دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لێكۆڵینەوەكانی چڕدەكاتەوە

Draw Media

2020-05-01 19:54:08



راپۆرتی: درەو
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەپێچەوانەی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی، پێداگری دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەتاقیگەیەكی چین_ییەوە بڵاوبووتەوەو، ئاماژە بە بوونی بەڵگەش دەكات.
پێشتر بەڕێوەبەری نوسینگەی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا ڕایگەیاند: هێشتا لێكۆڵینەوە لەچۆنییەتی دەستپێكردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات. 
بەڵام نوسینگەكە ڕایگەیاند: كۆڤید_19 لەدروستكراوی مرۆڤ نییە، یاخود دەستكاری بۆهێڵی كرابێت. 
چین تیرۆری دروستكردنی ڤایرۆسەكەی ڕەتكردووەتەوە لە تاقیگەو، ڕەخنەی لەمامەڵەی ویلایەتەیەكگرتووەكان گرتووە لەگەڵ قەیرانی كۆڤید_19.
لەسەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە لەچین لەساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە 230 هەزار كەسی كووشتوە لەسەرانسەری جیهان، كە63 هەزار كەسیان لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بوون.
نزیكەی 3ملیۆن‌و 200 هەزار كەسیش لەجیهان تووشی پەتاكەبوون، كە ملیۆنێكیان لە ئەمریكان، لەسەرەتای بڵاووونەوەی  ڤایرۆسەكە لەشاری وۆهانی چینەوە.

ترەمپ چی ووت؟ 
ڕۆژی پێنج شەمە یەكێك لە ڕۆژنامەنوسەكان لەكۆشكی سپی پرسیاری لەترەمپ كرد:" هیچ شتێكت لەم قۆناغەدا  بینیوە، متمانەیەكی تەواوت بداتێ‌ كە پەیمانگای وۆهان شوێنی ڕاستەقینەی ئەم ڤایرۆسەیە؟"
ترەمپ وەڵامی دایەوەو وتی:"بەڵێ‌، بەڵێ‌، لامە" بێئەوەی سەرچاوەی متمانەكەی بەو دەرەنجامە دیاریبكات. وتیشی:" پێموایە ڕێكخراوی تەندروستی جیهان پێویستە شەرم لەخۆی بكات لەبەر ئەوەی وەك ئاژانسی پەیوەندییە گشتییەكانی چینی لێهاتووە".
كاتێك دوای لێكرد ڕوونكردنەوەی زیاتر لەبارەی سەرنجەكەی بدات، وتی:" ناتوانم ئەوەت پێبلێم، ڕێگەم پێنەدراوە ئەوەت پێڕابگەیەنم".
بە ڕۆژنامەنوسانیشی وت:" ئەگەر چینییەكان هەڵەشیان كردبێت، یان كارەكە وەك هەڵەیەك دەستیپێكردبێت دواتر هەڵەیەكی تریان كرد، یان كەسێك بەدەستی ئەنقەسەت كردبێتی، من تێناگەم چۆن ڕێگە بەخەڵكی درا لە وۆهانەوە بچنە ناوچەكانی تری چین، بگرە ڕێگەیان پێدرا گەشت بكەن بۆ وڵاتانی جیهان، ئەمە كارێكی خراپە، ئەوە پرسیارێكە قورسە بۆیان وەڵامی بدەنەوە".
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ڕۆژی پێنج شەمە ڕایگەیاند: گەورە بەرپرسان لەكۆشكی سپی داوایان لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا كردووە لێكۆڵینەوە بكەن بۆ دیاریكردنی ئەگەری ئەوەی ئەو ڤایرۆسە لە پەیمانگای  لێكۆڵینەوەی  وۆهانەوە سەریهەڵدابێت.
تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز" لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، ئاژانسی هەواڵگریش ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری ئەوەی چین‌و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسەرەتادا زانیاریان لەبارەی ڤایرۆسەكەوە شاردبێتەوە. 

هەواڵگری چی وت؟
لەبەیاننامەیەكی ئاشكرای دەگمەندا، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەواڵگری نیشتمانی كە سەرپەرشتی ئاژانسە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەكات ڕایگەیاند: ئەو لەگەڵ كۆدەنگی فراوانی زانستیدا هاوڕایە "سەبارەت بە بنەچەی سروشتیی كۆڤید_19".  
وتیشی:" دەزگا هەواڵگرییەكان بەردەوامدەن لەپشكنینی زانیارییەكان بە ووردییەكی زۆرەوە، بۆ دیاریكردنی ئەگەری ئەوەی پەتاكە لەڕێی پەیوەندی بەئاژەڵی تووشبووەوە بڵاوبووتەوە یاخود لەئەنجامی ڕووداوێك بووە لە تاقیگەی وۆهان". 
   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand