له‌باره‌ی ململانێكانی كۆنگره‌ی یه‌كێتییەوە

2019-12-01 20:52:14

راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 
قسه‌كردن و شیكاری له‌سه‌ر كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی قوڕسه‌و ئاسان نییه‌، چونكه‌ رووداوه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ به‌ خوله‌ك و كاتژمێر گۆڕانكاریان به‌سه‌ر دادێت، به‌رده‌وامیش كۆبوونه‌وه‌و گفتووگۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت.
ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا روون و ئاشكرایه‌، خه‌ریكه‌ دواخستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی ده‌بێته‌ ناچاری، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكار، یه‌كێك له‌وانه‌ بوونی سێ كاندیده‌ بۆ سكرتێری ئه‌و حزبه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ ( به‌رهه‌م ساڵح و باڤڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی)، كه‌ ده‌وترێت ئه‌و دوانه‌ی كۆتایی خۆ كاندیدكردنیان بۆ پۆستی سكرتێر، وه‌كو كارتێك به‌كارده‌هێنن، تاوه‌كو لانیكه‌م ببنه‌ كه‌سی دووه‌م له‌ دوای به‌رهه‌م ساڵح.
نه‌وه‌كانی مام جه‌لال و شێخ جه‌نگی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ نێو بنه‌ماڵه‌كه‌یان شه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ببنه‌ سكرتێری ئه‌و حزبه‌، یاخود كه‌سی دووه‌می حزب به‌بێ ركابه‌ر، له‌ دژی هه‌موو ته‌سكیه‌و دانانێكی بێ هه‌ڵبژاردنن بۆ پۆستی سكرتێر( به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ی ده‌وێت). شانازو مه‌لا به‌ختیاریش جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌یكه‌لی حزب بن، هه‌موو شتێكیش ده‌كه‌ن، تاوه‌كو به‌رهه‌م ساڵح نه‌بێته‌ سكرتێر.
لیژنه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ پێكهاتوون له‌ ( ئه‌رسه‌لان بایز، ره‌فعه‌ت عبدوڵا، دلێری سه‌ید مه‌جید، عیماد ئه‌حمه‌د ) پێكهێنراوه‌، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م باڵه‌كانی نێو یه‌كێتیی كۆببنه‌وه‌و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر په‌یكه‌ری حزب و گه‌یشتن به‌ ته‌وافوق له‌سه‌ر پۆستی سكرتێرو جێگر.
ئێستا یه‌كێتیی له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه‌، یه‌كێكیان دواخستنی كۆنگره‌یه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك تاوه‌كو رێككه‌وتن ده‌كرێت و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ ته‌واوده‌بن، دوومیان دووباره‌ دواخستنی كۆنگره‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژو دوای ئاساسیبوونه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق، كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان ئه‌گه‌ری زیاتری هه‌یه‌.
بیانوی دۆڕانی باڵێكی یه‌كێتیی له‌ كۆنفراسی كۆمیته‌كان بۆ دواخستنی كۆنگره‌ راست نییه‌، چونكه‌ ئه‌ندامانی ده‌رچووی كۆمیته‌كان یه‌ك له‌سه‌ر چواری ئه‌ندامانی كۆنفراسی مه‌ڵبه‌نده‌كان پێكده‌هێنن، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ ده‌چنه‌وه‌ ناو كێبڕكێی كۆنفراسی مه‌ڵبه‌نده‌كان، زۆرینه‌یان بۆ كۆنگره‌ سه‌رناكه‌ون. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمیته‌كان به‌راورد به‌ ئه‌ندامامی مه‌ڵبه‌ند و ئۆڕگانه‌كان زۆر كه‌من، بۆ نموونه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر 170 كه‌س له‌ كۆمیته‌كانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوون بۆ كۆنفراسی مه‌ڵبه‌ند، به‌ڵام له‌ كۆنفراسی مه‌ڵبه‌ند نزیكه‌ی 600 كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌و 150 كه‌س خۆی كاندید كردووه‌، ته‌نها 44 كه‌س ده‌چێته‌ كۆنگره‌، به‌پێی پێشبیینییه‌كانیش له‌سه‌دا 10ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ ده‌توانن بچنه‌ كۆنگره‌، ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ هه‌موو پارێزگاكان راسته‌.
كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی دواخستنی كۆنگره‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، تاوه‌كو ئێستا باڵه‌كان نازانن ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌یان چه‌نده‌ بۆئه‌وه‌ی بچنه‌ نێو دانوستاندن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هه‌ر باڵه‌و به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی داواكارییه‌كانی بچه‌سپێنێت.
ره‌نگه‌ گه‌یشتنی باڵی ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت ره‌سول به‌ ته‌وافوق ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ زیاد بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ سیناریۆیه‌كان ( له‌ كۆی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی ده‌خرێنه‌ ڕوو) ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سكرتێری گشتیی، باڤڵ تاڵه‌بانی و شاڵاویش بكرێنه‌ جێگری سكرتێر. باڤڵ تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر پۆستی سكرتێری نه‌درێتێ ده‌یه‌وێ به‌بێ ده‌نگدان به‌ ته‌نها بكرێته‌ جێگری سكرتێر، لاهوریش هه‌مان شتی ده‌وێت، به‌ڵام ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش ئه‌مه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ ماڵی مام جه‌لال هه‌مان پۆستیان پێبدرێت.
ئه‌م سیناریۆیه‌ی باسده‌كرێت، كه‌ شاڵاو باڤڵ بكرێنه‌ جێگری سكرتێر، به‌ربه‌ستی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مه‌ یه‌كێك له‌و به‌ربه‌ستانه‌ش لاهور شێخ جه‌نگییه‌، ناوبراو قبوڵی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ ناو باڵه‌كانی یه‌كێتیی له‌ هه‌مووان تۆكمه‌تره‌و به‌ باشترین شێوه‌ خۆی ئاماده‌كردووه‌، له‌ دوای ئه‌ویش كۆسره‌ت ره‌سوڵ و گروپی كه‌ركووكییه‌كانه‌.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌ سه‌ره‌وه‌ رێكبكه‌ون و جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت بێته‌دی، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ ژماره‌ی دیكه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌روو 101 كه‌س هه‌ڵبژێردرێن له‌و رێژه‌یه‌ك به‌شێكیان ببنه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌شێكی دیكه‌ مه‌كته‌بی سیاسی، به‌شه‌ زۆره‌كه‌ش ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری به‌سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ دروستبكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاوت ده‌كرێن.
له‌ هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ی ده‌خرێنه‌روو، پێویسته‌ كوتله‌كانی دیكه‌ رازیبكرێن، له‌وانه‌ش گروپی كه‌ركووكییه‌كان و باڵی جافه‌كان و هه‌ریه‌ك له‌ (حاكم قادرو شێخ جه‌حفه‌رو مه‌حمود سه‌نگاوی و ئه‌رسه‌لان بایزو عیماد ئه‌حمه‌د و سه‌عدی پیره‌و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌)، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵیان نییه‌ ئاوت بكرێن، كاری زۆریشیان كردووه‌و، ناوه‌ ناوه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ ده‌نێرن، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت وا به‌ ئاسانی وه‌ده‌ریان بنێت و ده‌سه‌ڵاتیان كه‌مبكاته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand