Draw Media

(درەو میدیا) فەلەكناس ئوجا، پەرلەمانتاری شاری ئامەدی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" لەسەر گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دێتە دەنگ و دوو پرسیار ئاراستەی ئەحمەد ئەرسەلان وەزیری گواستنەوەی توركیا دەكات. ئوجا دەپرسێت بۆچی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستیانپێكردوەتەوە بەڵام بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگیراوە؟، دەشپرسێت كەی گەشتە ئاسمانییەكان لە توركیاوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكەنەوە؟ پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٨، حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام توركیا گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێكردەوە و گەمارۆی خستە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی. عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەمیانەی وتوێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی: "تائێستا بڕیاری حكومەتی توركیا ئەوەیە، كە ڕێگە نەدات بەگەشتی هیچ وڵاتێك لە فڕۆكەخانەكانیەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وە بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم حكومەتی عێراقی لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەی خۆیەوە باڵیوزخانەی توركیای ئاگاداركردووەتەوە بەپێی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان ‌و ئەو ڕێكەوتننامە دوو قۆڵییەی لە نێوان توركیا و عێراقدا هەیە مامەڵەی هاوشێوە بكات".  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان هەڵدەوەشێنێتەوە و متمانەش لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەسەنێتەوە، ئەمە قسەی كەسێكی نزیكە لە حەیدەر عەبادی. جاسم بەیاتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو دۆسیەیانەی كە ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا گفتوگۆیان لەسەردەكات بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و سەندنەوەی متمانە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان یاخود هەندێك لە فەرمانگەكانی وەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان. لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بەغداد الیوم)، بەیاتی ئاماژەی بەوەكرد، پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەت و هەڵبژاردنی ئاوارەكان هەڵوەشێندرێتەوە. هەوڵەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەندێك لەلایەنە سیاسییە براوەكانی نیگەران كردووە. هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پۆستێكدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسی" ئێستا هەندێك هەوڵی مەترسیدار لەلایەن هەندێك سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری دۆڕاوی هەڵبژاردنەكانەوە بەڕێوەدەچێ بۆ هەڵوەشاندنەوە و پوچوڵكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 2018، كە لێكەوتی كارەساتباریان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت.. دەبێت رابگیرێن و رێگرییان لێبكرێت وڵات بەرەو داڕمان و پشێوی ببەن".


(درەو میديا):  تائێستا لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان روئایەكی روونیان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارو ئەو دۆخەی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە دروستبووە. لایەنەكانی تر سەرقاڵی كۆبوونەوەو گفتوگۆكردنن بۆ پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی نەخشەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان هەر لە چوارچێوەی لێكدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەخولێنەوەو تا ئێستا نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی روون دەرببڕن، ئەو لایەنانە پێش هەڵبژاردن هیچ ئامادەكاری و هەنگاوێكیان نەناوە بە ئاڕاستەی رێگریكردن و چۆنیەتی روبەرووبونەوەی ساختەكاری و فێڵی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان. دكتۆر نیاز نەجمەدین لە كورتە نوسینێكدا دەڵێ" ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بەر لە هەڵبژاردن هاوپەیمانیی هەبوایە لەگەڵ سائیرونی موقتەدا سەدر یان نەسری عەبادیی، ئەوا لە روبەڕوبونەوەی ساختەكارییدا تەنیا باڵ نەدەمایەوە. بەڵام بۆ ئەوەی پێیان نەڵێن عێراقچیین و پشتیان كردووەتە كوردایەتیی، نەیانوێرا".  ئێستا ئەو هێزانە بەدوای دەرەچەیەك دەگەڕێن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان، ئایا بایكۆت بكەن یاخود بچنە بەغدادو بەشداری پرۆسەیەی سیاسی بكەن، كە لە هەردوو حاڵەتەكەدا زیان و سودی خۆی هەیە. بەكر سدیق مامۆستای زانكۆ لە نوسینێكدا بەناوی" ئاگادارییەكی بەپەلە بۆ رێبەرانی حیزبە دەنگ دزراوەكان!" دەنوسێت" تاكە ئامرازێك كە پردەبازی دەرچونە لە نابوتكردنی رۆڵی ئێوەو  گێرانەوەی ئومێد بۆ خەڵكی هەژاری ئێمە و، دەربازبونمان لە پاوان و ساختەكاریی ئەو دەسەڵاتە، كە هۆكاری داتەپینی ژیانی گەلەكەمانە، بریتیە لە چەند بڕیارێكی چارەنوسساز كە خۆلادان لەو بڕیارانە، بەرای ئێمە كۆتایی رۆڵی ئێوە دەبێ لەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی گەل و وڵاتەكەمان. بۆیە پێویستە پێش ئەوەی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینە لە بەغداد رابسپێردرێ، ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدەن: 1-     حەساسیەتی حیزبی بخەنە، خواری خوار مینیمەم و  هەمووتان لە یەك حیزبدا یان لە بەرەیەكی فراواندا خۆتان ئیعلان بكەن. 2-     سەركردایەتیەكی هاوبەش پێكبهێنن كە پێكبێ لە كەسی یەكەم و دوەمی هەر حیزبیكتان. 3-     ئەو یانزە كورسیەی بەدەستان هێناوە، بیكەنە یەك كوتلەی پەرلەمانی و، ئەو یانزە پەرلەمانتارە سوێند بخۆن كە لە رێبازو ئامانجی ئەو بەرە یان قەوارە یەكگرتوەی پێكی دەهێنن لانەدەن. 4-     بڕیاربدەن، لەگەل كوتلەی زۆرینەی بەغداد، هاوپەیمانی ببەستن و بەڕووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و پشكە بەشەكانی ئەو جوت حیزبە بوەستنەوە و بەغداد بكەنە گۆرەپانی وشككردنی ئەو سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسی و مالیانەی، كە ئامرازی درێژەپێدەری سیاسەتی پاوانكاری و سوڵتانیانە و میلیشیاییانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی هەرێمەكەمانە.  لە هەموو دۆخێكدا ئەم هێزانە دەبێت بڕیار بدەن، ناكرێت بەدیار چارەنوسی خۆیان دابنیشن و چاوەڕوانی قەدەری رۆژگار بن. دكتۆر جەعفەر عەلی لە نوسینێكدا بەناوی "لە بارەی بەشداری، یان بایكۆت لە بەغداد" دەنوسێت"بە دڵنیاییەوە بڕیاردان لە وەها پرسێك بە هەر بارێكیدا بێت، وەك ئاسان نییە، بێ كێشەش نابێ، بەڵام دەبێ بزانین هێزی سیاسی لەڕێی ئەم هەڵوێستانەوە دەتوانێ كاریگەرتر لە بەشداری ململانێی سیاسیدا بمێنێتەوەو ناسنامەی سیاسی و ستراتیژی كاری سیاسی خۆی دیاریبكات، نابێ لە ژێر فشاردا بڕیار بدات، دەبێ قازانجی سیاسی و ئایندەیی حیزبەكە، لە سەروو چەند هەڵوێستێكی بێ بیركردنەوەی قوڵ ببینێت. هەروەكچۆن دەبێ هێزی ئەوەیشی هەبێت بڕوا بە ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانی خۆی بهێنێت، كە قازانجی گەورەی سیاسی لە چ گۆشەیەكەوە روونتر دەردەكەوێ": 1-    بەشداریكرن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، واتە هێشتنەوەی ئەم هێزە سیاسییانە لەنێو وێنە سیاسییە گەورەكەدا لە ئاستی سیاسی و پەیوەندی و بەریەككەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ كۆی هێزە عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا. 2-     بەشداریكرن دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم هێزە ناڕازییانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەڕەخسێنێ، تا لە ئاستی عێراقی بتوانن پەیوەندی و تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان و هەژموونی پارتی و یەكێتی بەسەر كۆی دەزگاو دامەزراوەكانی چەكداری و ئەمنی و دادگا و سامانی گشتییەوە، دروستبكرێت. 3-      هەموو هێزێكی سیاسی نوێ بەر لە هەر شتێك دەبێ هەوڵی ناساندنی ناسنامەی سیاسی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو وڵاتان، بەڕێگەی دیپلۆماسی بدات، بەغداش بۆ ئێمە باشترین سەنتەری ئەم دەربازبوونەیە لە جوگرافیای بچووكی پەیوەندی سیاسی. بایكۆت ئەم كەناڵە بە تەواوی بەرتەسك و بچووك دەكاتەوە، وا دەكات لە نێو بازنەی رووبەرێكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستاندا بمێنینەوە. 4-    بەشدارینەكردن لە عێراق، لە پلەی یەكەمدا، واتە بایكۆتی كۆمەڵێك هێزی براوەی وەك لیستەكانی (سەدر، فەتح، نەسر و حیكمەو ..)، نەك بایكۆتی پارتی و یەكێتی.  ئێستا خەریكە بۆچونەكان بارودۆخی هەڵبژاردن و ساختەكاری تێدەپەرێنن و چاوەكان لەسەر دروستكردنی بەرەكی تۆكمەیە لەلایەن هێزە نارازییەكانەوە، چ لە ئاستی بەغداد و چ لە ئاستی هەرێمی كوردستان، " بەرەیەك بەرامبەر پارتی و یەكێتی" ئەمە ناونیشانی بۆچونێكی بێستون فایەق پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێی وایە"  خەڵكی كوردستان لەم دۆخەی دوای دزین و ئاڵوگۆڕی دەنگەكانیاندا پێویستیان بە گەڕانەوەی متمانەو ئومێدە بۆ ئەوەی چوار مانگ دوای هەڵبژاردنێكی ساختە جارێكی تر متمانەیان بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانی بگەڕێتەوە، نا ئومێدی ئێستای دەنگدەری كوردی دوای ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و دەست گەیشتنی پارتی و یەكێتی بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی ژماردنی دەنگەكان لە ئاستێكدایە، كە بڕوابون بە خەباتی پارلەمانی و هەڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری لاواز بوەو بەشێك لە خەڵك هەڵبژاردن بە رێگەی راست و گەیشتن بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نابینن كە ئەمە مەبەست و ئامانجی یەكێتی و پارتییە".  بێستون فایەق پێی وایە دەبێت لایەنەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەن، ئەویش بە درووستكردنی بەرەیەكی تۆكمە" دروستكردنی بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە هێزە دەنگدزراوەكان لە هەموو كات گرنگترە و یەكێكە لە پێویستییەكانی قۆناغەكە و دەنگە ساختە كراوەكان ئەمانەت و متمانەی خەڵكەو لە گەردنی ئەو هێزانەدایە كە لە بنەڕەتدا و پێش تەزویر دەنگدەر دەنگەكەی پی داوە، بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  كە دوای دزینی دەنگەكانیان زۆر لە یەك نزیكن بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی پێكبهێنن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بەشداری هەڵبژاردن بكەن (ئەم بەرەیە كراوەبێ بۆ لایەن و پێكهاتەكانی تری كوردستان".    


" لایەنە ناڕازیەكانی هەرێم هەموتان (بێ جیاوازی) لە ڕوكەشدا دژی سیاسەتی بنەماڵە چەتەگەرەكانن بەڵام لە روی فكریەوە بێ ئەوەی پێ بزانن ئاو دەكەنە ئاشی كوردایەتیەكەی ئەوانەوە كە فڕی بە مافەكانی خەلكی كوردستانەوە نیە و كوردایەتیان كردۆتە دیوارێك چەتەیی و خاك فرۆشی و نیشتیمانفرۆشی پێدا هەڵدەواسن" ئەمە وتەی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق، كە لە وتارێكیدا بەناوی ( پەیامێكی ڕەخنەئامێز و ڕاشكاو بۆ لایەنە ناڕازیەكانی هەرێم) هۆشیار عەبدوڵا بەلایەنە نارازیەكانی هەرێم دەڵێت"  ئەو یەكریزیەی ئەوان داوای دەكەن یەكێكە لەو درۆیانە زۆر دەمێكە ئێوە باوەریان پێدەكەن و نایەن هەڵیتەكێنن و مۆدێلێكی نیشتیمانی بۆ یەكڕیزی گەرح بكەن ، ریفراندۆم یەكێكی تر بو لەو درۆیانە پێی خەڵەتان و نەك گوێتان لە دەنگی خەلكانی وەك نوسەری ئەم دێرانە نەگرت بە هەوای دو بنەماڵەكە كەوتنە تەخوینمان . هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بەوەش دەكات" پێش هەڵبژاردن وەفدێكی لیستی سائیرون هاتنە سلێمانی وتیان هاتوین تەنها بۆ بانگهێشتی هاوپەیمانیەكەی كاك بەرهەم و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەگەڵماندا بن ، لە ترسی تەخوینی یەكێتی و پارتی نەڕۆشتن و ئێستا هەردوكیان كەتون بەسەر شان و باڵی صەدردا ئاگای لێیان بێت، فكرەی دانانی كاندیدتان لە هاوپەیمانیەتیەكانی بەغداد رەتكردەوە و دژی هەوڵەكانیی ئێمە بون پێتان وابو بۆ حەیا و حورمەتی كوردایەتیەكەی دو بنەماڵەكە جوان نیە، ئێستا هەردوكیان دو پەرلەمانتاریان لەبەغداد بەهەر رێگایەك هەیە دەرچواند .  لە كۆتایی نوسینەكەیدا هۆشیار عەبدوڵا هۆشداری دەدات لایەنە نارازیەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت" ئێوە چارەسەرێكی ئەو كێشە بونیادیە نەكەن نە دەتوانن هیچ بگۆڕن نە چیتر خەڵكیش چاوی ئومێدی لێتان دەبێت و دەیانیی وەك ئێمەش دور لەو چەقینەی ئێوە لە زەلكاوی كوردایەتیەكەی یەكێتی و پارتیدا میمبەری راشكاو و ئاشكرا و جیای دەبێت بۆ جوڵە سیاسیەكانیی "   دەقی وتارەكە  پەیامێکی ڕەخنەئامێز و ڕاشکاو بۆ لایەنە ناڕازیەکانی هەرێم هۆشیار عەبدوڵا ئێوە پێش تەزویر کێشەیەکیی ترتان هەیە کە گرنگترین و بنچینەیی ترین كێشەیە و بێ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە هەرگیز ئەو دو بنەماڵەیەتان بۆ تێناپەرێندرێت. کێشەی ئێوە کێشەیەکی فکریە کە تایبەتە بەو گوتارەی سیاسەتی پێ ئاراستە دەکەن ، ئێوە هەموتان (بێ جیاوازی) لە ڕوکەشدا دژی سیاسەتی بنەماڵە چەتەگەرەکانن بەڵام لە روی فکریەوە بێ ئەوەی پێ بزانن ئاو دەکەنە ئاشی کوردایەتیەکەی ئەوانەوە کە فڕی بە مافەکانی خەلكی کوردستانەوە نیە و کوردایەتیان کردۆتە دیوارێك چەتەیی و خاک فرۆشی و نیشتیمانفرۆشی پێدا هەڵدەواسن . ئێوە دەبێت دیدێکی نیشتیمانیی دور لەو کوردایەتیە موزەیەفەی ئەو دو حزبە تەبەنی بکەن و فکری ئەوان رەتبکەنەوە و نەکەونە دوای درۆکانیان کە بەناوی داکۆکی لە نەتەوەی کوردەوە دەیکەن و هەمو جارێکیش ئێوە فریوی پێدەخۆن . ئەو یەکریزیەی ئەوان داوای دەکەن یەکێکە لەو درۆیانە زۆر دەمێکە ئێوە باوەریان پێدەکەن و نایەن هەڵیتەکێنن و مۆدێلێکی نیشتیمانی بۆ یەکڕیزی طەرح بکەن . ریفراندۆم یەکێکی تر بو لەو درۆیانە پێی خەڵەتان و نەک گوێتان لە دەنگی خەلکانی وەک نوسەری ئەم دێرانە نەگرت بە هەوای دو بنەماڵەکە کەوتنە تەخوینمان . پێش هەڵبژاردن وەفدێکی لیستی سائیرون هاتنە سلێمانی وتیان هاتوین تەنها بۆ بانگهێشتی هاوپەیمانیەکەی کاک بەرهەم و بزوتنەوەی گۆڕان کە لەگەڵماندا بن ، لە ترسی تەخوینی یەکێتی و پارتی نەڕۆشتن و ئێستا هەردوکیان کەتون بەسەر شان و باڵی صەدردا ئاگای لێیان بێت . فکرەی دانانی کاندیدتان لە هاوپەیمانیەتیەکانی بەغداد رەتکردەوە و دژی هەوڵەکانیی ئێمە بون پێتان وابو بۆ حەیا و حورمەتی کوردایەتیەکەی دو بنەماڵەکە جوان نیە، ئێستا هەردوکیان دو پەرلەمانتاریان لەبەغداد بەهەر رێگایەک هەیە دەرچواند . دەیان نمونەی ترتان بۆ دەژمێرم کە ئێوە خۆتان ئاو دەکەنە ئاشی گوتارە دژە کوردەکەی یەکێتی و پارتی ، باشە هەر پرسیارێکی سادە زۆر سادە ؟ هیچ شتێک ماوە ئەو دو بنەماڵەیە بە خەلكی کوردستانیان نەکردبێت ؟! هیچ بەدکاریەک ماوە ئەنجامیان نەدابێت ؟! هەر دەنگی خەڵک مابو ئەویشیان نەدزی ؟! ئەی باشە ئەوە بۆ یەکڕیزی لەگەل ئەوان کوردایەتیە بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان بە ئەجێندایەکی نیشتیمانی لە بەرژەوەندی خەڵک هەرێم خیانەتە ؟! بۆ ؟! لە چوار ساڵی رابردودا لەگەڵ هەمو قیادەی گۆڕان ئەو شەرە فکریەمان هەبوە و ڕای من رونە لایان ، لەگەڵ کاک بەرهەم و مامۆستا علی باپیر چەندین جار و مامۆستا صەلاحەدینیش جارێک هەمان نیقاشمان بوە ، کاتیەتی لە ڕوی فکریەوە یەکێتی و پارتی رەتبکەنەوە بەر لەوەی لەسەر تەزویر یا کێشەی فەنیی و ئالیەت رەتیان بکەنەوە . ئەوە کوردایەتیەکەی ئەوانە دەڵێت ئەمڕۆ تەزویری لێبکە ، سبەی لە ترسی ئەوەی تەخوینی نەکەم رادەکاتەوە بە دوامدا بۆ بەغداد ، ئەو دو بنەماڵەیە لەسەر بەڕەیەکی موزەییەف دانیشتون دەبێ هەڵیان ستێنن و ئەو بەڕەیە بگۆڕن بە دیدی نیشتیمانیی نوێ. تاکەی دانبەوەدا نانێن مۆدێلی رابردوی کەوتنە پاڵ ئەم گوتارە حزبیە بنەماڵەییە شکستی خواردوە و تەنها بەدبەختی بۆ هاوڵاتی هەرێم هێناوە و بەس، تاکەی ؟! ئێوە چارەسەرێکی ئەو کێشە بونیادیە نەکەن نە دەتوانن هیچ بگۆڕن نە چیتر خەڵکیش چاوی ئومێدی لێتان دەبێت و دەیانیی وەک ئێمەش دور لەو چەقینەی ئێوە لە زەلکاوی کوردایەتیەکەی یەکێتی و پارتیدا میمبەری راشکاو و ئاشکرا و جیای دەبێت بۆ جوڵە سیاسیەکانیی .


درەو میدیا:  لە رونكردنەوەیەكدا ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی چوار لایەنەكە ( گۆڕان ، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو) دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: وردەكاری گەڕانەوەی نوێنەرەكەمان لەبەغدا بەهەموو قەوارەكان وتراوەو ئاگاداریشكراونەتەوە بەهێنانی هارد دیسك تا لەگەڵ هاتنەوەی نوێنەرەكەماندا دەستبكەین بەپرۆسەی كۆپیكردنی وێنەی كارتەكانی دەنگدان. لە رونكردنەوەكەدا هاتوو: دوێنێ پێنجشەممە 24-5-2018 بەپەلە نوێنەری ئۆفیسی سلێمانی ئیفاد كراوە بۆ نوسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بەمەبەستی وەرگرتنەوەی وێنەی كارتەكانی دەنگدان، كە خراوەتە سەر هارد دیسك، ئەمڕۆ 25-5-2018 نوێنەرەكەمان لە بەغداوە بەڕێگای وشكانی بەڕێكەوتووە بەرەو سلێمانی، ناوبراو لەكاتی دەركردنی بەیاننامەی پارتە سیاسییەكان لەڕێگا بووە بەرەو سلێمانی. ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەیدا دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ هەینییە ستافێك لە كارمەندانی ئۆفیس لە دەوامدان بەمەبەستی پێدانی وێنەی كارتەكانی دەنگدان بە قەوارە سیاسییەكان بە زووترین كات.  


(درەو میدیا):  " بڕیار لەدەستی حزبە كێ رەوانە دەكەن و من غەدرو ناهەقیم بەرامبەر كراوەو شكۆم شكێنراوەو دەنگەكانم كەمكراوەتەوە" ئەمە وتەی شاڵاوی مەلا ئەمین خۆشناو كاندیدی ژمارە 10ی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پارێزگای هەولێر و بەپێی ئەنجامی كۆتایی ( 8836 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەرنەچووە. د. شاڵاو خۆشناو لە رونكردنەویەكدا ئاماژە بەوە دەكات" چونكە نەچوومە بەر دەرگای بازرگان وچەرچیەكان ، تەنها پشتم بە پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان قایم كرد ، سەردانی هەزاران ماڵە هەژارم كرد ، بویە غەدر وناهەقیم بەرامبەر كرا ، بەڵام پشتیوان بە خوداو پشت ئەستور بە جەماوەر لە مەیدان قوڕسایی خۆم و هەقیقەتی دەنگەكانم ئیسپات و تەئكید دەكەمەوە ... ئەو پێشی وایە حزب خۆی كاندیدەكانی داناوەو بڕیاری دەرچونیانی داوەو تەنها دەنگیان بە هەندێكیان كۆكردۆتەوە"  بڕیار لە دەست ( حیزبە ) كێ ڕەوانە دەكەن پۆ پۆستەكان، بەڵام ئەگەر من بە پێوێست نازانن یان خەڵكی ترتان پێ باشترە ، دەكرا بە ڕیكەوتن و گفتوگۆ بوایە نەوەك شكۆ شكاندن و دەنگ پێ كۆكردنەوە و دوایش دەنگ كەم كردنەوە و خەڵك بە پێش خستن " ئەو كاندیدە دەرنەچووەی پارتی گلەیی زۆر لە حزبەكەی دەكات كە بازرگانی دزو جامباز و چەرچی دەرچواندووە"  مەخابن ستەم لە كادیری خۆت بكەی بۆ سەرخستنی بازرگانێكی دز ، جامباز و چەرچی بەرپرسە كان كە بە ملیونان دۆلار ویژدانی خەلك و وەلای كادیرو ئۆڕگانەكانی پارتی بكرێت ،ئەمە ڕیگە خۆش دەكات بە پارە خۆیان بفرۆشنە لایەنەكانی تریش ، یان بە تەوجیه پشتیوانی مەلایەك بكرێت كە بە زمانی خۆی هاوار دەكات پارتی نیمە ، یان كادیری خۆت بكەیتە قوربانی هەندێك كەسی سوك و وهەندێك شتی قیزەوەن !!!"  داواش لە سەرۆكی حزبەكەی دەكات لیچكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن و داكۆكی لە كادرەكانی خۆی بكات. دەقی رونكردنەوەكە   بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان ... سڵاوتان لێبیت .... عیبادەت و ڕۆژوتان قەبول .. پێویستە سەبارەت بە هەڵبژاردنی خۆم ڕاستیەكان بۆهەمووان ڕون بكەمەوە ... ـــ دیارە سێ یەكی تەمەنی خۆم كە دەكاتە 15 ساڵ وەكو كادێرێك خستۆتە خزمەت (لقی 16 ) و خەڵكە سەربەرز ووتێكۆشەرەكەی ، بە قەڵەم ونووسین وتفەنگ و پێشمەرگایەتی و تەواوی توانا سیاسی و فیكری و مەعریفی وتەنزیمی و كۆمەڵایەتی و جەماوەریەكانی خۆم ماندوونەناسانە شەو ڕۆژ خزمەتی پارتی م كردوە .. . ـــ وێڕای ئەركی بەرپرسارێتی مەكتەبی جەماوەریەكان وسروشتە كۆمەڵایەتیەكەی خۆم ، بە بێ ویستی خۆم مەسئولیەتی لێكۆڵینەوەی سەرجەم فایلەكانی (گەندەڵی ، دزی ، شتی نەشیاو، تەجاوزی ) بەرپرسە حیزبی وئیداریەكانی دەوروبەرم خراوەتە سەر شان ، پاك و بێ باك ، دڵسۆز وبوێرانە تەحەدای پەتای گەندەڵی م كردوە ، كە پێم وایە هەڕەشەیكی جیدیە بۆ سەر وڵات وگەل و حیزبەكەم ... ـــ دیارە هەر ئەمەش وای كرد لە هەڵبژاردن زۆربەی هەڤاڵەكانم نەوەك هەر هاوكارم نەبوون ، بەڵكو (بە بەڵگەوە ) ڕێگەشیان نەدا كادیرە دڵسۆزەكانی لق و ناوچەو ڕیكخراوەكان هاوكاریم بكەن ، لە زۆ بەی ئۆڕگانەگان ناوی من قاچاخ و بڤە و قەدەخەبوو . ـــ هەزاران دڵسۆزی پارتی مان وهەزاران كەسی بەئەمەك لە خەڵكی توڕەی بێ لایەن ولایەنەكانیش دەنگیان بە بەندەو و پیگەی پاك ومیژووی خزمەت كارانەی خانەوادەكەمان داوە ، تەوژمی پشتیوانی خەڵك سەرسامی دروست كرد ، سەری منی بڵند ڕاگرت ، شتێكیان بۆ ئێمە كرد زۆر لە بەغداو عیراق گەورەترە ، هەتا ئەبەد منەت بار و خزمەت كاری هەڵویستی جوامێرانەی ئەوجەماوەرە خۆشەویستە ئەبم و دەنگەكانیان ئەمانەتە لە ئەستۆم و و پارێزگاری لێ دەكەم ... ـــ چونكە نەچوومە بەر دەرگای بازرگان وچەرچیەكان ، تەنها پشتم بە پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان قایم كرد ، سەردانی هەزاران ماڵە هەژارم كرد ، بویە غەدر وناهەقی م بەرامبەر كرا ، بەڵام پشتیوان بە خوداو پشت ئەستور بە جەماوەر لە مەیدان قوڕسایی خۆم و هەقیقەتی دەنگەكانم ئیسپات و تەئكید دەكەمەوە ... ـــ بڕیار لە دەست ( حیزبە ) كێ ڕەوانە دەكەن پۆ پۆستەكان، بەڵام ئەگەر من بە پێوێست نازانن یان خەڵكی ترتان پێ باشترە ، دەكرا بە ڕیكەوتن و گفتوگۆ بوایە نەوەك شكۆ شكاندن و دەنگ پێ كۆكردنەوە و دوایش دەنگ كەم كردنەوە و خەڵك بە پێش خستن .... _ ـــ مەخابن ستەم لە كادیری خۆت بكەی بۆ سەرخستنی بازرگانێكی دز ، جامباز و چەرچی بەرپرسە كان كە بە ملیونان دۆلار ویژدانی خەلك و وەلای كادیرو ئۆڕگانەكانی پارتی بكرێت ،ئەمە ڕیگە خۆش دەكات بە پارە خۆیان بفرۆشنە لایەنەكانی تریش ، یان بە تەوجیه پشتیوانی مەلایەك بكرێت كە بە زمانی خۆی هاوار دەكات پارتی نیمە ، یان كادیری خۆت بكەیتە قوربانی هەندێك كەسی سوك و وهەندێك شتی قیزەوەن !!! ـــ چاوەڕوانی سەرۆك دەكەم بۆ لیكۆلینەوە لەم بابەتە و داكۆكی كردن لە كادیرەكانی خۆی ، داوا لە سەرجەم هەڤاڵ و دۆست و خۆشەویستان دەكەم هێمن بن و هیچ قسەو پۆستێك لەسەر ئەو بابەتە نەكەن ، كاتی ساغ بوونەوەی ڕاستیەكان بەپێی پێویست ولە ئاست پێشهات و ڕوداوەكەكان هەڵوێستی پێویست و قسەی خۆم دەبێت ... شاڵاوی مەلا ئەمین خۆشناو.... 22 ی ئایاری 2018  


(درەو میدیا): ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە. لە بەیاننامەكەدا ئەو چوار لایەنە سیاسییە دەڵێن: ماوەی دوو رۆژە ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی لەرێگای نێردراوەكەیەوە بۆ بەغداد، وێنەی كارتی دەنگدانەكانی بە ئەلكترۆنی و لەسەر "هارد دیسك" وەرگرتوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز جیاواز و بە هۆكاری نادیار دەستی دەستی بە نوێنەری لایەنەكان دەكات. ئاماژە بەوەدەكەن، پێنەدانی وێنەی ئەلیكترۆنی كارتی دەنگدان بە لایەنەكان ئەو راستییە دەخاتە بەردەم لایەنەكان كە هەوڵەكان لەپێناو نەگەیشتنی وێنەی ئەلیكترۆنی كارتی دەنگدان، بۆ دەستكاری كردنیانەو هەوڵێكی جدییە بۆ شاردنەوەی ساختەكارییەكان. ژوری هەڵبژاردنی چوار لایەنەكە باسلەوەدەكەن، هەوڵەكانی ئۆفێسی سلێمانی لەچوارچێوەی پلان بۆ داڕێژراوی ساختەكردنی سەرجەم بەڵگەو دیكۆمێنتەكانی كۆمسیۆنە، كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. دوای فشارو ناڕەزایەتییەكان دژی گومانی ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا وێنەی ئەلكترۆنی كارتی دەنگدان بە لایەنە سیاسییەكان بدرێت بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەكان.


(درەو میدیا):  ھەیفا كازم عەباس ژنە كاندیدی ژمارە 37ی حزبی شیوعی لە هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پارێزگای ( زیقار) ناسریە توانیویەتی ( 12395 ) دەنگ بەدەست بهێنێت و بەبێ ئەوەی پێویستی بە كۆتا بێت دەرچووەو سێیەم دەنگی لیستەكەی بەدەستهێناوە. هەیفا كازم چالاكێكی دیاری بواری مافەكانی ژنانە بە "هەیفا ‌ئەمین" ناسراوە كوردی فەیلیيەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراقە، لە شاری ناسریە دەژی و مامۆستای زمانی كورديیە، لە تەمەنی 16 ساڵیيەوە بووە بە پێشمەرگە لە شاخ .


درەو میدیا:  " بنكەی دەنگدان هەبووە بە تەواوی دەنگەكانیەوە بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار كڕدراوە " ئەمە وتەی مەشعان جبوری كاندیدی دەرنەچووی ژمارە 66 ی هاوپەیمانی بەغداد كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا تەنها ( 1633) دەنگی هێناوە، لە بەرنامەی ( بالحرف الواحد )ی كەناڵی شەرقیە. مەشعان جبوری زۆر بەووردی باسی لە ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كردوو رایگەیان" كاندید هەبووە دەنگی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كڕیوەو دەرچووە" سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنی دەنگەكانیش جبوری دەڵێت" ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش زانیاریان هەبووە لەسەر فرۆشتنی دەنگی بنكەكانی دەنگدان" مەشعان جبوری دەڵێت تەنها دەنگی ئاسایی نەكڕدراوە بەڵكو بنكەی دەنگدان بەتەواوی كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە" بنكەی دەنگدان هەبووە لە توركیا و ئەردەن بەتەواوی دەنگەكانیەوە لایەنێكی سیاسی كڕیویەتی بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار "  مەشعان جبوری پێشی وایە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا " خراپترین كۆمسیۆن بووە لە مێژووی عێراقدا لە 2005 ەوە تا ئێستا، ئەم هەڵبژاردنەش خراپترین و گەندەڵترین هەڵبژاردن بووە لە مێژووی عێراقدا "      


(درەو میدیا): بەپێی زانیارییەكان وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری گەیشتونەتە رێككەوتن بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوارقۆڵی. دوێنێ وەفدی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد چونە ناو كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵییەوە لەگەڵ هەریەكە لە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح. بەپێی هەواڵێك كە سایتی (الغد پرێس)ی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامریدا گەیشتونەتە رێككەوتنێك سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوار قۆڵی. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەر لە كۆبونەوەیان لەگەڵ مالیكی و عامری، وەفدی پارتی و یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزی ئێران كۆبونەتەوە و پاش گەڕانەوەشیان لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر لەناو خۆیاندا كۆبونەوە دەكەن بەمەبەستی یەكخستنی داواكارییەكانیان و بەشداریكردنیان لە هاوپەیمانێتییەكە بە یەك كوتلە. پێشبینی دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو هەرچوار لایەن (مالیكی- عامری- پارتی- یەكێتی) جارێكی تر كۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیان كە ئامانج لێی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەئەگەر دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكەی لەمجۆرە، هەموو هەڵوێست و رەخنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر نوری مالیكی ئاوەژوو دەبنەوە، هەرچەندە هەندێك لە چاودێرانیش پێشبینی ئەوەیان دەكرد پارتی بە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ مالیكی سزای حەیدەر عەبادی بدات بەهۆی هەڵوێستەكانی لەسەر ریفراندۆم. هەروەها هاوپەیمانێتیكردنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ هادی عامری رەنگە لە شەقامی كوردستان وەكو نەنگییەكان بۆ هەردوو حیزبەكە وێنا بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا هادی عامری سەركردایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد بۆ دەستگرتن بەسەر روبەرێكی بەرفراوانی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان و شەهیدكردنی دەیان پێشمەرگە.   


(درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستگیركردنی "مەترسیدارترین تیرۆرستی داعش"یان لە ناوچەی رەققەی سوریا راگەیاند. هێزەكانی سوریای دیموكرات كە زۆرینەیان شەڕڤانی كوردی رۆژئاوای كوردستانن، لە هەواڵێكدا لەسەر سایتی خۆی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی داعشی بەناوی (ئەدریان لیۆنیل كیالی)ی راگەیاند كە بە "ئەبو ئوسامەی فەرەنسی" ناسراوە. بەپێی هەواڵەكە، ئەبو ئوسامەی فەرەنسی یەكێكە لەو كەسانەی كە رۆڵی هەبووە لە هێرشەكانی تشرینی دووەمی 2015ی پاریس و هێرشەكەی مانگی تەموزی 2016ی شاری نیسی فەرەنسا. ئەبو ئوسامە بە رەگەز فەرەنسییە و لەدایكبوی 1983یە، ساڵی 2003 موسوڵمان بووە و كاریگەر بووە بە فیكری جیهادی، ساڵی 2010 لە فەرەنسا بەتۆمەتی لایەنگری بۆ رێكخراوە تیرۆرستییەكان دەستگیركراوە و دواتر ئازادكراوە، پاش ئازادبونی ساڵی 2015 لەرێگەی توركیاوە هاتوەتە ناو سوریا و پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەو كردووە. بەپێی هەواڵەكەی سایتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەبو ئوسامە فەرەنسی رۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ هاوسەرەكەی و ژمارەیەك ئەندامی تری داعشدا لە هەوڵێكی گەڕان و پشكنیندا لە ناوچەی رەققە دەستگیركراوە.  


(درەو میدیا):  "عەبادی رایگەیاند ئەگەر هەیە ئەنجامی هەڵبژاردن یان بەشێكی ئەنجامەكە هەڵبوەشێتەوە" ئەمە وتەی شاسوار عەبدولواحيد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێيە لە دوای كۆبوونەوەی لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق. شاسوار عەبدولواحد لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە" لە كۆبونەوەم لەگەل سەرۆك وەزیرانی عێراقی حەیدەر عەبادی، بە وتەی عەبادی ئەگەر هەیە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یان بەشێكی ئەنجامەكە هەڵوەشێتەوە (رەنگە دەنگدانی تایبەت) بێت. سەبارەت بە بوونی ساختەكاری، شاسوار عەبدولواحيد دەڵێ" باسی فەزیحەی تەزویرمان كرد لە هەرێم و ئەوانیش دانیان نا بەوەی كە تەزویرێكی گەورە كراوە و رایگەیاند ئەمڕۆ كۆبونەوەی نوێنەری تەواوی دامەزراوەكانی وڵات لەگەل ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دراوە و لیژنەیەكیان پێكهێناوە و لیژنەكە لە ماوەی دو رۆژدا راپۆرتی خۆی پێشكەش دەكات و تا ئەو كاتەش، ئاستەمە دەستەی دادوەری ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات".  


(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو رۆژی 12ی مانگی داهاتوو لە سەنگاپورە بەڕێوەبچێت. لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی كۆشكی سپی كردووە، ترەمپ بە سەرۆكی كۆریای باكور دەڵێت" دەمویست لەوێ بتبینم، بەڵام بەداخەوە بە رەچاوكردنی ئەو توڕەیی و دوژمنكارییە زۆرانەی كە لە دواین بەیاننامەتاندا دەركەوت، هەستم دەكەم لەم كاتەدا گونجاو نییە هیچ دیدارێك ئەنجام بدەین". سەرەتای تێكچونەوەی پەیوەندییەكانی كۆریای باكور لەگەڵ ئەمریكا بۆ لێدوانێكی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە كە رۆژی دوو شەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (فۆكس) هۆشداری بە كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكوردا لە هەر جۆرە یاریكردنێك لەگەڵ واشنتۆن بەر لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی لوتكەی نێوان ترەمپ و كیم جۆن ئون. لە یەكەم كاردانەوەی ئەو لێدوانەدا، خانم چوی سون هوی جێگری وەزیری كاروباری دەرەوەی كۆریای باكور لەبەیاننامەیەكدا لێدوانەكەی مایك پێنسی بە لێدوانێكی "نەزانانە و گەمژانە: ناوبرد و وتی: پیۆنگ یانگ ئامادە نییە لەڕێگەی هەڕەشەی سەركردەكانی واشنتۆنەوە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت. لەنوێترین كاردانەوەشدا لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنە نوێیەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتۆن رویدا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، داوایان لە كۆریای باكور كردووە تیمی ئامادەكاریی بۆ كۆبونەوەی لوتكە دابنێت، بەڵام كۆریای باكور هیچ هەنگاوێكی نەناوە لەوبارەیەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، بەردەوام دەبن لەسەر فشارەكانیان بۆسەر كۆریای باكور.  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر شكستیهێنا لە سازدانی كۆبونەوەیەك بۆ بەدواداچوونی گومانەكانی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار. كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ بكات لەبارەی گومانەكانی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و لە دانیشتنەكەدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبەردەم پەرلەمانتارانەوە لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە قسەبكات. لە چەند رۆژی رابردودا ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێكی تری دا بەمەبەستی سازدانی كۆبونەوە لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابەوە ئەو كۆبونەوەیەش شكستیهێنا و لەبری بڕیاردان لەسەر پرۆسەكە سەرۆكایەتی پەرلەمان ژمارەیەك داواكاری ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد. بڕیارە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمجارەش ژمارەیەك رێوشوێنی نوێ لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە رابگەیەنێت، بەڵام ئەگەر نیسابی یاسایی تەواو نەبێت پێناچێت پەرلەمان بتوانێت كۆمسیۆن پابەند بكات بەهیچ رێوشوێنێكەوە.  


(درەو میدیا):  " پەرلەمان بایكۆت بكرێت نەك پرۆسەی سیاسی لە عێراق" ئەمە قسەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە. جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە جڤاتێكی راوێژكارییە و مافی بڕیاردانی نییە، ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، مام فارس ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی جدی كرا لەسەر پرسی ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی پێیان وابوو ئەو ساختەكارییە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە كراوە، موئامەرەیەكی نێودەوڵەتییە و بە تەنها نەیانكردووە. مام فارس وتی: گفتوگۆكردن لەسەر بایكۆت یان بەشداریكردنی گۆڕان لە بەغداد، تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو، جڤاتی گشتی پێشنیازیكرد بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق نەكرێت، بەڵكو تەنها بایكۆتی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. ئاماژەی بەوەكرد، بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەرێوەبچێت و پێشنیازكرا هەموو هەوڵێك بۆ ئەو پرۆسەیە بخرێتەگەڕ. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پێشنیاز و راسپاردەكانی جڤاتی گشتی دەبێت  ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەریان، بڕیارە رۆژی شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی خۆی لەوبارەیەوە بدات. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا (5) كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگەیاند و گومانی هەیە لەوەی ساختەكارییەكی بەربڵاو لە پرۆسەكەدا كراوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand