عەبدوڵا ئەحمەد... ئەگەر كەمێك خۆمان دوورخەینەوە لە وتاری ئاگرین، لە كەفوكوڵی ناوسۆشیال میدیا، لە تۆمەتباركردنی یەكتری و بەچاوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەوە ئاوڕێك بدەینەوە و سەیرێكی خۆمان بكەین و بپرسین بۆچی و لەبەرچی گۆڕان بەم دۆخە ناهەموارە و بەم شكستەگەورەیە گەیشت؟ هۆكارەكان چین ؟ ئایا هەر بەتەنها تەزویرە كە وایكردوە گۆڕان بەوشێوەیە پاشەكشەبكات؟ بەوشێوە متمانەی دەنگی هاونیشتمانیان لەدەستبدات؟، بەدڵنیاییەوە (نەخێر)، هۆكارەكان زۆر لەوە زیاترن كەمن لێرەدا بەشێكیان بەكورتی دەخەمەڕوو: ۱_كاندیدی دووبارە و فیگەری باو لە لیستەكەدا، گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا لەدیاریكردنی كاندیدكاندا پێچەوانەی ئەو بنەمایانە كاریكرد كە لەسەری دامەزرابوو, لەجیاتی هێنانی دەموچاوی تازە بۆ ناو لیستەكەی هەمان ئەو فیگەرانەی دووبارە و بارزكردەوە كە لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا یان ئەندامی پەرلەمان بوون لە عێراق و كوردستان یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگابوون یان ئەو كاندیدانەبوون كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەرفەتی دەرچونیان نەبووە، بەمەش بۆمان دەردەكەوێت لەماوەی ڕابردوودا گۆڕان دەموچاوی نوێی نەهێناوەتە پێشەوە بەڵكو خەریكی خولانەوە بووە لە بازنەی دەموچاو دووبارەكاندا. ۲_نەبونی پلان و ستراتیژیی بەدرێژای كەمتر لە یەك ساڵی دوای كۆچی دوایی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا. ۳_نەبوونی ڕوئیاكی وازح بۆ بەشداریكردن و نەكردن لە ڕیفراندۆمدا. ٤_بایەخنەدان بە دامەزراوەكانی گۆڕان وەك ژوورەكان و مەكۆكان و سەرلەبەری دامەزراوەكانی تری. ٥_نەبوونی بڕیار و خەمساردی هەردوو دامەزراوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی لەهەمبەر كێشە ناوخۆییەكانی حزب و ئەو ڕووداوە سیاسییانەی كە دێنە پێش، لە زۆر حاڵەتیشدا ئەم دوو دامەزراوە گرنگە نەیانتوانیوە دەربچن لەو فۆڕمە تەقلیدییەی كە لە دیدی گۆڕانەوە فۆڕمی سەركردایەتین و فەرمانی سەرەوە جێبەجێدەكەن. ٦_ڕاگەیاندن كە بەدرێژای بانگەشەی هەڵبژاردن و پێش بانگەشەش بەزمانی زبر و دوور لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەخۆشمەوە كە كارم تێداكردووە، ڕۆژێك لە ڕۆژان كەس لەسەر هەواڵێك یان ڕاپۆرتێك یان زمانی زبری دوورلە لۆژیك لە بەرامبەر نەیارەكانمان كە كردومانە، توشی لێپرسینەوە نەبوین، كورد و كرمانجی( میدیا حزبێك بووە لەناو حزبدا) لەگەڵ ئەمەشدا نابێت ئەو ڕاستیەشمان بیربچێت دەستبەرداربونی میدیای گۆڕان لە هەمبەر لۆژیك و كاری پرۆفیشناڵ پەیوەندی زۆری بەو هێرشە توند و زمانە زبر و تەشهیراوییەوە هەبوو كە میدیایی پارتی دوای دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بەرامبەر گۆڕان كردیان. ۷_فەرامۆشكردنی دەنگدەرانی گۆڕان و بیركەوتنەوەی خەڵك بەتەنها لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا. ۸_پانتایی پۆپۆلییستەكان، پۆپۆلیستەكان ئەوانەی لەسەر ئەم فیكرەیە ئەژین لەناو گۆڕاندا چۆنیان ویستوە چۆنیان بۆ لوابێت بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان ئاوا ئەم بزوتنەوەیان بەكارهێناوە بێ گوێدانە هیچ بەهاو پررەنسیپێك كە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەزراوە. ۹_بەشداریكردنی گەنجی بێ ئەزمون لە پرۆسەی سیاسییدا كەتوانای خوێندنەوە و بینیی واقیعی سیاسی كوردستانیان نەبووە و زۆر بەخێرایی بەقات وڕیباتەوە كەوتنە ناو پرۆسەكەوە. ۱٠_ خراپی ئەدائی هەندێك لەو كەسانەی كە لە جومگە هەستیارەكانی پەرلەمان و حكومەتدا بوون بە گشتی و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی تر. ۱۱_ئەدائی خراپی بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق لە فراكسیۆنەكەی بەغداد و بەڵێنی بێ بنەما لە جۆری هێنانی موچە و هتد... هەروەهاخۆ دوورخستنەوە لە كێشەكانی بەغداد و خۆهەڵواسین بە كێشەكانی هەرێمدا و وێناكرنی عێراق بە شامی شەریف بە جۆرێك كە ئەمانە هەموویان بە زیان بۆ گۆڕان شكاونەتەوە. ۱۲_بایكۆتی دەنگدەرانی گۆڕان بەهۆی نەبوونی متمانە وبێ ئومێدبوون لەهەموو پرۆسەیەكی چاكسازی لە كوردستان. ۱۳_خاوەندارێتی گردی زەرگەتە وگواستنەوەی لە موڵكی بزوتنەوەكەوە بۆ موڵكی شەخسی و دەنگدانەوەی لە میدیاكاندا وبینیشمان ناڕەزایەتی بەشێك لە دەستەبژێری ڕۆشنبیرانی كوردی لێكەوتەوە بەجۆرێك كە مەترسی تەوریسی سیاسی ولێدان لە فیكر و پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفایان ڕاگەیاند, ئەمەش كاریگەری زۆرسلبی لەسەر دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵكی گۆڕانخواز دروستكرد. لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم كاتی خۆی ساڵی ۲٠٠۹بە سەدان تێكۆشەری سیاسی و سەربازی لە هەموو ئاستەكاندا كە ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان , لەپێناو گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و باوەڕبوون بە پرەنسیپ و بەهابەرزەكانی نەوشیروان مستەفا بووە، نەك لەپێناوی كۆمەڵێ بێ ئەزمونی سیاسی و پۆپۆلیست كە سەرئەنجام گۆڕان و خەونی گۆڕانكارییان بەم دۆخە گەیاند.
لەتیف شێخ مستەفا ئەگەر ئەم نوسراوە ھی سەرۆکایەتی کۆمار بێت کارەساتە ، داوای تەفسیر و بەیان ڕەئی لەدادگای فیدراڵی کردوە سەبارەت بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە دانیشتنی نا ئاسایی خۆی لە ڕۆژی ٢٨/٥/٢٠١٨ داویەتی سەبارەت بە ئیلغاکردنەەی دەنگدانی دەرەوەو ژماردنەوەی ١٠٪ ی دەنگی سەندوقەکان . ناکرێ سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستورە و چەندین ڕاوێژکاری یاسایی ھەیە و ملێۆنەھا دۆلار بودجەیەتی و لە ٢٠٠٥ یشەوە پشکی کوردە ئەوەندە توێشوی نەخستبێ و داوایەکی ھەڵەو ساویلکەی وابکات ، دەبا لە پاڵ ئەو دەیان و سەدان کەسەی بۆ ئیمتیازاتی حیزبی و شتی تر داتان مەزراندون با چەن ڕاوێژکارێکی ڕاستەقینەشتان دامەزراندایە ھیچ نەبێ بۆ ئەەی ئەوەندە ھەڵە نەکەن ناکرێ نەزانن کە داوای تەفسیرو بەیان ڕەئی بۆ دەقەکانی دەستورە ، بە گوێرەی برگەی دوەم لە مادەی ٩٣ ، نەک بۆ یاساو بڕیارەکانی پەرلەمان ، جەنابی سەرۆک ئێمە چوار ساڵ بەیەکەوە ئیشمان کردوە تەلەفۆنێکتان بکردایە یان نامەیەکت بناردایە ، پێم دەوتن کە چۆن دەبێ بێ ئەوەی کەسیش پێ بزانێ کەپەیوەندیت پێوەکردوین ، ئەگەر ترسی ئەوەت لە حیزبەکەت ھەبێ پەیوەندیت بە کەسێکی ڕەخنەگری حیزبەکەتەوە کردوە ( زۆرجار ڕاوێژی یاسایی مەجانی دەدەین بەھەر لایەک ڕاوێژمان پێ بکات بێ ئەوەی کەسیش بزانێت ) لەوەتا تۆ سەرۆک کۆماری دوو ھەوڵت داوە بۆ بەرگری لە دەستور یان مافە دەستوریەکان بە حیسابی خۆت . یەکەمیانت شکستی ھێنا ، دەبا پێت بڵێم ئەمیش بەدەردی ئەو دەچێ ھەروەکو چۆن بۆ ئەو تانەیەی لە یاسای بودجەت دا وتم ڕەت دەکرێتەوە و ڕەتیش کرایەوە دڵنیابە ئەم داوایەشت ڕەت دەبێتەوە، تانەدان لە یاساو بڕیارەکانی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵ بە دەعوای دەستوری دەبێت نەک بە داواکردنی تەفسیرو بەیان ڕەئی ئەم داوایەتان تەنھا بۆ خاڵی ٤ ڕێی تێ دەچێت و ئەوانەی تر ھیچیان بابەتی داواکردنی بایان ڕەئی نین
حەبیب محەمەد جاف لەم نوسراوەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەردەکەوێت ، کە لە سەرۆکایەتی کۆماردا شارەزا و راوێژکاری بواری یاسا لەو دامەزراوەیەدا لە ئاستێکی باشدا نیە لە بەر ئەم هۆکارانەی لای خوارەوە:- ۱- ئەگەر مەسەلە پێشێلکاری دەستور بێت دەستور باسی سەرۆک کۆمار دەکات کە دەبێت شەونخون بێت لەسەر پارێزگاریکردنی پابەندبوون بە دەستورەوە(م 67 دەستور) ، بۆیە دەبوایە خودی سەرۆک کۆمار نوسراوەکەی ئیمزابکردایە، نەک بەرێوەبەری نوسینگەکەی . ۲- نازانین سەرۆکایەتی کۆمار لەم نوسراوەدا رای دەربڕیوە یان فەتوای داوە ،چونکە لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت (تری رئاسە الجمهوریە) ئەم داڕشتنە لە فەتوایەکی مجلس شورای دەوڵەت دەچێت. ۳- دەبوایە سەرۆکایەتی کۆمار نوسراوەکەی تەسبیب بکردایە لەرووی دەستوری ویاساییەوە کە چۆن بڕیارەکەی پەرلەمان کە( ژمارەی بڕیارەکەشی نەنوسیوە ) پێچەوانەی دەستور و یاسای کومسیۆنە؟ ٤-ئەگەر ئەمە لێدوانی سەرۆک کۆمارە لە ئەم هەلومەرجە تازەیەی هەڵبژاردن ، ئەوا دەکرا وتەبێژی سەرۆکایەتی لە رێگای بەیانێکەوە یان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیەوە رای خۆی دەرببڕایە نەک نوسراوکردن بۆ کۆمسیۆن. ٥- نوسراوەکەی سەرۆکایەتی وەک نوسراوێکی پشتگیری بۆ کۆمسیۆن دەردەکەوێت ، وەک لەوەی ئەرکێکی دەستوری سەرۆک کۆماربێت بۆ پارێزگاری لە دەستور و یاساٚ ٦-ئێمە پێشتر لە پۆستێکیتردا ووتمان سەرۆکایەتی کۆمار نەیتوانیوە ئالیەتێک بدۆزێتەوە بۆ پارێزگاری لە دەستور کە خودی دەستور ئەو ئەرکەی خستۆتە سەرشانی سەرۆک کۆمار، بۆیە ئەم نوسراوانە هیچ کاریگەریەکی دەستوری و یاسایی نابێت . ۷- پەرلەمان خۆیان باش دەزانن کە لە رووی یاساییەوە ناتوانن دەستکاری دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن ،بۆیە ئێستا هەوڵی هەمواری خودی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و کۆمسیۆن دەدات بۆ ئەوەی لە بڕگەیەکدا ئەو دەسەڵاتە بدات بەخۆی بۆ ئەوەی بتوانێت دەستکاری دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکات. ۸-بەڵام پەرلەمان دەتوانێت استجوابی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکات و دواتر اقالەیان بکات ، یان خانەنشینیان بکات. ئومێدەوارین سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە وماڵە لەسەر کورد ویەکێتی نیشتمانی کورودستان تێڕوانینێکی دەستوری ویاسایی وورتری هەبێت وسەرپێی بڕیار و نوسراو دەرنەکات.
سهردار محهمهد.... میدیای ئههلیو سهربهخۆ، ئهو میدیایهی كه دهیهوێ لهسهر پێی خۆی بوهستێو ژێر بهژێرو بهدزییهوه پاره لهمو لهو وهرنهگرێت، حاڵی فره پهرێشانه. چهندیش بگهڕێی بهدوای چارهسهردا بێهودهیه. پاش ساڵانێكی زۆر لهشهونخونی، زۆر بهباشی درك بهو راستییه دهكهین لهدۆخێكدا كه لهكوردستان دهسهڵاتی “پارتیو یهكێتی” ههمو دهرفهتێكی یهكسانیان لهبهردهم میدیاكاندا بۆ ركهبهریی داخستوه، میدیای ئههلی رۆژ بهرۆژ زیاتر توانای مانهوهو بهردهوامبونی لهڕوی ئابورییهوه لهدهست دهدات. چهند ساڵێكه بهدبهختی بهرۆكی بهمیدیای ئههلی گرتوه، بهردهوام پهرتهوازهو بچوك بچوك دهبێتهوه، كاریگهریو بایهخی وهك پێویست نامێنێ، ریكلامو سهرچاوهی داهاتیان وشك دهكات، بههۆی بێ پارهییهوه توانای خۆنوێكردنهوهو گهشهدان بهخۆیان نییه، دهسهڵاتدارانیش بهردهوام ههوڵی كڕینیان دهدهن، تا چۆنیان گهرهك بێ ئاڕاستهیان دهكهن. لهسایهی ئهم دۆخهدا كه میدیای سهربهخۆ بهدهستیهوه دهناڵێنێ، چهند قورسو زهحمهته بهپێوه مانهوهی رۆژنامهو میدیای نوسراو؟! لهكاتێكدا ههمو رۆژێك لهسهرتاسهری جیهاندا ئینتهرنێتو تهلهفزیۆن میدیای نوسراوو رۆژنامهكان دهكوژێت، چ بگات بهكوردستانێك كه رۆژ تا ئێواره ههواڵو راپۆرتو بهرنامهی كهناڵهكان، كه زۆربهیان بهئهندازهیهك بی بایهخن، وهك گوللهی وێل هێواش هێواش یادهوهری خهڵكی دهكوژن، ئێستا بهشێكی بهرچاوی دانیشتوانی ئهم وڵاتهش كه شهو بهدیار فهیسبوكو سۆشیال میدیاوه رۆژ دهكهنهوه، تاقهتی خوێندنهوهیان نامێنیو چاوهڕوانی ئهوهیان لێناكرێ بهتهنگ پڕۆژهی میدیای ئههلیو سهربهخۆو میدیای پیشهیی راستهقینهوه بن! دابهزینی تیراژو فرۆشی كتێبو رۆژنامهكان باشترین بهڵگهیه كه ساڵ بهساڵ ژمارهی خوێنهرو خوێندهواریی لهم وڵاتهدا رو لهكهمیو كزی دهكات، دیاره وهك “ئهلوین تافلهر” دهڵێت “نهخوێندهوارانی سهدهی بیستو یهكهم ئهو كهسانه نین كه نازانن بخوێننهوهو بنوسن، بهڵكو ئهو كهسانهن كه ناتوانن واز لهبیرو بۆچونی رابردویان بهێننو شتی نوێ فێر بن”. ئێستا میدیای سهربهخۆو ئههلی بهتهواوی پاشهكشه دهكاو گۆڕهپانهكه بۆ میدیایهكی سێبهرو ئاڕاستهكراوی خاوهن سهرمایهی گهورهو زهبهلاح چۆڵ دهبێ، میدیایهك كه 24 كاتژمێر بێ وهستان كار لهسهر سڕینهوهی مهعریفهو هوشیاری خهڵكی دهكات، میدیایهك كه توانای رهخنهگرتنی بهرامبهر بهو پێشێلكاریی ئازادییو نایهكسانیو نادادپهروهرییه گهورهیه نییه كه ئهمڕۆ لهم وڵاتهدا رودهدات، میدیایهك كه بهلانیكهمی پیشهیی بونهوه پابهند نییهو ههمیشه ههوڵدهدات بهپێی ئهجندای حزبو ئهربابهكانیان خشتهی بایهخی رۆژانهی خهڵك دیاری بكهن، بهخهڵك بڵێن ئهم روداوهیان گرنگهو ئهوهیان نا. ئهم جۆره میدیانه بهردهوام لهههوڵی ئهوهدان تهنها ئهو بهشه لهروداوهكان بۆ رای گشتی بگوزانهوه كه لهبهرژهوهندی حزبو ئاغاكانیانه، ههموشیان بهئهندازهیهك له”راستگۆیی”دا كۆلو “راسب”ن، كه لهساتهوهخته ههستیارو روداوه چارهنوسسازهكاندا تاقیكراونهتهوه لهبری بڵاوكردنهوهی زانیاریو ههواڵو كاری رۆژنامهوانی، خهریكی بڵاوكردنهوهی “پاگهندهن”. ئهمڕۆ چ رۆژێكی رهشو پڕ لهبهدبهختییه بۆ میدیای ئههلییو سهربهخۆو ههمو ئهوانهی دڵیان بۆ ئازادیو بۆ ئاشكراكردنی راستیو حهقیقهت دهسوتێ؟! -رۆژنامەی ئاوێنە
كەمال چۆمانی چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم، مەسعود بارزانیی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی و پارتیی و بەرپرسانی کەرکوک کۆدەبێتەوە. ئاسۆ مامەند بە بارزانیی دەڵێت "ئەگەر ریفراندۆم لە کەرکوک بکەین، ئەگەری هەیە بدۆڕێین." بارزانی پێیدەڵێت: "بڕۆن تەزویر بکەن." لە کەرکوک ریفراندۆم کرا، تەزویرێکی زۆریش کرا، "بەڵێ" بە رێژەیەکی خەیاڵیی بردیەوە، بەڵام ئەنجامەکەی دۆڕانی کەرکوک بو. بە چەوساندنەوەی کورد بەعسیزم نەیتوانی بیباتەوە. بە پەراوێزخستنی عەڕەب و تورکمان کورد نەیتوانی بیباتەوە. کەرکوک بە تەزویریش نابردرێتەوە. هەر بردنەوەیەکیش بە تەزویر، وەک بردنەوەکەی ریفراندۆم کورتخایەن دەبێت. ئەوەی چارەنوسی کەرکوک یەکلاییدەکاتەوە، مادەی ١٤٠ە، ئەو مادەیەش هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێڕاقەوە نییە، خۆ کورد لە هەڵبژاردنی پێشتور ٨ کورسیی بردەوە، بەڵام هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی.- (هەرچەندە باشترین چارەسەریی بۆ کەرکوک نە مادەی ١٤٠ە، نە ئەوەش بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان بەغداد، بەڵکو دروستکردنی هەرێمێکی فیدرالە بۆ کەرکوک، بە رای من). کورد لە کەرکوک کورسییەکی هەبێت یان ١٠ هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، ئەوەی لە ئێستادا گرنگە، ئەگەر لە خەمی کورد دان، چۆن کورد بتوانێت لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان زۆرینە بەدەستبهێنێت و کەسێکی باش ببێتە پارێزگار، نەک کەسێکی یەکێتیی یان پارتیی. ئەگەر لە خەمی کەرکوکیشن، بۆچی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا گرێنادەن و پارێزگاری نوێ هەڵنابژێرن. سەیرە، پارتیی ئامادەیە بچێتەوە بەغداد بەڵام ئامادە نییە ئەندامانی خۆی بنێرێتەوە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کە بەدڵنیایی کورد دەتوانێت پارێزگار هەڵبژێرێت. هەندێک بە بیانوی پاراستنی زۆرینەی کوردیی لە کەرکوک، تەزویری یەکێتیی بەرز دەنرخێنن، یان ئەو هەوڵانەی بۆ دەرخستنی راستییەکان هەن بە خیانەت تەماشادەکەن لە کوردایەتیی، راستییتان ناوێت، دیوێکی کوردایەتیی خۆی خیانەتە. تەزویری ریفراندۆم کەرکوکی دۆڕاند، هەزاران کەس ماڵوێران و ئاوارە بو، دەیان رۆڵەی ئەو گەلە بونە قوربانیی، ئەندازیارانی تەزویڕەکەش ئێستا لەسەر خوێنی ئەوان مامەڵەی سیاسیی دەکەن. ئەی ئەو تەزویرەی یەکێتیی کەرکوک بەرەو کوێ دەبات؟ یەکێتیی دەبێت هۆشیارتر بێت و نابێت رێبدات توندوتیژیی و شەڕ دروستببێت، ئەگەر راستە تەزویر نەکراوە، با قبوڵیبکات دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە. یەکێتیی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەسەر گەلی کورد هێنا وەک خۆیان دەڵێن "لەپێناو پاراستنی گیان و ژیانی وڵاتییان،" ئەی بۆچی لە پێناو پاراستنی داهاتوی کەرکوکییەکان و عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئامادە نییە قبوڵبکات دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە تا دۆخەکە خراپتر نەبێت؟
دڵشاد حسێن... قۆناغی دوای ١٦ ئۆكتۆبەر و ڕیفراندۆم قۆناغێكی ترە و دەبێت لە ھەموو ڕوەكانی حوكمڕانی و دەسەڵاتداریەوە پێداچونەوە بكرێت، یەكێك لەو دامەزراوانە پەرلەمانی كوردستانە، كە لەڕوی بودجە و ژمارەی ئەندامانیەوە لەم دۆخە ئابوریەی دێتە پێشەوە زیادەخەرجی ھەیە كە بەپێی دۆخی نوێ دەكرێت پێداچونەوەی پێدا بكرێت و لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان دوو خاڵی گرنگ ھەموار بكرێتەوە: ١.ژمارەی كورسی پەرلەمان كەمبكرێتەوە بۆ نزیكەی ٥١ كورسی، بەمجۆرە ھەم ھەندێك خەرجی كەمدەكرێتەوە و ھەم بۆ ئیستقڕای كاری یاسادانان و چاودێری ئەكتیڤ تر دەبێت، چونكە ئەگەر بە پێی ڕێژەی دانیشتوانیش پێت كە عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران دایناوە بۆ ١٠٠ ھەزار ھاوڵاتی كورسیەك، بۆ نزیكی ٥ ملیۆن ھاوڵاتی ھەرێم لۆژیك ئەوەیە نزیكی ٥١ كورسی ھەبێت. ٢.بەپێی ئەزمونی خولەكان لیستی كراوە و لیستی داخراو بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێم زۆر سەركەوتوو نەبوو لەوەی كاندیدی شارەزای جۆرا و جۆر و سەركردە بڕیاربەدەستی حیزبیەكان نەچنە پەرلەمان، كە ئەگەر سەیری عێراق و وڵاتانی پێشكەوتوو بكەیت سەركردەی حیزبەكان ھەموو لە ناو پەرلەمانن، كە ئەمە ئەرێنیە بۆ پرۆسەی بڕیاری سیاسی لە ناو پەرلەمان، لە جیھان چەندەھا جۆری لیست ھەیە، شتێك نیە ئەمەیان دیموكراتی تر بێت لەوی تر، ھەر جۆرێكی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە، بۆیە ئێمە دەبێت ئەوە ھەڵبژێرین كە لایەنی ئەرێنی زۆر ترە، بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێم و بەھێزكردنەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان باشترین ئەوەیە لیستی كراوەی مەرجدار ھەڵبژێرین، بە جۆرێك ھەركاندێك نرخی كورسی بەدەستھێنا، ئەوا دەبێتە ئەندام و ئەوانی تر بە پێی ریزبەندی دەچنە پەرلەمان، كە ھەم بوار بە كاندید دەدات كە دەنگی نرخی كورسی بێنێت و ھەم بوار بەوە دەدات بە پێی ئەوەی حیزب پێی باشە بە پێی ڕیزبەندی بچیتە پەرلەمان، ئەم جۆرە لە چەند وڵاتێكی پێشكەوتوو پیادە دەكرێت.
مایکڵ ڕۆبن و:عەلى نادر لە کاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان بە دواى داڕشتنەوەیەکى جادوئامێزی سیاسیدان بەمەبەستى بونیادنانەوەى حوکوومەتى نوێی عێراق، هاوکات مانۆڕە سیاسییەکان لە بەغداد بەباشی بەڕێوە دەچن. بێگومان پۆستى سەرەکوەزیران، بەهێزترین پێگەى سیاسی لە عێراقدا، بۆ لایەنى شیعە دەبێت، بەڵام بەردەوامیی مانۆڕە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنى ئەو پێگانەن کە سامانێکى زۆریان لێ چاوەنواڕ دەکرێن. دواى وەزارەتە سیادییەکان، بۆ نموونە، وەزارەتى نەوت، وەزارەتى دەرەوە، و وەزارەتى بەرگری، دوو لە سەرۆکایەتییە باڵاکان بریتین لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار. بۆ ماوەى نزیکەى دەساڵ لە دواى یەکەمین هەڵبژاردنى ساڵی 2005ەوە، جەلال تاڵەبانى پۆستى سەرەککۆمارى بە دەستەوە بوو. هەرچەند سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرنگتر بوو، بەڵام کوردەکان لەبەر دوو هۆکار چاویان لەدووى سەرەککۆمار بوو: یەکەمجار، ئەو پێگەیە، بەشێوەیەکى گشتى، بەهۆى هەوڵی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان، هەروەها بەشێوەیەکى تایبەتیش بەهۆى هەوڵەکانى ڕژێمى بەعسەوە بووبوو بە هۆکارێک بۆ زەوتکردنى ناسنامەى کەلتوریی کوردی و مافی هاوڵاتیبوونى یەکسان لە عێراقدا. دووەمجاریش، بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆمار کێشەیەکى گەورەترى لە ناوماڵی کوردەکانى عێراقی دوور دەخستەوە، ئەویش ململانێی قوڵی نێوان تاڵەبانى و بارزانى بوو، ئەو برینەى کە لەدواى ساڵی 1975ەوە تا ئێستایش ساڕێژ نەبووە. ئەگەر تاڵەبانى لە بەغداد بێت، ئەوا بارزانى لە کوردستان هیچ ڕکابەرێکى نابێت. ئەم دابەشکارییە دواى نەخۆشکەوتن و مردنى تاڵەبانیش هەر بەردەوام بوو. فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانى یەکێتى و سەرکردەیەکى کۆنى ئەو پارتە، لە ساڵى 2014 پۆستەکەى تاڵەبانیی وەرگرت. لە کاتێکدا تاڵەبانى زۆرترین هەوڵی بە گەڕ خست –لەکاتى درووستبوونى توندوتیژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان گروپە سیاسییە جیاوازەکانى عێراقدا وەک نێوەندگیرێک کارى دەکرد- بەڵام فوئاد مەعسوم بەزۆرى بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، لە دیمەنە سیاسییەکەى عێراقیشدا، قەوارەیکى تەواو نادیار بوو. بێدەنگییەکەى مەعسوم پڕبەرهەم بوو: تەنها لە ساڵی ڕابردوودا حوکوومەتى عێراق نزیکەى 51 ملیار دیناری، نزیکەى 43 ملیۆن دۆلار، بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار تەرخان کردبوو. هەندێک لەو بڕەپارەیە بۆ مووچەخۆرە ڕاستەقینەکان دەچوو، بەهۆى ئەو قەیرانانەى کە بەهۆى ساڵانى جەنگ و دابەزینى نرخی نەوتەوە دروست بووبوون، ڕوون نییە ئەو بڕە بووجە زۆرە چۆنهایی خەرج کراوە. سەرۆکایەتیی کۆمار، لە تیۆردا، دەبێت ساڵانە بە خەرجییەکانیدا بچێتەوە و سەرجەم پسوڵەى خەرجییەکانی ڕادەست بکاتەوە، بەڵام زۆرینەى عێراقییەکان دەڵێن ئەو کارە یان هەر نەکراوە، یان زۆر بەکەمی کراوە. لەبەرامبەریشدا سەرکردایەتیی یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پۆستی سەرەککۆماریان وەک سەرچاوەیەکى داهات بە کار هێناوە. لە کاتێکدا کە سیاسییەکانى عێراق ئارەزووى زیادەڕۆیی دەکەن، هەندێک لە بەرپرسە کوردەکان باس لەوە دەکەن کە فوئاد مەعسوم مانگانە بڕی 50 هەزار دۆلاری بۆ خۆى هەڵگرتووە، ئەوەیشی کە ماوەتەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەستى بەسەردا گرتووە. بەم شێوەیە پۆستى سەرەککۆمار بووە بە سەرچاوەى داهاتێکى ناشەرعی بۆ خۆشگووزەرانیی سەرکردەکانى یەکێتی، لەبەرامبەریشدا زۆرینەى مووچەخۆرانى هەرێم مانگانە مووچەکانیان پێ نادرێن. ئەم پلان و نەخشەسازییانە بۆ عێراق و کوردەکان چی دەگەیەنن؟ لە 12ى ئایاردا زۆرینەى کوردەکان بەمەبەستى بەدەستهێنانى هاوبەشییەکى باشتر لەگەڵ حوکوومەتى فیدراڵیدا، دەنگیان دا. لەگەڵ ئەوەشدا وا دیارە دانووستانکارانى یەکێتی زیاتر بایەخ بە بەدەستهێنانى سەرچاوەى دارایی دەدەن وەک لە بەدەستهێنانى دەستەڵاتى تەشریعی یان هەژموونى سیاسی. هەر لەبەر ئەمەیشە کە بەرپرسانى کورد بە دانووستانیان لەگەڵ عەرەبە سونییەکاندا لە هەوڵی ماشینەوەى دەستەڵاتى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و سەرەکوەزیراندان. ئەگەر کوردەکان لە هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆماردا بن، ئەوا تەنها چاویان لە بەدەستهێنانى سەرچاوە ناشەرعییە داراییەکەیدایە، نەک پێگەیەک کە ببێتە سەرچاوەى پاراستنى ئاشتى و بەدیهێنانى ئاشتەوایى نیشتمانى. پارتى دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکى ڕووکەشی خۆی بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆمار بۆ فازڵ میرانى بەگەڕ خستووە، هەرچەند باکگراوندی ناوبراو لە ڕووى یاسایی و مۆراڵییەوە ڕوون نییە. دیاریکردنى فازڵ میرانى دەکرێت پلانێک بێت وەک لە هەنگاوێکى جددی، چوونکە دواتر لەبرى ئەوەدا بارزانى دەتوانێت ئیمتیازێکى زیاتر لە یەکێتى وەربگرێت. لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکرێت کە یەکێتى لەتیف ڕەشیدى بۆ پۆستى سەرەککۆمار دیاری کردبێت، بەمەش خێزانى تاڵەبانى دەتوانێ باشتر دەست بەسەر ئەو بووجە زۆرەدا بگرێت، چوونکە لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاواى تاڵەبانییە. گەندەڵی لە عێراقدا دەردێکى گشتگیرە، سیستەمى هەڵبژاردن ئەو دەردە کوشندەتر دەکات. لە کاتێکدا زۆرینەى عێراقییەکان نەفرەت لە گەندەڵی دەکەن و هەوڵی سزادانى گەندەڵکاران لە هەڵبژاردنەکاندا دەدەن، دواتر هەر سەرکردەى ئەو پارتە گەندەڵکارانەن پێکەوە دانووستان دەکەن و حوکوومەت پێک دەهێنن. لە ئەنجامدا سەرجەم ئەو هەوڵانەى بۆ گۆڕانکاری دەیدەن، دەگۆڕێت بۆ پارێزگاریی لەو بارەى کە لە ئارادایە. بەهۆى ئەو پاشخانە ناتەندرووستەوەیە کە دەبێت پەرلەمانى عێراق، لیژنە ناوخۆییەکان و، هەموو سەرکردە سیاسییەکان سوور بن لەسەر یاسای لێپێچینەوە، ئەویش نەک تەنها لەو حوکوومەتەى کە ئێستا درووستى دەکەن، بەڵکو لەوانەیش کە تێپەڕین، بە دەستەڵاتى تاڵەبانى و فوئاد مەعسومیشەوە. بەدڵنیاییەوە دەبێت قوباد تاڵەبانیش دەستەڵاتى خۆى لەدژى ناشەفافییەکان بەکار بێنێت. زۆر بە سانایی، ئەو جیاوازییەى لەنێوان بووجەى گشتی و مووچەى دەستەکاندایە (بەلایەنى کەمەوە ئەو مووچەخۆرانەى کە بن دیوار نین) لە ڕووى بڕەوە زۆر زیادە. پێویستە سەرکردایەتیی عێراق لەسەرووى گیرفان پڕکردنى خزمەکان و سەرکردەی پارتەکانەوە بێت.
كاروان كەمال ... "مەترسە، هەموو شتێ دەکەن بۆ ئەوەی نەمرین، چونکە پێویستیان بە پارەکانمانە"... بەخاوەنکردنی خەڵک بۆدیمۆکراسی پرۆسەیەکی هەروا سانا و زارەکی نیە. جێبەندکردنی بنەمای "دەسەڵات سەرچاوەی ڕەوایەتی خۆی لە گەل دەسدەخا" لە دەستور و یاسادا بەتەنها بەس نیە بۆ دڵنیا بوون لەم خاوەندارێتیە. ئەم سەرەتا زارەکییە پێویستی بە پرۆسەیەکی لەڕوی تەکنیکیەوە ئاڵۆزە [کە ئێرە شیاوی باسێکی وا نیە]. بەڵام بابەتیانە و بەسادەیی پێکدێ لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پێویستی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات هەروەک بەکورتی و سادەکراوی لێرەدا ئەخرێتە ڕوو. کەم نین ئەوانەی خاوەن خامە و دەنگی کاران و باسی ڕێزگرتنی دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە هاوڵاتیانی خۆی بە باسێکی مۆراڵی ڕووت ئەگەیەنن بەگوێی خوێنەری کورد. هەمان ئەمە ڕاستە بۆ سەرتاپای عێراق وبگرە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. خوێنەری ئەم دەڤەرەیان سەرگەردان کردووە بەهەندێ لێکدانەوەی ڕەنگاو وڕەنگی نادروست و خەون ئامێز کە گوایە لای دەسەڵاتدارێتی خۆرئاوا تەنها مرڤبوون بەسە بۆ ئەوەی ئەوپەڕی ڕێز و مافت بۆ مسۆگەربکرێت. دێڕی دووەمی سەرەتای ئەم نوسینە ووتەی یەکێ لەسەرنشینانی پاسێکە بۆ سەرنشێنێکی تری ناو هەمان پاس کە دەترسێ لەوەی هێزەکانی پۆلیس ببنە هۆی کوشتنیان بەوەی بێگوێی لە داواکاریەکانی ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی دەوڵەت دەکەن بەوپێیەی هەڕەشەی تەقاندنەوەی پاسەکە دەکا ئەگەر هەوڵی ڕزگارکردنی سەرنشینەکانی بدرێت. ئەم ڕووداوە بەشێکە لە بەسەرهاتەکەنی فیلمێکی ئاست مامناوەندی ئەمریکی بەناوی "خێرایی" تیایدا بەکورتی وسادەیی ئەوە لە بینەر دەگەیەنێ کە داهاتی دەوڵەت لە پارەی گیرفانی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە لەڕێ باج و جۆرەها شێوەی تری بەشداری ماڵی هاوڵاتیان بۆ وەگەڕخستن و بەردەوامی خزمەتگوزاریە گشتییەکان. هۆکاری هەری سەرەکیش هەر ئەمەیە کە دەوڵەت هەموو ڕێزێکی هاوڵاتیانی دەگرێ و چی لەدەستبێ دەیکا بۆ پاراستنیان [تیاچوونی هەرهاوڵاتیەک یەکسانە بە لەدەستانی باجدەرێک]. هەر وەک وێنەی دوکاندارێ کەچی لەدەستبێ دەیکا بۆ ڕاگرتنی دڵی کڕیارەکانی چونکە سەرچاوەی داهات و بژێوین بۆی. هەر ئەم فاکتەرە هۆکارێکی گەورەی کاریگەری لاوازی و بەهێزی دامەزراوە و پرۆسە دیمۆکراسیەکان دەبن بەو پێیەی ویست و ڕەزامەندی هاوڵاتی لەم بارەیا دەبێتە بناغەی کارکردنی دام و دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی. بەمەش هاوکێشەی "پێویستی" گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێ لەوەی کە خەڵک پێویستی بە دەسەڵات بێ [ وەک لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە باوە] بگۆڕدرێ بۆ ئەوەی دەسەڵات پێویستی بە خەڵک بێت. لەباری یەکەمدا فەرمانڕەوایەکی بێباک لە خەڵک و ویستی گشتی بەرهەمدێ کە سەرچاوەی داهاتی جێگرەوەی هەیە بۆ ئەوەی پێویستییەکی بنەڕەتی بە هاوڵاتیان نەمێنی. لەم بابەتە لە داهات زۆرتر سەرچاوە سروشتیەکان و قۆرخکاری بازرگانی بناغەیانن. دەسەڵاتداری لەم چەشنە هەرچی لەدەستبێ بێسڵەمینەوە دەیکا لە تەجاوز کردنە سەر ماف و ئازادیەکان بە پرۆسەی سیاسیشەوە بۆ مانەوەی لە کایە حوکمڕانیەکەیا [دەسکاریکردنی دەنگ و گۆرانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا یەکێکە لە فۆرمە باو و سواوەکانی ئەم نمونەیە]. لە کاتێکدا لە باری دووەمدا خەڵکێکی بێباک لە فەرمانڕەوا دێتە مەیان کە تەنها لایان مەبەستە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە باشی بەردەوام بن. لایان گرنگ نیە کێ بێت ئەوەی دەسەڵاتی دەدەنە دەست. لەم بارەیا پرۆسەی دیمۆکراسی و بەتایبەت تر هەڵبژاردن تەواو دەچووێ بە تەندەرینی بازرگانی. كی بە کەمتریین تێچوو [باج و خەراج] دەتوانێ خزمەتگوزاریەکانمان بۆ ماوەیەک کە دیاریکراوا بە یاسا بۆ بەڕێوەبەرێ؟ هەرئەمەشە وا دەکا بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە خۆرئاوا ببنە کێبڕکێ لەسەر بابەتی خزمەتگوزارییەکان و تێچووە گشتییەکان لە خوێندن، تەندروستی، ڕێگاوبان، چاودێری کۆمەڵایەتی، کاروباری دەرەوە و چەندینی تر.
توانا عوسمان ..... لەبری ئەوەی باری سەرنجی خۆم لەسەر ئەوە دەرببڕم کەئایا وا بـاشە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی چەکدار بکات یان نــا، لەبری ئەوە ئەم بەسەرهاته ئەگێڕمەوە. ڕۆژێک لەڕۆژان لەمەجلیسێکدا کاک نەوشیروان گێڕایەوه و ووتی "جارێکیان بەشەخسی بەکاک مەسعود بارزانیم ووت ئێمە ئەتوانین هێزی چەکدار دروست بکەین، خۆت لەهەموو کەس باشتر ئەزانی کەمن ئەتوانم ڕێکخستنی چەکدار پێکبهێنم و پشتیوانی ئیقلیمیشی بۆ پەیدابکەم" ووتی بارزانی وتویەتی ڕاستە وایە ئەتوانی.. ئینجا گێرایەوەو ووتی "پێمووت بەڵام من بۆ باشکردنی وەزعی کوردستان بڕوام بەخەباتی چەکداری نەماوە، دۆخی کوردستان بەچەک چارەسەرناکرێت، ئەگەر هێزی چەکدار دروستبکەم، ئەبێت چەک و تفەنگی بۆ پەیدابکەم، بۆ ئەوەش ناچارم یا لەئێران یا لە تورکیا یا لەعێراقی وەربگرم، بەمەش ئەچمە ژێڕ ڕکێفی ئەوان، پاشان دەبێت فیشەک و گوللەیان بۆ بکڕم بەوەش دەبێت پارە پەیدا بکەم و نەوت بفرۆشم و کۆمپانیای بۆ دروستبکەم یا دزی بۆ بکەم، دوای ئەوەش دەبێت موڕاعاتی فەرماندەیی و دەستەو تاقمی چەکدار بکەم و هاوسەنگی ناوچەگەری و ئەمیرەکانی جەنگ ڕابگرم و مجالیان بدەم پێشێلکاری بکەن و منیش چاویان لێ بپۆشم.. منیش بڕوام بەوە نیە". بەسەرهاتەکە لێرەدا تەواوبوو.. منیش هاوڕام.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كاتێك كه وێنه پڕ له شهرمهزارییهكانی شاندهكهی پارتیم بینی له بهغدا خهم دایگرتم .. بێگومان، خهفهتم بۆ پارتی نهخوارد چونكه ئهوان ڕاهاتوون و فێری دهست ماچ كردنن و ههر به بادانهوهش ماون.. بهڵام خهفهتم بۆ گهلهكهم خوارد كه ئهو جۆره كهسانه نوێنهرایهتی كورد دهكهن.. تۆ وهره كهسانێك نوێنهرایهتیت بكهن كه تا دوێنێ لیژنهی باڵای رێفڕاندۆم و راگهیاندنی دهوڵهتی سهربهخۆییت بووبن و ئهمڕۆ وهك كهمهی گۆچان بچهمێنهوه بهرامبهر بهوانهی كه دهیان وت چیتر حیسابیان بۆ ناكهین .. كهسانێك كه بهغدایان دهجار سێ به سێ تهلاق دابێت .. كهسانێك كه له هیچ گفتوگۆ و سازان و حهیرانێكدا سهركهوتوو نه بووبن … كهسانێك كه له ناو كۆمهڵگهی خۆشماندا مایهی گاڵتهجاری و نوكته و قهشمهری بن.. كهسانێك كه ئاماده بن له پێناو كورسیدا رۆژێك عهرهب و رۆژێك ئێرانی و رۆژێكیش توركێكی شاخستانی بن…!! كهسانێك كه له رووی سیاسی و كۆمهڵایهتی و حزبی و جهماوهریشهوه ئیفلاس بن .. وا جارێكی تریش وهفدی كوردستان له ٢٠١٨ شیعره بهناوبانگهكهی ١٩٣٠ی پیرهمێردی نهمر ( وهفدی كوردستان) ی به بیر هێناینهوه ؟ وهفدی کوردستان، میللهت فرۆشان ههرزه وهکیلی شاری خامۆشان چهپکێ له گوڵهکهی بهردهرکی سهرا که به خوێناوی میللهت ئاودرا ببهنه بهردهم عهرشی عێراقی بڵین یار باقی، ههم سوحبهت باقی……………. شاناز ئیبراهیم ئهحمهد ٢٥-٥-٢٠١٨
پەیكار عوسمان .... - چوار لایەنەکە ناچار نین بایکۆتی بەغدا بکەن، ئەوان بەرامبەر ئەو تەزویرەی لێیان کراوە ناچارن شتێك بکەن، بایکۆتیش یەکێکە لەو شتانە. - گۆڕان پێش بایکۆتی بەغدا، بایکۆتێکی سلێمانی قەرزاری خەڵك و دەنگدەرانیەتی، ئینجا موسوڵمانێك تێمانگەیەنێت، ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، ئەم دووانە چ سودێکی هەیەو چ پاساوێکی هەیە بۆ بەردەوامبوون؟ گرنگە گۆڕان ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یەکێتی هەڵوەشێنێتەوەو ڕێکەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ سێ لایەنەکەی هاوپەیمانی ئێستای ببەستێت. ئەگەر گۆڕان وا نەکات، ئەوکات بۆ یەکگرتووش ئاساییە ڕێکەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ پارتی بکات، چونکە پارتی و یەکێتی فەرقێکیان نیە. - ئەم چوار لایەنە ڕاستە کورسییەکانیان کەمە بەراورد بە کورسی پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەگەر دوو بلۆكی سیاسیی لە عێراق دروست ببێ و پارتی ویەکێتیش هەردوکیان بکەونە لایەك، ئەوکات لاکەی تر لە نوێنەرایەتی کورد چۆڵ ئەبێ، ئەم چوارەش بەو کەمە کورسییەی کە هەیانە ئەتوانن ڕۆڵێکی گەورەو نوێنەرایەتییەکی گەورە بکەن، کە نوێنەرایەتی نەتەوەیەك و هەرێمێکە. مەسەلەن ئەگەر یەکێتی و پارتی و مالکی و عامری ببنە بەرەیەك، ئەوکات سەدرو عەلاوی و عەبادی هەم وەکو کورسی پێوستیان بەم چوار لایەنە هەیە، هەمیش وەکو نوێنەرایەتی هەرێم و کورد. - ئێمە تەنیا لەبەردەم حکومەتی زۆرینەدا نین، بەڵکو لەبەردەم موعارەزەیەکی بەهێزیشداین! هەر یەك لەم دوو بەرەیە ئەگەر حکومەت تەشکیل بکەن، بۆی هەیە بەرەکەی تر ببێتە موعارەزەیەکی بەهێزو کاریگەر، جا ئەم چوار لایەنەش هەردو ئەگەرەکە لەبەردەمیان کراوەیە، ئەوەی کە لەگەڵ بەرەیەکا بەشداری حکومەت بکەن و هەنێ ماف لەسەر دەستی ئەوان بۆ هەرێم بگەڕێتەوە، یان لەگەڵ بەرەیەکا ببنە موعارزەیەکی گەورەو سود لە هێزی ئەو موعارەزەیە وەرگرن بۆ شەڕکردن لەسەر مافەکانی هەرێم. - گرنگە ئەم چوار لایەنە نەکەونە داوی یەکڕیزیی کوردەوە، چونکە یەکڕیزی قورسایی ئەدا بە پارتی و یەکێتی و وەزنی پوشێك بۆ ئەمان ناهێلێتەوە، ئەکرێ مەبدەئییەن هەموو لایەنە کوردیەکان لەسەر چەن خاڵێك ڕێکەون، مەسەلەن دەستورو بودجە، ئیتر هەر یەکەو لەلای خۆیەوە شەڕی لەسەر بکات، نەك ئەوەی هەموویان پێکەوە تەحالوف و فراکسیۆن و کوتلەبن، چونکە بە تەجروبەی ساڵانی پێشوو ئەو پێکەوەبوونە ڕێك یەکێتی و پارتی بوونە. - پارتی و یەکێتی لە چ بەرەیەكبوون، گرنگە چوار لایەنەکە لە بەرەکەی تربن، بۆ ئەوەی شەڕی ڕاستەقینەی مافەکانی کورد، جێگەی شەڕی پۆست وئیمتیازات بگرێتەوە، کە هەمیشە لە پشتی شیعاری یەکڕیزی کوردەوە ئەکرێن! ئەمانە پێکەوەبن بۆ یەکتری ئەپۆشن، مونافس و چاودێربن بەسەر یەکەوە، ئەوکات قولی ڕەش و سپی دەرئەکەوێ. - گرنگە چوار لایەنەکە لەکاتی گفتوگۆدا پۆستە سیادییەکەی کورد بخەنە مساوەمەوەو لە بەرامبەر سودێکی گشتیدا بیبەخشن، ئەم پۆستە سیادیە درۆیەکە ئێمەی بە عێراقەوە بەستۆتەوە، گرنگە بیگۆڕنەوە بە ڕاستییەك کە بە عێراقەوە بمانبەستێتەوە. - خراپترین سیناریۆ ئەوەیە دوو بەرە دروست ببێ و پارتی و یەکێتیش پێکەوە نەبن و هەریەکەیان لە بەرەیەکابن، ئەوکات بێ ئەوەی سەری خۆتان و سەری ئێمەش بیەشێنن، بەغدایان بۆیان چۆڵکەن و ناوی خوا لە بایکۆتەکە بێنن، چونکە ئەوکات لە هەردو بەرەکە نوێنەراتی هەرێم و کورد ئەوان ئەیکەن و ئێوەش یاریزانی یەدەگ. *ئەگەر بەرەی پارتی و یەکێتی و مالکی و عامری کە بەرەی ئێرانیشە، حکومەتیان تەشکیلکردو لەهەمان کاتا لەملاوە موعارەزەیەکی کاریگەر لە پەرلەماندا دروستبوو، ئەوکات ئەم چوار لایەنە مەیدانێکی باشی خەباتی موعارەزەییان لە بەردەمدایە. *ئەگەر بەرەی سەدرو عەبادی و ئەوانیتر حکومەتیان تەشکیلکردو پارتی و یەکێتی ئاوت کران، ئەوکات نوێنەرایەتی کورد لە حکومەت بۆ ئەم چوارلایەنە چۆڵ ئەبێ و گرنگە پڕی بکەنەوە. *ئەگەر بەرەیەك کوتلەی گەورەی دروستکردو لایەنەکانی تریش لەپێناو کێکی حکومەت بەرەکەی تریان چۆڵکردو بەشی موعارەزەیەکی بەهێز کورسی نەمایەوە، ئەوکات بایکۆتی پەرلەمان کارە دروستەکەیە، چونکە ئەوکات ئیتر مەیدانی خزمەتی گشتی نامێنێ و ئامادەبوون لەوێ تەنیا چەن پەرلەمانتارێك دەوڵەمەند ئەکاو هیچی تر.
د. ئارام رەفعەت ... بەغدا پایتەختی بێ شکۆکردنی کورد .. ١٠ نمونەیی مێژویی .. ئاوڕدانەوەیەک لەمێژووی زۆبەری سیاسەتمەدارانی کورد لە ٨٥ ساڵی رابردوودا، ئەوەمان پێدەڵیت کە لەوەتەی بەغدا هەیە سیاسەتمەدارانی کورد بێ شکۆ و بێ ئینتیما و دەستەمۆ دەکات. گرنگ نییە پێش چونە بەغدا، باکگراوندی سیاسی، شۆڕشگێڕی و فکری و پێگەی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەو کەسایەتییانە چی بووە، کە چوونەتە بەغدا، بونەتە کەسانێکی تێکشکاو، بێشکۆ و دەستەمۆ کراو و دابڕاو و بێباک لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان. بۆ راستی و دروستی ئەم حاڵەتە با بەیەکەوە چاوێک بەو ئەزموونانەی خوارەوەدا بگێڕین. ١) ئەو ئاوە ١٨ نوێنەرەکەی کورد رشتی سەرەتای ئەزموونی تێکشکانی کەسایەتی کورد لەبەغدا لە گەڵ یەکەم بەشداری کورد لە دەوڵەتی تازە داتاشراوی عێڕاقدا دەست پێدەکات. لەساڵی ١٩٢٤دا ١٨ کورد وەک نوێنەری پارێزگەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و موسڵ بەشداری ئەنجومەنی تەئسیسی عێراقی دەکەن. زۆربەی بەشداربووەکان کەسایەتی دیار بوون، لەوانەش شێخ قادری برای مەلیک مەحمود و مەلای گەورەی کۆیە. بەشداری ئەو کوردانە لەکاتێکدابوو کە هێشتا مەلیک مەحمود لەگەرمەی بەرگریکردندا بوو لە مەملەکەتەکەی؛ کوردستان لەژێر هێرشی بەردەوامی فرۆکەکانی ئینگلیزدابوو و باشوری کوردستانیش بەفەرمی بەشێک نەبوو لە عێڕاق و هێشتا ئومێدی بەدەوڵەت بوونی باشوری کوردستان هەر مابوو. بەدرێژایی سێ مانگ، لە ئادارەوە تا حوزەیران، ئەندامانی ئەنجومەنی تەئسیسی گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر ئەم سێ مەسەلەیە کرد: رێکەوتننامەی ئەنگلۆ-عێڕاقی؛ دارشتنی دەستووری عێڕاق و یاسای هەڵبژاردنەکانی عێڕاقی. بەڵام، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بۆ جارێکیش ١٨ پەرلەمانتارەکەی کورد وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان هەڵوێستییان نەنواند. کۆی تۆماری دانیشتنەکان لە دوو بەرگدا و لە ٦٧٢ لاپەرەدا تۆمار کراون. تۆمارەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ١٨ کوردەکە نە شکۆی ئەوەیان هەبوو بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەن، نە جورئەتی ئەوەیان هەبوو داوای راگرتنی هێرش و پەلامارەکانی بەریتانییا بۆ سەر کوردستان بکەن. جگە لەچەند پاڕانەوەیەکی مەلای گەورەی کۆیە بۆ پرسی خوێندن بەکوردی، لەو ٦٧٢ لاپەرەیە، تاکە لاپەرەیەکی تێدا نییە کە تۆزقاڵێک شكۆمەندی و سەرفرازی ئەو نوێنەرانە پیشان بدات. بەمجۆرە کورد هەر لەسەرەتاوە بەملشۆڕی و تێکشکاوی چونە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێڕاقییەوە. ٢) لەشکرەکەی ئەمین زەکی بەگ سلێمانی داگیرکرد نموونەیەکی تری بێشکۆیی و تێکشکاوی کەسایەتی کورد لەبەغدا ئەمین زەکی بەگە. بێ هیچ دوودڵییەک ئەمین زەکی بەگ عەللامەی مێژووە و دوای شەرەفخان مەزنترین مێژوو نوسی کوردە. لەم بوارەدا بەژنی هەموو نوێنەرە کوردەکانی ٨٥ ساڵی رابردوو لە بەغدا بخەیتە سەر یەک ناگاتە ئەژنۆی ئەمین بەگ. بەداخەوە بەغدا زەفەر بەو عەلامەیەش دەبات و شکۆ و کەسایەتی و غروری نەتەوەیی ئەویش تێک دەهاڕێت. ئەمین زەکی بەگ لە سەرەتای ١٩٢٤ دەبێتە فەرماندەی کۆلیژی سەربازی عێڕاقی. یەکەم چالاکی ئەو سوپایەی کە ئەمین زەکی بەگ راهێنانی پێکرد، لەدژی سلێمانی، شارەکەی خودئ ئەمین زەکی دەبێت. لە ١٩ی تەموزی ١٩٢٤دا سوپای عێڕاقی بەپشتیوانی ئینگلیز سلێمانی داگیر دەکات و کۆتایی بە حوکمرانی مەلیک مەحمود دێنێت. داگیرکردنی سلێمانی هیچ لە هەڵوێستی زەکی بەگی نەگۆڕی و بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی سوپا و دەوڵەتی عێڕاقی. ٣) مەلا مستەفا "عەسکەرێ زەعیمی"بوو تا گەرانەوەشی بۆ بەغدا مەلا مستەفا سروشتێکی سەرکەش و یاخییانەی هەبوو. شەڕ و ململانێکانی لەگەڵ عەشیرەتە دراوسێکانی، رێگرتنی لە سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا لەناوچەی بارزان، خۆدەربازکردنی لە ئیقامەی جەبری لە سلێمانی، چونی بۆ مەهاباد و دواتریش پەناهەندەیی لە روسیا هەموویان ئاماژەی سروشتی یاخییانەی بارزانی پیشان دەدەن. هەر بەهۆی ئەو سروشتە یاخییەی بارزانی بوو وای لە مەکتەب سیاسی پارتی کرد کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، ژەنەڕاڵ بارزانی، سەرۆکی کورد وێنا بکات، ئەوە لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا بارزانی هیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نەمابوو. پێچەوانەی ئەو مێژووەی، کاتێک بارزانی لە ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕیتەوە بەغدا، ژیانی بەغدا وایلێدەکات کە ئەو سەرکێشیە و یاخیبوونەی لەدەست بدات. ئیتر مستەفا بارزانی لە ١٩٥٨ تا بەهاری١٩٦١یش بە موناسەبە و بێ موناسەبە خۆی وەک "عەسکەرێ زەعیمی" واتە سەربازی عەبدولکەریم قاسم دەناساند. بارزانی بەکردەوەش لە سەرکوتکردنی کودەتاکەی شەواف لە ١٩٥٩ و لێدانی سکرتێری پارتی، هەمزە عەبدوڵڵا، بە قاسمی دەگوت دەمەوێ ببمە سەربازت. لەراستیدا، ئەوەی بارزانی دەیویست بۆ عەبدولکەریم قاسم بیکات لەئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا پێی دەوترێت "جاشایەتی". ئەگەر عەبدولکەریم قاسم بیویستایە مستەفا بارزانی سەربازێکی (جاشێک)ی بەوەفای ئەو دەبوو. بەڵام ئەوە عەبدولکەریم قاسم بوو بە جاشایەتییەکەی مستەفا بارزانی رازی نەبوو (لەم بابەتەدا جێگای هۆکاری ئەو هەڵوێستەی قاسم نابێتەوە). هەر قاسمیش بوو کە بە بۆمبارانکردنی بارزان، مستەفا بارزانی ناچارکرد پاڵ بداتە شۆڕشی ئەیلول. ٤) جەلالیی و جاشایەتی رێکخراو سەرکردە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەوسای پارتی شانازی ئەوەیان پێبراوە کە لەرەشترین دەورەی زەمەنی کورد لەباشوردا، واتە لەدەورەی دوای روخانی مەهاباد تا کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم (١٩٤٧-١٩٥٨)، ئەوان بەردەوام رۆح و مۆڕاڵی ئینتیمای کوردستانییان بەزیندوویی راگرت. بەڵام کە لە ١٩٦٦ ناچاردەکرێن کوردستان بەجێبێڵن و بچنە بەغدا، پایتەختەکەی عێڕاق ئەوانیش دەستەمۆ و بێ شکۆ دەکات و تا ئەو رادەیەی جاشایەتی بۆ دەوڵەتی عێڕاق قەبوڵ دەکەن. جاشایەتییەک کە بەهیچ شیوەیەک لەگەڵ مێژوو و سەروەری ئەندامانی مەکتەب سیاسی (کە بەهەموو پێوانەیەک نوخبەی کوردی بوون) نەدەهاتەوە. راستە بارزانی غەدرێکی مێژوویی لە مەکتەب سیاسی پارتی کرد، بەڵام ئەوان نە پێویستییان بەوە بوو ببنە جاشی عێڕاق و نە ئەو جاشایەتییە هیچ سودێکی بۆ مێژووی خۆیان و گەلی کورد هەبوو. جەلالییەکان داهێنەری جاشایەتی نەبوون، بەڵام داهێنەری فۆرمی رێکخراوەیی جاشایەتی بوون. تائەوکاتیش هەموو جاشایەتی و کرێگرتەییەک بۆ بەغدا بەشیوەی کەسی (فەردی) بووە. جاشایەتییەکەی مەکتەبی سیاسی، یەکەم هەنگاو بوو برەو بە رێکخراوکردنی جاشایەتی. ٥) هەرچی مستەفا بارزانی ناردی بوو بەجاش هەڵگەڕانەوەی کەسە نزیک و موعتەمیدەکان لە مستەفا بارزانی نموونەیەکی تری تێکشکاوی کەسایەتی و مۆڕاڵی سیاسەتمەداری کوردە لە بەغدا. بۆ یەکەمجار، دوای بەیاننامەی ١١ی ئازار کورد وەک نەتەوە بەشداری کرد لە موئەسەساتی دەوڵەتی عێڕاقیدا. مستەفا بارزانی کەسە هەرە نزیک و باوەرپێکراوەکانی خۆی بۆ پۆستە حکومییەکان دیاری کردبوو. زۆربەی ئەوانەی بارزانی خستنییە ناو دەزگاکانی دەوڵەتی عێڕاقەوە، لەوانەش عەزیز عەقراوی، رەشید عەقراوی و عەزیز مەلارەشید، دوای ماوەیەک پشتییان لە بارزانی کرد و بوونە کرێگرتەی رژێمی بەعس و هەندێکییان حیزبی کارتۆنییان دامەزراند و ئەوانیتریش راستەوراست بوونە بەعسی. کورەکانی مستەفا بارزانی، عوبەیدوڵڵا، سابیر و لوقمان نموونەگەلی تری ئەو دەستەمۆ و شکۆشکاوییەی کوردن لە بەغدا. ٦) تەها موحییەدین مەعروف، سیمبۆلی کوردە بێ شكۆکان تەها موحییەدین مەعروف یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە درێژایی ساڵانی ١٩٤٦ تا ١٩٦٨ سەرکردەیەکی لێهاتووی پارتی بووە. لە کێشەی نیوان بارزانی و مەکتەب سیاسیدا، مەعروف یەکێک بوو لە بەرهەڵستکارە سەرسەختەکانی سیاسەتی خێڵەکی و وابەستەی مستەفا بارزانی و یەکێک بوو لەو ١٤ مەکتەب سیاسییەی کە بڕیاری لادانی مستەفا بارزانییان دەرکرد. بەڵام کاتێک لە ١٩٦٨ وەک نوێنەری مەکتەب سیاسی (جەلالی) پۆستێک لە بەغدا وەردەگرێت، ئیتر بەغدا رابردووی مەعروف دەسرێتەوە و داهاتووشی چیخناخی خیانەت و جاشایەتی دەکات. ئەو لە ١٩٧٥ تا ٢٠٠٣ جێگری سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو. لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئەودا گەلی کورد جینۆساید کرا، کیمیا باران کرا، نیوەی خاکەکەی تەعریب کرا و نیوەکەی تریشی یان بەسوتماک کرا یان تەلبەند کرا. بەڵام بەغدا شکۆ و کەرامەت و مۆڕاڵی ئەو کابرایەی وەها هاڕی بوو، تەنها بۆجارێکیش هەڵوێستێکی لێ نەبینرا و بووە سیمبۆلی کوردە بێ شکۆکانی بەغدا. ٧) مەسعود بارزانیی یەکەم سەرکردەی تەسلیمبوی دوای راپەڕینە دوای کۆڕەوەکە، سەرانی بەرەی کوردستانی بەمەبەستی گفتوگۆ بەرەو بەغدا بەرێکەوتن. مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی جەولەی دووەمی گفتوگۆکانی گرتە ئەستۆ. بارزانی گوتی لەپێناو گەلەکەمدا بەسەر دەریایەک خوێنی کەسوکارم بازمدا و تۆقەم لەگەڵ سەدامدا کرد. رەنگە پێش چونی بۆ بەغدا بارزانی خوێنی براکانی و کەسوکارکەی لەبەرچاوبووبێت، بەڵام سیحری بەغدا هەم پرسی نەتەوەکەیی و هەم کەسوکارە قوربانییەکانی لەبیر بارزانی بردەوە. بارزانی لانی کەم لەسێ مەسەلەدا، وەک کەسێکی بێ شکۆ و بێ ئیرادە و تەسلیمبوو لەبەرامبەر سەدام حوسێندا دەرکەوت. یەکەم، لەو سەردەمەدا هاوپەیمانان بەدوای بیانویەکدا دەگەران تا سزای زیاتری سەددام بدەن و مەیلی ئەوەیان هەبوو قەوارەیەکی فراوان و پارێزراو بۆ کورد دابین بکەن. بوونی بارزانی لەبەغدا، ئەو بیانووەی لەدەست هاوپەیمانان نەدەهێشت و هەر رۆژێکی مانەوەی بارزانی لەبەغدا زیانێکی گەورە بوو بۆکورد. بەڵام، ئەو کە بە زۆر نێردرا بۆ بەغدا، بەزۆریش هێنرایەوە بۆ کوردستان و پێچەوانەی یاسا و رێساکانی دانوسان بۆ زیاتر لە سێ مانگ لەبەغدا مایەوە. دووەم، پێچەوانەی چاوەروانییەکانی نێودەوڵەتی، ئەو لەبەغدا رایگەیاند کە کێشەی کورد عێڕاقییە و ئێمە بەهەر نرخێک بێت لەگەڵ سەدامدا رێکدەکەوین، بەمەش کارتی کوردی لەدەست هاوپەیماناندا دەرهێناو کردییەوە پرسێکی ناوخۆیی عێڕاقی. سێیەم، هاوپەیمانان توندرین سزای ئابوورییان خستبووە سەر دەوڵەتی عێڕاق. ئامانجییان لەو گەمارۆیە روخاندنی لەسەرەخۆی سەدام بوو. لەو سەروبەندەدا، سەدام پێویستی بەرێگایەکی قاچاخ هەبوو تا نەوتی لەرێگاوە بفرۆشێت و خەرج و پێداویستییەکانی دامودەزگا سەرکوتکارەکانی دابین بکات. بارزانی ئەو ئارەزووەی سەدامیشی هێنایە دی و لە ١٩٩٢ بەدواوە، سەرەتا رۆژانە ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی قاچاخ لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی پارتیەیەوە رەوانەی تورکیا دەکرا و دواتر ئەو بڕە زیادکرا بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل. ئەم رێکەوتنە نەوتییەی نێوان بارزانی و بەعس هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی کورد، شەڕی نەگریسی ناوخۆ، ٣١ی ئاب و دابەش بوونی هەرێمی کوردستان بوو. ٨) تاڵەبانی لە گۆچانبەدەستەکەی کوردستانەوە بۆنوکتەبازەکەی بەغدا تەلیسمی بەغدا کەسایەتی و شکۆی یەکێکی تر لە سیاسییە هەرە عەملاقەکانی کوردی تێک هاڕی، ئەویش تاڵەبانییە. ئەو لە ٢٠٠٥، لەسەر پشکی کورد بوو بەسەرۆک کۆماری عێڕاق. تاڵەبانی لەسەردەمێکدا بوو بەسەرۆک کۆمار کە کورد لەبەغدا سەنگی هەبوو، شیعەکان پەرتەوازەبوون و سوننەکانیش پەڕوپۆکرابوون. لەو بارودۆخەدا و لە ماوەی نۆ ساڵ سەرۆکایەتیدا، چاوەروانی ئەوەی لێدەکرا کە کێشە سەرەکییەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەوانەش کێشەی ئەرزی یەکلا بکاتەوە. بەڵام بەغدا پرسی کوردی لە ئەولەویەتی سەرەکی تاڵەبانییەوە گٶری بۆ پرسێکی سانەویی و ئەو بەکردەوە چارەسەری کێشەی نێوان شیعە و سوننەی کردە ئەولەوییەتەکانی کاری خۆی. ئەوەی لای ئایەتوڵاکانی شیعە و شێخەکانی سوننە مەحاڵ بوو ئەو کردی بەواقیع. سوننە و سوننەکان، شیعە و شیعەکان، سوننە و شیعەکانی لەسەر خوانی نوکتەکانی کۆدەکردەوە و نەیدەهێشت بۆمبەکە بتەقێتەوە و هەربۆیەش ناویان نابوو سەمامی ئەمان "کلیلی سەلامەت"ی عێڕاق. ئەو نەیهێشت بۆمبەکەی شیعە و سوننە بتەقێتەوە و دواجار شیعەکان ئەو بۆمبەیان بەکوردا تەقاندەوە و نیوەی خاکی کوردستانییان داگیرکردەوە وهەرێمی کوردستانیشیان پەڕوپۆ کردووە. ٩) پەرلەمانتارە کوردەکان نوێنەری کێن؟ ئەگەر چاودێرێکی بێگانەی نائاشنا بە بارودۆخی عێڕاق بۆ یەک رۆژ موتابەعەی کارو چالاکی و گوتاری پەرلەمانتارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بکات، ڕەنگە نەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا ئەو پەرلەمانتارانە نوێنەری کێن؟ بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمانتارانی ئەم خولە بە دوو ئاراستەدا دابەش بوون. لای ئاراستە یان گروپی یەکەم، کە زۆربەیان سەربە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەن، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان جەزیرەی واق واق بێت و ئەو ناهەقییانەی کە لە ساڵی رابردوودا لەلایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە بەرامبەری هەرێم دەکرێت، ئەو خاکەی کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لەرێگای سوپا و میلیشیای حەشدەوە لێی داگیرکرا، هەموو ئەوانە دوور و نزیک پەیوەندی بەوانەوە، واتە بە پەرلەمانەکانەوە، نییە. ئەگەر هەڵوێستی ئەندامەکانی کورد لە تۆماری مەجلیسە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس لەمەڕ پرسی ئەنفال لەگەڵ هەڵوێستی ئەم گروپە لەمەر داگیرکردنی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستادا بەراورد بکرێت، پێم وایە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەو دوو گروپەدا نابینرێت. ئاراستە یان گروپی دووەمیش وا مامەڵە دەکەن کە ئەوان نوێنەری عێڕاق بن نەک خەڵکی کوردستان و ئەرکییان ئەوەیە کە مافەکانی عێڕاق لە هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە، نەک بە پێچەوانەوە، ماف و بەرژەوەندییەکانی عێڕاق لە هەرێمدا بپارێزن نەک بەپێچەوانەوە، ناسنامە و ئینتمای عێڕاقی لە کوردستان بەرز رابگرن نەک بە پێچەوانەوە. بەواتایەکی تر ئەوانە هێندەی وەک چاودێر و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی هەرێم دەردەکەون هێندە وەک چاودێر و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بەغدا دەرناکەون. پەرلەمانتارەکانی ئەم خولە سەر بەهەر کام لەو دوو ئاراستەیەی سەرەوە بن، هەمان دەردیان هەیە، دەردی تەلیسمەکەی بەغدا، ئەو تەلیسمەی کە کەسایەتی و شکۆی سیاستەمەداری کورد تێکدەشکێنێت و تێک دەهاڕێت. ١٠) پەندێک لەمێژوو، تورەکە خۆڵەکەی خانزادی میری سۆران ساڵی ١٥٩٠ میر سڵێمان، میری سۆران، بەیاوەری بەرپرسی هێزەکانی میرنشینەکەی، کە ناوی لەشکری دەبێت دەچیتە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ والی بەغدا. گێڕانەوەیەکی میللی هەیە و دەڵێت پێش سەفەرەکەیان خانزادی خوشکی میرسڵێمان، تورەکەیەک پڕ لە خاک و خۆڵی هەریر دەداتە دەست لەشکری و پێی دەڵێت، کاتێک میر لەگەڵ والی گفتوگۆ دەکات دەبێت لەسەر ئەو تورەکەیە دابنیشێت. لەشکری بەحەپەساوییەوە هۆکارەکەی لێدەپرسێت و خانزاد دەڵێت خاکی بەغدا خاکێکی نەرمە وخاکی هەریریش خاکێکی نێرە. ئەگەر میر لەسەر خاکی بەغدا دابنیشێت تەنازول بۆ والی دەکات، بەڵام ئەگەر لەسەر خاکی هەریر دابنیشێت ئەوا بەسەربەرزی دەگەڕێتەوە بێ ئەوەی هیچ تەنازولێک بۆ والی بکات. لەشکری فەرمانەکەی جێبەجێ دەکات و میر سڵێمانیش هەریریانە بەرگری لە میرنشینەکەی دەکات. بەڵام، هەڵە کوشندەکەی خانزاد لەوەدا بوو کە بیری بۆ ئەوە نەچوو دەبێت تورەکەیەکیش بداتە لەشکری و نەهێڵێت ئەویش لەسەر خاکی بەغدا دابنیشێت. دواجار، لەشکری بەفیتی والی بەغدا خیانەت لە میرەکەی دەکات و میر سڵێمان ژەهر خواردوو دەکات و میر دەمرێت. رەنگە گێڕانەوە میللیەکە باوکسالاری و خورافە بێت، بەڵام روداوێک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ ئەزموونی ٨٥ ساڵەی رابوردووی کورد لەبەغدا دێتەوە. لەوەتەی لەشکرییەکانی ئێمە هەن و گرنگ نییە لە کوردستان چەندە ئازا و دڵسۆزن، بەڵام کە دەچنە بەغدا خیانەت لە دۆزە رەواکەی نەتەوەکەیان دەکەن. بۆ ئەوەی ئەمجارە و پەرلەمانتارانی خولی داهاتوو بەهەمان رێچکەی لەشکرییەکانی ٨٥ ساڵی رابردوودا نەڕٶن، دەبێت تورەکەیەک لەخاکی هەریر بدرێتە یەک بەیەکەیان.
رێبین هەردی ... له دوای ههڵبژاردنه پڕ تهزویرهكهی ئهمجارهوه كه بێ وێنهیه له مێژووی ههڵبژاردنی ههرێم و عێراقدا، ههموان پرسیاری ئهوه ئهكهن چی بكرێت. كهسانێكی زۆر ئهلێین هێزهكانی درهوهی یهكێتی و پارتی كهڵكی هیچیان پێ نهماوه، و هیچیان پێ ناكرێت، له ئیستهقاقی حكومی خۆیان به بڕیاری حیزبێك بێ بهش ئهكرێن و تهماشاكهرن وهیچ ناكهن..تهزویریان لێ ئهكرێت و هیچ گوێی پێ نادهن، بگره له شهوی ههڵبژاردندا كه به تزویر دۆراندویانه چهند چهكدارێك به سهركردایهتی كهسێكی دیار پهلاماری بارهگای سهرهكی گۆران ئهدهن و بهر تهقه و هێرشی ئهدهن و دوای ئهمهش ههر هیچ كاردانهوهیهك نابێت. كێشهی سهرهكی به بڕوای من ئهوه نیه كه یهكێتی و پارتی تهزویریان كردووه و ئهنجامهكانیان بهو شێوه كارهساتاویه داناوه كه لهكهس شاراوه نیه بههیچ شێوهیهك رهنگدانهوه خواستی خهڵكی ئێمه نیه، بهڵكو كێشهی سهرهكی لهوهدایه هێزهكانی دهرهوهی یهكێتی و پارتی به گۆران و كۆمهڵ و هاوپهیمانی و یهكگرتووه بروایان بهم تهزویره كردووه و لهوه ئهچی بهراستی بزانن. ئهم هێزانه گهر بڕوایان بهوه نیه تهزویرهكه راسته..ئهوا پر ئاشكرایه ئهوهی تهزویر كراوه ژمارهی سهر وهرقهكانه، نهك ژمارهكانی واقع،،ئهو ژمارانهی لهناو وهرهق و سێرڤهر و دهزگا سهیرهكه هاتۆته دهرێ، ههرگیز ئهو ژمارهیه نیه كه بهراستی له واقعدا ههیه. گهر هێزهكان بڕوایان بهمه ههبێت ههر ئهوهیان بهسه بۆ ئهوهی بزانن خاوهنی چ هێزێكی گهورهن كه ئهتوانن سهدهێندهی هێزه چهكدارهكانی ئهوان به كاری بێنن نهك بۆ پهلامار و شهر و كوشتار، بهڵكو بۆ بهرگری له دهنگ و ئازادی خۆیان..لهبهرئهوه پێشمهرجی سهرهكی بهرله ههر شتێك ئهوهیه هێزهكانی تهزویریان لێكراوه، بڕوایان به توانا و هێزی خۆیان ههبێت . بهراستی بروایان بهوه بێت كه ئهو دهنگانهی هێناویانه هیچ نیه لهچاو ئهو دهنگانهی بهڕاستی له واقعدا ههیانه..ههر ئهم بڕوایایان ههبوو، ئهوسا ئهبێ بڕوا به دهسهلات وهێزی خۆیان بكهن و هیچ دوو دڵیهك لهمڕووه پیشان نهدهن. هێزهكان ئهبێت به وهرهقه درۆزنهكانی سێرڤهر و جیهازه سهیرهكه بڕوا نهكهن و لهوه دلنیا بن كه له واقعدا شتێكی تر ههیه. لهبهرئهوه خاڵی یهكهم و سهرهتایی ئهوهیه ئهم هێزانه بڕوایان به خۆیان و دهنگهكانیان ههبێت كه بڕوات بهم هێز و دهنگهی خۆت كرد ئهوسا به ئیرادهیهكی ترهوه بڕیار ئهدهیت و هیچ دوو دڵیهك لهوه پیشنا نادهیت كه دان بهم ههڵبژاردنه پڕ تهزویرهدا نهنێیت. كاری راست لای من جگه له بایكۆت و رهدكردنهوهی سهرلهبهری پرۆسهكه هیچ تر نیه. ههر لهرزینێك و سازشێك لهسهر ئهمه ئهو هێزانه بهراستی ئهكات چهند هێزێكی دهستهمۆی بێ خهو و كردار كه لهباشترین حاڵهتدا ههمیشه برابجوكی یهكێتی و پارتی ئهبن و له ههموو ههبژاردنێك چهند كورسیهك ههێنن بۆ ئهوهی شتێكیان بهركهوێت. لهدوای بایكۆتیش كاری راست پێكهێنانی بهرهیهكی بهرفراوانه كه ههموو هێزهكانی دهروهی یهكێتی و پارتی كۆبكاتهوه و به یهك قهوارهی سیاسی بهشداری ههڵبژاردن بكهن..گهر خهلك حهماسهتی بۆ ههڵبژاردن نیه، بهشێكی لهبهرئهوهیه هێزێك نابینێت توانای ههڕهشهكردنی دۆڕانی ههڵبژاردن له دوو هێزهكه بكات. دروستكردنی قهوارهیهكی سیاسی تازه به هاوپیهمانیهتیهكی گهوهرهتر ئهو هێزه دروست ئهكات كه خهلك ئومێدی ئهوهی لێبكات توانای بردنهوهی ههلبژاردنی ههیه. خهڵك كاتێك بهشداری ههلبژاردن ئهكات كه ههستبكات بهراستی هێززی ملمڵانێكهر له گهمهكهدا بهشداره. هێزه سیاسیهكانی دهروهی یهكێتی و پارتی ئهبێت له ئاستی ئهو بهرپرسیارهیه سیاسیهدا بن وهیچ نهبێت له هاوپهیمانی ساێرونهوه ئهوه فێربن كه شتی گهوره به هاوپیهمانی و دهرچوون له قۆزاخهی حیزبی ئهكرێت
عەلی کەریمی .. هاتنی بریت مەکگۆرک وا بە پەلە بۆ لای کورد بە رازی و نارازییەوە لە هەڵبژاردنەکان دیارە بۆ وەیە کورد بە هەردوو باڵی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە رازی بکات بۆ چووونەوە بۆ بەغدا و دیسان پێکهێنانی حکومەتێکی تری بەغدا . ئەم هاتنە بە دڵنییایی تەمەنای تێدایە لە بەرەی کوردی بێ پارتی و یەکێتی واتا هەموو نارازییەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مانگ، واتا پێیان دەڵێ ئەنجامی کۆمیسۆنی هەلبژاردنەکان قەبول کەن و بە بەشی خۆیان رازی بن و رەنگە وەعدی ئەوەش بدا لە دابەشکردنی پۆستەکان قەربوویان بکاتەوە. ئەمریکا نیازی ئەوەیە هەرچی زووتر حکومەتی بەغدا لە ژێر هێژمۆنی تەیاری سەدر کە وا دیارە دژی مانەوەی ئیرانە لە عێراق پێک بێنێت . ئەمریکا بە هەرەشە بێ یان بە تەمەنا کورد بە عام رازی دەکا بچنەوە بۆ بەغدا و بەشداری حکومەتی بەغدا بکەن کە قەرارە لە ژێر دەسەڵاتی سەدر پێک بێت، ئەوەش هەمووی بۆ ئەوەیە پێش مانگی ئاب کە تەحریمەکانی بەشی یەکەم دژی ئێران دەست پێدەکات، عیراق ئامادە کرابێ و دەستی ئیرانیان لە بەغدا کورت کردبێتەوە . لە هەل و مەرجی ئاوادا ئەمڕۆ کورد پێویستی بە دیپلۆماتکار و دانوستکاری بە ئەزموون و ژیر هەیە، حەقە سەرکردەکانی کورد ئەم راستییە بزانن و زۆر هەرزان و گوێرایل نەبن و خۆیان بە ئاسانی بەدەستەوە نەدەن . ئەگەر بۆچوونەکان ئەوەن کە حکومەتێکی دژی ئێران قەرار بێ لە بەغدا شکل بگرێت، جێی گومان نییە دەبێ هەموو کورد پێشوازی لێ بکا لە گەڵ لەبەر چاوگرتن و پێداگریان لە هەموو مافەکانی کورد لە عێراق . لە مانگی ئابەوە هەموو نیشانەکان بۆ ئەوە دەچن حکومەتی ئاخوندی ئێران بخرێتە سەر ئەژنۆ، لە پێشدا بە چەکی ئابووری و کەم کردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەرزی بیانی واتا دولار لە ئێران حکومەت ئیفلج بکەن و دواتر بە هەموو کەرەسەکانی تەحریم و حەسار خستنە سەر حکومەتی ئێران، بزماری کۆتایی لەم تابوتە نگریسەی مەلایان بدەن و هەرەشە 12 خاڵەکەی دۆینێی پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەموو دەلالەت لە وە دەکا عومری کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر هاتوە.
مەریوان وریا قانع .... دەربارەی بایکۆتی سیاسیی لە وەڵامی چەند خوێنەرێکدا یەکەم: ساڵانێکە شتێک بەناوی ”ئیجماعی سیاسیی“ کوردستانییەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە ”سوکایەتیی سیاسیی“ بەردەوام، ”بەڵتەجێتی سیاسیی“ ڕێکخراو، ”توندوتیژیی ھەمەلایەن“ و بەگەڕخراو، ”بەخائین و ناپاککردن“ێکی ھەمەلایەن و بەربڵاو. لەسەرو ھەموو ئەمانەشەوە ”درۆی سیاسیی“ ھەمەشێوە و ”بێشەرمیی سیاسیی“ ساڵ لەدوای ساڵ و کەڵەکەکراو. ھەموو ئەوانەی باس لە ”ئیجماعی سیاسیی“ دەکەن، تا بینەقاقایان نووقمی ناو ئەو ”سەرەنوێلکە سیاسیی“ە گەورەیەن کە ئەو ھەموو سوکایەتیی و ملشکان و بێشەرمیی و درۆزنیی و توندوتیژییە سیاسییەی لە ھەرێمدا بەرھەمدەھێنێت. دووھەم: ساڵانێکە لە ھەرێمدا شتێک نەماوە و نییە ناوی ”مەسەلەی کورد“، یاخود “مەسەلەی کوردستان“ بێت لەناو سیاسەتی دوو پارتە حوکمڕانەکەی ھەرێمدا، ئەوەی ھەیە سەپاندن و فراونکردن و پاراستنی ڕۆژانەی دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە، کە لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان دروستکردوە و ھەموویان بەشی شێریان لەو کێکی دەسەڵاتدارێتیەدا دەوێت کە لەھەرێمدا دروستکراوە. مەسەلەی کورد کورتکراوەتەوە بۆ مەسەلەی ئەو بنەماڵە سیاسییانە و ئەو نوخبە بچوکە موستەفیدەی لەدەوری ئەو بنەماڵانە کۆبونەتەوە . سێھەم، ئەو پەیوەندییە سەرەکییەی ئەم دوو بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانە بە خەڵکی ھەرێمەوە گرێئەدات، فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژیی و بەکارھێنانی میلیشیا و سەپاندنی بەزۆری خواستە سیاسییەکانیانە، بە پەنابەردن بۆ تەزویر و بۆ ھەموو ئەو فۆرمانەی تری زەبری سیاسیی کە لەبەردەستیاندایە. چوارھەم، لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، کە گەمژەییەکی سیاسیی کەم وێنە دروست و ئاراستەی کرد، پێگەی کورد و پێگەی ھەرێم لە بەغدا تووشی داتەپینێکی ستراتیژیی بووە، بەجۆرێک گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی پێش ڕیفراندۆم مەحاڵە و بەھەمان ئەندازەی گۆڕینی عێراق بۆ ”دراوسێیەکی باش“ خورافیە. ڕیفراندۆم کوردستانی بە کردەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی حوکمەزاتییەکی بەعس و بەدەیان شێوە لەبەردەم بەغدادا بە چۆکیداھێناوە. پێنجەم: ھەرکەسێک چاوەڕوانی ئەوە بێت پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەم ھاوکێشە دۆڕاو و وێرانە و ئەم کەوتنە ستراتیژییە ڕاستبکەنەوە، فێڵ لە خۆی و لە ھەموو دونیا دەکات. دۆخی کورد لە بەغدا بەجۆرێک وێرانە چاککردنەوەی لەلایەن ئەم حوکمڕانانەی ئەمڕۆکەی ھەرێمەوە کارێکی مەحاڵە. ئەمە جگە لەوەی لە کارنامە و خواستی ئەمانەدا نییە ئەو پێگە وێرانە چاکبکەنەوە، دەنا ھەنگاوی چاککردنەوەکەیان پێشتر لەناو کوردستان خۆیدا دەستپێدەکرد. شەشەم، ھەموو ئەمانە وادەکات کەوتنە دوای پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا و بەشداربوون لە پەرلەمانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادەی فراوانیی تەزویر و ساختەکارییەکانی زیاتر دەردەکەوێت، تاوانێکی سیاسییە. بەغدا بۆ ئەوان جێبھێڵن شکستەکانی خۆیانی تیا تۆختربکەنەوە، وا باشترە کەس نەبێتە شەریکی ئەو وێرانەسازییە گەورەیەی دروستیانکردوە.