Draw Media

درەو:  بە فەرمانی دادوەری دادگای قورەتو، بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوری پەروێزخان دەستبەسەر دەكرێت. سەرچاوەیەك لە گەرمیان بە (درەو)ی راگەیاند، لە دەروازەی پەروێزخان كۆمپانیایەك بیمەی لە شۆفێر و هاوڵاتیان وەرگرتووەو بەوهۆیەشەوە ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  سكاڵاى  تۆماركردووە لە دادگای قورەتوو، پۆلیسی گەرمیانیش لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای قورەتۆ، عەلی تۆفیق، بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی پەرێزخانى دەستبەسەركردووە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) راگەیاند" ئێستا عەلی تۆفیق لە پۆلیسی گەرمیان دەستبەسەر (تەوقیف)ە". (درەو) پەیوەندیكرد بە عەلی تۆفیق، بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی پەرێزخان، وەڵامی پەیوەندییەكەی دایەوە بەڵام رایگەیاند" لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێك نادەم"   سكاڵای ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەرامبەر كاری كۆمپانیایه‌ك به‌ ناوی " دڵنیا بۆ دڵنیایی "  پێچه‌وانه‌ی ڕێنمانی و فه‌رمانی كاركردنی كارده‌كات كه‌ پاره‌ له‌ شۆفێران و بازرگان وگه‌شتیاران وه‌رده‌گرێت كه‌ بۆهه‌ر شۆفێرێك بڕی( 20 هه‌زار) و هه‌ر گه‌شتیارێك (5 هه‌زار ) دینار وەردەگرێت.


درەو: "بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە پێناو هێوركردنەوەی شەقامی توڕەی شیعەكانی عێراقەو هێزی یاسای نیە بۆیە حكومەت مولزەم نیە بە جێبەجێكردنی" ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووی (168 ئامادەبوو) پرۆژە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی لە عێراق پەسەندكرد. دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ( سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر) ئامادەی بوو، لەناو توڕەیی و رقی ئەندامانە توڕەكانی شیعە بەڕیوەچوو كە لەبری گفتوگۆكردنی ووردی پرۆژە بڕیارەكە، زیاتر دروشمی دژ بە ئەمریكایان دەوتەوە. بەپێی بۆچونی بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ مولزەم نیە و حكومەت دەتوانێت جێبەجێی نەكات، بڕیارەكەی هێزی یاسای نیە، كە یاسای دەبێت حكومەت پێوەی پابەند بێت، بەڵام بڕیار حكومەت دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێت. بەڵام بۆچونێكی تر ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆخۆی لەپەرلەمان بووەو خۆی داوای كردووە ئەو بڕیارە بدەن و ئەو جێبەجێی دەكات، ئەمەسەرەرای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر توندە بەرامبەر بە ئەمریكاو پێی وایە ئەمریكا لەپشت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكانی عێراقەوەیە كە ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، بۆیە پێدەچێت عەبدولمەهدی سور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان  بڕیارە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق چەند لێكدانەوەیەكی بەدوای خۆیدا هێناوە: -    بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەیی دوو پێكهاتەی سەرەكی (كورد و سونە) بەڕێوەچوو كە لە پێكهاتەی كورد تەنها ( بەشیر حەداد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لە پێكهاتەی سونەش تەنها (9) ئەندامیان ئامادەبوو، بڕیار بوو بەشێك لەپەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، بەڵام بەهۆی ناردنی مەسجی هەڕەشە لەلایەن حزبوڵاوە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سونە، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد بەشدارییان نەكرد -    ئەم بڕیارە زیاتر بۆ هێوركردنەوەی شەقامی شیعییە كە لەدوای هێرشەكەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم و كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، درووست بوو بەرامبەر بە ئەمریكا. -    پرۆژە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق لەبەر ئەوەی (بڕیار)ە بۆیە حكومەت مولزم نیە بە جێبەجێكردنی. -    پەسەندكردنی ئەو بڕیارە بۆ حكومەتێكە كە ( كاربەڕێكەر)ەو توانای جێبەجێكردنی نیە. -    ئەمریكا رێككەوتنی ئەمنی هەیە لەگەڵ عێراق، بەپێی بڕگەی سێیەمی بەشی ( سی-یەم) لە رێككەوتننامەكەی نێوان ئەمریكا - عێراق، دەبێت ساڵێك پێشتر لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنی بەرامبەر ئاگادار بكرێتەوە. دەقی بڕیارەكەی ئەمڕۆی  پەرلەمانی عێراق: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی بیست‌و هەشتەمینیدا لە رۆژی 5/1/2020ی وەرزی یاسادانانی یەكەمی ساڵی یاسادانانی دووەم/ خولی چوارەمی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی (59/ دووەم)‌و (1)‌و (109)ی دەستور هەروەها بە پشتبەستن بە ئەركی نیشتمانی‌و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران وەكو نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە سوربوونەوە لەسەر سەلامەتی عێراق‌و سەروەریی بەسەر خاك‌و گەلەكەیدا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستور پێی دراوە، ئەم بڕیارەی دەركرد: 1-    پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوایەی كە بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە بۆ شەڕی رێكخراوی داعش لە رۆژی / /2016، بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازی‌و جەنگییەكان لە عێراق، سەركەوتن بەدیهاتووە‌و پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی‌و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی . 2-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبینێتەوە، ژمارەی هونەرییەكان‌و راهێنەرانی بیانی رابگەیەنێت كە پێویستیان پێیەتی لەگەڵ شوێنی جێگیربوون‌و ئەرك‌و ماوەی گرێبەستەكانیان. 3-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە وەزیری دەرەوەدا دەبینێتەوە بچێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و سكاڵایەك لەدژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەش بكات بەهۆی پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەری‌و ئاسایشی عێراق. 4-    ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسەندكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 5- دەبێت چەك تەنها لەدەستی حكومەتدا بێت.   


(درەو): ئێستا پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەدایە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەبڕیارێك كە لایەنە شیعەكان ئامادەیان كردووە‌و تێیدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن بڕیار بدات لەسەر كۆتایهێنان بە ئەركی سەربازی هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەمەش زیاتر پرۆژەكە حكومەت ناچار دەكات لەرێگەی وەزیری دەرەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا لەدژی ئەمریكا تۆمار بكات. ئەمە هەمووی كاردانەوەی لایەنە شیعەكانە بەرامبەر بە كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لە هێرشێكدا لە فڕۆكەخانەی بەغداد. دەقی پرۆژە بڕیارەكە بە زمانی كوردی: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی بیست‌و هەشتەمینیدا لە رۆژی 5/1/2020ی وەرزی یاسادانانی یەكەمی ساڵی یاسادانانی دووەم/ خولی چوارەمی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی (59/ دووەم)‌و (1)‌و (109)ی دەستور هەروەها بە پشتبەستن بە ئەركی نیشتمانی‌و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران وەكو نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە سوربوونەوە لەسەر سەلامەتی عێراق‌و سەروەریی بەسەر خاك‌و گەلەكەیدا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستور پێی دراوە، ئەم بڕیارەی دەركرد: 1-    پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوایەی كە بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە بۆ شەڕی رێكخراوی داعش لە رۆژی / /2016، بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازی‌و جەنگییەكان لە عێراق، سەركەوتن بەدیهاتووە‌و پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی‌و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی بۆ هیچ هۆكارێك لەماوەی (). 2-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبینێتەوە، ژمارەی هونەرییەكان‌و راهێنەرانی بیانی رابگەیەنێت كە پێویستیان پێیەتی لەگەڵ شوێنی جێگیربوون‌و ئەرك‌و ماوەی گرێبەستەكانیان. 3-    پێویستە بەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە وەزیری دەرەوەدا دەبینێتەوە بچێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و سكاڵایەك لەدژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەش بكات بەهۆی پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەری‌و ئاسایشی عێراق. 4-    ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسەندكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


(درەو): میدیای فەرمی ئێران وێنەی چوار كەسی بڵاوكردەوە كە لە هێرشەكەی فڕۆكەخانەی بەغداد لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسدا كوژراون. 🔹ناوی (حسێن پورجەعفەری)یە، ساڵی 1967 لە پارێزگای كرمان لەدایكبووە، یاریدەدەری تایبەتی قاسم سلێمانی بووە، دوای كوژرانی دوو كچ و دوو كوڕی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. 🔹ناوی (هادی تارمی)یە، لەدایكبووی ساڵی 1980یە، خەڵكی شاری زنجان بووە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە‌و لەزۆر ساتی مەترسیداردا لەگەڵ سلێمانی بووە. 🔹ناوی (شەهرود موزەفەری نیا)یە، ساڵی 1979 لەدایكبووە، خەڵكی پارێزگای قوم-ە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە. 🔹ناوی (وەحید زەمانیان)ە، لەدایكبووی ساڵی 1993یە، خەڵكی تارانی پایتەختە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە.  


رەحیم عێراق 🔹 رێککەوتنی ئەمنی بەشێکە لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە مانگی ۱۱ی ساڵی ۲۰۰۸ ئیمزاکرا- یاسای ٥۲. 🔹رێککەوتنەکە لە (۱۱) بەش پێکدێت، چەندین رێککەوتن لەخۆدەگرێت تایبەت بە هاوکاری سیاسی، رۆشنبیری، رێککەوتنی تر، لە هەمووی گرنگتر رێککەوتنی بەرگری و ئەمنییە (بەشی سێیەم). 🔹ئەم رێککەوتنە بە رەزامەندی و پەسەندکردنی (هەموو هێزە سیاسییەکان) کراوە، جگە لە رەوتی سەدرو حزبی شیوعی، هەموو هێزو کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەوکات (۲۰۰۸) کە تائێستاش لە دەسەڵاتدان، لە پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای دەنگ، پەسەندکرا. 🔹لەناو وردەکاری رێککەوتنەکەدا لەبەشی (سییەم)یەمدا- (۳) رێگە بەهەردوولا دەدات کۆتایی بەکارکردن بەم رێککەوتنە بهێنن لەڕێگەی ئاگادارکردنەوە لایەنی دووەم بەشێوەیەکی فەرمی، دوای ساڵێک لە پێشکەشکردنی ئاگادارکردنەوەکە، کارکردنی بە رێککەوتنەکە کۆتایی دێت، ئەمەش دەرفەتی ئەوە بە عێراق دەدات لە رێککەوتنەکە دەرچێت بەوشێوەیەی لەو بڕگەیەدا هاتووە، بەواتای ئەوەی پێویستمان بەوە نییە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، هەمووی ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە بەشێوەیەکی فەرمی داواکارییەک پێشکەشی لایەنی ئەمریکی بکرێت بۆ کۆتایهێنان بە رێککەوتنەکە، لەماوەی (ساڵێک) داواکارییەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، واتە هیچ پێویست بە شۆکردنی بەتاڵی پەرلەمان ناکات. 🔹لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا (تەنیا دەنگدان) وەکو نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەبەردەم جەماوەردا وەکو ئەوەی راهاتوین لەسەری. 🔹 بەڵام هەندێک بابەت هەن دەبێت گرنگییان پێبدرێت. 🔸 ئەو رێککەوتنە ئەمنییە کە ئیمزاکراوە، (هەموو لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان بەبێ جیاوازی) پەسەندیان کردووە. 🔸رێککەوتنی ئەمنی گرێبەستی پێدانی چەک و راهێنانی فڕۆکەی ئێف ۱٦و تانکی ئەبرامزو جۆرەکانی تر لەخۆدەگرێت- بەبەهای (۱٤۰ ملیار دۆلار) کە بە قیستی درێژخایەن پارەکە دەدرێت و تائێستا عێراق جگە لە بەشی تایبەت بە پێدانی فڕۆکەی ئێف ۱٦ هیچ پارەیەکی نەداوە، بەواتای ئەوەی عێراق دەبێت بە بارمتەی ئەو قەرزو گرێبەستانەو دەبێت پابەندبێت بەوەی لەسەریەتی. 🔸 بەندەکانی پێدانی چەک لە رێککەوتنەکەدا رێگە بە عێراق نادات جۆراوجۆری بکات لەسەرچاوەکانی چەکدا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی ئەمریکی.. کۆنترۆڵی لایەنی ئەمریکی بەسەر تەکنیکی هاتوچۆی ئاسمانی و جوڵەی فڕۆکەوانی سەربازی لەچوارچێوەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش. 🔸 رێککەوتنەکە سەقفێکی دیاریکراوی بۆ کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا دیارینەکردووە لەدوای ئەو ساڵەی کە رێککەوتنەکە چەسپێندراوە. 🔴 شکستەکانی لایەنی عێراقی لەکاتی رێککەوتنەکەدا: لەژێر فشارێکی سیاسی بێ بەهانەدا، لایەنی عێراقی جەختی کرد لەسەر کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەهەر رێگایەک بێت، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ نیشاندان هێزی ماسولکەی سیاسی لەناوخۆی عێراق لە نەزانی و نەبوونی شارەزاییەوە لە دانوستان و بنیادنانی ستراتیژیەتێک کە بەرژەوەندی عێراق وەکو بەهایەکی باڵا هەڵگرێت و دانوستاندنی لەسەر نەکات، لایەنی عێراقی شەڕی لەسەر هەندێک لایەن کردووە کە بەهای باڵایان نییە لە رێککەوتنی لەم چەشنەدا، لەوانە جەختکردن لەسەر پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوان لەلایەنی ئەمریکییەکان- سەپاندنی ویلایەتی دادوەریی عیراق بەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا- هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی (حەسانە) لەسەر کارمەندەکانیان- خەمی گەورە بووە لەلای لایەنی عێراقی (سیاسییەکان) کە گۆرانییان دەوت بەم دەستکەوتانەیاندا. لەحاڵێکدا ئەمانە لای ئەمریکا هیچ قورساییەکی نەبووەو وەکو دەستکەوتێکی گەورە بۆی جێهێشتوون.


(درەو): ئاژانسێكی هەواڵی ئێران كە سەربە سوپای پاسدارانە دەڵێ:" قاسمی سلێمانی هەولێرى لە هێرشی داعش پاراست، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تائێستا ئیدانەی كوژرانی سلێمانییان نەكردووە".  ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) كە سەربە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتێكدا هێرشی توندی كردەسەر حكومەت‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان. لەو راپۆرتەدا كە لەژێر ناوی "سەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و شاردنەوەی راستییەكی ئاشكرا/ چیرۆكی هەڕەشەكردن لە بارزانی لەلایەن پۆمپیۆ-وە" بڵاوكراوەتەوە، سایتی سەربە سوپای پاسداران رەخنەی توند لە حكومەت‌و سەركردە سیاسییەكانی هەرێم گرتووە لەمەڕ بێدەنگییان سەبارەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سەردار قاسم سلێمانی رۆڵی تایبەتی هەبووە لەرێگریكردن لە كەوتنی هەولێر لەبەردەم هێرشی "داعش"دا. راپۆرتەكە دەڵێ:" رۆژی 8ی ئۆگۆست بوو كە ه‌وشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن بارزانییەوە راسپێردرا كە پەیوەندی بە جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكاوە بكات‌و داوای لێبكات كە رێگری بكەن لە كەوتنی هەولێر، بەڵام بەر لەوەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بگەن، یەكینەیەك لە هێزی تایبەت بە فەرماندەیی شەهید قاسم سلێمانی چوونە ناو بەرەكانی شەڕو لە هەرسێ میحوەری (خازر- گوێر- مەخمور)، ئامادەیی سەربازیی ئێران لەو ئۆپراسیۆنەدا لەسەر داوای راستەوخۆی مەسعود بارزانی بوو، دوای ئەوەش بەناردنی نامەیەك بارزانی سوپاسی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە جارێكی تر لە سەختترین بارودۆخدا ئێران بەرگری لە هەرێمی كوردستان كردووە". بەگێڕانەوەی ئەم چیرۆكە لەبارەی رۆڵی قاسم سلێمانی لە پارێزگاریكردن لە شاری هەولێر، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران "بارزانییەكان" تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەبڵ مۆڕاڵ"ن كە بەزمانی فارسی پێی دەوترێت "رفتار دوگانە". وەكو ئاماژەیەك بۆ ئیدانەكردنی هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە نوسویەتی:" لەحاڵێكدا بەرپرسانی فەرمی هەرێمی كوردستان خۆیان بەدورگرتووە لە ئیدانەكردنی دەستدرێژی ئەمریكییەكان بۆسەر بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی خزمەتكردن بە ئەمریكییەكان، ئیدانەی هەنگاوی خەڵكی عێراقی كرد كە ناڕەزایەتییان دژ بە تاوانەكانی ئەمریكا دەربڕی، ئەو، ئەمریكای وەكو دۆست‌و هاوپەیمانی خەڵكی كوردستانی عێراق ناوبرد". ئاژانسەكەی سەربە سوپای پاسداران لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا نمونەی بە هەواڵێكی سایتی (وشە) هێناوەتەوە‌و دەڵێ ئەو سایتە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە راپۆرتێكدا وەكو ئاماژەیەك بۆ رووداوەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كە كوردەكان جارێكی تر ئەمریكییەكانیان پەنا داوە. تەسنیم دەڵێ، سایتەكەی پارتی رایگەیاندووە، هەوڵە هاوبەشەكانی هەرێمی كوردستان‌و ئەمریكا بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی دروستكردنی گەورەترین كونسوڵگەری جیهان لە هەولێر پەیوەندیدارە بە رووداوەكانی بەغدادەوە. هەروەها باسلەوەدەكات" سایتەكەی بارزانی هەرچەندە ئەمریكییەكانی بە هاوپەیمانێكی بێ وەفای كوردەكان لە عێراق‌و ناوچەكە ناوبردووە، بەڵام بە راشكاوی ئاماژەی بە هاوكاری هەرێم لەگەڵ ئەمریكا كردووە‌و وتویەتی بەشێكی زۆری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەگوازێتەوە بۆ كونسوڵگەری هەولێر كە رووبەڕی كوسنوڵگەرییەكە 20 هێكتار زەوییە‌و لەلایەن بارزانییەكانەوە بەخشراوە بە ئەمریكا‌و بڕیارە بەبودجەی 795 ملیۆن دۆلار جێبەجێ بكرێت‌و لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بكرێت". لەبەشێكی تر راپۆرتەكەی تەسنیم- دا هاتووە :" دوو رۆژ تێپەرێوە بەسەر تیرۆركردنی قاسم سلێمانی فەرماندەیەك كە بەرگریكاری راستەقینەی هەولێر بووە لە شەڕی داعشدا، بەڵام بەرپرسانی فەرمی هەرێم هیچ جۆرە كاردانەوەیەكیان نیشان نەداوە، حكومەت‌و پەرلەمانی هەرێم بەیاننامەی فەرمییان دەرنەكردووە بۆ ئیدانەكردنی ئەو هەنگاوە تیرۆرستییەی ئەمریكا، تاكە بەیاننامەیەك كە دەرچووە بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمە كە بەبێ ئیدانەكردنی ئەو كارە باس لە رۆڵی دیاری شەهید سەردار سلێمانی دەكات". راپۆرتەكە باس لە پۆستێكی ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە تێیدا باسی رۆڵی سەردار سلێمانی دەكات لە پرۆسەی بەرگریكردن لە هەولێر، دەڵێت دەوترێت سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەیان بە ئاری هەرسین سڕیوەتەوە. لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران بەپشتبەستن بە هەواڵێكی سایتی (شارپرێس) دەڵێ:" مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوی ئەمریكا دوای كارە تیرۆرستییەكەی فڕۆكەخانەی بەغداد بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسەی كردووە‌و هەڕەشەی لێكردووە كە لە پەرەسەندنەكانی ئێستای عێراق‌و ناوچەكەدا لایەنی ئێران نەگرێت‌و دەبێت هەرێمی كوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بكات".


درەو: نەخشەی سیاسی و سەربازی لیبیا لە ئێستادا دابەش بووە بەسەر  (هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی) كە  فایز ئەلسەراج سەرۆكایەتی دەكات كە تەرابلوسی پایتەخت و حكومەت و دام و دەزگا كانی بەدەستەوەیە،  هێزو گروپەكانی  سەر بە خەلیفە حەفتەر، كە دەیانەوێت تەرابلوسی پایتەخت لەدەستی هێزەكانی ویفاقی نیشتیمانی دەربهێنن. ئێستا گروپ و هێزە ناوخۆییەكانی لیبیا دابەش بووە بەسەر ئەو دووبەرەیەدا: یەكەم/ هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی (فایز ئەلسەراج) * هێزی پاراستنی تەرابلوس -    لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -    دیارترین گروپە شەڕكەرەكانی پشتیوانی حكومەتی ویفاق لەخۆ دەگرێت. ( شۆڕشگێڕەكانی لیبیا_ لیوای ئەلنەواسی_ هێزی ئەلرەدع و دەستوردانی هاوبەش  میحوەری ئەبو سەلیم-ملیشای باب تاجورا). •    كەتیبەی شۆڕشگێڕەكانی تەرابلوس -لەمانگی كانونی ساڵی 2018 دامەزراوە. -هەیسەم ئەلتاجوری سەركردایەتی دەكات، كۆنتڕۆڵی ڕووبەرێكی فراوانی تەرابلوسی پایتەختی كردووە كە لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی ویفاق دایە. -خاوەنی بنكەی ئەمنیی و سەربازیی بەهێزە لە تاجوراو  عەینزارەو ئەلفرناج و سەلاحەدین. •    هێزی ئەلرەدع و دەستوەردانی خێرا. -    لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -    (عەبدولغەنی ئەلكیكلی) سەركردایەتی دەكات، سەركردەی دیاری تەرابلوس كە بە (غنیوە) ناسراوە. -بە زیاد لە ناوێك ناسراوە(لیوای ئەبو سەلیم یان هێزی غنیوە). •    كەتیبەی ئەلنەواسی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -لەلایەن (مستەفا قەدور)ەوە سەركردایەتی دەكرێت، كەسێكی توندڕەوی ناسراوە. -ناسراوە بە هێزی هەشتەم، كە یەكێكە لەگروپە چەكدارەكانی پشتیوانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی.   •    هێزی ردعی تایبەت -    لەساڵی 2016 دامەزراوە. -    لەلایەن عەبدولرەئوف كارە ناسراو بە (شێخ ملازم). -    سەر بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانییە، كە پڕچەكترین و خاوەنی زۆرترین ژمارەی  چەكدارە لە تەرابلوس. •    لیوای ئەلبەقرە كەتیبەی 33 ی پیادە -  لە ساڵی 2017 دامەزراوە. - بەناوی سەركردەكەیەوە ناونراوە ( بەشیر خەلفەڵا) كە بە (بەشیر ئەلبەقەرە) ناسراوە. *  لیوای مسیراتە - زیاتر لە 100 كەتیبەو لیوا لە خۆ دەگرێت. -پڕچەكترین  ئەوكەتیبانەن كە سەربە سوپای نیشتمانی نین. -لەناوچەكانی ناوەڕاست جێگرین، ئەوەش وایكردووە دووربن لە ڕووداوەكان. دووەم/ هێزەكانی سەر بە (خەلیفە حەفتەر) •    هێزی ساعیقە. - لەلایەن (وەنیس بوحماد)وە سەركردایەتی دەكرێت. - لەیەكەم ڕۆژی شۆڕشی لیبیاوە لە ساڵی 2011 لە موعەمەر قەزافی جیابۆوە. - خاوەنی 3300 چەكدارە. •    كەتیبەی تاریقی كوڕی زیاد - لەلایەن (سلێمان ئەلسعێتی)یەوە سەركردایەتی دەكرێت. - پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەدام كوڕی خەلیفە حەفتەرەوە هەیە. - لەكۆی گروپە چەكدارەكان ژمارەی زیاترو پڕچەكترە لە بەنغازی. *  كەتیبەی 106 - لەلایەن سەدام حەفتەرەوە سەركردایەتی دەكرێت و لە بەنغازییە. - لەساڵی 2018 بە فەرمانی حەفتەر كەتیبەی 101 پیادە خراوەتە پاڵی. * لیوای 73 پیادە - لە 11 تشرینی دووەمی ساڵی 2018 بە فەرمانی خەلیفە حەفتەر دروستكراوە. - ڕاستەوخۆ سەربە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانە لە بەنغازی. - عەمید( عەلی ئەلقەتعانی) سەركردایەتی دەكات.


راپۆرت: جۆناسان ماركۆس- پەیامنێری كاروباری دیپلۆماسی‌و بەرگری لە بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت توركیا دەستی بە سەرچڵیەك كردووە كە دەبێتەهۆی قوڵكردنەوەی تێوەگلانی لە ململانێی لیبیادا، بەتایبەتی دوای بڕیاری ناردنی هێز بۆ پاڵپشتی حكومەتی ویفاق لە تەرابلوس، كارێك كە وەكو قۆناغێكی نوێیە لە بەنێودەوڵەتیكردنی شەڕ لەوێ. ئەنكەرە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی داوە بە حكومەتی ویفاق لە تەرابلوسی پایتەخت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە، هەروەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش لەبەرژەوەندی حكومەتی لیبیا كاردەكات. پێدەچێت رۆڵی هێزەكانی توركیا لە لیبیا جەخت لەسەر ئەركی "راهێنان‌و راوێژكردن"بكات، بەڵام وەسفێكی فشەڵ بۆ ئەم رۆڵە، ئەگەر حكومەتی لیبیا خۆی لەناو قەیرانێكدا بینیەوە كە نەتوانێت لێی رزگار ببێت، ئەوكات توركیا خۆی دەبینێتەوە لەوەی ناچارە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین رۆڵی ئەو هێزەی كە توركیا لە لیبیا بڵاویكردوەتەوە هێشتا روخسارەكانی دیارنییە. لە نیسانی رابردوودا ئاستی ململانێكان لە لیبیا زیادی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەلیفە حەفتەر نەیاری سەرەكی حكومەتی ویفاق، هێرشی كردەسەر تەرابلوسی پایتەخت، وادەركەوت جەنگی بەوەكالەت بێت لەناو ژمارەیەك لایەنی دەرەكیدا كە لەناو لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیادا ئەوەیان هەڵدەبژێرێن كە پشتیوانی لە بەدیهێنانی ئامانجە ئیقلیمییەكانی ئەوان بكات. بەوەش دەكرێت ئەوەی لە لیبیا روودەدات بە وێنەیەكی بچوككراوەی ئەو كارەساتە گەورەیە ناوببرێت كە سوریا بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەتەواوەتی روونە بەشێكی زیاتری شانۆگەری قەیرانی لیبیا‌و رۆڵی گەورەی توركیا ماوەو لە چەند مانگی داهاتوودا دەردەكەوێت. ئەو حكومەتەی كە لە تەرابلوسە ئەو شتەی هەیە كە نەیارەكانی نیانە، چونكە ئەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدانراوە. هەروەك فرۆشتنی چەكیش بە هەردوو لایەنەكە قەدەغەكراوە (كە تاڕادەیەك لەگەڵ حكومەتی وەیفاقدا چاوپۆشی لەمە كراوە) بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە. بەڵام واقیعەكە تاڕادەیەك جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئاماژەمان پێكرد لە ساكاریی بارودۆخەكە لە لیبیا، حكومەتی ویفاق پاڵپشتی بەهێزی خۆرئاوای هەیە، لەكاتێكدا حەفتەر یارمەتی دارایی گەورە لە ئیمارات وەردەگرێت ئەمە سەرباری وەرگرتنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش لە ئوردن‌و ئیمارات پێكەوە. هەروەك ئیمارات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی چینی لە جۆری وینگ لۆنگ 2ی بڵاوكردوەتەوە، كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن ئەم فڕۆكانە بەرپرسن لە كوژرانی ژمارەیەكی زۆری مەدەنی، كە بوون بە قوربانی ئەو هێرشانەی حەفتەر ئەنجامیداون. هەروەها ژەنەراڵ خانەنشینی لیبیی (خەلیفە حەفتەر) پاڵپشتی لە میسر وەردەگرێت، ئەمە سەرباری یارمەتی سەربازی راستەوخۆی بەڵێندەرە سەربازییە روسییە "نیمچە فەرمییەكان"كان لەسەر زەوی‌و مورتەزەقە لە سودان‌و چاد، هەروەك راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن قەناسبەدەستە روسەكان رۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر رەوتی روداوەكان لە سەنگەرەكانی شەڕدا لە لیبیا. ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێ پێدەچێت هێزەكانی حەفتەر یارمەتی بەرگری ئاسمانی لە روسیا وەربگرن. واشنتۆن سورە لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە تشرینی دووەمی رابردوودا بە موشەكی روسی كەوتوەتەخوارەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو فڕۆكانە لە بواری ئاسمانی لیبیادا بەكاردەهێنێت بۆ لێدانی گورز لە پاشماوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوێ، ئەمەش تیشك دەخاتەسەر بەشێكی زۆری گرێوگۆڵ‌و ئەو ئاڵۆزییەی كە لەسەر زەوی هەیە لە لیبیا، لەكاتێكدا كە روسیا رەتیدەكاتەوە رۆڵی كارای هەبێت لەشەڕدا لەوێ. بەهەرحاڵ، كارەساتی لیبیا چیرۆكێكی زانراوە‌و لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چووەناو هاوپەیمانی خۆرئاواوە بۆ ئەنجامدانی گورزێكی ئاسمانی بۆ روخاندنی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە 2011دا، كە بەریتانیا‌و فەرەەنسا سەرۆكایەتییان دەكرد.  هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی لە لیبیا، سەركەوت لە گەیشتن بە رێككەوتنێك‌و حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلوس لێكەوتەوە، بەڵام هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا بە سەركردایەتی خەلیفە حەفتەر رەتیانكردەوە بچنەناو ئەو رێككەوتنەوە. لەنائامادەیی هەوڵێكی دیپلۆماسی یەكلاكەرەوەدا، قەیرانەكە لە لیبیا بەردەوامە. روسیا كە لەناوبردنی قەزافی لەلایەن هێزەكانی خۆرئاواوە رەتكردەوە، بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی خۆی لەناوچەكە لەڕێگەی لیبیاوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریش وای دەبینێت خەلیفە حەفتەر پیاوێكی سەربازی بەهێزە كە دەتوانێت بەشێوەیەكی بەهێز بەڕووی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوەستێتەوە. بەدڵنیایی توركیاش سور دەبێت لەسەر جموجوڵ لەپێناو پاڵپشتیكردن لە حكومەتە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكە. بەهۆی ئارەزووی هەندێك لە هاوبەشەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە هەردوو ئاڕاستەكە دەیانەوێت، توركەكانیش هەستیان بە بێئومێدی كردووە. بۆ نمونە فەرەنسا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژەنەراڵ حەفتەر بەهێز دەكات، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ململانێكانەوە تەنیا یەك هێڵی گرتووە. بەڵام روونە چالاكی سەرۆك ئەردۆغان رەهەندێكی ستراتیژی فراوانتری هەیە. توركیا وەكو بەشێك لە ناوچەیەكی فراوانی كەناراوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست‌و دەرگایەكی ئابوری گرنگی ئەفریقا تەماشای لیبیا دەكات، كە ژمارەیەكی كەم دۆستی لەو ناوچەیەدا هەیە. پشتیوانی توركیا بۆ ئیخوان موسلیمین ناڕەزایەتی توندی لای حكومەتی سەربازی میسر دروستكردووە. پەیوەندی نێوان ئیسرائیل‌و توركیا (كە رۆژگارێك باش بوو) ماوەیەكی زۆرە لەحاڵەتی ساردوسڕدایە، ناكۆكییە درێژخایەنەكانیش لەگەڵ یۆنان كە ئەندامی ناتۆیە، زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی قوبروس‌و لەسەر پرسی وزە. لە تشرینی دووەمی رابردوودا، ئەنكەر رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەرابلوس ئیمزاكرد، ئەمەش وادەكات ناوچەی ئابوری تایبەت كە باسدەكرێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەخاكی توركیاوە بگەیەنێتە ئەو ناوچەیەی كە لیبیا داوای دەكات. ئەم بانگەشانە لەسەر ئاستێكی فراوان ناكۆكییان لەسەرە. بەڵام هەنگاوەكەی توركیا ئاماژەیەك دەنێرێت بۆ یاریزانەكانی تر لەبواری وزەدا لەناوچەكە، بەوەی ئەگەر ئەنكەرە نەخرێتە ناو هاوكێشەكەوە، گەیشتنی بۆری غاز بۆ ئەوروپا كارێكی قورس دەبێت. شیكەرەوەكان ئەمە وەكو هەوڵێكی راستەوخۆ لێكدەدەنەوە بۆ روبەڕووبونەوەی ئیسرائیل‌و میسرو یۆنان‌و قوبروس كە پێكەوە كۆڕبەندی غازیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە. بەدڵنیایی، هەوڵی روو لەزیادبووی توركیا لە دۆزینەوەی نەوتدا لە ئاوەكانی قوبروس، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تێدایە‌و بەچەكەوە پارێزگاری لە كەشتییەكانی دەرهێنانی نەوت دەكەن، بەشێكە لەو چالاكییە نوێیە. مانۆڕی توركیا لە لیبیا هەڕەشەی دروستكردنی قەیرانێكی فراوانتر دەكات لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە دەكرێت ئەمەش پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە مۆسكۆ‌و واشنتۆن‌و هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ناتۆ لەلایەكی تر ئاڵۆز بكات. ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكانی ئێستاش زیاتر دەكات. توركیا ئومێدەوارە رۆڵی سەربازی ئەو لە لیبیا، لانی كەم زامنی ئەوە بكات جەنگ بگەیەنێتە بنبەست، بەمەش ئەنكەرە زامنی ئەوە دەكات لە كۆتایدا راوبۆچوونی هەبێت لە هەر ئەنجامێكدا كە بكەوێتەوە.


 (درەو): لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس ژمارەیەك كەسایەتی دیاری عێراق بەشدارییان كرد، هەندێك كارەكتەری تر لە تارانەوە بەشداری پرسەكەیان كرد، بەرپرسانی كورد‌و سوننە غائیب بوون‌و هەڵوێستیان لەبارەی رووداوەكەوە تائێستا ناڕوونە. غایبەكانی مەراسیمەكە: -    حەیدەر عەبادی  - سەركردەكانی سوننە - ئەیاد عەلاوی -    محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق  -    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق -    بەرپرسانی حزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان - موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر (لەدوای رووداوەكانی ئەمدواییەوە عێراقی بەجێهێشتووە‌و لە ئێران دەژی، سەدر لە تاران بەشداری پرسەی قاسم سلێمانی كرد) -    قەیس خەز عەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق - هەندێك لە فەرماندە دیارەكانی حەشدی شەعبی ئامادەبوانی مەراسیمەكە: -    عادل عەبدولمەهدی  سەرۆك وەزیرانی عێراق -    هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح -    نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا‌و حزبی دەعوە   -    عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە  -    هومام حمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی   


 (درەو): تەلەفزیۆنی روسیا تودەی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراقیەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بڵاوكردەوە. سەرچاوەكە باس لەوەدەكات، ئەو فڕۆكەیەی كە قاسم سلێمانی لە سوریاوە گواستوەتەوە بۆ عێراق، سەربە كۆمپانیای "ئەجنحە شام" بووە‌و دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ ئاگادارییەكیان نەبووە لەبارەی ئەوەی كەسایەتییەكی باڵا‌و گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەدایە. سەرچاوەكە دەڵێ:" كاتی گەیشتنی فڕۆكەكە لە كاتژمێر 11:30ی خولەكی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بووە، بەڵام فڕۆكەكە دوای كاتژمێرێك لە وادەی دیاریكراو گەیشتووە، ئەمەش بەهۆی دواكەوتنی هەستانی فڕۆكەكە لە سوریا". "فڕۆكەكە لە دەرگای ژمارە 21ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد راوەستاوە، سلێمانی بەناو دەروازەی فەرمی فڕۆكەخانەكەدا تێنەپەڕیوە، لەبەردەم فڕۆكەكەدا دوو ئۆتۆمبیل چاوەڕوانی بوون، ئۆتۆمبیلی یەكەم لە جۆری (ستارێكس)بووە، دووەم لەە جۆری (ئەڤەلۆن)، سواری یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان بووە‌و بەر لە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە دەرچووە". سەرچاوەكە ئاماژە بەوەدەكات" كاتێك بۆردومانەكە رویداوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی بەشێوەیەكی نافەرمی پرسیاریان لە فڕۆكەخانە كردووە ئایا هیچ كەسایەتییەكی گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەیەدا بووە، هەندێكیان وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە بەڵێ: قاسم سلێمانیمان بینی.. هەر لەوكاتەدا دەسەڵاتدارانی ئەمنی دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك لە گەشتیاران‌و نوێنەری كۆمپانیاكە كە وتویەتی ناتوانم سەرنشینەكان بناسمەوە، ئەوانە وەكو هەر كەسێكی تر گەشتیاربوون". سەرچاوەكە دەڵێ": دوای گەڕانەوە بۆ تەماشاكردنی كامێراكانی فڕۆكەخانەی بەغداد، دوو ئۆتۆمبیل دەركەوتوون كە چاوەڕوانی سلێمانییان كردووە". هەندێك میدیای عێراقی ئەمڕۆ رایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق هاوڵاتییەكی عێراقی‌و كەسێكی سوری‌و تیمی فڕۆكەكەی قاسم سلێمانییان دەستگیركردووە‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەڵام سەرچاوەی كەناڵە روسییەكە راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت كەس دەستگیرنەكراوە. لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی قاسم سلێمانی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، قسەی جۆراوجۆر دەكرێت، موحسین رەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران وتی:" سەردار قاسم لە سوریاوە چووەتە بەغداد، رەنگە ئیسرائیل لە سوریا چاودێری گەشتەكەی كردبێت‌و زانیاری بە ئەمریكا دابێت".


درەو: بە كوشتنی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕووی لە هەڵكشان كرد. پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) كەشتی جەنگی فرۆكە هەڵگری (ئەبراهام لینكۆڵن) و فرۆكەی شەڕكەڕی ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پاساوی بوونی زانیاری هەواڵگری لەبارەی ئامادەكاری ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش كە ڕەنگە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكاتە ئامانج. ئەم ئاڵۆزییانە ئێستا،  كەش و هەوای سێ‌ جەنگی ڕابردوو دێنێتەوە یاد لە ناوچەی كەنداو، یەكەمیان لەساڵانی 1980 - 1988 لە نێوان عێراق و ئێران، جەنگی دووەمی كوەیت 1990-1991 ، جەنگی سێیەمیش هێرشكردنە سەر عێراق وكۆتایهێنان بە رژێمی پێشووی عێراق لەساڵی 2003دا، ئەم كەش و دۆخەی ئاڵۆزەی ئێستا، ئاماژە بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی چوارەم دەكات لە ناوچەكە.  لەم ئینفۆگرافیكەدا لایەنەكانی جەنگی كەنداو دەخەینەڕوو ئەگەر ڕووبدات... ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی: -    سعودیە -    بەحرەین -    ئیمارات -    ئیسرائیل -    بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ( كوەیت، قەتەر، عومان)  ئێران و هاوپەیمانەكانی -    میلیشیا شیعەكانی عێراق و حەشدی شەعبی -    میلیشیاكانی ئێران لە سوریا -    حزبوڵای لوبنان -    میلیشیا حوسیەكانی یەمەن 


درەو:  گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری بەغداد، گەیشتۆتە لوتكەو ئەگەری پێكدادانی راستەوخۆ دەكرێت لە نێوان سوپای ئەمریكاو سوپای پاسدارانی ئێرانی، هەریەكەیان خاوەنی توانای سەربازی خۆیەتی، بەڵام جیاوازی زۆر لە ئاستی پێشكەوتن و توانای سەربازی نێوان ( ئەمریكا و ئێران) هەیە . •    سوپای ئەمریكا لە پلەی یەكەمی سوپای جیهانیدایەو ئێران لە پلەی 14 یەمیندایە •    ژمارەی دانیشتوانی ئەمریكا (329 ملیۆن) كەسەو ئێران (83 ملیۆن) كەسە •    ژمارەی سەربازانی ئەمریكا (2 ملیۆن و 100 هەزار) كەسەو ژمارەی سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێران (873 هەزار) كەسە. •    بودجەی ساڵانەی سوپای ئەمریكا (716 ملیار) دۆلارە، بودجەی ساڵانەی سوپای پاسدارانی ئێران (6 ملیارو 300 ملیۆن ) دۆلارە. •    ئەمریكا (13 هەزار) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە، ئێران (509) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە. •    ئەمریكا (13 هەزار و500) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، ئێران (319) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە. •    ئەمریكا (480 هەزارو 45) هێزی وشكانی لە تانك و زرێپۆشی هەیە، ئێران (8 هەزارو 515) تانك و زرێپۆشی هەیە. •    ئەمریكا (415) كەشتی جەنگیی هەیە ئێران (390) كەشتی جەنگیی هەیە. •    یەدەگی نەوتی ئەمریكا (36ملیارو 500 ملیۆن) بەرمیلە، یەدەگی نەوتی ئێران (158 ملیارو 400 ) بەرمیلە.   


(درەو): ئەو كەسەی كە لە شوێنی قاسمی سلێمانی دەستبەكاردەبێت، ساڵی 1981 بەشداری كردووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان. ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران چەند كاتژمێرێك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغداد، فەرمانێكی دەركرد‌و (ئیسماعیل قائانی) لە شوێنی ئەو وەكو فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دیاریكرد. خامنەیی لە فەرمانەكەیدا، قائانی وەكو وەكو "بەرجەستەترین فەرماندەكانی سوپا" ناوبردووە‌و داوای لێكردووە لە پۆستە نوێیەكەیدا درێژە بە بەرنامەكانی قاسم سلێمانی بدات. ئیسماعیل قائانی كێیە ؟ •    چەندین ساڵ یاریدەدەری قاسم سلێمانی بووە لە فەیلەقی قودس. •    لە شاری مەشهەد لەدایكبووە. •    ساڵی 1980 كە تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بووە بووە بە ئەندامی ئەو فەیلەقە سەربازییە. •    كۆتاییەكانی ساڵی 1981 هاتووتە تارانی پایتەخت‌و چووەتە سەربازگەی سەعدئاباد كە ئێستا ناوی سەربازگەی ئیمام عەلییەو لەوێ راهێنانی سەربازی بینیوە. •    قائانی دوای تەواوكردنی پەروەردەی سەربازی، گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەشهەد‌و لە یەكێك لە بنكەكانی پەروەردەیی سوپای پاسداراندا وەكو كادرێكی سەربازیی دەستبەكاربووە. •    پاش ماوەیەك‌و لەناوەڕاستی 1981 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، قائانی رەوانەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە بۆ روبەڕووبونەوە‌و سەركوتكردنی خەڵك. •    راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن لە ساڵی 1980 تاوەكو كۆتایی جەنگی ئێران- عێراق بەشداری جەنگەكەی كردووە‌و هەندێك وێنەی ئەوكاتەی هەیە كە لەناو سەنگەرەكاندایە. •    لەماوەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران- عێراقدا فەرماندەی لەشكری (5)ی نەسرو تیپی ئیمام رەزا بووە‌و هاوكات بەرپرسی هەندێك لە هێزە سەربازییەكانی پارێزگای خۆراسان بووە. •     قائانی لە ساڵی 1981 ئاشنایەتی لەگەڵ قاسم سلێمانی پەیداكردووە‌و پێكەوە دەستیان كردووە بە كاركردن لەناو فەیلەقی قودس. •    بەر لەوەی ببێت بە یاریدەدەری قاسم سولەیمان لەناو فەیلەقی قودسدا، ماوەیەك یاریدەدەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بووە. •    بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "ئەمریكن ئینترپرایز"، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران لە ساڵی 1984دا قائانی كردووە بە بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنەكانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە مەشهەد. •    دامەزراوە ئەمریكییەكە ئیسماعیل قائانی وەكو یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران ناوبردووە كە دەستی هەبووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی 1992ی مەشهەد. •    یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران بووە كە ساڵی 1992 بەشداریكردووە لە بەرگری سوپای پاسداران لە "بەرەی یەكگرتووی ئیسلامی میللی بۆ رزگاریی ئەفغانستان" لەدژی هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان. •    بەپێچەوانەی قاسم سلێمانییەوە، قائانی لە پرسی دەستوەردانی سیاسی‌و راگەیاندنی بۆچونە سیاسییەكانیدا شەرمی نییە‌و چەندین لێدوانی توندی لەبارەی بارودۆخی سیاسییەوە هەیە، یەكێك لەو فەرماندانەی سوپا بووە كە ساڵی 2000 ئیمزای لەسەر نامەیەكی توند كردووە كە بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی وڵات نێردراوە سەبارەت بە رووداوەكانی زانكۆی تاران‌و رووداوەكانی تری ئەو سەردەمە، ئەوكات هەندێك ئەو نامەیەیان وەكو كودەتای سوپا بەسەر دەوڵەتدا لێكدایەوە. •    قائانی ساڵی 2010 یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانە بوو كە ئیمزای لەسەر نامەیەكی توندكرد كە ئاڕاستەی سەردار حسێن علایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران كرا سەبارەت بە قسەكانی ئەو لە یاداشتەكانیدا سەبارەت بە سەركوتكردنی شۆپۆلی ناڕەزایەتییەكان دژ بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010‌و قائانی‌و هەندێك لە فەرماندەكان نیگەران بوون لەوەی لەو یاداشتەدا ناوی ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵا هێنراوە لە پشت سەركوتكارییەكانەوە. بۆ خوێندنەوەی راپۆرتێكی وردی بی بی سی فارسی لەبارەی قاسم سلێمانی كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: قاسم سلێمانی؛ فەرماندەیەك نوێنەرایەتی ئایەتوڵا خامنەیی دەكرد


راپۆرت: پوریا ماهرویان- بی بی سی فارسی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت یەكەمین سەربازە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا كە پلەی سەرلەشكرد‌و میدالیای "زولفەقار"ی پێدراوە، نوێنەری سەربازی‌و سیاسی رابەری باڵا بووە لە تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نازناوی جۆراوجۆری لێنراوە، تەنانەت بوو بە بابەتی ناو یارییە ئەلیكترۆنیيەكان، لە یارییەكدا پاڵەوان بوو كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتی گەلی ئەمریكای دەردەكرد، لە یارییەكی تردا وەكو ئامانجێك دانرابوو بۆ كوشتن، رابەری باڵا پێی دەوت "شەهیدی زیندوو"، دواجار لە هێرشی ئەمریكادا كوژرا، ئەو قاسمی سلێمانییە، ، روخساری ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دەقی راپۆرتەكەی بی بی سی فارسی قاسم سلێمانی كە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی هەینی 3ی كانونی دووەم لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا بۆسەر كاروانەكەی لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی، كوژرا، ناوسراوترین روخساری سەربازی بوو لە دەرەوە‌و ناوەوەی ئێران. سەرلەشكر قاسم سلێمانی، كاتێك لە عێراق كوژرا، تەمەنی نزیكەی (63) ساڵ بوو، ئەو، كاتێك ناوبانگێكی جیهانی پەیداكرد كە فەیلەقی قودسی سوپا، رۆڵی ئێرانی لە عێراق‌و دواتر سوریا‌و وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر كرد‌و ئەمە بوو بە باسی میدیاكانی دەرەوە.  "فەرماندەی سێبەر"، "ژەنەراڵی نێودەوڵەتی"، "فەرماندەی مۆتەكە"، "فەرماندەی تارمایی"، "مۆتەكەی دوژمن"، "مالیك ئەشتەری سەردەم"، " ژەنەراڵ حاجی قاسم"‌و چەندین نازناوی تر كە نەیارو لایەنگرانی بەویان بەخشیوە، هەمووی نیشاندەری ناوبانگی ئەون لەناوەوە‌و دەرەوە. میدالیای "زولفەقار" بەرزترین میدالیای سەرباز لە ئێران كە تەنیا بە سلێمانی دراوە جارێك ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئەوی بە "شەهیدی زیندوو" ناوهێنا، بەڵام ئەو خۆی بە "سەربازێكی ناتوانایی ویلایەت- سەربازی سفری ویلایەت" ناودەبرد، لە كردارو گوفتاریدا ئەوەی نیشان دابوو كە بەتەواوەتی پەیڕەوی لە ئایەتوڵا خامنەیی‌و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەكات. لایەنگرانی لە ئێران، كە لە روخسارەكانی ناو رەوتی ریفرۆمخوازو پارێزگاران تاوەكز زۆرێك لە لاوان بوون، ئەویان بە "پاڵەوانێكی نیشتمانی" دەزانی كە فەرماندەیی بەرەی بەرگری دەكرد لەدەرەوەی سنورەكانی وڵات تاوەكو ئارامی ئەو وڵاتە بپارێزێت، نەیارەكانیشی ئەویان بە بەرپرسی زۆرێك لە ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە‌و پارێزەری بنەڕەتی میلیشیا شیعەكان بەتایبەتی لە عێراق‌و یەمەن‌و سوریا، كە ئاسایشی ناوچەكەیان خستوەتە مەترسییەوە، دەزانی. قاسم سلێمانی ساڵی 1958 لە گوندی (رابەر) لە پارێزگای كرمان لەدایكبووە، ئەو دەستپێكی كاركردنی لە مانگەكانی یەكەمی سەرەتای شۆڕشدا لە فەرمانگەی ئاوی پارێزگای كرمان دەستپێكردووە، دواتر بووە بە سەرباز لە سوپا‌و بەوشێوەیەی كە خۆی دەیوت، بڕیاربوو تەنیا ماوەی 15 رۆژ لە سوپا سەرباز بێت، بەڵام تاكۆتایی جەنگ لە سوپا مایەوە. دواین دەركەوتنی قاسم سلێمانی لەیادی عاشورادا لە تاران لەسەرەتای جەنگی ئێران- عێراقدا كەتیبەیەكی سەربازی لە كرمان دروستكردووە، كە ماوەیەك دواتر بووە بە كەتیبەی زرێپۆش‌و لەكۆتایشدا بووە بە لەشكری 41ی (ثارالله). ئەو لەسەرەتای دروستكردنی ئەم لەشكرەدا لە ساڵی 1983 تاوەكو رۆشتنی بۆناو سوپای قودس لە ساڵی 1996 فەرماندەی لەشكری (ثارالله) بوو، كە لەزۆرێك لە ئۆپراسیۆنەكانی سوپا لە جەنگدا، رۆڵی سەرەكی هەبوو. ئەو لەماوەی نێوان كۆتایی جەنگ‌و فەرماندەیكردنی سوپای قودسدا، هاوكات فەرماندەی لەشكردی (ثارالله) بوو، كە یەكێك لە پڕچەكترین‌و بەهێزترین یەكە سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ئێران بوو، زۆرێك لە ئەرك‌و سەرقاڵییەكانی دوای جەنگ روبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ گروپە قاچاخچییەكانی ماددەی هۆشبەر‌و پاسەوانی پارێزگاكانی سنورو هاوسێی پاكستان‌و ئەفغانستان. هێزی قودسی سوپا كە لەسەرەتای جەنگدا بەمەبەستی رێنمونیكردنی چالاكییەكانی سوپا لە دەرەوەی سنور لە عێراق‌و لوبنان، لەژێر كۆنترۆڵی یەكەی پەیوەندی نێودەوڵەتی سوپا، دروستكرا، دواتر بوو بە قەرارگای (رەمەزان) لە دەرەوەی سنور، لە كۆتایشدا بوو بە یەكێك لە باڵە سەرەكییەكانی سوپا‌و ئێستا وەكو یەكێك لە گرنگترین یەكەی سەربازی كۆماری ئیسلامی دەناسرێت، كە بە "سوپای قودس" ناوبانگی دەركردووە.  لەحاڵێكدا كە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئێران دژ بە ئیسرائیل، رەزامەندبوونی وەزارەتەكەی بۆ قاسمی سلێمانی نیشاندابوو، نەیارانی لە نمونەی میدیاكانی سەربە عەرەبستانی سعودیە ئاكاری ئەویان وەكو "دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان" ناودەبرد. لەبارەی پشتیوانی رۆڵی قاسم سلێمانی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر ئەو رستەیەی محەمەد جەواد زەریف بەسە، كە وتبووی:" من رێزی تایبەتیم هەیە بۆ سەردار سلێمانی، زیاتر لە 20 ساڵە ئێمە نزیكین لەیەكترەوە‌و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی‌و گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسی‌و ئاشتیخوازانە هاوكاری دەكەین. لە قەیرانی ئەفغانستان‌و بەمەبەستی دروستكردنی دەوڵەت دوای تاڵیبان لەو وڵاتە، هاوكاری زۆر باش هەبوو لە دانیشتنەكاندا لەنێوان من وەكو نوێنەری وەزارەتی دەرەوە‌و سەردار سلێمانیدا". "ئێستاش ئەو هاوكار‌و دۆستایەتییە نزیكەمان لەگەڵ یەكتر هەیە، لەسەرەتادا بۆ گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسی لەگەڵ یەكتر هاوكاریمان دەكرد، هاوكاری ئێمە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بوو بۆ قەیرانی سوریا‌و یەمەن‌و ناردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ خەڵكی سوریا‌و یەمەن، هاوكاری زۆر باش بوو، هیوادارم ئەو هاوكارییە بەردەوام بێت". ماوەیەك پێشتریش لەوەڵامی پرسیارێكدا لە پەرلەمان، بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە هاوهەنگاوە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای تێڕوانیەكانی رابەر لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زەریف وتی شانازی دەكات كە قاسم سلێمانی هەموو رۆژێك لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەو، ستایشی سیاسەتەكانی دەوڵەت دەكات. ئەبومەهدی موهەندیس هەمیشە خۆی وەكو سەربازی قاسم سلێمانی زانیوە قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی كردەیی نوێنەری سیاسەتی گشتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی دەكرد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت بەقسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئێران، باڵیۆزی وڵاتانی سوریا، عێراق‌و لوبنان دەبوو بە رەزامەندی ئەو دابنرێن، باڵیۆزی ئێران لە هەموو ئەو وڵاتانە لە فەرماندەكانی پێشووی سوپای قودس بوون، لەنمونەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێستای ئێران لە بەغداد كە ساڵانێك راوێژكاری باڵای سەرلەشكر سلێمانی بوو لە سوپای قودس. ئاغای سلێمانی بەشێوەیەكی رێكخراو لەگەڵ كەسایەتی گرنگی وڵاتانی هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەكە دیداری هەبوو، لەوانە بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا‌و حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا. تەنانەت چەند ساڵێك لەمەوبەر هەواڵی دژبەیەك لەبارەی گەشتی ئەو بۆ روسیا بڵاوبووەوە، كە لەوەڵامی ئەو هەواڵانەدا عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رابەری ئێران وتی:" هاتوچوونی سەردار سلێمانی‌و هاوكاری لەگەڵ بەرپرسانی روسیا لە بارودۆخێكدا كە هاوپەیمانێتی نێوان ئێران‌و روسیا لە روبەڕووبونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان، رووی لەزیادبوون كردووە، بەتەواوەتی شتێكی ئاساییە". ساڵی رابردوو لە گەشتێكی پێشتر رانەگەیەندراودا، بەشار ئەسەد بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سەردانی ئێرانی كرد‌و لەگەڵ رابەرو سەرۆك كۆمار دیداری كرد، بەوتەی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای قودس، بەشار ئەسەد بە هاوڕێیەتی ئاغای سلێمانی سەردانی ئێران كردووە، بەبێ ئەوەی تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاگاداری ئەو سەردانە بوبێت. پاش بڵاوبونەوەی وێنەكانی دیداری ئاغای ئەسەد لەگەڵ ئایەتوڵا خامنەیی‌و حەسەن رۆحانی بەئامادەبوونی قاسم سلێمانی، ئاغای زەریف لە ئینستاگرامی خۆی نوسی:" دوای وێنەكانی دیداری ئەمڕۆ، ئیتر جەواد زەریف وەكو وەزیری دەرەوە لە جیهاندا هیچ ئیعتیبارێكی نییە". سلێمانی خاڵی پەیوەندی رابەر بوو لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە، لەم وێنەیەدا لەدیداری نێوان نەسروڵاو خامنەیدا دەردەكەوێت ناوبانگی قاسم سلێمانی لەم ساڵانەی دوایدا كاردانەوەی زۆری هەبوو، سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك كەمتر لە كۆبونەوەی گشتییەكاندا دەردەكەوت، بەڵام هەر كە وێنەیەكی ئەو بەتایبەتی لەناوچەكانی جەنگ بڵاودەبووەوە، بەشێوەیەكی خێرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەستاودەستی دەكرد، بۆ ستایشكردنی ئەو بە زمانی فارسی عەرەبی‌و گۆران‌و سرود دانران، ناوی چووە ناو جیهان ئەنیمەیشن‌و یارییە كۆمپیوتەرییەكانیشەوە، پاڵەوانی ئەنیمەیشنی "شەڕی كەنداوی فارس" كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتییەكانی ئەمریكا دەدات، لە یاری كۆمپیوتەری دروستكراوی ئێراندا "مۆتەكەی دوژمن"ە، لە یارییە كۆمپیوتەرییەكانی "واحد النمر"‌و "بتل فلید 3" كەسایەتییەكەی نەرێنییە كە دەكرێتە ئامانجی كوشتن. زۆرێك لە روخسارە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییە ناسراوەكان لە ئێران، بە بڵاوكردنەوەی وێنە یاخود یادەوەرییەكی ئەو، ئەو ناوبانگەیان زیاتر كرد، لەنمونەی عیزەتوڵا زورغامی‌و سادق خەرازی-یەوە بیگرە تاوەكو ئیبراهیم حاتەمی كیا‌و پەروێز پەرەستویی. سەردەمێك كە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە ساڵی 1998دا بوو بە یەكەی دەرەوەی سنوری سوپای پاسداران، ئەو هێزە بەهۆی ئەوەی پێكهاتەكەی بۆ سەردەمی جەنگی ئێران- عێراق دەگەڕایەوە، كەمتر دەناسرا، قاسم سلێمانی لە تەمەنی 40 ساڵیدا كاتێك بەپلەی سەرتیپ بوو بە فەرماندەی ئەو هێزە، ماوەی چەندین ساڵ‌و لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكری (پاراللە)ی كرمانی كردبوو.  ناوی ئەو لە سیاسەتمەدا بۆ یەكەمینجار، دوای دوو ساڵ لە فەرماندەیی سوپای قودس هات، هاوزەمان لەگەڵ روداوەكانی 18ی تەموزی 2000 كە هاوڕێ لەگەڵ 23 فەرماندەی تری سوپا، نامەیەكی ناڕەزایەتی بە زمانێكی توند بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی ئێران نوسی.  ئەوانەی ئیمزای نوسراوەكەیان كردبوو، زۆربەیان ئەو فەرماندانەبوون كە لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكر‌و لە دوو سێ باردا فەرماندەیی قەرارگایان بەدەستەوە بوو، لەو نامەیەدا نوسیبویان كە جامی سەبریان پڕبووە‌و "چیتر لەوە زیاتر بەرگەی ئاوەڕ نەدانەوە لە خۆیان" بە گونجاو نازانن. زۆرێك ئەم نامەیەیان وەكو راگەیاندنی ئامادەیی راشكاوانەی سوپا لە كاروباری سیاسی‌و دەستوەردانی ئەوان ئەژماركرد، ئاڕاستەیەك كە بەوتەی رەخنەگران، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا لە ساڵی 2010 گەیشتە لوتكە. ساڵانی دواتر ئەوانەی ئیمزایان لەسەر نامەكە كرد، هەریەكەیان گەیشت بە چارەنوسێكی جیاواز، هەندێك كوژران، هەندێك گەیشتن بە بەرزترین پۆستی سەربازی كۆماری ئیسلامی، هەندێكی تر چوونەناو سیاسەتەوە.  سلێمانی.. گەنجترین فەرماندەكانی سوپا لەسەردەمی جەنگی ئێران- عێراقدا لەم كاتەدا قاسم سلێمانی پارێزگاری لە كارەكەی خۆی كرد‌و تەنیا بە زیادبوونی هەژمون‌و بایەخی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2011 پلەی سەرلەشكری وەرگرت، ئەم پلەیە باڵاترین پلەیە كە لە كۆماری ئیسلامی بە سەربازێك درابێت كە هێشتا لەژیاندا بوبێت. ئەو بەپێچەوانەی زۆرێك لە هاوتاكانییەوە، كەمتر تێكەڵ بە ململانێی سیاسی‌و باڵباڵێن دەبوو، كەمتر بۆچونی خۆی رادەگەیاند، بەجۆرێك كە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010دا  ناوی ئەو لەناو ئەوانەدا نەبوو كە نامەیەكی ناڕەزایەتی ئامێزیان بۆ حسێن عەلایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپا، نارد. فەرماندەكانی سوپا لە تەنشت خامنەیی لە زەمەنی جەنگدا سلێمانی یەكێكە لە فەرماندەكان قاسم سلێمانی پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ فەرماندە نیمچە سەربازییەكانی شیعەی عێراق‌و لوبنان هەبوو. لەنمونەی عیماد موغنیە فەرماندەی نیمچە سەربازی حیزبوڵای كە كوژرا، تاوەكە ئەبومەهدی موهەندیس‌و هادی عامری فەرماندەكانی حەشدی شەعبی. بەپێی راپۆرتەكان كاتێك كاروانەكەی بووە بە ئامانجی موشەكەكانی ئەمریكا، قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لەتەنیشت یەكترەوە بوون. میدالیای زولفەر كە بەرزترین میدالیای سەربازی ئێرانە، لەدوای شوڕشەوە تەنیا بە قاسم سلێمانی دراوە، ئەو هاوكات نزیكەی 22 ساڵ فەرماندەیی فەیلەقی قودس بووە، یەكێك لە بەئەزمونترین فەرماندەی سوپا بووە كە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە.  


  درەو:  ئەبومەهدی موهەندیس (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم) جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران، دوای ئەوەی نیوەشەی رابردوو قاسم سولەیمانی بە فڕۆكەیەكی بارهەڵگر لە دیمەشقەوە گەیشتۆتە فرۆكەخانەی بەغداو لەوێ بۆ پاراستنی ئەمنیەتی قاسم سولەیمانی، موهەندیس بە ئۆتۆمبیلی تایبەت لەبارەگای حەشدی شەعبیەوە چۆتە پێشوازی قاسم سولەیمانی.  ئەبومەهدی موهەندیس لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت" لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە 1988 لەو شارەبووم و بە كامێرای خۆم وێنەی دەیان ژن و منداڵو پیری ئەو شارەم گرتووە" ئەبومەهدی موهەندیس كێیە؟ - ئەبومەهدی موهەندیس ناوی (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم)ە. ناسراوە بە (ئەبومەهدی موهەندیس) و لە ئێران پێی دەوترێت جەمال ئیبراهیمی  - لە ساڵی 1954 لە شارۆچكەی قوڕنەی بەسرە لەدایكبووە.  - لە 1973 زانكۆی تەكنۆلۆجی، بەشی ئەندازیاری مەدەنی خوێندووە - لە 1977 زانكۆی تەواو كردووە. - دوای تەواوكردنی خوێندن وەك ئەندازیار كاریكردووە و دواتر دكتۆرای لە ئەندازیاری خوێندووە. - لەساڵی ١٩٨٠دا كە رژێمی سەدام حسێن هەڵمەتی كوشتن‌و رەشبگیری سەركردەو چالاكوانانی شیعە دەستپێدەكات، ئەبو مەهدی رودەكاتە وڵاتی كوەیت‌و بەشوناسنامەیەكی ساختە وەك ئەندازیار كار دەكات. - لە حەوزەی مەزهەبی لای موحسین حەكیم لە بەسرە خوێندوویەتی. - لە قۆناغی ناوەندییەوە پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە كردووە. - لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند جارێك رووبەڕووی دەستگیركردن و راوەدوونان بووەتەوە. - دوای كوژرانی محەمەد باقر سەدر، ناچار بووە رووبكاتە ئێران و لە 1980 عێراقی بەجێهێشتووە. - لە 1985 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق. - وەك سیاسی و سەربازی لە فەیلەقی بەدر كاری كردووە و دواتر بووەتە فەرماندەی فەیلەقەكە تا دوای مانگێك لە رووخانی بەعس لە عێراق فەرماندە بووە و دواتر وازی لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و فەیلەقی بەدر هێناوە. - تۆمەتبار كراوە بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكانی فەرەنسا و ئەمەریكا لە كوەیت لە ساڵی 1983 و لە ساڵی 1984 لە لایەن دادگای كوەیتەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە. - هەواڵگری كوەیت تۆمەتباری كردووە بە هەوڵدان بۆ رفاندنی فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی كوەیت و هەوڵدان بۆ كوشتنی میری كوەیت لە 1985دا. - لە 2003 بە دواوە روویكردووەتە كاری سیاسی و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە درووستكردنی هاوپەیمانییەكانی شیعەدا. - ساڵاَی 2014 لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی رۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە و بووەتە جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی - لە 27ی ئۆكتۆبەری 2017دا، هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە بارەی ئەبومەهدی موهەندیس گوتی: ئەبومەهدی موهەندیس تیرۆریستە. - موهەندیس لە ساڵی 2009دا خراوەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوه. ئەبو مەهدی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخبار-ی لوبنانی دەڵێت "لەكاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لەو شارە بوم‌و بەچاوی خۆم كارەساتی مەرگی هەزاران منداڵ‌و ژن‌و پیرەمێردم بینیوەو كامێراشم پێبوەەو وێنەشم گرتوە". دەشڵێت "لەنەوەدەكانی سەدەی رابردودا، لەدوای راپەڕین وەك موجاهیدنە عێراقییەكان بنكەمان لەكوردستان كردەوەو لەشاری سلێمانی تیپێكمان جێگیر كرد بەناوی تیپی مستەفا كە لە ١٥٠٠ چەكدار پێكدەهات‌و پەیوەندییەكی توندوتۆڵمان هەبو لەگەڵ تاڵەبانی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و گۆڕی چەندین موجاهیدیشمان لەگۆڕستانێكی ناوچەی قەرەداغە".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand