■ پەیڕەو ئەنوەر ئەمەریکا پارە و دیاری بۆ ئاشكراکردنی سەرکردەکانی پەکەکە دادەنێت! ئەم پڕۆسەیە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمەریکا هێشتا دەیەوێت وەک هێز و سەرمایە لەدونیادا ئامادەبێت! پارەدانان بۆ گرتن و دەستگیرکردنی ئەوانیتر جوڵەیەکی تەواو کاپیتاڵیزمانەیە! پارەی زیاتر، هێزی زیاتر! دەکرێت بە گشتی بڕیارەکە پەیوەندی بەدوو رووداوی سەرەکییەوە هەبێت: رووداوی یەکەم: مەسەلەی کەلتور و بیرکردنەوەی دژە ئەمەریکییانە! دیارە ئەمەریکا دەیەوێت دونیا دۆستی بێت تا ئەمەریکا لەهەموو شوێنێک، پانتایی و رووبەرێک ئامادەیی هەبێت! ئەمەریکا لەرێگەی سۆفت پاوەر و کەی ئێف سی و ماکدۆناڵد و میوزیکی جاز و راپ و ئۆتۆمبێڵی فۆرد و سینەماوە هەوڵیداوە هەمیشە ئامادەبێت! ئامادەبوون بەمانای ئەوەی کەلتوری ئەمەریکی ببێت بە کەلتورێکی گەردوونی! لەدوای سزاکانی ئەمەریکا بەهۆی مەسەلەی قەشەکەوە بۆ سەر تورکیا، ئەمەریکا وەک کەلتور و هێز و بڕاند لە شەقامی تورکیدا بەرەوە مردن و مەرگ و لاوازبوون دەچوو! پڕۆسەکە وەهابوو کە شەقامی تورکی شەقامێکی دژە ئەمەریکییانە بێت. ئەم شێوە جوڵەیە و بیرکردنەوەیەی شەقامی تورکی بۆ ئەمەریکا ئاراربەخش بوو. ئەمەریکا ناچار لەڕێگەی پەکەکەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو شەقامی تورکی. رووداوی دووەم: ئەمەریکا نازانێت چۆن لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیدابێت لەبارەی پەیەدەوە! تورکیا (پەیەدە و پەکەکە) بەیەک خانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیستمی بیرکردنەوە و سیاسەتکردن دادەنێت! ئەمەریکا دەیەوێت ئەو دوانەیە لەیەکتر داببڕێت! پەیەدە بۆ ئەمەریکا هەژموون و باڵایی و جیۆپۆلەتیکە لە سوریادا لەبەرامبەردا رووس و هێزەکانی تردا! دیارە ئەمەریکا نایەوێت بی پارتنەر و هاوبەش بێت لەسوریا چونکە ئەمەریکا بەبێ هاوبەش لە سوریا دەمرێت! بریارەکەی ئەمەریکا لەبارەی پەکەکەوە بۆ ئەوەیە واپیشانی تورک و دونیای تورکی بدات کە پەکەکە دونیایەکی جیاوازە لە پەیەدە؛ بەیەکتر ناچن، جیاوازن لەیەکتر، دوور و بێ پەیوەندین، دوانە نین بەڵکو لەیەکتر دابڕاو و ناهاوبەشن. دیارە هەم نوخبەی سیاسی تورکی و هەمیش شەقامی تورکی زیاتر لەگەڵ ئەو هێزە لە پەیوەندیدان کە دژە-کورد و پەکەکە و هێزە کوردییەکانی ترن! دونیای تورکی نۆستالیژیایەکی هەیە لەگەڵ دژە کوردبوون! پێدەچێت ئەم نۆستالیژیایە زیاتر بگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی بەمۆدێرنبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ! مۆدێرنە بریتییە لە سنور و دیسپلین و پێکەوەبوون و ناسنامە؛ تورک نایەوێت ئەم سنور و ناسنامەیەی خۆی دابەش و پارچە پارچەبکات و ئەمەریکاش ئەم کەلتورەی تورک دەخوێنێتەوە و لەگەڵیدا دەژی`
■ دانا سۆفی برایم ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕین کاتێک «جەماعەتی بەناو کوردایەتی» لە شاخەکانەوە هاتنە خوارەوە بۆ شارەکان، خەڵک لە لادێ و لە شاخەکان خاوەن خوان و شەهامەت بوون، کەچی بە ئەزمونی (٢٧) ساڵ حوکمڕانی هەموو بەرپرسەکان بونە خاوەن کۆشک و تەلار، بونە ملیاردێر لەسەر سکی خەڵکی کوردستان، گەشتنە پارەی مەرزەکان خستیانە گیرفانیان، گەیشتنە نەوت تاڵانیان کرد، نەمامەکانیان هەڵکێشاو، زەوییەکانیان تەلبەند کردو، دەستی سوکایەتی و بەدڕەوشتیان گەیشتە هەموو گیانلەبەرێکی کوردستان. ڕۆژگارێکی ڕەش یان لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و سەروەر نەکردنی دادگاکان خوڵقاند. زۆر نین ئهو پیاو كهس و بنهماڵانهی كاری خێرخوازی ئهكهن، بهشێكیش له وانه زۆر كهم دیارن له ناو كۆمهڵگا و تیڤی و سۆشیال میدیا، كه باسی پیاوه سپیهكه دهكهین ههندێك كهس لایان سهیره و پێشتر ناوێكی وایان نهبیستووه...! لەم ئان و ساتانەدا،،، خەڵکی کوردستان پێی سەیرە پیاوێکی سپی و نەجیب و ئەسڵزادەی وەک «جەلالی عومەری سام ئاغا» لەناو کایەی حکومڕانی دا بوبێت و، بە ڕووسووری ناوی دەرکردبێت. جەلالی سام ئاغا، لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو کۆلێژی ئابوری و بازرگانی لە زانکۆی بەغدا تەواو ئەکات، لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە دەست بەکارو چالاکی ئەکات و، لەسەر بزێوی و خزمەتی کاروباری پێشمەرگە دەستگیر ئەکرێت. ئەم پیاوە سپیەی نیشتمان، تەنها ڕۆڵەیەکی سلێمانی و دارولمولکی بابان نییە، بەڵکو لە هەموو حیزب و لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستان و، کوردانی هەندەرانەوە وەک چاکەخواز و نێوبژیوان و بەخشندەیی و دەستپاکی ناوی ئەهێنرێت و، هیوای لەسەر هەڵدەچنرێت. ئەزمون و خزمەتی نیوسەدە کاروباری ئیداری هەیە، مەسەلەکە ڕەنگە هەر ئەمە نەبێت، زیاتر وەک خوێنەرێک دەمێکە دیققەت لەوانە ئەدەم کە لەسەر ئەم پیاوە قسە ئەکەن، ئەبێت نهێنیەک هەبێت کەسێک نزیکەی هەشت ساڵە خانەنشین بووەو، لەماڵەوە دانیشتووە، کەچی لە زیهنیەتی خەڵکدا، لە هەناوی کۆمەڵگەدا هەموو ساتێک ئەو لە دایک ئەبێتەوە. ئەمەش هۆیەکەی ئەمانەی لای خوارەوەیە: یەکەم: بەخشین لەماڵی خۆی بۆ ماڵی گشتی و خەڵکی بەشمەینەت، لەکاتێکدا بەرپرسەکانی کوردستان ڕۆژ ئەبێتەوە ماڵی خەڵک ئەدزن و، داگیر ئەکەن، جەلالی سام ئاغا خانووەکەی خۆی لە گردی سەرچنار لە شاری سلێمانی کە نزیک (٤٠) ساڵ بەر لە ئێستا دروستی کردوە ئەبەخشێت بە وەزارەتی تەندروستی، کە بێگومان ئەم خانووە یەکێکە لە شوێنە گرانبەها کانی شار، دوای کۆچی دوایی خۆی ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی ئەکرێت. سام ئاغا لەگەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبوە، لەدوای خانەشین بونی زەوییەکی خۆیان ئەفرۆشرێت و، پارەکەی ئەخاتە بانقەوە، ساڵانە قازانجی ئەو پارەیە کە لە بانق دانراوە ئەدرێت بە ژمارەیەک خانمی سەلار و کارمەندی سەرکەوتوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی. جەلالی سام ئاغا و خانەوادەکەی، بەمەشەوە ناوەستن، لەکاتێکدا قەیرانەو، کوردستان پێویستی بە سەدان خوێندنگە هەیە، خۆیان و کەسوکارەکەی پەیوەندی بە حکومەتەوە ئەکەن و، دیزاینێکی نمونەیی وەها پێشکەش بە پەروەردەی هەرێم ئەکەن بۆ دروستکردنی خوێندنگەیەک، کە لەڕۆژی مەراسیمی کردنەوەی خوێندنگەکەدا، بەرێوەبەرایەتی پەروەردە دانیان بەوەدانا لەمەولا هەمان دیزاینی ڕێک و پێک بەکار ئەهێنن بۆ دروستکردنی خوێندنگە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر... له تازهترین كاری خێرخوازی خۆی و بنهماڵهكهی كردنهوهی قوتابخانهكهیێكی زهكی 12 پۆلی بوو له شاری سلێمانی له گهرهكی برایم ئهحمهد، كه چهندین كور و كچی خوێندكاری له تهواوی قۆناغهكانی خوێندن له مالێكهوه گواستینیهوه ناو قوتابخانهیێكی مۆدێرن. دووەم: بە گژاچونەوەی گەندەڵی، خاڵ و وێستگەی گەورەی ژیانی جەلالی سام ئاغا بریتیە لەوەی کە ئەو یەکەم فیشەکی دژی گەندەڵی تەقاندووەو. ئەم پیاوه ئەوەندە «بە سام» بووە کە گەندەڵکاران لە دەستی هەڵهاتوون، لە کاتێکدا (٨) ساڵ جەلالی سام ئاغا سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ئەبێت، نزیکەی (٢٥٦٠) ڕاپۆرت لە دژی گەندەڵکاران ئامادەئەکەن و، ووردبینی بۆ ئەکەن، کە ئەبینێت لە گەندەڵکاران ناپرسنەوە، چەندین جار داوا لە «جەلال تاڵەبانی» هاوڕێی خۆی ئەکا ئەگەر لێپرسینەوە نەکەن دەستلەکارئەکێشێتەوە، لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا ئەنوسێت «من جسمێکی غەریبم لەناوتانا، شەرەفمەند نیم بە وەزیفەکەتان». بهم كارانهی له رابردوو و ئێستاو داهاتوو نهوهیێك فێری ئهوه ئهكات كه وهك خۆی بن و ههزاران كور و كچی لاو فێری نیشتمانی پهروهری ئهكات. دواجار، پێگەو جێگەی جەلالی سام ئاغا لەناو دڵی خەڵکی کوردستان دا گەورەیە، لەبەرئەوەی لە وەزیفەدا بوو دژی گەندەڵکاران و، لە بەرەی خەڵک و هەژاران و نیشتمانەکەی لای نەدا و ماڵەکەی بوو بە ماڵی هەموان. ئێوهی پێویسته بگوترێت لهم كاتهدا زیاتر ههندانی تهواوی سهرمایهدارهكانی ههرێمی كوردستان و بناماڵهكانی تره كه چاو له بنهماڵهی سام ئاغا بكهن له ئهنجام دانی كاری خێرخوازی له ههرێمی كوردستان, چونكه رۆژی رۆژگاری رهش پیاوی سپی پێویسته. وهك له كوردهواریده دهوترێت:( ماڵی سپی بۆ رۆژی رهشه)...
■ لهتیف فاتیح فهرهج 1 دوای سهردانهكهی ماسیۆپالمهری جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمهریكی بۆ ئهنكهره ، باڵیۆزخانهی ئهمهریكا له ئهنكهره رایگهیاند ئهمهریكا بۆ پێدانی زانیاری له سهر ههریهك له موراد قهره یهڵان ، جهمیل بایك "ههڤاڵ جومعه" ، دۆران كاڵكان خهڵاتی 12ملیۆن دۆلاری بهسهر یهكهوه داناوه ، له بارهی پالمهرهوه زانیاریهكی ئهوتۆم دهستنهكهوت ، بهڵام دهڵێن نوسهرهو چوار رۆمانی ههیه ، شهرم و كێماسیهكی گهورهیه مرۆڤ رۆماننوس بێت و ئیش له سهر مرۆڤبكات ، لێ پرسیاری ئهوه نهكات ئاخۆ ئهوانه تیرۆریستن یان تیرۆر بهرههم و داهێنراوی دهوڵهته بۆ سهركوتكردنی جیاوازی ، ئهمه یهكهم جار نیه ئهمهریكا به خواستی تورك كورد دهكاته تیرۆریست و مهرگی نزیكهی 0 ههزار كهس دهخاته ئهستۆی پهكهكه ، نهك دهوڵهتی تورك ، پێشتریش له 1997 پهكهكهی خسته لیستی تیرۆرهوهو دواتریش له 2011 به تیرۆریستی نێو دهوڵهتی ناوی برد، له ساڵی 2009بۆ موراد قهره یهڵان دۆسیهی تێوه گلان له قاچاخچی مادهی هۆشبهری دروستكرد. پرسی كورد به گرتن و رفاندن و تیرۆی ئهو سێ كهسه نه كۆتای دێت نهچارهدهكرێت ، ئهو سیانهش جگه له داوای ئازادی داوایهكی دیكهیان نیه . 2 حزبهكانی باشوری كوردستان دوای زیاتر له 24 سهعات له راگهیاندنی بڕیارهكهی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا نهبهیهكهوه نهبه جیا جیا ههڵوێستێكی روونیان دهرنهبڕیووه ، دهكرێ حزبهكانی باشوری كوردستان له رێی كهناڵه جیاجیاكانهوه له گهڵ دهستهو گروپه جیاوازهكانی نێو ئهمهریكا لهو بارهیهوه قسهی خۆیان بكهن ، مهرج نیه ئهوهی وهزارهتی دهرهوه یان كهسێك له وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا بیڵێت رای ههموو دهسهڵات و ناوهندهكانی بڕیاری ئهمهریكی بێت ، رۆژگارێك دهرههق به مامۆستا عهلی باپیری كۆمهڵی ئیسلامیش ناههقیان كرد، ههر خۆیشیان پهشیمانبوونهوه، حزبهكانی باشوری كوردستان و پارلهمان و حكومهت دهكرێت له دیوێكی ترهوه وێنهكه نیشانی ئهمهریكا بدهن . 3 ئهمهریكا وڵاتی سهیرو سهمهرهی سیاسهتكردنه ، كێ دهڵێت لهو كاتهدا كه بڕیاردژی ئهو سێ تێكۆشهره دهرناچێت له شوێنێكی تری ئهم دنیایه ئهوان میوانی ئهمهریكا نهبن ، یان به پێچهوانهوه ، ئهمهریكا سهرقاڵی بهرژهوهندیهكانێتی نهك دۆستایهتیهكهی ، كه به ههنگاوی دور تر دهژمێردرێ له سیاسهتا ، له ئهمهریكا زۆرن ئهوانهی پێچهوانهی پالمهر بیردهكهنهوه بۆ نمونه ماكگورك ، گالبرێس و زۆری تر كهواته وهك كوردهكه دهڵێت خودا له سوڵتان مهحمود گهورهتره ، بهڵام هیمهتی ههمهلایهنهشی دهوێت . 4 ئهگهر ئهمهریكاو توركیا پێیان وابێت كێشهی كورد پهیوهسته بهو چهند ههزارچهكدارهی چیاكانی كوردستانهوه ئهوه له ههڵهو گهوجیهكی گهورهدان ، كێشهی كورد له تهواوی شارهكانی باكوری كوردستان و له ئهنكهرهو ئهستهنبوڵه ، تا لهوێ چارهسهری تهواوهتی نهكرێت چیاكان ئارام نابن ، ئێ دیاره بازرگانهكانی شهڕیش له واشهنتۆن و ئهنكهره ، له گهڵ ئارام بوونهوهو ئاشتی نین
■ لاوك سەڵاح بە ر لە ماوەیەک نووسیم کە لە پاش شکستی داعش، دەوڵەوتە ئیقیلمییەکان وئەوانەی رۆژئاوا راستەخۆ رووبەرووی یەکتر دەبنەوە و ملمانێکان لەلایەن دەوڵەتەوە بەرێوەدەبرێت و توندتر دەبێت ودەمامکەکانی خۆیان بێ شەرم لادەبن. ئیتر لەم دونیا وێرانەیەدا نە بەها وئەخلاقی ئینسانی هەیە، نە یاسایەک هەیە رێ لەم جەنگڵستانە بگرێت، دونیایەکی میکافیللیانە بەردەوامە کە پێچەوانەی هەموو بانگەشەکانی گلۆبالیزم بوو بەوەی جیهان دەبێتە گوندێکی بچووک و دونیایەک دادەمەزرێت تیایدا مافەکانی مرۆڤ دەبنە پێوەری سەرەکی بۆ هەر مامەڵەکردنێکی نێودەوڵەتی. لەبری ئەوە، تەوژمە توندرەوەکانی ناسیونالیزم پەرەیان سەندەوە و شێواندنەکانی ئیسلامی سیاسی فۆرمی نوێی لە خۆگرت و پیادەکردنە چەوتەکانی سۆشیالیزم ئەوەندی دیکە چینەکانی کۆمەڵگەی لەیەک دوورخستەوە و درۆ گەورەکانی نیولیبرالیزم چینێکی مشەخۆری لە بانکەکان دروستکرد کە دونیای بەرەو وێرانە و هەرەس برد و دواجار دونیا لە ئاوێنەدا بە رووتی خۆی لە بەردەم دەوڵەتەکاندا بینییەوە، خۆی لەبەردەم سەردەمێکی نوێ لە سەرهەڵدانەوەی موئامەرە بینییەوە و هەر پەرەسەندنێکی تەکنەلۆژی کە هەبوو لەو پێناوەدا بەکارهات و دێت. ئەم دەوڵەتانە نە کەلتووری دەوڵەتداریان پاراست، نە کەلتووری پیشەییان بەرجەستە کرد، نە کەلتوورێک کە لەسەر دابونەریتێکی مێژوویی و کلاسیکی بەردەوام بێت. بەداخەوە، دەوڵەت لە ئێستادا ئامرازێکە بۆ ئیستبداد نەوەک پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان، دەوڵەت بۆتە دامەزراوەیەکی پۆلیسی هەروەک جاران، کیشۆرەکان تێدەپەرێنێت و لە بری دەوڵەتە بریکارەکان پارە دەدەن بۆ کوشتنی خەڵکانێک کە هیچ پەیوەندیەکیان بە مێژووی ئەوانەوە نییە، کەسانێک کە بۆ مانەوەی میللەتەکەیان و خۆیان لە سەخترین رۆژگاردا دەژێن و رووبەرووی قێزەوەترین نادادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەبنەوە. بەخشینی پارە وەک پاداشت بەرامبەر ژیانی سێ کەس رەنگدانەوەی کەلتوور و رەفتارەکانی مێژووی تەکساسە، خۆ دەکرا ئەو پارەیە بدرایە بە حکومەتی تورکیا و ئەو خۆی وەک لایەنێکی ململانێکە داوای سەری ئەو سێ کەسەیان بکردایە، رەنگە ئەوە رەواتر بوایە! شەرمە وڵاتێکی وەک ئەمریکا بە برە پارەیەک داوای سەری سێ کەس بکات کە بەرژوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوەوە نییە، ئاستێکی زۆر نزم لە مامەڵەکردن لەلایەن وڵاتێکەوە کە خۆی بە سپۆنسەر و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ دەزانێت. سێ کەسی سەر بە میللەتێک کە تەنیا نەعلەتی ئەوەیە خاوەنی شوناسێکی بێکەسن وهێشتا قوربانین و شاخ قەڵغانیانە. تۆ براونە دەوڵەتێک خاوەنی گەورەترین سوپای دونیا بێت و نوێتریین چەکی ئەتۆمی هەبێت بەڵام لە بەردەم هێزی رەمزی و مەعنەوەی سێ کەسدا چەند لاواز بێت. زیادەرۆی نییە ئەگەر بڵێم ئەم پەنجا ساڵەی رابردوو لە ناشرینترین ساتەکانی مێژوو بوو، ئێمە بەداخەوە بووینە شاهێدێکی نەفرەتلێکراو لەبەردەم زنجیرەیەک لە کارەساتی سیاسی خێرادا کە سیمای سەرەکی هەڵتەکاندنی بونیادی هەموو کۆمەڵگەکان بوو. پەنجا ساڵ لە درۆیەکی گەورە.
■ نیاز عهبدوڵڵا له ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان، قوباد تاڵهبانی سهرۆك لیستی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان له كۆی 319912 دهنگی لیستهكهی 182551ی دهنگهكانی به دهستهێنا، كه دهكاته 11 كورسی و نیو له تێكڕای ئهو 21 كورسییه پهرلهمانییهی حیزبهكهی بهدهستیهێناوه. ههر له ئهنجامی ههڵبژاردنی 30ی ئهیلولی 2018، شاسوار عهبدولواحید سهرۆك لیستی جوڵانهوهی نهوهی نوێ 106289 دهنگی له كۆی 127115 دهنگ له لیستهكهی بهدهستهێنا و بووه هۆی بهدهستهێنانی 6 كورسی و نیو له كۆی 8 كورسی پهرلهمانی حیزبهكهی. بهڵام قوباد تاڵهبانی و شاسوار عهبدولواحید نوێنهرانی 288840 دهنگدهر له ههرێمی كوردستان، كه رێژهی دهنگهكانیان بهرامبهر به 18 كورسی پهرلهمانه، ئامادهی سوێندخواردنی دهستبهكاربوونی كاری پهرلهمانی نهبوون له 6ی تشرینی دووهم، تا ئێستاش ئاماژهكان بهو ئاراستهیهن ههردوو ناوبراو دهست بهكارنابن و پهرلهمانتاری شوێنگرهوه له بری خۆیان دادهنێن. ههردوو سهرۆك لیستهكه له ماوهی پڕوپاگهندهی ههڵبژاردنهكاندا بهڵێنیان به دهنگدهرانیان دا كار بۆ چاكسازی دارایی و سیاسی و ئهمنی بكهن، بهشێكی گرنگی ئهم بهڵێنانه له رێگای بوونی پهرلهمانتاری بههێز و دامهزراوهیهكی بههێزی یاسادانان جێبهجێ دهكرێت نهك به پشتكردنه پهرلهمان. به تایبهت هێشتا دۆسییه ههڵواسراوه یاساییهكانی وهك دهستووری ههرێمی كوردستان، سهرۆكایهتی ههرێم، سیستهمی سیاسی ههرێمی كوردستان، چاكسازی مووچه و خانهنشینی پله باڵاكان، بههێزكردنی لامهركهزییهتی پارێزگاكان، چاودێریكردنی داهات و خهرجییهكانی ههرێم ماون كاری جددی و پێویستیان لهبارهوه بكرێت، سهرجهم ئهم دۆسیه گهورانهش سپێردراون به خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان. سهرهڕای خواستی قوباد تاڵهبانی بۆ كاركردنی له پۆسته باڵاكانی حكومهت و خواستی شاسوار عهبدولواحید بۆ رابهرایهتی كردنی جوڵانهوهكهی، بهڵام بوونی ئهوان له پهرلهمان دهتوانێت وێنای ئهو دیمهنه ناشرینه باوهی سیاسهت له كوردستان بگۆڕێت كه "سهرۆك لیستهكان كاری پهرلهمانتاری ناكهن". ئهوان به پشتكردنه پهرلهمان، جگه له خهڵك متمانهیهكی گهورهی ئهو سهركردایهتییهی گرووپهكانیان له دهست دهدهن كه كاری پێكهوهییان كردووه. گۆڕینی مۆدیلی حوكمڕانی له ههرێمی كوردستان و دروستكردنی پهرلهمانێكی به هێز له دووری 200 كیلۆ مهتر و به دروشمی بریقهدار ناكرێت، بهڵكو پێویستی به كرداری ستراتیجی راستهقینه و بهریهككهوتنی راستهوخۆ ههیه لهگهڵ دامهزراوه خاوهن كێشهكان لهوانهش پهرلهمان و دهستپێكردن لهوێوه، چونكه دامهزراوهكانی ههرێمی كوردستانیش وهك ئاسنێكی خوار وان تا گهرم نهكرێن و نهكوترێن راست ناكرێنهوه. لایهنی كهم پێویسته به سوود وهرگرتن له ئهزموونی كاری پهرلهمانی عێراق و بوونی سهرۆك حیزب و سهرۆك لیستهكان تیایدا، سهرۆك حیزب و سهرۆك لیستهكانی ههرێمی كوردستان كار بۆ بههێزكردنی دهسهڵاتی یاسادانان بكهن.
■ هونەر تۆفیق ماتیو پاڵمەر ، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا . ماوەی سێ مانگە لەو پۆستەدا دەست بەکاربووە . لەیەکەم سەردانیدا بۆ تورکیا ، ئەو بڕیارە ئەمریکیەی دژ بە پەکەکە زیندووکردەوە کە لە ساڵی ١٩٩٧ و ٢٠٠١ دا دراوە . بەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە . برێت ماکگۆر ماوەی چوارساڵە لە دروستکردنی پەیوەندیەکی تایبەت و ناڕاستەوخۆیدایە لەگەڵ پەکەکە و ڕاستەوخۆش لەگەڵ هاو ڕێبازەکەی پەکەکە ، کە یەپەگە لە سوریادا . لە ڕێگای ماکگۆرکەوە یەپەگە و ئەمریکا بەشداری هاوبەشیان هەیە لە شەڕی دژ بەداعشدا . لەوەتەی پاڵمەر ئەو پۆستەی وەرگرتووە پەیوەندی نێوان یەپەگە و ئەمریکا ڕوو لەلاوازبوونە . لە ١٠ی ئۆکتۆبەردا ، واتە شەش ڕۆژ بەرلە جەختکردنەوەکەی پاڵمەر کە پەکەکە تیرۆریستە . هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند بۆماوەیەکی کاتی ئێمە شەڕی دژبە داعش ڕادەگرین بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر کۆبانی و تربەسپی . ئەمریکاش هیچ هەڵوێستێکی جدی بۆ ڕاگرتنی هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا نەنواندووە . بەر لە پاڵمەر ، جۆناسان کۆهین جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکابوو بۆ کاروباری ئۆراسیا . لەماوەی دوو ساڵی پۆستەکەیدا کۆهین ناکۆکی گەورەی هەبوو لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە پەکەکە و سوریا و جەنگی دژ بەداعش . کۆهین ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ڕاگرتنی لەشکرکێشی تورکیا لەپاش عەفرین بەرەو خۆرهەڵاتی فورات . هەروەها بەهۆی کۆهینەوە ئەمریکا ئابڵۆقە ئابووریەکەی وڵاتەکەی لەسەر تورکیا دانا . رێکەوتنی مێنبەجیشی بە تورکیا ئیمزاکرد . پێچەوانەی بۆچوونە سیاسیەکانی کۆهین و ماکگۆرک سەبارەت بە تورکیا . پالمەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە بۆ تورکیا مایەی دڵخۆشی بوو ، وەک لە زاری سەردار تورگۆرتی توێژەرەوەی سیاسی تورکیەوە باسی لێدەکرا . پێنج دۆسیەی قورسی ئەمریکی - تورکی ئامادەکرابوو بۆ باسکردن لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا کە لە سەردانە دوو ڕۆژیەکەی پاڵمەردا یەکلابکرێنەوە :دۆسیەی رەکێتی ئێس ٤٠٠ ی ڕوسی ، دۆسیەی خاشقچی . دۆسیەی ئابڵۆقەی سەر ئێران . دۆسیەی سوریا . دۆسیەی قوبرس . ئەم دۆسیە قورسانە بەئاسانی بە قازانجی تورکیا لەلایەن پاڵمەرەوە خەریکە یەکلادەکرێنەوە . لەگەڵ ئەوەشدا تاکلایەنانە خەڵاتی تورکیای کرد بە زیندووکردنەوەی بەتیرۆریست ناساندنی پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە . پاڵمەر کە ئەدیبێکی سیاسی ڕۆمان نووسیشە ، تا ئێستاکە چوار ڕۆمانی بڵاوکردۆتەوە " گورگەکەی سەرایڤۆ " وەفدەکەی ئەمریکا " دوژمنێکی باش " نهێنی دەوڵەت " ئەزموونی دیبلۆماتکاری خۆی لەڕێگای ڕۆمانەکانیەوە گێڕاوەتەوە . ئەوەی جێگای سەرنجە پاڵمەر لەماوەی نوێنەرایەتیکردنی ئەمریکا لەهەر وڵاتێکدا بووبێت ، جەنگ و ماڵوێرانی لەو وڵاتەدا ڕوویداوە . لە ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ لە بۆرما بووە . جەنگی موسڵمان و بوزیەکان بەرپابووە لە ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ لێپرسراوی مەلەفی جۆرجیا بووە ، جەنگی ئۆتیسیا ڕوویداوە لە ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٩ بەڕێوەبەری مەکتەبی یوگوسلافیابووە ، جەنگی سربیا ڕوویدا لە ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ لە سەفارەتی ئەمریکا لە بەلەگراد بووە ، جەنگی بۆسنە ڕوویداوە لێرە بەدواوە لەپاش گرتنە دەستی مەلەفی ئۆراسیا لە یۆنانەوە تا ئەرمینیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چاوەڕوان دەکرێت بەریەککەوتنی تاکتیکی ڕووبدات لەنێوان سیاسەتی ماکگۆرک و پاڵمەردا . ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە چۆنیەتی هاوپەیمانیەکانی ناوچەکە و گۆڕانگاری لەسەنگەرەکانی شەڕی سوریادا .
■ سەردار عەزیز هەواڵی دانانی بڕی پارە لە سەر سێ سەرکردایەتی پەکەکە لە لایەن ئەمریکاوە، هەوڵێکی ناخۆشە، بەڵام جێگەی سەرسورمان نیە بۆ مێژوو و هەڵوێستی ئەمریکا. چەند خاڵێک لێرەدا گرنگە: یەکەم، ئەوەی روویدا بەشێکە لە دانوستانی ئەمریکا و تورک، رۆژی سێشەممە ماثیو پالمەر جێگری وەزیری دەرەوە لە ئەنکەرە بوو. ئەمە بەشێکە لە دانوستانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بە مانایەکی تر کاتێک بەشێکە لە دانوستان ئەوا بە مانای ئەوەی کە داوای لایەکە، لایەکەی تر ئامادەبوە جێبەجێبکات لە بەرامبەر داوایەکی خۆی یان زەمینە ڕەخساندن بۆ داوایەکی. لە هەمانکاتدا لە میانەی تۆڕێک لە داخوازی تری هەردوولادا هاتوەتە ئاراوە. تویتکردنی لە لایەن باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان وەک هەنگاوێک بۆ سەرنجڕکێشانی ڕای گشتی تورکی بەکاری دەبەن. دیارە ڕای گشتی تورکی بە ئاستێکی زۆر دژە ئەمریکاییە. دووەم، ئەمریکا لە سەرەتای پەیوەندی لە گەڵ پەیەدەدا هەمیشە کێشەی ئەوەی لە گەڵ تورکیادا هەبوە کە پەیەدە و پەکەکە پەیوەندییان نیە، تورک هەمیشە ئەوە دوپات دەکەنەوە کە هەردوو یەکن. ئەمریکا ئەم هەنگاوەی ناوە، بۆ دەرخستنی ئەوەی کە پەیوەندی نیە لە گەڵ پەکەکەدا، بەڵکو پەکەکە وەک نەیاری تورکیا، بە نەیاری خۆی دەزانێت. سێیەم، ئەم هەنگاوە سیمبۆلیکە پێش هەموو شتێک، پەیامێکە بۆ ناوخۆی تورکیا کە ئەمریکا پشتیوانی کورد ناکات دژ بە تورکیا، بەڵکو ئامادەیە کە پارە لە سەر سەرکردەکانی پەکەکە دابنێت. چوارهەم، ئەمە پەیام و فشارە بۆ سەر پەیەدە کە پەیوەندی لە گەڵ پەکەکەدا نەبێت و هەروەها دەستوەرنەداتە کاروباری تورکیا. پەکەکە نابێت پەرچەکردارانە مامەڵە لە گەڵ ئەم هەڵوێستەی ئەمریکادا بکات. خراپ خوێندنەوەی ئەمریکا، لە دەرئەنجامدا پەیوەندی خراپی لە گەڵ ئەمریکادا لێدەکەوێتەوە. ناوچەکە پڕیەتی لە نمونەی خراپ خوێندنەوەی ئەمریکا چ لە لایەن دۆست و چ لە لایەن نەیارانەوە. ئەمریکا بەردەوام دۆست و نەیارەکانی نائومێد دەکات. ئەمە بەشێکە لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا. لە پشت ئەمەوە کۆمەڵێک هۆکار هەیە: یەکەم، ئەمریکا کەس بە دۆست و هاوتای خۆی نازانێت. دووەم، سیاسەتی ئەمریکی بەردەوام لە گۆڕاندایە چونکە سیاسەتە لە ئاستی جیهاندا، سێیەم، ئەمریکا ئیدارەی دەگۆڕێت هەروەها هەڵوێستیشی. دیارە پەکەکە چاوەڕوانی ئەوە نەبوو کە ئەمریکا قبوڵی بکات، بەڵام ڕونیشە چاوەڕوانی نەدەکرد کە دژایەتی بکات چونکە پەکەکە بە هیچ جۆرێک دژایەتی ئەمریکای نەکردوە. بەڵام قەدەری کورد سەختە، هەمیشە ئەوانیتر زیاتر کاریگەرن لە سەر بڕیاردان لە چارەنوسی زیاتر لە خۆی. ئەمە قەدەری هەموو گەلێکی بێدەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەتیی دونیادا. وەها بە باش دەزانم پەکەکە پراگماتیک بێت و بە ساردی مامەڵەی لە گەڵدا بکات.
■ هێرش عەبدولڕەحمان لە ئەمریکا خەڵک گوێی لە حزب نیە، بەڵکو پڕۆژەی دەوێت، بۆ نمونە، کەسێک ٢٠ ساڵە کۆمارییە، بەس پڕۆژەی بیمەی ئۆبامای پێ باشە، خۆی بێ عەقڵ ناکات، حزبەکەی دەنگ کەمدەکات، دێت دەنگ بە دیموکراتەکان دەدات، دەنگدەر نابێت تاماوە موڵکی حزبێک ببێت، دەبێت بیر لەخۆشگوزەرانی خۆیو مناڵەکانی بکاتەوە. مێژووی حزب چیە کە نەتوانیت ژیانت بگۆرێت؟، ئەمرۆ لەسەر سندوقی دەنگدان پرسیارم لەچەند کەسێک کرد، وتم بۆ دەنگ دەدەیو کێت لا پەسەندە؟ زۆرینەیان وتیان ئێمە دەنگ ئەدەین بەئایندەی مناڵەکانمانو ئاسایشی ئەمریکا ! من خۆم لە سێ ھەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکادا، دوانیان دەنگم بە دیموکراتەکان داوە، کۆمەڵێک پرۆژەی باشیان ھەبوو لەلام گرنگ بوون، لەھەڵبژاردنی پێشوودا دەنگم بەکۆماریيەکان داوە، ئەمرۆش دەنگەکەم بۆ ئەنجومەنی پیرانو کۆنگرس، بۆ " پارتـێـکـ " یـانـە، بۆ حاکمی ولایەتیش پارتێکیتر! لێرە ئەتوانی لە یەككاتدا دەنگ بدەی بەئەندامی ئەنجومەنی پیرانو، کۆنگرسو، حاکمی ولایەتو قائیقایمو، تا پۆستەکانی تری خوارەوە. جوانی دەنگدانی ئێرە لەوەدایە بەئارەزووی خۆت ئەتوانی لە ئەنجومەنی پیران دەنگ بەی بە کۆماری، بەڵام بۆ کۆنگرس دیموکرات، وە حاکمی ولایەت دیموکرت، قائیمقام کۆماری، مەرج نیە ھەر کۆماری بێت یان دیموکرات ! چەند ڕۆژێکە کەمپینەکان بەم شیوەیە بوو: دەنگدەری ئەم ھەڵبژاردنە زیاتر گەنجن، وە گەنجی ئەمریکیش کەسێکیان دەوێت وەک " ئۆباما " قسەیان بۆ بکات، نەک وەک " ترامپ ". گەنجان زۆرترینیان لەبەر ترامپ ھەوڵ ئەدەن سزای کۆمارییەکان بدەن ! دیموکراتەکان پێیان وایە ترامپ لەسەر ترس ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی بەرێوەدەبات، کە زیاتر ترسی بڵاودەکردەوە ئەم چەند ڕۆژە، دەنگدان بە دیموکراتەکان واتا ھاتنی تیرۆر بۆ ئەمریکا، واتا تێداچونی ئەمریکا ! کۆماریيەکان لایان وایە ترامپ بێ هەڵەنیە، بەڵام کەسیش نیە لەمیژووی ئەمریکادا وەک ترامپ مانگانە سەدان ھەزار ھەلی کار برەخسێنێت! لە ١٨ سەعاتی داھاتوودا ھەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە، کە کێ گرەوکە دەباتەوە، فیل یان کەرەکە.
■ د. ئیسماعیل نامیق یەکەم/ ئایا بەس پەرلەمانتار بە ناحەق خانەنشین ئەکرێ؟ ئەو ژینگە گەندەڵەی حوکمڕانی کە لەکوردستاندا خولقێنراوە، خەڵکێکی زۆری کردۆتە مشەخۆر و بەشێکی تریش بەجۆرێک لەجۆرەکان پریشکی گەندەڵیان بەرکەوتوەو عەیبدار بون، بەشێکی کەم ماوەتەوە، ئەمانە پەراوێز خراون و تا ئەندازەی خنکاندن خنکێنراون وەکو بەشێکی بێکاریگەر یان کەم کاریگەر لەکۆمەڵگەدا هێڵراونەتەوە. ئەم ژینگە نالەبارە بۆتە هۆی ئەوەی کەسی گونجاو لەشوێنی گونجاودا دانەنرێت، خاوەن ماف مافی خۆی وەرنەگرێتەوە، بەکورتی پرەنسیپ وبنەماکانی دادپەروەری تەنها مورەکەبی سەر کاغەزن ولەواقعی عەمەلیدا نیمچە ونن، ئەمەش وایکردوە ژیانی خۆش تەنها بۆ بەهێز وخاوەن بازوەکان بێت. بواری خانەنشینیش یەکێکە لەو بوارانەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگە بەدبەختە کە نادادی وگەندەڵیەکی زۆری تێدا کراوە، خەڵکانێک بەپلەی وەزیر خانەنشین کراون بەڵام یەک رۆژ وەزیر نەبون، یان بەبەڕێوەبەری گشتی بەڵام یەک رۆژ فەرمانبەر نەبون، فەرمانی دامەزراندن وخانەنشینکردنیان لەیەک کاتدا بۆ دەرچوە، یان بەپلەی سەربازی بەرز خانەنشینکراون، رەنگە هەر نەزانێ چەک بەکاربهێنێت، یان ئەیزانێ بەڵام لەتەقەی خۆشی زیاتر فیشەکی نەتەقاندوە، ئەمانە وهەزارەها گەندەڵی تر، کە داهێنان( إبداع ) کراوە لەئەنجامدانیاندا وئەنجامدەرەکانیشیان بڕوانامەی داهێنانیان ( براوە اختراع ) لەسەر وەرگرتوە. دووەم/ کێ بەرپرسیارە لە شەرعاندنی خانەنشینی پەرلەمانتار؟ یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەساڵی 1999 دەرچوێنراوە ولەساڵی 2004 هەمواری یەکەم ولەساڵی 2008 هەمواری دووەم کراوە، تا پڕ بەبەرو بەدڵی نوێنەرانی گەل بێت!!! ئاشکرایە لەساڵانی 1999 و 2004 پەرلەمان چ وەکو بینا چ وەکو سیستمی کارکردن تیایدا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنترۆڵ وقۆرخ کرابو، لەساڵی 2008 دا پارتی زۆرینە بوە لەپەرلەمان، کەواتە بەپلەی یەکەم پارتی وپەرلەمانتارانی ئەوکاتی پارتی بەرپرسیارن لەدەرکردنی ئەم یاسا خراپە وشەرعاندنی پرسی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەبەرژەوەندی خۆیاندا، بەپلەی دووەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپەرلەمانتارانی ئەوکاتی یەکێتی بەرپرسیارن کەهاوبەش وهاوکاربون لەتێپەڕاندنی یاساکە هەموارەکانی وبێدەنگبون ورازیبون بەمانەوەی، هەروەها بەپلەی سێیەم یەکگرتوی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی وپەرلەمانتارەکانیان لەخولی دوەمی پەرلەماندا بەرپرسیارن، کەبەشداربونە لەهەمواری دووەمی یاساکەدا، یان پێی رازیبونەو لەئاستیدا بێدەنگبونە، بەپلەی چوارەمیش بزوتنەوەی گۆڕان وپەرلەمانتارەکانی بەرپرسیارن، چونکە نەیانتوانیوە لەخولی سێیەم وچوارەمی پەرلەماندا ئەم یاسا خراپە هەڵبوەشێننەوەو یان هەمواری بکەنەوە. هەروەها پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانیش پشکی خۆیان بەردەکەوێت لەم بەرپرسیارێتیەدا. سێیەم/ بۆچی تەنها خانەنشینی پەرلەمانتار بەنیشان گیراوە؟ وەزیر وەکو پەرلەمانتار خانەنشین ئەکرێ، هەروەها خەڵکێکی زۆر بەناحەق یان بە نایاسایی خانەنشینکراون، کەچی هەمو رەخنەکان تەنها رو لەپەرلەمانتارن، بەتایبەتی شەش موچەی یەکەمی خانەنشینی ( ئەوەی بە 49 ملیۆن دینارەکە ناودەبرێت ) کەلەکۆتایی خزمەتدا وەکو هەر خانەنشینێکی تر بەسەر یەکەوە وەریان ئەگرێت. بەرای من دوو کۆمەڵە هۆکار هەن لەپشتی ئەم بابەتەوە: کۆمەڵە هۆکاری یەکەم: هۆکاری راستەقینەو رەوان، کە بریتین لە: 1) پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکە پێویستە بەرگری وپارێزگاری لەماف وبەرژەوەندی خەڵک بکات، کەچی ئەم بەرژەوەندیەکانی خۆی کردوە بەیاسا وبەسەر خەڵکدا سەپاندوێتی. 2) خانەنشینکردنی وەزیر وبەشێکی زۆریش لەخانەنشینە ناحەقەکان بەیاسا کراون، ئەو یاسایانەش لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراون وپەرلەمانتاران دەنگیان پێداوە، بۆیە خەڵک پەرلەمان وپەرلەمانتار بەهۆکاری راستەقینەی خانەنشینکردنی بەناحەق دەزانێت. 3) خەڵک گومانی بۆ دروستبوە لەبەرامبەر راستگۆیی پەرلەمانتاران چونکە زۆربەی زۆریان لەراگەیاندنەکانەوە دژایەتی خۆیان بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتار دەرئەبڕن، بەڵام کە قسە دێتە سەر یاساو دەنگدان، دەنگ بۆ خانەنشینی ئەدەن و لەکۆتایی خزمەتیشدا بەشانازیەوە وەریدەگرن. کۆمەڵە هۆکاری دووەم: هۆکارە مەبەستدارەکان: هۆکاری دووەمی بەتەنها نیشانگرتنی پەرلەمان وپەرلەمانتاران لەبابەتی خانەنشینیدا، مەبەستدارەوە پەیوەندی بەحوکمڕانیەوە هەیە لەکوردستاندا. بۆ ئەوەی تەفسیری هەڵە بۆ ئەم قسەیەم نەکرێت، من لەسەرەتاوە وتومەو وئەیڵێم، خانەنشینکردنی پەرلەمانتار لەدەرەوەی تەمەنی خانەنشینی وبەیاسایەکی تایبەت، دژی بنەماکانی دادپەروەریە وکارێکی ناحەق ونامەعقولە. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار بەتەنها ئەوروژێنرێت؟ ئایا لەکابینەی چواردا چەند کەس بەپلەی وەزیر، بریکاری وەزیر ،وراوێژکار وبەڕێوەبەری گشتی بەناحەق خانەنشینکراون؟ بۆ کەس باسی ئەوان ناکات؟ بەرای من پارتی بەپشکی شێر وئینجا یەکێتی وکەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حکومەت رۆڵیان هەیە لەوروژاندن ودنەدانی ئەم بابەتە، ئەوەش لەپێناو چەند ئامانجێکدا، لەوانە: 1) ئەو جوڵەیەی کە گۆڕان لەپەرلەماندا دروستی کرد بەتەواوی خەفە بکرێت، بەمەش بەهای پەرلەمان نەهێڵرێت ووسیستمی پەرلەمانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. 2) داپۆشینی گەندەڵی ونادادیەکان کە لەبواری خانەنشینیدا کراوە. 3) شاردنەوەی شکستی حوکمڕانی وبەردەوامی دان بەم جۆرە حوکمڕانیە. 4) تەرکیز خستنە سەر پەرلەمان ودروستکردنی وێنایەکی ناشرین بۆ پەرلەمان، وەکو ئەوەی بەخەڵک بوترێت ئەم پەرلەمانە تەنها بارە بەسەر کۆمەڵگەوە، بۆیە پشتگیری حوکمڕانی بنەماڵەیی ئێمە بکەن تا نەهێڵین پەرلەمان وپەرلەمانتاران مافەکانتان زەوت بکەن. چوارەم/ دەرەنجام چارەسەری بابەتی خانەنشینکردنی پەرلەمان بەهەوڵی تاکەکەسی ناکرێت، بەوە ناکرێت پەرلەمانتارێک بڵێت من دژی خانەنشینیم، یەکێکی تر بڵێت لەگەڵیدا نیم وخولەکانی پێشو کردویانە، کەسی سێیەم بڵێت من 49 ملیۆن دینارەکەم ناوێت، کەسی چوارەم بڵێت من 49 ملیۆنەکە ئەبەخشم بە فڵان دەزگا یان رێکخراو. ئەمانە هەموی هەوڵی تاکەکەسین ورەنگە مەبەستی کەسیان لەپشتەوە بێت وبەجۆرێک لەموزایەدەش لێکبدرێنەوە، وەهیچ لەئەسڵی کێشەکە وناحەقیەکە چارەسەر ناکەن یاخود ناگۆڕن. من خۆم دەستخۆشی لەو جۆرە هەوڵانە ناکەم، لەبەرامبەردا لۆمەی ئەو پەرلەمانتارانەش ناکەم دوای تەواو بونی خول خانەنشین دەکرێن، چونکە ئەم یاسا خراپەی خانەنشینی پەرلەمانتار پێویستی دەکات لەسەر پەرلەمانتار خانەنشین بێت، واتە پەرلەمانتار ئەگەر دوای تەواوبونی خولەکەی بیەوێت بگەڕێتەوە سەر کارەکەی پێشوی، ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە بەپێی تەفسیرێکی خراپ، خراپتر لەیاساکە، بەدەر لەویست وداوای خۆی خانەنشین دەکرێت، ئەمەش وا دەکات نوخبەی خاوەن پۆست، یان پایەی زانستی وکارگێڕی کەمتر هەوڵی چونە پەرلەمان بدەن، لەبری ئەمان خەڵکێکی تر دەچنە پەرلەمان کە رەنگە نەتوانن سودێکی ئەوتۆ بەم دەسەڵاتە گەورەو گرنگە بگەیەنن. کەواتە پێویست ناکات چیتر بابەتی خانەنشینکردنی پەرلەمانتار بکرێت بە مادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، یان بکرێت بەچەکوشێک وبکێشرێت بەسەر پەرلەمان وسیستمی پەرلەمانیدا، هەروەها نابێت رێگە بدرێت پەرلەمانتار بیکات بەبابەتی موزایەدە. بەڵکو لەجیاتی هەمو ئەوانە، چارەسەرێکی ئاسان وریشەیی بکرێت، ئەویش بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار بەئەسەرێکی پێشوەخت ( أپررجعی ) هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی رێگە بەخانەنشینی ناحەق ئەدەن، لەبری ئەوە بەبڕیارێک لەپەرلەمانەوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق جێبەجیێ بکرێت.
بەختیار شارەزوری - سەرکەوتی جیهاز هێشتا گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەستی پێ نەکردوە و پەرلەمان یەکەم دانیشتنی نەکردوە و سەرۆک و جێگر و لیژنەکان دروست نەکراوە ، بەڵام ئەوەی هەیە تەنها چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی و ڕای هەندێ سیاسی حیزبی بوە ، وەک ئەوەی دەبینرێت لە گشتدا جۆرێک لە پێشبینی دەکرێت و کۆمەڵێک ئەگەر لە ئارادا دەبن ، بەڵام ئەوەی هەیە دۆسیەکان هەموی پەیوەندی بە تەوافقی حیزبەکانەوە هەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و شۆڕ بونەوە بۆ پۆستەکانی تر کە دەتوانین بڵێین (٣) فایل لەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەدا ڕۆڵی دەبێت ( پۆستە پەرلەمانیەکانی هەرێم ، پۆستەکانی حکومەتی عێراق ، پۆستەکانی حکومەتی هەرێم ) ، ئەگەر بە پێ ی دابەشکاری و بەرکەوتەی حیزبەکان بێت ئەوا بەدەرلە وەزارتەکان کە (٢١) وەزارەت و (٤) فەرمانگە و (٢) دەستە لە خۆ دەگرێت ، ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لە سەرەتای گەمەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە قسە لەسەر کەمکردنەوەی وەزرەتەکان هەیە ، کە ئەمەش جۆرێکی ترە لە یاری حیزبەکان بۆ بەرکەوتەی زیاتری جومگەکانی حکومەت ( بۆ نمونە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتیەکان لە یەک بدرێت و ...هتد) تا ئەو ڕادەیەی کابینە ببێت بە (١٥) وەزارەت ، کە ئەمەش لە قازنجی حیزبی زۆرینەدا دەبێت و پارتی جارێکی تر دەکاتەوە خاوەنی زۆرینەی جومگەکان ، ئەوەی هەیە و سەرەتاکانی دەرکەوتوە یەکێتی پێوانەی (خەبات و دەستەڵات ) دەخاتە ناو ساحەکەوە و کە هەموشمان دەزانین هیچ یەکێک نە لە پارتی و نە لە یەکێتی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن ئەگەر بشتوانن بێ یەک (٥٠+١) دەنگی پەرلەمانیش بە دەست بهێنن ، وە بە بێ یەکێتی حکومەت ناتوانرێت دروست بێیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە ، وە سەرەتای بەشداری یەکێتی دەرکەوتوە کە دەوترێت ( دەبێت شەریک بین نەک بەشدار ) کە دەکاتە ئەوەی بڵێن ئەگەر پارتی حکومەتمان بێ تەواو بکات وەک حیزبێکی خاوەن خەبات و دەستەڵاتی زۆنی سەوز ئەوە قبوڵی ناکەن ، ئەمە ڕای سەرەتایی هەندێک لە سیاسیەکانی ناو یەکێتیە ، خۆ ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی و ئەو ئەمرە واقعیە نەبوایە ئەوا پارتی لەگەڵ کەمینەکاندا (١١ کورسی) دەیتوانی حکومەت بێ ئەو حیزبانەی تر دروست بکات بە یەکێتیەشەوە ، بەڵام ئێستە پارتی دەیەوێت بڵێت ( فیفتی بە فیفتی) کۆتای هاتوە و دەبێت ڕێگایەکی تر هەبێت ، کە ڕێگای حکومەتی بنکە فراوانە ، بژاردەیەکی تریش لەبەردەستە ئەویش حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی یە ، هەرچەند پارتی وەک کارت جار و بار ئەوە دەڵی کە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ حکومەت پێکبهێنێت وەک بەدیلی یەکێتی لە زۆنی سەوزدا ، هەموشمان دەزانین زۆرینەی دەستەڵاتە ئیداریەکانی زۆنی سەوز لای یەکێتیە و کە ئەمەش بوە بە باوێکی سازان (تەوافق) و دەچێتەوە سەر دابەشکاری ڕێککەوتنە بەدناوەکەی ستراتیژی ، کە ئەمەش تەواو زەرەری لە پرۆسەی دیموکراسی زۆرینە داوە و دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتی کردوە بە شتێکی نەبوی حەتمی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە ستراتیژی درێژ خایەنیدا دەستکاری کردنی ئەم نەخشەیە ، کەواتە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم وەک لەسەرتاوە دەردەکەوێت ( پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) بەشدار دەبن و ( نەوەی نوێ و یەکگرتو) دەبنە ئۆپۆزسیونێکی پەرلەمانی ، خۆ ئەگەر گۆڕانی بەسەردا نەیەت کە ئەگەری گۆڕانی هەیە ، ئەوا لە پۆستە گەورەکانەوە دەست پی دەکات کە سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی دەبێت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت ، هەرچەندە پارتی دەلێت دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمە بێت ، لەم حاڵەتەدا هەردو جێگر بۆ یەکێتی دەبێت و جێگری دوەمی سەرۆکی حکومەت کە ئەگەر تەوافقی لەسەر بکرێت بۆ گۆڕان دەبێت ، هەمو ئەمانەش بەستراوە بە تەوافقی پۆستەکانی ناو بەغدادیشەوە ، کە ئەگەر کۆچ وکۆچبەران نەدرێت بە یەکێتی ئەوا لێرەش گۆڕانی بەسەردا دێت کە لە کۆی (٣) وەزارەتی بەغداد پارتی (٢) وەزارەتی بردوە ، لەم حاڵەتدا بۆ ئەوەی ڕێکبکەون دەچەنە سەر دابەشکاری لە وەزارەتە سیادیەکاندا ( دارایی ، ناوخۆ ، سامانە سروشتیەکان ، پێشمەرگە) وەک سەرەتا و بەرکەوتە ئەگەری هەیە بەم شێوەیە بێت و دوایی بە پێ ی ڕێککەوتن گۆڕانی بەسەردا بێت کە ئەگەر لە کۆی (٢١) وەزارەت (٤) وەزارەتی سیادی لێدەرکەین ئەوا (١٧) وەزارەتی دەمێنێتەوە ، خۆ ئەگەر وەزارەتێک بدرێت بە کەمایەتیەکان ( کە ئەم ئەگەرە دورە ) ئەوا ئەمەی خوراەوە گۆڕانکاری تێ دەکەوێت : 1. پارتی (٤٥) کورسی دەکاتە (٩) وەزارەت لەگەڵ (٢) سیادیدا کە ئەگەری هەیە دارایی و سامانە سروشتیەکان بێت، کە دەکاتە (١١) وەزارەت. 2. یەکێتی (٤) وەزارەت و (١) سیادی کە ئەگەری هەیە ناوخۆ بێت ، کە دەکاتە (٥) وەزارەت. 3. گۆڕان (١٢) کورسی (٣) وەزارەت و (١) سیادی کە ئەگەری هەیە پێشمەرگە بێت، کە دەکاتە (٤) وەزارەت . 4. کۆمەڵ (١) وەزراەت و لە بەرامبەر نەبونی پشکی لە وەزارەتەکانی سیادیدا ئەگەری هەیە دەزگای مینی پێ بدرێت. وە لە بەرامبەر دەستە و فەرمانگەکانیشدا کە هەندێکیان وەزارەت نین و سەرۆکەکەی سیفەتی وەزیریان هەیە ، دیسانەوە لەبەرامبەر پۆستەکانی تردا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت . خۆ ئەگەر ساڵی ٢٠١٩ ساڵی نەمانی پاشەکەوت بێت و هەناردەی نەوتی هەرێم بگاتە زیاتر لە (٤٠٠)هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێک ٦٧ دۆلار بێت و ئەو بڕە پارەییەی (٣٦٥ ملیۆن دۆلار بۆ ساڵیک) کە ئەمریکا دەیدات بە پێشمەرگە ، ئەوا دەبێتە ساڵێک تەواو جیاواز لە ساڵانی قەیرانی دارایی ، ئەمەش وا دەکات ئاستی بەرپرسیاریەتی لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردان قورستر بێت ، بە تایبەت یەکێتی و پارتی کە ئێستە و لە ڕابردوشدا دو هاوبەرژەوەندی و دو هاوگەندەڵی سەرەکی کۆی داهاتی هەرێم بون و جارێکی تر دەبنەوە شەریکە بەش ، کە هەمومان دەزانین لەم هەڵبژاردنانەدا ڕێژەی بەشدار بون تا ئاستی ٤٠% بوە ، واتا ئەم حکومەتە نابێتە جێ ی ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵک ، بۆیە هەر حیزب و لایەنێک بەشدار بێت دەکەوێتە بەر بەرپرسیاریەتیەکی مێژویی قورسەوە ، بەدەر لەمە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم حیزبی دەبێت ، هیچ ڕوانگەیەک نیە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت وەک بەغداد خەڵکانی تەکنۆکرات بەشداریان بکردایە ٣٠% ، بەڵام تا ئێستا هیچ باسێک لەو بارەوە نی یە ، ئەوەش دەزانین کە پارتی و یەکێتی دوو بازرگانی هاوبەشی سیاسین و بەرژەوەندییەکانیان وەک تەونی جاڵجاڵۆکە پێکەوە گرێدراوە ، لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتن یان قوڵبونەوەی زیاتری گەندڵی ڕوبەڕوی کارەساتی گەورە دەبینەوە .
■ ستران عەبدوڵا کە تەواوکردنی حکومەتی عادل عەبدولمەھدی لەبەر کێشمەکێشی حزب و لایەنەکان بە دوو حزبی یەکێتی و پارتیشەوە کەوتە قۆناغی دووەمەوە تا دوا رێککەوتنی لەسەر دەکرێت تەوقیتی دوو پرۆسەی کوردستان و بەغدا تێکەڵبۆوە. جارێکی تر ئەوی بەغدا کار لەکەین وبەینی پێکھاتنی حکومەتی ھەرێم دەکا و ئەوی ھەرێمیش کاردانەوەی لە بەغدا دەبێت. لە بەغداش گرنگتر دۆسێ بێنازەکەی کەرکوک ھەیە کە پێکوتەی سیاسەتی ناوخۆی کوردستان و سیاسەتی کوردستان و بەغدا لەبەرامبەر یەک بۆشاییەکی ھەلپەرستانەی بۆ پارێزگاری بە کەفالەت دروستکردووە تا دوا ھەلی تەعریب بەکاربێنێت. کەرکوک ھەر نەیسە کە چەقی بەستووە و چاوەرێی گەرێکی تری ململانێی سیاسییە، ئەی ھەرێم بۆ خاوەخاوێتی لە خۆرێکخستنەوەی دۆسێکانی؟ بادینی گوتەنی چەند بیکوڵێنی و بیقەلێنی ھەر ھێلکەیە. پرۆسەی سیاسیی چۆن بگیرسێتەوە ھەر لەسەر ئەوە رادەوەسێت کە ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و ھاوسەنگی ھێز و نەخشەی دابەشبوونی سیاسیی دوو دەیەی رابردوو دەبێتە بنەما . نە یەکێتی گەرەکێتی ئیستحقاقەکە فەرامۆش بکات و نە پارتیش نەشئەی ٤٥ کورسی تا سنووری وەتاقخستنی ھێزەکان یان وەتاقکەوتنی خۆی دەبات تاڵەدەزویەکی ورد و باریکە کە چوون پەرینەوە بەسەر پردی سیراتدا چاوتیژی و حەوسەڵەی پەرٍینەوەی دەوێت. لەبەر ئەم رەھەندانەی نێوان ھاوسەنگی و ئیستحقاق کە جەبری واقیعی کوردستان دەیخوڵقێنێت ھەر دواخستنێک لە پرۆسەکە کە تەوقیتی پێویست بۆ گەڵاڵەی کابینەی نوێ تێبپەرێنێت لەسەر حیسابی ئەرکە نەتەوەییەکەی لەگەڵ بەغدا چاوەرێمان دەکات تەواو دەبێت. کەرکوکیش لەسەر رێی چوونە بەغدامانە
■ شادمان مەلا حەسەن دواین رژێمی نەخوازراو بەلای بزوتنەوەی سیاسی كورد رژێمی بەعس بوو .بەعس بەحیساب دووژمنی كورد بوو ,ئەوانەی كە دژایەتی بەعسیان دەكرد و دەبوونە پێشمەرگە و رێكخستنی حزبە كوردیە دژبەرەكانی بەعس ژمارەیان زۆر زۆر كەمتر بوو لەوانەی كە پیاوی بەعس و جاش و نۆكەر و چڵكاو خۆری بوون .ئەوانەی دژایەتی بەعسیان دەكرد لەسەر ناعەدالەتی دارایی و دزی نەوت و خراپی خزمەتگوزاری نەبوو ,بەلكو لەسەر ئەوە بوو ئازادی بەرقرارنیە و مافی كورد پێشێل دەكات .دژەكانی بەعس زۆریان سەریان چووە قوڕ ئەوانەی بە دلسۆزی كردیان .ئەوانەی جاش و پیاوی بەعس بوون قازانجی گەورەیان كرد ,چونكە بۆ ئەوان هەر جاشایەتی و چلكاوخۆری بوو هی بەعس نا هی دەسەلاتی كوردی .بەلام چی روویدا بەعس لەچاو دەسەلاتی كوردی و حكومەتی ئێستای عێراق باشترین سیستەمی كارگێڕی هەبوو . بۆ ئازادیەكەش ئێستا دەسەلاتی كوردی ئەویشی ئەوەندە بەرتەسك كردۆتەوە بەشێوەیەك سە نتەرێكی رۆشنبیری بچكۆلەی وەك ستاندار ناتوانێ لە پایتەخت كۆبوونەوەیەك رێك بخات یان شوقەیەك بەكرێ بگرێ ,كەواتە وەكو میللەت هەردووكی دۆڕاند هەم سیستەمە كارگێڕی و خزمەتگوزاریەكەی بەعسی دۆڕاند هەمیش ئازادی و دادپەروەری كوردی بەدەست نەهێنا ,ئێستا هەرچی رۆشنبیر و چالاكوانی خەمخۆری كورد و عێراق هەیە هەوڵدەدات هیچ نەبێ سیستەمە كارگێڕی و خزمەتگوزاری و سەروەری یاسا بەقەد نیوەی زەمەنی بەعسی لێبێتەوە چش لە ئازادی و دیمۆكراسیەتەكە .بەعس ئەوەی دووژمنی با دەیكوشت ئەوەی لەگەلی با و ئەوەی بێلایەن بوایە رێزی لێدەگرت .بەلام ئەوانەی كورد و ئەوانەی عێراق بەس خۆیان دەوێ ئەگەرنا ئەویتر هەمووی دووژمنە لايان,
■ مەریوان وریا قانع ھەموومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی دروستبوونییەوە ھەرگیز تیپی یەکەمی سیاسەتکردن نەبووە لە ھەرێمدا. ھەموو کەسایەتیی و گروپە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێم بەردەوام لەدەرەوەی پەرلەمان و زۆربەی جاریش لەدەرەوەی حکومەتەدا بوون. بەڵکو بەشێکبوون لە ”دەسەڵاتێکی تەریب“ کە ھیچ کەس و لایەنێکی فەرمیی نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە، مەکتەبی سیاسییەکان وەک نموونە. ھەرزوو ئەم مۆدێلە سیاسییە دۆخێکی دروستکرد تیایدا پەرلەمان ببێت بە جۆرێک لە ”دیکۆری سیاسیی“ و کاری سەرەکیی ئەوەبێت ڕەوایەتییەکی درۆزنانە بە ھێز و دەسەڵاتی ھەموو ئەوانە بدات کە دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ھەرێمەکە بوون، بە تایبەتی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە سوڵتانییەکە و مەکتەبی سیاسییەکان و ھەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی دوو پارتە حوکمڕانەکە. جگە لەمە پەرلەمان وێنەیەکی بە جیھانی دەرەوە نیشانئەدا کە سیستمە سوڵتانییەکەی وەک سیستمێکی پەرلەمانی پلورال نمایشدەکرد. بۆ ھەموو ئەمانەش پەرلەمانتاران ھەم مووچەیەکی زۆر بەرز و ھەم کۆمەڵێک ئیمتیازاتی زۆری تریان بۆ دابینکرا. لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ھاتنەکایەی ئۆپۆزسیۆندا گۆڕانێک بەسەر ڕۆڵ و ئەرکی پەرلەماندا ھات. ئەگەرچی گۆڕانیش تیمێکی بۆ پەرلەمان نارد کە تیمی یەکەمی سیاسەتکردنی نەبوو، بەڵام ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم ھێزە و ئەوانی ئۆپۆزسیۆنیش، لە درێژەی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیاندا، توانیان پەرلەمان لە ”دیکۆرێکی سیاسیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”ھێزێکی پەراوێزیی“ خاوەن ”دەسەڵاتێکی پەراوێزیی“. کێشەکە لەوەدایە ئەو سیستمە سوڵتانییەی دەسەڵاتادارانی ھەرێم لەسەر پێگەی خراپ بەکارھێنانێکی بەردەوامیی دەسەڵات و گەندەڵییەکی کەموێنە و قۆرخکردنێکی ترسناکی دەسەڵاتەکان دروستیانکردوە، بەرگەی ھیچ میکانیزمێکی سیاسیی کۆنترۆڵنەکراو و ھیچ شێوازێک لە چاودێریی و لێپرسینەوەی یاسایی ڕاستەقینە ناگرێت. ئەمە وایکردن بۆشاییەک لەنێوان دەسەڵات و پەرلەماندا دروستببێت کە پڕکردنەوەی ھەمیشە ئاسان نەبێت. پەرلەمان زۆرجار لە پێگەی پەراوێزیی خۆیەوە دەیتوانی کێشە و قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە و بۆ پەیوەندییە باڵاکانی دەسەڵات، دروستبکات. تا ئەو سنوورەی لە ھەندێک ساتدا سیستمە سیاسییەکە گیری بە دەستی ئەو دەسەڵاتە پەراوێزییەی پەرلەمانەوە دەخوارد، تا کار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی، بەرزترین سێنتەری دەسەڵات لە ناو سیستمەکەدا، لەسەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کە پەیوەندیی بە کورسییەکەی خۆیەوە ھەبوو، دەرگاکەی دابخات و پەرلەمانتارەکان بنێرێتەوە ماڵەوە. لەدوای داخستنی پەرلەمانیشەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەتایبەتی پارتی، کەوتنە پرۆسەی بێنرخ و ناشیرنینکردنێکی سیستماتیک و بەرفراوانی پەرلەمانەوە، بەسەدان شێوە کەوتنە گاڵتەپێکردن و شکاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران. لوتکەی ئەم بێنرخکردن و شکاندنە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا لە کاندیدکردنی چەندەھا کەسدا دەردەکەوێت، کە ھیچ سیفەتێکی وایان تێدا نییە ببنە ئەندامی دەزگایەکی سیاسیی وا گرنگەوە. مەسەلەی ئەم ملیۆنەھا دینارەی ئێستاش ھەڵقەیەکی ترە لە شکاندنی شکۆی تەواوەتی پەرلەمان وەک دەزگایەک و پەرلەمانتاریش وەک بکەرێکی سیاسیی بەرپرسیار و خاوەن کەسایەتیی. کێشەکە لەوەدایە ئەمجارە زۆرینەی ھەرە زۆری پەرلەمانتارکان خۆیان، بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بەشدارن لەم بێنرخکردنەی خۆیان و دەزگاکەیان. لە ئێستادا دۆخێک لە ھەرێمدا دروستبووە تیایدا لە چاوی ھاوڵاتیانەوە پەرلەمان بووە بە سوکترین دەزگای سیاسیی ناو مێژووی سیاسیی ئێمە و پەرلەمانتارانیش بە سوکترین کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئێستا پەرلەمان لەوە کەوتوە کە ڕۆڵێکی دیکۆریش بگێڕێت، بەڵکو بووە بە دەزگایەک ناشیرنتر لە دەزگا سیاسییەکانی تر.
■ ئومێد جاف لە عێراق ئازادی پێکهێنانی پارتە سیاسیەکان یان پەیوەندی پێوەکردنیان پارێزراوە لەبەر رۆشنایی ئەحکامی ماددە (٣٩/یەکەم) دەستوری هەمیشەی عێراق. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسا ژمارە (٣٦ی ساڵی ٢٠١٥) دامەزراندن و پەیوەندی حزبەکان لە فەرمانگەی ئەحزاب کە لە ژێر سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێکدەخرێت. هەروەها بەپیی یاساکە حزبەکان لە بودجەی گشتی عێراق میزانی بۆ دیاری دەکرێت. رێژەی (٢٠%) دابەش دەکرێت لەسە بنەمای تۆمار بوونی حزبەکان لە فەرمانگەی ئەحزاب. رێژەی (٨٠%) دابەش دەکرێت بەسەر ئەو حزبانەی کە کورسیان هەیە لە کۆی (٣٢٩) کورسیەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەم دیاریکردنە لەسەر بودجەی سیادی عێراق دیاری دەکرێت بۆ سەرجەم حزبە سیاسیەکانی عێراق. بەگەشتنی بەشە بودجەی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم رێژەی (١%) یەک لەسەد دەروات بۆ حزبەکوردستانیەکان کە بە یاسای ژمارە (١٧ ساڵی ١٩٩٣) هەمووارکراو دامەزراون. لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای پێدانی بودجەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٥ی ساڵی ٢٠١٤) لە بەرواری (٤/٩/٢٠١٤) بە دواوە سەدان ملیار دیناری حزبە کوردستانیەکان قەرزارە. کە بە یاسا نابێت دووجار لە بودجەی گشتی هاوکاری حزبەکانی کوردستان بکرێت. پارێزەر/ ئومێد حمەرشید جاف
■ كارۆخ عوسمان بەنداوێك تەواوی ھەرێمی كوردستانی دەرباز دەكرد لەكێشەی نەبوونی كارەبا, ھەولێرو نیوەی ئەو زەویانەی دەكەونە ناو ئیدارەی پارێزگای دەھۆك و دەوروبەری موسڵی بەراو دەكردو كشتوكاڵ دەچووە قۆناغێكی پێشكەوتوو. دەبوو بەگرنگترین سەرچاوەی دابین كردنی ئاوی خواردنەوە, سەدان پڕۆژەی گەشتیاری بەھۆیەوە دروست دەكران. سامانی ماسی دەگەیشتە ئاستێكی بەرز, كاریگەری باشی دەكردە سەر كەش و ھەوای ناوچەك, دەتوانرا بەشێك لەو ئاوە بەتۆڕێكەوە ڕابكێشرێتە ھەوڵێرو بەنداوی بچووك بچووكی پێ دروست بكرێت، بۆ جوانكردنی سیمای شار. ئاخر بۆچی لەساڵی ٩١ كە لەشاخ دابەزین گشت مەكائینی پڕۆژەكەیان دزی؟ ئەگەر ئەمە چەتەبازی نەبێت ئەی چ ناوێكی لێدەنرێت؟ گریمان ئەوە دزراو تێپەڕی و بوو بەمێژوو، ھەڵەیەك بوو كراو بەسەرچوو. بەڵام ئاخر بۆچی لێ نەگەڕان دوای ٢٠٠٣ حكومەتی ناوەندی عێڕاق ئەو پڕۆژەیە تەواو بكات؟ وەختێ لەساڵی ٢٠١٣ دەیویست ئەو پڕۆژەیە بەگوژمەیەكی زەبەلاحی ٣ ملیارو نیو دۆلار پڕۆژەی گلدانەوەی ئاوی بێخمە دەست پێ بكاتەوە!!! بۆچی لێنەگەڕان بۆ؟ گریمان بۆپێش گرتن بەژێر ئاوكەوتنی ئەو ٣٠٠ گوندەی سنوری قەزای مێرگەسۆرو سۆران بوو كە گوندی بارزان یەكێكیانە, بەڵام خۆ ئەگەر پڕۆژەكە تەواكرابا دەتوانرا ئاوەكە بەجۆرێك گل بدرێتەوە لەجیاتی ٣٠٠ گوند ٣٠ گوند ژێر ئاو بكەوێت. بەمەش یەك لەسەر چواری ئامانجەكە دەپێكرا، ئەوكاتیش گوندی بارزان و مەزاری لات و عوززا ژێر ئاو نەدەكەوتن. ئاخر بۆچی لێ نەگەڕان؟ یان وەك ڕەتكردنەوەی ھەرپڕۆژەیەكیتر لێی ڕوانرا كە خزمەت بەخەڵكی ئەم وڵاتە بكات؟ بێگومان لەئایندەدا ھەرێمی كوردستان بەھەر جۆرێك بێت دەبێت ئەم پڕۆژەیە وەگەڕبخاتەوە, جگە لەبەنداوی (بێخمە)ش دەبێ كاربكرێت بۆ پێشگرتن لەبەفیڕۆچوونی ئاوی سازگاری وڵات، بەنداوی بچووك بچووك لەسەر ڕوبارەكان دروست بكرێن، بۆ سود لێوەرگرتنیان لەبواری كشتوكاڵ و ئاوی خواردنەوەو وێستگەی كارەبای محەللی. ئێستا با خەڵكی كوردستان بزانێت، لەپێناو چەند گوندێك كە زێدی سەرگەورەكانی سوڵتەی داسەپاوی ھەرێمە پڕۆژەی بەنداوی بێخمە ھەڵوەشێنرا. خۆ ئەگەر حوكم بگۆڕێت یەكەم كار كەئەنجام بدرێت دەبێ گوندەكەی بارزان تەخت بكرێت و ببێت بەزێدی ماسی و قڕش و قڕژاڵ، تاكو ھیچیتر دكتاتۆر بەنازناوی (بارزانی) دروست نەبن. كەواتە تەنھا لەپێناو گلدانەوەی ئاو نیە ئەو تێڕوانیە، بەڵكو لەپێناو لەگۆڕنانی عەقڵیەتی دەست بەسەرداگرتن و تیرۆرو خیانەتكاریە.