بەردەوامیی کوردایەتیی هۆکاری دوەم شەڕی ناوخۆیە

Draw Media

2018-11-09 06:24:39



 

■  كەمال چۆمانی 

ئەگەر تا ١٩٩١، یان با وایدابنێین تا ٢٠٠٣، کوردایەتی ئامرازی پێکەوەگرێدان و یەکێتیی و یەکگرتویی کورد بوبێت لە کوردستانی عێڕاقدا، ئەوا دوای ٢٠٠٣، بەتایبەتتریش دوای ٢٠٠٥ و دەنگدان لەسەر دەستوری عێڕاق، کوردایەتی خاڵی دابەشبون و ناکۆکیی کوردە.
ناسیۆنالیزم بەپێی کات و شوێن دەبێت خۆشی نوێ بکاتەوە و لەگەڵ سەردەمدا خۆی بگونجێنێت ئەگەرنا فاشیزم بۆگەنیدەکات. ناسیۆنالیزمی کوردیی یان کوردایەتی وەک ئامرازێکی روبەروبونەوەی نکۆڵیکردن لە کورد لە قۆناغێکی مێژوییدا پێویستیی بو، بەڵام لە قۆناغی دوای ١٩٩١ و ٢٠٠٣ ئەو کوردایەتییە دیسکۆرس/گوتار و بەهاکان و رێبازی خۆی نەگۆڕی. هەر بۆیە، ئێستا ئەو کوردایەتییە نەک هەر بۆتە هۆکاری پاشەکشەی کورد و کوردستان و دابەشبونی زیاتری خەڵک و هێزە سیاسییەکان، بەڵکو بۆتە مەترسییەکی گەورەش لەسەر دیموکراسیی و تەنانەت بە هۆی ئەو کوردایەتییەوە ئێستا لەبەردەم شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی داین. شەڕەکانی ناوخۆیی لە سەردەمی شاخدا، نزیکتریش شەڕی ناوخۆیی نەوەدەکان، دیسان بە هۆی کوردایەتییەوە بو چونکە دو هێز بە ناوی پاراستنی دەستکەوتەکان و سەروەرێتیی شۆڕش و شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە، دیموکراسییان قبوڵنەکرد. دونیای کوردیان دابەشکرد بەسەر "منی کوردپەروەر" و "ئەوی خیانەتکار." ئەو دابەشکردنە رۆحی ناسیۆنالیزمی کوردیی/کوردایەتییە کە رۆحی فاشیزمیشە.
ئێستا لەبەردەم شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی داین بە هۆی کوردایەتییەوە چونکە هەریەکە لە پارتیی و یەکێتیی بە ناوی کوردایەتییەوە شەڕی پۆست و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان دەکەن. ئەوان دەیانەوێت بەردەوامیی بە کوردایەتیی بدەن چونکە تاکە گوتارە لە بەرژەوەندیی خۆیانە، خۆیان دەتوانن چۆنیان بوێت دایبڕێژن و فۆرمولەی بکەن و مانیفێستی بکەن. 
پارتی دەیەویست سەرۆک کۆمار بباتەوە چونکە پێیوایە خۆی نوێنەرایەتیی کوردایەتیی دەکات. یەکێتیی پێیوایە پارتیی لە بەغداد ناتوانێت بەرگریی لە کوردایەتیی بکات و هەر خۆیان دەتوانن نوێنەری گەل بن لە بەغداد. ئێستا پارتیی داوای پارێزگاری کەرکوک دەکات چونکە پێیوایە یەکێتییەکان "خیانەتیان لە کوردایەتیی" کردوە بە هۆی دۆستایەتییان لەگەڵ عەڕەبی شیعە. یەکێتییەکان پێیان وایە ئەگەر پارتیی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی هەبێت ئەوا "خیانەت لە کوردایەتیی" دەکەن چونکە پارتیی پڕۆکسیی تورکیایە. لێرەدا، ئەوەی ونە گەلە. ئەوان بە ناوی گەلەوە دەیانەوێت ببنە داکۆکیکاری گەل، بەڵام گەل قسەیەکی نییە. ئێستا یەکێتیی داوای قائیمقامی شنگال دەکات. 
هەر وڵاتێکی دیموکراتیک لە دونیادا تەماشابکە، شەرم لە ناسیۆنالیزمی رابردوی دەکات. هەرچەندە ناسیۆنالیزم ئێستا گوتارێکی باو نییە و بۆتە گوتاری هێزە راستڕەوە نیۆ-نازییەکان، بەڵام هەبونی جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی مەدەنیی کە بڕوای بە دیموکراسیی، ئازادیی، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی هەیە خراپ نابینرێت.
کوردایەتیی ناتوانێت دیموکراسیی قبوڵبکات هەر بۆیە مەسعود بارزانیی دو جار رەتیکردەوە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم جێبهێڵێت، چونکە بارزانی پێیوابو لە کوردستانی عێڕاقدا تەنها خۆی دەتوانێت کورد و کوردستان بپارێزێت. جەلال تاڵەبانی دو جار وەک سەرۆکی عێڕاق خۆی هەڵبژارد چونکە پێیوابو تەنها ئەو لە بەغداد دەتوانێت کوردایەتیی بپارێزێت. 
ئێمە لە عێڕاقدا پێویستە کۆتایییەک بۆ ئەو گوتاری کوردایەتییە دابنێین ئەگەرنا هەرگیز ناتوانین نە لەگەڵ خۆماندا نە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێڕاقیشدا پێکەوەبژین. ناسیۆنالیزمی کوردیی پێویستی بە جارێکی تر پێناسەکردنەوە هەیە لەسەر بنەمای بەها دیموکراسیی و گەردونییەکان. دونیا لە گۆڕانێکی خێرا دایە، ناکرێت ئایفۆنی دوا مۆدێلمان هەبێت هێشتا بە عەقڵی خێڵ خۆمان و دونیا ببینین. ناکرێت کامپێین/کەمپین/هەڵمەتەکانی فەیسبوکمان هێشتا هەر لەسەر ئەوە بێت رەخنە لە سەرۆک کفر بێت لە کاتێکدا دونیا لە فەیسبوک کامپێین بۆ داهاتی بنچینەیی بۆ هەمو کەس، دونیای سەوزتر و ئینێرجیی خاوێن و گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. 
بە ناوی کوردایەتییەوە یەکێتیی و پارتیی خەریکی ململانێیەکی دیکەی بێئەخلاقانەن لەسەر پۆستەکانی بەغداد و هەولێر. ئێستا سەرۆک کۆماری عێڕاق دەتوانێت بچێتە هەمو شارێکی عێڕاق و پێشوازییەکی شایستەی لێ بکرێت، کەچی لە هەولێر و دهۆکدا لە ئاساییشی خۆی دڵنیا نییە و ئەگەر خەڵکیش پێشوازیی لێبکات، ئەوا دەزگاکانی حکومەت رێیان پێ نادرێت. لەلای هەمو عێڕاقییەکان بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار دەبینرێت تەنها پارتیی و بارزانیی نەبێت چونکە پێیانوایە کوردایەتیی موڵکی پارتیی و بارزانییە، ئەو پۆستەش موڵکی کوردایەتییە و موڵکی کوردایەتییش بۆ پارتیی و بارزانیی دەگەڕێتەوە. بە ناوی کوردایەتییەوە پێشمەرگە و ئاساییش وەک دو هێزی میلیشیا هێڵراونەتەوە و دەهێڵرێنەوە کە بونەتە مەترسیی وجودیی لەسەر ژیانی دیموکراسیی لە نیشتیمانی ئێمە.
شەڕی یەکەمی ناوخۆ کە بە ناوی کوردایەتییەوە لەسەر داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەرپابو، ئەنجامەکەی دابەشبونی کوردستان و کوژران و بێسەروشوێنبون و ئاوارەبون و کاولکارییەکی گەورەی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بو. شەڕی دوەمی کوردایەتیی ئێستا لە قۆناغی کوڵان دایە، دیسان بە ناوی کوردایەتییەوە لەسەر پۆستەکانی بەغداد و هەولێر و کەرکوک و سەرچاوەکان. ئەو شەڕە تا ئێستا پێویستی نەکردوە ببێتە پێکدادانێکی چەکداریی چونکە لەو شەڕەدا هەردولا دەزانن تێیدا براوە نابن چونکە لە ئەمڕۆدا شەڕی چەکداریی لەڕوی ئابورییەوە تێچونی زیاترە. کوردایەتی لەمپەری هەرە قوڕسە لەبەردەم بەدیموکراتیزەبونی کوردستانی عێڕاق. دەبێت دیموکراسیی پرسەکانی ئێمە یەکلابکاتەوە نەک کوردایەتیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand