تارمایی ئەوەیە کە لێرەیە و لێرە نیە. لێرەیە و ئێمە هەوڵئەدەین کە لە گەڵیدابین، بەڵام هەوڵەکانمان هەرگیز ناگاتە ئامانجی ئەوەی کە بە تەواوی ئەوەی کە تارماییە، چیدی لە دۆخی تارماییدا نەمێنێت. بەڵام تارمایی ئەو بونەیە کە پاش دەرکەوتنی دەبێتە بەشێک لە ئێمە، هەمیشە بێ جەستەیە، تەنها ڕۆحێکە، بە دوای ئەو جەستانەدا دەگەرێت کە بە دوایدا دەگەڕێن. کاتێک جەستەکان بە ڕۆحی ئەم تارماییە ئاشنا دەبن، ئیتر پچڕانێک دروست دەبێت لە نێوان خۆیان و دونیادا، کات دەپچڕێت، چونکە ئەو ساتەوەختەی کە بە جۆرێکی تر بیرمانکردەوە ئیتر هەرگیز هەمانکات نیە، هەمان پلەبەندی شتەکان نیە، دونیا هەرگیز بە هەمانجۆر نیە. ئەو پیاوەی کە ئەم جۆرە تارماییەی لە دونیای ئێمەدا دروستکرد نەوشیروان مستەفا بوو. پێش هاتنی ئەو، زمانی گۆڕان، خەونی گۆڕان، خواستی گۆڕان، دووربوو لە ڕۆحی گشتی، لە هێز، لە نۆرم. ئەو هات پچڕانێکی لە حەکایەتە گەورەکانی شاخ و خەبات و چەکداردا دروستکرد و وەک لیوتار ووتی سەردەمی چیرۆکە گەورەکان تەواو، ساتی ئەوەیە گوێ لە چیرۆکی هەریەکێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بگرین و گورزەیەک لە ووردە چیرۆک دروست بکەین، بۆئەوەی ڕەنگی هەمومان و ئاهی هەمومان و خواستی هەمومان ئامادەیی تیادا هەبێت. بەڵام لە بەگشت بوونی ئەم رۆحە، جارێکی تر، دەبێتەوە بە تارمایی. تارماییەک کە ترس دەهێنێت. ترس لە هەناوی ئەو جەستانەی کە ڕۆحیان تیادا نەماوە یان توانای وەرگرتنی ڕۆحێکی تریان نیە. بۆیە وەک درێدا دەڵێت، تارمایی هەمیشە تارماییەکانە. بەڵام تارمایی چی ئامادەییەکی هەیە؟ یان ئەوە چ ئێستایەکە کە ئامادەییەکی تارماییانەی هەیە؟ ئامادەیی تارماییانە ئەو ئامادەییە کە بونی هەیە بەڵام ئاگایی نیە بەرامبەر بونی، یان نکوڵی دەکرێت لە بونی یان رێگری دەکرێت لە بونی. بۆ نمونە داهاتوی گەنجان و لاوان تارماییەکە بەدوامانەوەیە، لە پێشمانەوەیە، ئەگەر ئێستا هەستی پێنەکەین ئەوا هەرزوو ڕاوەدومان دەنێت. بۆیە گۆڕان ئەو پرۆسەیەیە کە تارماییەکان دەناسێتەوە، جەستە ئامادە دەکات بۆ ڕۆحەکان. نەوشیروان مستەفا ئەو تارماییەیە کە لە هەموو ئاگاداربونەوەیەکمان لە تارماییەکان دێت تارماییانە سەرەتاتکێیەکمان لە گەڵدا دەکات. تارماییەکان لەوێن، کە هەستمان پێکردن دەبنە هاوەڵمان، کە لێیان ترساین دەبنە دێوزەمە بۆمان، کە لە بیرمانکردن جارێکی تر دەبنەوە تارمایی و راوەدومان دەنێن. بۆیە هەمیشە ئێستایەک هەیە کە هەرگیز تەواو ئێستا نیە، ئێستایەک هەیە کە ماسیانیکە.
دانا هەڵەبجەیی پرۆسەی دەنگدان، لە کوردستان سیما و ڕەزمێکی سەیر و سەمەری لە خۆگرتووە. ساڵی 1992 کە یەکەم جار کورد لە باشوور بە تاس وجۆشەوە ئەم ئەزمونەی تاقیکردووە، بۆ بەگەڕخستنی یەکەم پەرلمانی کوردستان،. ئەوەندەی نەبرد شەڕی نەگریسی حیزبە کوردستانییەکان دەستی پێکرد و بە هێنانی تانکی دوژمن بۆ سەر پەرلمان، ئەنجامی ئەوهەڵبژاردنە پەنجا بە پەنجایەمان بینی. ئەوەندەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ برابەشکردن(گومرگ) و ڕێگڕی لە هەڵگیرساندنی شەڕی یەکێتی و پارتی بوو، چارەکە ئەوەندە فڕی بەسەر دیموکراسی و مافی دەنگدانەوە نەبوو. ئەمانە مێژوویەک لە شەڕی دەسەڵات و دارییان هەیە، کە لە جەلالی و مەلاییەوە بگرە تا ئەوەی کە ئێستا ڕۆیان چوانەتە ناو ماڵی هەموو کوردێک. لە شاخ بە چەک و پاوانکاری، حەق و حسابیان لەگەڵ یەک ئەکرد، ئێستاش بۆ هەمان ئامانج، بە ڕێگەی هەڵبژاردن و میدیاکانیان ئەیکەن. ئەگەر شەرمی میللەت و ترسی بەغدا و دەوڵەتان نەبوایە،هەمان شەڕیان بۆ ئەکردینەوە دیاری،. بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی فرەی میللەت لە مەرام و مورادی ئەمانە گەیشتوون. ئەم 27 ساڵە ڕووی شاراوەی خۆیان و بنج وبنەوانیان بە تەواوی دەرکەوت، کە ئەمانە چ کانزایەک و چ بونەوەرێکی نامۆن بە جەستەی میلەتێکی ستەمدیدەی کوردەوە. ئەمانە تا ئێستاش شەڕە پەرۆ و شایی و لۆغان و خۆنمایشکردنێکی ساویلکانە ئەکەن، وا ئەزانن ساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی پێشووە. جگە لە هەڵدانەوە پەڕە خویناوی و هەڕەشە و گوڕشە و زمانی چەکی یەکترکوشتنەکانیان کە دەیان هەزاریان لەیەکتر کوشت و ماڵوێرانکرد، بەناوی شەهید و شاخ و شۆڕشەوە، هیچی تازەیان پێ نییە، بۆ ئەو میللەتە داماوە. ئەوان ئەوەندەی قاڵبووی شەڕ و شۆرن، ئەوندە بە تەنگی بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە نین. ئەوەندەی باس لە ئامڕاز و ئامانجەکانی شۆڕشی چەکداری ئەکەن ئەوەندە باسی یاسا و داد و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە ناکەن،. ئەمان لە ئاشتی و ئاوەدانی و لە ناو میللەتێکی تێر و تەسەلدا، خەرمانیان بەرکەت نایات. ئەگەر وەک چاودێرێکی بیانی گوێقوڵاغی وتارە ڕەق و تیژەکانیان بین، وا هەست ئەکرێت کە تا ئێستا پێشمەرگە بە شاخەوەیە و دژی دوژمنێک ئەجەنگێت. ئەمانە جگە لە پەرچە کردار و خۆ بە ئۆپۆزیسێۆنزان و پارتی پێشەڕەو زیاتر، هیچیان لە هەگبەدا نییە، ئەگەر هەبوایە لە کەمپینەکانیاندا ڕەنگی ئەدایەوە. تازە باسی دەسکەوتی زیاتر و دروستکردنی ئایندە ئەکەن، وەک بڵێی پێشتر بۆیان نەلوابێت ئەمانە بکەن. بەڵام لە سایکۆلۆژی سیاسەتدا لە خودی دروشمەکەدا ئەبینرێت، کە بەڵێ، دەسکەوت و ئایندەیان بۆ خۆیان بە زیادەوە فەراهەم کردووە، ئەوە میللەت و دۆزی کوردە کە بێ بەشە لەو دەسکەوت و ئایندەیە. هەربۆیە، ڕەنگاندنی زەمین و ئاسمانی شەقامەکان، و گرداندنی ڕەشە ئەندامانی حیزب لە مەیدان و گۆڕەپانەکاندا، دادی کاڵبونەوە و هەڵوەڕاندن نادات، میللەتی هۆشیار ئەمجارە ئەزانێت بێدەنگانە چۆن دەنگ ئەدات، وەهەرچەندە دەنگی قەوانە سواوەکان، بگاتە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام نابێتە مێشە میوانێکی خەڵکی هۆشیار. ئەو کولتوورەی حیزبی چەکدار و شەڕوشۆڕی سەدەی بیست، فریای خەباتی مەدەنی و عەقڵانی و سیاسی ئەم سەردەمە ناکەوێت، چونکە خەرمانی دەیان ساڵەمان نە بە مشت، بەڵکو بە سایلۆش بینیوە و چەشتووە. بێدەنگانە دەنگە هۆشیار و ژیرەکانی میللەت، چیدی توخنی زۆربڵێ بێ بەرهەمەکان ناکەوێت، بەڵکو دوای خەڵکی دەوڵەت و دەوڵەتداران ئەکەوێت، کە گوزەران و ژیانی ئاسودەی بۆ مسەوگەربکات. نەک شانامەی بۆ بخوێنێتەوە.
نیاز عهبدوڵڵا..... ئهفسانهی دهسهڵات له رێگای تاوان و ههڵهكانی دهسهڵات خۆیهوه تێكدهشكێت. یهكێك لهو ههڵه مێژووییانهی دهسهڵاتی خۆ بهڕێوهبهری كوردی له تێكشكاندنی ئهو ئهفسانهیهی خۆیدا كردی كه چهندین ساڵ به خهرجكردنی پاره و بهكارهێنانی چهك دروستی كردبوو، تیرۆركردنی رۆژنامهنووسی لاو سهردهشت عوسمان بوو. ئهو هێزانهی پایهكانی دهسهڵاتیان له رێگای ترساندن و درۆكردنهوه راگرتووه ئاسانتر گوتاری ساختهیان له پهنای بانگهشهكردن بۆ سیستهمێكی دیموكراسی ئاشكرا دهبێت. تیرۆركردنی سهردهشت عوسمان لهژێر فهرماڕهوایی سهربازی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری ههولێر، ههردوو پایهكهی دهسهڵاتی لهق كرد كه ئهوكات تهمهنی 19 ساڵ بوو. ئهوان لهپێناو درزتێنهكهوتنی پایهكانی ترس و درۆی حوكمڕانیان تیرۆریان كرد، كهچی 8ساڵه ناڕهزایهتی له مهرگی ئهو سیمبولهی ئازادی شهپۆلی بههێز دهدات بۆ خستنی پایهكانی ستهمكاری له كوردستان و بونیادنانی ژیانێكی دادپهروهرانهی پڕ له كهرامهت. لهو كاتهی سهردهشت وتاری "یهكهمین زهنگی كوشتنم لێی دا"ی نووسی و وتی "له چهند رۆژی رابردوودا بۆ یهكهمین جار پێیان گوتم ژیانت چهندی نهماوه، یان به گوتهی خۆیان مۆڵهتی ههناسهدانم لهم شاره نهماوه، بهڵام من نهباكم به مردنه و نهئازاردان، لهچاوهڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵهتهكهمم تا به دیداری بكوژهكانی خۆم بگهم" ئهو باش ناسنامهی سیاسی بكوژهكانی دهناسی، دهیزانی چۆته ههناوی چهقبهستووی سیاسییان و له دیدگایان "ئهمنی قهومی وڵاتهكهی بهزاندووه و دهكهوێته بهر رهحمهتی تفهنگ و قهڵهمهكانی ئهوان" و چیتر ئهو "وهك ئهوهی شوفێرێك" بێت و "له ترافیكی سوور"ی دابێت چاوهڕوانی سزای "ئهم دهسهڵاته بووه، كه باكی به مردنی نهوهكانی خۆی نییه". بكوژناسی ئهو دهگهڕێتهوه بۆ ناسینی ئهو سیستهمه سیاسی و بنهماڵه سیاسییانهی له كوردستان رهخنهیانی دهكرد و دهیزانی له نێو ئهفسانهی سیاسیی ئهواندا "نابێت به سهرۆكهكهت بڵێی مووچهكهت چهنده؟ بۆ كوڕ و نهوه و خزم و كهسوكارت ئهو ههموو پۆسته سهربازی و حكومییهیان پێدراوه؟". ئهو باش زانیبووی مهترسییهكانی نووسین چین، بۆیه ههر خۆی دهیپرسی "ئهبێ مهترسییهكانی نووسینێك چی بێت، بهشێوهیهكی كۆمیدیا كه رهگهزێكی گرنگی ئهدهبیات و هونهره باس له سهرۆك بكهین؟". دوای تێپهڕبوونی 8ساڵ بهسهر تیرۆركردنی، وانهیهك كه له سهردهشتهوه بۆ ئازادیخوازان جێدهمێنێت جگه له ناسینی سیستهمی سیاسی و راددهی چاوهڕوانیمان له پهرچهكرداری ستهمكارانهی ئهم حوكمڕانییه، راددهی خۆڕاگری و بهرگری ئێمهیه له بیروباوهڕی ئازادیخوازانه و دادپهروهری و كهرامهتی گشتی و تاك. نهگهڕانهوهمانه بۆ دواوه له خهباتی مهدهنی و بهرگریكردن له ئازادی رادهبرین و ئازادی كاری رۆژنامهوانی و دروست كردنی پایهكانی حكومڕانییهكی دیموكرات له كوردستان.
لاوك سەڵاح تێگەیشتن لە هەیکەل و بەرنامە و بونیادی پارتەکان فاکتەرێکی سەرەکییە یارمەتی دەنگدەر دەدات بۆ ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن بریار بدات دەنگ بە کێ دەدات. بۆ نموونە، دەنگدەر، دوور لە هاوار و قیرە قیر، ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە لە کوردستاندا چ جۆرە سیستمێکی حوکمرانی دەوێت؛ پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی؟ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق وەک راهێنانێک وایە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان. ٢. دەنگدەر دەبێت ئەو پرسیارە بکات کێ دیاردەیەکی عەرەزی و سەرپێیانەیە لە دونیای سیاسیماندا؟ کێ هەڵگری پرۆژەیەکی ریفرۆمکردنی سیاسییە؟ رەنگە تێروانین و رای جیاوازمان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەبێت. کێ بە مردنی سەرۆکی لیستەکەی تیپ هەڵدەوەشێتەوە؟ ٣. بەرێوەبردنی دارای هەرێم پێویستی بە گیانێکی ماراسۆنی هەیە، هەر بۆ نموونە بەرێوەبردنی پرۆژەی تایبەت زۆر جیاوازە لە بەرێوەبردنی پرۆژە گشتییەکان، یاساکانی جیاوازە، ئامانجەکانی جیاوازە، کەسایەتییەکانی جیاوازن..هتد هەر لەبەر ئەوە، دەنگدەر دەبێت ئاگادار و وریا بێت کە بۆ ئاییندە کێ دەخوازێت ئابووری لە سیاسەت و دەستەڵات جیا بکاتەوە. ئەمە کارە ماراسۆنییەکەیە، ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە. ٤. دوور لە فۆبیای بەکارهێنانی میدیا، کێ دەتوانیت لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە تێروانینی دەنگدەرەوە بڵی من هەڵەمکرد وفێربووم و جارێکی تر ئەو هەڵانە ناکەمەوە، بێگومان ئەمە جیاوازە لە تاوانی ستراتیژی، ئەویان دەکەوێتە خانەی نەبوونی ئەزموونی ئیداری وهەڵبژاردنی کەسەکان. ئەم فاکتەرە جەوهەرییە بۆ ئەوەی هێشتا بە دەنگدەر بڵێت من لە سەنگەر و ریزی تۆم. ٥. کێ دەتوانیت لەسەر هێلێکی بیانی تا رادەیەکی جێگیر پرۆسەکە بەرێوەبەرێت، کێ دەتوانێت پرۆژەیەکی نیشتمانی بە دەنگدەر بناسێت دوور لە رەنگدانەوەی سایکۆلۆژیەتی دیاریکراو بە گیانێکی پیشەییانەوە و دوور لە تۆمەتبازی بەڵام پشتئەستوور بە راستگۆیی وحەقبێژی کە رەنگدانەوەی ماف پاراستنی هەموو پێکهاتە کۆمەڵاتییەکان بێت هەر لە ئیسلامییەوە تا دەگاتە عیلمانییەکان، دواجار ئەم نیشتمانە هی هەموومانە.
کۆمەڵێک خوێنەر پرسیاری ئەوەیان لە من کردوە ئایا ھەڵبژاردن لە ھەرێمدا ھیچ دەگۆڕێت؟ ئایا بەشداربوون لە ھەڵبژاردندا چ سودێکی ھەیە؟ ئەمەش وەڵامێکی کورتی من بەو دوو پرسیارە. بە بۆچونی من وەڵامی پرسیاری یەکەمیان پابەستە بەوەوە چ مانایەک بە ”گۆڕان“ ئەدرێت؟ ئەگەر مەبەست لە گۆڕانکاریی کەمکردنەوەی ڕوەکارە زینابەخشەکانی سیستمە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە بێت و ھەوڵدانبێت بۆ بەگژاچوونەوەی کێشە ھەرە سەرەکیی و گەورەکانی، لەوانە بۆ نموونە بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی خێزانی و ھێنانەدەرەوەی بڕێکی بەرچاوی دەسەڵات لە ژێر دەستی ئەو خێزانانە، بەھێزکردن و چالاککردنی پەرلەمان وەک دەزگای شەرعی ژمارە یەکی ھەرێم، بەگژاچوونەوەیەکی جدیی و ڕاستەقینەی دیاردەی گەندەڵیی، بەرقەرارکردنی شەفافیەت و ڕوونی لە ئابووریی نەوتدا، داڕشتنەویە پەیوەندییەکانی ھەرێم بە بەغدا و وڵاتە ئیقلیمییەکانەوە لەسەر بنەمایەکەی نیشتیمانیی و بەشێوەیەکی دەزگایی، ھەوڵدان بۆ سەربەخۆکردنی دادگاکان و وەگەڕخستنی میکانیزمێکی چالاکتر بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، ڕێکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکان و دەستکردن بە دامەزرادندنی سیستمێکی تر لە ئاسایش بۆ پاراستنی ھەرێم و دانیشتوانەکەی، دەڵێم ئەگەر ئەمانە خاڵە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی گۆڕانکاریی بن، ئەمانە ئەو تەوەرانە بن کە کردەی گۆڕانکاریی لە ھەرێمدا ڕووبەڕوویان ببھتەوە، ئەوا ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕانکارییان لەئارادایە و شتێک نییە مەحاڵ بێت. ئەمانە ھەموویان بە بڕیاریی سیاسیی و لەپاڵ کۆمەڵێک تەماح و خەونی سوڵتانیدا دروستکراون، بۆیە بڕیاری سیاسیی تر و خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تر دەتوانێت بیانگۆڕێت. بێگومان ئەم دۆخە کە بە لەزیاد لە چارەکەسەدەیەک و بە سەدان و ھەزاران بڕیار دروستکراوە ناکرێت لە دەورەیەکی پەرلەمانیدا کۆتایی بە ھەموو دەرکەوتە خراپەکانی بھێندرێت. بەڵام دەکرێت سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو کۆتاییە دەستپێبکرێت، بە بۆچوونی من بەشێک لەو سەرەتایە خۆشی لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھاتۆتەکایەوە و دروستبووە، ئەوەی گرنگە بەردەوامیدان و پتەوکردن و فراوانکردنی ئەو سەرەتایەیە. خاڵێک کە دەبێت لای ھەمووان ئاشکرابێت ھیچ گۆڕانکارییەک نییە بێکێشە و لەسەر ھێڵێکی ڕاست بڕوات و دروستببێت، کردەی گۆڕانکاریی کردەیەکی مێژوویی ئاڵۆزە و پڕیەتی لە ھەڵبەز و دابەز و چوونەپێشەوە و پاشەکشەکردن. ئەوەی گرنگە بوون و ئامادەگیی ئەو ئیرادە و خواستەیە کە دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات، بوونیکۆمەڵێک بکەرە کە لەو پێناوەدا کاردەکەن. ئامادەگیی کۆمەڵگایەکیشە کە نایەوێت بەو شێوەیە بژی کە تا ئێستا ژیاوە. سەبارەت بە وەڵامی پرسیاریی دووھەمیان دەڵێم: دەسەڵاتدارانی ھەرێم و سیستمە سوڵتانییەکەیان گیریان بەدەستی پەرلەمانێکەوە خواردبوو، وە ناچاربوون دایبخەن کە خۆیان زۆرینەیان لەو پەرلەمانەدا ھەبوو. ئەگەر دۆخێک بێتەکایەوە ئەوان ئەو زۆرینە پەرلەمانییە لەدەستبدەن و نەتوانن حکومەت تەشکیلبکەن، ئەودەم گیرخواردنەکەیان دەقات دەبێت. پەرلەمان لای نوخبە دەسەڵاتدارەکە دیکۆرێکی سیاسیی بێڕۆح بوو، بەڵام لە دوو دەورەی پەرلەمانیدا ئەم دەزگایە لە گەشەی خۆیدا گۆڕان بۆ ھێزێک کە ناچاربن دایبخەن. بۆیە من پێموایە ھەوڵدان بۆ ھێنانەکایەی پەرلەمانێک کە دوو پارتە حوکمڕانەکەی ئەمڕۆکە، لەناویدا زۆرینە نەبن ھەنگاوێکی ھێجگار گرنگ و سەرەتایەکی تازەی ترە. ئەمەش داوای ئەوە لە دەنگدەران دەکات بەشداربن لە دروستکردنی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیەدا و دەنگبدەن. ئەو ھێزەی کە دەتوانێت پەرلەمانێک دروستبکات کە تیایدا پارتی و یەکێتی زۆرینە نەبن دەنگدەرانن. ھەمووان دەزانین ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆپەرلەمانی عێراقە، ئەم ھەڵبژاردنە ئەگەر و توانای ئەوە بە خەڵکی ھەرێم ئەدات نوێنەرایەتیکردنی خۆیان لە بەغدا لە دەستی دوو بنەماڵە سیاسییەکەی ھەرێم دەربھێنن و سەرەتایەکی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی تر بھێننەکایەوە.
ههڵیژاردنی پهرلهمانی عێراق دابهشكردنی كورسی و كۆتای ئافرهتان دڵشاد نامق فهرهج ههڵبژاردن له عێراقی دوای سهدام بهچهند قۆناغێكدا تێپهڕی، سهرهتا له یاسای دهسهڵاتی هاوپهیمانان ههموو عێراق وهك یهك بازنهی ههڵبژاردن حسابكرابوو، وه ژمارهی كورسیهكانی 275 كورسی بوو، كه 230 كورسی بهشێوهی كێبهركی دهبراو (40)كورسیشی بهسیستهمی (HARE) دابهش دهكرا. بهڵام لهیهكهم گۆڕانگاری و ههمواری یاسای ههڵبژاردندا له ساڵی 2009 سیستهمهكه له یەك بازنەییەوە گۆڕا بۆ فرە بازنەیی و عێراق بوو بە ١٨ بازنەی هەڵبژاردن، ئەمەش واتە کوسیەکانی پەرلەمان دابەشی سەر پارێزگاکان کرا و هەر پارێزگایەك ژمارەیەك کورسی بەرکەوت کە لیستەکانی ئەو پارێزگایانە تەنها لەسەر ئەو ژمارە کورسیەی پارێزگاكهی خۆیان کێبەرکێ دەکەن، بۆ نمونە سلێمانی ١٨ کورسی بەرکەوتووه، وە کۆی گشتی کورسیەکانی پەرلەمانیش کرا به ٣٢٥ کورسی. لە ساڵی ٢٠١٣ گۆڕانکاریەکی تر لە ڕویدا، کە سیستەمی دابەشکردنی کورسیەکان کرا بە (سانتلیگۆی هەموارکراو١.٦)، وە ژمارەی کورسیەکانیش بوو بە ٣٢٨ کورسی. کۆتا هەموارکردن کە لەیاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کرا ساڵی ٢٠١٧ بوو، کە سەرەڕای بەلیکترۆنیکردنی هەژمارکردنی دەنگدان، دوو بابەتی تریش زیادکرا، سیستەمی سانت لیگۆی هەموارکراو کرا بە ١.٧ و کورسیەکیش بۆ کۆتای کوردی فەیلی زیادکرا. سانت لیگۆ و سانت لیگۆی هەموارکراو: ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا هاوکێشەیەکی بیرکاریە کە بەناوی خودی زاناکەوە ناونراوە، بریتیە لەوەی کە کورسیەکان ڕاستەوخۆ بەپێی دەنگی لیستەکان دابەشی سەر لیستەکان ناکرێت، بەڵکو دەنگی دروستی لیستەکان دابەشی سەر ژمارە تاکەکانی (١ ، ٣ ، ٥ ، ٧ ،....) دەکرێت و پاشان کورسیەکان لە گەورەترین ژمارەوە دابەشی سەر لیستەکان دەکرێت سانتلیگۆی هەموارکراو: لەم سیستەمەدا دەنگەکانی هەرلیستێك لەجاری یەکەمدا لەبری ژمارە (١) دابەشی یەك و کەسرێك یاخود پۆینتێك دەکرێت، بۆ نمونە لە عێراق بۆ جاری یهكهم (1.7) دانراوه، وەپاشان دابەشی ژمارە تاکەکانی (٣ ، ٥ ، ٧ ، ٩ ،٠٠٠٠٠) دهكرێت، وەبەهەمان شێوە بهپێی دهرهنجامهكان لە گەورەترین ژمارەوە کورسیەکان دابەش دەکرێت. جیاوازیەکە ئەوەیە کە لە سانت لیگۆی هەموارکراودا هەتا کەسرەکە-پۆینتەکە- زیاتر بێت ژمارەی یەکەمی لیستەکان بچوکتر دەبێت، هەروەها ئەم سیستەمە لە سود و بەرژەوەندی لیستە گەورەکانە و لە زیانی لیستە بچوکەکانە، وەك لە نمونەکاندا دەردەکەون. دابەشکردنی کورسی بەسەر کاندیدەکاندا: دوای ئەوەی هەر لیستێك بەپێی ڕێژەی دەنگی خۆی کورسی بەرکەوت، ئیتر پێوەرێکی تر هەیە بۆ دابەشکردنی کورسیەکانی لیستەکە بەسەر کاندیدەکانیدا، ئەویش بەم جۆرە: ١- جارێکی تر لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە کاندیدەکانی ناو ههرلیستێك لهسهرهوه بۆ خوارهوه ڕیزبەندی دەکرێنەوە. ٢- گوێ بەپۆستی ناولیستەکان و ڕیزبەندی پێشویان نادرێت، واتە ڕەچاوی ئەوە ناکرێت کە سەرۆکی لسیت بخرێتە پێشەوە...، بەڵکو کێ لەناو لیستەکە زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە یهكهم كهس. ٣- خاوەنی زۆرترین دەنگ یەکەم کورسی لیستەکەی خۆی دەبات و خاوەنی دووەم زۆرترین دەنگیش دوەم کورسی و...وەهەروەها..... . 4- ئهگهر دوو كاندید یهكسان بوون لهژمارهی دهنگدا ئهوا بهتیروپشك یهكلایی دهكرێتهوه. ٤- لەهەموو حاڵەتێکدا پێویستە ٢٥٪ ی ڕێژەی ئافرەت بپارێزرێت، کە ئێستا باسی دەکەین. کۆتای ئافرەت: بە پێی دەستوری عێراق پێویستە ٢٥٪ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ژن بێت، کەواتە پێویسته له كۆی (329) ئهندامانی پهرلهمانی عێراق (83) كهسیان ئافرهت بێت، چهسپاندنی ئهم ڕێژهیهش لهڕێگهی هاوكێشهیهكی دیاریكراوهوه دهبێت كه كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق له ڕێگهی پهیڕهوی ژماره (12) وه دیاریكردووه و بهم شێوهیهی خوارهوه دهبێت: 1- له حاڵهتی ئاساییدا لهدوای ههر 3 پیاو ژنێك دهبێته خاوهنی كورسی. 2- ئهگهر بهو شێوهیه نهگونجا وهاوكێشهكه جێبهجێنهبوو، بۆنمونه لیستهكه كهمتر له 4 چواركورسی هێنابوو، ئهوا ئهم خاڵانه جێبهجێ دهكرێت بۆ مسۆگهركردنی ڕێژهی ئافرهت: أ- ژمارهی كورسیهكانی ههرلیستێك دابهشی ژماره 3 دهكرێت، ئهو ژمارهیهی كهدهردهچێت یهكسانه به ژمارهی ئهو ژنانهی كه لهو لیستهدا دهبنه خاوهن كورسی. ب- ئهگهر ژنێك به مافی خۆی كورسی هێنابوو، بهبێ كۆتا، ئهوا لهو ژمارهیه دهردهكرێت و كهم دهكرێتهوه. ت- لهدوای ههر 2 پیاو ژنێك دادهنرێت. ث- ئهگهر بهم شێوهیهش نهتوانرا كۆتای ئافرهت مسۆگهر بكرێت، ئهوا ئهو لیستانهی كه 2 كورسیان هێناوه یهكێكیان دهدرێت به ئافرهت. ج- ئهگهر بهم شێوهیهش نهتوانرا كۆتای ژنان مسۆگهر بكرێت، ئهوا ئهو لیستانهی كه تهنها یهك كورسیان هێناوه دهدرێت به ئافرهت. بهم شێوهیه دهبێت و مهرجه کە كۆتای ئافرهت وهك خۆی جێبهجێ بكرێت و بهێنرێتهدی، بۆ نمونه لهپارێزگای سلێمانی دهبێت (5) كهس له ئهندامه دهرچووهكان ژن بێت لهكۆی 18 كورسیهكه.
د. سەردار عەزیز ........ پۆستەری کاندید پانتاییەکی تایبەتە بە پەیام و سیمبول و ئاماژە و هەوڵی پەیوەندی. ئەم پانتاییە ئەگەر خوێندنەوەیەکی پانتاییانەی (سپەیشاڵ) بۆ بکەین زۆر شتمان پێدەڵیت کە ئایا کاندیدێک چۆن دەیەوێت بکەوێتە پەیوەندیەوە لە گەڵ کۆمەڵگا، دەنگدەر و کێبەرکێکەرەکانی.، هەروەها کۆمەڵگای ئێمە چۆن دەبینێت، دەکەوێتە ژێر هەژەمونەوە و کێ خاوەن دەسەڵاتەکانن تیایدا. پۆستەر پێکهاتوە لە ڕەنگ، وێنە، نوسین لە گەڵ سیمبول. هەریەکە لەمانە ڕۆڵ و پەیوەندی تایبەتی زۆری هەیە، هەروەها بە شێوازی تایبەت کاریگەری لە سەر بینەر یان دەنگدەر دادەنێن. پۆستەری سیاسی مێژویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە دونیای ئێمەدا نوێیە. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە لە دیموکراسیدا پۆستەر داوا لە دەنگدەر دەکات و دەیەوێت قەناعەتی پێبکات، بەڵام لە پانتایی گشتی دیکتاتۆریەتدا پۆستەر ڕۆڵێکی تری هەیە، ئەویش زیاتر بۆ رێگریکردنە لە لە بیرکردنی دەسەڵات و سیمبولەکانی. دیارە جۆری سیستەمی سیاسی جۆری پەیام و جۆری پەیوەندیش دەگۆڕێت. هەروەها ئەو کەلتورەی کە پانتایی گشتی تیایدا بونی هەیە کاریگەری زۆرە لە جۆر و شێوازی پەیوەندیکردن. کۆمەڵگای کوردی خاوەنی پانتاییەکی گشتی لاوازە و هێشتا بە ڕوونی سنوری نێوان تایبەت و گشت دیارنیە. ئەگەر بە گشتی بەبێ جودایی پۆستەری کاندیدی کورد وەربگرین دەبینین ئەوەی زاڵە ڕەنگی حیزبەکەیەتی، کە لە ناویدا وێنەی خۆیەتی، ڕەنگی حیزب وەک پاشخان و هەروەها ڕەنگی سەرەکی پۆستەرەکەیە، ئەمەش بەڕوونی ڕۆڵی حیزب دەردەخات لە پانتایی گشتی کوردی و سیستەمی سیاسی کوردی و هەروەها لای تاکی کورد. لە گەڵ ڕەنگی حیزبدا لۆگۆی حیزب هەیە کە جارێکی تر جەختکردنەوەیە لە گرنگی حیزب و پێشاندانی کاندید وەک ئەندامی حیزب. پاش حیزب کەسایەتی کاندیدەکە دەردەکەوێت کە زۆرترین پانتایی پۆستەر داگیردەکات، بە گشتی وێنەکان فەرمین، هەڵگری ئیستاتیکایەکی فەرمین، ئاماژەی ئەوە دەدەن بە دەنگدەر کە کاندید خاوەن کەسایەتیەکی دەسەڵاتیە و جلوبەرگ و نەبونی هیچ ئاماژەیەکی تایبەت لە سەر وێنەکە، وەک زەردەخەنە، پێکەنین، دڵتەنگی، وەها لە دەنگدەر دەکات کە نەتوانێت پەیوەندیەکی مرۆیی و ئاسایی لە گەڵ وێنەکەدا دروست بکات. وێنەکان بۆ ئەوەی زیاتر فەرمی و جوان دەرکەون بە رێتمی جوانی بڵاو و باڵا، لە رێگای تەکنەلۆجیاوە دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی هەموو خەسڵەتە تایبەتەکانی بشارنەوە. لێرەوە وێنە دەبێتە وێنەیەکی جیاواز لە کاندید، وەک چۆن سوریالیستی بەلجیکی رێنێ ماگیت تابلۆی بەناوبانگی بە ناوی La trahison des images کێشا کە زیاتر بە ناوی ئەمە پایپ نیە ناسراوە کە تابلۆکە خۆی تابلۆی پایپێکە، بەم پێیە دەکرێت وێنەی کاندیدێک نەک هەر وێنەی کاندیدێک نەبێت بەڵکو هەر کاندیدێکیش نەبێت وەک خۆی. هۆکاری ئەمە بۆ کاندید ناگەرێتەوە بەڵکو زیاتر ئاماژەن بۆ دۆخی جوانی و زەوق و سەلیقە و چۆنێتی وێناکردنی دەسەڵات لە ئاگایی تاکی کورددا. دەسەڵات فەرمیە، بێ ڕتوشە، وەک کەسە ئاساییەکان نیە، وەک خەڵك لە ئاگایی و نائاگاییاندا بەردەوام جەختی لێئەکەنەوە. ڕەنگە ئەمە لای کاندیدی ئافرەت ڕەهەندێک تری وەرگرتبێت. هاتنی ئافرەت بۆ پانتایی گشتی لە دونیای ئێمەدا تەواو نوێیە، هێشتا پرسی ئەوەی ئایا ئافرەت وەک چی و چۆن ئامادەیە بیر لێنەکراوەیە. ئایا ئافرەت بونەوەرێکی جوانە یان خاوەن خەسڵەتی تایبەتە بە دەسەڵات کە بە پیاو ناکرێت، یان ئافرەت هاوشانی پیاوە و هیچ جیاوازی نیە، ئەمانە پرسیارن ڕەنگە لە ئاستی موجامەلە و قسەی ماکدۆناڵی و گشتی و ئامادەکراودا ئاماژەی پێبکرێت بەڵام وەک پرسی گرنگ مامەڵەی لە گەڵدا نەکراوە. ئەمە بەتایبەتی کە پانتایی گشتی لە کوردستان پانتاییەکی نێرانەیە. پانتایی نێرانە ئافرەت وەک ماقڵەی سێکسی دەبینێت و دەیەوێت بەهەمان شێوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات. ئەمەشە دەبینین کە زۆترین قسە لە سەر پۆستەری ئافرەت دەکرێت لە ڕوانگەی ئەو کەبتە سێکسیەوەیە کە مرۆڤی کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت و کەسایەتی داخان کردوە. دەکرێت بوترێت هێشتا ئافرەت وەک مرۆڤ نابینرێت، کاتێک کە مرۆڤ لە ئەخلاقی کوردیدا پیاوە یان نێرە. دەکرێت بە کورتی بڵێین کە پۆستەر حەکایەتێک دەگێڕێتەوە، کە چوارچێوە گشتیەکەی حیزبە، پاڵەوانەکەی کاندیدە، دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە لە بڕی ئەوانی تر، وەک قارەمانێک خوازیاری ئەوەیە کە کارێکی گەورە ئەنجام بدات. ئەوەی دەمێنتەوە لە پۆستەردا وشەکانە. بە گشتی وشەکان کەمن، دروشم ئاسان، دەربڕی دۆخێکی سیاسی خنکاون کە دایەلۆگ و لەیەکگەیشتن و پەیوەندی تیایدا سفرە. گەورەکردن یەکێکە لە خەسڵەتە کۆنەکانی ریتۆریک، کە بەگشتی جەماوەر حەزی پێیەتی. سەرباری هەموو ئەمانە پۆستەر بە هۆی زۆری و هاوشێوەیی و دوبارەیی خەریکە هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت لە گەیاندنی پەیام.
ھەندێ برادەر تەواو شوڵینان لێ ھەڵکێشاوە و شتەکانیان تەواو تێکەڵ کردوە، وادەزانن دژایەتی یەکێتی و پارتی واتە دژایەتی ھەرێمیش . من ئەم ڕوداوە ئەگێڕمەوە بۆ ئەوەی خەڵک و بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی دروشمی ««لەسەر ڕێبازی کاک نەوشیروانیان »» ھەڵگرتوە ، بیخوێننەوە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٢ کاتێک مەسعود بەرزانی بەبێ مناسەبەو بێ ھۆکارێکی موقنیع ئاگری لە پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا بەرداو ھێڕشی کردە سەر مالکی و حکومەتەکەی و بە تائیفی ناوزەدی کرد ، ئیتر بەینیان تێک چوو ،مالکی دروشمی حکومەتی زۆرینەی بەرز کردەوە . پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون یاسین مەجید کە نزیک بوو لە خۆی ھاتە لامان ، وتی مالکی دەیەوێت حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی دروست بکات ، بەڵام نایەوێت ببێتە حکومەتی زۆرینەی تائیفی ، بۆیە دەیەوێت ئەم حکومەتە ھەڵوەشێنێتەوەو لەگەڵ ھەندێ کوتلەی سونی و کوردی و شیعی حکومەتێکی زۆرینە پێک بھێنێت و ئەوانی تر ببنە ئۆپۆزسێۆن ، واتە لەھەردوو بەری دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن ھەرسێ پێکھاتەکە ھەبن ، وتیشی مالکی وتویەتی ھەموو پۆستەکانی کوردیش لە ھاوپەیمانی کوردستانی وەدەگرینەوە و دەیاندەین بە ئێوە ، ووتمان ئێمە پێشنیارەکەێ ئێوە بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە ئەڵێین ، کاک نەوشیروان ، وتی ئێوە ڕەئیتان چیە ، من وتم وەڵا لای من خاک لەھەموو شت گرنگترە ، ئەگەر بە گرەنتی لە ماەیەکی زەمەنی دیاریکراو مادەی ١٤٠ جێ بەجێ بکەن، بۆ نەیکەین ، ئەو وتی نا نەخەیر مالکی نە شتی وا دەکات نە پێشی دەکرێت چونکە جێبەجێکردنی کۆی مادەکە پەیوەست نیە تەنھا بە بڕیاری ئەو با سەرۆک وەزیرانیش بێت ، ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەکار بھێنن بۆ شەرعیەتدان بە حکومەتەکەی خۆیان کە نوێنەری کوردیشە ، ھەروەھا بەکاریشمان دەھێنن بۆ دژایەتی پێگەی ھەرێم ، پێیان بڵێن ئێمە ئیعتیزار ئەکەین ئەوە لە کاتێکدا مەسعود بەرزانی پێشتر ولە کاتی گفتوگۆکانی پێک ھێنانی حکومەت کە بەینی لەگەڵ مالکی خۆش بوو پێی وتبو ئێمە ڕازی نابین پۆلیسێکیش بۆ گۆڕان دامەزرێنن
مەریوان وریا قانع ..... لە ھەولێر فەرھاد پیرباڵ و من لە یەک قوتابخانەی ئامادەییدا قوتابیی بووین: ئامادەیی کوردستان. تەمەنی ناسینی من بۆ ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ھەفتا. لە نووسینی یەکەمین چیرۆکییەوە ئاگام لە بەشێکی زۆر لە نووسینەکایەتی. لە ساڵی ١٩٩٢شدا کە بەرەو ئەوروپا ھاتم، پەیوەندیم لەگەڵ فەرھادا زۆر بەھێز و دۆستانەبوو. کاتی خۆشی کە گەڕایەوە وا ڕێکەوتین گەر من بۆ دکتۆرا لە فەرەنسا وەگیرام بچمە ماڵەکەی ئەوەوە بژیم. فەرھاد نووسەرێکی بەتوانا و خوێندەوارێکی باش بوو، کۆمەڵێک کتێب و نووسینی جوان و گرنگیی ھەیە. بەڵام ئەم پیاوە لەم دەیەی دواییدا تەواو گۆڕا، من لە نووسینێکدا بەو مۆدێلە لە خوێندەوار و نووسەر ناومبرد کە پرۆژەی ”بەسعودیکردن“ی ھەرێم پێویستی پێبوو. فەرھاد وێنەیەکی لە ڕۆشنبیر ھێنایەپێشەوە کە ئەم پرۆژەیە پێویستی پێبوو، وێنەی ڕۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی گاڵتەجاڕ. ساتێک باسی لەوەدەکرد کوردستان پێویستی با شاھەنشایەک ھەیە و دەبێت ئەو شاھەنشایەش مەسعود بارزانی بێت، ساتێکی تر وەک سەلەفییەکی دینیی باسی لەوەدەکرد کە بارزانی باوک و وەلی ئەمری کوردە. ھاوکات ڕۆڵ و وێنەیەکی ڕۆشنبیریی بەرھەمھێنا کە لەسەر بێنرخکردن و شکاندنی سەرمایەی ڕەمزیی ڕۆشنبیران کاریدەکرد. ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش تەواو ناکۆک و جیاوازن بەو وێنەیەی من لەسەر کوردستان و لەسەر ڕۆڵ و ئەرک و کەسایەتی ڕۆشنبیرم ھەیە. بەڵام، مەبەستم بەڵامێکی ھێجگار گەورەیە، زیندانیکردنی ئەم نووسەرە و مامەڵەکردنی بەو شێوەیە یەکێکی ترە لە تاوانە ناشیرینەکانی حوکمڕانانی کوردستان، کۆنکریتتر بدوێم، حوکمڕانانی ھەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان. گرتنی ئەم پیاوە بەو شێوە نایاساییە و ھێشتنەوەی لە زیندان لەسەر ویست و خواستی کەسانێکی تایبەت، نەک تەنھا سوکایەتییە بە فەرھاد خۆی، بەڵکو سوکایەتییە بە ھەمووان. بۆیە ئازادکردنی فەرھاد پیرباڵ بەشێکە لە کردەی ئازادکردنی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر ئەو کۆنترۆڵە حیزبییە خنکێنەرەی ھەموو کون و قوژبنێکی گرتۆتەوە. لە دەیەی ڕابردوودا فەرھاد و من تەواو جیاواز و ناکۆک بووین، بەڵام بەگریکردن لە مافی ئەو وەک مرۆڤ و وەکو نووسەر، وەک بەرگریکردن لە مافی خۆم و لە مافی کۆمەڵگای کوردیی دەبینم.
یاسین تەها ...... ترس و دڵە خورتێیەكی زۆر هەیە لەلاوازی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018، لەبەر چەند هۆكارێك: ـ هەندێ ئایەتوڵڵای بچوك و مامناوەند (الخالصی، فاچل المالكی) فەتوایان داوە بۆ بایكۆتكردنی دەنگدان. تەوژمێكی بەهێزیش لەمبارەیەوە لەناو خەڵكی شیعە هەیە، چونكە ئەگەر لە كوردستان خەڵك گیرۆدەی دوو بنەماڵەبن لەبەغداو فوراتی ناوەڕاست شیعەكان هەلا هەلا بوون بەدەست قەبەبوون و چاوچنۆكی چەندها بنەماڵەو لایەنی خاوەن بەرژەوەندی (سەدر، حەكیم، مالیكی و زاواو ئامۆزاكانی، حیزبی دەعوە، تۆڕێك لەبریكارەكانی مەرجەعەكان بەتایبەت سیستانی كە ملیۆنەها پارەی "الخمس" یان لایە و ئیمتیازاتەكانیان لە وەزیرەكان زۆرترە، فەزیلەو یەعقوبی....هتد). ـ زیاتر لە دوو ملیۆن لە سوننەكان لەناو قوڕو چڵپاوی خێوەتگاكاندان و ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت هەڵبژاردنە. شارەكانیان وێران و كاولەو لەژێر ڕەحمەتی چەكی هێزەكانی حەشدە. ـ لەكوردستان هەندێ راپرسی ئەگەری رێژەی بەشداری لەدەنگدان بە 58% دەخەمڵێنن، دهۆك و هەولێر لە ریزی دواوەی لیستی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتریدان ( كەمتر لە 50%)، خەڵك زۆر بەحەماس نین بۆ ئیستیحقاقێكی عێراقی. هەندێ لە شارەزایانی یونامی _ United Nations Iraq باس لەوە دەكەن رەنگە لاوازترین بەشداری لەدوای 2003 لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا تۆمار بكرێت، هەموو دیمەنەكەش بۆ زۆرینەی خەڵكی عێراق كە شیعەكانن لەسەر وتاری جومعەی داهاتوی مەرجەعیەتی سیستانی وەستاوە لەكەربەلا كە هەر لەئێستاوە چەندین شیكارو لێكدانەوەو پێشبینی بۆ كراوە، گوایە نەخشەرێی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت و رەنگە موفاجەئەشی تیا بێت، ئەگەر ئەوان بەگوژم بچنە دەنگدان كورد سوننە رۆڵیان تەواوكارییەو لاوازی بەشدارییان زۆر كاریگەر نابێت.
نوسینی: عادل عەبدولمەهدی...... وەرگێڕانی: نامیق رەسول....... برام مورتەزا عەزاوی لە فەیسبوك بە زمانێكی رخنەئامێزەوە بە شێوازی خۆی بۆی نوسیوم:" برای گەورەمان یەكەم ئێمە نیگەرانین لە تۆ.. پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ كاری حكومیی و سیاسیی و واز لە گۆڕەپانەكە نەهێنێت، بە راشكاوی من لەو خەڵكانەم كە دەڵێم بەڕێزت لەو كاتەدا كە پێویست بوو بمێنێتەوە رایكرد.. لێگەڕی بە موهەریجەكان و خەڵكانی نەزان چیت پێدەڵێن، پێت بڵێن، چونكە لەهەمانكاتدا خەڵكانێكی زۆر پشتگیریت دەكەن و لە پشتت دەبن.. سڵاوم هەیە بۆت". سوپاسی برام عەزاوی دەكەم، لە یادم نییە كە راستەوخۆ بیناسم، ئەمەش هۆیەكی ترە بۆ بایەخدان بە نوسینەكەی، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم بابەتە بەردەوام دەخرێتەڕوو، ئەم هەلە دەقۆزمەوە بۆ روونكردنەوە. 1- كەس وا تێنەگات كە دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستێك هۆكارەكەی درۆ و گاڵتەجاڕی و كەوتن بێت، ئەو كەسەی بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ پێویستە بەرگەی بگرێت و قبوڵیشی بكات، ئێمە لە پێغەمبەری گەورەمان بەڕێزتر نین كە قورەیش بە جادووگەر و شێت تۆمەتباریان دەكرد، یان ئامۆزاكەی كە مینبەرەكانی بەنی ئومەییە نزیكەی یەك سەدە جنێویان پێدەدا، درۆ لەوانەیە هەندێك كەس باوەڕی پێبكەن یان ماوەیەك بمێنێتەوە، بەڵام كاتكێك زۆرینەی خەڵك لە زۆربەی كاتدا رەتیدەكەنەوە بە پێچەوانەوە دەشكێتەوە بەسەر بانگەشەكارەكانیدا، ئەمەش لە بنەماكانی نەریتی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئیلاهییە.. {فكل نفس بما كسبت رهینە}.. و {من یعمل سوواً یجزَ به}.. {فمن یعمل مپقال ژرە خیراً یره، ومن یعمل مپقال ژرە شراً یره}.. ئەو درۆیانەی بۆت هەڵدەبەسترێن لەوانەیە هەندێك یان بە شێوەیەكی كاتی ئازارت بدەن، بەڵام لە كۆتاییدا بەهێزتدەكەن و تواناكان و پاكێتیت زیاتردەكەن و راستگۆییت پێدەبەخشن، ئەمەش ئەوەیە كە باوەڕمان پێیەتی و داوا لە براكانم دەكەم كارەكان بخەنەوە چوارچێوەی خۆیان. 2- وازم لە گۆڕەپانەكەم نەهێناوە و دەستبەرداریشی نابم، بەڵام پێگە و رێكخستنەكانم تەڵاقداوە.. نەك لەبەرئەوەی كە گرنگ نین، بەڵكو لەبەرئەوەی بوونم لەوانەدا زیانی لە قازانج زۆرترە، پێگە و پۆستەكان شوێنی تاكەكەس نین، بەڵكو كاری بەكۆمەڵن، ئەگەر قەناعەتی هاوبەش نەبوو و نەڕەخسا و هەوڵ و كۆششی یەكگرتوو نەبوو بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن، بەردەوامبوون لە پێگەكە وەكو خولانەوەیە بە دەوری بازنەیەكی داخراودا، هانی مانەوەت دەدرێت لەو شوێنەدا لەجیاتی لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە. رەنگە یەكێك بپرسێت پێویستە لەسەرت هەوڵبدەیت و هەوڵەكانت دووبارە بكەیتەوە.. وەڵامەكەی ئەوەیە كاتێك هەوڵەكان دووبارە دەبنەوە بۆ چەند ساڵێك دەگەیتە ئەو بڕوایەی كە (هەڵەكە لە ئەستۆبگرێت) و راستكردنەوە لەو شوێنەوە نایەت، لێپرسینەوەت لێدەكرێت لەسەر هەمان شت كە لێپرسینەوەت لەگەڵ كەسانی تردا كردووە، ئەو داواكارییەت لێدەكرێت كە لە كەسانی ترت داواكردووە، ئەو كاتە كارتەكان تێكەڵاو دەبن و جیاكردنەوەیان قورس دەبێت. 3- لە ساتێكی دیاركیراودا كە سەدان وردەكاری رێگرییكەر كەڵەكە دەبن، ئەو چڵە پووشە دێت كە پشتی حوشترەكە دەشكێنێت و دەڵێیت ئەمە بەكاربردنی خۆت و كەسانی تریشە، ئەگەر براكانم لەسەر حەق بن ئەوا پێویستە تەگەرە نەخرێتە بەردەم هەوڵەكانیان، وە ئەگەر من لەسەر حەق بم ئەوا پێگە و مەرجەكانی لەناوی دەبەن، ئەگەر تۆ پەرۆشی حەق و راستی بیت، ئەوا دەبێت بچیتە ئەو شوێنەی بانگەشەی بۆدەكەیت، و رێگە بە نوێكردنەوەی بدەیت، بەڵام لە پێگە و هێزێكەوە كە خزمەت بەوە بكات. 4- گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی كە خستنەڕووی پلان و دروشم لە پێگە لاواز و پڕ هەڵەكاندا وەك ئاشێكی بێ بەرهەم دەمێنێتەوە، گەیشتومەتە ئەو ئەنجامەی كە كێشەكە لە جەماوەر و هێزەكاندایە، پلانە و دروشمەكان هەر بە مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە ئەگەر هۆشیارییەكی گشتی و چەمكی فیكری چەسپاو و دروست پشتگیری و هاوكاری نەكەن، بینیم كە پێویستە لە بازنە خنكێنەرەكە دەربچم و بچمە رایگشتی فراوان و بە ویست خۆم دەستبەرداری پۆستەكانم بووم و خۆم بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید نەكرد، ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی سیاسیم راگرت، و چاوپێكەوتنی بچوك و راشكاو و بونیادنەر و نوسینی چڕ و بەردەوامم دەربارەی چەند كارێكی گرنگ بۆ نیشتمان و گەل بە باشتر دانا، ئەمە گۆڕەپانێكی بنەڕەتی و بەرهەمهێنەرە و بەریەككەوتن تێیدا كەمترە لە كاتێكدا لە گۆڕەپانی پۆست و پێگەدا زۆرترە. 5- بانگەشەی ئەوە ناكەم من لە كەسانی تر زاناترم، بەڵام خوێندوومە، مەشقم كردووە، كار و ژیانم ئەزمون كردووە، دەتوانم ئەگەر كەمیش بێت شتێك لە پرۆسەی بونیادنانی بیر و هۆشیاریدا پێشكەش بكەم، بابەتەكە راكردن نییە، بەڵكو دەرچوونە – بە گوێرەی دۆخی خۆم- لە زەوییەك كە بە دێم یان كەم بەخششی دەبینم بۆ زەوییەكی زیاتر بە پیت و بەبەرهەم، لەوانەیە كەسانی تر بە گوێرەی دۆخی خۆیان- پێچەوانەی ئەمە ببینن، لە هەشتاكانەوە من دەنوسم كە بەدیهێنانی سەركەوتن، تەنها هەڵوێستێكی دروست نییە، شوێنە راستەكەش. 6- لە كاتی ئەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر لە لیستێكی ركابەر رێزیان لێگرتووم و پێش چاپكردن و بڵاوكردەنەوەی، پرۆگرامی خۆیان خستوەتە بەردەستم بۆئەوەی رای خۆمی لەسەر بدەم، ئەمەش وەك بەڵگەیەك باسدەكەم كە پێگە تەنیا نوسینگە یان فەرمان دەركردن یان ئیمزاكردن نییە، بەڵكو پاشخان و بونیادنان و دیدە، ئەگەر ئەمەی دواییان نەبوو ئەوا ئەوەی یەكەمیش هیچ سودێكی نییە.
رەند رەحیم وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە لە هەمانكاتدا بەردەوامیی و گۆڕانكاریی بەرجەستەدەكات، لە كەشێكی زۆر ناتەبادا، هەڵبژاردن لەسایەی ئەو وێرانكارییەدا بەڕێوەدەچێت كە شەڕ لەگەڵ داعش بەجێیهێشتووە لەگەڵ ئەو ناكۆكیی و ناتەباییە مەترسیدارەی لە نێو حزبە شیعە حكومڕانەكاندا هەیە، لەبەرئەوە دەنگدان لە 12ی ئایاردا وەكو تاقیكردنەوەیە بۆ وڵات بە دوای چەند ساڵێكی كەمی ئاڵۆزی و پشێوی. بە جیاوازییەكی كەم، هەمان یاریزانەكانی كە پێشتر سەرۆكایەتی گۆڕپانی سیاسی عێراقیان لە هەڵبژاردنەكانی 2006ەوە كۆنترۆڵكرد، هەژمونیان بەسەر هاوپەیمانێتییەكانی ئەم هەڵبژاردنەشەوە هەیە، هەرچەندە دەموچاوەكان وەك خۆیان ماون، بەڵام گۆڕانكاری گەورە لە هاوپەیمانێتییەكاندا روویداوە، دیارترینیان دابەشبوونی هێزی شیعەكانە كە دەسەڵاتداربوون لە شانۆی سیاسیدا. هاوپەیمانی شیعەكان ساڵی 2014 حزبە شیعەكان لە رێگەی سێ كۆمەڵەوە ركابەرییان كرد بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی پەرلەمان" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، كە پاشان ئەندامانی رێكخراوی بەدریش چوونە پاڵی، هاوپەیمانێتییەكی تر بە رابەرایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و هاوپەیمانێتییەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. دوای چەند هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو، شیعەكان لە هەڵبژاردنی 2018دا بە پێنج هاوپەیمانێتی بەشداری دەكەن: هاوپەیمانی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، هاوپەیمانی " الفتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری وەزیری پێشووی گواستنەوە و سەرۆكی رێكخراوی بەدر، هاوپەیمانی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم، هاوپەیمانێتی " سائرون" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. چەند موفاجەئەیەك لەم پێكهاتە نوێیانەدا هەیە، گرنگترینیان دابەشبوونی حزبی دەعوەیە لە یەك قەوارەی هەڵبژاردنەوە بۆ دوو قەوارە " هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا"، حزبی دەعوە لە ساڵی 205ەوە حاكمی فیعلی عێراقە و سێ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو حزبە بوون، دانانی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2014دا ململانێی لەسەر دەسەڵات لەگەڵ نوری مالیكی كە پێش ئەو لەو پۆستەدا بوو لێكەوتەوە، ململانێ و ناكۆكییە بەردەوامەكانی هەردوولا بووە كەرتبوونی حزب كە لە كاتی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكاندا گەیشتە لوتكە، لە ئەنجامی ئەمەدا مالیكی و عەبادی دوو هاوپەیمانێتی جیایان پێكهێنا و كاندیدەكانی حزبەی دەعوە لەسەریان پێویست بوو یەكێكیان هەڵبژێرن، دیارنەمانی حزبی دەعوە پاشەكشێیەكی گەورەیە بۆ حزبەكە، بەڵام هەندێك لە ئەندامەكانی سورن لەسەر ئەوەی كە دوای هەڵبژاردن ریزەكانی حزبەكە یەكپێبگرنەوە، رەنگە ئەوە هیوایەكی كۆن بێت ژمارەیەكی زۆر لە شیعە نیگەران نین لەوەی ببینن حزبی دەعوە لاواز دەبێت و دەسەڵات لە دەستیدا نامێنێت. هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش دابەشبوون و جیابوونەوەیەكی تری ریزەكانی شیعەیە بۆ چەندین دەیە، گروپێكی ركابەری دیاری ناو حزبەی دەعوە بوون، بەڵام بە چەند ساڵێك بە شێوەیەكە گەورە لاوازكران و لە ساڵی 2012شدا رێكخراوی بەدر باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابووەوە و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا چووە پاڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای حزبی دەعوە. ململانێی نێوان سەركرە گەنجەكان و ئەوانەی پێیان دەوترێت حەرەسی كۆنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لە تەمموزی 2017دا درزی خستە نێو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی و عەممار حەكیم كە تووشی بێئومێدی بوو لە نەوەی گەورە و ویستی بۆ لاكردنەوە بەلای دەنگدەرانی گەنجدا لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی جیابووەوەو رەوتی حیكمەی نیشتمانی دامەزراند و بە هاوپەیمانێتییەكی تایبەت بە خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكات و هەر ئەو كاتەش سەركردە تەقلیدییەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەگەڵ هێزەكانی پێشوو و رێكخراوی بەدر لەژێر چەتری هاوپەیمانی " الفتح" دا كۆبوونەوە كە لە ساڵی 2014ەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، كە چاوەڕواندەكرێت زیاتر لە هاوپەیمانێتییەكانی تری شیعە جەماوەر بۆ لای خۆی رابكشێێت و رۆڵێكی یەكلاكەرەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بگێڕێت. موقتەد سەدریش یەكێك بوو لە موفاجەئەكانی تر، سەدر كەهەڵمەتێكی لەدژی گەندەڵی دەستپێكردبوو- تا ڕادەیەك بەشێوازێكی هەڵخەڵەتێنەر- بەوتەی رەخەنگرانی و داوایدەكرد سیاسییە ناكاران لەرەگ و ریشەوە دەربهێنرێت و داوای دژایەتیكردنی تائیفیەتیشی دەكرد، پەیامە پۆپۆلیستیەكەشی دەنگدانەوەی زۆری لای عێراقییەكان هەبوو كە لەو سیاسەتانە نائومێدبوون كە تەنها خزمەتی خۆیان دەكەن. لە تێكەڵبوونێكی چاوەڕوانەكراودا، رەوتەكەی سەدر هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ حزبی شیوعی پێكهێنا، ئەم شەراكەتە دوای دوو ساڵ لە هەماهەنگی نێوان سەدرییەكان و شیوعییەكان هات لە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی دژ بە گەندەڵی و تائیفیەت لە شارە گەورەكاندا، سەدر وەك شیوعییەكان وەك دەنگێكی بەهێز دژی دۆخی سیاسی دەركەوت، ژمارەیەك لە گروپە سوننە وشیعە بچوكەكان چوونە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە، ئەوەش سروشتی تێپەڕێنەری ئاینەكانی پێبەخشی بە بەراورد بە لیستەكانی تر. ئەمە چی دەگەیەنێت؟ لە ساڵی 2014دا هەرسێ هاوپەیمانێتییە شیعەكە 155 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی حزبی دەعوە 92 كورسی بەدەستهێنا، ئەنجومەنی باڵا 29 كورسی، سەدرییەكان 28 كورسی لەگەڵ شەش كورسی تری هاوپەیمانەكانیان، ئەمەش كەمتربوو لە ژمارەی داواكراوی كورسی بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمان كە 165 كورسییە، بۆئەوەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستیان بە پشتیوانی كورد بوو. لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی شیعەكان بەسەر پێنج هاوپەیمانێتیدا دابەشدەبێت، چاوەڕوان ناكرێت هیچ كامیان بتوانێت ژمارەیەكی زۆر كورسی بەدەستبهێنێت كە دەوڵەتی یاسا لە ساڵی 2014 بەدەستیهێنا، ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران پێشبیندەكەن هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا و الفتح ئەنجامی وەك یەك و نزیك لە یەكەوە بەدەستبهێننن ئەوەش دەبێتە هۆی ركابەری و ململانێ لە نێوان سەركردە شیعەكان و وادەكات زیاتر پشت بە پشتیوانی هاوپەیمانێتییە سوننەكان و كوردییەكان ببەستن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی. -------------- ركابەرە سوننەكان سەركردە تەقلیدییەكانی سوننە زیاتر لە شیعەكان پەرت و ناكۆكترن و رووبەڕووی زۆرترین ئاڵنگاری دەبنەوە بەهۆی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعش و ئاوارەبوونی خەڵكەكەی، ئێستا سوننەكان لە دەوری دوو لیستی سەرەكی گردبوونەتەوە، یەكەمیان ئوسامە نوجێفی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك كۆمار هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ ئەسیل نوجێفی برای پێكهێناوە كە پارێزگاری نەینەوا بوو لەكاتی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، هاوپەیمانێتییەكەیان بەناوی " القرار" لە هەڵبژاردنەكاندا لە موسڵ و پارێزگاكانی تر بەشداریدەكات كە سوننە تێیاندا زۆرینەیە، بەڵام زۆر بەربڵاو نییە، سەلیم جبوری سەرۆكی ئێستای پەرلەمان و ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران چوونە ناو ئیئتیلافی ئەیاد عەلاوی عەلمانی كە ناوی " هاوپەیمانی نیشتمانی" یە و دروشمی دژ بە تائیفیەت بەرزكردۆتەوە و بانگەشەی مەدەنیەت دەكات و ساڵی 2010ش پەناگەیەك بوو بۆ سوننەكان كاتێك زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام سوننەكانی تر لەوانە عەبدوللەتیف همیم پیاوی ئاینی بەناوبانگی سوننە دەستبەرداری دابەشبوونی تائیفی هێناوە و چووتە ئیئتیلافی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی. حزبە كوردییەكان لە دوای جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەركەوتنی چەند حزبێكی تر ، ئێستا كوردەكان بەرەیەكی یەكگرتوو نوێنەرایەتییان ناكات، كوردەكان بە پێچەوانەی سوننەی پەرتەوازەن، هەتا ئێستا سەنگی یەكلاكەرەوەی هاوسەنگی سیاسیی بوون لە عێراقدا، ئەوان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی ململانێ و ناكۆكی ناوخۆیی و جیابوونەوە دەناڵێنێت، كە بەهۆی ئەوەوە چەند حزبێكی بچوك دروستبوون، كە دیارترینیان گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵە، كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئەگەر كوردەكان گەڕانەوە بۆ یەك بەرەی یەكگرتوو لەدوای هەڵبژاردنەكان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە حكومەتی فیدراڵیدا، ئەوا رۆڵی دروستكەری پاشایان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بۆ دەگەڕێتەوە. دوای هەڵبژاردنەكان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرلەوەی هەڵبژاردن بێت بۆ ئەندامانی پەرلەمان، هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانە، ئەوەش لە پرۆسەی دانوستان و بەراوردكاری و قۆڵباداندا دەردەكەوێت كە دوای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لە سەرەتاشدا لە ناوی ماڵی شیعەكاندا، ئەگەری چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە بە پشت بەستن بەم گۆڕانكاریانە: ژمارەی ئەو دەنگانەی كە سەركردەكان بەدەستی دەهێنن، توانای ئێران بۆ قەناعەتپێكردنی لیستی شیعەكان و فشارخستەرەیان بۆئەوەی هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، هەروەها ئەگەری ئەوەی كە حزبە كوردییەكان جارێكی تر كۆدەبنەوە و بتوانن ببنە هۆكاری یەكلاكەرەوە، ئەمریكا دەستوەردانی دەبێت و دەستپێشخەری دەكات یان نا؟ ئێران سوود لە هەژمونی خۆی دەبینێت بەسەر هاوپەیمانێتییە گەورانەی كە شیعەكان رابەرایەتی دەكەن، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە هاوپەیمانێتییە كە لانیكەم چوار ئیئیتیلاف لەخۆ بگرێت بە هاوكارییەكی كەمی سوننە و كوردەكان وەك ئەوەی ساڵی 2014 روویدا و زەحمەت نەبوو بۆ ئێران كە بتوانێت لیستە شیعەكان قایل بكات كە بەسەر ناكۆكییەكانیاندا زاڵ بن و لە ژێر ئاڵای " هاوپەیمانی نیشتمانیی" كۆبوونەوە، لە ساڵی 2018دا پێویستە قایلكردنی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی الفتح ئاسانبێت كە- هەردووكیان پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێراندا هەیە- بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستەكەی حەكیم كە رەنگە لاوازترینیان بێت و لەوانەیە هیچ بژاردەیەكی نەبێت جگە لە چوونە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە، ئەگەرێكی كەمە بە رەچاوكردنی ئەنجامەكان عەبادیش بۆ مانەوەی لە گەمەكەدا بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە، زۆر لەوەش كەمتر ئەگەری ئەوەیە موقتەدا سەدریش بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە لەبەرئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ شیوعییەكاندا پێكهێناوە ئەمەش بەلای ئێرانەوە پەسەند نییە. بەڵام ئەگەر ئێران نەیتوانی مالیكی و عامری ملكەچ بكات ئەوا دوو گروپی شیعەی بەهێز دروست دەبن، یەكێكیان بە سەرۆكایەتی عەبادی، ئەویتر بە سەرۆكایەتی مالیكی و عامری، و هەر سێكیشیان چاویان لەوەیە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خۆیان، یان بۆ كەسێكی سەر بەخۆیان بەدەستبهێنن، لێرەدا موقتەدا سەدر دەبێتە خاڵی یەكلاكەرە بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافی حكومڕان، جگە لەوەش هەردوو گروپەكە پێویستیان بەوەیە ژمارەیەكی زۆر لە سوننە و كورد كێشبكەن بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و ئەوكاتەش ئەگەرەكان زیاتر دەبن. كوردەكان كە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینی لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە 2010 و 2014دا، هێشتا دەتوانن كاریگەرییان لەسەر دیاریكردنی هەبێت، كورد دەتوانێت هەواڵی خراپ بە گوێی لایەنەكاندا بدات، لەوانەش توڕەیی لە بەرامبەر هەڵوێستی عەبادی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هاتنی هێزەكانی حكومەت بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان و ئەزمونی تاڵ لەگەڵ نوری مالیكی لە ماوەی هەشت ساڵدا، هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی كوردەكان كاندیدێكی تر بەباش بزانن كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت بە پێچەوانەی ئەوەوە دید و بۆچوونی سوننە بۆ عەبادی كەمتر تائیفییە و وەڵامی زۆری پێداویستییەكانی سوننەی داوەتەوە بەوەش زیاتر لە مالیكی و عامری قبوڵكراوە. ئەگەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە حكوم بدەین ئەوا دوو نەگۆڕ هەیە: پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن یەكێك لە لیستە سەرەكییەكانی شیعەوە بێت و مایەی رەزامەندی ئێران و ئەمریكا بێت، ئەوەش شێوازێكی جێگیربوو لە ساڵی 2010 و 2014، كاتێك ئێران و ئەمریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان رێككەوتن. ژمارەیەك لە گۆڕانكارییەكان ئێران هاندەدەن كە دیدوبۆچوونی وابێت هاوپەیمانێتی بەهێز و جێگیری لە بەغدا هەبێت، لەلایەن ئێرانەوە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بە هەڕەشە دادەنێت، لە بەرامبەریشدا دەكرێت گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و عێراق لەم دواییانەدا هەژموونی ئێران كەمبكاتەوە، دەستوەردانی ئێران لە سوریا و هەوڵدان بۆ بونیادنانی رێگەیاكی گەیاندنی هاوكاری یەكسەر بۆ سەر دەریای ناوەڕاست پێویستی بەغدا زیاتر دەكات و ئێران هەروەها پێویستی بە هاوپەیمانێك هەیە لە بەغدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی، لە بەرامبەریشدا وادەردەكەوێت كە هەڵوێستی ئێستای ئەمریكا لە عێراق زیاتر خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا دەبینێتەوە زیاتر لە بونیادنانی هاوپەیمانێتییەكی دوورمەودا و پرسیار ئەوەیە كە هەژموونی ئەمریكا لە نێوان ساڵی 2010 بۆ 2014 چ كاریگەرییەكی هەبووە. حەیدەر عەبادی هەواڵیدا سیاسەتێكی هاوسەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران پەیڕەوبكات لە چوار ساڵی رابردوودا، چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە كە عێراق نابێتە گۆڕەپانی جەنگی بەوەكالەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەكرێت هەڵبژاردنەكان و سیناریۆ جیاوازەكان بۆ هاوپەیمانێتیەكانی دوای هەڵبژاردن ببێتە هۆی بەردەوامبی ئەم رێگا بێلایەنانە یان پەیڕەوكردنی سیاسەتی زیاتر خۆرهەڵاتی. *رەند رەحیم- باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمریكا و وەك هاوڕێی باڵای پەیمانگای ئەمریكا بۆ ئاشتی كاردەكات و دامەزرێنەر و هاوسەرۆكی دامەزراوەی عێراقە.
د. نیاز نەجمەدین بۆچونەکانم لەم بابەتەدا تایبەتە بە دوو گروپ لە خەڵک: گروپی یەکەم ئەوانەن دەنگدەری یەکێتیی و پارتیی نین بەڵام بێئومێدن یان راران لە دەنگدان. گروپی دووەم ئەوانەن دەنگدەری یەکێتیی و پارتیی بون بەڵام راران دەنگبدەنەوە بەم دوو حزبە یان دەنگیان بخەنە پال لایەنی تر. ئێمە ناتوانین یەکجۆر پێشنیارمان بۆ ئەم دوو گروپە هەبێت. پێشنیارەکانی من بۆ گروپی یەکەم ئەمانەیە: با راست بڕۆین، هەمو بڕیارێک مەترسیی هەیە. دەنگدانیش ئەو مەترسییەی هەیە کە دەنگەکەت بەفیڕۆ بڕوات و هەست بە ئازاری ویژدان بکەیت. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە پەرلەمان دەزگایەکی مەسڕەفکاری بێ سود بووە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەر دەنگیش نەدەیت ئەوا: دەنگ-نەدان ناگاتە ئاستێک بەهایەکی سیاسیی هەبێت (بۆ نمونە لە 60%ی خەڵک لە سەرتاسەری عێراقدا دەنگ نەدەن). کورسییەکانیش هەر پڕدەبنەوە، بۆی هەیە هێزە تاریکەکان سەرکەون و کاندیدی زۆر لاواز بچێتە پەرلەمان بەهەمان موچە و ئیمتیازات. تۆ دەبێت دەرفەت بدەیت کێبڕکێ دروست ببێت، قۆرخکاریی سیاسیی کەم ببێتەوە، ئەوكات حزبەکان بەناچاریی لە خەڵک نزیکتر دەبنەوە و زیاتر خزمەت دەکەن. پاشان دەنگدان بۆ پەرلەمان تەنیا یەک وێستگەیە لەناو پرۆسەیەکی درێژخایەندا، یەک ئامانجی دیاریکراو رەنگە بهێنێتەدی، تۆ دەتوانیت بەشێوازی تر بەردەوام بیت لە رەخنە و هەڵوێستی سیاسیی تەنانەت لەو کاندیدەی دەنگی پێدەدەیت. پێشنیارەکانی من بۆ گروپی دووەم ئەمانەیە لای کەم لە دو دەیەی رابردودا و تا ئەمڕۆ، مۆدێلی سیاسیی یەکێتیی و پارتیی مۆدێلێک بوە وڵات لە نەتەوە، نەتەوە لە حزب، حزب لە مەکتەبی سەرکردایەتیی، سەرکردایەتیی لە مەکتەبی سیاسیی، مەکتەبی سیاسیی لە بنەماڵە و بنەماڵە لە سەرۆکی بنەماڵە/حزبدا کورتدەکاتەوە. (ئەمە وەسفيَكي تروتسكييە و دەستكاريم كردوە) لە ئێستادا، هەرچۆن بتەوێت لەم دو حزبەدا خزمەت بکەیت، هەردەچێتەوە خزمەتی خانەی یەکەم و دوەم، پاشان سێیەم و چوارەم، نەتەوە و نیشتمان لە خانەی کۆتاییدا دەبن. رەنگە ئاسان نەبێت بۆ ئەندام و لایەنگرە دڵسۆز و راراکانی ئەم دوو حزبە لەم وێستگەیەدا بە 180 پلە سوکان بسوڕێنن. دەکرێت لای کەم دەنگەکانیان بسوتێنن یان بایکۆت بکەن، بەم هۆیەشەوە رەنگە هیچ نەبێت حزبەکانیان ناچار بە گۆڕانکاریی بکەن. ب. گۆڕان، هاوپەیمانیی، و نەوەی نوێ هەر سێکیان خاڵی لاوازیان زۆرە( بۆ نمونە: بەشداریی لە شەڕی ناوخۆ لەلایەن بەشێک لە سەرکردایەتیی گۆڕان و هاوپەیمانیی، قۆرخکردنی سەرکردایەتیی گۆڕان لەلایەن نەوەی پێشوەوە، ناڕۆشنی سەروەت و سامانی د.بەرهەم، عاشقبون بە دەوڵەمەندبون و موبالەغەكردن و بیناکردنی گوتاری سیاسیی لەسەر ئەو بنەمایەوە لای شاسوار عەبدول واحید، جگە لە قەزیەی چاڤی لاند). بەڵام سێ هێزی مەدەنیین، عەسکەریی نین، ئیسلامی توندڕەو نین، رەخنەگرتن و کاریگەردانان لەسەریان قورس نییە و خەڵکی بەتوانایان لەگەڵە. لەناویشیاندا، بزوتنەوەی گۆڕان دامەزراوتر و تۆکمەترە. بۆ بەهێزکردنی مونافەسەش بێت، دەکرێت کاندیدێکی بەتوانا و فکرکراوە لەناویاندا هەڵبژێریت. کۆمەڵ و یەکگرتووە مەلەفی گەندەڵییان لە حکومەتدا پاکە و جێی دەستخۆشییە. من دژی ئیسلام نیم، بەڵام ئەم دوو حزبە مەزهەبیی و ئاینیین، دونیا دابەشی سەر مسوڵمان و نامسوڵمان یان سوننە و شیعە دەکەن، هەرگیز زۆر گەشە ناکەن و رەنگیشە مەترسیی بن بۆ سەر کەسێک رای دژ بە ئیسلام بهێنێتە ئاراوە. بەڵام ئەگەر ئیسلامەتیی بنەمای سەرەکیی دەنگدانم بوایە، ئەوا کاندیدێکی بەتوانا و فکرکراوەی کۆمەڵی ئیسلامییم پێ باشتر دەبو دوای ئەوەی یەکگرتو زۆر لە ئۆپۆزسیۆنبون دورکەوتەوە.
بێرتراند روسێل وەرگێڕانی: کەمال چۆمانی لەوانەیە جەوهەری بنچینەی لیبڕالیزم بە دە روکن پوختە بکرێن، مەبەست جێگرتنەوەی دە روکنە کۆنەکە نییە [مەبەستی لە دە روکنەکەی مەسیحییەت و جوە] بەڵکو تەنها بۆ تەواوکردنیەتی. دە روکنەکە کە وەک مامۆستایەک دەخوازم بیانچەسپێنم، دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە بەیان بکرێن: ١- دەربارەی هیچ شتێک بەڕەهایی دڵنیا مەبە. ٢- وا بیرمەکەوە کە تێپەڕاندنی کات بە شاردنەوەی بەڵگەکان گونجاو بێت، لەبەرئەوەی بەڵگە بەدڵنیایی هەر دەردەکەوێت. ٣- هەرگیز هەوڵمەدە بیرکردنەوەکانی خۆت ساردبکەیەوە لەوەی کە تۆ بەدڵنیایی سەردەکەویت. ٤- کاتێک روبەڕوی دژایەتیی دەبیتەوە، هەتا ئەگەر لەلایەن هاوسەرەکەتەوە یان منداڵەکانتەوە بێت، هەوڵبدە بەسەریدا زاڵ بی بە ئارگیومێنت نەک بە دەستەڵاتدارێتیی، لەبەرئەوەی سەرکەوتنێک پشت ببەستێت بە دەستەڵاتدارێتیی ناڕاست و خەڵەتێنەرە. ٥- هیچ رێزێک بۆ دەستەڵاتدارێتیی ئەوانیدی دامەنێ، لەبەرئەوەی هەمیشە دەستەڵاتدارێتیی بەرانبەر دەکرێ بدۆزرێنەوە. ٦- هێز بەکارمەهێنە بۆ سەرکوتکردنی ئەو بیروڕایانەی کە تۆ وا بیردەکەیتەوە کوشندە بن، لەبەرئەوەی ئەگەر وا بکەیت بیروڕاکان تۆ سەرکوتدەکەن. ٧- لە بیروڕا دەربڕیندا لەوە مەترسە نامۆ بی، لەبەرئەوەی هەمو بیروڕاکان کە ئێستا قبوڵکراون رۆژانێک نامۆ بون. ٨- خۆشیی زیاتر لە مەعریفەی دژە-باو ببینە لە رازیبونی نەخوازراو، لەبەرئەوەی ئەگەر تۆ بەها ببەخشیتە مەعریفە وەک پێویستە، مەعریفەی دژە-باو نیشانی رازیبونێکی قوڵترە لە رازیبونی نەخوازراو. ٩- بەڕەهایی راستگۆ بە، هەتا ئەگەر راستییەکە نیگەرانیشت بکات، لەبەرئەوەی زۆر ناخۆشترە کاتێک هەوڵی شاردنەوەی دەدەیت. ١٠- حەسود مەبە بە بەختەوەریی ئەوانەی کە لە بەهەشتی نەزانان دەژیێن، لەبەرئەوەی تەنها نەزان وا بیردەکاتەوە کە ئەمە بەختەوەرییە.
■ سەردار محەمەد كهشی ههڵبژاردن، بهپێچهوانهی ههڵبژاردنهكانی رابردو ساردو سڕ تێدهپهڕێ. خهڵكی بهگوڕو تینی جارانهوه بهپیر بانگهشهی ههڵبژاردنهوه ناچن، چونكه باوهڕیان بهوه نهماوه ههڵبژاردن شتێكی ئهوتۆ لهژیانی ئایندهو چارهنوسیان بگۆڕێت. ئهمه لهكاتێكدایه كه ئهم ههڵبژاردنه بۆ سهركردهو لایهنه ركهبهره سهرهكیهكان وهك چارهنوسسازترین ههڵبژاردن دهردهكهوێ كه كوردستانو عێراق بهخۆیهوه بینیبێتی. هیچ ههڵبژاردنێك بەئهندازهی ههڵبژاردنی ئهمجاره، چارهنوسی سهركردهو هێزهكانی كوردستانی پێوه گرێنهدراوه. ئهنجامهكهی، مانو نهمان، كهوتنو ههستانهوهو بهردهوام بونیان دیاریدهكات. بۆ پارتی، كه یهكهم ههڵبژاردنی پاش ریفراندۆمه بۆ پهرلهمانی ئهو عێراقهی سهرۆكهكهیان دهیویست لێیجیابێتهوه، یهكهم بون لهناو هێزه كوردییهكاندا بهجیاوازییهكی زۆر لهگهڵ براوهی دوهم، ئهو ئیمتیازهی پێدهبهخشێت كه سهرهڕای شكستی پڕۆژهی ریفراندۆم، دهتوانێت پاگهندهی ئهوه بكات نوێنهرایهتی زۆرینهی كۆمهڵگهی كوردی دهكاو بهناوی ئهوانیشهوه گفتوگۆ لهگهڵ هێزو پێكهاتهكانی تری عێراقدا بكات. پارتی ئێستا وهك سهركهوتنی خۆی لهكهرتو پهرت بونی ركهبهرهكانی دهڕوانێت، بهڵام ئهگهر ئهنجامی ههڵبژاردن، یهكهم بونی پارتی نهبێت بهجیاوازییهكی زۆر لهگهڵ براوهی دوهم، ئهوا وهك مۆتهكه دهبێت بۆ ئهو هێزهی خهون بهوهوه دهبینێت ببێته خاوهنی “زۆرینهی رههای خهڵكی كوردستان”، وهك نێچیرڤان بارزانی دهڵێت. بۆ یهكێتی ئهم ههڵبژاردنه چارهنوسسازتره، جگه لهوهی یهكهم ههڵبژاردنه پاش مهرگی مام جهلالو لهدهستدانی كهركوك، لهسایهی دۆخێكیشدا ئهنجام دهدرێ كه جێگری دوهمی سكرتێری گشتییهكهی لیستێكی بۆ خۆی دروستكردوه. یهكێتی ههمو ههوڵو كۆششی بۆ ئهوه خستوهته گهڕ تا بهرههم ساڵح ژمارهی كورسییهكانی ئێستای لهگهڵ بهش نهكات، یاخود كار نهگات بهوهی لیستی هاوپهیمانی لهلیستی یهكێتی زیاتر دهنگ بهێنێتو ژمارهی كورسیهكانی یهكێتی بهئهندازهیهك كهم بكات كه “موفاجهئه”ی ئهم ههڵبژاردنه بێتو تابلۆ سیاسیهكه بهتهواوی بگۆڕێت. گرفتی یهكێتیو زۆنی سهوز لهوهدایه بهدرێژایی 24 ساڵی رابردو، لهههڵبژاردنێكهوه بۆ ههڵبژاردنێكی تر رێژهی دهنگهكانی بهسهر هێزو لایهنی زۆرتردا دابهش دهبن. ئێستا چهندین هێز ركهبهرییانه لهسهر ئهوهی كامیان زۆرترین میراتیی مام جهلالو نهوشیروان مستهفایان بهركهوێو زۆرترین رێژهی ئهو دهنگانه ببهنهوه كه 25 ساڵ لهمهوبهر هی یهكێتی بون. ئهمه وایكردوه پێشبینی ئهوه بكرێ كه لهم ههڵبژاردنهدا پارتی وهك هێزێكی گهوره دهركهوێو ئهوانی تریش چهند هێزێكی بچوك بچوك. بۆ گۆڕانیش دیسان ئهم ههڵبژاردنه خاڵی وهرچهرخانه، لهبهرئهوهی یهكهم ههڵبژاردنه پاش مهرگی نهوشیروان مستهفا ئهنجام دهدرێو گۆڕانهكان زۆر مهبهستیانه پارێزگاری لهو رێژه دهنگه بكهن كه لهچوار ههڵبژاردنی رابردودا بهدهستیانهێناوه، تا بیسهلمێنن ئهو دهنگانه دهنگی بزوتنهوهكهو گۆڕانخوازان بون نهك ههر جهماوهری نهوشیروان مستهفا. كهمبونهوهی رێژهی دهنگهكانیان بەئهندازهیهكی زۆر، مۆتهكه دهبێت بۆ گۆڕان، چونكه وهك بزوتنهوهیهك دهردهكهوێ كه بهخێرایی ههڵكشاو بهخێراییش دادهكشێ. بۆ بهرههم ساڵحو لیستهكهی، ئهم ههڵبژاردنه سهنگی مهحهكه. د.بهرههم مهبهستیهتی بیسهلمێنێ بهبێ یهكێتیش ههر شته. ئهو دهیهوێ سهنگو قورسایی خۆی بۆ یهكێتیو كوردستانو عێراقو وڵاتانی دهرهوهش دهربخات. د.بهرههم كه پێگهی سهرهكی لهنێو جهماوهری یهكێتیدایه، ئهگهر ژمارهی دهنگهكانی لهیهكێتی زیاتر بێت، ئهوا دهیسهلمێنێ پێگهی كۆمهڵایهتی لهبنهماڵهی تاڵهبانی لهناو یهكێتیدا بههێزتره، بهڵام ئهگهر ئهو رێژه دهنگه پێویسته بهدهست نههێنێ كه بههیوایهتی، ئهوا كۆسپو تهگهره بۆ پڕۆژهكانیو بۆ ئهو رۆڵهش دروستدهبێت كه چاوی لهسهره لهكوردستانو عێراقی ئایندهدا بیبینێت. بۆ نهوهی نوێ، ئهم ههڵبژاردنه یهكهم تاقیكردنهوهیه: نهوهی نوێ چۆن دهچێته نێو گۆڕهپانی سیاسییهوه؟ شاسوار عهبدولواحید وهك گهنجێكی سهرمایهدار دهیهوێ لهم یهكهم تاقیكردنهوهیهدا سهركهوتو بێت، چونكه باش دهزانێت ههمو سهركهوتنێك سهركهوتنی تری بهدوادا دێو بهپێچهوانهشهوه ههمو شكستێك شكستی گهورهتر بهدوای خۆیدا دههێنێ. بۆیه خۆی بۆ ئهوه ئامادهكردوه موفاجهئهی ئهم ههڵبژاردنه بێت. ئیسلامییهكان، جگه لهوهی چاویان لهسهر ئهوهیه ژمارهی كورسیهكانیان لهبهغدا زیاد بكات، هاوكات لهنێوخۆشیاندا “كۆمهڵو یهكگرتو” ركهبهرییانه لهسهر ئهوهی كامیان متمانهی زۆرینهی ئیسلامیهكان بهدهستبهێنێو نوێنهرایهتیان بكات. ئێستا ئێمه لهبهردهم روداوێكی چارهنوسسازداین، كه لهشهڕی مانو نهمان دهچێ بۆ هێزه كوردییهكان، شهڕێك كه بهرلهوهی بۆ نوێنهرایهتی كردنی كورد بێت لهبهغدا، بۆ دهرخستنی سهنگو قورساییانه لهكوردستان. شكستو كهوتنی ههریهكێكیان، مۆتهیهكی قورسو رەش دهبێت بۆ چوار ساڵی ئایندهیان. -ئاوێنە