■ لەتیف شێخ مستەفا پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری کوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەکییەکان و بەرگری لە کوردستان ، ناش بێت دەستوەرداتە کاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەکاربھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە کوێی ئەم دوو ئەرکەدایە ؟ یەکەم: سەبارەت بە بەرگری ھێڕشە دەرەکییەکان ١- عێراق ھێڕشیکردوو ٥٠٪ ی خاکی کوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەک ھەر بەرگری نەکرد بەڵکو پاشەکشەیەکی شەرمەزاروو ئابڕوتکێنی پێکرا. ٢- ئەوە تورکیا بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر ھاتوەتە ناو خاکی کوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەکات ، کەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای تورکیا چوەتە ناو خاکی حەبەشەوە. ٣- ئێرانیش خۆی کەی پێی خۆش بێت و تا کوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی تورکیا زیاتر نابێت. ٤- لەشەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەکانی تەحالوف قەسفیان دەکرد شوێنەکانیان ڕزگار دەکرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت. دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەکاردەھێنرێت و بەکارھێنران : ١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەکوشت دان. ٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەکاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەکانی سوپایەکی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیە و کراونەتە میلیشیایەکی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریاندەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنییەکان بە چەک و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەکان و خەڵک دەکوژن یان فەلاقەیان دەکەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەکانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەکەن . ٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی دەنگدانی تایبەت بەکاردەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێکخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات. ٤- بەکارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەکان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار کەس بەناوی پێشمەرگە موچە و دەرماڵە و خەرجی سەربازییان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەکرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردەگرن لە ٥٠ ھەزار کەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەکانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساکەی حوکمەت تایبەت بە ڕێکخستنەوەی مووچە و نەھێشتنی موچەی بندیوار فەرماندەکانی ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەکەن بۆئەوەی یاساکە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان کردبوو. کەواتە پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێکی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بوەتە ئامڕازێک بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵک ، دەبێ یان ڕزگاربکرێت و بکرێتەوە بە سوپای بەرگری کوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە.
■ ئاریان فەرەج ئەوەی دەگوزەرێ هیچ نییە جگە لە هەماهەنگی و رێكکەوتنی دێرینی بەغدا و ئەنقەرە و رێگەدان بە سنوربەزاندنی یەكدی. هیچ نییە جگە لە گەمە كۆنەكەی توركیا و پەكەكە. هەر درێژەی ئەو سیاسەتە چەوت و گومانبارەیە كە پەكەكە لەوەتای هەیە پەیڕەوی دەكات. بە ئەنقەست بێت یان لە شكستەوە، گۆڕەپانی خۆی جێهێشتووە و شەڕ و ئاشووب و سوپای تورك پەلكێشی باشوور دەكات. بەوەش لەوەتای هەیە مایەی سەریەشە و گێچەڵ و بەڵایە بۆ باشووری كوردستان. پەكەكە بە حیساب بۆ باكوور خەبات دەكات و بەڵام لە هەر سێ پارچەكەی دیكە شەڕ و شەڕڤان و چالاكی و خۆهەڵقورتاندنی هەیە تەنیا لە باكور نەبێت. گێچەڵ بە حكوومەتی هەرێم و هەموو هێزە كوردییەكانی هەموو پارچەكان دەكات، تەنیا تورك و سوپای تورك نەبێت. بۆ شەڕی هەموان ئازایە، بەرامبەر هەمووان لوتبەرز و بوغرایە تەنیا بەرامبەر بەو لایەنە نەبێت كە گوایە چەكی لە دژی هەڵگرتووە و دەبوایە بۆی لە مەیدان بێت. دەمێكە هێزە ئیقلیمییەكانی وەك ئێران و توركیا شەڕ لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان وەك ستراتیژێك پەیڕەو دەكەن. لە بری ئەوەی لەسەر خاكی خۆیان و لە ناو خەڵكی خۆیاندا شەری نەیارەكانیان بكەن، لە دەرەوەی ماڵ و سنورەكانی خۆیاندا سەرچاوەكانی مەترسیی بۆ سەر ئەمنی قەومییان دەكەنە ئامانج. جیا لەوەی دەوڵەتی عێراق لە دێرینەوە ئەم ستراتیژەی توركیای بە رێكکەوتن قبووڵ كردووە، هیچ یەك لەو دوو وڵاتە ئیقلیمییەش ئەم ستراتیژە ناشارنەوە و بە دەنگی بەرز رایدەگەیەنن كە لە كوێ مەترسی لە دژیان هەبێن روو لەو جێیە دەكەن و لە لانكەی خۆیدا مەترسیەكە دەخنكێنن. وجود و چالاكییە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئیران لە هەر یەك لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان ولەشكركێشی توركیا بۆ عەفرین نموونەگەلێكی یەكجار زەق و بەرچاون. تا ئەم چركەساتەش كاردانەوە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم ستراتیژە ئیقلیمییەدا شتێك نییە شایانی باس بێت. جیا لە رێکكەوتنی كۆن لەگەڵ توركیا و جیا لەو پەیوەندییە نائاساییەی عێراق بە ئیرانەوە دەبەستێتەوە، پشتگیریی ئەم دواییەی هەردوو ووڵاتیش بۆ بەغدا لە دژی كوردستان و ریفراندۆمەكەی، بێ پاداشت و بێ بەرامبەر نییە. بۆیە هەر كەسێك لە پرسی هاتنی سوپای توركیادا دەستی خەتاباری بۆ حكوومەتی هەرێم و پارتی درێژ دەكات، جگە لە گێلایەتیی سیاسی و بەگێل زانینی خەڵك، هۆكارێكی دیكەی نییە. هەرچی لەو بارەیەوە روو دەدات، دەرهاویشتەی رێکكەوتنەكانی هەر سێ دەوڵەت و ئاكامی سیاسەتی هەڵە و شومی پەكەكە یە و زەرەرمەندیش باشووری كوردستان و گوندنشینانی سنوورەكانی ئێمەیە. kdp
■ سەردار عەزیز ڕۆژانی داهاتوو لە زانکۆی گالوەی لە ڕۆژئاوای ئایرلەندا لە میانەی کۆنفرانسێکدا باس لە عێراق دەکەم وەک پانتاییەکی توندوتیژی. سەرتاپای کۆنفرانسەکە تەرخانە بۆ پرسی پانتایی و توندوتیژی. کارەکەی من بەشێکە لە کارێکی گەورەتر بۆ خوێندنەوەی عێراق لە دیدی تیرەتۆریەوە. مەبەست لە تیرەتۆری، بە پێناسەی ستیورات ئیلدن، ئەو تەکنیکەیە کە دەسەڵات هەیەتی بۆ ئەوەی خاكێک و خەڵکەکەی لە گەڵ هەموو پێکهاتەکانی تریدا لە ڕووی یاسایی و تەکنیکەوە بەڕێوەببات. بەو مانایە کاتێک خاکێک دەبێتە تیرەتۆری کە لە لایەن دەسەڵاتێکەوە بەڕێوەببرێت. کەواتە تیرەتۆری شتێکی چەسپاونیە. ئەوەی من پێشنیاری دەکەم دەربارەی عێراق ئەوەیە کە عێراق سەرەتا وەها بیری لێکراوەتەوە کە پانتاییەکە، هەرچەندە خەڵکی جیاوازی لە خۆی دەگرێت، بەڵام دەتوانرێت لە رێگای حوکمکردنیەوە بکرێتە یەک خەڵك و لە رێگای دەسەڵاتێکی ناوەندیەوە بەڕێوەببرێت. کاتێک لە ئەدەبیاتی سەرەتای عێراق دەڕوانیت، واقت وڕدەمێنێت کە چەندێک لە ئێستا دەچێت و چەندێک داڕێژەری بنەمای ئێستایە. بۆیە پیرایا ساتی وەها بیردەکاتەوە کە بۆ ئەوەی باشتر لە ئێستا تێبگەین دەبێت سەرەتا لە دروست بونی عێراقەوە دەست پێبکەین. لە گەڵ دروستبونی عێراقدا دیاردەی بەکارهێنانی فرۆکەی جەنگی لە ڕۆیاڵ ئێر فۆرسی بەریتانی دروست دەبێت لە ساڵی ١٩١٨. نازانرێت بۆ؟ بەڵام ئاشلی جاکسۆن و پیرایا و زۆرێک لە ئەوانی تر هەموو جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێڕاق یەکێک بوو لە ئەو جێگایانەی کە هێزی فرۆکەوانی پاشایەتی بەریتانی تیایدا دروستبوو. دیارە هەریەکەو هۆکاری جیاواز دەهێنێتەوە بۆ بوونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگی فڕۆکە، کە لە گەڵ خۆیدا کۆمەڵێک چەمکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە وەک: چاوێک لە ئاسمان، حوکمکردن لە ئاسمانەوە هەروەها چەندینی تر. بەڵام ئەوەی ڕوونە کە ئەگەر فڕۆکە نەبوایە عێراق نەدەبوو. ئەمە هەر لە سەرەتاوە لای ئینگلیزەکان ڕوون بوو. بۆیە دەسەڵاتی مەلیک بە بێ بوونی فرۆکە دەسەڵاتێک زۆر لاوازبوو. ئینگلیز بۆ ئەوەی ڕەوایی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە دژ بە عەرەب و کورد بدەن لە عێراق بیانوو بەهانەی سەیریان دروست کردوە، کە جگە لە بیابان بوون و فراوانی و ئاسانی بەکارهێنانی فرۆکە لە عێراق ڕەگی هەیە لە تیورەی پانئۆپتیکۆمی جێرەمی بێنتامدا، کە میشێل فۆکۆ لە کتێبی دیسپلین و سزادا بە ووردی کاری لە سەر دەکات. ئامانجی بێنتام ئەوەیە کە دەبێت بەندیخاە بە جۆرێکی وەها درسوت بکرێت، کە بەندی وەها هەست بکات کە هەمیشە بینراوە، چونکە ئەوەی دەیبینێت نەبینراوە. بۆیە ئەم ناوەککیکردنەی بینەر لە ناخی بەندیدا بەندی وەها لێدەکات کە بەردەوام وەها مامەڵە بکات کە چاودێری دەکرێت. ئیگلیزەکان وەها مامەڵەیان لە گەڵ فڕۆکەدا کردوە کە جۆرێک لە ترس و تۆقاندن لە ناخی خەڵکی عێراقدا دروست دەکات کە وەها بیربکەنەوە کە ناتوانن خۆیان حەشار بدەن، یان هەڵبێن، یان هیچ جێگایەک نیە داڵدەیان بدات بۆیە وەها باشە ملکەچی دەسەڵات بن. دەبینین چۆن سەروەر کە مەلیکە، بۆ زانیاری کاتێک مەلیک فەیسەڵ دەهێنرێت بۆ عێراق لە بەسراوە، ئەوە یەکەمجاریەتی پێبنێتە سەر خاکی عێراق، لە دەرەوە دروست دەکرێت، بە هێزی فرۆکە دەسەڵاتی بۆ پەیدا دەکرێت، پاشان لە رێگای تەکنەلۆجیاکانی مۆدێرنەوە حوکمی بۆ بونیاددەنرێت. هەموو نەک لەبەر ئەوەی کە عێراق بۆ عێراقیەکان دروست بکات، بەڵکو عێراق لە هەموو مێژوویدا هەمیشە بۆ ئەوانی تر هەبووە. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا خاکێک سنور بەند دەکرێت، دژ بە نەرێتی هەمیشە جوڵەی خەڵك. بڕوایەک دێتە ئاراوە کە دەتوانرێت خەڵكی ناو ئەم پانتاییە بکرێنە خەڵكێکی تر بە رێگای رێگری لە توندوتیژی و دەستوەردانی دەرەکی. ئەم باوەڕەی کە دەتوانرێت خەڵكێک بکرێت بە خەڵكێکی تر زۆر ساویلکەیە، کە پاشان ئەو دەرئەنجامەی لێدەکەوێتەوە. عێراق کە سێ بەشە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. سۆمەرییەکان باشوریان بونیادنا، پاشان بابلیەکان ناوەڕاست، ئینجا ئاسورییەکان باکور. هەر ئەم بنەمایەیە کە تەنزیماتی عوسمانی دەیکات بە سێ ولایەت، پاشان دەبێتە بنەمای دروست بونی دەوڵەتی عێراقی ئینگلیزی. سیاسەتی تیرەتۆری هەمیشە پێویستی بە توندوتیژی هەبوە. تیرەتۆری خۆی بەبێ توندوتیژی بەرهەم نایەت. ئەمڕۆ کە عێراق دەیەوێت فیدراڵ بێت، بەبێ ئەوەی فیدراڵ بێت، دیسانەوە پیویستی بە توندوتیژی زۆرە بۆئەوەی هەبێت. وەک چۆن لە سەرەتادا بەبێ فرۆکە پادشا هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو، ئەمڕۆش ئەگەر فڕۆکە نەبوایە ئەوا داعش عێراقی دەگۆڕی. کەواتە حوکمی ئەم پانتاییە پێویستی بە توندوتیژیە. هونەری سیاسەت ئەوەیە کە چۆن ئەم توندوتیژیە دەستەمۆ بکەیت، چونکە ناتوانیت لەناوی بەریت. بەڵام لەبەرئەوە پەرتەوازەیی خەسڵەتی سەرەکی دانیشتوانەکەیەتی ئەوا ئەستەمە توندوتیژی بە ئاسانی لە میانەی زانستی سەربازیدا بەکاربهێنرێت بۆ کۆتایی توندوتیژی. کرۆکی فەلسەفەی سەربازی ئەوەیە کە چۆن لە رێگای توندوتیژیەوە، بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی، توندوتیژی کۆتایی پێدەهێنێت.
■ سەردەشت عەزیز ... + چهندینجار كۆمپانیا گهورهكانی بواری تهكنۆلۆژیا، بهدواداچون و رونكردنهوهیان ههبوه لهسهر ئهو گرفت و تۆمهتانهی ئاڕاستهی ئامێرهكانیان كراوه، بۆ نمونه چهند جارێك سامسۆنگ و ئهپڵ لیژنهیان دروست كردوه لهسهر ئهوهی كهپاتری مۆبایلهكانیان بهدهست خهڵكهوه تهقیوهتهوهو قهرهبوشیان كردونهتهوه، لهكاتێكدا نرخی ئهم مۆبایلانه لهچهند سهد دۆلارێك تێپهڕناكات، بهڵام ئهم كۆمپانیا-یانه خاوهنی ناوبانگن و قبوڵیان نیه گومانیان لهسهر دروست بكرێت. + ماوهی مانگێكه لهعێراقدا، خهریكه شهڕی ناوخۆ دروست دهبێت لهسهرئامێرهكانی كۆمپانیای میرۆی كۆری، وڵات و لایهن، نهما قسهیان لهسهر ئهم گرفتانه نهكردبێت، كه تۆمهتهكه لهسهر ئامێرهكانی ئهوانه، بهڵام تا ئێستا ئهم كۆمپانیایه بهدێڕێكێش هیچی نهوتوه لهكاتێكدا ١٣٥ ملیۆن دۆلاری لهعێراق وهرگرتوه. بۆیه تهنها ئهم خاڵه بهسه بۆ ئهوهی بزانیت ئهم كۆمپانیایه چهند فاشیله چونكه لهبهر ناوبانگی خۆشی بوایه دهبوو رونكردنهوهی گرنگ و یهكلاكهرهوهی ههبوایه. میرۆ، لهناو كۆریادا بهو هەڵسەنگاندنانەی بۆی کراوە بەكۆمپانیایهكی فاشیل دادهنرێت و زانیاریهكیش ههیه لهناو كۆریادا تهنها كاریان چاككردنهوهی ئامێرهكانی دهنگدانه نهك بهڕێوهبردن. -ههر بۆ زانیاریتان ژمارهی كارمهندانی ئهم كۆمپانیایه لهنێوان ١١ بۆ ٥٠ كارمهنده، سامسۆنگ لهكۆتایی ساڵی ٢٠١٧ ژمارهی كارمهندانی ٣٢٠ ههزارو ئهپڵ ١٢٣ ههزار بوه.
■ ستران عهبدوڵڵا... ههفتهی رابردوو شهڕه ئاو بوو. شهڕه ئاو به مانای قسه لهسهر قهزیهی ئاو بوو كه قهیرانێكی جیهانییه و لهوێشهوه له خۆرههڵاتی ناوهڕاستدا تایبهته و له زۆنی چڕكراوهی دیمهنهكهشدا تایبهتی كوردستانه. شهڕه ئاوه به مانای ئهوهی تا ئێستا میدیای ئێمه ئهو مهسهلهیهی به جددی وهرنهگرتووه و وهك گهمهی ئاو و میهرهجانی هاوینی تاقهت پڕوكێن سهیری دهكات. شهڕی ئاو بوو لهسهر ئهوهی وڵاتانی ناوچهكه كه لهسهر هیچ رێكناكهون لهسهر نهیارێتی مهسهلهی كورد نهبێت. له دۆسێی ئاویشدا وهك دۆسێی وشكانی و سهرزهمینی كوردستانی ناكۆكی و یهكێتی ههڵوێستی خۆیان دهرخستهوه. شهڕ لهسهر دیجله و فورات كه نیعمهتێكی خواییه و بهسهر خاكی كوردستاندا رژاوه، كهچی وهك نهوتهكه بۆته لهعنهتێك كه بهسهر كوردستاندا باریوه. له نێوان نهفرهت و فهڕ دا، وڵاتی نێوان دوو زێ، عیراق، ئهویش بهم دهرده كوردستانییهوه گیرۆده بووه. عیراق كه لهسهر ههموو شتێكی كورد و كوردستانی باشوور قسهی ههیه و قڕهی ههیه لهگهڵمان، لهسهر ئهو پرسه ژیارییهی كوردستان و عیراق قسهی وهك نوزهی نهبووه و داكۆكی پێ ناكرێت. دهرو دراوسێ به قهتره رووی خۆیان له ئێمه دهكهن و به لافاو رووی خۆیان لێمان وهردهگێڕن. ههرچی قسهی نهرم و نیانی فهرههنگی دهوڵهته شهرقییهكان ههیه لهگهڵ ئههلی دیجله و فورات بهكاری دێنن وبه كردهوهش ههر ئهوه دهكهن كه خۆیان گهرهكیانه. كێشهی ئاو له كوردستان و عیراق له خودی ئاوهكه قوڵتره، چهندی چاوی لێ بكهین و دیقهتی بدهین له ئۆقیانووسی خهم و خهفهت دا نقوم دهبێت و وشكانییهك نییه لێی بوهستێت، چونكه ئهوهی قسهی لێ دهكات له سهكۆی میدیا و له سهكۆی دیبلۆماسی ههر بهقهدهر ئێمهی لێ دهزانن، كهچی مهلهی تێدا دهكهن و ئههلی كیتابیش، ئههلی دانش و عیلم، كهمترین قسهی لهسهر دهكهن، چونكه وهك چۆن ئێمه مهلهوانی له زانست و ئاو نازانین، ئهوانیش خۆیان له شهڕه ئاوی میدیا لادهدهن، نهبا تهڕبن. ئاو له خۆرههڵاتی ناوهڕاست و له دنیا، له ناو ئهو دووانهشدا له دونیای كوردستاندا كه گیرۆدهیهكی خۆههڵاتییه، دڵۆپ دڵۆپ دهستهمۆ و ماڵی دهبێ و ئاوهدانی دێنێت. حاڵی ئاو حاڵی سیاسهت و جوڵهی سیاسییه له ناوچهكهدا، دڵۆپ دڵۆپ وشكانیی تهڕ دهكات و له شێوهی بهرههمهێنانی ئاساییدا خاوه و بهكاوهخۆ و خاو دهگۆڕێت. لهسهر ئهم شهڕی ئاوه كوردستانی نوێی ههفته دووتوێیهكی تایبهتی ههیه كه وردتر لهو مهسهلهیه دهدوێ و سخناخه به زانیاری پڕسوود پهیوهست به مهسهلهی ئاو و شهڕی ئاوو كوردستانی نوێ
■ بڵێسە جەبار فەرمان ئەوە بەرەو مانگێک ئەچێت کە هاوڵاتیانی عیراق دەنگیان داوەو هەڵبژاردن ئەنجام دراوە. پێش هەموو شتێک من لەگەڵ ئەوەم دەنگەگان و سنوقەکان بەدەست ئەژمار بکرێنەوە, بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەسەر هەڵبژاردن نەمێنیت. بۆ ئەوەی حکومەتی عیراقی ئایندە جێگای متمانەی هەمووان بێت و نوێنەرانی گەل لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گومانی تەزویریان لەسەر نەبێت. لەم یەک مانگەدا گوێبیستی چەندەها لێدوان بووین, هەر لە لێدوانی ناوخۆیی و دەرەکی کە پیرۆزبایی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد و پیرۆزبایی سەرخستنی دیموکراسیان کرد و دانیان بە دەرئەنجامهکاندا نا, هەتا لێدوانی لەگۆڕنانی دیموکراسی و تۆمەت بەخشینەوە بە یەکتری و تەشیرکردن بە ساختەکاری. لەماوەی ئەم مانگەدا بە سەدان لێدوان دراوەو بە دەیان بابەتی دژ بەیەک نوسراون. هەموو حزبەکان یەکتریان تۆمە بار کرد بە ساختەکاری و کرینی دەنگ. . ئەوەی 6/6/2018 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روویدا, بەشێک بە سەرخستنی دیموکراسی و رۆژێکی مێژوویی دائەنێن و بەشێک بە انقیلاب و ڕۆژێکی رەشی ئەبینن. بە پێی لێدوانی لایەنەکان بۆ ئەژمارکردنی دەستی پێویست بە زیاتر لە چل ملیون دولارە ئەکات و ئەم پرۆسەیە تا مانگێک ئەخایەنێت, کە بەم هۆیەشەوە وڵات ئەکەوێتە بۆشایی یاسایی و ئەمنیەوە. ئەمە بەدەر لەوەی کە ئەم پرۆسەی بە دەست ئەژمار کردنە گومانەکان نارەوێنیتەوە. لە ئێستاوە اعتراف بە نەتیجەکانی ناکرێت چونکە گومان لەسەر شوێنی مانەوەی سنوقەکان هەیە, کە ماوەی مانگێکە لە کۆگاکان دانراون. هەروەها گومان لەو لایەنانە دەکرێت کە پاسەوانی سنوقی دەنگەکان ئەکەن. لە هەموو عێراق تۆمەت بەخشینەوەو دژایەتی یەکتری هەیە بەڵام ئەوەی جێگای سەرسورمانە هەڵوێستی پارتە کوردەکانە لەسەر کەرکوک. هەڵوێستی هەندێک سەرکردەی کوردە کە لیدوای ئاگرینی دژ بە کورد ئەدان و تەنها بۆ کەم کردنەوەی کورسیک یا گومان خستنە سەر دەنگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. کارەساتە ببینیت پێش هەڵبژاردن پارتێکی کوردی بایکۆتی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکات. پارتێکی کوردی بە لایەنگرەکانی بڵیت دەنگ بە تورکمان بدەن. کارەساتە دوای هەڵبژاردن پارتی کوردی و سەرکردەیەکی کورد گومان بخاتە سەر کورسی کوردەکان لە کەرکوک و بڵێت عرب و تورکمان غەدریان لی کراوە. سوپای تورکیا لە سۆران پیاسە ئەکەن و بە ئازادی بەربانگ ئەکەنەوە. ئاڵای تورکیا لە برادۆست ئەشەکێتەوە. برا گەریلاکانمان لە قەندیل لەژێر مەترسیدان. جەنگێکی خوێناوی بەرێوەیە. کارەساتە هەست بەو پیلانە نێودەوڵەتی و اقلیمیە نەکرێت کە لەسەر ناوچەکەو و هەرێمەکەمانە. تاوانە دوای دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی ئەم میلەتە ئێستا هەمووی ئەوانەی بە دەستمان هێناوە بە دەستی خۆمان لەدەستی بدەین.
■ لەتیف شێخ مستەفا میلیشیا بەھەر ھێزێک دەوترێ کە سەر بە دەوڵەت نەبێ ، بێ سێ و دوو بەبێ خۆ ماندوکردن سەدەھا بەڵگەی بینراوو نوسراوو دانپیانانی خۆیان ھەیە کە ھەموو ھێزە چەکدارەکان میلیشیای حیزبن . لە دوێنێوە میدیاکانی دەسەڵات بە تایبەتی یەکێتی گوێیان کەڕکردوین و خۆیان شین و مۆر کردۆتەوەو ھەڕەشەدەکەن گوایا دەست بۆ پیرۆزیەکانی میللەت براوە ، من وەک تاکێکی ئەم میللەتە و ھەزارەھاو ملێۆنەھای وەک ئێمەش دەڵێن کە ئەوە ئێوەن پیرۆزیتان لەو ھێزە داماڵی و لە پێشمەرگەو ئاسایشی خەڵکەوە کردتانن بە میلیشیای حیزب ، لە خۆپیشاندانە مەنەنیەکانی خەڵک دژیان بەکاریان دەھێنن لە ھەڵبژاردنیشدا تەزویریان پێ دەکەن ، بۆیە لای خەڵک پیرۆزیان نەماوە ، ئەگەر لایەک ھەبێ سوکایەتی بە پیرۆزی ئەو ھێزانە کردبێ و ھۆکار بێت لە نەھێشتنی پیرۆزیان ئەوە ئێوەن ، ئەوە ئێوەن پێویستە دادگایی بکرێن لەسەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانتان لە ھێزی ھەموو خەڵکەوە بچوک کردۆتەوە بۆ میلیشیای حیزب لە ناو حیزبیشدا بۆ ئەم سەرکردەو ئەو بنکردە ، ئەوە ھەردوو حیزبی دەسەڵاتەدەبێ چەک بکرێن و لە میلیشیا دابماڵرێن.، بنکردەکانیشیان دەبێ دادگایی بکرێن . بەھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش دەڵێم ، جارێکی تر چونە ناو گەمەی ھەڵبژاردن لەگەڵ ئەم دوو حیزبە میلیشیاییە خۆ ھەڵخەڵەتاندنە ، دەبێ لەمڕۆوە خەبات بۆ چەک کردنی ھەردوو حیزب بێ ، خەبات بۆ نەھێشتنی میلیشیا بێت ، ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق کردتان بۆ ھەڵبژاردن دەبێ لەمەودوا عەینەن شت و زیاتریش بکەن بۆ نەھێشتنی حیزبی میلیشیایی و ڕزگار کردنی پێشمەرگەو ئاسایش و دژە تێرۆرو ھەموو ھێزە چەکدارەکانی تر لە کۆیلایەتی حیزب،.
■كەمال چۆمانی .... رێگای دیموکراسییبونی هەرێمی کوردستان بە بەغداددا تێپەڕدەبێت. سەرکەوتنی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستاندا، پەیوەستە بە سەرکەوتنی دیموکراسیی لە عێڕاقدا. هەرێمی کوردستان ناتوانێت دیموکراتیک بێت ئەگەر بەغداد دیموکراتیک نەبێت، بۆیە کارکردنی جدییتر بۆ دیموکراتیزەکردنی عێڕاق، گارەنتیی سەرکەوتنی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت ئەو راستییە بزانن دەکرێت پشتیوانیی بەغداد بەکاربێنن بۆ روبەڕوبونەوەی چەتەگەرایی ئابوریی، تاکڕەویی سیاسیی و حوکمی میلیشیایی حیزبیی لە هەرێمی کوردستاندا. بەغدادێکی دیموکراتیک نەک بەغدادی ئەل-مالیکیی و هادی ئەل-عامڕیی. هەر بۆیە، گرنگە جدییتر لە بەغداد کاربکەن، هەروەک چۆن بینیمان کاریگەرییان هەبو لە بەغداد. هەر بۆ نمونە، بۆ رزگارکردنی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس لە چنگی حیزب و بنەماڵە و سیاسییەکان، پێویستە فشارەکان لە بەغداد زیادبکرێن لەسەر حکومەتی هەرێم. پێویستە پێشمەرگە سەر بە مەنزومەی دیفاعی عێڕاقیی بێت. بەو رێگایە نەبێت، ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت هێزی میلیشیای حیزبیی و ئاسایشی حیزبی بکاتە هێزێکی نیشتیمانیی. ئەو هێزە میلیشیا و ئاساییشە حیزبییانەش، هەمیشە مەترسییەک دەبن لەسەر ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، خودی ئۆپۆزسیۆن و دیموکراسیی. دیموکراسیی هەرگیز سەرکەوتو نابێت لە کاتێکدا میلیشیای حیزبیی هەبێت. تەزویری هەڵبژاردن و بڕیارەکانی پارلەمان باشترین نمونەن کە بەغداد دەتوانێت فشارێکی بەهێز بێت لەسەر هەرێم بۆ چاکبون. ئەوەی لە تەخوینی خیانەتکاران دەترسن، هەرگیز ناتوانن گۆڕانکارییەک ئەنجامبدەن، بۆیە؛ نابێت ئۆپۆزسیۆن لەوە بترسێت لەلایەن هێز و کەسانێکەوە تەخوینبکرێت، مەگەر هێزێک هەیە لە هەرێمی کوردستان هێندەی تەنها رۆژێکی ئەو هێز و کەسانە خیانەتیان کردبێت؟
■ عەبدولڕەزاق شەریف ..... رێككەوتنی سیاسی هەڤدەی ئەپرێلی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە ئەلفەوە تا یا، بەدیباجە و جەوهەر و چەندوچونی، ئامانجەكەی گەڕاندنەوەی تەوافوق و تەوازون لە پرۆسە و هاوكێشەی سیاسی هەرێمی كوردستان بو، لە رێگەیەوە دەستوری هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە، هەندێك لە یاسا گرنگەكانی تایبەت بە ژیانی خەڵك و سیستمی سیاسی لە پەرلەمان دەربچێت یان هەمواربكرێتەوە، بەشێوەیەك زامنی گۆڕانكاری و گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابوری، زانستی و كۆمەڵایەتی هەرێم بكات، وەك ستون و بناغەیەكی پتەویش بۆ دەرفەتی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان رایبگرین. ئەمە، دوا وێستگەی ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا بو، تیایدا، بانگهێشتی گشت حیزب و لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی بۆ پشتیوانی و هاوكاری و بەشداری كردبو. بە هەر پیلان و بەهانە و هۆكارێكی دەرەكی یان ناوخۆیی بوبێ، ئەو دەرفەتەش، وەك زۆر وێستگەی تری مێژوی كوردایەتی، بەخۆمان و لە دەرەوەی خۆمان، مەیی و لەمەنگەنە درا، جارێكیتر پەنجەرەكانی ئومێدی پێشكەوتن و سەربەخۆیی یان بەڕوی گەلەكەماندا، كلۆم كرد، لە پشتیشەوە، دەرگا گەورەكانی شكست و كەوتنیان بۆ كردینەوە. تا دێ و هەرا و زەنای بێدادی و بێژیانی و كاولەماڵی، رەنگ و دەنگی زیاتر دەبێت، مەترسی و ئاڵەنگارییەكان گەورەتر دەبن، تاقانە روناكی ناو ئەم تونێلەی كە هەمومانیان لەناویدا، خزاندوە، دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە، كە دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە رێككەوتنی سیاسی هەڤدەی ئەپرێلی نێوان ب.گ و ی ن ك ناسرا. عیبرەت وەرنەگرتنی یەكێتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، هیچ لە بەهای ئامانج و بیری سیاسی و ناوەڕۆكی پرۆژەكە كەمناكاتەوە. بۆ ئەم قۆناغەی میللەتەكەشمان، بەنرخترین میراتی نەوشیروان مستەفایە و مەیدانێكی فراوان و گرنگی بزوتنەوەكەشە، كە دەتوانێ بێ ئافات، جوڵەی سیاسی تیا بكات. لە پشكی یەكێتی و یەكێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی سەركردایەتی هاوبەش "كە تەنیا خاڵی جێبەجێكراوی رێككەوتنەكە بو" ئێستا رێبەرایەتی رێكخراوێك لە دەرەوەی یەكێتی دەكا، كۆڵەكەیەكی پتەوی بەرنامەی سیاسی هاوبەشی ئەندێشەی ئەپرێل و پرۆژە نوستوەكەیە، پلان و بەرنامەی بێگرێوگۆڵیشی بۆ جێبەجێكردنی هەیە. ئەركی پەلەی ئەم سەروەختەی پێكەوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی ئەو، پێداچونەوە، بوژاندنەوە و جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنامەیەیە. بەمەش شەپۆل و تەوژمێكی گەورە لە گۆمی وەستاوی پرۆسەی سیاسی هەرێمدا، دروستدەكات و ئاسۆی تاریكی تونێلەكەش روناك دەكاتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش، وێڕای ئەو بەدحاڵی و بەدگومانی و بەدگۆیی یە، لە رابردودا لەسەر ئەو رێككەوتنە كردی، لە پایدا، دەستێكی رەشی خانمكردەی پشتی بارزانی و پێنج پەنجەی داخكراوی بەیاننامەیەكی لە پانزەی ئۆكتۆبەردا لە هاوینەهەواری دوكان وەگرتەوە و لە رۆژی دوایی و لە شانزەیا، پێش گەیشتنی حەشدی شەعبی، لە كەركوك بەدكاری و بەدرەفتاری چنیەوە، خۆ ئەگەر پارتی ئاهێكی وەبەردا، هاتبێتەوە، زەحمەتە ئەمجارە هەمان سیناریۆ لەدژی ئەو رێككەوتنە دوبارە بكاتەوە، عیبرەتی ئەمجارەش سەلماندنی پێناسی راستەقینەی رێككەوتنەكەیە كە بۆ یەكبونە نەك لەتبون.
■ باقر جەبر زوبەیدی... هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بە قوڵایی 27 كیلۆمەتری ناو خاكی عێراق و نزیكبوونەوەی لە چیای قەندیل هۆكاری پەیوەست بە ناوخۆی توركیا لە پشتەوەیە و پەیوەندیشی لە ئاڵنگارییەكانی ئێستای عێراقەوە هەیە. لیرەی توركی چوار هێندە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەهای دابەزیوە، ئەوەش ئەنكەرە ناچاردەكات ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ بەغدا زیاتر بكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و رووبەڕووبوونەوەی دابەزینی بەهای لیرە. لە پەراوێزی ئەم ئاڵنگارییە ئابوریانەدا، مۆتەكەی پارتی كرێكارانی كوردستانیش هەیە كە توركیا لە ناو قوڵایی عێراقدا راوەدویان دەنێت، هەروەها مەترسی دامەزراندنی ناوچەیەكی دابڕێنراویش لەسەر سنوری هاوبەشی هەردوولا " شەنگال" ، هاوشێوەی عەفرین لە ئارادایە، كە ئەو هێڵە توركیە لە هەولێرەوە درێژدەبێتەوە هەتا كەناری دەریای سپی ناوەڕاست و بە چاودێری ئەمریكا. ئەم ئاڵنگارییە هەنوكەییانە پێویستیان بە ئامادەگییەكی راستەقینەی حكومەت هەیە، بۆئەوەی دانایانە ئەو دۆسیانە چارەسەربكات لە بەرژەوەندی گەلەكەمان و سەروەریی و نیشتمانیی و نابێت وەك وشترمرغ سەرمان لە ناو لمدا بشارینەوە.! بەڕێوەبردنی دەوڵەت هونەر و زانست و بەرژەوەندییە، پێویستە بە دانایی و شێڵگیری زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ئەتاتوركییە سەرلێشێواوەدا بكەین، قەیران لەگەڵ توركیا لەوانەیە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت قورس بكات و ئەگەر پێكیشبهێنرێت زۆر بەردەوام نابێت.! تینوكردن بەڕێوەیە، دوو هێندەش دەبێت ئەگەر بە هێمنی و واقعیانە مامەڵە نەكەین و گەلەكەمان لە مەترسییەكانی قۆناغی داهاتوو بەدوور نەگرین.
■ سەردار محەمەد ئەمڕۆ كە راگرتنی رۆژنامەی ئاوێنە رادەگەیەنرێتو دەگەڕێمەوە بۆ بیرەوەرییە دورەكانو ئاوڕ لە 12 ساڵی كاركردنی رابردوی ئەم رۆژنامەیە ئەدەمەوە، چەندان وێنەی رونو تاریك، روداوی تاڵو شیرین، سیمای جوانو دزێو، لەیادەوەریمدا دێنو دەچن. لەو ئێوارە پایزانەی سەهۆڵەكەو ژورە پڕ لەخرتكەو پرتكەكانی “سۆران عومەر”ەوە بگرە كە خەونو خولیای بڕەودان بەئەزمونی میدیای ئازاد هاندەرمان بو بۆ ئەوەی هەرچییە زوە دەستپێبكەین، تا دەگات بەو خانوە خنجیلانە پڕ لەجموجۆڵەی بەرامبەر ئامادەیی بازرگانی كچان كە جێگەی هەمومانی بەباشی تیا نەدەبۆوە. تا بینا گەورەكەی پەنا ژوری بازرگانی كە لەیەككاتدا پڕ بو لەداهاتو پڕ بو لەكێشمەكێشو زۆرانبازیش، ئەو شوێنەی بوە مەكۆی لێكترازانی ستافەكەو سەرەتای داكشانی ئاوێنە. تا ئەو بینایەی بەرامبەر ئامادەیی شۆڕش كە بێ پارەیی تەواو تەنگی پێهەڵچنینو هێواش هێواش ئاوێنەی چۆڵو كشو مات كرد. تا ئەم شوقەیەی سەر سۆپەرماركێتی زارا كە بێهودە چنگەكڕێمان كرد بۆ مانەوەی رۆژنامەكەو بەردەوام بونی. لەماوەی ئەم 12 ساڵەدا، زۆرێك هاتنو زۆرێكیش چون، هەبون ئاوێنەیان بۆ دەسكەوتو مەرامێكی تایبەتی بەكارهێنا، هەشبون جگە لەهیلاكیو شەونخونی هیچیتریان لەئاوێنە نەدی! بەدرێژایی ئەم 12 ساڵەو لەنێو ئەم هەمو سیمایانەی لەئاوێنەدا دەركەوتنو رۆشتن، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ دو كەس بێ دابڕان لەگەڵا ئاوێنە مانەوە، كە منو ئاسۆس هەردی بوین. لەبەرئەوە “لافو گەزاف” نییە كە بڵێم پشكی شێری هۆكاری مانەوەو بەسەربەخۆیی هێشتنەوەیو بەردەوام بونی تا ئێستا بەر ئاسۆس هەردیو من دەكەوێ، هەروەك چۆن بەهەمانشێوە پشكی شێری خاڵە لاوازەكانیشی هەر بەر منو ئاسۆس هەردی دەكەوێ. لەم 12 ساڵەدا، منو ئاسۆس هەردی سەبارەت بەچەندان كێشەی هەستیارو بڕگەی جیاواز رامان جیاواز بو، دەنگدانیشمان بۆ یەكلایی كردنەوەی زۆرێك لەو كێشانە تەواو پێچەوانەو دژ بەیەك بو، بەڵام هەمو ئەوانە تۆزقاڵێك كاریگەریی خراپیان لەسەر پەیوەندی دۆستانەی منو ئاسۆس هەردی نەبو، چونكە بڕوای تەواوم بەوە بوە ئاسۆس هەردی “مەعدەنەكەی ئەوەندە پاكو بێگەردە” هەرچۆنێك وەسفی بكەی كەمە، بەكوردییەكەی خۆمان “ئاسۆس لەو جۆرە پیاوانەیە كە بەژەهرەوە دەخورێن”. لێرەدا كە لەناخی دڵەوە سوپاسی ئەم برا ئازیزەم دەكەم بەدرێژایی ماوەی سەرنوسەریم، بەردەوام پشتیوانو هاوكارم بوە، دەمەوێ ئەوەش بڵێم “بەداخەوە هۆكارێكی سەرەكی گەیاندنی ئاوێنە بەم رۆژە، خراپی بەڕێوەبردنی بوە”. لەكاتێكیشدا ئێمە كە ئەوە ناشارینەوە لەماوەی ئەم 12 ساڵەدا بێ كێشەو گرفتو لەراپەڕاندنەكانی كارەكانیشماندا نمونەییو بێ كەموكوڕی نەبوین، بەڵام هەمو ئەمانەو هیچ شتێك ئەو راستیەی پێناشاردرێتەوە كە ئاوێنە دەتوانێ شانازی بكات بەوەی یەكێك لەگرنگترین ئەزمونە سەربەخۆكانی میدیای كوردی بوە. ئاوێنە ماوەی 12 ساڵە لەخانویەكی كرێوە دەردەكرێو دەچێتە خانویەكی تری كرێوە، بەهەزار چەرمەسەری زانیاریو داهاتی خۆی دابین دەكا، بێ ئەوەی بەخشینەوەی پارەو پۆستو ئیمتیاز لەگەیاندنی راستیەكان بێدەنگی بكات، هەر ئەم پیشەیی بونو راستگۆییو سەربەخۆبونەشی، متمانەو سەرمایەیەكی رەمزی گەورەی پێبەخشی. بۆیە ئێستا كە هەر كاربەدەستێكی سیاسیو بازرگانێكی گەورەی ئەم وڵاتە دەیەوێ کەناڵو رۆژنامەو ماڵپەڕی گوێڕایەڵو زمانحاڵی تایبەت بەخۆی هەبێت، راگرتنی ئاوێنە ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ لەدەستدانی یەكێك لەگرنگترین روبەرە ئازادەكانی كۆمەڵگەی كوردی. ئاوێنە لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سیاسیو ئابوری چەند ماڵباتێك بكاو میدیای فڵانە كاربەدەستو فیسارە بازرگان بێت، بڵندگۆی ئەو دەنگانە بوە كە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا پەراوێزو خەفە كراون، هەر ئەمەش وایكردوە توشی چەندان كێشەو هەڕەشە بێتەوە. سەرباری ئەوەش ئاوێنە هیچ كاتێك بەرامبەر بەپێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤو ئازادییەكانو لەدەرخستنی دۆسیەكانی گەندەڵییدا، میدیایەكی شەرمنو بێدەنگ نەبوە، تەنانەت ئەگەر بەزیانی خۆشی شكا بێتەوە. لە 2 ساڵی رابردودا، ئاوێنە لەنێو هەمو میدیا بینراوو نوسراوو بیستراوو ئەلكترۆنیەكانی هەرێمی كوردستاندا، زۆرترین كاری لەسەر دۆسیەی گەندەڵیو پێشێلكردنی یاسایی كردوەو لەپلەی یەكەمدا بوە، بەپێی ئەو روماڵەی لەلایەن رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بەهاوكاری رێكخراوی NEDی ئەمەریكی كراوە. بەپێی راپرسییەكی مەیدانیش كە لەلایەن رێكخراوی IMSی دانیماركییەوە لەكوردستان ئەنجامدراوە، رۆژنامەی ئاوێنە لەروی خوێنەرەوە لەپلەی یەكەمدا بوەو زۆرترین خوێنەری هەبوە. ئاوێنە وەك رۆژنامەیەكی سەنگین هەرگیز كاری لەسەر گەمژاندنی رای گشتی نەكردوە، وەك ئەو میدیایانەی ئەوەندە رویان قایمە “پرۆفشنالی بون” دەكەنە پەردەیەك بۆ داپۆشینی لایەنگرییانو شاردنەوەی ئەجندای حزبیو سیاسییان. ئاوێنە لەپرسە نیشتمانیەكانو لەو جەنگە گەورانەدا كە سەدان ساڵە لەدژی كورد بەردەوامن، سەربازی داكۆكیكردن لەمافە پێشێلكراوەكانی گەلی كوردستان بوە. ئاوێنە بەردەوام بڵندگۆی ئەو هێزە كۆمەڵاتیانە بوە بەبزوێنەری گۆڕانكاریی دادەنرێن لەجیهانی ئەمڕۆدا كە گەنجانو ژناننو خوازیاری سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی كوردستانن لەسەر بنەمای یەكسانیو دادپەروەریو دیموكرسیو ئازادی. هاوكات ئاوێنە هەمیشە كاری بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەو ئایینو ئاینزا جیاوازەكان كردوەو هەوڵیداوە كلتوری لێبوردەیی لەكوردستان قوڵتر بكاتەوە. بەدڵنیایی هەر ئەم شێوە كاركردنەش وایكردوە كە لەدیدی “دۆستو دوژمن”ەوە ئاوێنە وەك رۆژنامەیەكی سەنگینو كاریگەر سەیر بكرێت. هۆكاری سەرەكی ئەوەش بوە كە ساڵی 2008 ئاسۆس هەردی خەڵاتی “جوبران توینی” پێببەخشرێت كە یەكێكە لەخەڵاتە دیارو گرنگەكانی ئازادی رۆژنامەگەریو منیش لەساڵی 2014دا وەك یەكێك لە”100 پاڵەوانی زانیاری لەجیهاندا” لەلایەن رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنورەوە بەبۆنەی یادی ئازادی رۆژنامەوانی جیهانیەوە دیاریبكرێم. ئێستا لەم پەنجەرەیەوەو لەم دوا هەناسانەی ئاوێنەدا راستگۆیانەو بەگەرمییەوە بەهەمو ئەوانەی لەم 12 ساڵەدا هاوكارمان بون دەڵێم: سوپاس. سوپاس بۆ خوێنەرانی ئاوێنە… سوپاس بۆ هەوڵو كۆششی هەمو ئەو هاوڕێ رۆژنامەنوسو پەیامنێرو هەواڵسازو دیزاینەرو هەڵەچنو پارێزەرانەی لەسەرەتای دامەزراندنی ئاوێنەوە تا ئەمڕۆ لەچەند قۆناغی جیاوازدا لەئاوێنە كاریان كردو درێژەیان دا بەژیانی ئەم رۆژنامەیە. سوپاس بۆ هەمو ئەو نوسەرە دیارو نادیارانەی بەوتارو شیكاریەكانیان ئاوێنەیان گەورەتر كردو شكۆو قورساییەكی زیاتریان پێبەخشی. سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی لەساڵانی رابردودا، خۆبەخشانە بونە ئەندامی بۆردی چاودێری ئاوێنەو مەبەستیان بو ئاوێنە پێشبكەوێو سەربەخۆیی خۆشی لەدەستنەدات. سوپاس بۆ هەمو كارمەندانی بەڕێزی چاپخانەی كوردستان كە چەند ساڵێكە هەمو شەوانی دوشەممانێك بەدیار دواكەوتنی ئامادەكردنی دوا لاپەڕەكانی ئاوێنەوە ئازاری چاوەڕوانیو شەونخونی دەكێشنو قەرزاریشیان بوین. سوپاس بۆ هەمو كەسایەتییە بەڕێزانەی لەدو ساڵی رابردودا هاتنە نێو پڕۆژەی هاوڕێیانی ئاوێنەوەو خوازیاری ئەوە بون لەرێگەی هاوكارییەكانیانەوە ئەم پەراوێزە لەئازادی بپارێزن. لێرەدا بەپێویستیشی دەزانم پۆزش بۆ هەمو ئەو بەڕێزانە بهێنمەوە كە ستافی ئاوێنە بونو لەم چەند ساڵەی رابردودا رۆژێك لەرۆژان بەرامبەریان توند بوبێتم.. لەڕاستیدا مانەوەو بەردەوامبونی ئاوێنە بەستافێكی زۆر كەمو بەتوانایەكی ناچیزو لەدۆخێكی ناتەندروستو لەهەلومەرجێكی نایەكساندا بۆ كێبڕكێ لەگەڵا میدیاكانی تردا، بەرپرسیارێتییەكی ئەوەندە گەورە بوە كە بەردەوام پێویستی بەچاوپۆشی نەكردن لەهیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك بوە.
خەبات عەبدوڵڵا.... پەنجا ساڵێک لەمەوبەر، ترسی گەورەی هەموو حکومەتەکانی عێراق نقومبوونی بەغدا بووە لەسەر دەستی ئەو وەحشەی ناوی دیجلە بووە، بەتایبەتیش لە بەهاراندا. ئاخر هەر بە ڕاستیش لانی کەم لە دە ساڵی جیاجیادا بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری ئاوەڕۆکەیەوە، بەغدا ڕووبەڕووی نقومبوونی یەکجارەکی بۆتەوە. لەخۆڕا نیە یەکێک لە بەندەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە حکومەتی عێراق لەمیانەی شاندێکەوە بە سەرۆکایەتی نوری سەعید لەگەڵ تورکەکاندا لە ١٩٤٦دا واژۆی کرد، (کۆنترۆڵکردن)ی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بووە. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە عێراق لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا و لەسەر زاری نوری سەعیدەوە سکاڵای خۆی لای تورکیا کردووە کە پێویستە کۆنترۆڵی ئاوی دیجلە بکات تا بەغدا لە مەترسی نقومبوون ڕزگاری ببێت. لە هەمان سۆنگەوە حکومەتەکانی عێراق تەنها ئەو دەمە بیریان لە دروستکردنی بەنداوەکانی کوردستان کردەوە، کە ڕووباری دیجلە ببووە مەترسی لەسەر بەغدا و ناوچەکانی نزیکی ڕووبارەکە. بۆیە پێش کشتوکاڵ و ئاودێری، مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی بەنداوەکانی کوردستان، بەتایبەتیش هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و پاشتریش بێخمە کە تەواو نەکرا، کەمکردنەوە و نەهێشتنی مەترسی لافاوی ساڵانەی ڕووباری دیجلە بووە. سهرچاوهكانى ڕووبارى دیجله دهكهونه ناوچهى دهریاچهى هازارى باكورى كوێستانهكانى مهعدهن لە چیاكانى ههكارى له كوردستانى باكور. پێش ئهوهى به كوردستانى باشوردا تێپهڕێت بهدرێژایى (300كم) به كوردستانى باكوردا به شارهكانی وهكو ئێرغانى، ئامەد، حهسهن كێف و جزیرهدا تێپهڕدهبێت و چهندین چۆمى وهكو باتمان، خێرزان، بۆتانى تێ دهڕژێت. له نزیك گوندى خاپور دیجله داخڵى كوردستانى باشور دهبێت. لێره بهدواوه و تا گهیشتنى به رێژگهكهى له شهتولعهرهب، له بهرى چهپهوه پێنج چۆمى سهرهكى تێ دهرژێت كه ههر پێنجیان كهوتوونهته كوردستانى باشورهوه و تێكڕاى ئهم چۆمانه ٦٥%ى بڕى ئاوى ساڵانهى رووبارهكه پێكدههێنێت. لهنێو ئهوانهدا بڕى ئاوى زێى گهوره بهتهنیا هێندهى ههر چوار چۆمهكهى تره. ئهو لقانهش یهك بهدواى یهك له باكورهوه بۆ باشور بهم شێوهیهیه: 1. چۆمى خاپور ئهم چۆمه لهگهڵ ڕووبارى هیزڵدا له كوردستانى باكور ههڵدهقوڵێن. له سنورى ٢٠٠ کیلۆمەتری باكورى شارى موسڵ لە خۆرههڵاتهوه دهڕژێته دیجلهوه. ئهم چۆمه لەگەڵ دیجلهدا حهوزێك پێكدههێنن كهبرِهكهى دهگاته ٢٨%ى سهرجهم ئاوى ڕووبارى ناوبراو. 2. چۆمى زێى گهوره ئهم چۆمه له چیاكانى كوردستانى باكور لهكێوهكانى مهرگهنهداغى نێوان ههردوو دهریاچهى وان و ورمێ و ناوچهى باشقهڵا و دهوروبهرى جۆڵهمێرگ ههڵدهقوڵێت. ناوچهكانى زێبار و بهرزان ئاوهدهدات و چۆمهكانى شهمدینان، حاجى بهگ، رهواندز و دیلمانى لێ دهبێتهوه و چۆمى خازهر كه له دهوربهرى ئامێدى ههڵدهقوڵێت له خۆرئاواى شارۆچكهى گوێرهوه دهڕژێنه ناوى و له ٤٥ کیلۆمەتری باشورى موسڵدا لهنێوان شارى موسڵ و شرگاتدا لهبهرى چهپهوه دهڕژێنه ڕووبارى دیجلهوه. 3. چۆمى زێى بچوك ئهم چۆمه له كوردستانى خۆرههڵات له نزیك ناوچهى لاهیجان و ناوچه سنورییهكانى ئێستاى عێراق ئێرانهوه ههڵدهقوڵێت و چۆمهكانى گۆمه و كۆیه و كهندیناواى تێ دهڕژێت و بهنداوهكانى دوكان و دبسى لهسهر رۆنراوه. له نزیك شارۆچكهى فهتحهوه لهبهرى چهپهوه دهڕژێته ڕووبارى دیجلهوه. 4. چۆمى خاسه (عوزێم) لهناوچهى بازیان و دهوروبهرى شارۆچكهى چهمچهماڵهوه ههڵدهقوڵێت، سێڵاوهكانى داقوق و واقسوى تێ دهڕژێت، ناوچهكانى كهركوك، داقوق و خورماتوو ئاو دهدات. زۆربهى وهرزهكانى هاوین ئهم چۆمه وشك دهكات، له نزیك شارۆچكهى بهلهدهوه دهڕژێته بهرى چهپى رووبارى دیجلهوه. 5. چۆمى سیروان ئهم چۆمه له كوردستانى خۆرههڵات و دهوروبهرى چیاكانى ههورامان و چوارتا و پێنجوێن و خورماڵ و ماوهت ههڵدهقوڵێت و سێڵاوهكانى تانجهرۆو چۆمهكانى ئهڵوهن و دێوانهى تێ دهڕژێت. چۆمى تانجهرۆ سهرچاوهى بنهڕهتى چۆمى سیروانه له كوردستانى باشوردا. بهنداوهكانى دهربهندیخان و حهمرینى لهسهر رۆنراوه و له ٣٠ کیلۆمەتری خواروى بهغدادا لهبهرى چهپهوه دهڕژێته دیجلهوه. تەنها بۆ زانیاری .. مێژووی گرنگترین لافاوەکانی ڕووباری دیجلە: • له ساڵى ١٩١٩دا ئاوهڕۆى ههردوو ڕووبارى دیجله و فورات زیادیان كرد و كونى جیاجیا كهوته بهستهكهى باكورى بهغداوه، بهو هۆیهوه زیانى گهوره له مهزراكانى دهوروبهرى ڕووبارهكه و ههروهها زیانى ماڵى گهوره بهر دانیشتوانەکەی كهوت. • له ساڵى ١٩٢٣دا ئاوى دیجله زیادى كرد و بهرى چهپى بهستهكهى باكورى بهغدا له دوو لاوه شكا و بڕێكى زۆری ئاو له پشتى بهستهكهى خۆرههڵاتى پایتهختهوه كۆبووه و بهغداى رووبهڕووى مهترسى نقوم بوون كردهوه. • له ساڵى ١٩٢٦دا ئاوى دیجله زیادى كرد و ئاوڕێكخهرى جۆگهى ئەلدیفاعی تهقییهوه و ناوچهى نێوان نیوهڕێی ئهعزهمیه و بهغدا نقوم بوو. ههروهها ئاو دزهى بۆ ناو شاركرد و زیانى گهورهى به بهشێكى دانیشتوان گهیاند. • له ساڵى ١٩٣٧دا ئاوهڕۆى دیجله زیادیكرد و بهرى خۆرههڵاتى بهستهكهى باكورى بهغدا له چهند لایهكهوه شكاو ئاو تا پشتى شارهكه دزهى كرد. • له ساڵى ١٩٤٠دا لافاوى دیجله مهترسییهكى گهورهى پێكهێنا. له ههردوو لاى بهستهكهى ئهمبهر و ئهوبهرى رووبارهكهدا شكانى جیاجیا روویاندا. لهههمان كاتدا بههۆى لافاوى ڕووبارى فورات پرۆژهى ئاودێرى ئەلسەقڵاوییەی زهوییهكانى عەقەرقوف له بهرى خۆرئاوى شارى بهغدا نقومى ئاو بوون. • له ساڵى ١٩٤١دا لافاوى دیجله ههموو ژماره تۆماركراوهكانى پێشوى تێپهڕاند، له بهرى چهپى دیجلهوه بهستهكهى باكورى بهغدا له چهند لاوه شكا. ههمان كات ڕووبارى سیروان زیادیكرد و ئهمهش وایكرد ئاوى ههردوو ڕووبار له پشتى بهشهكهى خۆرههڵاتى بهغدا كۆببێتهوه و ناوچهكانى جادریه و بهشێكى معەسکەر ڕەشید و زهعفهرانیه له باشورى بهغدا نقوم بكات. • له ساڵى ١٩٤٢دا ههردوو ڕووبارى دیجله و سیروان لهیهك كاتدا به رێژهیهكى زۆر زیادیان كرد و ئاوى ڕووبارى سیروان لهپشتى بهستهكهى خۆرههڵاتدا كۆبووهوه و لهگهڵ ئاوى گونجه شكاوهكانى بهرى چهپى بهستهكهى دیجلهدا دزهیان كرد و بهشهكهى خۆرههڵاتى معەسکەر ڕەشید نقوم بوو. • له ساڵى ١٩٤٦دا ڕووبارى دیجله بهشێوهیهك زیادى كرد، ئاستى ئاوو ئاوهڕۆكهى ئاستى ساڵانى پێشووى تێپهڕاند و بهمهش چهند قڵیشێك كهوته بهستهكهى بهرى چهپى ڕووبارهكه له باكورى بهغدا. لهههمان كاتدا ڕووبارى سیروان زیادی كرد و ئاوى ههردوو ڕووبار لهپشتى بهستهكهى خۆرههڵاتدا مۆڵیان خوارد. معەسکەر ڕەشید و زهعفهرانیهو ڕۆستەمییە ژێر ئاوكهوتن و واى لێهات بهغدا به دهریایهك له ئاو دهوره درابوو. بهشێكى زۆرى شهقام و بهشێكى خانووبهرهكانى خۆرههڵاتى بهغداى نقوم كرد. • له ساڵى ١٩٥٠دا ههردوو ڕووبارى دیجله و سیروان لهیهك كاتدا زیادیان كرد و چهند درزێك كهوته بهستهكهى خۆرههڵاتى باكور و باشورى بهغدا و ئاو لهپشتى بهستهكهى خۆرههڵاتدا مۆڵى خوارد و بهغدا رووبهڕووى مهترسى ژێرئاوكهوتن بووهوه. لێپرسراوان بهناچارى ناوچهكانى بەغدادولجەدیدە و معەسکەر ڕەشید و جادریە و زهعفهرانیه و ناوچه كهنارییهكانى ڕووبارى سیروانیان ژێر ئاوخست، بهغدا بهرێكهوت له نقوم بوون رزگارى بوو. • له ٢٩/٣/١٩٥٦ پێوهرهكانى سهر چۆمهكانى دیجله ههموو رێكۆردهكانى پێش خۆیان تێپهڕاند. بۆیه یهكسهر پهنجهرهكانى ئاوڕێكخهرى سهرسار كرانهوه و ئاوهكه لهوێدا عهماركرا. دهریاچهى سەرساری نزیك بێجى له توانایدایه نیوهى ئاوى لافاوى دیجله لای خۆی گل بداتەوە. * بۆ زیاتر زانیاری بڕوانە: خەبات عەبدوڵڵا، بنەما تیۆرییەکانی جوگرافیای عەسکەریی کوردستانی باشور، چاپی یەکەم ٢٠٠٠، چاپی دووەم ٢٠٠٥.
د.مەدیحە سۆفی ..... کورتەیەک لە باسەکە .... (بەنداوی بێخمە لە پرۆژە ھەرە سەرەتاییەکانی (ھیئە الإعمار ) ی ساڵانی پەنجاکانە لە عیراق، کە بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، لە ساڵی ١٩٨٧ - ١٩٩١ دەستکرا بە کارکردن و ٣٥% ی پرۆژەکە تەواو کرا، لە دوای ساڵی ١٩٩١ بەھۆی شەڕی کەنداو وپرۆسەی ئازادیەوە پرۆژەکە وەستا، کورد لە جیاتی بوژاندنەوە و تەواوکردنی پرۆژەکە، چوو کەرەستەکانی تاڵان کرد و بە ئێرانی فرۆشتەوە، ئێرانیش ھەر بەو کەرەستانە بەنداوی بۆ گرتنەوەی ئاو لە باشوری کوردستان دروست کرد، وەکو گلدانەوەی ئاوی ڕوباری ئەڵوەند وسیروان و ژێرئاوکەوتنی کانی بڵ، چارەکە سەدەیەکە باشوری کوردستان لە بێ کارەبایی دەناڵێنێ، بەنداوی تشرینیش کاتێ کەوتە دەست شەڕڤانان، کارەبایان بەرھەم ھێنا وناوچەکەیان بووژاندەوە، ئەم دوو جیاوازیە ڕیزبەندی خەمخۆری و شایستەی حوکمڕانی دیاری دەکات، با خزمەت بۆ گەل و گەلیش لە خزمەتدا بێت) وزە و ئاو دوو فاکتەری گرنگی دەسەڵات لە جیھاندا و کوردستان دەکەوێتە کوێی ئەم فاکتەرانەوە بەشی دووەم/ ئاو ( بەنداوی بێخمە ) بێ گومان مێژووی دروستکردنی بەنداوە سەرەتاییەکان بەتایبەت لە عیڕاقدا کە بە (دۆڵی ڕافیدێن) ناسراوە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پیش زاینی، بەڵام پرۆژە گەورەکان کە پلانی گلدانەوەی ئاو و بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و ئاودێری و بوژاندنەوەی کشتوکاڵی، لەسەردەمی شاھەنشاھیدا نەخشەکێشکرا ئەویش لەمیانەی دامەزراندنی ( ھیئە الإعمار ) ەوە کە پەیوەست بوو بە ئاوەدانکردنەوە، ئەوە بوو یەکەم بەنداو لە ساڵی ١٩٥٨ دروستکرا بەنداوی دوکان بوو بە قەبارەی ٦،٨ ملیار مەتر سێجا لەسەر زێی بچوک. لە ساڵانی سییەکانەوە ڕووپێوی بۆ دروستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە، یەکەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ئەگەری بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، ئەویش بە پێکھێنانی لیژنەیەک لە شارەزا وپسپۆری بەڕیتانی وعیڕاقی لە بواری دروستکردنی بەنداو ودیاریکردنی شوێن وئاست وقەبارەی گلدانەوەی ئاو جۆری بەردوخاک وسیفاتە جیۆلۆجیەکانی، پاشان لە ساڵی ١٩٥٣ دا لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ( ھزرا ) ی ئەمریکی دەستکرا بە توێژینەوەی کاری لیژنەکەی ساڵی ١٩٣٧ و پێشبینی کردنی و ھەڵسەنگاندنی سیفاتی جیۆلۆجی خاکەکەی ڕادەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە، ئەم لێکۆڵینەوانە بەردەوام بوون تا لە ساڵی ١٩٧٩ و دوا ڕاپۆڕت لەبارەی ھەڵسەنگاندنی و دیاریکردنی لایەنە ئەرینی و شیاوی شوێنی جوگرافی وجیۆلۆجیەکەی، ئامادەکرا و بڕیاری دانانی بناغەی بەنداوەکە درا. لە ساڵی ١٩٨٧ دا لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی و یوگسلاڤیەوە( ئەوکاتە)، دەستکرا بە کاری بنیاتنان ودروستکردنی بەنداوی بێخمە، ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر ڕوباری زێی گەورە بە قەبارەی گلدانەوەی ئاو تا نزیکەی ١٤ ملیارد مەتر سێجا، درێژی بەنداوەکە ٤٨٠ مەتر و پانیەکەی ١٢٨ مەتر و بەرزیەکەی ١٨٦ مەترە و توانای بەرھەمھێنانی کارەبای دەگاتە ١٣ ھەزار کیلۆوات لە یەک کاتژمێردا، دەتوانێ ڕوبەرێکی گەورەی دەشتایی ئەو ناوچەیەی پێ ئاوبدرێ وپشتێکی زۆر باشی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەبێ بەتایبەت لە ناوچەیەکی گەمارۆدراو بە دراوسێی وەکو ئێران وتورکیا، ھەروەھا دەتوانرێ ناوچەکە لە ئەگەری ڕوودانی لافاویش بپارێزێت، جگە لە کۆمەڵێ کاردانەوەی ئەرینی دیکە کە جێگای باسی نیە ئێستا. زێی گەورە یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاوەڕۆیانەی دەڕژێنە ڕوباری دیجلەوە، ئەم ڕوبارە لە باکوری کوردستانەوە لە نزیک دەریاچەی وانەوە ھەڵدەقوڵێ و بەرەو ناو خاکی باشوری کوردستانەوە ڕۆدەچێ، درێژی ئەم ڕوبارە لە سنووری باشوری کوردستانەوە تا دەڕژێتە ناو ڕوباری دیجلەوە نزیکەی ٢٣٠ کم، ڕێژەی تەوژمی ئاوەکەی نزیکەی ١٣،٥ ملیار م٣ بوو لە ساڵێکدا پێش بنیاتنانی پرۆژەی گاپ لە تورکیا، پاشتر تەوژمەکەی بۆ ٨،٥ ملیار م٣ کەمبووەوە، ئەگەری ئەوەش ھەیە پاش تەواوبوونی بەنداوی ئەلیسو ڕادەی تەوژمی ساڵانەی ئەم ڕوبارە بگاتە ٧ ملیار م٣، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ زیانی بۆ باشوری کوردستان دەبێت. پرۆژەی بەنداوی بێخمە لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ دا، بەھۆی شەڕی کەنداوەوە وداگیرکردنی کوێت وپاشان ئازادکردنی باشوری کوردستان و تەنھا بەتەواوکردنی ڕێژەی نزیکەی ٣٥% ی کارەکان، لە بەردەوامی وەستا، کرۆکی باسەکەمان لە مەودای پاش وەستاندنی ئەم پرۆژەیەیە، یا ڕوونتر لە مەودای پاش ئازادکردنی باشوری کوردستانە. ڕوانگەی سەرکردەکانی کورد بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشە وئاستی بژێوی وتەندروستی ھاوڵاتی و سەراپا بوارە کۆمەڵایەتیەکان و ھەر لەمێژووی شوڕشی ڕزگاریخوازی و لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردنی باشوری کوردستان، زیاتر خەمی خۆجێیی زات و دەسەڵاتی تاکی خۆیان وھەیبەتی سەپاندنی سیاسەت وخودی خۆیان بووە، ڕوانگەیان بۆ سامانی خاک و وڵات ڕوانگەیەکی موڵکایەتیە، بە تاکی ھاوڵاتیشەوە، بۆیە ئەو بەنداوی بێخمەیەی لە سەردەمی پێش (ھیئە الإعمار) ەوە نەخشە وپلانی بۆ دانراوە وھیچ پلانێکی بۆ دژایەتی کورد نەبووە و گەشەیەکی زۆریش بە ئابووری ناوچەکە دەگەیەنێت و ئەگەرەکانی وشکەساڵی ئەگەر ڕووبدات کەمدەکاتەوە و بۆژانەوەیەکی سەرتاسەری بۆ باشور دەبێت، ھەر لە ڕوانگەی موڵکیەت و خۆسەپاندن و مافی تاکڕەوی لێپرسراوانەوە، لەجیاتی تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە و بنیاتنانی و بوژانەوەی، ھەر لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردن، ھاوتەریب پرۆسەی ڕوخان دەستی پێکرد و پەیڕەوکرا، یەکسەر کەلوپەل وکەرەستەی بەنداوەکە تاڵان دەکرێت، ڕاستە تاڵاندەکرێت بەڵام بە کێ دەفرۆشرێتەوە؟ بەو وڵاتانەی بەھەمان کەرەستە ئاوی باشوری کوردستان گلدەدەنەوە، ئەوە ئێران بە بەنداوی داریان کانی بڵ دەفەوتێنێ و ڕوباری سیروان و ئەڵوەند وشک دەکات، لە باشوری عیڕاقیش ئاوی ڕوباری کارون و کەرخەی گلداوەتەوە. واتە لێرەدا جگە لە پەکخستنی بەنداوی بێخمە ھەر بە تاڵانکردنی کەرەستەی ئەو بەنداوە وفرۆشتنی بە ئێران، ئاوی ڕوبارەکانی دیکەش لە کوردستان دابڕا و کەمی کرد، زەوی کشتوکاڵیش بێ بەرھەم کرا، پرۆژەی نوێ نایەتەکایەوە، بەرھەمی ناوخۆ پەرەی پێنادرێت، لەگەڵ بوونی ئەو ھەموو زەویە بەپیتە بۆ کشتوکاڵ وبوونی ئاو، نەتوانرا بەشی ناوخۆیی لە پێداویستی دابین بکرێت، وڵاتێکی وەکو سعودیە لەبەر ئەوەی ئاوی شیرینی کەمە، دەچێت زەوی لە ئەپیوبیا بۆ چاندنی دانەوێڵە دەکڕێت. دوبارە، لەسەر داواکاری وەزارەتی ئاو وسەرچاوە ئاویەکان و بە پێی زانیاریەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، حکومەتی ناوەندی لە بەغدا سەرلەنوێ ڕەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی بنیاتنانی بەنداوی بێخمە داوە و بڕی پێنج ملیاری دۆلاری بۆ تەرخان کردووە، بەڵام ڕێگریەکان ھاوڕای ئەم تەواوکردنە نین. بردنەوەی زەمەن ڕۆڵی زۆر سەرەکی دەبینێ لە تیژڕەوی و خێراڕەوی پێشکەوتندا، دیارە ئەمەش دەبێت لە پەیڕەو وپرۆگرامی فەرمانڕەواییدا جێی خۆی کردبێتەوە، بۆیە لێرەدا ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک لە نێوان پرنسیب وکاری سیاسی ڕۆژئاوا وباشوری کوردستان بکەین، دەبینین ڕۆژئاوا زەمەن و کاتێکی زۆری بردووەتەوە کە بەقازانجی گەشەی مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە کە ئەمەش دنەدەدا بە گەشەسەندنی بوارەکانی ئابووری و سیاسی وکۆمەڵایەتی وپەروەردەیی وتەندروستی تاکی ئەو کۆمەڵگایە وپاشتر بە کۆمەڵگاکە خۆی، بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕوباری فورات ونزیک بە ناوچەی مەنبج و ٩٠ کم لە شاری حەڵەبەوە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە، ویستگەیەکی زۆر گرنگی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایە ودەتوانێ بڕێ ١،٩ ملیار م٣ ئاو گلبداتەوە. پاش ئەوەی ئەم بەنداوە کەوتە دەست شەڕڤانان نەک ھەر تاڵان نەکرا، بەڵکو یەکسەر کەوتنە گەشەسەندنی و بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا بۆ تەواوی ناوچەکە، جگە لەوەش دڵنیام کۆمەڵێ بەرنامەی نوێ بۆ بوژاندنەوەی کشتوکاڵ وبەرھەمی ناوخۆیی وئاودان وپەرەسەندن وئاوەدانکردنەوە وپەروەردەی لێ دەکەوێتەوە، پاشتریش ئەگەری زۆرە ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتوگوزار. تاریکی باڵ ناکێشێت بەسەر ناوچەیەکی خاوەن ئاسمانی ڕۆشن لەبیرکردنەوە وپلانداناندا. بۆیە کوردستانی باشور شۆڕشێکی بنەڕەتی لە ڕوانگە و بۆچوون و پلانی پێویستە، ڕۆچوون بەرەو ژێردەستەیی لەوە زیاتر، لەباربردنی خەباتی نەتەوەیەک وقوربانی سەدەیەک باجەکەی دەبێت. د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا ھاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروۆی - کوردستانی
سەرتیپ جەوهەر.. بڵاوبونەوەی دیمەنی هاتنی جەندرمەی تورك بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان و گەڕان و سوڕانیان بەناو دێهات و گوندەكانی باشوری كوردستان لە پارێزگای هەولێرو دهۆك، قەبارەی دەستوەردان و هەژمونی توركیا بەسەر ئەو سنورانە دەردەخات، بەڵام بیرمان نەچێت دەستوەردان و دەستڕۆیشتنی جەندرمەو موخابەراتی توركیا لەوناوچانە هەر ئەوەندە نییە رێككەوتنێكی كاتی بۆ ئۆپەراسیونێكی دیاریكراوی سەربازیی كرابێت لەنێوان پارتی و موخابەرات یان دامەزراوەی عەسكەریی توركیا، بەڵكو لەوەدەچێت ئەو رێككەوتنە زۆر لەوە گەورەتر بێت كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین! بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن ئێستا زیاتر لە 20 بنكەی سەربازیی و موخابەراتیی دەوڵەتی توركیا لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لەهەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك بونیان هەیە، لەبەشێك لەو بنكانە، چەكی قورس و جیاوازو تەنانەت هێلی كۆپتەری هێرشكردن و شەڕكردنیش هەیە، لەگەڵ بونی سەدان تانك و تۆپی دورهاوێژ! بەپێی هەندێ زانیاریی، لەهەندێ ناوچە، یان لەهەندێ بنكەی سەربازیی توركیا، سەربازانی ئەو هێزانەی توركیا، بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگوێزرێنەوە! ئەمە، هەم بۆ پاراستنیان لەڕوی ئەمنییەوە، هەمیش بۆئەوەی لەشەقام و جادەكانی كوردستان نەبینرێن و وێنەیان نەگیرێت و لێكەوتەو ناڕەزایی لەلایەن خەڵكەوە لێنەكەوێتەوە! بەپێی زانیاریی، زیاتر بەشێك لەو لیوا هاوبەشانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەناچەی بارۆخ لەكانی ماسی لە پارێزگای دهۆك بۆ پارێزگاریی بنكەیەكی میتی تورك دانراون، بەڵام كێشە دروستبووە لەسەر پارێزگاریی لەو بنكەیەو ئەفسەرانی سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناڕازیی بوون، كاتێك توركەكان زانیویانە ئەو هێزە هاوبەشەو پێشمەرگەو ئەفسەرانی یەكێتی تێیدا هاوبەشن! داواینكردووە تەنها هێزێكی ئەركی پارێزگاریان بگرنە ئەستۆو ناڕازیی بوون ئەفسەران و پێشمەرگەی یەكێتی لەو هێزە بمێننەوە! خراپتر لەوە، هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، لەناوچەكانی سنور، یەكێك لەكەسە دیارەكانی سنوری (برادۆست –لۆلان) لەلایەن جەندرمەی توركیا داوەتكراوە بۆ ئەنكەرەو لەوێ داوایكردووە چەك پێویستی بدەنێ تا هێزێكی (كوی كورجوسو) ( köy korucusu)واتە پارێزگاری گوندەكان دروستبكات! ئەمەش ناڕەزایی توندی لەلایەن پارتی لێكەوتۆتەوە! بەوپێەی ناكرێت هێزێك لەژێر سەرپەرشتی توركیا لەباشوری كوردستان دروستبكرێت! ئەو دیمەنانەی سەرەوە، روداوەكانی دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی و ئەو هەموو دروشمە بریقەداراەی بەشێك لەسیاسیەكانی كوردستانە، كاتێك ئەو بارودۆخە دەبینین، باشتر روونتر دەبێتەوە كە ریفراندۆم پرۆژەیەكی قەومی نەبوو، بەڵكو پرۆژەیەكی سیاسی بووە لەچوارچێوەی ئەجێندایەكی دیاریكراو و سەرەنجام چاوبەستكردنی خەڵكی كوردستان بوو بەدروشمیی قەومیی! ئەو دیمەنانەی سەرەوە، دوفاقی حكومەتی هەرێم دوبارە دەبێتەوە، بەوەی لەئاست دەستوەردان یان لێدوانێكی ئێران بەیاننامەی توند دەردەكات، كەچی لەئاست بون و دەستوەردان و سنوربەزاندنی سوپای توركیاو بێدەنگ و كڕوكپە! نەك بەیاننامەی ناڕەزایی بەڵكو بەشێك لەدامودەزگاكانیشی خستۆتە خزمەت ئەو دەستوەردانە! دەستوەردانی سوپای توركیا هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو دوپاتبونەوەی نەبونی هیچ سەروەرییەكە، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان! نەبونی هیچ بەهایەكی قانونی و شەرعییەتی نێودەوڵەتییە بۆ سنورەكانی هەرێمی كوردستان! خولاسەی كەلام، ئەوەی رودەدات، پەیوەندی بەئیرادەو خواستی خەڵكی كوردستانەوە نییە، بەڵكو، بڕیارو مێژوی لایەنێكی سیاسی دیاریكراوی كوردستانە، من و ئێوەو هەموومان بەدەنگ و رەنگ تۆماری دەكەین، سەرەنجام، دیمەنێكە لەمێژوی سیاسی لایەنێكی دیاریكراوی كوردستان و هەمیشە خۆی دوبارەو دوبارە دەكاتەوە!
د. سەردار عەزیز ............ قەیرانی ئاو کێشەی ئەمڕۆ و ساڵی پێشوو و دەساڵ لە مەوپێش نیە، کێشەی چەندین دەیەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام نەوت نەیهێشتوە وەک کێشەیەکەی سەرەکی دەربکەوێت، هەروەها بۆ ئەوەی ئاو کۆنترۆڵ بکرێت و بە سیاسی بکرێت پێویستی بە سەرمایە و کات و تەکنەلۆجیا هەبووە کە هەتا ئەم دواییانە بەردەست نەبوە. پرۆژەی تورکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی کوردستانی باکور دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان، بەڵام بێ پارەیی دوای خست. بەنداوی ئیللی-سو، لە سەرەتای ٢٠٠٦ەوە دەست بە کارکردن کراوە لە سەری، لە ٢٠٠٠ەکانەوە کاری ئەکادیمی و ئارکەلۆجی و سیاسی هەیە لە سەری، بۆیە بەهانەی ئەوەی بە هۆی هۆکاری روداوی ئەم ماوەیە بوە، ڕاست نیە. بیرم دێت لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکان کە من لە زانکۆ خوێندکاری بەکەلۆریوس بوم، ماگی ڕۆنانم ناسی لە کۆلێژی ئارکەلۆژی زانکۆی گالوەی کە کاری لە سەر مەترسی بەنداوی ئیللی-سو و ژێرئاو خستنی گوندی مێژووی حەسەن کییەف کرد، لینکی کارەکەی لە کۆمێندا دادەنێم. حەسەن کییەف سڕینەوەی مێژووی زیاتر لە ١٢٠٠٠ ساڵی ئەو ناوچەیەیە. ئەوەی ئاگایی لە سیاسەتی تورکی هەبێت، ئاگادارە کە خیتابی ئاو بەرامبەر نەوت خیتابێکی رەگ داکوتاوی ناو دونیای سیاسەتی تورکیە. تورکەکان کە هەتا ئەم دواییە زۆر هەژارانە دەژیان، ئیرەییەکی گەورەیان هەیە بەرامبەری وڵاتانی دراوسێی نەوتداریان، ئەمە لە خیتابی ڕۆشنبیرانی تورکیشدا جێگەی هەیە، بنواڕە ئۆرهان پاموک لەمبارەوە. تورکیا ئامانجی تەنها بەدەستهێنانی توانا و کارت نیە بەرامبەر سوریا و عێراق لە دروستکردنی بەنداوەکان، بەڵکو ئامانجی ناوخۆیی زۆری هەیە. جارێکیان ئەندام پەرلەمانێکی سەوزی یەکێتی ئەوروپا پێی ووتم، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تورک نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک دەست لە کوردستانی باکور هەڵگرن بوونی پانتاییەکی زۆری بەتاڵە، کە دەیانەێت وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزە و خواردن بەکاری بهێنن بۆ دانێشتوانی زۆرینە لە بەشی ڕۆژئاوا. ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا پێی دەڵێن بوون بە باسکێت. هەروەها لە ڕووی سیاسیەوە تورک وەها بیردەکەنەوە کە بەنداوەکان دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری ناوچەکەو لە ئەنجامدا پوکانەوەی کێشەی کورد، کە هەمیشە وەها بینراوە کە کێشەیەکی ئابوری-سیاسیە. لە دیدی پەکەکەوە ئیدارەدانی ناوچەکەیە بەوەی کە رێگری بکات لە هاتوچۆی چەکدارانی پەکەکە. تورکیا ئەگەر بیەوێت ببێتە ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئەوا ئاوی خۆی نادات بە عێراق و سوریا بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، بەڵكو ناچاریان دەکات بەوەی کە بەروبومی ئەو بکڕن. عێراق ڕۆژانێک نەیتوانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات کە وەک بلند ئەجەوید دەیوت تەنها داهاتی تورک بریتیە لە بنکەی ئەنجەرلیک و کۆچبەرانی تورک لە ئەوروپا، ئەمڕۆ تورک زۆر جیاوازە لەو ڕۆژانە. دیارە پاش تەواوبونی بەنداوەکان، لەمەودا دەبن بە چەکی سیاسی، بە دڵنیاییەوە لە هەموو کێشەیەکدا وەک کارتێک بونیان دەبێت، لە ریفراندۆم، قەندیل، پەکەکە، ئێران، ئابوری، سیاسی زۆر شتی تر. ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاو نەبێت کێشەیەک و لاوازی بکات، دوو هەنگاوی نا، گرتنی جۆلان وەک سەرچاوەی ئاو، هەروەها ئیدارەدانی ئاو لە ناوەوە بە باڵاترین مۆدیلی تەکنەلۆجی و ژینگەیی. عێراق ناتوانێت بڕوات شەڕناخ بگرێت، ئەوە تورکیایە دێت خاکی عێراق دەگرێت، بۆیە دەبێت بژاردەی دووەم بگرێت. بەڵام مرۆڤی عێراقی وەک بونەوەرێکی نەوتی چالاکی سەرەکی لە ژیاندا بەفیڕۆدانە. بۆیە دەبێت ژیان بگۆڕیت. وەک دەڵێن نەوت ناخورێتەوە. ڕەنگە بە ئامانجی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەردۆگان هێرش بۆ سەر قەندیل دەست پێبکات، عێراق هیچ رێگرییەک ناکات. ئەمڕۆ کوردێکی زۆر بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە بەهێزبوونی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کورد. ئەوانە پیویستیان بەوەیە کە ئەلف و بێی ململانێی ناوچەکە فێربن.