Draw Media

■ ئاراس فەتاح.. ساڵانێکە ماراسۆنی شکستی نوخبەی کوردیی بەردەوامە. ئەم  نوخبەیە لەمڕۆدا لە بەدترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە. ھەموو نوخبەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە داوەشانێکی گەورەی سیاسیی و پەروەردەیی و ئابووریی و پیشەیی و ئەخلاقییدایە. نوخبەی ھونەرییش بووە بە بەشێکی دانەبڕاو و درێژەدەر و بەردەوامیدەر لەم پرۆسەی داوەشانە ئەخلاقیی و ئێستێتیکییە. بەبۆچوونی من شاری سلێمانی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بووە بە یەکێک لە ناشیرینترین شارەکانی دونیا لە ڕووی ھونەرییەوە، بۆنموونە ھونەری تەلارسایی، ھونەری پەیکەرسازیی، ھونەری تەشکیلی و موزیک و ھتد. یەکێکیش لەو دیاردانەی کە ماوەیەکی زۆرە ئەم شارەی ناشیرین کردووە، ڕشانەوەی پەیکەری بێڕۆحە بەسەر شەقامەکانیدا و قسەنەکردنی جیدییە لەسەر ئەم دیاردە ناشیرینەی ناو سیاسەتی ھونەریی. من قسە لەسەر لایەنی تەکنیکی و ھونەری جێبەجێکردنیانەوە ناکەم، چونکە دەزانم کەسانی پسپۆڕ ھەن کە زۆر لەمن باشتر دەتوانن شیکاریی ئەم لایەنە بکەن، بەڵام ئەوەندەی لە ھونەر شارەزابم ئەوەندە دەزانم کە ئەم پەیکەرانە نە لە ڕووی بەھای جوانناسییەوە قووڵایی و مانا و قورساییەکیان ھەیە، نە لەڕووی ماتریاڵ و مێژووییەوە توانای مانەوە و شانازیی نیشتیمانییان ھەیە و نە لەڕووی ئەخلاقیی پیشەییشەوە ھاوسەنگن و نە شتێکیش لە پشتیانەوەیە کە ناوی سیاسەتی رۆشنبیریی بێت. کە باس لە سیاسەتی رۆشنبیریی دەکەم، مەبەستم لە پلانی ستراتیژییە کە لە پشت ھونەری شارسازییەوە کاردەکات. من تەنھا سەیرم لەو ھەموو پەیکەرە بێئاست و بێقوڵاییە نایەت کە پەیکەرسازەکان بۆ پارەیەکی کەم ئامادەن شارەکانمان ناشیرین بکەن و چۆن (نا)بەرپرسیارانی ناوشیاریش بە کایەی ھونەر و سیاسەتی رۆشنبیریی، رووبەری تایبەتیان بۆ تەرخاندەکەن. بەڵکو سەیرم لەو ھەموو ھونەرمەندانەش دێت کە بێدەنگ و سەلار دانیشتوون قسەیەک یان چالاکییەک دژ بەم شەپۆلە مەترسییدارە ناکەن. لەھەمووی سەیرتریش بۆ من ڕازییبووونی ئەو کەسایەتییانەیە کە ھێشتا لە ژیاندا ماون و ئامادەن ئەو بێڕێزییە گەورەیەیان بەرامبەر بکرێت و بەو فۆرمی ڕێزلێنانە ناچیزە دڵخۆشبن کە پەیکەرێکی مردوویان لە ڕووی ھونەرییەوە بۆ دروستبکرێت و لەڕێگایەوە بچنە ناو رووبەری گشتییەوە. جێگای تێڕامانە نووسەر و ھونەرمەند بیت و بەرھەمەکانت پڕبن لە باسی خۆشەویستیی و جوانیی و بەرپرسیارێتیی و ئەخلاق، کەچی ڕازیی بێت رووبەری گشتیی شارەکەت بە پەیکەرێکی لاتت وێرانبکرێت و چاو و عەقڵی ئینسانی ئێمەی پێ ئازار بدەیت. دیارە ئەم دیاردەی پەیکەردانانە بۆ نووسەرانێک یان ھونەرمەندانێک یان کەسایەتییەک کە ھێشتا لەژیاندان و نەمردوون لە ھیچ کۆمەڵگایەکی تەندروست و سیاسەتێکی رۆشنبیریی بەرپرس و عەقڵێکی شارسازیی و ھونەریی و مێژووییدا بوونی نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە کۆکتێلێک لە بزنس و نێرجسییەتێکی کوشندە. ھەروەک چۆن سەرمایەدارەکان ھەرجارەی بەرھەمێک پاواندەکەن و دەیخەنە ناو بازاڕاوە، بەھەمان شێوە لە ھونەری موزیک و تەشکیلی و مۆنۆمێنتسازییشدا ماوەیەک باوی ھەڵەبجە بوو پاشان بوو بە ئەنفال و ئێستاش ساڵانێکە مۆدێلەکە بووە بە پەیکەردانان بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان. گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات شارەکانی کوردستان لەماوەیەکی کەمدا دەبن بە گۆڕستانی پەیکەر و وێرانەیەک بۆ چێژ و جوانبینیی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی من تاوەکو ئەم چرکەساتە یەک مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە یان ئەنفال یاخود پەیکەرێکم بۆ کەسایەتییەک نەبینیوە کە قوڵاییەکی فیکریی و ھونەریی باڵای ھەبێت و ببێتە جێگای تێڕامان و بیرکردنەوە و شانازیی نیشتیمانیی. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمھاتووە جگە لە تێرمی ھونەری کیچ Kitsch ناتوانرێت ناوی شتێکی تری لێبنرێت. لەڕاستیدا من لەگەڵ ئەوەدام کە نەک تەنھا پاکسازیی ڕیشەیی لە سیاسەت و ئابووری و پەروەردەدا پێداویستییەکی مێژوویی کۆمەڵگای ئێمەیە، بەڵکو لەمڕۆدا بە پێداویستییەکی ئەخلاقیی گەورەی دەبینم شارەکانمان لەوە زیاتر ناشریننەکرێن. من لە چەند وتارێکدا باسم لە پرۆسەی لووسبوونی کۆمەڵگای خۆمان کردووە، بۆنموونە لووسبوونی سیاسەت، لووسبوونی زمان، لووسبوونی ھونەر و ئەخلاقی پیشەیی. ئەم ھونەرە لووسە ھیچ قوڵاییەکی تێدا نییە و بۆ چرکەساتێکیش مرۆڤ ناوەستێنێت بۆ تێڕامان لە جوانیی و کردەی بیرکردنەوە.  بۆیە من وایدەبینم کە لەدۆخێکی شەرمئاوەر و ڕشانەوەداین لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە پووت و لووسەی ناو ھونەر و سیاسەتی ھونەریی. بۆئەوەی شارەکانمان لەوە زیاتر ناشیرینتر و شەرمەزارتر نەبن کە خۆیان لەژێر رەحمەتی سیاسەتی بەددا دەژین، پێویستە یان ئەم ھەموو بەناو پەیکەرانە لە کۆگایەکی تایبەتدا بۆ „ھونەری ناھونەر“ کۆبکرێنەوە نماییشبکرێن بۆئەوەی چیدی ئازاری چاومان نەدەن و خەم لە وێرانبوونی چێژ و ناشیرینبوونی شارەکانمان نەخۆین. یان لانی کەم بە چالاکییەک پەردەپۆشی ھەموو ئەو پەیکەرانە بکرێت کە بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەند و بیرمەندانی کوردەوە لە شەقام و فلکە و دەزگاکاندا دانراون، بۆئەوەی ناشرینییەکانیان دابپۆشرێت. لەڕاستیدا بە داپۆشینی پەیکەرەکان دەشێت مانایەک بە ھونەری پەیکەرسازیی لە شارەکانمان بدرێت نەک بە نماییشکردنیان بەم سیاسەتی ھونەریی و فۆرمەی کە باوە، چونکە جگە لەمانا ئەخلاقیی و ئێستێتیکییەکەی ئەو کردەی داپۆشینە، مرۆڤ یان بینەر لانیکەم بیردەکاتەوە لەوەی کە ئەم شتە چییە داپۆشراوە، خولیایەکی دەبێت بۆ کەشفکردنی نھێنیی ئەم داپۆشینە و ھتد.  گەر ئەمانەش نەکرا، ئایدیایەکی تر ئەوەیە، بۆئەوەی رۆڵی وێرانکردنی چێژی ھونەریی و بەدکاریی ئێستێتیکیی ئەم بەرپرس و زاتانە لە مێژوو و یادەوەریی ئینسانی ئێمەدا بھێڵینەوە کە چ کارەساتێکیان لە چێژ و جوانناسیی لەوڵاتی ئێمەدا بەرھەمھێناوە، پێشنیاردەکەم وەکو رێزلێنانێک بۆ ڕۆڵیان لە ناشیرینکردنی ڕووبەری گشتیی شارەکانمان، پەیکەر بۆ ھەموو ئەو بەڕێوەبەر و سەرمایەدار و پەیکەرسازانە دروستبکرێت بۆئەوەی جارێکی تر جورئەتی ئەوەنەکەن بیر لە پلان و تەمویل و جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نوێی ناھونەریی تر بکەنەوە.


■ مەریوان وریا قانع .. ”مانرید حاکم ملتحي، انرید حاکم یستحي“  ”حاکمێکمان ناوێت ڕیشی ھەبێت... حاکمێکمان ئەوێت حەیای ھەبێت“ چەند ڕۆژێکە باشوری عێراق لە دۆخی کوڵانێکی سیاسیی بەرچاودایە، لە ھاوێنێکدا کە کەش و ھەوای وڵاتە خۆشی لە دۆخی کوڵاندایە. تا ئەم ساتە لە چەندان شاری باشوری عێراقدا خەڵکی ناڕازیی، بەتایبەتی گەنجان، چوونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافە ھەرە سەرەتایی و ھەرە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکەن: لە دابینکردنی ئاو و کارەباوە بیگرە بۆ دابینکردن و کار و بژێو و لەدابینکردنی ئازادییەوە بۆ دابینکردنی لانی ھەرە کەمی ڕێز و کەرامەت.  بەشەکانی تری عێراق، بە ھەرێمی کوردستانەوە، خاوەنی سیستمێکی سیاسیی و نوخبەیەکی حوکمڕان و دەسەڵاتدارانێکی ھێندە نابەرپرسیارن، کە توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی ھیچ داخوازییەکی سادەی ئەو کۆمەڵگایە و توانای پیادەکردنی لانی ھەرە ھەرە کەمی ئەو یاسایانەشیان نەماوە کە خۆیان دەریانکردوە. ئەمە وایکردوە تەنانەت داخواییە ھەرە سادەکانی خەڵک، بۆ نموونە داخوازی دابینکردنی کارەبا، ببێتە داواکارییەکی سیاسیی گەورە و بەر گشتێتی ئەو سیستمە حوکمڕانییە گەندەڵە بکەوێت کە دروستکراوە. جێبەجێکردنی داخوازیەکەش ڕاستەوخۆ بەسترابێتەوە بە گۆڕان و دەسکاریکردنی سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەیی و تائیفییە گەندەڵ و داخراوەکەوە. لە عێرقدا شتە ھەرە سادەکانیش بوون بە بەشێک لەو فەزا سیاسییە کە خەریکی وێرانکردنی ھەمووشتێکە لەو وڵاتەدا. مۆدێلی حوکمڕانی لە عێراقدا، بە مۆدێلی حوکمڕانی کوردستانەوە، بەجۆرێک ئیفلاسی کردوە توانای ئەوەی نەماوە ھیچ کێشەیەک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەربکات. بۆیە ھەموو داخوازییەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بە پێیوست بەناو گۆڕانێکی گەورەی سیستمەکەدا تێدەپەڕێت. ئەمە وادەکات ئەو دیدە ڕاست نەبێت کە پێیوایە داخوازییەکانی خەڵک تەنھا بۆ نان و ئاو و کارەبایە، یان تەنھا داخوازیی دابینکردنی خزمەتگوزارین و ڕەھەندی سیاسیان نییە. سیستمە بەجۆرێک بۆگەنی کردوە کە ھەر داخوازییەکی ڕەوا لەناویدا، چەند دووریش بێت لە سیاسەتەوە، ئاکارێکی سیاسیی وەردەگرێت. چونکە دابینکردنی ئەو داخوازیانە بەبێ لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە لەگەندەڵیی مافیایی و بەبێ وێرانکردنی ژێرخانی بنەماڵەگەرایی و بەبێ کۆتاییھێان بە سیاسەتی گروپی داخراو، کارێکی مەحاڵە.


   ■ڕێبین عەبدولڕەحمان فەتاح... دەسەڵاتی سیاسی دەبێ کاری سەرەکی ئەوە بێت کە چۆن بتوانێت زۆرترین سود بە کۆمەڵگە بگەیانێت، مەبەست لەکۆمەڵگە ڕێژەیی ئەو هاوڵاتیانەن کە لەو کۆمەڵگەیەدا ژیان دەکەن. واتا سیستەمی سیاسی مەرجی بوون و کارای بریتیەلە پێشکەشکردنی باشترین وەڵام بۆ خواستانەی کە لەکۆمەڵگەوە ئاراستەی دەکرێت.  واتا سیستەمی سیاسی پێویستی بە سیاسەتێکی دروست و کار جێبەجێکەر هەیە کە چۆن بتوانێت بە زوترین کات وەڵامی خواستی خەڵک بداتەوە، ئەمە دوای کە داوای ئاراستە دەکرێت لە بازنەی خولاوەی سیستەمدا. چونکە مانەوەی بەهێزی ئەو سیستەمە بەندە بەوەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر و دەست بەجێ داواکارییەکانی کۆمەڵگە. سیستەمی سیاسی کارای بوونی بەندە وەڵامدانەوەی ئەو  داوا و خواستانەی کە لە کۆمەڵگەو ئاراستەی دەکرێت جا بەهەر شێوە و جۆرێک بێت، لەوش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن سیستەمی سیاسی دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت بۆ داواکارییەکان ئەویش بە سیاغە کردنی سیاسەتی گشتی تەندروست لەپێناو ئیدارەدانێکی دروست و ڕاستدا کە ئامانج تیادا بەرژەوەندی گشتی بێت و گەیاندنی زۆرترین سود بێت بۆ زۆرترین هاوڵاتی و دانیشتوی ناوخۆی نیشتیمان.  هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی سیاسی و ئیدارەیەکی سەربەخۆ بە تایبەتی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە و بەتایبەت تریش لەساڵی 2005 وە هیچ کات نەتوانیوە بگاتە ئاستی خۆژێنی ئابووری، بۆیە بێ توانا بووە لە دابین کردنی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان لەپرۆسەی بازنەی سیستەمی سیاسیدا، ئەگەر وای دابندرێت کە ئەوەی هەیە لە کوردستان سیستەمی سیاسی بێت.  حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەدوای شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە، بەتەواوی بێ باک و بێ خەم بووە لە دابین کردنی مافەکانی تەواوی هاوڵاتیاندا بەتایبەت ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا کار دەکەن وەکو فەرمانبەری حکومی. واتا ئامانجی کارکردنی حکومەت هیچ کات دابین کردنی مافی فەرمانبەرەکانی خۆی ئامانج نەبووە لای نەک تەواوی خەڵک و هاوڵاتیانی خۆی. کەواتە هیچ کات حکومەت مافی هاوڵاتیانی خۆی بە ئامانج دانانەوە و  کاری بۆ ئەو ئامانجەش نەکردووە، کە مافەکان بکاتە ئامانجی کاری خۆی بە سیاسەت و پلان. نموونەی چین و توێژی مامۆستایان، باشترین بەڵگەیە بەوەی کە حکومەت چەندە بتوانایە لە ئاستی چاوەڕوان و خواستەکانی ئەو چینەدا، چونکە حکومەت کار بەو بنەمایە دەکات کە دەڵێ " تا کار هەبوو تۆ گرنگیت، کە کار نەما گرنگی تۆش کەم دەبێتەوە"، ئەمە لەسەر هاوکێشە چارەسەر نەکراوەکەی  نێوان حکومەت و مامۆستایان  بەتەواوی جێ بە جێ دەبێت. ئەو بیانوو و پاسەوانەی کە حکومەت هەیبوو هیچی نەماوە، لەوانە پەیوەندی نێوان مەرکەز و هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی باشتر چووە و ئێستا حکومەتی عێراق مانگەنە پارە دەنێرێت و نرخی نەوت دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە بەرز بۆتەوە و داهاتی ناوخۆ بەرێژەیەکی باش بەرز بۆتەوە و لەگەڵ ئەوەی حکومەت ڕێژەی باجی لەسەر هاوڵاتیان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد کردووە. ئیدی ئایا ئەبێ بۆچی مافی مامۆستا و تەواوی چینەکانی تر حکومەت بە چ بیانوویەک نەدات و دوای بخات؟.


  ■ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ... 1 چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپیشاندانه‌ له‌ به‌سره‌ ، له‌ به‌رانبه‌ر كوشتنی هاووڵاتیه‌كا دكتۆر فواد مه‌عسوم هاواری لێهه‌ستا ، به‌ڵام له‌ سه‌ر كوشتنی مامۆستا هێرشی هاوشاری هیچی نه‌وت ، حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ په‌له‌ پڕوزێ‌ له‌ برۆكسله‌وه‌ گه‌یشته‌ به‌سره‌ ، بڕیاری دامه‌زراندنی 10 هه‌زار گه‌نج دراوه‌ ، بڕیاری باشكردنی كاره‌با خستنه‌وه‌ گه‌ڕی كارگه‌و كارخانه‌كان دراوه‌ ، بڕیاری دابینكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌سره‌ دراوه‌ ، به‌ڵام هێشتا خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن . 2 خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ئه‌مڕۆ داوای جێبه‌جێ‌ كردنی 6 خاڵیان كردووه‌ به‌م جۆره‌ " یه‌كه‌م : هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارله‌مان و دروستكردنی حكومه‌تی رزگاری نیشتمانی یان سه‌رۆكایه‌تی  دووه‌م : كاره‌بای 24 سه‌عاتی  سێیه‌م : ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌و دابین كردنی ئاو بۆ كشت و كاڵ  چواره‌م : رێكخستنی خۆراكی بایه‌عی مانگانه‌و وه‌ك پێش 2003 لێكردنی  پێنجه‌م : دابین كردنی پێویستیه‌كانی مناڵ له‌ خێزاندا  شه‌شه‌م : خستنه‌وه‌ گه‌ڕی كارگه‌و كارخانه‌كان  ئه‌م داوایانه‌ سه‌رجه‌میان داوای سه‌ره‌تایی و ڕه‌وان به‌ تایبه‌ت بۆ وڵاتێكی نه‌وتی وه‌ك عێراق ،كه‌ له‌ چله‌كان و په‌نجاكاندا زۆر له‌ ئێستا پێشكه‌وتووتر بووه‌ . 3 له‌ خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانیدا نیچیروان نه‌هات كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ، له‌ بری هاتنی خۆی هێزی به‌ره‌و سلێمانی نارد به‌ بیانووی لێدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ خۆپیشاده‌ران و مامۆستایانی وت با بۆ خۆیان هه‌ڵپه‌ڕن ، 60 رۆژ پتر به‌رده‌ركی سه‌را جێی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بوو هیچ به‌ڵێنێك به‌ خۆپیشانده‌ران نه‌دراو یه‌ك خواست و داوایان جێبه‌جێ‌ نه‌كرا ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌،ساڵی 2011 له‌ چاو ئه‌مڕۆوه‌ هه‌موو شت باشتر بوو. 4 عه‌بادی به‌ په‌له‌ ده‌ست ده‌كات به‌ جێبه‌جێكردنی خواست و داوای خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ، سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ش سه‌رقاڵی لێكدانه‌وه‌ی یاریه‌كانی مۆندیاله‌ و پێشی ناخۆشه‌ وڵاتێكی بچوكی وه‌ك كرواتیا گه‌یشتوه‌ته‌ یاری كۆتای و یاریه‌كان به‌ به‌زمی سیاسی عێراق ده‌چوێنێت . 5 له‌ خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌دا به‌ لای سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ داواكان ڕه‌واو به‌ جێن ، به‌ قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان ده‌ستی ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌و بۆ تێكدانی ئارامی و ته‌ناهی كوردستانن ، لێ‌ كه‌س ناپرسێت كام ئارامی و ته‌ناهی ، كه‌ كه‌مڕۆژ له‌ كوردستانی 5 ملیۆن كه‌سی خه‌ڵك نه كوژرێت .


■ محەمەد نوری .... ١ لەدوای شكسستی پرۆژەی ریفراندۆم و چوونی هەرێم بۆ ناو تونێلێكی نادیار و نەمانی پشتیوانی ناوچەیی ونیودەوڵەتی بۆ حكومەتەكەی ،ئەمەریكییەكان تەنها ١٥رۆژیان دانابوو كە جموجۆڵێكی سیاسیی گەورە بكرێت لەسەر شەقام و هێزەكانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە بتوانن جڵەوی بەڕەوەبردنی ئەم شڵەژانییە وەربگرن(ماوەیەكی كەمیان بۆ داناین كە بتوانین هەنگاو بۆئاوتكردنی ئەو دوو حزبە بدەین ،بەڵام نەمانتوانی -سەركردەی یەكێك لەو حزبانە-)،خەڵك رژانە سەر شەقام ،ترس لەسەر كیانی ئەو دوو حزبە دروستبوو ، كەچی حزبەكانی دەرەوەی ئەم دوو لایەنە بەدەوری یەك بازنەدا دەخولانەوە ، نەیانتوانی كاریگەری گەورە دروستبكەن ،لەپاڵ ئەوەشدا سەركردەی یەكەمی حزبەكان خۆیان دورگرت لە شەقام .١٥رۆژەكە تێپەڕی و سەركردە نەیارەكان لە ژوری فێنك كۆدەبوونەوە ،بەهیواشی جڵەوەكان كەوتەوە دەست ئەودوو حزبە . ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟ ٢ ماوەی چەند ساڵێكە شەقامەكان پڕە لەدەنگی ناڕازیی ،دەمێك مامۆستایان و دەمێك فەرمانبەران و دەمێكش كارمەندانی تەندروستی .خەڵك توڕەیە داوای قوت وماف و موچەی خۆی دەكات .گیرفانەكان خاڵی بوونەتەوە ،بێ تاقەتی وقەیران و بێ ژیانیی ئەم هەرێمەی تەنیوە . كەچی بۆ یەك رۆژ نەیارە سەرسەختەكانی یەكێتی وپارتی (رێكخەری گۆڕان و سەرۆكی هاوپەیمانی و ئەمیندار وئەمیرمان)نەدی لەسەر شەقامەكان بوەستن و پشتگیری داواكاری خەڵك بكەن ،ئەوانمان نەدی لەریزی پێشەوەی دەنگە ناڕازییەكان هاوار بەرووی ئەم حكومەتە كەوتوەدا بەرزبكەنەوە .نەماندی خێمەیەك هەڵبدەن لەبەردەم حكومەت وپەرلەماندا وپاڵپشتێكی مەعنەوی بن بۆ موچەخۆران و مامۆستایانی موچە خوراو . ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟ ٣ بارەگاكان دەسوتێنرێت ،تەقە لە بارەگا دەكرێت ،چالاكەوانەكان دەفڕێنرێت ،سەری لایەنگران وهەڵسوڕاوەكان دەتاشرێت ،سەرۆكی پەرلەمان رەوانە دەكرێتەوە ، وەزیر دەردەكرێت ، خەڵك بە چەقۆوەشین وەسف دەكرێت ، پاسەوان لە كەمئەندام دەدا ، مامۆستای ئاینیی ردێنی دەسوتێنرێت ، مامۆستای ئەلفوبێ بەرشەق دەدرێت ، دكتۆرەیەك بەبەرچاوی هەموانەوە پەلاماردەدرێت .ئەمە و دەیان رووداوی تر ،ئاسان تێپەڕدەبێت .ئەوان هەر بەیاننامە دەردەكەن وبێ دەنگ لەوروداوانە دەڕوانن. ئەگەرئەمان هێزی راستەقینەی موعارەزەبوونایە دەبوو نەهێڵن شەقام ئەم روداوانە ئاسان وەربگرێت ، نەدەبوو بهێڵن دیمەنەكان تەنها چەند ساتێك بمێننەوە و هیچ لەمەسەلەكان نەگۆڕێت .ئەگەر هێزی راستەقینە بن دەبوو ئەم روداوانە جوڵەی گەورەی پێی بكردنایە . ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟ ٤ پڕ بەدەنگتان هاوارتان كرد ساختەكاریی گەورە كراوە ،وتتان دەنگمان ورەنگمان هاككراوە .ئەو دێڕە گەورەیەتان كردە تایتڵی هەموو كارێكتان ، هاوارتانكرد بێ دەنگ نابین لەسەر دەنگە دزراوەكانمان،دروشمی كوا دەنگەكەم وچی لێهات دەنگەكانمان؟ بووبە ژەمی سیاسەت لاتان .چوونە بەغدا ،وتتان دەنگەكان دەگەڕێنینەوە ،بەڵام دواجار لەناوبێ دەنگییەكدا بایكۆتان كرد ، لەهەموو هەنگاوێك كشانە دواوە . ئێستا لەنێوان ئەوەی خۆتان دەڵێن دەنگی دزراو وبایكۆتی پرۆسەی سیاسیی لەعێراق لە دڵەڕاوكێدان ،بڕیاری گەورەتان پێنادرێت . لەبەردەم وەڵامێ ئەو پرسیارەدا وەستاوون: چی بەدەنگدەرەكانتان دەڵێن ؟ئەمجارە چۆن متمانەی نەفەوتاندنی دەنگ لای خەڵك دروستدەكەن؟چۆن بانگەشەدەكەن ؟ئەی چی دەڵێن لە كاتی بانگەشەدا؟(رەنگە بایكۆتكردن باشترین چارەسەربێت بۆتان). ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئەی كێ بەرپرسە ؟ ٥ بیریاری گەورەی عەرەب عەبدوڵا عەرەوی دەڵێت:بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەشكستی حكومەتەكان تێبگەیت ، دەبێت تەماشای هێزە ئۆپۆزسێونەكانیشی بكەین . پەندێكی كوردیش هەیە دەڵێت :چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت . ئەوانی دەسەڵات وئەوانی حكومڕان وئەوانی قوتخۆر ومۆچەبەر و نەوتفرۆش ،چیما نەیكەن .ئێوەش بێ دەنگ و تەماشاكەر سەیری تێپەڕینی رووداوەكان دەكەن ،وەك پێشتر وتم: یەكێتی وپارتی بۆیان دەركەوتوە:گۆڕان و كۆمەڵ ویەكگرتوو وهاوپەیمانی ، ئەم دۆخەیان نە پێی تێكدەدرێت ،نە پێی چاكدەكرێت ،نە پێشیان دەگۆڕدرێت .


■ كامه‌ران بابان زاده‌ .. له‌ هه‌فته‌ی رابردوو رامگه‌یاند به‌م ناونیشانه‌ وتارێك ده‌نووسم,سه‌رنجی هاورێیانی ناو فیس بووكه‌م داواكرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه‌, ویستم بڵێن من له‌وانه‌یه‌ هه‌موو گۆشه‌ نیگاكانی نه‌بیم, هه‌روه‌ها ئه‌و تارماییه‌ی له‌ بێ ئومێدی هه‌ست پێده‌كه‌م بزانم لای ئێوه‌ش هه‌ر وایه‌. زۆر سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ رێگه‌ی كۆمینته‌كانیانه‌وه‌ به‌راشكاوی ئه‌وه‌ی له‌ناخیاندایه‌ بۆیان نوسیبووم. هه‌وڵده‌ده‌م لێره‌دا بیخمه‌ ناوه‌خنی ئه‌م وتاره‌وه‌. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌م ئه‌ویش زۆربه‌ی كومینته‌كان ره‌شبینی زۆری پێوه‌ دیار بوو به‌رانبه‌ر ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و متمانه‌ به‌ ئاینده‌ی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان. پێشتر رامگه‌یاند: 1- ریفراندۆم بێ ئه‌نجامه‌, خراپه‌, بێ زه‌مینه‌و كۆتایی‌وده‌رهاویشته‌كانی ده‌بینم وا ده‌رچوو. 2- چوار حیزبه‌ (كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتوو, هاوپه‌یمانی) بایكۆتی به‌غدا بكه‌ن, چونكه‌ به‌غدا یه‌كێتی‌و پارتی فه‌رامۆش ناكات بۆ ئێوه‌ واده‌رچوو. 3- وتم ده‌گده‌ران هێنده‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌ڵویست ده‌كه‌ن هێنده‌ چاوه‌ڕوانی یه‌ك لیستی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان ناكه‌ن, راست ده‌رچوو. لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌ واقیعی بنوسم, چۆن حاڵی بووم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر دیڕه‌كان. یه‌كه‌م/ پارته‌ ئۆپۆزسیوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه‌ بۆ هه‌مووان له‌ جێی خۆیدا نه‌بێ, به‌ڵام سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌مووانی كۆكرده‌وه‌, له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دا پێشتر په‌یوه‌ندی نێوانیان خراپ نه‌بوو. له‌وانه‌یه‌ ناساندنی وردتر بۆ كۆمه‌ڵا‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و سوسیالیست و حیزبی شیوعی‌و ئه‌وانی دیكه‌ بوترین لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات باشترین پێناسه‌ بێت هه‌مووان كۆبكاته‌وه‌. دووه‌م/ چه‌مكی ئۆپۆزسیون زیاتر له‌ كابینه‌ی 6و له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆمه‌ڵا و یه‌كگرتوو بزوتنه‌وه‌ی گۆران هاته‌ ئاراوه‌, چونكه‌ ئه‌وان به‌ فه‌رمی وتیان به‌شداری كابینه‌ی حكومه‌ت ناكه‌ین‌و ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیون. دوایی مانای فراوانتر بوو, ئێستا هه‌موو ئه‌و پارت‌و ره‌وت‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرن به‌خۆیان ده‌ڵێن ئۆپۆزسیون, من كاتی خۆی له‌ ئه‌یلولی 2009 زنجیره‌یه‌ك وتارم له‌ رۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ نووسی له‌سه‌ر بایه‌خ‌و ئه‌ركی ئۆپۆزسیون, بۆ ئه‌و كات ئۆپۆزسیون بوون هه‌نگاوێكی گرنگ بوو. ئۆپۆزسیون‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ئۆپۆزسیون: 1- له‌ كوردستان پێش ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسییونمان هه‌بیت, شه‌مافی نارازیی‌و كه‌ناڵی میدیایمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌بووه‌, رۆشنبیرانی نارازیمان هه‌بووه‌, خۆپشاندان‌و ده‌سته‌و تاقمی نارازیمان هه‌بووه‌. 2- له‌ كوردستان ئۆپۆزسیون یه‌ك مه‌جه‌عیه‌ی نیه‌, هه‌تا پارته‌ سیاسییه‌كانیش به‌ توكمه‌یی خاوه‌نی ئۆپۆزسیونی شه‌قام نین, كه‌واته‌ دیسپلینكردنی ئۆپۆزسیون‌و ملكه‌چ بوون‌و وا به‌ئاسانی قه‌ناعه‌ت پێهێنانی بۆ سیناریوی هێزه‌ ئۆپۆزسیونه‌كان كارێكی ئاسان نیه‌, بۆیه‌ عاجز بوونی شه‌قامی نارازیی له‌م هێزه‌ی ئۆپۆزسیون یان له‌و هێزه‌یان له‌و كاته‌ی هه‌ڵویسته‌كانی نه‌رمی تێدا بووبێت قبوڵ كراو نه‌بووه‌و ئه‌و هێزه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر توڕه‌یی شه‌قام‌و له‌ ریزی ئۆپۆزسیون ده‌ریانهێناوه‌و قسه‌یان پێ وتووه‌. ئه‌و هێزه‌ش كه‌وتۆته‌ به‌رگری له‌ هه‌ڵویسته‌كانی به‌لام له‌ هه‌ڵبژاردن تۆڵه‌یان لێكردۆته‌وه‌. 3- له‌سه‌ره‌تاوه‌ هێزه‌ 3 هێزی سیاسی بوون رێبه‌رایه‌تی شه‌قامی ناڕازییان ده‌كرد (كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتوو) ته‌با‌و خاوه‌نی یه‌ك پاكێچی چاكسازی‌و لێژنه‌ی هاوبه‌شی خه‌مه‌كان بوون, كه‌چی دوایی 9 ساڵا هه‌م ئه‌و سێ هێزه‌ به‌ته‌بایی جاران نه‌ماونه‌ته‌وه‌و هه‌م هێزی دیكه‌ دروست بوون‌و موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌ن, لێره‌دا ته‌بایی نێوان هێزه‌ تازه‌و كۆنه‌كان تۆكمه‌ نیه‌. چاوه‌ڕوانی ده‌نگده‌ر ‌و سه‌رده‌می نائومێدی راسته‌ هێزێكی دیكه‌ی وه‌كو (هاوپه‌یمانی نیشتیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری)و (نه‌وه‌ی نوێ) هاتنه‌ رێزی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كانه‌وه‌, له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دا دره‌نگ هاتن, به‌ڵام كه‌ره‌سته‌ی تازه‌ییان پێ نه‌بوو بۆ به‌ره‌نگاری.. (ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار له‌ كوردستان هه‌یه‌, ره‌خنه‌ی لێ بگره‌و ده‌نگ به‌ده‌ست بێنه‌),, به‌شداری خۆپشاندانه‌كانی زۆنی سه‌وز بكه‌, با زۆرنی زه‌ردیش له‌رێگه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشای بكات, ئه‌وكات له‌ هه‌ردوو زۆن ده‌نگ زیاد ده‌كات, كه‌ ده‌نگ زیادی كرد كورسی په‌رله‌مانت زیاد ده‌كات.. ئه‌وكات ده‌توانی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی هه‌مووار بكرێته‌وه‌, یاسای سندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان ده‌رده‌چێ, ده‌توانی رێگری بكه‌یت له‌ ریفراندۆمی بێ ئه‌نجام.. كه‌چی له‌به‌رانبه‌ر هه‌موواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌رله‌مان په‌كخراو.. پاره‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان‌و داهات شه‌فاف نه‌بوو, خه‌رجی ناشایسته‌و موچه‌خۆی بندیوار چاره‌سه‌ر نه‌كرا‌و ریفراندۆمیش هه‌ر كراو ئه‌نجامده‌رانی له‌ موزایه‌ده‌ ناكه‌ون....هتد.. ئه‌مجاره‌ وتیان ده‌نگتان پێ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لای به‌غدایان لێ بگرن, چونكه‌ كاریگه‌ری به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم زیادی كردووه‌, كه‌چی به‌مه‌ش هیچ به‌ هیچ نه‌كرا.. هه‌تا ئیستا ئۆپۆزسیون هه‌ر ئه‌و یاریه‌ ده‌زانی كه‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانیه‌... هه‌ر یه‌ك ساحه‌ی هه‌یه‌ یاری تێدا ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌ویش رێكاری یاساییه‌ به‌ ده‌نگدان‌و لایه‌نگریه‌تی جه‌ماوه‌ر..  نه‌ به‌نیازه‌ له‌ بێ ئومێدی شه‌ڕه‌ ده‌نگ بیكاته‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ‌و نه‌ له‌ جیاتی بێ نیازكردنی وڵاتانی ئیقلیمی‌وده‌ولی به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵیان رێك بكه‌وێ له‌حاله‌تی گه‌شتن به‌ده‌سه‌ڵات ئه‌م زیاتریان بداتی.. نه‌ داهات‌و نه‌وتی كوردستانی وه‌كو حیزب ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست هاوكاری ده‌نگده‌رانی پێ بكات‌و نه‌ قه‌ناعه‌تی به‌م شێوازه‌ هه‌یه‌.. چاوه‌ڕوان ده‌كات چین‌و توێژه‌كان خۆپشاندان بكه‌ن.. سه‌ركرده‌و هه‌لسوڕاوانی ئۆپۆزسیون له‌رێگه‌ی مایكرۆفۆنه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن.. (ته‌نیا قسه‌) خوا نه‌خواسته‌ به‌نیازیش نین.. پێش جه‌ماوه‌ر بكه‌ون‌و خۆیان بزوینه‌ری خۆپیشاندان بن‌و رێبه‌رایه‌تی بكه‌ن‌و قوربانی بده‌ن.. ئه‌گه‌ر به‌م هه‌نگاوانه‌ له‌رابردوو جه‌ماوه‌ر پشتگیری له‌ ئۆپۆزسیون كردبێت.. ئه‌وه‌ له‌ ئێستا به‌دوای به‌لای كه‌مه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كات.. ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و قۆرغكاری...... منیش ده‌یزانم.. به‌ چیت له‌ده‌ست دێت بۆ گۆڕانكاری.؟؟!!! پرسیارێكی ره‌وایه‌و جه‌وهه‌ری بێ ئومێد بوونی خه‌ڵكه‌.. هه‌تا ئه‌م پرسیاره‌ بێ وڵام بێت بانتایی بێ ئومێدی زیاد ده‌كات.. ئاریشه‌كانی ئێستا یه‌كه‌م/ له‌ساڵانی رابردوو خۆپشاندانه‌كان به‌ زۆری لۆكاڵی بوون, نه‌گه‌یشته‌ پایته‌خت (هه‌ولێر) فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان له‌ پایته‌خته‌وه‌ ده‌بێت نه‌ك له‌ كه‌لارو كفری‌و رانیه‌و قه‌ڵادزی. ئایا ئۆپزسیون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ناچار بكات به‌چاكساز ده‌توانی له‌ پایته‌خت فشار بكاته‌ سه‌ر حكومه‌ت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆرنی سه‌وز جۆرێك له‌ به‌رگریان وه‌رگرتووه‌ له‌به‌رانبه‌ر خۆپشاندان به‌وه‌ی با مه‌یدانه‌كان هه‌ر بۆ خۆیان بقیژینن.. ئایا ئه‌مجاره‌ ئۆپۆزسیون ده‌توانی رێبه‌رایه‌تی خۆپشاندانی سه‌رتاسه‌ری بكات.. ئه‌ری به‌راست ئه‌وه‌ی پێ ده‌كرێ.. ئه‌گه‌ر نه‌توانی ده‌نگده‌رانی ناهه‌قیان نیه‌ بێ ئومێد بن.. دووه‌م/ له‌ هه‌رێمی كوردستان (په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان)و (نه‌وت‌و ئابووری‌و داهات) و (هیز‌و تفه‌نگ) دامه‌زراوه‌یی نین, هی دوو هێزی سه‌ره‌كیه‌كه‌ن, هێزه‌كانی دیكه‌ هیچ كاریگه‌ریان له‌و سێ سێكته‌ره‌ نیه‌, ئه‌و ساحه‌یه‌ی یاری تێدا ده‌كه‌ن ته‌نیا ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌, به‌ڵام ده‌نگی جه‌ماوه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و سێ بواره‌ی دیكه‌ هێزه‌ سیاسیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ناگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات, جارێك و دوو جار‌و سێ جار و چوار جار ده‌نگده‌ر ده‌نگ به‌ هێزێك بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكات, به‌لام نه‌یگاتێ, به‌ دڵنیایی ئه‌و هێزانه‌ ده‌نگده‌رانیان ماندوو بێ ئومێد ده‌بن. سێیه‌م/ هێزه‌ موعاره‌زه‌كان ته‌نیا بۆ (سكاڵا) له‌ ده‌ست پارتی ‌و یه‌كێتی ده‌چنه‌ به‌غدا, ئه‌گیان هیچ ته‌فاهوم‌و ریكه‌وتن‌و پرۆژه‌‌و كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌مانه‌و هێزه‌ عێراقیه‌كاندا نیه‌, له‌به‌رانبه‌ردا هێزه‌ عێراقیه‌كان دواجار هه‌نگاوه‌كانیان به‌ زیانی هێزه‌ موعاره‌زه‌كان‌و به‌ سوود بۆ یه‌كێتی‌و پارتی كۆتایی دێت. پرسی راده‌ستكردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خاوكردنه‌وه‌ی به‌غدا له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست‌و زۆری تر گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ن. چواره‌م/ لایه‌نه‌ موعاره‌زه‌كان به‌ یه‌ك لیستیش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن, ناتوانن حكومه‌ت بگرنه‌ ده‌ست, چونكه‌ پرۆژه‌یه‌كی سیاسی هاوبه‌ش‌و هه‌ڵویستی سیاسی هاوبه‌شیان نیه‌, دوایی ناتوانن زۆرینه‌ی كورسیه‌كان به‌ده‌ست بهێنن‌و دواجار پارتی‌و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان, ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش بگرنه‌ ده‌ست ناتوانن به‌ یه‌كجار نه‌یاریه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی بكه‌ن كه‌ هێزی چه‌ك‌و داراییان له‌به‌رده‌سته‌. كه‌واته‌ هێزه‌ موعاره‌زه‌كان له‌ قه‌یران دان, قه‌یرانی كاردن بۆ ئایینده‌یه‌ك كاریگه‌ریان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیه‌وه‌ زیاد بكات, بتوانن به‌ره‌و به‌دیل بچن. موعاره‌زه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌تا زوڵم‌و نادادگه‌ری به‌رده‌وام بێت. ره‌خنه‌ له‌ موعازه‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌سه‌ڵات باشه‌, خه‌لك نیگه‌ران نیه‌, نه‌خیر, به‌ڵكو له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان یگه‌رانی شه‌قام‌و پارته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانه‌, ئیستا شه‌قامی نیگه‌ران نایه‌وێ گوتاری پارته‌ موعاره‌زه‌كان له‌سه‌ر دوو ریتم درێژه‌ بده‌ن ئه‌وانیش:  یه‌كه‌م/ قسه‌ دووباره‌و سه‌د باره‌ به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خراپه‌ (پیاو یه‌ك جار به‌ زستان ده‌ڵی سارده‌) ئیتر ته‌واو زانیاری تازه‌ نیه‌و هه‌موو ده‌یزانن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان خراپه‌. دووه‌م/ ده‌سه‌ڵات جۆریك له‌به‌رگری دروست كردووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌, واته‌ وای لێهاتووه‌ ره‌خنه‌گرتن ئازایه‌تی نیه‌. شه‌قام نیگه‌رانه‌, موعاره‌زه‌ی راسته‌قیه‌ شه‌قامه‌, خۆپشاندانه‌كانی كۆتایی ساڵی 2017 ده‌ریخست شه‌قام له‌ هه‌مووان نیگه‌رانه‌, باره‌گای كۆمه‌ڵ‌و گۆران‌و یه‌كگرتووش كه‌وته‌ به‌رشاڵاوی ناره‌زایی. ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كپ بوونه‌وه‌ی ناره‌زایی نیه‌ به‌ڵكو بێ ئومێدیه‌ له‌ رێبه‌رایه‌تی كردنی موعازه‌ره‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتووو ئه‌وانی دیكه‌وه‌. راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئه‌مرۆ (8/ 7) ره‌مزی بێ ئومێدی دوا هه‌نگاوی لایه‌نه‌ موعاره‌زه‌كان ئه‌مرۆ 6 لایه‌ت (كۆمه‌ل, گۆران, یه‌كگرتوو, هاوپه‌یمانی, بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی, حیزبی شیوعی) كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هه‌یه‌ دوا, له‌ دوای چه‌ند خاڵێك له‌گله‌یی و ناره‌زایی كۆتایی به‌مه‌ هاتووه‌ (ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌, پێچه‌وانه‌ی رینوماییه‌كانه‌, كومیسیون ده‌بێته‌ شه‌ریكی ساخته‌كاری..) چه‌ند رسته‌یه‌كی بێ ئه‌رزش‌و لاستیكی .. ئه‌نجامی دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی له‌ سه‌دا 25 ده‌نگه‌كانیش پێم وانیه‌ هیچ له‌ نیگه‌رانیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. به‌ڵام ده‌رهاویشته‌ی زۆر خراپی ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌لبژاردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مجاره‌ به‌ته‌واوی پرۆسه‌ی نائومێدكردنی ده‌نگده‌ر سه‌ر ده‌گرێ. ئه‌ی چاره‌سه‌ر؟ من ته‌نیا تارمایی ئه‌و قه‌یرانه‌ نابینم كه‌ (كۆمه‌ڵ, بزوتنه‌وه‌ی گۆران, هاوپه‌یمانی, یه‌كگرتوو) به‌ره‌و رووی ده‌بنه‌وه‌. ده‌كرێ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمه‌ پوختی بكه‌مه‌وه‌ به‌ناوی (پرۆژه‌ی رێگه‌چاره‌ بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یرانی سیستمی حوكمرانی و رۆڵی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان)..


■ نیاز عه‌بدوڵڵا... ئەو مۆمەی نەوشێروان مستەفا لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆ رووناک کردنەوەی تاریکی سیاسی لە کوردستان دایگیرساند لە رێگای دامەزراندنی یەکەم بزووتنەوەی سیاسی مەدەنی ئۆپۆزسێۆن، كه‌ هه‌زاران هاووڵاتی خاوه‌ن خه‌ون به‌ ئامانجی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان شوێنی كه‌وتن، ئێستا کوڕەکانی ئه‌و مۆمه‌ دەکوژێننەوە. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌رده‌می نه‌وشێروان مسته‌فا، دژ به‌ بنه‌ماڵه‌یی كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و میدیایی قسه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌لا مسته‌فا و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌سعود بارزانی ده‌كرد. به‌ڵام ته‌نیا دوای نۆ ساڵ و تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی نه‌وشێروان مسته‌فا، كوڕه‌كانی یه‌كه‌م رێكخه‌ری گشتی به‌هه‌مان رێگای ئه‌و بنه‌ماڵه‌ حیزبیانه‌ی گۆڕان ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرتن بوونه‌ خاوه‌ن كۆمپانیای چیمه‌نتۆ و كۆمپانیای وشه‌ و میدیای گۆڕان چه‌ندین ملیۆن دۆلار و ده‌یان دۆنم زه‌وی و ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی. رۆژی 12ی ته‌مموز به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌سلیمبوونی خۆی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی به‌ فه‌رمی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و میدیایی و سیاسی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا راگه‌یاند و وتوویه‌تی "موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و بڕۆن بە هەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن". گۆڕان به‌ روونی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبووه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌یه‌ی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری سیاسی و به‌ بنه‌ماڵه‌یی بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات له‌ناوخۆدا، هێشتا به‌ لاوازی به‌ره‌نگاری ئه‌و بیره‌ نادیموكراتخوازه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ خۆ په‌راوێزخستن و ئه‌نجامنه‌دانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ و به‌هێز ئه‌و قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ ناوخۆییه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ به‌ره‌ مشه‌خۆره‌ سیاسییه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌نجام كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. ئێستا له‌بری شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌مكاری و كاركردن بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و داڕشتنی به‌رنامه‌ و ستراتیژ، له‌بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ گه‌ورانه‌ بكات كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، گۆڕان بۆته‌ هێزێكی سیاسی كرێچی و خه‌ریكه‌ خۆی له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵده‌وه‌رێ و ده‌بێته‌ كۆپی و ته‌واوكاری جه‌سته‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانییه‌ چه‌وسێنه‌ره‌ی نادیموكراتیانه‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.  بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان مەترسی راستەقینە بە تەنیا پارتی دیموكرات و یەکێتی نیشتیمانی نین، بەڵکو لاوازی بەرەی دژە ستەمکاران و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییه. پارتی و یه‌كێتی ئه‌و دوو هێزه‌ به‌هێزه‌ نه‌بوون كه‌ گۆڕانكاری له‌ حوكمڕانیان مه‌حاڵ بێت، به‌ڵام لاوازی به‌ره‌ی دیموكراتخوازه‌كان و دژه‌ سته‌مكاران وزه‌ بووه‌ بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م مۆدیله‌ حوكمڕانییه‌ی هه‌رێم. پێویسته‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی ساخته‌كارانه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراتخوازانه‌ ده‌كه‌ن، راستییه‌كانیان وه‌ك خۆی ئاشكرا بكرێت به‌و ئامانجه‌ی جێگره‌وه‌ی سیاسی راسته‌قینه‌ بێته‌ بوون. وه‌ك چۆن به‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپه‌كاری و حوكمی ناڕه‌شیدی پارتی و یه‌كێتی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ مشه‌خۆره‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و بانگه‌شه‌ی ساخته‌ی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تریش ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌.   


■ ئاراس فەتاح.. یەکێک لە گرفتە قووڵەکانی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دانەبڕانیانە لە کولتووری سیاسەتی دیوخان. لە کۆمەڵگای ئێمەدا سیاسەتی دیوەخان ئەو شێوازەیە لە سیاسەتکردن کە بیرکردنەوە لە کۆمەڵگا لە ماڵی سەرکردە و لە ڕۆژانی ھەینیدا دەکرێت؛ ڕۆژانێک کە پتر دەچێتە ناو ڕەھەندێکی ئایینیەوە وەک لە ڕەھەندی دونیایی. حیزب لەم جۆرە حاڵەتەدا دەبێت بە ماڵێک بۆ نوێژکردنی سیاسیی. حیزبی مۆدێرن رێکخراوێک نییە لە ڕۆژانی ھەینی بیر لە سیاسەت و کۆمەڵگا بکاتەوە، بەڵکو دەزگای ھەیە کە بیری بۆ دەکاتەوە، دامەزراوەی ھەیە لێکۆڵینەوەی بۆدەکات و سەنتەری ھەیە ستراتیژی بۆ دادرێژێت و ئەکادیمیای ھەیە پلانی بۆ دادەنێت و فۆرومی جیاوازی ھەیە کە گفتوگۆ و گوتارە جیاوازەکان لەیەک نزیکدەکاتەوە و دەیان میتۆد و میکانیزمی تری ھەیە، بۆئەوەی رێگای بەرھەمھێنانی فیکر و دروستکردنی بڕیار فەراھەمبکات. کێشەی بەھەینییکردنی حیزب تەنھا ئەوە نییە کە دەبێت بە دیوەخانێکی سیاسیی و عەقڵ و بیرکردنەوەی دەزگایی تیایدا غائیب دەبێت، بەڵکو ژنیش تیایدا بوونەوەرێکی نامۆیە. ژن لە حیزبی کوردییدا جگە لە کۆلاجێکی سیاسیی ھیچ رۆڵێکی ئەوتۆی تری پێنەبەخشراوە. حیزبی کوردی تەنھا کاتێک ڕۆڵی ژنانی بیردەکەوێتەوە، کە وادەی ھەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە. مانگی ھەڵبژاردن بووە بە سوڕی چوارساڵەی سەرئێشە و ژانی دابەشکردنی پێگەو ڕۆڵ بەسەر ژنان لەناو حیزبی پیاوانەی کوردییدا. ئەمەشیان لەڕاستیدا تەنھا بۆ وەچنگخستنی کورسی کۆتاکانیانە، نەک بۆ پێبەخشینی پێگەی سەرکردایەتیی و نەخشاندنی سیاسەت لەناو ھەرەمی ڕێکخراوەکانیاندا. جێگای تێڕامانە کە ژمارەی ئەو خانمانەی بەدەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بووبن بە پەرلەمانتار، دۆخێکی ناوێزەیە. ھەرکاتێک بیرکردنەوەی حیزب کەوتە ڕۆژانی ھەینی ئەوا ماڵی نوێژکردنی سیاسیی ژنانیش لەناو دەزگای پیاوانەی حیزب جیادەکرێتەوە و نابێت بە بەشێک لە بکەرە سەرەکییەکانی نەخشاندنی سیاسەت. نەبوونی ھێزێکی چالاکی ژنانی سیاسییش لەناو دەزگا بڕیاردەر و ھەستیارەکانی حیزب و حکومەت لە تەمەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە خەوشدارترین و پڕنەنگترین کایە لە مێژووی نوێی دونیای کۆمەڵایەتیی و سیاسییمان. سیاسەتی دیوەخان تەنھا سیاسەتی باوکە سیاسییەکان نییە، بەڵکو ئەم کولتوورە لە قۆناغی دوای مردنی باوکە سیاسییەکانیشدا دەگوازرێتەوە بۆ کوڕەکان و زاواکان و مام و خاڵەکان و کوڕەزا و ئامۆزا نێرینەکانی تر. حیزبی کوردی لە باڵاترین قۆناغی خۆیدایە، بۆئەوەی ببێت بە یانەیەک کە ڕۆژانی ھەینی پیاوانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە. حیزبی کوردیی لەسەر ڕاستەڕێگایەکی مەترسیدارە بۆئەوەی ببێت بە دیوەخانی نێرینەکان. ھەر کەس و ھێزێکیش پاساوی ئەوە بھێنێتەوە کە کۆمەڵگای ئێمە ئامادەنییە بۆئەوەی لە کولتووری نێرینەی حیزبیی و وەراسەتی نێرینەی سیاسیی ڕزگاری بێت، جگە لە رۆڵی مجێورێکی فیکریی و کۆمبارسێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ بەردەوامییدان بە تەوریسی سیاسیی ناتوانێت ھیچ شوناسێکی تر وەربگرێت. قووڵکردنەوەی کولتووری دیوەخانی سیاسیی پیاوان و بەکۆمپانیاکردنی ھەینییانەی حیزب سەرەتایەکی مەترسیدارە نەک تەنھا بۆ کوشتنی رۆڵی ژنان، بەڵکو بۆ خنکاندنی سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگ و ئۆرگانیی لەناو ڕووبەری گشتییدا. بەبۆچوونی من یەکێک لە کێشە و تەحەدا ھەرە سەرەکییەکانی سیاسەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەیە چۆن سیاسەت لە چالاکییەکی داخراوی دیوەخانئاسای خێزانیی ناو ماڵی سەرکردەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو ڕووبەری گشتیی و بیرکردنەوەی دەستەجەمعیی لەپێناو باشترکردن و جوانکردنی ژیان و ئاییندەی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا.


■ مەسعود عەبدولخالق .. تەقەلایەكی مەترسیدار هەیە بۆ هەلوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەریم ، راستە ئەو دامەزراوەیە وەك باقی دامەزراوەكانی تر زۆر خراپ بەكارهاتوە زیاتر لەقازانجی تەبەقەی گەندەل بەكارهاتوە ،بەلام وەك خودی دامەزراوەكە بۆ هەریمی كوردستان گرنگی نیشتمانی هەیە ، زیاتر لە 300 هەریم لەو جیهانە هەیە تەنها ئەو هەریمانە رەهەندی دەولیان هەیە كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەریمیان هەیە ، وەك باسك وكەتەلۆنیاو كۆرسیكاو فلستین و كوردستان و..پیشووتریش كۆسۆڤاو خوارووی سودان ..، هەردەم خواستی داگیركەران بوە كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەریم نەمینیت بەتایبەتی توركیا مەرجی خستە سەر حزبی دەسەلات كە ئەودامەزراوەیە هەلوەشینیتەوە تا پەیوەندیان ئاسایی ببیتەوە ، لەلایەكی تریش سەرۆكی پیشووی هەریم مەلەفی دەولی داخراوە ناتوانی هیچ پۆستیكی فەرمی (كوردستانی وعیراقی)وەرگری بۆیە ئەوانیش خوازیارن ئەوپۆستە نەدریتە كەسیكی ترو هەلوەشیتەوە یان جارێ سڕ بكرێت ، نەمانی ئەو دامەزراوە خزمەتیكی گەورەشە بە بەغداو بچوك كردنەوەی هەریمە و ئیتر بەغدا دەتوانی وەك بەسرەو رومادی تەعامولی قانونی لەگەل هەولیروسلیمانی ودهۆك بكات ..لەگەل زۆر سەلبیاتی تر. مسعودعبدالخالق


■ محەمەد نوری .. رۆسۆ پێشتر وتویەتی: بەرژەوەندی سەرەكی‌و بنەڕەتی هەمو پادشایەك لەوەدایە كە میللەتەكەی لەدۆخێكی لاوازدابێت‌و توانای بەرەنگاربونەوەی نەبێت.. كاتژمێر یانزەیە، یەك كاتژمێری ماوە بۆ دواساتەكان، كاتژمێرێكیش بەسەر سەعات دەدا تێپەڕیوە. كەواتە نزیكبوینەتەوە لەكۆتاییەك، نزیكدەبینەوە لەكەوتنە گەورەكان، لەنەمانی بەهاو پێوەرە دروستەكان. خەریكە دەگەین بەكۆتایی هەمو شتێك. هیچ مانایەك بۆ شۆڕش‌و دەسەڵات‌و هەڵبژاردن‌و تەنانەت ژیانیش لەم كۆمەڵگایەدانەماوە. هەموو شتەكان نەك تەنهاكەوتون، بەڵكو وردوخاشبوون. خەونەكان وەك شوشەی كریستاڵ هەلا هەلابون، ئەستەمە كەسێك یان بەنی ئادەمێك بدۆزیتەوە لەم هەرێمەدا خەونی هەبێت بۆ سبەی، رەنگەتەنها جەردەكان‌و قاسە بەدەستەكانی وڵات ئومید لەسەر سبەینیی ئەم وڵاتە هەڵبچنن. یەك كاتژمێری ماوە بۆكۆتایی و كاتژمێرێكیشمان تێپەڕاند بەسەرهەموو قەیران وكێشەكاندا .شەڕی براكا ن وڵاتی خەڵتانی خوێن كرد، دوایش جەنگاوەرەكانی كوشتن وەك بەرزەكی بانان بۆی هەڵهاتن . فەردە پڕكەری گومرەكان ئێستا بە چاكەت و پانتۆڵی گرانەبەهاوە مامەڵەی نەوت دەكەن .هەموو شتێك بەشكرا ،سنور ورەنگ و ناو و پیشە و تەنانەت مزگەوت وخانەقا وتەكیەكانیش دابەشكران ،ئەوان لەئەلفوبێی سەرەتاییە تا هەموو شاروشارۆچكەكانیان لەنیو خۆیاندا وەك پاشماوەی شۆڕش بەشكرد .حەیرانبێژ و كەمانچەژەن و بەند بێژەكانیشیان لەنێوان خۆیاندا بەشكرد ،تەنانەت ناوهێنانەكانیشیان بەكەیفی دڵی خۆیان هەڵبژارد ،لەوێ ئەوەی دەخوێنێت قوتابییە ، لێرە خوێنكارە،لەوێ ئەوەی دەكوژرێت ئافرەتە ، لیرە ژن .ئەوان ئاوازێكیان لەم هەرێمەدا بۆ ژیان دانا ، ئاوازی قیڕەی قازەكان ،ئەوانەشی لەدەرەوەی ئەم قیڕەیە هاوار بكات یان دەینێرن بۆ لای سەردەشت یان وەك كاوەی لێدەكەن. یەك كاتژمێری ماوە بۆ تواندنەوەی هەموو ماناكان و گلۆربوونەوەی هەنگاوەكان بۆ زەلكاوی نائومێدی .` كەس ناپرسێت :چەندان ساڵە زانكۆ وپەیمانگاكان دەرچوو فڕی دەدەنە سەر شەقامی بێ كاریی وسوڕانەوە بەدەوەری چای سەهۆڵەكە ولەفەی ئیسكان ، چارەنوسی بە كوێ دەگات؟ ئەم لەشكرە كە توڕەبوو هیچ رەنگ و سمبول و گرد و شاخێك ناناسێت ،بەهەموودا دەتەقێتەوە.ئەرێ دیمەنی ئەو بێ كاریی و جاڕەسبوون و دەستبەتاڵییەی گەنجان نابینرێت ؟ئەم لافاوە دەتوانێت بەربەستە سەختەكان تێكبشكێنیت ، نەك ئێستا بەڵكو رابردووش هەپروون بە هەپروون بكات. كاتژمێرێكی ماوە بۆ ئەوەی لە جیاتی چەپڵە بۆ كوردایەتی جڕتی گەورەی بۆ لێبدرێت .لە جیاتی شینگێڕان بۆ سەركردەكان شایی كامەرانیی بكرێت ،لە جیاتی درۆی پاراستنی كیانی كوردی ،خۆیان ببنە رۆحكێشی ئەو كیانە . یەك كاتژمێری ماوە تا هەموو پولەكان بەتەواوەتی بكەوێت. تەنانەت یەك كاتژمێری ماوە بۆ دەركەوتنی تابلۆ گەورەكەی ناو حزبەكانیش،مردنی هەندێ فیگەر و ناو لە حزبەكان  بە گشتی ، ئەو دووحزبە بەتایبەت زۆر لە مەلەفەكان یەكلادەكاتەوە ،بەركەوتنەكان زیاد دەكات و تەماعی كورسییەكان خۆشتروشكاندنی ملی یەك زیاتر دەكات. مردنی هەندێ لە قەدیمەكانی كوردایەتی ، یارییەكە بەجۆرێكی تر دەگۆڕێت . (مردنی ئەو قەدیمانە ،هاوكێشەكان دەگۆڕێت،دەسەڵاتەكان پەرتردەبن). یەك كاتژمێری ماوە بۆ كۆتاییهاتن بە گەمەیەك ناوی شۆڕش وبە یارییەك ناوی كوردایەتی و بە گاڵتەبازاڕییەك ناوی ئەزموونی حكومڕانی خۆماڵییە . ئێوە وردببنەوە ببینن .. لەدوای شۆڕشی ئەیلولەوە چ تۆفانێك لە خوێن دەڕژێت لەپێناو سەركێشی و توڕەبوونی سەركردەكان،كەچی لەوسەرەوە ئەوان بەناوی مافی گەل و بەرگریكردن لە كورد دەیفرۆشنەوە ،هەر كاتێكیش دەرفەت رەخسابێت باوەشی پڕ ماچ و سۆز و پۆستیان بۆ دوژمنەكان كردووەتەوە. هەركاتێك ئەوان لەبەغدابوون عێراقیی بوون ،هەركاتێكیش ئەوان لەبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان تۆراوون، رێگای عیراقیان بە رێگای جاشایەتی ناساندوە . ئەوان پێوەری نیشتیمانپەروەرییان بە قیاسی حزبایەتی خۆیان دوریوە ،گرنگ نییە تۆ شێری شێران بیت یان دیوكوژی مەیدانبیت ،با ترسنۆكی لەرزیوو یان هەڵهاتووی هەموو جەنگەكان بیت گرنگ ئەوەیە شوناسێكی شەق و شڕی ئەوان یان ئەمان یان ئەولا یان ئەملات پێبێت . لەدوای راپەرینەوە كەس وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە ئەرێ ئێوە بەنیازی چین ؟هاتوون وەك قەومی خاكدڕ، زەوی ودارو بەردی ئەم وڵاتە ببەنە ناو گەنجینەكانی خۆتانەوە ،یان هاتوون دەسەڵاتی كوردی بچەسپێنن؟ لەدوای راپەڕینەوە كەس وەڵامێ ئەو پرسیارەی نەدایەوە كەی چاكی دەكەن،خۆ هەر وێرانتری دەكەن،كەی دەیگۆڕن خۆ هەر چەقاندووتانە ؟كەی پاكی دەكەن خۆ هەر پیسی دەكەن . یەك كاتژمێری ماوە ..زەنگی كۆتایی لێدەدرێت ،ئەوكات هەولێر بۆ سلێمانییەك جیاوازنابێت لەبەسڕە ، ئەنبار دەبێتە دهۆك بۆ هەولێرییەك..ئەوكاتە عێراقیبوون بۆ پۆست نابێت بەڵكو وەك وڵاتێك ئاسایی تێیدا دەژین دور لە هوتافی سەدساڵیی خاڵی لە شەڕی راستەقینە بۆماف . *چەمكی كاتژمێر یانزە ،ناونیشانی كتێبێكی مارتن لینگەرە.بەو مانا رۆحانییەی نە كاتژمێر دەیە كات بەدەستەوە مابێت .نە كاتژمێر دوانزەشە دونیا كۆتایی بێت ..بەڵكو یەك كاتژمێرمان ماوە بۆ كۆتایی


■مەریوان وریا قانع .. لەم ماوەیەدا ژمارەیەک نامە و پرسیاری زۆرم بۆ ھاتوە لەسەر ئەوەی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینم و گۆڕان بەرە و چی کوێ دەڕوات؟  حەزدەکەم لێرەدا زۆر بە کورتیی لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەو دۆستانە بدەمەوە و ڕا و بۆچوونی خۆم لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو. یەکەم: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسییە کە تا ساڵانێکی درێژی تریش گرنگیی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەدەستنادات. ئەم بەرنامەیە داوای کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسیی گرنگ دەکات کە ئەنجامنەدانیان جگە لە کارەساتی گەورە ھیچی تری لێ دروستنابێت. لە پێش ھەمووانیشەوە دروستکردنی چوارچێوەی نیشتیمانیی بۆ سەرجەمی کایەکان و دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە، دوای ئەویش سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و سیاسەت و کۆمەڵگا لە ھەرێمدا. بێگومان کۆمەڵێک خاڵی تریش کە ئێرە شوێنی دووبارەکردنەوەیان نییە. دووھەم: بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەنی دوو ئاکاری بنەڕەتیی و سەرەکییش بوو کە لە ھێزە گەورەکانی تری ناو ھەرێمی کوردستانی جیادەکردەوە. یەکەمیان، نەبوونی تەوریسی سیاسیی و غیابی تەواوەتی کردەی بە بنەماڵەکردنی سیاسەت بوو لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. ھیچ کەسێکی سەر بە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بەشێک نەبوو لە پێگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەکەدا، نە خێزانەکەی، نە کوڕەکانیی و نە خزمەکانی. لەباتی ئەمانە کۆمەڵێک کەسایەتی نوێ و کەسانی گەنجی سەر بەچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دروستبوون و بوون بە ڕووخساریی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە. دووھەم ئاکاری ئەم بزوتەنوەیە ئەوەبوو، ئەو پەیوەندییەی لەناو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستاندا لە نێوان سیاسەت و پارەدا ھەیە، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بوونی نەبوو. ئەمەش وایکردبوو ئەم بزوتنەوەیە ئەو گەندەڵییەی تیادا نەبێت کە لەناو ھێزەکانی تردا بەشێوەیەکی فراوان و ترسناک ھەیە. لە ڕاستیشدا کاری سیاسیی لەناو گۆڕاندا زۆرجار مانای زیان لێکەوتن و ڕیسککردن بە ژیان و کار و بژێوی ئەوانەوە کە سەر بەم بزوتنەوەیە بوون. ئەم کەسانە زۆرجار لەباتی دەسکەوت و قازانجکردن، لەبەردەم ھەڕەشەی جۆربەجۆردا بوون. ڕۆحیەتی کاری خۆبەخشیش ڕۆحیەتی ھەرە سەرەکیی ناو بزوتنەوەکە بوو.  سێھەم: ئێستا ھەردوو ئەو کۆڵەکەیەی بزوتنەوەکەی لەسەر دروستبووە لە دۆخی تێکچوون و وێرانبوونێکی بەرچاودایە. ھەم تەوریسی سیاسیی لەناو بزوتنەوەکەدا لە چڵەپۆپەدایە و تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم ئێستا کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی ھەموو شتێکن لەناو گۆڕاندا. خاوەنی زەویی و زار، پارە و کۆمپانیا و میدیای بزوتنەوەکەن. ئەم خاوەندارێتیەش مەسەلەیەکی مەعنەویی و رەمزیی نییە، بەڵکو ئامرازێکە ھەم کوڕەکان و ھەم ئەوانەی لەدەوریان کۆبوونەتەوە، بەکاریدەھێنن بۆئەوەی سەرجەمی بزوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن و بەھەمان لۆژیکی تەوریسی سیاسیی ناو پارتی و یەکێتی کاریپێبکەن. کە ئەمەش تەواو تەواو ناکۆکە بە پرنسیپ و بەھا ھەرە بنەڕەتییەکانی ئەم بوزوتنەوەیە. کۆڵەکەی دووھەمی بزوتنەوەکەش، مەبەستم نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان سیاسەتکردن و پارەپەیداکردندا، ئێستا لەبەردەم لەقبوون و داڕمانێکی بەرچاودایە. ھەم ناشەفافیەت و ھەم قسە و باسێکی زۆر و ناکۆک لەسەر مەسەلەی دارایی و پارە و سەرمایەی بزوتنەوەکە لەئارادایە.  چوارھەم: لەناو بزوتنەوەیەکدا کە کاری خۆبەخش وخۆبەخۆ و گرێدانەوەی سیاسەتکردن بە ژیان و خەمی گشتییەوە جەوھەرەکەی بێت، سەرمایەیەکی مەعنەوی دروستدەکات کە جیایدەکاتەوە لە ھێزەکانی تر. ئێستادا ئەم سەرمایە مەعنەویە لەبەردەم ھەڵوەشاندنەوەیەکی سەرتاسەریدایە. لەناو گۆڕاندا نوخبەیەکی خاوەن پێگەی سیاسیی و مەسڵەحەتی شەخسیی دروستبوون کە تا زیاتر قسەبکەن زیاتر ئەم سەرمایە مەعنەوەیە وێراندەکەن. پێشدەچێت ھەموو شتێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو پێگە سیاسییەی کە ھەیانە با ئەو شتانەش تەواو ناکۆکبێت بە پرنسیپە ھەرە سادە و سەرەکییەکانی ئەم بزوتنەوەیە. پێنجەم: گۆڕان قەیرانێکی گەورەی سەرکردایەتیکردنی ھەیە کە گەر بە زوویی چارەسەری نەکەن، بێگومان لەسەر بنەمای پرنسیپەکنی بزوتنەوەکە و لەدەرەوەی تەوریسی سیاسیدا، ئەوا بوونی سەرجەمی بزوتنەوەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.


■ ئەبوبەكر كاروانی... قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێم و حیزبه‌كان، سه‌ره‌تای دۆخێكی نوێ بوو، لانی كه‌م له‌ چاوی هه‌ندێ له‌ ناوه‌نده‌ فكری و سیاسیه‌كه‌ی كوردستان. به‌ واتای، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته‌ هۆی دوباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی حیزبی و سیاسی له‌ كوردستانی باشووردا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌كان نیشتنه‌وه‌، وه‌ره‌قه‌كان راكێشران، هه‌ندێ هه‌وڵی سه‌رپێیی و په‌له‌ په‌ل درا، بێ ئه‌وه‌ی بڕژێته‌ خانه‌ی دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی و پێگه‌ی هێزه‌كان. له‌ دوای ره‌وینه‌وه‌ی ته‌م و مژی دۆخه‌كه‌ و دووباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌ حوكمڕانه‌كانه‌وه‌، حیزبه‌ ناڕازییه‌كان دووچاری جۆرێ له‌ شڵه‌ژان و نابه‌رچاوڕوونی بوون. ساخته‌كارییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عیراقیش شوێنی خۆی گرت و جۆرێك له‌ نائومێدی له‌ناو جه‌ماوه‌ر و حیزبه‌كاندا دروستكرد. فه‌زای سیاسی به‌جۆرێك ژه‌هراوی كرا، حیزبه‌ ناڕازیه‌كان له‌ڕێی راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ زۆر كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، ده‌نگده‌ر هێنده‌ی تر نائومێد نه‌بێت و بڕستی ئه‌وه‌ی تیا بمێنێ، جارێكی تر بێته‌وه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وان هه‌ڵوێستی له‌ مه‌ر پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش چی بووه‌، له‌ سۆنگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌نجامه‌كان، به‌ كرده‌وه‌ له‌وه‌دا شكستیان خوارد كه‌ ئه‌م داوایه‌ بۆ نائومێد نه‌بوونی جه‌ماوه‌ر وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر ره‌فتار و كرده‌ی سیاسی و به‌وه‌ش راستگۆیی خۆیان به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران بخه‌نه‌ ڕوو. حیزبه‌كان خۆیان و ناوه‌نده‌ فكرییه‌كه‌ش، ئه‌وه‌یان لا ڕوون بوو گێڕانه‌وه‌ی ئومێد به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و سندوقه‌كان، پێویستی به‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكی فراوانی نێوان خۆیان و كه‌سێتی و چالاكوانه‌ سیاسی و چفاكیه‌كانه‌. ره‌نگه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ش ببێته‌ گرنگترین هاندان بۆ ده‌نگدانی به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم، كه‌ دۆخه‌كه‌ دووچاری جۆرێ له‌ پوچگه‌رایی سیاسی كردوون. ده‌نگده‌رانی ناڕازی مافی خۆیانه‌ به‌م حیزبانه‌ بڵێن له‌ ئاست لێپرسراوێتی قۆناغه‌كه‌ و چاوه‌ڕوانی به‌شێكی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا نه‌بوون. له‌دوای ئه‌م سه‌رنه‌كه‌وتن و شكسته‌ش ئه‌م حیزبانه‌ دوو ته‌حه‌دای تریان له‌پێشه:‌ (أ‌) پابه‌ندبوون به‌و به‌لینه‌ ئه‌خلاقیه‌ نه‌نوسراوه‌ی نێوانیان، كه‌ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر. (ب‌) دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش پیكبێنن. یاخود له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی چوونه‌ ناو حكومه‌ت یان مانه‌وه‌ وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، بڕیاری هاوبه‌ش بده‌ن.  به‌ش به‌ حاڵی خۆم دڵنیا نیم له‌وه‌ی له‌م دوو وێستگه‌شدا حیزبه‌كان سه‌ركه‌وتوو ‌بن چونكه‌ رابردووی برینداریان وا ده‌كات په‌یجه‌ سێبه‌ره‌كان وابكه‌ن بكه‌ونه‌ گیانی یه‌ك، وه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردن توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن. هیوادارم ئه‌م حیزبانه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بسه‌لمێنن ..


  ■ دڵشاد ئەنوەر  ...له‌ نێوان داعشى جیهادى و داعشى ده‌شته‌كى دا .. كامیان مه‌ترسین بۆ سه‌ر داهاتوى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ؟ . به‌هێز بوونى بزووتنه‌وه‌ چه‌كداریه‌ ئیسلامیه‌كان، ده‌رئه‌نجامى ململانێى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تى یاخود ده‌رئه‌نجامى بۆشایى ئه‌منى و ناسه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌ڕ و شۆڕه‌وه‌یه‌. كاتێك رێكخراوى قاعیده‌ و دواتریش بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له‌ پاكستان و ئه‌ڤغانستان و پاشانیش چیچان دروست بوون و به‌هێزبوون، ئه‌و وڵاتانه‌ له‌و په‌ڕى ناسه‌قامگیرى ئه‌منى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوون. له‌دواى ساڵى 1991 كاتێك بزووتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌ چه‌كداریه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستانیش ته‌شه‌نه‌یان كرد، دۆخى هه‌رێم له‌ دۆخێكى ته‌واو دژوار و ناسه‌قامگیردا بوو. هه‌روه‌ها له‌دواى به‌هارى عه‌ره‌بیشه‌وه‌ كاتێك به‌ره‌ى نوسره‌و دواتر داعش به‌شێكى سوریایان خسته‌ژێر ركێفى خۆیانه‌وه‌، دۆخى نێوخۆیى ئه‌و وڵاته‌ له‌وپه‌ڕى شڵه‌ژاندا بوو، ئاسایشى سوریا به‌شێوه‌یه‌ك تێكچوو بوو، وڵات بووبووه‌ كوشتارگه‌. كاتێكیش ململانێى سیاسى و نێوخۆیى و ئیقلیمى باڵى به‌سه‌ر عێراق دا كێشابوو، ململانێى ئێران و كه‌نداو له‌لایه‌ك و هه‌رێم و به‌غداو سونه‌كان له‌لاكه‌ى تر گه‌یشتبووه‌ لوتكه‌، له‌پڕ ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م داعشدا واڵا كراو له‌سوریاوه‌ بۆ عێراق په‌ڕیه‌وه‌. به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م زۆربه‌ى ناوچه‌ سونه‌نیشینه‌كانى عێراقى كۆنترۆڵ كرد. قسه‌كردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تى دروستبونى بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌ چه‌كداریه‌كان و سودوه‌رگرتنى ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ له‌ململانێ نێوخۆیى و ئیقلیمیه‌كان زۆرى ده‌وێت، ته‌وه‌رى ئه‌م كورته‌ وتاره‌ى منیش نیه‌، به‌ڵام به‌پێویستم زانى ئاماژه‌یه‌كى كورتى پێبكه‌م. ئه‌وه‌ى من مه‌به‌ستمه‌ به‌دیاریكراوى تیشكى بخه‌مه‌سه‌ر، پۆلێنكردنى چه‌كدارانى داعشه‌، بێگومان له‌ژێر ناوى داعش دا جۆره‌ها گروپ و تاقم و فیكره‌ و تموحدارى جیاواز كۆبوه‌ته‌وه‌، ئاراسته‌ى كاركردنى هه‌ندێك له‌و گروپانه‌ زیان به‌ دیمۆگرافیاى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ من باسكردنى ئه‌مه‌ به‌ گرنگ ده‌زانم. . داعشى جیهادى  . داعشه‌ جیهادی و ته‌كفیریه‌كان، زۆرجار له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسه‌كانیانه‌وه‌ به‌ داعشى ئه‌سڵ ناو ده‌بران، مه‌به‌ست له‌ناو بردنیان به‌ئه‌سڵ، ئه‌وه‌بوو له‌كاتى شه‌ڕدا ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان قورسه‌ و بۆ مردن هاتون. واته‌ داعشه‌ جیهادیه‌كان، ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌ فیكر و قه‌ناعه‌ت و له‌ڕوانگه‌ى تێگه‌یشتنیانه‌وه‌ بۆ ئاینى ئیسلام شه‌ڕ ده‌كه‌ن، شه‌ڕكردن به‌"جیهاد" ناو ده‌به‌ن و پێشیانوایه‌ به‌مردنیان "شه‌هید"ده‌بن. داعشه‌ جیهادیه‌كان، بڕوایان به‌سنور و دانیشتن له‌چوارچێوه‌ى سنورێكى دیاریكراو نیه‌، له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك شه‌ڕ هه‌بێت و گروپێك چه‌كدارى ئیسلامى له‌و جێگه‌یه‌ بوونى هه‌بێت، ئه‌مان خۆیانى پێده‌گه‌یه‌نن، واته‌ چه‌كدارى گه‌ڕۆكن. بۆ نمونه‌ كاتێك شه‌ڕ له‌ ئه‌ڤغانستان دژى سۆڤیه‌تى جاران دروست بوو، به‌هه‌زاران چه‌كدارى جیهادى كه‌ دواتر به‌ (عه‌ره‌ب_ئه‌ڤغان) ناوده‌بران، له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بیه‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ ئه‌ڤغانستان و پاكستان بۆ شه‌ڕكردن، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا عه‌زام و دواتر بن لادنه‌وه‌ قیاده‌ ده‌كران. دواتر جیهادیه‌كان شه‌ڕه‌كه‌یان بۆ چیچان له‌ژێر فه‌رمانده‌یى خه‌تاب و ئه‌وانیتردا گواسته‌وه‌، پاشان به‌ وڵاتانى تردا بڵاوه‌یان كرد و له‌هه‌ر وڵاتێك شه‌ڕ هه‌بووایه‌، ئه‌مان بۆى ده‌رۆیشتن و له‌وێ ده‌گیرسانه‌وه‌. گه‌ڕۆكى ئه‌و چه‌كدارانه‌ وایكردووه‌ پێش كۆتایى هاتنیان له‌ سوریاو عێراق، ناوه‌نده‌ سیاسیه‌كان قسه‌یان له‌باره‌ى دوا مه‌نزڵگه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌كرد، كه‌ دواى هه‌ڵكه‌ندنیان له‌م دوو وڵاته‌، به‌ره‌و كوێ كۆچ ده‌كه‌ن، ئایا چى ناوچه‌یه‌ك نائارامه‌ و ئه‌مان خۆیانى پێده‌گه‌یه‌نن؟ چه‌كداره‌ جیهادیه‌كان له‌جوگرافیایه‌كى دیاریكراودا نامێننه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێن، به‌دواى شه‌ڕ و مردنه‌وه‌ن، ئه‌مانه‌ زیاتر له‌لایه‌ن وڵاتانى رۆژئاواوه‌ به‌سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى بۆ تێكدانى ئاسایشى جیهان داده‌نرێن، هه‌ر بۆیه‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك به‌هێز بن، زلهێزه‌كان بۆ لێدانیان دێنه‌ خه‌ت. ئینجا ئه‌م چه‌كدارانه‌ جۆره‌ها فیكره‌و ئاراسته‌ى جیاوازیان تێدایه‌، هه‌ر له‌ته‌كفیری توندڕه‌وه‌ تا میانڕه‌و، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رچاوانه‌شى كه‌ فه‌ته‌واى لێوه‌رده‌گرن جیاوازن، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نها له‌كاتى شه‌ڕدا پێكه‌وه‌ن، شه‌ڕ جیاوازیه‌كانیان له‌بیر ده‌باته‌وه‌ و به‌نه‌یاره‌كانیانه‌وه‌ سه‌رقاڵیان ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك بێ شه‌ڕ و له‌ جوگرافیایه‌كى دیاریكراودا بمێننه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازیه‌ فیكریه‌كانیان زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كانیان سه‌رهه‌ڵده‌دات و توشى گرفتى نێوخۆیى ده‌بن، به‌نمونه‌ تێكچوونى نێوان به‌ره‌ى نوسره‌ و داعش و دواتر تا ڕاده‌ى یه‌كتر ته‌كفیركردنیش گه‌یشت. بۆیه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم، ئه‌م جۆره‌ چه‌كدارانه‌ كه‌متر زیان به‌دیمۆگرافیاى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ل و مه‌رج رێگه‌یان پێنادات له‌و ناوچانه‌ بمێننه‌وه‌ و تموحى مانه‌وه‌شیان نیه‌، چونكه‌ چه‌كدارى كۆچه‌رین و به‌دواى شه‌ڕه‌وه‌ن. . داعشى ده‌شته‌كى . داعشى ده‌شته‌كى ، زۆرینه‌ى چه‌كدارانى داعش پێكده‌هێنێت، هه‌موو چه‌كداره‌ كۆنه‌ به‌عسى و عه‌ره‌به‌ سونه‌ ده‌شته‌كیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ به‌م دواییانه‌ چونه‌ پاڵ داعش. ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ جیاوازه‌ له‌ داعشه‌ جیهادیه‌كان، ئه‌مان مه‌بده‌ئو فیكر نه‌یبردونه‌ته‌ پاڵ داعش، به‌ڵكو گرتنى ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن داعش و به‌ئه‌مرى واقیع بوونى ئه‌و رێكخراوه‌توندڕه‌وه‌ سونیه‌، له‌گه‌ڵ رقى ژێر ده‌سته‌بوونى عه‌ره‌بى سونه‌ و باڵاده‌ست بوونى كورد و شیعه‌ چه‌كى پێهه‌ڵگرتوون. داعشه‌ ده‌شته‌كیه‌كان پێچه‌وانه‌ى داعشه‌ جیهادیه‌كان، مه‌ترسیان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئیقلیمى و نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان نیه‌، مه‌وداى بیركردنه‌وه‌یان ته‌سكتره‌، بۆیه‌ مه‌ترسیان بۆ سه‌ر داهاتوى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌. ئه‌م چه‌كدارانه‌ گه‌ڕۆن نین، خاوه‌ن فیكر نین، به‌ شێوه‌ى كاتى له‌گه‌ڵ داعش و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانى تردان، ئینجا به‌دواى جیهاد و مردنه‌وه‌ نین و بیر له‌ مانه‌وه‌ و ده‌ركردنى كورد له‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ هه‌موو ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه‌ ئێستا له‌باشورى كه‌ركوك په‌لامارى گونده‌ كاكه‌یى نیشین و گونده‌ كوردنیشینه‌كانى تر ده‌ده‌ن، داعشى ده‌شته‌كى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ن، له‌ژێر ناوى داعشدا كار بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م داعشه‌ ده‌شته‌كیانه‌ هه‌ندێك له‌ ئامانجه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق دا یه‌كده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین عێراق نه‌رمه‌ له‌گه‌ڵیان، چونكه‌ به‌شێك له‌وكارانه‌ى عێراق دژى كورد پێیناكرێت، ئه‌مانه‌ ده‌یكه‌ن. پاشانیش لاریان نیه‌، دووسبه‌ى له‌ژێر ناوى حه‌شدى عه‌شایه‌رى و ناوى جیاوازى تردا چه‌ك بۆ عێراقیش هه‌ڵبگرن. نمونه‌ى زیندومان بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ى ئه‌مه‌ له‌به‌رده‌ستتایه‌، عه‌ره‌به‌ كرویه‌كانى جه‌له‌ولا كه‌ زۆرینه‌یان ده‌شته‌كى و كۆنه‌ به‌عسین، كاتێك ساڵى 2014 داعش به‌هێز بوو، چونه‌ پاڵ ئه‌و رێكخراوه‌ و شه‌ڕى كوردیان كرد، ئێستا كه‌ داعش لاواز بووه‌، هه‌موویان رۆیشتونه‌ته‌ نێو گروپه‌ شیعیه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ و چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت لێره‌وه‌ بڵێین ، داعشه‌ ده‌شته‌كیه‌كان گه‌وره‌ترین مه‌ترسین بۆ سه‌ر گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ، حكومه‌تى عێراقیش چاوپۆشیان لێده‌كات و كاره‌كانیان ده‌چێته‌ خزمه‌تى ئه‌جێنداى حكومه‌ته‌وه‌. وه‌كو بینیمان ساڵانى 2006 بۆ 2010 چه‌كداره‌ ده‌شته‌كیه‌ توندڕه‌وه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك گونده‌ كوردنیشینه‌كانى ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى سه‌عدیه‌ى پارێزگاى دیاله‌یان كرده‌ ئامانج، هه‌موو ئه‌و گوندانه‌یان به‌كورد چۆڵكرد. ئێستاش كاتێك هه‌مان سیناریۆى ساڵى 2008 له‌ده‌وروبه‌رى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، چه‌كداره‌ ده‌شته‌كیه‌كان كورده‌كانیان به‌چڕى كردۆته‌ ئامانج، ده‌بینین عێراق ده‌سته‌وه‌ستانه‌ و ره‌نگه‌ دۆخه‌كه‌شى پێخۆش بێت. بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین، گه‌ر حكومه‌تى عێراقى نه‌خرێته‌ ژێر به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ى داعشه‌ جیهادیه‌كان ، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌شته‌كیه‌كانیشدا بكات، ئه‌وا له‌داهاتودا ئه‌مانه‌ زیان به‌ كورد ده‌گه‌یه‌نن و به‌ته‌واوه‌تى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕن.


■محەمەد نوری.. دەبێت ئەمجارەش بگەڕێمەوە بۆ تەنزێكی رۆژنامەنوسی عەرەب جەلال عامر، ئەو دەنوسێت: حزبەكان خەریكی مەسەلە گەورەكانن بۆیە هاوڵاتیان‌و خەڵكیان بیرچووەتەوە، ئەوان خەمی گەورەترییان هەیە لەخەمی خەڵك. با ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ئەوەی بچینە ناو پرسیارە سادەكانمانەوە، باپرسین : ١- هەموان دەزانین ئەم حكومڕانییە كوردییە لەبنەڕەتەوە شكستی هێناوە ونەیتوانیوە مۆدێلێكی دروست‌و تەنانەت كەمتر لەنیمچە باشیش پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات، هەمو دەزانین حكومەتی هەرێم حكومەتێكی داڕماوە، بەڵام بێ دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی ئەم حكومەتەو خولانەوەیان بەدەوەری یەكتردا، نەك مانەوەی ئەم حكومەتە مسۆگەر دەكات، بەڵكو لاوازی بەرامبەرەكانیش دەردەخات، بۆیە دەبێت لێیان بپرسین ئێوە خەریكی چین؟ ٢-كارەبا نییە ،تینی گەرما پشتی هەموانی شكاندوە .ئەگەر مولیدە ئەهلییەكان نەبێت خەڵك وەك چلورەی بەردەم خۆر دەتوێتەوە ،حكومەتیش بێ باك تەماشای ئەم توانەوەیە دەكات. هەمدیس دەپرسینەوە: ئایا حزبەكانی تربۆبە یەك دێڕی فەرمیش چییە باسی ئەم موسیبەتەیان نەكردوە؟ یان رەنگە پێیان شەرمبێت باسی ئەم شتانە بكەن. لەكاتێكدا ئەمە پەیوەستە بەهەموو هاوڵاتییەكەوە. لەوە خەمتر دەبێت چی بێت تابەیانی دەبێت باوەشینی منداڵ بكەی بۆئەوەی بنوێت ،حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی وپارتیش دەڵێن ئێمە خەریكی مەسەلەی گەورەین، ئایا خەمی خەڵك مەسەلەیەكی گەورە نییە؟ ٣- حكومەت وەك سوكایەتتیەك بڕیارێكی دەركردوە كە بڕیارەكەی لەنوكتەی گێلەكان دەچێت، لەبڕیارەكەدا هاتوە لەمەودوا چەتر بۆ خانەنشینەكان دابین دەكەین ،بۆیە لەكاتی وەرگرتنی موچەی ساڵێ پێشوویان هەتاو لێیان نەدا. ئەم بڕیارە لەسوكایەتی دەرچوە بوە بەدێڕێك كە یەك مانای هەیە ئەوەش: بێ منەتی وبەبچووك زانینی خەڵك.كەچی نەك هەمووی بێ دەنگە، بەڵكو وەك تەنز بڵاوی دەكەینەوە، كەچی حزبەكانی خۆیان بەجیاواز لەیەكێتی وپارتی دەناسینن لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە یەك دێڕ چییە نەیانووتوە، وەك ئەوەی كێشەی خانەنشین لەم وڵاتەی ئێمەدا كێشەی بچوكبێت وئەوان سەرقاڵی مەسەلە گەورەكانبن (لەكاتێكدا كورد مەسەلەی گەورەی نەماوە). ٤-یاری بەئەنجامی تاقیكردنەوەكان كراو پرۆسەی پەروەردە سات بەسات شكست دەهێنێت‌و بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت، كەچی حزبەكانی دەرەوەی یەكیتی‌و پارتی نەك هەرباسی ناكەن، بەڵكو لاشیان گرنگ نییە چی لەناوسیستەمێك كەناوی سیستەمی پەروەردەیەو داهاتوی ئەم وڵاتەی لەسەر بەندە دەگوزەرێت. بۆیە دەركەوت مەسەلەی پەروەردە كێشەی بچوكەو ئەوان خەریكی مەسەلەی گەورەترن. ٥- كوشتن‌و تەقەكردن‌و ئالودەبون زیاد بوە، خەریكە هەرێم دەچێتە بازنەیەكی مەترسیدارەوە، حزبەكان بێدەنگ لەم كێشانە دەڕوانن ،وەك ئەوەی ئەم مەسەلەیە كێشەی بچوك‌و سادەبن، بێ ئاگا لەوەی كە داڕمانی كۆمەڵگا دەستپێكە بۆ كەوتنە گەورەكە كە ئیتر هیچ مانایەك بۆ ژیان لەم هەرێمەدانامێنیتەوە، كەچی هەموش بەبێدەنگی تەماشای دەكەن. ٦-كورتی وكوردییەكەی ئەوەیە: یەكێتی وپارتی گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی (گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی‌و یەكگرتو) نەپێیان تێكدەدرێت، نەپێیان چاكدەكرێت، نەپێیان دەگۆڕێت. گۆڕان خەرێكی دەركردنی بەیاننامەیەو كۆمەڵ هەر كۆدەبێتەوە وهاوپەیمانی تاوتوێ مەسەلەكان دەكات ویەكگرتووش چاودێری دۆخەكە دەكات، یەكێتی‌و پارتیش حكومڕانی دەكەن.


■ مەریوان وریا قانع .. ”سەردەمە تاریکەکان ئەو سەردەمانە نین کە تەنھا دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی لە شێوازە جیاوازەکانیاندا بەرھمدەھێنن. ڕاستە بوونی ستەمگەریی لە فۆرمە جیاوازەکانیدا بەشێکە لە تاریکاییەکانی دونیا و تاریکاییەکانی سەردەمێکی مێژوویی. بەڵام لەمانە بنچینەییتر، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، نەبوونی ڕووبەرێکی گشتییە لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناویدا دەربکەون و وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی و چالاک کاربکەن. مرۆڤ لە ڕووبەری گشتیدا دەردەکەوێت، قسەدەکات، دەبیسترێت، کردە ئەنجامئەدات، تیشک دەخاتە سەر مەسەلە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، باس لەوەدەکات چیی سەرەکیی و بنەڕەتییە و چی نا، چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت. ئەو ڕووبەرە گشتییە نیشانیئەدات چ شتێک لە خەیاڵ و عەقڵ و ھەستی کەسەکاندا ئامادەیە، خەڵک خەون بە چییەوە دەبینن و چ چاوەڕوانییەکیان ھەیە، کەسانەکان کێن و دەتوانن چی بکەن و چی ئەنجامبدەن.  ”سەردەمی تاریک“ ئەو سەردەمەیە کە ڕووبەری گشتیی ئەم کارانەی بۆ ئەنجامنادرێت. درۆی ڕێکخراو دەبێتە گوتاری باڵادەستی ناو ئەو ڕووبەرە، ترس حوکمڕانیی دەکات، سیاسەت لەباتی چالاکی بەرھەمھێنانی ژیانێکی گشتیی ماقوڵ و پلورال، دەبێت بە کردەی درۆکردن و شاردنەوەیەکی بەردەوام، بۆشایییەکی گەورە لە متمانەکردندا دروستدەبێت و کەس باوەڕ بەوەناکات چی دەگوترێت و چ لێکدانەوەیەک بڵاودەکرێتەوە. لە سەردەمی تاریکدا ئەو قسانەی دەکرێن لەباتی ئەوەی نیشانیبدەن چی ڕوویداوە و چی ڕووئەدات، بەشێکن لە کردەی شاردنەوەی شتەکان و داپۆشینیان. زمان لەباتی نیشاندانی دونیا لە ھەقیقەتەکانی خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوە و چەپاندن و ساختەکردنی ھەموو ئەو ھەقیقەتانە. ئەمەیە وا لە ھانا ئارێنت دەکات گەورەترین شێوازی بێمافکردنی مرۆڤ لە بێمافکردنی لە بوونی ڕووبەرێکی گشتییدا ببینێت کە تیایدا بیر و ڕاو بۆچوونەکان گرنگیان ھەبێت و کردەکانیش بتوانن کاریگەریی بەجێبھێڵن. لەھەر شوێنێکدا ڕا و بۆچوون مانای نەما و کردەکانیش بێنرخ و بێکاریگەریی کران، لەوێدا سەردەمێکی تاریک ئامادەیە.  ئەوەی ئێستا لە دونیای ئێمەدا ڕوودەدات کوشتنی ئەو ڕووبەرە گشتییە کە تیایدا، لەسەرێکەوە، جگە لە درۆ و شاردنەوە و نھێنیکاریی و پیلان و ناپاکیی و وێرانکردنی تەواوەتی متمانە شتێکی تری ئەوتۆ لەناویدا ڕوونادات. لەسەرێکی دیکەشەوە ھەموو میکانیزمەکانی سەرکوتکردن و وەڕسکردن و ڕێگرتنی لە ھەر کردەیەکی مانادار تیادا ئامادەکراوە.  ھانا ئارێنت ئەم جۆرە ساتەوەختانە بە ساتەوەختی تاریک ناودەبات، بەڵام بەبێئەوەی نائومێد ببێت. چونکە پێیوایە لەناو سەردەمە مێژووییە تاریکەکانیشدا مرۆڤ ھێشتا مافی ئەوەی ھەیە گەشبین بێت و تیشکێک ببینێت کە ھێما بۆ دونیایەکی ڕووناکتر بکات.“ پەرەگرافێک لە پرۆژەی نووسینێکی تازەی من لەسەر ھانا ئارێنت



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand