Draw Media

درەو میدیا: حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی ئامادەكردووەو دەیخاتە بەردەم حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و موچەی موچەخۆرانی خۆرانی هەرێمی كوردستان.  ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و فوئاد حسین وەزیری دارایی حكومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 ی عێراق. بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی ( درەو میدیا) كەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات و موچەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بەردەوام بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بیر لە سێ بژاردە دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ پرسی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم: •    حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەرجێك بڕی ( 250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەكات، كە ئەو ( 24 ملیار) دۆلارەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی قەیرانی داراییدا قەرزی كردووە، بخرێتە سەر قەرزە سیادیەكانی عێراق كە كردویەتی. بەغدا تاوەكو ئێستا (60 ملیار) دۆلاری قەرزكردووە و 17٪ی پشكی هەرێم بووە بەڵام نەیداوە . •    هەرێم (250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە رادەستی بەغداد ناكات بەڵام ( 250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە كەمبكرێتەوەو   پارەكەی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت و ئەوی دیكەی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات.  •     حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە گفتوگۆكانی دێنێت لەگەڵ بەغداد و داهاتەكانی ناوخۆی رێكدەخاتەوەو بەتایبەتی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی باج و سەندنی باج لەو كۆمپانیایانەی كە تا ئەمڕۆ باجیان نەداوە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بەناوی( لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكان) رۆژی دووشەممە 2019/9/16 بەسەر پەرشتی مەسرور بارزانی كۆبونەوەو سەرۆكی حكومەتی راگەیاند" ‎لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆمان لەبارەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كرد و جەختمان كردە". لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشارێكی زۆری لایەنە عێراقیەكاندایە، بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم بە سۆمۆ، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بۆ پرۆژە بودجەی 2020ی عێراق عادل عەبدولمەهدی بتوانێت بەرگەی ئەو فشارە زۆرەی لایەنە عێراقیەكان بگرێت.   


درەو میدیا: ئەمڕۆ ( عومەر محەمەد) بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆمەتی وەركرتنی بەرتیل(رشوە) دەستگیركرا. سەرچاوەیەك لە گەرمیان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە مادەی (307) لە یاسای سزادانی عێراق كە تایبەتە بە وەرگرتنی بەرتیل(رشوە) راگیراوەو  لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام ئەو بە كەفالەت ئازاد نەكراوە چونكە ئەو مادەیە كەفالەت نایگرێتەوە. لە كاتی لێكۆڵینەوەدا عومەر محەمەد ئەو تۆمارە دەنگیەی رەتكردۆتەوە كە لەماوەی رابردۆدا بڵاوكرایەوەو وترا دەنگی كە دەنگی ناوبراوە و باس لە وەرگرتنی بەرتیل دەكات. لەماوەی دوو رۆژدا ئەمە دووەم بەڕێوەبەری گەرمیانە كە دەستگیر دەكرێت، دوێنێ بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراو


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی گومرگی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی جۆری (رۆڵز رۆیس) هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبیلەكان لەسەر ئاستی جیهان، چەند رۆژێكە داخڵكردنی دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها كێشەی لەو دەروازە سنورییە دروستكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێك بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە دەرەوەی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدیل كۆن هاوردە دەكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم دەڵێ دەبێت وەزیری دارایی‌و ناوخۆ پێكەوە گفتوگۆ بكەن‌و كێشەكە چارەسەر بكەن. دوو ئۆتۆمبیل لە كۆنتێنەرێكدا رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە جۆرەكانی (رۆڵز رۆیس)‌و (رانج رۆڤەر) لەناو كۆنتێنەرێكدا گەیشتە ناو دەروازەی باشماخ. بەرلەوەی كۆنتێنەرەكە بە ئۆتۆمبیلەكانی ناوییەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گومركەكە، هێزێكی ئاسایشی گومرگ لەكاتی پشكنینی كۆنتێنەرەكە لە ئامێری "سۆنار"، دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەدا گرت، بڕیاربوو ئەم دوو ئۆتۆمبیلە بەشێوە نایاسایی "قاچاخ" بەناو گومرگەكەدا دەربازبكرێن‌و بهێنرێنە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە. هەردوو ئۆتۆمبیلەكە (رۆڵز رۆیس‌و رانج رۆڤەر)، مۆدێلی كۆنن‌و بەپێی یاسای كارپێكراوی گومرگ هێنانەناوەوەیان قەدەغەیە، بەپێی یاسا تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە بهێنرێنەناو هەرێمەوە كە مۆدێلیان بۆ سێ ساڵی كۆتایی دەگەڕێتەوە واتە مۆدێلەكانی (2017- 2018- 2019). سكاڵایەكی یاسایی ! بەپێی ئەو زانیارییەكانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی گومرگی باشماخ كە ناوی (عەقید ئەحمەد)ە، ئۆتۆمبیلەكان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، لە سلێمانی (رۆڵز رۆیس)ەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە كە كەسێكە بەناوی (ر-س)، رانج رۆڤەر-ەكەش لای ئاسایش ماوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە سلێمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لیوا مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ داوای لە (عەقید ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەكە كردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنێتەوە بۆ دەروازەكە، چونكە بەشێوەی نایاسایی داخڵكراون‌و گورمرگ نەكراون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی باشماخ رەتیدەكاتەوە. لە لێدوانێكدا تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری دەروازەی گومرگی باشماخ چیرۆكی هاتنەناوەوەی دوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەی پشتڕاستكردەوە‌و رایگەیاند:" بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنەوە بۆ ناو گومرگ‌و لەوێ بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".  بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاگاداری كێشەیەكە، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" گومرگی باشماخ رێوشوێنی یاسایی گرتوەتەبەر‌و دەبێت ئۆتۆمبیلەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ گومرگەكە". ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لە هەرێم هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 1984ی یاسای گومرگی عێراقەوە، ئێستا ئەم یاسایە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەركارە. بەپێی پێناسی گومرگی نوێی عێراق، ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان بریتین لەو ئۆتۆمبیلانەی كە لەسەر ئاستی جیهان كۆدی ژمارە (87032420)و (87032422)یان هەیە‌و (پلەیەك ساڵۆن یاخود ستەیشن)ن‌و قەبارەی مەكینەكەیان (8 بستن) بەرەو سەرەوەیە. ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ئەم جۆرە تایبەتمەندییانەیان تێدایە‌و گرانبەهان بریتین لەمانە: •    رۆڵز رۆیس •    فراری •    لابوركینی •    لیمۆزین •    مارسیدس G كلاس •    رانج رۆڤەر •    پۆرش •    لێكزز بەگوێرەی پێناسی گومرگی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە ئەگەر مۆدیلیان لەچوارچێوەی مۆدێلە رێگەپێدراوەكاندا بێت، واتە مۆدێلی سێ ساڵی كۆتایی بن، ئەوا لەكاتی هاوردەكردنیان، لە گومرگەكانی هەرێم رێژەی 15%ی ئەو بەهایەیان لێوەردەگیرێت كە لە پێناسی گومرگیدا بۆیان دیاریكراوە. لە پێناسی گومرگیدا هاتووە، بەهای ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لەنێوان (80 هەزار) دۆلارەوە دەستپێدەكات بۆ (90 هەزار) دۆلار، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە بەهاكەیان لەنێوان (8 دەفتەر بۆ 9 دەفتەر) دۆلاردایە. ئەگەر ئۆتۆمبیلێك بەهاكەی، بڕی (8 دەفتەر) دۆلاری لەسەر ئەژماربكرێت، رێژەی 15%ی ئەم بەهایەی وەكو گومرگ لێوەردەگیرێت، كە دەكاتە (120) وەرەقە. ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی كە ئێستا كێشەی لە دەروازەی باشماخ دروستكردووە، ئەم یاسایە نایگرێتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە بەپێی مۆدێلەكانیان نابێت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، واتە بەرلەوەی گومرگ بكرێن، دەبێت سزای دارایی بەسەر خاوەنەكەیدا بسەپێندرێت كە هەوڵی دەربازكردنی داون لە دەرەوەی یاسای كارپێكراو. بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتووە" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی (رۆڵز رۆیس)‌و (45) ئۆتۆمبیلی (رانج رۆڤەر) هاتونەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە". بازرگانی ئۆتۆمبیل لە كوردستان كێشەی ئەو دوو ئۆتۆمبیلە لە دەروازەی باشماخ، دواین ئەلقەی زنجیرەیەك كێشەی گەورەتری بواری بازرگانی ئۆتۆمبییلە لە هەرێمی كوردستان. لە هەرێم بازرگانی ئۆتۆمبیل یەكێكە لەو بازرگانیانەی كە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت‌و بوارەكانی تر ناشەفافە‌و لەلایەن حزب‌و دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە قۆرخكراوە. دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە روبەڕووی چەندین حاڵەتی فشاری پشتی پەردەی بەرپرسانی سیاسی حزبی‌و حكومی دەبنەوە، كە هەوڵی تێپەڕاندنی نایاسایی ئۆتۆمبیل دەدەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لەو ئۆتۆمبیلە (رۆڵز رۆیس)انەی كە لەمساڵدا لە دەروازەی باشماخەوە هاتوەتە ناوەوە، بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داخڵكراوە، ئۆتۆمبیلەكە بۆ كەسێك بووە كە مامۆستای زانكۆ بووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، شەوی 8ی ئەم مانگە، دەروازەی (پەروێزخان)ەوە هەوڵدراوە (20) ئۆتۆمبیل هاوردەی ناو هەرێم بكرێت بەبێ پێدانی گومرگ‌و دەركردنی نوسراوی فەرمی، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گومرگەكە دەستیان بەسەردا گیراوە‌و فشاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی داخڵی ناو هەرێم بكرێن. لەكاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، (درەو میدیا) ئاگاداركرایەوە لەوەی لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراوە. رۆژی (4)ی ئەم مانگە، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیی:" بەرۆژی روناك‌و بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێم‌و بەئیمزایەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە رەقەمی بۆ دەكرێت". ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" بەپێی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدێل كۆن نابێت هاوردە بكرێت،  دەبێت وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و چارەسەری بكەن". لەبارەی رۆڵز رۆیسەوە ! رۆلز رۆیس "Rolls-Royce" یەكێكە لە گرانبەهاترین جۆرەكانی ئۆتۆمبیل لەسەر ئاستی جیهان، هەر لە سەرەتای دروستكردنیەوە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە كە ئینگلیزییە، جێگای سەرەنجی چینی ئۆرستۆكراتی نوێی جیهان بووە. ئەم ئۆتۆمبیلە لە ساڵی 1946وە دەستكراوە بە دروستكردنی، لەناوچەی مێژوویی "كرو" لە باكوری ئینگلتەرا دروستدەكرێت، شێوازی دروستكردنەكەی نەریتییە واتە لەرێگای مەكینەوە نابەسترێت، بەڵكو پارچەكانی بەشێوازی دەستیی كۆدەكرێنەوە‌و پێكەوە دەبەسترێنەوە. ساڵی 1931 كۆمپانیای رۆلز رۆیس لەگەڵ كۆمپانیای "بنتلی" یەكیگرت، كە ئەمیش بەهەمان شێوە كۆمپانیایەكی بەریتانی بوو، بەر لە كۆتایی سەدەی رابردوو، رۆلز رۆیس بوو بە موڵكی كۆمپانیای (BMW)ی ئەڵمانی، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ونبوونی ئەو ماركەیەی كە ئینگلیزەكان خۆیان دایانهێنابوو، لەدوای ساڵی 2003وە (BMW) بەتەواوەتی بوو بە خاوەنی كۆمپانیای رۆڵز رۆیس، ئیتر لەو كاتەوە ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیس لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ناوبانگی دەركرد‌و كۆمپانیاكە چەندین ئۆتۆمبیلی بە تایبەتمەندی جیاواز بۆ پادشا‌و سەرۆك‌و سەرمایەدارە گەورەكان عەرەب دروستكرد، بەمدواییە هەندێك لە سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستانیش چاویان خستوەتەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە‌و هاوردەی دەكەن بۆ بەكارهێنانی تایبەت بە خۆیان. بەپێی بەیاننامەیەك كە كۆمپانیاكە لە كانونی دووەمی 2014 بڵاویكردوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 2013دا بەڕێژەی 1,5% ئاستی فرۆشی زیادی كردووە. بەیاننامەكە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2013دا كۆمپانیاكە (3 هەزارو 630) ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیسی فرۆشتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2012 فرۆش كەمتربووە‌و (3 هەزارو 575) ئۆتۆمبیل فرۆشراوە. ئەوكات نرخی هەر ئۆتۆمبیلێكی رۆلز رۆیس زیاتر لە (200 هەزار) یۆرۆ بووە، واتە نزیكەی (272 هەزار) دۆلاری ئەمریكی، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان ئەمە دەكاتە (27) دەفتەر دۆلار. ساڵی 2014 كۆمپانیای رۆڵز رۆیس سكاڵای یاسایی لەسەر هاوڵاتییەكی خەڵكی ئیماراتی عەرەبی تۆماركرد، ئەو پیاوە كە ئۆتۆمبیلێكی رۆڵز رۆیسی هەبوو، بە ئۆتۆمبیلەكەی گژوگیای بۆ ئاژەڵەكانی دەگواستەوە، كۆمپانیاكە وەكو سوكایەتی بە ئۆتۆمبیلەكەی ئەم هەڵسوكەوتەی لێكدایەوە. ئەم كۆتۆمبیلە كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدایە كە وایكردووە بە نرخێكی گران بەها بفرۆشێت، لە دیارترین تایبەتمەندییەكان رۆڵز رۆیس ئەمانەن: •    فراوانی بزوێنەرەكەی 6,75 لیتر •    هێزی بزوێنەرەكەی 6500 سی سی-یە كە دەكاتە توانای راكێشانی 453 ئەسپ •    8 گێڕی خێرایی هەیە‌و لە یەك كاتژمێردا 240 كیلۆمەتر دەبڕێت •    سیستمی سەلامەتی ئەلیكترۆنی تێدا جێگیركراوە بەبەرزترین ئاست •    چەندین تایبەتمەندی تری ورد كە پێكەوە بەهای ئۆتۆمبیلەكەیان بەرزكردوەتەوە


درەو میدیا:  ئەمڕۆ   خانەی نوێی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا" بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە دەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی" دەرگاش بەروی هەڵوسڕاوە رەخنەگرەكانیدا دەكاتەوە" خانەی  راپەڕأندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت" راگەیەنراوێك لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەمڕۆ دووشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا. خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێك سوپاسێكی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەكات، كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانەو خەمخۆرانە ئەركەكانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانەو ھەردو جڤات بن و پێكەوە ئەركە تازەكانی بزوتنەوەكە ببەینە پێشەوە. كۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كرد: یەكەم: پەیوەست بە پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا، كۆبونەوەكە جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكانی كردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە كابینەی حكومەتدا. بەهێز كردنی ئەو پەیوەندیانە هۆكارێكی باش دەبن بۆ هاوكاریكردن و بردنە پێشەوەی ئەركەكانی كابینەكەو بەهێزكردنی گیانی پێكەوە كاركردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاكسازی حكومەت. لەهەمان كاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەكانی تری دەرەوەی كابینە، كە ساڵانێك هاوكار و هاوپەیمانی یەكتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بكەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت. دووەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە ئەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان لە حكومەت، ھەروەھا چاودێریەكی وردی كارەكانیان ئەكات. لەهەمان كاتیشدا پشتگیری تەواوی كابینەی حكومەت ئەكات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاكسازیەكەی، بە جۆرێك لە خزمەت باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزكردنی كەرتی ئابوری و ژێرخانی كۆمەڵگاو پرۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت. سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت. خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكەو راسپاردەكانی هەردوو جڤات، لە نزیكترین ماوەدا، ئامادەكاری بۆ هەردوو پرۆسەی كۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان ئەكات. هاوكات بە گوێرەی پلانێكی تۆكمە، كار لەسەر بەهێزكردنی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە ئەكات، بەتایبەت دانان وھەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامی ژورەكان و باژێڕوانەكان، بە ئاراستەی بەهێزكردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەركە گرنگ و هەستیارەكانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەكەمان. لە كۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەكانی بزوتنەوەكە دەكات لە پێناو عەدالەت و چاكسازی و ئازادیەكان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم كردنی دەزگاكان و كاركردنی بێوچان لە پێناو باش كردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان. خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان ١٦/٩/٢٠١٩  


ئامادەكردنی: نیاز عەبدوڵا ناوه‌ندی كه‌لتووری چۆمان رایدەگەیەنن  لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای چۆمانەوە بایكۆتكراون و دەست وەردەداتە کاروباری میدیاییەوە، قایمقامی قه‌زای چۆمانیش رەتیدەكاتەوەو دەڵێت" له‌ خۆڕا تووشی هه‌ڵچوون بوونه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌و مه‌وزوعه‌ ئه‌ساسی نییه‌". ناوه‌ندی كه‌لتووری چۆمان ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند "ماوەی ساڵ و نیوێکە قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ئێمەی بایکۆت کردوە و، دەست وەردەداتە کاروباری میدیایی". له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ناوه‌ندی كه‌لتوری چۆمان كه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان كراوه‌، هاتووه‌ "ماوەی ساڵ و نیوێکە قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ئێمەی بایکۆت کردوە، بەلای ئێمەوە بایکۆت کردن ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی رەخنەکردنە بەڕێزیان دەست وەردەداتە کاروباری میدیایی و ئەوە دەکاتە پێشمەرجی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەک کە نابێت هیچ لە میوانەکان ستافی ناوەندی کەلتوریی چۆمان بن".  ئه‌حمه‌د قادر قایمقامی قه‌زای چۆمان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ناتوانم لێدوان بده‌م، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌ساسی نیه‌ و له‌ خۆوه‌ قسه‌یان كردووه‌ به‌ڵگه‌یان نییه‌ و با به‌ڵگه‌یان بنووسن، له‌ خۆڕا تووشی هه‌ڵچوون بوونه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌و مه‌وزوعه‌ ئه‌ساسی نییه‌". پێشه‌وا چۆمانی به‌ڕێوبه‌ری ناوه‌ندی كه‌لتوری چۆمان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنمانه‌وه‌ داوای هه‌ماهه‌نگی و پشتیوانیمان له‌ قایمقامكردووه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ خزمه‌تی قه‌زاكه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و له‌بری هاوكاری، ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ له‌ به‌رنامه‌كانیان یان راپۆرته‌كانیان قسه‌ بكه‌ین مه‌رجی ناوبراو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ تیایدا قسه‌ نه‌كه‌ین و ده‌رنه‌كه‌وین، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی ناوه‌نده‌كه‌مان بڕیارمان وابوو خه‌ڵاتی ساڵانه‌مان ببه‌خشین به به‌رگری شارستانی چۆمان، به‌ڵام قایمقام ده‌ستتێوه‌ردانی كرد و خه‌ڵاته‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك گه‌نج بێ هیوایی و نه‌بوونی ده‌رفه‌ت  ‌ ‌ ‌  پاڵی به‌ ئێمه‌وه‌نا له‌ رێگای ئه‌م ناوه‌نده‌وه‌ به‌ هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگێكی جیاواز خزمه‌ت بكه‌ین".  


درەو میدیا:  بەمەبەستی یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكێتی سەردانی نەوەی نوێ دەكات. وەفدەكەی یەكێتی بەسەرۆكایەتی رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی  بووە بۆلای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لەلایەن هیمداد شاهین بەرپرسی دیسكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە پێشوازی لێكراوەو كۆبونەوە . هیمداد شاهین لەدوای كۆبونەوەكە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بۆ بەشداریكردنی نەوەی نوێ لە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئێمە پێشتر بڕیارمانداوە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا تاوتوێی پێشنیازەكانی ئەوان دەكەین  لەدوای دروستبونی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە ئەمە یەكەم سەردانی وەفدی باڵای یەكێتیە بۆ لای ئەو جوڵانەوەیە 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەو بەشوێن رێككەوتنێكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێت كە لە بودجەی 2019دا كرا، واتە دەیەوێت نەوت رادەستنەكات‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە بەغداد وەرگرێت، پەرلەمانتاران مەترسییان هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی "پاشەكەوتكردن"ەوە، بەڵام وتەبێژی حكومەت دەڵێ:" ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە ئەگەری رێكنەكەوتن، كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروستنابێت".  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی نوسینەوەی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، نەوت‌و پشكی هەرێمی كوردستان جارێكی تر پرسی گەرمی بودجەكەیە. مەسرور بارزانی نەوت رادەستناكات ! رۆژی 8ی ئەم مانگە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان پەرلەمانی عێراق‌و چەند كەسێك لە ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كێشەی نەوت‌و بودجە بوو لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، مەسرور بارزانی نوێنەرانی كوردی ئاگاداركردەوە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان نێوان هەردوولا. چەند كەسێك لە بەشداربوانی ئەو كۆبونەوەیە كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، باسیان لەوەكرد، لە كۆبونەوەكەدا سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵ پرسیاری لە مەسرور بارزانی كردووە سەبارەت بەوەی "ئایا حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد دەكات یاخود نا ؟". مەسرور بارزانی بە راشكاوی وتویەتی:" نەخێر، نەوت رادەست ناكەین". دواتر جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو هەمان پرسیاری كردووە، ئەمجارە مەسرور بارزانی رونكردنەوەی زیاتری داوە‌و وتویەتی:" ئێمە 450 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكەین، 50 هەزار بەرمیلی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات، 75 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی ئەوە ناكات بیدەین بە بەغداد".  لەبارەی بەهانەی مەسرور بارزانییەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت، رێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە نوسیویەتی:" لە گفتوگۆكانی ئێستادا قسەی سەرەتای حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە نەوت نادات بە بەغدا، بیانوشی بۆ ئەم بابەتە بریتیەلەوەی دەڵێ نەوت گرنگ نیە، بەڵام بەغدا دەیەوێ ئیرادەمان بشكێنێت‌و هیچ دەسەڵاتێكمان نەبێت". لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە مەسرور بارزانی وتبێتی "نەوت رادەستی بەغداد ناكەین". جوتیار عادل وتی:" ئێمە وتومانە حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە مافە دەستورییەكان هەرێم بچەسپێنێ، ئامادەشین لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوین بەمەرجێك بەپێی مافە دەستورییەكان بێت". رۆژی چوارشەممەی رابردوو جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستدان، حكومەتی عێراق بڕی 80 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە، كە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمە بەپێی دەستور. هەندێك لە پەرلەمانتارانی عێراقی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، لێدوانەكەی جوتیار عادل لەبارەی 80 ملیار دۆلارەكەوە وەكو پەڵپ‌و بەهانەیەك لێكدەدەنەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت بە بەغداد، ترسیان هەیە ئەمجارەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان بكەوێتەوە بەر مەترسی. بەڵام جوتیار عادل بە (درەو میدیا) وت:" ئەمە راست نییە، حكومەت بەرلەوەی دەستبەكاربێت، سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدادیان كرد، ئێمە نیازمان هەیە رێكبكەوین، بەبێ ئەوەی سازش لە مافە دەستورییەكانی خۆمان بكەین". "ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە رێكنەكەوتن‌و ئێمە گەشبینین، ئیشاڵا كێشە بۆ موچەی خەڵك دروست نابێت، خەڵكی ئێمەش دەزانن‌و چاوەڕوانی ئەوە لە حكومەت دەكەن سازش لە مافە دەستورییەكان هەرێم نەكات" ئەمە قسەی وتەبێژی حكومەت بوو لەبارەی چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە. كورد دواین چانس تاقیدەكاتەوە كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی كاركردنە بە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، بودجەیەك كە لە سایەیدا تاڕادەیەك دۆخی ئابوری‌و دارایی هەرێمی كوردستان دوای قەیرانێكی سەخت، بوژانەوەی رێژەیی بەخۆوە بینی. ساڵی 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی‌و جیابونەوەی لە عێراق كرد، مەسعود بارزانی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی كرد، كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی 2018 سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەوە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات. بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد. ئەوكات (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد:" لەو سەردانەدا بارزانی رێككەوتنێكی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستانەوە".  ئەم رێككەوتنە دواتر بوو بە بناغەی چەسپاندنی بڕگەیەك لە بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق بەناوی "بڕگەی ج". بڕگەی (ج) لە ماددەی (10)ی یاسای بودجەی ساڵی 2019 عێراق دەڵێ:" ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە  فیدراڵییەكانی‌و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد،  وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە". نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی چەسپاندنی ئەم بڕگەیەوە توانیان بۆ ماوەی یەكساڵ زامنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن، تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتیشی رادەستی بەغداد نەكرد. نوێنەرانی پێكهاتەی شیعە قایل بوون بەوەی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت ئەگەر نەوتیش رادەستنەكرا، ئەمە بڕیارێك بوو كە لە ئاستێكی باڵا‌و لە پشتی پەردەوەی یەكلاكرابووەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و سیاسەتمەدارانی عێراق دوای ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ چوارچێوە عێراقییەكەی، هەوڵیاندا چانسێكی نوێ بە كورد بدەن، چانسێك كە دیارنییە لە بودجەی 2020دا ئەگەری دووبارەبونەوەی هەیە یاخود نا ! كورتەیەك لەبارەی كێشەكەوە ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی نوری مالیكی‌و جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، واتە بودجەی هەرێم نەدەنارد، تاوەكو دوای  ریفرامدۆم‌و رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"، ئەوكات عەبادی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لە نەورۆزی 2018وە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2019، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات.   ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار رادەستی هەرێم دەكات، ئەمە تەنها پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق. یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات، رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووە، سەرباری رادەستنەكردنی نەوت، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مانگانە (454 ملیار) دینارە، نەبڕیوە، ئەم رێككەوتنەیە كە تائێستا كاری پێدەكرێت‌و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی 2020دا وادەیی كارپێكردنی تەواو دەبێت.      عەبدولمەهدی لەژێر فشاردایە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری توندی لایەنە سیاسییەكانی عێراقدایە سەبارەت بە پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. عەبدولمەهدی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستی كردنی نەوت، روبەڕووی رەخنەی توندبووەوە، بەڵام لەماوەی یەكساڵی رابردوودا خۆی لەبەردەم فشارەكاندا راگرت. رۆژی 11ی ئەم مانگە، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا وتی:" پێویستە لەسەر هەرێم كوردستان رێز لە پابەندبوونەكانی بگرێت سەبارەت بە هەناردەی نەوت‌و پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا، دەبوو حكومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، بەڵام تائێستا پابەندی ئەوە نەبووە". ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەگەری دووبارەكردنەوەی بڕگەیەك هاوشێوەی بڕگەی (ج)ی یاسای بودجەی 2019 لە بودجەی ساڵی نوێدا ئەگەرێكی لاوازە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی پێكهاتەی شیعە دژی ئەوەی چیتر بەغداد بەبێ رادەستكردنی نەوت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم ئەگەر بەهێز ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات، حكومەتی بەغداد بەتەواوەتی هاوشێوەی سەردەمی نوری مالیكی، ناردنی پارە (تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش) بۆ هەرێمی كوردستان راگرێت. بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئێستا بەدوای رێگەچارەیەكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێن كە لە بودجەی 2019دا چەسپێندرا.  ئێستا كە بودجەی ساڵی نوێی عێراق پەسەندنەكراوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە: • 454 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت. • 378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا نەماوە‌و جلەوی نەوت لەدەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدایە)  • 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە. • 22 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لە مانگێكدا ئێستا (974 ملیار) دینارە (ئەوەی مانگانە دەچێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی)، بۆ پێدانی موچەی موچەخۆران حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات. بەڵام ئەگەر نەوت رادەست نەكات‌و پارەكەی بەغداد رابگیرێت، داهاتی مانگانەی حكومەتی بۆ (520 ملیار) دینار دەبێت، ناتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات، واتە جارێكی تر موچەخۆران دەخاتەوە بەردەم ئەگەر پاشەكەوتكردنی موچەكانیانەوە (هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا).  


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا  به‌ هۆكاری "ناده‌ستوریبوونی" یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق سكاڵای یاسایی له‌ دژی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تۆماركرد. سه‌ردار هه‌ركی پارێزه‌ری راسپێردراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان بۆ تانه‌ لێدان له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پاریزگاكانی عێراق به‌ (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ له‌ به‌غداد به‌ نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان داوام له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ دژی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تۆماركرد". له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی لائیحه پێشكه‌شكراوه‌كه‌ به‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق، سه‌ردار هه‌ركی وتی "لائیحه‌كه‌ له‌ 7 لاپه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ 9 خاڵی سه‌ره‌كی و 15 خاڵی لاوه‌كی پێكهاتووه‌، كه‌ چه‌ند سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستووری تیدایه‌،  دیارترینیان ئه‌ویه‌ یاساكه‌‌ رێڕه‌وه‌ی یاسایی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌ و ئه‌و پێشنیارانه‌ی خراونه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی 128 و 129 و 131ه‌‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رپێچییه‌كی زه‌ق له‌ له‌ مادده‌ی 51ی ده‌ستووری عێراق". هه‌ركی پێیوابوو "هۆیه‌كانی هه‌مواری یاساكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق به‌مجۆره‌ی ئێستا سیاسییه‌ زیاترله‌وه‌ی هۆیه‌كی یاسایی بێت" و "یاساكه‌ چه‌ندین دژ یه‌كی هه‌یه‌ و ئه‌نجام ئه‌مه‌ زیان به‌ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێ". مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی 12ی یاساكه‌ی خسته‌روو به‌وه‌ی "داوا ده‌كات به‌راورد بكرێت له‌ نێوان ده‌فته‌ر نفوس و پسوله‌ی خۆراكی ده‌نگده‌ر و ئه‌گه‌ر موتابق نه‌بن ناوه‌كه‌ی لاده‌برێت و ده‌نگده‌ری كه‌ركوك مافی ده‌نگدانی نابێت". بۆیه‌ پێمانوایه‌ هۆیه‌كان سیاسییه‌ زیاترله‌وه‌ی هۆیه‌كی یاسایی بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین دژ یه‌كی له‌ یاساكه‌ هه‌یه‌ و ئه‌نجام ئه‌مه‌ زیان به‌ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێ. پارێزه‌ره‌ راسپێردراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان وتیشی "له‌م رۆژانه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ته‌بلیغ ده‌كرێت و پاش ته‌بلیغ كردنی له‌ماوه‌ی 15 رۆژی له‌به‌رده‌سته‌‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی لائیحه‌ی ئێمه‌ بداته‌وه،‌ كه‌ وه‌ڵامیشی دایه‌وه‌ یه‌كسه‌ر رۆژێك بۆ دادبینی كردن دیاری ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌‌ ئه‌وا دادگا خۆی رۆژێك دیاری ده‌كات و ده‌بێت هه‌ردوولامان بچین بۆ دادبینی". 22ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌، به‌ڵام 4ی ئه‌یلول لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند سكاڵای یاسایی له‌ دژی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق تۆمارده‌كه‌ن. 


(درەو میدیا): عومەر سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە، بۆ پۆستی رێكخەری گشتی دوو كاندید هەبوو، عومەر سەید عەلی (28) دەنگی هێناو ركابەرەكەی كە شۆڕش حاجی بوو (12) دەنگی بەدەستهێنا. لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی دەكات. •    لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. •    لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. عەدنان عوسمان بە سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا، بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی دوو كەس كاندید بوون، عەدنان عوسمان (22) دەنگی بەدەستهێنا، ركابەرەكەی كە زمناكۆ جەلال بوو (21) دەنگی بەدەستهێنا.  بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    دیاریكردنی كات‌و شوێن‌و كارنامەی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی. •    تۆماركردنی كۆنوسی كۆبونەوەكان، تۆماركردنی بڕیارو راسپاردەكانی‌و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار. جەلال جەوهەر بە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان هەڵبژێردرا، جەلال جەوهەر هیچ ركابەرێكی نەبوو، بە (33) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    هەماهەنگی نێوان فراكسیۆنەكان‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئاسۆ رەحیم‌و شەمال عەبدولوەفا كاندیدبوو، لە گەڕەی یەكەمی هەڵبژاردندا هەردوكیان بە (21) دەنگ یەكسان بوون، دواتر هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە‌و شەمال عەبدولوەفا بە (22) دەنگ بە رامبەر بە (20) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    رێكخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان‌و باژێڕەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و وەڵامدانەوەی نامەو پەیام و پرسیارەكانیان. دەرباز محەمەد بە سكرتێری كاروباری ژورەكان هەڵبژێردرا، ئەم پۆستە دوو كاندیدی هەبوو، دەرباز محەمەد (24) دەنگی هێنا، ركابەرەكەی كە گەیلان عومەر بوو (19) دەنگی بەدەستهێنا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری ژورەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    هەماهەنگی نێوان ژورەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و دامەزراوەكانی گۆڕان. برزۆ مەجید بە سكرتێری كاروباری خەڵك هەڵبژێردرا، چوار كەس بۆ ئەم پۆستە كاندید بوون، برزۆ مەجید (23) دەنگ هەڵبژاردنەكەی بردەوە. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری خەڵك ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •     پێشوازیكردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن. •    گوێگرتن لە پێشنیاز، رەخنە، ئامۆژگاری، سكاڵاكانی خەڵك‌و گەیاندنی بابەتەكانیان بە جێگەی پەیوەندیدار. رۆژی 12ی ئەم مانگە جەمال حاجی محەمەد بە دەنگی (27) كەس لە ئەندامانی جڤاتی گشتی وەكو سەرۆكی جڤاتەكە هەڵبژێردرا، جەمال حاجی محەمەد یەكەمین كەس بوو كە كورسییەكی خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی زامن كرد كە پێكهاتووە لە (7) كورسی. خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.


درەو میدیا: ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی تر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردەوە  لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی دەكات. • لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. • لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.


 (درەو میدیا): پەرلەمانتارێك لە كوەیت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە دەیەوێت ئاكاری گشتی خەڵك رێكبخاتەوە‌و لەرێگەی سزای مادییەوە ناچاریان بكات پابەندبن بە دابونەریتی وڵاتەكەیانەوە، لە یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەكەیدا داوا دەكات ئەوانەی بە بیجامەوە دەچنە ناو شوێنە گشتییەكانەوە، سزا بدرێن. یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوەیت بە ناوی (ماجید موتێری) پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی پەرلەمان كرد، لە پرۆژەكەیدا داوا دەكات هاوڵاتیان‌و ئەوانەشی وەكو گەشتیاران سەردانی كوەیت دەكەن پابەندبكرێن بە رێزگرتن لە داب‌و نەریتی كوەیتی لە شوێنە گشتییەكان. پرۆژەیاساكە داوا دەكەن ئەوانەی ئەو دابونەریتانە دەشكێنن، سزا بدرێن بە سزایەكی دارایی كە (500) دینار كەمتر نەبێت‌و لە (1000) دینار زیاتر نەبێت، بەڵام سزا داراییەكە زیادبكرێت لە حاڵەتی دوبارەكردنەوەیدا.  پەرلەمانتارەكە لە پرۆژەكەیدا كە لە (11) لاپەڕە پێكهاتووە، پێشنیازی ئەوەی كردووە سزای ئەو كەسانە بدرێت كە: •     لە شوێنە گشتییەكاندا بەجلوبەرگێكەوە دەردەكەون كە وێنە یاخود نوسینێكی پێوەیە‌و دژ بە ئاكاری گشتییە. •    ئەوانەی لە شوێنە گشتییەكاندا قسەی بێ شەرمانە‌و ئەو جۆرە قسانە دەكەن كە شكۆی مرۆڤ دەڕوشێنێت.  •    دەركەوتن لە شوێنە گشتییەكان بە جلوبەرگی ژێرەوە (بیجامەی خەو). •    وێنەكێشان‌و نوسین لەسەر دیوارەكان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەنی رێگەپێدراو. •    ئەوانەی دەنگی گۆرانی‌و مۆسیقا لە شوێنە گشتییەكاندا بەرزدەكەنەوە. •    ئەوانەی لە شوێنە گشتییەكاندا كەسانی تر بە دەستەواژەی بێشەرمانە‌و رەگەزپەرەستانە بانگهێشت دەكەن. •    قۆستنەوەی منداڵان‌و ژنان‌و بەكارهێنانیان لە كارێكدا كە مەترسی لێبكەوێتەوە. •    دەستدرێژیكردن بۆسەر مافی كەسانی تر لە ریزەكانی چاوەڕوانی‌و سەرەگرتندا یاخود وێنە گرتنی خەڵك لەو ریزانەدا بەمەبەستی گاڵتەپێكردن. •    دانانی پۆستەری ریكلام لەسەر دیواری ماڵ‌و شوێنە گشتی‌و تایبەتییەكان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە خاوەنی ئەو شوێنانە. •    هەڵدانە دەرەوەی خۆراك‌و جگەرە لە جامی ئۆتۆمبیلەوە بۆسەر رێگا گشتییەكان. پەرلەمانتارەكە داوا دەكات پەرلەمان رێگە بە وەزیری ناوخۆ یاخود جێگرەكەی بدات لیستی ئەو ئاكارانە رابگەیەنێت كە دەكرێت زیان بە ئاكارو ئەخلاقی گشتی بگەیەنن. بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "القبس"ی كوەیتی بڵاویكردوەتەوە، پەرلەمانتارەكە لەبارەی هۆكاری نوسینی پرۆژەیاساكەوە باسی لەوەكردووە، نوسینی پرۆژەیاسایەكی لەمجۆرە بەهۆی ئەو دەرچونە ئەخلاقییانەوە بووە كە بەمدواییە لە كۆمەڵگەی كوەیتیدا بەدی كراوە، لەوانە قسەكردن بەشێوەی ناشیان لە شوێنە گشتییەكان بە دەنگی بەرز.  


(درەو میدیا): وادەی وەرگرتنی فۆڕمی كاندیدبوون كۆتایی هات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناوو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كەسانە فۆرمی كاندیدبوونیان بۆ شەش پۆستەكەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە، كە بڕیارە رۆژی شەممە لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەدا یەكلابكرێنەوە: كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی: •    عەدنان عوسمان  •    زمناكۆ جەلال كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕەكان: •    ئاسۆ رەحیم •    شەماڵ عەبدولوەفا كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری ژورەكان: •    دەرباز محەمەد •    گەیلان شێخ عومەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان •    جەلال جەوهەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك: •    عومەر حەمە حسێن (عومەری مریەم) •    قارەمانی كۆیە •    برزۆ مەجید •    كاوەی مامە عەبە  •    مونیرە عوسمان •  ئاوارە سلێمان بەپێی دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەم خانەیە لە (7) كەس پێكدێت، یەكێك لە ئەندامەكانی سەرۆكی جڤاتی گشتییە كە ئەمڕۆ هەڵبژێردراو (جەمال محەمەد) وەكو سەرۆكی نوێی ئەو جڤاتە یەكەمین كەس كاتی ئەندامبوونی لە خانەی نوێی راپەڕاندن بڕی. رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بەپێی دەستور یەكێكە لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەیەكەمینجار لە مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەم هەڵبژاردنەدا دوو كەس كاندیدن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كە ئەوانیش هەریەكە لە: •    عومەر سەید عەلی- رێكخەری ئێستا بزوتنەوەكە •    شۆڕش حاجی- ئەندامی ئێستا خانەی راپەڕاندن  


(درەو میدیا): كاتژمێر چواری ئەمڕۆ دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستەكانی رێكخەر و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان داخرا. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) بۆ پۆستی رێكخەری گشتی، بۆ یەكەمجار دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، یەكەمجارە لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو كەس ركابەرایەتی دەكەن لەسەر بردنەوەی پۆستی رێكخەری گشتی، ئەوانیش هەریەك لە : •    عومەر سەید عەلی  رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەكە •    شۆڕش حاجی  ئەندامی خانەی راپەڕاندن   عومەر سەید عەلی 1975 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە  1976 لەلایەن حكومەتی عێراق لە 11ی تەممووز سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا 1979 بەر لێبوردنی گشتی كەوت و ئازادكرا 1980 بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەوە ، لە كێوەڕەش بریندار بووە   1992 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان  2002 بوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی 2009 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراندووە  2017 بوە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان د. شۆڕش حاجی  1958 لەدایك بووە 1976 پەیوەندیكردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە 1979 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە  1990 بە بڕیاری یەكێتی نێردراوەتە دەرەوەی وڵات  2008 لە لەندەن رەوتی گۆڕینی دیموكراسی( رەگ)ی  دامەزراند  2010 بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2017 بۆتە ئەدامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان  1996 – 2009 مامۆستا بووە لە زانكۆی لەندەن  دكتۆرای لە زانستە سیاسیەكان بەدەستهێناوە لە بەریتانیا   


درەو میدیا: ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕیوەچوو، جەمال محەمەد بە سەرۆكی جڤاتی گشتی و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی و پێشڕەو رەئوف بە سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران. بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی پێشوی جڤاتی گشتی وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك لە داخوازیەكانی جڤاتی گشتی جێبەجێبكردایە هەرگیز لە 24 كورسی پارلەمانەوە نەدەبوو بە 12 كورسی و رۆژی بەم رۆژە نەدەگەیشت. بەهەڵبژاردنی وەك سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەمال محەمەد راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و پێنج ئەندامەكەی دیكەی خانەی راپەڕاندن بكرێت،  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا 49 ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربوون لەكاتێكدا ژمارەی ئەندامانی لە هەندێك قۆناغدا گەیشتبووە نزیكەی  (70 )ئەندام، ئەگەرچی بەپێی دەستوری گۆڕان نابێت ئەندامانی جڤاتی گشتی لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بن، واتا نزیكەی ( 20 )ئەندامی جڤاتی گشتی دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو وازیان هێناوە بەهۆی نیگەرانی لە هەڵوێستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێكیشیان چونەتە دەرەوە وڵات، رۆژی رابردوو (7) ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیان خستە بەردەم رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (7) ئەندامەی جڤاتی گشتی  ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە " خۆی هۆكاری سەرەی ئەوەی كە ئەم حەوت كەسە دەستمان لەكاركێشایەوە ئەوەبوو كە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كرد داوامان لێكردن لەپێناوی یەكڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەكەن و درێژی بكەنەوە بۆ كۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەكەیان خستە بواری جێ بەجێ كردنەوە كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەكەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، كەواتە كە بەقسەمان ناكەن و هیچ بۆچونێكمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە!، جڤاتی گشتی چیە؟ بەشی هەشتەمی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە كۆنفرانسی ساڵی 2013 پەسەندكراوە، تەرخانكراوە بۆ جڤاتی گشتی، لە مادەی یەكەمی بەشی هەشتەمی دەستورەكەدا هاتووە: جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژكاری بوارەكانی كاری، سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی، و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.  ئەركەكانی جڤاتی گشتی ئەركەكانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە دانانی نەخشەی كارو هاوكاری جڤاتی نیشتیمانی بەراوێژ و راسپارە دەربارەی:. •    هەڵسەنگاندی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان  •    هەڵسەنگاندی پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستان، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ حزب و رێكخراوە سیاسیەكان.  •    ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی هەر دامەزراوەیەكی تر.  پێكهاتەی جڤاتی گشتی یەكەم: جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەو كەسایەتیە گشتیانەی كە لە ماوەی تەمەنیان لە یەكێ لە بوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانە:  •    كەسایەتی سیاسی  •    كەسایەتی زانستی  •    كەسایەتی كۆمەڵایەتی دووە: ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی نابێ لە ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بێت.  خانەی راپەڕاندن چییە ؟ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا". كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا. 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون: •    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە •    عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە) •    جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان •    محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە. •    شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك •    رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی  


راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ئەو وڵاتانە كامانەن كە خەڵكەكانیان زۆرترین كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەسەر دەبەن ؟ ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكی (BBC)یە لەبارەی زیانەكانی مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، بەپێی راپۆرتەكە گەلی فلیپین یەكەم گەلن لەڕووی زۆری ئەو كاتەی كە لە تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەبەرامبەردا گەلی ژاپۆن كەمترین كات تەماشای تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان دەكەن. دەقی راپۆرتەكە  توێژینەوەیەكی نوێ بەوە گەیشتووە، ئەو كاتەی كە بەكاربەران لەسەر ئاستی جیهان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەماوەی ئەم حەوت ساڵەی دوایدا بەرێژەی 60% زیادی كردووە.  دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" كە دامەزراوەیەكی بواری توێژینەوەیە لە لەندەن، شیكاری بۆ تۆماری (45) دەوڵەتی گەورە كردووە لە "بازاڕی ئینتەرنێت"دا، بۆی دەركەوتووە ئەو كاتەی كە هەر كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەپلیكەیشنەكانیدا بەسەری دەبات، لە (90 خولەك)ی رۆژانەوە لە ساڵی 2012دا، زیادی كردووە بۆ (143 خولەك) لە سێ مانگی یەكەمی 2019دا. جیاوازییەكی زۆر هەیە لە بەكاربردندا لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و نیشتیمانی: لە ئەمریكای لاتین، كە گەورەترین رێژەی بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەسەر ئاستی جیهان، ناوەندی ئەو كاتەی كە لە بەكاربردنی ئەو تۆڕانە بەسەردەبرێت رۆژانە (212 خولەك)ە. لەبەرامبەردا، لەسەر ئاستی ناوچەیی كەمترین كات كە لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبرێت، لە ئەمریكای باكورە كە (116 خولەك)ە. فلیپینییەكان لە ریزی پێشەوەی لیستی ئەو میللەتانەدان كە زۆربەی كاتەكانیان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر دەبن، بە تێكڕای (241 خولەك) لە رۆژێكدا، ئەمە بە بەراورد بە (45 خولەك) لە ژاپۆن. پاشەكشێ بەڵام پێدەچێت جێگەی سەرسوڕمان بێت كە شیكاركردنی تۆمارەكانی نزیكەی (ملیۆنێك‌و 800 هەزار) كەس دەریخستووە، بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستی خۆیدا ماوەتەوە یاخود لە نیوەی ئەو (20) وڵاتەدا كەمیكردووە. دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەڵێ تۆمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن "زۆرێك لە بەكاربەرانی ئینتەرنێت ئاگاداری ئەو كاتەن كە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبن". چیس باكل بەڕێوەبەری بەشی ئاڕاستە سەرەكییەكان لە "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" بە (BBC)ی وت:" بەكاربەرانی ئینتەرنێت رۆژانە زیاتر لە شەش كاتژمێر لەناو تۆڕەكە بەسەردەبەن، یەك لەسەر سێی ئەو كاتە تەرخانكراوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان". "تێكڕای تەماشاكردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكە كە بایەخی خۆی هەیە، ئەو ماوەیەی كە رۆژانە لەو شوێنانە بەسەریدەبەین یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی ئەو چالاكییە، ئەو گەشەسەندنەی كە موبایلە زیرەكەكان بەخۆوەی دەبینن، یارمەتیدەر بووە بۆ ئاسانكردنی زانینی ئەو بابەتە". لەناو ئەو وڵاتانەی كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، (تایلەند) گەورەترین پاشەكشێی لە ئاستی بەكاربردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە؛ بەجورێك لە (194 خولەك)ی ساڵی رابردووەوە بۆ (171 خولەك) لەمساڵدا دابەزیوە. لە (ڤێتنام)یش، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، بەكاربردنی رۆژانە (10 خولەك) كەمیكردووە. هەروەك هەریەكە لە (ئیندۆنیزیا)‌و (بەلجیكا)‌و (غانا)‌و (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) پاشەكشێیەكی سنورداریان لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە. بەڵام تێكڕای بەكاربردن لە زۆینەی وڵاتاندا كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، بەرزبونەوەی تۆماركردووە، لە هەندێك لەو وڵاتانەدا بەرزبونەوەكە جێگەی سەرەنجە. "ئەپلیكەیشنە جەماوەرییەكان" ئێستا لە چین بەكاربەری ئاسایی لە رۆژێكدا (139 خولەك) كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبات، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (19 خولەك) زیادی كردووە.   بەڵام لە سعودیە، تێكڕای كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (14 خولەك) زیادی كردووە، لە توركیا (13 خولەك) زیادی كردووە. چیس باكل دەڵێ:" لە كیشوەری ئاسیا، دیمەنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازن، ئەپلیكەیشنی سەرەنجڕاكێش هەن كە جەماوەری زۆریان هەیە، كە ئەوانەش ئەپلیكەیشن-ن بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتی‌و ئەو رۆڵە تێدەپەڕێنن كە ئەو تۆڕانە بە مانا خۆرئاواییەكەی هەیانە، لەڕێگەی ئەو ئەپلیكەیشنانەوە دەرفەت بە بەكاربەران دەدرێت پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێكانیان بكەن‌و بە چەندین كاری تری بكەن وەكو پێدانی پسوڵەو، گرتنی ژور لە هۆتێلەكان‌و داواكردنی تاكسی‌و پێدانی پارەی كاڵا لە فرۆشگاكاندا".  باسی لەوەكرد:" لە چین، ئەپلیكەیشنی (وی چات) هەژمونی بەسەر كەشوهەوای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا كردووە، ئەپلیكەیشنەكە بەردەوامە لە راكێشانی چالاكی زیاترو زیاتر، ئەمە وادەكات بەكارهێنەران دەست بە بەكاربردنی ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە بگرن وەكو وەفایەك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان". پێكهاتەی دانیشتوان پێدەچێت بەرزبوونەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیوەست بێت بە پێكهاتەی دانیشتوانەوە، بەتایبەتیش ئەو توێژەی كە تەمەنیان لەنێوان (16 بۆ 24 ساڵ)دایە. ئەو توێژانە لە توێژەكانی تر زیاتر رۆژانە كات لەسەر ئینتەرنێت بەسەردەبەن- بەپێی دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس"، لە ساڵی 2018دا ئەم توێژانە رۆژانە بە تێكڕا لانی كەم (180 خولەك) كاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەربردووە. هەركاتێك تێكڕای تەمەنی دانیشتوان لە وڵاتێك كەم بوبێت، تێكرا بەسەربردنی كات لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو وڵاتەدا زیادی كردووە، بۆیە ئەو وڵاتانی تازە بازاڕەكەیان گەشەی كردووە، لەم بوارەدا لە پێشەوەن. باكل دەڵێ:" هێشتا گەنج بەرزترین توێژە لەناو ئەوانەی كە بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بەبەراورد بە توێژەكانی تر. لە راستیدا ئەوان هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە". بەرژەوەندی بەكاربەر پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەبارەی بەسەربردنی كاتی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەو شاشانەی كە پەیوەندیدارن بە زنجیرەیەك كێشەی تەندروستی دەرونییەوە. خاتوو ئاشلی ولیامز كە توێژەرە لە كۆلیژی هارڤارد بۆ كار دەڵێ:" بەگوێرەی توێژینەوە، ئەو كەسانەی كە كاتێكی زۆر لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن، كەمتر دڵخۆشن، بەكاربردنی زۆری ئەو تەكنەلۆژیایە پێدەچێت كێشەی زۆر بەجێبهێڵێت، كە لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە ئاستی خەمۆكی، خستنەوەی رووداو و، تەنانەت مردنیش". ئەم مەترسیانە ئەگەری ئەوەیان هەیە گۆڕانكاری لە ئاكاردا بكەن، ئەمە سەرباری زیادبوونی ئەو ئەپلیكەیشنە دیجیتاڵییانەی كە تایبەتمەندن بە سەلامەتی بەكاربەرانەوە، وەكو ئەو ئەپلیكەیشنانەی كە كاتی تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سنوردار دەكەن‌و رێگری لێدەكەن. توێژینەوەكەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەریخستووە كە "ئالودە"بووانی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر ئارەزووی بەكارهێنانی ئەو ئەپلیكەیشنە نوێیانە دەكەن، لەناویشیاندا توێژی لاوان. باكلی وتی:" ئەو تەكنەلۆژیا دیجیتاڵە پێشكەوتووانە یارمەتی بەكاربەران دەدەن كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكبخەن. زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو توێژەی كە تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 24 ساڵدایە دان بەوەدا دەنێن كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەسەر ئینتەرنێتن، ئەمە لەكاتێكدایە زیاتر لە یەك لەسەر سێی ئەو توێژە دەڵێن تەكنەلۆژیا ژیان ئاڵۆز دەكات. هێشتا هۆشیارییەكی روونیش هەیە لەبارەی كاریگەری پێشكەوتنی تەكنەلۆژیان لەسەر ژیانیان".  كاتی نمونەیی ؟ كاتێكی نمونەیی فەرمی نییە بۆ مانەوە بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. بۆ جاری یەكەم، رێكخراوی تەندروستی جیهان لە نیسانی رابردوودا یەكەمین پێشنیازی تایبەتی خۆی لەبارەی بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و تەماشاكردنی شاشە دەركرد، رێكخراوەكە منداڵانی خوارو تەمەن پێنج ساڵی كردوەتە ئامانجی پێشنیازەكەی خۆی. توێژینەوەیەك كە زانكۆی پەنسلڤانیا لە كانونی یەكەمی رابردوودا كردویەتی‌و 143 خوێندكاری گرتوەتەوە، ئاشكرایكردووە، كورتكردنەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ 30 خولەك لە رۆژێكدا بوەتەهۆی " پاشەكشێكردنێكی دیار لە تێكڕای هەستكردن بە تەنیایی‌و خەمۆكی". بەڵام هەندێك لە پسپۆڕان باوەڕیانوایە پرسەكە پڕ گرێوگۆڵە. ئەندی شیبیلسكی توێژەر لە پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ ئینتەرنێت دەڵێ:" ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی زۆر جۆراوجۆرە؛ سایتی جیاواز بابەتی جیاواز دەخەنەڕوو، ئەمە وادەكات سەخت بێت بتوانرێت گشتاندن بكرێت لەبارەی ئاسەوارەكانی ئامرازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand