لەبارەی ئەمەریکا و پەکەکەوە

Draw Media

2018-11-08 16:00:04



■ پەیڕەو ئەنوەر 

ئەمەریکا پارە و دیاری بۆ ئاشكراکردنی سەرکردەکانی پەکەکە دادەنێت! ئەم پڕۆسەیە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمەریکا ‌هێشتا دەیەوێت وەک هێز و سەرمایە لەدونیادا ئامادەبێت! پارەدانان بۆ گرتن و دەستگیرکردنی ئەوانیتر جوڵەیەکی تەواو کاپیتاڵیزمانەیە! پارەی زیاتر، هێزی زیاتر! دەکرێت بە گشتی بڕیارەکە پەیوەندی بەدوو رووداوی سەرەکییەوە هەبێت:

رووداوی یەکەم: مەسەلەی کەلتور و بیرکردنەوەی دژە ئەمەریکییانە! دیارە ئەمەریکا دەیەوێت دونیا دۆستی بێت تا ئەمەریکا لەهەموو شوێنێک، پانتایی و رووبەرێک ئامادەیی هەبێت! ئەمەریکا لەرێگەی سۆفت پاوەر و کەی ئێف سی و ماکدۆناڵد و میوزیکی جاز و راپ و ئۆتۆمبێڵی فۆرد و سینەماوە هەوڵیداوە هەمیشە ئامادەبێت! ئامادەبوون بەمانای ئەوەی کەلتوری ئەمەریکی ببێت بە کەلتورێکی گەردوونی! لەدوای سزاکانی ئەمەریکا بەهۆی مەسەلەی قەشەکەوە بۆ سەر تورکیا، ئەمەریکا وەک کەلتور و هێز و بڕاند لە شەقامی تورکیدا بەرەوە مردن و مەرگ و لاوازبوون دەچوو! پڕۆسەکە وەهابوو کە شەقامی تورکی شەقامێکی دژە ئەمەریکییانە بێت. ئەم شێوە جوڵەیە و بیرکردنەوەیەی شەقامی تورکی بۆ ئەمەریکا ئاراربەخش بوو. ئەمەریکا ناچار لەڕێگەی پەکەکەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو شەقامی تورکی.

رووداوی دووەم: ئەمەریکا نازانێت چۆن لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیدابێت لەبارەی پەیەدەوە! تورکیا (پەیەدە و پەکەکە) بەیەک خانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیستمی بیرکردنەوە و سیاسەتکردن دادەنێت! ئەمەریکا دەیەوێت ئەو دوانەیە لەیەکتر داببڕێت! پەیەدە بۆ ئەمەریکا هەژموون و باڵایی و جیۆپۆلەتیکە لە سوریادا لەبەرامبەردا رووس و هێزەکانی تردا! دیارە ئەمەریکا نایەوێت بی پارتنەر و هاوبەش بێت لەسوریا چونکە ئەمەریکا بەبێ هاوبەش لە سوریا دەمرێت! بریارەکەی ئەمەریکا لەبارەی پەکەکەوە بۆ ئەوەیە واپیشانی تورک و دونیای تورکی بدات کە پەکەکە دونیایەکی جیاوازە لە پەیەدە؛ بەیەکتر ناچن، جیاوازن لەیەکتر، دوور و بێ پەیوەندین، دوانە نین بەڵکو لەیەکتر دابڕاو و ناهاوبەشن.

دیارە هەم نوخبەی سیاسی تورکی و هەمیش شەقامی تورکی زیاتر لەگەڵ ئەو هێزە لە پەیوەندیدان کە دژە-کورد و پەکەکە و هێزە کوردییەکانی ترن! دونیای تورکی نۆستالیژیایەکی هەیە لەگەڵ دژە کوردبوون! پێدەچێت ئەم نۆستالیژیایە زیاتر بگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی بەمۆدێرنبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ! مۆدێرنە بریتییە لە سنور و دیسپلین و پێکەوەبوون و ناسنامە؛ تورک نایەوێت ئەم سنور و ناسنامەیەی خۆی دابەش و پارچە پارچەبکات و ئەمەریکاش ئەم کەلتورەی تورک دەخوێنێتەوە و لەگەڵیدا دەژی`

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand