"مێشەسی" خلیجییەكان راپێچی كوردستان دەكات

Draw Media

2019-11-13 18:33:31



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
چەند رۆژێكە پیاوێك كە خۆی وەكو ئامۆزای شێخ (تەمیم بن حەمەد ئال سانی) ئەمیری قەتەر دەناسێنێت، هاتوەتە هەرێمی كوردستان.
ئەو پیاوە كە ناوە راستەقینەكەی نادیارە‌و هاوەڵەكانی بە "ئەبو حەمەد" بانگی دەكەن، دوێنێ شەو لە ماڵی سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی بووە‌و ئەمڕۆ گەیشتووەتە ناوچەی گەرمیان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەبو حەمەد بەمەبەستی راوكردن هاتوەتە هەرێمی كوردستان‌و دوو بەرپرسی حزبی‌و حكومی پاسەوانیان بۆ داناوە‌و دەیپارێزن.
ئەمڕۆ "ئەبو محەمەد" چووتە قەزای كەلارو سەردانی ماڵی پیاوێكی كردووە بەناوی (جاسم محەمەدی)، جاسم راوچییەكی شارەزاو ناسراوی سنوری گەرمیانە، (درەو میدیا) پەیوەندی پێوەكرد، پشتڕاستیكردەوە، ئەو پیاوەی هاتوەتە سنورەكە ئامۆزای میری قەتەرە.
جاسم وتی:" ساڵانە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی ناسراو روو لە سنوری گەرمیان دەكەن، ئەوان بۆ راوی مێشەسی دێنە ناوچەكە".
"مێشەسی" باڵندەیەكە كە زیاتر لە ناوچەكانی باشوری عێراق دەژی، عەرەبەكان پێی دەڵێن "حەباری"، هەندێك لەم باڵندانە كۆچیان كردووە بۆ ناوچەی گەرمیان، بەڵام جاسم محەمەدی دەڵێ:" مێشەسی لە گەرمیان زۆر كەمە، 10 رۆژ مینە بكەیت، دانەیەك نادۆزیتەوە".
بەپێی زانیارییەكان، لە ناوچەكانی باشور، نرخی یەك مێشەسی زیندوو كە دوای راوكردن دەفرۆشرێت دەگاتە (200) دۆلار، سەرەتای مانگی ئازار تاوەكو كۆتایی حوزەیران قۆناغی زۆربوونی ئەم جۆرە باڵندەیە، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەو وەرزەدا راوكردنی مێشەسی قەدەغەكردووە.
لەبارەی ئەوەی ئایا پۆلیسی دارستان رێگرنییە لە راوكردنی مێشەسی، جاسم وتی:" راوی مێشەسی هاوشێوەی راوەتانجی راوێكی ئازادە"، عەرەبەكان قوش "باز"یان پێیە، لەو رێگەیەوە راوی دەكەن.
باسی لەوەكرد، ئەو قەتەریانە ساڵانە سەردانی ئەو دەكەن، پێشتر سەردانی ناوچەكانی باشوری عێراقییان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نائارامی بارودۆخی عێراقەوە هاتونەتە هەرێمی كوردستان، بەمدواییەش ژمارەیەك كەسیان لە باشوری عێراق لێ دەستگیركرا‌و بە پارەیەكی زۆر ئارازدكران، ئیتر لەوكاتەوە سەردانی باشوری عێراق ناكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، عەمید شوان محەمەد رەشید بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند، ئەوان ئاگادارن كەسایەتییەكی عەرەبی خەڵكی دورگەی عەرەبی بەو ناونیشانە هاتوەتە سنورەكە.
عەمید شوان وتی:" ئەوانە بۆ راوی قوش هاتوون نەك مێشەسی، دوو ساڵە دەرفەت بە خەڵك دراوە راوی ئەو جۆرە باڵندانە بكەن كە كۆچەرین، بەڵام ئەوان چاودێری دەكەن‌و رێگەنادەن هیچ راوێكی نایاسایی لە ناوچەكەدا بكرێت".

كوردو قەتەرییەكان
لەنێوان خەڵكی كوردستان‌و قەتەردا هیچ پەیوەندییەكی كلتوری ئەوتۆ نییە، ئەوەی هەیە پەیوەندی سیاسیی‌و بزنسە كە هەندێك لە بەرپرسانی حكومی‌و حزبی هەرێم لەگەڵ قەتەرەییەكان هەیانە، بەڵام نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كاتێك دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم (پارتی‌و یەكێتی) لە شەڕێكی خوێناوی سەختدا بوون، قەتەرییەكان لەڕێگەی رێكخراوە فریاگوزەرییە ئیسلامییەكانەوە بە دیاریكراوی (رابیتەی ئیسلامی كورد) هاوكاری‌و كۆمەكی مرۆییان بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد.
بەمدواییە هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە دەوڵەتی قەتەر خەرجی هێرشی سەربازی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دابین دەكات، ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توڕەیی بەدوای خۆیدا هێنا، بنەماڵەی دەسەڵاتداری قەتەر پشتیوانی لە رەوتی ئیخوان موسلیمین دەكەن لە ناوچەكە، ئەمە وایكردووە پەیوەندییان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەهێز بێت، لە قەیرانی سوریادا قەتەرو میدیاكانی بە دیاریكراوی (الجزیرە) بە توندی دژی كورد بوون لە رۆژئاوای كوردستان، ئەوان یەكینەكانی پاراستنی گەل بە سەربازو پارێزەری بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا ناودەبەن.

لەبارەی "مێشەسی"یەوە
مێشەسی كە ناوە زانستییەكەی "Houbara"یە‌و پێشتریش پێی وتراوە "Chlamydotis"، باڵندەیەكە كە زیاتر لە ناوچەكانی باشوری كیشوەری ئاسیا دەژی، لە روسیا‌و چین‌و مەنگۆلیا‌و پاكستان، هەروەها لەناوچەكانی دورگەی عەرەبی‌و عێراق‌و ئێران ناوچەكانی باكوری ئەفریقا لەوانە میسرو جەزائیرو تونس‌و لیبیا‌و مەغریب هەیە، هەندێك لەم باڵندەیە لە ناوچەكانی خۆرئاوای ئەوروپاشدا هەن.
ئەم باڵندەیە زۆرترین راوكەری هەیە، ئەمە وایكردووە بكەوێتە بەردەم مەترسی لەناوچوونەوە، ئەم جۆرە باڵندەیە ئێستا لە قەفەزدا بەخێو دەكرێن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە لەناوچوونی رەگەزەكەیان بكرێت.
ئێستا لە سعودیە‌و ئیماراتی عەرەبی چەندین كۆمەڵە‌و رێكخراو دروستبوون كە هەوڵی پاراستنی مێشەسی دەدەن‌و لە شوێنی پارێزراودا خزمەتیان دەكەن، بێچووەكانیشیان دەبەن‌و لە بیابانەكان ئازادیان دەكەن بۆ ئەوەی جارێكی تر لە بیانانەكانەوە پارێزگاری لەناوچوونی رەگەزی خۆیان بكەن.
مێشەسی سیمبولی بیاباننشینەكانی ناوچەی دورگەی عەرەبییە، نێچیری ژمارە (یەك)ی ئەو (باز)انەیە كە عەرەبە دەشتەكییەكان وەكو تانجی راو بەكاریاندەهێنن، راوچییەكانی دورگەی عەرەبی ئەگەر بازەكەیان بتوانێت مێشەسییەك راوبكات، هەست بە فەخرو شانازی گەورە دەكەن، واتە راوی مێشەسی لای ئەوان بەپلەی یەكەم بۆ سودوەرگرتن لە گۆشتەكەی یاخود فرۆشتنی نییە، بەڵكو لەچێژوەرگرتنە لە راوكردنەكەی، بەڵام هەندێكی تر باسلەوە دەكەن خواردنی گۆشتی مێشەسی ئارەزووی سێكسی زیاد دەكات، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە شازادە‌و دەوڵەمەندەكانی كەنداو سەرچڵی بە ژیانی خۆیانەوە دەكەن‌و بۆ راوكردن خۆیان دەگەیەننە وڵاتە مەترسیدارەكانی وەكو عێراق ‌و ئەفغانستان‌و پاكستان بەدوای ئەو پەلەوەرەدا.
مێشەسی لەجیهاندا (32) جۆری هەیە، (23) جۆریان لە كیشوەری ئەفریقادان، بەگشتی رەنگیان خۆڵەمێشییە، بەڵام بەپێی ئەو وڵات‌و ناوچەیەی كە تێیدا دەژین، هەندێك رەنگیان دەگۆڕێت، دور لە ناوچەی نیشتەجێبوون دەژین.
ئەم باڵندەیە زیاتر لەسەر پێیەكانی دەڕوات، بەڵام توانای فڕینیشی هەیە بە باڵەكانی، لە فڕیندا زۆر خێرایە، بەتایبەتی ئەگەر هەست بە مەترسی بكات، نێرینەی ئەم باڵندەیە بەوە جیادەكرێتەوە ریشێك لەسەر گەردنی هەیە، بەگشتی مێشەسی باڵندەیەكی كۆچەرییە‌و لەشوێنێكەوە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر بەپێی باوردۆخی كەشوهەوا.
سەرچاوەی خۆراكی مێشەسی بریتییە لە رەگی رووەك‌و خواردنی قالۆنچە‌و كولە‌و دووپشك، لەڕووی قەبارەو كێشەوە، مێشەسی زیاتر لە شێوەی قەلدایە.

"مێشەسی" لە كوردستان
ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پاراستنی ژینگە كە سەربە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە، باڵندەی "مێشەسی"ی خستوەتە لیستی سورەوە‌و راوكردنی قەدەغەكردووە، ئەمەش بەهۆی مەترسی لەسەر قڕبوونی رەگەزی ئەم جۆرە باڵندەیە.
لە كوردستاندا ئەم باڵندەیە لە كۆنەوە بینراوە‌و لای خەڵك ناوەكەی ناسراو بووە، ساڵی 2017 لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژینگەپارێزان هەڵمەتێكیان رێكخست‌و داوایان لە بەرپرسان كرد پارێزگاری لە باڵندەی مێشەسی بكەن‌و رێگەنەدەن لە سنورەكە بەتەواوەتی قڕبكات.
ئەوكات چالاكوانانی بواری ژینگە باسیان لەوەدەكرد لە سەرتاسەری ئێراندا تەنیا (35) دانە لە باڵندەی مێشەسی ماون، كە ئەوانیش لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بوون.
لە هەرێمی كوردستان هیچ ئامارێك لەبارەی ژمارەی ئەم جۆرە لە باڵندە لەبەردەستدا نییە، بەڵام چەند ساڵێكە راوچی‌و خەڵكانی دەوڵەمەندی وڵاتانی دورگەی عەرەبی دێنە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم لەوانە شارەزور و گەرمیان‌و هەولێر‌و بەدوای باڵندە دەگمەنەكاندا دەگەڕێن.

كێ بەرپرسە ؟
لە هەرێمی كوردستان چەند لایەنێك هەن كە تایبەتمەندن بە بواری پاراستنی ژینگە، یەكێك لەوانە لیژنەی (كاروباری تەندروستی‌و ژینگە‌و مافی بەكاربەر)ە، ئەم لیژنەیە سەباح زێباری سەرۆكایەتی دەكات، رێباری نوێنەری قەزای ئاكرێیە‌و دكتۆری لە پزیشكیدا لە زانكۆی ڤیەننا بەدەستهێناوە، (درەو میدیا) پەیوەندی پیوەكرد، ئەو وتی:" ئاگاداری ئەوە نیم باڵندەی لەو جۆرە هەبێت‌و خەڵك لە دەرەوەی وڵاتەوە بێن بۆ راوكردنی، بەڵام بیستومە لە خلیج راودەكرێت، ئێمە دژی ئەو جۆرە لە راوكردنین"، زێباری پێشنیازی بۆ كردین لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ دەستەی ژینگەدا بكەین، چونكە ئەوان لایەنی جێبەجێكارن. 
لە هەرێم دامەزراوەیەكی تری بواری ژینگەپارێزی هەیە كە ناوی (دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە)یە، ئەم دەستەیە دەستەیەكی فەرمی سەربە حكومەتی هەرێمە‌و سەرۆكەكەی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە‌و ناوی (هەڵۆ مستەفا عەسكەری)یە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، دیار شێخ غەریب بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی وتی:" ئێمە ئاگاداری هاتنی ئەو كەسانە نین بۆ سنورەكە، بەدواداچووون دەكەین، دژی راوكردنی هەموو جۆرە ئاژەڵە كێویی‌و دەگمەنەكانین، جگە لە (كەو) و (سوێسكە) كە بەپێ رێنماییەكان لە وەرزی دیاریكراو و بە مۆڵەت رێگە بە راوكردنیان دەدرێت".

راوچی بەرامبەر بە پارە
ناوەڕاستی كۆتا مانگی ساڵی 2015 ژمارەیەك راوچی قەتەری كە لەنێویاندا چەند ئەندامێكی خێرانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە هەبوون، هاتنە ناو عێراق‌و لە بیابانی سنوریی نێوان عێراق‌و سعودیە جێگیربوون، ئەوان بۆ راوكردنی مێشەسی هاتبوونە ناوچەكە، بەڵام روبەڕووی بەختێكی خراپ بوونەوە.
ژمارەیەك چەكداری نەناسراو راوچییە قەتەرییەكانیان رفاند، ئەو راوچییانە 16 مانگ بێسەروشوێن بوون، قەتەر لەسەر بەرزترین ئاست هەوڵی دۆزینەوەی رفێندراوەكانی دەدا، وەفدی باڵای قەتەری هاتنە عێراق‌و لەگەڵ گەورە بەرپرسان لە بەغداد گفتوگۆیان كرد، دوای هەوڵێكی زۆر، رۆژی 21ی نیسانی 2017 رفێندراوەكان ئازادكران‌و گەڕێندرانەوە بۆ قەتەر.
لەبارەی چۆنیەتی ئازادكردنی راوچییە قەتەرییەكان‌و ئەندامانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری قەتەر، میدیا عەرەبی‌و جیهانییەكان چەندین چیرۆكی جیاوازیان باسدەكرد، ئەوكات نوسەرێك لە رۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمزی بەریتانی نوسی:" قەتەر لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو رفێندراوانەدا بڕی ملیارێك دۆلاری داوە بە گروپێكی چەكداری سەربە رێكخراوی قاعیدە‌و ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیی ئێران كە لە پشت رفاندنی ئەو راوچییانەوە بوون".
هەندێك سەرچاوەی تری عێراقی باسیان لەوەدەكرد، گروپە چەكدارەكەی عێراق لەبەرامبەر ئازادكردنی چەند دەستگیركراوێك لەلای بەرەی نوسرەی سوریا، راوچییەكانیان ئازادكردووە.
شازادە‌و ئەمیرەكانی كەنداو عاشقی راوی مێشەسین، ساڵی 2014 میدیاكانی پاكستان رەخنەیان لە ئەمیرێكی سعودی گرت كە سەردانی ویلایەتی بلوشستانی باشوری خۆرئاوای پاكستانی كردبوو، لەرێگەی بازەكانییەوە لە ماوەی سێ هەفتەدا (2 هەزار) مێشەسی راوكردبوو، ساڵی 2018 بەهەمان شێوەی تەمیم بن حەمەد میری قەتەر تۆمەتباركرا بە راوكردنی ئەو جۆرە باڵندەیە لە هەمان ناوچەی پاكستان، لەكاتێكدایە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەیاسا راوكردنی قەدەغەكردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand