Draw Media

درەو میدیا:  كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، تیروپشك بۆ ناوی لیست و قەوارە و هاوپەیمانییەكان ئەنجامدا، كە بەشدارن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان  ژمارەی قەوارە سیاسییەكان بۆ كورسی گشتی :. یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 105 پارتی دیموكراتی كوردستان: 183  حیزبی شیوعی كوردستان - عێراق ( ئازادی): 164 هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری: 172 پارتی پارێزگارانی كوردستان: 156 هاوپەیمانی سەردەم: 127 كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 194 هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 119 بزووتنەوەی گۆڕان: 148 جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 134 ژمارەی قەوارە سیاسییەكان تایبەتە بە پێكهاتەی توركمان :  پارتی گەشەپێدانی توركمانی: 215  بزووتنەوەی برووسكەی توركمانی: 246 توركمانی هەولێر: 267  پارتی چاكسازیی توركمانی: 258 لیستی توركمانی دیموكراتی: 203 لیستی بەرەی توركمانی عێراقی: 272 هاوپەیمانی توركمانی هەولێر: 239 لیستی مللەت: 224 ژمارەی قەوارە سیاسییەكان لە قۆناخی سێیەم كە تایبەتە بە كلدان و سریان و ئاشوورییەكان:  حیزبی ئەبنا‌و النهرین: 317  لیستی دیموكراتی مەسیحی: 384 لیستی رافیدەین: 306 هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 368 ئەنجوومەنی گەلی كلدانی ئاشووریی: 344 ژمارەی قەوارە سیاسییەكان لە قۆناخی چوارەم كە تایبەتە بە تاكی ئەرمەن :  قەوارەی تاكی ئەرمەن ( ئارام بزۆ حەمۆ): 452 قەوارەی تاكی ئەرمەن ( نەوبار سیپان ئەنوەر): 408  قەوارەی تاكی ئەرمەن ( ئەدگار هاكوب بتروس): 423 قەوارەی تاكی ئەرمەن ( موراد ماودرۆس): 476 قەوارەی تاكی ئەرمەن ( یروانت نیسان): 489  قەوارەی تاكی ئەرمەن (فاهی كەمال): 497  


سەرەنجام  هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە خاوەنی جامی جیهانی 2018 هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی، توانی بە چوار گۆڵ لە بەرامبەر دوو گۆڵی هەڵبژاردەی کرواتیا، یارییەکە بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی جامی جیهانی رووسیا 2018.


(درەو میدیا): سبەینێ لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆدەبنەوە. عەلی حسێن بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییە نیشتیمانی و عێراقییەكانی پارتی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، ئامانج لە كۆبونەوەكە ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەیەكی سیاسی هاوبەشە لەنێوان هەردوو حزب بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. عەلی حسێن ئاماژەی بەوەكرد، پارتی و یەكێتی رێككەوتون لەسەر ئەوەی بە وەفد و بەرنامەیەكی هاوبەش دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەن و هەردوولا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك دەدەن كە رێگربێت لە پێشێلكردنی رێككەوتننامەكان. پێناچێت پارتی و یەكێتی هیچ یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان بانگهێشت بكەن بۆ ناو پرۆژە هاوبەشەكەیان بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان هیچ گۆڕانكارییەكی لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دروست نەكرد.  


(درەو میدیا): خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان بینای قایمقامیەت و ماڵی قایمقامی شارەكەیان سوتاند. عەلی عەلاق بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی پارێزگای میسان لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەیەك خۆپیشاندەری توڕە ئەمڕۆ بینای قایمقامیەت و ماڵی قایمقامیان سوتاندووە. عەلاق رایگەیاند، نەخۆشخانەكانی پارێزگای میسان ئەمڕۆ پێشوازییان لە 23 برینداری خۆپیشاندانەكان كردووە كە 6 كەسیان گوللەیان بەركەوتووە.  


 (درەو میدیا): "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان و گۆڕینی بۆ سیستمێكی پەرلەمانی كە تێیدا سەرۆك وەزیران بەرپرس بێت لەبەردەم پەرلەماندا" ئەمە بەندێكی رێككەوتنی مەسعود بارزانییە لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامریدا. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەردانی ئەمدواییەی وەفدی هاوبەشی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری بۆ هەولێر، بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو نزیكبونەوەی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و دەوڵەتی یاسا دروستكردووە. رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی رابردوو لەگەڵ نوری مالیكی بەتایبەتی لێكەوتەكانی پاش ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان. سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەفدی هاوبەشی دەوڵەتی یاسا و فەتح، مەسعود بارزانی توڕەیی خۆی نیشانداوە لەو رێوشوێنانەی كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای 16ی ئۆكتۆبەر گرتویەتیەبەر بۆ دەستگرتن بەسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكاندا" ئەمە بەبۆچونی ئەو سەرچاوەیە وادەكات "نزیكبونەوەی بارزانی بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە لەگەڵ حەیدەر عەبادی بەدوور بزانرێت". هەر بەپێی قسەی سەرچاوەكەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لەنێوان مەسعود بارزانی و وەفدی دەوڵەتی یاسادا رێككەوتن كراوە، وەكو بەشێك لە پێداویستییەكانی قۆناغی ئایندە" سیستمی سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشێندرێتەوە و سیستمەكە بگۆڕدرێت بە سیستمێكی پەرلەمانی كە تێیدا سەرۆك وەزیران بەرپرس بێت لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بۆ حەوتەمین رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری بەردوامە. بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی ناڕازی گەمارۆی بینای پارێزگای بەسرەیان دا، هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان تەقەیان كرد، بەهۆیەوە (7) خۆپیشاندەر برینداربوون. بەسرە سەرچاوەی رێژەی 95%ی هەناردەی نەوتی عێراقە، بەهۆی خۆپیشاندانەوە ئێستا ئەو سەرچاوە گرنگەی داهات كەوتوەتە مەترسییەوە، بەڵام بەپێی قسەی لێپرسراوانی خۆجێیی بەسرە، خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی نەوت دروستنەكردووە. بەهۆی راگرتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوی وردەكاری روداوەكانی ئەمڕۆ نازانرێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە پارێزگای موسەننا ئەمڕۆ خۆپیشاندەران بارەگای حزبی دەعوە و فەزیلە و رەوتی حیكمەیان سوتاندووە. لە پارێزگای دیوانیەش خۆپیشاندەران گەمارۆی بینای پارێزگایان داوە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە (10) كەس برینداربوون. فەرماندەی پۆلیسی نەجەف دورخرایەوە لە نوێترین پەرەسەندندا، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی شاری نەجەف. بەگوێرەی زانیارییەكان، وەزیری ناوخۆی عێراق لیوا عەلا غەریبی داناوە لە شوێنی فەرماندە لابراوەكە و رایسپاردووە بە وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە. عەبادی حەوت بڕیاری دەركرد لە هەوڵێكی نوێدا بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبونی عێراق حەوت بڕیاری دەركرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران. بەپێی قسەی سەرچاوەكان بڕیارەكانی عەبادی بریتین لە: 1- سێ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دینار بۆ بەسرە تەرخاندەكرێت و پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی ئاو و تۆڕی كارەبا و كەرتی تەندروستی خەرج دەكرێت. 2- وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەكرێن، بەتایبەت لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەكاندا. 3- بەپێی سیستمێكی دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلی دامەزراندن بۆ بێكارەكان دەڕەخسێنرێت. 4- ئاوی زیاتر بۆ پارێزگاكانی بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە. 5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نەجەف. 6- دەبێت كەرتی كارەبا چاك بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن.  7- كردنەوەی دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێكاری. كوەیت هۆشداری دەدات لەسەر ئاستی دەرەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە، كوەیت حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند. عێراق دەكەوێتە باكوری كوەیت و سنوری ئاوی و وشكانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. هاوكات باڵیۆزخانەی كوەیت لە بەغداد رۆژی شەممە داوای لەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەی كرد كە لە عێراق نیشتەجێن خۆیان لە رێگە وشكانییەكان و ئەو شوێنانەی بەدوربگرن كە خەڵك تێیاندا كۆدەبێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق لە دوێنێوە لەهەموو ناوچەكانی باشوری وڵات قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە. توركیا: خۆتان لە ناڕەزایەتییەكان بەدوربگرن وەزارەتی دەرەوەی توركیاش بەیاننامەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە عێراق كرد خۆیان لەو ناوچانە بەدوربگرن كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان تێیدایە. گەشتە ئاسمانییەكانی نەجەف راگیران تەلەفزیۆنی ئێران ئاشكرایكرد، ئاڕاستەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران لە نەجەفەوە دەگوازێتەوە بەرەو بەغدادی پایتەخت. رەزا جەعفەرزادە وتەبێژی رێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران وتی: بەهۆی كێشەوە لە فڕۆكەخانەی نەجەف، فڕۆكە ئێرانییەكان سەرنشینەكانیان بۆ بەغداد دەگوازنەوە. ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوەدێت سەدان خۆپیشاندەر لە نەجەف چونە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكەیانەوە وەكو ناڕەزایەتی دژی خراپی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەیاندا. هاوكات كۆمپانیای (فلای دوبەی) بۆ ماوەی هەفتەیەك گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف راگرت. كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی شاهانەی ئوردنیش بۆ كاتێكی نادیار گەشتە ئاسمانییەكانی لە عەممانی پایتەختەوە بۆ شاری نەجەف راگرت.  


(درەو میدیا): دواجار لەژێر فشاری خۆپیشاندەران حكومەتی عێراق حەوت بڕیاری لەبەرژەوەندی خۆپیشاندەران دەركرد، ئەویش دوای كۆبونەوەی  حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران و هۆزەكانی پارێزگاكانی باشووری عیراق. لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق دای لەبەرژەوەندی خۆپیشاندەران: 1-    سێ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دینار بۆ بەسرە تەرخاندەكرێت و پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی ئاو و تۆڕی كارەبا و كەرتی تەندروستی خەرج دەكرێت. 2-    وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەكرێن، بەتایبەت لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەكاندا. 3-     بەپێی سیستمێكی دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلی دامەزراندن بۆ بێكارەكان دەڕەخسێنرێت. 4-    ئاوی زیاتر بۆ پارێزگاكانی بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە. 5-     هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فرۆكەخانەی نەجەف. 6-    دەبێت كەرتی كارەبا چاك بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن  7-    كردنەوەی دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێكاری.    


درەو میدیا:  " ئەمڕۆ خەڵكی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشوور لە بەغداد و نەجەف و كەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن، ‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەك چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵكدا بووین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەكەین" ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی باشور و ناوەڕاتی عێراق. لە راگەیەنراوەكەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە" بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی دەكەین كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵكی دەوڵەت بگەێنێ، شكاندن و تاڵانكردن وسوتاندنی موڵكی گشتی و موڵكی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ، جگە لەوەی كەلتورێكی ناشرینە، ئەویش شێوازێكی تری گەندەڵییە" دەقی راگەیەنراوەكە: راگەیەندراوێك لە بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق  ‎سەرەڕای هەموو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و یاساییەكان ، ئەمڕۆ گەلانی عێراق بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن هەر لە نەبونی ئاو و كارەبا و خراپی دۆخی تەندروستی تا دەگاتە  هەژاری و بێكاری وداڕمانی ژێرخانی ئابوری، ئەمەش لە لایەك دەرئەنجامی تەشەنە كردنی گەندەڵیە، لە كۆی جومگەكانی حكومڕانییدا، لە لایەكی ترەوە نەبونی ئیرادەو خەمێكی نیشتیمانیە بۆ چارەسەركردنیان، كە تەنها هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن.ئەمڕۆ خەڵكی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشوور لە بەغداد و نەجەف و كەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن. ‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەك چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵكدا بووین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەكەین و داواكارین حكومەتبەزوترین كات بەدەنگ داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و كار بۆ دابینكردنیان بكات و گەندەڵكاران و بەرپرسە كەم تەرخەمەكان بەسزا بگەیەنێت.  لە هەمان كاتدا بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی دەكەین كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵكی دەوڵەت بگەێنێ، شكاندن و تاڵانكردن وسوتاندنی موڵكی گشتی و موڵكی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ، جگە لەوەی كەلتورێكی ناشرینە، ئەویش شێوازێكی تری گەندەڵییە. ‎هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكات هەموو لایەنە سیاسیەكان و حكومەتی عێراق پابەند بن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوینەران و دادگای فیدڕالی سەبارەت بە بژاردنەوەی تەواوی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی ساختەكارییەكان لە سەرجەم پارێزگاكان، لە پێناو ڕێزگرتن لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەستور و یاسا كارپێكراوەكان، پێمانوایە جێبەجێ نەكردنی ئەو بڕیارانە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و قەیرانەكانیش قوڵتردەكاتەوە. ‎بزوتنەوەی گۆڕان ١٤/٧/٢٠١٨  


لەدوای خۆپیشاندانەكانی باشوری عێراق بۆ باشكردنی ئاوو كارەبا و خزمەتگوزاریەكان، حكومەتی عێراق لەبەرامبەر فراواننەبوونی خۆپیشاندانەكان و گواستنەوەی بۆ بەغدادی پایتەخت، هیڵەكانی ئێنتەرنێتی لە بەغداو باشوری عێراق راگرت و تۆڕی كۆمەڵایەتی قەیس بوكیشی لە سەرتاسەری عێراق راگرت. ئێوارەی دوێنی و ئەمرۆش كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاساییشی نیشتیمانی عێراق كۆبونەوەو تیایدا بۆ رێگریكردن لە فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان بڕیاری راگرتنی هێڵەكانی ئێنتەری دەركرد.   خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیانی كوردستان شارەكانی باشوری عێراقی گرتۆتەوەو سەرەتاش لە شاری بەسرەوە دەستی پێكرد و شەوی رابردوو میسان و نەجەف و زیقار و بەغداشی گرتەوەو بارەگای زۆرینەی حزبە سیاسیەكانیان لە میسان سوتاند و لە نەجەفیش چونە ناو فرۆكەخانەی نەجەفەوە .  


درەو میدیا:   "، خەڵكی عێراق لە بەسرەوە تا زاخۆ، دەناڵێنێ لەژێر سایەی دەسەڵاتی پێڕێك لە تاڵانچی و تاوانباری هەلپەرست، كە كۆی كۆمەڵگای عێراقیان بە گشت پێكهاتەكانەوە، داماڵیوە لە بچووكترین ڕووبەری ئارامیی و بەختەوەریی!" ئەمە پەیامی بەرەی خەڵكە كە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە، لە پەیامەكەی بەرەی خەڵكدا ئاماژە بەوە شكراوە  ئەو دەسەڵاتە" كۆی كۆمەڵگای عێراقیان بە گشت پێكهاتەكانەوە، داماڵیوە لە بچووكترین ڕووبەری ئارامیی و بەختەوەریی! لەم سۆنگەیەوە خەڵك هەموو مافێكی بەدەستە بۆ دژوەستانەوە و بەرگریی كردن لە دۆخی ژیان و كەرامەتی خۆی، ئەم دژوەستانەوەیەش تا پاكژكردنەوەی دەسەڵات لە تاڵانچی و دەڵاڵەكانی سیاسەت بووەتە ئەرك و پێویستیی"  لە پەیامەكەیاندا بەرەی خەڵكدا هاتووە" تەقینەوەی جەماوەریی هەڕەمەكیی و بێئامانج و نیگا ناخوازێ، بەڵكو دەبێت نارەزاییەكان بە ئامانجی ڕوون و بە دیدگای گێڕانەوەی ماف و دادگەریی و ژیانی شایستە بۆ گشت تاكێكی كۆمەڵگا، بە جووڵە بكەوێ، لەم جۆرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و شۆڕشدا، دەبێت تەنها ئەنجامدەرانی تاڵان و تاوان بكرێنە ئامانجی پاكسازیی و لێپرسنەوە" پەیامەكەشیان ئاراستەی خەڵكی كوردستان دەكەن و دەڵێن" لەم دۆخ و ساتەدا (بەرەی خەڵك) ئاگاداری گشت ئەندام و پاڵپشتێكی ئامانجەكانی دەكا، بە وریاییەوە ئامادەبن بۆ پێشهاتەكان و ئەگەرەكان بۆ دژوەستانەوەی تاوانباران، لە گشت كووچە و كۆڵانێكی شارەكانی هەرێم، كراوەیە لەلایەن خەڵكی ستەملێكراوی هەرێمی كوردستانەوە! " دەقی پەیامەكە پەیامی "بەرەی خەڵك" بۆ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عێراق       ئاشكرایە، خەڵكی عێراق لە بەسرەوە تا زاخۆ، دەناڵێنێ لەژێر سایەی دەسەڵاتی پێڕێك لە تاڵانچی و تاوانباری هەلپەرست، كە كۆی كۆمەڵگای عێراقیان بە گشت پێكهاتەكانەوە، داماڵیوە لە بچووكترین ڕووبەری ئارامیی و بەختەوەریی! لەم سۆنگەیەوە خەڵك هەموو مافێكی بەدەستە بۆ دژوەستانەوە و بەرگریی كردن لە دۆخی ژیان و كەرامەتی خۆی، ئەم دژوەستانەوەیەش تا پاكژكردنەوەی دەسەڵات لە تاڵانچی و دەڵاڵەكانی سیاسەت بووەتە ئەرك و پێویستیی. هەر ئەم هاواریی نادادیی و چەوساندنەوەی مرۆڤە كە ئێستا لە باشووری عێراق خەڵكی لە گشت چین و توێژەكان هێناوەتە شەقام و ڕێ بە تاڵانكردنی خاكەكەیان دەگرن.        "بەرەی خەڵك" بەردەوام لەگەڵ وەها جووڵانەوەیەكی جەماوەرییە كە بە دەستی خۆی مافەكانی بسەنێتەوە بێ بەلارێدا بردن و سواربوونی ئازارەكانی خەڵك لەلایەن حیزبگەلی بێفەڕ و پاڵەوانەكانی سەر شاشەوە و  كردنی كۆششیی خەڵك، بە دەستكەوتی سیاسی بۆ خۆیان و حیزب و بنەماڵەكانیان. لە ٢٠٠٣ەوە حزبی عێراقی بە عەرەب و كورد و پێكاتەكانی ترەوە بە تێكڕای مەزهەب و ئایدۆلۆژیا و ڕەنگەوە، لەبری بونیادنانەوەی عێراق بە لێشاوی پەترۆ-دۆلار، خۆیان لە خەزێنەی مۆڵی دانیشتوانی عێراق دیەوە و بە حكومەت و پەرلەمان و دیموكراسیەتی دەمامكدارەوە، كەوتنە تاڵان و كڕاندەنەوەی لاشەی كۆمەڵگا لە گشت كووچەكەی ئەم وڵاتەدا، كە بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕی، ئەوانیش بە ئێستاشەوە شاگەشكەی دزین!        بۆ خەڵكی كوردستان (كە سەد هێندە ئەركە و مافیشی بەدەستە بۆ ڕاماڵین و دادگایكردنی سەرانی تاڵانیی)، دەبێ وێنای ئەو سات و ڕۆژە بكەن كە كۆی تاوانبارانی ٢٧ساڵ دەسەڵاتی ستەم و تاڵان، لەبەر هروژمی تووڕەیی و ئازار و كوێرەوەریی و بە خەساردانی تەمەن و خەونەكانیان، بە چۆكدا بێن و لە دادگای گەل و مێژوودا... سزای هاوئاستی تاوانەكانیان بدرێن.      "بەرەی خەڵك" تەقینەوەی جەماوەریی هەڕەمەكیی و بێئامانج و نیگا ناخوازێ، بەڵكو دەبێت نارەزاییەكان بە ئامانجی ڕوون و بە دیدگای گێڕانەوەی ماف و دادگەریی و ژیانی شایستە بۆ گشت تاكێكی كۆمەڵگا، بە جووڵە بكەوێ، لەم جۆرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و شۆڕشدا، دەبێت تەنها ئەنجامدەرانی تاڵان و تاوان بكرێنە ئامانجی پاكسازیی و لێپرسنەوە، دەستبردن بۆ دامەزراوە خزمەتگوزاریی و پەیوەندیدار بە هەڵسوڕاندنی كاروباری كۆمەڵگاوە بكرێتە هێڵی سوور. كرۆكی پەیامی بەرەی خەڵك ئەوەیە هەموو كردەیەك بە كەڵكی خەڵك و زیانی تاوانباران دەستپێبكا و كۆتایی بێت... ئەگینا هەر كردەیەكی دەسكردی تری ئامانجدار بۆ سوودی لایەنێكی تری بێگانە یان خۆماڵی، شۆڕش نییە و لێدانی زیاترە لە دۆخی خراپی ئێستای هاوڵاتیان.       لەم دۆخ و ساتەدا (بەرەی خەڵك) ئاگاداری گشت ئەندام و پاڵپشتێكی ئامانجەكانی دەكا، بە وریاییەوە ئامادەبن بۆ پێشهاتەكان و ئەگەرەكان بۆ دژوەستانەوەی تاوانباران، لە گشت كووچە و كۆڵانێكی شارەكانی هەرێم، كراوەیە لەلایەن خەڵكی ستەملێكراوی هەرێمی كوردستانەوە!                                                         بەرەی خەڵك -  ١٤ی تەمووزی ٢٠١  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بۆ شەشەم رۆژ لەسەر یەك خۆپیشاندان لە شارەكانی باشووری عێراق دەستیپیكردەوە. دەیان كەس لە خەڵكی ناحییەی سەفوانی سەربە پارێزگای بەسرە لەبەردەم دەروازەی سنوری سەفوان كۆبونەوە و دژی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری ناڕەزایەتییان دەربڕی. دەروازەی سەفوان تاكە رێڕەوی وشكانی نێوان عێراق و كوەیتە، خۆپیشاندەران داوادەكەن بەشێك لە داهاتی ئەو دەروازەیە بۆ خزمەتكردنی ناحیەكەیان تەرخان بكرێت. لە شاری حیللە بە هەمان شێوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەكان تایەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان هەوڵدەدەن بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. خۆپیشاندەران لە فڕۆكەخانە كشانەوە لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندەران لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە كشانەوە و گەشتە ئاسمانییەكان دەستیانپێكردەوە و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكەش قەدەغەی هاتوچۆیان هەڵگرت. ئەنجومەنی ئاسایش هەڕەشە دەكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەبەر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە برۆكسلەوە گەڕایەوە بۆ عێراق، دوای سەردانێك بۆ پارێزگای بەسرە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی كرد. نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی بەیاننامەیەكی لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەتوندی روبەڕوی ئەوانە دەبنەوە كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە هێرش بكەنەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵكی تایبەت. 60 ساڵ دوای روخانی پادشایەتی ناڕەزایەتییەكان لە كاتیێكدایە ئەمڕۆ عێراق یادی (60) ساڵەی روخانی رژێمی پادشایەتی و هاتنەسەركاری رژێمی كۆماری دەكاتەوە. سەرەتای شەپۆلی ناڕەزایەتی ئەمجارەی عێراق لە بەسرەوە دەستیپێكردو دواتر گوازرایەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشور وەكو زیقارو میسان و نەجەف و بابل. مەرجەعیەت پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتی خەڵكی شیعەمەزهەبی شارەكانی باشوور راگەیاند. نوێنەری سیستانی لە وتاری رۆژی هەینیدا وتی" كەموكورتییەكی زۆر هەیە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان"ی وەكو كارەبا لەم وەرزی گەرمایەدا. رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە بەسرە خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، ئەمە ناڕەزایەتییەكانی توندتر كردەوە. بەسرە هەڕەشە لە بازاڕی جیهانی نەوت دەكات رێژەی زیاتر لە 95%ی هەناردەی نەوتی عێراق لە بەسرەوە سەرچاوە دەگرێت، راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زیانێكی گەورە بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت، چونكە نەوت شادەماری ئابوری عێراقە، هەروەك دەكرێت كاریگەری لەسەر نرخی نەوتیش دابنێت لە بازاڕی جییهانیدا. بێكاری لە عێراق یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی خۆپیشاندان، بێكاری لاوانە، بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی عێراق ئێستا رێژەی بێكاری گەیشتوەتە 10.8% لەسەر ئاستی وڵات. رێژەی 60%ی ئەوانەی كە بێكارن، تەمەنیان لە خواروو 24 ساڵییەوەیە، ئەمەش بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس دەریدەخات بێكاری لەناو توێژی لاواندا لە عێراق زۆر بەرزە. پێكهێنانی حكومەتی نوێ ناڕەزایەتییەكان لەكاتێكدایە سەرباری تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردن هێشتا كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق پێكنەهێنراوە و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە. حكومەتی حەیدەر عەبادی بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر و ناتوانێت بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوە بدات. سەرەتای ناڕەزایەتی خەڵكی عێراق دژ بە سیاسەتمەداران و پارتە سیاسییەكان ئەوكاتە دەركەوت كە هەڵبژاردنی 12ی ئایار كەمترین ئاستی بەشداری تۆماركرد لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە.  


(درەو میدیا): چەند رۆژێكە هاوڵاتیانی شاری بەسرەی باشووری عێراق لەدژی بێكاریی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا خۆپیشاندان دەكەن، ئەمڕۆ هەینیش خۆپیشاندان شارەكانی، كەربەلا،  نەجەف، زیقار، میسانی لە باشووری عێراق گرتەوە. خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان  هێرشیانكردن سەر فەرمانگە حكومییەكان و  بارەگانی چەند حزبێكی سیاسی  وەك حزبی دەعوە، رەوتی حیكمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییان سوتاند. لە پارێزگاری نەجەفیش خۆپیشاندەران  بارەگای حزبی دەعوەیان سوتاند و هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف . فەرمانگەی تەندروستی میسانیش رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكەدا 15 كەس برینداربوون و كەسێكیش كوژراوە و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیش تا ئێستا لە بەسرە خۆپیشاندەرێك كوژراوە و 13ی كەس برینداربوون. پۆلیسی زیقاریش رایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە 42 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون. " شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت" لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وتی:" قایل نابین بە دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەرانە ستەملێكراوەكان و هیوادارین خۆپیشاندەران دامودەزگا و كەلوپەلەكانیان بپارێزن چونكە ئەوانە موڵكی گەلن نەك گەندەڵكاران". سەدر هاشتاگێكیشی راگەیاندووە بەناونیشانی " شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت". حەكیم و عامری پشتگیری خۆپیشاندەران دەكەن هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبوونەوە. نوسینگەی حەكیم لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، حەكیم لە نوسینگەكەی پێشوازی لە هادی عامری كردووە و هەردوولا داوا لە حكومەت دەكەن بەپەلە داواكاری خۆپیشاندەرانی بەسرە و پارێزگاكانی تر جێبەجێ بكات و دۆخی خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایانە باشتر بكات و كاربكات برۆ نەهێشتنی گەندەڵی. عەبادی بەسرەی هێورنەكردەوە  لەگەڵ بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق  لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕایەوە عێراق و راستەوخۆ چووە بەسرە، بەڵام بە گوێرەی میدیاكانی عێراق عەبادی لە هێوركردنەوەی دۆخی بەسرە سەركەوتوو نەبووە و دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە هۆتێل " شیراتۆن" عەبادی بەسرەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بەغدا.  


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا  خۆ رێكخستنه‌وه‌ی داعش له‌ سنووره‌كانی پارێزگای كه‌ركوك وه‌ك مه‌ترسی له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه‌ ده‌كرێت، به‌ تایبه‌ت رۆژانه‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرده‌ی تیرۆریستی دژ به‌ هاووڵاتیانی ئه‌و پارێزگایه‌ ئه‌نجام ده‌دات. بۆیه‌ (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ لیوا ره‌سوڵ عومه‌ر ناسراو به‌ وه‌ستا ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری كه‌ركوك، تاوتوێی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك و سیناریۆكانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كرد بۆ ناوچه‌كه‌، كه‌ ‌له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كه‌ركوكیان جێهیشتووه‌.  له‌ ماوه‌ی قسه‌كانی لیوا ره‌سوڵ عومه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ "داعش له‌ ئاستێكدان‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت چه‌ته‌گه‌رییه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌ن، ده‌توانن هه‌ندێك ناوچه‌‌ له‌ ده‌وروبه‌ری داقوق و دووز و خوارووی كه‌ركوك كۆنتڕۆڵ بكه‌ن". دره‌و میدیا: وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی یه‌كێتی نیشتیمانی پێتان وایه‌ مه‌ترسی ئه‌منی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك هه‌یه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك له‌ ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك تێكچووه‌،‌ تێكچوونه‌كه‌شی هه‌مووی په‌یوه‌نداره‌ به‌وه‌ی جارێكی تر رێكخراوی تیرۆریستی داعش مه‌فره‌زه‌كانی خۆی رێكخستۆته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی حه‌ویجه‌ و باشووری كه‌ركوك و ده‌روبه‌ری داقوق و دووز و جموجۆڵه‌كانیان به‌ ئاشكرا به‌دی ئه‌كرێت. لێره‌ و له‌وێ چه‌ته‌یی ئه‌كه‌ن و خه‌ڵك ئه‌كوژن و خه‌ڵك ئه‌ڕفێنن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌و‌خۆی كردۆته‌ ناو كه‌ركوك له‌ رووی پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی، ئه‌مه‌ش هه‌یئه‌تێكی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سه‌له‌فییه‌كانه‌ كه‌ پێشتر به‌ پڕو پاگه‌نده ‌ ده‌ست پێ ئه‌كه‌ن، لێره‌ و له‌وێش په‌لامار ئه‌ده‌ن بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانیان. ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێك شڵه‌ژانی پێوه‌ دیاره، ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك-یشن له‌و ئاسته‌ نین بتوانن وه‌ڵامی پڕوپاگه‌نده‌كان و ئه‌و چه‌ته‌گه‌رییه‌ به‌ باشی بدنه‌وه‌ كه‌ داعش ده‌یكات، بۆیه‌ خه‌ڵك له‌وێ له‌ دڵه‌ راوكێیه‌. دره‌و میدیا: كه‌واته‌ شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ چ ئاستێك چالاكن تا به‌و رادده‌یه‌ مه‌ترسی بن؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ی كه‌ركوك‌ هه‌ن و ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی فراونتر خۆیان رێكخستۆته‌وه‌. داعش له‌ ئاستیكدان‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت چه‌ته‌گه‌رییه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌ن ده‌توانن هه‌ندێك ناوچه‌‌ له‌ ده‌وروبه‌ری داقوق و دووز و خوارووی كه‌ركوك و هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیش كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌مریكییه‌كان له‌ نێوان ئێمه‌ و عێراق‌، كار بۆ دروست كردنی ژوورێكی عه‌مه‌لیات له‌ كه‌ركوك ئه‌كه‌ن   دره‌و میدیا: ئێوه‌ چاوه‌ڕوانی و زانیاری ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ داعش پلانی هێرش كردنه‌ سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك و هه‌ندێك له‌ گونده‌كانی هه‌بێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئێمه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ین داعش له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بێت هێرش و په‌لامار بدات، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌ ئێستا له‌ شاری دووز و ده‌وری شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆته‌ مه‌فره‌زه‌كانی داعش واتا هه‌ر چوار ده‌وری شاره‌كه‌، هیچ مه‌جالی تیا نییه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك بكه‌ن ئه‌توانن بیكه‌ن. له‌ داقوق له‌ لای رۆژئاوای داعش جوڵه‌ی هه‌یه‌ و له‌ قۆڵی رۆژهه‌ڵات و باشوور و رۆژئاوای رۆژهه‌ڵات جموجۆڵیان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی خوار نه‌جووله‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ داقوق، بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كان‌ له‌وێ زۆره‌ و له‌ باشووری كه‌ركوكه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ دووبز بۆ دامێنی كه‌ركوك دێت. دره‌و میدیا: ئه‌م چالاكبوونه‌ی هێزه‌كانی داعش په‌یوه‌ندییان به‌ له‌باری چ جۆره‌ زه‌مینه‌یه‌كی ئه‌منی هه‌یه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌باره‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ تا داعش بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، داعش زۆر كه‌م حیساب بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی عێراق ئه‌كات، ئه‌زانن سوپای عێراق سه‌رده‌مێك وه‌كو به‌فر له‌ پێش داعش توایه‌وه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ داعش چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زیاتر له‌ شه‌ش فه‌یله‌قی عێراقی ده‌ست كه‌وتبوو به‌ڵام كاتێك كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێی وت ستۆپ ستۆپی كرد. به‌ڵام له‌ ئاست سوپای عێراق چاویان دانه‌ئه‌خست و كه‌ ئه‌چوون‌ په‌لاماری هه‌ر جێیه‌كیان ئه‌دا سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ست ئه‌هێنا و چه‌ندین پارێزگایان له‌ عێراق داگیركرد، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ له‌باره‌ كه‌ هێزی عێراقی به‌ ته‌نها له‌ ناوچه‌كه‌یه و‌ ئه‌وانیش ئه‌مه‌یان به‌ ده‌رفه‌ت قۆستۆته‌وه‌ و جارێكی تر ئه‌یانه‌وێ وه‌ك ساڵی 2014 به‌ پاروو پاروو ده‌ست پێبكه‌ن. دره‌و میدیا: هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ركوك چی پێ ده‌كرێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئێستا له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌ له‌ سنووره‌كانی كه‌ركوك و ئه‌توانم بڵێم پێشمه‌رگه‌كانمان 10 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری شاری كه‌ركوك دوورن، بۆیه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك پێشمه‌رگه‌ خۆی ئاماده‌ كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان كردووه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی و له‌گه‌ڵ هه‌موو لیواكان به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی خۆمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و رووداوێكی نه‌خوازراو، ناڵێم هه‌مووی به‌ڵام پاراستنی كه‌ركوكمان له‌ ئه‌ستۆ ئه‌بێت، به‌ڵام گرنگه‌ بیری لێبكه‌ینه‌وه‌ چۆن ناوچه‌ كوردییه‌كان ئه‌یپارێزین و نه‌خشه‌مان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی هه‌موو كه‌ركوك. بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ئه‌كه‌ینه‌وه‌، راسته‌ داعش مه‌فره‌زه‌كانی زیادی كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ش نییه‌ بتوانێ له‌ چاوداخستنێك وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ موسڵ كردیان بیكه‌ن، ره‌نگه‌ به‌ پاروو پاروو بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ئێمه‌ش له‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خشه‌ی خۆمان هه‌یه‌. دره‌و میدیا: له‌و پلانه‌ی كه‌ باست كرد حكومه‌تی عێراق چه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵتان؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: دوو رێگا هه‌یه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، هه‌ردوو رێگاكه‌ كراوه‌ن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵی "كه‌ دۆ هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه" گوێ به‌ هیچ ناده‌ین، به‌ڵام كه‌ رووداوه‌كه‌ روویدا. رێگایه‌كی تریش كه‌ ئێستا كاری له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌مریكییه‌كان له‌ نێوان ئێمه‌ و عێراق‌ كاری زۆریان كردووه و‌ زیاتر له‌ چوار مانگه‌ كار بۆ دروست كردنی ژوورێكی عه‌مه‌لیات له‌ كه‌ركوك ئه‌كه‌ن و، ئه‌وه‌ی تائێستا زانیومانه‌ گه‌وره ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م ژووره‌ به‌ جۆرێك رای بوون به‌ڵام دیاره‌ هه‌ندێك هۆكار هه‌یه‌ بۆ رێگری له‌به‌رده‌م ئه‌م كاره‌. دیاره‌ له‌ هۆكاره‌كان یه‌كێكیان كۆتایی هاتووه،‌ به‌ڵام دوانیان ماون. یه‌كێك له‌ مه‌سه‌له‌كانی رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شێوه‌ی ته‌نسیق له‌گه‌ڵ عێراق هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، ئه‌و بابه‌ته‌ كاریگه‌ری ئه‌بوو له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌سه‌ر شه‌قامی عێراق و ئه‌م بابه‌ته‌ ئێستا كۆتایی پێهات. هۆكارێكی تر هه‌یه،‌ هێشتا حكومه‌تی نوێی عێراق دروست نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌مه‌كێشمێكی دروست كردووه‌ له‌ ناو كوتله‌ سیاسییه‌كانی ئه‌وێ، به‌‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن ئایا زه‌ره‌یانه‌ یان قازانجیانه‌. هۆكارێكی تر كه‌ به‌ڕای من له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌ترسیدارتره‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤینییه‌كان و توركمانه‌ شۆڤینییه‌كانن. لێره‌وه‌ ئه‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی بۆ له‌مه‌ تێناگات و هه‌ر دژی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ستنه‌وه؟ پێشمه‌رگه‌ گه‌وره‌ترین چاكه‌ی به‌سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌ره‌بی ناوچه‌ی حه‌ویجه‌‌ هه‌یه‌ و نه‌‌یانهێشتووه‌ منداڵێكیان لوتی به‌خوێن بێت، له‌ هه‌ر چوار میحوه‌ره‌كه‌ له‌ دووزه‌وه‌ هه‌تا ئه‌چێته‌ دووبز به‌ ده‌یان هه‌زار عه‌ره‌بی ئاواره‌ هاتوون و به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ڕی خراون و له‌ كه‌مپه‌كان به‌سه‌لامه‌تی داندراون.‌ تائێستاش داعش ئه‌وه‌نده‌ی له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ ئه‌كوژێ و له‌ داروده‌سته‌كانی خۆیان ئه‌كوژن له‌و ناوچانه‌ هێشتا ئه‌وه‌نده‌ زه‌ره‌یان بۆ شیعه‌ و كورد نه‌بووه‌، كه‌چی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی به‌ پێچه‌وانه‌‌ی شه‌قامی سوننه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ جموجۆڵ، به‌ڕای من ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك كه‌ راكان مه‌جید سه‌رپه‌رشتی ئه‌كات، پێ ئه‌چێت كه‌وتبێتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ و خه‌ڵكیش لێیان رائه‌په‌ڕێت له‌ داهاتوو. وه‌ستا ره‌سوڵ: پێشبینی ئه‌كه‌ین داعش له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بێت هێرش و په‌لامار بدات   دره‌و میدیا: مه‌به‌ستت له‌ خه‌ڵكی راپه‌ڕیو كێیه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: خه‌ڵكی كه‌ركوك و كورد و سوننه‌ی عه‌ره‌ب لێیان رائه‌په‌ڕن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌، به‌ ده‌یان جار په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ ئه‌كه‌ن و ته‌له‌فۆن ئه‌كه‌ن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی هاتنی داعش و لێدان و ئه‌م چه‌ته‌گه‌رییه‌ی ئێستا، بۆیه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ عه‌ره‌به‌ شه‌ریفه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ ئیمه‌وه‌ ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان كه‌ قسه‌ی تریان هه‌یه‌و  قسه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی ئه‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ ئان و ساته‌ ئه‌وان به‌گژ ئه‌وانه‌ی خۆیان بچنه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی توركمانیش به‌تایبه‌تی ئه‌رشه‌د ساڵحی و چه‌ند كه‌سێك بوونه‌ته‌ ده‌م سپی توركمان،‌ ئه‌وانیش ئه‌یانه‌وێت توركمان به‌ره‌و ئاژاوه‌یه‌كی قوڵتر به‌رن. له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌قامی توركمانیش وا ناڵێت، چونكه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌و چوارساڵه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ داعش ئه‌وانی پاراستووه‌ یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ له‌ناو شار حوكمڕان نه‌بووه‌ و یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ زه‌ره‌ری بۆ توركمان و عه‌ره‌ب نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بێ ویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی لێره‌ و له‌وێ قسه‌ ئه‌كات، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌و فێر ئه‌كرێت.   وه‌ستا ره‌سوڵ: شاری دووز و ده‌وری شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆته‌ مه‌فره‌زه‌كانی داعش، هیچ مه‌جالی تیا نییه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك بكه‌ن ئه‌توانن بیكه‌ن دره‌و میدیا: ئێوه‌ و پارتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ قۆناغی جیاواز یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ خیانه‌ت، ئایا ئێوه‌ چۆن ده‌توانن به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و زه‌مینه‌سازییه‌كی هاوبه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه ‌بۆ كه‌ركوك؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌توانم بڵێم ئه‌م قۆناغه‌ كۆتایی پێهات، خۆتان ئه‌زانن ناوچه‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر یه‌كێتی حیسابه‌ و هێزی زۆره‌ له‌وێ ئه‌وه‌ش مه‌علومه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی چۆنه،‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئێستا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان لا دروست بووه‌ كه‌ هه‌ردوو لامان ئه‌بێ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بپارێزین و ئه‌وانیش له‌ هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ رێكن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هیچ گرفتێك نییه‌. دره‌و میدیا: كه‌واته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌بیندرێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ت هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك ئه‌بیندرێت، حاڵه‌تێكیان كتوپڕه‌ و رووبدات پێشمه‌رگه‌ خۆی بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ كردووه‌. حاڵه‌تێكیشیان دانانی ژوووی عه‌مه‌لیاته‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراق. كه‌ خۆم ئه‌وه‌ی دووه‌مم پێباشتره،‌ چونكه‌ كه‌ركوك شارێكه‌ تا ئێستا ساغ نه‌بۆته‌وه‌ به‌پێی مادده‌ی 140 بۆیه‌ ئه‌بێ ئیداره‌كه‌ هاوبه‌ش بێ و ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكی باشتره‌ و ئه‌گه‌ر عێراق هه‌نگاوه‌كانی خێرا بكات و گوێ به‌و ته‌گه‌رانه‌ نه‌دات كه‌ دێته‌ رێیان،‌ به‌ڵێ ئێمه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌توانین ناوچه‌كانی خۆمان بپارێزین.  


(درەو میدیا): پێنج ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەش گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفاوە بۆ كوڕەكانی بەمافێكی شەرعی و یاسایی ناودەبات. بەیانی ئەمڕۆ كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئامادەی كۆبونەوەكە بوو. كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە دوو تەوەری سەرەكی: تەوەری یەكەم: كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. تەوەری دووەم: دەستنیشانكردنی لیژنەی باڵای سەرپەرەشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. موڵك و ماڵەكانی گۆڕان یەكلاكرایەوە ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی ڕایگەیاند: لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسی" تاپۆكردنی موڵك و ماڵەكانی بزوتنەوەكە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، كرا". "لە كۆبونەوەكەدا عومەر سەید عەلی باسێكی مێژوویی لەبارەی دروستكردنی كۆمپانیای وشە و موڵك و ماڵەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشكردووە و وتویەتی: كۆی ئەم موڵكانە هی خودی نەوشیروان مستەفا بوون، بۆیە مافێكی شەرعی وەرەسەكەیەتی بیخاتە سەر ناوی خۆی و كۆی ئەم موڵكانەش ئێستا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندان". عومەر سەید عەلی بە راشكاوی بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وتووە، موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و " بڕۆن بەهەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن". "گۆڕان كرێچییە" ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: قسەكانی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان تەئكیدكردنەوە بوو لەسەر ئەوەی بزوتنەوەكە خاوەنی هیچ نیە و هیچ سەرچاوەیەكی دارایشی نیە و كرێچی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە". (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ڕەخنەی توندیان لە عومەری سەید عەلی گرتووە، بەهۆیەوە چەندجارێك ئاڵۆزی و دەمەقاڵێ‌ درستبووە. دەستلەكاركێشانەوە هەر لە كۆبونەوەكەدا ناوی (5) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خوێندراوەتەوە كە دەستیان لەكاركێشاوتەوە، كە پێكهاتوون لە: •    باژێڕوانی سۆران •    ڕێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكان •    باژێڕوانی مەخمور •    باژێڕوانی خەبات •     هاوكات عەبدوڵای كوێخا موبارەك كە بارێژوانی قەزای چەمچەماڵە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە و تاتوێكردنی پرسی میدیا و دارایی گۆڕانی كردوەتە مەرج بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە لە كۆبونەوەكەدا سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، كە چەندجارێك پەیوەندی بە عەبدوڵای كوێخا موبارەكەوە كردووە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەكانی نەداوەتەوە. ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوی گۆڕان تایبەت بوو بە دەستنیشانكردنی لیژنەی باڵای سەرپەشتیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لیژنە دەستنیشانكراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردن پێكدێت لە: •    مستەفا سەید قادر •    ژمارەیەك لە ڕێكخەری ژورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان •    نوێنەری ژنان •    نوێنەری هەولێر •    نوێنەری جڤاتی گشتی


(درەو میدیا): بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك لایەنە عێراقییەكان پێشنیازەكانی برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكایان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رەتكردوەتەوە و بەوەش پێدەچێت پێكهێنانی حكومەت دوابكەوێت. بە گوێرەی هەواڵێكی " RT" چەد لایەنێكی عێراقی لەوانەش " فەتح و سائرون" پێشنیازەكانی مەكگۆرگیان بۆ پێكهێنانی حكومەت رەتكردوەتەوە و باوەڕیان وایە كە ئەو پێشنیازانە  سیاسەتی بەش بەشێنە دەهێڵێتەوە و نابنە هۆی بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق. بەوتەی ئەو سەرچاوانە مەكگۆرك پێشنیازی ئەوەی بۆ لایەنە شیعە و سوننە و كوردییەكان كردووە حكومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانی بەخێرایی پێكبهێنن و هاوپەیمانی فەتح و سائرونیش ئەوە پێشنیازەیان بە هەنگاوێك داناوە بۆ مانەوەی بەشبەشێنە، لەبەرئەوە رەتیانكردوەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand