( درەو میدیا): ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە نائاساییەكەی دەستپێكردەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كرد. بە گوێرەی بەیاننامەیەك كە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردوەتەوە كە پەرلەمانی مافی خۆیەتی دانیشتنی نائاسایی بكات بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەخشراون، ئاماژەیبەوەشدا كە دانیشتنە نائاساییە بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵەكانییەتی. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یاسا بۆ پرۆژە یاسای هەمواری سێییەكی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە 45ی ساڵی 2013 كرا كە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشكەكراوە بە رەچاوكردنی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تەكنیكییانەی لە پرۆژەی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری 2018 رویانداوە و بۆ پارێزگاریكردنیش لە پرۆسەی دیموكراتی كە گەرەنتی متمانەبوون بە خاوێنی هەڵبژاردنەكان و دادپەروەریی بكات و بۆئەوەی كۆمسیۆن بتوانێت دەنگەكان بەدەستی جیابكاتەەوە ئەژماریان بكات. دواتر بڕیاردرا دانیشتنەكە بەكرایەوەیی بهێڵدرێتەوە و رۆژی شەممەی داهاتوو 2ی حوەزیران دەستپێبكاتەوە.
(درەو میدیا): بەپێی دوو بەڵگەنامە كە دەست " درەو میدیا" كەوتووە و کە لە دوو کاتی جیادا ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەراندن و سكرتێری كاروباری باژێرەكان، داوایکردووە بەهۆی ئەوەی كە مەسعود حەیدەر پابەندی بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بۆیە پێویستە لە ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەربكرێت. لە بەڵگەنامەی یەكەمدا كە لە رۆژی 3/7/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود رایگەیاندووە" بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و كوردستان ، پێشنیاز بۆ بەرێزتان دەكەم، توندترین سزای پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر بدرێت كە بریتیە لە دەركردنی لە ئەندامی فراكسیۆن و ئەندامی بزووتنەوەكە، بەشدارو پشتیوانی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەبم" دواتر و لە بەڵگەنامەی دووەمدا كە لە رۆژی 28/5/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی وخانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود نوسیویەتی" دوای ئەوەی پەرلەمانتار ( مەسعود حەیدەر رۆستەم) لە هەردوو كۆبوونەوەی 24-26/5/2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری نەكردووە، ئەمەش پێچەوانەی بریارو هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەیەتی لە پەرلەمانی عێراق بۆیە پێشنیاز دەكەم سزا بدرێت بە دەركردن لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان" بەپێی ئەو دوو بەڵگەنامەیە بێت، دەركردنی پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر لە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داوای عوسمانی حاجی مەحمود بووە، بۆیە لە شەوی 28/5/2018 لە رونكردنەویەكدا خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆی دەنگ پەرلەمانتار مەسعود حەیدەری لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەركرد، لەبەرامبەر دەركردنیدا، لە رونكردەوەیەكیدا مەسعود حەیدەر رایگەیاندووە، كە ئەو "پێش ٤٠ ڕۆژ لەو بڕیارە دەستی لەكاركێشاوەتەوە بەڵام لەلایەن بزوتنەوەكەوە پەسەند نەكراوە".
(درەو میدیا): بەپێی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە بۆ لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ناردووە، لە 10 پارێزگای عێراق 954 وێستگەی دەنگدانی هەڵوەشاندەوە لەگەڵ 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات كە كۆی گشتی دەكاتە 1021 وێستگە. لەو ژمارەیە ( 80 وێستگەی لە پارێزگای هەولێر و 96 بنكە لە پارێزگای سلێمانی و 224 بنكەی پارێزگای دهۆكی ) تێدایە كە دەكاتە ( 400 وێستگە) هاوكات پارێزگای كەركوك 186 وێستگەو نەینەوا 195 وێستگەو سەڵاحەدین 47 وێستگەو دیالە 2 وێستگە ئەنبار 101 وێستگەی هەڵوەشاوەتەوە. هاوكات 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوە كە ( 10 وێستگەی ئەڵمانیا و 22 وێستگەی ئەردەن و 31 وێستگەی ئەمریكاو 2 وێستگەی سوید و 1 وێستگەی بەریتانیا و 1 وێستگەی توركیا)ی هەڵوەشاندەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت هێشتا قەیرانی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو نەبووە، قەیرانێكی نوێ بەرۆكی عێراقی گرت. لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە دۆخی كارەبای نیشتیمانی لە شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپ بووە، بەجۆرێك رۆژانە (15) كاتژمێر كارەبا نادرێت بە هاوڵاتیان، ئەمە نیگەرانییەكی مەترسیداری لە شەقامی عێراقیدا دروستكردووە. هەندێك دەڵێن كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا سزای دەسەڵاتدارانە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی كە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین ئاستی بەشداریكردنیان هەبوو لە پرۆسەكەدا. ئەوەی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە ئەوەیە وەزارەتی كارەبا لە هەموو وەزارەتەكانی تر زیاتر بودجەی بۆ دابینكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای 2003 وە نەیتوانیوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكات. پچڕانی تەزوی كارەبا لە شارەكانی بەغدادی پایتەخت و دیالە و نەجەف و بابل و بەسرەو كەربەلا لەكاتێكدایە شەپۆلێكی گەرما ناوچەكەی گرتوەتەوە و هاوكات مانگی رەمەزانە و خەڵك بەرۆژوو دەبن. بەغدادی پایتەخت كە ئێستا بێ كارەبایە، بەر لە 100 ساڵ لەمەوپێش و بەدیاریكراوی لە ساڵی 1917دا لەلایەن ئەندازیارێكی ئینگلیزەوە روناككراوەتەوە و بۆیەكەمجار بە وزەی كارەبا ئاشنا بووە. قەیرانی كارەبا لە عێراقی دوای سەدامدا بووتە قەیرانێكی هەمیشەیی، داڕمانی ئەم كەرتە لە جەنگی ساڵی 2013دا زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كارەبا گەیاند. دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق هەوڵی زۆریدا كەرتی كارەبا هەڵسێنێتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئەنجام بوون. بەپێی راپۆرتە فەرمییەكان لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە 14 ساڵی رابردودا نزیكەی (41 ملیار) دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام هێشتا خەڵك بێ كارەبان. كەرتی كارەبا لە عێراق كە وەزارەتی كارەبا بەڕێوەی دەبات یەكێك لەو كەرتانەی كە زۆرترین قسەوباسی گەندەڵی لەسەرە. بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای عێراق هۆكاری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی كارەبا بۆ بوونی كێشەیەك لەو هێڵەدا دەگێڕنەوە كە كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە، ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەڵام هێشتا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان وەكو پێشتری لێنەهاتوەتەوە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، بەهۆی قەرزەوە ئێران هەناردەی كارەبای بۆ عێراق راگرتووە. بەپێی قسەی ماجدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" كۆی گشتی ئاستی وەبەرهێنانی كارەبا لە عێراق دەگاتە 10 هەزار و 900 میگاوات، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق دەبێت 10 هەزار میگاواتی تر بەرهەم بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی كارەبا". كێشەی سەرەكی كەرتی كارەبا لە عێراق خۆی دەبینێتەوە لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە گرێبەستەكان و بەهەدەردانی وزە و نەبوونی هەماهەنگی تەواو لەنێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی نەوتدا. نیگەرانییەكان لە خراپی دۆخی كارەبا لە چەند رۆژی رابردودا سەریانكێشا بۆ خۆپیشاندانی شەوانە لە چەند شارێكی عێراق. لەدواین كاردانەوەكانی خراپی دۆخی كارەبادا، عەلی داینی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هۆشداریدا لە "تەقینەوەیەكی جەماوەری گەورە" لە پارێزگاكەیان بەهۆی خراپتربوونی دۆخی كارەبا لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا. لەنوێترین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەونە كارو دۆخی كارەبا باشتر دەبێت.
(درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای عێراقی دەقی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی بڵاودەكاتەوە: دەقی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنەوە: ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی نائاسایی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانان/ ساڵی چوارەم/ خولی سێیەم كە 28ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپشتبەستن بە ماددەی (59/دووەم)ی دەستور، دەقی ئەم بڕیارەی دەركرد. (بەپشتبەستن بە مادەكانی (25) و (102) و (38)ی یەكەمی دەستور، هەروەها مادەی (2) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی هەمواركراوی ساڵی 2017و پشتبەستن بەوەی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی رۆشتووە، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوپێیەی لە مافە دەستورییەكانی تاكی عێراقییە، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیكۆمێنت و بەڵگانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە خراوەنەتەڕوو، هەروەها ئەوەی لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە و ئەو راپۆرتە هونەرییانەی دراون بە دەزگا تایبەتمەندەكانی وەكو دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، پێویست دەكات رێوشوێنی نوێ بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق، بۆ ئەوەی متمانە بە خاوێنی و دادپەروەی پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت، بڕیاریدا لایەنە پەیوەندیدارەكان هەریەكەیان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی، ئەو ئامرازانە بگرێتەبەر كە گەرەنتی گێڕانەوەی متمانە دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازێكی دادپەروەرانە و خاوێن، لەناویاندا: یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار لە كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەڵگەیان لەسەر هەیە كە ئیرادەی دەنگدەران ساختەكراوە و پێشێلكاری گەورە رویداوە لە رەوتی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی 2018، جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە. دووەم: جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بۆ لانی كەمی (10%)ی سندوقەكانی دەنگدان لە بنكەكانی دەنگدان، ئەگەر سەلمێندرا رێژەی (25%)ی ئەو دەنگانەی ئەژماردەكرێنەوە بەشێوەی دەستی ناكۆكن لەگەڵ ئەنجامی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان، ئەو ئەنجامانە هەڵدەوەشێندرێنەوە كە لەسەر بنەمای ئامێرەكە دانراون و بۆ هەموو سندوقەكانی دەنگدان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت. سێیەم: وێنەی ئەلیكترۆنی و وێنەی رووناكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامە نێردراوەكان لەرێگەی مانگی دەستكردەوە بۆ سێرڤەری سەرۆكی كۆمسیۆن و ئەو ئەنجامانەی كە لە تالی سەنتەر هەن بۆ ئاستی كاندید لە هەر وێستگەیەك، بەشێوەیەكی خێرا دەدرێن بە قەوارە سیاسییەكان. چوارەم: دووبارەكردنەوەی ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی لەو وێستگانەی پارێزگای كەركوك كە تێیاندا (ئێس دی ڕام) گۆڕدراوە هەروەها لەو وێستگانەی كە ئەنجامەكان تێیاندا هەڵوەشێندراوەتەوە. پێنجەم: دڵنیابوونەوەی لە پرۆسەی هاوتابوونی ئەو تۆمارانەی كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی نێردراون، ئەوەش لەڕێگەی ئەژماركردنەوەی چەند سندوقێكەوە (فلاش) و (ئێس دی كارد) لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكان بەشێوەیەكی شەفاف. شەشەم: ئەوەی لەسەری سەلمێندرا تێوەگلاوە لە زیانگەیاندن بە دادپەروەری و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت لەنێویاندا دادگا، بەمەبەستی لێپرسینەوە و سزادانیان. حەوتەم: هەموو ئەو بەراییانەی كە لەبەردەستدان رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێن، پێویستە لەسەر ئەو لایەنانە بەو ئەركانە هەستن كە یاسا بەركارەكان پێویستیان كردووە لەسەریان، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. هەشتەم: لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی و پەلەدەكات لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجام و پێشنیازانە بە ئەنجومەنی نوێنەران، كە پێیدەگات. نۆیەم: پاڵپشتیكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای پێكهێنراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە وردبینیكردن لە بەڵگە و دیكۆمێنتەكان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمدواییەوە. دەیەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان لە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێم كە بەڵگەی ساختەكردنی ئیرادەی دەنگدەران و رودانی پێشێلكاری گەورەیان لەسەرە لە رەوتی رێوشوێنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن. یانزەهەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكارییان تێدا سەلمێندراوە هەروەها دەنگدانی مەرجداری لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و جوڵانی دانیشتوان لە سەلاحەدین و ئەنبار و لەناونەبردنی هەر بەراییەك كە پەیوەندیدار بێت بە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆ و دەرەوە. دكتۆر سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رەجەب/1439 كۆچی ئایاری/ 2018ی زاینی
راپۆرتی: نیاز عهبدوڵڵا كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان بۆ ئاسانكاری تۆماری قهواره سیاسییهكان و وهرگرتنی بارمتهی دارایی دهسهڵات به ئۆفیسی پارێزگاكان دهبهخشێت و، بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكان له كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی ههرێمیش وتی تائیستا "هیچ قهوارهیهكی سیاسی بۆ ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول تۆمار نهكراوه". بڕیاره 30ی ئهیلولی ئهم ساڵ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوه بچێت، بۆئهم مهبهستهش له 27ی ئایار تا 7ی حوزهیران بۆ تۆماركردنی لیست و قهواره سیاسییهكان دیاریكراوه. بهڵام بهپێی زانیارییهكانی شۆرش حهسهن بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكان له كۆمسیۆنی ههڵبژاردن و راپرسی ههرێم بۆ (درهو میدیا) تائیستا "هیچ قهوارهیهكی سیاسی بۆ ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول تۆمار نهكراوه و، تهنیا بۆ پرسیار و راوێژكردن و چۆنییهتی تۆماركردن و وهرگرتنی ئهو فۆڕمانهی كه پێویسته سهردانی كۆمسیۆن كراوه". سهبارهت به هۆكاری تۆمارنهكردنی قهواره سیاسییهكانیش وتی "وهكو جۆرێك له نهریتی لێهاتووه زۆر جار قهواره سیاسییهكان له رۆژانی كۆتایی دهكهونه ئهوهی كه مامهڵهكانیان بهێنن بۆ خۆتۆماركردن". كۆمسیۆنی ههڵبژاردن له رێگای ماڵپهڕی فهرمی خۆیهوه ئهو پێنج فۆڕمهی بڵاوكردۆتهوه كه دهبێت قهواره سیاسییهكان بۆ خۆ تۆماركردن زانیارییهكانی پڕ بكهنهوه. شۆڕش حهسهن باسی لهو ئاسانكاریانه كرد كه كۆمسیۆن خستوویهتییه خزمهت قهواره سیاسییهكان و وتی "بۆ جیبهجێ كردنی رێكاره یاساییهكان ئاسانكاری تهواومان كردووه، جاری پێشوو بۆ پرۆسهی ریفراندۆم تهنیا پشت به ئۆفیسی نیشتیمانی دهبهسترا بۆ خۆ تۆماركردن بهڵام ئێستا قهوارهكان دهتوانن له ئۆفیسی پارێزگاكان له سلێمانی و دهۆك و ههڵهبجه خۆیان تۆمار بكهن". بهپێی پهیڕهوی ئهنجوومهنی كۆمسیاران دهبێت ههر قهوارهیهكی سیاسی بڕێك بارمتهی دارایی بداته كۆمسیۆن تا له كاتی ئهگهری سهرپێچیكردن و دهرچوونێك له رێنماییهكانی بانگهشهی ههڵبژاردن، كۆمسیۆن بتوانێت وهك پێبژاردنی سزای دارایی لهو بڕه پارهیه وهربگرێت. له بارهی دیاریكردنی بڕی بارمتهی دارایی دیاریكراو له ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكانی كۆمسیۆن وتی "بڕهكه له 10 دهست پێدهكات، بۆ قهوارهی كهمینهكانی وهك توركمان و كلد و ئاشوور 25 ملیۆن دیناره بهڵام بۆ قهواره سیاسییهكانی تر 50 ملیۆن دیناره، ئهو بارمتهیهش وهكو ئهمانهتێكه لهلای كۆمسیۆن دهمێنێتهوه تا دوای پرۆسهی ههڵبژاردن، ئهگهر ئهو حیزبه سیاسیانه له بانگهشهی ههڵبژاردن هیچ سهرپێچییهكیان نهكردبوو و پێبژاردنێكیان نهبوو پارهكهیان بۆ دهگهڕێنینهوه" بۆ پێدانی بارمتهكهش به كۆمسیۆن قهواره سیاسییهكان جگه له ئۆفیسی نیشتیمانی دهتوانن له رێگای ئۆفیسی پارێزگاكانهوه بڕی بارمتهكه بگهیهنن. كۆمسیۆنی ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان له دوای قۆناغی یهكهمی تۆماری قهواره سیاسییهكان، ماوهی سێ رۆژی له 18 بۆ 20ی حوزهیران دیاریكردووه بۆ تۆماری هاوپهیمانییه سیاسیهكان. ماوهی 23 رۆژی تهرخانكردووه له 3 تا 25 تهمموز بۆ تۆماركردنی ناوی پاڵێوراوان رێكاره یاسیاییهكانیان. بهڵام بۆ نوێكردنهوهی تۆماری دهنگدهران 1تا 30 تهمموزی دیاریكردووه، ئهو بهڕێوبهره گشتییهی كۆمسیۆن وتی "لهو ماوهیهدا هاووڵاتییان دهتوانن سهردانی بنكه لاوهكییهكان بكهن بۆ گواستنهی ناوهكانیان و خۆ تۆماركردن و، ماوهی شهش مانگه كار بۆ تۆمارێكی تایبهت به كۆمسیۆنی ههرێم دهكهین، تهنیا ماوهتهوه ئهنجوومهنی كۆمسیاران پهسندی بكهن كه پشتبهستووه به پسولهی خۆراك و داتاكانی وهزارهتی بازرگانی چونكه بهپێی یاسا دهبێ ئهو تۆماره پشتبهستووبێت به پسولهی خۆراك، بهڵام وردبینی تیادادهكرێت و تهواو جیاوازه له تۆماری دهنگدهرانی عێراق". بۆ جێبهجێكردنی ئهنجامدانی قۆناغهكانی پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و پێداویستییه ماددییهكان، ئهو بهرپرسهی كۆمسیۆن به (درهو میدیا)ی وت "تائیستا 10 ملیار دینارمان له حكومهت وهرگرتووه و خراوهته سهر حیسابی كۆمسیۆن، چاوهڕوانی ئهوه دهكهین بڕهكانی تریشمان له ماوهكانی داهاتوو بۆ بخرێته سهر حیسابی كۆمسیۆن، ئێمه دامهزراندنی فهرمانبهری سهر سندووق و فهرمانگه لاوهكییكانیشمان ههیه، كۆمهڵێك رێكار و قۆناغی تر ماون پێویسته جێبهجێی بكهین".
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" سەردانی كوەیت دەكات. نوسینگەی تایبەتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە موقتەدا سەدر بە سەردانێك نەجەفی بەرەو كوەیت بەجێهێشتووە. راشیگەیاند سەدر بە فەرمی بانگهێشت كراوە بۆئەوەی سەردانی كوەیت بكات و سەردانەكە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە.
لە بەیاننامەیەكدا رێبوار تەها سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داویەتی بڕیاری زۆر مەترسیدارن، بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەكانی دەخاتە ئەستۆی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. رێبوار تەها داواش لەد. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق كردوە وەك پارێزەری دەستور دەستوەردان لەو بابەتەدا بكات كە ئەو زۆر بە مەترسیدار وەسفی كردووە و پێشی وایە زۆر مەترسیدارترە لە لەدەستدانی چەند كورسیەك لە لایەن لیستە زیانلێكەوتووەكانەوە. بە وتەی رێبوار تەها هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نیە چونكە بەپێی ماددەی ٦١ی دەستور ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی نییەو بڕیارەكانیشی پوچەڵ و نادەستورین و تێپەڕاندنی دەسەڵاتی دادوەرییەو لە دادگای فیدراڵیش تانە لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەن. داواشی كردووە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن لەكەركوك بكرێت، بەو پێیەی تا ئێستاش ژمارەیەك لە سندوقەكانی دەنگدان لەلایەن حزبەكانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە . عاجل (بيان هام)... البرلمان ينهي دورته التشريعية باخطر انتهاك للدستور عقد مجلس النواب في جلسته يوم امس المصادف ٢٨/٥/٢٠١٨ والتي اصدر فيها قرارا يقضي بالغاء نتائج الانتخابات في الخارج والتصويت المشروط في مخيمات النازحين بنسبة ١٠% وامكانية اعادة العد والفرز اليدوي للنتائج في جميع المحافظات في حالة وجود نسبة ٢٥% من المخالفات في النتائج الملغاة اعلاه وعليه فأننا نحمل رئاسة البرلمان الخطأ الكبير الذي قد ينجم عنه ما لايحمد عقباه ويلحق الضرر بالعملية السياسية في البلد والا كيف تفسرون عقد جلسة مشكوك واصدار قرار يقضي بالغاء نتائج الانتخابات علما انها ليست صلاحية برلمانية بل قضائية بحتة حيث تنص المادة واحد وستون من الدستور على ان للبرلمان تسعة اختصاصات ليس فيها فقرة تنص على صلاحية البرلمان بالغاء نتائج الانتخابات وهنا نود ان نشير ان قرار البرلمان باطل وغير دستوري وتجاوز على السلطة القضائية المخولة في البت بهكذا قرارات ونضيف انه حسب الدستور والنظام الداخلي في البرلمان لايمكن الغاء قانون مشرع ومصادق عليه بقرار وهذا مخالف لاحكام الدستور حيث ان البرلمان اصدر قرارا بالغاء النتائج التي اجريت استنادا الى قانون نافذ فهل يعقل ان يكون البرلمان هو الخصم والحكم في هذه القضية،كما وان المستغرب هو تدخل البرلمان في عمل المفوضية والتي بالاساس هو من اختار وصوت على اعضاءها وشرع قانونها واننا اذا نحذر من خطورة هذا القرار غير المسؤول والمخالف للدستور والعقل والمنطق ننوه الى اننا سنقوم بالطعن في جلسة وقرار البرلمان لدى المحكمة الاتحادية وندعو فخامة رئيس الجمهورية الدكتور فؤاد معصوم بصفته حامي الدستور الى التدخل في هذا الموضوع الخطير والذي هو اكثر خطورة من فقدان بضعة مقاعد لخاسرين لم يجربهم الشعب مرة اخرى بل كان الاجدر بالبرلمان ان يهتم بأمور الشعب ويعالج مشكلة الكهرباء التي يعاني منها المواطنين وهم في شهر رمضان المبارك ويناقش توفير الخدمات وعلى البعض ان يهتم للمواطن وليس للمنصب او المقعد في البرلمان واننا اذ نحترم ونلتزم باجراءات مفوضية الانتخابات ندعوها الى الالتفات لما حصل في كركوك اثناء عملية سير الانتخابات تمثلت باحتجاز بعض صناديق الاقتراع والموظفين واحدات تزوير تلاعب كبير في النتائج ونؤكد انه الى الان لاتزال تلك الصناديق والرامات الخاصة باجهزة الاقتراع بحوزة بعض الاحزاب والموظفين التابعين لتلك الاحزاب ونقول لهم بأننا لن تنازل ابدا عن اصوات مواطنينا وناخبينا. ريبوار طه مصطفى رئيس قائمة الاتحاد الوطني الكوردستاني في كركوك
( درەو میدیا): ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممەدا دران. حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" ئەمڕۆ كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە بۆئەوەی بڕیاربدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی پەرلەمان لە دانیشتنە نائاساییەكەیدا دەریكردوون." ردێنی وتیشی:" دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێویستە دادگا چاو بە تانەكاندا بخشێنێتەوە كە لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە پێشكەشكراون، هەر ئەویش خاوەنی بڕیارە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان." ردێنی راشیگەیاند چەند رێگەیەكی یاسایی هەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. دەربارەی بڕیارەكەی پەرلەمانیش بۆ ژماردنی دەستی دەنگی 10% وێستگەكانی دەنگدان ردێنی وتی:" كۆمسیۆن وێنەی كارتی دەنگدانی داوەتە هەموو حزبەكان و خۆیان دەتوانن پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەو كارتانەبكەن كە كۆمسیۆن لە هەموو عێراقدا رادەستی كردوون."
راپۆرتی: نیاز عهبدوڵڵا رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان رەخنەی لە ئاشكرانەكردنی ژمارە و تۆماری دەنگدەران لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم گرت و وتی "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت و، هێزە ئەمنییەكان تائیستا داتا و ژمارەی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن". هۆگر چەتۆ رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكیدا سەبارەت بە خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردوو و ساختە بە (درەو میدیا)ی وت "تۆماری دەنگدەران لە هەرێم و عێراق لەسەر بناغەی پسولەی خۆراك تۆماركراوە و كێشەی زۆری تێدایه، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش لە ئێستادا دەڵێن كۆمەڵێك هەوڵیانداوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم نه هەنگاو و نەژمارەی دیارە و نەتۆماری دەنگدەران". هۆگر چەتۆ دەستخۆشی لە هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كرد بۆ خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام بە پێویستی زانی شەفافییەت و روونكردنەوەی زیاتر هەبێت بۆ رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و وتی "پێویستە پێمان بڵێن چەند ناو پاككراوەتەوه و لەو ناوانە چەندی دووبارە و چەندی ناوی مردوو بوون، چەند لەوانە ناوی خەڵكی دەرەوەی عێراق بوون وەك پەنابەرانی ئێرانی و توركی و سووری، چەند لەوانە ناوی ئەوانەن كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە". لەبارەی پێشكەشكردنی ئاماری دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رێكخەری تۆڕی شەمس وتی "ئەوەی من زانیاریم هەبێت یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە تائیستا لایەنی پەیوەندیدار لە هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش تائیستا هیچ داتا و ژمارەیەكی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن، ئەمەش كێشەی دەنگدانی تایبەت درێژە پێدەدات كە ناوی دووبارەی زۆری تێدایە". ئەو رێكخەرە پێشنیاری بۆ بوونی تۆمارێكی دەنگدەرانی خاوێن كرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا، كە تیایدا بەبێ پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی رابردوو ماوەیەك دیاریبكرێت بۆ سەرلەنوێ تۆماركردنەوەی ناوەكان و وتی "پابەندبوون بە چوارچێوەیەكی یاسایی و ئەوەی هەموو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەنگدەرە بە مەرجێك لە ماوەی هەمواری تۆماری دەنگدەرانی تازە لە كوردستان ناوی تۆماركرابێت، هەر كەسێك ناوی لەو تۆمارە نەبێت ناتوانێت بەشداری بكات لە هەڵبژاردن، بەمەش تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەردمان دەبێت وه لەسەر ئەو بنەمایە دێین داتاكان وەردەگرین، بەڵام مەرجە ئەو تۆماركردنە پشتبەستوو بێت بە بەڵگەنامەی عێراقی". لە كاردانەوەی ناڕەزایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری عێراق و تۆمەتەكانی ساختەكاری، بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان رۆژی 24ی ئایار كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا سیستەمی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەم ساڵ پەیڕەو نەكرێت. بەڵام رای رێكخەری تۆڕی شەمس وابوو كە "گرفتەكە لە سیستەمی ئەلیكترۆنی یان پێشوو نییە، بەڵكو لەوەدایە كە كۆمسیۆن چەندە سەربەخۆیه و ئیرادەی هەیە و دەتوانێت رووبەڕووی هەر هەوڵێكی ساختەكاری ببێتەوه، لەم پرۆسەیەدا كۆمسیۆن چەندە بێ لایەنن و بە یەك چاو سەیری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەن و رێگری لە هەوڵەكانی ساختەكاری دەكەن". بۆیە ئەو پیێ وابوو "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت، پێویستە بیر لە رێگریكردن لەو ساختەكاریانە بكرێتەوه، لەبەرئەوە گرنگە كەسە پیشەییەكان بۆ پێشگرتن لە ساختەكاری ئەو هەوڵەبدەن، چونكە كەسە حیزبییەكان ئەوەندەی دڵسۆزییان بۆ حیزبەكەیان هەیە بۆ دەوڵەت و یاسا نییە".
(درەو میدیا): لەوەڵامی رونكردنەوەكەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دەركردنی، مەسعود حەیدەر رایدەگەیەنێت" كە زیاتر لە چل رۆژە دەستم لە كاركێشاوەتەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی" دەقی روونكردنەوەیەك لە مسعود حیدر، ئەندام پەرلەمانی كورد لە عێراق لە راگەیاندنەكانەوە شتێك بەناوی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆران بلاوكراوەتەوە لەسەر بەندە. من زیاتر لە چل رۆژە دەستم كێشاوەتەوە لە بزوتنەوەكەو لە فراكسیۆنی گۆران. لە چەند رۆژی رابردووش بە روونی لە بەرنامەیەكی كەنالێكی عێراقی ئەمەم باسكرد. ئەو بایاننامەی خانەی راپەراندن ئەھمیەتی نییە، چونكە بەندە دەمێكە دەستم لەكاركێشاوەتەوە. سەربەرزیشم بە نوێنەرایەتیكردنی كورد و بەرگریكردن لە خاك و خەلكی ھەرێمی كوردستان دوور لە ململانێ ی حزبی و بێ سازشكردن لەسەر قوتی مووچەخۆران و پێگەی دەستوری و یاسایی ھەرێم وماف و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە. ئەگەر پێویست بكات ھۆكاری دەستلەكاركێشانەوەم بە وردی رووندەكەمەوە. مسعود حیدر ئەندام پەرلەمانی عێراق ٢٠١٨/٥/٢٩
(درەو میدیا): لە رونكردنەوەیەكدا خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە: بەهۆی پابەندنەبوونی مەسعود حەیدەر بە بەرنامە و كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەكۆی دەنگی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بڕیاردرا ناوبراو لەڕیزەكانی بزوتنەوەكە و فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد دەربكات. " درەو میدیا" پەیوەندی كرد بە پەرلەمانتار مەسعود حەیدەرەوە، ناوبراو رایگەیاند، ماوەیەكە تێبینی زۆری لەسەر كاری بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لە بەغداد، بۆیە دەستی لەكار كێشاوەتەوە. پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر وتیشی:" تا ئێستا روونكردنەوەكەی خانەی راپەراندنم بەدەست نەگەیشتووە، هەرکات بەدەستم گەیشت قسەی خۆمم دەبێت و وەڵامی خۆمم دەبێت".
بەپێی بریارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوكراوەتەوە هاتووە: ( الغاء نتائج محافظات اقليم كردستان وكركوك لماتوفرت عليه من تزوير ارادة الناخبين وماشبها من خروقات كبيرة.) واتا " هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لەبەرئەوەی پێشێلكاریی گەوەری بەخۆیەوە بینوە و ویستی دەنگدەران ساختەكراوە" بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك هەڵوەشێنراوەتەوە، بەوتەی ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم و كەركوك هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەوەش بە مانای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن نیە بەڵكو بە واتای هەڵوەشانەوەی ئەو ئەنجامەدێت كەلەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنراوە، واتا دەبێت جارێكی دیكە دەنگەكان ئەژمار بكرێنەوە.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەبەڵگەیەكی لەسەر راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بڵاوكردەوە، راكان جبوریش وەڵامی كۆمسیۆنی دایەوە. سەفا جەباری بەڕێوەبەری كارەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاڕاستەی كۆمسیۆنی دەكات و دەڵێت" یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە". كۆمسیۆن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانە، بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە لە كەركوك كە راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئیمزای لەسەر كردووە و دانی بەوەداناوە ئەنجامەكان هاوشێوە و راست و دروستن. لەبەرامبەردا راكان جبوری بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە ئەو ئیمزای لەسەر كۆی گشتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كردبێت. جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەوە ئیمزایەی كە كۆمسیۆن بڵاویكردوەتەوە تایبەتە بە جیاكردنەوەی و ژماردنی دەنگەكان لە وێستگەی (5)ی ناوەندی دەنگدانی خوێندنگەی حەویجەی ناوەندی بۆ دەنگدانی تایبەت، كە تێیدا پسوڵەی ئەنجامەكان (175) دەنگی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیوە، لەكاتێكدا دەنگدەران هەمویان ئەفسەرو كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی بوون و خەڵكی باشوری عێراق بوون. هەر لەبارەی ئیمزاكەوە جبوری باسلەوە دەكات، ئەوكاتە ئەو لە بەغداد بووە و لەبارەگای ناوەندی نیشتیمانی سندوقەكە كراوەتەوە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبوو، پێشنیاز كراوە پشت بە سندوق و میمۆرییەكی (ئێس دی رام)ی نوێ ببەسرێت، لە میمۆرییە نوێیەكەشدا كە میمۆرییەكەی كەركوك نەبووە و تێیدا یاری بە دەنگەكانەوە نەكراوە، خوێندنەوەی ئامێرەكە بە هەمان شێوە هاوتای كارتەكان بووە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبووە، ئەوكات ئەو ئیمزای كردووە. راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت ئەمڕۆ رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی كەركوكدا یاری بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كراوەو دوای بڕیاردانیش لە پشكنینەوەی سندوقەكانی دەنگدان لە بەغداد دەریخست قسەی خۆپیشاندەرانی كەركوك راست بوو. وێنەی ئیمزاكەی راكان جبوری:
( درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا بە سەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار رۆژی دووشەممە 28/5/2018 دەنگیدا لەسەر بڕیارێك دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. لە دەستپێكی دانیشتەكەدا كە سەرەتا راوێژكاربی بوو دواتر و دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی بووە دانشتنێكی نائاسایی، سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیكردەوە كە پەرلەمانی عێراق ویستی دانیشتنێكی نائاسایی بكات لە هەوڵیدا بۆ پاكڕاگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو هەڵە و دەستكارییكردنەوەی بەویستی دەنگدەراندا كراوە، ئاماژەی بەوەشدا كە بە بەڵگەی یەكلاكەرەوە پێشێلكارییەكانی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن سەلمێنراون، ئەوەش گومانی خستە سەر كۆی ئەنجامەكانی و بە تایبەتی ئەوەی لە بەشێك لە پرسەی دەنگدانی مەرجدار و تایبەت و دەرەوە روویدا. رونیشیكردەوە، گواستنەوەی ئەلیكترۆنیی ئەنجامەكان كە بە پێچەوانەی ویستی دەنگدەران بوو، كارێكی زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی خروقاتەكان لەبەردەم چاوی چاودێرەكاندا سەلمێنرا، ئەوەش ناوبانگی پرۆسەی سیاسی دووچاری شەرمەزارییەكی گەورەدەكات لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێویستە كارەكان بخرێنەوە شوێنی خۆیان. جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری و داوكاری گشتی و دەستەی نەزاهە كرد، پارێزگاری لە رێرەوە دیموكراتی بكەن و بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان بە تەواوەتی بگرنە ئەستۆ، وتی: بەشدارینەكردنی دەنگدران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پەیامێكی روون و ئاشكرای گەلی عێراقە بۆ چینی سیاسیی، سوپاسی پەرلەمنتارەكانیشی كرد بە تایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردندا سەركەوتوون و ئەوانەشی خۆیان كاندید نەكردووە لە نێویشیاندا ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەن. پاشان پەرلەمانتار كازم شەممەری جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە مافی پەرلەمانە هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ پارێزگاریكردن لە پرۆسەی سیاسیی. پەرلەمانتار حەسەن تۆران داوای لە داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان كرد مامەڵە بكات لەگەڵ چەند وتەیەكی مەترسیدار كە لەلایەن هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە وتراوە دەربارەی ئەوانەی لە پارێزگای كەركوك مانیان گرتووە. هەروەها پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، گومانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە پشت بەستن بەو كۆبوونەوەیەی كە دەزگا ئەمنییەكان و چەند دامەزراوەیەكی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزیرانی لەخۆگرتبوو، جەختیكردەوە كە گومانكردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، حكومەتێكە ناشەرعیی لێ لەدایك دەبێت، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد پارێزگاری لە پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن بكات و تا ئەولایەنانەی كە دەیانەوێت ویستی دەنگدران بگۆڕن كۆنترۆڵی نەكەن و داواشی كرد دەنگەكانی پارێزگای بابل بە دەست ئەژماربكرێنەوە. پەرلەمنتار هۆشیاری عەبدوڵاش جەختیكردەوە كە یاری بە سندوقەكانی دەنگدان كراوە و لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی ساختەكاری كراوە، داواشی كرد كارتەكانی ناو سندوقەكانی بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم بەراورد بكرێن. عەبدولڕەحمان لویزی پەرلەمانتاری پێشنیاری كرد سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكان. لایخۆشیەوە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رونیكردەوە كە ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا روویدا لە رێگەی پێشكەشكردنی تانەی یاساییەوە چارەسەر دەكرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەنجومەنی نوێنەران تا یەكی تەمموزی داهاتوو بەردەوام دەبێت و رونشیكردەوە ئەنجومەنی نوێنەران یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی دەركردووە و دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە لەكار لایانبدات و دەستیان پێ لەكاربكێشێتەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردنەكان شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، رونیشیكردەوە كە تانەكان بە گوێرەی یاسای كۆمسیۆن لە رێگەی دەستەیەكی دادوەرییەوە یەكلایی دەكرێنەوە كە پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو بەڵگەنای پێشكەش دەكرێن و لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت پێش رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو تانە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات. لایخۆشیەوە حەسەن تۆران جەختیكردەوە كە لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە بەدواداچوونی راستییەكانی هەڵبژاردن، وایدەبینێت كە سیستمە ئەلیكترۆنییەكان، پێشێلكاری بۆ تایبەتمەندی دەنگدەر تێدایە، بەهۆی ئەوەی دەتوانێت ئاشكرایبكات دەنگدەر دەنگی بەكێ داوە، ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 155 هەزار دەنگی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندوەتەوە، داواشیكرد دەنگی 10%ی وێستگەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراقدا بەدەست جیابكرێنەوە لە حاڵەتی ئاشكرابوونی هەر پرۆسەیەكی ساختەكاریدا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی بۆ دەنگی هەموو وێستگەكانی عێراق بكرێت. پاشان ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێكی پەرلەمانی خستەدەنگدانەوە كە لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجومەنەوە پێشكەشكرابوو. لە بڕیارەكەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە هەرلایەنەوە بە گوێرەی پسپۆری خۆی هەموو رێوشوێنەكان بگرێتەبەر بۆئەوەی متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و خاوێنانە بگەڕێنرێتەوە، لەوانەش : • هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكاریكردن تێیدا سەلمێنراوە، دەنگدانی مەرجدار لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و ( جموجوڵی دانیشتوانی سەلاحەدین و ئەنبار) هەڵبوەشێنرێتەوە، هیچ ئەوەلیاتێك جگە لە دەنگی كەمینەكانی كە كۆتا دەیانگرێتەوە لەناونەبرێت. • دەنگی سندوقەكانی 10%ی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن بە دەست جیابكرێتەوە و ئەژماربكرێت، ئەگەر دەركەوت كە جیاوازی بە رێژەی 25% هەیە، ئەوا دەنگی هەموو پارێزگاكان بەدەست جیابكرێتە و ئەژماربكرێت. • دەستبەجێی كۆپی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە رەوانەی سێرڤەری سەرەكی كراوە لە كۆمسیۆن " تەل سەنتەر" بدرێتە قەوارە سیاسییەكان، لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو پارێزگایەك. • جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی دەنگی ئەو وێستگانەی كەركوك كە ( ئێس دی رام) ەكانیان گۆڕاون و ئەو وێستگانەشی كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجامەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و جەختبكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی داتا ئەلیكترۆنییەكان و داتای نێو سندوقەكان. • هەر كەسێك رەوانەی بەردەم دادگا بكرێت كە سەلمێنرا، تێوەگلاوە لە تەگەرەخستنە بەردەم دادپەروەیی و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆئەوەی لێپرسینەوەی لە گەڵدا بكرێت و هەموو ئەوەلیاتەكانیش رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێت. • هەموو لایەنەكان بە گوێرەی ئەو یاسایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە كاربكەن بۆ پاراستی بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبووونی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لە كارەكانی و پەلەكردن لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجامانەی پێی گەشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران. • پشتیوانی و پاڵپشتیكردنی لیژنەی باڵا كە لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە بۆ وردبینیكردنی بەڵگە و دۆكیۆمێنتەكانی و رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لەبەرئەوەی پێشێلكاریی گەوەری بەخۆیەوەب ینوە و ویستی دەنگدەران ساختەكراوە. فەرمانگەی راگەیاندن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 28/5/2018