە جیا لە سوپا‌و پۆلیسی فیدراڵی و گروپە جیاجیاكانی حشدی شعبی عێرق ئاماژەیەكی خراپ و كارێكی نادەستوری و مانایەكی قوڵ ھەڵدەگرێ. بەھەموو تواناكانمانەوە پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئەو ھێزانە دەكەین و ھەوڵدەدەین ئەو كودەتایە بەسەریاندا كراوە پوچەڵ بكەینەوە نەك دەنگی ئەو ھێزە قارەمانانە" شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەوەی زۆر نیگەرانمی كرد لەو بابەتە دوای پەیوەندی كردن بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسای پەرلەمان ئەوەیان رونكردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشكردنەوەی دەنگەكانی پێشمەرگەیە و بەڵگەكانم بەدەست گەیشتوە، لێرەوە دەڵێم نازانم گۆڕان جارێك پێشمەرگە دەكەن بە میلیشیا جارێك دەیكەن بە ئەنفالچی جارێك رێگری دەكەن لەسەر ئەوەی بودجە بۆ 100 هەزاریان لە بەغدا دابین بكرێت وتان ئەوە هێزی حزبی یە هی كورد نییە ئەمجارەش بەتەزویر چی ناویان دەبەن ، پێم وایە دەبێت ئیتر سنورێكتان بۆدابنرێت لەوە زیاتر سوكایەتی بە پێشمەرگەو كورد نەكەن" سەبارەت بە سوتانی دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوریی و پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی عێراق لە وتارێكیدا بەناوی(پێشمەرگە نەك دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە) رایگەیاندووە" پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەكیەكان و بەرگری لە كوردستان ، ناش بێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكار بھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە ؟ یەكەم: سەبارەت بە بەرگری ھێرشە دەرەكییەكان ١- عێراق ھێرشی كردوو ٥٠٪ ی خاكی كوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەك ھەر بەرگری نەكرد بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزاروو ئابڕوتكێنی پێكرا ٢- ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات ، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای توركیا چوەتە ناو خاكی حەبەشەوە. ٣- ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت ٤- لە شەڕی داعش‌یش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت. دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەھێنرێت و بەكارھێنران : ١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەكوشت دان. ٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیەو كراونەتە میلیشیایەكی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنیەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەكانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن ٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكار دەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات ٤- بەكارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردگرن لە ٥٠ ھەزار كەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حوكمەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مووچەو نەھێشتنی موچەی بن دیوار فەرماندەكای ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان كردبوو كەواتە پێشمەرگە بەم شێەوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێكی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بۆتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك ، دبێ یان ڕزگار بكرێت و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە "
( درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی عێراق رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە سەرپێچی یاسا لەقەڵەمدەدات. ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت:" وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختدەكاتەوە كە رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بە پێشێلكاریی یاسایی دادەنرێت، چونكە هیچ رێككەوتنێكی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا بۆ رادەستكردنەوەی داواکراوان بە یەكتری نییە، لەبەرئەوە بەغداد ئەوە بە پێشێلكاری دادەنێت لەسەر ئەو لایەنەی كە تۆمەتبارەكەی رادەستكردووە و ئەو لایەنەشی وەریگرتووە، لەبەرئەوەی ئاڵوگۆڕكردنی داواكراوان لە دەسەڵاتە سیادییەكانە و تایبەتمەندیی وەزارەتی دادی فیدراڵییە." مەحجوب لە كۆتایی لێدوانە رۆژنامەوانییەكەشدا دەشڵێت:" لە هەمان كاتدا عێراق جەختدەكاتەوە لەسەر پەرۆشی بۆ سەرخستنی حەق و سزادانی تاوانبار، بەڵام لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوریی كە سەروەری نیشتمانی پێشێلنەكات." عەلی بەشار كە هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری زاخۆی هەرێمی كوردستانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە، تۆمەتباركراوە بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی كچێكی تەمەن 14 ساڵانی ئەڵمانیی و دوای دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمەوە بە فڕۆكەیەك رەوانەی ئەڵمانیا كرا‌و لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا دادگایی دەكرێت.
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیی لە هاوپەیمانییەكەی فەتح و سائرون دەكەن كە ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەنرا و بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنێن. پارتی و یەكێتی لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن:"ئەمشەو بەهیممەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات ، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمانوایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان یەكێتی و پارتی و هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستاندن، پێكدەهێنین." دەقی راگەیەنراوەكە: لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عیراق و كوردستاندا، سیاسەتی نەخوازراو، پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خستە ناو گێژاوێكی ترسناك. ی.ن.ك و پ.د.ك، خۆمان و گەلی كوردستان‌مان، لە مەترسی ئەو كێشانە، لە كوردستان و عیراق، دوورخستەوەو هەوڵێكی زۆریشماندا، بەردەوام بەشێك بین لە چارەسەر، بەپێی دەستور و رێسا‌و یاساكانی هەڵبژاردن، لەم پێناوەشدا، وەفدی هاوبەشی هەردوو لا بە راوێژ لەگەڵ یەك، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عیراقمان كرد‌و هەڵوێستی خۆمانمان پێ راگەیاندن. ئەمشەو بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان ی.ن.ك و پ.د.ك، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستان، پێكدێنین. لە هەمانكاتدا ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین و پێكەوە، بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان، پێك بهێنین و یەك ریزی نیشتمانی بپارێزین. یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، پارتی دیموكراتی كوردستان مەكتەبی سیاسی مەكتەبی سیاسی
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر كە لیستەكەی پلەی یەكەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكی 12ی ئایاری بەدەستهێنا لە رووی ژمارەی كورسييەوە، ئەمرۆ لە شاری نەجەف گەورەترین هاوپەیمانی راگەیاند لە نێوان لیستی سائرون و فەتحدا. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، لیستی سائرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر 54 كورسی هەیە و لیستی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری 47 كورسی بەدەستهێنا. سەدر رایگەیاند، هاوپەیمانێتی نێوان فەتح و سائرون لە پێناو پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیيە، كە بەپێی دەستور پەرلەمان لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گەورەترین هاوپەیمانی ناو پەرلەمان رادەستپێرێت بە پێكهێنانی حكومەت، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت فەتح و سائرون رابسپێردرین بە پێكهێنانی حكومەت. موقتەدا سەدر وتى: بە هاوپەیمانی لەگەڵ فەتح هاوپەیمانییەكەمان لەگەڵ رەوتی حیكمە و هاوپەیمانی وەتەنییە دەپارێزین و ئەوە دژی ئەو هاوپەیمانییەی پێشووتر نییە.
(درەو میدیا): سەرۆك دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سەرۆك كیم جۆن ئون سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەوڵەت لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی یەكەمین كۆبوونەوەیەكی لوتكەی مێژوویان لە سەنگاپوورە لە 12ی یۆنیۆ/ حوەزیرانی 2018 ئەنجامدا. لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون بە شێوەیەكی قوڵ و راستگۆیانە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد دەربارەی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بونیادنانی پەیوەنیی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆرماری كۆریای میللیی دیموكراتیی و بونیادنانی سیستمێكی ئاشی هەمیشەیی و بەهێز لە نیمچە دوورگەی كۆریا، هەروەها سەرۆك ترەمپ پابەندی خۆی دەربڕی بۆئەوەی گەرەنتیی ئەمنیی پێكەشی كۆماری كۆریای میللی دیموكراتیی پێشكەش بكات و سەرۆك كیم جۆن ئونیش جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی یەكلاكەرەوە بە داماڵینی چەكی ئەتۆمی بە تەواوەتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون باوەڕی تەواویان هەیە بەوەی كە بونیادنانی پەیوەندیی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی رۆڵی دەبێت لە بەدیهێنانتی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە نیمچە دوورگەی كۆریا و جیهان و هەردووكیشیان دانبەوەدا دەنێن كە بونیادنانی متمانەی نێوان هەردوو لا دەكرێت پاڵپشتی لە داماڵینی چەكی ئەتۆمیی بكات لە نیچمە دوورگەی كۆریان و هەردوو كیشیان جەخت لەمانەی خوارەوە دەكەنەوە: 1- ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەند ئەوە دەبن كە پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان هەردوو وڵات‌دا بونیادبنێن كە لەهاوتا بێت لەگەڵ ویست و خواستی گەلی هەردوو وڵات بۆ ئاشتی و گەشەسەندن. 2- ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی، هەوڵەكانیان یەكدەخەن بۆ بونیادنان و چەسپاندنی سیستمی ئاشتی هەمیشەیی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. 3- وەك جەختكردنەوەیەك لەسەر راگەیەنراوی پانمونجۆمی 27ی ئەپریل/ نیسانی 2018، كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەنددەبێت كاربكات لە پێناوە داماڵینی چەكی ئەتۆمیی بە شێوەیەكی تەواوەتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. 4- ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتتی پابەندی گەڕاندەوە روفاتی دیلەكانی جەنگ و ونبوانی ئۆپەراسیۆنەكان دەبن، دەستبەجێ ئەو روفاتانەی ناسراونەتەوە رەوانەدەكرێنەوە. كۆبوونەوەی لوتكە كە ویلایەتە یەكگرتوەكان و كۆرماری كۆریای میللی دیموكراتی كۆكردەوە یەكەمین كۆبوونەوەی لەو شێوەیەیە لە مێژوودا، رووداێكی مێژووییە، بایەخی گەورەی هەیە سەردەكەوێت لەسەر چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی و دوژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات لە پێناوی كردنەوەی داهاتوویەكی نوێ، سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون پابەندی جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەم بەیاننامەیە هاوبەشە دەبن بە تواوەتی و بە شێوەیەكی خێرا. ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی، پابەندن بەوەی دانوستانی بەدوداچوون بەڕێوەچێت بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ و بەرپرسێكی بڵای گونجاو لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی لە نزیكترین كاتدا و ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی ئەنجانەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی. سەرۆك دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سەرۆك كیم جۆن ئون سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەوڵەت لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەندن بە كاركردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و خۆگوزەرانی لە نیمچە دوورگەی كۆریای باكور و جیهاندا. 12ی یۆنیۆ/ حوەزیرانی 2018 دوورگەی سانتۆسا سەنگاپوورە
(درەو میدیا): هەوڵەكانی دەستنیشانكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران ڕوبەڕوی بەربەستی مەرجەعیەت دەبێتەوەو، كەسایەتیەكی شیعەی نزیك لە لایەنەكان، زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. سایتی (غەد پرێس) لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەو سازانەی كە بەمدواییە لەنێوان نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەبارەت بەدووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتوەتە ئاراوە، ڕوبەڕوی ڤیتۆی مەرجەعەیەتی باڵای شیعەكان بوەتەوە. سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە، كاندیدكردنەوەی عەبادی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی دوای ئەوە هاتوە كە عەبادی ڕەتیكردوەتەوە بچێتە ناو هاوپەیمانییەكەی موقتەدا سەدر و چوەتە پاڵ بەرەی دەوڵەتی یاسا و فەتح، دوابەدوای ئەو هەنگاوەش چەند لایەنێكی سیاسی و كەسایەتی ئاینی بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایان ڕاگەیاندووە، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە نەجەف ڤیتۆی هەیە لەسەر دەستبەكاربونەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، چانسی عەبادی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لاوازە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لاری نیە لە گۆڕینی عەبادی بە كەسایەتییەكی شیعە، كە هاوڕێی و پەسەندكراوی لایەنەكانی ناوخۆی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بێت. پێشتر‌و لە مانگی ئابی ساڵی 2015دا، مەرجەعی باڵای شیعەكان داوای لە حەیدەر عەبادی كردبوو، ئازایانەتر بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی چاكسازی.
