Draw Media

( درەو میدیا): مانگی داهاتوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریكراویش ئێران، لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و ئەمریكاش بەشداری تێدادەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كۆنگرەكە رۆژی 13 و 14ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێكی هەستیاری وەك تیرۆر و توندڕەویی و پەرەپێدانی موشەك و بڵاوبوونەوەی چەك و بازرگانی دەریایی  تاوتوێدەكرێن، لەگەڵ هەڕەشەی ئەو گروپانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت شەڕدەكەن. هاوكات، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ، لە كۆنگرەكەدا " سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاسایش و ئازادی ئەو ناوچەیە تاوتوێدەكرێت و ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆئەوەی ئێران كاریگەری نەبێت لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە". بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا, لە كۆنگرەكەدا دەیان دەوڵەت لە هەموو جیهاندا، لە ئاسیا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدادەكەن. لایخۆشیەوە یاتسیك چاپۆتۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەكەی پشتگیری لە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ پارێزگاریكردن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام رێككەوتنەكە رێگەی لە چالاكییەكانی ئێران بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە نەگرتووە. وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكراشیكرد 70 دەوڵەت بانگهێشتكراون بۆ كۆنگرەكە و هیواشیخواست ببێتە هۆی نزیكبونەوەی هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو كۆنگرەیە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:"  ئەوانەی میوانداری كۆنگرەیەكی دژ بە ئێران دەكەن و ئەوانەشی بەشداری تێدادەكەن و ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەرییەكی پێشووی ئەمریكای دژ بە ئێران دەبن، یان مردون، یان پەراوێزخراون، ئێران لە هەموو كاتێك بەهێزترە". زەریف دەشڵێت:" لە كاتێكدا ئێران لە جەنگی دووەمی جیهانیدا پۆڵەندییەكانی رزگاركرد، ئێستا پۆڵەندا میوانداری نمایشێكی كۆمیدی و بێزراوی دژ بە ئێران دەكات".


( درەو میدیا):  مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لەسەر زۆربەی بارەگاكانی دابگرێت و تەنها لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسی‌و مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە" ئێمە لە ناو كەركوك لە زۆرترین گەڕەك‌ و ناوچە و قەزاو ناحیەكان بارەگامان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوە و نیگەرانییەك دروست نەبێت لەو شوێنانەدا كە پێكهاتەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هاوكات ئەم بابەتە بە لاڕێدا نەبرێت، ئەگەر هەر لایەنێك، یان كەسانێك لە خۆشەویستیان بۆ ئاڵاكە لە شوێنی تر بەرزیان كردبێتەوە، ئەوا لە دەرەوەی بڕیارەكەی مەڵبەندی كەركوكە" رونكردنەوەكە ئەوەشی تیایدا هاتووە كە" بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە سەر بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك، پاڵپشت بە دەستوورو یاسا كارپێكراوەكانی دەوڵەتی عێراق، مافێكی ڕەوا و دیموكراتییانەیە. لەم راونگەیەوە یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق‌ و لۆگۆی (ی.ن.ك) لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسی‌و مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە" روونكرنەوەیەك لە راگەیاندنی مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوكەوە بۆ رای گشتی.. جەماوەری خۆڕاگری شاری كەركوك! بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە سەر بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك، پاڵپشت بە دەستوورو یاسا كارپێكراوەكانی دەوڵەتی عێراق، مافێكی ڕەوا و دیموكراتییانەیە. لەم راونگەیەوە یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق‌ و لۆگۆی (ی.ن.ك) لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسی‌و مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە. ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك‌ و ئارامی رەوشەكە، بە ئەركی لە پێشینەی خۆمانی دەزانین، هەر لەم پێناوەدا بریارەكە تەنها بۆ مەڵبەند و مەكتەبی سیاسی دەركرا لەم قۆناغەدا. ئێمە لە ناو كەركوك لە زۆرترین گەڕەك‌ و ناوچە و قەزاو ناحیەكان بارەگامان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوە و نیگەرانییەك دروست نەبێت لەو شوێنانەدا كە پێكهاتەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هاوكات ئەم بابەتە بە لاڕێدا نەبرێت. بۆیە بە هەموولایەكی رادەگەێنین، ئەگەر هەر لایەنێك، یان كەسانێك لە خۆشەویستیان بۆ ئاڵاكە لە شوێنی تر بەرزیان كردبێتەوە، ئەوا لە دەرەوەی بڕیارەكەی مەڵبەندی كەركوكە. هەروەك بەپێویستشی دەزانین هەموو لایەك ئاگادار بكەینەوە، كە لە ئێستادا ئەم كەیسە لە دادگای باڵای فیدڕالی عێراقە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسە جگە لە بڕیاری دادگا هیچ رێو شوێنێۆی دیكە قبوڵ ناكەین. سوپاس‌ و دەست خۆشی لە خەڵكی شاری كەركوك دەكەین، بۆ پشتیوانیكردنیان لە یەكێتی‌ و ئاڵای كوردستان. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوك 11ی كانونی دووەمی 2019  


 ( درەو میدیا):  ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی  ژمارەیەك بەرپرسی تەڤگەری ئازادی و  زیاتر لە ٥٠ كەسی دیكەی ئەو پارتەی لە سەكۆی ئازادی  پاركی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیركرد. ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان (ڕژاك )ویستیان لە سەكۆی ئازاد لە پاركی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەكەی ساكینە جانسز نمایش بكەن و خەڵاتی ساكینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێكراو زیاتر لە 50 كەسیان دەستگیركرد. لە ناو دەستگیركراوەكاندا هەریەكە لە (شەهێن محەمەد، و حاجی ئازاد) هاوسەرۆكی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادی و تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و سەلاح خدر رۆژنامەنووس و كلسووم حسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەر  بونیان هەیە.   دوای ڕێگریكردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساكینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەكە نمایشبكەن.  


(درەو میدیا):  ئەمڕۆ نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی  یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق  لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە و عەبدولمەهدی رایگەیاندووە لە پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستاندا چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵییە. جەمال شكور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق كە لە كۆبونەوەكەدا بەشداربووە بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بەهیچ شێوەك رێگە بە جوڵەی هێزی سەربازی نادات و بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتەش، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی دەكات. ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە لە كۆبوونەوەكەدا بە سەرۆك وەزیرانمان راگەیاند "لەدوای ساڵی 2003ەوە لە كەركوك ئاڵای كوردستان تا ساڵی 2017 هەڵكراوەو هیچ كێشەیەك نەبووە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بەمافی خۆمان دەزانین و بەهیچ شێوەیەكیش ئاڵای كوردستان داناگیرێت."   ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد: عادل عەبدولمەهدی پێی راگەیاندین پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە كەركوك و بارەگاكانی دەكاتەوە.  


( درەو میدیا): دانوستانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردەی دیموكراتەكان بۆ چارەسەركردنی داخستنی بەشێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانی ئەمریكا شكستیهێنا و ترەمپ كۆبوونەوە لەگەڵ دیموكراتەكاندا بە كات بەفیڕۆدان وەسفدەكات. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لە كۆبوونەوەكەدا نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چاك شۆمەرن رەتیانكردوەتەوە بودجە بۆ دیواری سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك تەرخان بكرێت و ئەوەش وایكردوووە ترەمپ كۆبوونەوە كردن لەگەڵ دیموكراتەكان بە " كات بەفیڕۆدان" وەسفبكات. ترەمپ داوادەكات كۆنگرێس رەزامەندی بدات لەسەر دابینكردنی بڕی 5.7 ملیار دۆلار بۆ بونیادنانی دیوارێك لە پۆلا لەسەر سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، وەك پابەندبوونی بە بەڵێنێك كە لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتیدا داویەتی، بەڵام دیموكراتەكان كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، رەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە رەتدەكەنەوە. كۆبوونەوەكە چۆن بەڕێوەچوو؟ كۆبوونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی دیموكراتەكان زۆر كورت بوو، تەنها 14 خولەكی خایاند، ترەمپ لە ژوورێكی سەنتەری كۆنفرانسەكان لە بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی میوانداری لێكردن. ترەمپ لە كۆبوونەوەكەدا روویكردە نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و  راستەوخۆ دەربارەی ئەوەی ئایا بودجە بۆ بونیادنانی دیوارەكە تەرخاندەكەن؟  پرسیاری لێكرد، كاتێك پیلۆسی بە نەخێر وەڵامی دایە ترەمپ كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێكردن. چاك شۆمەر، سەركردەی زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس جەختیكردەوە كە:" ترەمپ پرسیاری لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و وتی" ئایا رەزامەندی لەسەر دیوارەكەم؟ ئەویش وتی: نەخێر، پاشان ترەمپ وتی: كەواتە هیچ شتێك نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ژوورەكەی بەجێهێشت و بینیمان كە جارێكی تر توڕەیی دایگرت، چونكە ئەوەی دەستنەكەوت كە دەیویست". شۆمەر ئاشكراشیكرد كە ترەمپ بە توندی بە مێزەكەیدا كێشاوە، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە ئەوە روویدابێت و وتی:" سەرۆك بە روویەكی خۆشەوە چووە ژوورەوە و هەر واش هاتە دەرەوە و لە بیرم نیە كە دەنگی بەرزكردبێتەوە یان كێشابێتی بە مێزەكەدا". بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لەو كۆبوونەوەیدا شۆمەر بە ترەمپی وتووە " تۆ فەرمانبەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنیت، بۆچی كاری حكومەت دەستپێناكەیتەوە و ئازاردانی خەڵك راناگریت؟ ".


( درەو میدیا): شەوی رابردوو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستانى هەڵكرد،ئەوەش لەبەرامبەر رێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە مەبەست لێی گەڕانەوەی پارتیە بۆ كەركوك. بنەمای رێككەوتنەكەی پارتی و ئێران و عێراق چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئێران و حكومەتی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆ و رێككەوتنە، بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆكەركوك. سەرچاوەكی ئاگادار بۆ " درەو میدیا"  ئاماژەی بەوەكرد مەرجی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و دەرچونی هێزەكانی حەشدی شەعبیە لەو شارەو بڕیاردراوە هەردوو مەرجەكەی پارتی جێبەجێبكرێن، هەربۆیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بدات لە كەركوك . هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبیش بەمزوانە لە كەركوك  دەچنەدەرەوە و ئەو پارێزگایە بەجێدەهێڵن و لە تكریت جێگیردەكرێن،ڕۆژی دووشەممە 7/ 1/ 2019 فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین سەردانی مەسعود بارزانی كردووەو دڵنیایی كردوەتەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەركوك بەجێدەهێڵن. سەرچاوەیە هۆكاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە, یەكێتی بەو هەنگاوەی كارتەكەی دەستی پارتی  دەسوتێنێت، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەراسیم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە كەركوك. چارەنوسی پۆستەكانی كورد لە كەركوك سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بەتایبەتی پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرچاوەكەی " درەو میدیاگ  ئاماژەی بەوەكردووە رێبوار تاڵەبانی دەگەڕێتەوە كەركوك و لە جێگەی خۆی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت دەستبەكار دەبێت و بەپێی رێككەوتنێكیش پارێزگارێكی تەوافوقی لە نێوان یەكێتی و پارتی دادەنرێت كە كەسێكی یەكێتی دەبێت یاخود نزیك دەبێت لە یەكێتیەوە. راگەیەندراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە راگەیەنراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی لە كەركوك، ئەو سەرچاوەیەی "درەو میدیا " ئاشكرایكرد عەبدولمەهدی ئەو هەنگاوەی لە پێناو رەوینەوەی نیگەرانی لایەنە عەرەبی و توركمانەكان و بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراق ناوەو ئاگاداری رێككەوتنەكەیەو دەیەوێت رەوشی كەركوك ئاسایی بكاتەوەو دۆخەكە كۆتایی پێبێت.   جموجوڵەكانی ئەمریكا لەم كاتەدا هەست بە جموجوڵی زۆری هێزەكانی ئەمریكا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت،  ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد كە واشنتۆن بڕیاریداوە هەموو هێزەكانی خۆی لە سوریا بكشێنێتەوەو لە ناوچە سوننەنشینەكان جێگیریان بكات و بەشی زۆری لە پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق جێگیردەكرێن و بەشێكیشی دەهێنرێنە پارێزگای كەركوك و چەند بنكەیەكیشی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.   


(درەو میدیا): ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن راگەیەندراوێك دژ بە بەرتەسکكردنەوەی ئازادییەكان بڵاودەكەنەوەو رایدەگەیەنن" هێزەكانی ئاسایش ئەمڕۆ ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەكی كاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوكردنەوەی فلمێكی تایبەت بەژیانی ژنە تێكۆشەرانی باكوری كوردستان ساكینە جانسزو هاورێكانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێك داخست". لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە" ئێمە ئەم دەزگایانەی كە لە خوارەوە ناومان هاتوە دژی ئەم پێشێلكاریانەین‌و  بەزەنگێكی مەترسی دادەنێن كە سیمای تەواوی ئەم شارە لە شارێكی پڕ بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری بگۆڕدرێت بە شارێكی پۆلیسی‌و ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت كە پێشەنگە بۆ شارەكانی تری هەرێم‌و هەمیشە بە پارێزگایەك ناسراوە كە دەربڕینی ناڕەزایی‌و داكۆكیكردن لە ئازادیدا لە شارەكانی تری هەرێم‌‌و بگرە عێراقیش جیاوازترە"   دەقی راگەیەندراوەكە: سلێمانی لە شاری رۆشنبیریەوە مەكەن بەشاری سەركوتكردن راگەیاندراوێك لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی دژی ئازادی لەسلێمانی ئەنجامدەرێن.. رۆشنبیران، چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سیاسیەكان، هەموو ئەو خەڵكانەی خەمی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی‌و ئازادیان هەیە، ماوەیەكە دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی دەستیانكردووە بەپێشێلكاریی سیاسی بەرامبەر دەزگا رۆشنبیری‌و هونەری‌و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەردەوامبوونی ئەم سەركوتكردنە خەریكە دۆخی ئەم شارە كە بەپایتەختی رۆشنبیری ناوزەد دەكرێت، دەگۆڕدرێت بەشاری سەركوتكردن. هێزەكانی ئاسایش ئەمڕۆ ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەكی كاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوكردنەوەی فلمێكی تایبەت بەژیانی ژنە تێكۆشەرانی باكوری كوردستان ساكینە جانسزو هاورێكانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێك داخست، ئەم زنجیرە پێشێلكارییە لەمانگی رابردووەوە دەستیپێكرد كاتێك ٢٠ كانوونی یەكەمی ٢٠١٨ نزیكەی ١٠٠ چالاكوان بە پیاوو ژنەوە كە نزیكبوون لەتەڤگەری ئازادی دەستگیركران و چەند رۆژێك لەزیندان هێشتنیانەوەو پێشتریش بارەگاكانی ئەو حیزبەیان داخست. ئەم دەستدرێژیانە پاشخانە سیاسیەكەی هەرچی بێت‌و بچێتە بواری چ سازشكردنێك لەگەڵ وڵاتانی هەرێم، دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی‌و ئازدی بیروڕا لەپارێزگای سلێمانی‌و سەرتاسەری هەرێمی كوردستان‌و دژی هەموو ئەو یاسا بەركرانەیە كە لەبواری كاری میدیایی‌و رۆشنبیریدا لەپەرلەمانی كوردستان  دەركراون. ئێمە ئەم دەزگایانەی كە لەخوارەوە ناومان هاتوە دژی ئەم پێشێلكاریانەین‌و  بەزەنگێكی مەترسی دادەنێن كە سیمای تەواوی ئەم شارە لەشارێكی پڕ بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری بگۆڕدرێت بەشارێكی پۆلیسی‌و ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت كە پێشەنگە بۆ شارەكانی تری هەرێم‌و هەمیشە بەپارێزگایەك ناسراوە كە دەربڕینی ناڕەزایی‌و داكۆكیكردن لەئازادیدا لەشارەكانی تری هەرێم‌‌و بگرە عێراقیش جیاوازترە، ئەگەر ئەم روبەرە لەئازادی نەهێڵرێت، ئیتر چی دەمێنێ ئەم شارە شانازی پێوە بكات؟! ئەم دەزگایانە ئەم هەڵسوكەوتە لەسەر بنەمای هەر یاساو رێسایەك بێت، پێشێلكاریە بەرامبەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین و داهێنان و، داوادەكەین ئەم جۆرە رەفتارانە رابگیرێت. هەروەها داوادەكەین لەدەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بەم دۆخە بهێنن‌و لەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەر دەزگایەكی رۆشنبیریدا جارێكیتر پەنا نەبەنە بەر هێزو زۆرەملێ، بەڵكو پێویستە بەشیوەیەكی شارستانی‌‌و لەچوارچێوەی یاسایەكی دیموكراسیدا مامەڵە بكەن‌.       - رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە.. - ماڵپەڕی سپی میدیا.. - ماڵپەڕی درەو میدیا - دمەزراوەی میدیای نالیا - تەلەفزیۆنی KNN - تەلەفزیۆنی پەیام


(درەو میدیا): چەكدارانی بزوتنەوەی تالیبان لە ویلایەتی (فراە) لە خۆرئاوای ئەفغانستان رۆژنامەنوسێكیان گولەباران كرد. (جاوید نوری) كە پێشكەشكاری بەرنامەیەك بووە لە یەكێك لە رادیۆ لۆكالییەكانی ویلایەتی (فراە)، رۆژی شەممە لە پاسێكدا گەشتیكردووە، چەكدارانی تالیبان پاسەكەیان راگرتووە‌و ئەو رۆژنامەنوسەیان داگرتووە‌و پاشان كوشتویانە. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، (جاوید نوری) كە تەمەنی 27 ساڵە، یەكەمین رۆژنامەنوسە لەسەر ئاستی جیهان كە لە ساڵی 2019دا كوژراوە. رێكخراوی تالیبان لە بەیاننامەیەكدا هەواڵی كوشتنی رۆژنامەنوسەكەی لەلایەن چەكدارەكانییەوە پشتڕاستكردەوە‌و رۆژنامەنوسەكەی بە "بەكرێگیراوی دوژمن" ناوبرد. ساڵی رابردوو لەڕووی خراپی دۆخی رۆژنامەنوسانەوە، لە كۆی 180 وڵات لەسەر ئاستی جیهان، ئەفغانستان لە پلەی 118دا بوو.


 (درەو میدیا): بەرەی توركمانی‌و پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك  كە سەربە پێكهاتەی عەرەبە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بە "نایاسایی" ناودەبەن. راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك ناسایاییە‌و ئەوانەی ئەو ئاڵایەیان هەڵكردووە دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵگرن لەئاست هەر روداوێكدا كە روبدات. جبوری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بە "موزایەدەی سیاسی"ی وەسفدەكات‌و دەڵێ" داوا  لە خەڵكی كەركوك دەكەم شوێن ئەو كەسانە نەكەون كە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدەن". هاوكات بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركوك بە كارێكی "نایاسایی"‌و هەوڵدان بۆ تێكدانی بارودۆخەكە ناوبرد. دەقی بەیاننامەكەی بەرەی توركمانی سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع لە كەركوك بە هەڵكردنی ئاڵای هەرێم، پێچەوانەی یاسا‌و بڕیارە یاساییەكانە‌و هەوڵدانە بۆ تێكدانی بارودۆخەكە‌و دروستكردنی كێشەیەكی ترە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە پێكەوە دەژین، تێوەگلاندنی دەزگا ئەمنییەكان بەو كێشانەوە لەم كاتەدا، هەوڵەكان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر دەشێوێنێت. بۆیە داوا لە هەمووان دەكەین خۆبەدوربگرن لە سیاسەتی دروستكردنی قەیران، پێویستیشە لەسەر بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەرفەتی بەوانە نەدات كە دەیانەوێت كێشە دروست بكەن، كە ئێمە لە كەركوك تێرمان خواردووە لێی، داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران‌و كوتلە سیاسییەكانیش دەكەین یاری بە كەركوك نەكەن وەكو بۆندی سیاسی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت‌و تەواوكردنی وەزارەتەكان لەسەر حسابی كەركوكییەكان، ئاسایشی كەركوك ئاسایشی عێراق دیاری دەكات.  بەرەی توركمانی- لقی كەركوك


( درەو میدیا): درەنگانی ئەمشەو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاریدا لەسەر سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستان هەڵبكات.  لە روونكردنەوەیەكدا ڕاگەیاندنی مەڵبەندی 2ی ڕێكخستنی كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە ئاسایی و یاسایی ناو دەبات و رایگەیاندووە " كەركوك كە ناوچەی جێ ناكۆكەو بەپێ دەستوری عێراق هیچ ڕێگرییەكی یاسایی بۆ هەڵنەكردنی ئاڵای كوردستان نییە. بەڵام دوای وەفاتی سەرۆك مام جلال ئێمە لە تەواوی بارەگاكانمان ئاڵاكانی ( كوردستان و عێراق و یەكێتی )مان داگرت. بەڵام لە ئۆفیس و هۆڵ و شوێنی كۆبوونەوە و بۆنە نیشتمانییەكان  ئاڵای كوردستان و یەكێتی شەكاوە بووە، ئەمڕۆ  جارێكی تر بە فەرمی ئاڵای كوردستان و عێراق و یەكێتی لە سەڕ بارەگاكان دانرانەوە وەك كارێكی ئاسایی و یاسایی" بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدی"  یەكێتی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بەدەستهێناوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان تەنها لەسەر بارەگاكانی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر كەمال كەركوكی رایگەیاند، پارتی بەبێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ناگەڕێتەوە ئەو شارە، پێشبینیشدەكرێت پارتی ئامادەكاری بكات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو شارە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن یەكێتیەوە بۆ سوتانی ئەو كارتەی دەستی پارتیە كە دەیویست سۆزی كەركوكییەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان.تەنانەت پارتی ئێستا لە چاوەڕەوانی چۆڵكردنی بارەگاكانیەتی لە كەركوك بۆئەوەی بگەڕێتەوە ئەو شارە، ئەمشەو جموجوڵێكی هێزە عێراقییەكان هەبوو وا چاوەڕەوان دەكرا بارەگاكانی پارتی لەو شارە لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە چۆڵكرابێت، بۆیە یەكێتی پەلەیكرد لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان. رەنگە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كاردانەوەی شكستی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بێت بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەكوك لەسەر بڕیاری ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بووە، كە تازە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، رەنگە بەشێكیشی كاردانەوەی ئەو بڕیارەی مەسعود بارزانی بوو بێت كە رایگەیاندبوو رازی نیە بەوەی لە وەفدەكەی یەكێتیدا ئەو كەسانەی تێدابێت كە تێوە گلاون لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.


راپۆرتی: درەو میدیا لەدوای دیل بەدیلی دوو دەستگیركراوی یەكتری و هەڵوەشانەوەی كۆبونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا یەكێتی ئەنجامدانی هەر كۆبونەوەیەكی بەستوەتەوە بە ئازادكردنی شەش ئەندامی دەستگیركراوی لای پارتی و  پارتیش دەڵێت ئەگەر ئەو دەستگیركراوانە ئازادبكرێن دەبێت تەواوی زیندانیانی هەرێمی كوردستان ئازادبكرێن، ئەم بارودۆخە لە كاتێكدایە كە ناڕەزایی لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی درووست بووە لەسەر بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لە ئاستی ئەو رووداوانەی روودەدەن. "پارتی پەیوەست نەبوو بە رێكەوتنی دیل بەدیلەوە" رۆژی 6ی ئەم مانگە لەدوای هەوڵێكی زۆر پارتی دیموكراتی كوردستان (پێشڕەو وەیسی) كادیری یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی لە هەولێر ئازادكردو لەبەرامبەریشدا یەكێتی (سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم) كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی ئازادكرد، بەڵام رێکكەوتنەكە بەشێوەیەك بوو كە تەواوی دەستگیركراوانی یەكتری ئازادبكەن، بەڵام پارتی ئێستا رازی نیە بە ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەی دیكەی یەكێتی. "درەو میدیا" بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی باڵا زانیویەتی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی نیگەران بووە لەوەی پارتی پەیوەست نەبووە بە رێكەوتنی " دیل بەدیل"وەو پەیامێکی توندی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی پارتی  كردووەو تیایدا داوای ئازادكردنی شەش كادری دیكەی یەكێتی كردووە كە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لای پارتی دەستگیركراون. "درەو میدیا" زانیویەتی لەدوای بەدواداچوونی بەرپرسانی پارتی بۆ ئەو دەستگیركراوانە، بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاندووە كە ناتوانن ئەو كەسانە ئازاد بكەن چونكە هەندێكیان فایلی هەستیاریان هەیە، بەتایبەتیش لە بازرگانی لەگەڵ داعش، بۆیە مەكتەبی سیاسی پارتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان داوەتەوە كە ئەگەر ئەو شەش كادرەیان ئازاد بكەن دەبێت تەواوی زیندانیانی كوردستان ئازادبكەن، چونكە هەندێكیان فایلی مەترسیداریان هەیە.  بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری داوەتە پارتی ئەگەر ئەو ئەندامانەیان ئازاد نەكرێن ئەوا ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەك نین لەگەڵ پارتی چی وەفدی دانوستان و چی وەفدی باڵای پارتی.   هەر ئەمرۆش ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نوسراوێكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كردووەو داوایان كردووە كە تا كادرەكانیان ئازاد نەكرێن، هیچ جۆرە كۆبونەوەك لەگەڵ پارتی نەكەن.  نیگەرانیەكان روو لە قوباد تاڵەبانیە بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا"، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكی نافەرمیدا گلەیی و گازەندە ئاراستەی  دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كراوە كە بە چی سیفەتێك لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە و مامەڵە  لەگەڵ بەپرسانی پارتی دەكات، لەبەرامبەردا بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی وتویانە ئەی قوباد تاڵەبانی بۆ دەنگی نیە لەكاتێكدا لە هەولێر دانیشتووەو بەبەرچاویەوە كادرانی یەكێتی دەستگیردەكرێن و نە دەنگی هەیەو نە هەڵوێست، لە كاتێكدا تا ئێستاش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو وەزیفەی خۆیەتی كە بەدواداچوون بكات، هەندێكیشیان ئەوەیان بیر هێناوەتەوە كە دروشمی سەرەكی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەكاندا ( ئارامی و هەلی كار)بووە ئەی بۆچی ئێستا لە ئاست ئەو نائارامیەی هەیە هەڵوێستی نیە.  بەشێك لە ئامادەبوانی كۆبونەوەكە ئاماژەیان بەوەكردوە، كە بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە نایەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی تێك بدات و بەو پێیەی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە.    


( درەو میدیا) بەپێی راپۆرتێكی گۆشەی ئابوریی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، هەرێمی كوردستان لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، (14.030.000) چواردە ملیۆن و سی هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە كردوە،  وەك لە راپۆرتەكەدا هاتوە؛ تێكڕای رۆژانەی هەناردەی نەوتی هەرێم (452.580) هەزار بەرمیل نەوت بوە، نرخی نەوتی برێنت لەو مانگەدا (52) دۆلار بوە، بەڵام هەرێم نەوتەكەی بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشێت، واتە هەر بەرمیلێك نەوتی بە (42) دۆلار فرۆشتوە، بەوەش كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لەو مانگەدا (589.260.000) پێنج سەدو هەشتاو نۆ ملیۆن و دو سەدو شەست هەزار دۆلار بوە. دەقی راپۆرتەكە  داهاتی فرۆشی نەوتی کوردستان بۆمانگی دیسەمبەری ساڵی 2018 هەرێمی کوردستان لە مانگی دیسەمبەردا (14.030.000) ملیۆن و سی هەزار بەرمیل  نەوتی هەناردە کردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە، ئەمەش بەرزترین  تۆمارە  کە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2018دا هەناردە کراوە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو.  -    کەواتە رۆژانە هەرێم = 14.030.000 ÷31= 452.580  هەزار  بەرمیل / ڕۆژ نەوتی هەناردە کردوە  -    تێکرای نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی دیسەمبەر (52) دۆلار بووە. -    هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە (10) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت لە نرخی نەوتی برێنت واتە (42) دۆلار.  -    کەواتە  داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان = 14.030.000×42=589.260.000 پێنج سەدو هەشتاو نۆ ملیۆن و دوو سەدو شەست هەزار دۆلار.


( درەو میدیا): رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند قسەكانی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ پاراستی كوردەكانی سوریا رەتدەكاتەوە و بۆڵتۆنیش بێ‌ بینینی ئەردۆغان توركیا بەجێهێشت. ئەردۆغان لە بەرپەرچدانەوەی قسەكانی بۆڵتۆندا وتی:" ئامادەكارییە سەربازییەكانمان تەواوكردووە، ئێمە سورین لەسەر ئەوەی هەنگاو لەدژی یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە بنێینن بەمزوانە بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەكان لە سوریا دەست بە جوڵە دەكەین". ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی راشیگەیاند بۆڵتۆن " هەڵەیەكە گەورە"ی كرد كاتتێك مەرجێكی نوێی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاند و توركیا بەهیچ شێوازێك سەبارەت بە "یەپەگە" سازش ناكات. بڕیاربوو ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی مەرجی ئەمریكا بۆ پارێزراوی كورد لە سوریا و قسەكانی بۆڵتۆنەوە ئەردۆغان كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوە. بۆڵتۆن لە سەردانەكەیدا لەگەڵ  ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا كۆبووەوە  بڕیاربوو لە دوای كۆبوونەوەكە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بۆڵتۆن ئامادەی كۆنفرانسەكە نەبوو و توركیای بەجێهێشت. ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئوردن و چەند وڵاتێكی عەرەبی رایگەیاند وڵاتەكەی سەبارەت بە پاراستنی شەڕڤانانی كورد لە سوریا گەرەنتی تەواوی لە ئەنكەرە وەرگرتووە.  


( درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" دوو هاوڵاتیی ئەمریكیان دەستگیركرد كە لە ریزەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش"دا بوون. هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد،  هێزەكانیان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە باكوری سوریا دوو چەكداری داعشیان بەناوەكانی " وارن  كریستۆفەر كلارك" كە خەڵكی شاری هیوستنی ویلایەتی تەكساسە لەگەڵ" زەید عەبدولحەمید" دەستگیركردووە لەكاتی شەڕدا.  هەسەدە ئاشكراشیكرد كە ئەو دوو كەسە لەگەڵ چەند چەكدارێكی تری داعشدا دەستگیركراون كە پێدەچێت خەڵكی ئێرلەندا و پاكستان بن. لایخۆشیەوە شۆن رۆبێرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیارییان پێگەیشتووە كە دوو هاوڵاتی ئەمریكی كە چەكداری "داعشن" دەستگیركراون، بەڵام ناتوانن ئێستا زانیارییەكان پشتڕاستبكەنەوە.


(درەو میدیا): بەهۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاساییەوە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی‌و دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن شكستیهێنا. بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ سازدانی كۆبونەوەكە تەواونەكرا. هەفتەی رابردوو (21) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستەكانی (یەكێتی)‌و (توركمان)‌و (عەرەب)ەكان ئیمزایان كۆكردەوە بۆ سازدانی كۆبونەوەكە، ئامانجی ئەو سێ لایەنە بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی ئەوەبوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لابدات‌و لەشوێنی ئەو (جەمال مەولود) دابنێت كە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنە‌و پێشتر سەربە حزبی شیوعی بووە‌و ئێستا چووەتە ناو كوتلەی یەكێتییەوە. سۆسیالست كورسییەك دەباتەوە! لەلایەكی ترەوە حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەبێت بە خاوەنی كورسییەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. سەرچاوەیەكی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، (حەسیب ئەحمەد) كە كاندیدی حزبی سۆسیالست بووە لە ناو لیستی برایەتی كورد لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005، بەپێی ریزبەندی دەنگی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازل) كە ئەندامی یەكێتییە لە ئەنجومەن‌و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوت بۆ پەرلەمان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" بەپێی ریزبەندی لیستی برایەتی كەركوك، لەدوای (ئەڵماس فازڵ) كاندیدی ژمارە (28) دێت كە كەسێكە ناوی (كەنز)ەو ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە‌و داوای بەخشینی كردووە (اعفا)ی نوسیوە لە ئەنجومەن، دوای (كەنز) كاندیدێكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە بەناوی (حەسیب ئەحمەد ئیسماعیل)و كاندیدی ژمارە 29ی لیستی برایەتییەو دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازڵ). یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟ ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌و سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن. دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون: •    پێكهاتەی عەرەب: 6 •    پێكهاتەی توركمان: 9 •    لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand