Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

(درەو میدیا): وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك  وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و جەختدەكاتەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی میانڕەو لە عێراقدا. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پۆمپیۆ هەوڵەكانی هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراقی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا بەرزنرخاندووە . هەروەها پۆمپیۆ جەختیشیكردەوەتەوە لەسەر بایەخی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی میانڕە و لە عێراقدا بەپێی وادەی دەستوریی كە وەڵامی ویست و داواكارییەكانی گەلی عێراق بداتەوە. بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئاماژەی بەوەشداوە كە مایك پۆمپیۆ ستایشی ئۆپەراسیۆنی سەركەوتوی هاوبەشی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە لەددژی داعش كردووە و جەختیشیكردوەتەوە لەسەر پشتگیری ئەمریكا لە عێراقێكی بەهێز و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەریی.  


 " ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ گفتوگۆ، چاوەڕوانی ئەوان دەكەین سەردانمان بكەن" ئەمە وتەی د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و هاوكات وتەبێژی رەسمی ئەو حزبەیە. هادی عەلی لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت" پێشتر ئامادەیی نەبوو لەلایەن ئەو چوار لایەنەوە بۆ گفتوگۆ بەڵام دوای كۆبونەوەی چوارلایەنەكە وە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ، چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەوان سەردانی چوار لایەنەكە بكەن" سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوودەشڵێت " ئەو دیالۆگە نیشتمانیەی وەك چوار لایەنەكە داوامان كرد مەبەستمان بوو كە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڕۆین حاڵەتێكی نائاسایی لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا هەیە یەكێك دەڵێت با دوابخرێت، یەكێكیش دەڵێ بایكۆت، یەكی تر لەگەڵ هەڵبژاردنە، مەبەستمانە هەموو لایەنەكان پێكەوە دابنیشین و چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە نائاساییە بدۆزینەوە." سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق هادی عەلی دەڵێت "ئەم چوار لایەنە ڕاستە یانزە كورسییان هەیە، ڕاستە ناڕازین لەو ئەنجامانە بەڵام ئەم یانزە كورسیە كاریگەری خۆی هەیە بۆیە وامان بەباشزانی هەر چوار لایەنەكە بەشداری لەپەرلەمانی عیراق بكەین بەڵام سەبارەت بەبەشداری لەحكومەت هێشتا قسەیەكی لەبارەوە نەكراوە."  


 ( درەو میدیا):  پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت وەك رابردوو بەئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، بەبێ وەرگرتنی پۆَستێكی كاریگەر، ئێستاش ئەو پۆستە تەنها پارێزگاری كەركوكە، كە پارتی دەیەوێت ئەو پۆستە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت. زانیاريیەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی، یەكێتی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە، یان پۆستی سەرۆك كۆمار، یاخود پارێزگاری كەركوك، چونكە پارتی پێیوایە و چەندین جاریش جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە، بەڵام ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بۆیە ئەو پۆستە دەبێت بە رێككەوتن بێت. لەبەرامبەردا یەكێتی پێی وایە راستە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دراوە بە نێچیرڤان بارزانی كە جێگری سەرۆكی پارتیيە. زانیاريیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، یەكێتی مەیلی بەلای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدایە، وەك لە پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئایا لایەنگرانی یەكێتی رازی دەبن كە خۆیان 6 كورسیيان لەو پارێزگایە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنابێت و پارتی هیچی نەهێنابێت، بەڵام پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بێت. لێكدانەوەیەكی تر ئەوەیە، پارتی چاوی لە چنینەوەی پۆستەكانی بەغدادە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی كۆمار، بەتایبەتیش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی و پۆستە سەربازيیەكان كە پشكی كوردن.  پارێزگاری كەركوك  كێشەی پارێزگاری كەركوك ئێستا لە ئەنجومەنی پارێزگا گیری خواردووە، بەهۆی بەشداری نەكردنی ئەندامانی پارتی و یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و دەوام نەكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت ( رێبوار تاڵەبانی)، كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیان كەوتووە، یەكێتی دوای دیاریكردنی چەندین كاندید بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت، بەو پێیەی لە ئێستادا لەكۆی (41) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (26) ئەندامی لە لیستی برایەتيیە، لەو ژمارەیەش (12) ئەندامی پارتین و (3) ئەندامی یەكگرتوون.   پارتی چەند جارێك ئەوەی بە گوێی بەرپرسانی یەكێتیدا داوە كە رازین بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، بەڵام لەبەرامبەر پارێزگاری كەركوكدا، ئەگەرچی پارتی هەمیشە ئاماژەی بەوەكردووە كەركوك داگیركراوەو بەو شێوەیە ناگەڕێنەوە، نوێترین لێدوانیش كەمال كەركوك كە كراوەتە سەرۆكی ئەنجومەنی كەركوك – گەرمیانی پارتی رایگەیاند: پارتی كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك، بە كەرامەت و سەربەرزی، نەك بە ژێر دەستەیی. چاوتێبڕینی پارتی لە كەركوك تەنها لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار نیيە، پارتی چاوی لە نەوتی كەركوكەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت ئەو نەوتەی كە  ئێستا بەشێكی بە قاچاغ دەبرێت و ئەوەی دیكەشی راگیراوە، لە رێگەی بۆريیەكانی خۆیەوە بینێرێتە دەرەوەو بەشدار بێت لە سودو قازانجەكانی نەوتی كەركوكدا.   كێ دەبێتە پارێزگاری كەركوك ؟ بە خوێندنەوەی هەڵوێستی لایەنەكان و بارودۆخی كەركوك چەند سیناریۆیەك دەخرێتەروو: * ئەگەر پۆستەكە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت، ئەوا یەكێتی پێشتر چەند جارێك لە سەرزاری وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند ئەوان كاندیدیان بۆ پارێزگاری كەركوك تەنها (رزگار عەلی)يە، بەڵام رەنگە ئەو هەنگاوەیان سەرنەگرێت، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نیەو پێیان وایە لە" گروپی 16ی ئۆكتۆبەرە" لەبەرامبەردا باس لە (خالید شوانی) دەكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. * خۆ ئەگەر لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بوو، ئەوا پارتی (سەڵاح دەڵۆ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یان (محەمەد خورشید) بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی و یاخود (كەمال كەركوكی) كە ئێستا كراوەتە شوێنی سەڵاح دەلۆ بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك گەرمیانی پارتی، كاندید دەكات، بەڵام رەنگە دانانی كەمال كەركوكی بۆ حكومەتی عێراق هێڵی سور بێت، چونكە بەپێی زانیاريیەكانی (درەو میدیا)، حكومەتی عێراقی بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندووە، دەبێت هەموو ئەو بەرپرسە سەربازیيانە دوور بخرێنەوە كە بەشداری شەڕیان كردووە دژی سوپای عێراق. * هەروەها باس لە دانانەوەی (نەجمەدین كەریم) دەكرێت لە پۆستی پارێزگای كەركوك، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوەو پارتی پشتیوانی لێدەكات، بەڵام رەنگە حكومەتی عێراق رازی نەبێت، بەو پێیەی بڕیاری حكومەتی و پەرلەمانی عێراقی هەیە بۆ دوورخستنەوەی لە كاركەی.   * رەنگە كاندیدی تەوافوقی لەنێوان لایەنەكاندا چارەسەرێكی گونجاو بێت، بەتایبەتیش كارەكتەرێكی وەك (رێبوار تاڵەبانی) یاخود (عەبدولرەحمان مستەفا) كە هەردوكیان پارتی رەزامەندی لەسەر دەبێت، ئەگەر یەكێتی بەو پۆستە رازی بێت.    كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت ؟ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئەگەرچی پۆستێكی رەمزیيە، بەڵام ئەو پۆستە ماف و ئیمتیازی زۆری هەیەو هێزێكی زۆری سەربازی كوردی لەوێیەو لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بەرژەوەنديیەكانی حزبەكەی پاراستووە. رەنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیيەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (فوئاد مەعسوم) گونجاو بێت بۆ ویلایەتی دووەم دابنرێتەوە، ئەگەرچی هەر لەناو یەكێتیدا ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی محەمەد سابیر ئاوەڵزاوای تاڵەبانی كاندیدكراوەو ناوەكەی نێردراوە بۆ مەكتەبی سیاسی، لەهەمان كاتدا باس لە (لەتیف رەشید)یش دەكرێت، بەڵام دواجار كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت ئۆكەی پارتیشی لەسەر بێت، كە پارتی رەخنەی لە ئەدای فوئاد مەعسوم هەبووەو پێی وایە دەبێت كاندیدێكی بەهێز بنێردرێتە بەغداد و بەتەواوی بەرگری لە بەرژەوەنديیەكانی هەرێمی كوردستان بكات. 


( درەو میدیا): ریاز دەرار, هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند هەفتەی رابردوو بۆ ئەنجامدانی خولێكی تری دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا سەردانی دیمەشقی كردووە. دەرار راشیگەیاند وەفدەكە لەگەڵ حكومەتی سوریا گفتوگۆی نوێیان لەسەر دەستور و لامەركەزییەت كردووە و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز وتی:" دانوستان دوورودرێژە" و حكومەتی سوریا پێشنیازی كردووە ئەو ناوچەیەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە بەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. جەختیشیكردەوە كە ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی سورە لەسەر پاراستن و مانەوەی پەیكەر و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ناوچەكە لە هەر هەڵبژاردنێكدا كە لە داهاتوودا بكرێت. هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، وەفدەكە كە لە قامیشلۆوە هاتبووە دیمەشق گەڕایەوە بۆئەوەی راوێژی زیاتر بككات و ئاشكراشیكرد بەرپرسانی حكومەتی سوریا چەندین بابەت و پێشنیاریان خستوەتەڕوو كە هێشتا كاتیان نەهاتووە وتی:" ئێمە یەكەمجار پێویستمان بە رێككەوتنێكە لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەكان كە دەكرێت متمانە لە نێوانماندا بونیادبنێت". هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێ‌ سەرەكی پێكدێت لە یەكینەكانی یەپەگە و یەپەژە و هێزی پێكهاتەكانی تر و بە هاوكاری ئەمریكا رووبەرێكی بەرفراوانی سوریای لە دەستی داعش رزگاركردووە و هەموو رۆژئاوی كوردستان و بەشێكی خاكی باكور و خۆرهەڵاتی سوریای كۆنترۆڵكردووە كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و ئا و كشتوكاڵ.  


( درەو میدیا): لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكاندا كە ئەنجامی كۆتاییەكەی راگەیەنرا، پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدە دەرچووەكەی لە بەغداد بەناوی ئازاد حەمید شەفی كە لە لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر بوو، کورسییەکەی لەدەستداو ژنێك چوەتە شوێنەكەی. پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری راگەیاند، بەپێی ئەو ئەنجامانە  ئازاد حەمید شەفی كە لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كاندیدی ژمارە 53 ی لیستی (سائیرون)ی موقتەدا سەدربوو لە بەغداد، دەنگی پێویستی بەدەستهێناو دەرچوو، هەروەك هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئەوكات رایگەیاند، كاندیدێكیان بەناوی ئازاد شەفی لە لیستی " سائرون"ی موقتەدا سەدردا لە بەغداد هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان (6153) دەنگی بەدەستهێناوە و دەرچووە. ئازاد حەمید شەفی پیشتر لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی شارەوانی مەندەلی بووە، بەڵام پێش پرۆسەی ریفراندۆم لە پۆستەكەی لابراو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر خۆی كاندیدكردبوو.


■  راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە سلێمانی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان-UTM كرایەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن فێرخواز وەردەگرێت و بەردی بناغەی دروستكردنی بینای زانكۆكەش لە ناوچەی بەرزاییەكانی سلێمانی دانرا. زانكۆكە تایبەتە بە خوێندنی "تەكنۆلۆجیا لە بواری ئای تی و كۆمپیوتەر"، تیمێكی پسپۆری مالیزی ئیدارەی زانستیی و كارگێڕی و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەدەن، لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە كراوەتەوە.  زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان – UTM  بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 خوێندكار وەردەگرێت و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، مۆڵەتی فەرمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە وەرگرتووە، بە وتەی فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم ، نرخی خوێندن "گونجاو" دەبێت.                               فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێم شكستهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و پەیڕەوكردنی سیستمی بازاڕی ئازاد، بووەتە هۆی ئەوەی سەرجەم ئەو سێكتەرانە كە پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەرەو ئەوە بڕۆن بكەونە دەست كەرتی تایبەت. یەكێك لەو سێكتەرانەی ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت بكەوێتە دەست كەرتی تایبەت، كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە. زانكۆی حكومیی و ئەهلییەكانی هەرێم •    زانكۆ حكومییەكان: بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا كە لە سایتی فەرمیی خۆیدا بڵاویكردوەتەوە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (15) زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەشبوون بەسەر شارەكانی هەرێمدا، هاوكات دوو دەستە و ئەنجومەنێكی حكومیش هەیە، كە ئەوانیش بەپێی پسپۆری كارەكانیان ڕایی دەكەن. •    زانكۆ تایبەت و ناحكومی و ئەهلییەكان: بە گوێرەی یاسای "زانكۆ تایبەتەكان" كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، ئێستا (15) زانكۆ و لقی زانكۆیی لە شارەكانی كوردستان كراوەنەتەوە، بەكردنەوەی "زانكۆی قەیوان" ژمارەی زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێم بووە بە (16) زانكۆ و لقی زانكۆیی. جیاوازی خوێندن لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكان •    زانكۆ حكومییەكان خوێندكار بە گوێرەی نمرەی پۆلی 12 وەردەگرن، بەوەش هەموو خوێندكارێك چانسی وەرگرتن و خوێندنی لەو زانكۆیانە نابێت، لە زانكۆ تایبەتەكان لە سەرەتادا نمرە پێوەر نەبوو بۆ وەرگرتنی خوێندكار، بەهۆی زۆری خواست لەسەریان، ئەوانیش ئێستا بە نمرە خوێندكار وەردەگرن، بەڵام بە نمرەیەكی كەمتر لە زانكۆ حكومییەكان. •    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكان بەخۆڕاییە، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بە پارەیە، خوێندكار بۆ هەر ساڵێك و بە گوێرەی ئەو بەشەی لێی دەخوێنێت، بڕێك پارە دەدات. •    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكاندا بە زمانەكانی ئینگلیزی، كوردی، عەرەبییە، بەڵام خوێندن لە زۆربەی زانكۆ تایبەتەكاندا بە زمانی ئینگلیزییە. •    بەهۆی قەیرانی دارایی و پشتبەستن بە كەرتی تایبەت، زانكۆ حكومییەكان زۆر قەرەباڵغترە و حكومەت نەیتوانیوە وەك پێویست هەموو پێداویستییەكی سەردەمیانە بۆ زانكۆكان دابین بكات، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بەهۆی ئەوەی هەموو كەس توانای دابینكردنی پارەی پێویستی نییە بۆ خوێندن، ژمارەی خوێندكاریان كەمترە، سەرباری ئەمە بەهۆی ئەوەی زانكۆ تایبەتەكان لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانەوە دامەزرێنراون، كەلوپەل و پێداویستی و بینا و هۆڵی خوێندنی باش و گونجاویان بۆ دابینكراوە.                                                               دانانی بەردی بناغەی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان   پەروەردە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلییەكان  هاوشێوەی خوێندنی باڵا، كەرتی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەرەو بە ئەهلیبوون و كەرتی تایبەت چووە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر باخچەی ساوایان و خوێندنگەی سەرەتایی و ئامادەیی و پەیمانگای تایبەت و ئەهلیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا كراوەنەتەوە و رەواجێكی باشیان هەیە. بەر لەوەی قەیرانی ئابوریی بەرۆكی هەرێم بگرێت، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان منداڵەكانیان دەناردە ئەو خوێندنگە تایبەتانە، بەڵام قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خوێندكارانی خوێندنگە تایبەتەكان كردووە و ئێستا زۆرینەی منداڵی بەرپرسان و دەوڵەمەندەكان لەو خوێندنگە تایبەتانە دەخوێنن. خوێندنگە تایبەتەكانی هەرێم بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، كە لە سایتی فەرمی ئەو وەزارەتەدا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی خوێندنگە و باخچە تایبەتەكان بەمشێوەیەیە: پارێزگای هەولێر:  •    66 باچخەی منداڵانی تایبەت •    52 خوێندنگەی بنەڕەتی •    1 خوێندنگەی دواناوەندیی •    35 خوێندنگەی ئامادەیی •    21 پەیمانگا پارێزگای سلێمانی: •     36 باخچەی ساوایان •    25 خوێندنگەی بنەڕەتی •    8 خوێندنگەی ئامادەیی •    10 پەیمانگا پارێزگای دهۆك: •    16 باخچەی ساوایان •    12 خوێندنگەی بنەڕەتی •    6 خوێندنگەی ئامادەیی •    4 پەیمانگا گەرمیان: •    3 باخچەی ساوایان •    4 خوێندنگەی بنەڕەتی •    2 پەیمانگا                                                               پۆلێكی خوێندنی خوێندگەیەكی تایبەت لە هەرێم جیاوازی خوێندنی حكومیی و تایبەت •    خوێندنی حكومیی بەخۆڕاییە و خوێندنی تایبەت بە پارەیە، پارەی ساڵانەی خوێندن لە خوێندنگەیەكی  تایبەتەوە بە یەكێكی تر جیاوازە. •    زمانی خوێندن لە زۆرینەی خوێندنگە حكومییەكاندا كوردییە، لە چەند خوێندنگەیەكیش كراوە بە ئینگلیزی، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زمانی خوێندن ئینگلیزییە. •    بەهۆی پشتگوێخستنی كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەكردنەوەی بینا، پۆلی خوێندنگە حكومییەكان زۆر قەرەباڵغە و خوێندنگەكان زۆرینەیان دوو دەوامن و سێ‌ دەوامیش هەیە، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكان یەك دەوامە و دەوام درێژخایەنە و ژمارەی خوێندكاران لە پۆلەكاندا كەمن. •    لە خوێندنگە حكومییەكاندا خواردن بۆ خوێندكاران ئامادە ناكرێت، خوێندكاران خۆیان لەسەر خەرجی خۆیان لە حانوت و كافتریاكان پێداویستی دەكڕن و بەشێك لە خەرجی خوێندنگەكانیش لە پارەی حانوت دابیندەكرێت و بەشێكی تری ئەو پارەیەش پەروەردەكان سودی لێدەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێندنگە تایبەتەكاندا خوێندكار بە پارە دەخوێنێت رۆژانە خواردنی بۆ ئامادە دەكرێت. •    بەهۆی قەیرانیی داراییەوە ماوەی دوو ساڵە مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و ئەوەش زیانێكی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن گەیاندووە، بەڵام خوێندنگە تایبەتەكان خۆیان مامۆستا دابیندەكەن و موچەی مانگانەی پێدەدەن، یان مامۆستای خوێندنگە حكومییەكان بەشێوەی وانەبێژ و بەكرێیەكی گونجاو وانەكان دەڵێنەوە، لەبەرئەوە بایكۆت زیانی بەو خوێندنگە تایبەتەكان نەگەیاندووە و بۆ رۆژێكیش دەرگای ئەو خوێندنگە تایبەتانە دانەخراون. •    ئەگەر سەرنج بدەینە لیستی دەرچووانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و تاقیكردنەوەی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی، بەروونی دیارە رێژەی دەرچوون لە خوێندنگە تایبەتەكاندا بەرزترە لە خوێندنگە حكومییەكان، ئەگەرچی لە خوێندنگە حكومییەكانیش چەند خوێندكارێك لە ریزبەندی 10 یەكەمەكاندا بوون. •    بەهۆی قەرەباڵغی پۆلەكانی خوێندن و بایكۆتی مامۆستایان لە خوێندنگە حكومییەكاندا، كەمتر بایەخ بە وانەكانی پەروەردەی وەرزش و هونەر و چالاكییەكانی تر دەدرێت كە رێگایەكی باشە بۆئەوەی خوێندكار لە پاڵ پرۆسەی خوێندندا پەرە بە بەهرە و توانا و خولیاكانی تری بدات، بەڵام ئەم وانە و بابەتانە لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زیاتر بایەخی پێدەدرێت. •    بەهۆی بایكۆت و باش بەڕێوەنەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە زۆبەی شار و شارۆچكەكانی هەرێم پەیمانگای تایبەت بۆ وانە وتنەوە كراونەتەوە و مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان و تەنانەت ژمارەیەك لەو مامۆستایانەش بوونەتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆری لەو پەیمانگایانەدا وانەی تایبەت دەڵێنەوە و خولی بەهێزكردن بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن دەكەنەوە و خوێندكارانی خوێندنگە حكومییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو روویان لەو پەیمانگایانە كردووە و بە پارە بەشداری خولەكان دەكەن و دیواری دەرگای كەم خوێندنگە و قوتابخانەی شارەكان نییە كە ریكلامی ئەو پەیمانگایانەی پێوە هەڵنەواسرابێت ، بەڵام خوێندكارانی خوێندنگە ئەهلی و تایبەتەكان كەمتر روو لەو پەیمانگایانە دەكەن، بەهۆی ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانیان بەردەوام بووە و بایكۆت ئەوانەی نەگرتوەتەوە و لەكاتی خۆیدا پرۆگرامەكانی خوێندنی ساڵ تەواوكراون.                                                              پۆلێكی خوێندنی خوێندنگەیەكی حكومیی لە هەرێم لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا بایەخێكی زۆر بە كەرتی پەروەردە و فێركردنی منداڵ دەدرێت و بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت، بۆ نمونە لە ئیسرائیل بودجەی وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی بودجەی وەزارەتەكاندا لە دوای وەزارەتی ئاسایشەوەیە و لە پلەی دووەمدایە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هەر لە دانانی بودجەدا گرنگی و بایەخی بە وەزارەتی پەروەردە وەك پێویست نەداوە، بەڵكو ئەوە چەند ساڵێكە حكومەت بەبێ‌ یاسای بودجە و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، كاروبارەكانی جێبەجێدەكات و ئەو قەیرانەشی كە هەرێمی گرتوەتەوە پشكی شێری زیانەكانی بەر كەرتی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا كەوتووە، ئەوەش دەرفەتی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەران رەخساندووە كە شوێنی حكومەت پڕبكەنەوە و هەرێم بەرەو ئەو ئاقارە بەرن خوێندن بەرەو بەتایبەتبوون و ئەهلیی بوونی تەواوەتی هەنگاو بنێت.                   


( درەو میدیا):  لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا، رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكرا كە لە كاتژمێر 12:00ی شەوی چوارشەممە 5/9/2018 دەستپێدەكات و 48 كاتژمێر پێش رۆژی دەنگدان كە 30ی ئەیلولی 2018 یە، كۆتایی دێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تا كاتژمێر 8:00 بەیانی رۆژی 28/9/2018 بەردەوام دەبێت، واتە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 23 رۆژ دەخایەنێت..  رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی خۆلی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، لایەنە بەشدارەكان كێبركێ دەكەن لەسەر بردنەوەی بۆ 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، (100 كورسی گشتی و 11 كورسی كۆتا) كە:   * ٧٠٩ كەس ناوی خۆیان كاندیدكردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان * ٢٩ لیست و قەوارە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە *  كۆی  ژمارەی دەنگدەران ( 3,088,642)  * بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی دەنگدەران ( 2,717,082) دەنگدەرە * واتا ژمارەی زیادبوو ( 371,560 ) دەنگدەرە * ناوی 268 هەزار كەس لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراون  * ناوی 56 هەزار دەنگدەری دیكەش سڕكراون


(درەو میدیا): سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەڕادەستكردنەوەی دوو ژنەی داعشیی بە ئەڵمانیا. حاكم زاملی سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، لەڕێی گرتنەبەری سەرجەم كەناڵە نێودەوڵەتییەكانەوە داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا بكات ئەو دوو ژنە داعیشییەی ڕادەستبكاتەوە كە لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە بەنایاسایی ڕەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە. داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستەبەجێ تەواوی زیندانییەكانی "داعش" ڕادەستی بەغداد بكاتەوە. زاملی لە بەشێكی تری قسەكانیدا بە "سۆمەرییە نیوز"ی وتووە" بەندینخانەكانی عێراق بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدان و ڕێگە بەهیچ لایەنێك نادرێت دەستوەردان لە كاروباریان بكات".  ئاشكرایكردووە" زیاتر لە پێنج هەزار بەندكراوی "داعش" لە زیندانەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن و زیاتر لەجارێكیش داوایانكردووە پرۆسە هاوبەشەكان ئاگاداری دۆخی زیندانەكانی هەرێم بن، بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە. بەگوێرەی قسەی زاملی، ئەو دوو ژنە داعشییەی بەقاچاغ ڕەوانەی ئەڵمانیا كراونەتەوە لەگەڵ منداڵەكانیان، یەكێكیان خاوەنی ڕەگەز ئەڵمانییە و ئەوی تریان خاوەنی رەگەزنامەی توركییەو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانییە، لەساڵی 2017 وە، دەستگیركراون.  


راپۆرتی/ محەمەد رەئوف لە یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا، نماییشی سەربازی لە گوندی گوڵەخانەی زێدی ( محەمەدی حاجی مەحمود ) و پایتەختی سیاسی و سەربازی حزبی سۆسیالیست ئەنجامدراو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك پێیانوایە دەبو لەبری ئەم نمایشە حزبیە، سۆسیالیست سەرقاڵی نمایشی بەرنامەكانی بوایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خستەڕوی تێڕاوانیيەكانی بۆ پێشخستنی ژیانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە زۆرو زەوەندەكانی، لەبەرامبەر ئەم ڕایەش بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، ئەوەى دەگوزەرێت تەحسیڵ حاسڵەو وەك چۆن یەكێتی و پارتی خاوەنی هێزن و مەهامی ئەم هێزانەش بەو شێوەیە ئاڕاستە دەكەن كە خزمەت بەمانەوەو بەهێزكردنی خۆیان دەكات، بەوپێودانەگە سۆسیالیستیش لەبری نمایشی تێڕوانینەكانی بۆ گۆڕینی ژیانی كۆمەڵگا، نمایشی هێز دەكات، ڕەنگە ئەویش وەك یەكێتی و پارتی هەمان ئەو بڕوایەی لاچەسپیبێت كە خاوەندارێتی هێزی چەكدار ڕۆڵێكی دیار دەگێرێت لە بەهێزكردنی پێگە و مانەوە لە گەمە سیاسەكاندا.    محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی ئەم نمایشە سەربازییەوە ئاماژەی بەوە كردووە" كە پێشتر چەندین جار مانۆڕی سەربازیمانكردووە، لە 5/3/1992 لە شەقامی سالم لە سلێمانی نماییشی سەربازیمان ئەنجامداوە، دواتر لەنەوەدەكاندا سێ چوارجار لە سەید سادق و شارەزوور نماییشی سەربازیمان كردووە، چەندین مانۆڕی سەربازیمان ئەنجامداوە و چەكی قورسی تیا بەكارهاتووە".  لەو سەروبەندەداو یەكێك لەو یادەوەرییانەی كە ڕەنگە تائەم ساتەش لەبیرەوەی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانیدا مابێتەوە، لە چوارچێوەی نماییشە سەربازیەكانی حزبی سۆسیالیسدا فڕۆكەیەكی جۆری هێلی كۆپتەری درووستكراوی دەستیيان نماییشیان دەكرد و درووشمی ( سەدام بۆیە تۆقیوە، تەیارەی حیسكی دیوە) دەوتەوە. بەڵام نماییشی سەربازی رۆژی 8/8/2018 كە لە گوندی گوڵە خانە بەڕێوە چوو جیاواز لە نماییشەكانی رابردوو زۆرترین موشتومڕو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی ساڵی رابردوو لە 31/3/2017 لە نمایشێكی گەورەی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە ئەنجامدراو لەلایەن راهێنەری بیانیيەوە وانەی سەربازی وترایەوە و بە شێوەی پراكتیكی چەكی تیا بەكارهێنرا.  هێزە سەربازیيەكەی سۆسیالیست لەگەڵ هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا رێكخراون و وەزارەتێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام لە واقیعدا هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هاوكات حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش هێزی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو هێزەی كە لە 8/8/2018 لە گوڵەخانە نماییشی سەربازیان ئەنجامدا بریتی بوون لە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتوون لە: * فەوجێكی هێزی پێشمەرگە كەلە چوارچێوەی هێزەكانی 80ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و ژمارەیان نزیكەی 550 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كەلە چوارچێوەی هێزەكانی زێرەڤانی وەزارەتی ناوخۆی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندان و ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە * سریەیەكی سەربازیی كە لە چوارچێوەی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی وەزارەتی ناوخۆی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە  * هێزێكی سەربازیی كە وەك خۆیان دەڵێن هێزێكی ناریكخراوی خۆبەخشە و لە رووداوو پەرەسەندنە سەربازییەكاندا كۆدەبنەوە و لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سەرپەرشتی دەكات و جموجوڵیان پێدەكات. ئەوە لەكاتێكدایە، هەموو ئەو راجیمە و تۆپە دوورهاوێژ و چەكە قورسانەی كە نماییشكران موڵكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانن و لە راپەڕینی بەهاری 1991 و روخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەستی كەوتوون. جارجار لە پێناو پێشاندانی هێزو پێگەی خۆی، حزبی سۆسیالیست لە گوندی گوڵەخانە نماییشی سەربازی دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازی دەكات، كە نماییشی 8/8/2018 لەلایەك پیشاندانی پێگەكەیەتی بە یەكێتی و پارتی و تەنانەت وڵاتە دراوسێكانیش بۆ ئەوەی مامەڵەی هێزی لەگەڵ بكرێت و لەلایەكیش بەشێكە لە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردن و گەرمكردنەوەی لایەنگرانی خۆیان. مانۆڕ یان نماییشی سەربازی مانۆڕی سەربازی كە زیاتر لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانەكاندا ئەنجامدەدرێت، بۆ پیشاندانی هێزو توانای سەربازی و ئەو وڵاتانەو راهێنان و تاقیكردنەوەو توانای سەربازیانە. لە دۆخی ئاشتیدا مانۆڕی سەربازی وا پێناسە دەكرێت كە بریتیيە لە" راهێنانێكی سەربازی كە لە نێوان وڵاتێك یان ژمارەیەك وڵاتی هاوپەیماندا ئەنجام دەدرێت بۆ پەرەدان بە تواناو لێهاتووی مەیدانی بەهێزكردنی پەیوەندی سەربازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی كە بەشداری مانۆڕەكە دەكەن". بەڵام لە بارودۆخی شەڕدا مەبەست لە مانۆڕی سەربازی ئەوەیە" بریتیيە لەو گوزارشتەی كە سەربازەكان بەكاری دەهێنن وەك ئاماژەیەك بۆ ستراتیژیەتێكی سەربازی لەسەر بنەمای دەستپێكردنی هێرشێكی جوڵاو و خێرا كە دوژمن توشی شڵەژان بكات و زیانی گەورەی لێبدات، بەبێ ئەوەی دووژمن بە كاتی هێرشەكە بزانێت". رەگەزەكانی مانۆڕی سەربازی یەكەم/ چاودێری و ئاراستەكردن و راپۆرت و كاراكردن دووەم/ خاڵی پەیوەندی: لێدان لە دوژمن لە كات و شوێنی گونجاودا سێیەم/ كوتوپَری: مەبەست لەم بنەمایە فێڵ و تەڵەكەی سەربازی چوارەم/ چەكی جۆراوجۆر و گونجاو  پێنجەم/ نەرم و نیانی: مەبەست لەوە كەسی سەربازی دەبێت پشودرێژوو گشتگیر وتوانای لەوە زیاتری لەبەر دەست بێت كە پێویستی پێیەتی شەشەم/ ناناوەندێتی لە فەرماندەییدا: مەبەستی لەوەیە لەناو پرۆسەی سەربازیدا بڕیاردان خێرا بێت و بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی تێی دەكەوێت. نماییشی سەربازی بریتیيە لەو چالاكیەی كە هێزە سەربازیيەكان چەك و توانای خۆیانی تیایدا نماییش دەكەن بەبێ هیچ جۆرە مەشق و راهێنانێك یاخود تاقیكردنەوەی چەكێك، زۆربەی كات بریتيیە لە رێ رۆیشتنی رێكخراوی هێزە سەربازیيەكان لە شوێنێكی گشتیدا. جیاوازی نمایشی سەربازی و مانۆڕ لەوەدایە كە لە مانۆڕدا مەشق و راهێنانی سەربازی تێدا دەكرێت وچەك و تەقەمەنی تیادا بەكار دەهێنرێت، بەڵام لە نماییشی سەربازیدا زیاتر نماییش و رێرۆیشتنی سەربازیە بە شێوەیەكی رێكخراو. بۆیە ئەوەی حزبی سۆسیالیست لە 8/8 دا ئەنجامیدا دەچێتە چوارچێوەی نماییشی سەربازیيەوە نەك مانۆڕی سەربازی.    مانۆڕێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕای بەشێك لەچاودێران، ئەو نماییشە سەربازیەی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كەلە رۆژی 8/8/2018 لە گوڵە خانە ئەنجامیدا، هەڵمەتێك بوو بۆ هەڵبژاردن و گەرمكردنی شەقامی خۆیان و نیشاندانی هێزوو توانای خۆیان بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. چونكە لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستان حزبی سۆسیالیست كورسیيەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد و ( 12 هەزارو 501 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم تەنها (8480  ) دەنگی بەدەستهێناوە، كە بەشی كورسی پەرلەمانی كوردستان ناكات,ئەگەرچی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی و حزبی كرێكاران رەنجدەران بە لیستی سەردەم بەشدارن, بۆیە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە كورسيیەكەی بكات لە پەرلەمانی كوردستان. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەرێوەچوو  لە پارێزگای سلێمانی ( 4895 ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی 1992 دا، لە سلێمانی(11,978) دەنگی هێنابوو, لە هەولێر لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018  ( 2329 ) دەنگی هێنابو لە هەڵبژاردنی 1992 لە هەولێر (8843) دەنگی بەدەستهێناوە, لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018   ( 1256 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە هەڵبژاردنی 1992 لە دهۆك( 7983)  دەنگی بەدەستهێناوە.  پێكهاتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵی 1992 و لە پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دراو چەند هێزوو لەشكرێكی حزبەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەكخران، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەتەواوی لێكترازان، تا پێكهێنانی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان لە 2005 بڕیاردرا كار بكرێت بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە داعش و بە بریاری ژمارە (19) پەرلەمانی كوردستان لە 23/7/2014 دا 21 بریاری تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەركرا، لە برگەی چوارەمی بریارەكەی پەرلەماندا هاتووە (پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی ( 6 ) مانگ لە دەرچوونی ئەم بریارەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەك بخات بەتایبەتی یەكەكانی ( 70 و 80 ) . بەڵام تا ئەمرۆش جگە لە چەند لیوایەكی هاوبەش تەواوی هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستدا و جگە لە حزب بەسەر كارەكتەرە سیاسیەكانیشدا دابەشبوون. 1- وەزارەتی پێشمەرگە پێكدێت لە 16 لیوای یەكگرتوو كە هاوبەشەو نزیكەی 40 هەزار پێشمەرگەیە، هەر لیوایەكیش لە بارگا وچوار فەوج پێك دێت، هەر فەوجێك نزیكەی ٦٠٠ سەرباز وئەفسەر دەبن، هەر لیوایەكیش 2400پێشمەرگە لە خو دەگرێت.  2- هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێكدێن لە :. أ - هێزەكانی ٧٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەی گشتی پێك دێن، سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. نزیكەی 20.000 بیست هەزار پێشمەرگە لە خۆدەگریت وفەرمانداری گشتی شێخ جەعفەرە.  ب- هێزەكانی ٨٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك) پێك دین، سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، نزیكەی 35.000 سی و پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت وفەرمانداری گشتی فەریق شێروانە،    ج - هێزی پشتیوانی یەك: ئەو هێزە لە ژێر دەسەلاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە فەرماندەیی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی كەنزیكەی 5.000 پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت.  ب - هێزەكانی پشتیوانی دوو: ئەو هێزە لەژێر دەسەلاتی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا مەریوان محەمەد ئەمین، نزیكەی 7.000 حەوت هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت.  هێزی پشتیوانی یەك و تەواوی چەكە قورسەكانی  وەك تانك، زریپۆش ، توپی دوور هاوێژ، موشەكی جوراوجور لەدەستدایەو  كە سەرجەمیان  لەژێر دەسەلاتی پارتی ویەكێتی دان. 3- فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن، كە سەربە وەزارەتی ناوخۆن ئەم هیزانەش دابەشكراونەتە سەر دوو لایەن: أ‌. زێرەڤانی: ئەم هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا عزیز وەیسی و ژمارەیان نزیكەی 35 هەزار پێشمەرگەیە. ب‌. بەرگری فریاكەوتن: سەر بە یەكێتی نشتیمانی كوردستانن ، بە فەرماندەیی عەمید كاكەمەند و ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار پێشمەرگەیە.   وەك چۆن هێزەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون و هێزی حزبین لەبەرگی یاسادا، بەهەمان شێوەش هێزەكەی سۆسیالیست هێزی حزبیە لە بەرگی یاساییدا، بۆیە بارودۆخی سەربازی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە هێزەكان نەك دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا بەڵكو لەناو حزبەكاندا بەسەر كارەكتەرەكاندا دابەش بوون و هێزەكان هێندەی ئینتیمایان بۆ كەس و حزبەكانیان هەیەو لەژێر فەرماندەیی ئەواندان هێندە لەژێر فەرماندەیی وەزارەت و دەزگا یاساییەكاندا نین.  ئەوەی نماییشكرا لە گوڵەخانە روداوێكی ناسروشت و نامۆ نەبوو, بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو واقیعە نەخوازراوەی هێزەسەربازیەكانە كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، كە رەنگە یەكێتی نەتەوەیی غەفور مەخموری و حزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوی ئیسلامیش بیر لە نماییشی سەربازی بكەنەوە، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندایە هێزی پێشمەرگەی حزبیە لەبەرگی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هەمان سەرەتای نەوەدەكان كە لەبەرگی بەرەی كوردستانیدابوو. وێناكردنەكە بەو شێوەیەیە ئەو حزبانەی هێزی سەربازی و باڵی سەربازیان هەیە لە ئاستی هەرێم و عێراقیش حیسابی زیاتریان بۆ دەكرێت و مامەڵەی جیاوازتریان لەگەڵ دەكرێت لە ئاستی دەرەوەو ناوخۆشدا، هەروەك باڵە سەربازیەكانی ( بەدرو سەرایە سەلام و عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایای خۆراسانی و كەتیبەكانی حزبوڵا ... هتد)باڵی سەربازی حزبە عێراقیيەكان، ئاواش لە ئاستی هەرێمی كوردستان ( هێزەكانی یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و هتد.. هەروەها هێزەكانی شیخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی ومحەمەدی حاجی مەحمودو نەجاتی عەلی فاتێ و سیروان بارزانی ... هتد..)   


(درەو میدیا): حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كوژرانی 12ی سەربازی ئێرانی لە سنوری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. بەپێی هەواڵێك كە لەسەر ئەژماری تایبەتی حزبی دیموكرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكراوەتەوە، لە نزیك شاری شنۆ پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو روبەڕوبونەوەیەدا 12ی سەرباز كوژراون. سایتی "سپاە نیوز" لەزاری قەرارگای "حمزە سید الشهدا"هەواڵی رودانی پێكدادانەكەی پشتڕاستكردوە، بەڵام ئسمعەلی خەلیلزادە یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قەرارگاكە رەتیكردەوە هیچ سەربازێك كوژرابێت. قەرارگای "سەید الشهدا" یەكێك لە گرنگترین قەرارگاكانی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانە كە ناوچەی جموجوڵی ئەم قەرارگایە دەكەوێتە پارێزگاكانی ئازەربایجانی غەربی (ورمێ) و كوردستان (سنە) و كرماشان تادەگاتە سنورەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا. سایتی ""سوپاە نیوز" هیچ زانیارییەكی تری لەبارەی پێكدادانەكەی پێشمەگەكانی دیموكرات و سوپای پاسداران ئاشكرانەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت هێزەكەی پێشمەرگە بە "گروپێكی وابەستە بە دەزگای هەواڵگری بێگانە" ناودەبات. ئاژانسی كۆماری ئیسلامیش بەپێچەوانەی حزبی دیموكراتەوە رایگەیاند، 10 پێشمەرگە لە شەڕەكەدا "كوژراون".


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە دواین قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەبارەی گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران. هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و ئێراندا.   لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاویشدا دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.   نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە. رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوری و فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاسا و تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن". بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران دوای شكستهێنانی ریفراندۆم و كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكات و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد. لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە و (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە". بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت. لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان و ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن. ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵا و شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەرێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵا و شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت.  بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە:  • نەوت و نەفتا بە تانكەر • پێستە و ریخۆڵە ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵا و شمەك و تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت. سزاكانی ئەمریكا چین ؟ رۆژی سێ شەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێرانی ئیمزاكرد: سزاكانی سەر ئێران بریتین لەمانە:  • سزا لەسەر كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە • پارچەی یەدەگ و پیشەسازی فڕۆكە • بازرگانی كانزا گرانبەهاكان • خۆراك و خواردەمەنی • فەڕشی ئێرانی • بازرگانی ئەلەمنیۆم، پۆڵا، گرانێت و خەڵوز • مامەڵەكردن لەگەڵ دراوی ئێران • پیشەسازی ئۆتۆمبیلی ئێران هەناردەی دۆلار بۆ ئێران ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی توشی داڕمان بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان و عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین. لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوە و رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەرێگەی هەناردەی كاڵا و شمەكەوە دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە كۆبكەنەوە. ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟ عێراق پابەند دەبێت بە سزاكانەوە ؟ بڕیاری پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ پێكهاتەی شیعەی عێراق كە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانیان مێژوویەكی ریشەداری دۆستایەتی و كاری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، بڕیارێكی ئاسان نییە، سەرباری ئەمە عێراق (1458) كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ ئێران هەیە. رۆژێك بەرلەوەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق كە حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) پەیوەندییەكی مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی" بارودۆخی عێراق و سروشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران وادەكات سەخت بێت بۆی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەوە كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیسەپێنێت". بە پێچەوانەوە سەرۆك كۆمارە كوردەكەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی شیعە مەزهەبی عێراق زۆر بە رونتر لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران قسەی كرد كاتێك لە رۆژی 8ی ئەم مانگە لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند"ئێمە پابەند دەبين بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە". هەر ئەو رۆژەی كە عەبادی ئەم قسەیەی كرد، لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی توند لەبارەی پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا حەیدەر عەبادی و حكومەتی عێراق هیچ رێنماییەكیان دەرنەكردووە سەبارەت بە چۆنیەتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە. هەندێك لە حزب و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەكو (بەدر و مالیكی و عەسائیبی ئەهلی حەق) بەیاننامەیان لەدژی قسەكانی عەبادی بڵاوكردەوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو سزایانە راگەیاند كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، بەهانەی دژایەتیكردنەكەشیان بەوە هێنایەوە عێراق پێشتر ئەزمونی سزا و گەمارۆی ئابوری كردووە و ئەمجۆرە سیاسەتانە تەنیا زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنێت نەك رژێمە سیاسییەكەی. عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پشت بە هاوردەكردنی كاڵا و شمەكی ئێرانی دەبەستێت، سەرباری ئەمە گرێبەستی لە بواری كارەبا و گاز و نەوت لەگەڵ ئێران هەیە، پابەندبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە لە ئەم ڕوەوە زیانی پێدەگەیەنێت. ئەمە وایكردووە ئێستا لەناو ناوەندی سیاسی عێراقدا بۆچونی سێیەم هاتوەتە ئاراوە و هەندێك لە سیاسییەكان دەخوازن عێراق پابەند بێت بە سزاكانەوە، بەڵام بەجۆرێك كە زیان بە ئابوری خۆی نەگەیەنێت. چارەسەرێكی مامناوەندی عێراق ساڵانە بەبەهای (12 ملیار) دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، مانگی ئابی رابردوو حەمید حوسەینی سەرۆكی ژوری بازرگانی ئێران رایگەیاند، ئێران رۆژانە بە بەهای (20 ملیۆن) دۆلار كاڵا هەناردەی عێراق دەكات و عێراق دووەم گەورە سەرچاوەی هەناردەی ئێرانە كە خۆی دەبینێتەوە لە كەلوپەلی بیناسازی و بەرهەمە نەوتییەكان و مادە خۆراكییەكان. بەگوێرەی زانیارییەكان ئێستا جموجوڵێكی دیپلۆماسی لە عێراق دەستیپێكردووە كە كار دەكات لەسەر دۆزینەوەی دەرەچەیەكی یاسایی بۆ پاراستنی بازرگانی بەرفراوانی نێوان عێراق و ئێران بەبێ ئەوەی عێراق بكەوێتە داوی شكاندنی سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران. دیار نییە حكومەتی عێراق چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و هاوكاتیش پابەندبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەزمونی پێشووی مامەڵەكردنی عێراق لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا ئەوە دەردەخات رەنگە عێراق رێگەیەكی تر بەكاربهێنێت بۆ حەواڵە داراییەكان لەگەڵ ئێراندا بەبێ بەكارهێنانی دۆلار، ئەمەش وەكو ئاڵوگۆڕی راستەوخۆی كاڵای ئێرانی، یاخود گواستنەوەی كاڵای ئێرانی بۆ بازاڕەكانی جیهان لەرێگەی نێوەندگیری كۆمپانیا عێراقییەكانەوە. هێشتا زنجیرەیەك سزای تر ماون كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەمریكا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، لەمەشدا عێراق دوچاری كێشە دەبێت و ناتوانێت نەوتی ئێران بفرۆشێت. ئەم بارودۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەكاتێكدایە ماوەی سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كراوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، حكومەتی نوێی عێراق لە حاڵی پێكهاتنیدا مەحكوم دەبێت بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سزایانەوە. لە حاڵەتی پێكهاتنیدا، ئەگەر حكومەتەكە نزیك بێت لە ئێرانەوە پابەندنابێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، ئەمەش بڕیارێكی سەختە بۆ بارودۆخی ئێستا كە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە شەقامی عێراقی هەیە دژ بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی، سەرباری ئەمانە، بڕیاری پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران لە هەردوو حاڵەتەكەدا جۆرێك لە سەرچڵیكردنە بە دۆخی ئەمنی وڵاتەوە كە ماوەیەكی كەمە دوای شەڕی دژ بە "داعش" تاڕادەیەك بەرەو جێگیربوون دەڕوات.   ئەمریكا لە عێراق كێ‌ سزادەدات؟  ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. لە حاڵەتی پابەندنەبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكاوە، پێدەچێت دەسەڵاتدارانی واشنتۆن سزای ئەو كەسانە بدەن كە راستەوخۆ لە عێراقدا هاوكاری ئێران دەكەن لە سووكردنی سزاكانی سەریدا و لە ماوەی رابردووشدا ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. ئاراس حەبیب ئاراس كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد . ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستمی دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە. ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە بەغداد.


(درەو میدیا): " ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان چارەسەرنەكرێن بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین" ئەمە داواكاری  كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانە كە ئەمرۆ لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە خستیانە روو.  ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان كۆمەڵێك داواكاریان خوێندەوە و خستیانەروو كە دیارترینیان" هەڵوەشاندنەوەی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان"ە هاوكات داوایانكردووە" چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابوری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە"   سەبارەت بە میدیاش ئەو كۆمەڵە هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەی گۆڕان رایان گەیاندووە كە" میدیای گۆڕان و راگەیاندنەكەی سەربەخۆ نیەو پێویستە بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ" جەختیشیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە دەبێت " ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزوتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە، دووربخرێنەوە، كە بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن" لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا كە لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا خوێندیانەوە ئەو هەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریان داوەتەوە بزوتنەوەكەیان كە " لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزوتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەی,لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین .   دەقی بەیاننامەكەی كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان: (هەوڵ و پرۆژەی چارەسەری نێوماڵی گۆڕان) جەماوەر و كادر و هەڵسوڕاوە بەئەمەكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، سەرجەم چین و توێژە زیندوو بەهەڵوێستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساتە وەختی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە ماوەی (۹) ساڵە هەتا ئەم چركەساتانە كە دەیگوزەرێنیین ئەندام و لایەنگرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی و شاگردەكانیانەوە تووشی دەیان چەرمەسەری و ناڕەحەتی و نانبڕین و قوربانی بوونەتەوە . بەڵام هێشتا كادر و هەڵسوڕاوەكانی ئەم بزووتنەوە بە ئیرادەیەكی پۆڵاین و ئومێدەوە دژی دەسەڵاتی فاشستی یەكێتی و پارتی وەستاونەتەوە و پاڵپشتی بزووتنەوەكە و پرۆژەكەی دەكەن و چاوەڕێن گۆڕان بتوانێت لە داهاتوودا خەون و هیوای میللەتەكەمان بهێنێتە دی و نموونەی حوكمڕانیەكی دروست و جوان و خۆماڵی بنیادبنێ و لەسەر بنەمای ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا سیستەمی سیاسی هەرێم زیندوو ڕۆشن بكاتەوە و شوێن پێ و هەنگاوەكانی ئەو زاتە هەڵگرێت . بەداخەوە دوای (۹) ساڵ دەزگا پەیوەندیدار و بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەكانی بزووتنەوەكە نەیانتوانی ئەزموونێكی حیزبایەتی تەندروست و مۆدێڕن بنیادبنێن و پەرەی پێ بدەن ، بەتایبەتی دوای ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەنگاوەكان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و خەون و ئاواتی دەیان هەزار لە شەقام و خەڵكی كوردستان بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت . لەم ماوەیەدا بە دراسەكردن و ڕاپۆرت و بەدواداچوونمان لە ناوخۆ و لە سۆشیال میدیا لەسەر كۆی بزووتنەوەكە ئەزموونێكی تاڵمان تاقیكردەوە لەگەڵ دەست ڕۆیشتوو ئارەستەكەرەكانی كاری سیاسی بزووتنەوەكە كە : ۱. لە دوای یەكەم كۆنگرەی بزووتنەوەكە لە كۆتاییەكانی ساڵی (۲۰۱۳) یەكەم دەستووری بزووتنەوەكە بە زۆرینەی زۆری ئەندامانی كۆنگرە داڕێژرا و پەسەندكرا ، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا یەك ماددەی جێبەجێ بكرێ بەڕوون و ئاشكرا پێشێلكاری دەستووری كراوە ، داوا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و كاری پێ بكەن. ۲.ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن لە پرۆسەیەكی ئاڵۆز و نادیموكراسیدا هەڵبژێران ، چونكە شەرعیەتیان لە جڤاتی نیشتمانیەوە وەرگرت كە پێكهاتەی ئەندامانی جڤات هیچ شەرعیەتێكی یاسایی و دەستووریان نەبوو ، داوا دەكەین سەرلەبەری هەڵبوەشێتەوە. ۳. نەخشە ڕێگای كاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون نیە ، تەماشای هەڵوێستەكانی ڕابردووی دەربارەی ( ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ، پرسی ڕیفراندۆم ، پەیوەندی و دبلۆماسیەت ،  پشتیوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان ، یاسای تیرۆر ، یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان ) پێویستە سیاسەتی ڕوون و شەفاف بێت . ۴. ماوەی پێنج ساڵە نەیتوانیوە كۆنفرانسی نیشتمانی و كۆنفڕانسی پارێزگاكان بگرێت كە بەپێی دەستوور دەبێت كۆنفڕانسی نیشتمانی چوار ساڵ جارێك و كۆنفڕانسی پارێزگاكان دوو ساڵ جارێك ببەستێت . ۵.لە ماوەی ڕابردوو هەیكەل و ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە بەشێوەیەك شێواوە و ناڕێك و بێ شیرازەیە كە دروست ناتوانرێ بازنە و ڕایەڵە و ئەنجومەنەكان كۆببنەوە و چالاكی بەرنامەڕێژی بكەن ، بۆیە داوا دەكەین كە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێ و بە میكانیزمی گونجاو ڕێك بخرێتەوە. ٦. بێ هەڵوێستی و بێ باكی و بێ منەتی سەركردایەتی گۆڕان بەرامبەر نیگەرانی و ناڕازی بوونی زۆرێك لە كادر و هەڵسوڕاو و جەماوەر و شەقامی ناڕازی ، داوا دەكەین بە زووترین كات شەقام و كادرە دڵسۆزەكان ئاشت بكرێتەوە و بەرپرسەكانی گردەكە بێنە ناو خەڵك و جەماوەر. ۷. سەربەخۆ نەبوونی ڕاگەیاندن و میدیای گۆڕان ، پێویستە پلان و بەرنامەڕێژی تەواو بكرێ ڕاگەیاندنەوە ، بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ. ۸. داوا دەكەین چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابووری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە. ۹. دوورخستنەوەی ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزووتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە ، بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتوولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزووتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەین . لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین . بە پێچەوانەشەوە ئامادەین دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی سیاسەتی داسەپاوی یەكێتی و پارتی ببینەوە و ئامادەین قوربانی بە گیانی خۆمان بدەین . لەگەڵ ڕێزماندا كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ۱۱ / ۸ / ۲۰۱۸ شەممە  


درەو میدیا: -    پارتی دیموكراتی كوردستان / سلێمانی: 48706 ,  هەولێر: 321920 ,  دهۆك: 354101 /كۆی گشتی 724727  -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان /سلێمانی: 259378 , هەولێر: 79745 , دهۆك: 25515 / كۆی گشتی  364638  -    بزوتنەوەی گۆڕان  /سلێمانی: 154947 , هەولێر: 40863 ,دهۆك: 3801  / كۆی گشتی 199611  -    نەوەی نوێ /سلێمانی: 63760  , هەولێر: 70833  , دهۆك: 18052 / كۆی گشتی 152645  -    هاوپەیمانی /سلێمانی: 46552  , هەولێر: 50537  , دهۆك: 25664/  كۆی گشتی 122753  -    یەكگرتووی ئیسلامی /سلێمانی: 30019  , هەولێر: 24475  , دهۆك: 43525 / كۆی گشتی 98019  -    كۆمەڵی ئیسلامی /سلێمانی: 51563  , هەولێر: 36784  , دهۆك: 3621  / كۆی گشتی 91968  -    كۆی گشتی/ سلێمانی: 659796  , هەولێر: 627166 , دهۆك: 475532/ كۆی گشتی 1762494   


ماوەی سێ رۆژە عادل مەلا ساڵح ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و بەرێوەبەری ناحیەی بەمۆ بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل ( رشوە ) راگیراوەو دەستگیركراوەو تا رۆژی 23ی مانگ دەخایەنێت,لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان. شەرچاوەیەكی ئەمنی لە گەرمیانەوە بە درەو میدیای راگەیاند: ئەو تۆمەتەی كە روبەرووی عادل مەلا ساڵح كراوەتەوە بە پێی مادەی ( 307 ) لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بەوەرگرتنی بەرتیل ( رشوە) راگیراوە, تۆمەتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی بەرێوەبەری ناحیەی ئاوە سپی بووە تۆمەتی ئەوەی لەسەرە كە بەرتیلی لە كۆمپانیایەكی توركی وەرگرتووە. 


درەو میدیا: بەپێی ئەنجامی كۆتایی ئەژماری دەستی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی دەنگی تەواوی لیستەكان كەمیكردووە. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەپێی ئەنجامی ئەلكترۆنی (267,442 ) دەنگی هێنابوو بەڵام لە ئەژماری دەستیدا (259,378 ) دەنگی هێناوە واتا ( 8064 ) دەنگ كەمیكردووە بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ئەنجامی ئەلكترۆنی (156,973 ) دەنگی هێنابوو بەڵام لە ئەژماری دەستیدا (154,947 ) دەنگی هێناوە واتا ( 2026 ) دەنگ كەمیكردووە هێزەكانی تریش بە پێی ئەم خشتەیەی خوارەوە كەمیكردووە 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand