چوار جێگر بۆ سەرۆكی یەكێتی دادەنرێت

Draw Media

2019-12-05 18:29:33



راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت
بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كرد، رێككەوتنێكی نوێ كراوە، پۆستی سەرۆكی یەكێتی (چوار) جێگری دەبێت كە بریتین لە (بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رەفعەت عەبدوڵا)، دەستەیەكی شەش كەسیی سەركردایەتی یەكێتی دەكەن لە شارەكان، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ بڵاودەكاتەوە.
 
30 هەزار كەس بەشداری دەكەن
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سازدانی كۆنگرەی بۆ (14) رۆژ دواخست، بڕیارە رۆژی 21ی ئەم مانگە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. 
پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆژی 7ی ئەم مانگەی بۆ سازدانی كۆنگرە دیاریكردبوو، بەڵام بەبیانوی تەواونەبوونی ئامادەكارییەكان، گۆڕانكاری لە وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكەدا كرد.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە كەشوهەوایەكی پڕ لە دڵەڕاوكێ بەڕێوەچوو، كاتێك سەركردەكانی خزب لە ژورەوە تاوتوێی دواخستنی كۆنگرەیان دەكرد، سەدان كەس لە كادرو لایەنگرانی حزبەكەیان لە دەرەوە دژی دواخستنی كۆنگرە هوتافیان دەكێشا. 
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەگەڵ ئەوەبوون تاوەكو ئامادەكارییەكان بەستنی كۆنگرە تەواو نەبێت، كات بۆ سازدانی كۆنگرەكە دیاری نەكرێت، هەندێكی تر لەگەڵ ئەوەبوون 26ی ئەم مانگە دیاری بكرێت بۆ سازدانی كۆنگرە، بەڵام ئەم پێشنیازە بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەلایەن ئەندامانی سەركردایەتییەوە رەتكراوەتەوە، لە كۆتاییدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەزۆرینەی دەنگ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی 9ی ئەم مانگە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بەڕێوەبچێت كە دواین هەڵبژاردنی ناوخۆییە بەر لە كۆنگرە، رۆژی 21ی مانگیش كۆنگرە بەڕێوەبچێت.
بەم بڕیارە سەركردایەتی كۆتایی بە مشتومڕەكان لەبارەی دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی هێنا، كۆنگرەیەك كە دیارنییە ماڵی یەكێتی یەكدەخات یاخود زیاتر پەرتی دەكات‌و ئاڕاستەكان بەتەواوەتی لە یەكتر جیادەكاتەوە.
چەتۆ ساڵح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" یەكێتی لەدوای نائومێدی ئومێدی بەخشیەوە، یەكێتی حزبی دوای نائومێدیە، ئەوەمان تێپەڕاند یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت، یەكێتی بڕیارە قورسەكەی داو وەڵامی خواستی جەماوەرەكەی دایەوە".
پرۆسەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەسەر سێ قۆناغدا دابەشبووە:
قۆناغی یەكەم: كۆنفرانسی كۆمیتەكان كە (19 هەزار) كەس‌و (220) كۆمیتە بەشدارییان تێداكردووە.
قۆناغی دووەم: كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە كە رۆژی 9/12/2019 بەڕێوەدەچێت.
قۆناغی سێیەم: بەڕێوەچوونی كۆنگرەیە لە رۆژی 21/12/2019.
بە هەرسێ قۆناغەكە (30 هەزار) كەس لەو سێ پرۆسەیەدا بەشدار دەبن‌و  (هەزار) ئەندام دەچنە ناو كۆنگرەوە.

رێككەوتنێكی نوێ
دوای یەكلابونەوەی سازدانی كۆنگرە بەر لە كۆتایی ساڵی 2019، ئێستا سەركردەكانی یەكێتی لە پشتی پەردەوە زنجیرەیەك گفتوگۆی تریان لەبارەی رێككەوتن لەسەر ئامادەكردنی پەیكەرێكی نوێ بۆ حزبەكەیان، دەستپێكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كردووەو هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون. 
كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی یەكێتی بووە لە پەیكەری نوێی حزبدا، لەبری ئەوە قایل بووە پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەرگرێت، كە پۆستێكە بۆ كۆنگرەی چوار داتاشراوە‌و تاڕادەیەك هاوشێوەی (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمە) لە ئێران كە دامەزراوەیەكی دەوڵەتییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بافڵ تاڵەبانی كە چاوی لە وەرگرتنی پۆستی (سەرۆك)ی یەكێتییە، بە كۆسرەت رەسوڵی راگەیاندووە" بەرهەم ساڵح لەسەر ئەوان ئەژمار ناكرێت"، ئەمە پەرەسەندنێكی نوێیە لە كێشمەكێشەكانی ناوخۆی یەكێتی، پێشتر بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەوانە بوو بەشێوەیەكی سەرسەختانە لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان كرد لەپێناو جێگیركردنی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، لەو هەنگاوەشدا سەركەوتوو بوون، بەڵام پێدەچێت لە پرسی كۆنگرەی حزبدا ئیتر كارێكی ئەوتۆیان بە بەرهەم ساڵح نەمابێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە كۆنفرانسی كۆمیتەكاندا بۆیان دەركەوتووە پێگەی جەماوەرییان لەناو یەكێتیدا بەهێزە‌و خۆشیان دەتوانن لەم قۆناغەدا سەركردایەتی یەكێتییەكان بكەن، ئەوان كە پێشتر پەنایان بۆ بەرهەم ساڵح دەبرد، ترسیان هەبوو لەوەی لەم قۆناغەدا رەنگە وەكو پێویست لەلایەن جەماوەری یەكێتییەوە پێشوازییان لێنەكرێت‌و لەبەرامبەر كۆسرەت رەسوڵ توشی گلان ببن.
سەرباری ئەمەش، هێشتا بەرهەم ساڵح چانسێكی تری ماوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی یەكێتی وەرگرێت، كە ئەمەش هاوشێوەی سەرۆكی قەوارە، پۆستێكی نوێیە كە تایبەت بە دۆخی ئێستا یەكێتی داتاشراوە.
پۆستی (سەرۆك) لەبری دەستەواژەی (سكرتێر) دانراوە، كە ئەمەی دووەمیان ماوەی (44) ساڵە هاوڕێی تەمەنی یەكێتی‌و فەرهەنگە سیاسییەكەیەتی.
خواستی بافڵ تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی گەیشتووتە ئاستێك، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)  لە كۆبونەوەیەكدا وتویەتی:" بەرهەم ساڵ دەنێرینە بەغداد، خۆم دەبمە سەرۆك‌و كاروباری یەكێتی بەڕێوەدەبەم".
لە هەموو حاڵەكاندا بافڵ تاڵەبانی سەرۆك بێت یاخود بەرهەم ساڵح، پۆستی سەرۆكی یەكێتی هاوشێوەی سكرتێرەكەی سەردەمی كۆچكردووە جەلال تاڵەبانی نابێت‌و دەسەڵاتی رەهای بەدەستەوە نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكی قەوارە كە كۆسرەت رەسوڵە، مافی "ڤیتۆكردن"ی بڕیارەكانی سەرۆكی هەبێت.

پەیكەری نوێی یەكێتی
هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی یەكێتی بە پەیكەری ئێستایەوە بەڕێوەناچێت‌و دەبێت پەیكەرێكی نوێی بۆ دروستبكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ حزبێكی سەردەمیانە‌و چارەسەرێكیش بێت بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكان‌و خواستی زۆری جەمسەرەكان بۆ پۆست.
(درەو میدیا) زانیویەتی لەناو یەكێتیدا چەند پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری یەكێتی، بەڵام نوێترینیان ئەوەیە، یەكێتی دابەشبكرێت بەسەر سێ دامەزراوەی سەرەكیدا:

دامەزراوەی یەكەم: سەرۆكی قەوارەی یەكێتی
بەپێی ئەوەی سەرچاوەكان باسی لێوەدەكەن، سەرۆكی قەوارەی یەكێتی (ئەنجومەنی دانایان یاخود ئەنجومەنی بەرژەوەندی) كە هێشتا ناوەكەی بەتەواوی یەكلانەكراوەتەوە، بەو كەسە دەوترێت كە دەبێت بە پارێزەری قەوارەی یەكێتی‌و لەدابەشبوون دەیپارێزێت.
بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەربگرێت، هێشتا بەتەواوەتی دەسەڵاتەكانی ئەم پۆستە بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە، بەڵام باسلەوە دەكرێت سەرۆكی قەوارە راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، بۆیە چەند دەسەڵاتێكی گرنگی دەبێت كە ئەمانەن:
• توانای ڤیتۆكردنی بڕیاری دوو دامەزراوەكەی تر (سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن)ی دەبێت.
• توانای لابردنی سەرۆكی یەكێتی هەیە.
• ژمارەیەك كەس لەگەڵ سەرۆكی قەوارەدا دەبن لە چوارچێوەی ئەنجومەنەكەدا، لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی لەو ئەنجومەنەدا دەبن هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، دیارنییە سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) خۆی دیارییان دەكات، یاخود كۆنگرە هەڵیاندەبژێرێت، هەندێك زانیاری هەن باسلەوە دەكەن، كە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێكدێن لە مەكتەب سیاسیەكانی پێشوو پێشمەرگە دیرین و كەسایەتیەكان پێكدێت.  

دامەزراوەی دووەم: ئەنجومەنی جێبەجێكردن (مەكتەبی سیاسی) 
ئەم دامەرزاوەیە دەبێت بە شوێنگرەوەی مەكتەبی سیاسی ئێستای یەكێتی، واتە دەستەواژەی مەكتەبی سیاسی چیتر لە فەرهەنگی یەكێتیدا نامێنێت.
ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوی یەكێتییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، ئەركی جێبەجێكردن بڕیارو راسپاردەكانی سەركردایەتییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (11) كەس پێكدێن :
•    شەش ئەندامیان سەركردایەتی شارەكان دەبن (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك، هەڵەبجە، گەرمیان). 
•    چوار كەسیان دەبن بە جێگری سەرۆكی یەكێتی، كە هەریەكەیان بۆ بوارێكە لەوانە:
- جێگری سەرۆك بۆ كاروباری ئەمنی
- جێگری سەرۆك بۆ كاروباری ئابوری
- جێگری سەرۆك بۆ كاروباری رێكخستن
- جێگری سەرۆك بۆ كاروباری پەیوەندییەكان
بۆ جێگرانی پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی ئەم ناوانە باسدەكرێن كە پۆستەكان وەرگرن (بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، رەفعەت عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ).
پێشتر یەكێك لە مەرجەكانی بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو پۆستی سەرۆكی یەكێتی تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و ئەو، پۆستەكە وەرگرێت، بافڵ تاڵەبانی لەم هەنگاوەدا چاوەی لەوە بوو بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆكی یەكێتی وەرگرێت، لەم حاڵەدا بەهۆی ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، بۆ چەند ساڵی داهاتوو نایپەرژێتەسەر یەكێتی‌و ئەو (بافڵ) وەكو جێگر دەبێت بە سەرۆكی فیعلی یەكێتی، بەڵام ئەم خەونە لەناوخۆی یەكێتی‌و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشیەوە بەدیاریكراوی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایەوە هەرزوو بەتاڵكرایەوە، تەنانەت بۆ روبەڕووبونەوەی ئەم سیناریۆیە، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا لاهور شێخ جەنگی بە كۆسرەت رەسوڵی وتبوو:" منیش خۆم بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی كاندید دەكەم". 
•    بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی تائێستا تەنها ناوی (بەرهەم ساڵح) دەهێنرێت‌و تا ئاستێك زۆربەی جەمسەرەكان لەسەری كۆكن، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بكات، ئەم پۆستە وەكو شوێنگرەوەی پۆستی سكرتێری گشتی دیاریكراوە، واتە بەپێی پەیكەرەكە، هاوشێوەی دەستەواژەی (مەكتەبی سیاسی)، بەڵام ئەمەش هێشتا مشتومڕی لەسەر ماوە‌و یەكلانەبوەتەوە. 
 
دامەزراوەی سێیەم: سەركردایەتی یەكێتی
بەپێی ئەو پەیكەرە نوێیەی كە ئامادەكراوەو تا ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەنجومەنی ناوەند كە ئێستا رۆڵی پەرلەمانی حزب دەگێڕێت لەناو یەكێتیدا، لادەبرێت‌و لەبری ئەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت، بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە هەیە، هەندێك داوا دەكەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ژمارەیان (101) كەس بێت، هەندێكی تر داوا دەكەن ژمارەیان (120) كەس بێت.
ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دابەشدەبن بەسەر ئەنجومەنی بەرژەوەندییەكان‌و ئەنجومەنی جێبەجێكردن.
 
كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟
بەپێی پەیڕەوی كارپێكراوی ئێستای یەكێتی، ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێك دەبێت لە (هەزار) كەس زیاتر نەبن، ئەندامانی كۆنگرەی چوار پێكدێن لە ئەندامانی:
•    ئەنجومەنی ناوەند
•    سەركردایەتی
•     ئەندام مەكتەبەكان (بۆ هەر مەكتەبێك 5 ئەندام دیاریكراوە، ئەندامانی مەكتەب‌و دەزگاو ئۆرگانەكانی یەكێتی 268 كەسە، رێژەی 35%ی ئەمانە دەچنە ناو كۆنگرەوە)
•    سەرباری ئەمانە، (100) كەسایەتی دیاری یەكێتی لەوانە پێشمەرگە سەرەتایی‌و دێرینەكان دەبن بە ئەندامی كۆنگرە، پڕكردنەوەی ئەم (100) كورسییەی ئەندامانی كۆنگرە، بەرێككەوتن دەبێت لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆمیتە‌و مەڵبەندەكانەوە سەردەكەون، بڕیارە 9ی ئەم مانگە كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستپێبكات.
بەپێی ئامادەكارییەكان، یەكەمین ئەركی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم لە رۆژی 21ی داهاتوو، ئەوەدەبێت سەرەتا بە دەنگدانی زۆرینە، ئەم پەیكەرە نوێیەی حزب پەسەند بكەن، دواتر بە هەر بەدەنگدان سەرۆكی قەوارە هەڵبژێرن، پاشان ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن.
سەركردایەتی نوێ دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆنگرەوە، ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن هەڵدەبژێرێت.
ئەو زانیارییانەی لەم راپۆرتەدا باسكراون، پشتئەستورن بە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتی‌و گوزارشت لە دۆخی ئێستا رێككەوتنی نێوان جەمسەرەكان دەكەن لەبارەی پەیكەری حزبەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، رەنگە تا ساتی بەستنی كۆنگرەكە چەندین پێشنیازی تر بێنە ئاراوە، (درەو میدیا) هەوڵدەدات خوێنەرانی لە كۆنگرەی چوارەمی دووەم گەورە حزب لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئاگاداربكاتەوە.

یەكێتی‌و كۆنگرە
رۆژی (21) ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوور نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand