( درەو میدیا): برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە سلێمانی و بەجیا لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی كۆبووە. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكگۆرك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند ئەگەر هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە ئەوا دەبێتە یەكێك لە كاندیدەكانی سەرۆك كۆمار. وتیشی سبەی یان دووسبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات. هاوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕیدا لەگەڵ مەكۆرگ كۆبووەوە . بە گوێرەی راگەیەندراوێك كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاوكرایەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە ڤیتۆی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکات و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە مەكۆرگ لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی:" لەگەڵ ئەوەداین یەکێتی یەک كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت و ئەزموونی لەگەڵ بەغدا و لایەنە عێراقییەکان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت".
( درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكاتەوەو، " درەومیدیا" ناوی ئەو كەسانە ئاشكرادەكات خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە مادەكانی ٢ و ٣ لەیاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٢ (یاسای ئەحكامەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەگەیەنێت. لە بەیاننامەكەدا، داوا لەو كەسانە كراوە كە مەرجەكانی خۆ كاندیدكردنیان تیادایە، داواكانیان بەشێوەی نوسراو و پاڵپشت بە بەڵگەنامەی ڕەسمی لەگەڵ سیڤی كەسییان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و ڕادەستی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكەن، لە كۆشكی كۆنگرەكان لە كاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا ٣ پاشنیوەڕۆی ڕۆژانی (سێشەممە و چوارشەممە و یەكشەممە) ڕێكەوتی 18، 19، 23ى ئةم مانگە. بەپێی زانیارییەکانی "درەومیدیا"ئەو ناوانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە بریتین لە: - سەردار عەبدوڵا - لەتیف ڕەشید - محەمەد سابیر - مەلا بەختیار - فازیل میرانی - بەرهەم ساڵح - ىسەلیم شوشكەیی - عومەر بەرزنجی - کەمال عەزیز قەیتولی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار: بە گوێرەی مادەی 66ی دەستوری هەمیشەیی عێراقن دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فیدراڵی لە عێراق پێكدێت لە سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و بە گوێرەی ددەستور و یاسا دەسەڵاتەكانیان پیادەدەكەن. هەروەها مادەی 67ی دەستوری عێراق دەڵێت: " سەرۆك كۆمار، سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەندبوون بە دەستور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەریی و یەكێتی و پاراستنی خاكی عێراق بەپێی بڕگەكانی دەستور. لە مادەی 68یی دەستوریشدا هاتووە كە پێویستە كاندید بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت: یەكەم: لە عێراق لە دایكبوبێت و دایك و باوكی عێراقیی بن. دووەم: لێهااتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواوكردبێت. سێیەم: ناوبانگێكی باش وشارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێتی و سەرڕاست و دادوەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراوبێت. چوارەم: حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. هەروەها بەگوێرەی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردووە دوو مەرجی تر بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار زیادكراوە كە ئەمانەن: یەكەم: نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ " بەكالۆریۆس" كەمتربێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت. دووەم: یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.
( درەو میدیا): لە وەڵامی پرسیاری دوەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ نوسەرو ڕوناكبیری كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە. مەریوان وریا قانع لەبارەی درووستكردنی نائومێدیەوە پێی وایە" نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە پرسیاری دووەم: درەو میدیا/ لەسەر لێكەوتەكانی تۆخبونەوەی نائومێدیی لە کۆمەڵگای كوردیدا قسەتان ھەیە؟ ئەم ڕق و ئیحتیقانە لەچوارچێوەی ململانێ سیاسییەكاندا دەمێنێتەوە، یان كاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و گەورەكردنی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگا؟ مەریوان وریا قانیع: من لە وەڵامی پرسیاری پێشودا جەغتم لەوەکرد کە پێویستە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین و تەنھا وەک دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نەیبینین. لەوەش دوام پێوستە خۆمان لە دوو وەڵامە ھەرە ئاسانەکە بپارێزین. وەڵامی ڕەشبینان کە وادەکەن باوەڕمان بە ھیچ گۆڕانکارییەک نەمێنێت، یان وەڵامی گەشبینان کە بەخۆشحاڵییەوە پێماندەڵێن درەنگ یان زوو دونیا دەبێت بە بەھەشت. لە نێوان ئەم دوو وەڵامەدا من پێم لەسەر گرنگیی کردەی ئینسانیی و ڕەنج و تەقالای مرۆڤەکان داگرت و ئەمانەشم وەک بەشێک لە وێناکردنی واقیع باسکرد. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم پێداگرتنە لەسەر بۆچوونێک کە پێیوایە ئومێد بەشێکی گرنگیی پێکھاتی مرۆڤە و بە فۆرمە جیاوازەکانی مرۆڤبوونەوە پەیوەستە. کە ئەمە دەڵێم دەبێت دیوی ئەودیوی ئەم ھاوکێشەیە ببینین کە نائومێدییە. نائومێدیی دیوی ئەودیو و ڕوخاسارە بریندار و چەپاوەکەی ئومێدە. پرۆسەی بوون بە مرۆڤ، یان بوون بە تاکەکەسێکی مێژوویی دیاریکراو، بەناو بڕێکی دیاریکراو لە ئامادەگیی ئومێدا تێدەپەڕێت. شتێکیش بەناوی ژیانێکی ئینسانیی ماقوڵەوە بوونی نابێت گەر ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژیانە نەبێت. بە کورتییەکەی ئومێد یەکێکە لە ئینسانیترین شێوازەکانی ھەستکردن لە مرۆڤدا، پێگەیەکی وجودیی ھێجگار گرنگی ھەیە و کەسانێکیش ھەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن وەک غەریزەیەکی ئینسانی ببینن. مەریوان وریا قانع: ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە. بە بۆچوونی من بەشێکی گرنگیی دەزگا کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئومێد و لە پەیوەندیدا بە ئومێدەوە دروستبوون. با لە دەزگاکانی پەروەردە و فێربوونەوە دەستپێبکەین. ھەموو منداڵێک کە دەچێتە ناو ئەو دەزگایانەوە ئومێدی بەوەیە ژیانێکی باش بەدەستبھێنێت و ببێت بە کەسایەتیەکی گرنگ. نەخۆشێک کە دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی تەندروستیی و سەر بە یەکێک لە بیمارستانەکاندا دەکات، ئومێدی ئەوەی تێدایە چاکبێتەوە. ئەوەی دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی داوەریی و بەردەمی داوەرەکان، ئومێدیی بەوەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەبکرێت و ئەو مافانەی پێشێلکراون، وەربگرێتەوە و بپارێزرێت. تەنانەت ئەوانەشی کە پارتی سیاسیی دروستدەکەن و ئەوانەش کە دەچنە ڕیزەکانیانەوە ئومێدیان بە دروستکردنی دونیایەکی باشتر ھەیە. بەم مانایە ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژێرخانە ئینسانییەیە کە دەزگا گەورەکانی لەسەر دروستدەکرێت. ئەمەش وادەکات ئومێد بەر لەھەموو شتێک پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی متمانەوە ھەبێت. متمانەی مرۆڤ بەو دونیا و ژینگەیەی لەناویاندا دەژیی، بەو دەزگایانەی کە چوارچێویەکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقیی و پەروەردەیی دروستدەکەن، بەو کەسانەش کە لە پێگەی دەسەڵاتدان و بڕیارەکانیان کاریگەریی لەسەر ژیانی گشتیی بەجێدەھێنڵێت. ئەم متمانەیەش ھەستکردن بە دوو شت لە مرۆڤدا گەورەدەکات. یەکەمیان، ھەستکردن بە ئاسایش، دووھەمیان ھەستکردن بەوەک کە دونیا شوێنێکی پۆزەتیڤ و چاکەکارە. ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە بە خۆی و بە تواناکانی لە دەسکاریکردنی خۆی و دەسکاریکردنی ئەو ژینگە و پێگەیەی تیایدا دەژیی. لە ھەرێمدا لە ناو قوتابخانەکانەوە، لەناو ڕووبەری گشتیدا، لەناو بیمارستانەکان و لەناو دادگاکان و لەناو پارتە سیاسییەکانەوە، بە مرۆڤی ئێمە دەگوترێت، ئومێدت نەبێت... ئومێدت نەبێت ببیت بە سیاسییەکی گەورە، ببیت بە بەڕێوەبەری دەزگا گەورەکان، ببیت بە خاوەنی کارخانە، لە خەستەخانەکاندا چاکبکرێیتەوە، یان داوەرەکان مافە سەرەتاییەکانت بۆ بگەڕێننەوە و بیپارێزن، ھتد... ئیشی دەزگا سەرەکییەکانی دونیای ئێمە و ئیشی ژمارە یەکی سیاسەت و حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە ئەوەیە بە مرۆڤی ئێمە بڵێن تۆ بچووکیت و ناتوانیت خەونی گەورەت ھەبێت. ئەمڕۆ چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت ئومێدی بەوەبێت بتوانێت ببێت بە سەرۆکی ھەرێم، یان ببێت بە بەڕێوەبەری یەکێک لە فڕۆکەخانەکان، یان نوێنەری وڵاتەکەی بێت لە شوێنێکی ئەم دونیایەدا، گەر سەر بە ھەندێک خێزان و بنەماڵەی تایبەت نەبێت. یان کام نەخۆش ئومێدی بەوەیە بتوانرێت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چاکبکرێتەوە، یان کێ ئومێدیی ئەوەی ھەیە داوەرێک مافە دزراوەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە؟ یان لەناو ئەو ئابورییە وێرانەی ھەرێمدا ژیانێکی پڕ کەرامەت بژیی؟ بە بۆچوونی من لەمڕۆدا فۆرمەکانی نائومێدکردن و میکانیزمەکانیان زۆر ھەمەلایەن و بەرفراوان و گشتگیرن و بە بەشێی زۆری گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییمانەوە، گرێدراوە. کارخانەیەکی گەورەی نائومێدکردنی مرۆڤ لە ھەرێمدا ئیشدەکات و وەزەکەشی لەو کایە سیاسییەوە وەردەگرێت کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. لەڕاستیدا دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی فۆرمە جیاوازەکانی ئومێدە لەلایەن نوخبەیەکی بچووک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕانانەوە. ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە. ئەگەر ئومێد ھەمیشە پەیوەستبێت بە جۆرێک لە کرانەوەوە بەڕووی ئایندەدا، ئەوەی لەناو ھەرێمدا ڕوودەدات داخستنی ڕووبەرێکی ھێجگار گەورەی ئەم ئایندەیەیە بەڕووی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگادا. ئەگەر لەگەڵ ئومێدا وزەیەکی پۆزەتیڤ لەناو مرۆڤدا دروسببێت و گەشەبکات، ئەوەی دەیبینین ڕێگرتنە لە دروستبوونی ئەو وزە پۆزەتیڤە و گەشەکردنی. ئیسنانی نائومێدیش ئینسانێکی بیمارە، زۆرجار پڕە لە ڕق و نادۆستیی. مرۆڤ کە نائومێدکرا دەشێت ڕقی تەنانەت لە خۆشی ببێتەوە، ڕقی لەو دونیا و کۆمەڵگا و مرۆڤانە ببێتەوە کە تیایاندا و لەگەڵیاندا دەژیی. بە بۆچونی من نائومێدکردنی مرۆڤ یەکێک لە گەورەترین ئەو تاوانانەیە بکرێت بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجامبدرێت. ئەگەر من بمتوانیایە سەرلەنوێ بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ بنووسمەوە، بڕگەی یەکەمی بەیاننامەکەم دەکرد بەوەی: "ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە خاوەنی ئومێدبێت“. مەریوان وریا قانع: نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە. ئەم دۆخە وادەکات نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا ببێت بە کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی ڕق. لە ڕقبوون لە خود خۆیەوە بیگرە بۆ ڕق لە ئەوانیتر و لە ژیان و لە ھەمووشتێک. ئەو ئیحتیقانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن تا ڕادەیەکی زۆر گشتییە و دەرنجامی ئەو ھەندەسە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە باسمکرد، کە زیاد لە چارەکەسەدەیەکە دروستدەکرێت و گەشەی پێئەدرێت. بڕی ئەو ڕق و ئیحتیقانەش کە ھەیە دەتوانێت بەشێکی گەورەی ئەو دونیایە وردوخاش بکات. مرۆڤ زۆرجار کە ئومێدی بە دونیا نەما، ئومێدی بە خۆشی نامێنێت. کە ئەم دووانەشی لەدەستدا دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ترسناک و دەتوانێت ھەم خۆی و ھەم دونیا وێرانبکات. وەڵامی پرسیاری یەكەم/ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1945
( درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و و كۆمەڵی ئیسلامی، كاندیدیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەیە. بەپێیی ئەو زانیارییانەی دەست " درەومیدیا " كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان (بەشیر خەلیل) و جوڵانەوەی نەوەی نوێ (ڕابون مەعروف) و یەكگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین) و كۆمەڵی ئیسلامی(ئەحمەدحاجی ڕەشید)ی، كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت.
( درەو میدیا): د. رێبوار كەریم مەحمود وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە درەو میدیای راگەیاند: رێكەوتنی سیاسی بەرفراوان لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان. سەبارەت بە چونی هاوپەیمانی بۆناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وتەبێژی هاوپەیمانی جەختی كردەوەكە"بەهیچ شێوەیەك هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هیچ پرۆژەیەكی بۆ یەكگرتن یان چونە ناو هیچ حزبێك نیە" د. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەشكرد كە " هاوپەیمانی پرۆژەیەكی بەردەوامەو لە ئێستادا سەرقاڵی خۆ سازدان و رێكخستنەوەویە" سەبارەت بە رێكەوتنی نێوان یەكێتی و هاوپەیمانی وتەبێژی هاوپەیمانی بەرونی دەڵێت" كاردەكەین بۆ رێكەوتنێكی سیاسی هەمەلایەنەی سەرتاسەری بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەو تەنگەژەكان، ئەم رێكەوتنانەی ئێستا دەكرێن لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان فراوان دەكرێن" سەبارەت بە كاندیدبونی د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق وتەبێژی هاوپەیمانی تەنها ئاماژەی بەوەدا " شانازی ئەكەین كە زۆربەی لایەنە عێراقی و كوردستانیەكان د. بەرهەم ساڵح بە شیاوترین كەس دەزانن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق" ئەمرۆ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبونەوەو بەپێی راگەیەنراوی هەردولاش" لەكۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان كردەوە لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكانی كوردستان و ئەو كێشانەی روبەرووی هاوڵاتیان بۆتەوە. ئەمەش لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی هەمەلایەنە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستانی بە هاوبەشی هێزو لایەنە سیاسییەكان"
( درەو میدیا ): پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە و بە رەسمیش یەكێتی لەوە ئاگاداركردوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی ئاگاداركردوەتەوە كە كاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیە . پارتی ئەوەشی بە یەكێتی راگەیاندووە كە سبەی تا ئێوارە وەڵامیان بدەنەوە لەسەر هەر تێبینی و سەرنجێك كە هەیانە لەسەر ئەو پۆستە و ئەو كاندیدەی كە پارتی دیاریكردووە.
( درەو میدیا) لە راگەیەنراوێكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایگەیاندووە، كە راستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەكانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە كوردستانی و عیراقییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەیران و كێشەكان. هاپەیمانی ئەوەشی خسۆتە روو كە"لەسەر داوای كەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیكۆشەرانی هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی سیاسین بە ئامانجی چارەسەركردنی تەنگژەكان" هاوپەیمانی: پەیام و پرۆژەكەمان بەردەوامە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەین دەقی راگەیەندراوەكە ڕاگەیاندراوی وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و داپەروەرییەوە هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان خەڵكی هۆشمەندو تێگەیشتوو لای هەموتان ئاشكرایە هاوپەیمانی بە راستگۆیی و بێ پێچ و پەنا هەڵوێستە سیاسییەكانی خۆی خستۆتەڕوو. لەمروەشەوە، بە ئاشكرا، داوای دیالۆگی نیشتمانی كردو هەر زووش لەلایەن سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەكانەوە پێشوازی لێكرا. ووتومانە و بەبێ دوو دڵی دەیلیینەوە كە ئەگەر و پێشهاتەكانی كوردستان و عیراق دەخوازێ لەم دۆخە سیاسە چەقبەستووە دەرباز بین. دواتریش لەم چوارچیوەیدا، هەنگاوی پراكتیكی بۆ نراو زنجیرەیەك كۆبونەوە بەڕێوەچووە. خۆ ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوایە، رەنگە هەنگاوی گەورەتر بۆ رێكەوتنی سیاسی بەرفراوان بنرایە. ئێستاش لەبەرئەوەی هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی نەكردوە، هەربۆیە راستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەكانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە كوردستانی و عیراقییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەیران و كێشەكان. لەم نێوەندەشدا، لەسەر داوای كەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیكۆشەرانی هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی سیاسین بە ئامانجی چارەسەركردنی تەنگژەكان و چاككردنی باری بژێوی خەڵك و رێكخستنەوە و سازدانی تواناكانمان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل. كە چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكان فراوان بكرێت بەرووی هێزە سیاسییەكانی دیكەدا. هەركەسیش بەهەر مەبەستێك هەوڵی شێواندنی ئەم راستییانە بدات، ئەوا درۆیەكی گەورەیە و هەوڵێكە بۆ خەڵەتاندنی خۆی و خەڵك لەپێناو كۆكردنەوەی چەند دەنگێكی كەمی هەڵبژاردن. لەكۆتاییدا هاوپەیمانی دڵنیای خەڵك و هاودیدان دەكاتەوە كە پەیام و پرۆژەكەی بەردەوامە و سەرقاڵی خۆسازدان و خۆرێكخستنەوەیە بە ئاراستەی زیاتر بەهێزكردنی پێگەكەی و ئاراستەكردنی هاودیدانمان بەرەو كایەی خزمەتكردن و ریكخستنەوە و یەكخستنەوەی توانای هیزە چاكەخوازەكان. هیچ هەوڵێكی نەزۆكیش ناتوانێت ئامانجەكانی هاوپەیمانی بۆ دیهینانی لە حوكمرانی باش و دادپەروەر رابگرێت. سەركەوتوو سەرفراز بن گوتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری ۱٤ی ئەیلولی ۲٠۱۸
( درەو میدیا): كۆمیسیارێكی بزوتنەوەی گۆڕان تەحەدای حزبە ناڕازیيەكان دەكات و دەڵێت، یەك ژمارەیان لەبارەی ناخاوێنێ تۆماری دەنگدرانەوە ڕاست نەبووە، هۆكاری ساختەكاریش دەخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان. ڕێزان حەمە ڕەشید، كۆمیسیار لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن، كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، كاتێك حزبەكان ئازایانە نایەنە ژێر باری ئەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەن، ئیتر ناچار دەبن خەتاكە بدەن بەسەر كەسێكی ترداو بڵێن تۆماری دەنگدەران خاوێن نیە، جەغتیش دەكات ، وەڵامی هەر چوار لایەنەكەیان بەژمارە داوەتەوەو "تەحەدا دەكات ئەو لایەنانەی باسی ژمارەی مردوو و ساختەكارییان دەكرد لە تۆماری دنگدەران یەك ژمارەیان ڕاست دەرچوبێت". ئەو كۆمیسارەی گۆڕان، ئۆباڵی ئەنجامدانی ساختەكاریش لەهەڵبژاردنەكان دەخاتە ئەستۆی خەڵك و دەڵێت"هۆكاری یەكەمی ساختەكاری هەڵبژاردن هاوڵاتیان خۆیانن، با هاوڵاتیان نەچن ساختە بۆ حیزبەكان بكەن كە پێیان وتن ڕەتی بكەنەوە، ئیتر خۆ جنۆكە ناچێت ساختەكاری بكات." لەبەشێَكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ڕێزان حەمەڕەشید ڕایدەگەیەنێت، بە ئەمانەتەوە دەیڵێم تا ئێستا هیچ پێشنیارێكی ئێمە وەك ئەندامانی پشكی ئۆپۆزسیۆن لە كۆمسیۆن لەسەر خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران یا ئێمە پێشنیارێكی باشمان كردبێت لەلایەن نوێنەرانی پارتی و یەكێتیەوە ڕەتنەكراوەتەوە".
(درەو میدیا): پرسی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراق و گەڕانەوە یان یەكگرتنەوەی لەگەڵ یەكێتی، مشتومڕی لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكرد و كاردانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیشی لێكەوتەوە. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رازی نییە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی بافڵ تاڵەبانی كوڕی عەڕابی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵی گەڕاندنەوەیەتی بۆ ناو یەكێتی. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چی وت ؟ بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لە سەردانێكیدا بۆ كەناڵی (گەلی كوردستان)، لە وەڵامی پرسیارێكی كارمەندانی كەناڵەكەدا دەربارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، وتویەتی " مەگەر من بمرم، بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەرنا رێگەنادەم". شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی سەبارەت بەو قسەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەردانیكردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، ستافی ئەو كەناڵە ئازیزە هەمان پرسیاریان لە دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە... هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕونكردنەوەیەكی پلان بۆدارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی". ئەوەی (درەو میدیا) ئاشكرایكرد لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارەكەیدا باسی نەكردووە. بەرهەم ساڵح ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دابەشكردووە ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە تایبەت بوو بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، باسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی بۆناو یەكێتی كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشداربوانی كۆبونەوەكە چاوەڕوانی دواقسەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوون لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەیتوانیوە ئامادەی كۆبونەوەكە ببێت، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لیژنەیەكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح پێكهێناوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی و رەفعەت عەبدوڵا سەرۆكایەتی دەكات. سەركردایەتی و دوو بەیاننامە بەشێوەیەكی گشتی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەبارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پشتیوانی و بەرەكەی تر دژایەتی دەكەن. ئەم ناكۆییە وایكرد لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، سەركردایەتی یەكێتی ناوەڕۆكی بەیاننامەی خۆیان گۆڕی. لە بەیاننامەی یەكەمی سەركردایەتی یەكێتیدا لەو پەرەگرافەیدا كە باس لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكات كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات هاتووە:"بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كرد و شاندێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا". بەڵام لە بەیاننامەی دووەمدا گۆڕانكاری لە دەقەكەدا كراوە و بەمشێوەیە داڕێژراوە:" لە بڕوابوونمان بەچەسپاندنی ئارامی و رێكخستنەوەی تواناكانمان، بڕیارماندا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بۆ رێككەوتن و ئاڕاستەی یەكخستن". بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا " گۆڕینی بەیاننامەكەی یەكێتی بەهۆی ناڕەزایی زۆری هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵحەوە بووە چونكە ئەو دێڕە كە باس لەوە دەكات "هاوپەیمانی داوای یەكگرتنەوەی كردووە" بەتەواوی هاودیدانی هاوپەیمانی نیگەرانكردووە و داوایانكردووە بەیاننامەیەك دەربكرێت، بەڵام بەهۆی نیگەرانی و توڕەبوونی بەرهەم ساڵح یەكێتی خۆی بەیاننامەكەی گۆڕیوە.
( درەو میدیا) : یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی داوای یەكگرتنەوەی لە یەكێتی كردووە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایدەكات كە ئەمڕۆ نیوەڕۆ (13-9-2018) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) سەبارەت بە (دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی كوردستان و داوای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكێتی) كۆبونەوەی نائاسایی كرد". هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی راشیدەگەیەنێت :" بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كرد و، وەفدێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا".
(درەو میدیا): شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی رێكخستەكانی دەرەوەی یەكێتی لە وتارێكدا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت هێرشدەكاتە سەر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و دەڵێت لەگەڵ ئەوەدا نییە كەسێكی " بەرژەوەندیخواز و سپڵە" هیچ پۆستێكی یەكێتی وەربگرێت. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا بەناونیشانی " پرسیار و وەڵام" دەڵێت هێرۆخان لەمیانی سەردانیدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان بۆچونی خۆی دەربارەی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار راگەیاندووە، حەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاوبكردایەتەوە بۆ دڵنیاكردنی جەماوەریی یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە روونكردنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی. لە بەشێكی تری وتارەكەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی بۆچونی خۆی بەرامبەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەڵێت:" لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە هەموو شێوەیەك پشتیوان و هاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بە یەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی هیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە هەوڵی پووچەڵكردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت." دەقی وتارەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پرسیارو وەڵام… زۆر بوون ئەوانەی لە كاتی دەستپێكی بانگەشەی هەلبژاردندا لە دەروازەی ڕاپەڕین پرسیاری ئەوەیان لێ ئەكردم كە ئایا دادە ڕای خۆی گۆڕیوە سەبارەت بە مەرجەكانی كاندیدی پۆستی سەروك كۆماری و ئایا بێدەنگی منیش لەو بارەیەوە لەبەر ئەوەیە كە چوومەتە ژێرباری ئەو پلانەی كە لە لایەن ناوەندی بڕیاڕەوە دارێژراوە؟؟؟ سەرەتا ئەمەوێت هەموو لایەك لەو راستیە ئاگادار بكەمەوە كە نە من و نە هیچ كەسێكیتر نوێنەری دادە نین و كەس مافی ئەوەی نیە كە بە ناوی دادەوە قسە بكات..!! هەر بۆیەش پێویستە كە وەڵامی ئەو پرسیارە لە زاری خودی دادەوە ببیسترێت و وەك هەمووشتان ئەزانن دەرگای دادە ھەمیشە كراوە و لەسەر پشت بووە و ئێستاش كراوە و لەسەرپشتە بۆ هەموو ئەوانەی كە بیانەوێت رای بزانن.. دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەردانی كردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان ستافی ئەو كەنالە ئازیزە هەمان پرسیاریان له دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە….. هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگوڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕوونكردنەوەیەكی پلان بۆ دارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی …!! لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە ھەموو شێوەیەك پشتیوان و ھاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بەیەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی ھیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە هەوڵی پووچەڵ كردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت…. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ١٣-٩-٢٠١٨
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان ناداتەوە و خۆی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە ئامادە كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نشتیمانی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێتەوە بە یەكێتی و لەبەرامبەردا پۆستە سیادییەكانی تری بەغداد بۆ پارتی بێت. لەوچوارچێوەیەدا، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە خولی پێشوو درا بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئارام شێخ محەمەد پۆستەكەی پڕكردەوە، ئەمجارە نادرێتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی پۆستەكە پڕدەكاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی (مەلا بەشیر حەداد)ی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لە كاندیدە دەرچووەكانی پارتی لە خولی نوێی پەرلەماندا. ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەیە لە بەغداد و یوسف محەمەد كاندیدی دەرچووی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق چاوی لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە.
(درەو میدیا): بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات دەستی بە وتوێژكردووە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بە مەبەستی یەكگرتنەوە یاخود ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی. (درەو میدیا) دەقی نوسراوێكی نهێنی دەستەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستكەوتووە، كە تێیدا دان بەوەدا دەنێت هاوپەیمانی لە وتوێژدایە لەگەڵ یەكێتیدا. نوسراوەكە دوێنێ 12/9/2018 دەرچووە و ئاڕاستەی "هاودید"انی هاوپەیمانی كراوە و لەسەری نوسراوە "بۆ بڵاوكردنەوە نیە"، نوسراوەكە بە (6) خاڵ سیاسەتی ئێستا هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رون دەكاتەوە، (درەو میدیا) دەقی ئەو (6) خاڵە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە: 1- هاوپەیمانی وەك پێشتر ڕایگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەهۆی كەموكورتی و كەلێنی زۆری تۆماری دەنگدەران و ناهاوسەنگی لە پێكهاتەی كۆمسیۆن و كەموكورتی یاسای هەڵبژاردن و كەلێنی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەركراوە، هەرچەندە هەموو ئامادەسازیەكانمان ئەنجامدابوو، بەڵام بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی كۆمسیۆن بۆ پێشنیارو تانە و ڕاپۆرتەكانی هاوپەیمانی، گەیشتینە بڕیاری بەشداری نەكردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨. 2- ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی بریتی نیە لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستان، بەڵكو بەشداری نەكردنە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨، چونكە هەڵبژاردن بەیەكێك لە میكانیزمەكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەزانین. 3- سەبارەت بە ئەركی هاودیدان لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان، لە نزیكترین كاتدا ڕێنمایی نوێتان پێ ڕادەگەیەنین لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەدا هەڵسوكەوت و جموجۆڵی سیاسی خۆمان دیاریدەكەین 4- لیژنەی تەشكیلات كۆی دەڤەر و دامەزراوەكانی پێكهێناوە و بەردەوامن لە پێكهێنانی تەواوی ئۆرگانەكانی هاوپەیمانی وەبەردەوام دەبین لە كاری خۆڕێكخستنەوەمان، بۆیە داوا لە هاودیدە بەڕێزەكانیشمان دەكەین بەردەوام بن لە پشتگیری نواندن و بەهێزكردنی ئۆرگانەكان و خەباتی جەماوەری. 5- هاوپەیمانی وەك دیدگایەكی جێگیر باوەڕمان بە دیالۆگی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە و بەردەوامین لەسەر ئەم پرانسیپە لە گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە پێناو یەكخستنی هێزە كوردیەكان، و لەم بارەیەوە كۆمەڵێ ووتوێژ لەگەڵ یەكیتی نیشتمانی كوردستان لە ئارادایە بە ئاڕاستەی رێكەوتنیكی سیاسی نیوان هاوپەیمانی و یەكیتی. 6- هیواخوازین پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی سەركەوتوانە ئەنجام بدرێت و هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی دروستكردنی گرژی و كەلێنی زیاتر لە نێو ڕێزەكانی گەلی كوردستاندا.
(درەو میدیا): پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە و ئەو حزبەش سێ كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو بارەیەوە وتی:"یەكێتی و پارتی لە دانوستانەكانیاندا لەسەر پۆستەكانی بەغدا رێككەوتون و بە گوێرەی رێككەوتنەكە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی دەبێت و پارتی چەند پۆستێكی سیادیی لە نێویشیاندا وەزارەت لە حكومەتی نوێی عێراق وەردەگرێت". ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریەنیوز" وتیشی:" ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئێستا تاوتوێی دیاریكردنی كەسێك دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و لە نێو كاندیدەكانیشدا محەمەد سابر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی چانسی زیاتری هەیە و دوای ئەویش فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستادێت." سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ چەند پرسێكی وەك ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و چەند پرسێكی تایبەت بە هەرێم تاوتوێدەكات.
(درەو میدیا): چوار حزبە ئۆپۆزسیۆنەكەی هەرێمی كوردستان " گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی" وەفدێكی هاوبەش بۆ بەغداد پێكدەهێنن و لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا ناچنە بەغداد. سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" رایگەیاند ئەو چوار حزبە بڕیاریانداوە جیا لە پارتی و یەكێتی وەفدێكی هاوبەش بۆ دانوستان رەوانەی بەغدا بكەن و جەختیشیدەكاتەوە كە جیاوازی ناكەن لە نێوان لایەنەكاندا و كامەیان مافی زیاتی بدات بە گەلی كوردستان بە گوێرەی دەستور پشتیوانی لێدەكەن. شوشكەیی راشیگەیاند یەكێتی و پارتی وەفدێكی تایبەتیان بۆ بەغداد پێكهێناوە و كۆمەڵی ئیسلامیی و یەكگرتووە و بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییش وەفێدی هاوبەشیان بۆ دانوستان دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق پێكهێناوە.