■ عه‌لی حه‌مه ساڵح... یه‌کێتی و پارتی به پیلان و به‌رنامه، کار بۆ دروستکردنی کێشه‌و زه‌قکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی گۆڕان ده‌که‌ن، چه‌ند ئامانجێکیان هه‌یه. -له‌بیربردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی موچه‌و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری و داهاتی نه‌وت. -لاوازکردنی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ئێمه گرفتمان هه‌یه له گۆڕان ئاساییه‌و چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین، نه‌مانتوانیوه شوێنی کاک نەوشیران پڕبکه‌ینه‌وه ڕاسته‌و هه‌وڵده‌ده‌ین، به‌ڵام نه خیانه‌تمان کردووه‌و نه له‌دزی تێوه‌گلاوین و نه ته‌سلیمبووین، ئه‌دامان وه‌ک پێویست نیه، ئه‌مه ڕاسته‌و ده‌بێت پێداچونه‌وه بکه‌ین... کێ پرسیاری له‌سه‌ر دارای گۆڕان هه‌یه، سه‌ردانی ژوری کارگێڕی و دارایی بکات، من خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی هاوکاریم بۆ گۆڕان کۆکردووه‌ته‌وه‌و ئاگاداری داهات و خه‌رجی گۆڕانم و هه‌رگیز ڕێگا بە کەسێکی دیکه نادەین خراپ به‌کاری بهێنێت.. تۆش که هه‌ڵسوڕاوی گۆڕانی مافی خۆته ورده‌کاری بزانیت و لێره‌شه‌وه داواده‌که‌م ژوری کارگێڕی و دارایی ڕاپۆرتی مانگانه بخاته به‌رده‌ست هه‌ڵسوڕاوان و ڕای گشتی. کۆمپانیای وشه، کاک نه‌وشیروان پێش گۆڕان دروستیکرد، مۆڵه‌تی کارگه‌یه‌کی چیمه‌نتۆی ورگرت پاشان له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رێک به ١٥٪ بووبه هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دارایی ته‌له‌فزیۆنه‌که دابین بکات، ئێستا‌و ئاینده‌ش گرده‌که‌و که‌ناڵه‌که ١٠٠٪ له خزمه‌ت گۆڕان ده‌بن، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه هه‌مان سیاسه‌تی ٢٠٠٩یه، نه‌مه‌ترێکی گرده‌که فرۆشراوه نه بۆ کارێکی دیکه به‌کارهاتووه... گۆڕان نه‌ک داهاتی نیه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، به‌ڵکو ده‌بێت مانگانه سواڵ و قه‌رز بکرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زاگاکانی ڕاگه‌یاندن و حیزب.. بڕیاری گۆڕانیش هه‌ر له جڤاته‌وه ده‌درێت. بۆنمونه، یه‌ک لیستی و ڕیفراندۆم ...هتد، کێ ده‌توانێت بڕیارێکی سیاسی گۆڕان بڵێت له ده‌ره‌وه‌ی جڤات درابێت. گۆڕان پێویستی به پێداچونه‌وه‌و خۆڕێکخستنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری هاوڵاتیان و ده‌نگده‌رانه، پێویستی به‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی له‌کاتی خۆیدا بکرێت و به‌رده‌وام نوێبوونه‌وه له پێکهاته‌ی جڤات و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندندا بکرێت. له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیه، ١٠٠٪ په‌یوه‌ندیه‌کان بچڕێندراوه، پێشنیار ده‌که‌م به‌فه‌رمی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی که ئێستا سڕ کراوه به فه‌رمی هه‌ڵوه‌شێته‌وه. هه‌موو هه‌وڵێک بۆ بچوککردنه‌وه‌ی گۆڕان له ئێستادا خزمه‌ته به پارتی و یه‌کێتی، تاریککردنی ئه‌م وڵاته‌یه بۆیه تکایه هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ئاگاداربن.
■ چیا عەباس .. مێژویەکی یەکڕیزی کورد لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی هەڵساندنەوەی دوای شکستی ١٩٧٥ دەیزانی شەڕ بۆچی دەکات و لەگەڵ کێ دەیکات. کاتێک شەڕی نێوان شۆرش و رژێمی بەغدا لە ١٩٧٥ دەستی پێکردەوە دەیان هەزار کورد لە هەمو چین و توێژەکانەوە و هەزاران خوێندکاری پلە جیاکان رویان لە ناوچە ئازادکراوەکان کرد، هەزاران کارمەند و کادری حزبی و ئیداری لە دەزگا حیزبی و ئیداریە جیاکانی شۆرشدا کاریان دەکرد و دەیان هەزار پێشمەرگە و هێزی یەدەک لە بەرەکانی جەنگدا بون. ئەم بەشداریە میللیە لە مێژوی سەدەی رابوردوی کوردایەتی لە باشور بەهێزترین شێوازی یەکریزی و یەکگرتویی بو. خوالێخۆشبو مەلا مستەفا کە رابەری شۆڕشی ئەیلول بو دەیگوت: گرنگ نیە چ بیر و بۆچونێکت هەبێت، گرنگە کوڕی میللەتەکەت بمێنێتەوە. لە شۆرشی هەڵساندنەوەی دوای شکست هەزاران گەنجی شارەکان و گوندەکان لە سەختترین دۆخدا شەڕی مان و نەمانیان دژ بە رژێمەکەی بەغدا دەکرد. وێڕای مەترسی زۆر گەورە لەسەر ژیان و ماڵیان پشتگیری و پشتیوانی بێئەندازەی خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بۆ ئەو خەباتە نیشانەیەکی زیندوی تر بون بۆ یەکڕیزی و ئیرادەی یەکگرتوی میللەت. یەکێتی کە سەر قافڵەی ئەو شۆڕشە بو باوەڕی بە فرە رەنگ و بۆچون بو، بۆ خۆشی چەترێکی گەورە بو بۆ کۆکردنەوە و یەکڕیزی. وەسفکردنی ئەم یەکگرتویی و یەکڕیزیە زادەی خەیاڵ نیە، هەر کەسێک بە هۆشیاری و ویژدانەوە ئاگای لەو سەردەمانە بوە ئەم راستیانە دەسەلمێنێت. وێڕای ستەمکاری توند و بەرفراوانی رژێمە جیاکانی بەغدا بەرامبەر بە کورد، بەڵام کورد توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت، لە سەر خاکی خۆی بمێنێتەوە، هەڵسێتەوە، بەرەنگاری بەغدا بێتەوە، پێداگری لە مافەکانی بکات و توانیشی پشتگیری بەشێکی دنیای دەرەوە بۆ پرسەکەی بەدەست بهێنێت. ئەمانە لە سەردەمێکدا رویانداوە جیهان لە سایەی یاسا‌و رێسا و کۆدەکانی شەڕی ساردا گوزەری دەکرد، سەردەمێک بەزاندنی سنورەکانی ئەو شەرە زۆر ئەستەم بو، بە تایبەت بۆ کوردی دابەشکراو و بێ دەوڵەت و گەمارۆدراو. لەو سەردەمانەدا هیچ سەرکردە و هێزێکی کوردی بیریان لەوە نەدەکردەوە سازش لە سەر یەک سانتیمەتر خاکی کوردستان بکەن، بۆیە خاک پێش ماف کرۆکی بزافی کوردایەتی بو. مەلا مستەفا دەیگوت ئەگەر واز لە یەک پارچەی بچوکی کوردستان بێنم دەبێت سەری خۆم هەڵگرم، مام جەلال لە سەردەمی ململانێی لەگەڵ مەلا مستەفا لە ناوچەی قەرەداغ زۆر بە توندی بەگژ ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای عێراقدا دەوەستێت کاتێک مشتێکی خۆڵی قەرەداغ بە "ارض العروبة" ناو دەبات. لەو قۆناغانەدا خەباتی کورد بۆ خاک و ناسنامە و ماف بو. کەم نین ئەوانەی لە پێناو ئەو ئامانجانەدا ژیان و گیان و ماڵیان بەخشیە نەتەوەکەیان. کاک نەوشیروان لە سەر راپەرین دەڵێت یەکڕیزی و یەکگرتویی کورد و مانەوەی لە سەر خاکی خۆی لە زەمینە بەهێزە بنەڕەتیەکانی راپەرین بون، بۆیە ئەو سەرکەوتنە مەزنەش بە دەستهێنرا. هەڵوەرینی یەکڕیزی کاتێک دوای راپەرین هێزە کوردییەکان چێژی پارە و گەرمی دەسەڵاتیان کرد، ئەمەریکاش هانی دەدان و پارەی بە سەریاندا دەبەخشیەوە، ئیتر هەڵوەرینی یەکڕیزی کورد دەستی پێ‌کرد. بۆ چەند تورەکەیەکی دۆلاری گومرگەکان دو هێزی کوردایەتی کەوتنە گیانی یەکتر، شەڕێکیان بەرپا کرد کە بێجگە لە ماڵوێرانی و تێکشکاندنی یەکڕیزی و دابەشکردنی خاک و حوکمڕانی هیچیان لی دروێنە نەکرد. شەڕەکە بە زەبری ئەمەریکا راگیرا، تارمایی و سەرابی یەکڕیزیەکی زۆر لەرزۆک لە رێککەوتنی واشنتۆن بۆ راگرتنی شەڕەکە هاواریان دەکرد. دوای رێککەوتنی ستراتیژی ئیتر شتێک بەناوی یەکڕیزی رەسەن نەما، ئەو یەکڕیزیەی ئیدیعایان دەکرد وەهمێکی ئیبداعی خۆیان بو، هەر دولا بە توندی دەستیان پێوە گرتبو تا لە دابەشکردنی غەنیمەی عێراق و کوردستان، تایبەت دوای روخاندنی سەدام، پشکی شێریان بەرکەوێت، ئەمە کرۆکی ئەو سەردەمەی بە ناو یەکریزی بو. دەسەڵات دروستبونی گۆڕانی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر یەکڕیزی دەبینی، ئەوان بۆ خۆیان راست بون، چونکە پێناسەیان بۆ یەکڕیزی لە دیدگای خۆیانەوە داڕشتبو. کاتێک دەستیان بە سزادانی سیاسی، نانبڕین، دەرکردن، گرتن، کوشتن، تۆقاندنی گۆڕانخوازان کرد مەبەستیان بو یەکڕیزی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان بپارێزن. ئەوان خۆیان غافڵ دەکرد لەوەی جیاوازی و ململانێی تەندروست کۆڵەکەیەکی گەورەی یەکڕیزیە، بەو جۆرە کار و رەفتارانە دژ بە گۆڕان کفنێکی تریان بە بەری یەکڕیزیدا کرد. گۆڕان بەردەوام رایدەگەیاند: لە کوردستان چی خوا پێی ناخۆشە پێمان دەکەن و لە بەغداش داوای یەکڕیزیمان لێدەکەن، لە گەڵ ئەوەشدا لە چەند پرسێکی گرنگدا یەکڕیزیەکی کاتی لە بەغدا بەرامبەر چەند پرسێکی گرنگ پێڕەو دەکرا. دورخستنەوەی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان سەلماندیان بانگەشەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ یەکڕیزی لە ئیدیعایەکی بێ بنەما زیاتر نەبوە. دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق، دەسەڵات و چەند هێزێکی تر دەستیان بە چڕینەوەی قەوانی یەکڕیزی کردوەتەوە. سەیرە، بەشێک لەو هێزانە لە هەڵبژاردنێک بۆ عێراق، نەک بۆ کوردستان، ساختە لە هاو هێزە کوردیەکانیان بکەن، دواتر بێن داوایان لێ بکەن لە ساختە و تاڵانیەکە چاو بپۆشن و بەرامبەر بەغدا یەکڕیز بن، ئەمە لە تراجیدیایەکی کۆمیدی ئاسا زیاتر نیە. هەمو دەزانین کورد لە باشور لە ئێستادا لە گێژاوی قەیرانی سەختی سیاسی و ئابوری و ئیقلیمیدا دەگوزەرێت، تەنها یەک بژاردەی لە بەردەمدایە بۆ راگرتنی دۆخی هەرێم و رێگری لەوەی بەرەو خراپتر بروات، ئەویش حزوریەتی لە بەغدا. بۆیە یەکڕیزی کورد لە بەغدا کۆڵەکەی بنەڕەتیە بۆ چەسپاندنی کاریگەری ئەو حزورەی، بەڵام چ جۆرە یەکڕیزیەک و بنەماکانی ئەو یەکڕیزیە چین؟ وەک باسم لێکرد نیو سەدە لەمەوپێش کورد بۆ خاک و ناسنامە و ماف یەکڕیز بو، ئێستا دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لە راپەرین و ١٥ ساڵیش دوای روخاندنی سەدام با بزانین پرسەکانی خاک و ناسنامە و ماف بە کوێ گەیشتون؟ چونکە دیدگای هاوبەش بۆ ئەو جومگانە یەکڕیزی کورد بەرقەرار و بەرجەستە دەکەن، مەحاڵە کاتێک هەر یەکێک بۆ ئەو جومگانە لە ئاوازێک بخوێنێت یەکریزیش ببێتە واقیع. گەرانەوە بۆ دەستوری عێراق و شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵات و هێزەکانی کورد پێوەری بنەرەتین بۆ هەڵسەنگاندنی رۆڵی لایەنی کورد لەو سێ پرسە گرنگەدا. خاك کاک نەوشیروان لە سەر پرسی خاك نوسیویەتی: "له پێش روخانی به‌عس دا، كورد به‌هێزترین یاریكه‌ری سیاسی مه‌یدانه‌كه بو... له دوای روخانی به‌عس، كورد له عێراق دا، له پاش چه‌ندین ساڵ خه‌بات و چاوه‌ڕوانی هه‌لێكی مێژویی بۆ هه‌ڵكه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له خواسته سه‌ره‌كییه‌كانی، به تایبه‌تی دیاریكردنی سنوری كوردستان، بچه‌سپێنێ. ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆی دا بیقۆستایه‌ته‌وه له‌وانه بو ده‌سكه‌وتی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری پێشمه‌رگه‌یی گه‌وره‌ی به‌ده‌س بهێنایه و، بیتوانیایه هه‌ندێ له كێشه كۆنه‌كانی به‌لادا بخستایه له‌وانه كێشه‌ی سنوری كوردستان، كه ماكی دێرینه‌ی زۆر به كێشه‌كانی تری بوه. سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌هۆی ململانێ ی حیزبیی ناوخۆیانه‌وه، بۆ رازی كردنی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌م هه‌له‌ی له ده‌س دا ".(کۆتایی نوسینەکە) دەسەڵاتی کوردی رازی بو خاکەکەی بخاتە ژێر رەحمەتی چەند رێککەوتن و یاسای کاتی و راپرسیەوە، هیچ کام لەوانە راشکاوانە باسیان لە سنوری کوردستان نەکردوە، بە هەڵسپێردراوی و لە تەم و لێڵیدا پرسی خاك پشتگوێخرا. ئەم واقیعە زەمینەخۆشکەر بو تا لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هەمان پشتگوێخستنی خاک بە شێوەیەکی تر فۆرمێلە بکرێت، کرۆکەکەی لە مادەی ١٤٠ و چەند بڕگەیەکی تری دەستورەکەدا کۆکراوەتەوە. ١٣ ساڵ بەسەر تێپەڕاندنی دەستوردا تێپەڕیوە، نەک بەشێک لەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە بەڵکو پێچەوانەکەی بۆتە ئەمری واقیع. ئەوانە کێ بون هاریکاری و کارئاسانیان بۆ بەغدا کرد تا زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان داگیر بکاتەوە؟ ئەوانە کێ بون پاش سەدان پێشمەرگەی شەهید و هەزاران بریندار و ماڵوێرانیەکی گەورە لە بەرەنگاربونەوەی داعش و بەرگری لە خاکی کوردستان زۆربەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانیان بە " جرة قلم" ێک بەخشیەوە بە دەسەڵاتی بەغدا؟ ئیتر پێمان ناڵێن چۆن بێینە ژێر باری ئەو یەکڕیزیەی داوای دەکەن؟ ساڵانێکە بەردەوام هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بە ئارەزوی خۆیان لە خاکی کوردستاندا دێن، دەرۆن، دەمێننەوە، بوردومانی دەکەن، پەلاماری هاوڵاتیان دەدەن، دەیانکوژن، ماڵ و ژیانیان وێران دەکەن، سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی زێدی با‌و و باپیرانمان دەکەن و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانیمان بێ بەها دەکەن، کەچی دەسەڵاتی کوردی جارجار نوزەیەکی لێوە دێت، هاوکاتیش داوای یەکڕیزی دەکەن. خەڵکی باش لە ئاڵۆزی پرسی کوردایەتی لە ناوچەکە تێدەگات، هاوکاتیش ئاست و توانای هێزی خۆمان بەباشی هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام ئەمە ئاوە ناگەیەنێت بێدەنگ بین، بۆچی پێمان ناڵێن لە چیدا لە گەڵتانا یەکریز بین؟ لە بێدەنگیدا یاخود لە رەتکردنەوەی ئەم داگیرکردن و تەعەدایانەدا؟ پرسی خاک پێشئەوەی سیاسی بێت هەستی ئینتیمایە بۆ نیشتمان، کاتێک ئەو هەستە شڵەقا و کاڵبوەوە هەر سیاسەتێک بۆی بگریتەبەر کورت دەهێنێت. فەلەستینیەکان ئارەزومەندانە بۆ دەیان ساڵ لە کامپەکانی ئیغاسە لە رەوشێکی زۆر خراپ‌دا مانەوە، چونکە ئینتیمایان بۆ خاک وای لێکردبون لە هیچ شوێنێک خانویەک دروست نەکەن تا جێگیر نەبن. ئێستا کە لە سەر بەشێکی خاکەکەیان دەژین بە هۆکاری هەست و تێڕامانی جیایان بۆ پرسی خاک و ئایندەی هەر چیەک بکەن هەر لەو دو دڵی و نائارامیەدا دەمێننەوە کە تێی کەوتون. ناسنامە جاران لە دەستورە کاتییەکانی عێراقدا دەنوسرا: عێراق بەشێکە لە جیهانی عەرەبی، کورد و عەرەب شەریکن لە نیشتماندا... تا کاتی دەستوری هەمیشەیی عێراق هیچ کام لە حکومەتەکانی بەغدا مامەڵەی کوردیان وەک شەریک نەکردوە، بەڵکو وەک چەتە (قطاع الطرق) و دوژمن و بەکرێگیراوی بێگانە و ... تاد. لە مێژەوەش بەغدا کاری جدی بۆ تەعریبکردنی کودستان و گۆرینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی چەند ناوچەیەکی کوردستان کردوە. با سەیرێکی دەستوری هەمیشەیی عێراق بکەین بزانین چی دەڵێت. پێشەکی زۆربەی دەقی دەستورەکە جەخت لە ناسنامەی ئیسلامی عێراق دەکات و ئیسلام بە سەرچاوەیەکی بنەرەتی بۆ یاسا دانان پێناسە کردوە. لە بەشێکی تری دەستوردا هاتوە کە عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و ئەندامێکی دامەزرێنەر و چالاکی کۆمکاری عەرەبیە و پابەندە بە میساقەکەی و بەشێکە لە دنیای ئیسلامی. هەر کەسێک خەمی ئاشنابونی بە میساقی کۆمکاری عەرەبی هەبێت دەتوانێت بە وردی سەیری پرۆتۆکۆلی ئەسکندەریەی ساڵی ١٩٤٤ بکات کە کرۆکی میساقەکەیە تا بزانێت چی تێدایە. هاوکات لە ١٨ تا ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٠٣ شاندێکی باڵای کۆمکاری عەرەبی سەردانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کرد، شاندەکە راپۆرتێکی بۆ کۆمکار بەرزکردەوە، ناوەرۆکی راپۆرتەکە هەمان نەفەسی شۆڤینیزمی عەرەبی بەرامبەر بە پرسی کوردی لە خۆ گرتوە. لە پێناسەکردنی عێراقدا ئەوەندە جەخت لە ناسنامەی ئیسلامی و عەرەبی عێراق کراوە لە دور یا نزیک باسی کوردی وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد نەکردوە، دەستور زۆربەی تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەتەوەییەکانی کوردی لە چوارچێوەی هاوڵاتی عێراقی و ئیسلامدا پێناسە کردوە. هێزە کوردیەکان لەم کاڵکردنەوەی ناسنامەی کورد بێدەنگ بون. ئێستا لە پێگەیەکی لاوازەوە پەرۆشی خۆیان بۆ دەستور دەردەبرن، لە کاتێکدا ناسنەمەی نەتەوەییان لە دەستور و لە ئەرزی واقیعدا ( کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان) وەک چێشتی مجەوری لێکراوە ناتوانن لە سایەی ئەو زەمینە لەرزۆکەدا یەکریزیەکی کاریگەر بەرامبەر بە عێراقی عەرەبی بەدیبهێنن. کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر سەلماندی ناسنامەی نەتەوەیی و خاک کرانە خۆراکی سیاسی، ئاکامە لۆژیکەکەشی ئەوەیە ماف بۆ خۆی کاڵدەبێتەوە. ماف مافەکانی کورد پرسێکی رەوای ئەزەلیە، نە یەزدان و نە قورئان و نە دەستور و نە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیانسرنەوە، ئەوەی دەتوانن لە پێشێلکردن و رێگری لێیان یاخود دانپینان و کارئاسانی بۆیان زیاتر نین. با بێین بزانین مافەکانی کورد لە کوردستان و لە عێراق بە کوێ گەیشتون؟ سەرەتای شۆرشی ئەیلول کورد داوای قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەتوان و ئازادکردنی دەستگیراوەکان و گەڕانەوەی کارمەندانی کورد بۆ سەر کارەکانیانی دەکرد (گەڕانەوە بۆ پێش روداوەکان)، لە گەڵ بەهێزبونی شۆرش و یەکریزی هێدی هێدی سەقفی داواکاری کورد بۆ لامەرکەزیەت و دواتر بۆ ئۆتۆنۆمی و ئۆتۆنۆمی راستەقینە بەرز دەبوەوە، دوای راپەرین کورد فیدراڵیەتی وەک قۆناغێک لە بەکارهێنانی مافی خۆچارەنوس کردە بنەمای سەرەکی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ بەغدا. لە دەستوری هەمیشەییدا فیدراڵیەت بۆ سیستەمی حوکمرانی عێراق چەسپێنراوە، وێرای دڵگرانی و نارەزایی چەند لایەنێکی عێراقی کورد ئەو سیستەمەی لە چوار پارێزگا و چەند ئیدارەیەکی کوردستان چەسپاندوە. ئەم فیدراڵیەتەی کورد لە دیدگای دەسەڵاتدارانی عێراقدا جۆرێکە لە ویلایەتەکانی سەردەمەکانی فەرمانرەوایی ئیسلام لە ناوچەکە، فیدرالیەتێکی ئیداری کە دەبێت لە دوا مەتافدا گوێرایەڵی کۆشکی ئەمیر و سوڵتان بێت. ئەم راستیە لە پەرچەکردارەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرکەوت، کاتێک بەغدا هێزی میلیشیای بەکارهێنا بۆ داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان، گەر بۆشی بلوایە زۆر زیاتر دەرۆیشت، زەنگێکی مەترسیدار بیسترا کە ئەوە وێستگەی هەستیاری گرنگ بو کە بەغدا بە جدی کار بۆ ئیفلیجکردنی فیدرالیەت دەکات بەمەبەستی تەواو هەڵوەشاندنەوەی، بەغدا تا ئەم چرکەیەش بەردەوامە لەو جۆرە کارانەی. دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر ئەم واقیعە دەستە و وەسان وەستاوە. پاش سەرنەکەوتنی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزی ئەوەی تیا نەماوە فشاری کاریگەر بخاتە سەر بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا پەرۆشە بۆ گەڕانەوەیەکی گەرم بۆ بەغدا، نێوان ئەم لاوازی و پەرۆشیە داوای یەکڕیزی دەکات. لەم دۆخەدا خەڵکی تێدەگەن داواکەی دروستە، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە بنەماکانی یەکریزی و ئاراستەکانی چین، چونکە بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات پێشتر لەو بوارەدا دەستیان داغان کراون. راستیەک و یەکڕیزی کورد بە گشتی خۆی غافڵ کردوە لە راستیەک، ئەویش کە مەحاڵە هێزێکی ئیسلامی سیاسی، بە هەمو مەزهەبەکانیەوە، رێگە بدات لە ناو جەرگەی دەسەڵات و دەروبەریدا کیانێک یا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بێت و ببێتە مەترسی لە سەری. ئەزمونی ریفراندۆم زیندوترین نمونەیە، رەوشی کورد لە رۆژهەڵات و باکور لە گەڵ دو مەزهەبە گەورەکەی ئیسلام هەمان پەیاممان پێدەڵێت. ئەگەر رژێمە عەلەویەکەی ئەسەدیش بەهێزتر بێتەوە هەمان مەترسی چاوەروانی ئەزمونی رۆژئاواش دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ئەزمونە بە چەمکی بنەرەتی هاوڵاتیبون داڕێژراوە و پرسی نەتەوەیی بە تەنها بناغەی پێکهاتەکانی نیە. راستە کورد ناچار کراوە لە گەڵ ئەم واقیعەدا مامەڵە بکاتک، کەوتۆتە سەر خۆمان چۆن لە سەر بنەماکانی ئەو مامەڵەکردنە رێککەوین، یەکریز و یەکگرتو بین. ئێستا دەسەڵاتدارانی دو حزبی حاکمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی هەستیاریان هەیە داوای یەکڕیزی دەکەن. عەرەب دەڵێت: "فاقد الشیء لا یعطیە" ، دو هێزی دەسەڵاتدار لە گەڵ یەکتر ناتەبان، ناکۆکن لە سەر تێڕامانی بنەرەتیان بۆ پرسی کوردایەتی و حوکمڕانی. ئەگەرچی ناو بە ناو خاڵی هاوبەش دەکەنە جومگەکانی دەسەڵاتی هاوبەشیان، بەڵام هیچکات نەیان توانیوە ئەو خاڵانە بکەنە نمونە و پێوەرێک بۆ یەکریزی نەتەوەیی، لەو روەوە دەیان ئەزمونی تاڵ و سەخت لە بیرەوەریدان، تایبەت ئەو حوکمرانیە بچوکە دابراوەی ئێستا لە هەرێم و ئەو فەرمانرەواییە سەربەخۆیەی هەر یەك لە زۆنی خۆی بەرێی دەکەن. هەرچی یەکێتیشە کاتێک توانی یەکریزی ناو ماڵەکەی خۆی بپارێزێت، توانی گوتاری سیاسی خۆی یەک بخات، توانی لە ناوچەی دەسەڵاتیدا هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئەمنی بەرجەستە بکات، ئەو ساتە بانگەشەی بۆ یەکریزی دەبێتە جێی متمانە. چارە ئەم وەهمی یەکڕیزییە پێویستی بە چارەیە، بە پێچەوانەوە وەک سوڕانەوە لە بازنەیەکی داخراوی بێ بەهادا دەمێنێتەوە. چارەی بنەڕەتی ملکەچ کردنە بۆ ئیرادەی میللەت، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونەکان دەست پێدەکات و دەبێت دوا وێستگەی سازدانی کارنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی چر و پر بێت، کارنامەیەک بە وردی خاڵ لە سەر وشەکان دابنێت، کارنامەیەک زەماناتی جێبەجێکردنی مسۆگەر بکرێن، کارنامەیەک کۆکەرەوەی خاڵە گرنگ و ئەرێنەکانی هێزەکانی کوردستان بێت، دور لە فروفێڵ و پاشقولگرتن و ساختەکاری سیاسی و ........ تاد. کاتێک ئەمە کرا یەکڕیزی کورد دەبێتە ئەمری واقیع، ئەوسا هیچ پێویست بە بانگەشە بۆی و هەڵدان بە شان و شەوکەتیدا ناکات، چونکە دەبێت یەکڕیزی زادەی قەناعەت و دیدگا و خەم و خەونی هاوبەش بێت، ئەگینا تەنها بە قسە و داواکاری وەک وەهم و سەرابێک دەمێنێتەوە.
■ ستران عەبدوڵڵا .. پێكهاتەی شیعە لەڕێی سێ جۆر نوێنەرایەتییەوە خۆی دەردەخات كە هێندە گوزارشت لە فراوانبوونی پەراوێزی بەردەمیان دەكات، هێندە ئاماژەی تەنگژەو پەرتەوازەیی نییە. تەجرەبەی وێستگەكانی دیكەی حكومەتەكانی تر، لەدوای رووخانی سەدامەوە، دەریدەخات پەرتەوازەیی شیعە لە پشكی حكومڕانییان كەمناكاتەوە، بەڵكو وەك لابۆری تاقیگەكان چۆن ئاوی تێبكرێت ناڕژێ، لە یەك ئاستی دابەشبووندا دەگیرسێتەوە. دوو ململانێكاری ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی، ئێران‌و ئەمریكا، كە لە گۆڕەپانی عیراقدا نفوزدارن، دەكەونە ململانێیەكی واوە كە شیعەی زۆرینە وەبەرهێنانی تێدا بكات، كامیان زیاتر پێكهاتەی شیعە رازی بكات تا پردی پارێزگاری بژاردە سیاسییەكانی ئاوەدان بكاتەوە. ئەمجارەش پەرتەوازەیی شیعەكان هەر وای لێ دەكەوێتەوە كە دەستكەوتەكانیان پارێزراو دەبێ‌و پریشكی ناكۆكییەكانیان بەسەر كورد‌و سوننەدا قڵپ دەبێتەوە. دابەشبوونی ئەمجارەی شیعە بەسەر سێ ناوی جواندایە، كە لە ناوەرۆكدا هەمان هەژموونی ئەوان دووپات دەكاتەوە: فەتح و سائیرون و نەسر. واتا: (حوكمڕان‌و ئۆپۆزسیۆن‌و هێزی سەربازی). -سائیرون شیعەی ناوەوەیە كە سەدر سەرۆكایەتییان دەكات، لەگەڵ رەوتی شەقام‌و ناڕەزایی تێكەڵبوون‌و لەهەڵبژاردندا یەكەمییان هێناوەتەوە. -شیعەی حوكمدار، كە دووجار بەناوی دەوڵەتی قانوونەوە حزبی دەعوەی لە حوكم جێگیركرد، ئەمجارە نەسری داوە بە عەبادی‌و قانوونی بۆ مالكی بەجێهێشتووە. عەبادی بە قەرەباڵغی سەركەوتنی رەسمی بەسەر داعشدا گەلەكۆمەكێیەكی بۆ خۆی دابینكرد، هەرچەندە یەكەمی نەهێناوە، بەڵام سەنگی لە قبوڵی نێودەوڵەتی گەورەیە. -شیعەی عەسكەری كە فەتح نوێنەرایەتییان دەكات. ئەمانە نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبـی و باڵی سەربازیی شیعە دەكەن، كە خوێنیان بۆ بەرەنگاری داعش خەرج كردووەو خۆیان وا دەردەخەن عیراقیان لە دابەشبوون پاراستووە. بەم جۆرە شیعەی ناوەوە (كە بەدەستەواژەی نەدیم جابری شیعەی ئەنسارن) هێڵێكن بەرامبەر شیعەی دەرەوە (موهاجرین)، (كە ئەمانە لە مەنفای بەرەنگاری بەعس بوون‌و لە ژێر چەتری ئەنجومەنی باڵادا بەدر و دەعوەیان پێدەگوتن). ئێستاش دوو گروپن (نەسر و سەدر). دەوڵەتی قانوونی مالكیش یەدەكە بۆ هەر لێقەومانێك. ڕاستە هێشتا ساغنەبۆتەوە ئەم سیانە چۆن هاوپەیمانێتی دەكەن‌و كێ سەركاریان دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەمریكا عەبادی دەوێ و ئێرانیش بێ پێداچوونەوەو رێكخستنەوە سەدری ناوێت. فەتحەكەی هادی عامریش لەسەر زەوی هێزی هەیەو حیسابی موستەحەقی خۆی لە پشكێكی سەنگینی ئەمنی‌و سەربازیی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە. رەنگە وابێ عەبادی سەرۆك بێت‌و سەدر باوكی رۆحانی‌و عامریش دەستی پۆڵاینی تەمبێكردن بێت بۆ هەر هێزێك دژی پشكەكانی ماڵی شیعە بێت. بۆ ئەوەی كورد‌و سوننەش نەبنە كارەكتەری ئۆپۆزسیۆن دەكرێ وا بكەن لقی چوارەمی پێكهاتەی شیعە (دەوڵەتی قانوون-ەكەی مالكی) لە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆندا كارا‌و كاریگەر بێت. كێ ئەم مەتەڵە هەڵدێنێ؟ ئەوە سوننەیە لەدوای كەوتنی سەدام هەر بچووك دەكرێتەوە، لێ دەروجیرانی عەرەبی عروبی‌و سوننەی عوسمانلی دەیانهێننەوە كایە، بەو حاڵەشەوە ئەمجارەش لاوازكراونەتەوە، بۆیە تازە مەگەر لەچوارچێوەی كەینوبەینی ئیقلیمی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكەدا رۆڵیان بۆ مسۆگەر بكرێتەوە، كە بەشی عیراقیشی تێدابێت، دەنا لە ناوخۆی عیراق ژێرخانی هێزیان تەفروتوناكراوەو بەتەنیا وەك سوننی عیراقی نابنە هەقداری بەهێز. ئەم باسە بۆ خەفەتخواردن لە سوننە نییە، كە هەشتا ساڵ خەفەتیان دایە كوردی بەلەنگاز، بەڵكو بۆ تەجرەبەو عیبرەتە، ئەگەر گەرەكمانە شتێك فێربین. دوو ساڵی چووە كوردستان بە كۆمەڵێك زام و برینەوە هەوڵی هەڵسانەوە دەدات، بیرۆكە زۆرە بۆ ئەوەی گەڵاڵەنامەی هەبێت داخۆ چی بكات؟ بەس وەختی ئەوە نییە بیرۆكە بە تەجرەبەی هەڵەو ڕاست بسپێرین، بیرۆكەی سەددەرسەت ڕاستمان دەوێت، ئەم بیرۆكانە ئیرادەی كاری دەوێت كە بتوانێت برینەكان ساڕ‌ێژ بكات. یەكبوون‌و بەرنامەی هاوبەش گرنگە، كۆبوونەوەكەی هەولێریش هەنگاوێكی لەجێی خۆیدایە، بەڵام هەموو شتێك نییە. دەتوانێ كۆدی مەتەڵ بكاتەوە. كە كۆد كرایەوە، دەزانین لەودیوو چی هەیەو دەبێ چی و چۆن كار بكرێت؟. - کوردستانی نوێ
■ نیاز عه‌بدوڵڵا... له ئایاری ساڵی 2006 له كاتی ئاماده‌بوونی له رێوره‌سمی سوێندخواردن و ده‌ست به‌كاربوونی كابینه‌ی 5ی یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له په‌یامێكیدا له‌ناو ئاماده‌بووان وتی "ئه‌گه‌ر كوردستان به‌هێزبێ ئه‌وا به‌گشتی عێراق به‌هێز ده‌بێ و ئه‌گه‌ر كوردستان یه‌كگرتوو بێ ئه‌وا عێراق هه‌مووی یه‌كگرتوو ده‌بێ، ئه‌گه‌ر كوردستان فیدڕاڵی بێ ئه‌وا عێراقیش فیدڕاڵ ده‌بێ." به تێپه‌ربوونی 12 ساڵ به‌سه‌ر قسه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، هه‌رێمی كوردستان هێشتا خاوه‌نی حكومڕانییه‌كی دیموكرات و حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی به‌هێز نییه و گه‌نده‌ڵ و پێشێلكاری بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤه. له‌ناوخۆدا نه‌ك هه‌ر یه‌كگرتوو نییه، هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌میشه وه‌ك بژارده‌ی دووه‌می پارتی و یه‌كێتی دژ به یه‌كتر و هێزه سیاسییه‌كانی تر ئاماده‌یی هه‌یه. بنه‌ما و ده‌سه‌ڵاته فیدڕاڵییه‌كانی هه‌رێم به دروستی و به ئامانجی حوكمڕانییه‌كی باش پیاده نه‌كراون و به‌رگرییان لێ نه‌كراوه، سیاسه‌تی پیاده‌كراوی ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌ربازی هه‌رێم بۆته هۆی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی قه‌واره‌ی سیاسی و فیدڕاڵی هه‌رێم. عێراق له ساڵی 2012 بووه ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پیشه‌سازییه ستراتیجییه‌كان (نه‌وت و گاز)، له‌به‌ر پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی توانی له ریزبه‌ندی ده‌یه‌می گه‌نده‌ڵترین و ناشه‌فافترین وڵاته‌كانی جیهان بێته ریزبه‌ندی یانزه‌م. به‌ڵام له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 ئه‌ندامییه‌تی عێراق هه‌ڵپه‌سێردرا، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی هه‌رێمی كوردستان به پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی هه‌نارده و داهاتی كه‌رتی نه‌وت و گاز به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كانی عێراق بۆ رێكخراوه‌كه. به‌پێی پێوه‌ره‌كان ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی راپۆرته پیشكه‌شكراوه‌كانی عێراقی فیدڕاڵ راپۆرته‌كانی خۆی پێشكه‌ش به ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بكات، به‌ڵام به درێژاریی 7 ساڵی رابردوو هه‌رێمی كوردستان نه‌ك هه‌ر له‌ناوخۆی هه‌رێم راپۆرتی تایبه‌ت به شه‌فافییه‌تی له‌و كه‌رته پێشكه‌ش به په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی نه‌كرد، به‌ڵكو نه‌یتوانی ببێته پشتیوان و هانده‌ری عێراقیش بۆ پابه‌ندبوونی به بنه‌ماكانی شه‌فافییه‌ت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چه‌ندین ئاستی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵی به پێشێلكردنی ده‌ستوور تاوانباركردووه و ره‌خنه‌ی له شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نادیموكراتی گرتووه، له‌ناوخۆی هه‌رێمیشدا نه‌یتوانیوه په‌رله‌مانێكی به‌هێزتر له به‌غداد و هه‌ڵبژاردنی خولی و خاوێنتر و، خاوه‌ندارێتی ئه‌نجوومه‌نێكی به‌هێزتری دادوه‌ری بكات. بۆ نموونه; به‌پێی مادده‌ی 89ی ده‌ستوور پێویسته ده‌زگای داواكاری گشتی به‌شێك بێت له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌زگا گرنگه خراوه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له وه‌زاره‌تی داد. كوردستان كه به‌شێكی ده‌سه‌ڵاته فیدڕاڵییه‌كان و بنه‌ماكانی حوكمڕانییه‌كی ره‌شیدی پیاده نه‌كردووه، به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانی حكومه‌تی عێراق نه‌بوون به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر ململانێی سیاسی نادادپه‌روه‌ر و نادیموكراتی جێبه‌جێی نه‌كردووه. وه‌ك جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 120ی ده‌ستووری عێراق كه رێگا به بوونی ده‌ستوورێكی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، به‌ڵام كاركردن بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی قۆرخكار به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م هاتنه بوونی ده‌ستووری هه‌رێم. هه‌رێم به بانگه‌شه و دروشمی حیزبی و میدیایی نابێت به عێراقێكی جیاوازتر له‌و عێراقه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت، پێویسته له‌ناوخۆ و له ئاستی عێراقیش كار بۆ به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوی حوكمڕانییه‌كی دیموكرات و ره‌شید بكرێت، نه‌ك هه‌رێم سه‌ركه‌وتنی خۆی له شكستی عێراقدا ببینێته‌وه و ئه‌وه بكاته بنه‌مای جیاوازییه‌كانی.
■ سەلام عەبدولڵا.. ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش ماوەیەك رایگەیاند كە سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكان كە بە حەشدی شەعبی ناوزەد دەكرێت بەسەر داعش دا سەركەوتن و بەجۆرێك پێناسەی دەكرد كە گوایە ئیدی كۆتایی داعش هاتووە وڵات بەرەو سەقامگیری دەڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرانی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و شارەزایانی دیاردەی داعش ئەو ڕاستیەیان دەزانی كە داعش تەنها بە هێزی چەكداری كۆتایی نایەت، چونكە ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە بنەمایەكی مێژووی قووڵی هەیەو پشت بە كۆمەڵێك دەق دەبەستێت كە تا ئێستا كاریگەری لەسەر مێشك و رەفتارو هەڵسوكەوتی خەڵكێكی زۆر هەیە كە هەندێكیان مەرج نییە بەناوی داعشەوە بن، بەڵام لە گەوهەردا هەر یەكن، بۆیە هەمیشە لایەنگرو هەواداران و تیرۆریستانی نوێی بۆ پەیدا دەكەن و بەو پێیەش تەنها بە هەڵمەتی سەربازی لەناو ناچن و لە هەل و مەرجی نوێ‌دا سەرهەڵدەدەنەوە. زۆرینەی سیاسییەكانی عێراق وایاندەزانی بە كەوتنی مووسڵ كۆتایی داعش‌یش دێت، بەڵام واقیع پێچەوانەی سەلماند، ئەوەتا ئێستا لە زۆربەی ئەو ناوچانەی دەركرابوون و راونرابوون سەرهەڵدەدەنەوە و چالاكی تیرۆریستی خۆیان دەكەن، چونكە لە گرتنی مووسڵدا وا چاوەڕوان دەكرا كە بە هەزاران داعش كە لەنێو شاری مووسڵدا بوون بكوژرێن یان دەسگیر بكرێن كەچی بە گرتنەوەی مووسڵ لە پڕۆسەیەكی تەمومژاویدا ئەو هەموو داعشە ون كران و دیارنەمان كە پێویستە بە گومانەوە سەیر بكرێت، هەروەك چۆن تەسلیم كردنی ئەو شارە گەورەیە لە ماوەیەكی یەكجار كەمدا و بۆ تەنها چەند سەد داعشێك جێ گومان و رامانە كە بۆ سوپای عێراق داكۆكیەكی ئەوتۆی لەو شارە نەكرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەكی قورس و گەلێك مۆدێرنی ئەمەریكی بەلێشاو بۆ بەجێهێشتن. بە هەمان شێوەش سوپای عێراق لەناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم بێ شەڕ و تەقە كشایەوە و ئەو ناوچانەش بۆ داعش بەجێ هێشت كە پێشمەرگە قارەمانەكانی هەرێمی كوردستان بەخێرایی فریای ئەو ناوچانە كەوت و نەیهێشت بكەوێتە دەست داعش. ئێستا كە ئەو ناوچە كوردستانیانە كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بێ پاساو تەسلیمی سوپا‌و میلیشیا عێراقییەكان كرایەوە ئەوا جارێكی تر ئەو ناوچانەی خستۆتە بەردەم داعش و هێزەكانی خۆیان لەو ناوچانە دوورخستۆتەوە كە گومان دەكرێت مەبەست لەو كشانەیەوە رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ داعش كە مەبەست لێی راونانی دانیشتوانی كوردی ئەو دەڤەرەیەو بە واتایەكی تر تەعریب لەژێر هەڕەشەی داعشدا كە ئێستا نە سوپای عێراق و نە میلیشیای حەشدی شەعبی ناتوانن بە ئاشكرا ئەو كارە ئەنجام بدەن و چۆڵ كردنی ئەو ناوچانە لە كورد بخەنە ئەستۆی داعش. بۆیە ئێستا هاوپەیمانان لە هەوڵی ئەوەدان پێشمەرگە بگێڕنەوە بۆ ئەو ناوچانە و بە هاوكاری لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن.
■ دڵشاد ئەنوەر .. ته‌قینه‌وه‌ى كۆگاكانى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربه هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، سه‌ره‌تا له هه‌ولێره‌وه ده‌ستیپێكرد، دواتر گه‌یشته سلێمانى و ئه‌مڕۆش له دهۆك كۆتایى هات. سه‌ره‌تا گرنگه هه‌موو لایه‌ك بیزانێت، ئه‌و كۆگایانه نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه به‌ڵكو ته‌قێنراونه‌ته‌وه، به ده‌لیلى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه: 1-گه‌ر هۆكارى ته‌قینه‌وه‌ى ئه‌و كۆگایانه، شۆرتى كاره‌با بێت، ئه‌وا مه‌عقول نیه شۆرتى كاره‌با به ته‌سه‌لسول و له‌یه‌ككاتدا، كۆگاى هه‌رسێ پارێزگاكه بگرێته‌وه، شۆرتى كاره‌با سوتفه ساڵى جارێ یان زیاتر له جێگه‌یه‌كى دیاریكراو ڕووده‌دات. ئینجا گه‌ر هۆكاره‌كه به‌رزى پله‌ى گه‌رمیش بێت، خۆ ناكرێ پله‌ى گه‌رمى هه‌ولێر و دهۆك به‌راورد بكرێ، پله‌كانى گه‌رما جیاوازن و كه‌س بڕوا به‌وه ناكات، گه‌رماى هه‌ولێر و دهۆك به‌راورد بكرێ به‌وه‌ى هه‌ردووكیان بوونه‌ته هۆى ته‌قینه‌وه، له‌كاتێكدا دوو ناوچه‌ى دوور له‌یه‌ك و جیاوازن له‌ڕووى كه‌ش و هه‌واوه. 2- ته‌قینه‌وه‌ى كۆگان به زنجیره‌ى یه‌ك له دواى یه‌ك، ئه‌وه‌ى لێده‌خوێنرێته‌وه كه مه‌سه‌له‌كه پلان بۆ دارێژرراوه و پێشوه‌خت یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌رى رێكه‌وتوون. 3-هه‌ندێ رۆژنامه‌وان و كه‌ناڵى نافه‌رمى، هۆكارى ته‌قینه‌وه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌گێرنه‌وه گوایه ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان پلانن و بۆ شاردنه‌وه‌ى چه‌كه دزراوه‌كان، ئه‌مه له‌ڕووى مه‌نتقیه‌وه نه‌گونجاوه، چونكه: یه‌كه‌م/ هیچ لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له پێدانى چه‌ك به هه‌رێم پێكنه‌هێنراوه، تا ئه‌مان له‌ترسى لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆگاكان بته‌قێننه‌وه. دووه‌م/ پارتى و یه‌كێتى خۆیان خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى موتڵه‌قن، له‌ناوخۆى هه‌رێمیش كه‌س ناتوانێت لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بكات كه‌چه‌كیان لایه، بۆیه كه‌واته خۆیان ئازادن له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كانه و هیچ مه‌ترسیه‌ك له ئارادا نیه تا كۆگاكانیان بیته‌قێننه‌وه. سێیه‌م/ گه‌ر ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان بیانه‌وێت لێكۆڵینه‌وه له‌و چه‌كانه بكه‌ن كه داویانه‌ته هه‌رێم، یه‌كێتى و پارتى دڵنیان ناتوانن به‌م ته‌قینه‌وانه هاوپه‌یمانان فریو بده‌ن ، چونكه سوتاندنى كۆگاكان ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده كارێكى ساویلكانه‌یه بۆ تاكێكى ئاسایش جێگه‌ى پێكه‌نینه، چا ج چاى ئه‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه به‌و هه‌موو ئیمكانیاتانه‌وه فریو بده‌ن ! واته ئه‌مان ده‌زانن هاوپه‌یمانان و وڵاته زلهێزه‌كانیان پێ فریو نادرێت، بۆیه ناچن كۆگا بته‌قێنه‌وه. 4-گریمان ته‌قینه‌وه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌كێشه‌ى ناوخۆى حیزبه‌كانه‌وه هه‌یه، باشه گه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكانى سلێمانى ده‌ستى ته‌كه‌تولێكى دیاریكراوى له پشته‌وه بێت، یان ئه‌وانه‌ى هه‌ولێریش په‌یوه‌ندیان به ناكۆكیه ناوخۆییه‌كانى پارتیه‌وه هه‌بێت. ئه‌ى باشه بۆ ته‌قینه‌وه‌كان به زنجیره‌و له‌سنورى پارتى و یه‌كێتى به‌دواى یه‌كدا ڕویاندا ؟ تۆ بڵێى ته‌كه‌توله نارازیه‌كانى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ یه‌ك رێككه‌وتبن و پێكه‌وه كاره‌كه‌یان ئه‌نجامدابێت، كه‌واته ئه‌مه‌ش خارجى مه‌نتقه، واته گه‌ر كێشه‌ى ته‌كه‌تول بووایه، نه‌ده‌بوو هه‌ردوو زۆنه‌كه‌ى بگرتبایه‌ته‌وه. 5- شێوازى ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكانى ته‌قه‌مه‌نى ، ته‌وقیته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان، زوو ئاماده‌بوونى هێزه ئه‌منیه‌كان و رێگرى كردن له ڕوماڵى رۆژنامه‌وانان، ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن كه كۆگاكان به‌پلان و رێككه‌وتنى هه‌ردوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه. 6-ئایا ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان پلانێكى وڵاتانى ئیقلیمیه‌و به‌یه‌كێتى و پارتى خۆیان هه‌رێمیان له‌چه‌ك داماڵى ، یاخود ئاماده‌كاریه بۆ ته‌سلیم كردنى پێشمه‌رگه به عێراق ، به‌وه‌ى كه ئه‌مان ئاماده‌نه‌بن چه‌كه‌كان بده‌نه عێراق و پێشوه‌خت بیته‌قێننه‌وه، یاخود هۆكارى تر‌ى له‌پشته، بێگومان داهاتوو وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه.
■ عەبدوڵا حەوێز ... لە زاری رۆیتەرز و رۆژنامەنوسێکی تری بیانی کە لەوێ بوون. - شەری پردێ بەشێک بوو لە شەری کۆنترۆڵکردنی تەواوی پارێزگاى کەرکووک چونکە پردێ (واتە ئاڵتون کۆپری) دوا ناچەى پارێزگاى کەرکووکە، لە دەرەوەى پردێوە ئیتر بە پارێزگاى هەولێر هەژمار دەکرێت - بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئامانجی هێزە عێراقیەکان کۆنترۆڵکردنی پردێ کە دوا خاڵی پارێزگاى کەرکووک بووە و توانیویانە لە دواى شەڕێکی سێ کاتژمێری کۆنترۆڵی بکەن (١) - واتە شەری پردێ تەنها سێ کاتژمێری خایاندووە و بە کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکە لەلایەن هێزە عێراقیەکان تەواو بووە - پەیامنێری رۆژنامەى لۆس ئەنجۆس تایمز کە لە کاتی شەرەکە لەوێ بوو دەڵێت هێزە عێراقیەکان تەنها فەرمانی ئەوەیان پێ‌بوو کە شارۆچکەى پردێ کۆنترۆڵ بکەن و ئامانجیان نەبوو چیتر پێشرەوی بکەن لە دەرەوى پارێزگاى کەرکووک (٢). - وەک لە ڤیدیۆکانیش دەردەکەوێت، هیچ روبەروبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەنێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە رووینەداوە، هەرچەندە هەندێ چەکی قورسی وەک هاوەن و تۆپ لەلایەن پێشمەرگەوە دەتەقێنرێن بەڵام وەک لەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت (٣) هیچ ئامانجێکی دیاریکراو نیە و زیاتر پیشاندانیەتی وەک شەرێکی راستەقینە. ئەو هێزانەى پێشمەرگە وەک لە سەیتەرەکە دەرکەوێت لە سنوری پارێزگاى هەولێرن و هیچ پێشرەویەک لەلایەن هێزە عێراقیەکان بۆ سنوری پارێزگاى هەولێر نیە. . سەرچاوەکان: ١- https://uk.reuters.com/…/iraqi-forces-complete-kirkuk-provi… ٢- https://twitter.com/nabihbulos/status/990468238285987841 ٣- https://www.youtube.com/watch?v=2Ld_wBuh50w
■ نیاز عه‌بدوڵڵا.. له ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێك 4 كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و زێره‌ڤانی له هه‌ولێر و سلێمانی ته‌قیونه‌ته‌وه و سوتاون، كه بریتین له; یه‌كه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زێره‌ڤانی له گوندی ره‌شكینی نزیك گه‌ڕه‌كی 32ی پارك له هه‌ولێر. دووه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له باره‌گای فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی له‌سه‌ر شه‌قامی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز. سێیه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له ناحییه‌ی به‌حركه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر له به‌رامبه‌ر گوندی هه‌رشه‌م. چواره‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی 70 له ناوچه‌ی تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی. جگه له بیانووه دووباره وتراوه‌كانی وه‌ك "شۆرتی كاره‌با" و "خراپ هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌كان" و "به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما" وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ییه‌كانی یه‌كه‌كانی 70ی یه‌كێتی نیشتیمانی و 80ی پارتی دیموكرات، زانیارییه‌كی جیاوازتریان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری فرۆشتنی چه‌كه‌كانی ناو ئه‌و كۆگایانه یان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه بۆ ژێر ركێفی پارتی و یه‌كێتی و، شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی گه‌نده‌ڵی نه‌خستۆته روو. ئه‌مه له كاتێكدایه گومان له‌سه‌ر بردن و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه هه‌یه كه له لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه دراونه‌ته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و، پێشتریش لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه نووسراوی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه كردووه. له ساڵی 2016 ه‌وه وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژ به داعش له ناویاندا وڵاتی ئه‌ڵمانیا به تووندی ره‌خنه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتووه، به‌هۆی فرۆشتنی ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ هاوكاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش درابوونه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌ڵام دواتر له بازاڕه‌كانی مامه‌ڵه پێكردنی چه‌ك بیندرانه‌وه، له ناویاندا چه‌كی جۆری "میلانۆ" كه چه‌كی دژه تانك بوو. له‌ناو هه‌لومه‌رجی نا دامه‌زراوه‌یی و یه‌كنه‌گرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و خاوه‌نداریكردنی میلیشیای حیزبی له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی، ململانێی خۆ پڕچه‌ككردنی ئه‌و هێزانه به‌رده‌وامی هه‌یه. چونكه ئه‌و دوو حیزبه ژماره‌ی هێزه‌كانیان و جۆری چه‌كه‌كانیان رۆڵی بینیوه له ده‌رخستنی هێزی سیاسی‌یان له وه‌ستانه‌وه‌ی دژ به یه‌ك و هاوپه‌یمانێتییه‌كانیان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامانی گشتی. دواتریش بیندران ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش درابوونه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بۆ سه‌ركوتكاری دژ به خۆپیشانده‌ران له مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 له سنووری پارێزگای سلێمانی به‌كارهێندران. له‌گه‌ڵ سوتانی به دوای یه‌كی كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له ماوه‌یه‌كی كورتدا، گومانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن به‌رامبه‌ر به ئه‌گه‌ره‌كانی شاردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كان و به‌كارهێنانیان بۆ مه‌رامی حیزبی. بۆیه دووكه‌ڵی سوتاوی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان گومانه‌كان كۆتایی پێناهێنێت، به‌ڵكو شه‌فافییه‌ت و ئاشكراكردنی راستی رووداوه‌كان و به دامه‌زراوه‌یی بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌توانێت وه‌ڵامی راستی رووداوه‌كان بداته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌م رووداوانه هاوكاتن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت به‌پێی مادده‌ی 9ی ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بكات له چوارچێوی هێزه‌كانی سوپای عێراق، له‌ناویاندا بابه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی چه‌ك.
■ دانا حەمەعەزیز.. دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر ڕێکەوتنەکەی تاڵەبانی و بارزانی لەبەردەم مادلین ئۆلبرایت، تەنها یەك هەنگاویش بۆ ئاشتی نەنراوە، سنورەکان تۆختر و سەنگەرەکانی شەڕی ناوخۆ قایمتر کراون، تەنانەت بە درێژایی چیای سەفین چەندین قەڵا و بنکەی سەربازی مۆدێرن درووستکراون، سەیتەرەوانەکانی دێگەڵە و کا موسەك و دۆڵی ئالانە و خانەقا دڕتر بوون. ئازادیی و پرۆسەی سیاسی لە هەولێر وبادینان بەتەواوی کۆتایی پێهاتوە و پارتی هەموانی کردۆتە دەرەوە و بە حزبەکانی سلێمانی ناویان ئەبا! یەکخستنەوەی ئیدارەکان نەك کۆتایی بە دوو ئیدارەیی نەهێناوە، بەڵکو شاڵاوێکی مەترسیداری بۆ گۆشەگیرکردن و فەرامۆشکردنی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك بەدوای خۆیدا هێناوە. چ تاونێکە لە زیادە پارەی دزراوی نەوت، بودجەی گوندێکی وەك ئامێدی دوو هەزار ئەوەندی بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بێت، کەرکوک لە کاولە بچێ و جادەی کەلار و ڕانیە ڕێگەی مەرگ بن. هیچ بایەخێك بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت وگاز نەدراوە لە دەڤەری سلێمانی وگەرمیان. لەگەڵ شەڕی داعشدا پارتی بیرە نەوتەکانی دبس کە لە سەدا هەفتای نەوتی کەرکوکە، دابڕی و سنوری ئەمبەر و ئەوبەری (زێ)ی داهێنا و پردێی کردە سنور. میلانەکانی ئەڵمانیا لای پارتین و کۆمەکەکانی دەرەوە بۆکورد هەمووی لە بادینان و هەولێر یان زۆنی ئاب گل ئەدرێنەوە. خراپیی حوکمڕانیی یەکێتی لەباسکردن نایە، بەڵام ئەوەی ڕوونترە دەسەڵاتی هەولێر خێری ئەم دەڤەرەی ناوێ، بەجوۆرێك چاوی بە خوێندکارێکی گەنجیش کە لێرە یەکەم ئەبێ هەڵنایە و، شەرێكی بۆ دروست ئەکا! ٢٧ ساڵە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك باجی جوگرافیا ئەدەن، برایم خەلیلیش لەجیاتی خێر، وەك چەکێکی کوشندە دژی ئەم ناوچەیە بەکار ئەهێنرێ. فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەو تاکە دەروازەیەی ئێرەی بەدنیای دەورەو ئەبسەتەوە، بەهۆی ڕیفرادۆمەوە، لە موئامەرەیەکی نێوان ئەنقەرە و هەولێردا، نیمچە داخراوە. سەدامیش هەر ئەوەی دەیوست کە هەولێر پایتەختی سلێمانی و گەرمیان بێ بەڵام پایتەختێکی زاڵم، زاڵمتر لەعهدی خۆی! ٢٧ ساڵ زۆرە، دەڤەری شۆڕش و قوربانی و ڕاپەڕین لەژێر ڕەحمەتی زوڵمی هەولێردابێ، هەولێرێك کە خۆی داگیرکراوبێ. ئیتر چاوەڕێی چین و لە پێناوی کەم دەسکەوتدا گەرمیان و سلێمانی و کەرکوك برسی و گۆشەگیر ئەکەن، غیرەت و شەهامەت ئەوەیە ئەم زوڵمەی لەسەر هەڵگرن، ژیانی بۆ بگێڕنەوە و بە بەغدای ببستنەوە.
■محەمەد سالار (پاشا).. حیزب لەهەرێمی کوردستان وەک هەر کاڵایەکی دیکە، لەگەڵ دامەزراندنی بەرواری بەسەرچونیشی لەسەرە، هەر بۆیە لەماوەی (٤٠) ساڵدا ژمارەی حیزبە سیاسیەکان بەوانەی کۆتای‌یان هاتوە، ژورو (60) حیزب دەبێت. لەم تێکستە (٤) نمونە وەردەگرین، لەبەشێکیان لایەنی پۆزەتیڤ و لەدوەمیان هۆکارەکانی بەسەرچونی، بەیان دەکەین. ئەو چوار حیزبەش (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان). یەکەم: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەلف: داهێنان دامەزراندنی پارتی لە (ئابی ١٩٤٦) داهێنانێکی گرنگی رۆژگاری خۆی بوو، لەبەر ئەم هۆکارانە:- 1. بۆ یەکەمین جار بوو حیزبێکی سیاسی دابمەزرێت بەفۆرمی نوێ. 2. بۆ یەکەمین جار بوو لەدەستەی دامەزراندنی حیزب، سیاسەتمەداری تەواوی ناوچەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت، بەپێچەوانەوەی شۆڕشی شێخ مەحمود تایبەت بوو بەسلێمانی یان شۆرشی یەکەم و دوەمی بارزان کەتایبەت بوو بەبادینان. 3. بۆ یەکەمین جار بوو کار لەسەر تەواوی کوردستان بکات. 4. بۆ یەکەمین جار بوو شۆرشێکی فراوانی وەک (ئەیلول) بەرپا بکات. 5. بۆ یەکەمین جار بوو بەزەبری شۆرش بەغدا ناچار بەگفتوگۆ بکات و خودموختاری بەدەست بهێنێت. با‌و: بەسەرچون ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول لە (بەهاری ١٩٧٥) و دوبارە شۆرش کردنەوە (گوڵان) بەهەمان ئەقلیەتی (ئەیلول) بەڵگەی ئێکسپایەربونی پارتی بوو. دوەم: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەلف: داهێنان دامەزراندنی یەکێتی لە (حوزەیرانی 1975) داهێنان بوو بۆ ئەو دەم و زەمانە، لەبەر ئەم هۆکارانە:- 1. بۆ یەکەمین جار بوو شۆرش لەدەرەوەی ماڵی بارزانی بەم فۆرمە نوێیە کڵپە بکات. 2. قیادەی شۆرشی نوێ (دەستەی دامەزرێنەر) کەسانی خوێندەوار بون. 3. یەکێتی حیزب نەبوو بەڵکو بەرەی کۆکردنەوەی پارت و بۆچونە چەپەکان بوو. 4. تەواوی شۆرشەکە بەپاڵپشتی فکر بوو. با‌و: بەسەرچون دوبارەکردنەوەی ئەزمونی پارتی و شەری ناوخۆ و حوکمڕانی بەد و خاڵیبونەوە لەفکر مۆری ئێکسپایەر بونی لەیەکێتی دا. سێیەم: یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ئەلف: داهێنان یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لەدۆخێکی زۆر ئاڵۆز هاتە دامەزراندن (شوباتی 1994). دامەزرانی وەڵامی سەردەمی خۆی بوو لەبەر ئەم هۆکارانە: 1. یەکەمین حیزب بوو بەخەباتی مەدەنی دەستی بەکار کرد. 2. تەواوی کوردستانی بەیەکسانی کۆنترۆڵ کرد بوو. 3. لەسەر هێڵی سێیەم کاری سیاسی دەکرد، دابەش نەببو بەسەر یەکێتی و پارتی. 4. هاوکارییە داراییەکانی یارمەتیدەرێکی باشی خەڵکی بوو لەو دۆخە خراپە. 5. خەڵکێکی زۆری دورخستەوە لەدەستەواژەی جیهاد (شەری نێوان بزوتنەوە و یەکێتی). با‌و: بەسەرچون مانەوەی هەمان قیادە، دەستکەوت هەر بۆ مەکتەبی سیاسی، چەقبەستن لەسەر هەمان شێوازی خەبات، نوێ نەبونەوە، یەکگرتوی ئێکسپایەر کرد. چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە (نیسانی 2009) داهێنان بوو بۆ ئەو زەمەنە، لەبەر ئەم هۆکارانە:- 1. یەکەمین بزوتنەوەی جەماوەری بوو لەپشتی بەجەماوەر بەستبوو. 2. بەخەباتی مەدەنی دەستی پێ‌کرد ئەگەرچی کەسانی سەبازیشی تێدابوو. 3. لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە بەرێوەدەبرا کەتوانی بوی گرەو لەدراو بەرێتەوە. 4. تەواوی قورسای خۆی ستە سەر توێژی گەنج. 5. تەواوی دەنگی ناڕازی کۆکردەوە. 6. داهێنەری ئۆپۆزسیۆن بون بوو. 7. ئینسانی کوردی ئاشنا کرد بەدەستەواژە مۆدێرنەکان. 8. دیوێکی دیکەی پەرلەمانی دەرخست. 9. بێهیوای گۆری بۆ ئومێد. با‌و: بەسەرچون بزوتنەوەی گۆڕان رۆژ بەرۆژ نزیکتر دەبێتەوە لەبەسەرچون، لەبەر ئەم هۆکارانە:- 1. لەگەڵ پێویستی رۆژگار خەبات ناکات. 2. خاوەنی یەک خیتابە لەسەرەتای دروستبونی تا هەنوکە. 3. ناتوانێت روداوی سیاسی دروست بکات. 4. خاوەنی جەستەیەکی دایناسوڕ و سەرێکی مێرولەیە. 5. مادە داخڵی ململانی حیزبیەکان بووە. 6. ناتوانێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ دروست بکات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 7. هێواش .. هێواش، ئەو بەهایانەی لەسەری دروست بوە لەدەستی دەدات. 8. مەترسی بچوک بونەوە و بەبنەماڵەی بون و دەستا و دەست نەکردنی بەرپرسیاری زیاتر گەشە دەکات. 9. قەتیس کردنەوەی خیتابەکەی تەنها لەسلێمانی. 10. تەخوین کردنی هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیر ناکەنەوە. 11. دەیانی دیکە. کێشەی بنەرەتی کێشەی بنەڕەتی حیزبایەتی لەوڵاتی ئێمە بریتیە لە: 1. چەقبەستنە لەسەر یەک فۆرمی سیاسەت کردن. 2. وابەستەی یەک ئەقڵیەتە لەسەرەو تا خوارەوە. 3. ناتوانێت پێویستی رۆژگار و واقیع بخوێنێتەوە. 4. هێندە باوەری بەدیموکراتیە تا لەبەرژەوەندی بێت. هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەوەی خاڵی نێگەتیڤن، بەڵام دیویکی زۆر جوانیشی هەیە، ئەویش "بەرەپێشچونی ئاسایی کۆمەڵگەیە". ئەوەی وا دەکات دوێنێ ئەم پارتەت لا پەسەند بوو بێت و ئەمڕۆ نا پەسەند، ئەوە نیشانەی پێشەکەوتنی تۆیە وەک (تاک) و دواکەوتنی ئەوە وەک (حیزب)، کۆکردنەوەی تاکەکان یەکسانە بەکۆمەڵگە و پێشەکەوتنی کۆمەڵگەش یەکسانە بەئێکسپایەر بونی ئەو حیزبە. ئەگەر پارتی نەبوایە یەکێتی نەئەبوو، ئەگەر ئەو دوو حیزبە نەبوانایە ئەوانی دیکە دروست نەئەبون، هەر حیزبێک لەمانە بەفەرسەخیک لەوەی پێش خۆی باشترە. ئەمەش بەڵگەی بەرەپێشچونی کۆمەڵگەیە. چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک لەدیکتاتۆری یەکسەر هەنگاو نانێت بۆ دیموکراتی بەڵکو پلە بەپلە.
■ڕێبین عبدالرحمن فتاح... کۆمەڵگەیەکی ئارام بێ گیروگرفت، سەرچاوەی سەرەکی دروست بوونی ژیانێکی سادە و خۆشگوزارەنە بۆ خزمەتکردنی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، چونکە ژیانی مرۆڤ ئەوەندە پەیوەستە بە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ڕێک و پێک، ئەمەش بە پێویستی بە تاکێکی تەندروست و سەغلامە. چەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەکارهێندراوە ، هەمیشە لەلایەن مرۆڤەکانەوە پەنای بۆ براوە وەکو ئامرازی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەکان. بەدرێژایی مێژووش چەک و ئامرازەکانی چەک ، بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونیان هەبووە، جا لە هەر سەردەمە و بەشێوە و جۆرێک بۆ حسم کردنی ململانیەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا، بۆیە بوونی چەک پێشینەکی دێرینی هەیە ، لەسەر هەبوونی ئەم پێشینەیەش داماڵینی لە داهاتوودا کارێکی ئاسان نیە بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی. چەک داماڵین، یان دابڕان لە چەک ، زیاتر لە مەحاڵەوە نزیکە بە قەدەر ئەوەی واقع بێت، چونکە هەرگیز ناتواندرێت کە چەک بەتەواوی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی داببڕێندرێت یان کۆتایی پێ بهێندرێت. لەبەرئەوەی واقعی ململانی مرۆڤایەتی پێویستی بە چەکە، زۆر کاتیش ململانیەکان بەرەو ململانێی توندوتیژ دەڕۆن، مرۆڤیش لەم کاتەدا پەنا دەباتە بەر چەک. لەهەرێمی کوردستان بەدرێژایی سەدەکانی ڕابردوو و بۆ داهاتوویش کورد هەمیشە لەسەر ئاستی دەرەوەی خۆی پێویستی بە چەک و ئامرازەکانی چەکە لەبەرمبەر دوژمنەکانیدا، چونکە کورد کێشەی بوونی هەیە، ئەوانی تر نکوڵی بوونی دەکەن، ئەم حاڵەتەش پێویستی بە خۆ سەلماندن هەیە بۆ بەرامبەر لەلایەن کورد خۆیەوە، کە لەم ڕووەوە کورد درێغی نەکردووە و هەوڵی سەلمانی بوونی خۆی داوە. بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەتایبەت دوای دروست بوونی حکومەتی خۆجێی کوردی لە هەرێمی کوردستان، واتا لە دوای ساڵی 1991 وە چەک هەم لای خەڵک و هەم لای هاوڵاتیانیش بوونی هەبووە و بەردەوامیش بوونی دەمێنێ، چونکە خەڵک هەست بە ئەمن و ئارامی ناکات، ئاسایشی لەئاستێکی بەرزدا نیە تا بتوانێت بێ هەبوونی چەک لەماڵەوەی خۆیدا بژی. بۆیە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە قۆناغی شۆڕش و ڕاپەڕیندا ڕۆشتوون، زۆر کات کۆمەڵگەیەکی چەکخواز بوون و چەک بوونی هەبووە لەو کۆمەڵگەیەدا، چونکە لەدوای هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکان چەکەکان داخلی ناو کۆمەڵگە بووە، خراپی ئەمەش ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتییەکانی خۆیان بەکارهێنانی چەکیان بە گونجاو زانیوە و بەکاریان هێناوە، سەرئەمجام کۆمەڵگەیەکی چەکدار درووست بووە کە کۆنترۆڵ کردنی زۆر زەخمەتە، لەبەر ئەوەی سوپایەکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە کە تەنها چەک لەدەستی ئەم هێزە نیشتمانیەدا بێت، نەک حیزب و بنەماڵەو عەشیرەت و ، چونکە زۆرجار حیزبەکانیش بۆ مانەوەی خۆیان چەکیان دژی یەکتر بەکارهێناوە و ئەگەری دووبارە بونەوەشی هەیە، چونکە هەر ئەم پارتانە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن. جا بەم شێوەیە ناتواندرێت داوا لە تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێت کە دەستبەرداری چەکەکانیان بن. داماڵین ، واتا کەمکردنەوەی چەک لە کۆمەڵگەدا نەک بە یەکجاری نەمانی، چونکە خۆی داماڵین مەبەست لێی کەمکردنەوەیە ئەمە بۆ هەردوو ئاستی دولی و ناوخۆش ڕاستە. زیانەکانی هەبوونی چەک لەکوردستاندا زۆر زیاترە لە سودی، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوە و حکومەتیش توانای کۆنترۆڵ کردنی نیە، چونکە ئەوە هەر حکومەتە کە مۆڵەت دەدات بە هەڵگرتنی چەک بۆ تاکەکان، ئەمەش سیاسەتی دوو فاقی حکومەتە، کەمکردنەوە هەڵگرتنی چەک لەلایەک و مۆڵەت پێدان بە هەڵگرتنی لەلایەکی ترەوە. باشترین چارەسەر ئەوەیە کە چەک هەڵگرتن بەشێوەیەکی زۆر کەمکرێتەوە، ئەمەش لەئاستی باڵاوە دابەزێتە خوارەوە نەک بە پێچەوانەوە، و بە یاسا سزایی توندی ئەو کەسانە بدرێت کە چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن و لە کێشەکانیاندا بەکاری دەهێنن، یاسا دەبێت ببێتە سەنگی مەحکی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا پەنا بۆ چەک دەبەن، ئەم سزایەش نابێ ئیستسنائی بۆ هیچ کەسێک تیادا نابێت، بۆ دوور کەوتنەوە لە بەکارهێنانی چەک لە کۆمەڵگەو کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا.
■عەلی کەریمی.. دوای نزیک بە چل ساڵ حکومەتی ئاخوندیی شیعە و حکومەتێکی تەواو ئیسلامی و نادیمۆکرات و سەرەڕۆ لە ئیران، ئەم رۆژانە هەوا و قسە و باسی ئاخر رۆژەکانی ئەم رژیمە داپلۆسێنەرە هەر دێ لە سەر زار و دمی ناو خەڵک و حکومەتەکانی دنیا و بەتایبەت ئەمریکا زیاتر و گەرمتر دەبێ. با بپرسین ئەرێ بەڕاست تەمەن یان باشتر بڵێم تاریخی مەسرەفی کۆماری شیعەی ولایەتی فەقێ بە زوویی بەسەر دێ و نامێنێت؟! کۆمەڵە فاکتەرێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم بۆچوونەمان زیاتر بۆ وەراست دەگەیەنێت کە ئیتر کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە شەرعییەتی مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوای نەماوە. رژیمی شای ئێران لە ئاخر و ئۆخری ساڵانی ٧٠ی زایینی ئێسکی خۆی لە سەر چەند کێشەیەکی جیهانی وەک سێعری نەوت و گوێڕایەڵ نەبوونی بە رۆژئاوا قورس کرد و هەروەک هەموو دەزانن بە چەند کۆبوونەوەیەکی وەک سەرانی دەوڵەتانی فەرانسە و ئەمریکا و ئینگلیس و ئالمان لە سەرەتای ساڵی ٧٩ لە گوادلۆپ( Guadeloupe Conference) ئاخر بزماریان لە تابوتی خانەدانی پەهلەوی دا و بە یەکجاری لە مێژووی ئێران مەحویان کردەوە. دیارە ئەوانەی لە بیریان دێ شۆڕش لە ئیران کرا و بە رەواڵەت مەحەمەد رەزای شای ئێران بە شۆڕشی گەلانی ئێران تەخت و تاراجی تێکشکا و لە ئێران دەریان کرد و رژیمەکەشی سەرەونخوون کرا. ئەوەی خۆم لە بیرمە و بەشدار بووم لە بیدایەتی نارازییەکانی شارەکانی ئێران و دواتریش لە کاتی هەڵاتنی شای ئێران، هێزگەلی زۆری وەک تودە، چریک، موجاهید، رێکخراوەکانی خەتی سێ و جبهەی میللی و ... دەور و رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەڵام ئاخوندێکی شیعە لە نەجەف و دواتر لە لادێیەکی بچوکی فەرانسە (نۆفل لێ شاتۆ - Neauphle-le-Château) هات و لە گەڵ خۆی دەریایەکی بێ بنی لە ئاخوند و عەبا و عەمامە بەسەر هێنا و حکومەتی ئێرانیان دا دەستی و لە ماوەیەکی کەمی یەکدوو ساڵی دا هەرچی نەیار و ئۆپۆزیسۆنی حکومەتی ئیسلامیان بۆ لە ناوبرد و رێگەیەکی ساف و تەختیان بۆ ئامادە کرد بۆ دوو مەبەست: 1- لە ناو بردنی کۆمۆنیستەکان، لە مێژ بوو رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا ترسی داگیر کردنی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان هەبوو لە لایەن یەکێتی سۆڤێتەوە، بە تایبەت ئێران کە رێگای سۆڤیەتی دەکردەوە بۆ دەست گەیشتنی بە ئاوە گەرمەکانی خلیج و باشوری ئێران. (رەنگە ئەگەر ئەمریکا زانیبای رێک ١٠ ساڵ دواتر واتا لە ٨٩ ئەم دێوەزمەی سۆڤییەت کە لێی تۆقیبو دەروخێ و ئاساری بەسەر پادارێوە نامێنێ و دەبێتە دەیان کوتەوە هەرگیز دەستی بۆ ریسکێکی وا نەبردبایە و ئاوا بێ رەحمانە لە گەڵ غولامی خۆی واتا شای ئێران نە جوڵاباوە). بۆیە هەر یەکودوو خومێنی و حکومەتی مەلایان دەستیان کرد بە کۆمۆنیست کوشتن و تەنانەت رەحمیان بە مێرمناڵی ١٧ و ١٦ ساڵیش نەدەکرد هەر ئەوەندە زانیبایان بە بنەمالە، بۆنی چەپ بوون و رێکخراوگەلی کۆمۆنیستیان لێ دێت. ئەرکی پاک کردنەوەی چەپ لە ئێران کە زۆر بە دڵی ئەمریکا بوو زۆر بە پەلە و سانایی جێ بە جێ کرا، یان کوژران یان بەند کران و یانیش هەڵاتن. 2- پەیداکردنی بازارێکی بێ بنی مەزادخانە و چەک فرۆشتن بۆ رۆژئاوا و کۆنترۆڵی سێعری نەوت لە دەستی خۆیان. ئەوەشیان بە باشترین و قێزەونترین مکانیزمی مومکین بۆ کرد. شیعارێک قوت بۆوە لە ناکاو بە ناوی "صدور انقلاب" واتا هەناردە کردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی تری دەر و دراوسێ. ئەم تاکتیکە بوو بە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسێکانی ئێران بکەونە خۆ بۆ چەک کڕین لە ترسی جڕجاڵ و هێرش و داگیرکردنی ولاتەکانیان بە دەستی ئێران. لە وەشدا بە هۆی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران – عێراق و حیزبوڵا و تەداخولی لوبنان و سوریا و عێراق لە لایان کوردەکانەوە و زۆر رووداوی تر بە باشترین شێوە ناوچەکەیان کردە بازارێکی گەرمی چەک فرۆشتن و ئارامی و کەم بوونەوەی فشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە لایان گشت وڵاتە عەرەبێکانەوە. راستە بە رەواڵەت شیعاری شەیتانی گەورە بۆ ئەمریکا و نەمانی ئیسرائیل و گەیشتن بە قودس بەرێگای کەربەلادا هەبوو بەڵام هەرچی دەکرا لە بەرژەوەندی رۆژئاوا و ئیسرائیل دابوو. بە کورتی ئەوەی حکومەتی مەلای ئێران کردی بۆ رۆژئاوا بێ وێنە بوو. بەرای من دوای ٤٠ ساڵ و ئەمڕۆ؛ ئیتر ئەم پێداویستییە مێژووییەی ئێران برەوی جارانی نەماوە و ئیتر هەموو دنیا تێگەیشت و رۆژئاواش دەیان تاکتیک و مکانیزمی تری دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی وەک قاعیدە و نەسر و داعش و دەیانی تری پەیدا کردوە و دەیکا. ئەمڕۆ بە تایبەت بۆ کۆماریخوازەکانی ئەمریکا کە بە مێژوو لایەنگری ئێقتدار و هێژمۆنیان لە عاست دەرەوەی وڵات بوون و ترەمپ بە ئاشکرا باسی بێعورزەگی و شەلوار لە خوارەوەبوونی ئەمریکای کرد لە ژێر سایەی سەرۆک کۆمارێکی وەک ئۆباما و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بەوە دەکرد کە شەلواری داکەوتووی ئەمریکا هەڵدەکێشێتەوە. زۆر نیشانگەلی عەزەمەت تەڵەبی ترەمپ، ویست و داخوازییەکانی وڵاتانی وەک سەعودییە لە دۆستی ستراتیژی خۆیان، تەداخولی بێ سنوری ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان، پێمان دەڵێ لە وانەیە ئێتر پێویستێیەکی ئەوتۆیان بە کۆماری مەلاکان نەمابێ. لە لایەکی تر بە هۆی گەشەی تێکنۆلۆژیا و عەسری سورعەت و فەیسبووک و ئینترنێت، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئیتر چیتر بە ناوی خودا و ئیمام حوسێن و کەربەلا فریو ناخۆن و داوای ماف و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەن کە چل ساڵە بە بیانووی ئیسلام و عەلی و حوسێن لێیان زەوت کراوە و لەژێر ناوی هەناردەی شۆڕش بۆ عێراق و سوریا و... خۆیان لەوپەڕی زەحمەت و کوێرەوەریدا دەژین، ئەوەتا هاوار دەکەن پڕ بە جادەکانی تاران: "بەسە ناردنی پول و پارەمان بۆ سوریا"! ناوچەکە بە کۆمەڵێک روداوەوە ئاوسە و بە دڵنییایی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەرەکە، جا چ سیاسی بێ چ ئابووریی بێ یان کۆمەڵایەتی. زۆر ئاشکرا و دیارە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نایانهەوێت بێزراو بن و پاساپۆرتیان لە هیچ کوێی ئەم جیهانە موعتەبەر نەبێ بە هۆی سیاسەتی دژ بە خەڵک و شەڕەنگێزی دەسەڵاتدارەکانیان لە ئێران، ئەوان شادی و ئاشتی و حەسانەوە و سەیر و سەفەریان گەرەکە، ئەوان عەدالەت و بنبڕکردنی گەندەڵی مەلا و بنەماڵەکانیان دەوێت و نیشانگەلی ئەوە لە گشت لاوە پەیدا بوون ئیتر چیتر قبوڵی ناکەن مەلا تەنانەت تەداخولی قژ و مێکاپی ژنەکانیان بکات. ئەمڕۆ هەرجۆرێک بڕوانین تەمەنی حکومەتی مەلا لە ئێران روو بە کزی و خامۆشی دەڕوات، دڵنییام میللەتی ئێران دنیای بە بێ مەلا پێ خۆشتر دەبێ، بەڵام دەبێ کوردەکانی ئێران ئەم راستییە بزانن هەر کەس و لایەنێک دوای مەلا بێتە سەرکار، بەهۆی دەمارگیری و ناسیۆنالیزمی بەهێزی ئێرانی و تەنانەت شۆڤێنی بوونیان، مافەکانیان بە ئاسانی دەستەبەر ناکرێت و زۆر لایان ئاسایی دەبێ ئەوانیش لەسەر گەیشتنی کوردەکان بە مافەکانیان لە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت شای ئێران کە پێشەواکەیانی بە سێدارەوە کرد و کۆمارە ساواکەیانی لە مەهاباد جوانەمەرگ کرد، خراپتر بکەن، زۆر سەیرە داوای مافە سەرەتاییەکانی کورد ئەمڕۆ لە کوڕی ئەم کەسە بکەیت! ئەوەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی بە ناو کوردی ئێران، لە ئۆردوگاکانی ژێر سێبەری یەکێتی و پارتی لە باشوری کوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەکردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە. ئێمە بەم سیاسەتە ساویلکانەی ئەم هێزانە هەرگیز ناتوانین بەرەوپیری گۆڕینی نیزام لە ئێران ببینەوە، ئێمە دەبێ قبوڵ کەین لە عاست تموحی ئەمریکا و ئەوانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ئامادە کردوە زۆر زەعیف و لاوازین. کوا یەک بوونمان!؟، کوا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی؟! کوا ژووری عەمەلیات؟! کوا نزیکیمان لە نەوەی نوێ؟! کوا تاکتیک و ستراتیژمان؟! کوا گوتارمان بۆ ئێرانییەکان؟! کوا سیاسەتی یەکگرتوومان لەهەمبەر ئەمریکا و وڵاتانی جێهان؟! کوا بەرنامەمان بۆ هێزی چەکدار و پێشمەرگە؟! کوا و کوا و کوا؟! ئاخر چەواشەکردن دادمان نادا، هەموو دەزانن باوکی هیچ نەما بە کوردی نەکا کە چی دەچی لە کوڕەکەی کە خۆی ئاوارە و هیچ بەدەستە داوای مافی لە دەستچوومان دەکەی ئەویش لە کوێ لە ئەمریکا کە خۆی پەنابەرە! بە بەر چاوی هەموو عالەم ئیدەعا دەکەی حیزبەکەم هەمووی گەنجە و گەنجان بەرێوەی دەبەن؛ ئاخر برا گیان؛ کۆنەکان خۆیان هیچیان ئیشت لە گەڵ ناکەن و هەمووت پەرش و بڵاوە پێ‌کرد چونکێ ئاغابەڵێیان نەدەگوت، ئەمە کوا نوێبوونەوەی پێدەڵێن هەرچی کادری بە ئەزموون و پێشمەرگەی دێرینە بە جێ هێشتووی و چووی جێگات بە حیمایە و خەڵکی بێ ئەزموون و گوێ لەمستی خۆت پڕ کردۆتەوە؟! کوردی ئێران بەم سەرکردانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ پۆست و مقام لە تاران خۆش کردوە و مناعەتیان نییە بۆ ئەم کارەیان تەنانەت پەنا بۆ سوکترین رۆژنامەنووسی مێژووی ئێران بەرن، دەبێ بزانن ئەوان لە مەیدانی شەڕی سیاسی داهاتووی ئێران ناتوانن مافەکانمان دەستەبەر بکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران دەروخێ، ئێمەی کورد شەڕی گەورەمان لە پێشە، یەکەم سەرکەوتنمان دەبێ خاشەبڕکردن و حەرامکردنی شەڕی ناوخۆ بێ. عەقلییەتی لە ناوبردنی فیزیکی هاورێی دۆینێ هەمان عەقلییەتی لە ناو بردنی خۆت و سوتانی گەلی کوردە، کوردی ئێران دەبێ ئەزموون وەرگرێت و ئیجازە نەدا بەناوی کوردایەتی و سیاسەت کردن کۆمەڵیک خەڵک خۆیان دەوڵەمەند بکەن و کچ و کوڕ وبرا و ژنیان بەسەر خەڵکدا بکەن بە فێرعۆن، ئەوەی دیمان لە باشور! ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات دەبێ خەڵکانێک پێش خەین کە ئیمتحانی رابردوویان دابێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان ببینن، ئەوانەی ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە ناوی سەرکردایەتی کوردی ئێران بوونە دمڕاستی خەڵکی کورد دەبێ لێپرسینەوە قبوڵ کەن و ولامدەر بن بۆ چی بەم ماوە زۆرە خۆیان قەتیسکردوە لە ئۆردوگاکان؟! بۆچی کێشەی کورد لە ئێران دوای ٨٠ ساڵ یەک بست بۆ پێشەوە نەچووە لە سایەی رێبەریی ئەوان؟! کارنامەی کاری سیاسی و شۆڕشگێریان پێشکەش بە بارەگای بەرزی میللەتی خۆیان بکەن، شەڕی ناوخۆیان لە پێناو چیدا کرد؟! ئەوهەموو ئینشقاق و لێک‌دابڕان و تەرەکردنی کادر و پێشمەرگە بۆ کران؟! و سەدان پرسیاری بێ وڵام دەبێ وڵام بدرێتەوە، دەبێ مەحاڵ بێ بۆ کەسانێک کە هاورێ و براکانی دۆینێی خۆیان کوشت ئەمڕۆ دیسان بێنەوە پێش. داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی کوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدەن بە ناوی کوردایەتی بچن بۆ دەسکەوتە تابیەتییەکانی خۆیان. لە یەکەم حەرەکە و جوڵە لە رۆژهەڵات حەقە رێ بە میلیشیای حیزبی نەدرێت و گەر قەرارە هێزی نیزامی هەبێ دەبێ هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیی بێتە چێ کردن و حەقی سیاسەتی نەبێ و هیچ حیزب و کەسایەتییەکیش بۆی نەبێ هێزی چەکداری هەبێ. کەسانێک بنێرین بۆ تاران و گفتوگۆ کە بچوکترین نیاز و بەرژەوەندییەکی تاکی خۆیان نەبێ. ئەمڕۆ دەبێ کوردی ئێران ئامادە بێ بۆ هەموو گۆڕانکاریی و شۆڕشی سەرانسەری یان گۆڕینی رژیم لە سەرەوە، ئەوەش بە خەڵکانێک دەکرێت کە ئیمتحانی دڵسۆزی و وەفایان بۆ گەل و نیشتمان دابێت. قەرارە حەسر و تەحریمەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە مانگی ئابەوە بە توندی دەست پێ بکات و لە ئێستاوە دیارە؛ سێعری دولار و شتوومەک چی بەسەر هاتوە، دڵنییام ئێران چەند مانگی زۆر عاستەم و سەخت چاوەڕوانی دەکات و کوردەکانیش لە بەردەم ئازموونێکی سەخت و مێژووییدان.
■ نیاز عه‌بدوڵڵا. ناسه‌قامگیری سیاسی و به‌ركارنه‌بوونی یاساكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بۆشایی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و به‌ره‌نگارنه‌بوونه‌وه‌ی ریشه‌یی گه‌نده‌ڵی، كۆ نه‌بوونی بڕوای راسته‌قینه به بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ و نه‌بوونی بوێری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سزای له سێداره‌دان، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانتارانیان باكیان به چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسی نه‌بێت له ناو یاسا تازه په‌سندكراوه‌كان. به ئامانجی تێپه‌ڕاندنی یاساكانیش چاوپۆشیبكه‌ن له مافی ژیان و به‌رفراوانكردنی ئازادییه‌كان و داڕشتنی ئه‌و یاسایانه‌ی زامنی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تاوان و تۆقاندن ناكه‌ن. دابڕانی په‌رله‌مانتار له ژیانی گشتی رۆژی 26ی حوزه‌یران دانیشتنی ژماره 1ی "خولی به‌هاره" بۆ ساڵی پێنجه‌م له خولی چواره‌می په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا له كۆی 111 په‌رله‌مانتار ته‌نیا 73 كه‌سیان ئاماده‌بوون، 27 یان مۆڵه‌تیان هه‌بوو و ئه‌وانی تریش ئاماده‌نه‌بوون. هۆڵی په‌رله‌مان به بایكۆتكردنی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو چۆڵتر بوو، تا ئه‌و رادده‌یه‌ی رێژه‌ی یاسایی به چوونه ده‌ره‌وه‌ی دوو په‌رله‌مانتار ده‌گۆڕا. پێشتر په‌رله‌مانتاران له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ره‌خنه‌یان له دواكه‌وتنی گرێدانی "خولی به‌هاره"ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گرت، به‌ڵام به‌م جۆر و رێژه‌ی ئاماده‌بوونه ده‌ستیان به یه‌كه‌م دانیشتن و گفتوگۆی په‌رله‌مان كرده‌وه. ئه‌و یاسایانه‌ی له‌و رۆژه‌دا خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا و په‌سندكران، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به مامه‌ڵه‌ی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و، مافی تاك و گشتی هاووڵاتیان و سه‌لامه‌تی ژیانیان هه‌بوو له بڕیاره‌كانی داهاتووی دادگاكان و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری. په‌رله‌مانتار كاتێك ناتوانێت له قۆناغی كارابوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تێگه‌یشتنی بۆ پێداویستی ژیانی گشتی و چۆنییه‌تی به‌رگریكردن له‌مافه‌كانیان هه‌بێت، ئه‌سته‌مه بتوانێت به دروستی مافه‌كانی ژیانی خۆی له قۆناغی كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وێنا بكات وه‌ك هاووڵاتی ئاسایی، بۆیه له‌و كاته‌دا به‌بێ تێگه‌یشتن و بژارده‌ی راست ده‌بێته داڕێژه‌ری یاساكان، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی له داهاتوودا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی نه‌بێت یاساكانی به‌سه‌ردا بچه‌سپێت له چه‌شنی سزای له سێداره‌دان له هه‌رێمێكدا كه دادگاكان و یاساكان هێشتا گه‌مه‌ی سییاسییان پێده‌كرێت. "خولی به‌هاره"ی په‌رله‌مان خولی ئیعدامه یه‌كه‌م: یاسای نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به مرۆڤ: له مادده‌ی 8ی "یاسای نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به مرۆڤ" سزای "اعدام" وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌قی یاسای ژماره 28ی ساڵی 2012ی عێراقی فیدڕاڵ دا هاتبوو چه‌سپا. ده‌ستخۆشیم بۆ هه‌وڵی په‌رله‌مانتاران هه‌یه به ئامانجی بوونی ئه‌م یاسا پێویسته له هه‌رێم، به‌ڵام پێویستی یاساكه نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای پێشێلكردنی بنه‌ڕه‌تیتیرین مافی مرۆڤ بێت كه مافی ژیانه و سزای له سێداره‌دانیش قورسترین سزای نامرۆیی سه‌پێندراوه. سزای له سێداره‌دان له‌ناو یاساكه له كاتێكدا چه‌سپا، له ساڵانی رابردوو چه‌ندین جار له لایه‌ن داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی بوونی یاساكه كراوه‌ته‌وه و، له سه‌ره‌تای خولی چواره‌مه‌وه وه‌ك پرۆژه یاسا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه و ده‌رفه‌ت هه‌بووه بۆ گۆڕانكاری پێویست تیایدا، به‌ڵام نه‌كرا. گرووپه‌كانی بردنه ده‌ره‌وه‌ی په‌نابه‌ران به قاچاغ كه مه‌رجه‌كانی گرووپه‌كانی بارزگانیكردن به مرۆڤیان به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت له‌گه‌ڵ ورده‌كاری دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به بازرگانیكردن به ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته و كاری زۆرملێ و بازرگانی به جه‌سته له یاساكه‌دا به روونی شوێنیان نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌بێ ره‌چاوكردنی هه‌لومه‌رج و تایبه‌تمه‌ندی هه‌رێم كۆی یاساكه به ده‌ق وه‌ك خۆی په‌سندكرا. بۆشایی ئاماده‌یی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ده‌سته‌ی مافه‌كانی مرۆڤ به روونی ره‌نگیداوه‌ته‌وه، به رادده‌یه‌ك تا ئاستی بێباكی هیچ فشار و پێشنیارێكی به‌رجه‌سته نه‌بیندرا بۆ شه‌رمه‌زاركردنی دانانی سزای له‌م جۆره. بۆیه له بری كاركردن بۆ وه‌ستاندنی یه‌كجاری سزای له سێداره‌دان له ناو یاساكان و له بڕیاری دادگاكان و جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كان له‌سه‌ر سزادراوان، له ده‌روازه‌یه‌كی تره‌وه سزای له سێداره‌دان هاته‌وه ناو یاسایه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان. به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك په‌رله‌مانتار ده‌نگی نه‌خێر دژ به سزای له سێداره‌دان به‌رزبكاته‌وه، له كاتێكدا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران بانگه‌شه‌ی رێزگرتن له بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ن. دووه‌م: پرۆژه یاسای به‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر: له "پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ژماره 3ی ساڵی 2006ی هه‌رێمی كوردستان" كه له هه‌مان دانیشتن‌دا سپێردرا به لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و بڕیاره له داهاتوو گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت. به ده‌ق له مادده‌ی 2ی پرۆژه‌كه وشه‌ی سزای "له‌ناوبردن" هاتووه، ئه‌م وشه لاستیكییه سزاییه ده‌رفه‌ت ده‌دات به شێوازه‌كانی تری كوشتن و له‌ناوبردنی مرۆڤ. هاوكات له پرۆژه یاسا پێشنیاركراوه‌كه له رێگای زیادكردنی دوو بڕگه، ده‌روازه بۆ سانسۆركردنی خه‌باتی سیاسی و ئازادی راده‌ربڕین و كاری رۆژنامه‌وانی كراوه‌ته‌وه. نموونه‌ی یه‌كه‌م: له بڕگه‌ی 10ی مادده‌ی 2 دا هاتووه ئه‌گه‌ر كه‌سێك "به په‌رتكردنی یه‌كێتی خاكی هه‌رێمی كوردستان" تاوانبار بێت سزای "له‌ناوبردن یان زیندانی هه‌تاهه‌تایی" ده‌یگرێته‌وه. دانانی ئه‌م بڕگه‌یه به روونی گوزارشت له ئه‌نجامی ناكۆكی سیاسی و سه‌ربازی ده‌كات، لاستیكی بوونی بڕگه‌كه وا ده‌كات له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بۆ مه‌رامی سه‌ركوتكاری سیاسی و رۆژنامه‌وانی به‌كاربهێندرێت و دۆسیه‌كانیش به تیرۆره‌وه گرێبدرێن. له چه‌شنی قۆناغی ریفراندۆمی "سه‌ربه‌خۆیی" هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وكاته‌ی هه‌ر نووسه‌رێك یان رۆژنامه‌وانێك دیدگای جیاوازیی هه‌بوایه، له لایه‌ن خاوه‌نه‌كانی پرۆژه‌ی ریفراندۆم به خیانه‌تی نیشتیمانی تۆمه‌تبارده‌كرا. نموونه‌ی دووه‌م: له بڕگه‌ی 4ی مادده‌ی 4 دا هاتووه "ده‌سته‌واژه‌ی به پاڵنه‌ری كاری تیرۆر و له چوارچێوه‌ی یاسای رۆژنامه‌نووسی و مافی راده‌ربڕین ده‌ربچێت" بۆ بڕگه‌كه زیاد كراوه و كه‌سی تاوانبار به 15 ساڵ زیندانی سزا ده‌درێت. ئه‌م بڕگه‌یه ده‌رفه‌ت ده‌دات، له‌بری دادگاییكردنی رۆژنامه‌وان به یاسای ژماره 35ی ساڵی 2017ی كاری رۆژنامه‌وانی به هه‌مواری یاسای ژماره 3ی ساڵی 2006ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر سزا بدرێت. وه‌ك چۆن سزای ئیعدام له یاسای "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ" چه‌سپا، مه‌ترسی راسته‌قینه هه‌یه سزای "له‌ناوبردن" و بڕگه سزاییه لاستیكییه‌كانی تریش له‌ناو بێباكی و نه‌بوونی بوێری ده‌نگی نه‌خێر له هه‌مواری یاسای "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر" بچه‌سپێت. پێویسته رۆژنامه‌وانان و به‌رگریكاران له ئازادی رۆژنامه‌وانی و مافه‌كانی مرۆڤ، به فشاركردنه سه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان رێگا له ده‌رچوونی یاساكه بگرن به‌و چه‌شنه هه‌مواره په‌سند بكرێت، له كاتێكدا له ساڵی 2006 ه‌وه ره‌خنه‌ی جددی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی یاسای تیرۆر هه‌یه. پێویسته كاری به‌كۆمه‌ڵ بكرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی تر كه سزای له سێداره‌دان له خۆ ده‌گرن، به‌و ئامانجه‌ی یاساكان به‌ناوی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری تاوان و سه‌ركوتكاری به‌رهه‌منه‌هێننه‌وه.
■ئاراس فەتاح.. زیندانییەکانی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی نازییەکان (کە بە KZ بەناوبانگە) شوناسیان نەبوو، بەڵکو خاوەن ژمارە بوون، کە بانگیش دەکران بە ژمارە بانگدەکران، نەک بە ناو. کاتێکیش بە شەمەندەفەری وڵاغ-گوازەرەوە بۆ ئۆردوگاکان دەھێنران، سەرەتا ریزیان پێدەبەستن، ناچاردەکران ماوەیەک بە چینچکانەوە دابنیشتن تاوەکو ئەژنۆکانیان سڕدەبوو و پەکیاندەکەوت، پاشان بەسەر قاوشەکاندا دابەشدەکران. لەورۆژەوە ”وەرزش“ لە وێنەی ئەشکەنجەدانێکی سیستەماتیکی ڕۆژانە دەستیپێدەکرد. ”وەرزشەکان“ فۆرمی جیاوازیان ھەبوو، لەوێنەی ڕیزگرتن، دانیشتن، چۆکدادان، لەسەردەست وەستان، سنگ بە زەویدا خشاندن و ھتد. ھەرکەسێک لەشی سووک نەبوایە و کارەکانی لەکاتی خۆیدا رانەپەڕاندایە، بیراز (فەلاقە) دەکرا. ھەرکەسێک چاپوک و چالاک نەبوایە، حەسیرمەیدان دەکرا، ھەرکەسێکیش لاواز و کەنەفت بوایە، بەگوللەی رەحمەت دەکوژرا، یان دەبرا بۆ ژووری گازبارانکردن و جەستەکەی دەخرایە ناو کوورەی سوتاندنەوە و ژیانی دەکرا بە دوکەڵ. ئەمە دۆخی ”وەرزشکار“انەی ژیانی زیندانییانی ناو ئۆردوگای زۆرەملێی نازییەکان بوو کە جوولەکە و سنتی و رۆما ”قەرەج“ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای تێدا کۆدەکرایەوە. لە ساڵی ١٩٤٢دا (ھانریش ھیملەر)ی گەورە نازی، کە سەرۆکی ھەموو ئۆردوگاکان بوو، بڕیارێکی بۆ زیندانییان دەکرد کە لەمەودوا بۆیان ھەیە وەرزش بکەن. ئەم بڕیارەشی وەک دیارییەکی ناوێزەی سەرۆک (ھیتلەر) بە ڕای گشتیی فرۆشت. دیارە زۆرینەی مێژوونووسان لەسەر ئەوە ھاوڕان کە بڕیاری وەرزشکردن لە ئۆردوگاکاندا ھێندەی پابەندی ئەوە بوو کە دۆخی جەستەیی زیندانییان باشبکات، بۆئەوەی ھێزی کارکردن و توانای بەرھەمھێنانیان برەوپێبدات، ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە زیندانییان لەکاتی فەراغدا چێژ لە ژیانیان ببینن. ھێزی دەستی کار بەبۆنەی جەنگەوە بەرەو نەمان دەچوو، بۆیە زیندانییان تاکە پڕکەرەوەی ئەم بۆشاییە بوون کە لە پیشەسازیی چەک و تەقەمەنییدا دروستبووبوو. لەپاڵ ئەم ھۆکارە ئابوورییەدا نازییەکان پێویستیان بە پڕوپاگەندەش بوو دژ بەو زانیارییانەی کە لەسەر ژیانی وەحشەتئاسای ناو ئۆردوگاکان بۆ دەرەوە دزەیان دەکرد. ئەوان دەیانویست لەڕێگای وەرزشەوە نیشانیبدەن کە دۆخی نیشتەجێیانی ناو ئۆردوگاکان چەندە باشە. ھەر ئەمەش بوو وایکرد کە دەربازبووان تا ساڵانێکی زۆر باسی ئەم بابەتە نەکەن، نەبا وێنایەکی پۆزەتیڤ لەسەر سیاسەتی نازییەکان لەناو ئۆردوگاکاندا دروستبکات. سەرەڕای ئەم پاشخانە ئابوورییەی بڕیارەکەی ھیملەر، وەرزش بە گشتیی و بەتایبەت تۆپێن بوو بە ھۆکارێک بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی بچووک بەسەر ژیانی ئینسانی ناو ئۆردوگاکاندا، بوو بە دیارییەک کە بۆ چەند ساتێکیش بێت زیندانییان لەڕێگایەوە ژان و خەم و ئازارەکانیان بیربچێتەوە. زیندانییەکان دوای چەندین کاتژمێر لە کاری قورس و نائینسانیی، دەیانتوانی لە رێگای تۆپتۆپێنەوە پشوویەک بدەن و ژیانێکی تر بژین. ھەر ئەمەش وایکرد کە زوو بکەونە خۆیان و تیپ و خولی وەرزشیی و کەلەوپەلی وەرزش دروستبکەن. لە چەرمی پێڵاوی ھاوڕێ کوژراوەکانیان تۆپیان دروستدەکرد، لە جلوبەرگەکانیشیان تی-شێرت و فیکەی پاسەوانەکانیشیان کە بۆ ھەڕەشە و ئاگادارکردنەوە بەکاردەھێنرا، بۆ ناوبژیوانی بەکاردەھێنا. بەشێوەیەکی گشتیی تیمی یاری تۆپێنەکان لە حەوت کەس پێکھاتبوون و ھەر گێمەی تەنھا 35 دەقیقە بوو. بینەرانی یارییەکان تەنھا زیندانییان نەبوون، بەڵکو پاسەوانەکانیش بوون. ھەربۆیە یارییەکان بەبەردەوامی بینەری زۆریان ھەبوو. یاری تۆپێن بوو بە ھۆکارێک بۆ گەورەکردنی شانسی ژیان لە ئۆردوگاکاندا، نەک تەنھا لەڕووی جەستەییەوە کە وەرزش ھۆکارێکی گرنگ بوو بۆ تەحەمولکردنی ئەو ھەموو پڕوکاندن و ماندووبوونەی کاری رۆژانە، بەڵکو لە تیپەکاندا سەرۆکی بەشەکانیش یارییاندەکرد و ھەندێک لە یاریکەرەکانیش پاسیان دەدا بە سەرۆکەکانیان، بۆئەوەی گوڵ بکەن. ئەمەش دەبووە ھۆی ئەوەی کە نانی زیاتر یان کاری باشتریان دەستبکەوێت. نان و کار لە ئۆردوگاکاندا تاکە گەرەنتییەک بوون بۆ بەردەوامبوون لە ژیاندا. لە ئۆردوگاندا چەندین گروپی کاری جیاواز و نەتەوەی جیاواز و چەندین ئیمانداری سەر بە ئایینی جیاوازیش زیندانیی بوون. ھەریەکەیان گروپی تۆپێنی تایبەت بە خۆی دروستکردبوو کە لە خولەکاندا بەرامبەر بە یەکتر یارییاندەکرد. ئەم رەھەندە چەندە لە رووی سۆسیۆلۆگییەوە سەرنجڕاکێشە، ئەوەندەش لە رووی ئینسانییەوە کارەساتبار بوو. چەندین یاری کە لە نێوان گروپە نەتەوەییەکاندا سازدەکران، توندوتیژیی لێدەکەوتەوە و ھەندێک جار کوشتاریشی تێدەکەوت. بۆ نموونە رقی پۆلۆنییەکان لە ئەڵمان گەورە بوو، ئەوان دەیانویست بیسەلمێنن کە ئەڵمانەکان ھەڵبژاردەی رەگەزی مرۆڤ نین و لە ھەموو کاتێکدا باشترین نەتەوە و باڵاترین رەگەز نین. ئەوان لە کاتی تۆپێندا ئەوەیان بیردەچووەوە کە ھەموویان لە ئۆردوگاکاندا یەک چارەنووسیان ھەیە، ئەویش مردنە. یاری تۆپتۆپێن لە ئۆردوگاکاندا شوناس و کەسایەتییەکی تری بە زیندانییان بەخشی. لەکاتی یاریکردندا زیندانییەکان یاریزان بوون، ھەر وەرزشەوانێک وەزیفەیەکی دیاریکراوی ھەبوو کە لە ناو تیپەکەیدا دەیگێڕا، جیاواز لەو وەزیفەیەی لەناو ئۆردوگا زۆرەملێکاندا بۆیان دیاریکرابوو. بۆنموونە زیندانیی لە تیمەکەیدا رۆڵی گۆڵچی دەگێڕا، ئەندامەکانی تر بەرگریکەر بوون، یان لە خەتی نێوەند یارییاندەکرد، یاخود رۆڵی ھێرشبەریان دەگێڕا. ئەوان لەو چرکەساتانەدا ھەڵگری شوناسە راستەقینەکەی خۆیان بوون. تەنانەت بینەرەکانیش ھەستیان بەوەدەکرد کە ئامانجێک ھەیە و بۆ چرکەساتێکیش بێت دەتوانن بۆی بژین، ئەویش پشتیوانیکردنی تیپەکەیان و ھاندانیانە بۆ بردنەوە. ئەم کەشەش دۆخێکی خوڵقاندبوو کە ھەرکەسێک بەلای ئۆردوگاکاندا بە پیاسە بڕۆشتایە و یاری تۆپێنی زیندانییانی ببینایە و ھاتوھاواری ھاندەرانی گوێ لێبوایە، ھەستی نەدەکرد کە ئەوێ شوێنێکە بۆ بەرھەمھێنانی مردن، بەڵکو وێنای ئەوەی لەلا دروستدەبوو کە ئەوێ شوێنێکە بۆ کاتبەسەربردن و چێژبینین لە ژیان. کاتێک تێپێکی جوولەکە لەگەڵ تیپێکی پاسەوانانی ناو ئۆردوگادا یارییان دەکرد، زیندانییان لەو چرکەساتەدا بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ھەمان ئەو رکەبەرانە دوای یارییەکە دەبنەوە بە دوژمنەکەیان و دەشێت لە سەرپێچیکردنێکدا بیانکوژن. بردنەوەی زیندانییان لە پاسەوانان تەنھا بردنەوەی گەمەیەک نەبوو، بەڵکو نیشاندانی ئەو راستییەش بوو کە ئەمان لە شوێنێکی تردا بەتواناتر و بەدەسەڵاتترن. زیندانییان ھەمیشە دۆڕاو نین وەکو لە گەمەی دەسەڵاتدا دەیبینین، بەڵکو دەشێت لە شوێنێکی تردا براوەی گەمەیەکی تر بن، وەکو لە یاری تۆپێندا دەبینرا. گەر پاسەوانان لە گەمەی ژیاندا براوەبن، ئەوا دەشێت لە یاری تۆپێندا دۆڕاوبن. گەر پاسەوانان لە ژیاندا گۆڵ لە زیندانییان بکەن، ئەوا زیندانیان لە تۆپێندا دەتوانن گۆڵیان لێبکەن. گوڵکردن لە پاسەوانان و بکوژان، بەخشینی ھەستی سەرکەوتن بوو لە گەمەیەکی راستەقینەی رکەبەرێتییەکی شێوەھاوتادا. زیندانییان ئەو راستییەیان باش دەزانی کە ئەوان لە گەمەی دابەشکردنی پێشوەختی دەسەڵاتدا لەسەر بناغەی ھێز، یارییەکەیان درۆڕاندووە. یاری تۆپێن لە ئۆردوگاکاندا بە ھەموو ڕەھەندە ئاڵۆزەکانییەوە، شانسی ژیانی زیندانییانی گەورەتر کرد و وێنایەکی تر و وشیارییەکی تری پێبەخشیین. زیندانییان لەو ڕۆژانەی یاری تۆپێنیان دەکرد، گۆڵیان لە مردن دەکرد، لانی کەم لەکاتی یاریکردندا ئەوەیان بیردەچووەوە کە مردن سبەینی گۆڵیان لێدەکات. ................ ئەم وتارە نووسینێکە پێش چوار ساڵ لە سەروبەندی مۆندیالی ٢٠١٤دا نووسراوە و لە ھەفتەنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە. باس لە گرنگیی کردەی تۆپ تۆپێن دەکات بۆ زیندانیانی ناو ئۆرگاکانی مردن لە سەردەمی دەسەڵاتی نازیزمدا.
كامه‌یان سه‌ركه‌وت؛ فاشیزم یان دیموكراتی؟! ■حه‌سه‌ن جودی.. 1. به‌م هه‌ڵبژاردنه؛ سیاسه‌تی فاشیستانه‌ی ئاكه‌په- مه‌هه‌په سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی قایمتر بكات و درێژه‌ی پێبدات، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وت له‌وه‌ی دینامیكی دیموكراتی توركیا، كه هه‌ده‌په‌یه تێكبشكێنێت. 2. هه‌ده‌په وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی ئازادی و دیموكراتی؛ سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی نیوه‌ی پیلانه‌كه‌ی فاشیزمی ئاكه‌په-مه‌هه‌په پوچه‌ڵبكاته‌وه و به‌ربه‌ستی 10%ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵام نه‌یتوانی فاشیزم و سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی تێكبشكێنێت. واتا دیموكراتیه‌ت نیو هه‌نگاو سه‌ركه‌وت، سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی بمێنێته‌وه و تێكنه‌شكێت و توانستی به‌رده‌وامبوون و سه‌ركه‌وتنی زیاتر بكات. بۆیه پێویستیی به تێكۆشانی زیاتر هه‌یه بۆ تێكشاندنی یه‌كجاره‌كی فاشیزم. 3. ئاكه‌په-مه‌هه‌په و ئه‌ردۆغان، به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سیسته‌می سیاسی و ده‌ستووری توركیا كردوویانه، به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌شیه‌وه؛ ئیدی ئێستا ته‌واو گه‌یشته ئاستی فاشیزمی مۆدێل به‌عسی عێراقی و دیكتاتۆریه‌تی مۆدێلی سه‌ددامی، كه كۆی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت له ئاكه‌په و شه‌خسی ئه‌ردۆغان خۆی كۆده‌كاته‌وه، به په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادوه‌ری و سوپا و راگه‌یاندن و ده‌زگا و كایه‌كانی تریشه‌وه. 4. به‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری فاشیزم له توركیا، ئه‌وا توركیا و كوردستان و كۆی خۆرهه‌ڵاتی ناوین پێده‌نێته قۆناخێكی مه‌ترسیدارتره‌وه. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموكراتی بۆ كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه - له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه كێشه‌ی ماف و ئازادی گه‌لی كوردستان - كه‌متر و به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه. به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی شه‌ڕه دژواره‌كان زیاتر ده‌بن. 5. بۆیه له‌ناوخۆی توركیادا؛ ململانێ و ناكۆكی و شه‌ڕی نێوان فاشیزم و دیموكراتی قووڵتر و فراوانتر ده‌بێته‌وه. توركیا ناتوانێت به‌و دۆخه داته‌پیوه ئابووری و سیاسییه‌ی ئێستای خۆیه‌وه ته‌نیا به فاشیزم قه‌ڵمڕه‌وی بكات و له‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌رده‌وام بێت. به‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی؛ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری گشتی توركیا، یان كوده‌تای سه‌ربازی، یان ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی زیاتر ده‌بن. 6. له‌ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهانیشدا؛ به تۆكمه‌بوونی زیاتری فاشیزم له توركیادا كۆی ناوچه‌كه و جیهان رووبه‌ڕووی دۆخێكی گێژاوتر و ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه. زۆر له‌و دۆخه ده‌چێت كه هیتله‌ر پێش "دووه‌مین جه‌نگی جیهانی" به هه‌ڵبژاردن هاته سه‌ر حوكم و دواتر جه‌نگی دووه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا و ده‌یان ملیۆن مرۆڤی تێدا بووه قوربانی. هه‌ڵبه‌ته دۆخی ئه‌وكاته‌ی ئه‌ڵمانیا و دونیا و دۆخی ئێستای توركیا و دونیا زۆر له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام ئه‌و لێكچوونه‌ش هه‌یه. 7. بێگومان فاشیزمی توركی- ئیسلامی نه‌ك هه‌ر توانستی دروستكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیی نییه. به‌ڵكو ئه‌گه‌ری زۆره دۆخی توركیا به‌ره‌و دۆخی سوریا یان ئێراق ببات و وێرانتری بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادایه كه‌وا ئه‌گه‌ر زوو رێگیری له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م فاشیزمه نه‌كرێت ئه‌وا چاره‌نووسی توركیا له چاره‌نووسی یۆگسلاڤیای هه‌ڵوه‌شاوه خراپتر ببێت. چاره‌نووسی ئه‌ردۆغانیش له میلۆسۆڤیچ و سه‌ددام خراپتر ببێت. 8. راستترین هه‌ڵوێست له ئاستی توركیا، كوردستان، خۆرهه‌ڵاتی ناوین و دونیا له‌به‌رامبه‌ر به توركیا ئه‌وه‌یه كه؛ له‌هه‌موو به‌ره و بوارێكدا: به‌ره‌ی دژه فاشیزم رێكبخرێت و په‌ره‌بسێنێت تا بتوانرێت رێگیری ئه‌وه‌ی لێبكرێت تا كاولكاری زیاتر له‌وه‌ی كردوویه‌تی نه‌كات و كۆی توركیا و كوردستان و خۆرهه‌ڵاتی ناوین نه‌كاته سوتماكی فاشیزم. 9. به‌تایبه‌تی له ئاستی كوردستاندا؛ پێویسته ده‌رك به‌وه بكه‌ین كه سه‌ركه‌وتنی فاشیزمی توركی- ئیسلامی (ئاكه‌په و مه‌هه‌په) ئه‌وكاته دێته‌دی كه بتوانێت ئیراده‌ی ئازادی گه‌لی كوردستان له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا تێكبشكێنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه بێته‌دی. چونكه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان پێگه و توانستێكی مه‌زنی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی هه‌یه، هه‌م له ئاستی كوردستان و توركیا، هه‌میش له ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهاندا. بۆیه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان و گه‌لی كوردستان پێشه‌نگی ئه‌و به‌ره دژه فاشیزمه‌ن كه بۆته پێویستییه‌كی به‌په‌له و ژیانیی بۆ توركیا و كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان. 10. ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی له توركیا تادواڕا‌ده له‌باربراون، رێگاكانیشی داخراون. مسۆگه‌ر باشترین ده‌رفه‌ته‌كان ده‌ستپێشخه‌ری و پرۆژه ئاشتیخوازییه‌كانی رێبه‌ر ئۆجه‌لانه، نزیكترین رێگاش بۆ ئاشتی ئیمراڵییه. بۆ داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌گه‌ری هه‌ره لاواز ئه‌وه‌یه كه: جارێكی دیكه ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی له‌دایكببنه‌وه، رێگاكانیشی بكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش كاتێك دێته‌دی كه راسته‌وخۆ رێبه‌ر ئۆجه‌لان موخاته‌ب وه‌ربگیردرێت و رێبه‌ر ئۆجه‌لانیش وه‌ك هه‌موو جاران، له‌میانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری و پرۆژه‌كانییه‌وه، هه‌ده‌په و په‌كه‌كه‌ش رۆڵی بنچینه‌یی خۆیان له‌مه‌دا ببینن، پێهه‌ڵگرتنێكی مه‌زن بكات و كه‌شێكی گونجاو بۆ دانوستاندن و به‌دیهێنانی ئاشتی و چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموكراتیانه‌ی پرسی گه‌لی كوردستان و دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می توركیا بڕه‌خسێنێت.