درەو میدیا: بڕیارەكەی ئەمڕۆ ئەنحومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە، كۆتایی بە دانانی پارێزگاری كەركوك هێنا لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی و كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێككەوتنی لەسەركرابوو لە رێككەوتنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 11ی تەمموزی رابردوودا رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر دانانی ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك و بڕیاریاندا لەماوەی (45) رۆژدا لەلایەن لیستی برایەتی كەركوكەوە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوانیان نەتوانرا ( تەیب جەبار) وەك پارێزگار لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردریت كە لیستی برایەتی كەركوك لەكۆی (41) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا(26) ئەندامیان هەبوو، بەو پێیەش بە ئاسانی ئەیانتوانی پارێزگار هەڵبژێرن. بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بریارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە بچێت پەرلەمان خۆی سەرپەرشتیی پارێزگاكان دەكات. ئەو كارتەی دەستی كوردی سوتاند لەدانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك.
(درەو میدیا): ئەو پیاوەی ساڵانێكی زۆرە شەقامی كردوەتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی ململانێ سیاسییەكانیو دەیان شەو خەوی لە چاوی بڕیاربەدەستانی ناوچەی سەوز زڕاندووە، ئێستا خەمی سەرەكی بوەتە ئەوەی شەقام خۆی بەجێنەهێڵێو بەڕەكە لەژێرپێی دەرنەهێنن. سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، دەیان هەزاران كەس بەبێ "تویت"و بەیاننامە، خۆڕسكانەو توڕەتر لە جاران دژی نادادی كۆمەڵایەتیو نەبوونی خزمەتگوزریو هەلی كار، رژانە سەر شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت، رەنگە ئەم پێشهاتە تازەیە هاوشێوەی زۆرینەی سیاسییەكانی تر، بۆ (موقتەدا سەدر)یش مایەی شۆكو تێڕامانبوبێت، چونكە تا ئەو ساتەش لەو بڕوایەدا بووە كە شەقام موڵكی خۆیەتیو، ئەو تاكە سەركردەیە بتوانێت لە چاوتروكاندنێكدا سەدان هەزار كەس كۆبكاتەوە، بەڵام ئەو تەقینەوە گەورە جەماوەرییەی كە لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا پەلیكێشا بۆ زۆرێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق، شتێكی تری پێوتن. بەنیاز نەبوو بەشداری بكات ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەكەن پێیانوایە، سەدر لەسەرەتادا وایدەزانی خۆپیشاندانەكان كەفو كوڵێكەو بەزوویی دادەمركێتەوە، یان وەك ئەو خۆپیشاندانانەی رێكیدەخات، بە تویتێك كۆیاندەكاتەوەو بە ئیشارەتێكیش دەیانێرێتەوە بۆ ماڵەكانیان، بۆیە لە رۆژی دووەمی خۆپیشاندانەكاندا وتی:" ئێمە نامانەوێو بە بەرژەوەندیشی نازانین ئەو خۆپیشاندانە میللیە بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانێكی (ڕەوت ئاسا)، (لەلایەن رەوتێكی سیاسییەوە ئاڕاستە بكرێت)، ئەگینا فەرمانمان دەكرد شۆڕشگێڕانی چاكسازی بەشداربن تێیدا، دەمانەوێت پارێزگاری لە میللیی بونەكەی بكەین". بەم واتایە بێت، موقتەدا سەدر نیازی نەبووە ببێت بە بەشێك لەو خۆپیشاندانانە، بەوتەی خۆی تا ئەو بەرگە میللیو خۆرسكەی لێ دانەماڵێت، بەڵام وەك دەوترێت بەردەوامی خۆپیشاندانەكانو ترس لە بەجێمانی، سەدر هەنگاو بەهەنگاو گۆڕانكاری لەم بۆچونەیدا كرد، دوو رۆژ دوای ئەو تویتە، سەدر داوای لە كوتلەی سائیرون كرد ئەندامێتیان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق هەڵپەسێرن، داواشی لە حكومەت كرد دەست لەكاربكیشێتەوە. لەدوای ئەم هەڵوێستەوە، سەدر رۆژانە پەیامی هەڕەشەی بۆ دەزگا ئەمنییەكانو پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران هەبوو، تا سەرەنجام بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە (سەریا سەلام)ی كردە پاسەوانیانو داواشی لەلایەنگرانی كرد بەشداری لە خۆپیشاندانەكانی 25 ئەم مانگە بكەن. فشار بۆ دەستكەوتی تایبەت ئەوانەی بەگومانەوە لەهەنگاوەكانی سەدر ئەڕوانن دەڵێن، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەوەندی شەقامی بۆ بەرژوەندی خۆیو رەوتەكەی بەكارهێناوەو دەستكەوتی سیاسی پێچنیوەتەوەو نەیارەكانی پێترساندوە، بەقەد ئەوە نەیتوانیوە ژیانی خەڵك بەهۆی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكانییەوە بگۆڕێت، دەشڵێن، وێڕایی ترسی بە جێمانی لە شەقام، ترسێكی گەورەی سەدر لەخۆپیشاندانەكانی ئەمجارە، روخاندنی حكومەتو سیستمی سیاسییە، كە شیعەكان رابەڕایەتی دەكەن، هاتنە ناوەوەشی زیاتر بۆ لە قاڵبدانی خۆپیشاندانەكانو ریگریكردنە لە گۆڕینی ئاڕاستەو دروستبونی سەركردایەتییەكی نوێ، كە رەنگە ببێتە مەترسی بۆ هەموو بڕیار بەدەستانی عێراق بە سەدر خۆشیەوە. بەشێكی تری رەخنەكان لەسەدر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر تا خۆپیشاندانەكانی 2016ش، كە لایەنگرانی توانیان بچنە ناوچەی سەوزو پەلاماری دامەزراوەكانی دەوڵەت بدەن، بۆچونەكانیان سەبارەت بە دەسەڵات جۆرێك لە رەوایەتی تێدا بوبێت، بەوپێیەی خۆیانیان لە پەراوێزدا دەبینیو، حزبی دەعوە بڕیار بەدەستی یەكەمی عێراق بوو، ئەوا بۆ ئەم قۆناغە قسەكردن بەزمانی ئەوكاتە جۆرێكە لە چەواشەكاریو هەڵخەڵەتاندنی شەقام. خۆی بنیاتی ناوە نایڕوخێنێت لە دوای هەڵبژاردنی 2018، هاوپەیمانی (سائیرون) كە پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا، سەدر بووە بڕیاردەری سەرەكیو پێكهێنەری بنەڕەتی حكومەت، لەژێر فشاری موقتەدا سەدردا حزبی دەعوە كە لە ساڵی 2005وە، لە ترۆپكی بڕیاردان دابوو لە عێراق، دورخرایەوە، وێڕایی سەپاندنی كەسایەتییەكی بێلایەن (عادل عەبدولمەهدی) بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر وەزیرێك لەم كابینیەدا سەدر تێبینی لەسەری هەبوبێت، ئەگەر لەلایەن كوتلەكانی تریشەوە كاندیدكرابێت، نەیتوانیوە قاچ بخاتە هیچ وەزارەتێكەوە، تەنانەت چەند مانگێك پۆستەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بەرگری چۆڵ بوون، چونكە سەدر ڕازی نەبوو بدرێت بەزۆرێك لەو كاندیدانەی دیاریدەكران. خۆی ناكات بەخاوەنی یەكێك لەو رەخنەنانەی تر كە لە موقتەدا سەدر دەگیرێن، دەربازكردنی خۆیو هەڵواسینی شكستە بەملی ئەوانەی تردا، بەڕای هەندێك داواكاری دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت لەلایەن موقتەدا سەدرەوە هەم داواكارییەكی جدی نییەو هەم رەوایەتیشی تێدانییە، جدی نییە بەوپێیەی ئەگەر سەدر مەبەستی بێت لەگەڵ عامری كە پێكەوە (عەبدولمەهدی)یان هێناوەتە پێشەوە، دەتوانن بە ئاسانی دوریبخەنەوە، ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی زۆرێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق خواستی دەستلەكاركێشانەوەی هەبووە، بەڵام لەژێر فشاری هێزە سیاسییەكاندا كە دورنییە سەدر لایەنێكی سەرەكی بێت، عەبدولمەهدی پەشیمانكراوەتەوە. ناڕەوایەتیەكەشی لەوەدایە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق پیاوێكی تەنهاو بێكەسە، زۆرێك لەو وەزیرانەشی ئێستا لەكابینەكەیدان سەپێنراون بەسەریدا، لەكاتێكدا پێشتر بەرنامەی هەبوو لەڕێی سیڤییەوە خەڵكی پسپۆڕو شارەزا لەپۆستە وزارییەكان دابنێت، بەڵام ململانێی كوتلە سیاسییەكان رێگەی نەدا، بەم پێودانگەش ئەگەر حكومەت كەموكورتی هەبێت، پێش عەبدولمەهدی ئەو لایەنانە بەرپرسن كە بڕیارەكانی خۆیان بەسەر عەبدولمەهدی دا سەپاندەوە نەك پێچەوانەكەی. وێڕای هەموو ئەو رەخنانەش كە ئاڕاستەی موقتەدا سەدر دەكرێن، بۆچونێكی تریش هەیە دەڵێت، موقتەدا سەدر تاكە سیاسییە لە عێراق كە بەردەوام لەناو خەڵكو هەڵگری خەمەكانیان بووە، زۆرێك لەو چاكسازییانەشی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كردویانە لەژێر هەڕەشەو فشاری ئەودا بووە.
* سهرجهم ئیمتیاز و دهرماڵهی سێ سهرۆكایهتییهكه( سەرۆكایەتی كۆمار، حكومەت ، پەرلەمان)، ئهندامانی پهرلهمان، راوێژكاران، بریكاری وهزیرهكان، بهڕێوبهره گشتییهكان، دهسته سهربهخۆكان، دهسهڵاتی دادوهری و پارێزگارهكان ههڵبوهشێنێتهوه. * سەرجەم ئەنجومەنی پارێزگاکان، شارۆچکەکان و شارەدێکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێنێتەوە، تا وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش پەرلەمان خۆی ئەرکی چاودێریکردنی پارێزگاکان دەگرێتە ئەستۆ. * نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک، چاودێریی کاروبارە ئیدارییەکان و پرۆژەکانی پاریزگاکە بکەن. * پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەموارکردنەوەی دەستور کە لەماوەی چوار مانگدا پێداچوونەوەی پێدا بکەن.
(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی راگەیاند قسەكانی ترەمپ لەبارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی "داعش"ەوە: 🔴 هێزێكی ئەمریكی شەوی شەممە ئەبوبەكر بەغدادییان لەگەڵ ژمارەیەك هاوەڵیدا كوشت. 🔴 بەغدادی كوژرا دوای ئەوەی هێلەكە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقیوەتەوە. 🔴 ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێكانی بەغدادیش كوژراون. 🔴 لە پرۆسەكەدا هیچ كەسێك لە هێزەكەی ئەمریكا نەكوژراوە. 🔴 دوای ئەو پشكنینانەی كە دوای هێرشەكە ئەنجامدراوە، ناسنامەی بەغدادی دیاریكراوە. 🔴 هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا زانیاری گرنگیان دەستكەوت لەبارەی شوێنی ئۆپراسیۆنەكە لە پارێزگای ئیدلبی باكوری سوریا. 🔴 ئەو هێزەی كە ئۆپراسیۆنەكەی جێبەجێكردووە، بۆماوەی نزیكەی دوو كاتژمێر لە شوێنی ئۆپراسیۆنەكە ماونەتەوە. 🔴 هەشت هێلیكۆپتەر بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەكەدا هاتووە. 🔴 بەر لە مانگێك ئاماژەی ئەرێنیمان لەبارەی شوێنی بەغدادییەوە پێدەگەیشت. 🔴 بەر لە دوو هەفتە توانیمان شوێنی بەغدادی دیاری بكەین. 🔴 من لەگەڵ مایك پێنسو كەسانی تر راستەوخۆ تەماشای ئۆپراسیۆنەكەمان دەكرد. 🔴 هێزەكەی ئەمریكا لەكاتی گەیشتی بەو كۆمەڵگەیەكی كە ئەبوبەكر بەغدادی تێدا بوو، روبەڕووی تەقەلێكردن بووەوە. 🔴 دەروازەی سەرەكی كۆمەڵگەكە بۆمبڕێژكرابوو. 🔴 لەكاتی هێرشەكەی ئەمریكادا بەغدادی 3 منداڵی كوشتووە، بەڵام 11 منداڵی تر كە لە شوێنەكەدا بوون، لە پرۆسەكەدا بەرنەكەوتوون. 🔴 سوپاسی روسیا، توركیا، سوریا، عێراق، هێزە كوردییەكان دەكەم بەهۆی یارمەتییەكانیان لە ئۆپراسیۆنی كوشتنی بەغدادیدا. 🔴 روسیا بەشێوەیەكی جوان مامەڵەی لەگەڵ كردین، لەكاتی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنەكەدا بواری ئاسمانی خۆیان بۆ كردینەوە.
(درەو میدیا): مەسعود بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ چاکسازی راگەیاند. فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعو بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی هەواڵی سایتی (بارەگای بارزانی)، لە كۆبوونەوەکەدا "بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدادو پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كراوە، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە رەواكانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران". پاڵپشتیکردنی بارزانی لەمانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران لە شەقام داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی دەکەن. هەڵوێستی بارزانی هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کە پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات کە بۆ چاکسازی داویەتی. بارزانی کە هیچ پۆستێکی حکومی نییە، لەبری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوێستی کوردی سەبارەت بە رووداوکانی عێراق راگەیاند. بارزانی پێشترو لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی راگەیاندو وتی:" هەرێم دژی هەر رێوشوێنێکە لە دەرەوەی دەستور بۆ گۆڕینی سەرۆک وەزیران". بارزانی کە کوڕەکەی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتەو برازاکەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمە، یەکێک بوو لەوانەی پشتوانی دانانی عەبدولمەهدی کرد لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو چاوی لەوەیە عەبدولمەهدی بۆماوەی ساڵێکی تر بەبێ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، لە بودجەی عێراق پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، ئەمەش خواستێکە کە روبەڕووی ناڕەزایەتی لایەنە شیعەکانی عێراق بووەتەوەو بووە بە فشار لەسەر عەبدولمەهدی. بارزانی وەکو یەکێک لە دۆستەکانی کورد تەماشای عەبدولمەهدی دەکات و دەیەوێت بۆ سێ ساڵی ئایندە تا کۆتایی خولەکەی بمێنێتەوەو هاوکارو پاڵپشتی مەسرور بارزانی کوڕی بێت کە ئێستا یەکەم ئەزموونی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات.
(درەو میدیا): لەسەر سكاڵای برازایەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردن بۆ تەواوی ستافی (درەو میدیا)و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) دەركرد. ئەمڕۆ هەردوو رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)و (هێمن مامەند) ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی (مەودا پرێس) لەسەر سكاڵایەكی یاسایی مەتین دلۆڤان بارزانی چوونە بەردەم دادگای هەولێر. دوای وەرگرتنی وتە لێیان، دادگا بە كەفالەتی (5 ملیۆن) دینار رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا)ی ئازادكردو رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) راگیرا تاكاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەی. چەند پارێزەرێك لە دادگای هەولێر بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، مەتین بارزانی سكاڵای یاسایی لەسەر تەواوی ستافی (درەو میدیا) تۆماركردووەو سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانییەوە كە لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵ لە سایتی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە، سەبارەت بە رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكارێكی توركیا" لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە هەولێر. لە فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوی هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) هاتووە. مەتین بارزانی لە رۆژی 22ی تەموزی رابردوو سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە ستافی (درەو میدیا) هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی لەلایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەركردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پارێزەرەكان لە هەولێرەوە بە (درەو میدیا)یان راگەیاندووە، مەتین بارزانی بەپێی یاسای ژمارەی (2)ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان سكاڵای لەسەر ئەو (5) رۆژنامەنوسە تۆماركردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو بابەتەی كە بڵاوبوەتەوە، بابەتێكی رۆژنامەوانییەو دەبوو بەپێی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2008 كاری رۆژنامەوانی، سكاڵاكە تۆماربكرایە.
درەو میدیا: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاندو دەڵێت"خۆپیشاندان مافێكی دەستوریەو بەشێكە لە ئازادیە گشتییەكان" ئەیاس ساموك وتەبێژی دادگای فیدۆاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: دادگای فیدراڵی عێراق پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەكات چونكە خۆپیشاندان مافێكی دەستورییەو كە دەربڕینی رای ئازادی خۆیانە. دادگای فیدراڵی عێراق جەختی لەسەر ئەوەشكردۆتەوە كە پێیوستە خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا رای خۆیان دەرببڕن، لەهەمانكاتدا نابێت پەلاماری موڵك و ماڵی گشتی و دەزگاكانی حكومەت بدرێت كە موڵكی گشتیە.
درەو میدیا: كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند: لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراقدا 21 كەس كوژران و 1779 كەسیش بریندار بوون، 27 بارەگای حکومی و حزبی لە پارێزگاکانی دیوانیە، میسان، واست، زیقار، بەسرە، بابل زیانیان پێگەیشتووە ئاماری نوێ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: 🔴 ژمارەی کوژراوەکان بەرزبوەتەوە بۆ 21 کەس 🔹 بەغداد/ 8 کوژراو 🔹 میسان/ 6 کوژراو 🔹 زیقار/ 6 کوژراو 🔹 موسەننا/ 1کوژراو 🔴 ژمارەی بریندارەکان بۆ (هەزارو 799) کەس بەرزبووەتەوە بە خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەکانیشەوە، زۆرینەی ئەوانەی بەرکەوتوون بە گولەو گازی فرمێسکڕێژ برینداربوون. 🔹 بەغداد/ 1493 بریندار 🔹 زیقار/ 80 بریندار 🔹واست/ 10 بریندار 🔹موسەننا/ 76 بریندار 🔹 بەسرە/ 15 🔹دیوانیە/ 36 بریندار 🔹میسان/ 57 بریندار 🔴 27 بارەگای حکومی و حزبی لە پارێزگاکانی دیوانیە، میسان، واست، زیقار، بەسرە، بابل زیانیان پێگەیشتووە. 🔴 لە پارێزگاکانی بابل، کەربەلا، نەجەف خێوەتی مانگرتن هەڵدراوە. 🔴 تەقە لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئۆفێسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کراوە لە پارێزگای میسان و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 🔴 وەزارەتی تەندروستی ئاماری کوژراو و بریندارەکانمان پێنادات، ئەمە چەواشەکردنی رایگشتییەو ناکۆکە لەگەڵ بنەمای شەفەفیەت و مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، لەو ڕووەوە سکاڵا لەسەر وەزارەتی تەندروستی تۆماردەکەین. 🔴 کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دڵگرانە بە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و سوتاندنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی
راپۆرت: درەو میدیا ئەمڕۆ عێراق هەینییەكی سەختی بەڕێكرد، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن لەژێر فشاری شەقامدایە دەستلەكاربكێشێتەوە، لەلایەكی تر لایەنە سیاسییەكان فشاری لێدەكەن بمێنێتەوە، لایەنە كوردییەكان هەڵوێستیان لەسەر پێشهاتەكان عێراق روون نییە، دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمیش بێدەنگن، مەسعود بارزانی لەبری پەرلەمانو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كردو وتی:" ئێمە پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی دەكەین". دەستلەكاركێشانەوە لە گیرفانیدایە ئەو لایانەنانەی ماوەیەكە لە بۆسەدان بۆی، ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن جورئەتی نەبووە بكوژی خۆپیشاندەران (قەناس بەدەستەكان) ئاشكرابكات، بەشێكی تریان دەڵێن، ناكرێت شكستی ئێستا بخاتە ئەستۆی حكومەتەكانی رابردوو، بەوپێیەی بەدرێژایی 16 ساڵی ڕابردوو خۆی بەشێكی گرنگ بووە لە پرۆسەی سیاسی و چەندین پۆستی هەستیاری تێیدا هەبووە، هەر لەئەنجومەنی حوكم و ئیدارەدانی وەزارەتەكانی دارایی و نەوتەوە تا دەگاتە پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار. سالێك لەمەوبەر و بە دیاریكراوی لەم مانگەدا، عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی تەوافوقیی هەردوو جەمسەرە ململانێكەرەكەی شیعە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی چاكسازی بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بەسەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریكرا، عەلمانی و دیندار، كورد و عەرەب و زۆرینەی شیعەو سوننە پشتیانوانییان لەم هەنگاوەكرد، شەقامی عێراقی چاوەڕوانی داهاتویەكی باشتریكرد، وێڕایی ئەوەی عەبدولمەهدییان بە پیاوێكی گونجاو دەزانی بۆ دەربازكردنی عێراق و پەڕینەوەی لە دۆخی "نادەوڵەتەوە" بۆ "دامەزراوەیبون" و "دورخستنەوەی دەستی حزب لەكایە جیاوازەكان"، عەبدولمەهدی سەر بەهیچ كوتلەیەكی سیاسی نەبوو وەك كاری حزبیش ماوەیەك بوو لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق دوركەتبووەو زیاتر سەرقاڵی نوسینی وتار و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانی حوكمڕانی بو لەڕوی سیاسی و بە دیاریكراویش لەبواری ئابوریدا. عەبدولمەهدی ئەو پیاوەی بەوە ناسراوە، نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی بەردەوام لەگیرفانیدایەو دوای بونیشی بەسەرۆك وەزیران زیاد لەجارێك بێمنەتی خۆی پیشانداوە و وتویەتی "من داوای پۆستم نەكردوە، لایەنە سیاسیەكان داوایان لێكردوم"، پێناچێت قەیرانەكانی عێراق و توڕەیی شەقام بواری ئەوەیان بۆ هێشتبێتەوە دەستبكات بەگیرفانیدا، ئەوانەی تائێستاش عەبدولمەهدی بە پیاوی قۆناغەكە دەزانن پێیانوایە، سەرۆك وەزیران كەوتووە بەسەر داروپەردو و پاشماوەی حوكمڕانییەكدا، كە گەندەڵی و نادادی تەواوی جەستەی داڕزاندووەو تەنها ساڵێك نەك بەشی چارەسەر، بەشی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانیشی ناكات. لەلابردنی دیوارەكانەوە بۆ تەقەكردن لە خۆپیشاندەران ئەوانەشی ڕەخنە لە عەبدولمەهدی دەگرن پێیانوایە، تاكە شتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق لەماوەی ئەمساڵەدا كردویەتی "لابردنی دیواری كۆنكرێتیە لە هەندێ ناوچەی بەغداد"، پێیانوایە، خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگە دەریخست حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نازانێت مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەكانی بكات، ئەو توندوتیژییەی بەكارهێنا بێوێنەبوو (بەلای كەمەوە لەدوای ڕوخانی سەدام حسێن)ەوە، كوژران و برینداربونی سەدان كەس ئاماژە بە بونی دەوڵەتێكی دیموكراسی ناكات بەڵكو گوزارشت لەدەوڵەتێكی سەركوتكار دەكات كە بایەخ بۆ ژیانی ئینسان دانانێت. بەشێكی تر لەو ڕەخنە توندانەی لە عەبدولمەهدی دەگیرێن و شەقامی عەرەبی پێقاندراوە، مەسەلەی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستانە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو هەندێك لە هێزە شیعییەكانی تر كە بەتۆخی كار لەسەر ئەم دۆسییە دەكەن، ئەو وێنەیەیان گەیاندوەتە شەقامی عەرەبی و بەتایبەت شەقامی شیعی، كە عەبدولمەهدی لەسەر نان و قوتی ئەوان، لەسەر حسابی بەدبەختكردنی ئەوان موجامەلەی بەرپرسانی هەرێم دەكات و مانگانە سەدان ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بەبێ ئەوەی تەنەكەیەك نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بچێتە ناو بۆری نەوتی سۆمۆ(كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق). لەنێوان دوو ئاگردا وێڕای دژایەتیكردنی لەلایەن حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی و عەمار حەكیم_وە، ئێستا عەبدولمەهدی لەنێوان دوو ئاگردایە، ئاگرێكی شەقام كە بەئاشكرا داوای ڕۆیشتنی لێدەكات لەگەڵ ئاگری بەشێك لە هێزە سیاسییەكان و ناوماڵی شیعە، كە داوای مانەوەو تێپەڕاندنی دۆخەكەی لێدەكەن، چونكە ترسی جدییان هەیە لەوەی ئەگەر ئەو دۆخە لەدەست دەربچێت، ڕەنگە زەرمەندی یەكەم شیعەكان خۆیانبن و جارێكی نەتوانن حوكمێكی سەقامگیر لە عێراق پیادەبكەن. زۆرینەی تێڕوانینەكان وایە، عێراقی پێش مانگی ئۆكتۆبەر و عێراقی دوای مانگی ئۆكتۆبەر جیاوازییەكی گەورەی دەبێت، ئەم دۆخە ئەگەر گۆڕانكاری گەورەش بەدوای خۆیدا نەهێنێت، ئەوا قوربانی خۆی دەبێت، دوریش نیە یەكێك لە قوربانییە گەورەكان، گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد نەبێت بۆ خاڵی سفر و دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێ لەململانێ، جا عەبدولمەهدی بمێنێتەوە یان بڕوات. بارزانی لەبری دامەزراوە فەرمییەكان لایەنە كوردییەكان غائیبێكی گەورەی ئەم دیمەنە سیاسییە نوێیەن لەعێراق، حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوی بێدەنگییان لێكردووە، تاكە كەسێك قسەی كردووە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لەبری دامەزراوە ڕەسمیەكانی هەرێمی كوردستان پشتیوانی بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەربڕیوە و لەدیدارێكیدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە ڕایگەیاندوە: "جگە لە ڕێگەی دەستوری نابێت هیچ ڕێگەیەكی تر بۆ گۆڕانكاری هەبێت". بەڕای بەشێك لەچاودێرانیش، دەڕبڕینی پشتیوانی زارەكی بۆ عەبدولمەهدی لەلایەن كوردەوە لەم كاتەدا هەستیارەدا بەس نیە، بەڵكو دۆخەكە پێویستی بەهەنگاوی كرداری و پێشنیازی جدی هەیە، لانی كەم بۆ بەهێزكردنی مەوقیفی دۆستێك كە وێڕای هەموو فشارە سیاسییەكان تائێستا ئامادەنییە دەست بۆ قوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببات.
(درەو میدیا): عەبدولمەهدی كەربەلایی، نوێنەری ئایەتوڵلا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لە وتاری هەینی ئەمڕۆدا ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق و خۆپیشانی کرد و رایگەیاند: "پێویستە خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە بەڕێوەبچێت و نابێت رێگە بدرێت كەسانی بیانیش خۆیان بخزێننە ناو خۆپیشاندانەكان". 🔴 خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکە کە دەستور بۆ هاوڵاتیان زامنکردووە. 🔴 هێزە ئەمنییەکان دەبێت ئاسایشی خۆپیشاندەران بپارێزن. 🔴 خۆپیشاندەران نابێت هێرشبکەنەسەر موڵک و ماڵی گشتی و دەبێت ئاشتیانەبوونی خۆپیشاندانەکەیان بپارێزن. 🔴 زۆرێک لە چاکسازییەکان کۆدەنگی عێراقییەکانی لەسەرە لە نمونەی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی موچەی پلەباڵاکان. 🔴 رێگە بەو کەسانە مەدەن کە مەبەستی خراپیان هەیە بێنە ناو ریزەکانتان و خۆپیشاندانەکانتان بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنەسەر هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە حکومییەکان. 🔴 هێزە ئەمنییەکان باوک و براو رۆڵەی ئێوەن و دژی داعش شەڕیان کردووە، ئێستاش سیستمی گشتی دەپارێزن و دەبێت رێزیان لێبگرن.
درەو میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراق لە داواكاركردنی خزمەتگوزاری و باشكردنی بژێی ژیانی هاوڵاتیانەوە گۆڕاوە بۆ كۆمەڵك داواكاری سیاسی و گۆڕانكاری لە سیستمی سیاسی وڵات، لە راگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ خۆپیشاندەران خوێندیانەوە داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و گۆڕینی سیستمی سیاسی دەكەن لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی، داواش دەكەن تا دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لەناو خەڵكەوە بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی بمێنێتەوە. دیارترین خاڵی داواكاری خۆپیشاندەران :. - هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی - هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەو پارەیەی بۆی تەرخانكراوە بخرێتە چوارچێوەی بونیادنانەوەی وڵاتەوە - تادیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەرهەم ساڵح لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە - سەرۆك كۆمار لەلایەن گەلەوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەڵبژێردرێت بە چاودێری نێودەوڵەتی هەر خولێك بۆ چوار ساڵێك بێت و لەدوو خولیش تێپەرنەكات. - دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بۆ سیاسیەكانی عێراق ئەوانەی كە لە 2003 ەوە تا ئەمڕۆ حوكمیانكردووە، بۆ دادگاییكردنیان - گێرانەوەی ئەو پارانەی كە لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە دزراون - هەڵوەشانەوەی پۆستی راوێژكاران یان كەمكردنەوەیان كە لە ئێستا ( 15 هەزار) راوێژكار هەیە. لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، دوو خۆپیشاندەر شەهید بوون و 227 كەس برینداربوون
درەو میدیا: خۆپیشاندەران لە بەغدادو شارەكانی تری عێراق ئاستی داواكارییەكانیان بەرزدەكەنەوە، لە خۆپیشاندانەكانی ڕابردودا داوای هەلی كارو ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و هەژاری و دابینكردنی خزمەتگوزارییان دەكرد، بەڵام لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا. بە پێی ئامارە ناڕەسمیەكان لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا یەك خۆپیشاندەر كوژراوە ئەویش بەهۆی سەختی برینەكەیەوەو نزیكەی 50ی دیكەش برینداربوون. ئەمە لە كاتێكدا كە وەزیری ناوخۆی عێراق بە خۆپیشاندەرانی راگەیاند" هێزە ئەمنییەكانیان راسپاردووە بە هیچ شێوەیەك گوللـەی زیندوو بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكار نەهێنن" درەنگانی شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند" مووچەی پلەباڵاكان بۆ نیوە كەمدەكەینەوە، ئاستی مووچەكان لێك نزیكدەكەینەوە، لەرێگەی چەند پڕۆژەیەك هەلی كار دەڕەخسێنین و مووچەی 130 هەزار دیناریی بۆ هەر بێكارێك دەبڕینەوە" لە وتارەكەیدا عادل عەبدولمەهدی جەختی لەسەر چەند خاڵێك كردەوە لەوانە:. - موچەی پلە باڵاكان بۆ نیوە كەمدەكەینەوە - هەفتەی داهاتوو گۆڕانكاری وزاری دەكەین - بەشێوەی ئاشكرا گەندەڵكاران دادگایی دەكەین - هیچ عێراقییەك نابێت لەژێر هێڵی هەژاریدا بێت. - پشتگیری لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین بۆ سڕكردنی كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان
درەو میدیا: لە كۆی ( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیای بیانی ( 1423 )كۆمپانیای توركین كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە( 30 هەزار و 99) كۆمپانیا، لەم ژمارەیەش( 26 هەزار و 777 )كۆمپانیا خۆماڵین و( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیاش بیانین. ئاراس شێخ رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان بە وەكالەت بە روداوی راگەیاندووە: لە هەرێمی كوردستان لق و ئۆفیسی( 3322 )كۆمپانیای (85 )وڵاتی بیانی هەن. توركیا بە كردنەوەی لق و ئۆفیسی( 1423 )كۆمپانیا كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكان، بە پلەی یەكەم دێت. ئێران بە كردنەوەی لقی (361 )كۆمپانیا بە رێژەی( 11% )بە پلەی دووەم دێت، پلەی سێیەم بەر ئیمارات كەوتووە بە كردنەوەی لقی(185 )كۆمپانیا. بەریتانیا(147 )لقی كۆمپانیای لە كوردستان هەیە، ئەمریكا( 140) و ئوردن(109 )لقی كۆمپانیای لە كوردستانە.
درەو میدیا: لە كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان بەرێوەبەری پەروەردەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی ( 250 ملیۆن ) دیناریان بۆ رۆژئاوای كوردستان كۆكردۆتەوە. دڵشاد عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڕی ئەو پارەیە خستە روو كە لە بەرێوەبەرێتی پەروەردەكانەوە كۆكراونەتەوە بەم شێوەیە: • بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی 43 ملیۆن دینار • بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی 33 ملیۆن دینار • پەروەردەی رانیە 33 ملیۆن دینار • پەروەردەی دوكان 20 ملیۆن دینار • پەروەردەی چەمچەماڵ 33 ملیۆن دینار • پەروەردەی پێنجوێن 8 ملیۆن دینار • پەروەردەی شارەزوور 9 ملیۆن دینار • پەورەردەی شارباژیر 5 ملیۆن دینار • بەرێوەبەرێتی خوێندنی ناحكومی 5 ملیۆن دینار • پەروەردەی سەید سادق 17 ملیۆن دینار • پەروەردەی دەربەندیخان 21 ملیۆن دینار • پەروەردەی قەرەداغ 863 هەزار دینار • پەروەردەی پشتدەر 12 ملیۆن دینار https://www.facebook.com/drawmedia/videos/554039728676575/