■ هیوا ناسیح.... گهنجێکی ٤٥ ساڵه، کهس نازانێت له چ عهشرهت و بنهماڵهیهکه، شاعیر، رۆشهنبیر، یاساناس و میوزیزکژهن، گۆرانی بۆ ژیان و بۆ خهبات و بهرخودان دهڵێت، کاندیدی سهرۆکایهتی گهورهترین دهوڵهتی داگیرکهری کوردستانه، عهرشی دیکتاتۆرێکی داگیرکهری گهورهترین پارچهی کوردستانی هێناوهته لهرزین. دهمیرتاش، که به کوردی ناوهکهی دهکاته بهردێکی پۆڵاین، یان بهردێکی ئاسنین، پێ دهچێت هێمن موکریانی گوتهنی (موحتاجی مهحهک) نهبێت و (زێڕی بێ غهلوغهش) بێت. بۆیه گوڵ دهچێنێت بهرامبهر ئهوانهی مینی بۆ دهچێنن، پهیامی ئازادی و برایهتی گهلان دهنێرێت بهرامبهر به پهیامی شهڕ و هێرشکاری، گوڵ دهگرێته ئهوانهی گوللهیان پێوه دهنێن. مهسیح ئاسا دهستی نزا بۆ لێخۆشبوون له ههڵه و تاوانی ئهوانهش بهرزدهکاتهوه که ئازاری دهدهن! ئهم مێرخاسه له ههڵبژاردنی پێشوودا چوار میلیۆن دهنگی هێنا، بهڵێ چوار میلیۆن دهنگی ساغ و زوڵاڵ و بێ ساخته، ئهمجاریان ئهردۆغان که له بوێری و ئازایهتییهکهی تۆقیوه، له ترسی کهسایهتییه کاریزمییهکهی نزیکهی دوو ساڵه له کونجی زیندانی توندکردوه، هاوسهرهکهی که مامۆستای خوێندگا بوو نان بڕاو کرد و له کارهکهی وهدهریان نا، چونکه گوتیان مناڵانی کورد فێری بهرخودان دهکهیت! ئهم عهگیده، خهریکه باوهڕ نهکهم کورد بێت، ههبێ و نهبێت ئهمه پهشێوی مهزن گوتهنی له (جنسێکی تره) یان وهک ناوبراو له هۆنراوهی (له دایکبن) دا دهڵێت: له دایکبن کوڕانی سهدهی ئاینده... ئهم لهم جۆره (کوڕ)انهیه که بۆ سهدهی ئاینده له دایکبووه!. ئهرێ کهسێک ههیه له هیچ پارچهیهکی دیکهی کوردستان بتوانێت بهرابهر سهرۆکی دهوڵهتێکی داگیرکهر بوهستێتهوه، که سهرجهم دهستهڵاته، سیاسی، سهربازی، دیپلۆماتی، ئابوری، ههواڵگری، ئاسایش و دادگا و دادوهریی له ژێردهستدا بێت!؟ ئهمه چ شۆڕهسوارێکه! وا ئهردۆغانێکی دهست به خوێنی ههزاران شههیدی کورد له بریسکهی چاوهکانی دهترسێت! گهر وانهبوایه لای کهمی به کاتیی بۆ بانگهشهی ههڵبژاردنهکه ئازادی دهکرد. ئهرێ ئهمه دهرچووی چ قوتابخانه و پهیمانگایهکه، که تا له دهرهوهی زیندان بوو، له پێشی پێشهوهی رێپێوان و خۆپیشاندانهکان بوو، یهکهم کهس دهچووه مهیدان و ئاخر کهس دهرۆیشتهوه بۆ نوسینگهکهی! ئاخر خۆ ههموومان رێپێوانی جهماوهریی چهند ساڵ لهمهوبهری شکاندنی ئابڵۆقهی سهربازیی شارهکانی سور و گهڤهرمان لهبیره، که چۆن ئهم کوڕه جوامێره له ریزی پێشهوه قۆڵی کردبوو به قۆڵی ههڤاڵهکانیدا و سنگی کردبووه قهڵغانی گولله و سوپهریی بهرگریی و خهباتی مهدهنی کورد؟؟ ئهرێ ئهم جوانخاسه له چ دایک و باوکێک بووه، که ئهوهندهی گهردیلهیهک جێگهی ترس له دڵیدا نابێتهوه؟ ئهم ههموو باوهڕبهخۆبوون و متمانه و کهسایهتییه به هێز و سهنگینه له کوێیوه دێنێت؟ وا له بن نایهت، ئهم کێوی وزه و وره و زهریای بێ بنی حهوسهڵه و تاقهت و توانایهی له کوێوه پهیدا کردوه؟ ئهم ئاسمانه قوڵهی هیوا و ئومێد و گهشبینییهیز له کوێ بینییهوه؟ ئهم ماندێلا گهنجه که له کونجی زیندانیشدا بزه له سهر لێوهکانی نابڕێت پێم ناڵێن ههڵۆی کام کۆساره؟ ئهم کوڕهههژاره رووخۆشه قۆزه سپی پێسته دهرچووی کام زانکۆی شۆرشگێڕی و فیداکارییه، که وا توند توند دهستی به ئهڵقهی خهباتی دیموکراتی و مهدهنییهوه گرتوه و بهری نادات؟ تۆ بڵێی ئهمه سهرکردهیهکی کورد بێت؟ جا گهر کورده، ئهرێ ئهم سهرکرده ناسراوه کۆشکهکهی بایی چهنده؟ براکهی و برازا و ئامۆزاکهی بهرپرسی چین و چ پله و پۆستێکیان ههیه؟ ژمارهی پاسهوانهکانی چهند بوون؟ کهی کورده! گهر کورده کاتێک بهرپرسی گهورهترین پارتی کوردی بوو له باکور، کوا ژماره و ریزی ئۆتۆمبیله دوا مۆدێلهکانی، ئهی خانوهکهی چهند کیلۆمهتر دووجایه؟ ئهرێ کهس له ئێمه بیستمان له دهزگاکانی میدیای دوژمنیشهوه، ته نها کهسێک، به ڵێ تهنها ئهندامێکیان لهو زیاتر له ٩٠ بهرپرسی شارهوانییهی ههیانبوو، به تۆمهتی گهندهڵی ئابڕوچوونێکی سێکسی یان دزینی دۆلارێک، لیرهیهک! بدرێته دادگا؟؟! چۆن گومان له کوردێتی ناوبراو نهکهم، ئاخر ئێمهی باشوریی سهرکردهیهکی کوردمان نهبینیوه وهک ئهم پیاوه، له بهشی رۆژههڵاتیشدا پێم شک نایهت، ئاخر ههر ئهم بوو، که ماڵ به ماڵ، گوند به گوند، دوکان به دوکان، دهسگێر به دهسگێر و کهپر به کهپر و تهنانهت عهرهبانهچی و بۆیاخچییهکانیشی بهسهردهکردهوه! ئهمه چ سهکردهیهکه عهزیزان! چ مرۆڤێکه؟ چ خۆنهویستێکه، چ سیاسییهکه؟ چ مهخلوقێکه؟ چ جۆره کوردێکه، هاورێیان؟!! که چهکهکهی تهنها تهمبورێک و قهڵهمێک و مایکرۆفۆنێکه، له ههموو شتێکیش بێ باکه!
■ فەرید ئەسەسەرد هێشتا هیچ كام لە دوو جەمسەرە گەورەكەی عیراق، واتە سەدر-عەبادی و مالیكی– عامری، هاوپەیمانییەكی گەورەیان پێ دروست نەكراوەو هێشتا هەردووكیان لە قۆناغی چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان دان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران. گەورەترین كێشەی بەردەم پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكە ئەوەیە كە جیاوازییەكی كەم لە ژمارەی كورسیدا لە نێوان هەردوو جەمسەردا هەیە كە ئەمەش هەردوولا ناچار دەكا هەوڵی راكێشانی لیستەكانی تر بەلای خۆیاندا بدەن. بەڵام كێشەی لیستەكانی تر لەوە دایە كە پشتگیری كردنی هەر كام لەم دوو جەمسەرە دەشێ ببێتە مایەی تێوەگلانیان لە گیروگرفتی گەورە. ئەمەش هانیان دەدا پەلە نەكەن تا ئەو كاتەی بەرچاویان بە باشی روون دەبێتەوە. دۆخێكی نزیك لە هاوسەنگی و ترس لە نێوان هەردوو جەمسەردا هەیە كە ئەگەری پێكدادان بەرەو هەڵكشان دەبات. ئەمە دەستەواژەكەی "هاوسەنگیی ترس" دێنێتەوە یاد كە لیستەر پێرسن لە ساڵی 1955 دا لە گەرمەی ململانێی نیوان ئەمریكاو یەكێتیی سۆڤێتدا بەكاری هێناوەو بەو جۆرە گوزارشتی لێ كردووە كە" هاوسەنگیی ترس جێی هاوسەنگیی هێزی گرتۆتەوە." ئەوەی كە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، جیاوازیی تێڕوانینی ئێران و ئەمریكایە بۆ مەسەلەی عیراق. عیراق بۆ هەردوولا گرنگە و هیچ لایەكیان نایەوێ عیراق بۆ لایەنەكەی تر بەجێ بێڵێ. لەهەمووی خراپتر ئەوەیە كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هاوكات بوو لەگەڵ خراپترین قۆناغی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكاو بەدڵنیاییەوە ئەم ململانێیە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی عیراق دەبێ. هێزی سەدر لە شەقام دایە، لەكاتێكدا هێزی عامری لە حەشدی شەعبی دایە. ئەمە بەم مانایە دێت كە هەر حكومەتێك جەمسەری مالیكی- عامری پێكی بهێنێ، روبەروی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكانی سەدر دەبێتەوەو وڵات تا ماوەیەكی دورودرێژ لە دۆخێكی ناجۆردا دەژی. هەر حكومەتێكیش سەدر- عەبادی پێكی بهێنن، دەبێ چاوەڕێی یاخیبونی حەشدی شەعبی و پێكدادانی چەكدار بكات. لە هەردوو سیناریۆدا عیراق سەقامگیریی خۆی لە دەست دەداو دەرفەتێك بۆ سەرهەڵدانەوەی پاشاگەردانی و پەیدابونی گروپە چەكدارەكانی داعش دێتە ئاراوە. هەردولا دەزانن لایەنەكەی تر لێ ناگەڕێ بە ئاسودەیی حوكمڕانی بكات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا رەنگە ببێ بە هاندەر بۆ كاركردن بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێكی مامناوەنجی. كەس نازانێ ئەو چارەسەرە مامناوەنجییە چۆن دەبێ، بەڵام دەشێ بگەن بە جۆرە دابەش كردنێكی دەسەڵات كە هەردوولا تێیدا لە ژێر چەتری یەك حكومەتدا كۆ ببنەوەو هەر یەكێكیان بۆ دوو ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی لە لا بێ. هەروەها دەشێ هەردوو جەمسەر لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت رێك بكەون كە سەر بە هیچ یەكێ لە دوو جەمسەرەكە نەبێ. هەرچەند عەبادی و سەدر لە جەمسەرێكدا كۆبونەتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە رون نەبۆتەوە كە ئاخۆ سەدر پشتگیریی عەبادی دەكات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرەك وەزیران یان نا. رەنگە كێشەكە لەوەدا بێ كە عەبادی وەك كاندیدی ئەمریكا ناوی دەركردووە، لەكاتێكدا سەدر خراپترین پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە. بەڵام ئێستا عەبادی، بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەكانی پێشتر، چانسێكی كەمتری بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرەك وەزیران هەیە و زۆرتر پێویستی بە پشتیوانیی سەدر هەیە. لەلایەكی ترەوە، زۆر ئەستەمە حكومەتی داهاتوو بەبێ بەشداریی فراكسیۆنی سەدر پێك بهێنرێ. لە راستیشدا بەرژەوەندیی عیراق لەوە دایە فراكسیۆنەكەی سەدر لەكابینەی تازەدا بێ، نەك هەر لەبەر ئەوەی فراكسیۆنی سەدر گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردنە، بەڵكو هەروەها لەبەر ئەوەی بونی ئەو فراكسیۆنە لە حكومەتدا مەرجێكی سەرەكیی دابین كردنی سەقامگیرییە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، بە رەچاوكردنی پێویستیی جێبەجێ كردنی هەندێ لە مەرجەكانی سەدر. بونی نوێنەرانی سەدر لە ناو حكومەت، دەشێ رۆڵی هەبێ لە هیۆركردنەوەی دۆخی نێوان حكومەت و شەقامدا. چاوەڕوان دەكرا عیراق لە چوار ساڵی داهاتوودا بەشێكی زۆری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چارەسەر بكات، بەڵام ئەمە بەبێ دابین كردنی سەقامگیری نایەتە دی. رەنگە ئەمەش ببێ بە مایەی هاندانی لایەنە سیاسییەكان بۆ كەمكردنەوەی دووبەرەكییەكانیان بە مەبەستی دەستەبەركردنی سەقامگیری.
■ كەمال چۆمانی سەرۆکی پێشوی باشوری ئەفریقا یاکوب زوما (٢٠٠٩-٢٠١٧) یەکێک بو لە پیاوە شۆڕشگێڕەکانی باشوری ئەفریقا و حیزبەکەی نیڵسۆن ماندێلا، تەنانەت سەرۆکی پێشی ئەی ئێن سییش بو، واتا کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا. بەڵام بە هۆی گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵاتەوە، ناچارکرا واز لە دەستەڵات بێنێت و روبەڕوی سەدان کەیسی گەندەڵییش کراوەتەوە، لەناویشیاندا هەوڵێکی ئیغتیساب. ئەمەم بۆیە نوسی مەرج نییە هەرکەسێک لە حیزبێکی نیشتیمانیی وەک کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا بو، یان دۆستی کەسێکی وەک نیڵسۆن ماندێلا بو، تا ئەبەد پیرۆز و گەورە و ناگەندەڵ بێت. بزوتنەوەی گۆڕان دژی نادادپەروەریی و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵات و گەندەڵیی و حوکمی میلیشیایی و بنەماڵەگەرایی لە هەرێمی کوردستان دروستبو. دامەزرێنەرەکەشی، بە شاهیدیی دۆست و نەیار، پاکترین و شۆڕشگێڕترین، تەنانەت خوێندەوارترین سیاسیی کوردە لە مێژوی هاوچەری هەرێمی کوردستانی عێڕاق. بەڵام مەرج نییە ئەو بزوتنەوەیە هەر وا بمێنێتەوە، دەکرێت پڕ بێت لە کەسانی گەندەڵ و هەندێکیش هەبن بە ئاراستەی بەبنەماڵەکردنی ببەن. بەشێک لە پشتیوانیی خوێندەوارانی کورد بۆ ئەو بزوتنەوەیە، لەو چوارچێوەیە بوە کە ئەو بزوتنەوەیە هی گەل بوە نەک هی کەس و بنەمالەکان، تەنانەت بزوتنەوەی نەوشیروان مستەفاش نەبو، هێندەی بزوتنەوەی گەل بو. هەر بۆیە ئەو پشتیوانییە نیشتیمانیی و بەرفراوانەشی لێکرا. یەکێتیی لە هەناوی پارتییەوە دروستبو. نیگەرانیی خەڵکیش لە پارتیی و پاوانخوازیی مەلا مستەفای بارزانیی و بەبنەماڵەکردنی حیزب و دەزگاکان، وای کرد نەوەی نوێی شۆڕشگێڕانی کورد و گەنجانی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەگوڕو تینتر پێشوازیی لە دامەزراندنی یەکێتیی بکەن. بەڵام دوای ماوەیەک، هەمان ئەو کێشانەی لەناو پارتییدا هەبون و چارەسەرنەکران، هەمان ئیرادە پاوانخوازییەکە و ویستە تاکڕەوییەکان و پەراوێزخستنی دیدە رەخنەیییەکان کە وایان کردبو یەکێتیی دروستبێت و بەتوندی لە یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنەوە رەخنەی پارتیی کردبو، لەناو یەکێتییش بە هەمان ئاراستە و تەنانەت بەنزیکەیی هەمان ئەندازە دروستبون. هەر بۆیە، زیندوێتیی بەشێکی لە مەکتەب سیاسیی بە سەرکردایەتیی نەوشیروان مستەفای رەحمەتیی، سەرەتا باڵی ریفۆرم و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان دروستکرا. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، خەریکە هەمان ئەو سیاسەتەی وای کرد گۆڕان لە هەناوی یەکێتییەوە دروستببێت، جێپێی قایم دەکات. دیدی رەخنەیی وەلادەنرێت. بزوتنەوەکە بەبنەماڵەیی دەکرێت. میدیا و پەیوەندیی دیپلۆماسیی و دروستکردنی قەرار و دارایی حیزب لەلایەن گروپێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. دانانی کەسەکان لە زۆر پۆستدا لەسەر ئەو بنەمایانەن کە نەوشیروان مستەفا دژیان بو. باڵباڵێنە و تەکەتول لەسەر بنەمای پشت لە زەوییدانی یەکتر گەشە دەکات. بزوتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفا پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەبون، بەڵام گۆڕانکارییەکان کەوتنە خزمەتی تاکڕەویی لەناو بزوتنەوەکە و بەبنەماڵەکردنی. دوای شکستی ریفراندۆم، دیسان بزوتنەوەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەبو، بەڵام هیچ گۆانکارییەکی نەکرد، زۆر بەسادەیی سەرکردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە بەشێکی بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت لە شکستی ریفراندۆم کە نەیانتوانی لە ئاستی پێویستیی رۆژ بن. دوای شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ماییسی پارلەمانیی عێڕاق، ئەو بزوتنەوەیە لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستی بە گۆڕانکارییە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەناو خۆیدا توانای گۆڕانکاریی نەبێت، بە چ هەقێک داوای گۆڕانکاریی لە سیستەمی حوکمڕانیی و ئابوریی و سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانخۆی تاکڕەو بێت لە بڕیار و مۆنۆپۆڵی بڕیار-دروستکردن بکات و دیدە رەخنەیییەکانی ناو بزوتنەوەکە پەراوێزبخات، بە چ هەقێک داوای دیموکراسیی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان کە توشی شکستێک دەبێت کەسانێک نەبن بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن لەو حیزبەدا، بە چ هەقێک داوای بەرپرسیارێتیی لە مافیاکانی نەوت دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵبکات زەویی گشتیی لەسەر دو کوڕەکەی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفا تاپۆ بکرێت، بە چ هەقێک داوادەکات مەسعود بارزانیی لە سەری رەش بڕوات و ماڵی تاڵەبانیی دەباشان چۆڵ بکەن؟ ئازیزانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو بزوتنەوەیە دامەزرێنەرەکەی پیاوێکی پاک و بیرمەند بو، بزوتنەوەکەی بۆ ئەوە دروستنەکرد ئێوە شەڕی دەستەڵاتدارێتیی و پۆست و خۆسەپاندن بکەن. ئێوە کە تا ئێستا دەیان وەزارەت و پۆستی باڵا و ئەنجومەنی وەزیرانتان نەکەوتۆتە بن دەست ئاوا شەڕی بەرژەوەندیی و دەستەڵاتدارێتیی بکەن و گۆڕانکاریی ئەنجامنەدەن، بە چ ئالتەرناتیڤێکەوە دەتانەوێت گۆڕانکاریی بکەن؟ ئێوە رەخنەی ئەوە لە یەکێتیی و پارتیی دەگرن کە تەواوی دەزگاکانیان پەکخستون و دو مەکتەب سیاسیی بڕیارەکان دروستدەکەن، پێمناڵێن ئێوە کام دەزگاتان جدیی و دامەزراوە؟ لە دەزگای دیپلۆماسییەوە بگرە بۆ دەزگای میدیا، ئایا زۆربەیان ویستی کەسێک و گروپێک نییە هەڵیاندەسوڕێنێت نەک سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان؟ بەر لە هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکات، لەپاڵ گۆڕانکارییەکانیش، دەبێت کاریگەرترین رۆڵ ببینێت لە دروستکردنی هاوپەیمانێتیی تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بێگومان ئەگەر سەرکردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت کە ئەو بزوتنەوەیە لەوە رزگاربکات ببێتە یەکێتییەکی تر.
■ سۆران پاڵانی لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، كاتێك كە خومەینی و لایەنگرەكانی بەرهەمی شۆڕشیان دزی، دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی لە تاران یەكەم كارێك كە كردیان هێرشیان كردە سەر سەفارەتی ئەمریكاو هەموو كارمەندەكانیان بە بارمتە گرت. ئیتر لەو كاتەوە ئەم دوو وڵاتە، كە بەر لە سەركەوتنی شۆڕش هاوپەیمان بوون، بوونە دوو دوژمنی سەرەكی و پەیتا پەیتا ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی یەكتر لە لایەك و لێدان لە بەرژەوەندی و دژایەتی هاوپەیمانەكانی یەكتر لە لایەكیترەوە بوو بە ئەجیندای كاریان. ئەگەرچی ئەمریكا زلهێزێكی جیهانی بووەو هەیە، ناتوانرێ ئاستی تواناییەكانی ئێرانی لە گەڵ بەراورد كرێ، بەڵام ئێران وەك هێزێكی ناوچەیی و هەرێمی كە لە سەر بنەمای سەركوت و تێرۆر و دەستێوەردان كار دەكا، هەمیشە یەكێك لە مەترسییە سەرەكییەكانی سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی هاوپەپمان و دۆستی ئەمریكا بووە. ئەمەش وای كردووە زۆر جار لە پێناو هاوسەنگی راگرتن و پێكدانەدانی بەرژەوەندییەكانیان پەیامی ناڕاستەوخۆ یان رێكەوتنی بێدەنگانە له نێوانیاندا هەبووبێ. ئەگەرچی ئێران بۆ یەكەم جار لە سەردە می محەممەد خاتەمی سەرۆك كۆماری ریفۆرمخواز ویستی لە ژێر ناوی گفتوگۆی شارستانییەتیەكاندا دەرگای دیالۆگ لە گەڵ ئەمریكادا بكاتەوە، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نەبوو. تا ئەو كاتەی كە "بوش"ی كوڕ عێراقی بە هێرشی سەربازی رووخاند و پیاوە پەروەردەكراوەكانی دەستی مەرجەعیەتی قه ومی لە بەغدای پایتەختی شارستانێتی عەباسیدا كرد بە حوكمڕانی عێراق. لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، رۆژئاوا و ئەمریكاییەكان هەڵەیەكی كوشندەیان كرد، كاتێك لە فەرەنساوە خومەینیان هێنایەوە و كردیان بە رێبەری شۆڕش. بە داخەوە ئەم مێژووە جارێكیتر دووبارە بووەوە كاتێك كە حوكمڕانەكانی عێراق به پاڵپشتی تانگەكانی ئەمریكاو زۆرینەیان لە ئێرانەوە گەڕانەوە عێراق. ئیتر لەم كاتەوە قۆناغێكی تایبەتی ململانێ و پەیوەندی ئاڵۆز لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا دەستی پێكرد. نەوەكانی خومەینی لە عێراقدا ئەگەرچی بە چەكی ئەمریكی دەپارێزران ،بەڵام وەفادار بە ئێران بوون. ئەمریكا ئەگەرچی توانی حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن لە عێراق بڕوخێنێ. بەڵام بە هۆی شێوانی ئاسایشی ئەم دوو وڵاتەو پەرەسەندنی تێرۆرو گیان لە دەستدانی سەربازانی ئەمریكایی و شێوانی دیمەنی ئەمریكا لە هێزێكی رزگاركەرەوە بۆ هێزێكی داگیركەر لە رای گشتیدا، كە ئێران دەستێكی باڵای تێدا هەبوو، ناڕەزایەتی خەڵك لە ناوخۆی ئەمریكا سەریهەڵدا، تەنانەت وای كرد كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا پیاوێك بەكۆمهڵێك دروشمی بریقەدارەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی جیهانی و نیشاندانی وێنەیەكی ئاشتیخوازانەی ئەمریكا و كشانەوەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق بە ناوی باراك ئۆباما ببێ بە سەرۆك كۆماری ئەمریكا. پیاوێك كە بە هاتنی، ئێرانیەكانی زیاتر لە خۆی خۆشحاڵتر كرد. ئێران، بەردەوام ئەمریكای وەكوو دوژمنی سەرەكی فیكری و دژە دەسەڵاتدارێتی خۆی نیشانداوەو بۆ ئەمەش بە سەدان ناوەندی لێكۆلێنەوە، دەزگای میدیایی و رێكخراوی چەكداری و ... دروست كردووە، رای گشتی ئێران پڕە لە دروشمی بریقەداری دژە ئەمریكا، مردن بۆ ئەمریكا دروشمی نەگۆڕی چڵ ساڵەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە. ئێران بۆ فریودانی ئەوانی تر ئەمریكا بە دوژمنی جیهانی ئیسلام و بنەما ئایدۆلۆژییەكانی خۆی دەناسێنێ لە كاتێكدا بۆ خۆی لە باوەشی رووسیاو چینە. بەڵام پرسیارێكی سەرەكی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا چاوی واشنگتۆن ئێستا بە هەمان مەست بوونی دەورانی ئۆباماوە لە ئەم دوژمنە ئیسك قورسەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەڕوانێ؟ ئایا ئاییندەی تاران لە روانینی ئێستای واشنگتۆنەوە پڕ لە جیاوازی و مەترسیی نیە؟ ئایا جیاوازەكانی بارودۆخ و تێڕوانینەكان لە كوێ، و چۆن دەبێ دەستنیشان بكرێن؟ كە ئەم پرسیارانەی سەرەوە لەم شیكارییانەی خوارەوەدا خۆی دەنوێنێ. ئێران لە سەردەمی ئۆبامادا ئۆباما لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە كۆمەڵێك دروشم و بەرنامەی جیاوازەوە هات كە خەڵكی ئەمریكای هاندا و پشتیوانی ئەوانی بۆ سەركەوتن دەستەبەر كرد. سیاسەتی سەرەكی ئۆباما لە ئاستی جیهانی كاركردن بوو بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ناوخۆ و دروست كردنی ژینگەی دیالۆگ و ئاشتی بۆ چارەسەی كێشەكان. كە سەرەنجام ئاڵوگۆڕی گەورەی لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەو جیهاندا لێكەوتەوە. نابێ ئەوە نادیدە بگرین كە سیاسەتەكانی "بوش" بە تایبەت لە ئەفغانستان و عێراق ئەمریكای تووشی قەیرانی گەورەو ئاڵۆزی و سەرئێشەی ناپێویست كرد. ئەمریكا لە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و هەرێمی بە داگیركەرو بە تایبەت لە وڵاتانی موسوڵماندا هەستی دژە ئەمریكایی زیادی كرد. ئۆباما هەر لە سەرەتاوە بۆ رەوینەوەی نیگەرانیەكان و ئاشتی لە گەڵ جیهانی ئیسلام، سەردانی مزگەوتی موسوڵمانەكانی لە میسر كرد و تەنانەت هەڵسوكەوت و قسەكانیشی بۆنی لێبووردنی بەرامبەر جیهانی مسوڵمانان لێدەهات. بە هۆی كشانەوەی سەربازەكانی لە عێراق و ئەفغانستان "سەرەڕای هەموو تێچووەكانی ئەمریكا" ئاییندەی ئەم دوو وڵاتە تەسلیم بە نەیارەكانی كرا. بەهاری عەرەبی روویدا و ئەمریكا بوو بە هێزێكی تەماشاكەر. رووسیا گەڕایەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتی خەلافەت لە عێراق و سوریا خۆی راگەیاند. دۆستە دێرینەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بە تایبەت وڵاتانی كەنداو لە چین و رووسیا نزیك بوونەوەو متمانەیان بە ئەمریكا نەما. ئیسرائیلی هاوپەیمانی هەمیشەیی، هاواری لێهەستاو پەیوەندییەكانیان روی لە ساردبوونەوە كرد، لێدوانی دژ بە یەك لە هەردوولا دهبیسترا. سوریای بەشار ئەسەد كە بە كوشتنی نیو ملیۆن خەڵكی وڵاتەكەی تۆمەتبارە، هێڵی سوور كە بە كارهێنانی مەوادای كیمیایی بوو بە كاری هێناو ئەمریكا بە شێوەیەكی شەرمنانە تەنها ئیدانەی كرد. كۆریای باكوور توانایی ئەتۆمی خۆی زیاتر كردو هەڕەشەی لە ئەمریكا دەكرد. كۆچی بە ملیۆنی پەنابەران، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستی پێكردو ئەوروپای خستە سەر لێشێوانی و ئاَلۆزیی و ژێر فشارەوە. هەموو بەرژەوەندی و سامانە گەورەكانی ئەمریكای لەو ناوچانە جێهێشت و بۆ سەلماندنی ئاشتیخوازی خۆی روویكردە كوبا. لە لایەكیترەوە ئێرانی "هێزێك كە لە لێواری لە ناوچوون بوو" كرد بە هێزێكی وا هەرێمی كە بە ئاشكرا ئیدعای مافی خاوەندارێتی چوار پایتەختی وەك بەغداو بەیروت و سەنعا و دیمەشق بكا. لە راستیدا، سەردەمی ئۆباما، دەتوانێ بە باشترین خوڵقانی دەرفەت بۆ ئێران لە بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیش دابنرێ. سەردەمێك كە ئێرانی لە هێزێكی ماندوو روو لە شكست و گیرۆدەی دەیان كێشەو ململانێ، رزگار كردو بە سیاسەتە هەڵەكانیەوە كردییەوە بە هێزێكی شوێن دانەر. لە سەر ئاستی ناوخۆییدا لە شكست رزگاری كردو لە ئاستی ناوچەییدا هەژموون و لە ئاستی جیهانیدا ئیعتیباری بۆ گەڕاندەوە. لە ساڵی 2009 كاتێ گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ناسراو بە "بزووتنەوەی سەوز" لە ئاكامی دزینی دەنگی كاندیده کانی سەرۆك كۆماریدا هاتە ئاراوە. ئەمریكا لە باتی پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە كە بۆ چەندین مانگ بە ملیۆنان خەڵكی هێنابووە سەر جادە نەك پشتیوانی نەكرد، بەڵكوو لە ژێرەوە نامەی بۆ خامنەیی ناردو داوای باشتر كردنی پەیوەندییەكانی لە گەڵ كردن. لە كاتێكدا كە كچێكی چاونەترس بە ناوی"نەدا" لە خۆپیشاندانەكان بە دڕندانەترین شێوە كوژرا، كۆشکی سپی وتی ئۆباما لەو پێوەندییەدا قسە دەكا، سەرۆك هات و وتی ئیدانەی دەكەم. ئەمە لە كاتێكدا بوو ئەحمەدی نەژادی سەرۆك كۆمار لە هیچ وشەیەكی سووك و لە هیچ هەڵوێستێكی شێتانە بەرامبەر بە ئۆباما و گەلی ئەمریكا درێغی نەدهكرد. لە سەر ئاستی ناوچەیی لە وڵاتی عێراق، ئەمریكاییەكان، كە چوار هەزار سەربازیان بۆ بە كوشت دابوو، سەربازە ماوەكانیان كشاندەوەو عێراقیان بە هەموو چەكەكانی خۆیانەوە تەسلیمی نەوەكانی خومەینی و ئێرانیەكان كرد. پشتیوانیان لە مالیكی كرد بۆ سەرۆك وەزیران كە پیاوی ئێران بوو. بە ئاشكرا و بە بەرچاوی ئەمریكیەكانەوە قاسمی سولەیمانی تەڕاتێنی نێوان هەردوو سنووری دەكرد. رەسمی خومەینی و خامنەیی لە باتی رەسمی قوربانییەكان هەڵواسران. لە سووریادا، بە ئاشكرا ئێران، چەندین لهشكهر سەربازو قورسترین چەكی نارد بۆ پشتیوانی ئەسەد و كوشتنی خەڵكی مەدەنی سوریا. حوسیەكانی لە یەمەن پاراست و پشتیوانی كردن تا دەستیان بە سەر سەنعادا گرت. لەوێوە بە ساروخی ئێرانی بەردەوام ریازیان بە ئامانج دەگرت. لە لوبناندا حیزبوڵای بەهێز كردو هەڕەشەی ناردنی ساروخی بۆ ئیسرائیل كرد. بە ناوی شەڕی داعش ئێران زیاتر لە ئەمریكا سینگی دەرپەڕاندو سەرەڕای هەموو ملهوڕییەكانی لە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی وەكو وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل. چاوی لە ئێران داخست و هاوپەیمانەكانی بە جێهێشت. لە سەر ئاستی جیهانیدا خراپترین رێكەوتنی لە ژێر ناوی بەرجام لە پێوەند بە مەسەلەی دروست كردنی بۆمبی ئەتۆم، لە گەڵ ئێراندا ئیمزا كرد. ئەم رێكەوتنە گەورەترین دەسكەوت بوو بۆ ئێرانێك كە لە لێواری شكست و داڕوخانی یەكجاری گەورەی ئابووری و دەسەڵاتیدا بوو. بەم رێكەوتنە، ئێران سزاكانی لە سەر هەڵگیراو، بە ئازاد كردنی سەد ملیارد دۆلار هەناسەی ژیانەوە بۆ ئێران گەڕایەوە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەڕانەوەی كۆمپانیا جیهانییەكان بەرەو ئێران و بە پێچەوانەوە دەستی پێكرد. ئێران گەڕایەوە بازاڕی جیهانی نەوت و وزە. لە وڵاتێكی تێكدەرو سەرچاوەی كێشەو مەترسی و توندڕەوییەكان بوو بە بەشێك لە چارەسەرو نەسیحەتی ئەوانیتری دەكرد. بەم پارە كە دەستیان كەوت "بۆ بوژانەوەو بنیاتنانەوەو ئاوەدانی ئێران بە كار نەهات" بە داخەوە وەك هەمووان چاوەڕوانیان دەكرد بووەوە بە بەشێك لە سەرمایە بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا بە كرێگیراوەكانی لە ناوچەكەدا. لەمەشدا سەرەڕای ئاگاداركردنەوە لە مەترسیی و هۆشدارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانەكانی، گوێی لێیان نەگرت و بە تەنها بەجێی هێشتن. تەنانەت باس لەوەش دەكرا ئێران وەك جێگیرەوەیەك بۆ ئەوان سەیر بكات بە تایبەت بەرامبەر بە سعودییە. سەردەمی ئۆباما سەردەمی لە دەستدانی هەژموونی ئەمریكا و بەهێز بوونی نەیارەكانی بوو، سەردەمی تووڕەبوونی دۆست و هاوپەیمانەكان، لاوازی ئەمریكا بوو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەرەنجامی سیاسەتەكانیشی جگە لە بردنەوەی خەڵاتی جیهانی نۆبڵ لە لایەن ناوبراوەوە. هیچی بۆ ئەمریكا لێ سەوز نەبوو. ئێران لە سەردەمی ترامپدا لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2016 پیاوێك دەركەوت كە بە وتارە جیاواز و تا رادەیەكی زۆر سەیرو سەمەرەكانیەوە جیهانی سەرقاڵ كرد، تەنانەت زۆر جاریش بە شێت و شەڕانی پێناسە دەكرا. بەڵام قسەكانی لە هەموو كەس زیاتر دەسەڵاتدارانی ئێرانی ترساند. كاتێكیش بوو بە سەرۆك كۆمار لە هەموو كەس زیاتر ئێرانیەكانی تووشی شۆك و دڵە ڕاوكێ و سەرئێشە كرد. ترامپ بە دروشم و پلانی دژە ئێرانییەوە هات. ئەو ئۆبامای بە سەرۆكێكی خراپ لە قەڵەم دا كە خراپترین و شەرمهێنه رترین رێكەوتنی لە مێژوودا لە گەڵ ئێرانییەكان كردووە. بەردەوام دڵی هاوپەیمانەكانی دێرینی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشدەكردو هەڕەشەی لە ئێران دەكرد بە هاتنی تەمبێیان دەكات. ناڕاستەوخۆش ئەوەی دەوت كە خەڵكی ئێران ئازادیخوازو شایانی دەسەڵاتی لەوە باشترن. هاتنی ترامپ هاوسەنگی هێزی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییش بۆ هەمووان گۆڕی ئەوەی ئۆباما كردی ئەم پێچەوانەی دەست پێكردووە. بە جۆرێك لە ماوەیەكی كورتتدا ئەمریكا بە هەژموون و هێزو قسەی یەكلاكەرەوەوە گەڕاوە بۆ نێو كایە جۆراوجۆرەكان لە هەموو ئاستەكاندا. ئەو بە كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ و مێژوویی زۆر وڵاتانی جیهانی تووشی شۆك كرد. بەڵام ئەوەی زۆرترین عەزیەت و ئازارو مەترسیەكانی ترامپی هەست پێ كردبێ و تاڵیەكانی دەچێژێ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانن. ترامپ بەم جیهانبینی و تێڕوانینە تایبەتانەی كە هەیەتی، هاتنی دیاردەیەكی نوێیە كە دەروازەكانی بە شێوەی ئاسانتر، به تێچوونی كەمتر و بە دەسكەوتی زیاتر بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكاتەوە. ترامپ ئەگەرچی هەر لە سەرەتای دەست بە كار بوونیەوە تا ئێستا كابینەكەی تووشی چەندین ئاڵوگۆڕو رووبەڕوونەوەی نەیارانی سیاسی و میدیایی لە ناوخۆیی ئەمریكا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی ویستی لە پێناوی ستراتیژییەكەیدا پێی گەیشتووە. تیمێكی هێناوەتە مەیدان كە بۆ كاركردن لە پێناو پلانەكانی ترامپدا رەنگە خۆی لە هەموویان ئارامتر بێ. لە تێڕوانینی ترامپدا، دوو گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئێران و كۆریای باكورن. بۆ ئەمەش لە سەر ئاستی جیهانیدا بە پلان و بەرنامەی تایبەتەوە كار لە سەر گەڕانەوەی هەژموونی ئەمریكا دەكات. هەژمونێك كە لە هەر هەنگاوێكیدا، پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ئاستی یەكەم و بەشداری هاوسەنگ و هاوشێوەی هاوپەیمانەكانی لە "بەرامبەر پاراستنیاندا" لە ئاستی دووهەم دێت. هەر بۆیەش لە ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەیدا هەم دوژمنەكانی ترامپ باش دەناسن و هەم هاوپەیمانەكانیشی ئەویان باش خوێندۆتەوە. ترامپ تا ئێستا توانیوویەتی بە بێ بە كوشتدانی یەك سەربازی ئەمریكایی تەنها لە رێگای تویتەكانیەوە له تویتهر كۆریای باكوور ناچار بە سەردانی كۆریای باشوور و پابەندی بەڵێندان بە لە ناوبردنی چەكە ئەتۆمییەكانی بكات و دیدارە مێژووییەكەشیان لە سەنگاپوورە وەك سەردەمێكی نوێ لە پێوەندی هەردوولا و دەسكەوتێكی گەورەی دیپلۆماسی بۆ ئەمریكا ئەژمار دەكرێ. دیدارێك كە ئازارەكانی تاران قوڵتروو باوەڕكانی ترامپ بە كارەكانی پتەوتر دەكات. لە هەمبەر ئێراندا، ترامپ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونیەوە، تا ئێستا بەردەوام سزاو ئازاری تاران دەدات. مەرجی مانەوەی هەر كەسێك بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە كابینەكەیدا، ئەوە بووە تا چەند دژی ئێران و هاوپەیمانەكانیەتی. بۆیەش دەبینین ئەوانەی راڕا بوون زوو وەلا نران و كەسانی نزیك له باوەڕكانی ترامپ شوێنیان گرتنەوە. دانانی مایك پۆمپیۆ بۆ وەزیری دەرەوەو جۆن بۆڵتن بۆ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئامادەكاری تەواو بۆ ئەو پلانانە بوون كە ترامپ دەیوست بەرامبەر بە ئێران دەستی پێبكات. هەر بۆیە ئەوە ماوەیە كە داینابوو بۆ كشانەوە یان مانەوە لە رێكەوتنی ئەتۆمی دوای دەست بەكاربوونی ئەوان چوار رۆژ زووتریش لە رێكەوتنامە جیهانیەكە كشایەوە. بە هەمووانیشی وت تا ئێران پابەندی ئەو مەرجانە نەبێ و ملكەچ نەكا بۆ رێكەوتنێكیتر ئەمریكا لە رێكەوتنامەكە دێتە دەرەوەو داسەپاندنەوەی سزا ئابوورییەكان بە سەر ئێراندا دەست پێدەكاتەوە. لە قۆناغی دووهەمدا پلاتفۆرمە دوازدە خاڵییەكەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە كە باس لە هەموو كارە ناڕەواو خراپەكارییەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەو مەترسییەكانی دەكات لە سەر ئاسایشی جیهانی و هاوپەیمانەكانی، ئەو مەرجە ئاشكرایانەن كە ئێران بە پابەند نەبوونی تووشی شكستی گەورەو بە پابەند بوونیشی تووشی پاشەكشەو داڕمانی زیاتر دەبێ. بە تایبەت هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بنكە سەربازییەكانی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج و لە وەڵامدا كە "بەردەوام باسی سڕینەوەی ئیسرائیل دەكەن" تەنها لە ژێر لێوە وه ئیدانەیان كرد. لە عێراقدا سەدری نەیاری ئێران و دۆستی سعودیە هەڵبژاردنی بردەوەو حوسییەكانیش رۆژانە بەرەو شكست و پاشەكشە دەڕۆن. بەردەوام كۆمپانیا بازرگانیە جیهانییەكان لە بازاڕ ئێران دەكشێنەوەو بانكەكان و پشكەكان بەهای خۆیان لە دەست دەدەن. بە كورتی ئێران لەم سەردەمەی ترامپدا هەموو شانە هەنگوێنەكانی سەردەمی ئۆبامای لێ بووەتە ژەهر. ئێران لە ئێستادا سەرەڕای هەموو كرانەوەكانی ئێران لە سەردەمی ئۆباماو تەنگ پێهەڵچنینەكانی لە سەردەمی ترامپدا، ژێرخانی ئابووری رۆژ لە دوای رۆژ روو لە هەرەسهێنان و داتەپینە. له دەستدانی بەهای تمەنی ئێرانی، رێژەی پەرەسەندنی بێكاری، نەدانی مووچەی كارمەندانی دەوڵەت و كەرتی تایبەت، پاشەكشەی بواری وەبەرهێنان و پیشەسازی، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و برسێتی، نەمانی مەشروعیەت و هەڵگەڕانەوەی بەرپرسانی باڵا لە دەوڵەت. تووند بونەوەی باڵهكانی نێوان دەسەڵات و یەك تۆمەتبار كردن بە گەندەڵی و دزی و بێ ئەخلاقی، پەرەسەندنی گەندەڵی و دزی و بوونی باندی مافیایی. بێبەش بوونی خەڵك لە خۆشگوزەرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی رۆژانە. پەرەسەندنی لە شفرۆشی و ئیعتیاد. دەستگیركردن و ئیعدام و سەركوت. لە پاڵ ئەمانەشدا پەرەسەندنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەكان، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەكان لە شارە جیاوازەكانی ئێران و دڕاندن و سوكایەتی بە پیرۆزییەكان. بەردەوامی هاتنە سەر شەقام و رەد كردنەوەی داواكاری بەرپرسان و بەردەوامی بە گردبوونەوەی ژنان و لاوان كارمەندان و مامۆستایان و كرێكاران. لە ژێر پێ نانی بنەماكانی ویلایەتی فەقیە. لە هەمووی گرنگتر شكانی ترس وەك وەهمێكی ئەساسی لە بیروڕای گشتیدا كە هەمیشە یەكێكە لە كۆڵەكەكانی راگرتنی سیستەمە دیكتاتۆرییەكان. ئەمانە هەمووی نیشانەكانی دەركەوتنی قۆناغێكی نوێن لە مێژووی ئێراندا. كە قۆناغی شۆڕش بۆ تێپەراندنی كۆماری ئیسلامی و شادبوونی گەلانی ئێرانە بە سیستەمێكی نوێ و دەسەڵاتێكی نوێ. جیاوازی هەرە سەرەكی ئەم دوو قۆناغە، لە دوو خاڵی سەرەكیدایە. یەكەم ئۆباما پشتیوانی گەلانی ئێرانی نەكردو پشتی تێكردن. دووهەم ئێرانی لە دەوڵەتێكی ماندوو و گەمارۆدراوی نێودەوڵەتیەوە رزگار كردو دەروازەكانی ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی بۆ كردنەوە بەڵام ئەوەی ترامپ دەیكا هەر لە بزووتنەوەی بەفرانباری پار ساڵی ئێران چەندین جار خۆی و بە دەیان جاریش كابینەكەی هاوشانی گەلانی ئێران و خەڵكی ناڕازی وەستاون. دووهەم بە هاتنە دەرەوەی لە بەرجام و گەمارۆدانی ئێران بە سزا ئابووری و مەرجداركردنی بە پاشەكشە لە ناوچەكە تووشی سەرلێشێوان و هەڵتەكان و پەرتەوازەیی زیاتری دەكاتەوە. ئەم ستراتیژەی ترامپ لە پێناو گەڕانەوەی هەژموونی ئەمریكاو پاراستنی دۆست و هاوپەیمانەكانیەتی لە ئێران، بەڵام كەس ناتوانێ ئەم فاكتەرە دەرەكییە لە توند كردنەوەو پەرەسەندن و بەرەو پێشچوونی ناڕەزایەتیەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر بەهێز كردن و یەكگرتوویی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نادیدە بگرێ. ئەوانەی كە فاكتەری دەرەكی لە ئاڵوگۆڕەكاندا نادیدە دەگرن و تا ئاستی هەڵگەڕانەوەو پشت تێكردن لە پرینسپیەكان دەڕۆن. ناتوانن خوێندنەوەی دروستیان بۆ یاسا نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان هەبێ. بە تایبەت فاكتەری دەرەكییەك كە هاوشان و هاوتەریب بێ لە گەڵ بەرژەوەنده كانی تۆدا. ئەمە بە مانای پشت كردن لە باوەڕبوون بە هێزی خەڵك لە گۆڕانكاریەكاندا نیە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە پاڵپشت و هاندەرو تەواوكەریەتی. دەرەنجام ئەوەی بۆ هەمووان روونە، چاوی واشنگتۆن لە سەر ئاییندەی تاران كراوەیەو ستراتیژی ترامپیش روونە. درەنگ یان زوو، ئاڵۆزی و پێكدادانی بەرژەوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە پێ دەنێتە قۆناغێكی تازەوە. ئەمە یارمەتیدەرو دەرفەتێكی نوێیە كە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی و ئۆپۆزسیۆنی كورد بە تایبەتی، هاتۆتە پێشەوە. بەڵام ئەوەی بۆ كورد وەكو نەتەوەیەكی مافخوراو لە كوردستانی رۆژهەڵات گرنگ و حەیاتیە. كاركردنە لە سەر داڕشتنی پلاتفۆرمێكی هاوبەشی كوردستانی، كە سەرەكیترین ماف و داخوازییەكانی كورد بە میكانیزمە یاسایی و بەرنامە داڕێژراوەكان لە خۆ بگرێ. پلاتفۆرمێك كە كورد بكاتە هێزێكی كاریگەرو ئەكتەرێكی سەرەكی لە ناوەندە ئێرانی و ناوچەیی و جیهانییەكان. هێزێك كە ئاییندەی ئێران بێ ئەو ناهاوسەنگ و ئەكتەرێك كە بێ بەشداری ئەو ناوەندەكانی بڕیار هیچ یاسا و دەستوورێك نەنووسنەوە. كوردو مێژووەكەی، كوردو بزووتنەوەكەی، كوردو قوربانیەكانی خاوەنی ئەو پێگەو قورساییە بوون و هەن. بەڵام بەو مەرجەی هەموومان لە بەرامبەر چارەنووس و ئاییندەماندا بەرپرسیار بین.
■ د. هەردی مێد له مێژه كوردستانی عێراق-م به <كۆماری رۆژنامهنوسان> ناوزهند كردووه. جگه له میدیا و پیاوه سیاسیهكان، كهس خودان وتار نییه لهم مهملهكهته. نه كۆمهڵناسی، نه یاسا، نه زانسته سیاسیهكان، نه زانكۆ و نه هیچ دامهزراوهیهكی دی له كوردستان خاوهن پهیڤ و وتار نین. هیچێك لهمان كاریگهر و دهستڕۆ نین له سهر سهپاندنی پێناسهی شهرعی ئهو دۆخانهی پێیاندا تێپهڕ دهبین، نه له شهنوكهوكردنی رووداوهكان و فهرزكردنی دیدێكی جودا لهوهی میدیاكان دهیانهوێت وهك ههقیقهت به سهرماندا بیسهپێنن. میدیا له جیاتی ههمومان و بۆ ههموومان دهدوێت و بهو شێوهیهیی گهرهكێتی واقعی كۆمهڵایهتیمان بۆ نمایش دهكات. هیچ سڵ لهوه ناكهمهوه و بڵێم كه یهكێك له بهربهسته ههره قهبهكانی بهردهم بهرههمهێنانی مهعریفه و واقعناسی ئێمه، میدیایه. قسهكردن له سهر میدیا و كایهی میدیادی زۆری دهوێت، بۆیه، هیوادارم له داهاتوودا بهشێیك له وزه و كاتی خۆم تهرخان بكهم بۆ پهرده ههڵماڵین له سهر كایهی میدیایی له كوردستان. بۆ ئهمهش كهم لێكۆڵهوهر به ئهندازهی پییهر بۆردیۆ توانیوێتی پهرده له سهر كۆی ئهو كهین و بهینانه ههڵبداتهوه كه دونیای میدیا دهبزوێنن. بۆردیۆ یهكێك له شاكارهكانی به ناویشانی <تهلهفیزیۆن>ه. گهر ههڵه نهبم، ماوهیهك لهمهوبهر كاك مهنسور تهیفوری دهیخواست له زمانی ئینگلیزیهوه وهریبگێڕێته سهر كوردی. ههروهها وامبیست كه بهڕێز عهدالهت عهبدولا سهرقاڵی وهرگێڕانێتی له زمانی عهرهبیهوه بۆ كوردی. به داخهوه، من به بۆردیۆ نهگهیشتم، ساڵێك پێش ئهوهی بگهمه فهرهنسا ئهو كۆچی دوایی كرد. بهڵام، وهك قوتابی له زانكۆی سۆربۆن، نهدهكرا ئاشنای كۆمهڵناسیهكهی بۆردیۆ نهبم، چونكه ههموو پرۆفیسۆرهكانم بۆردیۆیی بوون. بۆیه، كتێبهكانی بۆردیۆ بۆ من بونهته <بیبل> و به بهردهوامی دهیانخوێنمهوه. ئومێدهوارم له داهاتوودا، به هاوكاری سۆسیۆلۆژیاكهی بۆردیۆ كهمێك له سهر كایهی میدیایی ههرێمی كوردستان بوهستم. لهم گۆشهنیگایهوه دهمهوێت له سهر رووداوێك بوهستم كه لهم یهك دوو رۆژهی پێشوو له كوردستانی توركیا روویدا. له شاروچكهی سروچ (به پیرسوس٠ش ناسراوه) كه سهر به پارێزگای ئۆرفهیه (روهه) رووداوێكی دڵتهزێن روویدا. كاندیدێكی پارتی داد و گهشهپێدان (پ.د.گ.) له كاتی بانگهشهی ههڵبژاردن دهچێته نێو دوكانی كهسێكهوه كه كورده و بهوه ناسراوه دهنگ به كورد دهدات. كاندیدهكهی پارتی د.گ. داوای لێدهكات كه لهگهڵ ماڵباتهكهیدا دهنگ بۆ ئهو بدهن، دوكاندارهكهش پێی دهڵێت كه لهم داوایه تێناگات، چونكه ئهو پێشتر به روونی به كاندیدهكهی وتووه كه دهنگی بهو نادات، چونكه لای ئهو بڕاوهتهوه كه دهنگ بۆ كورد دهدات. كاندیدهكه بهم وڵامه توڕه دهبێت و شهقازهلهیهك له دوكاندار دهدات. لێرهدا دهمهقاڵه دروست دهبێت، و كهسانی نزیك له ههردوولا پهیدا دهبن. پاسهوانهكانی كاندیدهكه كه چهكههڵگربوونه تهقه له دوو كوڕی دووكاندار دهكهن و بریندارایان دهكهن، ئهوانش له وهڵامدا كوڕی كاندیدهكه دهكوژن. وهلێ، ههڵسوڕاوان و كادیرهكانی پارتی د.گ. خێرا دهخرۆشێن و دهچنه سهر كوڕه بریندارهكهی دوكاندارهكه له نهخۆشخانه و به بوتڵی ئاگركوژێنهوه دهیكوژن، له ههمان كاتدا باوكشی سهردهبڕن (واته كابرای دوكاندار). كابرای دوكاندار لهم رووداوهدا خۆی و دوو كوڕی دهبنه قوربانی. وهلێ قوربانی راستگۆیی خۆیان، بهوه مانایهی رێك و ڕهوان به كاندیدهكهی ئێردۆگان دهڵێین دهنگ بۆ ئهو نادهن، چونكه ئهوان ههمیشه دهنگیان بۆ كورد بووه. ئهوهندهی بزانم جگه له ئاژانسی میدیای رووداو هیچ میدیایهكی دی ئهم بابهتهی نهورووژاندهوه. مهبهستهكهمهی لێرهدا له سهر ئهوه نییه بۆچی هیچ میدیایهكی دی جگه له رووداو باسی ئهم رووداوه ناكات، بهڵكو شێوازی پهخش و گواستنهوهی رووداوهكهیه به خۆێنهر و گوێگر له لایهن ئاژانسی رووداوهوه. ئاژانسی رووداو تهواوی ئهم رووداوه دهشێوێنێت تا ئهو شوێنهی قوربانی دهبێته جهلاد و جهلاد دهبێته قوربانی. من لێرهدا دهوستم و ههواڵهكهی ئاژانسی روودواتان بۆ دادهنێم بۆ ئهوهی خۆتان درك به لایهنه شارهوهكانی ههواڵهكه بكهن: ئاژانسی رووداو دهنوسیت: < ئهردۆغان رووداوی كوشتنی ئهندامانی ئاكپارتی دهخاته ئهستۆی پهكهكه لەلایەن هێمن عەساف 15/6/2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان وێنە؛ AFP رووداو - ئیستەنبوڵ سهرۆككۆماری توركیا رووداوی هێرشه چهكدارییهكه و كوشتنی ئهندامانی ئاكپارتی له رووها دەخاتە ئهستۆی پهكهكه و دەڵێت ، لهگهڵ كورد هیچ كێشهیهكمان نییه ، ئێمه بهتایبهتی كێشهمان لهگهڵ پهكهكه ههیه. ئێوارهی پێنجشەممە لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکداریی بۆ سەر ئەندامانی ئاکپارتی لە شارۆچکەی پیرسووسی سەر بە پارێزگای رووها له باكووری كوردستان ، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ههشت کەسیش برینداربوون. لهمبارهیهوه رهجهب تهیب ئهردۆغان ، سهرۆككۆماری توركیا و بهربژێری هاوپهیمانی كۆمار بۆ ههڵبژاردنهكانی پۆستی 13ـهمین سهرۆككۆماری توركیا رایگهیاند: "پهرلهمانتاری فراكسیۆنی ئاكپارتی كه هاوكات بهربژێری فراكسیۆنهكهمانه بۆ ههڵبژاردنی 27ـهمین خولی پهرلهمان ، لهلایهن پهكهكهوه هێرشیان كرایه سهر و براكهی و ژمارهیهك كهسوكارهكهی كوژران و برینداربوون". ئهردۆغان گوتیشی "ئەم رووداوە دیارترین نموونەی ئەوەیە کە پەکەکە و ھەدەپە تاوهکو ئێستا بەردەوامن لە ستراتیژی فراوانبوونیان لەسەر خوێنی کوردەکان. ههموو لایهك دڵنیا دهكهمهوه ههركهسێك له پشت ئهم هێرشه بێت ، بهزووترین كات دهیاندۆزینهوه و له دادگاكانمان سزایان دهدهین و بهسهریاندا تێناپهڕێت". سهرۆككۆماری توركیا زیاتر گوتی ، دهمهوێ دووپاتی بكهمهوه، لهگهڵ كورد هیچ كێشهیهكمان نییه ، ئێمه بهتایبهتی كێشهمان لهگهڵ پهكهكه ههیه. لهو باوهڕهدام برا كوردهكانیشمان ئهم پیلانگێڕییه تێكدهدهن. رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکداریی بۆ سەر ئەندامانی ئاکپارتی لە شارۆچکەی پیرسووسی سەر بە پارێزگای رووها له باكووری كوردستان ، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ھەشت کەسیش برینداربوون. >
■ د. ئیدی كۆهین.... بەرپرسانی كورد دەرگایان هەمیشە بۆ هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و سەماكەران كراوەیە، بەڵام بەرووی توێژەران و بیرمەندان و نوسران و رۆشنبیران داخراوە. ماوەی سێ ساڵە من هەموو هەلێك دەقۆزمەوە بۆئەوەی بەرگری لە پرسی كورد بكەم لە ئیسرائیل و لەسەر شاشەی كەناڵەكانی ئیسرائیل و جیهانیش، هەتا بەمدواییە لە موحازەرەتاكەنیشمدا لە چین. لەسەر ئاستی ئیسرائیل یەكەم كەسم كە پرسی كوردم خستە بەردەم گفتوگۆ لە كنێست" پەرلەمانی ئیسرائیل" ئەوەش روویدا و ئێستا دوو پرۆژە یاسا لەوێیە كە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی ئیسرائیلدا دەستپێشخەریمان كرد بۆی، بەڵام تائێستا بە هەڵپەسێدراوی ماوەنەتوە و هیچ بەدەمەوەهاتنێكم لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە بەدەست نەگەیشتووە و بەرامبەر ئەوە هەتا ئێستا لەلایەن هیچ بەرپرسێكی كوردەوە یان بەڕێوەبەری هیچ زانكۆیەكی كوردسانەوە بە وشەیەكی سوپاس نەكراوم. زۆر هەوڵمدا كە پەیوەندیی بە بەرپرسانی كوردەوە بكەم، بەڵام هەموو هەوڵەكانم شكستیانهێنا، چەند بیرۆكە و پرۆژەیەكم لە رێگەی چەند كەسیبَكەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی كورددا هەیە خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەڵامێكم پێ نەگەیشتوەتەوە، ئەوەش لای من ئەو هەستەی دروستكردووە كە پشتگیریم لە دۆزی كورد مایەی پێشوازی نییە لای بەرپرسانی كورد، بەڵام زۆر باش دەزانم كە بەرگریم لە كوردن لەلایی گەلی كورد مایەی پێشوازییە و ئەم راستیانەتان بۆیە بۆ دەخەمەڕوو، لە پێناوی ئەوەی بزانن كە ئەو بەرپرسانە گەیشتونەتە چ ئاستێك، هەروەها بەڵێنیش دەدەم كە هەمیشە بەوەفا بم بۆ دۆزی كورد و مەسعود بارزانی، بەڵام ئەو بەرپرسانەی كە بایەخ تەنها بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان و بە سەماكاران و هونەرمەندان دەدەن لە رەخنەكانم پارێزراو نابن، هەتا لە شوێنەكانیان كەسانی بەرپرسیاری گەلی كورد دەبینم. ■ توێژەر و نوسەری ئیسرائیلی
■ یاسین تەها ..... كەم هەفتە هەیە فەتوایەك، بەیاننامەیەك، چالاكییەكی سیاسی و ئاینی موقتەدا سەدر نەبێتە جێگەی باس و گرنگیی پێدانی میدیاو ناوەندە سیاسییەكان. ئەم رێبەرە گەنجە (45 ساڵ) كە هیچ بەهرەیەكی وتاردانی نییەو و ئاخاوتنیشی زۆر پاراو نییه، خاوەن جەماوەریترین رەوتی میللی ناو شیعەی عێراقە، لەتەمەنی دەركەوتنی سیاسیشییدا هەمیشە حەزی لەیاخیبوون و خۆ جیاكردنەوە بووە لە شەپۆلی باوی هێزەكانیتری شیعە، زۆربەی هەرە زۆری هەوادارو لایەنگرەكانیشی بۆ دەستخستنی رەزامەندیی خودا، پەلاماری چمكی كەواكەی و لەپی دەستەكانی دەدەن بۆ ماچكردن. ناوبانگی كاریزمیانەی موقتەدا سەدرو هێزی فەتوا كورتە دەستنووسەكانی كە ناو بەناو لەلایەن نووسینگە تایبەتەكەیەوە بڵاودەكرێتەوە دەگەرێتەوە بۆ پاشخان و قوربانییەكانی بنەماڵەكەی (آل الصدر) كە لەبنەڕەتدا لەباشووری لوبنانەوە بۆ خوێندنی ئاینی روویان كردوەتە عێراق. زۆر بە كەمیی وێنەی موقتەدا هەیە كە هی باوكیشی لەگەڵدا نەبێت كە بە "شەهید سەدری دووەم" بەناوبانگەو موقتەدا بە "سید الوالد" ناوی دەبات، هەموو نوسینگەو چالاكییەكانیشی هەر بەناوی ئەوەوەیە؛ "شەهید سەدر" و زۆرجار وەكو تەواوكەری پرۆژەكەی باوكی خۆی دەناسێنێت. باوكی سەدر كە ناوی تەواوی محمد محمد صادق الصدر ـ ـه (1943 _1999ز)، یەكێك بوو لەو رێبەرانەی لەساڵانی نەوەدەكان بە ئەنجامدانی نوێژی هەینی كە لای شیعەكان لەسایەی ئیمامی دادگەردا ئەنجام دەدرێت و بە پۆشینی كفنی سپی لەكاتی وتارداندا سەرنجی زۆرێكی بۆلای خۆی راكێشا. ئەم پیاوە ریش بەفرینە باڵا مامناوەندییە خۆی بە مەرجەعی شایستەی شیعەی عێراق دەزانی، هەروەها تا لەژیاندا مابوو لە كێبەركێی تونددا بوو لەگەڵ مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا خوئی و یاریدەدەرەكانی كە دیارترین و دەركەوتووترینیان بریتیبوو لە سەید عەلی سیستانی. هەرچەندە هەندێ لەپیاوە ئاینییەكانی بنەماڵەی حەكیم و مەرجەعیەتی نەجەف، محمد صادق الصدر یان بە "شێت"، "گەمژە"، "هاوكاری رژێم" دەزانی، بەڵام ئەو پێیوابوو شتەكە پێچەوانەیەو رژێمی سەدام لەپشت گەورەكردنی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ـ یەوەیە بۆ پەراوێزخستن و لاوازكردنی مەرجەعیەتی سەدر، هەروەها ئامانجی ئەوەبوو ببێتە مەرجەعی باڵای شیعەكان و بەردەوام كاری بۆ ئەمە دەكرد، بەڵگەنامە ئاشكرا كراوەكانی ئەمدواییەش دەریدەخەن رژێمی سەدام ئەم خواستەی محمد صادق الصدری پێ خۆش بووە، هەندێ ئاسانكاریشی بۆ كردووە، بەو پێیەی ناوبراو پیاوێكی ئاینی شیعەی بەرەچەڵەك عەرەب و بەرەگەزنامە عێراقییە، بەپێچەوانەی بنەماڵەو پیاوە ئاینییە زۆر ناودارەكانی نەجەفەوە كە بریتی بوون لە سیستانی (ئێرانی)، بنەماڵەی ئایەتوڵڵا خوئی (توركمانی ئێرانی)، بەشیر نەجەفی (ئەفغانی)، ئیسحاق فەیاز (پاكستانی). لە گەرمەی ئەم ململانێیەی سەدرو مەرجەعیەتی سیستانیداو لەتەمەنی 55 ساڵیدا، سەدر و هەردوو كوڕە گەورەكەی (مصطفی) و (مؤمل) لە پاش دەرچونیان لەمزگەوتی كوفە تیرۆر كران (1998)، كوڕی سێیەمیشی (مرتضی) لەژیانی گشتی كشایەوەو خۆی شوێن بزر كرد، بەم پێیەش موقتەدای كوڕە بچووك بوو بە میراتگری ئەم رق و كێبەركێ و خەونی بەمەرجەع بوونەو ئێستا جار جار بەهەمان نەفەسە توندو رووشكێنەكانی باوكی و زۆربەی جاریش برێك نەرمتر درێژە بەكاروانەكەی دەدات. ساڵێك پاش لەتیرۆری محمد صادق الصدر و كوڕەكانی، رژێمی بەعس تاقمێك پیاوی ئاینی و دەسترۆشتوی شیعەی تۆمەتباركرد بە تیرۆركردنی ناوبراو و لە ئازاری 1999 لەسێدارەی دان، بەڵام لەئەدەبیاتی رەوتی سەدر و بەلای هەوادارەكانییەوە پلانی تیرۆری سەدر پلانێكی بەعسییە، هەر ئەم رژێمەش بە بكوژی رێبەرە ئاینییەكەیان دەزانن چونكە لە ساڵی 1980 دا محمد باقر الصدری مامی كە دامەزرێنەری حیزبی دەعوە بوو لەگەڵ بنت الهدی ـ ی خوشكیدا بە ئاشكرا لە سێدارە دا. یەكەم دەركەوتنی موقتەدا تا رژێمی سەدام نەڕوخا (2003) كەس نە ناوی موقتەدای چوارەم كوڕی سەدرو نەناوی رەوتەكەی "رەوتی سەدر" ی نەبیستبوو، ناوی ئەم گەنجە مێزەر بەسەرە كە ئەوكات تەمەنی تەنها 30 ساڵ بوو تێكەڵ بوو لەگەڵ ناوی ئەنجامدەرانی تاوانی تیرۆركردنی عبدالمجید الخوئی كوڕی مەرجەعی كۆچكردووی شیعەو كلیداری رەوزەی حەیدەریی نەجەف بەچەقۆ لەناو مەزاری ئیمام عەلی. عەبدولمەجید جیا لەوەی كوڕی مەرجەعی گەورەی كۆچكردوو ئەبولقاسمی خوئی بوو، سەروكاریی دامەزراوەیەكی خێرخوازیی گەورەی دەكرد لە شاری لەندەن كە وەكو ماڵی هەموو شیعەكانی تاراوگە وەهابوو، جگە لەوەش تۆرێك پەیوەندیی لەگەڵ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان هەبوو. دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف لە 2003 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ موقتەدا سەدر دەركرد بەتۆمەتی پلان دانان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵام تائیستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە، جاروبار لەسەردەمی مالیكیدا وەكو كارتێكی گوشار لەدژی هەڵوێستە سیاسیی و ركابەریكردنەكانی سەدر بەكاردەهێنرا. هەرچەندە لەناوەندە شیعییەكان وا بڵاوە كە موقتەدا بە هۆی كەمتەرخەمییەوە لەكاری فەقێیەتی پەیوەندیی لەگەڵ باوكیدا باش نەبووە، بەڵام لەپاش كوژرانی باوك و دووان لەبرا گەورەكانی و كشانەوەی برای سێیەمی (مرتضی) لەژیانی گشتی و سەفەركردنی بۆ جێگەیەكی نادیار (بڕوا وەهایە لەقوم بێت)، بووە میراتگریی رەوتە ئاینیەكەی و هاوسەرگیریی لەگەڵ كچی محمد باقر الصدر ـ ی مامی هێندەیتر یارمەتیدا بەخێرایی ببێتە تاقە میراتگری ناوبانگ و قوربانییەكانی ئالی سەدر بەبێ ئەوەی پێشتر هیچ ئامادەكارییەكی فیكریی و سیاسیی بۆ كردبێت. موقتەدای رابەر.. موقتەدای سەركردە هەرچەندە موقتەدا سەدر هێشتا پلەی ئیجتیهادی وەرنەگرتووە، بەڵام زوو زوو فەتوا دەردەكات كە لەناو ئاینزای شیعەدا ئیشی مەرجەعی گەورەی ئاینییە. بەهۆی ئەوەی موقتەداو رەوتەكەی پەیوەست نین بەتەقلیدی مەرجەعیەتی سیستانییەوە لەپرسە گرنگ و جومگەییەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەر مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا كازمی حائیری كە لەشاری كەربەلا لە دایكبووە و ئێستا لەشاری قومی ئێران نیشتەجێیە، بەو پێیەی ئەمە خواست و وەسێتی باوكی موقتەدا بووە لەغیابی خۆیدا لەگۆڕەپانی ئاینی نەجەف. هەرچەندە موقتەدا لەدوای پێكدادانە ناوخۆییەكانی هێزە شیعییەكان (2007) و راگرتنی چالاكییەكانی میلیشیاكەی "سوپای مەهدی" رویكردە حەوزەی قوم بۆ خوێندنی ئاینی و وەرگرتنی پلەی ئایەتوڵڵا، بەڵام هێشتا بەم مەرامە نەگەشتوە چونكە گەشتن بەم پلەیە لەسیستمی خوێندنی حەوزە ئاینییەكانی شیعە 15 _20 ساڵ خوێندن و توێژینەوەی شەرعزانیی پێویستە، بۆیە لەئێستادا پلەی ئاینیی سەدر "حجة الإسلام والمسلمین" ـە كە قۆناغی پێش گەشتنە بەئیجتیهاد كردن و پایەی ئایەتوڵڵا. جگە لەم پایە ئاینییەش سەدر هەڵگری نازناوی فەرماندە (القائد) ـه، چونكە رێبەرایەتی تەوژمی سەدر دەكات و رێبەرایەتی "سوپای مەهدی" كردوە (2003 _ 2007) كە بەناوبانگترین میلیشیای شەڕكەری شیعە بووە. جگە لەوەش لە هەڵبژاردنی 2010 لیستی ئەحراری پێكهێنا چارەكی كورسییەكانی تایفەی شیعەی بردەوە (40 كورسی)، ئێستاش جگە لە لیستێكی پەرلەمانی، چەندین نوسینگەو میلیشیایەكی سەربازیی هەیە بۆ شەڕی داعش بەناوی "سرایا السلام" كە زیاتر لەدەوروبەری سامەڕا بڵاو بونەتەوە. بەهۆی ئەوەی رەچەڵەكی بنەماڵەكەیان دەگەرێتەوە بۆ سەر ئالوبەیت هەڵگری نازناوی "سید" یشە كە لەهەموو نازناوەكانیتر گرنگترە لای پەیڕەوانی شیعەو ئینتیمایە بۆ ئال و بەیت كە ئیمامەكانیان سەروەرو سەرداری تایفەی شیعەن، ئەم هەموو نازناوەش پیرۆزیی و گرنگیی زۆری پێ دەدات و هەمیشە لەكاتی دەركەوتنەكانیدا دەبێتە پاڵ پاڵێن بۆ دیتن و تەبەڕوك كردن پێی. جگە لەمانەش لەدەرەوەی حكومەتی عێراق سیستمی دادگەری و لێپێچینەوەی تایبەتی هەیە بۆ ئەو كەسانەی كاركردن و پلەو پایەی نووسینگەكانی بەكاردەهێنن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و جارجارەش لەزیندانی تایبەت توندیان دەكات، بەڵام ئەم رێوشوێنە شتێكی زۆر بچوك رەمزییە لە چاو ئەو هەموو گەندەڵی و پارە خستنە لای كە وەزیرو بەرسە سەدرییەكان بەكەڵك وەرگرتن لە رەوتەكەیان كردویانە لەناو حكومەتی عێراقدا. دۆستایەتی و دوژمنایەتی سەدر تا سەر نییە هەموو ئەوانەی ئاگایان لەگوتارو هەڵویستەكانی موقتەدا سەدر هەیە، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم سەركردەیە لەسەر زۆربەی هەڵوێستەكانی جێگیرو چەسپاو نییە و زۆر بەخێرایی ڕا دەگۆرێت، هۆكاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی خاوەن حیزبێكی رێكخراوو پەیڕەوو پرۆگرامێكی سیاسی دیاریكراو نییە وەك حیزبی دەعوەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. جیاواز لە حیزبەكانیتری شیعەوە لەناو رەوتەكەی سەدردا هەموو چین و توێژێك هەن و بەشێكیان ئەم رەوتەیان كردوەتە پەیژە بۆ گەشتن بە دەسەڵات، زۆرێكیش پێیانوایە ئەم رەوتە نزیكترین هێزی ئاینی شیعەن لە خەڵكانی نیشتمانی و لیبراڵ، چەند جارێكیش پشتیوانی لە داواكاریی ئەو چالاكوانە مەدەنیانە كردوە كە بە نەیاریكردنی هێزە مەزهەبییەكان ناسراون. جاران موقتەدا سەدر و رەوتەكەی بە نەیاری سەرسەختی كورد ناسرابوون، بەڵام لەپاش ئەوەی لە هەوڵی كەنارخستنی مالیكیدا بوو بە هاوپەیمانی بارزانی و سەردانی هەولێری كرد گوتاری خۆی لەدژایەتی فیدرالیزمەوە گۆڕی بۆ قبوڵكردنی ئەگەری جیابوونەوەو سەربەخۆیی وەرگرتنی كورد. لەسەر ئاستی پەیوەندییە ناوخۆییەكانی ماڵی شیعەش موقتەدا پەیوەندی گرژی بنەماڵەكەی و بنەماڵەی حەكیمی گۆڕی بۆ هاوپەیمانێتی سیاسی، كاتێكیش خۆی و سوپاكەی خزێنرانە شاری نەجەف (2004) نێوانگریی سیستانی قبوڵ كرد و سەردانی ماڵەكەی كرد، سەرباری ئەوەی ناو بەناو توانجیش لەمەرجەعیەتی تەقلیدیی شیعە دەگرێت، بەڵام نەیگەیاندوەتە ئەوەی وەكو باوكی بە ئاشكرا ململانێی توند لەگەڵ مەرجەعیەتدا بكات كە ئێستا جگە لە پشتیوانیی جەماوەریی خاوەن سەنگ و قورساییەكی گەورەی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتییە. باجەكانی هەنگاو بەرەو میانڕەویی هەرچەندە میلیشیاكەی سەدر "سوپای مەهدی" بەشدارییەكی چالاكی لەكوشتاری سوننەكاندا كردوە (2006 _2008)، بەڵام لەئێستادا موقتەدا، وەكو نزیكترین رێبەری شیعە لە تایفەی سوننەوە خۆی نمایش دەكات، یەجۆرێك لە پەیامێكی دەنگیدا دانی بە خەلافەتی ئەبوبەكر، عومەر، عوسمان ـ دا ناوە، هەروەها لە سەردانی قەتەردا لەمزگەوتی عومەری كوڕی خەتاب لە گەڵ سوننەدا نوێژی هاوبەشی كردووە، لە هەندێ لێدوانیشدا پشتیوانیی لە دەنگی سوننەكان كردووە، لەسەر ئەم هەڵوێستانەشی لە هەندێ ناوەندی شیعیدا بەردەوام رەخنە باران دەكرێت. بەهۆی هەڵپەساردنی چالاكییەكانی سوپای مەهدی و ركابەریكردنی توندی نوری مالیكی و حیزبی دەعوە، رەوتەكەی دووچاری چەندین جیابوونەوە بووەتەوە، كە دیارترینیان جیابونەوەی گروپی "عصائب أهل الحق" و سەركردەكەیان قیس الخزعلی بوو كە جاران یەكێك بوو لە یاریدەدەرەكانی سەدر، كەچی ئێستا هاوپەیمانی نوری مالكییەو شەرێكی ساردی گەورەی لەگەڵ موقتەدا هەیە. سەرباری ئەمەش موقتەدا هەر بەژمارەیەكی قورس لە گۆڕەپانی شیعی و عێراقی دەمێنێتەوە چونكە كەسایەتی ئەو وەكو موگناتیس وایە لە ناو گەنجە شیعە پەراوێزخراوەكان و خەڵكی هەژاری نیشتەجێی شارۆچكە سیخناخ و جەنجاڵەكانی سەورە "مدینە الصدر" و كازمییە، زۆرێكیش بەجێگرو بریكاری ئیمانی زەمان (محمد المهدی) دەزانن و بەردەوامیش بەهەڵوێستە كتوپڕو لێدوان و فەتوا جۆربەجۆرەكانی توانای دروستكردنی شۆك و هەڵای سیاسی و میدیایی هەیە.
■ كارۆخ عوسمان.... توركیا لەژێر سێبەری بودجەیەكی ٨ ملیار دۆلاری وەزارەتی بەرگری نیشتمانیدا خاوەنی سوپایەكە لەسەرئاستی دونیادا ھەشتەمینە. وە لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە. بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:- ١-ھێزی پیادەدا; أ. (٧٤٣) ھەزارو (٤١٥) سەرباز، كەلەنێویاندا (٨٥٠) پلەداری سەربازی ھەیە. ب. (٢) ھەزارو (٤٤٥) تانكی ھێرشبەر. ج. (٧) ھەزارو (٥٥٠) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر. د. نزیكەی (٤) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین. ٢- ھێزی ئاسمانی; أ. (٢٠٧) فڕۆكەی بەرگری. ب. (٢٠٧) فڕۆكەی ھێرشبەر. ج. (٤٣٩) فڕۆكەی گواستنەوە. د. (٢٧٦) فڕۆكەی فێركاری. ھ. (٤٥٥) ئێلی كۆپتەر، كە (٨٥) دانەیان ھێرشبەرن. ٣- ھێزی دەریایی; أ. (١٦) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate). ب. (٩) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet). ج. (١٢) ژێر دەریایی. د. (٣٤) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی. ھ. (١١) كەشتی مین. ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (٨) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە بۆ سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات. سەرەڕای ئەوەی كەبەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات. ھەروەھا جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (٢٧٣) ھەزار و (٨٤٦) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیاو سوپا تەنھا ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت. كەواتە قەندیل و ھێزە بەرگریكارەكەی كە پەكەكەیە زۆر نابەرابەرن لەگەڵ توركیا. دەكرا لەماوەی ڕابردوو و لەئێستاشەوە بۆ ئایندە میكانیزمێكیتر لەسیاسەت بەرامبەر توركیا بۆ وەدەستھێنانی مافەكانی كورد بگیردرێتەبەر، چونكە لەھەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەچڕی شەڕی چەكداری دژ بەدەوڵەتی توركیا دەكرێت لەلایەن پەكەكەوە كەچی ھیچ بەرھەمێكی سەوزی نەبوو، بەڵكو ڕەوشی مافەكانی كورد ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبوون تا ساڵی ٢٠٠٢ كەئیخوانەكان جیاوازتر لەھەر قۆناغێكیتر حوكمیان دەست پێكرد. لەماوەی حوكمی ئەواندا كوردان مافی جوڵانەوەی مەدەنیان سەرەتا لەچوارچێوەی شەخس و دواتریش گروپ و كۆمەڵ و پارت پێدرا، لەئەنجامی بەشداری كردنی ھەڵبژاردن كوردەكان خاوەنداری كورسی پەرلەمانی و شارەوانی و والیەكان بوون لەزۆربەی ھەرەزۆری شارە كوردنشینەكان. ئەمە بەبەرھەمی خەباتی سیاسەتی مەدەنی دادەنرێت نەك چەكداری. بۆعێڕاق و سوریاش ئەمە ڕاستە، چونكە ئەگەر شەڕی كەنداو نەبوایە كوردانی باشور ھەرگیز بەكڵاشینكۆف سوپای عێڕاقیان پێ وەدەرنەدەنرا، ئەگەر شۆڕشی عەڕەبی و معادەلەی نێودەوڵەتیش نەبوایە كانتۆنەكانی ڕوژئاوا ھەر لەناو جانتاكان دەبوون. لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا كورد ١٣٪ی بەدەست ھێناو بوو بەخاوەنی ٨١ كورسی پەرلەمان و حزبی حاكمیش نەگەیشتە ئەو ڕێژەیە كەحكومەت بەتەنھا پێك بھێنێت بۆیە ناچاری كواڵسیۆن بوو، یەكەم لیستی براوەش كە تەكلیفی شەراكەتی لێكرد ھەدەپە بوو بەڵام بەھۆی غروری و لاوازی دیبلۆماسی و زەختی قەندیل واتا پەكەكە ئەو تەكلیفەی ئاكپارتی ڕەت كرایەوە، لەدوبارەی ھەڵبژاردندنیشدا توشی نوشستی ھات و بەئاستەم توانای تێپەڕاندنی ١٠٪ی ھەبوو. ئەمەش جگە لەڕەوشی نائاسایی كە كاری كردە سەر دەنگەكانی بەڵام دەنگدەرانی ھەدەپەش سزای پارتەكەیاندا كەبەشداری تەشكیلی حكومەتیان نەكردو بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی مەدەنی لەبازنەی دوژمن گوتاردا، بیریان چوو كە ئەوان دەبێ جیاوازبن لە پەكەكە، چون پەكەكە ھێزێكی چەكداریەو وەك دوژمنی دەوڵەت پێناسەكراوە كەچی ھەدەپە ڕكابەرێكی دژە. ئەوان سودیان لەوە وەرنەگرت كە ئەوەی لەبەشداریەكی مەدەنی ئاشتیانەی دوورمەودادا دەستیان دەكەوێت لەشەڕێكی چەكداری ماوەكورتدا لەدەستی دەدەن. لێرەدا كوردانی ڕێكخراو لەپارتە مەدەنیەكان ئەگەر وەكو دوژمن سەیری دەوڵەتی توركیا بكەن پێویستە لەشاخ بن و چەك ھەڵگرن چونكە ئەوكاتە دەوڵەت حەق دەداتەخۆی ھەر كاردانەوەیەكی ھەبێت. كەچی واشیان كردو لەبازنەی مەدەنیەت دەرچوون، لەجیاتی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە مەدەنیەكانی توركیا ببەستن خۆیان بەدرێژكراوەی سیاسەتی پەكەكە دایە قەڵەم، وەلێ ھێشتا مافی بەشداری ھەڵبژاردنیان لێ نەسەندرایەوە. بەڵام ھێشتا كات زۆری ماوە دەكرێ بەفعلی و لەئاستی گوتاری سیاسیدا دژبەری بازنەی مەدەنیبن و خۆیان لەقەندیل بەجودا وێنا بكەن. ئەوكاتەش كەكانتۆنەكانی ڕۆژئاوا دامەزران ھەمان پێشنیار بۆ پەیەدە كرا كەدووركەوێتەوە لەپێناسەو دروشمەكانی پەكەكە، تاكو نەبێتە مەھانە بۆتوركیا كەسنوری سوریا ببەزێنێت و داگیركاری ئەنجام بدات، بینیمان كەھیچ وڵاتێك دژی لەشكركێشی سەر عەفرین نەبوو بەڵكو حەقیان دەدا بەدەوڵەتی توركیا سنورەكانی بپارێزێت لەئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی كە پەكەكەیە. ئەمە دیفاع كردن نیە لەدەوڵەتی توركیا بەڵكو دەرخستنی كێماسی سیاسەتی كوردە كەنەیزانیوە تەریب لەگەڵ پێناسەكەی خۆیدا بڕوات و بەقەبارەی بەرامبەرەكانی فێڵی سیاسی بدۆزێتەوە. كوردانی باكور لەساڵی ١٩٧٨ بەدواوە لەناو پارتێكی شیوعی لەسێبەری دروشمەكانی پەكەكە خۆیان ڕێكخستووەو ھێزی ڕكابەری چەكداریان پێكھێناوە، تا ئەم ساتە ھیچ ئامانجێكیان وەدی نەھاتووە لەناو خاكی توركیادا، بەڵام دوای ھاتنە حوكمی ئاكپارتی ھێزی مەدەنی كورد جگە لەجوگرافیایەكی جیاكراوە گەیشتە بەشێكی زۆر لەمافەكانی وەلێ نەیانتوانی وەبەرھێنانی زیاتر لە وەدەستھاتوەكان بكەن. مەدەنیەكان بەچەشنی پەكەكە كاریان لەوروژاندنی ھەستی خەڵكدا كرد لەجیاتی شەڕی دیپلۆماسی لەبازنەی شارستانیدا، بێشك پەلكێشی ئەم ھەڵەیە كران نەك خۆیان داھێنەری ھەڵەكان بن. ئێستێش لەم ئۆپەراسیۆنە عەسكەریەی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان و ناوچەی نشینگەی گەریلاكانی پەكەكە دیسان بەردەوامی دەدرێت بەگوتاری حەماسی و ھۆتافی پۆپۆلیستی، كەچی قۆناغەكە پێویستی بەگرێبەستی سیاسی ھەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگە لەكەوتنی قەندیل بگیردرێت و عەفرینێكیتر دووبارە نەبێتەوە، چون كەوتن و مردن سەركەوتن نیە بەڵكو مانەوە لەسێبەری سیاسەتێكی حەكیمدا وەرچەرخانی قۆناغە بەئاراستەی قازانج. وەك خۆری سەرلەبەیانی كەنیشانەی ڕۆژ دەدا دیارە كەنەك پەكەكە بەڵكو سوپای عێڕاقیش توانای پێش پێگرتنی لەشكری دەوڵەتێكی وەك توركیای نیە، چونكە ئیمكانیاتی سوپایی لەئاستێكدایە ٦٥٪ لەچەكە پێشكەوتووەكانی ھەر خۆی دروستیان دەكات ئەمما ھێزەكانی گەریلا ھێشتا باشترین سیلاحیان كڵاشینكۆفە. بۆیە بێشك بەم میكانیزمە كۆنگەراییە سوپای توركیا لەقەندیلەو بەم لەشكركێشیە حوكمی تۆتالیتاری ھەرێمی كوردستانیش درێژتر دەبێتەوە كە موستەقیم لەگەڵ پاڵپشتی توركیا دەڕوات. ڕەنگە بگوترێت كەئەم شەڕە پەیوەندی بەھەڵبژاردنی نێوخۆیی توركیاوە ھەیە، بەڵام ئەم تێڕوانینە ھەڵەیە چونكە لەساڵی ٢٠١٤ لەئەنجامی ھەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتی دەوڵەت-پەكەكەدا ئەم بڕیارە دراوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی شەڕیش بەتەنھا دەوڵەت لێی بەرپرسیار نیە بەڵكو پەكەكەش دەگرێتەوە، چونكە نەیتوانی موماتەڵە بەكات بكات تاكو ھێزە مەدەنیە كوردیەكانی نێوشارەكان دەگەنە قۆناغێكی باش لەبەشداری حوكمڕانیداو كاریگەری لەسەر دەستوری ئەو وڵاتە دائەنێن لەبەرژەوەندی گەلی كورد. ئێستاش كە پەكەكە دەڵێ قەندیل لەدوژمن دەكەین بەگۆڕستان ھەڵەترین گوتاری شۆڕشی كوردە، لەبەرئەوەی لەدونیادا نەبووە ھێزێك خاكی خۆی بەگۆڕستان وێنابكات بەڵكە خاكی دوژمن دەبێ بكرێتە ئامانج، ئینجا بەھۆی زۆری نابەرابەریەوە ترس لەپێچەوانە بوونەوەدایە. با چیتر بەھۆی ترس لەتەخوین شەپۆلی ڕەخنە لەكەناری خۆمان نەوەستێ ئەگینا بەیەكجاری دەریای سیاسەتی كورد بۆگەن دەبێت و ئامانجە نیشتمانیەكانیش دەبن بەمردوویەكی بێ كێل.
■ د. ئیسماعیل نامیق.... هەندێک هێزو لایەنى سیاسى بەبیانوى ئەوەى لەدواى 30/ 6/ 2018 بۆشایى دەستورى لەعێراقدا دروست دەبێت، دەیانەوێت ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بەو هەمو کەم وکوڕى وسکانداڵانەوە تێپەرێنن وبیکەنە دیفاکتۆ، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین داوایان لەدادگاى فیدراڵى کرد بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران، لەم پێناوەدا پەلەپەل وجۆرێک لەفشارى دەرونیان لەسەر ئەندامانى دادگا دروستکرد، بەڵام دادگاى فیدراڵى تەسلیمى ئەو واقعە دروستکراوە نەبو، بەتەواوى بنەما یاساییەکانى جێبەجیکرد وبەکۆى دەنگى ئەندامانى وداواکانیانى رەتکردەوە، ئەمەش بڕیارێکى یاسایى دروستە پشت دەبەستێت بەو بنەما یاسایەى کە دەڵێت: (( یاسا یان بڕیارى کارگێڕى ئەگەر پوچەڵیش بێت، پێویستە جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەى حوکم دەدرێت بەهەڵوەشاندنەوەى )). لەبەرئەوەى هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەبەردەم دادگاى فیدراڵیدا تانە لەیاسایبونى دراوە ودواکراوە هەڵوەشێنرێتەوە، تا ئەو کاتەى هەڵئەوەشێنرێتەوە پێویستە جێبەجێ بکرێت. هەرچەند من باوەڕم وایە هەڵناوەشێنرێتەوە، چونکە ئەو تانانەى تانەدەران لەیاساکەیان داوە لەو ئاست وهێزەدا نین بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى یاساکەیان لەسەر بدرێت. بۆیە بەبڕواى من ئەنجومەنى بالاى دادوەرى بەردەوام دەبێت لەريكاره كانى بوجێبەجێ کردنى یاساکە ودەنگەکان بەدەست ئەژمار ئەکاتەوە، ئەم پرۆسەیەش ماوەیەکى ئەوێ، لەکاتێکدا پێویست بو یەکەم کۆبونەوەى خولى چوارەمى ئەنجومەنى نوێنەران لە 1/ 7/ 2018 گرێبدرایە، بەڵام بەپێى هەمو لێکدانەوەیەک، ئەژمارى دەستى دەنگەکان وپەسەندکردنى ئەنجامەکان وبانگهێشتى ئەنجومەنەکە بۆ کۆبونەوە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ئەکەوێتە دواى ئەو ماوەیە. پرسیارى یاسایى لێرەدا ئەوەیە، ئایا لەدواى 30/ 6/ 2018 عێراق دەکەوێتە بۆشایى یاسایەوە؟ ئایا چۆن چارەسەرى ئەم بارە دەکرێت؟ دەقە دەستوریەکان وبڕیارى دادگاى فیدراڵى ژمارە ( 8 لە 21/ 1 / 2018 ) بە هیچ جۆرێک رێگە بەوە نادەن ئەنجومەنى نوێنەران تەمەنى یاسایى خۆى درێژ بکاتەوە، کەواتە لە 1/ 7/ 2018 تەمەنى خولى سێیەمى ئەم ئەنجومەنە کۆتایى پێدێت وناتوانێت بەردەوام بێت، ئەو کات عێراق بەبێ پەرلەمان دەمێنێتەوە. پرسیارى گرنگ ئەوەیە ئایا دروستە وڵات بۆ ماوەیەک پەرلەمانى نەبێت؟ ئایا لەبارێکى وادا بۆشایى دەستورى دروست دەبێت؟ لەوەڵامدا دەڵێین، ئەسڵ ئەوەیە وڵات بەبێ پەرلەمان نەبێت، بەڵام نەبونى پەرلەمان بۆ ماوەیەکى کاتى دیاریکراو بارێکى نامۆ نیە لەفیقهى دەستورى وواقعى عەمەلیشدا، ئەم بارەش لە دەستورى عێراقیدا سکراوە، وەکو لەمادە 64 ى دەستورەکەدا هاتوە، دەکرێت ئەنجومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنرێتەوە، لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەشیدا ئەنجومەنى وەزیران بەدەست لەکارکێشاوە دادەنرێت ولەراپەڕاندنى کاروبارى رۆژانە بەردەوام دەبێت، سەرۆکى کۆماریش داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەکات لەماوەیەکدا کەلە 60 رۆژ زیاتر نەبێت لەرَوژى هەڵوەشاندنەوەوە. بەپێى ئەم دەقە لەماوەى 60 رۆژ لەرۆژى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە پێویستە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، راگەیاندنى ئەنجامەکان ویەکلایکردنەوەى تانەکان وپەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایى بەلایەنى کەمەوە 20 رۆژ بۆ مانگێکى ترى دەوێت، کۆى ئەو ماوەیەش کە تەسەور دەکرێت تیایدا پەرلەمان بونى نەبێت بەنزیکەیى دەکرێت سێ مانگ بێت، لەم بارەشەدا وا دانانرێت بۆشایى دەستورى دروست بوە. راستە ئەم دۆخەى کە ئێستا عێراقى تێکەوتوە پەرلەمان هەڵنەوەشێنراوەتەوە بەڵکو خۆى ماوەکەى تەواو بوە، بەڵام دەکرێت سود لەئەحکامەکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان وەربگیرێت وبەسەر ئەم حاڵەتەى ئێستادا جێبەجێ بکرێت، چونکە لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەو لەم حاڵەتەشدا لەهەردوکیاندا پەرلەمان بونى نامێنێت، کەواتە هەردوو حاڵەتەکە لەیەک دەچن، بۆیە کارێکى نایاسایى نیە ئەگەر لێکدانەوەیەکى هاوشێوەیان بۆ بکرێت وبوترێت لەهیچیاندا بۆشایى دەستورى دروست نابێت. پشت بەو راستیانە دەتوانین بڵێین لەدواى 30/ 6/ 2018 خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەران بونى نامێنێت، حکومەت ئەبێتە حکومەتێکى کاربەڕێکەر وە هیچ بۆشاییەکى دەستورى دروست نابێت، ئەنجومەنى دادوەریش 60 روژى لەبەر دەمدایە بۆ ئەژمارکردنەوەى دەستى دەنگەکان، پاشان دادگاى فیدراڵى ئەنجامى کۆتایى پەسەند دەکات وخولى چوارەم گرێدەدەرێت. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگە بدرێت بەبیانوى دروستبونى بۆشایى دەستورى، ساختەکردنى ویستى خەڵک بکرێت بەدیفاکتۆ، چونکە ویستى خەڵک لەهەمو شتێک باڵاترە، دادگاو یاساو دەستوریش دروستکراو وبەرمەبناى ویستى خەڵکن، پێویستە لەخزمەت ویستى خەڵکدا بن وگوزارشتى ڵێبکەن.
■ وەفیق سامەڕائی ... لە كاتێكی زۆر هەستیاری لۆكاڵی و هەرێمیدا رێككەوتنی نێوان سائرون و فەتح هات (تەنانەت ئەگەرچی وردەكارییەكانی تەواونەبوون و هیوادارین تەواوببێت)، ئەمە سەلماندنی ئەوە بوو كە پێشتر وتمان جەنگی شیعە- شیعە وەهمێكە و بوونی نییە. رێككەوتنەكە دەبێتەهۆی بوژانەوەی نیشتمانی و پشوویەكی دەرونی بۆ گەل و مۆتەكەی پیلانگێڕی تەكفیری دووردەخاتەوە و ئاسۆی كارلێكی مەدەنی دەكاتەوە و كۆتایی دەهێنێت بە ئەگەرەكانی ململانێ بەتایبەتی دوای سوتانی كەلوپەلەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. پێدەچێت ریزبەندی كوتلەكانی هەڵبژاردنوەكو ئەوەی هەیە یاخود بەنزیكیی وەكو خۆی بمێنێتەوە. (حكومەتی نوێ لەكاتێكدا) دێت نزیكتر لەو وادەیەی كە گریمانەكرا لەكاتی توندبوونەوە نەرێنیی بارودۆخەكە. پیرۆزبایی لە هەردوولادەكەین، بۆ هەموو ئەوانەشەی پەیوەست دەبن پێوەی، بۆ هەموو ئەوانەی كە هەوڵ بۆئەوە دەدەن عێراق سەربەخۆ و بەهێز و ئارام بێت. گۆڕانكاریی پێویست لەچوارچێوەی سیاسەتی گشتی و عێراقدا لەسەر تاكەكان راناوەستێت.
■ هونەر تۆفیق چیای قەندیل لەناو زنجیرەچیای زاگرۆسدا کە لە باشووری خۆرئاوای ئێرانەوە دەستپێدەکات بەدرێژایی سنورەکانی نێوان ئێران-عێراقدا درێژدەبێتەوە تا دەگاتەوە بە باشووری تورکیا . لەگەڵ زنجیرەچیای تۆرۆسدا یەکدەگرێتەوە بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست . قەندیل لەناوەڕاستی ئەو زنجیرەچیایەدا نزیکەی چارەکە سەدەیەکە شێوە کۆمارێکی سەربازی ، ئایدیۆلۆژی ، نیشتمانی ، نەتەوەیی ، تیئۆریە . هێزی بەرگری لەهەردوو ئاستی سیاسی و سەربازیدا دەبەخشێت بە کۆی زاگرۆس . زاگرۆس لە فەلسەفەی بەرگری و تیئۆرە مێژووییەکانی پەکەکەدا تەنیا هەڵکەوتەیەکی تۆبۆگرافی مجەڕەد نیە بتوانێت خۆی تیادا حەشاربدات . بەڵکە وەک چۆن زنجیرەچیایەکی پێکەوە گرێدراوی نیشتمانی کوردانە ، بەهەمان شێوە زنجیرە تیئۆرێکی سیاسی ، سەربازی ، ستراتیژی ، ئایدیۆلۆژی ، مێژووییە ، مان و نەمانی پەکەکە و کوردی پێوە بەستراوە . ئازادبوونی زاگرۆس ( وەک فیکر و وەک جیوگرافیا) لە فەلسەفەی پەکەکەدا دەکاتەوە ئازادبوونی کورد . تین و قورسایی جەماوەری ئەو حیزبەش لەبنار زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە دەست پێدەکات و ڕەگی داکوتاوە . سەنتەری ئەو ڕەگەش لەناو چیای قەندیلدایە . قەندیل ستراتیژی زاگرۆس بەهێزدەکات و دەیپارێزێت . ترسی سوڵتان ئەردۆغان و سوپا (نیوعوسمانیەکەی) لە قەندیل ، ترسە لە ئیتۆری زاگرۆسیزمی پەکەکە . بۆیە هەمیشە قەندیل مایەی دڵەڕاوکێ ی ئەنقەرەبووە . تەنیا ستراتیژە لەمێژووی کورددا ، ئەمنی قەومی تورکیای کەمالیستی بێت یان سوڵتانی ئەردۆغانی خستۆتە ژێر خەتەرەوە . لە شوباتی ٢٠٠٧ دا ، کە ئەوکات توانای قەندیل لە ئێستای کەمتربوو ، تورکیاش لەئێستای بەهێزتربوو ، گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆسەر قەندیل دەستپێکرد . بەڵام سوپای تورکیا شکستی هێنا . ناکۆکی خستە نێوان ژەنراڵەکان و ئەردۆغانەوە تا ئەوەی سەرلەشکری سوپاکە گوتی : ئێمە ئەوەندەمان پێکرا . ئەگەر کەسێک زیاتری پێدەکرێت ( مەبەستی لە ئەردۆغان بوو ) بابێت خۆی تاقیبکاتەوە . بۆجارێکی تر لە شوباتی ئەمساڵەوە ٢٠١٨ . سوپای تورکیا لەناو بێدەنگی هەرێمی کوردستاندا کە هەردوو سەرۆکایەتیەکەی ( سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ) لە دەستی نێچیرڤان بارزانی دایە و بە نزیکایەتی و هاوڕێ ی سوڵتان ئەردۆغان ناسراوە . هێزەکانی تورکیا لە کۆکردنەوەی هێز و کێشانی جادەی سەربازی و داکوتانی پێگەی هەمیشەیی سەربازین لەقوڵایی هەرێمی کوردستاندا بە ئاڕاستەی قەندیل . مەترسی ئەم ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوە تەنیا بۆ سەر کۆماری قەندیل نیە . بەڵکە بۆ تەواوی ئەو کیانە سیاسی یە یە کە ناوی هەرێمی کوردستانە . کەوتنی کۆماری قەندیلی سیاسی و سەربازی مەحاڵە . بەڵام دابڕانی لە زاگرۆس بەمانای دابڕانی دێت لەهەموو کوردستان . پەڕینەوەی سوپای تورکیا لە هێڵی ( جادەی ) هامڵتون و پێشڕەوی کردنی بەرەو چۆمان و سنورەکانی ئێران . واتە بەزاندنی سنوری سیاسی - ئیقلیمی دێگەلەی نێوان تورکیا و ئێران . دەکاتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە ( پەنهانە) ی بە ئەمرواقیع لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر هەرێمی کوردستان کراوە . سوپای ئێستای تورکیا کە لەماوەی دەستەڵاتی ئاکەپە و ئەردۆغاندا لەبری عەقیدەی کەمالیست ، بە عەقیدەی ئایینی و مەزهەبی تەڵقین دراوەتەوە . پێکهاتەیەکە لە ئیسلامی جیهادی ( داعشی و جەبهەی نوسرەیی) و لەسێبەری ئەو سوپایەدا سونە جیهادیەکانی ناوچەکە لەگەشەکردن و نەشونمادان . کێشکردنی ئەو سوپا عەقائیدی مەزهەبیەی تورکیا بۆ نزیک سنورەکانی ئێران ، تێکدانی ئارامی ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە و ئێرانی لێدەکەوێتەوە . پێناچێت ئەم شەڕەیان وەک عەفرین بە ئاسانی کۆتایی پێ بێت . کۆماری قەندیل لوغمێکی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . هەر دەوڵەت و هەر سوپا و هەر هێزێک بە هوشیاریەوە نزیکی نەبێتەوە تەقینەوەی گەورەی مەزهەبی ، ئایدیۆلۆژی ، نەتەوەیی ، لێدەکەوێتەوە . بۆیە ئەردۆغان هەم بەترس و دوودڵەیەوە ، هەم بە سەرچڵی و حەماقەتەوە دەیەوێت لەو لوغمە گەورەیە نزیک بێتەوە .
■ هیمداد شاهین .... رەنگە لە كوردستانی عێراقدا، ھیچ نوسەرێك وەكو من پێداگریی لەسەر ھەژموون و گرنگیی ئێران نەكردبێت لە ناوچەكەدا، بەتایبەت لە عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەسطین، لیبیا و یەمەن، بەپێچەوانەی ئەو تەصەورە شاعیریی و عاطفییانەی باس لە كەوتنی ئێران و ھێڵی شیعیزم دەكەن، من ھەمیشە پێموابووە كە ئێران ھاوتای قەیصەری جاران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دا مامەڵە دەكات و گەورەترین ھەژموونی نەك ھەر سیاسیی، بەڵكو كولتووریی و ئاینیيشی ھەیە و ھەرواش دەمێنێتەوە، چونكە ئێران عێراقی سەردەمی صەدام حوسەین نییە كە تەنھا بەغداد پایتەختەكەی بێت، بەڵكو جگە لە تاران ٨ پیاتەختی تری ھەیە. لەبەرامبەر پڕۆژەی ئێراندا، پڕۆژەیەكی ڕۆژئاوایی ھەیە كە ئەمێریكا و بەریتانیا و فەرەنسا، لەسەرو ھەمووشیانەوە ئیسرائیل نوێنەرایەتیی دەكات، ئەم پڕۆژەیە من ناوم ناوە پڕۆژەی لیبراڵیزمی داگیركارانەی ڕۆژئاوایی، خۆشبەختانە ئەم پرۆژەی لیبراڵیزم و نیۆ-لیبراڵیزمە ڕۆژئاواییە شكستی ھێناوە و كەمەری شكاوە، لەبارەی سوریاوە گوتم ئێران كۆمەكی ھەسەدە دەكات و ناھێڵێت بكەوێت، بێگومان كەوتنی عەفرین ئەگەر جارێك بەھۆی ناڕۆشنی مامەڵەی ھەسەدەوە بووبێت لەگەڵ ئێران بەھۆی ئەو ھاوپەیمانێتییەی لەگەڵ ئەمێریكا ھەیەتی! ھێندە و زیاتر پەیوەندیی بەوەوە ھەبوو كە وادەركەوت لەشێوەی رێكەوتنێكدا و بۆ نەرشتنی خوێنی زیاتر، لە عەفرین پاشەكشە كراوە، ھەروەكو چۆن ئێستا ھەمان سیناریۆ لە مەنبەج دووبارە دەكرێتەوە. كاتێك ئەم بۆچوونانەم گوتوون و نووسیون، دەیان كەس، لە كادیر و مادیرەكانی كوردایەتیی پێمدا ڕشاونەتەوە، چەند جارێك پێیانگوتووم پیاوی قاسمی سولەیمانیی، پیاوی شیعە و پیاوی ئێران و كۆمەڵێ قسەی بازاڕیی و ترۆھاتیی تر كە بێزم نەھاتووە وەڵامیان بدەمەوە، لە ئێستادا، خەریكە بۆچوونەكانی من بەتەواوی دەچەسپن و ئێران بەشێوەیەكی عەمەلی كۆنترۆڵایزی ناوچەكەی كردووە، بە لوبنانیشەوە كە سەرۆك وەزیرانەكەی شیعەیە و نزیكە لە ئێران و خودی حاجی قاسم، لە عێراقیش، ئێران خەریكە ھاوكێشەكان حەسم دەكات، درووستبوونی شەری ناوخۆ لە عێراق ئەگەرێكە و توركیا و سعودیەش ئەمەیان دەوێت، بەڵام ھاوپەیمانێتییە تازەكەی صەدر و عامریی، خەریكە ئەو ئەجێندا دەرەكییە لەگۆڕ دەنێت. ئەم ھاوپەیمانێتییە تازەیە، بە واتای یەك ڕاستیی دێت، ئەمجارەش ئێران دەیباتەوە.
■ كهمال رهئوف ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، دوایی رێككەوتنی ترامپ و كیم جونگ، گرنگی زیاتری ئەمریكا بۆ ناوچە گەرمەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، واتە دەستێوەردانی ئەمریكا لەو ناوچانەی، كە كێشەی زۆری تێدایە ئەگەری بەهێزە و رەنگە بەزووی هەندێك گۆرانكاری لەسیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان و عێراق و سوریا ببینین. بۆ ئەمریكا گرنگ بوو پێش ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ ئێران بەجێگەیەك بگەیەنێت، لەگەڵ كوریای باكوور هێوری بكاتەوەو رێككەوتنێك هەبێت. ترامپ چاوی لەسەر ئەوەیە لەرێگەی سەرمایەی نووستووی وڵاتانی كەنداوە، باری ئابووری وڵاتەكەی چاك بكات و لەو رێگەیەوە بەرنامە ئابوورییە جەهەنەمیەكەی لەسەر ئەرزی واقیع بخاتە گەر، باشترین رێگەش بۆ دەستراگەیشتنی بە پارەو نەوت و غازی كەنداو دروستكردنی ئاڵۆزییە لەگەڵ ئێران تا ترسی ئێران كلیلی كردنەوەی خەزینەی وڵاتانی كەنداو بێت بەرووی ئەمریكادا. عێراق لەم دۆخەدا ، كە حەوشەی پشتەوەی ئێرانە، بەهۆی قبوڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان و كاری ساختەكاری و گۆرینی نەخشەی حوكمرانی، رووی لەپێشووی و ئاڵۆزی كردووە، ئەمەش فرسەتێكی باش دەدات بە هێزە هەرێمایەتییەكان بۆ دەستتێوەردان، لەشكركێشی توركیا و رێككەوتنی ژێربەژێری لایەنەكانی تر تەنانەت سوننەو شیعە، كە لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا هەردوولا خاوەنی خۆیان هەیە، لەناوچەكە تەریككردنەوەی كوردی لێ دروست دەبێت و ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكرێت ئەگەری ئەوەش بەهێز دەبێت ئاگری شەر بهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە. خولاسەی كەلام ئەوەیە، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەك تەبا نین و بەرچاو رونیان نییە بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە، تەنانەت هەندێكیان دەیانەوێت رۆڵی بكەریشیان پێبدرێت لەم ئاڵۆزییە. بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە پێش روودانی باهۆزەكە پەلەبكرێت بۆ دروستكردنی تەفەهوماتێكی سیاسی، دەنا بەپێچەوانەوە رەنگە ئاگری ئەم شەڕو ئاڵۆزییە پێش هەركەس و لایەنێك ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بە بەهێز و خاوەن بریار دەزانن لەهەرێمی كوردستان و ئەوكاتە هەموو شارو ناوچەكانی هەرێم بەناوی پارێزگاری كردنەوە بەدەردی كەركوك بچێت.
■ دلێر مەلا ئەحمەد شەوی 18/19 ی ئایار / 2018 كاتژمێر (12) ی شەو كۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرەنجامی كۆتایی ڕێژەی دەنگەكان و ژمارەی كورسیەكانی ڕاگەیاند . بە پێی ئەو دەرەنجامە (بزوتنەوەی گۆڕان )(5) پێنج كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا . (4)چواركورسی لەشاری سلێمانی و (1) یەك كورسیش لە شاری هەولێر , لە كاتێكدا ئێستا لەبەغداد خاوەنی (8) هەشت كورسی و جێگری سەرۆكی دووەمی پەرلەمانی عێراقین. ئەودەرەنجامە ڕاستە زۆربەی زۆری هەواداران و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیەی توشی غەمباری و دڵتەنگیكرد و هەندێكی تریشی دوچاری شۆك و سەرسوڕمانكرد , بەڵام لای ئێمە مانان و هەندێك كادر وچاودێر دەرەنجامێكی چاوەڕوانكراو بوو . چونكە سەركرادیەتی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە پێشتر ئەمانبینی خەمساردو بێ هەڵوێست و بێ دەربەستە لە ئاست چەند مەسئەلەو ڕوداووپێشهاتێكدا،سەرئەنجام دوچاری هەڵەو لادان وبادانی سیاسی بوو ، هەروەها لە ئاستی خۆئامادەكردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پێشهاتانەشدا نەبوو، كە ئێمە مانان چاوەڕوانی بوین . زۆر بە كورتی : ئەم سەركردایەتییە نەیتوانی و نەیدەزانی واقیع وەكو خۆی ببینێت و بخوێنێتەوە و شیبكاتەوە وپاشتریش بیگۆڕێت. نەیتوانی و نەیدەزانی پێشبینی هەندێك دەرهاویشتەو لێكەوتەو ڕووداو بكات ، كەدەرەنجام كاریگەری لەسەر ئەو ئاكامە دانا وەك هەفتەی پێشوو لە پاش پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ١٢ی ئایاردا بینیمان. مەخابن !..سەركردایەتی سیاسی ئەو حیزبانەی نوێنەرایەتی جەماوەرێكی پانوپۆڕو بەرفراوانی ملیۆنی دەكەن ، هەرجارێك گەر لە پڕۆسەیەكی چارەنوسسازدا دوچاری شكست و گلان و نوچدان و نسكۆ ببن ، (وەكو هەموجارێك بینراوە) ئۆباڵی شكستەكانیان ئەخەنە ئەستۆی (دەستی دەرەكی ) ونەیارو دوژمنەكانیان و شانی خۆیان لە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوییە دا خاڵی ئەكەنەوە. ئۆباڵی ئەم شكستە هەموی خرایە ئەستۆی كێ؟... هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەراییەوە لە پاش ١٢ی ئایار بە چەند ڕۆژێكی كەم . ئەم سەركردایەتییەمان هەمو ئەنجامی شكستەیان خستە ئەستۆی دەستی دەرەكی وڵاتێكی هەرێمایەتی (مەبەست كۆماری ئیسلامی ئێران) و كۆمسیۆن و دەسەڵاتی كوردی (یەكێتی و پارتی) و ڕایانگەیاند:((سندوقەكانی دەنگدان هاككراوە، بەرنامە ڕێژی و پڕۆگرام كراوە و زۆربەی دەنگەكانمان دزراوە ، ئەمە ژمارەو ڕێژەی ڕاستەقینەی دەنگەكانمان نییە و ئەبێت هەڵبژاردن بكرێتەوە)). واتە:بەپێی قسەو لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی ئەم برادەرانەی ئێمە بێت (زۆربەی دەنگەكانمان دزراوە)وئەوان هیچ گوناهو هەڵە و لادان و كەمتەرخەمییەكیان نەبووە، ئەمان هیچ بەرپرسیار نین لەم دەرەنجامەو فریشتەن!. گــــــــــــــەڕانەوە بۆ مێژوویەكی زۆر نزیك ... (حیزبی شیوعی عێراق) سەرەتای ساڵانی حەفتاكان و تا كۆتایی ئەم دەیە خاوەنی چەند ملیۆن ئەندام و دۆست و لایەنگر بوون لە سەرانسەری عێراقدا . بە قەولی خۆیان بە خۆیان ئەوت(حیزبی شەهیدان).بەڵام كاتێك لە یەك زنجیرە پراكتیكی سیاسیدا لە هەموویان بەناوبانگ تر بەشداریكردنیان بوو لەو بەرە سیاسییەی(حیزبی بەعس) دروستی كردبوو (١٩٧٦-١٩٧٩) ئەم حیزبە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئامانج و ستراتیژی سیاسی خۆی دور ئەكەوتەوەو خۆیان جیا كردەوەو خۆیان دابڕی لە (بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نیشتمانی گەلی كوردستان)، كەلەساڵی ١٩٧٦ بە دواوە بەرپا بوو ، پێشتریش كەوتبوونە دوژمنایەتی كردنی شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١-١٩٧٥) و كاتێكیش چونەشاخ و تێكۆشانی چەكدارانەیان وەك ڕێگەی خەباتی سەرەكی هەڵبژارد، لەگەڵ( پارتی) بەرەی( جود)یان درووستكردوكەوتنەدژایەتیكردنی (یەكێتی) . ئەم سیاسەتە یان ،كە بە (هەلپەرستی و دوفاقی و كلكایەتی ) ناسرا بوو ، لە لایەك پشتكردنە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوە زۆر لێكراوەكان و پاشتر دوژمنایەتی كردنی و هەروەها دووركەوتنەوە لە ئامانج و قازانج وبەرژەوەندی هاوچینەكانیان ( چینی كرێكارانی عێراق) و چونە ناو سەنگەری فاشیزم و سەرمایەوە . دەرئەنجام و لە ئاكامدا ئەم حیزبە لە ساڵی ١٩٧٩ دا لە لایەن حیزبی بەعسەوە دوچاری لێدان و پاكتاو كردن و ڕاوە دونان بونەوە ، چارە نوسیان هەڵوەرین و هەڵدێران و پارچە پارچە بون و شكست و بنبەست بوو . ئەو حیزبەی لە ساڵانی پەناجاكاندا خاوەنی جەماوەری ملیۆنی بوو ، ئەیانتوانی لە شۆڕشی 1958 دا دەستەڵاتی سیاسی وەربگرن ، بەڵام لەسەر پێشنیازوڕاسپاردەی( یەكێتی سۆڤیەت )ی پێشوو، ڕوسیای ئێستا، پشتبكەنە ئەو ئامانجەیان، بەو پاساووبیانووەی( 22) بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی دەبێتە دوژمنی هەردولایان.ئەوەتا ئێستا پاش نیو سەدە پتر ، خاوەنی تەنها دوو كورسی پەرلەمانین لەعێراقدا!. نمونەیەكی هاوشێوەی تر ... (حیزبی تودەی ئێران) زۆربەمان شاهیدی مێژووی ئەو حیزبە تێكۆشەرو قارەمان و خاوەن جەماوەرە ملیۆنیەین لە ئێران ، كەبەقەڵای كۆنە پەرستی ئەمریكایی ساڵانی پەنجاو شەستەكان و تا كۆتایی حەفتاكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسرابوو. بەڵام كاتێك لە ساڵی ١٩٧٩ دا شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی پاشایەتی قەڵای كۆنە پەرستی لە ناوچەكەدا بەرپابوو، ڕژێمی شا ڕووخا و كۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست بەسەركردایەتی باوكی ڕۆحی ڕەوتی مەزهەبی شیعە گەرا (ئیمام خومەینی)، داوا لەو حیزبە كرا بچنە بەرەی دەسەڵاتەوە و وەكو ئۆپزسیۆن نەمێننەوە و ئەوانیش لە ساڵی ١٩٨٣ دا ئەو پێشنیازەیان پەسەندكردو خۆیان ئاشكرا كرد و هیچ نهێنی كارییان نەما لەو وڵاتەدا، پاشتر و لە ئاكامدا چی ڕوویدا؟ .ئەمانیش بە دەردەكەی (حیزبی شیوعی عێراق) چون و هیچ پەندو وانەیەكیان لە هاوڕێكانی خۆیان وەرنەگرت لە عێراقی بەعسی فاشیستدا . دوچاری ڕاونان و لێدان و پاكتاوكردن بونەوە ، هێواش هێواش ، ساڵ بە ساڵ پاش نزیك بەچوار دەیە ، ئەبینین ئەم حیزبەش وەكو هاوڕێكانیان دوچاری لەت و پەت بون و داخوران و شكست و بنبەست بونەوە ،لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا بون بە هەڵم و دوكەڵ و چون بەئاسماندا.ئێستا بە كردەوە لەسەر ئاستی شەقامی سیاسی ئەو وڵاتەو لەسەر شانۆی سیاسی چرای بەختیان ،ئەستێرەی كاری حیزبایەتیان بۆ هەمیشە كوژاوەتەوەو تەنها وەك و ناوو مرەكەبی سەر كاغەز ماون و وەك و مێژوو لە دوتوێی كتێبە مێژووییەكاندا دەیانخوێنینەوە ،دەنا وەكو هەبوو یەكی واقیعی و عەمەلی و وەكو حیزبێكی پانوپۆڕی جەماوەریی لەمێژە نەماون وجەستەیان مۆمیا كراوەو خراونەتە ئەنتیكەخانەی ئەجناسەوە !. ئەبێت چی لە مێژوو فێربین ؟... مێژووی كۆن و نوێ پڕاو پڕە لە ئەزمون و وانەی بەنرخ و بەهادار ،ئەكرێت سود لەو ڕوداوانە وەربگرین نەك كتومت كۆپیان بكەین ، یان كەڵكیان لێ وەرنەگرین و بە كەم بایەخ سەیریان بكەین. ئەم مێژووە، ئەم ڕووداوانەی لە نزیكمانەوە تێپەڕیون دوور نین لە ئێمەو چارەنوسمانەوە ، بەتایبەتی بۆ ئەو حیزبانەی لەسەر شانۆسی سیاسی وڵاتەكانیان خاوەنی جەماوەری ملیۆنین و خاوەنی بەرنامەی دادی كۆمە ڵایەتی و چاكسازی و ئازادی و یەكسانین بۆ گەلەكانیان . بەڵام لە ناكاوو لە چەند ڕوداوو پێشهات وچەند قۆناغێكی كورت و هەستیاردا ، دوچاری لادان و بادان و هەڵە و پەڵە وكەم و كورتی و تەنانەت هەڵخزان و باز بازێن و هەڵپەرستی و كلكایەتی و پراكتیكی سیاسی دوفاقی دەبنەوە . دەرئەنجام چارەنوسیان هەمان چارەنوس و لە ئاكامدا ڕەوتی ڕەوڕەوەی مێژوو جێیان دەهێڵێت و مێژوو ئەوكاتە ڕەحمیان پێناكات و باجە قورسەكەیان لێ ئەسەنێت . واتە : پەڕو باڵیان ئەكات و ئەیانخاتە ناو ئەنتیكەخانەكەیەوە !. لە پاش شكستی ١٢ی ئایار ئەبێت چیبكەین ؟... ئەپرسم :ئایا ئەم سەركردایەتییە سیاسییەمان ، پێشترو ئێستاشی لەگەڵدا بێت ، واقیعی وەك و خۆی بینیوەو وەك و خۆی خوێندویەتیەوەو كاریشی بۆ گۆڕینی كردبوو؟. ئەگەر وەڵامەكەی (بەڵێ)یە . كەواتە : بۆچی بەو دەردە چووین ؟. كەواتە: نەخێر ، بە هیچ شێوەیەك خۆمان بۆ ئەو پێشهات و دەرئەنجامە ئامادە نە كردبوو،هەروەهاپێشبینی ئەو ڕوداوەشمان نەكردبوو ، وەكو هەموو ڕوداوەكان وهەموو شكستەكان لە مێژوودا جارێكی تر ئۆباڵی ئەم دۆڕان و شكستەمان خستەوە ئەستۆی نایارانمان و خۆمان لێ بێ بەری كردو وشانی خۆمان لە ژێر ئەو بارەدا خاڵی كردەوە .دەم و دەست بەهانەو پاساوەكەمان خستەوە سەر خوانە حازربەدەستەكەمان، واتە: (دەستی دەرەكی) و(دەستی نادیار) و دوژمنانی هەرێمایەتی و نەیارانی ناوخۆیی. كەواتە : پشكی شێر بەركێ كەوتووە؟ ... ئەبێت بوێرو ڕاستگۆبین،هەموو ئۆباڵی نسكۆو شكستی ١٢ی ئایار نەخەینە ئەستۆی نەیارەكانمان و لە یەك ڕستەدا كورتی بكەینەوەو بڵێین : (زۆربەی دەنگەكانمان دزراوە) . ڕاستە ساختەكاری ئەنجامدراوە و تاڕادەیەك كاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا كردووە و گۆڕیویەتی. بەڵام بەو ئاستەو بەو ڕێژەو بەو قەبارەیە نییە كە پڕوپاگەندەی بۆ دەكەین .بەڵگە وەك نمونە: (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) سەلماندی كە بە ڕێژەی لە ٥٤٪ ساختەكاری لە دەنگەكانی ئەواندا كراوە .كەواتە ئەوەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو لایەن و قەوارەكانی تر دەمێننەوە ڕێژەی ٤٦٪ و ئەوەی بەر بە بزوتنەوەی گۆڕانیش دەكەوێت ڕەنگە ١٠٪ تێنەپەڕێت . ئەم ڕێژەو ژمارەیەش ناگاتە ژمارەی دوو كورسی یان سێ كورسی پەرلەمان . هەڤاڵان، هاوڕێیان، ئێمە هەموو دەنگەكانمان لێ نەدزراوە ، پێویستە ڕاستگۆو بوێر بین ، بەئاشكراو ڕاشكاوی و ڕۆشنی پەنجە بخەینە سەر برینەكانمان ، ئێمە پێش ئەوەی دەنگمان لێ بدزرێت ، دەنگمان لێ تۆراوە ، دەنگمان لێ براوە ، دەنگێكی زۆر دوچاری ڕەش بینی و نائومێدی بووەولە ماڵەوەنەهاتووەتەدەرەوەو بایكۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی كردووە. هەروەها بەڕێژەیەكی بەرچاویش دەنگمان تۆراوەو ڕۆشتوە بۆ (نەوەی نوێ )و (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) !.هەروەها دەنگی نوێشمان بەرهەمنەهێناوە . پێویستە ئەو دۆخە ، ئەو ڕوداوانە بە چاوێكی ترەوە و وەكوخۆی بیخوێنینەوە و هەڵیسەنگێنینەوەو ڕەخنە لەو پراكتیكە سیاسییەی پێشومان بگرین ،كە هۆكار و فاكتەری شكستەكانمان بووە ، كەواتە :پشكی شێر بەرخۆمان كەوتووە نەك نەیارەكانمان . كەواتە : لوغزو مەتەڵەكە ، نهێنییەكە لە كوێ و لە چیدایە ؟ ... ئەو بەراوردكارییەی پێشومان لە ڕووی مێژوەوە بەو مانایە نیە، كە ئێمە حیزبێكی چەپڕەوو كرێكاری و كۆمۆنیستین وەك( حیزبی شیوعی عێراق و تودەی ئێران ). هەموو كەس دەزانێت تەنانەت نەیارەكانیشمان دەزانێت ئێمە ڕەوت و ڕێبازێكی ڕیفۆرمیستین و ئامانجمان بەدیهێنان و چەسپاندنی دادی كۆمەڵایەتییە، نەك ئازادی و یەكسانی و سەپاندن و چەسپاندنی سیستەمی سۆشیالیزم . ئەو بەراوردكارییەی پێشومان بەو مەبەست و ئامانجەیە ،كە ئێمە لە ڕوی كۆمەڵاتییەوە حیزبێكی پانو پۆڕو بەرفروانی جەماوەری بوین ، ئنجا دەكرێت و دەشێت ئەو جۆرە حیزبانە دەسەڵاتی سیاسی وەربگرن و ئەگەریش زۆرە لەئەنجامی زنجیرەیەك پراكتیكی سیاسی سازشكاروهەلپەرستی و دوفاقی ڕۆژ بەڕۆژ كێرڤی جەماوەریی داببەزێت و لە ناكاوولەپڕۆسەیەكی چارەنوسسازدا تێكبشكێت و دوچاری شكست و دۆڕان وبنبەستببن.دەشێت و ئەگەر زۆرە ، گەر ئێمەش وەك حیزبێكی پانوپۆڕی جەماوەریی دوچاری لادان و بادان و هەڵخزان ببین، هەمان ئاكام و چارەنوس ڕوبەڕومان بێتەوە. ئایا مێژوو خۆی دووبارە ئەكاتەوە ؟... (ماركس ) ئەڵێت :((مێژوو هەرگیز خۆی دووبارە ناكاتەوە، ئەگەر خۆی دووبارە بكاتەوە ، ئەوا لە یەكەمجاردا بە شێوەی تراژیدی و لە دووەمجاریدا بە شێوەی كۆمیدی خۆی دووبارە ئەكاتەوە ))!. كەواتە : ئەبێت هەر لە ئێستاوە خۆمان بۆ پڕۆسەیەكی تر سازو تەیارو ئامادە بكەین ،ئەویش پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە (٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨) ،كە بڕیارە بە ڕێوە بچێت .لەم ڕووەشەوە چەند مانگێكی كەم وەك دەرفەت لە بەردەماندا ماوە سەبارەت بەو پێشهاتانەو ئەبێت هەر لە ئێستاوە خۆمان ئامادەبكەین بۆئەو پێشبینیكردنانە و ڕوبەڕوی ئەو ئاكامانە ببینەوە ،كە ئەگەر زۆرە لەسەر شانۆی سیاسی ڕووداوەكان دووچاری شكست و دۆڕانێكی تر ببینەوە،(ماركس) وتەنی: بە شێوە كۆمیدییەكەی! . كەواتە : هۆكارەكانی شكست چی بوون؟... گەر چەند مانگێك،چەند هەنگاوێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە،بە دیاریكراوی شەوی ٢٤/٢٥ئەیلولی ٢٠١٧كاتێك ( چڤاتی نیشتمانی گۆڕان) بۆ سبەی كە ڕۆژی پڕۆسەی دەنگدان بە (بەڵێ) یان (ڕەتكردنەوە)ی ڕیفراندۆم بوو ، لەبەیاننامەیەكدا ڕویكردە دەنگدەرانی و ڕایگەیاند: ((سەربەرست و ئازادن بە بەڵێ یان بە نەخێر دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن)). یەكەم كەسیش لە بەیانییەكی زوودا بە ( بەڵێ ) دەنگیدا ، بەڕێز ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاك ( عومەری سەید عەلی ) بوو. ئیتر لەو ساتە وەختەوە تائێستا شەقامی سیاسی بزوتنەوەكە شڵەژاوەو دەنگۆی واتە واتێكی زۆریش لەسەر ئاستی چەندین ناوەند دروستبووەو زۆربەی زۆری بنكەی جەماوەریی گۆڕان دوچاری شۆك بووەو پەیكەری ڕێكخراوەیی بزوتنەوەكە درزی تێكەوتووە وگۆمە مەنگەكە شڵەقاوە و تا ئێستا ئەو دۆخە ئاسایی نەبۆتەوە. ئەوەتا ئێستا ئەبێت لە ١٢ی ئایاردا باجە قورسەكە بدەین. ئەم هەڵوێست و بڕیارە لای زۆربەی زۆری هەواداران و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بە هەڵوێستێكی سازشكارو دوفاق وهەلپەرستی لە قەڵەمدرا . بەڵام جێگەی پرسیارە نە ئەوكات و نە پاشتر و نەئێستاشی لەگەڵدا بێت ، نە (چڤاتی نیشتمانی گۆڕان) و نە بەڕێز ڕێكخەری گشتی وەك مەسئەلەیەكی ناسك و چارەنوسساز نە قسەیان لەسەر كرد و نە خۆیان كردە خاوەنی. واتە زۆر بە كورتی: نە ڕەخنەیان لە خۆیان گرت ، نە ڕونكردنەوەو شیكردنەوەی سیاسی و زانستیان بۆ ئەو هەڵوێستە یان هەبوو . ئەپرسم: ئایا ئەم مەسئەلەیە ،ئەم كێشەو هەڵوێستە ناسك و چارەنوسسازەیان وەك پرسیارو ڕەخنە ڕوبەڕوی خۆیانكردووەتەوە یان ڕوبەڕویانكراوەتەوە تا ئێستا یان نا ؟.گەر بەڕێز ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی نەخێرە .كەواتە : ئیشكالێك لە پەیكەری ڕێكخراوو خودی (پەیڕەو پڕۆگرام) دا هەیە وڕووی داوە ،بەڵام نابینرێت . ئەو ئیشكالەش هەبوونی (ئیرهابی فیكری)یە لەناو حیزبدا، كە بە شێوەی تارمایی جاروبار لێرە و لەوێ خۆی دەردەخات و ناوبەناویش خۆی دەشارێتەوە. ئەو ئیرهابە فیكرییەی نەیارەكانمان دەیبینێ و دەیناسێ و لەمسی دەكەن، بەڵام ئێمە (هاوڕێیان و هەڤاڵان) و هەڵسوڕاوانمان نەدەیبینین و نەدەیناسین، بەڵام وا ئێستا لەمسی ئەكەین. گەر پێچەوانەوە ،بەڕێز ڕێخەری گشتی ئاگاداری ئەم زەنگە مەترسییە بووە پێشترو ئامادە نەبووە بیسەلمێنێت و قسەی لەسەر بكات، ئەوە جێگەی داخە،ناچارین بڵێین: ئەو بەڕێزە كەڵكەڵەی تاكڕەوی لە كەللەی داوە و كەس ناوێرێت و نایەوێت ڕوبەڕوی ئەم كێشەیەی بكاتەوە ، كەكێشەیەكی ترسناكەو چارەنوسی هەموو حیزب و بزوتنەوەكەی پێوە بەسراوە!. لەدونیای پێشكەوتوی دیموكراسی ومۆدێرندا،زۆرجار بینیومانە پاش ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان سەرۆك وەزیرانی وڵات یان سەرۆك و سكرتێری گشتی حیزبەكان، ئەو حیزبانەی كە خودی ئەو كاراكتەرانە هۆكار و فاكتەری شكست بوون، بوێرانە و جوامێرانە و ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە دەرئەنجامی ئەو شكست و دۆڕانەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان و دەستیان لە پلە و پایە و پۆستە حكومی و حیزبییەكانیان كێشاوەتەوە وچونەتەوە ماڵەوەو دوور كەوتوونەتەوە لە كاری سیاسی. نەك وەكو ئێستا دەبینین هەموو ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی نەیارەكانمان و دەستی دەرەكی و ئامادەش نین بچكۆلەترین ڕەخنە لە خۆیان بگرن. دڵنیام بەم هەنگاوو پراكتیكە سیاسییە شكست لە دوای شكست بەسەر خۆیان و بزوتنەوەكەماندا دەهێنن و دواجار هەموو گەل و میللەتەكەمان دوچاری زەرەر و زیانی مێژوویی دەكەنەوە. پێوەرەكانی شۆڕشگێڕ بوون چییە؟... ئێمە ناتوانین بە هەموو بزوتنەوەیەك بڵێین: (شۆڕشگێڕ). لینین ئەڵێ: ((هیچ بزوتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانە نییە بێ تیئۆرییەكی شۆڕشگێڕانە)). تیئۆری شۆڕشگێڕانەش بوونی نییە بێ پراكتیكی شۆڕشگێڕانە. واتە: دەبێت ئەو تیئۆرە لە مەیدانی كاری بەكردەوەدا تاقی بكرێتەوە و لە مەحەك بدرێت. ئێستا ئەپرسم: مەیدانەكانی كاری شۆڕشگێڕانە و لە مەحەكدانی پلەی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕابردوودا چی بووە؟.پراكتیكی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی و لەسەر ئاستی شانۆی سیاسی ڕوداوەكان بە تایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا چی بووەو لە كوێدا بووە؟. جێگەی داخە!. ئێمە لەم مەیدانەدا تا ئاستێكی بەرچاو غایب بووین، چۆن؟. كاتێك توێژی مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیانكرد ئێمە لە كوێ بووین؟ .هەڵوێست و پەیام و بەرنامەمان چی بوو؟. پراكتیكی سیاسیمان چی بوو؟. هەروەهاكاتێك توێژی فەرمانبەران لە پاڵ مامۆستایان لە یەكڕیزی سەرانسەری و جەماوەریدا هاتنەسەرشەقام لە پێناوی گێڕانەوەی سزای پاشەكەوتی موچەكانیان وڕاگرتنی ئەو سزایە ، ئێمە چیمان وتو چیمانكردو لەكوێی كۆمەڵگەدا ڕاوەستابووین؟ .جارێكی تریش ئەپرسم : (بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و پارێزگاری سلێمانی )كە لەسەرپشكی خۆمان بوو. هەڵویستیان چی بوو؟. بە گشتی ڕاگەیاندنی ئێمە لە ڕوماڵكردنی ئەو ڕووداوانەدا وئەرك و وەزیفە و پەیام و ئەداوهەڵوێست و هەنگاوی بە كردە و چالاكی سیاسی وفیكری ومەدەنیمان چی و چۆن بوو؟. جێگەی داخە!,ئێمە بە پێچەوانەی باهۆز و شەپۆلی ناڕەزایی و داخوازی جەماوەرەوە مەلەمان دەكرد , جارو باریش بۆ موجامەلە و شەرمنانە سواری ئەو شەپۆلە دەبوین , بینیمان خودی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە دژی بایكۆت ڕاوەستاو ئامادە نەبوو بۆ یەك ڕۆژو بۆ تەنها یەك كاتژمێریش لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیی وخۆپیشاندەردا بچێتە بەردەمی دادگای سلێمانی.نەمانبینی خودی (پارێزگار) تەنها بۆ یەك ڕۆژ و بۆ یەك كاتژمێریش بچێتە ناو ڕیزی خۆپیشاندەرانی ناڕازییەوە .بە پێچەوانەوە ،لەسەر مێز و كورسییەكەی پارێزگار بوونی بەڕاگەیاندنەكانی وت :((من دژی خۆپیشاندان و بایكۆتكردنم )) !. هەر خودی ئەم بەڕێزە بوو هەموومان بینیمان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە هەڵە داوان ڕایكردو چوە ژێر باڵی (كۆسرەت ڕەسوڵ) ەوە ، لە كاتێكدا نەئەوە ئەركی ئەو بوو نە دەشبوو كارێكی لەوجۆرە ئەنجام بدات و نە لەگەڵ عورفی دیپلۆماسیشدا دەگونجا.ڕێك بە پێچەوانەوە ،ئەم هەڵوێستەی بووە جێگەی نەفرەت و بێزاری و ناڕەزایی هەواداران و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان . چونكە ئەم جوامێرە ( كۆسرەت ڕەسوڵ) هیچ سیفەتێكی حكومی نەبوو لەم دەڤەرەی ئێمەدا .هاوكات نەكەسایەتییەكی ناسراوو خۆشەویستی دانیشتوی ئەسڵی شاری سلێمانیش بوو, هەروەها(ئەدیب و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و هونەرمەند )یش نەبوو لە تاراوگە و پاش نیو سەدە گەڕابێتەوە بۆ شارە حەیاتەكەی؟. دەیانجار مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكاران و خوێنكاران ، بەڕیزی سەدان هەزاریی هاتنە سەر شەقام و چەندین شەوو ڕۆژ لەبەر سەرماو باو بۆران و لە ژێر خێمەدا بە خۆیان و منداڵەكانیانەوەمانەوە . بۆ یەكجار ئەم خۆپیشاندەرانە لە لایەن هەڵسوڕاوان و وەزیرەكان و پەرلەمانتاران و خانەی ڕاپەڕاندن و چڤاتی نیشتمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە , نەڕابەرایەتیكران , نە پێشڕەوایەتیكران , نە بە بڕیار وڕاسپاردە و پەیامی گۆڕان وەك نوكی سەرە نێزە هێنرانە سەر شەقامەكانی شاری سلێمانی بە گشتی و بۆ یەكجاریش ڕابەرایەتی و پێشڕەوایەتی نەكران لە شاری هەولێرو لە بەردەمی تەلاری ئەنجومەنی وەزیران ؟. جێگەی داخە !.. بە پێچەوانەوە , تەنها پەیام و هەڵوێستی ئەوە بو دەیوت:((ئێمە پشتیوانیتان لێدەكەین)). لە كاتێكدا حیزبیی تر و كەسایەتی تر , بەتایبەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ ) لەسەر زاری سەرۆكی ئەو جوڵانەوەیە( شاسوار عەبدولواحید) ڕاگەیەنرا:(( وەرنە سەر شەقامەكان و ئێمەش لەگەڵتان دێین و پشتیوانیتان لێدەكەین )) .لەسەر ئەم هەڵوێستەشی خرایە زیندانەوە وبە كردەوەش ڕابەرایەتی ناڕەزایی خۆپیشاندانی شاری هەولێریانكرد. هەڵبەتە ئاساییە و ئەبێت چاوەڕێی ئەوە بین كەژمارەیەكی زۆری دەنگدەرانمان بتۆرێن و دەنگ بە وجوڵانەوەیەی ئەو بدەن!. مژدە خۆشەكەچییە؟... رۆژی 28/ئایار/2018 پەرمانی عێراق پڕۆژەبڕیارێكی پەسەندكرد،دەڵێت:(( لەهەرپارێزگایەك (10)دەسندوق بەدەست بژمێرنەوە، گەرئەنجامەكە بەڕێژەی 25%جیاوازبوو،ئەوادەبێت هەڵبژاردن لەو پارێزگایە بكرێتەوە)).كەواتە: بەم پێیەبێت ئەگەر زۆرە هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك بكرێتەوە. ئەمەش مژدەیەكی خۆش و هەواڵێكی نوی َو هیوایەكی سەوزە بۆ ئێمەمانان و، گورزێكی گورچكبڕیشە بۆ ئەو لایەنانەی دڵیان بە ساختەكارییەكەیان خۆشەوچەند ڕۆژێكە ئاهەنگ دەگێڕن و ،یەك لەسەریەكیش شاندی سیاسیی حیزبییان ڕەوانەی ( بەغداد) ی پایتەخت دەكەن !. كۆ بەندو ئەنجامگیری : * گەر لەشەوی 25 ی ئەیلولدا بەیاننامەكەی (جڤاتی نیشتمانی)بە ڕاشكاوی دژی ڕیفراندۆم بوایە و سیاسەت و پراكتیكمان دوفاقی وهەلپەرستانە نەبوایە . * گەر بەڕێز ڕێكخەری گشتی ئەوسەرلەبەیانییە بەئاشكرا لە دژی ڕیفراندۆم دەنگی بدایە و ئەم هەڵوێستە پێچەوانەی دەرنە بڕییایە . * گەر لە هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینەكانی شاری سلێمانی ئێمە نوكی سەرە نێزە بوینایە و پێشڕەوی و ڕابەرایەتیمان بكردایە . * گەر ئێمە لە هەولێری پایتەخت بۆ چەند جارێك خۆپیشاندانمان ڕێكبخستایە و، كادرە ناسراووباڵاكانمان لەوێ دوو شەقیان بەدەستی بەڵتەجییەكانی (پارتی ) بخواردایە. * گەر بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی( دڵشاد عومەر ) لەسەر هەڵوێستی جوامێرانە ولایەنگری بۆ مامۆستایانی ناڕازی لەسەر كارەكەی لابدرایە یان دەستی لەكار بكێشایەتەوە یان زیندانی بكرایە. * گەر بەڕێز پارێزگاری سلێمانی (هەڤاڵ ئەبوبەكر) شەوو ڕۆژ لەناو خۆپیشاندەراندا بوایە و هەڵوێستی دژی پەیامی مامۆستایان نەبوایە و نەچوایەتە ژێرباڵی (كۆسرەت ڕەسوڵ)ی جێگری یەكەمی تاڵەبانی، كە ئێمە بەبنەماڵەیەكی مافیایی و گەندەڵ ناوزەدیان ئەكەین، لەسەر پۆستەكەی لابدرایەوهەروەك چۆن لە باكوری كوردستان دەیان سەرۆك شارەوانی و پەرلەمانتار زیندانی كراون ، ئەمیش زیندانی بكرایە. * گەر بەڕێزان(ڕێكخەری گشتی ) و وەزیر و بەشێك لە پەرلەمانتار و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەندامانی چڤاتی نیشتیمانی و چڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ،لە ڕیزی پێشی پێشەوەی خپیشاندەران و لەناوبرینداراندا بوونایە، هەروەك چۆن لەباكوری كوردستان هاوسەرۆكانی( هەدەپ) ئۆجەلانی بچكۆلانە بەڕێز (سەڵاحەددین دەمیرتاش ) و هاوڕێكانی لەكونجی زیندانی تاكەكەسیدان ، ئەمانیش زیندانی بكرانایە. * گەر ئەوەندە بەشان و باڵای سندوقە ئەلیكترۆنییەكانی ١٢ی ئایاردا هەڵمان نەدایە و ئێمە پێش هەموو كەس و یەكەم كەس بوینایە دژی ئەم سیستەمە بوینایە و پێشبینی ئەم ساختەكاریەشمان بكردایە. بە دڵنیاییەوە، هیچ گومانم نەبوو، ئێستا ڕێژەی دەنگەكانمان چوار ئەوەندە و ژمارەی كورسییەكانیشمان سێ ئەوەندە بوو،نەیارەكانیشمان وەكو ئێستا سواری سەرمان نەئەبوون و وەكو بەرزەكی بابانیش بۆی دەرنەئەچوون و ئەم ساختەكارییەشیان بۆ نەئەچووە سەر و ،ئێمەش ئێستا داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەمان نەئەكردەوە و خۆمان لە (بەغداد)یش قوشقی نەئەكرد،وەكو ئەوەی (موقتەدا سەدر) و (نوری مالیكی) و (حەیدەر عەبادی) فێڵ و پاشقولی لەگرتبین و كۆمسیۆنیش لەسەر قسە و بڕیاری ئەوان ساختەكاری بۆ ئەنجام دابن!. ئەركی هەر ئێستاوبەپەلەی ئێمە ئەوەیە، ئەو بەڕێزانە ئەو جوامێرانە بە توندی ڕەخنە لەخۆیانبگرن و دەست لە كارو پۆستەكانیان بكێشنەوە.سەركردایەتی بزوتنەوەكەشمان ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانە ڕەخنە لەخۆی بگرێ و خوێندنەوەی نوێ و هەڵسەنگاندنی چڕوپڕو زانستیانە بۆ كاروچالاكی و پراكتیكی سیاسی چەند مانگی ڕابردوی بكات و بەرنامەی نوێ و نەخشە ڕێگای نوێ بەرهەمبهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و دەوڵەمەندكردن و بەرگرتن بەهەر ڕوداوو پێشهاتێكی نەخوازراو لە ئایندەدا. هەروەها كاتی هاتووە لەسەرئاستی عێراق قەوارەو هاوپەیمانییەكی نوێ و بەرفراوان لەدژی نەیارەكانمان لە كوردستان درووستبكەین و وەكو تاكە قسەكەرو نوێنەری دۆزی كورد لەبەغدادیش هەڵسوڕێین و چیتر ڕێگە نەدەین ئەو دوو حیزبە مافیایە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان بكات ، هاوكات لەسەرئاستی كوردستانیش هاوپەیمانی یان بەرەیەكی بەرفراوانی گۆڕانخواز دروستبكەین بەئامانجی لێخستن و ئاوتكردنی بەرەی دەسەڵات ، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا( پارتی دیموكراتی كوردستان )وەك هەنگاوێكی تاكتیكی و بەرایی ،دواتریش بە ئاسانی تۆڵە لە ( یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)بكرێتەوە!. نەك لە واقیع هەڵبێین و خۆمان بشارینەوە وئۆباڵی شكست و دۆڕاندنەكەمان بخەینە ئەستۆی ئەوانیتر و نەیارەكانمان و دەستی دەرەكییەوە و شانی خۆشمان لەو بەرپرسیارێتییە مێژوییەو لە ژێرباری ئەو بەرداشە قورسەدا خاڵی بكەینەوە، كە خەریكە هەموو جەستە و مێژوی بزوتنەوەكەمان و ئێستاو ئایندەمان تێكدەهاڕێت!.
■ نیاز عهبدوڵڵا و هێمن باقر بهپێی ئاماری فهرمی وهزارهتی رۆشنبیری و لاوان، له كۆی 296 كهناڵی رادیۆ و تهلهفزیۆن له ههرێمی كوردستان 39 رادیۆ و تهلهفزیۆنی بانگخوازیی ئاینی ههیه كه پێكدێن له 23 رادیۆ و 13 كهناڵی تهلهفزیۆنی ناوخۆیی و 3 كهناڵی ئاسمانی. تائێستا جگه له یاسای كاری رۆژنامهوانی ژماره 35ی ساڵی 2007 و رێنمایی ژماره 1ی سالی 2014ی فریكوێنسی سپهیسی وهزارهتی رۆشنبیری، هیچ رێنماییهكی تایبهت بۆ مامهڵهی گوتاری ئاینی كهناڵه بانگخوازهكان نییه. دوو رووداوی رابردوو وهك ئهزموون بۆ داهاتوو یهكهم: گۆڤاری چرپه "من و خوا" ناونیشانی ئهو بابهتهی گۆڤاری چرپه بوو كه دوای بڵاوكردنهوهی توڕهیی هێزه ئیسلامییه سهلهفییهكان و حیزبه ئیسلامییهكانی بهدوای خۆی هێنا. رۆژی 5ی ئایاری2012 گۆڤارهكه روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه به ناونیشانی "چرپه داوای لێبوردن له خوا و موسڵمانان دهكات". بهڵام پیاوانی ئاینی بهرهی سهلهفییهكان بهردهوامبوون له ههڕهشهی ئهنجامدانی خۆپیشاندان، بۆ رهواندنهوهی توڕهبوونیان رۆژی 6ی حوزهیران "لیژنهی ئهوقاف و كاروباری ئاینی پهرلهمان و یهكێتی زانایان، سهرنووسهری گۆڤاری چرپهی بانگ كرد و بڕیاری داخستنی گۆڤارهكه درا". داخستنی گۆڤارهكه تهواو نایاسایی و پێشێلكاری بوو دژ به كاری رۆژنامهوانی له ههرێمی كوردستان. 8ی ئایار ئهو خۆپیشاندانهی سهلهفییهكان و پیاوانی ئاینی و حیزبه ئیسلامییهكان بانگهوازیان بۆ كرد ئهنجامدرا، ئهوان هێرشیانكرده سهر پهرلهمانی كوردستان و ژمارهیهك دووكان و یانهی مهیخواردنهوهیان سوتاند و ههوڵی سوتاندنی كهناڵی زاگرۆس-یان دا، ئهو رۆژنامهنووسانهی رووماڵی رووداوهكانیان كرد پهلاماردران، خۆپیشاندهرانیش داوای سزای له سێدارهدانی نووسهری بابهتهكه و ستافی گۆڤارهكهیان كرد. دوای هێوربوونهوهی خۆپیشاندانهكه، له مانگی حوزهیران لهلایهن ژمارهیهك پهرلهمانتاری پارتی دیموكرات و كۆمهڵی ئیسلامی و یهكگرتووی ئیسلامی پرۆژه یاسای "پیرۆزییه ئاینییهكان" پێشكهش به سهرۆكایهتی پهرلهمان كرا، كه به دوای خۆیدا دژایهتی تووندی چالاكوانان و رێكخراوهكانی كۆمهڵی مهدهنی لێكهوتهوه و ئهوان سهركهوتن له ههڵمهتی رهتكردنهوهی یاساكه. بهڵام دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان كۆی دیمهنی ئهو رووداوهی بهكارهێنا بۆ پێكانی ئامانجهكهی، كه بریتی بوو له دانانی سانسۆری نوێ دژ بهو كهسانهی رهخنه له مهلا مستهفا بارزانی و كوڕهكانی دهگرن، بۆیه له رێگای سهرۆكایهتی داواكاری گشتی به نووسراوی ژمار (5/1170) رێنمایی بۆ دهزگاكانی حكومهت و بهڕێوبهرایهتییهكان دهركرد بهوهی "له كاتی ئاگاداربوونیان له بڵاوبوونهوهی ههر بابهتێك كه سووكایهتی به ئایین و مێژووی كورد و سیمبوله نهتهوایهتییهكان بكات رێكاری یاسایی بگرنهبهر". لەدوای ئەم ڕێنماییانهوه جارێكی تر چالاكوانان و رێكخراوهكانی كۆمهڵی مهدهنی له رێگای فشارهكانیانهوه سهركهوتن بۆ كارنهكردن بهو رێنماییانهی له دهرهوهی یاسای كاری رۆژنامهوانی دران. دووهم: كهناڵی ئێن ئاڕ تی 27ی ئابی 2017 بڕیاری ژماره (618) بۆ راگرتنی پهخشی كهناڵی ئێن ئاڕ تی لهلایهن جێگری بهڕێوبهری چاپ و بڵاوكردنهوه دهرچوو بههۆی "بڵاوكردنهوهی ههندێك پرۆگرامی كهناڵێكی بێ مۆڵهت". دواتر بڕیاری سزادانهكه له 24 كاتژمیرهوه درێژكرایهوه بۆ ماوهی یهك ههفته به بڕیاری ژماره (619) له 28ی ئاب. دوای سێ ساڵ له دهرچوونی رینماییهكه ئهوه یهكهم جاربوو وهزارهتی رۆشنبیری ههنگاوێكی لهو جۆره بنێت، پێشتر له ژێر فشاری مهدهنی میدیاكاران ریێنماییهكه كاری سزایی پێ جێبهجێ نهدهكرا. بهڵام پاش سهركهوتنی یهكهم ههنگاویان، شهوی 19ی كانونی یهكهمی 2017 هێزێكی چهكدار نێردرایه سهر نووسینگهی سهرهكی كهناڵی ئێن ئاڕ تی له سڵێمانی بۆ جێبهجێكردنی بڕیارێكی تری وهستاندنی پهخشی كهناڵهكه له لایهن ههمان وهزارهت. لهو كاتهوه تائێستا وهزارهتی رۆشنبیری دهستكراوهبووه له جێبهجی كردنی بڕیاره سزاییهكانی، بهبێ گهڕانهوه بۆ بڕیاری دادگا كهوتۆته وهستاندنی پهخشی كهناڵهكان له ههر كاتێك كه هێزهكانی دهسهڵات بیخوازن. مەلا مەزهەر چی وت؟ ئەو گوتارەی مەلا مەزهەر گوزارشتی لێدەكات گوتارێكی نێرسالارانەی تێكەڵاو بە ئاینە كە پیاو وەك سەنتەر سەیر دەكات و ئەوانی دیكەش وەك خزمەتكار دەبینێت كەوەزیفەیان تەنها بەخشینی چێژ و خۆشییە بە پیاو و سوڕانەوەیە بەدەوری ئەواندا. ئەم تەرزە بیركردنەوەیە ئەگەر بۆ پاساو بگەڕێت لەناو ئایندا بێگومان پاساوی زۆری لەبەردەستدایە، بەڵام ئەوە هەر تەنها پەیوەندی بە ئاینەوە نییە، بەڵكو بەشێكی زۆریشی گواستنەوەی نەریتی نێرسالارانەی كۆمەڵگەی بەدەوی عەرەبییە بۆ كۆمەڵگەی كوردی. گومانی تێدانییە شیوازی قسەكردنی مەلا مەزهەر لەسەر ژن، سوكایەتی راستەوخۆی تێدایە و بەشێكی درێژكراوەیە لەو نادادپەروەرییە كۆمەڵایەتیەی بۆ ژن و ڕۆڵی ژن هەیە لە كۆمەڵگادا، بەڵام بەدیوێكی دیكەشدا قسەی ناخی سەدان هەزار پیای كوردە كە لە پەناو پاسار و لەژێر لێوەوە یان لە دانیشتنە پیاوانەكاندا دەربارەی ژنەكانیان و ژنانی كۆمەڵگا بەگشتی دەیڵێن. بەگشتی پیاوان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گلەییان هەیە لە ژنەكانیان بۆ ژیانی هاوبەش و پێیان وایە كە سۆز و خۆشەویستی و چێژیان دەست ناكەوێت و لەژیانی ڕۆژانەدا ئەوەندەی بارگرانیان لەسەر دروست دەكەن و داواكاریان هەیە، ئەوەندە بەدوای ئاسودەكردنی روحی و دەروونی پیاوەكانیانەوە نین. مەلا مەزهەر یەكێكە لەو هەزاران پیاوەی كۆمەڵگەی ئێمە كە هەستی پیاوبونی دەیجوڵێنێت و لەبەرگێكی ئاینیدا بەرگری لە حەز و نەزاواتە نێرینەییەكانی پیاوی كورد دەكات. ئەوە راستە كە پیاوان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گلەییان لە ژنەكانیان هەیە بۆ ژیانی هاوبەش و لەوانەیە بەشێكی ئەو گلەییانەش راست بێت، بەڵام لە بەرامبەردا پیاوی كورد خۆی چۆنە تاوەكو داوای ژنێكی نمونەیی بكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە دەرونی و ڕۆحی و سێكسیەكانی؟ . ئایا پیاوی كورد بۆ خۆی ئەو بونەوەرە رۆمانسییەیە كە تەواو پێرفێكتە و پیاوی ژیانی هاوبەش و پڕكەرەوەی حەز و پێویستیەكانە. یان زۆربەیان مرۆڤێكی توڕەی تڕۆی كەللەشەقن كە لە نەجابەت و رێزگرتن و هەستكردن بە بەرامبەردا كۆڵەوارن و لەدوای پیاوی هەموو دونیاوەن؟ بەگشتی ژن و پیاو لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نازانن ژیانێكی ئاسودە و میهرەبانانە بژین بەیەكەوە، ژیانی هاوبەش زیاتر وەكو چوارچێوەیەكی ناچاری سەیر دەكەن كە ناتوانن نەلێی دەرچن نە تیاشیدا ئاسودەبن. پیاوان حەز بە پەیوەندیەك دەكەن كە كەمترین ئیلتیزامیان لەسەر دروست بكات، ئەمەش لەپەیوەندیەكانی دەرەوەی خێزاندا زیاتر بۆیان دەچێتە سەر تا پەیوەندییەكانی ناو خێزان. هێنانی ژنی دووەم و سێییەم هاوشێوەی دروستكردنی پەیوەندی لەدەرەوەی خێزان گەڕانە بەدوای چارەسەری تێرنەبونی پێویستیە رۆحی و غەریزییەكان بە رێگایەكی قبوڵكراو دانپێدانراو لەڕوی كۆمەڵایەتیەوە، بەڵام مەرج نییە ئەخلاقیتربێت. لەهەردوو بارەكەدا مرۆڤ دەیەوێت لە كۆتوبەندەكانی ژیانی هاوبەش رابكات بە ئامانجی فراوانكردنی چوارچێوەی خۆشی و حەزە تایبەتیەكانی. راستە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئەركی قورسی دابینكردنی بژێوی ژیان بەزۆری لە ئەستۆی پیاواندایە نەك ژنان، زۆر جار ژنان وەك بەكاربەر دەردەكەون نەك بەرهەم هێن،ئەگەر ژنێك بەشداری ژیانی ئابوری نەبێت كەس گلەیی لێ ناكات، بەڵام ئەبێت بیرمان نەچێت لەو كۆمەڵگەیانەی كە ژنان ئەركی ئابوری دەگرنە ئەستۆ ئەوا ئەركی كۆمەڵایەتی و ئیشوكارەكانی ناو خێزان لەگەڵ پیاوان دابەشدەكرێت. بەكورتی، ناوبردنی ژنێك كە قبوڵی نەبێت مێردەكەی هاوبەشی بۆ پەیدا بكات لەڕوی ڕۆحی و سۆزدارییەوە بە دەینەسۆر، سوكایەتیەكی گەورەیە بە ژنان و ناكرێت مرۆڤ بەدیاریەوە پێبكەنێت و قاقا لێبدات، بەڵام ڕێگەی راستكردنەوەی ئەم هەڵەیە داخستنی كەناڵ و رێگەی نادیموكراتیك نییە، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا كە دەمانەوێت رێگە لە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ بگرین نابێت بكەوینە هەڵەی تێپەڕبوون بەسەر مافەكانی مرۆڤدا. راگرتنی كهناڵهكه یان جێبهجێكردنی ماددهی 9؟ جێبهجێكردنی بڕیاری وهزارهتی رۆشنبیری بۆ وهستاندنی پهخشی كهناڵی (سروشت)ی مهلا مهزههر خوراسانی، بۆ ماوهی ههفتهیهك له رۆژی 10ی حوزهیرانی 2018 چووه بواری جێبهجێكردنهوه. له 7 خاڵدا بڕگهی 1ی ماددهی 9ی یاسای كاری رۆژنامهوانی چارهسهری سزای یاسایی بۆ بڵاوكردنهوهی "رق و كینه و لێكترازانی پێكهاتهكانی كۆمهڵ و جنێودان و توانجی ناڕهواو ناوزڕاندن"ی كردووه، به پێبژاردنی دارایی له رێگای پرۆسهی دادگاییكردنهوه. بهڵام ههنگاوهكهی وهزارهتی رۆشنبیری جگه له سهرپێچی كردنی بڕگهی 9ی یاسای كاری رۆژنامهوانی هاوكات دروستكردنی پارێزبهندییه بۆ مهلا مهزههر بهوهی به وهستاندنی پهخشی كهناڵهكهی ئهستۆی پاك دهبێتهوه له تاوانی قسهكانی. ئهوهی پێویسته ئهنجام بدرێت دادگاییكردنی ناوبراوه بهپێی ماددهی 9 و سهلماندنی تاوانهكهیهتی لهبهردهم دادگا. راگرتنی پهخشی كهناڵهكه دهرفهتێكی تر دهبێت وهك رووداوهكانی پیشوو به دهست حیزبه دهسهڵاتدارهكان بۆئهوهی رێنماییهكان كه ههمان هێزی یاساكانیان نییه بۆ سهركوتكاری میدیا سهربهخۆكان و ئۆپۆزسیۆنهكان بهكاربهێنن. كۆمهڵی مهدهنی لهبهردهم لاسایی كردنهوهی رێگاكانی دهسهڵات ئهوانهی پێیان وایه بۆسهرخستنی گوتاری مهدهنی بهسهر گوتاری توندووتیژ و سوكایهتیكردن به ژن دهبێت كهناڵی (سروشت) دابخرێت به ههڵهداچوون، چونكه ئهمه لاساییكردنهوهی میكانیزمه نایاسایی و توندووتیژهكانی دهسهڵاته بۆ سهركوتكاری و سڕینهوهی بهرامبهر بهبێ هیچ دیالۆگ و دیبهیتێك له نێو كۆمهڵگا. ئاین كه له كۆمهڵگاكانی ئێمه زۆرجار دهسهڵاتی بڕیاردهره له چارهنووس و ژیانی كهسهكان بهم رێگایه چاكسازی تێدا ناكرێت، بهڵكو پهرچهكرداری ریشهیی قوڵی ململانێی گرووپ و ئاراسته فیكری و ئاینییهكان لهگهڵ داكۆكیكارانی مافهكانی مرۆڤ و عهلمانییهكان تووندتر دهكات. پێویسته كۆمهڵی مهدهنی شوێنپێی ههنگاوهكانی بۆ وشككردنی سهرچاوهكانی جیاوازی رهگهزی و توندووتیژی ئاینی بدۆزێتهوه كه مهلا مهزههر تهنیا كهسێكی نیو ئهو رهوتانهیه كه له كوردستان خاوهنی 39 كهناڵی راگهیاندنن.