جینۆسایدی بارزانیەكان چۆن روویدا ؟

Draw Media

2018-07-31 11:24:59



راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف

لە درێژەی جینۆسایدەكانی كوردا و پاش ھەرەس ھێنانی شۆڕشی كورد ساڵی ( ١٩٧٥) دەیان ھەزار لە خێَڵی بەرزانییەكان بە زۆر لە شوێنەكانی خۆیان ھەڵكەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشك لە باشوری عێراق ، بێ ئەوەی لەلایەن رێژێمەوە ھیچ یارمەتییەك بدرێن ، ئەم گوندنشینانە نزیكەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێ‌دا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی ئیڤا ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو كۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچكران و ھەندێكیشیان بران بۆ كۆمەڵگای (بەحرەكە)لەباكوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ كۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری). 
لەم كۆمەڵگایانەدا خەڵكەكە بۆیەكەمجار ھەوای كوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی  نێوان عێراق و ئێران دەستی پێ‌كرد ، لەو چوارچیوەیەدا جكومەتی ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچكەی ( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی ناوچەكانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو ھەزاران سەرباز لە ھەردوولا كوژران 
یوست هیلتەرمان لە كتێبەكەیدا كارێكی ژەهراوی  دەنوسێت"پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, پارتی  پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەكان كەوا ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت,...هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەهۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. چەكدارانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا بەرگری زۆریان لە ناوچەی عەشیرەتەكەیان دەكرد. ئەوە بوو كە دوژمنایەتی پارتی بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پارتی و یەكێتی لەو ناوچەیە كە سنوری یەكێتی بوو,,هاوپەیمانییەكی تەكتیكی لێكەوتەوە یەكەم لە نێوان یەكێتی و برادۆستییەكان و دواتر لە نێوان یەكێتی و ڕژێمی بەغدا, كە دانوستانی نێوان یەكێتی و بەغدای لێكەوتەوە"  
هەر سەبارەت بەو روداوە نەوشیروان مستەفا, لە كێبی پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن دەنوسێت :
" گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون, بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد
ھەربۆیەرژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەم روداوەدا لە ٣٠ / ٧ /١٩٨٣ دا بەسەرۆكایەتی ( بەرزان تكریتی و وەتبان تكریتی) ھەردوو دایك برای سەدام حسێن و بە فەرمانی راستەوخۆی ( سەدام حوسێن) دەوری ئۆردوگاكانی زۆرەملێی بارزانییەكانی دا لە ( قوشتەپەو دیاناو ھەریرو بەحرەكە) ، زیاتر لە ( ٨)ھەزار پیاوی بارزانیەكانیان دەستگیرو سەرنگوم كرد .
ھەندێ پێیانوایە كەپیاوە بارزانییەكان ساڵێك لە ژیاندامان بەڵام ( سەدام حوسێن) لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێكی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێكیدا زۆر بەڕاشكاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان كرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەكانی سەدامدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێك رۆچوون لەخیانەتدا كەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێكی بەرفراوانتر لەبنەماڵەكەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیركردنی خاكی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی كۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵماندا پەیوەندی دروست بكەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەكیش ئاڵۆگۆر كرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان كرد یەكەمیان خیانەتیان لەخاك كرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان كرد كەدابوویان، بارزانیەكانیش بەشدار بوون لەم كارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو كە ئەوان جۆرە رێكەوتنێكیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا كە ھەرگیز چاوساغی سوپای ئێرانی نەكەن بۆسەر خاكی عێراق، ھەندێك پێیان وایە كە لە كاتی رێكەوتنە نھێنیەكەدا سەدام داوای زەمانەتی كردووە، مەسعود و ئیدریس بارزانی وتویانە زەمانەت ئەوەیە براكانمان لەلای ئیوەیە، ئەوانیش چونكە زۆر داغ لە دڵ بوون بەرامبەر بە براكانیان ( سابیر و عوبەیدوڵا و لوقمان ) بۆیە پێشرەوی سوپای ئێرانیان كردووە، تا حكومەتی بەعس براكانیان لە سێدارە بدات، وە لەوەشدا سەركەوتوو بون و لە ھیچ شوێنێكیش باسی ئەوبرایانەیان ناكەن بەڵام بڕوایان ناكرد سەدام ئەوكارە بەرامبەر بە بارزانیەكان بكات.

بەپێی زانیاریەكان دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنیان ئەم پیاوە بەرزانیانەیان لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ كرد ، ژن ومناڵەكانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕین لە ئۆردوگاكاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخبارات گیرابوو ، كە لە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو كارەباو كەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام .


ژنێكی بەرزانی كەلەو كاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین كە سەربازەكان لە كاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی كۆمەڵگاكەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق كاتێك كە خەڵكەكە وەبەر خۆكەوتن بچنە سەر ئیش و كاریان ھەموو سەربازەكان بەجاری رژانە ناو كۆمەڵگاكەوە ، ھەر پیاوێك دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێكی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەك دا ، ئەو مەلایەشیان گرت كەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەكانیان شكاندین و كەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەكانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنكی ئاویشیان دەكرد ، ھەموو نێرینەیەك كەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان كردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەكان تا پیاوەكانیان نەبەن ). 
پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیركردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەكرێن ، وە پاش ماوەیەكیش بەفەرمانی راستەوخۆی (ێەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەكەنرێ‌و دەكەس دەكەس گوللەباران دەكرێن و دادەپۆشرێن .
ھەر لەو سەروبەندەدا لە ٣٠/٨/١٩٨٣حكومەتی بەعس ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی كوڕانی مەلامستەفا كە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون لە سێدارەدا ئەو كوڕانەی مەلا مستەفا لەدوای شكستی ١٩٧٤ لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونكە كێشەیان لەگەڵ باوكیان ھەبوو، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرمایەداربوون, بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پێشڕەویەكانی ھێزەكانی پارتی بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، كوڕەكانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا كە یەكێكیان وەزیرو ئەوەی دیكەیان پەرلەمانتار و ئەوەی تریشیان بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێكردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەركردەیەكی بارزانی ناویشیان ناھێنێت، كە یەكێكیان باوكی سیروان بارزانیە، بڕیارەكەش لە دادگای شۆرش لەرۆژی ( ٣٠/٨/١٩٨٣ ) بەسەرۆكایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەركرا: حوكمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەك لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەكیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەك لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێكی تر لە سێدارەداران چونكە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون.
سەبارەت بە جسنۆسایدی بارزانیەكان هەمیشە سەركردایەتی حزبی بەعس ویستویەتی بیشارێتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێهەهەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ بكرێت، بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: "تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە".

سەرچاوەكان:

• محەمەد رەئوف , ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەكانی, 2005 سلێمانی.
•    میدڵ ئیست ووچ ـ جینۆساید لەعێراقداو پەلاماری ئەنفال بۆسەركورد ، و.سیامەندی موفتی زادە ،چاپی
               یەكەم ،سلێمانی ،1999، لایەڕە 106-106 .

•    نەوشیروان مستەفا ئەمین, پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322  
•    یۆست هلتەرمان، كارێكی ژەهراوی,وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق,كۆمپانیای ئاوێنەل39
•    رۆژنامەی ( العیراق) ، 13ی ئەیلولی ، 1983 .
•    عەباس هەمزە خدر ـ جینۆساید كارەساتی كوردو تاوانی نێودەوڵەتی ، گۆڤاری یاسا پارێزی ، ژـ 4 ، ساڵیچوارەم ، 1999 , لاپەڕە 260 .
•    رَێكار مزوری , شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان .
•    عەدالەت عومەر, بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامە فەرمی و مێژوویەكان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand