(درەو میدیا): هانی مولقی سەرۆك وەزیرانی ئوردن دواجار لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكاندا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، پادشای ئوردن عومەر رەزاز وەزیری پەروەردە و فێركردنی راسپاردووە بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت. چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئوردن دەستیپێكردووە دژ بەو رێوشوێنانەی كە حكومەت گرتیەبەر بۆ زیادكردنی باج لەسەر كاڵا و هەڵگرتنی پشتیوانی دارایی لەسەر نان كە یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی خۆراكی هەژاران لەو وڵاتە. لەگەڵ فراوانبونی بازنەی خۆپیشاندانەكاندا شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن سەرۆك وەزیرانی بانگهێشت كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخەكە. هانی مولقی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی ئوردن لە مانگی ئایاری 2016 دەستبەكاربوو، یەكێكە لەو سیاسەتمەدارانەی ئوردن كە لایەنگری لە پیاوانی خاوەن كار دەكرد، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆك وەزیران دوو ئەركی گەورە كەوتنە سەرشانی، یەكەم بوژاندنەوەی ئابوری خراپی ئوردن و ئەو سەرمایەگوزارییانەی كە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوچەكەوە گورزی گەورەیان بەركەوت. رێوشوێنەكانی حكومەتی ئوردن بۆ زیادكردنی باجەكان كە ناڕەزایەتی فراوانی لێكەوتەوە لەسەر پێشنیازی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خرانە بواری جێبەجێكردنەوە.
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف " عێراق توشی كێشەیەكی زۆر گەورەی ئاو دەبێت لە داهاتوودا، لەو لاوە توركیا پرۆژەی گاپی هێناوەتە پێشەوە كە 22 بەنداو لەسەر ئاوی دیجلەو فورات درووست دەكات كە لە داهاتوودا كۆنترۆڵی ئاوی فورات دەكات و ئەو ئاوەی كە دێتە عێراقەوە زۆرزۆر كەم ئەبێتەوە، تەنها توركیا نیە لە هەوڵی ئەوەدایە كۆنترۆڵی ئاوەكان بكات بە گوێرەی ئەو زانیاریەكان، ئیران حیسابی ئەوەی كردووە 21 روباری گەورەو بچوك دەڕژێتە ناو خاكی عێراقەوە، پلانی بۆ هەموویان داناوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵیان بكات نزیكترین نمونەیان ئەو ئاوەی كە لەسەردەشتەوە دێت بۆ دوكان، شارەزایانی ناردووە كە چۆن بەنداوی لەسەر درووست بكەن بۆ ئەوەی ئاو نەیەت بۆ دیوی ئێمە" ئەمە وتەی نەوشیروان مستەفایە كە لەبەردەن ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی پارێزگای سلێمانی دوای هەڵبژاردنیان لە ساڵی 2000 كردونی، نەوشیروان مستەفا ئەو كات دركی بە مەترسیەكانی كێشەی ئاوكردووەو بەتایبەتیش پلانەكانی ئێران و توركیا بۆ گرتنەوەی ئاوی عێراق و هەرێم و بەكارهێنانی كارتی ئاو وەك كارتێكی بەهێز دژ بە هەرێم و عێراق. لەبەرامبەر پرۆژەو پلانەكانی ئێران و توركیا نە عێراق پلانی ووردی بەرامبەری دانا نە هەرێمی كوردستانیش بیری لە پرۆژەی بەدیل كردەوە، كە بە ئاسانی دەیتوانی لەبەرامبەر ئەو پرۆژانەدا چەندین پرۆژەی درووستكردنی بەنداوی گەورەو بچوك جێبەجێ بكات بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان بە هۆی سروشتی ناوچەكەیەوە كە لەبارە بۆ درووستكردنی بەنداو، بەڵام هەنگاوی بەو ئاراستەیە نەنا، لە كاتێكدا لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە وەزارەتی ئاوو سامانە سروشتیەكانی عێراق لای كورد بووە. لەهەمووی گرنگتر تەواوكردنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە بووە، كە بە گاپی كوردستان و عێراق دادەنرا، تەواونەكردنی بەنداوی بێخمە و رێگریكردن لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە یەكێك بوو هەڵە ستراتیژیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەدوای راپەرین و دواتریش لەدوای روخانی بەعس لە 2003 كە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە هەوڵدراوە كە ئەو پرۆژەیە تەواو بكرێت بەڵام رێگری لێكراوە. یەكەم/ بەنداوی بێخمە بەنداوی بێخمە كە بەیەكێك لە پرۆژە هەرە مەزنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرا، هەندێكیش بە گاپی عێراق ناوی دەبەن، لەبەر ئەوەی هەمان ئەو گرنگیەی گاپی توركیای هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەم پرۆژەیە ئەگەرچی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دەستكرا بە درووستكردنی بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتی كوردی تاڵانكراو لەسەردەمی حكومەتەكانی عێراقیشدا پشتگوێخرا. مێژوو بیرۆكەی درووستكردنی بەنداوی بێخەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە كۆنەكان و هەندێكیش بۆ پێش زایینی دەگەڕێننەوە، بەڵام دەوترێت لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە ڕووپێوی بۆ دروستكردنی بەنداوی بێخمە كراوە، بەو پێیەی یەكەم لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، ئەویش بە پێكھێنانی لیژنەیەك لە شارەزا وپسپۆری بەڕیتانی وعیڕاقی لە بواری دروستكردنی بەنداو ودیاریكردنی شوێن وئاست وقەبارەی گلدانەوەی ئاو جۆری بەردوخاك وسیفاتە جیۆلۆجیەكانی، ئەم لێكۆڵینەوانە بەردەوام بوون تا لە ساڵی ١٩٧٩ و دوا ڕاپۆڕت لەبارەی ھەڵسەنگاندنی و دیاریكردنی لایەنی شیاوی شوێنی جوگرافی وجیۆلۆجیەكەی، ئامادەكرا و بڕیاری دانانی بناغەی بەنداوەكە درا. بەنداوی بێخمە سەربە ناحیەی خەلیفانی پارێزگای هەولێرە، لە دووریی 60 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، روبەری گشتی پرۆژەكە ( 92000 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تێكڕای بەرزیەكەی ( 7000 – 10000 ) پێیە ( 230 مەتر و ) پانیەكەی ( 600 ) مەترە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە، كە لەسەر روباری زاب درووستكراوەو درێژیەكەی ( 230 ) كم و ساڵانە توانای گلدانەوەی ( 13.3 ملیار مەتر چوارگۆشە) ئاوی هەیە، رۆژانە توانای گلدانەوەی ( 39.29 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ) كە بەهۆیەوە ۱ ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەكات و بۆ ڕێخستن و ڕێگری لە دروستبوونی لافاو جگە لەوەی ناوچەكەی دەكردە شوێنێكی گەشتیاری دڵگیر لە هەمانكاتدا توانای بەرهەم هێنانی( ۲۵۰۰ )مێگاوات كارەبای هەبوو، لە ١٩٧٩ و سەرەتای ١٩٨٠كان دروستكردنی پڕۆژەكە واژۆكرا لەلایەن دوو كۆمپانیای توركی و یووگۆسلاڤیایی (ئینكا و ئینێرجۆپڕۆجێكت). بنیاتنان لە پڕۆژەكە لە ١٩٨٧ دەستی پێ كرد بە دروستكردنی ڕێگا بۆ پڕۆژەكە، و كەمپی نیشتەجێبوون، و ھەڵكەندنی زەوی و شاخی شوێنەكە. لە 1988 دووبارە دەستكرا بە دروستكرنی لە حوزەیرانی ١٩٩٠ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواوبوو. وا بڕیاربوو پڕۆژەكە لە ١٩٩٢ تەواوبكرێت. تا لە 1991 جارێكی تر وەستا بەهۆی شەڕی كەنداو، كە تا ئەوكات 35٪ كارەكانی تەواوبووبوون. هەر هەمان ساڵ بەهۆی راپەرینەوە پرۆژەكە وەستاو هەموو ئوتومۆبیل و كەلوپەل و ئامێرو ژێرخانێكی پرۆژەكە ئاودیوی ئێران كران كە بایی 175 ملیۆن دۆلار بوو. لە دوای دروستبوونەوەی حكوومەتی عێراق لە ٢٠٠٣ تا 2007 حكوومەتی عێراق چەند جارێك شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پڕۆژەكە و دەستپێكردنەوەی بەڵام حكوومەتی ھەرێم لەسەر دەستپێكردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە 2007 حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە نیازی تەواوكردنی بەنداوی بێخمەیان هەیە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەڵام چەندین بیانوو هەبوو بۆ رێگری لە دروستكردنی بەنداوەكە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیكەی( 20٫000 )لە گوندنیشینەكانی دەوروبەری پرۆژەكە و ئەگەری نزیكبوونەوەی ئاو لە ئەشكەوتی شانەدەر. لە 2008 بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی خەرجكرا لە ئامادەكاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەكە. بڕی خەرجیی كۆتاییی پێشبینیكراوی بەنداوەكەش ( 2.6 )ملیار دۆلاری ئەمریكییە. بەڵام زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی رازی نەبوون بە دەستكردن بە بونیادنانەوەی پرۆژەكە ئەویش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری گوندەكانی ناوچەی بارزان دادەپۆشێت و زیان بەگوندەكانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت، كە هەندێك ئەمە بەهۆكاری سەرەكی دادەنێن بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژە ستراتیژیە گەورەیە كە ئەتوانرا لەلایەك ئاودێری و گەشتیاری و رێژەیەكی زۆری كوردستانی پێبكرێت و لەهەمانكاتدا دەتتوانرا وەك چۆن ئێستا توركیاو ئێران كارتی ئاو بەرامبەر بە بەغداد بەكار دەهێنن، هەرێمی كوردستانیش بەردەوام كارتی ئاوی بەرامبەر بە بەغداد بەكار بهێنایە، بە تەواوی كردنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە ستراتیژیترین پرۆژە لە هەرێمی كوردستان بونیاد دەنرا كە زۆر لە نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەهاكەی زیاتر دەبوو. دووەم/ پرۆژەی گاپ پرۆژەی گاپ(GAP )ی توركیا ( پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ GüneydoğuAnadoluProjesi) یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی گەشەپێدانی باشوری ئەنادۆڵ، ڕووپێوی هەرێمی گاپ ( 75358) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە نزیكەی لە10% ڕووبەری خاكی توركیا دادەپۆشێت.، سەرەتاكانی پرۆژەی گاپ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936 كاتێك دەزگای ( EWSA) ) بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرچاوە ئاوییەكان، دەستی بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری كرد، لەكاتێكدا لەو دەمەدا ئەم جۆرە پرۆژانە لەتوركیا ئەنجام نەدرابوون، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان تایبەت بە باری جیۆلۆجی و تۆپۆگراپی حەوزی دیجلەو فورات لە ناوچەی "گاپ" لە ساڵی 1938وە دەستی پێكرد بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ گەشەكردنی پرۆژەیەكی ئابوری مەزن لەناوچەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا كە دەكاتە باكوری كوردستان، ئامانجەكەشی ئەوكات ساڵی (1930) خۆی لە: خستنەگەڕی وێستگەكانی وەبەرهێنانی ووزەی كارەباو، هەڵبەستنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات ئەبینیەوە، بەڵام لەهەفتاكانی سەدەی ڕابردوەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پرۆژەیەكی گەورەی ئیقلیمی ئابوریی فرە ڕەهەند،وەكو: كەرتی ئاودێریی و وەبەرهێنانی كارەبا،كشتوكاڵ و پرۆژەی هایدرۆكارەبایی و ژێرخانی ئابوریی پەروەردەیی و تەندروستی و گەشتوگوزاریی، ئێستاش دانانی (22) بەنداوی گەورە لەچوارچێوەی وەبەرهێنانی سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ (19) ناوەندی هایدرۆكارەبایی هەیە. پرۆژەی گاپ دەكەوێتە كوردستانی توركیا ئەو ناوچانەی ئەم پرۆژەیە دەیانگرێتەوە ئەمڕۆ بەهەرێمی گاپ ناسراون، ئەم هەرێمە لەباشورەوە سنوری لەگەڵ سوریادا هەیە و لەباشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ عێراقدا، ڕووپێوی هەرێمی گاپ ( 75358) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە كە لە 9.5%ی سەرجەم ڕووبەری توركیا پێكدێنێت ، هەروەها 20%ی كۆی ئەو زەویانەی كە لە توركیادا بۆ ئاودێری دەست دەدەن و كۆی ڕووپێوەكان دەگاتە هەشت ملیۆن و نیو هێكتار زەوی و دەكەوێتە سنوری هەرێمی گاپ كە بریتیە لە دەشتە پان و بەرینەكانی حەوزی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات،هەرێمی گاپ یەكە كارگێڕیەكانی (باتمان، دیاربەكر، غازی ئەنتەب، سیرت، شانلی ئورفە، شیرناخ، كلیسن ئادیەمان و ماردین) دەگرێتەوە. پرۆژەكە تائێستا بڕی (32) ملیار دۆلاری تێچووە،هێزی گشتی لەوەبەرهێنانی ووزە لەم پرۆژەیەدا (7476) مێگاواتە،ئەمەش یانی بەرهەمی ساڵانەی ووزەی تیا ئەگاتە (27) ملیار مێگاوات لە كاتژمێرێكدا.لەهەناوی خۆیدا ئەم پرۆژەیە دابەشكراوە بۆ (13) پرۆژەی سەرەكی،كە (7) یان لەسەر ڕووباری فوراتە،(6) یان لەسەر دیجلەیە،ڕووبەرەكەیان بەگشتی (6,76) ملیۆن دۆنم زەوییە . ئامانجەكانی پرۆژەكە: 1.زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی توركیا بەبڕی دوو هێندە لەڕێی زیادكردنی توانای ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزە. 2.زیادكردنی تێكڕای بەرهەمی نەتەوەیی بەڕێژەی 7%. 3.كەمكردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 14%. 4.كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری بۆ پێوەرەكانی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەكردن بۆ سنوری لەسەدا هەشت و لەدەدا حەوت. 5. زیادكردنی بەرهەمە پیشەسازییەكان بەڕێژەی 93% و بەشداری بكەن لەكۆی نرخی هەناردەكان. 6.هەرێمی گاپ كە نزیكەی لەسەدا دەی ڕووپێوی توركیا پێكدێنێت بكرێتە كۆگای گەنمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 7.كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان هەرێمی گاپ و هەرێمەكانی دیكەی توركیا لەڕێی زیادكردنی بەرهەم هێنان لە هەرێمەكەدا و گەشەكردنی ئاستی هەرێمەكە. 8.كۆنتڕۆڵكردنی گەشەكردنی شار بەپێی ئەو ئاڕاستانەی كە دەست نیشان كراوە. 9.ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەی زیادبوونی پێداویستیەكانی هەرێم كە لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بەگشتی و دانیشتوانی شار بەتایبەت. 10.ڕێكخستنی بنەما سروشتی و ئابوریەكانی ناچە گوندییەكان لەڕێگەی سوود وەرگرتن لەسامانەكانی ئەم ناوچانە بەباشتریت شێوە. كاریگەرییە ئابورییەكانی گاپ لەسەر هەرێمی كوردستان: 1.كەمكردنەوەی بڕی ئەو ئاوەی كە دێتە كوردستانی عێراقەوە،بەپێی داتاكان لەئەنجامی پرۆژەكانی توركیا لەسەر ڕووباری دیجلە ئاوی ڕووبارەكە بەنزیكەی 3,5ملیار م3 لەساڵێكدا كەمیكردووە، ئەو پرۆژانەی كە توركیا لەسەر ڕووباری زێی گەورە ئەنجامی داون دەبنە هۆی كەم بوونەوەی ئاوی ڕووبارەكە بەنزیكەی نیو ملیار م3 بەساڵێكدا ئەمەش لە ساڵە وشكەكاندا كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت. بەم شێوەیە دەبینین لەئەنجامی گاپ دا ئاوی هەرێمی كوردستان بەبڕی 4ملیار م3 كەم دەكات كە بەشی هەرە زۆری لەئەنجامی كەم بوونەوەی ئاوی ڕووبارەی دیجلەوەیە. 2.ڕاستەوخۆ هەرێمی كوردستانی عێراق ناتوانێت سوودێكی ئەوتۆ لەڕووباری دیجلە وەربگرێت لەبەرئەوەی بۆ ماوەیەكی كورت، نزیكەی سەدو هەشتا كیلۆمەتر، بەناو هەرێمدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاشكرایە كەمبوونەوەی بڕی ئەو ئاوەی كە دەگاتە كوردستان بۆ دابینكردنی پێداویستیەكان دەبێتە هۆكارێك كە عێراق زیاتر پشت بەئاوی ڕێژگەكانی ڕووباری دیجلە ببەستێت كە بەناو هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت. 3.بەكارهێنانی ئاوی دیجلەو ڕێژگەكانی لەكوردستانی باكوردا بۆ پرۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی لەئەنجامی دروستكردنی گاپ كار دەكاتە سەر جۆری ئەو ئاوەی كە دەگاتە كوردستانی عێراق و دەبێتە مایەی ئەوەی كە ڕووباری دیجلەو ڕێژگەكانی توانای خۆخاوێن كردنەوەیان نەمێنێت. بەرهەمی پرۆژەكە: 1.ئاوەدانكردنەوەی 1,7 ملیۆن هێكتار زەوی. 2.بەرهەم هێنانی 27 ملیار/ كیلۆوات/ سەعات كارەبا ساڵانە. 3.دابینكردنی هەلی كار بۆ 3,8 ملیۆن كەس. 4.زیادكردنی داهاتی هەریەك بە دانیشتوانی هەرێمەكە بەڕێژەی 106% 5.داهاتی هەرێمی گاپ لە ئەنجامی گەشەكردنی ئەو توانا كشتوكاڵی و پیشەسازییە كە بەهۆی پرۆژەكەوە دێتە كایەوە لەئەنجامی باڵادەستی توركیا بەسەر پتر لە پەنجا ملیار م3 ئاوی دیجلەو فوراتدا پێنج هێندە زیاد دەبێت. 6.نزیكەی 3,5 ملیۆن كەس لە دانیشتوانی هەرێمەكە، كە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیان لە 9 ملیۆن كەس زیاتربكات هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت. سەرچاوەكان/ - پرۆژەی گاپ و مەترسیەكانی لەسەر ئایندەی عیراق و كوردستان، سامان قوبادی / http://andazyar.blogspot.com/2015/12/blog-post_62.html - بەنداوی بێخمە/ د. مەدیحە سۆفی / http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1057 - قەیرانی ئاو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهرۆز جەعفەر/ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=47873 - مشروع سد بخمە ینشگ الحیاە فی كردستان والعراق/ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?a=6372&l=14 - المگالبە بإكمال سد بخمە/ http://www.ehamalat.com/Ar/sign_petitions.aspx?pid=552 - أستراتیجیە المیاه التركیه/ حیدر شامان الصافی/ http://www.alnoor.se/article.asp?id=58834 - مشروع جنوب شرق اڵاناچول/ https://www.marefa.org/%D9%85%D8%B4%D8%B1%D9%88%D8%B9_%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%A8_%D8%B4%D8%B1%D9%82_%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D9%88%D9%84
(درەو میدیا): لە نوسراوێكدا كە ئەمرۆ 3/6/2018 ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە كە رێز لە تەواوی بڕیار و یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت. بەڵام راٍٍٍشیگەیاندووە سەبارەت بەو بڕیارانە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دانیشتەی پەرلەمانی عێراق لەبەرئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە تانەی لێدراوە و چاوەروانی بڕیاری دادگای فیدراڵین. ئۆباڵەكەشی خستوەتە ئەستۆی تانەی سەرۆك كۆماری عێراق د. فوئاد مەعسوم.
راپۆرتی : ئارام مەحمود شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دوو بنەمای سەرەكیان بۆ هەڵسەگاندنی پرۆسەكە دەستنیشانكردوە، یەكەمیان ئازادی دەنگدان و دووەمیشیان پاك و بێگەردی(نەزاهە)، ئەگەر بەپێی ئەم دوو بنەمایە بێت، ئەوەی لە ساڵی 1992وە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن نەبووە بەمانا دیموكراسییەكەی كە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لێبكەوێتەوە، بەڵكو شەرعیەتدان بووە بە مانەوەی چەند گروپێكی سیاسی. قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ باسكردنی ساختەكاری، وەك ئەوە وایە پرۆسەیەكی شاراوە لەناو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەیادبكەیت، بەگەڕانەوە بۆ كۆی ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 1992وە تا دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوێت كە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ساختەكاریی گەورە و بەلێشاو كراوە، بەڵام ڕەنگە هیچ هەڵبژاردنێك وەك ئەوەی ئەم دواییە قەبارەی ساختەكارییەكانی ئاشكرانەبووبێت، بەوپێیەی پرۆسەكە بە ئەلیكترۆنی بەڕێوەچوو و بەداتا و ئامار بڕی ساختەكارییەكان كەوتنە بەردەست. "ڕێژەی بەشداری و یاركردن بەئەنجامەكان" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەرچاوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییە جیهانی و ناوچەییەكان بە نهێنی ئاماژەیان پێكردوە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر لەوە كەمتر بووە كە ڕاگەیەندراوە، بۆ ڕزگاركردنی پرۆسەی سیاسی پەنا بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەشداری براوە، بەو مانایەی ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی ئەنجامدانی ساختەكاری زیاد لە ڕوویەكی لەخۆ گرتوە، جارێك ڕێژەی بەشداری زیادكراوە و لەو ڕێژەیەش كۆمەڵێك هێز و لایەنە لێی سودمەندبون، جارێكی تریش هەندێك هێز ڕاستەوخۆ دەستكاری ئەنجامەكانی خۆیان كردوە، وێڕایی چەندین جۆری ساختەكاری تر هەر لە كڕینی سندوقەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، تا دەگاتە گۆڕینی دەنگدانەكانی هەندێك كاندید و گواستنەوەی بۆ چەند كاندیدی تر، كە هەموو ئەمانە هەم بەشداریكردوە لە زیادكردنی رێژەی بەشداری و هەم یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە شێوەكی نائاسایی، ئەو بەڵگانەشی لەم ڕوەوە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە، هیچ دەرفەتێكی بۆ ڕەتكردنەوەی نەهێشتوەتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ كۆمسیۆن دەچێتە ژێر بارێكی ئاوا؟. "كۆمیسیۆن بۆ دەنگەكان بەدەست ناژمێرێت" كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دۆخێكدایە كەس ئیرەیی پێنابات، بەڵام بەردەوام وا خۆی پیشاندەدات كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردوە ، ئەوەی بانگەشەی ئەنجامدانی ساختەكاری دەكات كۆمەڵێك هێزی "دۆڕاون" یان زەرەرمەندبون لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام لەڕاستیدا كۆمسیۆن هیچ ڕێگایەكی تری لەبەردەمدایە جگە لە سوربون و پێداگری لەسەر ڕاست و دروستی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندون و ڕەتكردنەوەی هەمو ئەو داوایانەی كە باس لە بژاردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەدەست، چونكە ڕوونە ئەنجامەكانی ئەلیكترۆنییەكان و دەنگی ناو سندوقەكان جیاوازییەكی گەورەی تیادایە و گەر لایەنی سێیەم چەند سندوقێك بكاتەوە بەتایبەتی لە شارەكانی (ئەنبار و دیالە و موسڵ و هەولێر و سلێمانی و دهۆك) لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی سندوقەكانی دەرەوەی وڵات و بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان ئەوا وەك دەوترێت قیامەت هەڵدەسێت و بۆ هەموو دونیا ئاشكرادەبێت كە چی ساختەكارییەك لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، بۆیە تائەم ساتەش بەتوندی دژی كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و بژاردنەوەی دەنگەكەكانە بەدەست. چاودێرانی دۆخی عێراق هەڵوێست و وەستانەوەی كۆمسیۆن بەڕووی پەرلەمانی عێراق و حسابنەكردن بۆ بڕیارەكانی بۆ دوو هۆكار دەگێڕنەوە، یەكەمیان ئەوەیە، كۆمەڵێك هێزی بەنهێنی پشتی دەگرن و دڵنیایی ئەوەیان داوەتی كە لەهەر لێپرسینەوەیەك دەپانپارێزن، دووەمیشیان، كۆمسیۆن لەد ۆخێكدایە كە پێشی ئاوە و پشتی ئاگرە و دەبێت تا دواهەناسە شەڕ و پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بكات، چونكە هەر پاشگەزبونەوەیەك لەهەڵوێستیدا مانای دوورخستنەوە و ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا. "نیساب تەواوبێت كۆمسیۆن كۆتاییهاتوە" كۆمسیۆنی هەڵبژادنەكان بە پاساوی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست نەكراوە، داواكاری ئەو هێزانەی ڕەتكردەوە كە داوایانلێكرد ڕێژەی لەسەدا پێنچی دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكاتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بەم پاساوە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێكی دەركرد و تیایادا بە نوسراوی ڕەسمی داوای لە كۆمسیۆن كرد ئەو ڕێژەیەیە لە دەنگەكان ئەژماربكاتەوە بۆ دڵنیابون لە پاك و بێگەردی پرۆسەكە، بەڵام جارێكی تر كۆمسیۆن ئەو بڕیارەی پەرلەمانیشی ڕەتكردەوە بەبیانوی ئەوە بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە لە مادەی 138ی دەستوری عێراق، بڕگەی 5 (ئەلف)دا، هاتوە، پەرلەمان دەسەڵاتی تەشریعی یاساكان و بڕیارەكانی هەیە، واتە بڕیارەكانیشی هەمان هێزی یاساییان هەیە. بۆ بڕینی بیانوەكانی كۆمسیۆن، پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ژمارە 45 ساڵی 2013 ئامادەكردوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو بیخاتە دەنگدانەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە نهێنی بڕگەیەكی تر بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە زیادكراوە كە داوای لەكارخستنی كۆمسیۆن دەكات، ئێستا گرەوەكە لەسەر ئەوەیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوبێت ئەوا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەكاردەخرێت، بەڵام بەستنی ئەم دانیشتنە هەروا ئاسان نابێت، جگە لەوەی چەندین هێز لەژێرەوە هەوڵی شكستپێهێنانی دەدەن، سەرۆك كۆماری عێراق بەجیا و فراكسیۆنی یەكێتیش بەجیا هەوڵە یاساییەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ شكستپێهێنانی دانیشتنەكەی پەرلەمان و، ئەگەر پێش ئەو دانیشتنە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە نایاسایی بون ئەو دانیشتنەی پێشوی پەرلەمان بدات كە نیسابی یاسایی تیایدا تەواوكرا، ئەوا هەوڵەكانی پەرلەمان شكستدێنن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەوشێوەیە دەڕوات كە كۆمسیۆن ڕایگەیاندوە، ئەگەر دادگاش لەقازانجی ئەو لایەنانە بڕیاریدا كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و توانیان جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو كۆبكەنەوە، ئەوا كەشوهەواكە بەوشێوەیە نامێنێت كە هێزە براوەكانی حەزیان لێیەتی و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەنجامەكان دەدەن بەم شێوەیەی ئێستا.
درەو میدیا بەپێی راگەیەنراوێكی گۆشەی ئابوری و ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، "داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2018 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار"ە، لە راگەیەنراوەكە زیادبوونی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی " بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادكردنی بەرهەمی نەوتی كوردستان لە كێڵگەكانی گەرمیان و فیشخاپور" ەوە بووە. رۆژانە هەرێمی كوردستان ( 326774 ) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووەو كۆی مانگەكە دەكاتە (10.130.000) بەرمیل، تێكڕایی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە بۆ مانگی ئایار (٧٨) دۆلاری ئەمریكی بوە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (٨) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برینت دەفرۆشێت. كەواتە نەوتی هەرێمی كوردستان بە (٧٠) دۆلاری ئەمریكی فرۆشراوە. كۆی داهاتی نەوتی هەرێم كە تەنها لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردە كراوە بۆ مانگی ئایار = 10.130.000 بەرمیل ×٧٠ دۆلار =709.100.000 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار. دەقی راگەیەنراوەكە.
(درەو میدیا): سبەی دووشەممە مەولود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەگات واشنتۆن. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەی چاوەش ئۆغڵۆ و پۆمپیۆ ، تاوتوێكردنی دۆخی شاری مەنبەجە كە توركیا داوادەكات هێزەكانی سوریای دیموكرات پاشەكێی لێبكەن. هەفتەی رابردووش تیمی هاوبەشی توركیا و ئەمریكا لە ئەنكەرە لەسەر هەمان پرس كۆبوونەوە و میدیاكانی توركیا رایانگەیاند كە ئەنكەرە و واشنتۆن لەسەر نەخشە رێگایەك بۆ بەڕێوەبردنی مەنبەج و كشانەوەی هێزە كوردییەكان گەیشتونەتە رێككەوتن، بەڵام هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردەوە رێككەوتن كرابێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف خوانی بەربانگكردنەوەی جەندەرمەكانی توركیا لە مزگەوتی گوندی (بەرمیزە)ی ناحیەی سیدەكانی قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر، زیاتر پەیامێكی سیاسی و ئایینی لە پشتە، جگە لە پێشێلكردنە سەربازیەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم. ئامانج لە سازدانی ئەو خوانەی بەربانگ لەناو خاكی هەرێم، رەنگە بە پلەی یەكەم ئەو پەیامەی لەخۆیدا هەڵگرتبێت بۆ خەڵكی ئایینداری ناوچەكە كە جەندرمە وەكو خاڵكی ناوچەكە موسڵمانن و ئەوانەی لە چیان ( پەكەكە ) لادینن، ئەمە هەنگاوێكی نوێی توركەكان نیە، وەك ئیسماعیل بێشكچی نوسەری بەناوبانگی تورك و دۆستی گەلی كورد لە كتێبەكەیدا (كوردستان كۆڵۆنیالیەكی نێودەوڵەتی) باسی دەكات حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی توركیا هەمیشە هەوڵیان داوە كورد لە بۆتەقەی ئاییندا بتوێننەوەو لە رێگەی برایەتی ئایینیەوە لە هەستی نەتەوەیایەتی كورد بدەن. ئەگەر حكومەتەكانی پێشووی توركیا كە زۆربەیان عەلمانیەكی نەتەوەپەرستی كەماڵیست بوون، نەیانتوانی بێت ئەو سیاسەتە بەتەواوی بچەسپێنن، ئەوا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ریشەیەكی ئیسلامی هەیەو بانگەوازی زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی دەكات، ئەیەوێت ئەو هەستە تۆخ بكاتەوە. بەربانگكردنەوەی جەندرمەكانی توركیا لە گوندەكانی باشوری كوردستان هەوڵدانە بۆ بە ئاسایی روانین لە سوپای توركیا و كاڵبونەوەی هەستی تەماشاكردنیان وەكو داگیركەرێك. ئەردۆغان لە رۆژئاوای كوردستان بەناوی "چلە زەیتون"ەوە عەفرینی داگیركرد، ئێستا دەیەوێت بەهەمان ناونیشانەوە باشوری كوردستانیش داگیربكات، بەڵام بەبێ تەقەو ئۆپەراسیۆن و هێزی سەربازی. ئێوارەی 29/5/2018 ژمارەیەك جەندەرمەی توكیا لە بارەگاكانیان هاتنە خوارەوە بۆناو گوندی (بەمیزە)، ئەو هێزانە چەند مانگیك پێشتر بە درێژایی (15 كم) هاتنە ناو خاكی باشوری كوردستانەوە لەو ناوچەیە، بارەگای جەندرمەكان تەنها (500م) لە گوندی بەرمیزەوە دوورە، ئەوان دوو رۆژ پێشتر موختاری گوندەكەیان ئاگادار كردبووەوە كە دەیانەوێت بێنە گوندەكەیان و نیەتپاكی خۆیان نیشان بدەن، بۆیە ئەو رۆژە بە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هاتنە گوندەكەو لە مزگەوتی بەرمیزە بەربانگیانكردەوەو كۆمەڵێك ئازوقەو پێداویستیان دابەشكردووە بەسەر هاوڵاتیانی گوندەكەداو دواتر رۆیشتن. هاتنی ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچەیە هەروا رووداوێكی ئاسایی نیە، بەڵكو هەڵگری چەندین مانای قوڵە، لەسەرو هەموویانەوە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵكێ ناوچەكەو سوپای توركیا وەك داگیركەر، ئەوان بەو جوڵەیە ویستیان بڵێن "ئێمە پارێزگاری لە ئاسایشتان دەكەین و پەكەكە هێزێكە ناتونێت بتانپارێزێت"، هاوكات ئاماژەیەكە بەسەرتای جوڵەی سەربازی و سیاسی توركیا بە ئاڕاستەی هەژمونی زیاتر بەسەر هەرێمی كوردستان تاوەكو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی سەربازی شێنەیی بەرەو قەندیل و بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستتا (پەكەكە) لەو ناوچانە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەت و سەرۆك كۆماری عێراق تائێستا هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی وێنەی سەربازانی توركیا لە گوندی (بەرمیزە) رانەگەیاندووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی باڵادەستی ناوچەكە هیچ لێدوانێكی فەرمی و نافەرمی لەوبارەیەوە نەداوە. ئەوەی تائێستا لە هەرێمی كوردستان لەسەر هاتنەخوارەوەی ئەو سەربازانەی سوپای توركیا قسەی كردووە جگە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان، (13) پەرلەمانتاری كوردستانن كە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن" لە ساڵانی رابردوداو تا ئەم ساتەوەختە چەندینجار نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان بانگەوازمان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حكومەت و حزبە حوكمڕانەكان و دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراق كردوە، كە رێگری بكەن لە هەنگاوەكانی سنوربەزاندنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم. بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووەو، دەوڵەتی توركیاش قۆناغ لەدوای قۆناغ پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاكی كوردستان لە دانانی چەندنی سەربازگەو مۆڵگەو جەندرمەخانە قایمتر دەكات. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جەندرمەی توركیا لە گوندەكانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن!". بوونی بنكەو بارەگای سوپای توركیا لە باشوری كوردستان مێژوویەكی درێژەی هەیە، بە جۆرێك چەندین رێككەوتن كراوە لەنێوان عێراق و توركیا بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی، رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێككەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن (20 كم) سنوری خاكی یەكدی ببڕن، بەتایبەتیش دژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیان بەتایبەتیش (پەكەكە)، ئەم رێككەوتنەی لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، بەڵام لەبری راگرتنی بەزاندنی سنوری یەكتریان لە (20 كم)وە بۆ (25 كم) زیادكرد، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. هاوكات حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لەو دۆستایەتیەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەتی، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی (PMF)- هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە. لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان توركیا بنكە سەربازییەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە. بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان نزیكەی (18) بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نوێترنیان هاتنی هێزی سەربازی توركیا بوو بۆ (باشیك) لە ساڵی 2016دا كە بە بیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی "داعش" و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردەوە و (1200) سەرباز، (50) تانك، (50) هەمەر، (15) تۆپی دوورهاوێژ، (50) هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكە تر و (70) ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەو ناوچەیە جێگیركرد، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاویكردەوە، (3235) ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندان لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (58) تانك، (27) زرێپۆش، (31) تۆپ و (26) هاوەن، (17) ئاڕ بی جی و (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە هەرێمدا هەیە. راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (13) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك دابەشكراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگری هەیە. 1- گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (580) سەرباز و (91) ئەفسەر و (240) جەندرمە و (340) هێزی لێدان هەیە. 2- گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە كە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (30) تانك، (8) زرێپۆش، (6) هاوەن، (6) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدەهێنن. 3- سەربازگەی (باتوفا) سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (20) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگرییە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (400) سەرباز و (6) تانك و (21) زرێپۆشو (14) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4- بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (414) سەرباز، (6) تانك، (15) ئاڕ بی جی، (2) دۆشكە، (6) زرێپۆش، (11) تۆپ، (14) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی تێدایە. 5- سەربازگەی (سینكی)، (80) سەرباز و تۆپێكی (120 ملم)ی تێدایە. 6- سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (75) سەرباز، (6) تانك، سێ دۆشكە، (6) هاوەن، (4) زرێپۆش هەیە. 7- سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (130) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8- سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9- سەربازگەی (كوخی سپی)، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10- سەربازگەی (دەرەی داواتیا) لە هەفتانین، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11- سەربازگەی (سەری زیری)، (60) سەربازی تێدا جێگیركراوە. 12- سەربازگەی (گەلی زاخۆ)، (34) سەربازی تێدا جێگیركراوە. 13- سەربازگەی (ئامێدی)، (45) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە تێدا جێگیركراوە. 14- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی قەزای ئامێدی. 15- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17- بارەگای دەزگای سیخوڕی میت، لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18- بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لەپێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت، لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازییە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش": بدات.. .............. بابەتی پەیوەندیدار توركیا باشووری كوردستان داگیردەكات؟ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=103 خەونی سوڵتانی ئەردۆغان.. لە والی عەفرینەوە بۆ والی هەولێر http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=245
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت چەند رۆژێكە ترس لەناو خەڵكی بەغداد و موسڵ بڵاوبووتەوە، ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، خەڵك بەتایبەتی جوتیاران ترسیان هەیە لە لەناوچونی بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان. بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەرانی بەنداوی موسڵ، ئێستا ئاستی ئاو لە بەنداوەكە بەرێژەی 50% كەمیكردووە. هۆكاری كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاوە لە بەنداوی (ئەلیسۆ)، كە توركیا لەسەر نزیك گوندی (ئەلیسۆ)ی باكوری كوردستان و لە سنوری هەردوو پارێزگای ماردین و شرناخ لەسەر روبارەكە دروستیكردووە. بەنداوی (ئەلیسۆ) یەكێكە لەو (22) بەنداوەی كە توركیا لە باكوری كوردستان جێبەجێیان دەكات و بە "پرۆژەی گاپ" ناسراوە و وەك دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن" ئامانج لێی وەبەرهێنانی وزەی هایدرۆلیكی (كارۆئاوی) و كۆنترۆڵكردنی لافاو و گلدانەوەی ئاوە". بەنداوی ئەلیسۆ بەرزییەكەی (135) مەترە و پانییەكەی (1.820) مەترە و هەشت دەرگای هەیە، بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا لە ساڵی 1954 وە تاوەكو ساڵی 1997 لێكۆڵینەوەیان كردووە تاوەكو لە رۆژی 5ی ئابی 2006 بەردی بناغەی دانرا. بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان پرۆژەكە زیانی بۆ باكوری كوردستان دەبێت پرۆژەی بەنداوی (ئەلیسۆ) بەرلەوەی زیانی بۆ دۆخی ئاو لە عێراق هەبێت، زیان بە هەندێك ناوچەی باكوری كوردستان دەگەیەنێت، بەپێی قسەی چالاكوانانی كورد بەنداوەكە دەبێتەهۆی دروستبونی لافاو لە شاری دێرینی (حەسەن كێف) و (185) گوند و ناوچەی دەڤەرەكە، بەڵام لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەڵێت" ئەوان لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە دەیانەوێت دەستكەوتێكی گەورە بۆ خەڵكی ناوچەكە بەدی بهێنن و بیسەلمێنن كە ناوچە كوردییەكانی توركیا چیتر ناوچەی پشتگوێخراو نین". دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بانگەشەی ئەوە دەكەن بەنداوی ئەلیسۆ (10 هەزار) دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و كاروباری ئاودێری ناوچەكە رێكدەخاتەوە و سەرباری ئەمانەش دەیكات بە ناوچەیەكی گەشتیاری. كاردانەوەكان لە عێراق لە یەكەم كاردانەوەدا دوای دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە، حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتی توركیا دەستیكردووە بە پڕكردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ، ئەوەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە عێراق تێبینی كرا بەدابەزینی ئاوی روبارەكە". وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دەڵێ:" عێراق رێككەوتنی هەیە لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ئاستی گلدانەوە و بەردانەوەی ئاو، ئەو رێككەوتنەش تاوەكو كانونی دووەمی داهاتوو بەركارە". بڕیارە مانگی كانونی دووەمی داهاتوو لە شاری موسڵ لێپرسراوانی عێراق و توركیا كۆببنەوە بەمەبەستی پێداچونەوەی رێككەوتنەكە لەبەر رۆشنایی لێكەوتە نوێیەكانی دۆخی ئاو لە ناوچەكە. دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دیجلە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكانی عێراق كاردانەوەی زۆری دروستكرد، وێنەی وشكبونەوەی روبارەكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن فریای بارودۆخەكە بكەوێت. پێشتر وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق بەهۆی ئەو شەپۆلی وشكەساڵییەوە كە ڕووی لە عێراق كردووە چاندنی مەرەزەی لە جوتیاران قەدەغەكرد. رێوشوێنەكانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دوای راپۆرتێكی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریكا (ناسا) هات كە تێیدا هۆشداری دەدات لە كەمبونەوەی ئاو لە (19) ناوچەی گەرم لە جیهان بەتایبەتیش لە عێراق و سوریا. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە ئەم رۆژانە سەرقاڵە بە لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و گومانەكانی ساختەكاری، بڕیاریدا سبەینێ كۆبونەوەیەكی بەپەلە رێكبخات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قەیرانی ئاوەوە. كۆمسیۆن مافەكانی مرۆڤی عێراقیش لەبارەی كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوایكرد" ئاو نەكرێت بە چەكێكی تر دژ بە خەڵكی عێراق". كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ كاركردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی زامنكردنی مافە ئاوییەكانی عێراق. نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان كرد پەیامێك بۆ توركیا بنرێن و ئاگاداری بكەن لەوەی بەو هەنگاوەی رێخۆشكەری بۆ دروستبونی ململانێ دەكات لەنێوان هەردوو وڵاتدا. موقتەدا سەدریش، لە وەڵامی یەكێك لە لایەنگرانیدا كە پێشنیاری ئەوەی كردووە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بكەن، دەڵێت ئێستا پشتگیری لەو هەنگاوە ناكات و هەوڵدەدات بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئەو پرسە چارەسەربكات و ئەگەر نەشیتوانی ئەوا هەڵوێستی تری دەبێت. حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئێران لە بەنداوی ئەلیسۆ نیگەرانە كاردانەوەی بەگەڕخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە توركیا لە عێراق تێپەڕی و گەیشتە ئێرانیش، بەپێی قسەی میدیاكانی ئێران، ژمارەیەك هاوڵاتی ئێرانی نامەیەكیان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان ناردووە و تێیدا نیگەرانی خۆیان لە بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ نیشانداوە و دەڵێن ئەو بەنداوە بوەتە هەڕەشە لەسەر وشكبونی دەریاچەی (هور عەزیم) لە ئێران.
درەو میدیا: لە چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری وەرگرت. ئەحمەد عەلی كە ئەندامی ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری وەرگرتووە، لە لێدوانێكدا بۆ درەو میدیا ئەحمەد عەلی هەواڵەكەی پشت راستكردەوەو رایگەیاند لە 6/5/2018 ەوە دەست بەكاربووم دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا متمانەم پێدرا. كوێستان محەمەد لە ئاكاوتنی تایبەتی خۆی ژمارەیەك وێنەی بڵاوكردۆتەوە كە لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی پیرۆزبایی دەسبەكاربوونی سەردانی ئەحمەد عەلی جێگری پارێزگاری دەستبەكاربووی سلێمانیان كردووە . پۆستی جێگری پارێزگار بە پێی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە بەڵام لە مانگی 5/2017 ەوە لەدوای دەستلەكار كێشانەوەی سەردار قادر ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا بۆچونێكی بەهێز هەیە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی خۆجیی سلێمانی، بەتایبەتیش دوای ئەو نیگەرانیانەی كە بزووتنەوەی لە ئەنجامی دەنگدانی 12ی ئایار لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیانەو پێیان وایە ساختەكاریان لێكراوە.
(درەو میدیا): كەریم خان پارێزەری سەیفولئیسلام قەزافی، بە راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق دیاریكرا. تیمی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی داعش لە عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ساڵی 2017 پێكهێنراوە. ستیڤان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرك وتی:" كەریم خان یەكەمین سەرۆكی تیمەی لێكۆڵینەوەیە و ئەو پارێزەرێكە بەریتانییە و شارەزایی 25 ساڵ كاركردنی لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی هەیە." دوجاریك روونیشیكردەوە:" حان لیسانی لە یاسادا لە كۆلێژی كینگ لە زانكۆی لەندەن بەدەستهێناوە و پسپۆر و شارەزایی باشی هەیە و وانەی شەریعەتی ئیسلامیی وتوەتەوە و وەك داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لە دادگاكانی تاونی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كاریكردووە، لەوانەش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە رواندا، و دادگای نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای پێشوو، دادگاكانی كەمبۆدیا و دادگای تایبەت بە لوبان و سیرالیۆن." هەروەها كەریم خان سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار بووە لە سەیفولئیسلام قەزافی كوڕی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
(درەو میدیا): "لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان فەرامۆش بكرێت" ئەمە نوێترین پێشنیازە لە ناوەندی سیاسی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی (حەیات)ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، لەناوەندی سیاسی عێراقدا جموجوڵێك هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەپێی قسەی رۆژنامەكە، ژمارەیەك لایەنی سیاسی (ناوی لایەنەكانی ئاشكرانەكردووە)، پێشنازێكیان خستوەتەڕوو و داوا دەكەن بۆ خۆدەربازكردن لە كێشەی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكاری، لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا بەشێوەیەكی گشتی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن نەكرێت، بەتایبەتیش هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان. پێشنیازەكە داوا دەكات حكومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی لە عێراق پێكبهێنرێت كە هەموو لایەنەكان تێدا بەشداربن بەبێ گوێدانە ژمارەی دەنگ و كورسییەكانیان لەناو پەرلەمان، ئەمەش لەڕێگەی چارەسەركردنی ناوخۆیی كێشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و لەنێوان لایەنە سوننەكاندا. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، رەشنوسی پێشنیازە نوێیەكە كۆپیكردنی ئەو میكانیزمانەیە كە حكومەتەكانی پێشتری عێراقیان لەسەر دروستكراوە، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلای موقتەدا سەدر وەكو سەرۆكی كوتلەی براوەی یەكەم پێشنیازێكی قبوڵكراو نییە بەوپێیەی ئەو بانگەشە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات دەكات.
ئا: نیاز عهبدوڵڵا له گفتوگۆیهكی رۆژنامهوانی لهگهڵ (درهو میدیا) عهتا سهراوی ئهندامی ئهنجومهنی ناوهندی یهكێتی نیشتمانی كوردستان رایگهیاند، له ئهگهری ههڵوهشاندنهوهی ئهنجامی ههڵبژاردنی 12ی ئایار شهڕێكی خوێناوی له نێوان هێزهكانی زۆنی سهوز دروست ئهبێ و "باجهكهشی زۆر زۆر قورسه". عهتا سهراوی بهرپرسیارێتی دروست بوونی ناكۆكی سیاسی له نێوان یهكێتی نیشتمانی و بزوتنهوهی گۆڕان له دوای راگهیاندنی ئهنجامهكانی 12ی ئایار گهڕاندهوه بۆ ههڵوێستی سیاسی گۆڕان و پێنج حیزبه ناڕازییهكه (حیزبی شیوعی، كۆمهڵی ئیسلامی، یهكگرتووی ئیسلامی، هاوپهیمانی بۆ دیموكراسی و دادپهروهری، بزوتنهوهی ئیسلامی) و وتی "دۆخهكهیان والێكرد شهڕهكهیان كرد به شهڕی یهكێتی و ئهو هێزه ئۆپۆزسیۆنانه، وهكو ئهوهی له دهۆك و ههولێر و موسڵ شامی شهریف بێت و هیچ رووینهدابێت، بهشێكیان چوونه پاڵ توركمان و عهرهبهكان له كهركوك دژ به یهكێتی". ئهو ئهندامهی ئهنجوومهنی ناوهندی یهكێتی نیشتمانی به پێویستی زانی "یهكێتی نیشتمانی و بزوتنهوهی گۆڕان و هاوپهیمانی بۆ دیموكراسی و دادپهروهری یهك بگرینهوه ئهمه چارهسهری كێشهكه ئهكات". له ئهگهری ههڵوهشاندنهوهی ئهنجامی ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی نوێنهرانیش وتی "ئهگهر ئهنجامی ههڵبژاردن له عێراق ههڵبوهشێتهوه شهڕێكی خوێناوی له زۆنی سهوز له نێوان ئهم هێزانه دروست ئهبێ و باجهكهشی زۆر زۆر قورسه". سهراوی باسی له یهكتر نزیكبوونهوهی یهكێتی و پارتی كرد بۆ پێكهێنانی هاوپهیمانێتی له بهغداد، ئهو پێی باش بوو "یهكێتی لهگهڵ هێزهكانی ئۆپۆزسیۆن كه یانزه كورسییان ههیه" هاوپهیمانی پێكبهێنن . وتیشی "ئێمه و پارتی رێككهوتنی سهرۆكی ههرێم بۆ ئهوان و سهرۆكی عێراق بۆ ئێمه دووباره بكهینهوه ههڵهیهكی گهورهیه" بهڵام "پارتی ئهو بڕوایهیان ههیه یهكێتی لهگهڵ گۆڕان و كاك بهرههم دوور بكهوێتهوه". دەقی چاوپێكەوتنی درەو میدیا لەگەڵ عەتا سەراوی http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1030
درەو میدیا ماوەی 20 رۆژە توركمانەكانی كەركوك دژ به ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەو شارە بەردەوامن لە خۆپیشاندان، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "بڕیارەكەی دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لایەندراە و، بۆیە لە خۆپیشاندانەكانی كەركوك بەردەوام دەبین تا ئەنجامەكە بەدەست دەژمێردرێتەوە". لە لێدوانێكی بۆ (درەو میدیا) ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی بڕیاری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بە نایاسایی وەسفكردن و رەتكردنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی "دەبووایە دكتۆر فوئاد مەعسومی سەرۆك كۆمار بێ لایەنی خۆی بپاراستایه، بۆیە زۆر ئاساییە بەوهۆكارە ئێستا گلەیی زۆر لە ناوەندی عێراقی لەنێو كورد و توركمان و عەرەبیش دروست بووە و تێبینی زۆریان لەسەر ئەو بڕیارە هەیه، بۆیە بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق لایەندراره بۆ ئەنجامی خۆپیشاندانەكان". سەبارەت بە بەردەوامی فشار و خۆپیشاندانی توركمانەكانی كەركوك لە ماوەی 20 رۆژی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئایدن مەعروف وتی "دوای تیپەڕبوون سێ هەفتەش توركمانەكانی كەركوك بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بەردەوامیش دەبین، چونكە تائێستا دۆسیەكە چارەسەرنەكراوە كە داوایەكی زۆر سادەمان هەیە و دەڵێین هەڵبژاردنی كەركوك كە بە بەرنامەی ئەلیكترۆنی كراوە و ژمێردراوە بە دەست هەژمار بكرێتەوه". ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی پێی وابوو "هەندێ لایەن فشاریان دروست كردووە بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی، ئەمەش وایكردووە پێكهاتەكان نەتنوانن بە ئیرادەی خۆیان سیاسەتی خۆیان پیادە بكەن، لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ بڕیارەكەی سەرۆك كۆمار نین و ئەوە كاریگەری خراپی دروست كردووە لەسەر رەوشەكه". فشاری سیاسی ئێمە بەردەوام دەبێت كە مەدەنی و دبلۆماسییە بە تایبەت لە كەركوك كە تائیستا خۆپیشاندان لەوێ بەردەوامە. فشاری سیسای و دبلۆماسیش لە بەغداد بەردەوام دەبێت بۆئەوەی كۆمسیۆن. بەڵام كۆمسیۆن نەیتوانی بێ لایەنی بپیارێزێت و كەوتە ژێر كاریگەری حیزبە گەورەكان لە عێراق. لێرە خەڵك ئەپرسێت و گومانی هەیە. ئەوە 4 شاڵە خاوەن دەسەڵات ئەوەندە گرفت و كێشەیەی دروست كردووە متمانەی خەڵكی نەبووە، باشە مەنتقییە دووبارە ئەمانە خەڵك دەنگ بداتە ئەمانە؟ لە عێراق نەتواندرا بەشێوەیەكی دیموكراسی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و لە بەرژەوەندی حیزبە گەورەكان تەواو بوو
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا كە 24ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت لە ئیزمیر یاڵچین یانیقی كاندیدكردووە كە بە رەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقایە. یاڵچین یانیق ( 58 ساڵ) كە كاندیدی هەدەپە یە لە ویلایەتی ئەیدینی خۆرئاوای توركیا لە دایكبووە و بەرەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقایە و لە كەرتی پیشەسازی پێستە و دروستكردنی پێڵاو كاردەكات و سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی پیشەسازی پێڵاو و چەرمە لە ئیزمیر. لە ویلایەتی ئیزمیری خۆرئاوای توركیا ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی دەژین كە بەرەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقان و لە سەدەتی 16ی یەمدا باب و باپیرانیان هاتونەتە توركیا نیشتەجێبوون.
(درەو میدیا): بەپێی نوسراوێك كە ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بەسەرەوەیە بریادراوە بە دانانی بەرزان ئەحمەد كوردە بە لێپرسراوی بۆردی لاوان و خوێندكاران و ( NGO ) كان لە شوێنی ( جوان ئیحسان) سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق، نوسراوەكە ئەوەشی خستوەتەروو كە بڕیارەكە لە رۆژی دەرچونیەوە كاری پێدەكرێت كە لە 21/5/2018 دەرچووە. دانانی بەرزان ئەحمەد كوردە لە شوێنی جوان ئیحسان لە كاتێكدایە كە پێشتر بڵاوكرایەوە كە بەرپرسە نزیكەكانی د. بەرهەم ساڵح لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە بە گۆڕینی (بەرزان ئەحمەد كوردە لە لێپرسیراوی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەكێتی و دانانی سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی و گۆڕینی جەمیل هەورامی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتی بە هەڵۆ پێنجوێنی ئەندامی سەركردایەتی و گۆڕینی محەمەد عەبدوڵا بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی بە سامان گەرمیانی.