(درەو): سێ شەممەی ئەم هەفتەیە، واتا هەمان رۆژی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، (ئەنجومەنی دەوڵەت) لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار دەدات و چارەنوسی موچەی شەش مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم یەكلادەبێتەوە. بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بدات سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەنجومەنی دەوڵەتی كۆبوونەوەو بڕیاری ئەمڕۆی خۆی بۆ رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دواخستووە. سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، ئەنجومەنی دەوڵەت داوایكردووە، بۆ دانیشتنی رۆژی سێ شەممە سەبارەت بە ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی+ داد)ی هەرێمی كوردستان ئامادەبن، بۆئەوەی وەڵامی نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئامادەبكرێت. دوای درێژەكێشانی ناكۆكی وەفدە هاوبەشەكانی هەولێرو بەغداد لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی حكومەتدا بڕیاریدا یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو حكومەتی هەرێم خوازیاربوو پرسەكە بچێتە دادگای فیدراڵییەوە. ئەگەر رۆژی سێ شەممە، ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار بدات، هەمان رۆژ كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو لەوێ دواین بڕیار لەسەر ناكۆكییەكان دەدرێت و چارەنوسی موچەی (6) مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم یەكلادەبێتەوە، كە بەهۆی ناكۆكی لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و دواتریش ناكۆكی سەربارەت بە داهاتە نانەوتییەكان پەكیكەوتووە. حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە رێژەی 50%ی هەموو داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بگێڕێتەوە بۆ بەغدادو وەفدی هەرێم بەڵگەی یاسایی پێشكەشكردووە لەبارەی ئەوەی تەنیا 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان دەبێت بگەڕێندرێتەوە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، کارەساتێکی دیکەی ناو کارەساتە گەورەکانی ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوریی و خزمەتگوزارییەیە لە هەرێمدا سەروەرکراوە. ڕاوەستانی ئەم خزمەتگوزارییە، بەر لەوەی کۆتاییهێنان بێت بە یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پەکخستنی یەکێک لە مافە هەرە سادە و هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە لە هەرێمدا. ئەمەش هەڵقەیەکی تازەیە لە زنجیرەی ئەو داتەپینە گشتییەی رووی لە دابینکردنی خزمەتگوازارییە سەرەکییەکان و لە پاراستنی مافە هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، لە هەرێمدا. بەر لە هەموو شتێک دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، بە هەموو تاکە کەسێک لە کۆمەڵگادا، پەیوەندیی بە وێناکردنی مرۆڤەوە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە. بەتایبەتی پەیوەندی بە شێوازی وێناکردنی حوکمڕانانەوە بۆ مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ لەو کۆمەڵگایەدا بەگشتیی و لە ناو سیستمە حوکمڕانییەکەیدا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەبینرێت یان نا؟ چونکە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی ماف و کەرامەتەوە هەیە. پاراستنی تەندروستی مرۆڤ مافێکە لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لەلایەن «ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی»، ڕێکخراوی WHO، دان بەو مافەدا نراوە. هەموو کەسێک لە کۆمەڵگادا، هەم مافی ئەوەی هەیە و هەم شایستەی ئەوەشە دەستی بە خزمەتگوازارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان بگات. بەبێ گوێدانە توانای مادیی و پێگەی چینایەتیی و ڕەگەز و دین و ئایدیۆلۆژیای ئەو کەسە. تەنها لەو ژینگانەدا کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت نابینرێن و مامەڵەناکرێن، بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگا، لەم خزمەتگوزارییە بنەرەتییانە بێبەشە و رێ لەوە دەگیرێت هەمووان دەستیان پێیبگات. تەنها لەو ژینگەیەدا کە مرۆڤ لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ رووتکرابێتەوە و کەرامەتی بەشێوازی جیاواز بریندار کرابێت، خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە توانای مادیی و پێگەی چینایەتییەوە، گرێئەدرێت. لە هەرێمدا نوخبە حوکمڕان و ملیۆنێرەکەی دوای راپەرین، خۆیان بۆ پشکنینە پزیشکییە ئاساییەکانیشیان، سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن و لە نەخۆشخانە پێشکەوتو و گرانبەهاکانی جیهاندا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێم، پارە و بودجەی ئەوەیان نییە «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» ئەنجامبدەن و ئەم خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەرەتییە، لە خەڵکە ئاساییەکەی هەرێم دەبڕن. کەرتی تەندروستیی لە هەرێمدا بووە بە کەرتێکی بازرگانیی و لۆژیکی سەرمایەدارییەکی دڵڕەق و بێویژدان و مافیایی، کە کەڵەکەبوونێکی خێرا و نایاسایی سەرمایە، ئاراستەی دەکات، بەڕێوەی دەبات. ئەمەش ئەو لانی هەرە هەرە کەمەی «دادپەروەریی» و «یەکسانیی کۆمەڵایەتیِ» وێراندەکات کە هەر کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە، پێویستی پێیەتی. بەتایبەتیکردنی کەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و دەستکشاندنەوەی حکومەت و کەرتی گشتیی لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، دۆخێکی دروستکردووە، خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە مافەوە بگۆڕێت بۆ ئیمتیاز. ئاخر بەبێ دەستگەیشتنی یەکسانی هەمووان بەم خزمەتگوزارییە، ئەم خزمەتگوزارییە دەبێت بە ئیمتیازێک لە ئیمتیازە زۆرەکانی بەشە دەوڵەمەندەکەی کۆمەڵگا. ئەمەش دۆخی نادادپەروەریی و نایەکسانیی لە کۆمەڵگاکەدا قووڵتر و قووڵتر دەکاتەوە. خزمەتگوزاریی تەندروستی ئیمتیازی هیچ بەشێک لە بەشەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو مافێکە هەمووان هەیانە. هەژارن و بەساڵاچووان و کەمئەندامان و ژنان و پیاوان و منداڵان، بە هەمان ڕادەی خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندەکان، هەڵگر و خاوەنی ئەم مافەن. خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا لەم ئاستەدا، خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان، نەک تەنها بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگاکە. سەندنەوەی ئەم خزمەتگوازارییە لە خەڵکی سادەی کۆمەڵگاکە، تەعەدایەکی گەورەیە لە ماف و نرخی ئینسانیی ئەو کەسانە. ئەخلاقیی حوکمڕانیکردن و ئەخلاقیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت چۆن مامەڵەی بەشە لاواز و نەدارەکەی کۆمڵگاکە دەکرێت. چۆن بەشە هەرە لاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە مامەڵدەکرێن، ئایا رێز و لە ماف و کەرامەتیان دەگیرێت یاخود وەک مرۆڤی زیادە و ناپێویست مامەڵەدەکرێن؟. بۆیە کۆتاییهێنان بەم خزمەتگوازارییە، فۆرمێکی هێجگار ترسناکی بەدئەخلاقییە لە هەردوو ئاستەکەدا. لە ڕاستیدا تەنها ئەو کۆمەڵگا و حوکمڕانیانە، کۆمەڵگا و حوکمڕانیی خاوەن ئەخلاقن، کە ژیانی مرۆڤ تیایاندا، هەموو مرۆڤەکان، نرخ و بەها و رێزی تایبەتییان هەیە و هەمووان لە مرۆڤبوون و کەرامەتدا بەیەکتری یەکسانن. لێرەدا پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ، دەبێتە یەکێک لە ئەرک و بەرپرسیاریهتییەتە سەرەکییەکانی دەوڵەت. دەوڵەتیش ئەم بەرپرسیاریەتییە نەک تەنها وەک ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەبینێت، بەڵکو مرۆڤەکانیش وەک هاوڵاتیی یەکسان و مرۆڤی خاوەن ماف مامەڵەدەکات، کە مافی دەستگەیشتنیان بەو خزمەتگوزارییانە هەیە. لە پەیوەندیدا بە خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە، پێویستە دەوڵەت ئەم خزمەتگوزارییە، وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ و وەک بەردی بناغەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان ببینێت و مامەڵەبکات، نەک وەک ئیمتیازێک بۆ ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە. تەنها دانیشتوانێکی تەندروستیش دەتوانێت گەشە بە کۆمەڵگا و نیشتیمانێکی تەندروست بدات. بەزۆر مانا مرۆڤی تەندروست مرۆڤێکی بەرهەمهێنتر و بەختەوەرترە، دەتوانێت جۆرێک لە ژیان دروستبکات قابیلی ژیان بێت. پەیوەندییەکی بەهێز و تەندروستیشی بەو ژینگەیەوە هەبێت کە تیایدا تەندروستانە دەژیی. تەنها لە کۆمەڵگایانەدا کە خەم لە تەندروستیی هەمووان دەخورێت، دەشێت چاوەرێی هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتی زیاتر و زیاتر بکەین. غیابی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەم بەشی کۆمەڵگاکە، بکاتە دوژمنی ئەو بەشەکەی تری و پەیوەندیی نێوان حوکمڕانان و بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگاکەس، بخاتە سەر لێواری تەقینەوەی بەردەوام. تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، تەنها بۆ مانەوەی تاکەکان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەستکردن بە یەکسانی کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی گشتیی و سەقامگیریی سیاسیش هێجگار گرنگە. دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ هەموو هاوڵاتیان، هەم پێداویستییەکی ئینسانیی و هەم ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقییە و هەم مافێکیشه لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ. ئەوەی لە هەرێمدا دەیبینین، رێک پێجەوانەی ئەو سەرهتا سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانییانەیە کە باسمکردن. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت، لە دۆخی داتەپینێکی بەردەوامدان، لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییە تایبەتەکان، کە زۆربەی جار تەنها ئیمتیازی بەشە دەوڵەمەندەکەی هەرێمەکەیە، لە دۆخی گەورەبوون و فراوانبوونێکی بەردەومدایە. بە مانایەک لە ماناکان، لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیدا، حکومەت بەرەوە نەمان و پوکانەوەیەکی تەواو دەچێت. ئەم نەمان و پوکانەوەیەش، کارێکی بە مەبەست ئەنجامدراو و پلان بۆدانراو و سیستماتیکییە. نوخبەیەک بەڕێوەیدەبات و ئاراستەی دەکات، سەرجەمی وڵاتەکە و کۆی دەزگاکانی حکومەتەکە و سەرجەمی خزمەتگوزارییەکانیش، وەک موڵکی شەخسیی و تایبەتی خۆی مامەڵەدەکات. بەم مانایە ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، هێمایە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەک و مۆدێلێکی حوکمڕانیی، تەواو خاڵیی لە لانی هەرەکەمی دادپەروەریی و رێزگرتن لە ماف. دروستبوونی حوکمڕانیی و کۆمەڵگایەک بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە دارستان، تیایدا بەهێز لاواز و پارەدار بێپارە بخوات و لەناوببات. ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکاند، هێمایە بۆ نەمان و لەناوچوونی کۆی ئەو «سەرەتای یەکسان»انەی هەموو کۆمەڵگایەک، بۆئەوەی نەبێت بە گۆڕەپانی رق و بوغزی هەمەجۆر و هەمەلایەنی مرۆڤەکان لەیەکتری، پێویستی پێیانە. نەمانی «سەرەتای یەکسان»، بۆ نموونە یەکسانیی لە خزمەتگوازرییە تەندروستییەکاندا، نەمانی سەرەتاییترین جۆرەکانی رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و رێزگرتنی مافە وەک ماف و رێزگرتنی ژیانیشە وەک ژیان.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 لە هەرێمی کوردستان، تەنها بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل، ساڵانە زیاد لە (2 ملیۆن) پاتری دەخرێتە بازاڕەوە. 🔹 کارگەی (مایا) وەک کارگەیەکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، پاتری ھەناردەی وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوردن، سوریا، لوبنان، فەلەستین، مۆریتانیا و سعودییە) دەکات. 🔹 کارگەی (مایا) لە چەند مانگی داھاتوودا بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە لە (ملیۆنێک و 200 ھەزار) پاترییەوە بۆ (سێ ملیۆن و 700 ھەزار) پاتری بەرزدەکاتەوە، کارگەکە لە توانایدایە لە مانگێکدا (3 هەزار) تەن پاتریی لەکارکەوتوو ڕیسایکل بکاتەوە. 🔹 پاتری ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی چەندین کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە، وەک پیسبوونی خاک و ئاو، پیسبوونی کانزای قورس و دەردانی گازی زیانبەخش بۆ هەوا. 🔹 فڕێدانی نادروستی پاتری پاشماوەکانی دەتوانێت ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و دەردانی ماددە ژەهراویەکان، جگە لەوەی دەرهێنانی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆ پاتری، ئاڵنگارییەکی گەورەی ژینگەییە. پاتری ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بەپێی بە دواداچونەکانی گۆشەی ئایندەی ژینگە، ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق، چەندین جۆری پاتری کۆمپانیاکانی وڵاتانی جیهان بوونیان هەیە، هاوشانی کۆمپانیا جهانییەکان بەرهەمی ناوخۆییش هەن. بەرهەمە دەرەکییەکانی پاتری لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی وڵاتانی کۆریا، چین، ئێران، تورکیا، ئەڵمانیا، مالیزیا و هند، ئەم جۆرانە هەر یەکە و بە شێوازێک کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێ، لە ڕووی کوالێتی و نرخ و گرەنتییەوە جیاوازن. بەهۆی جیاوازی نرخەکانیش شۆفێران زیاتر پەنا دەبەنە بەر ئەو کۆمپانیایانەی نرخیان هەرزان و کەمترینە. بە جۆرێک، پاتری هەیە گەرەنتی چوار ساڵ دەکرێ، بەڵام نرخەکەی بەرزە، وەکو بەرهەمی ئەڵمانی، بەڵام بەشێکی تریش گەرەنتی نێوان، سێ بۆ شەش مانگ دەکرێن و نرخەکانیان، نزیکەی (15 بۆ 25) دۆلاری ئەمەریکییە، هەندێکی تر گەرەنتی سێ مانگ دەکرێن. کەواتە بازاڕی پاتری لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەکو سەرجەم کاڵاکانی تر، هەمە جۆر و هەمەڕەنگن. بەرهەمی ناوخۆیی دروستکردنی پاتری کارگەی مایا بۆ بەرهەمهێنانی پاتری، کارگەی پاتری مایا لە ناوچەی بازیانی پارێزگای سلێمانی لەسەر ڕووبەری (50 هەزار) مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی (2023)وە بەرهەمی پاتری ئۆتۆمبێلی خستووەتە بازاڕەوە، ئەم کارگەیە گەورەترین کارگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی پاتری ئۆتۆمبێل. کارگەی ڕیسایکلینی پاتری (مایا) لە ساڵی 2020 دامەزراوە و دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی قاڵبی قورقوشمی، ئەم کارگەیە دەستپێشخەرییەکی پیشەسازی پێشەنگە، کە پاشماوەی مەترسیداری پاتری چارەسەر دەکات و دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی بەنرخ، کە خزمەت بە هەردوو کەرتەکانی وزە و ژینگە دەکات. کارگەی مایا لە عێراقدا خاوەنی تەنیا تاقیگەی باوەڕپێکراوە بۆ ئەنجامدانی چەندین جۆری جیاوازی پشکنینی تایبەت بە پاتری. کارگەکە لەسەر پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ژینگە کاردەکات، خاوەنی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتییە بۆ (ژینگە، سەلامەتی و بەڕێوەبردن)، ھاوکات کارگەکە گرنگیی داوە بە فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە ناوەوەو دەرەوەی کارگەکە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی ھەوای ھەیە بۆ پاراستنی کرێکاران و ژینگەی دەوروبەری. ئێستا کارگەی (مایا) لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی بە دابینکردنی پاتری پێداویستیی بازاڕی ھەرێمی کوردستان و عێراق پڕبکاتەوە، لە ڕووی نرخیشەوە کێبڕکێی پاترییە هاوردەکراوەکان دەکات و بە ڕێژەی (%20) کەمترە، پاتری ھەناردەی وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوردن، سوریا، لوبنان، فەلەستین، مۆریتانیا و سعودیە) دەکات، لە چەند مانگی داھاتوودا بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە لە (ملیۆنێک و 200 ھەزار) پاترییەوە بۆ (3 ملیۆن و 700 ھەزار) پاتری بەرزدەکاتەوە. کارگەکە لە ئێستادا یەکێک لە کارەکانی وەرگرتنەوەی پاتری بەکارهاتووە، بە گوێرەی کێش له دووکاندارەکانی وەردەگرێتەوە، دواتر جارێکی تر تێزابەکەی و قوڕقۆشمەکەیی و مادە پلاستیکەکانی ڕیسایکڵ دەکاتەوە. ڕیسایکلکردنەوەی پاترییە لەکارکەوتووەکان کارگەی مایا لە توانایدایە لە مانگێکدا (3 هەزار) تەن پاتریی لەکارکەوتوو ڕیسایکل بکاتەوە، کە لە تەواوی عێراق کۆدەکرێتەوە، پێکهاتەکانی ناو پاترییەکە جیادەکرێتەوە بە تێکشکاندنی بۆکسی پلاستیکییەکە و دووبارە بەکارهێنانەوە، ڕیسایکلکردنەوە و پوختکردنەوەی قورقوشمەکە لەگەڵ تێزابی ناو پاترییەکە و گۆڕینی بۆ ئاوی پاک، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دزەکردنی ماددە ژەهراوییەکانی قورقوشم و تێزاب بۆ ناو خاک و ئاو و هەوا، ئەم پرۆسەیە بەشێکی گرنگ لە ئابووری بازنەیی وڵات پێکدەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەندێ ناوچەی هەرێم و عێراق، پاترییە کۆنەکان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان ڕژاندنی پاشماوەی تێزابەکەیە لەسەر زەوی، کە ئەمەش چەندین گرفتی ژینگەیی لە دوای خۆی جێدەێڵێت. لێرەدا گرنگە ئاماژە بە دوو حاڵەتی تایبەت بە ڕژاندنی پاشماوەی پاتری بە شێوەی نازانستی، لە ساڵانی ڕابردوودا بدەین، لەوانەش؛ بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی کۆگای سروشتی سەرگەڵو بۆ دەرهێنان و بەتاڵکردنەوەی تێزابی پاتری ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی دۆڵەڕوت لەشاری سلێمانی داخست. راپۆرتی لیژنەی ژینگە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، بەتاڵکردنەوەی تێزابی پاتری ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی نازانستی زیان بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی ژەهر، ئەمەش زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت. بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی کۆگای سروشتی سەرگەڵو دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە. هاوکات دیجیتاڵ میدیای ڕووداو ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، لە کفری زیاتر لە (5) شوێن هەن کە رۆژانە نزیکەی (80 تۆن) پاتریی بەکارهاتووی ئۆتۆمبێلی تێدا هەڵدەوەشێنرێتەوە و تێزابەکەی دەڕژێندرێتە سەر زەوی، پاترییەکان هەناردەی ئێران دەکرێن، مەرجی ئێرانیش بۆ وەرگرتنی ئەو پاترییانە، خاڵیکردنەوەی تێزابەکەیەتی پێش ئەوەی ببرێتە وڵاتەکە. ئەو شوێنانەی کە پاتری تێدا هەڵدەوەشێنرێتەوە، بەڕوونی کاریگەرییەکانی تێزابی پاترییەکان لەسەر بەرد و زەوییەکە دەردەکەوێت. لە دوای ساڵی (2003)ـەوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پاتریی بەکارهاتوو دەهێنرێتە کفری و لەوێشەوە لە دوای بەتاڵکردنی تێزابەکەی، هەناردەی ئێران دەکرێت. مەترسییەکانی دووبارە بەکارهێنانەوەی نا زانستی پاتری لەسەر ژینگە و تەندروستی لەکاتی سەردانی کردنی وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، (خالد بەتل ئەلنەجم) نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامی ڕیسایکلکردنی دەستی پاتری ئۆتۆمبێل، کە "بەهۆی دزەکردنی ترش و سرکە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە". لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە (18-4-2024)، کە وەزیر لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ کارگەی پاتری مایا لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی شەفەق نیوز. بەتل لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "لە عێراق زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلمان هەیە، هەربۆیە ساڵانە پێویستمان بە بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی زۆر پاتری هەیە، هاوکات ئەم پیشەسازییە گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕیسایکڵکردنی پاترییەکان بەشێوەیەکی سەلامەت و دروست بەپێی ستاندارد و پێداویستییە ژینگەییەکان". هێمای بۆ ئەوەش کرد کە "ئەو پراکتیزەیەی ئێستا لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق ڕیسایکلکردنی پاترییە بەکارهێنراوەکانە بە دەستی و بە هەڵە. ئەمەش کاریگەری لەسەر کرێکارانی ئەم بوارە هەیە و کێشەی ژینگەیی گەورە دروست دەکات بەهۆی ئەو ترشەڵۆکانەی ناو ئەم پاتریانە، هەروەها مادەی سرکە، کە بەداخەوە مادەی شێرپەنجەیی دروستکەرن جا بەهەڵم ببن بۆ هەوا یان دزە بکەنە ناو خاکەوە". لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ژینگە کاردەکەین بۆ سنووردارکردن و وەستاندنی ئەم کارانە بە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی ڕیسایکلکردنی ژینگەیی تەندروست". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئامارمان نییە لەسەر ڕیسایکلکردنی هەڕەمەکی، چونکە ئەو پیشەسازیانە بە فەرمی لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان تۆمار نەکراون". عێراق و گرفتی پاشماوەی پاتری بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی ئۆتۆمبیل، لە عێراق نزیک بە (8 ملیۆن) بووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان، لایەنی کەم هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵانە پێویستی بە گۆڕینی پاتری دەبێت، کە پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، بەشێک لە پاترییەکان، گەرەنتی سێ مانگ، شەش مانگ، ساڵێک و دوو مانگ، بەرە و سەرتر هەیە، واتە بە پێی ئاماژەکان، ساڵانە لە عێراقدا نزیکەی (8 ملیۆن) پاتری ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، ئەگەر بە شێوەی زانستی ڕیسایکڵ نەکرێنەوە کارەساتی ژینگەیی درووست دەبێت، کە بە پێی زانیارییەکان هەموو پاترییەکان بە زانستی ڕیسایکڵ ناکرێنەوە، بە تایبەتی ئەوانەی دەچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تێزابەکانیان دەڕژێنرێن و پاشماوەکانی تر هەناردە دەکرێن. کاریگەرییە سەرەکییەکانی پاتری ئۆتۆمبێل لەسەر ژینگە 1. پیسبوونی خاک و ئاو: پاتریەکان کانزای قورس و مادەی خراپکەری تێدایە، کە لەکاتی فڕێدانی نادروستدا دەچنە ناو خاک و ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەم و تەندروستی مرۆڤ دەبێت. 2. پیسبوونی هەوا و دەردانی گازی ژەهراوی: سووتانی یان کارلێکی کیمیایی پاتریەکان دەتوانێت دوکەڵی ژەهراوی و گازی ژەهراوی وەک هایدرۆکاربۆنی بۆنخۆشی پۆلیسایکلیک و فۆسفاتەکان دەربدات. 3. کەمبوونەوەی سامانی سروشتی: بەرهەمهێنانی پاتری پێویستی بە دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکانی وەک لیتیۆم و کۆبالت و نیکل هەیە، کە پرۆسەیەکی وزە زۆرە و دەبێتە هۆی تێکچوونی زەوی و پیسبوونی ژینگە. 4. مەترسی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە: پاترییەکانی لیتیۆم مەترسی ئاگرکەوتنەوە بە گەرمی دروست دەکەن، کە دەکرێت لە ئەنجامی زیاد بارگاویکردنەوە یان تێکچوونی کارکردنی ترەوە بێت، لە ئەنجامدا گازی مەترسیدار و پیسکەری ژینگە دەربچێت. 5. ژەهراویبوونی مرۆڤ: هەندێک کانزاکانی ناو پاتری، وەکو سرکە، نیکل و کادمیۆم، دەبنە هۆی تێکچوونی دەمارەکان یان شێرپەنجە دروستکەر بن، ئەگەر هەوا یان ئاو پیس بکەن. هەوڵەکانی کەمکردنەوەی زیان 1. ڕیسایکلکردن: ڕیسایکلکردنی پاتری یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پێویستی کانگاکردنی کەرەستەی خاو، بەڵام لە ئێستادا ناکارامەیە و پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرچاو هەیە لە تەکنەلۆژیادا. 2. بەکارهێنانی لاوەکی: هەندێک کۆمپانیا کاردەکەن بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاتری لە کارگە کەمتر داواکارییەکان، وەک سیستەمی هەڵگرتنی وزە. سوودە ژینگەییەکانی ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل چارەسەرێکی گرنگی ژینگەییە، کە بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی فڕێدانی بێ جیاوازی پاترییەکانەوە تووشی دەبن. پاتری ئۆتۆمبێل مادەی کیمیایی مەترسیداری وەک سرکە و ترش لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە ڕیسایکلکردنیان ببێتە پێویستییەکی ژینگەیی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەسارەکە. لێرەدا بە وردی باس لە سوودە ژینگەییەکان دەکەین، کە لە ئەنجامی ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێلەوە دێتە ئاراوە. 1. کەمکردنەوەی پاشماوەی ژەهراوی: پاتری ئۆتۆمبێل مادەی ژەهراوی وەک سرکە و ترشی سولفوریک لەخۆدەگرێت، کە ئەگەر بە شێوەیەکی نادروست فڕێ بدرێت، دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو. بە ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل، بڕی ئەم ماددە مەترسیدارانە لە زبڵدانەکاندا کەم دەبێتەوە، ئەمەش ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت. 2. پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان: دزەکردنی ماددە کیمیاییەکان لە پاترییە فڕێدراوەکانەوە دەتوانێت ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە پیس بکات، ڕیسایکلکردن دڵنیای دەدات لە فڕێدانی سەلامەتی ئەم ماددانە و ڕێگری دەکات لە دەرچوونیان بۆ ناو ژینگە. 3. کەمکردنەوەی پێویستی دەرهێنانی سامانی سروشتی: کاتێک پاتری ئۆتۆمبێلەکان ڕیسایکل دەکرێن، کانزاکانی وەکو سرکە و پلاستیک وەرئەگیرێنەوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە. ئەمەش پێویستی دەرهێنانی سەرچاوەی نوێ لە سروشت کەمدەکاتەوە، بەشداری دەکات لە پاراستنی سامانە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کانگا لەسەر ژینگە. 4. کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن: پرۆسەی دروستکردنی پاتری نوێ لە کەرەستەی ڕیسایکل کراو وزەی کەمتر بەکاردەهێنێت لە چاو دروستکردنی لە کەرەستەی پاکیزە، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی، کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. 5. پشتگیریکردن لە بەردەوامیی ئابووری بازنەیی: ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل بیرۆکەی ئابوورییەکی بازنەیی بەرەوپێش دەبات، کە ماددە ڕیسایکل کراوەکان لەبری ئەوەی فڕێ بدرێن لە دروستکردنی بەرهەمی نوێدا بەکاردەهێنرێن، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەڕۆ کەم دەکاتەوە و پشتگیری لە بەردەوامیی ژینگە دەکات. 6. کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا: فڕێدانی نادروستی پاتریەکان دەبێتە هۆی سووتانی پاترییەکان و ئەمەش گازی ژەهراوی دەردەچێت. ڕیسایکلکردن لە ڕێگەی مامەڵەکردنی سەلامەتی پاترییەوە لەم پیسبوونە دوور دەکەوێتەوە. 7. پاراستنی ئیکۆسیستەم؛ کاتێک پاتریەکان بە شێوەیەکی نادروست فڕێ دەدرێن، ماددە کیمیاییەکان دەتوانن دزە بکەنە ناو خاک و ئاوەوە و زیان بە ئیکۆسیستەم و زیندەوەرە زیندووەکان دەگەیەنن، ڕیسایکلکردن ئەم کاریگەرییە نەرێنیانە کەمدەکاتەوە، ڕووەک و ئاژەڵەکان لە ماددە ژەهراویەکان دەپارێزێت.
راپۆرتی: درەو 🔻 لە بازنەی پارێزگای هەولێر؛ 🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)دا (5) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی سێیەم لە ساڵی (2014)دا (4) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی چوارەم لە ساڵی (2018)دا (6) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن. 🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%). 🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) بەشداربووەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای هەولێر لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو. ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای هەولێرش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای هەولێر کرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای هەولێر وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان. یەكەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر (917 هەزار و 685) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (74%). پارێزگاكە (14) كورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛ - لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، کە لە یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتبوو (458 هەزار و 403) دەنگی بەدەستهێنا و (10) كورسی پەرلەمانیان بردەوە، بە شێوەیەک؛ تەنها پارتی و یەکێتی (431 هەزار و 407) دەنگیان بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ پارتی دیموكراتی كوردستان (306 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێناو (8) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124 هەزار و 632) دەنگ و (2) كورسی بردەوە. - لیستی گۆڕان (103 هەزار 397) دەنگی بەدەستهێنا و (2) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. - كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (70 هەزار و 662) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (51 هەزار و 65) دەنگی بەدەستهێناوە (1) كورسی مسۆگەر کرد. لەسەر ئاستی دەنگی حیزبەكان بەو پێیەی ئەگەر حیزبەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیشدا بووبن دەنگی هەر حیزبە و دەنگی بەكاندیدی خۆیداوە، بۆیە لێرەدا دەنگی راستەقینەی سەرجەم حیزبە بەشداربووەكان دەخەینە، بەو پێەیە لەم شیكاریەدا كار لەسەر دەنگی حیزبەكان دەكەین لەگەڵ ئەوەی لە خشتەكەدا رێژەی دەنگی حیزبەكان (100%) دەرناچێت، بەو پێیەی دەنگی كۆتا و هەندێك حیزبی بچووكی ناو هاوپەیمانێتییەكانی تیانییە، تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1) خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای هەولێر (936 هەزار و 557) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (744 هەزار و 489) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (79.5%)، بازنەی پارێزگای هەولێر (15) كورسی بەرکەوتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (4) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354 هەزار و 735) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (48%) و توانی (7) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (23%) كە (4) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (104 هەزار و 59) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80 هەزار و 492) دەنگ بەڕێژەی (11%) توانی (2) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (26 هەزار و 323) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی مسۆگەرنەكرد. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2) خشتە و چارتی ژمارە (2) سێیەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە هەولێر (ملیۆنێک و 123 هەزار و 219) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (642 هەزار و 232) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (57.2%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابوو، شەش لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (321 هەزار و 920) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (50%) و (8) كورسی مسۆگەر بكات. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79 هەزار و 945) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (12%)ی دەنگە دروستەكان و (2) كورسی بەدەستهێنا. - نەوەی نوێ توانی (70 هەزار و 833) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (11%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (40 هەزار و 863) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (6%) و (1) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36 هەزار و 784) دەنگی بەڕێژەی (6%)ی دەنگە دروستەکانی هێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (50 هەزار و 537) دەنگی بەڕێژەی (8%) بەدەستهێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24 هەزار و 475) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی نەبردەوە. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3) خشتە و چارتی ژمارە (3) چوارەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی، یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش کرا. لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای هەولێر كرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (444 هەزار و 253) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (35.9%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، سێ لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (262 هەزار و800) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (59.2%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (11) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - نەوەی نوێ توانی (79 هەزار و 245) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (17.8%) و (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (14.8%) كە (1) كورسی بەدەستێنا. - لیستی كۆمەڵی دادگەری (19 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (4.4%) و هیچ كورسییەکی بەدەستنەهێنا. - بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (4 هەزار و 245) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1%) و هیچیان سەرنەكەوتن. - كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (3 هەزار و 990) دەنگ و بەڕێژەی (0.9%) و هیچ كورسییەکی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەرنەكرد. - پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 167) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت. - سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (6 هەزار و 427) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.4%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4) خشتە و چارتی ژمارە (4) پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025 لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای هەولێر، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی لە پارێزگای هەولێر مافی بەشداریکردنی پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025). هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) دەنگدەرەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5) خشتە و چارتی ژمارە (5)
راپۆرتی: درەو 🔻 لە بازنەی پارێزگای سلێمانی؛ 🔹 لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)ەوە بۆ خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)، تەنها (5) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، جگە لە خولی چوارەمی ساڵی (2018) نەبێت (7) لیست و قەوارە کورسییان بەدەستهێناوە. 🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%). 🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) بەشداربووەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای سلێمانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 ئەنجام درا و پارێزگای سلێمانی جگە لە پارێزگای هەڵەبجە بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای سلێمانیش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای سلێمانی کرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای سلێمانی وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وەردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان. یەكەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای ، لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833 هەزار و 631) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%). پارێزگاكە (17) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛ - لیستی گۆڕان (298 هەزار 621) دەنگی بەدەستهێنا و (6) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. - لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (350 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێنا و (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە، بە شێوەیەک؛ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (237 هەزار و 379) دەنگ و (5) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێناوە (3) كورسی بردەوە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (103 هەزار و 188) دەنگی بەدەستهێناوە (2) كورسی مسۆگەر کرد. - كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (79 هەزار و 140) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1) خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%)، بازنەی پارێزگای سلێمانی (18) كورسی بەرکەتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (5) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛ - لیستی گۆڕان توانی (347 هەزار و 799) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (39%) و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (294 هەزار و 265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە (6) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (93 هەزار و 410) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (10%) و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 392) دەنگ و بەڕێژەی (9%) و (2) كورسی مسۆگەركرد. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (57 هەزار و 102) دەنگ بەڕێژەی (6%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2) خشتە و چارتی ژمارە (2) سێیەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە سلێمانی (ملیۆنێک و 305 هەزار و 211) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (668 هەزار و 146) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (47.9%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابووە، حەوت لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (39%)ی دەنگە دروستەكان و (8) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (154 هەزار و 947) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (23%) و (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - نەوەی نوێ توانی (63 هەزار و 760) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (10%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (51 هەزار و 563) دەنگ بەڕێژەی (8%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (48 هەزار و 706) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (7%) و (1) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (30 هەزار و 19) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و (1) كورسی مسۆگەركرد - هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (46 هەزار و 552) دەنگ بەڕێژەی (7%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3) خشتە و چارتی ژمارە (3) چوارەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای سلێمانی كرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر پێنج بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (393 هەزار و 194) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (28.29%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، بەجۆرێک؛ - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (124 هەزار و 414) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (31.6%) كە (8) كورسی بەدەستێنا. - نەوەی نوێ توانی (106 هەزار و 318) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (27%) و (5) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (54 هەزار و891) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (14%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی كۆمەڵی دادگەری (44 هەزار و 639) دەنگ بەڕێژەی (11.4%) و (1) كورسی بەدەستهێنا. - كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (22 هەزار و 876) دەنگ و بەڕێژەی (5.8%) و (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی مسۆگەركرد. - بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (17 هەزار و 846) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4.5%) و هیچیان سەرنەكەوتن. - پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.6%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت. - سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (19 هەزار و 693) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4) خشتە و چارتی ژمارە (4) پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025 لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) هاوڵاتی لە پارێزگای سلێمانی مافی بەشداری پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025). هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) دەنگدەرەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5) خشتە و چارتی ژمارە (5)
راپۆرت: رێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پهرهپێدان 🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ 🔹 پێکهێنانی کابینەی دەیەم دواکەوتووترین کابینەیە کە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەی دواکەوتنەکەی سێ هێندە پێکهێنانی کابینەی یەکەمە. 🔹 هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد). 🔹 دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە. 🔹 لەدوای سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت. ئامادەکردنی ڕێکخراوی ستۆپ پیشەکی لەکاتێکدا دیموکراسیی پەرلەمانی و حوکمڕانیی باش پێویستییان بەدامەزراوەی کارا و شەفاف هەیە، دوخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە تێیدا پەرلەمان پەکخراوەو حکومەت وەک کاربەڕێکەر بەردەوامه، پرسیاری جیدی لەسەر شەرعییەت و کاریگەریی دەسەڵاتەکان دروست کردووه. ئەم راپورتە بەمیتۆدێکی چاودێری و هەڵسەنگاندن، شیکاری بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاسایی و پەیرەوییانە دەکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر حوکمڕانی و متمانەی گشتی دەخاتەروو، لەگەڵ پیشنیار بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکه. نەم ڕاپۆرتە بەدواداچونێکی یاساییە بۆ پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویست بوو لەسەرەتای ئەمسال لەپەرلەمانی کوردستان متمانەو وەبگرێت، بەڵام بەهۆی پێکنەهاتنی هەردوو فراکسیونی سەرەکی پەرلەمانی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پرۆسەکە بە رێککارە پەیڕەویەکانی خۆیدا تێنەپەڕيوە، لەكاتێكدا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەم دوو لایەنە جەختیان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان کردوتەوە، ئەم ڕاپۆرتە ماوەی خێراترین و دواکەوتووترین پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم دەردەخات، لەهەمووشیان دواکەوتوو تر پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەکەی دواکەوتووە، سێ بەقەدەر پێکهێنانی کابینەی یەکەمە، ئەم دواکەوتنە لێکەوتەی زۆری لە پەکخستن و لاوازکردنی ڕۆلی دامەزراوەکانی چاودێری و پرسی شەفافییەت هەیە، کە لەم ڕاپۆرتە ڕوون کراوەتەوه. لەكۆتاييشدا كۆمەڵێك ڕاسپاردە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی بنەما یاسایی و پەیڕەویەکان خراونەتەڕوو، بە ئامانجی ئەوەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم زیاتر دوانەکەوێت، جارێکی تر روح بەبەر دامەزراوە شەرعیەكان بكرێتەوه. ئەم راپورتەریکخراوی ستۆپ لەچوارچێوەی (پروژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوەو دەسەڵاتی یاسا) ئامادەی کردووه، پرۆژەکە بەپالپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED ئەمریکی جێبەجێ دەکرێت. کاتی هەڵبژاردن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی 2024 ئەنجامدرا، بەوشێوەیەی خوارەوه: پیشیلکاریی پەیرەویی بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان پێویستە سەرۆك و جێگر و سکرتێر هەڵبژێردرێن، لەم چوارچێوەیە لایەنەکان کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان بەبژێر کرد، بەمشێوەیەی خوارەوه؛ کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان (هەڵگورد نەجیب عوسمان د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول عەلی، د.میران محەمەد عەباس، کوردەوان جەمال محەمەد). کاندیدەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (بەهجەت عەلی ئیبراهیم، مەرد عەلی رەسول، ئازاد محەمەدئەمین حەسەن، ئومێد عەلی حەمەسالح، عەدنان حوسێن حەسەن). کاندیدەکان بۆ پۆستی سکرتیری پەرلەمان (د.هاڤین سەعید خزر، شیرین یونس عەبدوڵا، شلێر غەفوور ساڵح، سەوسەن کاکەمەم محەمەد، ڕامی نوری عۆدیش، نەجدەت نوری محەمەد) بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکە هەڵگیرا و تا ئیستاش بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمەش یەکەمین پێشێلکاریی ڕوونی پەیرەویی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو. پێویست بوو لەم دانیشتنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەی دواتر سەرۆکی هەرێم و پاشانیش سەرۆکی حکومەت و کابینەی نوێ دەنگیان پێبدرێت. شیکاریی و بەراوردکاری ماوەی پێکهێنانی گشت کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 1992 هەرێمی کوردستان سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان (۹) کابینەی حکومەتی پێکهیناوە، بەهۆی پتەو ڕێچکەنەگرتنی بنەماکانی حکومڕانی، ئەمە یەکەمجار نیە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لەهەرێمی کوردستان دوادەکەوێت، بۆيە لێرە شيكاريەك بۆ دواکەوتنی ماوەی پێکهێنانی کابینەکانی رابردوو دەکەین. لەو خشتەیەی خوارەوە بەراوردکاریی کاتی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات و نیشانەیەک لە "نەریتی" دواکەوتن دەخاتەروو. لەو خشتەیەدا بەڕوونی ماوەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەهەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، نەک تەنها دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەپێی تێپەڕبوونی ژمارەی کابینەوە ساڵەکان لە زیادبووندایە، بەتایبەت لەدوو خولی رابردوودا، کە ماوەکە نزیکەی سێ هێندەی کابینەکانی پێشوو بووه. ئەمەش نیشانەیەکە لە نەبوونی پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بە بنەما پەیرەویی و یاساییەکان و شەرعییەتی هەڵبژاردن، کە دەبێتەهۆی لاوازکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن. لێکەوتە نەرێنیەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت هەڵپەساردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، پێویستە لەیەکەم دانیشتندا پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لە (سەرۆک و جێگر و سکرتێر) بەرێوەبچێت. بەڵام ڕێکارەکان دوای ڕاگەیاندنی بەربژێرەکان ڕاگیران و دانیشتنەکە بەکراوەیی مایەوه. هیشتنەوەی دانیشتن بەکراوەیی: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە55/2010)، هێشتنەوەی یەکەم دانیشتن بەکراوەیی پێچەوانەی (ماددەی 55)ی دەستووره. بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ڕاسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، بەمەش حکومەت لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی کاربەرێکەر ماوەتەوە، کەبەپێی دەستوور دەسەڵاتەکانی سنوورداره. دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بەپێی دەستوور (كۆماری عێراقی فیدڕاڵ): لەنەبوونی دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و دادگای دەستووری ناچارین پشت بەدەستووری عێراق و بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی ببەستین بەپێی بنەمای دەستووری لە (ماددەی 64 ی برگەی 2)ی دەستووری عیراق لەکاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەت تەنها کاری ڕۆژانەی خۆی بەردەوام دەکات تا هەڵبژاردنی داهاتوو، (کە پێویستە لەماوەی 60 ڕۆژدا بکرێت). زیانەکانی بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر و کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان • کارکردنی نایاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر: هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد). • ڕاگرتنی کاری تەشریعی و چاودێری پەرلەمانی: پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریی کاری دەسەڵاتی جێبەجێ کردن، ئێستا پەکخراوە، ناتوانێت بەڕۆڵی دەرکردنی یاسای بودجەو یاسا پەیوەندیدارەکان و پێدانی متمانه بەحکومەتی نوێ هەستێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمان و لاوازبوونی شەفافییەت و لێپرسینەوەو بەدواداچوونی کارەکانی حکومەت، لەكاتێكدا بنەمای حوکمرانیی باش بوونی حکومەت و پەرلەمانیکی شەرعییە کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دەستبەکاربن. • لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوە چاودیرییەکانی دیکه: دامەزراوەکانی وەک دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، کە بەپێی یاسا پێویستە نوێ بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت. دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکی پێشوو. بۆ چالاککردنەوەی ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت. • بەهەدەردانی سامانی گشتی: لەو کاتەوەی سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت. • لاوزبوونی متمانەی نیوخۆیی و نێودەوڵەتی: ئەزموونی پەکخستنی پەرلەمان و درێژەکیشانی حکومەتی کاربەڕێکەر کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی داناوه. پیشنیارەکان • کۆتاییهێنان بەدانیشتنی کراوە: پێویستە بەزووترین کات سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان، لەڕێگای رێوشوێنی پەیرەوییەوە بانگەواز بۆ پەرلەمانتاران ڕابگەیەنێت بۆ کوتاییهێنان بەدانیشتنی کراوەی یەکەمی خولی (6)ەمی پەرلەمانی کوردستان. هەر پەرلەمانتارێکیش ئامادە نەبێت ڕێوشوێنی پەیرەویی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. • پێکهێنانی حکومەت لەکاتی یاساییدا: پێویستە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکان لەماوەی یاسایی خۆیدا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، دواتر گەورەترین فراکسیۆن بو پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت و لەماوەی مانگێکدا کابینەی دەیەم پێک بهێندرێت. • چالاککردنەوەی پەرلەمان: پەرلەمانی کوردستان لیژنەهەمیشەییەکانی خۆی هەڵبژێرێت و دەست بکات بەکاری یاسادانان و چاودێری. • کارنامەی حکومەت: پێشنیار دەکەین کارنامەی کابینەی دەیەمی حکومەت، وردەکاریی زیاتر و بەڵێنی ڕوونتری تێدابێت کە قابیلی پێوانەکردن بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی بۆ بکرێت.
درەو: ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەكی درەو، گفتوگۆی درەو تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر "رەوشی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان" گفتوگۆكە لەلایەن كەمال رەئوف نوسەرو رۆژنامەنووسەوە بەڕێوەبراو لەلایەن نوسەران و رۆژنامەنووسان و گفتوگۆی بابەتەكەكرا، بەتایبەت لە ئێستادا زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە پرسی ئازادی رادەربڕین و رەوشی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان لە پاشەكشەدایە، ئایا حكومەت و دەسەڵاتداران پاشەكشەكان كردووە لە ئازادی رادەربڕین ؟ بەتایبەت لەدوای حوكمدانەوەی شێروان شێروانی و تەقەكردن لە هێمن مامەند و رووداوەكانی لالەزار و روەكانی تری شاروشارۆژكەكانی هەرێمی كوردستان، جۆرێك لە قەلەقی بۆ رۆژنامەنووسان و چالاكان درووست كردووە، ئەم دۆخە بە كوێ دەگات ؟ و رەوشەكە ئاساییە یاخود بارگاوییە بە رووداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتییەكانەوە.
(درەو): موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی كاردا نییە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی هەیە. سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی هەیە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا بەسەردانێك لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باكوری ئەتڵەسی. بەپێی قسەی كەسە نزیكەكانی، بڕیارە سودانی بگەڕێتەوەو خۆی سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەت بكات. لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و داهاتە نانەوتییەكان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەتدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام ئەم پرسە هاوشێوەی دانیشتنەكانی پێشوو لە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێدا نییەو پێشبینی دەكرێت لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا قسەی لەسەر بكرێت. ئەگەر هەردوو حكومەت بگەنە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان (وەكو ئەوەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە لە رێككەوتن نزیكن)، ئەوا دەبێت حكومەتی فیدراڵی بۆ (6) مانگی ئەمساڵ بەبێ گیروگرفت موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات، ئەمە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا كە كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی دێت. لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی هەرێم هەم نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق بكات هەم رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ڕەنگە لەناو هەموو بەها ئینسانیی و سیاسییەکاندا بەهای دادپەروەریی گرنگترین و بنەڕەتترین بەهایەک بێت، هەموو کۆمەڵگایەکی تەندروست پێویستی پێیبێت. کۆمەڵگای تەندروست کۆمەڵگایەکە هەم لەناو خۆیدا دادپەروەر و هەم خاوەنی سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی دادپەروەرە. ئامادەگیی دادپەروەریی لە هەردوو ئاستەکەدا پێداویستی سەرەکیی و ژمارەیەکە. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە قسەیەکی زارەکیی و چەمکێکی بۆش و بەتاڵى ناو قسەکردنی ڕۆژانەی ئەم یان ئەو سیاسیی ناپاک و، ئەم یان ئەو چاوساخی دینیی و ئەخلاقیی ساختە ناکەم. باس لە دادپەروەریی وەک بەشێک لە ریتۆریکی قسەکردنی رۆژانەی بێبنەما و بێبناغەش ناکەم، وەک گوتارێکی میدیایی پروپاگەندەخوازیش نایبینم، بەڵکو وەک بەهای ژمارە یەکی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، وەک ئاکاری هەرەسەرکیی دامەزراوە سیاسیی و یاسایی و بیرۆکراسیی و کۆمەڵایتییەکان و وەک ژێرخانی پەیوەندیی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکتریدا باسیدەکەم. هاوکات وەک مەسەلەی ژمارە یەک و هەرە سەرەکیی ناو فیکر و بیرکردنەوەش نمایشیدەکەم. تەنها لە دۆخی ئامادەگییەکی هەمەلایەنی لەو جۆرەی دادپەروەریدا، دەکرێت قسە لە بوونی سیستمێکی حوکمڕانیی و لە ژینگە و کۆمەڵگایەکی تەندروست، بکەین. ونکردنی دادپەروەریی وونکردنی کۆڵەکەی یەکەم و هەرەسەرکی دروستکردنی دونیایەکی تەندروستە، تیایدا بکرێت مرۆڤەکان بە لانی هەرەکەمی دڵنیاییەوە بژین، ژیانێک نرخ و بەهایەکی ئینسانیی هەبێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا دادپەروەریی هێزی نەفیکەریی جۆرە جیاوازەکانی غەدر و زوڵمی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتیی و فەرهەنگییە، بنەمای رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ. لە فیکری سیاسیی کۆندا، بۆ نموونە لای ئەفلاتون، دادپەروەریی مانای بوونی جۆرێک لە هاوسەنگیی و هارمۆنیەتی ناوەکییە لەناو مرۆڤ خۆی و لە کۆمەڵگاشدا، بەشە جیاوازەکانی رۆحی تاکەکەس و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا رۆڵی دیاریکراو و تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێویستە پێی هەڵبسن. مرۆڤ بۆ ئەوەی بوونەوەرێکی عەقلانیی و تەندروستبێت پێویستە دادپەروەر بێت. بێگومان دیدگای ئەفلاتون بۆ دادپەروەریی نووقسانی گەورە و هەمەلایەنی تێدایە، بەڵام خاڵێک لەم دیدگایەدا کە رەنگە تا ئێستاش زیندووبێت و بەکەڵک بێت، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە سیستمی حوکمڕانییەوە، ئەو خاڵەبێت کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت حوکمڕانان پێویستە کەسانێکبن رق و تەماح و خواستی ناعەقلانیی و رۆحی تۆڵەکردنەوە و بوغز و ئێرەیی ئاراستەیان نەکات، چونکە کەسایەتی لەوجۆرە نەک توانای سەرکردایەتیکردن و حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگایان نییە، بەڵکو توانای حوکمڕانیکردن و ئاراستەکردنێکی عەقلانی خودی خۆیشیان نییە. بۆ ئەوەی حوکمڕانیش هەڵگری ئەو جۆرە ئاکارە نێگەتیڤ و خراپانە نەبێت، هەڵەیە چاوەروانی بوون و ئامادەگیی کەسایەتیەکی ئەخلاقیی بکەین، کە ئەخلاقیبوونەکەی وایلێبکات، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارنەهێنێت و کاری نەشیاو و نەگونجاوئەنجام نەدات، یان زوڵم و زۆر و نادادپەروەریی ئاکاری حوکمرانییەکەی نەبن. ئەخلاق حوکمرانیی چاک ناکات، حوکمڕان، هەرکەسێک بێت، پێویستیی بەوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام ترسێکی یاسایی لە کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و لابردن و سزادانی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە یاسا و دەزگای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادان هەبن و کاربکەن. ئەخلاقی باش حوکمڕانیی باش دروستناکات، بەڵکو یاسا و دەزگا و میکانیزمی بەهێزی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانی باش، حوکمڕانی باش دروستدەکات. لە مێژووی فیکردا بیرۆکەی «مافی سروشتیی» کە لە سەدەی هەڤدەهەمدا بەتەواوی گەشەدەکات، وێنەیەک بۆ مرۆڤ دروستدەکات وەک خاوەنی کۆمەڵێک مافی سروشتیی کە هیچ حوکمرانێک ناتوانێت دەستدرێژیان بکاتە سەر، لەوانەش مافی ژیان و مافی ئازادیی و مافی هەبوونی موڵک و ماڵ. مرۆڤ لەم دیدگایەدا بوونەوەرێکە بەم مافانەوە لەدایکدەبێت. حوکمڕان و کۆمەڵگاش نابێت ناتوانن مرۆڤ لەژێر هیچ ناوێکدا، لەم مافانە بێبەش بکەن. چەند سەدەیەک دواتریش مرۆڤایەتی هەنگاوێکی دیکە دەنێت و قسە لەوەدەکات، کە ئەوەی یاسا و بەهاکان دروست و سەروەر دەکات، پادشا یان حوکمران نییە، بەڵکو خودی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ناویەتی. ئەم مرۆڤانەش بەیەکتری یەکسانن و هەموویان خاوەنی هەمان ماف و هەمان بەرپرسیاریەتین، بێ گوێدانە دین و پاشخانی کۆمەڵایەتییان. دادپەروەریی زیاد لە شێوازێکی هەیە کە دەشێت گرنگترینیان ئەم دوو شێوازە بێت. یەکەمیان، دادپەروەریی ئابووریی کە بەرگریکردنە لە دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ هەمووان، بەشێوەیەک کەرامەتی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەمەش مانای بوونی دەرفەت و ئەگەری ئابوریی یەکسان لەبەردەم هەموو کەسێکدا و رێگرتن لە دروستبوونی نایەکسانی ئابووریی گەورە لە کۆمەڵگادا. واتە رێگرتن لەوەی کەسانێک بە ئاسانی ببن بە ملیۆنێر و کەسانێکی دیکە کێشەیان لەگەڵ دابینکردنی بژێویی رۆژانەیاندا، هەبێت. دادپەروەریی لەم ئاستەدا مانای دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بە جۆرێک ئەندامانی کۆمەڵگاکە دەستیان بە سەرچاوەکانی داهات بگات و دەرفەت و ئەگەری یەکسانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان لەبەردەمدابێت. خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون و شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان، بۆ هەمووان مەیسەر بکرێت. بە کورتییەکەی کۆمەڵگاکە خاوەنی ئەو «سەرەتا یەکسان»ە بێت کە فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن راولز باسیدەکات. دووهەمیان، دادپەروەریی کولتورییە، کە ئەمەیشیان رێزگرتن و بەیەکسان سەیرکردنی شوناس و دین و زمان و کەلەپوری کەسان و گروپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە. ئەمەش لە بنەڕەتدا مانای پاراستنی پلورالیزمی کولتوریی و پلورالیزمی ناسنامەی جیاواز، لە کۆمەڵگادا. هەموو ئەم شتانە وادەکەن کۆمەڵگای دادپەروەر تەنها کۆمەڵگایەکی دادپەروەر نەبێت، چونکە زۆر زەحمەتە دادپەروەریی بەتەنها و بە دابڕاوی لە کۆمەلێک بەهای تر ئامادەبێت. دادپەروەریی هەمیشە پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی هەیە کە تیایدا ئەو کۆمەڵگایە دادپەروەریی دەخاتە پەیوەندییەکی سەرەکییەوە لەگەڵ ئازادیی و یەکسانیی و ڕێزگرتنی مرۆڤەکان لەیەکتری. لەم دۆخەدا دادپەروەریی تەواو دوور و دابڕاوە لە بەخشینی ئیمتیازاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی، وەک شتێکی ئاسایی و سروشتیی، بەم یان بەو بەشی کۆمەڵگاکە و بێبەشکردن و لێسەندنەوەی لەم بەش یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە. خاڵی سەرەکیی لە بنیادنانی سیستمێکی حوکمڕانیی دادپەروەر و لەوێشەوە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر، بریتییە لە بەرقەرارکردنی «حوکمی یاسا»، حوکمێک کە دەزگاکانی داوەریی سەربەخۆیانە بیدەن، نەک بە تەلەفۆنی ئەم یان ئەو بەرپرسی سیاسیی، ئەم یان ئەو یاسا بە نیازی سزادان بەسەر ئەم یان ئەو کەسی دیاریکراودا، ئەو بڕیارانە بدەن. هاوکات یاسایەک کە بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت، نەک بنەماڵە حوکمڕانەکان و هەڵگرانی دەسەڵات لەدەروەی یاساکاندا کار بکەن و هیچ یاسایەک نەتوانێت بەرپرسیاریان بکات و لێیان بپرسێتەوە. واتە یاساکان دەبێت روون و ئاشکرابن و بەیەکسانیی و بەبێ هیچ فەرق و جیاوازیکردنێک، بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت. خاڵێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە یاسا و دەسەڵاتەوە بریتییە لە ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئەم یان ئەو کەس و ئەم یان ئەو بازنەی بچووک و داخراودا، لەپێش هەمووانیشەوە خێزان و بنەماڵە حوکمرانەکان و نەوەکانیان. ئەمەش نەک تەنها پێویستی بە لێکجیاکردنەوەی دەسەلاتەکانە لەیەکتری، بێگومان بەشێوەیەکی کردەیی و راستەقینە، نەک بە قسە و گوفتاری ناو میدیا و کۆبوونەوەکان، بەڵکو پێویستی بە بوونی توانا و دەزگا و هێزی سەربەخۆی پیادەکردنی یاساکان هەیە. خاڵێکی دیکەی سەرەکیی لە بوونی دادپەروەرییدا، پاراستنی سەرجەمی ئەو مافانەیە کە مرۆڤ هەیەتی. لەناویشیاندا پاراستنی ژیان و ئازادیی و کەرامەت و موڵک و ماڵ. دادپەروەریی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمانکرد لەناو هیج یەکێک لە دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانیی و دەزگاکانی تری بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و فەرهەنگی هەرێمی کوردستاندا، بوونی نییە. ئەوەی ئەمرۆکە دەیبینین و رۆژانە رووبەروومان دەبێتەوە، لە گرتن و ئازاردانی خەڵکەوە بیگرە، بۆ سزادانی ئەو بەشەی کۆمەڵگاکە کە قسەدەکات، بە تێپەرین بەناو پەکخستنی سیستمی داوەریی و وێرانکردنی سیستمی خوێندن و فێربوندا، هێما بۆ ئەو نەبوونی و قاتوقڕییە گەورەیە لە دادپەروەریدا، دەکات. ئەوەی لە سی ساڵی رابردوودا ڕوویداوە رووتکردنەوەی کۆمەڵگاکەیە لەسەرجەمی ئەو دەزگا و میکانیزم و پرۆسانەی کە دەشێت بەرگریی لە بوون و کارکردنی لانی هەرکەمی دادپەروەریی بکات. نە سیستمە ئابورییەکە لانی هەرە هەرە کەمی دادپەروەریی تێدایە، منداڵە ملیۆنێر و ملیاردلێرەکانی بنەماڵە حوکمڕانەکان بەراورد بکەن بەو موچەخۆرە هەژارانەی چەندان مانگ بێموچە دەمێننەوە. نە سیستمە سیاسییەکە ئەو لانی هەرکەمەی دادپەروەریی تێدایە، چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت خەونی ئەوە ببینێت ببێت بە «بەڕێوەبەری» قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەبێ تێپەڕین بەناو تۆڕی پەیوەندییەکانی ڕازیبوونی بنەماڵە حوکمڕانەکاندا. بە کورتییەکەی ئەوەی ئەمرۆکە بە ئاشکراو و بەبەرچاومانەوە رووئەدات، لەناوبردن و ناشتنی سیستماتیکی دادپەروەرییە لە سادەترین شێوەکانیدا. ئەمەش دۆخێکە تیایدا دەشێت چاوەڕوانی هەموو جۆرە جیاوازەکانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بکەین. لەباتی و لە شوێنی دادپەروەریی، ئەوەی هەیە و ئامادەیە، ئەوەی حوکمڕانە، تێگەیشتن و قازانج و خواست و سایکۆلۆژیای چەند کەسێکی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکان و ئەو نوخبە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و ئابورییەیە بەدەوریاندا دروستبوون. ئەمەش رەچەتە و رێگایەکی تەواو ترسناکە بەرەو دونیایەکی تەواو تاریک.
(درەو): بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بەفەرمی توركیایان ئاگاداركردووە لەوەی نزیكن لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، توركیا چاوی لە بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهانە. ئەحمەد بەرات چۆنکار جێگری وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆری نەوتی کەرکوک- جەیهان لە 1970ەوە چالاکە. بەمدوایانەدا جارێکی دیکە هەناردەکردن لەم ڕێگەیەوە بووەتە ڕۆژەڤ. لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرسە دەکەین. جێگری وەزیری وزەی توركیا لە بەغداد بەشداری لە (کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە)دا کردو لە پەراوێزی ئەم گۆڕبەندەدا قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵی)ی وڵاتەكەی كردو وتی:" عێراقییەکان پێیان راگەیاندووین کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی نزیکبووەتەوە لە ئەنجام. پەنا بە خوا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بن چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بۆرییەکە بە هەموو توانایەکەوە بکەوێتە کار". بەهۆی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دژ بە توركیا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووەو لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردوەتەوە، سكاڵاكەی بەغداد بەهۆی ئەوە بوو ئەنكەرە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی بە بۆری نەوتی عێراق- توركیا هەناردەی بەندەری جەیهان كردبوو. ئێستا كە ئیتر هەولێرو بەغداد لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، توركیاش داواكاریی هەیەو دەیەوێت بۆرییەكەی عێراق بەوپەڕی توانای خۆیەوە نەوت هەناردە بكات. جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەتوانێت زیاتر پەرەی پێبدرێت و دەڵێ: هاریکارییەکان لە بوارەکانی گازی سروشتی و کارەباو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێندرێت. بەپێی دیزاینەكەی، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان كە بەسرە بە توركیاوە دەبەستێتەوە، جگە لە هێڵی شەمەندەفەر، بۆری نەوت و غازیش لەخۆدەگرێت. "لەگەڵ عێراق لە دانوستانداین بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری وزەدا هاریکاریی یەکتر بین، بەراورد بە رابردوو، ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووەو بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین" جێگری وەزیری وزەی توركیا بەمشێوە گوزارشتی لە دۆخی ئێستای پەیوەندییەكان كرد. باسی لەوەكرد، ئامانجی توركیا ئەوەیە هاوکارییەکانی لە بواری وزەدا، دەرگای ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە بکاتەوەو ڕێگەیان بدات بە متمانەیەکی زیاترەوە سەیری داهاتوو بکەن. "بە واتایەکی دیکە ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەم وەچەرخانێک لە بواری وزەو هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بگەیەنینە قۆناغێکی نوێ".
راپۆرتی: درەو 🔻 بڕو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەی وڵاتان و تەرازووی بازرگانی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025؛ 🔹 گەورەترین بازرگاکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بووە. 🔹 لە نیوەی یەکەمی 2024 قەبارەی ئاڵوگۆی بازرگانی (94.7 ملیار) دۆلار بووە، لە نیوەی یەکەمی 2025 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە بۆ (83.1 ملیار) دۆلار، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەگەڵ وڵاتی چین بووە. 🔹 قەبارەی هەناردەی وڵاتان لە نیوەی یەکەمی 2024 بۆ عێراق (38.86 ملیار) دۆلار بووە، لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 هەناردەی وڵاتان بە ڕێژەی (12%) بڕی (4.77 ملیار) دۆلار کەمی کردووەو گەورەترین هەناردەکاریش بۆ عێراق وڵاتی ئیمارات بووە. 🔹 تەرازووی بازرگانی لە هەردوو نیوەی یەکەمی ساڵانی (2024 و 2025) بە قازانجی عێراق بووە بەر بڕی (17 ملیار) دۆلار لە ساڵی 2024 و (15 ملیار) دۆلار لە ساڵی 2025. ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 گەورەترین بازرگاکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بووە، پێکەوە لەنیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (94.7 ملیار) دۆلارو لە نیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (83.1 ملیار) دۆلار، بە جۆرێک؛ - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "چین" گەورەترین قەباری بەرکەوتووە لە نیوەی یەکەمی 2024 (27.6 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (26.6 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "هندستان" لە نیوەی یەکەمی 2024 (18.5 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (16 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" لە نیوەی یەکەمی 2024 (18.8 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (12.6 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی "یەکێتی ئەوروپا" لە نیوەی یەکەمی 2024 (11.5 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (9.9 ملیار) دۆلار بووە. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکەو بڕو ڕێژەر گەشەی بازرگانی، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (1). خشتەو گرافیکی ژمارە (1) هەناردەی وڵاتانی دەرەکی بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 گەورەترین هەناردەکارانی دەرەکی بۆ عێراق بریتین لە وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) پێکەوە لەنیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە قەبارەی هەناردەیان گەیشتووە (38.86 ملیار) دۆلارو لە نیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (34.09 ملیار) دۆلار، بە جۆرێک؛ - گەورەترین هەناردەکار بۆ عێراق وڵاتی "شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" بووەو لە نیوەی یەکەمی 2024 (16.31 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (10.55 ملیار) دۆلار قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بووە بۆ عێراق. - گەورەترین هەناردەکار بۆ عێراق وڵاتی لەدوای وڵاتی " شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" وڵاتی "چین" بووەو لە نیوەی یەکەمی 2024 (8.13 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (8.89 ملیار) دۆلار قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بووە بۆ عێراق. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی قەبارەی هەناردەی وڵاتانی دیکەو بڕو ڕێژەر گەشەی هەناردەکردنیان بۆ عێراق، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (2). خشتەو گرافیکی ژمارە (2) تەرازووی بازرگانی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 بە تێکڕا تەرازووی بازرگانی لە هەردوو نیوەی یەکەمی ساڵانی (2024 و 2025) لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بە قازانجی عێراق بووە بە بڕی (17 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 و (15 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025. بە جۆرێک؛ - تەرازووی بازرگانی عێراق لە هەردوو نیوەی یەکەمی (2024 و 2024) لەگەڵ وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) لاسەنگ بووە. - تەرازووی بازرگانی عێراق لە هەردوو نیوەی یەکەمی (2024 و 2024) لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا) بە قازانجی هەناردەی عێراقی بووە. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی تەرازووی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (3). خشتەو گرافیکی ژمارە (3)
درەو: ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەكی درەو لە شاری سلێمانی گفتوگۆی پرسی ژینگەو گۆڕانی كەشوهەوا كرا. گفتوگۆكە تایبەت بوو بە (مەترسیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا) بەسەرپەرشتی تۆڕی ئۆزۆن بۆ پاراستنی ژینگە لە عێراق، بەهاوكاری رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگەو لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، كە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی كەناڵە جیاجیاكان ئامادەیبوون و گفتوگۆكرا لەسەر ئەوەی چۆن لە كەناڵ و دەزگا میدیاییەكاندا روماڵ و بەرنامەی تایبەت بە ژینگەو گرنگی دان بە بواری ژینگەیی زیاتر بكرێت .
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔻 لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە؛ 🔹 هەر مۆلیدەیەک لە وەرزی هاویندا ڕۆژانە (4 هەزار) لیتر ئاو بەکاردەهێنێت. 🔹 بە بونی (49 هەزار) مۆلیدەی تۆمارکراو لە عێراقدا، بەو مانایەیە کە کۆی بەکارهێنانی ئاوی ڕۆژانە (196 ملیۆن) لیتر ئاوی شیرینە. 🔹 ڕێژەی بەکارهێنانی مانگانەی ئاو بۆ (5 ملیۆن و 880 هەزار) لیتر زیاد دەکات، کە بە پلەی یەکەم لە بەشی ڕۆژانەی هاوڵاتیان وەردەگیرێت. 🔻 لە هەرێمی كوردستان؛ 🔹 (7 ههزار و 354) مۆلیدهی ئههلی و (ملیۆنێك و 311 هەزارو 598) هاوبەشی كارەبای موەلیدە هەیە. 🔹 پارێزگای هەولێر (3 ھەزار و 776) موەلیدە، پارێزگای سلێمانی (ھەزار و 759) موەلیدە و پارێزگای دھۆک (ھەزار و 819) موەلیدە هەیە. 🔹 (90%)ی موەلیدەكان لە شارەكاندان و (10%) شیان لە گوندەكاندان. 🔻 لە عێراق؛ 🔹 ژمارەی موەلیدەکان گەیشتووەتە (48 هەزار و 533) موەلیدە. 🔹 مانگانە (5 ملیۆن و 880 هەزار) لیتر ئاو بەکاردەهێنرێت بۆ موەلیدەکان. 🔹 ژمارەی سودمەندەکان بریتییە لە (6 ملیۆن و 700 هەزار و 665) هاوبەش. هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی موەلیدەی کارەبا بەپێی ئامارێکی فەرمی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، (7 ههزار و 354) موەلیدهی ئههلی ههیه، كه زۆرترین موەلیدهی ئەھلی كهوتووهته پارێزگای ھەولێر و بریتییه له (3 ھەزار و 776) موەلیدەیە، هاوكات له پارێزگای سلێمانی (ھەزار و 759) موەلیدە و لە پارێزگای دھۆک (ھەزار و 819) موەلیدە ھەیە. ئەم موەلیدانە، ئەوانەن کە کارەبای هاوڵاتیان له گەڕەک و شارو شارۆچکەکان بەرهەمدەهێنن، واتە بوونەتە هاوکاری پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە پێدانی کارەبای نیشتیمانی حکومەت نەیتوانیوە دابینی بکات، جگە لەم ژمارەیە، هەزاران موەلیدەی تریش بونیان هەیە، لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و چێشتخانە و هۆتێل و کارگەکان و خەڵکانی تایبەتمەند. دەستەی ئاماری هەرێم روپێویەكی لەبارەی ژمارەی موەلیدە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان و داهاتی ساڵانەیان ئەنجامداوە، بەپێی روپێویەكەش كە لەساڵی (2021)ەوە دەستیپێكراوە، لەهەرێمی كوردستان (7 هەزارو 354) موەلیدەی ئەهلی هەیە، كە لەكاتی نەبونی كارەبای نیشتمانیدا بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دادەنرێت كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن. "لەهەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 311 هەزارو 598) هاوبەشی كارەبای موەلیدە هەیە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین هاوبەشی موەلیدەی هەیە كە (502 هەزارو 220) هاوبەشن و (38٪)ی كۆی هاوبەشانی هەرێمە، لە پارێزگای هەولێر (461 هەزارو 993) هاوبەش هەیە، كە (35%)ی هاوبەشانی هەرێمە، لەپارێزگای دهۆكیش (347 هەزارو 385) هاوبەش هەیە كە (27%)ی رێژەی كۆی هاوبەشەكانە". لەروپێوییەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە: "خەرجی تێچوی موەلیدەكان لەساڵێكدا (14 ملیۆن و 909 هەزار) دینارە، بەڵام كۆی داهاتی ساڵانەیان (726 ملیار) دینارە، بەڵام كۆی مووچەی كارمەندانی موەلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵێك (36 ملیار و 470 ملیۆن) دینارە، بە تێكڕای مانگانەی (392 هەزار) دینار هەژماركراوە بۆ هەر كارپێكەرێكی مولیدە". بەپێی روپێوییەكە (90%)ی موەلیدەكان لە شارەكاندان و (10%) یان لە گوندەكاندان.(سایتی هاوڵاتی) بەرهەمهێنانی هەر (100 مێگاوات) کارەبا لە کاتژمێرێکدا، پێویستی بە (33 هەزار) لیتر گاز هەیە. پرۆژەی ڕووناکی پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە. بەهۆی پرۆژەکەوە لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە (2 هەزار و 517) موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە (2 ملیۆن 700 هەزار) هاوڵاتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی 'پرۆژەی ڕووناکی'، کارەبای بەردەوامیان هەیە، ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەی (40%)ـی دانیشتووانی هەرێم، تا ئێستا زیاتر لە (2 هەزار و 517) موەلیدەی ئەهلی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە کارکردن وەستێنراون، هەروەها پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە (7 هەزار) موەلیدە لە کارکردن بوەستێنرێن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهیلییەکان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە نزیکەی (240 هەزار) تۆنی ساڵانە، لەگەڵ پێشبینیکردنی گەیشتن بە (1.4 ملیۆن) تۆنی ساڵانە لە کاتی تەواوبوونی پرۆژەکەدا. عێراق و کێشە و گرفتی موەلیدە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی ئەو ڕوپێوییەی بڵاوکردەوە کە دەزگای ناوەندیی سەرژمێری بۆ مولیدە ئەهلییەکانی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوویان. ڕۆژی (14ی ئازاری 2023)، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەنجامی ڕوپێوییەکە دەریخستووە کۆی ژمارەی موەلیدەکان گەیشتووەتە (48 هەزار و 533) دانە و ژمارەی ئەوانەی لە کەرتی موەلیدەکاندا کاردەکەن (44 هەزار و 640) کرێکارن". ئاشکراشیکرد: "کۆی بڕی موچەی پێدراو بە کرێکارانی موەلیدەکان دەگاتە (200.648 ملیۆن) دینار". ئەوەشی خستەڕو: "کۆی ژمارەی سودمەندەکان بریتییە لە (6 ملیۆن و 700 هەزار و 665) هاوبەش و ژمارەی ئەمپێری دابینکراو لە یەک مانگدا گەیشتووەتە (25 ملیۆن و 875 هەزار و 722) ئەمپێر". سەبارەت بە داهاتی موەلیدەکان ئاماژەیدا: "کۆی داهاتی بەدەستهاتوو گەیشتووەتە (3.479 ملیار) دینار لە مانگێکدا. لە ماوەی ترۆپکدا (2.105 ملیار) دینار بووە و لەدەرەوەی ئەو ماوەیە (1.374 ملیار) بووە". بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بڕی سوتەمەنی و ڕۆنی بەکارهێندراوی موەلیدەکانی ئاشکراکردووە و تیایدا هاتووە: "بڕی سوتەمەنی بەکارهاتوو بۆ مانگێک لە ماوەی ترۆپکدا (2.178 ملیۆن) لیتر بووە و لەدەرەوەی ئەو ماوەیە (1.243 ملیۆن) لیتر بووە بە بەهای (1.947 ملیۆن) دینار. بڕی ڕۆنی بەکارهاتوو لە ماوەی ترۆپک و دەرەوەی ئەو ماوەیەش بۆ مانگێک، (33 ملیۆن) لیتر بووە بە بەهای گشتی (123 ملیۆن) دینار. بەهای کرێی بەردەوامی پێدان و چاککردنەوەش (65 ملیۆن) دینار بووە". پیسبوون و پاشەڕۆی ئاو لە چوارچێوەی قەیرانی ئاو لە عێراق، بەهۆی هۆکارە سیاسییەکانی کەشوهەوا و ناوچەیی، وەک ڕاگرتنی ئاو لە بەنداوەکانی تورکیا و ئێران و بەڕێوەبردنی ناتەندروست لە ناوخۆدا، موەلیدەکان بڕێکی زۆر ئاوی شیرین بەکاردەهێنن. بەپێی ڕاپرسییەک لەبارەی بەکارهێنانی ئاوی مۆلیدە ئەهلیەکان ئەنجامدراو، کە (15) مۆلیدە لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدای پایتەختدا هەبووە. لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە هەر مۆلیدەیەک لە وەرزی هاویندا ڕۆژانە (4 هەزار) لیتر ئاو بەکاردەهێنێت. بە سەرنجدان بەوەی کە (49 هەزار) مۆلیدەی تۆمارکراو لە عێراقدا هەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆی بەکارهێنانی ئاوی ڕۆژانە (196 ملیۆن) لیتر ئاوی شیرینە. ئەم ڕێژەیە مانگانە بۆ (5 ملیۆن و 880 هەزار) لیتر زیاد دەکات، کە بڕێکی بەرچاوە کە بە پلەی یەکەم لە بەشی ڕۆژانەی هاوڵاتیان وەردەگیرێت. چارەسەرنەکردنی کێشەی کارەبای نیشتیمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان وایکردووە هاوڵاتییان پەنا بۆ موەلیدە ئەهلییەکان ببەن، کە ئەوەش بووەتە بارگرانی بەسەر بژێوییانەوە و هاوکات کێشەیەکی ژینگەیی گەورەی دروستکردووە. زیانەکانی بوونی موەلیدە بۆ سەر ژینگە زیانەکانی ژینگە و تەندروستی: - پیسبوونی هەوا: بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی لە موەلیدەکاندا گازی ژەهراوی وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی نایترۆجین بەرهەمدەهێنێت، هەروەها گەردیلە هەڵواسراوەکان، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەری لەسەر تەندروستی هەناسەدان دەبێت. - پیسبوونی ژاوەژاو: موەلیدەکان دەنگی بەرز دەردەکەن، کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی دەمار و تەندروستی دەروونی و جەستەیی دانیشتووان دەبێت. - پیسبوونی ئاو و خاک: دزەکردنی نەوت و سووتەمەنی لە مۆلیدەکانەوە دەتوانێت ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و خاک پیس بکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمەکان دەبێت. - مەترسییە تەندروستییەکانی تر: بەرکەوتنی درێژخایەن بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دەتوانێت بەشداربێت لە نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان. زیانەکانی میکانیکی و کارپێکردن: - بەکارهێنانی سەرچاوە: موەلیدەکان بڕێکی زۆر ئاوی شیرین بۆ ساردکردنەوە بەکاردەهێنن، ئەمەش بارگرانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دادەنێت، بەتایبەتی لە ناوچە کەم ئاوییەکان، کە لە ئێستادا تاکە سەرچاوەی ئەو ئاوە ئاوی شیرین و سازگارە لە کوردستنان. - تەمەنی سنووردار: موەلیدەکان تەمەنی تەکنیکی کورتە و پێویستیان بە چاککردنەوەی بەردەوام هەیە، ئەمەش تێچووی کارکردن زیاد دەکات و دەبێتە هۆی خێرای بزوێنەر ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ کاربکەن. - پیسبوونی پاشماوە: کارکردنی موەلیدە پاشماوەی ڕەقی وەک پلاستیک، شووشە و خۆراک بەرهەم دەهێنێت، جگە لەو ڕۆنە بەکارهێنراوانەی کە پێویستیان بە چارەسەری تایبەت هەیە. چارەسەرە پێشنیار کراوەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان - دانانی فلتەر: دەتوانرێت فلتەری غازی موەلیدەکان دابنرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە پیسکەرەکان. - چاککردنەوەی ڕۆتینی: چاککردنەوە و چەورکردنی بەردەوامی مۆلیدەکان یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت. - بەکارهێنانی سووتەمەنی پاک: موەلیدەی بەنزین و گازۆیل بگۆڕە بە موەلیدە ژینگە دۆستەکان، کە بە ڕۆنی ڕەش یان سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە کاردەکەن. - کارکردنی سەلامەت: دڵنیابوون لەوەی کە مۆلیدەکان لە شوێنی کراوە و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ژاوەژاو و گازەکان. - جێبەجێکردنی کۆنتڕۆڵەکان لەسەر بەکارهێنانی ئاو: داوا لە خاوەن مۆلیدەکان بکرێت کە ئاوی پیسبوو بە ڕۆن نەڕێژنە ناو ڕێڕەوی ئاوەکانەوە، هەروەها هانیان بدەن ئاوی پاکنەکراوە بەکاربهێنن یان دووبارە بەکاریبهێننەوە.
درەو: تا ئێستا دوو جار هاوسەرەكەی، لاهور شێخ جەنگی بینیوەو یەك جار هاوسەرەكەی، پۆڵاد شێخ جەنگی لە زیندان بینیوە، بەڵام رێگە بە خوشك و براكانی نادەن بیانبینن. هیوا شێخ جەنگی براگەورەی لاهور شێخ جەنگی كە لە ئێستادا لە شاری سلێمانیە بە (درەو)ی راگەیاند: ماوەی دوو هەفتەیە (15) رۆژ بەسەر رووداوەكەی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، لەو رۆژەوە خوشك و براكانی كە لە سلێمانین (هیوا شێخ جەنگی، ئاوات شێخ جەنگی، ئاواز شێخ جەنگی) هەوڵ ئەدەن و چەندین جار پەیوەندیمان كردووەو چوینەتە ئاسایش بەڵام رێگەیان پێنەداوین بیانبینین. هیوا شێخ جەنگی دەڵێت: دووجار هاوسەرەكەی، سەردانی لاهور شێخ جەنگی كردووەو یەك جاریش هاوسەرەكەی، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگی كردووە لە زیندان، بەڵام یەك جار رێگە دراوە پارێزەرانی سەردانی لاهور شێخ جەنگی بكەن و تا ئێستا پارێزەر سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگی نەكردووە لە زیندان. هیوا شێخ جەنگی دەڵێت تا ئێستا نە پارێزەر و نە كەسوكاری (د. ئەحمەد فاتیح، موحسین خۆشناو، رێبوار حامید حاجی خالی) سەردانیان نەكردوون. بۆیە داوا دەكەین ئەوانەی تا ئێستا سەردانیان نەكراوەو پارێزەر نەیانی بینیوە، رێگەیان پێبدرێت سەردانیان بكەن و ئێمەش و وەك خوشك و براكان سەردانی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی بكەین. لە كاتی گرتنی لالەزاردا لە 22ی ئابدا: - 3 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژران - 19 كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون - 12 كەس هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی كوژران - 22 كەس لە هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی برینداربوون - 162 كەس لە لالەزار دەستگیركران
راپۆرتی: سان ساراڤان ئاشکرایە هەموو بوونەوەرە ئەندامی و نائەندامییەکان لەسەر هەسارەکەمان یەک بازنەی تەواوکەری یەکترین، هەمووی سوڕی ژیانی ئەم گەردوونەیان لە ئەستۆ گرتووە، لە ووردترین زیندەوەری ئەندامی و نائەندامییەوە تا دەگاتە مرۆڤەکانیش. واتا بوونی هەریەکێک لەم بوونەوەرانە بۆتە هۆکاری دروستکردنی هاوسەنگی ژیان لەسەر هەساری زەوی. بە کەمکردن و لەناوبردنی هەریەکێکیان لەم زیندەوەر و توخمانە بارو دۆخەکە زیاتر ناهاوسەنگ دەکات و دەبێتە هۆکاری دروست بوونی مەترسی و پەتا و نەخۆشیەکان بۆ ژینگە و زیندەواران لەسەر زەوی. ماوەی چەند مانگێکە زیاتر لە ٧ هەزار کەیسی تووشبوی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا لە چین تۆمار کراوە و بڵاو بۆتەوە، سەرەتا لە پارێزگای گوانگدۆنگی چین بڵاوبۆتەوە چەند شارێکی تری گرتۆتەوە کە بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر شاری فۆشان هەیە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. جگە لە فۆشان، لانیکەم ١٢ شاری دیکەی باشووری پارێزگای گوانگدۆنگ تووشی ڤایرۆسەکە بوون. لە ناوەراستی مانگی ئابدا هۆنگ کۆنگ چەند حالەتێکی دەستنیشانکرد لە وەڵاتەکەیدا رەنگە پەلکێسی زیاتری هەبێت بۆ هەندێک لەوڵاتانی ئەفریقا. لەڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گەورە و حاڵەتی پچڕپچڕی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە، کە زۆربەیان لە ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقایە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوبەناو لە ئەوروپادا. ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٢ لە تانزانیا دەستنیشانکرا، دواتر بۆ وڵاتانی دیکەی ئەفریقای سەب سەحارا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەوە، تا ئێستا لە زیاتر لە ١١٠ وڵاتدا بوونی هەبووە، بۆ یەکەمجار لە تایلەند لە ساڵی ١٩٦٧ و لە هیندستان لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا زۆرتر و بەربڵاوتر بووە. چیکنەگۆنیا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە لە مێشوولەوە دەگوازرێتەوە و بەهۆی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیاوە دروست دەبێت، کە ڤایرۆسێکی RNAیە لە جۆری ئەلفاڤایرۆس لە خێزانی Togaviridae ناوی چیکنەگۆنیا لە وشەیەکەوە وەرگیراوە لە زمانی کیماکۆند لە باشووری تانزانیا، بە واتای "لوول بون یان پێچان" و ڕەنگدانەوەی دۆخی پێچاوپێچی کەسانی تووشبووە. چیکنەگۆنیا نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا(CHIKV) دروست دەبێت، کە لە ڕێگەی مێشوولەی مێینەی تووشبووەوە بە پلەی یەکەم مێشولەی( Aedes albopictusوAedes aegypti ) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە لە بارودۆخی گەرم و شێداردا گەشە دەکات، کە دوای چەند هەفتەیەک لە بارانبارین سەری هەڵداوە. لە ماوەی سێ بۆ حەوت ڕۆژدا نیشانەکانی نەخۆشی چیکنەگۆنیایان لێ دەردەکەوێت، کە باوترین نیشانەی بریتین لە ئاوسانی جومگەکان، ئازاری ماسولکەکان، سەرئێشە، ڕشانەوە، ماندوێتی و پەڵە و ئازاری جومگەکان دەتوانێت بۆ چەند هەفتەیەک، چەند مانگێک، یان تەنانەت ساڵانێک بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی ئەم نیشانانە هاوشێوەی نەخۆشی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون و زیکان، دەکرێت حاڵەتەکان بە هەڵە دەستنیشان بکرێن. نەخۆشی چیکنەگۆنیایان بە دەگمەن کوشندە دەبێت بەڵام ئەوانەی مەترسی زیاتریان لەسەرە بریتین لە کۆرپەی تازە لەدایکبوو، کەسانی بەساڵاچوو و ئافرەتی دووگیان و ئەو کەسانەی کە حاڵەتی درێخخایان و بنەڕەتییان هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ یان شەکرە کە پێویستیان بە خەواندنە لە نەخۆشخانە بەهۆی مەترسی تێکچوونی ئەندامەکانی جەستە و مردن. بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا کەمکردنەوەی گۆم و چاڵی ئاوی وەستاو کە ڕێگە بە مێشوولەکان دەدات زاوزێ بکەن. ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردن لە چینبەم شێوەیەیە، هەڵمەتەکانی تەندروستی گشتی: دەسەڵاتداران ئامۆژگاری دانیشتووان دەکەن کە ئاوی وەستاو لەو شوێنانە لاببەن کە مێشوولە زاوزێ دەکەن و تۆڕی مێشوولە بەکار بهێنن، دەسەڵاتداران ڕێنمایی دانیشتووانیان کردووە کە ئاوی وەستاو لە ماڵەکانیاندا لاببەن، وەکو لەناو ئینجانەی گوڵ، یان ئەو دەفرانەی کە ئاوی وەستاوی تێدایە لە ماڵەکانیاندا - و هۆشداریشیان داوە لە غەرامەکردن تا ١٠ هەزار یوان (١٤٠٠ دۆلار) ئەگەر ئەم کارە نەکەن. لە ئێستادا حکومەتی چین ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی هاوشێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا جێبەجێ دەکات، لەوانە هەڵمەتی تەندروستی گشتی، ڕژاندنی مێروکوژ، و کەرەنتینەکردنی کەسانی تووشبوو. وەک کۆنتڕۆڵی بایۆلۆژییش حکومەت "مێشوولەی فیل یان کانیباڵ " و ماسییە مێشوولەخۆرەکان ئازاد دەکات بۆ ئەوەی مێشوولە ڤایرۆسهەڵگرەکان لەناو بەرن. لە مانگی ڕابردوو بەرپرسانی شاری فۆشان پێنج هەزار لەو مێشوولەخۆرەکانی کردۆتە ناو دەریاچەی شارەکە. لە بەشێکی شارەکەدا تەنانەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەفڕێنن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاوی وەستاو. لە ئێستادا، دوو ڤاکسینی چیکنەگۆنیا ڕەزامەندی ڕێکخراوەیی وەرگرتووە و/یان پێشنیار کراوە بۆ بەکارهێنان لە چەند وڵاتێکدا، بەڵام هێشتا بەردەست نین یان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارنەهێنراون. چارەسەری دژە ڤایرۆسی تایبەت بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا نییە، بەڵام دەتوانرێت دەرمانی دژە تا و ئازارشکێن (وەک پاراسیتامۆڵ) بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی تا و ئازار یان ئەسیتامینۆفین پێشنیار دەکرێت ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید (NSAIDs) ناکرێت بەکار بهێنرێت کە دەکرێت مەترسی خوێنبەربوون زیاد بکات. کەواتە لە ڕێگەی ئەم نەخۆشییەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ناهەوسەنگییەی لە سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەوە دەرکەوتووە کەمبوونەوە و قڕ کردنی ئەو زیندەوارانەیە کە ئێمەی مرۆڤ قڕیان دەکەین و لەناویان دەبەین جابۆ خواردن بێت وەک ماسییە مێشوولەخۆرەکان یان بەکارهێنانی مادەی قڕکەری مێروو بێت دژ بە مێشوولەی فیل یان مێشوولەی کانیباڵەکان بێت ، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پاوانخوازی و دەستەلات و چاوچنۆکی مرۆڤ.