Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

 (درەو میدیا): سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سبەینێ كە دوا وادەی خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سروە عەبدولواحید بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بە خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستە، پێشكەشی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە فەرمی خۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، سروە عەبدولواحید وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات، نەك لەسەر هیچ لیست و قەوارەیەك. (درەو میدیا) ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا زانیاری ورد لەبارەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و تەواوی كاندیدەكان بڵاودەكاتەوە.


( درەو میدیا): گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی وەك كاندیدی فەڕمی لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت هەواڵێكی خۆش نەبوبێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەو پێشهاتە تازەیە تەبخەیەكی ئەمریكی بێت و ئامانجی لەقاڵبدانی پارتی و دروستكردنەوەی جۆرێك لەهاوسەنگی بێت، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكان و پاڵدان بەسەربازگەكەی مالیكی و عامری، لەعێراق. بارزانی لەگەڵ مالیكی و عامری قسەی كردووە سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبەغداد بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا كردووەو خواستی پارتی پێڕاگەیاندون كە بەنیازی دەستنیشانكردنی كاندیدێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو، داوای لێكردون پشتیوانی كاندیدەكەی پارتی بكەن، سەرچاوەكەی "درەومیدیا"ئەوەشی ئاشكراكرد، بارزانی بەعامری و مالیكیشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی بێت، ئەوان ئامادەن داوا لە بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن دەستلەكاربكێشێتەوەو، پشتیوانی كاندیدێكی یەكێتی بكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. بارزانی بەرهەم ساڵح بەمەترسی دەزانێت لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم هەڵوێستە تازەیەی پارتی، سەرچاوەكەی "دەرەومیدیا" وتی: هەر لەسەرەتاوە پارتی لەزیاد بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو پۆستە موڵكی لایەنێك نیە بەتەنیا، بەقسەی سەرچاوەكە، هەلوێستی ئەوكاتەی پارتی زیاتر تەكتیكی بوو، وەك ئەوەی هەڵوێستێكی ستراتیژی و یەكلابوەوە بێت و،  زیاتر مەبەستیان دروستكردنی فشاربوو لەسەر یەكێتی تاكاندیدێك دیاریبكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدڵی پارتی بێت كە زیاتر مەیلیان بەلای (فوئاد مەعسوم و مەلابەختیار)دا، بوو، بەڵام دوای  هاتنە ناوەوەی ئەمریكییەكان بۆ ناو یارییەكە و دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەجدی كەوتۆتە خۆی و  هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدات، بیانوەكەی ئەوەیە ڕێككەوتنی پێشوەختی هەبووە لەگەڵ یەكێتی، كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی هەردوولا دیاریبكەن، بەڵام جەوهەری مەسەلەكە ئەوەیە، پارتی ترسی گەورەی هەیە لەوەی لەلایەك بەرهەم ساڵح كێشە بۆ ئەو ڕۆڵە بەهێزە دروستبكات كەپارتی بەنیازە لەچوارساڵی داهاتودا لەعێراق هەیبێت و بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو  یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەبخەیەكی  ئەمریكی بێت چی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر ئاستی عێراق و، هەم دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی یان لارنەبونی زیاتری تەرازوی هێز بەبەرژوەندی پارتی لەناوخۆی كوردستان و، ڕەنگدانەوەی لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كەپارتی خۆی داناوە دەسەڵاتداری ڕەهابێت تیادا. ئەمریكا نایەوێت پارتی زۆر پێ‌ ڕاكشێت پێشتریش ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن و، پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكردبو، پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت.  دروستكردنی تەگەرە بۆ بەرهەم ساڵح لەلایەن شەخسی بارزانیەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتیەوە بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەم ساڵح دوور لەچاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ بارزانی كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. بەڕای بەشێك لەچاودێران، پێداگریكردنی ئەمریكا لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق و،  وەك بەربژێری  یەكێتیش، جگە لەڕاگرتنی هاوسەنگیی،  ڕەنگە هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەبێت، واشنتۆن نەیەوێت پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش دەستكەوتی زۆر زیاتر لەڕابردوو بەدەستبهێنێت، كە وەك جۆرێك لەپاداشتی نزیكبونەوەی لەئێرانیەكان تەفسیری بۆ بكرێت، ئەوەش هانی زیاتری هێزە كوردیی و عێراقییەكان بدات بۆ هەڵپەكردنی زیاتری نزیكبونەوە لەئێران.


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كارو سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچننەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریی، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بووبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم رووداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەریان لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت،  ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (39) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21/9/2013، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (38) كورسی بردەوە و لە پرۆسەكەدا (743 هەزار و 984) دەنگی بەدەستهێنا. لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی زۆرینەی جومگە گرنگەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە، بەتایبەتی (دۆسیەی نەوت، سیاسی، ناوخۆ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە)، ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لەدەستدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم كە پێشتر لەدەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بوو، ئێستا هەڵپەسێردراوە. بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵێكی نەرێنی پارتی بێت لای دەنگدەران، هاوكات دەشتوانێت خاڵێكی ئەرێنی بێت و پارتی ئەو دامەزراوە گرنگانە لە سودی خۆی و كێشكردنی دەنگدەران بەكاربهێنێت، هەروەك چۆن لە رابردوودا كردویەتی.  خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوەیە. •ئاكامی شكستی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی یەكەم لەئەستۆی پارتیدایە بەهەمان لۆژێكی پێشوو. • شكستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی ئەو سیاسەتە بوو.  •شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی هەرێمە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، بەوپێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. •شكستهێنانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول و گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد. •لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی، لەدەستدانی ئەو ناوچانە، بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە بوو.  •لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بەهۆی خوێندنەوەی هەڵەی پارتی بۆ بارودۆخی ناوچەكە.  •داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، تائێستاش ئەو دامەزراوەیە هەڵنەساوەتەوە.  • سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. •تێكچونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد، كە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەخرێتە ئەستۆی "خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی" پارتی بەرامبەر بە هێزەكانی تر.  •شكستهێنانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە "داعش" تۆماریكرد و بەهۆیەوە ناوبانگی لە جیهاندا درەوشایەوە. •شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم. •تێكچونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كورد لە پارچەكانی تر، بەتایبەتی كوردی باكور و رۆژئاوا و ئێستاش رۆژهەڵات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی پارتی لە سیاسەتەكانی توركیا لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و بێدەنگی هێرشی ئێران بۆسەر كوردی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمدا. خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە.  •سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوە و نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات. •پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. •خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە. •رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن. •    سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بردنەوەی ژمارەكی زۆر كورسی لەدوای شكستی ریفراندۆم .  


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا فازل بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونیی لە تەمەنی 52 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە هەولێر كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، تەرمی بەرواری لە پزیشكی دادی هەولێرە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شاری دهۆك دەكرێت و لەوێ‌ دەنێژرێت. فازڵ جەمیل بەرواری ساڵی 1966 لە دهۆك لە دایكبووە و فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بووە و ساڵی 1980 تا 1991 فەرماندە بووە لە هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای روخانی رژێمی سەددام حسێن بەشداریكردووە لە دامەزراندنی دەزگای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی عێراق " دژە تیرۆر" و بووەتە فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی.


( درەو میدیا): بە گوێرەی ڕاپرسییەك كە مەكتەبی توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیداوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پارتی یەكەم و یەكێتی دووەم و گۆڕان سێیەم دەبێت. ئەو راپرسییە لە چوار پارێزگا و 13 قەزای هەرێم ئەنجامدراوە، سێ‌ هەزار و 100 فۆڕم دابەشكراون و لەو ژمارەیەش سێ‌ هەزار فۆڕمیان بۆ گەڕاوەتەوە. بەپێی راپرسی مەكتەبی توێژینەوەی پارتی، 68%ی دەنگدەران بەشداری دەنگدان دەكەن و 14%یان تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە كە دەنگ بەكێ‌ دەدەن و 18%یشیان بڕیاریانداوە كە بەشداری نەكەن و دەنگ نەدەن و رێژەی دەنگی حیزبەكانیش بەمشێوەیە دەبێت: -    پارتی دیموكراتی كوردستان 41% -    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 18% -    بزوتنەوەی گۆڕان 10% -    جوڵانەوەی نەوەی نوێ 9% -    بەرەی ئیسڵاح ( یەكگرتوو+  بزوتنەوەی ئیسلامیی) 6% -    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 3% -    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی ( ئەگەر بەشداری بكات) 6%


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف هەفتەیەك ماوە بۆ راوەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لەسەر شەقام بەدی دەکرێت، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، تائێستا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ساردوسڕ بەڕێوەدەچێت. پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە زیاتر لە 10 ساڵە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی ستراتیژیدا پێكەوە كاردەكەن و لە حكومەتدا هاوبەشن، چەند رۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەدژی یەكتر توندكردوەتەوە. سەرەتای هێرشەكە لەلایەن یەكێتییەوە دەستیپێكرد، كاتێك قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتەیەكدا لەبەردەم لایەنگرانی وتی: "ئەو دەسەڵاتەی كە لە هەولێر قۆرخکراوە، دایدەبەزێنینە خوارەوە"، ئەم قسەیە بەرپرسانی پارتی توڕەكرد. بڕیاری مەسعود بارزانی شكێندرا ئەم وتانە، بەرپرسانی پارتی ناچاركرد بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەیان بشكێنن، كە لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند" نابێت وەڵامی هیچ كەسێك بدەنەوەو دەمانەوێت هەڵمەتێكی ئارام بەرێوەبەرین". بەرپرسانی پارتی لە چەندین شوێندا بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانییان دایەوە، بەڵام تاڵەبانی كوڕ كە رۆژانێك وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی تەماشا دەكرا، زیاتر دەڕوات‌و دەڵێ" كوڕان و كچان ئامادەبن، شەپولی سەوز گەیشتە هەولێر". فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەردەم لایەنگرانی حزبەكەیدا وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و وتی" زۆر زۆر نارەحت بووین بەو قسانە، بۆیە لێرەوە پێتان دەڵێین، ئەوە راگرن، ئەگەرنا ئێوە یەك قسەمان پێ بڵێن، ئێمە سەد قسەتان پێ دەڵێین".  بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، میرانی هێرشی توندی كردەسەر قوباد تاڵەبانی و وتی" تۆ لەكوێ بویت كە حكومەتی هەرێممان بونیاد ناوە، ئەگەر مەسعود بارزانی و پێشمەرگەكانی نەبوایە ئێستا هێزی عێراقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بوون". هێمن هەورامی كە هاوشانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی پارتییە، لەبەردەم لایەنگرانیدا لە قەرەداغ رایگەیاند" پێمان سەیرە كەسانێك رویان بێت باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر، با ئەوان بچن جارێ كێشەی ناو ماڵ و ناو ماڵی حزبەكەیان چارەسەر بكەن ئینجا باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر". بانگەشەی لایەنەكانی تر سڕكرا هەندێك كەس لە چاودێران بڕوایان بەو شەڕە نییە كە ئێستا لە میدیاكانەوە پارتی و یەكێتی لەدژی یەكتر دەیكەن، لەمەشدا بەتایبەتی سەرەنجیان لەسەر قوباد تاڵەبانییە، بەوپێیەی تاڵەبانی كوڕ لە ماوەی رابردودا پشتیوانی سەرسەختی ئەو حكومەتە بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر هەژمونی بەسەردا كردووە. ئەمە وایكردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، هەڵمەتەكە تەنیا وەكو تەكتیكێكی هەڵبژاردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەماشا بكەن بۆ راكێشانی سەرەنجی دەنگدەران و دواجار كێشكردنیان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە ئێستا مەترسی زۆربونی ئاستی بایكۆتی و كەمی رێژەی بەشداری دەنگدەران هەیە لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا.  لەلایەكی ترەوە، توندبونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتدار دژ بە یەكتر، بەتەواوەتی روناكی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكانی تری سڕكر، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا جڵەوی شەقامی بەدەستەوە بوو. "سەگوەڕ" شەڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەكێتی دوێنێ گەیشتە ئاستێكی توندتر، كاتێك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە لە نوێترین كاردانەوەی ئەو شەڕەدا وتی:" لە دوو رۆژی رابردوودا دەبینم دژبە یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەگوەڕێك دەستیپێكردووە، هەر لێرەوە پێیان دەڵێم، تكایان لێدەكەم سنور مەبەزێنن، ئەگینا ئەگەر سنور ببەزێنن، بە دەنگەكانمان ئاودیوی سنوریان دەكەین". "بە زمانی پلكی قسە دەكات" لەبەرامبەردا ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسنێكدا بەناوی" قوباد تاڵەبانی ئەرێ دەزانی؟" نوسیویەتی"چەند ڕۆژێكە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن قوباد تاڵەبانی وەك ئەوەی داهێنان بكات، دەیەوێ بەزمانی پلكی قسەبكات" كە مەبەست لێی " شاناز ئیبراهیم ئەحمەد"ە بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی توند لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەگرێت. لە بەشێكی نوسینەكەدا ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەكات" ڕاستە لە هەولێر كێشەی ئاو وكارەبا هەیە، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرە كێخوایی و بێساحێبی و مافیاو جوێن و فرت و فێڵ و قۆڵبرین نیەو نابێ، چونكە هەولێر خودانی هەیە، خودان". لە شەڕی شەقامەوە بۆ شەڕی فەیسبوك شاری سلێمانی كە لە چەند ساڵی رابردوودا چەقی ململانێ سیاسییەكان بوو، ئێستا جگە لە هەندێك پۆستەری كەمی كاندیدەكان لە شەقامەكان هیچ دیمەنێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەدی ناكرێت، كەژاوەی ئۆتۆمبیل و كۆبونەوەی جەماوەری و وتنەوەی دروشم، لەو روداوانەن كە ئێستا بەتەواوەتی بەرەو فەنابوون رۆشتوون. ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگەی شەڕی شەقامەكانیان گرتوەتەوە، زۆرێك لە كاندیدەكان پارەكانیان لە كڕینی ریكلام لە پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكان بەخەرج دەدەن. 


راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دروست دەكات و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی پێنج ساڵی رابردووی دوای هەڵبژاردنی 2013  كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی 12ی ئایارو " گۆڕینی" دەنگەكان و" ساختەكاری" و پێگەی هێزەكان لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دروست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دروست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە.  پێگەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیە، بەڵام هەولێر و دەنگی هەولێر و پێگەی هەولێر كاریگەری سیاسی لەسەر دۆخی هەڵبژاردن دەبێت. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر  یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992  لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانیان هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا.  پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوە و شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوە و دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا سەپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگە و نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە دروست بكات.       دووەم/ هەڵبژاردنی 2005   لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت.  لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای رووداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%.                                           سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010  لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە،  پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و  كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو .  چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014    بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە.    پێنجەم/ هەڵبژاردنی 2018  پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018، كە (642232) هاوڵاتی دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (321920) دەنگ بەدەست بهێنێت ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79745) دەنگی بەدەستهێناوە لیستی نەوەی نوێ ( 70833) دەنگ بەدەست بهێنێت و هاوپەیمانی ( 50537 ) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی گۆڕان توانی (40863) دەنگ بەدەستبهێنێت ،لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36784) دەنگ   و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24475) دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی بەشێك لە هێزەكان پێیان وایە" ساختەكاری كراوەو دەنگەكان گۆڕاوە" ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە، بۆیە چاوەڕەوانیش ناكرێت گۆڕانكاری گەورە روبدات لە ئاستی دەنگەكان لە پارێزگای هەولێر.     


(درەو میدیا): لەماوەی رابردوودا بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك ككۆماری عێراق دووجار لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆبوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی بە رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت"ی راگەیاندووە، لەم ماوەیی دوایدا بەرهەم ساڵح دوور لە چاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆبوەتەوە بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. سەرچاوەكە كە داواشی كردووە ناوی ئاشكرانەكرێت ئاشكراشیكردوووە لەماوەی یەك دوو رۆژی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رادەگەیەنێت.


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف ئێستا پرسیاری جەوهەری لای هاوڵاتیانی كوردستان ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردن گرنگی ماوە، ئایا هەڵبژاردن چی لەژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی گۆڕیوە، لەكاتێكدا هەڵبژاردنەكان گۆڕانیان لە ئاست و رێژەی دەنگ و كورسی هێزەكاندا درووست كردووە، بۆچی گۆڕانگاری لە نەخشەی سیاسی و پێگەو دەسەڵاتی هێزەكاندا درووست نەكردووە. سەرەرای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی " ساختەكاری و گۆڕانگاری دەنگەكانەوە" ناشرین كراوە، بەڵام هەڵبژاردنەكان كاریگەریان لەسەر زیادكردن و كەمكردنی دەنگ و كورسی حیزبە سیاسیەكان درووست كردووەو نەخشەی سیاسی هێزەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەو گۆڕانكاریانەی كە هەڵبژاردنەكان دروستیان كردوون كاریگەرییان لەسەر سیستمی حوكمرانی و دەموچاوی حكومەت درووست نەكردووە.  هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان  لە هەرێمی كوردستان سەرەرای چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوهەڵبژاردنی پارێزگاكان، چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە ( 1992 ، 2005 ، 2009 ، 2013 )، لێرەدا بەووردی ئاستی دەنگ و كورسی هێزە سیاسیەكان دەخەینە روو لەو چوار هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لەماوەی 21 ساڵەدا چی گۆڕانكاریەك بەسەر دەنگ و كورسی ئەو هێزانەدا هاتووە، لە هەڵبژاردنی 1992 دا كە ( 1 ملیۆن و 112 هەزار ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو ( 971 هەزارو 953 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 87.4% )، هەرچەندە  (لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای دهۆك 178 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەبوو 198 هەزار كەس دەنگیدا واتا رێژەكە 111% بوو ) بەڵام بەهۆی دیاریكردنی رێژەی 7% بۆ چونە پەرلەمان ئەویش بەپێی بڕگەی 3 لەمادەی 36ی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، 7 لیست بەشداریان تێدا كردوو تەنها لێستی یەكێتی و لیستی پارتی ئەو رێژەیەیان تێپەراندوو چونە پەرلەمانەوەو دواتر دەنگەكانی ئەو لیستانەشیان بەسەر خۆیاندا دابەشكرد كە رێژەی 7% یان نەهێنابوو لە هەڵبژاردنی 1992 دا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (  438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و لیستی یەكێتی (423682 ) بەرێژەی ( 44.033% ) بەڵام ئەو لیستانەی نەچونە پەرلەمانەوە لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی (49073 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (5.100% ) و كە زۆرترین دەنگی دوای لیستی یەكێتی و پارتی هێناو نەچووە پەرلەمانەوە دواتریش لیستی سۆسیالیست (24867 ) دەنگ بەرێژەی( 2.584% ) بەدەستهێناو لیستی پارتی گەل (21106 ) بەرێژەی ( 2.193% )، لیستی حیزبی شیوعی(  9902 ) بەرێژەی (1.029% ) بەدەستهێناو لیستی دیموكراتخواز و بێلایەنەكانیش (500 ) بەرێژەی (0.519% ) بەدەستهێنا كۆی گشتی دەنگی ئەو لیستانەی كە نەچونە پەرلەمانەوە ( 105517 ) دەنگ بوو كە بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە فەوتان و خرانە سەر دەنگی یەكێتی و پارتی. كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بەسەر یەكێتی و پارتی ( 50 بە 50 ) دابەشكران، بەو پێیەش رێژەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان 50% و رێژەی دەنگەكانیشیان بە نزیكەی 44% بووە. بەڵام بەهۆی شەری ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە دوای 13 ساڵ لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنێكی تر كرایەوەو  لە هەڵبژاردنی 2005 ی پەرلەمانی كوردستاندا كە (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكردوو، هەڵبژاردنی 2005 دا ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 1 ملیۆن و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 75.6% ) ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم كە لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو (1112000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (1178736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (51.5%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە رێژەی (75.6%) دەنگیاندا بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 (10%) كەمی كردووە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 1992 دا ئاستی بەشداریكردن (87.4%) بووە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 1992 بۆ 2005 ئاستی بەشداری هاوڵاتیان نزیكەی (12%) دابەزیوە لەو هەڵبژاردنەدا 13 لیست بەشداری كردبوو لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان كە لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو شیوعی و چەند لایەنێكی تر پێكهاتبوو (1570663 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (89.55% ) و لەكۆی 100 كورسی بێ كۆتاكان ئەو لیستە ( 93 كورسی ) بەدەستهێنا بەو شێوەیە یەكێتی ( 38 كورسی ) پارتی ( 37 كورسی ) یەكگرتوو ( 9 كورسی ) شیوعی ( 3 ) یەكێتی نەتەوەیی ( 1 كورسی ) سۆسیالیست ( 2 كورسی ) پارتی كرێكاران و رەنجدەران ( 1 كورسی ) هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی كە لەدەرەوەی ئەو لیستە هاوبەشە بوو ( 6 كورسی ) بەدەستهێناو لیستی زەحمەتكێشانیش ( 1 كورسی ) بەدەست هێنا، بەو پێەیەش رێژەی دەنگەكانیان ئەگەرچی بە تێكەل و پێكەوەیە بەڵام دابەزیوە بەهۆی دەنگی یەكگرتوو لایەنەكانی ترەوە، بەڵام ئاستی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 كە ( 50 بە  50 ) بوو دابەزی بۆ ( 38 بە 37 ) واتا لە 100 كورسیەوە بۆ 75 كورسی واتا 25 كورسی كەمیان كرد، بەرێژەی 25% ی كورسیەكانی پارلەمانی كوردستان.  بەڵام لە هەڵبژاردنی 2009 دا بەهۆی درووست بوونی لیستی گۆڕانەوە گۆڕانكاریەكان زیاتر دەركەوتن لە نەخشەی سیاسی هێزەكاندا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 25/7دا كە (24) لیست و هاوپەیمانێتی و كەسایەتی بەشداریان تێدا كرد و لە هەڵبژاردنی 2009 دا كە ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 793 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، ( 1 ملیۆن و 876 هەزارو 196 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 74.5 % ) ، تیایدا لیستی كوردستانی كە (یەكێتی و پارتی و چەند هێزێكی تری لە خۆ دەگرت) لە پلەی یەكەمدا هات بە (1076370) بە رێژەی (57.37%) و بەدەستهێنانی (59) كورسی، لیستی گۆڕان لە پلەی دووەم هات بە (445024) بەڕێژەی (23.72%) و بەدەستهێنانی (25) كورسی، لیستی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی كە (لە یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵی ئیسلامیی و زەحمەتكێشان و سۆسیالیست پێكهاتبوو) بەبەدەستهێنانی (240842) لە پلەی سێیەمدایە بەڕێژەی (12.84%) و (13) كورسی، هاوكات لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی (27147) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (1.45%) و (2) كورسی بەدەستهێنا، لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیی (حیزبی شیوعی و چەند گر‌ووپێك)، (15028) دەنگ بەڕێژەی (0.80%) و (1) كورسی بەدەستهێنا. گەر بەراوردی بكەین بە دەنگ و كورسیەكانی هەڵبژاردنی 1992 و 2005 گۆڕانكاریەكە زیاتر دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش بوون بۆیە ئاستی دەنگەكانیان بەجیا ئەژمار ناكری بەلام ئاستی كورسیەكانیان 59 كورسی بوو بەرێژەی 59%ی كورسیەكانی پەرلەمان بەبێ كۆتاكان، بەو پێیەش بە بەراورد بە هەڵبژارندنی 1992 یەكێتی و پارتی پێكەوە 41 كورسی بەرێژەی 41%ی كۆی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان كەمیان كرد، رێژەی دەنگەكانیشیان كە لە هەڵبژاردنی 1992 پێكەوە 89% بوو دابەزیوە بۆ 57% واتا 32% دابەزیوە.  لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستاندا ( 2 ملیۆن و 654 هەزارو 696 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو كە ( 73%) یان دەنگیاندا واتا ( 1 ملیۆن و 945 هەزارو 124 ) كەس، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان و لیستی گۆڕان (476736 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 24.4 ) و 24 كورسی و یەكێتی (350500 ) بەرێژەی( 17.8% )و 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (186741 ) دەنگ و بەرێژەی 9.6% و 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش ( 118574 ) بەرێژەی 6% و 6 كورسی و بزوتنەوەی ئیسلامیش ( 21834 ) دەنگ و بەرێژەی 1% و 1 كورسی و سۆسیالیست ( 12501 ) دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و لیستی ئازادی ( 12392 )دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و ئاراستەی سێیەم ( 8681 ) دەنگ و بەرێژەی 0.4% و 1 كورسی. بەراوردی نێوان دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی و پارتی لەنێوان 1992 و 2013 گۆڕانگاریەكی زۆر رویداوە هەم لە دەنگ و هەم لە كورسیەكانی پەرلەمان، بە جۆرێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 1992 دا (  438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و 50 كورسی پەرلەمانیش بەڵام لە 2013 و لە دوایین هەڵبژادرنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستاندا (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان واتا رێژەی دەنگەكانی 6.5% دابەزیوەو رێژەی كورسیەكانیشی 12 كورسی 12% كورسیەكانی دابەزیوە، هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لە هەڵبژاردنی 1992دا (423682 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 44.033% ) و لەگەڵ 50 كورسی بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكێتی (350500 ) بەرێژەی ( 17.8% )و 18 كورسی، بەو پێیەش رێژەی دەنگەكانی 26% كەمی كردووەو كورسیەكانیشی لە 50 كورسیەوە بۆ 18 كورسی واتا 32 كورسی كەمی كردووە بەرێژەی 32%. بەهەردوكیشیان یەكێتی و پارتی، رێژەی كورسیەكانیان كە ( 50 بە 50 ) بووە واتا 100 كورسی بەهەردوكیان بووە بە ( 38 بە 18 ) واتا 56 كورسی واتا 44 كورسی كەمی كردووە بە رێژەی 44% ی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەنگەكانیشیان كە پێشتر ( 89%) بووە دابەزیوە بۆ ( 38% بە 18% ) واتا 56% دەنگەكانیان هەیە واتا بەرێژەی 33%ی دەنگەكانیان كەمیكردووە، لێرەدا بۆیە زیاتر تەركیز لەسەر بەراوردی دەنگ و كورسی یەكێتی و پارتیە، لەبەر ئەوەی لە یەكەم خول تا دوایین خولی پەرلەمان ئەوان لیستیان هەبووەو لە هەمانكاتیشدا ئەو دوو هێزە لە 1992 تا ئێستا خاوەنی زۆن و ناوچەی جێدەسەڵاتی خۆیانن.  ئەوە جەوهەری گۆڕانكاریەكەیە لە كوورسی و دەنگداندان رویداوە كە لەماوەی  نێوان چوار خولی هەڵبژاردن روویداوەو بەڵام، بەهۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی پرسی هێز و پارەو پۆستەكانیان لەدەست خۆیاندا هێشتۆتەوە، بۆیە هەڵبژاردنەكان كاریگەری زۆری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئەو هێزانە درووست نەكردووە، سەرەرای ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە كورسی و دەنگەكانیان رویداوە، بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لە هەرێمدا هەیەو پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتین چاوەڕەوانی گۆڕانكاری گەورە ناكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.  بۆیە رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەوشیراون مستەفا كە لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا كردی " هەڵبژاردن گرنگی ماوە ، پەرلەمان گرنگی ماوە" جۆرێك لە نائومێدی بووبێت بەوەی چیتر سندوقەكانی دەنگدان " شاڕێی گۆڕانكاری" نین و هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانكاری گەورە لە نەخشەی سیاسی هێزەكان درووست بكات. 


( درەو میدیا): بەرهەم ساڵح پێش كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە لە نامەیەكدا كە ئاراستەی جێگری سكرتێر و سەركردایەتی ئەو حزبەی كردووە رایدەگەیەنێَت :" بڕیارمدا بە درێژەپێدان بەخەباتی خۆم لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە پێی ڕاوێژی پێشوومان پرۆسەی یەكگرتنەوەی هەڤاڵەكانمان لە نێو هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات". ئەمەش دەقی نامەكەیە: برای بەڕێزم جەنابی كاك كۆسرەت جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی سڵاوێكی گەرم لەبەر ڕۆشنایی باسەكانی نێوانمان، بە ئامانجی یەكخستنی هێز و تواناكان و پتەوكردنی یەكڕیزی گەل و پاراستنی بەرژەوەندی خەڵك و ڕێزگرتن لە یادەوەری جەنابی مام جەلال و شەهیدە نەمرەكان و لە پێزانینم بۆ هەوڵی تێكۆشەرە دێرینەكان بڕیارمدا بە درێژەپێدان بەخەباتی خۆم لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پێی ڕاوێژی پێشوومان پڕۆسەی یەكگرتنەوەی هەڤاڵەكانمان لە نێو هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات لە دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن. براتان بەرهەم ساڵح


(درەو میدیا): ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان یەكێك لە گرنگرترین و هەستیارترین كۆبونەوەكانی خۆی لەمساڵدا بەڕێوەبرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی دووجار پرۆسەی دەنگدانی بەڕێوەبردووە، لەیەكەمین كاریدا دەنگدانی كردووە لەسەر پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و لە كۆی (44) كەس كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوون، (40) كەسیان بە بەڵی دەنگیان داوە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح. دوای یەكلابونەوەی پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر دەنگدانی رێكخستووە بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەنجامی دەنگدانەكە بەمشێوەیە بووە. •    بەرهەم ساڵح: 26 دەنگ •    محەمەد سابیر: 15 دەنگ •    لەتیف رەشید: 1 دەنگ دوو كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداری دەنگدانیان نەكرد نە لە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نە لە پرسی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. بەمجۆرە بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2017 لە یەكێتی جیابوەوە و حزبێكی نوێی بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" پێكهێنا، گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی و ئێستا پرسیاری گەورە لەسەر چارەنوسی حزبەكە "هاوپەیمانی" دروستبووە. چارەنوسی هاوپەیمانی ! بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كردویەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەبێت بەمنزیكانە بەرهەم ساڵح رونكردنەوەیەك بۆ رایگشتی بدات و تێیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو یەكێتی رابگەیەنێت و داوا لە لایەنگرانیشی بكات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی بدەن. بەگوێرەی زانیارییەكان (درەو میدیا)، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی لەبەیاننامەیەكدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی رادەگەیەنن و خۆشیان دەگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی. لەبەرامبەردا ئەو بەشەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە خۆی دەبینێتەوە لە پاشخان ئیسلامییەكانی (كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) بڕیاریانداوە بمێننەوە و درێژە بەكاری سیاسی حزبەكە بدەن. پێشتر بەرهەم ساڵح رایگەیاند، هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات و بایكۆتی پرۆسەكە دەكات، ئەمەش بەبەهانەی خراپی تۆماری دەنگدەران، بەڵام هەر ئەوكات دەنگۆی ئەوە بڵاوەوە كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردن پەیوەندی بە گفتوگۆكانیەوە هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نەك خراپی تۆماری دەنگدەران. دوای وازهێنانی بەرهەم ساڵح، بڕیارە سەركردەكانی هاوپەیمانی بڕیاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدەن و بانگەشە بۆ كاندیدەكانیان دەستپێبكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا هێشتا كۆمسیۆن ناو و لۆگۆی هاوپەیمانی لەناو كارتی دەنگدان نەسڕیوەتەوە.


(درەو میدیا): ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەزۆرینەی دەنگ، بەرهەم ساڵحی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد. سەرچاوەیەك لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە (درەو میدیا) راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە توڕەییەوە هۆڵی كۆبونەوەكەی جێهێشتووە. مەلا بەختیار یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، جگە لە مەلا بەختیار، ژمارەیەك ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی توڕەبوون لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو كاندیدی سەرۆك كۆمار و لە كۆبونەوەكە چونەتە دەرەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەلا بەختیار دوو مەرجی خستوەتەڕوو بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، مەرجی یەكەم: بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڵوەشێنێتەوە، دووەم: هەموو لایەنەكان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) كاندیدبونەكەی پەسەند بكەن.  


(درەو میدیا): چەند رۆژێكە چیا نەوشیروان مستەفا لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ چارەسەكردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان و هێنانەوەی ئەو كەسانەی بەهەر هۆكارێك بێت لە بزوتنەوەكە دووركەوتوونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە چەند رۆژی رابردوودا چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەكان كۆبوەتەوە و داوای لێكردون بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و وەكو جاران بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. دواین كۆبونەوەی چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ پێنج كەس لەوانە بووە كە بەمدواییە پرۆژەیەكیان نوسی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا چیا نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی تاپۆكردنی (گردی زەرگەتە) مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی لەسەر ناوی خۆی و نمای برای، بە راشكاوی وتویەتی" بەهیچ شێوەیەك تاپۆی گردی زەرگەتە ناخەنە سەر ناوی بزوتنەوەی گۆڕان یان هیچ كەسێكی تر"، لەمەشدا بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە ئەگەر گردەكە بەناوی ئەوانەوە بێت پارێزراو تر دەبێت، بەڵام ئامادەیی خۆیان نیشانداوە گرەنتی و دڵنیایی تەواوەتی بدات كە گردەكە تەنیا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەكاربهێنرێت نەك هیچ جۆرە پرۆژەیەكی تر. لەبارەی كۆمپانیای (گاسن) بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، چیا لەبەردەم ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕاندا بە راشكاوی وتویەتی" ئەوە موڵكی تایبەتی ئێمەیە نەك بزوتنەوەی گۆڕان". لەبارەی میدیای گۆڕانیشەوە كە یەكێكە لە بابەتە كێشەلەسەرەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و خۆی دەبینێتەوە لە (تەلەفزیۆنی KNN- رادیۆی گۆڕان- سایتی سبەی)، چیا نەوشیروان مستەفا وتویەتی: دەكرێت دوای هەڵبژاردن بە گفتوگۆ و راوێژ ئەو دەزگایانە بدرێنە دەست بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەكە بەڕێوەیان ببات. پێش ئەو كۆبوونەوەیەش چیا نەوشیروان مستەفا بەجیا لەگەڵ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود كۆبووەتەوە و تا ئێستا دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە دیار نیە.  


( درەو میدیا): برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە سلێمانی و بەجیا  لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی كۆبووە. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكگۆرك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند ئەگەر هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە ئەوا دەبێتە یەكێك لە كاندیدەكانی سەرۆك كۆمار. وتیشی سبەی یان دووسبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات. هاوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕیدا لەگەڵ مەكۆرگ كۆبووەوە . بە گوێرەی راگەیەندراوێك كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاوكرایەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە ڤیتۆی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکات و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ  ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە مەكۆرگ لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی:" لەگەڵ ئەوەداین یەکێتی یەک كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت و ئەزموونی لەگەڵ بەغدا و  لایەنە عێراقییەکان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت".  


( درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكاتەوەو، " درەومیدیا" ناوی ئەو كەسانە ئاشكرادەكات خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە مادەكانی ٢ و ٣ لەیاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٢ (یاسای ئەحكامەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەگەیەنێت. لە بەیاننامەكەدا، داوا لەو كەسانە كراوە كە مەرجەكانی خۆ كاندیدكردنیان تیادایە، داواكانیان بەشێوەی نوسراو و پاڵپشت بە بەڵگەنامەی ڕەسمی لەگەڵ سیڤی كەسییان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و ڕادەستی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكەن، لە كۆشكی كۆنگرەكان لە كاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا ٣ پاشنیوەڕۆی ڕۆژانی (سێشەممە و چوارشەممە و یەكشەممە) ڕێكەوتی 18، 19، 23ى ئةم مانگە. بەپێی زانیارییەکانی "درەومیدیا"ئەو ناوانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە بریتین لە: - سەردار عەبدوڵا -  لەتیف ڕەشید - محەمەد سابیر - مەلا بەختیار - فازیل میرانی -  بەرهەم ساڵح - ىسەلیم شوشكەیی - عومەر بەرزنجی -  کەمال عەزیز قەیتولی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار: بە گوێرەی مادەی 66ی دەستوری هەمیشەیی عێراقن دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فیدراڵی لە عێراق پێكدێت لە سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و بە گوێرەی ددەستور و یاسا دەسەڵاتەكانیان پیادەدەكەن. هەروەها مادەی 67ی دەستوری عێراق دەڵێت: " سەرۆك كۆمار، سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەندبوون بە دەستور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەریی و یەكێتی و پاراستنی خاكی عێراق بەپێی بڕگەكانی دەستور. لە مادەی 68یی دەستوریشدا هاتووە كە پێویستە كاندید بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت: یەكەم: لە عێراق لە دایكبوبێت و دایك و باوكی  عێراقیی بن. دووەم: لێهااتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواوكردبێت. سێیەم: ناوبانگێكی باش وشارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێتی و سەرڕاست و دادوەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراوبێت. چوارەم: حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. هەروەها بەگوێرەی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردووە دوو مەرجی تر بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار زیادكراوە كە ئەمانەن: یەكەم: نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ " بەكالۆریۆس" كەمتربێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت. دووەم: یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand