خوێندن و خوێندنی باڵا لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا

Draw Media

2018-08-12 20:41:04



■  راپۆرت: نامیق رەسوڵ
لە سلێمانی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان-UTM كرایەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن فێرخواز وەردەگرێت و بەردی بناغەی دروستكردنی بینای زانكۆكەش لە ناوچەی بەرزاییەكانی سلێمانی دانرا.
زانكۆكە تایبەتە بە خوێندنی "تەكنۆلۆجیا لە بواری ئای تی و كۆمپیوتەر"، تیمێكی پسپۆری مالیزی ئیدارەی زانستیی و كارگێڕی و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەدەن، لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە كراوەتەوە.
 زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان – UTM  بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 خوێندكار وەردەگرێت و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، مۆڵەتی فەرمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە وەرگرتووە، بە وتەی فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم ، نرخی خوێندن "گونجاو" دەبێت.

 

                            فاخر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم


كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێم
شكستهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و پەیڕەوكردنی سیستمی بازاڕی ئازاد، بووەتە هۆی ئەوەی سەرجەم ئەو سێكتەرانە كە پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەرەو ئەوە بڕۆن بكەونە دەست كەرتی تایبەت.
یەكێك لەو سێكتەرانەی ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت بكەوێتە دەست كەرتی تایبەت، كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە.

زانكۆی حكومیی و ئەهلییەكانی هەرێم
•    زانكۆ حكومییەكان:
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا كە لە سایتی فەرمیی خۆیدا بڵاویكردوەتەوە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (15) زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەشبوون بەسەر شارەكانی هەرێمدا، هاوكات دوو دەستە و ئەنجومەنێكی حكومیش هەیە، كە ئەوانیش بەپێی پسپۆری كارەكانیان ڕایی دەكەن.
•    زانكۆ تایبەت و ناحكومی و ئەهلییەكان:
بە گوێرەی یاسای "زانكۆ تایبەتەكان" كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، ئێستا (15) زانكۆ و لقی زانكۆیی لە شارەكانی كوردستان كراوەنەتەوە، بەكردنەوەی "زانكۆی قەیوان" ژمارەی زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێم بووە بە (16) زانكۆ و لقی زانكۆیی.

جیاوازی خوێندن لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكان
•    زانكۆ حكومییەكان خوێندكار بە گوێرەی نمرەی پۆلی 12 وەردەگرن، بەوەش هەموو خوێندكارێك چانسی وەرگرتن و خوێندنی لەو زانكۆیانە نابێت، لە زانكۆ تایبەتەكان لە سەرەتادا نمرە پێوەر نەبوو بۆ وەرگرتنی خوێندكار، بەهۆی زۆری خواست لەسەریان، ئەوانیش ئێستا بە نمرە خوێندكار وەردەگرن، بەڵام بە نمرەیەكی كەمتر لە زانكۆ حكومییەكان.
•    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكان بەخۆڕاییە، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بە پارەیە، خوێندكار بۆ هەر ساڵێك و بە گوێرەی ئەو بەشەی لێی دەخوێنێت، بڕێك پارە دەدات.
•    خوێندن لە زانكۆ حكومییەكاندا بە زمانەكانی ئینگلیزی، كوردی، عەرەبییە، بەڵام خوێندن لە زۆربەی زانكۆ تایبەتەكاندا بە زمانی ئینگلیزییە.
•    بەهۆی قەیرانی دارایی و پشتبەستن بە كەرتی تایبەت، زانكۆ حكومییەكان زۆر قەرەباڵغترە و حكومەت نەیتوانیوە وەك پێویست هەموو پێداویستییەكی سەردەمیانە بۆ زانكۆكان دابین بكات، بەڵام لە زانكۆ تایبەتەكان بەهۆی ئەوەی هەموو كەس توانای دابینكردنی پارەی پێویستی نییە بۆ خوێندن، ژمارەی خوێندكاریان كەمترە، سەرباری ئەمە بەهۆی ئەوەی زانكۆ تایبەتەكان لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانەوە دامەزرێنراون، كەلوپەل و پێداویستی و بینا و هۆڵی خوێندنی باش و گونجاویان بۆ دابینكراوە.

                                                              دانانی بەردی بناغەی زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان
 

پەروەردە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلییەكان 
هاوشێوەی خوێندنی باڵا، كەرتی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەرەو بە ئەهلیبوون و كەرتی تایبەت چووە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر باخچەی ساوایان و خوێندنگەی سەرەتایی و ئامادەیی و پەیمانگای تایبەت و ئەهلیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا كراوەنەتەوە و رەواجێكی باشیان هەیە.
بەر لەوەی قەیرانی ئابوریی بەرۆكی هەرێم بگرێت، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان منداڵەكانیان دەناردە ئەو خوێندنگە تایبەتانە، بەڵام قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خوێندكارانی خوێندنگە تایبەتەكان كردووە و ئێستا زۆرینەی منداڵی بەرپرسان و دەوڵەمەندەكان لەو خوێندنگە تایبەتانە دەخوێنن.

خوێندنگە تایبەتەكانی هەرێم
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، كە لە سایتی فەرمی ئەو وەزارەتەدا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی خوێندنگە و باخچە تایبەتەكان بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: 
•    66 باچخەی منداڵانی تایبەت
•    52 خوێندنگەی بنەڕەتی
•    1 خوێندنگەی دواناوەندیی
•    35 خوێندنگەی ئامادەیی
•    21 پەیمانگا
پارێزگای سلێمانی:
•     36 باخچەی ساوایان
•    25 خوێندنگەی بنەڕەتی
•    8 خوێندنگەی ئامادەیی
•    10 پەیمانگا
پارێزگای دهۆك:
•    16 باخچەی ساوایان
•    12 خوێندنگەی بنەڕەتی
•    6 خوێندنگەی ئامادەیی
•    4 پەیمانگا
گەرمیان:
•    3 باخچەی ساوایان
•    4 خوێندنگەی بنەڕەتی
•    2 پەیمانگا

                                                              پۆلێكی خوێندنی خوێندگەیەكی تایبەت لە هەرێم

جیاوازی خوێندنی حكومیی و تایبەت
•    خوێندنی حكومیی بەخۆڕاییە و خوێندنی تایبەت بە پارەیە، پارەی ساڵانەی خوێندن لە خوێندنگەیەكی  تایبەتەوە بە یەكێكی تر جیاوازە.
•    زمانی خوێندن لە زۆرینەی خوێندنگە حكومییەكاندا كوردییە، لە چەند خوێندنگەیەكیش كراوە بە ئینگلیزی، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زمانی خوێندن ئینگلیزییە.
•    بەهۆی پشتگوێخستنی كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەكردنەوەی بینا، پۆلی خوێندنگە حكومییەكان زۆر قەرەباڵغە و خوێندنگەكان زۆرینەیان دوو دەوامن و سێ‌ دەوامیش هەیە، بەڵام لە خوێندنگە تایبەتەكان یەك دەوامە و دەوام درێژخایەنە و ژمارەی خوێندكاران لە پۆلەكاندا كەمن.
•    لە خوێندنگە حكومییەكاندا خواردن بۆ خوێندكاران ئامادە ناكرێت، خوێندكاران خۆیان لەسەر خەرجی خۆیان لە حانوت و كافتریاكان پێداویستی دەكڕن و بەشێك لە خەرجی خوێندنگەكانیش لە پارەی حانوت دابیندەكرێت و بەشێكی تری ئەو پارەیەش پەروەردەكان سودی لێدەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێندنگە تایبەتەكاندا خوێندكار بە پارە دەخوێنێت رۆژانە خواردنی بۆ ئامادە دەكرێت.
•    بەهۆی قەیرانیی داراییەوە ماوەی دوو ساڵە مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و ئەوەش زیانێكی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن گەیاندووە، بەڵام خوێندنگە تایبەتەكان خۆیان مامۆستا دابیندەكەن و موچەی مانگانەی پێدەدەن، یان مامۆستای خوێندنگە حكومییەكان بەشێوەی وانەبێژ و بەكرێیەكی گونجاو وانەكان دەڵێنەوە، لەبەرئەوە بایكۆت زیانی بەو خوێندنگە تایبەتەكان نەگەیاندووە و بۆ رۆژێكیش دەرگای ئەو خوێندنگە تایبەتانە دانەخراون.
•    ئەگەر سەرنج بدەینە لیستی دەرچووانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و تاقیكردنەوەی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی، بەروونی دیارە رێژەی دەرچوون لە خوێندنگە تایبەتەكاندا بەرزترە لە خوێندنگە حكومییەكان، ئەگەرچی لە خوێندنگە حكومییەكانیش چەند خوێندكارێك لە ریزبەندی 10 یەكەمەكاندا بوون.
•    بەهۆی قەرەباڵغی پۆلەكانی خوێندن و بایكۆتی مامۆستایان لە خوێندنگە حكومییەكاندا، كەمتر بایەخ بە وانەكانی پەروەردەی وەرزش و هونەر و چالاكییەكانی تر دەدرێت كە رێگایەكی باشە بۆئەوەی خوێندكار لە پاڵ پرۆسەی خوێندندا پەرە بە بەهرە و توانا و خولیاكانی تری بدات، بەڵام ئەم وانە و بابەتانە لە خوێندنگە تایبەتەكاندا زیاتر بایەخی پێدەدرێت.
•    بەهۆی بایكۆت و باش بەڕێوەنەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لە زۆبەی شار و شارۆچكەكانی هەرێم پەیمانگای تایبەت بۆ وانە وتنەوە كراونەتەوە و مامۆستایانی خوێندنگە حكومییەكان و تەنانەت ژمارەیەك لەو مامۆستایانەش بوونەتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆری لەو پەیمانگایانەدا وانەی تایبەت دەڵێنەوە و خولی بەهێزكردن بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن دەكەنەوە و خوێندكارانی خوێندنگە حكومییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو روویان لەو پەیمانگایانە كردووە و بە پارە بەشداری خولەكان دەكەن و دیواری دەرگای كەم خوێندنگە و قوتابخانەی شارەكان نییە كە ریكلامی ئەو پەیمانگایانەی پێوە هەڵنەواسرابێت ، بەڵام خوێندكارانی خوێندنگە ئەهلی و تایبەتەكان كەمتر روو لەو پەیمانگایانە دەكەن، بەهۆی ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانیان بەردەوام بووە و بایكۆت ئەوانەی نەگرتوەتەوە و لەكاتی خۆیدا پرۆگرامەكانی خوێندنی ساڵ تەواوكراون.

                                                             پۆلێكی خوێندنی خوێندنگەیەكی حكومیی لە هەرێم

لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا بایەخێكی زۆر بە كەرتی پەروەردە و فێركردنی منداڵ دەدرێت و بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت، بۆ نمونە لە ئیسرائیل بودجەی وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی بودجەی وەزارەتەكاندا لە دوای وەزارەتی ئاسایشەوەیە و لە پلەی دووەمدایە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هەر لە دانانی بودجەدا گرنگی و بایەخی بە وەزارەتی پەروەردە وەك پێویست نەداوە، بەڵكو ئەوە چەند ساڵێكە حكومەت بەبێ‌ یاسای بودجە و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، كاروبارەكانی جێبەجێدەكات و ئەو قەیرانەشی كە هەرێمی گرتوەتەوە پشكی شێری زیانەكانی بەر كەرتی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا كەوتووە، ئەوەش دەرفەتی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەران رەخساندووە كە شوێنی حكومەت پڕبكەنەوە و هەرێم بەرەو ئەو ئاقارە بەرن خوێندن بەرەو بەتایبەتبوون و ئەهلیی بوونی تەواوەتی هەنگاو بنێت.
                  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand