فاڵ میرانی: دەتوانین بێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنین 

2019-06-26 08:31:55

درەو میدیا: 
"بەڕاشكاوی بە یەكێتیمان وتووە ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكەین، چۆن سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێممان بێ یەكێتی هەڵبژارد دەتوانین حكومەتیش پێكبهێنین" ئەمە نوێترین لێدوانی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە.

با بارزانی مەرجەع بێت!
سەبارەت بە مەرجەعبونی مەسعود بارزانی فازڵ میرانی دەڵێت "من لەقسەكانی"كاك سەعدی پیرە" تێگەیشتم، خوێندمەوە لەدەنگی ئەمریكا كە دەڵێ پارتی دەیەوێت"كاك مەسعود" مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، هەر خۆیان بە خۆ-شیەوە (كاك سەعدی پیرە) كە ئیشێكیان كەوتۆتە لای "كاك مەسعود" و بۆیان جێ بەجێ كراوە دواتر خۆیان وتویانە "كاكە ئەم پیاوە نەك تەنها سەرۆكی پارتیە، ئەمە بكەنە "مەرجەعێك" بۆ هەموومان، بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییەكان (مەبادیئی) داپۆشیوە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕونیكردەوە" من ناڵێم یەكێتی بەفەرمی داوای كردووە، باسی ئەوانە لە یەكێتی دەكەم كە ئێستا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن كاك مەسعود دەیەوێت ببێتە مەرجەع، بەڵام بەشێك لە خۆیان لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە "بەندە" و بەشێك لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی ئێمەیان وتووە بە (كاك مەسعود بارزانی" بڵێن تەنها وەك سەرۆكی پارتی نەبێت بەڵكو ببێتە مەرجەعی كوردستان بۆ هەموومان چونكە هەر ئەو-مان (كاك مەسعود بارزانی) ماوە بەدەستەوە (جا بەبێ بەڵگە ئەو قسەیە ناكەم و بەڵگەمان لایە لەسەر ئەو قسەیە)، بەدڵنیاییەوە بەشێكی زۆرییان ئەو "مەرجەعیەتە"قبوڵ دەكەن بەو مەرجەی "تەئمینی بەرژەوەندی ئەوان بكات".

لە قسەكانی سەنگاوی نیگەرانن!
 فازڵ میرانی لە گفتوگۆكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا نیگەرانی زۆری پارتی لە قسەكانی مەحمود سەنگاوی دەردەبڕێت" خۆی قسەكانی "مەحمود سەنگاوی" هی ئەوە نیە مرۆڤ وەڵامی بداتەوە ئێمە بە ئەنقەست گەورەمان كردەوە خۆ ئەگەر بۆ ئێمە بوایە ئێمە قوتمان دەدا بەڵام "زماندرێژی" بەوجۆرەكرد كە باسی "مەلا مستەفا" بكات كە هەرچوار پارچەی كوردستان و یەكێتیەكانی پێش 1964 یش سوێندییان بەسەری دەخوارد، ئێمە جوابی ئەو-مان نەدا جوابی ئەو ڕونكردنەوە شەرمنانەی یەكێتی-مان دا چونكە ڕونكردنەوەكە وابوو بڵێن" كاك مەحمود دەستت خۆش بێت ئەمە بەدڵی ئێمە بوو بەزاری تۆ بوو" نەیانتوانی بڵێن ئێمە ئیدانەی دەكەین و تۆ مافت نیە باسی "مەلا مستەفا" بكەی كە مەرجەعی كوردە و هەرچوار پارچەی كوردستانی پێی ڕازیبووە

16ی ئۆكتۆبەر مێژویەكی رەشە
فازڵ میرانی 16ی ئۆكتۆبەر بە مێژویەكی رەش ناودەبات و دەڵێت " لێت ناشارمەوە ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكەین ئەوە ڕاستیەكەیە، بەشێكی زۆری ئەو كاندیدانە لەوانە بوون، خۆ ئەو پۆستە بەتەنها هی یەكێتی نیە هی هەموو خەڵكی كەركوكە دەبێت ئێمەش لەسەری ڕازی بین."
 میرانی رونتر دەڵێت:  ئێمە ڕاشكاوانە بە برادەرانی یەكێتیمان وتتوە كە بەوانە ڕازی نابین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە قارەمانی شانزەی ئۆكتۆبەر-ن، ئەگەر خۆتان "تەعینی" دەكەن لەگەڵ حكومەتی عیراق بیكەن."
 
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەش دەڵێت" شانزە ڕێككەوتنیش بكەین لەسەر باس نەكردنی 16 ی ئۆكتۆبەر، بەدڵی من و یا برادەرێكی یەكێتی یا بەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی نابێت كەباس نەكرێت چونكە ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی ڕەشە لە مێژووی كوردستاندا منداڵەكانی ئێمە و ئەوان دەزانن 16ی ئۆكتۆبەر چیە؟ تەنانەت منداڵەكانی قارەمانانی شانزەی ئۆكتۆبەریش كە ئێستا لەكەركوك ناژین "وەڵاه" پێیان ناخۆشە 16ی ئۆكتۆبەر، ئنجا با ئەوانە بچن لەكەركوك بژین، دەمی ئەو خەڵكە بە ئێمە ناگیرێت بڵێین باسی شانزەی ئۆكتۆبەر مەكەن، باشە ئەی بەیاننامەكانی كاك كۆسرەت و مەلا بەختیار چی لێبكەین كە هی خۆیانە ئەوانیش بسڕینەوە لە مێژوو؟" 

 

بێ یەكێتیش حكومەت پێكدێنین

فازڵ میرانی  بەراشكاوی دەڵێت كە بەبێ یەكێتیش ئەتوانین حكومەت پێكبهێنین "  به‌ دڵنیایی و بێ گومان پڕۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر حیزبێك ناوه‌ستێنین، ڕێزمان بۆ براده‌رانی یه‌كێتی هه‌یه‌، جێگه‌ی ئه‌ساسیان له‌ناو حكومه‌تدا هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وانیش ئه‌و سنوره‌ بزانن پارتی خاوه‌نی زۆرینه‌یه‌كی له‌به‌رچاوی په‌رله‌مانه‌ وه‌ ئێمه‌ زۆرینه‌ی حكومه‌تین، چۆن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێممان هه‌ڵبژارد ده‌توانین ئه‌وه‌ش بكه‌ین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ترمان وه‌ پارێزگاری له‌ پێگه‌ و پۆسته‌كانی یه‌كێتیش ده‌كه‌ین جاری پێشوش وابوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناچاریه‌ هه‌روه‌ك له‌ شه‌رعدا ده‌وترێت (اكره الحلال فی الاسلام الگلاق به‌دڵنیایی پۆسته‌كانیان به‌به‌تاڵی داده‌نێین خۆ یه‌كێتی "مه‌حروم ناكه‌ین".
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی دا چی؟ فازڵ میرانی ده‌ڵێت" ئۆپۆزسیۆن بونی پارتی و یه‌كێتی به‌و ڕاده‌ و قه‌باره‌یه‌ی هه‌یانه‌ ناتوانن ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رپرسی ئه‌م ئه‌زمونه‌ین كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ ناچارین ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ین ببینه‌ ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت پارتی و یه‌كێتی ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand