Draw Media

به‌دواداچوون: نیاز عه‌بدوڵڵا "یه‌كێك له‌ دكتۆره‌كان وتی براكه‌ی خۆت ده‌ناسیته‌وه‌؟ وتم به‌ڵێ، له‌ناو‌‌ هۆڵی مردووه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ نزیكه‌ی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ ئه‌و له‌ لای ده‌رگاكه‌ داندرابوو و هێنامانه‌ ده‌ره‌وه،‌ قاچ و ده‌سته‌كانی هه‌ر به‌سترابوونه‌وه‌‌ و خۆم كردیانمه‌وه‌". ‌سه‌ردار عوسمان برای چواره‌می سه‌رده‌شت كه‌ له‌ ته‌نیشت گڵكۆی براكه‌ی ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد ده‌نگی له‌ گه‌روویییه‌وه‌ نووسابوو و چاوه‌كانی پڕ له‌ فرمێسك بوون. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سی خانه‌واده‌كه‌یانه‌ ته‌رمی برای هه‌شته‌می بینیوه، سه‌ره‌ڕای ئاگاداركردنه‌وه‌ی زۆری له‌ مه‌ترسیداری رێگاكه‌ و ئه‌وبه‌ری شاری موسڵ كه‌ ئه‌وكات به‌ شوێنی چالاكی تیرۆریسته‌كان ناوبانگی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی 6ی ئایاری 2010 به‌ ئۆتۆمبێلێكی ئه‌مبۆلانس له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیان و شوفێره‌كه‌ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی پزیشكی داد رۆیشتن. وه‌ك سه‌ردار به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئێواره‌ی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئه‌وانه‌ی به‌شوێن كوڕه‌ رفێندراوه‌كه‌ی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ده‌گه‌ڕێن په‌یوه‌ندی به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی كۆڕه‌ك تیلیكۆم بوو، ئێمه‌ له‌ رێگای هاوڕێكانی سه‌رده‌شت له‌و نووسراوه‌ بڵاوكراوه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیم به‌و ژماره‌یه‌وه‌ كرد، كه‌سێكی كوردی زابت پۆلیس ده‌رچوو له‌ موسڵ تا هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ چه‌ند جارێك به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌مان كرد". ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس‌ به‌ سه‌رداری وتبوو ته‌رمی سه‌رده‌شتی له‌ كاتژمێر 5:30ی ئێواره‌ له‌ گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌‌‌ (حي الوحدة) به‌ ده‌ست و قاچ به‌ستراوی كه‌ كیسه‌یه‌كی ره‌شی خراوه‌ته‌‌ سه‌ر و گولله‌یه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌ و له‌سه‌رییه‌وه‌ ده‌رچووه‌، له‌سه‌ر پردی4ى موسڵ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و داواى كردووه‌ بچن ته‌رمه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دادوه‌ری موسڵ وه‌ربگرنه‌وه. بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ برای چواره‌م و باوكی سه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ هه‌شت خزم و دراوسێیه‌كیان ده‌ڕۆن بۆ موسڵ، له‌وێ له‌ رێگای په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیان مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ موسڵ ئۆتۆمبێلی ئه‌مبۆلانسیان بۆ دابین ده‌كات تا بچن له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌ بهێننه‌وه‌، دواتر هه‌ر به‌و ئۆتۆمبێله‌ به‌ یاوه‌ره‌ی سه‌رداری برا و عوسمانی باوك تا به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان ته‌رمی سه‌رده‌شتی تیرۆركراو ده‌هێننه‌وه‌. سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس و خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌نیا دوای 8كاتژمێر و 20 خوله‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر یادی‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌پێش كۆلیژه‌كه‌ی له‌ 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی به‌یانی له‌ كاتی چوونی بۆ خوێندن له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوی جلوبه‌رگ مه‌ده‌نی به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نه‌فه‌ری ژماره‌ كاتی به‌غداد رفێندرا و،‌ له‌ ئێواره‌ی دووه‌م رۆژی رفاندنه‌كه‌یدا هه‌واڵی بوونی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ شاری موسڵ‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندرا. سه‌ردار وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یان بوو‌ ته‌رمه‌كه‌ی بینی، دوایین كه‌سیش بوو كه‌ ئه‌وی به‌ زیندوویی بینی، چونكه‌ ئه‌و رۆژی 4ی ئایار سه‌رده‌شت ده‌باته‌ زانكۆ و چه‌ند خوله‌كێك له‌ دوای جێهێشتنی ئه‌وێ رفاندنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. به‌پێی قسه‌ی خوێندكاره‌ شایه‌تحاڵه‌كانی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات كه‌ سه‌رده‌شت له‌ سه‌یاره‌ی براكه‌ی داده‌به‌زێت "دوو پیاوی جل مه‌ده‌نی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت ده‌كه‌ونه‌ قسه، دیاره‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه‌ بیخافڵێنن و نه‌چێته‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی تا سه‌ردار ده‌ڕوات، بۆیه‌ له‌ دوای رۆیشتنی چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ناو سه‌یاره‌یه‌كی جۆری كیا-هۆندای سپی داده‌به‌زن و له‌گه‌ڵ دوو كه‌سه‌كه‌ به‌ زۆر و لێدان ده‌یخه‌نه‌ ناو سه‌یاره‌كه‌‌‌ و ده‌یڕفێنن". به‌شدار برای حه‌و‌ته‌می خێزانه‌كه‌ی به‌ گێڕانه‌وه‌ی رووداوی رفاندنه‌ بۆ (دره‌و میدیا) ده‌یویست ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌پێی شێوه‌ی رفاندنه‌كه‌ی، پێشتر چاودێری و ئاماده‌كاری ورد كراوه‌ بۆ رفاندن و كوشتنی براكه‌ی‌. سه‌رده‌شت له‌‌ وتاری "یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێی دا" له‌باره‌ی ئه‌و رێكارانه‌ی گرتبوویه‌به‌ر بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو ئیهانه‌ و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌ عه‌مید عه‌بدولخالقی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێركرد پێمی گووت له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ژماره‌ی مۆبایله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره‌ بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێ روونادات". هه‌مان رۆژ دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی به‌ رفاندنه‌كه‌ی ده‌زانن له‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسی نزیك كۆلیژه‌كه‌ی كه‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادییه‌ سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كه‌ن و پۆلیس به‌ فه‌رمی له‌ رفاندنی كوڕه‌كه‌یان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام له‌ سێیه‌م رۆژی پاش‌ تۆماركردنی سكاڵاكه‌ له‌ 6ی ئایار و دوای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ موسڵ، له‌ هه‌ولێر له‌نێو هاوار و شیوه‌ن و گریانی هاوڕێ و خوێندكاره‌كان و خزمه‌كانی، ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ دواوه‌ی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو ته‌نی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایه‌وه‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ چیرۆكی رفاندنه‌كه‌ی لێیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌ره‌و گوندی گردعازه‌بان به‌ڕێكرا تا له‌وێ به‌خاك بسپێردرێت. برا گه‌وره‌ی خانه‌واده‌كه‌ی سه‌رده‌شت‌، به‌كرعوسمان ناسراو به‌ ئارام عه‌لی كه‌ ته‌نیا ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه‌ به‌هۆی نیشته‌جێبوونی له‌ وڵاتی سوید نه‌یتوانی دوایین ماڵئاوایی به‌ر له‌ به‌ خاكسپاردنی له‌ براكه‌ی بكات و هێشتا له‌گه‌ڵ ئازاری ساتی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی مه‌رگی براكه‌ی ده‌ژی، له‌باره‌ی راپۆرتی پزیشكی داده‌وری موسڵ و جیاوازی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ به‌ (دره‌و میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوه‌ری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نه‌خۆشخانه‌یه‌‌ کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرته‌كه‌، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبه‌ن". به‌ڵام خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت كاتێك ده‌چنه‌وه‌ هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ پێیان راده‌گه‌یه‌نن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئه‌وان پرسیاری ئەو دکتۆرە ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ به‌ڵام پێیان ده‌ڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گه‌ڕان به‌دوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌ست ناكه‌وێت. سه‌ركه‌وت عوسمان برای سێیه‌می سه‌رده‌شت به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "له‌ دوای هێنانه‌وه‌ی سه‌رده‌شت به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر داوایكرد ته‌رمه‌كه‌ی ببه‌ینه‌ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه‌". دوای تێپه‌ڕبوونی 4 هەفتە بەسه‌ر رووداوه‌كه‌ به‌ناوی پزیشكی دادوه‌ری موسڵ و به‌ رێككه‌وتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوكرایه‌وه‌. ئارام عوسمان له‌ باره‌ی راستی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوه‌کەیان گێڕابووه‌وه‌، به‌شێكی پێچه‌وانه‌ی كاتی رووداوه‌كه‌یه‌ و راپۆرته‌كه‌ به‌ رێككه‌وتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنه‌كه‌ی نووسراوه‌ له‌ كاتێكدا 5ی ئایار گه‌یه‌ندرابووه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌". ‌‌ ئه‌و سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ هه‌بوو ‌‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌جۆرێكی تر نووسراوه،‌ بۆ نموونه‌ "سه‌رده‌شت فیشه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نرابوو كه‌چی له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا شوێنی پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ بۆناو ده‌می ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ و سه‌ركوتكاری نووسین و وتن و بۆئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ نووسیونی". له‌ ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایی شه‌قام و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی دا به‌ ناوی (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كه‌ریم سنجاری، كه‌ ئه‌وكات ناوی لیژنه‌كه‌ به‌هۆی پێكهاته‌ی ئه‌ندامان و فه‌رامۆشكردنی رۆژنامه‌نووس، بوونی كه‌وته‌ به‌ر ره‌خنه‌‌ و لیژنه‌كه‌ش نه‌بووه‌ هۆی ده‌ستگیركردنی بكوژان. رۆژی 15ی ئه‌یلولی 2010 ئاسایشی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ ناونیشانی "ناسنامه‌ی بكوژانی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشكرا ده‌كات"  بڵاوكرده‌وه‌ به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ رفاندنه‌كه‌ی له‌نێو بازگه‌كانی ده‌زگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنه‌وه‌ و تاوتوێكردن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری له‌ سه‌رچاوه‌ی جیاجیا له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌سێكی سه‌ر به‌ گرووپی ئه‌نسار ئه‌لئیسلام -انصار الاسلام به‌ ناوی هیشام مه‌حمود ئیسماعیل ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ ره‌گه‌ز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشه‌ی فیته‌ره‌ له‌ پیشه‌سازی شارۆچكه‌ی بێجی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ شه‌هیدكردنی ناوبراو". له‌ یه‌كه‌م رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له‌ لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هیشام مه‌حمود برایه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر عه‌بدولباست فه‌رهادی له‌ دادگای تاوانەکانی هه‌ولێر. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌ بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی رووداو به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ڵه‌ له‌ دۆسییه‌كه‌ به‌وه‌ی نووسرابوو "له‌ رۆژی 30/8/2010 ئیفاده‌ له‌ تۆمه‌تبار وه‌رگیراوه‌ به‌ڵام له‌ رۆژی 7/9/2010 ده‌ستگیركراوه‌" دادوه‌ر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییه‌كه‌ی دواخست. ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌ له‌ 14ی ئایاری 2013 بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "هیشام مه‌حمود ئه‌و كه‌سه‌ی تۆمه‌تباركرابوو به‌ كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان به‌هۆی نه‌بوونی شاهید و به‌ڵگه‌ له‌سه‌ری ئازادكراوه". به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان "به‌هۆی نووسینه‌كانی و ره‌خنه‌گرتن له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیستهمی سیاسی" تیرۆركراوه‌، ئاماده‌ی هیچ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی هیشام نه‌بوون. بۆیه‌ عوسمان حه‌سه‌ن باوكی سه‌رده‌شت به‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی وتبوو "هه‌ر كاتێك بكوژی راسته‌قینه‌ی كوڕه‌كه‌مان برایه‌ به‌رده‌م دادگا ئه‌و كات ئێمه‌ش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌بین". سه‌رده‌شت له‌ 25/12/1987له‌ گه‌ڕه‌كی كرێكارانی شاری هه‌ولێر له‌‌ دایكبووه، خێزانه‌كه‌ی پێكهاتوون له‌ سێ خوشك‌ و ده‌ برا كه‌ ئه‌و هه‌شته‌مین له‌ دایكبووی كوڕیان بووه‌. سه‌رده‌شت پێشتر له‌ وتاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌هۆی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه ‌كچه‌كه‌ی" لێی كراوه‌، وتاری یه‌كه‌می 348 وشه‌ بوو و وتاری دووه‌می 804 وشه بوو‌، به‌ڵام له‌ دوای تیرۆركردنی له‌ دوو به‌رگی كتێبدا به‌ناوی "سه‌رده‌شت عوسمان" له‌به‌رگی یه‌كه‌مدا 1049 لاپه‌ڕه‌ و له‌به‌رگی دووه‌مدا 866 لاپه‌ڕه له‌ دژی تیرۆركردن و له‌دژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.‌ به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان له‌ رێگای به‌دواداگه‌ڕانی گۆگڵه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی نووسراوی له‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌. به‌شدار‌ له‌گه‌ڵ برا تیرۆركراوه‌كه‌یدا ژوورێكی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌ بۆ خوێندن و خه‌وتن له‌ ماڵه‌كه‌یاندا، ئه‌و تائێستاش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پاراستووه‌ كه‌ له‌ كاتی كوشتنی له‌ نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له‌ وێنه‌یه‌كی خۆی و سێوه‌ی دایكی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی زانكۆ و ته‌نیا 12هه‌زار دیناری عێراقی. سێوه‌ حه‌مه‌ده‌مین كه‌ له‌ دوای تیرۆركردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی بووه‌ته‌ دایكێكی ره‌شپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوه‌كانی ده‌سڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئومێدی به‌ دادگان نه‌مابێت ده‌ست بۆ ئاسمان به‌رزده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێ "حه‌قی سه‌رده‌شتم له‌و خودایه‌ ده‌وێ، ئیللا هاواری ئه‌و خودایه‌ ده‌كه‌م، نوخشه‌ی سه‌دامیان لێ بێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم". سێوه‌ی دایك له‌سه‌ر گڵكۆی كوڕه‌كه‌ی سه‌باره‌ت هاوده‌نگی و هاوخه‌می خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ستبارییان گرتووه‌ له‌گه‌ل خه‌مه‌كانمان، ئه‌و كوڕه‌ زۆربێ گوناه بوو، ده‌چووه‌ مه‌كته‌ب و ده‌هاته‌وه". ئه‌و گێڕایه‌وه‌ رۆژێك له‌سه‌ر زۆر خوێندن گله‌یی له‌ كوڕه‌كه‌ی كردووه‌  پێی وتووه‌ "رۆژێك چاوی خۆت له‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زانه‌ داده‌نێی، ئه‌و وتی دایه‌ خوێندن ئه‌وهای ده‌وێ، زۆر مه‌راقی خوێندن بوو، له‌و رۆژه‌ی چووه‌ مه‌كته‌ب ساقیت نه‌بوو تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وهایان لێكرد". دوای تێپه‌ڕبوونی 8 ساڵ به‌سه‌ر كوشتنی كوڕه‌كه‌یان، خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه‌ كچه‌كه‌ی" له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی تری هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه‌ به‌شدار وتی‌" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه‌ تیرۆری سه‌رده‌شت ته‌نیا له‌ كوشتنی فیزیكی و گوله‌ بۆ ناوده‌می كۆتایینه‌هات به‌ڵكو هه‌موو ئیمكانییه‌تێكی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان خرانه‌ خزمه‌ت ونكردنی بكوژانی راسته‌قینه‌ له‌به‌رچاوی ئێمه‌ و كۆمه‌ڵگا". له‌به‌رئه‌وه‌ "دوای 8 ساڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ لای ئێمه‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ و سه‌رده‌شت له‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌ته‌نیا كوڕی خانه‌واده‌یه‌ك بێت، ئه‌و ئێستا كوڕی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌".  


پێش كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی پیۆنگ یانگ دەكات. پۆمپیۆ دەربارەی سەردانەكەی وتی هیوادارە خشتەی كارەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ترەمپ و ئون تەواوببێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەرئەوەی كە نیمچە دوورگەی كۆریا بكرێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەكی ئەتۆمیی. راشیگەیاند هیوادارە سەركردایەتی كۆریای باكور رێوشوێنی دروست بگرێتەبەر و سێ‌ هاوڵاتی ئەمریكی ئازاد بكات كە لەو وڵاتە دەستگیركراون و ئەو هەنگاوە نیازپاكی پیۆنگ یانگ دەردەخات ئەگەر رووبدات. سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كۆریای باكور دووەم سەردانیەتی بۆ ئەو وڵاتە لەماوەی یەك مانگدا و مانگی رابردوو پۆمپیۆ كە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریكا " سی ئای ئەی " بوو سەردانی پیۆنگ یانگی كرد و لەگەڵ كیم جۆن ئون كۆبووەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش كە یاوەری پۆمپیۆ دەكات لە سەردانەكەیدا بۆ كۆریای باكور رایگەیاند وڵاتەكەی گوێ‌ لە روونكردنەوەی ئەو وڵاتە دەبێت دەربارەی ئەوەی كە پیۆنگ یانگ دەڵێت دەیەوێت گۆڕانكاریی لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی لە بواری ئەتۆمیدا بكات. سەردانی پۆمپیۆ بۆ كۆریای باكور لە كاتێكدایە  دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە و لە میانی راگەیاندنی ئەو هەنگاوەشدا ترەمپ رایگەیاند ئێستا پۆمپیۆ بەڕێوەیە بۆ كۆریای باكور. ترەمپ وتی:" باوەڕمان وایە لەم كاتەدا پەیوەندیی لەگەڵ  كۆریای باكور بونیاد بنێین". دەربارەی كۆبوونەوەشی لەگەڵ كیم جۆن ۆون ترەمپ وتی :" وادەی كۆبوونەوەكە و شوێنەكەی و هەموو شتێكمان دیاریكردووە."  


(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەی لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە وڵاتانی خۆرئاوا لەگەڵ ئێران ئیمزایان كرد. وەك بڕیاربوو، ترەمپ لە وتارێكدا هەڵوێستی كۆتایی وڵاتەكەی لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە ئاشكراكرد و رایگەیاند، پێویستە چاو بە شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ ئێران بخشێنینەوە كە پاڵیشتی لە تیرۆر دەكات. ترەمپ وتی: رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئاشتی لە ناوچەكە بەدینەهێنا و بووە هۆی ئەوەی ئێران بەردەوامی بدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم و گەیشتن بە كەناری بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی. ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر رێگەبدرێت بە بەردەوامبونی ئەو رێككەوتنە، پێشبڕكێی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەكات، ئیسرائیل بەڵگەی یەكلاكەرەوەی خستەڕوو لەبارەی ئەوەی رژێمی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات و بەڵێنەكانی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم درۆ بوو. ترەمپ ئیمزاشی لەسەر فەرمانێك كرد بۆ دەستپێكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. لە یەكەم كاردانەوەدا هەریەكە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا وەكو سێ لایەنی بەشداری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە نیگەرانی خۆیان لە بڕیارەكەی ترەمپ راگەیاند، بەڵام سعودیە و ئیسرائیل و ئیمارات پێشوازی لە بڕیارەكە كرد. حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش دوای بڕیارەكەی ترەمپ لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەریخست ئەمریكا پەیوەست نییە بە رێككەوتن و بەڵێنەكانییەوە. رۆحانی باسی لەوەكرد، دوای كشانەوەی ئەمریكا، ئێستا رێككەوتنی ئەتۆمی تەنیا لەنێوان ئێران و پێنج وڵاتدایە و هەڵمەتێكی دیپلۆماسی دەستپێدەكەن بۆ راوێژكردن لەگەڵ دۆستەكانیان لە ئەوروپا و وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی روسیا و چین سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەگەر بەرژەوەندییەكان نەپارێزران، ئەوان ئێران لە رێككەوتنەكە دەكشێتەوە و ئەوكاتەش هیچ كۆتوبەندێك نامێنێت و دەتوانن دەستبكەنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم. سەرۆكی ئێران بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی بۆ چەند هەفتەی داهاتوو دواخست. باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و ئەندازیاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، لە بەیاننامەیەكی دورودرێژدا كە دوای بڕیارەكەی ترەمپ بڵاویكردەوە رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە لەگەڵ ئێران هەرگیز ئامانج لێی ئەوە نەبوو هەموو كێشەكانمان لەگەڵ ئێران چارەسەر بكات، بەڵام بەبێ بوونی پلانێكی كاری گشتگیری هاوبەش، ئەمریكا دەكەوتە بەردەم بژاردەیەكی شكستخواردوو لە نێوان ئێرانێكی خاوەن چەكی ئەتۆمی یاخود جەنگێكی تر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئۆباما بڕیارەكەی ترەمپی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بە" بڕیارێكی هەڵە" ناوبرد. جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما كە یەكێك بوو لەو كەسانەی رۆڵی هەبوو لە نوسینەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا بەهەمان شێوەی ئۆباما بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بڕیارەكەی ترەمپ ئاسایش ی ئەمریكا لاواز دەكات و لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانمان داماندەبڕێت. روسیاش وەكو لایەنێكی سەرەكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە توڕەیی خۆی لە بڕیارەكەی ترەمپ راگەیاند، دیمیتری بولیانسكی جێگری نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: ئێمە زۆر توڕەین، بەڵام ئەو بڕیارە جێگەی سەرسامی نەبوو. پاولۆ جینتیلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیاش داوای لە هەموو لایەنەكان كرد دوای كشانەوەی ئەمریكا پارێزگاری لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكەن لەگەڵ ئێراندا. لە نوێترین كاردانەوەشدا لەبەیاننامەیەكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئامادەین لەگەڵ ئێران گفتوگۆ لەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ بكەین. سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیكەرانی خۆی لە كشانەوەی ئەمریكای رێككەوتنە ئەتۆمییەكە ریگەیاند.   


بە هۆی بەشداریكردنی لە پرسەی پێنج گەریلای پەكەكەدا دادگایەكی توركیا سزای 20 مانگ زیندانیكردنی بەسەر ژنە پەرەلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دا سەپاند. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی رۆژنامەی زەمانی توركیا دادگای باڵای تاوانەكان لە شاری ئەرزرۆم سزای بیست مانگ زیندانیكردنی بەسەر دیلان تاشدەمیر ژنە پەرلەمانتاری شاری ئاگری هەدەپەدا سەپاندووە بەهۆی ئەوەی بەشداری پرسەی پێنج گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستانی كردووە. لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتارێتی لە 11 پەرلەمنتاری هەدەپە سەندەوە لەناویشاندا فیگەن یۆكسەكداغ هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، هەروەها دەسەڵاتدارانی توركیا لە تشرینی دووەمی 2016ەوە  13 پەرلەمانتاری هەدەپەیان دەستگیركردووە كە یەكێكیان سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتەكەكەیە و ئێستاش جگە لەو پەرلەمانتاران هەزاران ئەندامی هەدەپە لە زیندانەكانی توركیادان.    


لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا و لە كاتێكدا كە تەنها سێ‌ رۆژی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت و گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی روسیا. سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە میدیاكانی پارتی راگەیاندووە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی هەرێم گەیشتوەتە مۆسكۆ و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە. دزەیی ئاشكراشیكردووە نێچیرڤان بارزانی لەلایەن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیا روزنەفتی روسیاوە بانگهێشتی مۆسكۆ كراوە و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم یاوەری دەكات. کۆمپانیای " روزنەفت" کۆمپانیایەکی گەورەی بواری نەوت و وزەیە و بەشێکی زۆری خاوەندارێتییەکەی هی حکومەتی روسیایە و لە هەر‌ێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە و بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کۆنترۆڵکردووە.


                                               گۆڕی سەلاحەدینی ئەیوبیی لە دیمەشق پزیشكێكی ئەمریكی ئەو نەخۆشییە ئاشكرادەكات كە بووە هۆی مردنی سەلاحەدینی ئەیوبی سەركردەی كورد و ئیسلام لە ساڵی 1193ی زانینی و لە تەمەنی 56 ساڵیدا. ساڵانە ژمارەیەك لە پزیشكان و پسپۆران و ئەكادیمیانی بواری پزیشكی لە كۆنگرەیەكدا كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو نەخۆشیانەی كە  كەسایەتییە مێژوویەكان دووچاری بوون  بۆ گەیشتن بە چۆنێتی و هۆكاری مردنی ئەو كەسایەتییانە، ئەمساڵ بایەخ بە هۆكار و چۆنێتی مردنی سەلاحەدینی ئەیوبی درا، ئەو سەركردە كوردە ئیسلامییەی كە لە مێژووی جیهاندا ناوبانگی هەیە. ستیڤن گڵۆكمان پزیشك لە كۆلێژلا پزیشكی زانكۆی بەنسلڤانیا، چەندین زانیاری دەربارەی تێكچوونی باری تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی كۆكردووەتەوە و توێژینەوەكەی لە چواری ئایاری ئەمساڵدا لە كۆنگرەكەدا خستەڕوو، هەرچەندە دیاریكردنێكی ورد و تەواوەتی هۆكاری مردنی دوای 800 ساڵ تێپەڕین بەسەر كۆچی دوایی سەلاحەدینی ئەیوبیدا زۆر قورسە. ئەو پزیشك  پسپۆرە ئەو هۆكارەی راگەیاند كە زۆر نزیكە لەوەی كە سەلاحەدینی ئەیوبی پێی كۆچی دوایی كردبێت. بۆ یەكەمجار ساڵی 1185 باری تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی تێكچوو، كاتێك تەمەنی 47 ساڵ بوو، بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەكان هیچ نیشانەیەكی ورد و جۆری نەخۆشییەكەی   دیارنەبوو لە ماوەی دوو مانگدا. پاشان و لە ساڵی جارێكی تر لە ساڵی 1190 دا دۆخە تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی خراپ بوەوە، و چەندین جار دووچاری تایەكی قورس و هۆكار نادیاربوو، بۆماوەی یەك مانگ لە جێگە نەهاتە دەرەوە، كاتێك تەمەنی گەیشتە 56 ساڵ سوڵتان سەلاحەدین دەیناڵاندا بەدەست تا و ئازاری گەدە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و قورس هەرسكردن، هەروەها بەدەست ژانەسەر و خوێنبەربوونیشەوە دەیناڵاند، رۆژی حەوتەمین و هەشتەمینی نەخۆشیەكەیدا مێشك و یادەوەریشی ئاڵۆزبوو، لە رۆژی یانزەیەمینی نەخۆشیەكەیدا ئارەقێكی زۆری كردەوە و بەرەبەرە هۆشی لەدەستدا و لە رۆژی چواردەیەمدا كۆچی دواییكرد. ستیڤن گڵۆكمان لە توێژینەوەكەیدا ئاماژەیبەوەداوە كە شێواز و نیشانەكانی نەخۆشییەكەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە نیشانە نەخۆشییەكانی تاعون و سیل  و ئاوڵە نەچووە، بەڵكو راسترین ئەگەر ئەوەیە كە بە نەخۆشی " گرانەتا " كۆچی دواییكردوووە و هۆكاری سەرەكی توشبوون بەو نەخۆشییەش بەكتریای " سالمۆنێلایە". سەرچاوە: روسیاالیوم وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ  


راپۆرت: رۆیتەرز وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ساڵی 2014 خەڵكێكی زۆر كەم لە دەرەوەی عێراق ناوی حەیدەر عەبادییان دەزانی، كاتێك لە كەسایەتییەكی تاڕادەیەك نەناسراوەوە بوو بە سەرۆكی وڵاتێك كە بە بارێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕی. عەبادی وەكو كاندیدی چارەسەری مامناوەند لەدوای دورخستنەوەی نوری مالیكی لە ململانێكان لەسەر دەسەڵات دەركەوت، لە مانگی ئەیلولی ئەو ساڵەدا دوای دوو مانگ لە كۆنترۆڵكردنی روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعش و راگەیاندنی خەڵافەت، عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران. دوای چوار ساڵ عەبادی ئاڵنگاری پێشبینی سوپایەك لەو كەسانەی كرد كە گومانیان لە تواناكانی دەكرد. سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا راگەیاند و ئاگری ئاڵۆزییە تائیفییەكان كوژراندەوە كە مالیكی خۆشی كردبوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننیدا چاككرد و پارێزگاری لە یەكێتییە لەرزۆكەكەی عێراق كرد بە روبەڕوبونەوەی هەوڵێكی شكستخواردووی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی. هەروەك عەبادی كاریكرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە ناكۆكەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا وەكو دوو پاڵپشتكاری سەرەكی خۆی. عەبادی پێشتر ئەندازیاری كارەبا بووە، ماوەیەك لە ماوەكان بەرپرسی بەشی چاككردنەوەی ئەسانسۆر (مصعد)ەكانی ئێزگەی بەریتانیا (بی بی سی) بووە، لەو ساڵانەی كە بەناچاری لە بەریتانیا پەناهەندە بوو. ئەو گرەو لەسەر ئەو دەستكەوتانە دەكات كە لە پۆستەكەیدا بەدەستیهێناون بۆ بردنەوەی ویلایەتی دووەم لەو هەڵبژاردنەدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت. بەڵام سەركەوتن زامن نەكراوە. وەكو هەموو ئەوانەی كە لەدوای روخانی سەددام حسێنەوە لە ساڵی 2003 پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە، حەیدەر عەبادی (66 ساڵ) سەربە پێكهاتەی زۆرینەی شیعەیە، بەڵام دەنگی شیعەكان، كە وەكو هەمیشە پێویستە بۆ بردنەوە و وەرگرتنی مافی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، دابەشبووە. بەپێچەوانەی مالیكییەوە كە ئەو شیعانە سەرسامن پێی كە ترسیان لە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە لەگەڵ كەمینەی سوننە و كورددا، عەبادی روبەڕوی هادی عامری دەبێتەوە كە فەرماندەیەكی جەنگییە و وەكو یەكێك لە پاڵەوانەكانی شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەماشادەكرێت. عەبادی هەستی بەوە كردووە كە ناكرێت بە تەنیا گرەو لەسەر دەنگی شیعە بكرێت، ئەو چاوی لە بنكەیەكی فراوانتری دەنگدەرانە. عەبادی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی عێراق بە لیستێك "هاوپەیمانی سەركەوتن- نەچر" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتییە كە لەسەر ئاستی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن بكات. بەدر فەحل كە پەرلەمانتارێكی سوننەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەیەوێت بۆ چوارەمینجار ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان، لیستەكەی عەبادی هەڵبژاردووە بۆ چونەناو هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە لیستەكە هەموو پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و كەسی پەراوێز نەخستووە. بەدر فەحل لە بارەگای هاوپەیمانی سەركەوتن لە تكریت بە (رۆیتەرزی) وت" بەڕێز عەبادی كوتلەیەكی پێكهێناوە كە تائیفیەتی تێپەڕاندووە. ئەو تاكە كوتلەیە لە ساڵی 2003 وە. ئەو كوتلەیە پێكدێت لە 18 پارێزگا، هەموو پارێزگاكانی عێراق، لە سوننە و شیعە و كورد و مەسیحی و ئێزدی". ئاماژەی بەوەكرد" هەست دەكەین بەڕێز عەبادی گوتارێكی تائیفی نییە، دەیەوێت وڵات بنیادبنێت، پشتیوان بەخوا قۆناغی داهاتوو قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنان دەبێت". فەحل وتی عەبادی لە پارێزگا سونییەكان ئازادی تەواوی بە هاوپەیمانە سیاسییەكان داوە لە هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەسەر لیستەكەی. رونیكردەوە كە لیستی هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای سەڵاحەدین هەمویان سوننەن. وتاری سەركەوتن تەنانەت عەبادی مانگی رابردوو سەردانێكی دەگمەنی كرد بۆ پارێزگا كوردییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك هیچ كەسێك وای نابینێت دەرفەتێكی وەهای لەبەردەمدا بێت بۆ راكێشانی كاندیدە كوردەكان كە هێشتا توڕەن لەو هەڵمەتەی كە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی رابردوو، كردیەسەر هەرێم كە بەشێوەیەك لە شێوەكان حوكمێكی ئۆتۆنۆمی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە سوننەكان هەست بە هەندێك توڕەیی دەكەن بەرامبەر بەو حكومەتەی كە شیعە سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی ئەو جەنگ و وێرانكارییەی كە بەر زۆرینەی ناوچەكانیان كەوت لەگەڵ هاتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا. بۆیە سەرباری ئەمەش زۆر كەس عەبادی بە باشتر سیاسەتمەدارەكانی تری شیعە دەزانن، چونكە خۆی لە تائیفیەت بەدور گرت، بەڵام ئەمە نابێت بە دەنگ بۆ كاندیدەكانی. هەروەها روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامبونی گەندەڵی و سەختی دۆخی ئابوری كە بەهۆی شەڕو رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان لەلایەن حكومەتەوە، قورستر بووە، هاوكات هەڵوێستی پاڵپشتیكارانەی ئەو بۆ كەرتی كار لە وڵاتێكدا كە زۆرینەی خەڵكەكەی فەرمانبەری دەوڵەتن و متمانەیان بە كەرتی تایبەت نییە. مەحمود غەزبان كە خوێندكارە لە شاری نەجەف كە شارێكی پیرۆزە لای شیعەكان وتی" عەبادی پیاوێكی رۆشنبیر و سیاسییەكی تەوافوقییە، بەڵام كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی بۆ هێناین". عەبادی دركی بەم خاڵە لاوازە كردووە، بۆیە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەكات. عەبادی لە كانونی یەكەمدا سەركەوتنی راگەیاند دوای هەڵمەتێكی سەخت كە سێ ساڵ بەردەوام بوو بۆ رزگاركردنی عێراق لەو توندڕەوانەی كە لە ماوەیەك لە ماوەكاندا دەستیان بەسەر یەك لەسەر سێی روبەری عێراقدا گرت. بۆ بەدیهێنانی ئەوە، لە یەككاتدا پاڵپشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران وەرگرت و هەردوولایان خۆیان بەدورگرت لە ململانێی هەرێمایەتی بۆ شكستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكایەتی دەكرد سەرەنجی خستبووە سەر دووبارە بنیادنانەوە و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی لە ناوچووەكەی عێراق، هاوكات بەشێوەی نیمچە رۆژانە گورزی ئاسمانی دەوەشاند و گروپە شیعەكانیش كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لەناو تەونی كۆمەڵگەی عێراق و دەزگاكانی دەوڵەتدا یەكخراون و بوون بە پاڵپشتییەكی سەربازی زیندوو بۆ هێزەكانی حكومەت. لێهاتوویی عەبادی لە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەكاتێكدا كە ئاڵۆزییەكان بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران توند دەبونەوە، بووە هۆكار بۆ ئەوەی بیكات بە باشترین كاندید لەلای هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان كە لەدوای راماڵینی عێراقەوە بەر لە 15 ساڵ هیچ شتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی وەكو دەستكەوت نیشانی بدەن، جگە لە توندوتیژی و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك دامەزراوەی بیمار. هەروەك عەبادی بەهۆی چاككردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییە سوننەكان ستایش كرا، ئەوەش ستراتیژییەتێك بوو كە مالیكی دژی بوو. رێز نەك حەماس سەرباری ئەوەی یار و نەیارەكانی عەبادی لەسەر ئەوە هاوڕان كە ئەو بە سروشت سیاسی نییە، بەڵام دەڵێن بە بەراورد بە سەرەتا كە پۆستەكەی وەرگرت دوودڵَ بوو، ئێستا متمانەی زیادی كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەكو رێبەرێكی شپرزە دادەنرێت لە بڕیارداندا و وا بە باش دەزانێت بۆ ماوەیەكی درێژ راوێژ لەگەڵ راوێژكار و ئەندامانی پەرلەماندا بكات. سێ دیپلۆماتكاری خۆرئاوایی لە بەغداد وتیان، حكومەتەكانیان عەبادی بە ئاسانترین كاندید دادەنێن كە بكرێت كاری لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەم نەرمونیانییە لە هەندێك لەو دەزگایانەی كە وەكو ئامرازێكی دەستی بیانییەكان ئەژماردەكرێن، گوزارشت لە لاوازی دەكات. فەلاح عەبدوڵا كە ئەفسەرێكی خانەنشینی پۆلیسە (65 ساڵ) لە گیارە كە دەكەوێتە دوری (60 كیلۆمەتر) لە باشوری موسڵ وتی" عەبادی پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام كۆنترۆڵی بەسەر بڕیارەكانیدا نییە. لەنێوان ئەوەی ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت هاتوچون دەكات". ئەمە پەیوەندییەكی گەورەی بە كەلەپوری پێش خۆیەوە هەیە كە مالیكییە و خاوەنی كەسایەتییەكی جەمسەرگیرە كە ئامادەگییەكی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بەتایبەتی لەبەر رۆشنانی دابەشبوونی دەنگی شیعەكاندا. سەرباری ئەوەی زۆر كەس بەرپرسیارێتی لەدەستدانی كۆنترۆڵ بەسەر روبەڕێكی گەورەی وڵات لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی و گەندەڵی لە وەزارەتە گەورەكانی عێراق دەخەنە ئەستۆی مالیكی، بەڵام هێشتا بنكەی جەماوەری گەورەیە و وەكو رێبەرێكی بەهێز تەماشا دەكرێت كە بەڕووی خۆرئاوادا وەستا و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی شیعە كرد. هاوكات عەبادی روبەڕوی ركابەرێتی توندی عامری رێبەری رێكخراوی بەدر دەبێتەوە كە گەورەترین لایەنی شیعەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر هەمان گوتاری لیستەكەی عەبادی دەكات. عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبییە كە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و رۆڵێكی گەورەی بینی لە شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دوای ئەوەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بانگەوازی كرد بۆ هەڵگرتنی چەك. لەكاتێكدا كە زۆرێك لە عێراقییەكان رێز لە عەبادی دەگرن، كە ئەمەش شتێكە زۆرێك لە دەستەبژێری سیاسی عێراق ناتوانن بانگەشەی بكەن، بەڵام ئەوەی تائێستا پشتیوانی كردووە تەنیا گوتاری سەركەوتن (النصر)ە،  نەك هەر ئەمە بەڵكو زۆرێك لەوانەی كە دەیانەوێت دەنگ بە عەبادی بدەن دەڵێن ئەوان لەبەر ئاڕاستەی كرداریی دەنگی پێدەدەن نەك لەبەر حەماسەتی ئەو. ئەحمەد هادی (32 ساڵ) كە لە سۆپەرماركێتێك لە بەغداد كار دەكات وتی" عەبادی باشترینی خراپەكانە، وەكو سەرۆك وەزیران دەمێنێتەوە و ئاشتی و بنیادنانەوەی عێراق بەردەوام دەبێت".  


"ڕێگە نادەین سازانی سیاسی درێژە بكێشێت" ئەمە دواین قسەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانییە لەبارەی دۆخی سیاسی عێراقەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگە ڕۆژنامەوانییەكەی كە وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەمڕۆ عەممار حەكیم لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، هاوكێشەی سیاسی خواستەكانی گەلی عێراق بەدیناهێنێت و پارێزگاری لەسەروەری خاك و ئاسایشی نەتەوەیی ناكات و هاوكێشەیەكی شكستخواردووەو شایەنی تازەكردنەوە نییە. حەكیم وتویەتی: ڕێگە بە دەستدرێژكردنە سەر سەروەری خاك و بڕیاڕی سیاسی عێراق نادەین، ئەگەر لەپێناوەدا ژیانیشمان دابنێن.    سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەڵێ" ڕێگە بە بەردەوامبونی سازانی سیاسی نادەین لەسەر حسابی پێشكەشكردنی خزمەتگوزرای و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و ئەو ناڕەزایەتیانەی كە بەهۆی لێنەپرسینەوە لە گەندەڵكاران كۆمەڵگا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.  


وەرگێڕان و ئامادەکردنی: نامیق رەسول "خوازیارم كە مردم، ترەمپ بەشداری مەراسیمی ناشتنەكەم نەكات" ئەمە نامەیەكی جۆن مەككەین سیناتۆری كۆمارییەكان و سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكانە لە ئەنجومەنی پیران بۆ كۆشكی سپی ئەمریكا. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی رۆژی شەممە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی خێزانی مەككەینەوە بڵاویكردەوە، رایگەیاند، مەككەین خوازیارە مایك پێنس جێگری سەرۆك وەك نوێنەرایەتی كۆشكی سپی بەشداری مەراسیمی ناشتنی بكات ئەگەر كۆچی دوایی كرد. مەككەین لە وتەیەكیدا كە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە دەڵێت:" ترەمپ نوێنەرایەتی بەهاكانی ئەمریكا ناكات كاتێك ستەمكاران بە باشە وەسفدەكات و گومان لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات و  پشت لە پرسی مافەكانی مرۆڤ دەكات و رقی لە پەنابەرانە". " شەپۆلی دڵەڕاوكێ" مەككەین لە بیرەوەرییەكانیدا كە بەناونیشانی " شەپۆلی دڵەڕاوكێ‌" كە بڕیاری 2ی ئایار بڵاوبكرێتەوە، ترەمپی بەمشێوەیە وەسفكردووە:" دۆستی ستایش و دوژمنی رەخنەیە". هەروەها مەككەین گاڵتەی بە دوو راوێژكاری پێشووی ترەمپ كردووە كە بریتین لە (ستڤن بانۆن) و (سیباستیان گۆركا) و دەڵێت: " زۆر لە ترەمپ نامۆترن" و خۆشحاڵی خۆشی بە دووركەوتنەوەیان لە كۆشكی سپی دەربڕیوە كە بەوتەی ئەو لەدوای " گیرخواردنی ویلیام تافت لە گەرماو" كۆشكی سپی رووداوی نامۆی وەهای بەخۆیەوە نەبینوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ چیرۆكی سەرۆكی ئەمریكا ویلیام تافت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەدا كە لەكاتی خۆشۆردنیدا لە كۆشكی سپی لە ناو حەوزی گەرماوەكەیدا گیری خواردبوو. ترەمپ لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ساڵی 2016 مەككەینی بەوە وەسفكردبوو كە " پاڵەوانێكی راستەقینە " نیە، مەككەین یەكێكە لەو كەسانەی بە توندی پشتیوانی لەو لێكۆڵینەوەیە دەكات، كە مۆلەر لەسەر پرسی دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ترەمپ، ئەنجامیدەدات. پاڵەوانی جەنگ مەككەین (81 ساڵ) كە ئێستا دوچاری شێرپەنجەی مێشك بووە و چارەسەر وەردەگرێت، بە پاڵەوانی جەنگ و رێوی سیاسەت و قسەلەڕوو وەسفدەكرێت. مەككەین لە 29ی ئابی 1936 لەدایكبووە، لەسەرتای لاوێتیدا پەیوەندی بە ریزەكانی سوپای ئەمریكا كردووەو بووەتە فڕۆكەوانی جەنگی لە هێزی دەریایی لەمیانی جەنگی ڤێتنام، پێنج ساڵ لە ڤێتنامی باكور دیل بووە. مەككەین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە باڵی هەڵۆكانە و یەكیك بوو لە بەهێزترین ئەو كەسانەی پشتگیری لە شەڕی عێراق و زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكای كرد لە عێراق بە فەرماندەیی ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس، بەڵام لە شەڕی داگیركردنی عێراقدا دۆناڵد رامسفیڵدی وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمریكای بە " یەكێك لە خراپترین وەزیرەكانی بەرگری لە مێژوودا" وەسفكرد، هەروەها رەخنەشی لە ئیدارەی بۆش گرت لە مامەڵەی لەگەڵ ململانێكانی عێراقدا. مەككەین بە توندی رەخنەی لە گواستنەوەی دەستگیركراون بە تۆمەتی تیرۆر گرت بۆ زیندانیی نهێنی لە وڵاتانێك كە شێوازی لێكۆڵینەوەی نایاسایی تێدا پەیڕەودەكرێت هەروەها دژی بەكارهێنانی ئەشكەنجەدانیش بوو، سەركەوتوو بوو لە داڕشتنی یاسایەك كە بەكارهێنانی شێوازی توند و نامرۆیی و ناپیشەیی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گومانلێكراواندا قەدەغەدەكات. تێپەڕاندنی حزبایەتی مەككەین هەرگیز دوودڵ نەبووە لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ سیناتۆرە دیموكراتەكاندا لە كۆنگرێس بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، لەگەڵ (جۆ لیبەرمان) سیناتۆری دیموكراتی لە ئەنجومەنی پیران یاساییەكیان بۆ سنوداركردنی بڵاوبوونەوەی گازی كاربۆن داڕشت، هەروەها ساڵی 2007 پرۆژە یاسایەكی بۆ كۆچ بۆ هەردوو حزبەكە داڕشت و ئەگەر پەسەندبكرایە رێگەی بە لێخۆشبوون لە كۆچبەرە نایاساییەكان دەدا، بەڵام كۆتوبەندی توندی بەسەر سنورەكاندا دەسەپاند. مەككەین بۆچوونی وابوو ئەوانەی لە ئەمریكا بەبێ‌ مۆڵەت كاردەكەن، پێویستە مافی بەدەستهێنانی هاوڵاتیبوونیان پێببەخشرێت، ئەو بۆچوونەشی لەگەڵ بۆچوونی بەشێكی زۆر لە سیناتۆرە كۆمارییەكاندا یەكناگرێتەوە. ئەوەی كە مەككەینی بەلای دەنگدەرانی ئەمریكاوە سەرنجڕاكێش كردووە، ئەو كەسایەتیەیەتی كە لە چەند ساڵی خزمەتكردنیدا لە هێزی دەریایی ئەمریكا بونیادیناوە، هەروەها ئەو كوڕی ئەدیمراڵێكی گەورەی هێزی دەریاییە و ساڵی 1958 ئەكادیمایی دەریایی ئەمریكی تەواوكردووە و دواتر 22 ساڵ وەك فڕۆكەوان لە هێزی دەریاییدا كاریكردووە. مەككەین لە شەڕی ڤێتنام بەشداری كردووە ساڵی 1967 بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش لە مردن رزگاریبوو كاتێك مووشەكێك تەنكی سوتەمەنی فڕۆكەكەی پێكا، لە كاتێكدا دەیویست بە فڕۆكەكەی لەسەر كەشتی فڕۆكەهەڵگری "فۆریستاڵ" بەرەو ئەركێك بفڕێت و بەهۆی گڕگرتنی ئەو سوتەمەنییەوە (135) سەربازی هێزەكانی ئەمریكا مردن و دوای سێ‌ مانگیش فڕۆكەكەی لەسەر ئاسمانی باكوری ڤێتنام خرایە خوارەوە و لەلایەن ڤێتنامییەكانەوە بەدیلگیرا و هەتا ساڵی 1973 لایان مایەوە، وەكو خۆی باسی دەكات لەو ماوەیەدا مەككەین رووبەرووی لێدان بوەتەوە، بەهۆیەوە جوڵەی یەكێك لە قۆڵەكانی كەمبوەتەوە" مەككەین تاوەكو ساڵی 1981 لە سوپادا ماوەتەوە و پاشان خانەنشینكرا. ژیانی سیاسیی دوای خانەنیشبوون مەككەین چووە ویلایەتی ئەریزۆنا و لەوێ‌ سیاسەتی دەستپێكرد و ساڵی 1982 كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا و دوای چوار ساڵ كورسییەكی ئەنجومەنی پیرانی بردەوە و لە نەوەدەكانیشەوە رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ڤێتنامدا. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2000 ركابەری جۆرج بۆشی كوڕی كرد و كەسایەتییەكەی پشتیوانییەكی زۆری لێكرد و لە هەڵبژاردنی بەراییدا لە ولایەتی نیوهامپشیێر سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام رووبەڕووی زنجیرەیەك لە هێرش بووەوە، كە ركابەرێتییەكەی بووە ناكۆكیی و ململانێیەكی توند، ئەوەش وایكرد ئەندامە راستڕەوەكانی پارتی كۆماریی ناكۆك بن لەسەری. لە سیاسەتی دەرەوەدا، مەككەین پشتگیری لە هەڵوێستەكانی بۆش كرد سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و چەندینجار جەختیكردووەتەوە لەسەر زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ نەهێشتنی توندوتیژی. ساڵی 2008 مەككەین بووە كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام لەبەرامبەر باراك ئۆباما كاندیدی دیموكراتەكان شكستیهێنا بە رێژەی 365 بەرامبەر بە 173 نوێنەر لە كۆمەڵگەی هەڵبژاردن و 53% بەرامبەر بە 46% لە ژمارەی دەنگەكاندا. دوای ئەوە مەككەین هەڵوێستی زیاتر پارێزگارانەی وەرگرت و دژی زۆرینەی سیاسەتەكانی ئیدارەی ئۆباما وەستایەوە لەسەر ئاستی دەرەوە، لە ساڵی 2015 بووە سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیران و هەروەها یەكێكیش بوو لەوانەی كە زۆر جەختیان لە گرتنبەری هەڵوێستی توند لەدژی ئێران دەكردەوە. كاتێك "بەهاری عەرەبی" ساڵی 2011 دەستیپێكرد، مەككەین حوسنی موبارەك سەرۆكی ئەو كاتەی میسری هاندا دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و داواشی لە ئەمریكا كرد هەڵوێستی پشتیوانی لە دیموكراتیەت بگرێتەبەر لە ناوچەكە، سەرەڕای مەترسی ئەوەی كە ئیسلامییەكان لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەسەڵات بگرنەدەست. سەرچاوە: بی بی سی  


ئامادەکردنی: درەو بڕیارە كاتژمێر دووی پاشنیورۆی ئەمڕۆ بە كاتی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارەكەی لەبارەی چارەنوسی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران ڕابگەیەنێت، (ئەماندا ئیریكسۆن) خانمە نوسەری ئەمریكی  لە شرۆڤەیەكدا كە لەڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردوەتەوە، دەڵێت:" ترەمپ لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی توندتر بەرامبەر ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕاوێژكار و بەرپرسی میانڕەوی ئیدارەكەی گۆڕیوە بەو كەسایەتیانەی كە دژایەتی توندی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكەن، لە نمونەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا". وێڕایی ئەوەی ڕاوێژێكی زۆری لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا كردوە لەوبارەیەوە، كە بەیەكێك لەوانە دادەنرێت ك زۆرترین ڕەخنەی لە ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنە هەیە. سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان بەشێك لە شارەزایان پێیانوایە ترەمپ رێكەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، هەندێكی تریش پێشبینیدەكەن سزاكان بخاتەوە سەربانكی ناوەندی ئێران و ئەگەریش هەیە سزاكان پیاوانی خاوەنكار و دامەزراوە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتەش بگرێتەوە. بەشێك لە لێكدانەوەكانی تر باس لە ئەگەری قۆناغ بەندی بەردەوامبوون لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكەن وەك لەوەی بە تەواوی هەڵیبوەشێنێتەوە، بەم ڕێكارانە: 1-    ترەمپ هیچ سزایەكی نوێ‌ بەسەر ئێراندا نەسەپێنێت. 2-    درێژكردنەوەی مۆڵەت بۆ دواینجار بەر لە نوێكردنەوەی سەپاندنی سزاكان. 3-    گەڕاندنەوەی سەپاندنی سزاكان لەگەڵ جێبەجێنەكردنی بەشێوەیەكی دەستبەجێ‌. 4-    گەڕاندنەوەی سەپاندنی سزاكان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەمریكا دەستبەجێ‌ دەستدەكات بەسزادان لەبەرامبەر پێشێلكردنی ڕێكەوتنەكە. 5-    ترەمپ بڕیاری سەپاندنی زیاتر و زۆرتر لەوەبدات كە پێویستە ئەنجامیبدات. وەك دەوترێت، بڕیارەكانی ترەمپ هەرچیەك بن بەهۆی پیشاندانی خواستی بەپابەندبون بەمەرجەكانی، ڕێككەوتنەكەی بەشێوەیەكی كوشندە لاواز و بێ كاریگەر كردووە. كاردانەوەكانی بڕیارە چاوەڕوانكراوەكەی ترەمپ حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەمرۆ ڕایگەیاندوە، ڕەنگە وڵاتەكەی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ‌ مانگ ڕووبەڕووی هەندێك كێشە ببێتەوە ئەگەر ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە پاشەكشێ‌ بكات، بەڵام وەك خۆی وتویەتی، دەتوانن تێیپەڕێنن. ئەوە لەكاتێكدا، دوێنێ‌ دووشەممە ڕۆحانی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ئێران لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەدا بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش لێیبكشێتەوە، تەئكیدیشیكردوە، وڵاتەكەی بە توندی بەڕووی فشارەكانی ئەمریكادا دەوەستێتەوە كە ئامانجی سنورداركردنی پێگەیەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئیمانویڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كە بە دۆستێكی نزیكی ترەمپ ناسراوە، سەبارەت بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەڵێت، ئومێدەوارن پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی ڕێككەوتنی ساڵی 2015 بكەن و داواشدەكات سێ‌ پرس بۆ تاتوێكردن بخرینەڕوو، ئەوانیش كۆنترۆڵكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانە لەدوای ساڵی 2025 و پرۆگرامە موشەكە بالستیەكان و كێشە سەرەكییەكانی ناوچەكە. حكومەتی ئەڵمانیاش لەزاری وتەبێژەكەیەوە ڕایگەیاندووە، لە هەڵوێستە ڕەخنەییەكانی ترەمپ بەرامبەر ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە تێناگەن و وڵاتەكەی هیچ هۆكارێك شك نابات تا سەرلەنوێ‌ ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییە گرنگە ڕووبەڕووی مەترسی بكاتەوە. هاوكات ناوەندە ئابورییەكانی ئەڵمانیش هۆشداریان داوە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكە و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ڕووبدات پێشهاتێكی دڵخۆشكەر نابێت بۆ ئابوری ئەڵمانیا.   سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكە ڕەتدەكاتەوە، لاڤرۆڤ لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بە ڕۆژنامەنوسانی وتوە، وڵاتەكەی نیگەرانە لە هەڵوێستی ترەمپ و بەرگری لە ڕێككەوتنەكە دەكات كە جێی ڕەزامەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و بەشێوەیەكی كرداری ئاسایش و سەقامگیر ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەهێزكردووە. بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیش لەوبارەیەوە وتویەتی: كشانەوە لەڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەم كاتەدا هەڵەیە و دەكرێت كەموكورتیەكانی چارەسەربكرێن.   جۆنسۆن ئاماژەی بەوەشكردوە، تاران سود مەندی یەكەم دەبێت لە كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنەكە. سەرچاوە: ئاژانسەکان  


(درەو میدیا): لەسەر بانگهێشتی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ هاوسەرەكەیدا سەردانی ئیسرائیلی كرد. نەتانیاهۆ بۆ خوانی ئێوارە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن و هاوسەرەكەی بانگهێشتی ماڵەكەی خۆی كرد، بەپێی هەواڵێك كە سایتی ژاپۆن بە زمانی عەرەبی لەسەر لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە، لەو ئێوارە خوانەدا چێشتلێنەرەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پێڵاودا شیرینی بۆ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن و هاوسەرەكەی داناوە. تائێستا حكومەتی ژاپۆن بە فەرمی هیچ قسەیەكی لەبارەی ئەو روداوەوە نەكردووە، بەڵام میدیاكان رەخنە لەو هەڵسوكەوتە دەگرن و وەكو سوكایەتی بۆ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن ناوی دەبەن.  


بەپێی هەواڵێك كە كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی رۆژی (30-9-2018)ی دیاریكردووە وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. بەپێی رێوشوێنی یاسایی، حكومەت پێشنیازی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئاڕاستەی پەرلەمان دەكات و لە پەرلەمان بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدات پاش وەرگرتنی راوبۆچونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان. كەناڵەكە لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە ئەنجومەنی وەزیران هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكردووە، ئایا هەڵبژاردنەكە تەنیا هەڵبژاردنی پەرلەمانییە یاخود هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەگرێتەوە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دیارینەكردووە كە 30 مانگی نیسان خولی چوار ساڵی یاساییان تەواوبوو. لە هەرێمی كوردستان بڕیاربوو رۆژی 1-11-2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی بەڕێوەبچێت، بەڵام پەرلەمان بەبەهانەی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەشت مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوە و هەڵبژاردنەكەشی دواخست. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 2005 وە تاوەكو 2017 پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەبوو، دوای شكستهێنانی ریفراندۆم پۆستەكەی بەجێهێشت و دەسەڵاتەكانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دابەشكرد بەسەر سەرۆك وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدا. مەسعود بارزانی ساڵی 2005 بەهۆی رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەرگرت، لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە كۆچكردووە جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لە پشكی كورد وەرگرت. ئەم رێككەوتنە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان ئێستا كۆتایی هاتووە، جەلال تاڵەبانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت، ئێستا لە ژیاندا نەماوە، مەسعود بارزانیش پۆستەكەی جێهێشتووە. رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئێستا گفتۆگۆ لەناو لایەنە كوردییەكان چڕبوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كوردە بەر چ لایەنێك دەكەوێت، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی بەمدواییە لە لێدوانێكدا رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار هەروەكو پشكی یەكێتی دەمێنێتەوە و كەسێك لە یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق وەردەگرێت. بەڵام نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دواترو لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق بۆ هیچ لایەنێك یەكلانەبوەتەوە و دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت. ئێستا هاوسەنگی و رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەبارەی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق) تێكچووە، چەندجارێك بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەناچێت، بۆیە پێدەچێت ئەو پۆستە بەبەتاڵی بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكرێت.    


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و كاندیدی  " ئاكەپە " و " مەهەپە" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا میدیاكانی قۆرغكردووە و ئامادەش نیە لە دیبەتی تەلەفزیۆنیدا رووبەڕووی كاندیدەكانی تر ببێتەوە. ئەردۆغان رۆژی دووشەممە حەوتی ئایار داوكارییەكی كاندیدەكانی ئۆپۆزسیۆنی بۆ ئەنجامدانی دیبەیتی تەلەفزینی رەتكردەوە و لە وتەیەكیدا لە ئەنكەرەی پایتەخت لە وەڵامی موحەڕم ئەنجیە كاندیدی " جەهەپە" دا وتی " نامەوێت بەشداری لە دیبەیتەكاندا بكەم لەسەر تەلەفزیۆن، چونكە نامانەوێت كەس لەسەر حسابی ئێمە خاڵ تۆماربكات." ئەنجیە كە كاندیدی پارتی گەلی كۆمارییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وتی:" با لەسەر تەلەفزیۆن دیبەیت بكەینن رێگەبدەن با باس لە خەونەكانمان بكەین لە بارەی توركیاوە و ئەمە توركیا دەگەیەنێتە ئاستی وڵاتە پێشوكەوتووەكانەوە." میدیا سەرەكییەكانی توركیا و لە ناویشیاندا كەناڵی " تی ئاڕ تی" حكومیی لەو كاتەوەی كە بڕیاردراوە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا پێشبخرێت بۆ 24ی حوەزیران هیچ بایەخێك بە كۆنگرە و چالاكیی كاندیدە ئۆپۆزسیۆنەكان نادەن و رووماڵی ناكەنن لە كاتێكدا هەموو وتارەكانی ئەردۆغان راستەوخۆ دەگوازنەوە ئینجیە لەو بارەیەوە وتی :" هیچ هیوایەكم نییە كە دەزگاكانی راگەیاندن زانیارییەكان بە دروستی و پاكیی بگوازنەوە."  


فیلمی درامی فەرەنسی “Girls of the Sun” یان " كچانی خۆر"  یەكێكە لەو فیلمانەی بەشداری حەفتاویەكەمین خولی فێستیڤاڵی " كان" دەكات. فیلمەكە باس لە یەكەیەكی كچە شەڕڤانەكانی كورد دەكات كە لە رۆژئاوای كوردستان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دەجەنگ، فیلمەكە لەلایەن " ئیڤا هاسۆن"ەوە دەرهێنراوە و كچە ئەكتەری ئێرانی " گوڵشیفتە فەرەهانی" تێیدا رۆڵی كچە شەڕڤانێكی كورد دەبینێت كە فەرماندەیەكی یەكەیەكی كچە شەڕڤانەكان دەكات بۆ رزگاركردنی شارۆچكەیەكی رۆژئاوای كوردستان لەدەست چەكدارانی داعش. فیلمەكە چەند رۆژێك پێش دەستپێكردنی چالاكییەكانی فێستیڤاڵی كان مشتومڕی لێكەوتەوە بووە مایەی سەرنجی چەندین ماڵپەڕ و ناوەندیی هونەریی. رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی ئاماژەیبەوەداوە كە فیلمەكە كارێكی ناوازە و دەگمەنە لە سینەمادا و چیرۆكەكەی تیشك دەخاتە سەر ژنان لە شەڕدا. " ئیڤا هاسۆن" ی كچە دەرهێنەریش دەربارەی فیلمەكەی كە بۆ یەكەمجار لە فێستیڤاڵی  سینەمایی كان نمایشدەكرێت وتی:" ئەزمونەكەم ئەوەیە كە ژمارەیەكی زۆر لە ژنان لە چەندین رووداوی زۆر بەئازردا ژیاون و بەشی هەرە زۆریشیان خاوەنی هێز و نەرمونیانیشن". وتیشی :" ئەم چیرۆكان لە راستیەدا ناوەندی هێز و حەماسن بۆ ژمارەیەكی تر لە ژنان. ئیڤا هاسۆن یەكێكە لەو سێ‌ دەرهێنەرە ژنەی  كە بە 21 فیلم كێبركێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی " چڵە خورمای ئاڵتونیی" لە 71 ەەمین فێستیڤاڵی كانی سینەمایی كە  ئەمڕۆ هەشتی ئایار دەستپێدەكات. سەرچاوە: سایتی پەیەدە     سایتی نیویۆرك تایمز


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا ئێوارەی رۆژی 7ی ئایار بۆ دووەم جار لە ماوەی 9 رۆژدا هێرشكرایە سەر دوو سەرۆك لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ئەو جوڵانەوەیەش رایدەگەیەنێت بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی ئەو هێرشانە دەكرێن و یەكێتی لە دوای هێرشەكە هاوكاری رابوون مەعروف بووە‌.  رۆژی 7ی ئایار لە شاری هەولێر هێرشكرایە سەر رابوون مەعروف سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولیر و بە سەختی برینداركرا، لەبارەی هێرشكردنە سەری لە رێگای ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند "گرووپێك چەتە و چەقۆكێش كە زیاتر لە ١٠ سەیارە دەبوون بە چەكی جۆراوجۆرەوە لە بەردەم گووندی ئینگلیزی لە ھەولێر و بە بەرچاوی سێكیوریتی گوندی ئینگلیزی پێشیان پێگرتین و ھێرشیان كردە سەرمان". سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەرەكان وتوویەتی "من بە روون و راشكاوی، تا ناسنامەی ھێرشبەران ئاشكرا دەكرێت، پارتی بە بەرپرسی ئەو رووداوە دەزانم". كاوە عەبدولقادر یەكێك لە كاندیدەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر كە لە دوای قۆناغی هێرشكردنە سەر سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تا تەواوكردنی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووە، بە (درەو میدیا)ی وت "لە پێش زێرەڤانییەكانی ئەوێ هێرشی كراوەتەسەر، دیارە زانیارییان هەبووە كە لەو كاتە دێتە دەرەوە و خەڵكیان بۆ چاودێری هەبووە، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل كە لەوێ وەستاون بە هەموویان هێرشیان كردۆتە سەر ئەو و ئامانج كە شوفێر بووە لەگەڵ رابوون و لە ناو ئۆتۆمبێلەكە ئەوانیان بە زۆر داگرتووە‌ و پاشان ئەو هێرشەیان بۆسەریان ئەنجامداوە".  كاوە عەبدولقادر روونكردنەوەی لەبارەی ئەو وێنانەی رابوون دا كە لەناو بانگەشەكارانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی یەكێتی بڵاوبۆتەوه،‌ وتی "ئەوان بۆ چوونە نەخۆشخانە رۆیشتوون، بەڵام  لەبەرئەوەی شوفێرەكە كاك ئامانج ئەویش بریندار بووە و دۆخی خراپ بووە و سەیارەكەشیان زیانی زۆری پێگەیشتووه، لە پێش پاركی شانەدەر وەستاون، دیارە لەوكاتە هەڵمەتی بانگەشەی یەكێتی هەبووه ئەوانیش هەڵیانگرتووه و‌ بردوویانە بۆ نەخۆشحانە و یارمەتیانداوە".‌  جوڵانەوەی نەوەی نوێ: قافڵەی بانگەشەكەی یەكێتی هاوكاری رابون مەعروفیانكردووەو ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە  9 رۆژ لەمەوبەر لە ناو بازاڕی شاری زاخۆ لە 29ی نیسان هێرشكرایە سەر دكتۆر كامەران بەرواری سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆك كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجام دەدا. دكتۆر كامەران بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وتووە "40 بۆ 50 كەس بە دار و بەرد هێرشیان كردە سەرم، ئەو كەسانە بە بەرچاوی پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ هێرشەكەیان كرد بەڵام ئەو هێزانە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو بۆیە هێزە ئەمنییەكان بە بەرپرسیار دەزانم لەم دەستدریژییە".  ئارام سەعید بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە دووەم هێرشی سەر سەرۆك لیستەكانیان بە (درەو میدیا)ی وت "پارتی تۆقیوە و ترساون لەوەی دەسەڵاتەكەیان لەرزیوە بۆیە ئەم رێگا تاوانكاریانە دەگرنەبەر". پەیوەندیدار بە هاوكاریكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ سەرۆك لیستەكەیان لە هەولێر وتی "دوای ئەوەی هێرشكرایە سەر كاك رابوون و كاك ئامانج  كە هاوكات خزمی خۆیەتی، دواتر شوێنیان كەوتوون بەڵام قافڵەیەكی بانگەشەی یەكێتی لەوێ بووە و ئەو برادەرانە هاوكارییان كردوون ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە و هەموو چارەسەرێكی پزیشكی بۆ كراوه ئێستا سەلامەتە" و "لەبەرئەوەی ئەم هێرشانە هێرشی ناڕەوان و هێرشی پیاوی ترسنۆكە، ئەگەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئازان با بێن بە بەڵگە وەڵامی قسەكانی ئێمە بدەنەوە نەك بەو شێوەیە رەفتار بكەن، بۆیە هەوڵدەدەن دۆسیەكە‌ ون بكەن و وەك تاوانەكانی تریان ‌ئەو دۆسیانە لە‌ تارمایی بهێڵنەوە". له‌ هه‌مان رۆژی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌دا ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ئیدانه‌ی هێرشكردنی سه‌ر رابوون مه‌عروف-ی كرد و رایگه‌یاند " ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش كردنه‌ی سه‌ر ناوبراو ده‌كه‌ین و به‌ دیارده‌یه‌كی نامۆ و مه‌ترسیدار و ناشارستانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین دژ به‌ ئازادی و دیموكراسییه‌و پێچه‌وانه‌ی ئاكار و بنه‌ما یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌". له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ داوایان له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردووه‌ تاوانباران بدۆزنه‌وه‌ و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand