گوڵەخانە مانۆڕی سەربازی دەكات

Draw Media

2018-08-11 19:26:27



راپۆرتی/ محەمەد رەئوف
لە یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا، نماییشی سەربازی لە گوندی گوڵەخانەی زێدی ( محەمەدی حاجی مەحمود ) و پایتەختی سیاسی و سەربازی حزبی سۆسیالیست ئەنجامدراو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك پێیانوایە دەبو لەبری ئەم نمایشە حزبیە، سۆسیالیست سەرقاڵی نمایشی بەرنامەكانی بوایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خستەڕوی تێڕاوانیيەكانی بۆ پێشخستنی ژیانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە زۆرو زەوەندەكانی، لەبەرامبەر ئەم ڕایەش بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، ئەوەى دەگوزەرێت تەحسیڵ حاسڵەو وەك چۆن یەكێتی و پارتی خاوەنی هێزن و مەهامی ئەم هێزانەش بەو شێوەیە ئاڕاستە دەكەن كە خزمەت بەمانەوەو بەهێزكردنی خۆیان دەكات، بەوپێودانەگە سۆسیالیستیش لەبری نمایشی تێڕوانینەكانی بۆ گۆڕینی ژیانی كۆمەڵگا، نمایشی هێز دەكات، ڕەنگە ئەویش وەك یەكێتی و پارتی هەمان ئەو بڕوایەی لاچەسپیبێت كە خاوەندارێتی هێزی چەكدار ڕۆڵێكی دیار دەگێرێت لە بەهێزكردنی پێگە و مانەوە لە گەمە سیاسەكاندا.   
محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی ئەم نمایشە سەربازییەوە ئاماژەی بەوە كردووە" كە پێشتر چەندین جار مانۆڕی سەربازیمانكردووە، لە 5/3/1992 لە شەقامی سالم لە سلێمانی نماییشی سەربازیمان ئەنجامداوە، دواتر لەنەوەدەكاندا سێ چوارجار لە سەید سادق و شارەزوور نماییشی سەربازیمان كردووە، چەندین مانۆڕی سەربازیمان ئەنجامداوە و چەكی قورسی تیا بەكارهاتووە". 
لەو سەروبەندەداو یەكێك لەو یادەوەرییانەی كە ڕەنگە تائەم ساتەش لەبیرەوەی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانیدا مابێتەوە، لە چوارچێوەی نماییشە سەربازیەكانی حزبی سۆسیالیسدا فڕۆكەیەكی جۆری هێلی كۆپتەری درووستكراوی دەستیيان نماییشیان دەكرد و درووشمی ( سەدام بۆیە تۆقیوە، تەیارەی حیسكی دیوە) دەوتەوە.
بەڵام نماییشی سەربازی رۆژی 8/8/2018 كە لە گوندی گوڵە خانە بەڕێوە چوو جیاواز لە نماییشەكانی رابردوو زۆرترین موشتومڕو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی ساڵی رابردوو لە 31/3/2017 لە نمایشێكی گەورەی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە ئەنجامدراو لەلایەن راهێنەری بیانیيەوە وانەی سەربازی وترایەوە و بە شێوەی پراكتیكی چەكی تیا بەكارهێنرا.

 هێزە سەربازیيەكەی سۆسیالیست
لەگەڵ هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا رێكخراون و وەزارەتێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام لە واقیعدا هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هاوكات حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش هێزی تایبەت بەخۆی هەیە.
ئەو هێزەی كە لە 8/8/2018 لە گوڵەخانە نماییشی سەربازیان ئەنجامدا بریتی بوون لە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتوون لە:
* فەوجێكی هێزی پێشمەرگە كەلە چوارچێوەی هێزەكانی 80ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و ژمارەیان نزیكەی 550 كەسە
* سریەیەكی سەربازیی كەلە چوارچێوەی هێزەكانی زێرەڤانی وەزارەتی ناوخۆی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستاندان و ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە
* سریەیەكی سەربازیی كە لە چوارچێوەی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی وەزارەتی ناوخۆی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ژمارەیان نزیكەی 250 كەسە 
* هێزێكی سەربازیی كە وەك خۆیان دەڵێن هێزێكی ناریكخراوی خۆبەخشە و لە رووداوو پەرەسەندنە سەربازییەكاندا كۆدەبنەوە و لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سەرپەرشتی دەكات و جموجوڵیان پێدەكات.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەموو ئەو راجیمە و تۆپە دوورهاوێژ و چەكە قورسانەی كە نماییشكران موڵكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانن و لە راپەڕینی بەهاری 1991 و روخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەستی كەوتوون.
جارجار لە پێناو پێشاندانی هێزو پێگەی خۆی، حزبی سۆسیالیست لە گوندی گوڵەخانە نماییشی سەربازی دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازی دەكات، كە نماییشی 8/8/2018 لەلایەك پیشاندانی پێگەكەیەتی بە یەكێتی و پارتی و تەنانەت وڵاتە دراوسێكانیش بۆ ئەوەی مامەڵەی هێزی لەگەڵ بكرێت و لەلایەكیش بەشێكە لە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردن و گەرمكردنەوەی لایەنگرانی خۆیان.

مانۆڕ یان نماییشی سەربازی
مانۆڕی سەربازی كە زیاتر لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانەكاندا ئەنجامدەدرێت، بۆ پیشاندانی هێزو توانای سەربازی و ئەو وڵاتانەو راهێنان و تاقیكردنەوەو توانای سەربازیانە.
لە دۆخی ئاشتیدا مانۆڕی سەربازی وا پێناسە دەكرێت كە بریتیيە لە" راهێنانێكی سەربازی كە لە نێوان وڵاتێك یان ژمارەیەك وڵاتی هاوپەیماندا ئەنجام دەدرێت بۆ پەرەدان بە تواناو لێهاتووی مەیدانی بەهێزكردنی پەیوەندی سەربازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی كە بەشداری مانۆڕەكە دەكەن".
بەڵام لە بارودۆخی شەڕدا مەبەست لە مانۆڕی سەربازی ئەوەیە" بریتیيە لەو گوزارشتەی كە سەربازەكان بەكاری دەهێنن وەك ئاماژەیەك بۆ ستراتیژیەتێكی سەربازی لەسەر بنەمای دەستپێكردنی هێرشێكی جوڵاو و خێرا كە دوژمن توشی شڵەژان بكات و زیانی گەورەی لێبدات، بەبێ ئەوەی دووژمن بە كاتی هێرشەكە بزانێت".
رەگەزەكانی مانۆڕی سەربازی
یەكەم/ چاودێری و ئاراستەكردن و راپۆرت و كاراكردن
دووەم/ خاڵی پەیوەندی: لێدان لە دوژمن لە كات و شوێنی گونجاودا
سێیەم/ كوتوپَری: مەبەست لەم بنەمایە فێڵ و تەڵەكەی سەربازی
چوارەم/ چەكی جۆراوجۆر و گونجاو 
پێنجەم/ نەرم و نیانی: مەبەست لەوە كەسی سەربازی دەبێت پشودرێژوو گشتگیر وتوانای لەوە زیاتری لەبەر دەست بێت كە پێویستی پێیەتی
شەشەم/ ناناوەندێتی لە فەرماندەییدا: مەبەستی لەوەیە لەناو پرۆسەی سەربازیدا بڕیاردان خێرا بێت و بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی تێی دەكەوێت.
نماییشی سەربازی بریتیيە لەو چالاكیەی كە هێزە سەربازیيەكان چەك و توانای خۆیانی تیایدا نماییش دەكەن بەبێ هیچ جۆرە مەشق و راهێنانێك یاخود تاقیكردنەوەی چەكێك، زۆربەی كات بریتيیە لە رێ رۆیشتنی رێكخراوی هێزە سەربازیيەكان لە شوێنێكی گشتیدا.
جیاوازی نمایشی سەربازی و مانۆڕ لەوەدایە كە لە مانۆڕدا مەشق و راهێنانی سەربازی تێدا دەكرێت وچەك و تەقەمەنی تیادا بەكار دەهێنرێت، بەڵام لە نماییشی سەربازیدا زیاتر نماییش و رێرۆیشتنی سەربازیە بە شێوەیەكی رێكخراو.
بۆیە ئەوەی حزبی سۆسیالیست لە 8/8 دا ئەنجامیدا دەچێتە چوارچێوەی نماییشی سەربازیيەوە نەك مانۆڕی سەربازی. 
 
مانۆڕێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان
بەڕای بەشێك لەچاودێران، ئەو نماییشە سەربازیەی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كەلە رۆژی 8/8/2018 لە گوڵە خانە ئەنجامیدا، هەڵمەتێك بوو بۆ هەڵبژاردن و گەرمكردنی شەقامی خۆیان و نیشاندانی هێزوو توانای خۆیان بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە.
چونكە لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستان حزبی سۆسیالیست كورسیيەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد و ( 12 هەزارو 501 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم تەنها (8480  ) دەنگی بەدەستهێناوە، كە بەشی كورسی پەرلەمانی كوردستان ناكات,ئەگەرچی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی و حزبی كرێكاران رەنجدەران بە لیستی سەردەم بەشدارن, بۆیە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە كورسيیەكەی بكات لە پەرلەمانی كوردستان.
حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەرێوەچوو  لە پارێزگای سلێمانی ( 4895 ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی 1992 دا، لە سلێمانی(11,978) دەنگی هێنابوو, لە هەولێر لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018  ( 2329 ) دەنگی هێنابو لە هەڵبژاردنی 1992 لە هەولێر (8843) دەنگی بەدەستهێناوە, لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی12ی ئایاری 2018   ( 1256 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە هەڵبژاردنی 1992 لە دهۆك( 7983)  دەنگی بەدەستهێناوە. 


پێكهاتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
لە ساڵی 1992 و لە پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دراو چەند هێزوو لەشكرێكی حزبەكان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەكخران، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەتەواوی لێكترازان، تا پێكهێنانی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان لە 2005 بڕیاردرا كار بكرێت بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە داعش و بە بریاری ژمارە (19) پەرلەمانی كوردستان لە 23/7/2014 دا 21 بریاری تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەركرا، لە برگەی چوارەمی بریارەكەی پەرلەماندا هاتووە (پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی ( 6 ) مانگ لە دەرچوونی ئەم بریارەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەك بخات بەتایبەتی یەكەكانی ( 70 و 80 ) .
بەڵام تا ئەمرۆش جگە لە چەند لیوایەكی هاوبەش تەواوی هێزەكان دابەش بوون بەسەر یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستدا و جگە لە حزب بەسەر كارەكتەرە سیاسیەكانیشدا دابەشبوون.

1- وەزارەتی پێشمەرگە پێكدێت لە 16 لیوای یەكگرتوو كە هاوبەشەو نزیكەی 40 هەزار پێشمەرگەیە، هەر لیوایەكیش لە بارگا وچوار فەوج پێك دێت، هەر فەوجێك نزیكەی ٦٠٠ سەرباز وئەفسەر دەبن، هەر لیوایەكیش 2400پێشمەرگە لە خو دەگرێت.
 2- هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێكدێن لە :.
أ - هێزەكانی ٧٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەی گشتی پێك دێن، سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. نزیكەی 20.000 بیست هەزار پێشمەرگە لە خۆدەگریت وفەرمانداری گشتی شێخ جەعفەرە. 
ب- هێزەكانی ٨٠ لە پێشمەرگەكانی فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك) پێك دین، سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، نزیكەی 35.000 سی و پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت وفەرمانداری گشتی فەریق شێروانە،  
 ج - هێزی پشتیوانی یەك: ئەو هێزە لە ژێر دەسەلاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە فەرماندەیی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی كەنزیكەی 5.000 پێنچ هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت. 
ب - هێزەكانی پشتیوانی دوو: ئەو هێزە لەژێر دەسەلاتی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا مەریوان محەمەد ئەمین، نزیكەی 7.000 حەوت هەزار پێشمەرگە لە خۆ دەگریت. 
هێزی پشتیوانی یەك و تەواوی چەكە قورسەكانی  وەك تانك، زریپۆش ، توپی دوور هاوێژ، موشەكی جوراوجور لەدەستدایەو  كە سەرجەمیان  لەژێر دەسەلاتی پارتی ویەكێتی دان.
3- فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن، كە سەربە وەزارەتی ناوخۆن ئەم هیزانەش دابەشكراونەتە سەر دوو لایەن:
أ‌. زێرەڤانی: ئەم هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە ، بە فەرماندەیی لیوا عزیز وەیسی و ژمارەیان نزیكەی 35 هەزار پێشمەرگەیە.
ب‌. بەرگری فریاكەوتن: سەر بە یەكێتی نشتیمانی كوردستانن ، بە فەرماندەیی عەمید كاكەمەند و ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار پێشمەرگەیە.  
وەك چۆن هێزەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون و هێزی حزبین لەبەرگی یاسادا، بەهەمان شێوەش هێزەكەی سۆسیالیست هێزی حزبیە لە بەرگی یاساییدا، بۆیە بارودۆخی سەربازی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە هێزەكان نەك دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا بەڵكو لەناو حزبەكاندا بەسەر كارەكتەرەكاندا دابەش بوون و هێزەكان هێندەی ئینتیمایان بۆ كەس و حزبەكانیان هەیەو لەژێر فەرماندەیی ئەواندان هێندە لەژێر فەرماندەیی وەزارەت و دەزگا یاساییەكاندا نین. 
ئەوەی نماییشكرا لە گوڵەخانە روداوێكی ناسروشت و نامۆ نەبوو, بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو واقیعە نەخوازراوەی هێزەسەربازیەكانە كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، كە رەنگە یەكێتی نەتەوەیی غەفور مەخموری و حزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوی ئیسلامیش بیر لە نماییشی سەربازی بكەنەوە، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندایە هێزی پێشمەرگەی حزبیە لەبەرگی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هەمان سەرەتای نەوەدەكان كە لەبەرگی بەرەی كوردستانیدابوو.
وێناكردنەكە بەو شێوەیەیە ئەو حزبانەی هێزی سەربازی و باڵی سەربازیان هەیە لە ئاستی هەرێم و عێراقیش حیسابی زیاتریان بۆ دەكرێت و مامەڵەی جیاوازتریان لەگەڵ دەكرێت لە ئاستی دەرەوەو ناوخۆشدا، هەروەك باڵە سەربازیەكانی ( بەدرو سەرایە سەلام و عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایای خۆراسانی و كەتیبەكانی حزبوڵا ... هتد)باڵی سەربازی حزبە عێراقیيەكان، ئاواش لە ئاستی هەرێمی كوردستان ( هێزەكانی یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و هتد.. هەروەها هێزەكانی شیخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی ومحەمەدی حاجی مەحمودو نەجاتی عەلی فاتێ و سیروان بارزانی ... هتد..) 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand