■ سامانـی وەستا بەکر لەگەڵ تویتەکەی سەرۆکـی ویلایەتە یەکگتـرووەکانـی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاشکـرا بوو گـڕ لە خەرمانـی کورد بەربوو لەچەندین سەرچاوەو مێدیای جیاوازەو لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا تا ئاستـی هێرش کردنە سەر ئەو وڵاتە سەرۆکەکەی و دابەزاندنـی لە دۆستەوە بۆ دوژمن و خائن! ئـایـا ئەمریکا خائنە یان کورد بە هەڵە پشتـی پـێ بەستووە؟ لە دنیای سیاسەتا دوژمن و دۆست تا سەر نیە ئەکرێ دوژمـنـی ئەمڕۆ دۆسـتـی سبەی بـێ و پێچەوانەکەشـی ڕاستە بەڵام شتێک هەیە پـێـی ئەوترێ بەرژەوەندی ستراتیـژی کە ئەکرێ بۆ چەندین دەیە بەردەوامـێ هەبـێ کە کورد هەندێ جار لە یەکەمیانا سەرکەوتوو بووە بەڵام هەرگـیز بە درێژای مێـژوو لە دووەمیانا سەرکەوتوو نەبووە. کورد توانیویەتـی لە قۆناغێکا دۆسـتـی ئەمریکابـێ ئەگەرچـی خوێنێکـی زۆریش بەرامبەر ئەو دۆستایەتییە لەجەستەی ڕژابـێ بەڵام لەپای ئەو هەموو قوربانـی گوێڕایەڵـییە تا ئاستـی خۆ چەمانەوە نەیتوانیووە بەرژەوەندی ستراتیـژی لەگەڵ ئەمریکا گرێبدا. ئەوانەی گلەیـی لە ئەمریکا ئەکەن بە مەنتقـی خێزان بیـرەکەنەوە کە هەمیشە خێـزان ئەبـێ یەکگرتوو هاوسۆزبـێ کە ئەمە لە سیاسەتا بوونـی نیە بەڵکو لەبری گلەیـی گرنگە بەدوای ئەو کۆدانەیا بگەڕێـی کە درگا بەڕووی گرێدانـی بەرژەوەندی ستراتیژیدا لەگەڵ ئەمریکا یان هەر هێزێکـی تردا ئەکاتەوە کە لەو ڕێگەیەوە بتوانـی کارێک بکەی بەشێک لە بەرژەوەندییەکانـی ئەو هێزانە بە بەردەوامـی بەدرێژەپێدانـی دۆستایەتـی کردنتدا هەڵبواسـرێ. گومانـی تیانیە سەرۆکـی ئێستای ئەمریکا کۆی تەمەنـی پیاوێکـی بازرگان بووە ئێستاش بۆ زۆربەی پرسە گرنگە جیهانییەکان و لە ناویشیانا پرسـی جەنگ بەزمانـی ژمارە قسەئەکات کە هەمیشە بۆ هەر پرسێک باس لە تێچوون و دەستکەوتەکانـی ئەکات، ئەوەی ئەم سەرۆکەی زۆر سەرقاڵ کردووە ئەو بەڵێنانەیە کە بۆ چاککردنـی باری ئابوریە لاوازەکەی ئەو وڵاتە بە بەراورد بە پێشـووتر یاویەتـی بە خەڵک کە باشکردن و تۆکمەکردنـی ئابوری ئەو وڵاتە کلیل و گرەنتـی هەڵبـژاردنەوەیەتـی بۆ خولێکـی دیکەی سەرۆکایەتـی وڵاتەکەی. ئەو وڵاتە لە کاتێکا گەورەترین زل هێـزی جیهانـی بوو کە وەک ئیمبراتۆری گۆی زەمین خۆی ناساندبوو بەهۆی ئابوریە بەهێزەکەیەوە بەڵام ئێستا چەندین قەرزی جۆراو جۆر بەردرگای پێگرتوەو لەماوەی سالانـی رابردووا چەند جارێک ڕووبەڕووی کورتهێنانـی بودجە بۆتەوە هەر ئەوەش وای کردووە کە ئەم سەرۆکە نوێیە چاو بە چەندین ڕێکەوتن مۆرکراوی جیهانیا بخشێنێتەوە کە خودی ئەمریکا کۆڵەکەی ڕاگرتنـی بووە بۆ نمونە "ڕێکەوتنـی دابەزاندنـی پلەی گەرمـی جیهان کە بەشێوەیەکـێ بەرچاو ساڵانە بەرزئەبێتەوە، ڕێکەوتنـی بازرگانـی بێ سنور و دانانـی باج لەسەر هەناردەی زۆرترین وڵاتانـی جیهان بۆ ئەو وڵاتە، چاوخشانەوە بەو بڕە پارەیەی ساڵانە ئەمریکا تەرخانـی ئەکات بۆ ناتۆ.....هتد" لە دواترین تویتـی سەرۆکـی ولاتە یەکگرتووەکانـی ئەمریکادا نوسیوویەتـی "ئێمه پۆلیسی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست نین تا ژیانی بهنرخمان لهپێناویدا ببهخشین، "ئاخۆ ئهمریكا بێ ئهوهی هیچی دهستبكهوێت دهیهوێت ببێته پۆلیسی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست؟ كه ژیانی بهنرخی خۆی ببهخشێ و چهندین ملیار دۆلار بهخهرجكردن بدات، كهچی ئهوانی تر كه ژیانیان دهپارێزین پێی نازانن، ئێستاش كاتی ئهوهیه ئهوانی دیكه شهڕ بكهن"، ئەمە دووبارە جەخت کردنەوەی ئەو سەرۆکەیە لەسەر دەست گرتنەوەو تێچووی جەنگ کە ئەو پێـی وایە هەر وڵاتێک پێویستـی بە هاوکاری ئەوانبـێ ئەبـێ هاوکاری تێچووی جەنگیان لەگەڵدا بکات. لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دوور نیە ئەمریکا بە بەشداری کردنـی لە شەڕی سوریادا بڕی تێچووی زیاتر بووبێ لە دەستکەوت و کوردیش نەیتوانیووە هیچ بەرژەوەندییەکـی ستراتیژی ئەمریکا گرێبدات بە خۆیەوە و لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە ناتوانـێ دوستبەرداری یەکێک لە گەورەترین دۆستە دێرینەکانـی بێت کە ساڵانێکە زۆرترین بەرژەوەندی ستراتیژی ئەو دوو وڵاتەی پێکەوە گرێیاوە، هەربۆیە ئەکرێ کشانەوەی ئەمریکا کشانەوەیەکـی کاتـی و تەکتیکـی بێت تا ئەو کاتەی تورکیا ئامانجەکانـی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەپێکـێ و پاشان ئەمریکیەکان بگەڕێنەوە شوێنـی خۆیان. بەو شێوەیە ئەمریکا دوو دەستکەوتـی ئەبێت : یەکەم دڵـی دۆستە دێرینەکەی ڕازی ئەکا و بەرژەوەندییەکانـی خۆی لەگەڵ تورکیایا ئەپارێزێ کە خاکـی ئەو وڵاتە ناوچەیەکـی ستراتیژی گرنگرە بۆی هەروەک چۆن ڕێگە ئەگرێت تورکیا ببـێ بە دۆستـی ڕوسیا کە ئەمەیان گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانـی ئەمریکا لەو ناوچەیە. دووەم بەو کشانەوە تاکتیکیە پەستانێک ئەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندییەکانیان گرێدراوی ئەمریکایەو لەژێر چەتری ئەواندا پارێزراون لە هەڕەشەی ئێـران، تورکیا و ڕوسیا کە گیـرفانیان زیاتر بکەنەوە بۆ تێچووی ئەو شەڕەی کە چەند ساڵێکە لە سوریا بەردەوامـی هەیە تێچووەکەی پشـکـی شێـری بەر ئەمریکا کەوتووە. سوپایەک کە لە ١٧٧ وڵاتا بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەرباز بوونـی هەبـێ و بە شێـرپەنجە ناوببرێت کە بچێتە هەر شوێنێک هەرگێـز پاشەکشەی لێناکات ئاسان نیە هەر وا بەئاسانـی دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت کە بۆتە چەقـی ململانێـی نێوان ئەمریکا و دووژمنە مێـژووی و دێرینەکەیان ڕوسیا کە ئەگەر بەرژەوەندییەکـی ئابوری و ستـراتیـژی گەورەتـر لە پشت ئەم کشانەوە کت و پرەوە نەبێت کە بەندە پێم وایە کاتـی و تەکتیکیە کە ئەبوو کورد حسابـی بۆ ئەم ئەگەرە بکردایەو لەبری ئەم ڕاچڵەکانە زەمین لەرزێنە بۆ کورد تەنها وەک هەواڵێکـی بێزارکەر وەرگیرایە. لە ئێستایا کاریگەرترین وەڵامـی هەنووکەی هێـزە کوردیەکان وە بەتایبەت هەسەدە بۆ ئەمریکا بەجێهێشتنـی بەرەکانـی شەڕی داعشە بۆ هێـزەکانـی ئەمریکا تا ئەو وڵاتە پێداچوونەوە بۆ ئەو کشانەوە کت و پڕە بۆ کورد و داڕێژراوە پێش وەختە لە بەرژەوەندی تورکیادا بکات وە هێـزە کوردییەکان بە تایبەتـی هێـزەکانـی سوریای دیموکرات لە هەوڵـی توندوتۆڵکردنـی سنورەکانیانبن بەڕووی داگیـرکارییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیادا. ئەوەی کە ئەمێنێتەوە ئەوەیە کە کورد ڕووبەڕووی شەڕێکـی نەخوازراو ئەبێتەوە کە گرنگە زۆر بە وریای مامەڵەی لەگەڵ بکات چونکە دوور نیە تورکیا تەنها شەڕی سنورەکان بکات هەر کە گەشتە ئامانجەکەی خۆی کە پشتێنەیەکـی ئەمنیـیە بە قوڵای ٤٠ کیلۆمەتر و درێژای کۆی سنوری ئەو وڵاتە بە هێـزە کوردیەکانەوە ئیـتر لەوەودوا ئەو شەڕە بە ئەنەکەسە و پارتە دژەکانـی پەکەکە یان پەیەدە بسپێرێ بەڵام ئەوەی گرنگە کورد خۆی لە شەڕی کورد دژ بە کورد بپارێزێ چونکە سۆزی جیهانـی بۆ مەسەلەی کورد کەم ئەکاتەوە دوورنیە دواتر تورکیا لەبری داگیرکەر بکات بە فریاد ڕەس. گرنگە کوردانـی هەر چورا پارچە لەوە دڵنیابن کە چیتـر کەیسـی کورد نە لە ڕۆژئاوا و نە لە باشور ناچێتەوە چوارگۆشەی یەکەم و دۆزی کورد چەندین قۆناغی سەختـی تێپەڕانووە و تاکـی کورد وورە لە تواناکانـی خۆی وەرگرێت و لە ئەگەری هەر ڕوداوێکدا خۆی ڕادەستـی هەرەس نەکات . گرنگە ئەم ڕووداوانەی توزخورماتوو، کەرکوک، عەفرین و ئەوەشـی کە لە منبج و بەشێکـی خاکـی ڕۆژئاوی کوردستانا ڕووئەیەن ببێتە هۆکارێک کە چیتـر کورد لەبری گەڕان بەدوای دۆستێک و پارێزەرێک لە چنگـی داگیرکەرانـی کوردستان بەدوای بەرژەوەندیەکـی ستراتیـژی، ئابوری یان جیۆپۆلیتیکـی بەهێزدا بگەڕێن کە زلهێزەکان ناچاربکات لەبری دۆستایەتیەکـی کاتـی دڵبەستێکـی هەمیشەیت لەگەڵدا بکەن.
■ د.بهختیارشاوهیس (٩) دواجار ڕۆژی سێشهمهی پێشتر،سهرۆك وهزیران عادل عهبدولمههدی بهدهستی بهتاڵ لهئهنجومهنی نوێنهران گهڕایهوهو نهیتوانی كابینهكهی تهواو بكات و بهنیگهرانیهوه وتی جارێكی تر ناوی كاندیدهكانم ناگۆڕم و تائهوكاتهی فهوزای ناو فراكسیۆنهكان كۆتایی نهیهت ناگهڕێمهوه بۆ ئهنجومهنی نوێنهران. كورت و پوخت تۆپهكهی ههڵداوهته ناو گۆڕهپانی پهرلهمان، وهك ئهوهی كهنهبای دیبێ و نهبۆران ، یان ئهوهی لهیادكردبێت كه فراكسیۆنهكانی ناو پهرلهمان هێنده ناكۆك و ناتهبان كهتا دواساتی دهستوری نهیانتوانی ئهوه ساغبكهنهوه كه كام لا كوتلهی زۆرینهیه و بهئارهزووی خۆیان نا بهڵكو بهشێوهیهكی ناچاری عهبدولمههدیان دیاریكرد بۆ وهرگرتنی پۆستی سهرۆك وهزیران. بهمانایهكی دیكه، دهبێت سهرۆك وهزیران ئهوه باش بزانێت كهبهخۆشی و ئیرادهی فراكسیۆنهكان نهبوه كهئهو پۆستهی وهرگرتوه، بهڵكو لهدهرهنجامی ناكۆكی قوڵ و نهبونی متمانه ڕازیبون كهكهسێك لهدهرهوهی خۆیان بهبێ بونی تهنها كورسیهكی پهرلهمانی بانگ بكهن و بیكهنه سهرۆك وهزیران و لهوكاتهدا ههمویان لهكونبونی ئهوكهشتیه دهترسان كهخۆیان پێكهوه سهرنشینی بون. چونكه دیاریكردنی عادل عهبدولمههدی لهلایهن هاوپهیمانی چاكسازی و هاوپهیمانی بونیاد ڕێك وهك ئهو پهنده باوهیه كهدهڵێ ڕێككهوتین لهسهر ئهوهی كه ڕێكنهكهوین. پرسیارێكی سادهو گرنگ كهشایهنی وروژاندن بێت ئهوهیه كاتێك عادل عهبدولمههدی لهبری ئهوهی كهبهفعلی پۆستی سهرۆك وهزیرانی پێدرابێت ڕۆڵی ڕێكنهكهوتن لههاوكێشهی نێوان ههردوو میحوهره ناكۆكهكه پڕبكاتهوه ، ئیترچۆن دهبێت بهههرهشهی نهگهرانهوه بۆ پهرلهمان مامهڵه لهگهڵ لایهنهكاندابكات؟ ئهی بڕیار نهبوو خۆی سهرچاوهی خاوكردنهوهی گرژیهكان بێت؟ ئهی نهیدهزانی ئهگهر لایهنهكان خۆیان ههناسهی ڕێككهوتن و یهكخستنی بۆچونهكانیان ههبوایه زۆر زهحمهت بوو ئهو پۆسته بدهن به عهبدولمههدی؟ ئهی سهرۆك وهزیران كهبهرنامهیهكی گشتگیری چوار ساڵی بۆ بنهبڕكردنی گهندهڵی و ئاوهدانكردنهوه و خزمهتگوزاری و دابینكردنی ههلی كارو بوژانهوهی وڵات داناوه، نابێت لهخۆی بپرسێت كهبه دوومانگ تهنها ناوی ئهندامانی كابینهكهی پێ دیاری نهكرێت ئیتر چۆن دهتوانێت ئهركهقورسهكانی دوای ئهوه جێبهجێبكات؟ قوڵبونهوهی ناكۆكیهكان ههربهتهنها لهنێوان ههردوو جهمسهری سائیرون و فهتح قهتیس نهبوه بهڵكو خودی سهرۆك وهزیران بوهتهبهشێك لهكێشهكهلهگهڵ ههردوو بهرهكه بهڵام بهشێوازی جیاواز. بۆنمونه له مهسهلهی دانانی فالح فهیاز بهرهی سائیرون تۆمهتباریان كرد به لایهنگیریكردنی بۆ فهتحیهكان و وتیان سووربونی عهبدولمههدی بهكاندیدكردنی فهیاز هێڵی سووری شكاندوه و دواتریش هادی عامری كهوته چهلهحانێیهكی توند لهگهڵ سهرۆك وهزیران و ئهمیان دهیوت فهیاز كاندیدی تۆیهو ئهویتریان دهیوت كاندیدی من نیه، وهك ئهوهی فالح فهیاز خهڵكی عیراق نهبێت و كاندیدی دهوڵهتێكی تر بێت!!! ههموو ئهو گێرمهوكێشانهی كه ڕوو دهدهن جارێكی تر ئهوه دهردهخهن كه سهرپشككردنی عادل عهبدولمههدی بۆ پێكهێنانی حكومهت و بهرێوهبردنی وڵات لهچوارساڵی داهاتوو شتێكی واقعی نیهو تهنها میكیاج و ڕووكهشه ، ئهگهرنا چۆن سهرپشككردنێك دهبێت لهكاتێكدا تهنها لهسهر ناوێك و كاندیدی دوو یان سێ وهزارهت ئهوماوه دووڕ و درێژه كابینه بهناتهواوی دهمێنێتهوه؟ ئهگهر لهم سهرهتایهوه لایهنه ناكۆكهكان كهمترین متمانهیان بهسهرۆك وهزیران نهبێت و بێئاڵێنن لهكێشه موزمنهكانی چهند ساڵی ڕابردووی نێوانیان ، ئهبێ چۆن چاوهڕێی ئهوه بكهین كه ڕێگهی بدهن بۆ بهگژاچونهوهی گهندهڵی و دادگایكردنی گهندهڵكاران و ههڵوهشانهوهی پڕۆژه وههمیهكان و جێبهجێكردنی خاڵهكانی بهرنامه حكومیهكهی؟ ههربۆیه سهرۆك وهزیران بهههڵدانی تۆپهكه بۆناو گۆڕاپانی پڕلهكێشهی پهرلهمان نهیتوانی كێشهكه لهخۆی دووربخاتهوه بهڵكو دهرگای لهسهر كێشهیهكی تر ههم بهرووی خۆی، ههم به ڕووی كابینهكهی كردهوهو لهبری كۆتایهێنان، ژمارهی ئهو دهزگایانهی زیاتر كرد كه به وهكالهت بهرێوه دهبرێن
■ مەجید ساڵح حوکمڕانی بە سێ شت دەکرێ: - متمانەی هاوڵاتیان - دارایی و سەروەت وسامان - سوپا و هێزێک بۆ پاراستن حاکمەکان و فەرمانڕەواکان گەر متمانەی خەڵکیان لەدەست نەدابێ دەتوانن بە بێ دارایی و سوپا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.. بەڵام گەر متمانەی خەڵکیان لە دەست دابێ خاوەنی گەورەترین سوپا و زۆرترین سەروەت و سامان بن، هەرگیز ناتوانن درێژە بەدەسەڵاتیان بدەن. هاوڵاتیان هەرچوار ساڵ جارێک لە گەڵ حزبێک یان ئیتیلافی چەند حیزبێک گرێ بەستێک دەبەستن بۆ سێ شت: - دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆیان - پاراستنیان لە هەڕەشەی دەرەکی - دابین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزایی و ئاسایشی ناوخۆیی. هەر حکومەتێک ئەوانەی بێ دابین نەکرا.. متمانەی خەڵک لە دەست دەدا. (2) لە دوای راپەڕین هاوڵاتیانی کوردستان بە خۆشیەوە متمانەیان دا بە حکومەتی هەرێم، بەو هیوایەی قەرەبوی رابردویان بۆ بکاتەوە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات و لە هەڕەشەی بێگانە بیانپارێزێ و ئاسایشی ناوخۆ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزاییان بۆ فەراهەم بکات.. بەڵام، نە خۆشگوزەرانیان بینی و نە لە هەڕەشەی تورک و عەرەب و فارس پارێزراو بون و نە دادپەروەرییان بینی.. هەر بۆیە لە 27 ساڵی رابردودا تا دێت متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی خۆیی کەمتر دەبێ.. (3) نەوشیروان مستەفا، پێش دامەزراندنی کۆمپانیای میدیایی وشە و بزوتنەوەی گۆڕان پاش دامەزراندن و دروستکردنی ئەو دو کەرەستەیە، بە نوسین و بە کردەوە و بە وتن، کاری کردوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز لە روی دارایی و سەربازیی کە جێگەی متمانەی خەڵک بێ و ئەو سێ ئەرکە جێبەجێ بکات کە لەسەرەوە باسمان کردن. کە لە ئۆپۆزسیۆندا بو، پاکێجی ریفۆرمی دەدا بە یەکێتی و پارتی، سەردانەکانی بۆ لای کاک مەسعود مام جەلال بۆ ئەو مەبەستە بو.. کە چوە ناو دەسەڵاتیشەوە بە هەمو توانایەکییەوە بۆ ئەو ئامانجانە کاری کرد. ئێستا، بزوتنەوەی گۆڕان لە دوڕیانی ئۆپۆزسیۆنی و چونە ناو دەسەڵاتدایە، یان رونتر بڵین لەوتوێژدایە لەگەڵ پارتی بۆ چونە ناو حکومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە کارێکی زۆر ئاساییە، دڵنیام کاک نەوشیروانیش بمایە هەر وای دەکرد، بەڵام ئایا کاک نەوشیروان بەهەر نرخێک دەچوە ناو حکومەتەوە؟! ئەمە پرسیارەیە کە دەبێ برایانمان لە جڤاتی نیشتمانی لە خۆیانی بکەن.. ئەوان هەمویان دەزانن کە ئامانجی کاک نەوشیروان لە دروست کردنی بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بو لە: - دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان - پاراستنیان لە هەڕەشەی دەرەکی - دابین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزایی و ئاسایشی ناوخۆیی هەر کابینەی حکومەتێک دەچێتە ژێر باری ئەو ئامانجانە و گرەنتی جێبەجێ کردنیان دەدا و کاتێک بۆ جێبەجێکردنیان دادەنێ، بێ سڵ کردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێ رازی بن لەوەی گۆڕان بچێتە ناوییەوە، ئەگەر لە ماوە دیاری کراوەکەدا حکومەت لە گەڵ بەڵێنەکانیدا راستگۆ نەبو، زۆر ئاساییە دەکرێ گۆڕان بکشێینەوە و ببینەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن.
■ کاروان عهلی شامار ماوهی زیاتر له دوو ساڵه نوێنهرایهتی حکومهتی ههرێمی کوردستان له وڵاتی روسیای فیدراڵ داخراوه، ههنوکه روسیا یهکێکه له وڵاته زلهێزهکانی جیهان و ئهندامه له وڵاتانی جی ههشت لهگهڵ ئهوهشدا دهورێکی کاریگهر دهبینێ له ڕۆژههڵاتی ناوڕاست، زۆرێک لهوڵاته ئیقلیمیهکان و بهتایبهت وڵاتانی درواسێ له ململانێی نێوان وڵاته زلهێزهکاندا بهرهی رووسیان ههڵبژاردووه! له ئێستایه وڵاتان سهرقاڵی داڕشتنی پلان و ستراتیجی دورمهودان له ناوچهکهداو دهیانهوێ پێگهیان له ناوچهکهدا زیاتر بههێزکهن و ههروهها دهشیانهوێ له دابهشکردنی کێکهدا پشکی شێر و زۆرترینیان بهرکهوێت. بههۆی ملـملانێ و جوڵهی زلهێزهکان کوردستان لهبهردهم تهحهدای گهورهدایه وڵاتانی ناوچهکهش سەرقاڵی ڕوبهرووبونهوهی ئهو پێشهاتانهن که مومکینه له داهاتوودا روو بدهن. ههر وڵاتێک بیهوێ لهگهمه سیاسیهکانی نێوان زلهیزهکان به قازانج و بێهیچ زیانێک دهربازی بێت دهبی ئاقڵمهندانه له ڕێگهی نوێنهرایهتیهکهیهوه لۆبی خۆی لهگهڵ بهرپرسانی باڵای ئهو وڵاتهدا گهشه پێبدات و پهیوهندییهکانی بههێزتربکا. بههۆی ئهوهی وڵاتی روسیا ههژمونێکی زۆری ههیه له ناوچهکهداو رۆڵی بهرچاویشی دهبێت له گۆرانکاریه ئیقلیمی و ناوخۆییهکاندا دهبوو گهشهی زیاتر به پهیوهندییه دیپلۆماسی و ئابورییهکانی نێوان ههرێم و روسیا بدرایه کهچی بێهیچ ئیعتیبارێک و بهبریارێکی میزاجی و لهسهر راسپاردهی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوباد تاڵهبانی نوێنهرایهتی حکومهتی ههرێم سڕ دهکاو وه ماوهی زیاتر له دوو سالیشه مووچهی تهواوی فهرمانبهرهکانی بریوهو له ههمان کاتدا نوێنهرێکی پارتی دیموکرات بهناوی دانهر ئهبوبهکر رادهسپێرێ که کاری نوێنهرایهتییهکه رایی بکات. ئاشکرایه ئێستا حكومهتی ههرێم نوێنهرایهتی له ١٤ وڵاتی جیهاندا ههیه که بریتین له (ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمهریكا، بهریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، كۆماری ئیسلامی ئێران، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، ئهڵمانیای فیدراڵ، ئیسپانیا، فهڕهنسا، سویسڕا، بهلجیكا، نهمسا، سوید، روسیای فیدڕاڵ)ه یهکێتی نیشتیمانی کوردستان تهنها سێ نوێنهرایهتی بهدهستهوهیه ئهوانیش بریتین له وڵاتانی (ئسپانیا – بهریتانیا – ئێران) که بەنزیک کراوی دهکاته یهک لهسهر چواری پشکهکانی پارتی دیموکرات! نوێنهرایهتی حکومهتی ههرێم له ڕوسیا له لایهن ستافێکی ماندونهناس و پێشمهرگه ئاسا بهڕێوه دهبرا که بهبێ جیاوازی خزمهتی ههرێمی کوردستانیان کردوه، دهیان برینداری هێزهکانی پێشمهرگهیان له ههردوو هێزهکانی یهکهی حهفتاو ههشتا له لێواری مهرگ رزگار کردووه، ئهمه وێرای ئهوهی توانیویانه له ڕیگهی پهیوهندییهکانیان لهگهڵ نهخۆشخانهکانی ئهو وڵهتهدا بینایی بۆ دهیان برینداری شهڕی داعش بگێڕنهوه. وه هاوکاربونه له ناردنی دهیان کۆمپانیای روسی بۆ ناوچهکهو ئاسانکاری بۆ وهرگرتنی سهدان خوێندکار له زانکۆکانی روسیادا ههموو ئهم نمونانهش مشتێکن له خهرمانی خزمهتی ئهو ستافه. وهلێ ئهوهی جێگهی تێڕامانه لهبری پاداشتی بهرپرس و ستافی نوێنهرایهتیهکه له پای ئهو خزمهته زۆرهی که کردویانه وهک یهکێک له باشترین نوێنهرایهتییهکانی حکومهتی ههرێم سهرلهبری ستافهکه دووردهخرێتهوهو ستافێک تهواو سهر به پارتی دهخرێته جێگهیان! بهداخستنی ئهو نوێنهرایهتیه نهنگی و دهلاقهیهکی گهوره دروست بووه لهسهر پهیوهندییهکانی کورد و روسیاو ههروهها لهسهر خراپبونی ناوبانگی کورد لهو وڵاتهیا، بهداخهوه کاک قوباد وهک بهرپرسی یهکهمی یهکێتی له حکومهتدا دهبوو بهههرشێوهیهک بایه چارهسهرێکی ئهو کێشهیهی بکردایهو ڕێگر بوایه لهوهی پارتی هاوشێوهی نوێنهرایهتیهکانی تر ئهو نوێنهرایهتیهش داگیر بکات! ئهگهرچی له کۆبونهوهی لهگهڵ ستافی نوێنهرایهتییهکه بهڵینی دابوو به گهرانهوهی شایسهته داراییهکانیانیان و ههروهها کردنهوهی ئۆفیسهکهو گهرانهوهی کهسیكی یهکێتی وهک بهرپرسی یهکهم وهلێ تا ئێستا هیچ له بهڵێنهکانی خۆی جێبهجێ نهکردووه! خولاسه، بهرپرسیارێتیهکی گهوره لهسهر شانی قوباد تاڵهبانییه ئهگهرچی تا ئێستا دووجار لهلایهن مهکتهب سیاسیهوه به نوسراوی فهرمی ئاگادارکراوهتهوه بۆ چارهسهرکردنی ئهو کێشهیه بهڵام زیاتر له ساڵێکه هیچ ئهنجامێکی نهبووه بۆیه پێویسته پێش ههموو کهس کاک قوباد پاشان ههڤاڵانی مهکتهبی سیاسی و سهرکردایهتی و کادیرانی یهکێتی رێگهنهدهن نوێنهرایهتی حکومهت له وڵاتێکی گهورهی وهک روسیادا بدرێته لایهنێکی تری سیاسی و ههروهها داهاتووی فهرمانگهکهو فهرمانبهرهکانی بهو نادیارییه بهردهوام بێت!
■ مهلا بهختیار دوای شههیدكردنی شیهابو جهعفهرو ئهنوهر (21/11/1976)، رقێكی پیرۆز لهناخی ههموو ئهندامێكی (كۆمهڵهی رهنجدهران) جۆشی دهخواردو داوای تۆڵهسهندنهوهیان دهكرد. سهیر ئهوهیه، ئهوهی لهههموان زیاتر لهكاتی هێنانی تهرمهكاندا، داوای تۆڵهسهندنهوهی دهكرد، كه هاتینه سهر جێبهجێكردن، ترسنۆكترین كهس دهرچوو. مهفرهزهیهك، به بڕیاری شههیدان: عهلی عهسكهریو ئارامو كاك سالار عهزیز بریتیبوون له (5) پێشمهرگه هاتنهوه سلێمانی. لهمانه، یهكێكیان روخا و، دوانی تریان (فشهكهر) بونو نهخشهكانیان دهشێواند. بۆ خۆدزینهوه له چالاكیهكه، كێشهی گهورهیان لهناو مهفرهزهكهدا (لهماڵی شههید ئهحمهدی موههندیس) نایهوهو بهههزار حاڵ لێكم كردنهوهو تهنها شههید (سۆران)و (فاخر)م هێشتهوه. دوو فشهكهرهكه، یهكێكیان گیراو ئهحمهدی موههندیسی بهگرت داو لهسێدارهش درا. كه دڵنیابوین لهجوامێری سۆرانو فاخیر، نهخشه گۆڕدرا. شوێن ئاماده كرا. سهیارهی گواستنهوه دیاریكرا. چاودێری پارێزگا بهوردی ئهنجامدرا. چهكو شوێنو كاتی لێدان، ساغكرا. ماڵی كشانهوهی پێشمهرگه دهستنیشان كرا. (20/21)ی12/1976 رێكهوتی ئهمشهو، لهگهڵ سۆرانو فاخیر كهبابم بۆ بردنو پلانهكهمان تاوتوێ كردو دڵنیا بوم دوودڵ نین. بهیانیهكهی سهعات ههشت چوینه مزگهوتهكه. بهپلایس قفڵی دهرگای سهربانی مزگهوتهكهمان شكاند. سۆرانو فاخر سهركهوتنو دامهزران بۆ دهستڕێژ. چومه سهر شهقامی مهولهویو بهرامبهریان وهستام. كاك دلێری سهید مهجید لهبهرامبهرمدا چاوهڕێی تهلهفۆنی دهكرد، وهكو پهرلهبێلێك كه پارێزگار كهوتۆته ڕێ. بهڵام كهمێك دواكهوت. من ههر نهشڵهژام. بهئیشارهت سۆرانو فاخیریشم ئارام دهكردهوه. لهپڕ هات. دهستم بۆ ههڵبڕین تهقه بكهن. كاتێكم زانی: سۆرانو فاخر، وهكو دوو قارهمانی ئهفسانهیی، دهستڕێژیان له مارسیدیسه رهشهكهی پارێزگار كرد. چاوم لێبوو، وهكو شهستهباران، دایانبێژا. منو كاك دلێر، كشاینهوه. سۆرانو فاخیریش، گهیشتنهوه سهیارهكهو گهیاندرانهوه ماڵی شههید سهرداری برینپێچ. دیمهنی لێدانی پارێزگار، دهتگوت فلیمه. ئازایهتی سۆرانو فاخر، ههرگیز وێنا ناكرێ. شڵهژانی حكومهتو چالاكیهكه، خهڵكی شاری كردبووه خاوهن شانازییهكی گهورهو دڵسۆزان پیرۆزباییان لهیهك دهكرد. ئیزگهی لهندهن باسی كرد. مام جهلال ههمیشه دهیگوت: دوای لێدانی پارێزگار، متمانهی ئێمه لهسوریاو لیبیاو لهناو فهلهستینیهكاندا، بهرز بوهو، ئاماده بون هاوكارییهكی زیاترمان بكهن. سۆران ههورامی.. شایهنێتی وهكو قارهمانی ئهفسانهیی له گهشترین لاپهڕهدا تۆمار بكرێ. فاخیریش، نمونهی شۆڕشگێڕی كهركوكیو كوردستانی بوو. دوو قارهمانی ههورامی-سلێمانیو كهركوكی، ئهم داستانهیان تۆمار كرد. منو دلێری سهید مهجیدو عهبدوڵڵای خورشه (ئاسۆ) لهخزمهتیان بوین. سڵاو له ئارامگای سۆران ههورامی، كه بهراستی لهگهڵ فاخیردا، قارهمانی ئهفسانهیی بوون. بهگیانی بهرزی شۆڕشگێڕێتی (ئهوسا!) ئامادهبون له تۆڵهسهندنهوهی رابهره شههیدهكانیاندا، گیانیان ببهخشن.
■ كهمال رهئوف هەموومان دەزانین هەڵكەوتەی سروشتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەو شێوەیەیە، وڵاتانی بەهێزی ناوچەكە، هاوشێوەی وڵاتانی سعودیەو میسریش، كە خاوەن ئیمكاناتێكی زۆری مرۆیی سوپاو مادین و سەربازین، هێشتا پێویستیان پشتیوانی وڵاتانی زلهێزی جیهانە. بۆ كورد كەخاوەن دەوڵەت نییەو پێگەی نێودەوڵەتی لاوازە، ئەم پێویستیە چەند بەرامبەرە، بەڵام لەگەڵ ئەم راستیە گرنگە باس لەوەش بكرێت، كورد بۆ خۆی چی لەهگبەكەیایەتی بۆ مامەڵەكردن بەئاراستەی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیە، ئاخۆ ئێمەی كورد لەلاوازیمانەوەیە كە بەردەوام داوایی ئاشتی و برایەتی لەبەرامبەر ئەكەین، یان لە بوونێكی قوڵی قەناعەتەوەیە بۆ پێكەوە ژیان، ئاخۆ بەراست كورد تا ئەو رادەیە بروایی بە ژیانی دیموكراتیانەیە كە شەری بۆ بكات، یان چەمكی دیموكراتیەتی كردۆتە پەناگایەك تا بەئارامی لەپاڵ هێزە دەسترۆیشتووە تۆقینەرەكانی تردا بژی، دیارە ئەم برایەتی و خۆبەستنەوەیە بەدیموكراتیەتەوە لەلاوازیەوەیە بۆیە كورد لەنەتەوەكانی تری ناوچەكە زیاتر دەستی برایەتی درێژكردوەو پەرچمی دیموكراتیەتی بەرزكردۆتەوە، خۆ گەر وانیە دەبوو كورد، لە هەموو گەلەكانی تری ناوچەكە لەناوخۆیدا بەئاشیانەترو بەتەبایی بژیایە و یەكتری قبوڵ بكردایە، كەبەداخەوە لەواقیعدا وانییە. ساڵی 2002 كە هێشتا لەعێراق دەسەڵاتی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو، لە سوریاش لەو پەری هێزو توانادا بوو، لە دیمشق لەگەڵ كۆمەڵێك لەرۆشنبیرانی كوردی رۆژئاوا گفتوگۆمان بوو لەسەر ئایندەو دۆخی كورد لە سوریا، سەرنج راكێشترین، بۆ چوون كە گوێم لێبوو ئەوە بوو، لەناو ئەو پەیڤانەدا كە پربوون لە نائومێدی و رەخنە گرتن لە رۆڵی پارتە كوردیەكان، بە پەكەكەشەوە، ئەو بۆچوونە بوو، كورد لەسوریا سەرباری سەرنجیان لەسەر پەكەكە، بەڵام قەرزاری ئەوەن، كە لەوانەوە فێری سیاسەت و جۆرێك كاری حیزبایەتی بوون، سیاسەت و حیزبایەتیەك كە تەواو جیاوازە لە ئاراستە باوەكان بوو. پەكەكە ساڵانێكی زۆر لەكۆمەڵگەی رۆژئاوادا تۆویی سیاسەتێكی چاند، كە ئەستمە جارێكی تر، كورد لەرۆژئاوا، بگەرێتەوە خاڵی سفر، رەگە گەرانەوەی سوپای ئەمریكا، قورس بێت، ئەگەری زۆرە سیناریۆی عەفرین لەچەند شوێنێكی تر دوبارە بێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ مێژوو چەندین سەركەوتنی وەك كۆبانێ یان تۆمار كرد، بۆیە پاشەكشەكان هەرچۆنێك بێت هیچی یەكسان نابێت، بە گەرانەوەی كورد لەرۆژئاوا بۆ چوارگۆشەی یەكەم و ناگاتە ئاستی شكاندنی ئیرادەی خەڵكێك كە رۆژگارێك بەبروا بەخۆبوون توانیان وێنەیەكی تەواو جیاواز لەخۆگری نیشانی جیهان بدەن و لەبەرهەمەكەشی تامی ئازادی بكەن. بەرپرسەكانی ئیسرائیل دەڵێن" ئەمریكا پێیان راگەیاندوین كە بە پرۆسەیەك هێزەكانیان لەناوچەكە دەكشێننەوە، بەڵام دەشڵێن، بەدیلی ترمان هەیە ". هەندێك لەسیناتۆرەكانی ئەمریكاش پاشەكشەی هێزەكانیان بە كارێكی ناشیانەی ترامپ دەزانن. بەدور لەخۆشباوەری سیاسی و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكاو ئەوانی تر، ئەوەی لەناوچەكە ئەگوزەرێت، تارمایی گۆرانكارییەكی گەورەیە، لەراستیدا گەر خۆ هەڵنەخەڵەتێنین لەبەرچاو گرتنی پێگەی كورد و بەرژەوەندیەكانی، چەقی گۆرانكاریەكان نین، بۆیە ئەبێت بەئاسایی چاو لەهەر بادانەوەیەكی نێودەوڵەتی بكرێت كە لەبەرژەوەندی كورد نەبێت، بەپێچەوانەوە دەبێت ئامادە سازیش هەبێت، كە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەست بخرێتە سەرو بەرژەوەندی كورد و چاو لەقوربانی و شەری داعش و ئەو گوتارانەش بپۆشرێت كە پربوون لە پیاهەڵدان و دەست لەپشتدانی كورد، ئەمە نەك تەنها لە رۆژئاوا بەڵكو لە تەواوی كوردستان و لەبەرامبەر هەموو هێزە كوردیەكان ئەگەری بەهێزە. بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەشدا، دۆخی كورد بەگشتی پرسە سیاسییەكەی هیچ دەوڵەت و لایەنێك ناتوانێت نادیدەی بگرێت، بەڵام لەهەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە كورد خۆی چی ئەوێت و بەنامەی چییەو چی پێدەكرێت لەو گوانكاریانەی كە بەرێوەن.
■ هەندرێن شێخ راغب گۆشەی یەكەم: یەكێك لە دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی كۆتایی شۆڕشی ئەیلول(1974)، دروستكردنی دۆخێكی دەرونی بوو لای تاكی كورد، كە هەركاتێك دەوڵەتێكی بەهێزی جیهانی، یان ئیقلیمی، وازی لە كۆمەكو پشتیوانی كورد هێنا، ئەوا لەروی مەعنەوییەوە یەكسەر وا دەزانین دنیا كۆتایی پێدێتو شەوی تاریك دەست پێدەكات. بەداخەوە ئەم دۆخە دەرونییە هەتا ئێستاش بە تۆخی لە لای ئێمەی كورد ماوە. وەك بڵێی شۆڕشمان پێ نەكرێت، ئەگەر دەوڵەتێك یان هێزێكی جیهانی لە پشتمان نەبێت، هەرچەندە ئەمە رەهەندی جیۆسیاسیو جیۆپۆلەتیكو جوگرافی خۆی هەیە، چونكە كوردستان شوێنێكی پڕ لە نەخشەو پلانو زەوی پڕ ململانێیە لەم بارەیەوە، بەڵام ئەمە بابەتی ئێستای ئێمە نیە لەم وتارەدا. گەلی كورد بەهەموو شێوەیەك دەبێت ئەم دۆخە دەرونیە تێك بشكێنێت. گۆشەی دووەم: دوو ئەزمونی كشانەوەی ئەمریكا: یەكەم: ساڵی (1991) ئەمریكا كوێتی لە چنگی بەعس دەرهێنا، بەڵام نەهاتە ناو بەغداو پاشەكشەی كرد، ئەمەش صەدام حوسێنی مەست كردو هەوای پەلاماردانی كوردو شیعەی گرت، ئەوەبوو، كۆڕەو كرا، ئەمریكا گەڕایەوەو لەناو ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی دروستكردنی هێڵی سیو شەشی كرد بۆ كورد لە عێراق، بەم فۆرمە گەڕایەوە؟؟. دووەم: زۆری بەسەر نەچووە، لەم رۆژانە بوو كە باراك ئۆباما گوتی ئەگەر دەربچم بەسەرۆكی ئەمریكا، تەواوی هێزەكانمان لە عێراق دەكشێنینەوە، ئەوكات دەنگۆیەكی زۆر گەورە دروست بوو كە بەعسیەكان دەگەڕێنەوە، ئێران بەتەواوی دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت، توركیا دێت، كورد دەخورێت...ئیدی دنیایەك سیناریۆی دیكە، ئەوەبوو ئۆباما هاتو تەواوی سەربازەكانیشی لە عێراق كشاندەوە، بەڵام چی روویدا؟ داعش هات، عێراق كەوت، بەئێرانیشەوە؟؟ هاواریان كرد بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا، هاتەوە. بۆیە دەشێ بڵێم كشانەوەی تەواوی ئەمریكا لەسوریا، مانای گەڕانەوەیەكی بەهێزیەتی بۆ سوریا. گۆشەی سێیەم: توركیا پەلاماری عەفرینی دا بە بیانوی تیرۆرو مەترسی ئاسایشی خۆی، توركیا ئێستا هەڕەشە دەكات بۆ داگیركردنی رۆژهەڵاتی فوڕاتو رۆژئاوای كوردستان، هەر بەبیانوی ناسەقامگیری سنورەكانیو داعشو تیرۆر؟؟.بەڵام كاتێك ئەمریكا بەفەرمی لەسوریا دەكشێتەوە، شتێكی گرنگ روو دەدات، ئەویش گۆڕینی ناونیشانی شەڕەكەیە، لە ناوی شەڕی داعش، ئیدی ناونیشانی هەرە زیندوو(دەستپێكردنی شەڕی كوردو توركیا) یە، بۆیە ئێستا كە ئەمریكا دەكشێتەوە مانای وایە داعش مەترسی گەورەی نەماوە، كە توركیا هێرش بكات، مانای وایە پەلاماری كورد دەدات، پرسیار ئەوەیە توركیا رۆژئاوای كوردستان داگیردەكاتو نقەی لێوە نایەو وەك ئێستای عەفرین دەبێت،؟ بۆچونم وایە نەخێر. بەڵكو یەكێك لە پێشهاتەكان ئەوەیە ئەمریكاو چەندین دەوڵەتی دیكە، توركیا وەك صەدام مەست دەكەن، پەلاماری پێ دەدەن، دوایش هەر خۆیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك بەناوی ناوچەی ئارامو پاراستنی كەمایەتیەكانو یان باكوروو رۆژهەڵاتی فورات دەردەكەنو سوریاو توركیاو روسیایش دەخەنە ناو تەڵەیەكی گەورەوە، وەك ئەوەی دوای كشانەوەی ئەمریكا بەهۆی هێڵی سیو شەش بە عێراقیان كرد؟. دەشێت هەر خۆیان مەیدانەكە بۆ توركیا چۆڵ بكەن، بڵێن فەرموو كورد بكوژە، كوردستان داگیربكە، وەرە ناو سوریا..بەڵام دوایی توند قوڕگی بگرن. مادام ئەزمونی لەمجۆرە هەیە دەشێت قەناعەتێك بەم گۆشەیە بكەین. ئەمە لەبەر خاتری چاوی جوانی كورد نیە، بەڵكو ئەردۆغانو ستافەكەی قاچیان زۆر لەبەڕەكەی خۆیان راكێشاوە. گۆشەی چوارەم: روسیا زۆر بە دوورخستنەوەی توركیا لە ئەمریكا ماندوو بووە، چاوپۆشی زۆری لە كردەوەكانی توركیا كرد، هەموو هەوڵێك دەدات توركیا ببێتە هاوبەشێكی ستراتیژی بۆ روسیا، هەر بۆ نمونە سیستەمی موشەكی ئێس 300 دەفرۆشێتە توركیا، كە ئەمریكای زۆر هەراسان كردووە. لەهەموو بابەتو سیناریۆو سیاسەتەكانی ناو سوریا، روسەكان دەستی توركیایان راكێشاوەو كورسی گرنگیان داتەوە توركەكان، بۆیە كاتێك توركیا موشەكی پاتریۆت لەئەمریكا دەكڕێت، كاتێك لە ئەمریكا نزیك دەبێتەوە، روسیا ئەگەر هیچ نەكات، خۆ دەبێت ئەوەی چەندین ساڵە لە سوریا بۆی تەنازوول كردووە، لێی وەربگرێتەوە. بۆیە نزیك بونەوەی ئەمریكاو توركیا، دەرفەت دروست دەكات، ئەمجارە كوردو روسیا لەیەكتر نزیك ببنەوە، توركیا ناتوانێت هاوسەنگی ئەمریكاو روسیا بەمجۆرەی ئێستا رابگرێت، روسیا لە توركیا قبوڵ ناكات تەواوی رۆژهەڵاتی فوڕاتو باكوری سوریا داگیربكاتو هەیمەنەی گەورەی خۆی دروست بكات، ئەوەی لە عەفرین بۆی كرد، بۆ خاتری ئەوەبوو لە ئەمریكا دووركەوێتەوە، بەڵام كاتێك دەچێت موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەكڕێت، مانای پێچەوانە بونەوەی هاوكێشەكانە، ئەمەش دەرفەتی ئەوە دەداتە كورد لەسوریا بەهۆی روسەكان زەبر لە توركیا بوەشێنێتو بەرگری بكات، بە كۆمەكی روسەكان. ئەمەش بەرژەوەندی روس دروستی دەكات، نەوەكو چاوی جوانی كورد؟؟. گۆشەی پێنجەم: سەرچاوەكانی ناو كۆشكی سپی، ئاماژە بەوە دەكەن، كە تەواوی راوێژكارەكانی كۆشكی سپی، جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا، زۆرێك لە ژەنەڕاڵو ئەفسەرەكان، زۆرێك لە گۆنكرێسمانەكان، زۆر دژی ئەم بڕیارەی سەرۆك ترەمپن، ناكۆكی زۆر لەم بارەیەوە هەیە، ئەمەش دۆخێكی هەستیار دروست دەكات، كە كورد لەسوریا هەوڵ بدات، ئەم دۆخە هەستیارەی ئەمریكا باش مامەڵە بكات، لانی كەم مانەوەی ئەو هێزانەی كە بڕیاربوو ناوچەیەكی ئارام لەنێوان توركو كورد دروست بكەن لەرۆژئاوای كوردستان. واتە نابێت بڕیاری كۆتایی بدەین، لەسەر خیانەتی ئەمریكا لە بەجێهێشتنی كورد بەتەنیا لەناو گەلەگورگی ناوچەكە، واقیعییە ئەگەر بڕوامان بەوە بێت، هێزە نێودەوڵەتیەكان رێگا نەدەن قەسابخانەی كورد دروست بێت، چونكە ئاسایشو بەرژەوەندی خۆیان وا دەخوازێت، هەر زوو بەریتانیا رەخنەی لەم بڕیارە گرت، ئیسرائیل دژ بوو، ئەوروپیەكان مەترسیان هەیە. یەكێك لە راوێژكارەكانی كۆشكی سپی گوتی: كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا لێدانە لە هاوپەیمانیەتی عەرەبی-ئەمریكی، عەرەبەكان نایانەوێت ئێرانو توركیا كەڵەگای ناو سوریا بن، چونكە پانتایی جیۆسیاسی خۆی هەیە كە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ ئەمنی عەرەب. ئەمەش گۆشەیەكی دیكەیە، كە قسە زۆر هەڵدەگرێت. گۆشەی شەشەم: كورد كارەكتەرێكی نا دەوڵەتیە، گروپە، دەوڵەت نیە، كیانی فەرمی نیە، وەك نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا وا وەسفی كردین، كە گوتی. مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ئەم گروپە نا دەوڵەتیانە، تاكتیكیە، هەر كاتێك ئیشمان پێ نەمان، وازیان لێ دەهێنینو دەوڵەتێكی بەهێزی وەكو توركیا بەمانە ناگۆڕینەوە. ئەمە راستە..بەڵام جێگای باوەڕ نیە بۆ كورد، لەبەرچی؟ بۆ نمونە ئێستا جەنگەكانی ناوچەكەو جیهان، یان بڵێم سیاسەت گروپە نا دەوڵەتیەكان دەیكەنو ئەنجامی دەدەن، حوسیەكان لەیەمەن، حزب اللە لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، بەرەی نوصرەو شام لە سوریا، پەیەدەو سوریای دیموكرات لە سوریا، لەهەموشی گرنگتر داعش، داعش گروپێكی نادەوڵەتی بوو كە ئەمریكاو جیهانی هێنایە سەرخەت، بۆیە گروپە نا دەوڵەتیەكان زۆر گرنگنو ئەمریكا راست ناكات، گەلی كورد لەسوریا بەمجۆرە سیاسەتانە نابێت مەوقیعی گرنگی خۆی لە بیر بچێت. بەمجۆرە بێت كە ئەمریكا سوریا جێبهێڵێت، توركیا بێتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، هەمان مانای هەیە، چۆن؟ چۆن سەربازەكانی ئەمریكا بۆ دەوڵەتی سوریا بیانین، سەربازی توركیش بیانین، هەر دەبێت لەناو سوریا بڕۆنە دەرەوە. گۆشەی حەوتەم: راست ناكەین ئەگەر بڵێین كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، كاریگەری مەعنەویو دەرونی لەسەر كورد نابێت، وەك لە گۆشەی یەكەم رونم كردەوە، بەڵام شتێك هەیە هێز دەبەخشێتە من، ئەویش لێدوانی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانە، كە ساڵانی رابردووش هەمیشە گوتویانە تەنها پشت بە گەلی خۆمان دەبەستینو دەزانین روسیاو ئەمریكا تاسەر دۆستی ئێمە نین، تەنها گەل سەرچاوەی پشتیوانیە، بەس كێشەكە ئەوەیە ئایا ئێمەی كورد بەرگەی ئەم هەموو چەكو چۆڵو فڕۆكەو سوپاو دەوڵەتە دەگرین، لەلایەك هەڕەشەكانی توركیا، لەلایەك گورگەكەی دیمەشق كە بەردەوام نكۆڵی لە بونی جوگرافیاو كیانی كوردی دەكات لەناو سوریا؟؟ ئیرادەی كورد نابێت تێك بشكێت، دوای كۆڕەوی گەورەی كورد، كیانی كوردی لەدایك بوو كە كەس چاوەڕێی نەدەكرد. كەواتە وەك چۆن رابردوو نەتواینەوە، داهاتوش بەردەوام دەبین. من دڵنیام گۆشەی دیكەش لە داهاتوو لەسەر پرسی كورد، لەسوریاو عێراقو توركیاو ئێران، زۆر دێنە ناو باسو خواسەوە، جارێ ئەمە با سەرەتایەك بێت.
■ د.كامهران مهنتك شتێكی ئاشكرایه، كه سیستهمی نوێی دنیا شكستی هیناوهو به كۆتا هاتووهو زیاتر له دوو ساڵیشه به شێوهیهكی كرداری ئهمریكا ههژموونی جیهانی خۆی له دهست داوه، بهڵام كشانهوهی ئهمریكا بهو شیوه كت و پڕه، رهنگ بێت شكستێك بێت، كه تهنیا به كشانهوهی هێزهكانهوه نهوهستیت و بهرهو ناوهوهی ئهمریكاش ههڵكشێت، واته ساڵی (2019)، به گوێرهی ئهمریكاییهكان وهك قۆناغی روخانی شكستی سۆڤیهتیهكان دهبێت له قۆناغی به كۆتا هاتنی شهڕی سارد! ئهمریكا لهرووی داراییهوه له قهیرانه، به ملیاران دۆلار تهنیا قهرزاری وڵاتی چینه، دهربارهی زۆر له مهسهله جیهانیهكان له پاشهكشهدایه، له كاتێكدا پێششتر وهكو هیزێكی گهردوونی رهفتاری دهكرد، بۆ نمونه له ساڵی (2017) له یهكێك لهمهسهله جیهانیه گرنگهكان، كه رێكهوتنامهی پاریس بوو بۆ دۆخی كهش و ههوای جیهانی كشایهوه!. له سوریا هاوپهیمانیهتیكی سێلایهنهی ههرێمی له نیوان روسیا و ئێران و توركیا به شێوهیهكی ناواخنی دروست بووه، ئهوروپا، به تایبهتیش ئهڵمانیا، كاردهكات پردێك لهنێوان ئهورپاو ئاسیا دروست بكات، واته به شێوهیهك له شێوهكان كار لهسهر سهركهوتنی پڕۆژهی ئۆراسیا دهكات، كه روسیا پێشهنگایهتی دهكات!، له پێناو تۆڵه كردنهوه له ئهمریكیهكان، كه هۆكاری سهرهكی بوون بۆ ئهوهی ئهوان ههردوو جهنگی یهكهم و دووهمی جیهانی بدۆڕێنن، بۆ ئهم مهبهستهش پهیوهندیهكانیان لهگهڵ روسیاو چین زۆر بهرهو پێش بردوه. كهواته ئهمریكا له دۆخێكدایه شایهنی ئێرهیی پێ بردن نیه، توركیا به دهست له پشتدانی ئێران و روسیا دهیهویت پهلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، پێم وا نیه ئهمریكا ئاما دهبێت له پێناو مهسهلهیهكی تهكتیكی، كه شهڕی داعش و بهكارهێنانی كورده، بچێته ناوشهڕێكهوه، كه رهنگ بێت ببێته سهرهتای جهنگیكی جیهانی گهوره، بۆیه مهسهلهی كشانهوه له رۆژئاوا دهروژێنێت بۆ ئهوهی رای گشتی جیهانی لهو هێرشه دوور بكاتهوه، كه توركیا به یارمهتی هاوپهیمانهكانی له باشووری كوردستان رهنگ بێت ئهنجامی بدات، بۆیه گریمانهی رێك كهوتنێك له نێوان توركیاو ئهمریكا له ئارادایه، بۆ ئهوهی چوارچێوهی شهڕهكه هینده فراوان نهبێت و مهترسی جهنگێكی جیهانی لێ نهكهوێتهوه، شهرهكه بكهنه شهڕی كوردی – كوردی، توركیا له شكری رۆژی ئهنهكهسه، كه پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیان دهكات، بكاته قهڵغانی خۆی و شهڕهكهی پێ بكات، بۆیه یهكێك له ئهگهره ترسناكهكانی ئهو دۆخه شهڕێكی كوردی كوردیه، بۆ ئهوهی سۆزی رای گشتی جیهانی بهرامبهر مهسهلهی كورد سفر بكرێت و شهڕهكه وهك شهڕێكی ناوخۆ سهیری بكرێت، بهمهش له لایهك توركیا به ئامانجهكانی خۆی دهگات، له لایهكی تر ئهمریكاش خۆی له تیوهگلان له شهڕێكی وا گهوره دووردهخاتهوه!؟
■ ئەحمەد حاجی رەشید دوای ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكرا، حكومەتی عێراق داوای كرد نەگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت و لێژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ گۆڕانكاری لە پرۆژە یاساكەدا، شایانی باسە لێژنەی دارایی دانیشتنی خۆی ساز كرد لەگەڵ لێژنەكەی حكومەت و (٤۷) خاڵی ئاراستە كردن بەڵام حكومەت تەنها (۱) خاڵی لێوەر گرتوە ئەویش زیاد كردنی بڕی تەرخانكراوەكانی پاریزگاكانە لە (۱) ترلیۆن دینارەوە بۆ (۲) ترلیۆن دینار ئەوەش لێژنەی دارایی نیگەران كردوە لەدانیشتنی ئەمڕۆی لێژنەی دارایدا باسی لیوەكراو نامەیەك ئاراستەی وەزارەت كراو رازی نەبونی خۆی لەو گۆرانكاریانە نیشاندا ئەمەی خوارەوەش گۆرانكاری و سیناریۆكانە: ۱_نرخی نەوت وەك خۆی مایەوە كە خەمڵینراوە بە (٥٦) دۆلار لەكاتیكدا ئەمڕۆ نرخی برێنت بە (٥۸) دۆلارە واتە عێراق لەئیستادا نەوت دەفرۆشێت بە كەمتر لەو نرخە بە (۷) دۆلار كەمتر واتە دەفرۆشرێت لە ئێستادا بەنزیكەی (٥۱) دۆلار. ۲_ نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كە بانكی ناوەندی دایدەنێت بەنەگۆری مایەوەو هەر دۆلاریك بە (۱۱۸۲) دینار خەمڵێنراوە كە ئەمەش لێژنەی دارایی والێكرد داوای دانیشتنیكرد لە گەڵ راوێژكارەكانی بانكی ناوەندی كە هۆكاری نەگۆرینی ئەم بابەتە بپرسیتەوە كە لێژنەی دارایی داوای كردوە نزیكەی (۱٥_۲٠) نمرە بگۆریت ، هەروەها بانگهێشتی چەند پسپۆرێكی داراییكرا كە بەرچاو رونی بدەن بە لیژنەی دارایی. ۳_ بڕی هەناردەی نەوت وەك خۆی مایەوە بە بڕی (۳۸۸٠٠٠٠) سێ ملیۆن و هەشت سەدو هەشتا هەزار بەرمیل نەوت .لە نێویدا بڕی (۲٥٠٠٠٠) دو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بێت كە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت. ٤_ هەندیك لە دەقەكانی پرۆژەیاساكە بگۆریت و دەقی نوێ لە شوێنیان دابنریت بەتایبەتی هەندی دەق كە پەیوەندییان بە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمەوەیە لەوانە ماددەی (۱٠) _ یەكەم ، دووەم لقەكانی (ا،ب،ج) وە دانانی برگەی (۳) لەو ماددەی (۱٠) كە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە ئەو بڕگانەش ئەمانەی لای خوارەوەن : ماددەی ۱٠_ یەكەم پاكتاوكردنی شایستەكانی نیوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی ۲٠٠٤ _۲٠۱۸ دوای وردبینی دیوانی چاودێری دارایی لەبەر ڕۆشنایی پشكی هەرێم لە خەرجیە راستە قینە كان . ماددەی ۱٠_دووەم ا/حكومەتی هەریم پابەندە بە هەناردەكردنی (۲٥٠٠٠٠) بەرمیل . ب/تەرخانكردنی ریژەیەك لە تەرخانكراوەی هیزە پیادەكانی عێراق بۆ هیزی َ.... ج_هەركات هەرێم پابەند نەبوو بە پابەندیەكانیەوە ئەوا لە بودجەكەی دەبڕێت..... برگەی ۳ زیاد بكریت بۆ ماددەی (۱٠) . سیناریۆكان : سیناریۆی یەكەم : - بری داهات ۱٠٥ ترلیۆن و ٥٦۹ ملیار دینار - داهاتی نەوت ۹۳ ترلیۆن و ۷٤۱ ملیار - داهاتی تر ۱۱ترلیۆن و ۸۲۸ ملیار - خەرجیەكان : ۱۳۳ ترلیۆن و ۱٠۷ ملیار دینار - خەرجی بەكاربەر ۱٠٠ ترلیۆن و ٥۹ ملیۆن دینار - خەرجی وەبەرهینان ( ۳۳ترلیۆن ٤۸ ملیۆن )دینار كە بری (٦ ترلیۆن و ۱۱٥ ملیاری) قەرز بكرێت - كورتهینان( ۲۷ترلیۆن و ٥۳۸ ملیار )دینار - پشكی كورد دەبیت بە( ۹ترلیۆن و ۷۸۳ ملیار) دینار كە بە 12.67% ئەژماركراوە سیناروی ٢،٣ لە داهاتودا دێتە خزمەتتان
■ بڕوا بەرزنجی بەڕێز ئەکاکی ئەکاکایڤیچ، کارەکتەری سەرەکی چیرۆکە بەناوبانگەکەی نیکۆلای گۆگۆل_ە چیرۆکی - پاڵتۆ-. کە یەکێک لەبەناوبانگترین چیرۆکەکانی ئەدەبیاتی ڕوسیشە. ئەکاکی پاڵتۆیەکی کۆنی هەیە، وەک کۆنی حکومەتە کۆمۆنیستیەکەی، ڕزاو و بێکەڵک. لە کۆتایدا لێیدەدزرێت هەرچی دەکات ناتوانێت بچێت شکات بکات ، چونکە ئەگەری زۆرە خۆی تێیدا تاوانباردەرچێت. دەبێت بەڵگەو دۆکیۆمێنتی هەبێت کە پاڵتۆکە هی ئەوەو لێیشی دزراوە. دەرئەنجام بە یارمەتی هاوڕێ و خێرەومەندان چاکەتێکی نوێی لە پێستی پشیلە کڕی، بەڵام دەیشیزانی چاکەتە نوێکەیشی هەر بەقەد چاکەتە کۆنەکەی باشە. ئەم چیرۆکە پێشبینی و وێناکردنی ئەدەبیاتی ڕوسی بوو لە داوەشینی حکومڕانی کۆمۆنیزم و هەروەک تێگەیشتن لەوەی لەو ژینگەدا حکومڕانی وسیستەمی نوێ لە کۆنەکە خراپترنەبێت باشترنابێت. من و تۆی ئینسانی کورد، بە ئاسانی خۆمان لەوەها دۆخێک و خراپتریش دەبینینەوە. من و تۆیش بەدیوێکدا پاڵتۆکەمان، کە هەموو مافەکانمانە لەو نیشتیمانەدا لێدزراوە، تۆ دەزانیت کێ سەروەت و سامانی دزیوە، بەڵام بڕۆ ناوی دزێک بێنەو شکات بکە، ئایا دادگا بەبیانوی نەبونی بەڵگەی سەلمێنەر چەند ساڵ دەتکاتە ژورەوە. دیوێکیتری پاڵتۆکەی من و تۆیش حکومەت و حکومڕانییەکەیە ، کە داڕزاوە. لەو ژینگە سیاسییەی لە چەند دەیەیی ڕابردو تا ئێستا دروستکراوە، هەر حکومەتێک بێت یان بڕوات هەر هەستی پاڵتۆ کۆنەکەمان هەیە. ڕازین بە پاڵتۆ تازەکە، نەک لەبەر ئەوەی تازەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانین لای پۆلیس و حاکم بڵێین پاڵتۆکەمان دزراوە، پاڵتۆی مافەکان و ژیانمان.یاسا دۆکیۆمێنتی سەلمێنەری لە من و تۆ دەوێت، بەس لە سەروەت و سامان و دەسەڵاتی ڕەهایی شۆڕگێڕە پاتە لە پێکانی دوێنێ نەخێر. بۆیە من لێرەدا و ڕو لە جەنابی یاسا و داواکاری گشتی دەڵێم: من نە پاڵتۆکەم لێ ونبوەو نەلێم دزراوە. بەڵام پاڵتۆکەمان ڕزیوە، زۆر ڕزیوە جەنابی حاکم!
■ لاوك سەڵاح لە پاش ئەم هەموو جەنگە قێزەوەنە، کێ لە دووڕیاندا نییە، دووڕیانی ناسینەوەی دامەزراوەکان و حکومەتەکان و نەتەوەکان و پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان و گروپەکانی فشار و سنوورە جیاجیاکان. ئەمە دۆخەکەیە لەسەر هەموو ئاستەکان، چ ناوخۆ یان دەرەکی بێت، بەدەگمەن، رەنگە هەر نەشبێت، تیۆرێکی سیاسی باو هەبێت لە بوارێکی تایبەتدا تاقیبکرێتەوە، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە غاردانێکی سەرلێشوانەیە بەهەموو ئاراستەکاندا. بەداخەوە، سەردەمی هەموو چەمکە سیاسییە باوەکان و بنەماکانی بەرجەستەکردنی مۆراڵ و لۆجیکی سیاسی ئاسایی گوزەشت، سەرتاپا هەموو بە دوایی شوناسێکی سیاسی نوێدا وێڵین. ئەم قۆناغە قۆناغی بەر لە ناسینەوە و بەرهەم هێنانەوەی شوناسی سیاسییە. کارێکی سەختە لەبەرئەوەی لە دووڕیانی کارەسات و رووداوە گەڵاڵەکراوەکاندا ئەوەندەی مامەڵەیەکی بایۆلۆجیانەی دیاردەکان دەکەین، ئەوەندە بەها دروست ناکەین، بەداخەوە ئەوەی کە هەشبوو بەرەو کاڵبوونەوە دەروات. بەدبەختییەکە ئەوەیە ئەم گەران و سەفەرە بۆ شوناسی سیاسییەکی دیکە لە ژینگەیەکی نامۆدا پیادە دەکرێت، جاران دونیا یان بە دوو جەمسەر دەناسرا، یان بە دونیای جەنگی سارد ناودەبرا، یان دابەشکرابووە بلۆکی سەرمایەداری و سۆشیالیستی، یان بەدرۆ بە جیهناگیری پێناسەکرا بۆ رەوینەوەی ئایدیۆلۆجیا سیاسییەکان، بە بەهانەی خوڵقاندنی یەک بازار بۆ هەمووان، بەڵام دواتر خاوەن بانگە گەورەکان و چینی دەوڵەمەند دەوڵەمەنتر بوو. ئەوسا، لانی کەم، هەندێ بنەما بۆ کارکردن و مامەڵەی سیاسی هەبوو، لەگەڵ پاشخانێکی مێژوویی کە هەڵگری سیفەت و خەسڵەتێکی دیاریکراو بوو، دەدزانی لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا روودەدات مەلەکردنە لە هەوادا. نە ژینگەکە، نە پلانە ستراتیژییەکان و نە کەسایەتییەکان لەو ئاستەدان ئاراستەی رووداوەکان هێورانە بەرێوەبەرن و چڵەویان لە دەست دەرنەچێت. بەداخەوە، دیارترین خەسڵەتەی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە دەوڵەت و پارتی سیاسی و دامەزراوەکان و هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە پاشەکشەدان، بۆ نموونە لە ئەمەریکا، گرفتی ترەمپ هەر کەسایەتی خۆی نییە بەڵکو خۆی و هەموو ئەو سیاسەت و ئەو کەسانەشە کە هەڵیبژاردبوون بۆ ئەوەی کاری لەگەڵ بکەن، لە بریتانیا نارەزاییەکی تەواو لە پلان و نەخشەرێگاکانی حکومەت هەیە، حکومەت وڕە، هەم لە ناوەوە، لە ناو پارتێکی سیاسی وەک پارێزگاراندا، هەم لە ناو حکومەتدا، هەم لە نێوان خەڵک و حکومەتدا کەڵێنێکی گەورە لە هەموو مەوداکاندا هەیە. لە فەرەنسا، خۆپیشاندانەکان بە دوای شوناسێکی دیکەدا دەگەرێن، بەدوای میکانیزمی نوێ دەگەرێن بۆ ئەوەی هیچ ئەیدیۆلۆجیایەک خۆی نەکات بە خاوەنی. لە کوردستان، هەموو پارتە سەرەکییەکان رووبەرووی قەیرانی هاتنەکایەی شوناسێکی نوێ بوونەتەوە، بەداخەوە زەمینەیەک نادۆزنەوە بۆ بەرجەستەکردنی هەندێ هێڵی سەرەکی سیاسی پتەو، بۆ نموونە یەکێتی لە بەردەم واقیعێکی سەختدایە هەم لەناو خۆی، هەم لەگەڵ خەڵک، هەم لەگەڵ ئەو جوگرافیایەی کاری تێدەکات، داوای شەراکەت دەکات بە بێ ئەوەی کاری بۆ کردبێت بۆ ئەوەی وەک شەریکێکی خاوەن پرۆژە و دیدێکی سیاسی یەکگرتووی بەهێز حسابی بۆ بکرێت، پارتی لە بەردەم گێرانەوەی حیکایەتێکی کوردی مێژوویی ناسراودایە، کار لە ناو مێژوویەکی سادەدا دەکات بەرامبەر هەموو ئەو تەحەدا سەختانەی دەرەوە، لە دووڕیانی زیندووکردنەوەی شوناسێکی کۆنە کە خۆشی دڵنیا نییە تا چەند ئەو فۆرمە لە حکومڕانی بەردەوام دەبێت. گۆران لە بەردەم میراتێکی سیاسی نووسراودایە کە زەمەنێکی تەواوی نەبوو بۆ دامەزراند و گەشەسەندنی میراتەکە و کادرەکانی، بێگومان ئەو میراتە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی ئاییندەدا ناگونجێت و لە ئێستادا ئەو توانایە لە ئارادا نییە دەوڵەمەندی بکات، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە و بەچاوەروانی زۆرەوە و بە سەرمایەیەکی بچووکەوە لە ژانی ناسینەوەی خۆیدایە، لەبەردەم تەمتومانی دارشتنی شوناسێکی نوێدایە. دووڕیانێکی سەخت بۆ هەموو لایەک، کە دەخوازێت پراکتیکانە لە نائومێدییەوە بپەرینەوە بۆ متمانە ئەگەر تەمەنیش بوار نەدات...
■ دەیڤد ل فیلیپس وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ لە دەستپێكردنیی جەنگی ناخۆیی سوریا لە ساڵی 2011ەوە زیاتر لە نیو میلۆن كەس كوژراون و لانیكەم 12 ملیۆن كەسیش ئاوارەبوون و چەند شارێك بەتەواوەتی وێرانبوون، بەڵام لە نێو ئەو داروپەردوەدا، باكور و خۆرهەڵاتی سوریا كە كوردەكان تێیدا نیشتەجێن، تاڕادەیەك دۆخێكی ئارام سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، لە سەرەتای ململانێ و ناكۆكییەكاندا، سوریا هێزەكانی لە ناوچە كوردییەكان كشاندەوە بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو مەترسی و ئاڵنگاریانە ببێتەوە كە لە چەند شوێنێكی زیاتر گرنگ لە وڵاتدا رووبەڕووی بوونەوە. لەم ماوەیەی دوایدا سەردانی " قامیشلۆ" م كرد لەسەر سنوری عێراق- سوریا بۆ گفتوگۆكردنی وەچەرخانیی سیاسی، ناوچەكە هێشتا لاوازە، و ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە رێژەییەشی كە هەیەتی نامێنێت, ئەگەر سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەكانی بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكان جێبەجێ بكات. ئەردۆغان باوەڕی وایە كە گروپە چەكدارە كوردەكانی سوریا درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانن، كە كوردی توركیا لەخۆدەگرن و لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە لە پێناوی مافی كورددا خەباتدەكەن، بەڵێنیداوە بە " خنكاندنی " تیرۆریستان و دانانی پشتێنەیەكی ئەمنیی بە درێژایی سنوری توركیا لەگەڵ سوریا. ئەگەری ئەوەش هەیە هێزەكانی ئەمریكاش لایەنێكی تری زەرەرمەندبن و نزیكەی دوو هەزار ئەندامی هێزە تایبەتەكانی سوپای ئەمریكا لەگەڵ شەڕڤانە كوردەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" كاردەكەن و ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەئۆپەراسیۆنەكانیاندا لەدژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش چەك و هاوكاری ئاسمانییان پێشكەشدەكات. جگە لە كوردەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ دۆستێكی نییە لە سوریا، سوریا بوەتە شوێنپێی روسیا و ئێران و حزبوڵا و توركیا جگە لە كوردەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ دۆستێكی نییە لە سوریا، سوریا بوەتە شوێنپێی روسیا و ئێران و حزبوڵا و توركیا، جگە لەوەش سوریا سنوری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و دەكرێتە ببێتە خاڵی دەستپێكردنی هێرش لەدژی، ئایا واشنتۆن رێگە دەگرێت لە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن توركیاوە؟ ئایا ئەمریكا چاوپۆشی لە توركیا دەكات كە كوردەكانی سوریا بە ئامانجدەرێت. ئەردۆغان تۆمارێكی پڕ لە تاوانكاریی جەنگی هەیەن لە 20ی كانوونی دووەمدا توركیا بە بێ هیچ پاساوێك هێرشیكردە سەر عەفرین كە ناوچەیەكی هێمنی سوریایە و دەكەوێت خۆرئاوای رووباری فوراتەوە بۆئەوەی كورد لەوێ پاكتاوبكات، بۆماوەی 58 رۆژی فڕۆكەكانی توركیا شارەكەیان بۆردومانكرد، بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و 300 هەزار كەسیش ئاواربووەن. ئیدارەی " ترەمپ" پێویستی بە كوردەكان بۆئەوەی هاوكاری بكەن لە نەهێشتنی نزیكەی 20 هەزار چەكداری داعش كە لە چەند ناوچەیە كدان بەدرێژاریی سنوری سوریا و عێراق، هەروەها كوردەكان هاوكاردەبن لە سنورداركردنی هەژمونی ئێران لە سوریا. ئیدارەی " ترەمپ" پێویستی بە كوردەكانە بۆئەوەی هاوكاری بكەن لە نەهێشتنی نزیكەی 20 هەزار چەكداری داعش كە لە چەند ناوچەیە كدان بەدرێژاریی سنوری سوریا و عێراق، هەروەها كوردەكان هاوكاردەبن لە سنورداركردنی هەژمونی ئێران لە سوریا. ویلایەتە یەكگرتووەكان پێنج خاڵی چاودێری لەسەر سنوری سوریا – توركیا داناوە، وەك رێگاچاریەك بۆ بەرگرتن لە پێكدادان و توندوتیژی نێوان توركیا و كوردەكان، بەڵام ئەگەر توركیا هێرشیكرد، ئەوا ئەو خاڵانە تێدەپەڕێنێت. دانانی ناوچەیەكی دژە فڕین لە باكور و خۆرهەڵاتی توركیا، كەفوكوڵی توركیا بۆ بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی ناهێڵێت و هەلێكیش بۆ شەڕكردن بە كوردەكان دەبەخشێت، ئەو بڕیارەش كاریگەری گەورەی ئەمنیی و سیاسیی دەبێت، زۆرینەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە بنكەی ئینچەرلیكن لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا و ئەگەر ئەمریكا ناوچەی دژەفڕین بسەپێنێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە توركیا رێگە لە فڕۆكەكانی ئەمریكا بگرێت بنكەكە بەركابهێنن و ئینچەرلیك دادەخات. ویلایە یەكگرتووەكان پێویستە رێبازێكی مەبدەئی و عەمەلی بگرێتەبەر و بەرگری لە هاوبەشەكانی بكات، لەبری ئەوەی هەوڵی رازیكردنی نەیارەكانی بدات. لەگەڵ زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فڕۆكە جەنگییەكانی بۆ یۆنان گواستەوە، هەروەها دەكرێت فڕۆكەخانەكانی ئەمریكا لە قوبرس و كەشتییە فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی هاوكاربن لە سەپاندنی ناوچەی دژە فڕیندا. ویلایەتە یەكگرتووكان رووبەڕووی بژاردەیەكی مێژوویی دەبێتەوە، یان بەردەوامی دەدات بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا كە هاوكاری گروپە جیهادییەكانی كردووە لە سوریا و موشەك لە روسیا دەكڕێت و بنەمانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" پێشێلدەكات، یان دەكرێت هاوكاری كوردەكانی سوریا بكات. یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" تەنها لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا هاوكاری ئەمریكایان نەكردووە، بەڵكو هەرێمی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا كە ئیدارەیەكی ئۆتۆنۆمی هەیە عەلمانییەو پشتیوانی ئەمریكایە و دەكرێت ببێتە نمونەیەك بۆ حكومڕانی سوریا لە داهاتوودا. ویلایە یەكگرتووەكان پێویستە رێبازێكی مەبدەئی و عەمەلی بگرێتەبەر و بەرگری لە هاوبەشەكانی بكات، لەبری ئەوەی هەوڵی رازیكردنی نەیارەكانی بدات. • بەڕێوەبەری پرۆگرامەی بونیادنانی ئاشتی و مافەكان لە پەیمانگانی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا و نوسەری كتێبی " گەورەترین ناپاكی: چۆن ئەمریكا دەستبەرداری كوردەكان بوو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەستدا".
■ حەمەعەلی کاکە حەمە ئەگەر دڵسۆزانە وغە مخۆرانە و ڕاشکاوانە ڕۆچینە ناخی بارودۆخی بزووتنەوەی گۆڕانی ئێستا هەر لەنوکی هەرەمەکەوە تا پانتاییە پانەکەی کە بۆتە هەڵگری پە یکەرەی گۆڕان ، هیچ سیاسەت مەدارێ یان شرۆڤە کارێک " نا توانێ یەک پنتی ڕا گیربوونی " نە حیزبی ، نە بزووتنەوەیی و ڕێکخراوەیی بۆ دیاری بکرێ {{ چونکە بزووتنەوەکە زەمین لەرزە ئاسا فیزیکی جوڵێنراوە }} دیارە کەوتۆتە ژێر فشاری بەلا ڕێبرد ندا " هە روەک باڵەخانەیەکی دوای زەمین لەرزە " من کەدەڵێم پنتی ڕاگیر بوون مەبەستم ئەو پایانە یە کە بزووتنەوەکەی ڕاگیرکرد بوو ، پەیکەرەی ڕێکخستنەکانی ناساند ( بووبە شوناسی بزووتنەوەکە ) ئێستا ئەمە لە شێوە ئەندازیاریە شا قوڵیەکەی دەرچووەو بەلاریو مۆلەقی وەستاوە تەوە ، سەرکردایەتی ئیمڕۆی گۆڕان گروپێکی دابڕاو ومەنگن جڤاتەکان ئیفلیج و بێ دەنگن بەگشتی بارودۆخی بزووتنەوەکە ، لە وپەڕی بێهێزی و وێران بوندایە ، ڕێکخستنەکان سەر لێ شێواوو ڕێز لێ نەگیراون ، بێ کەس و بێ خاوە نن ، پرنسیپ بوونی نیە ، ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە تێکەڵ و پێکەڵە ، دەست لە کاروباری یەکتروەردەدەن " کە س سەروی خۆی نابینێ " کەسی شیاو نابینی لەشوێنی شیاودا ، کەسە شیاوەکان پەراوێزخراوون ، یان دوورە پەرێزن و بێ بڕوا یی و گومان رووی تیکردوون " خۆ دیارو بەرچاوە بەڕێژەیەکی چەند بەرز هەوادارانیان داکشاوە " هەروەک دەنگەکانی هەڵ بژاردنەکان " کەنمونەیەکی باشە ! بەتایبەتی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا ، وێڕای ئەوەی ناوەوە ، لە دەرە وە باشتر نیە ، تائێستاش کە س نیە لێیان بپرسێ ، هیچ هەوڵێکیش نیەو ، فەرامۆش کراوون{ دیارە پایەکانی ترییش لە هەمان بارو دۆخی وێرانبوون دان } ڕێبازو دەستور تەواو کاڵ کاڵ بۆتەوە و ناخوێنرێتەوە ئەمانەی ئێستا سەرۆکاری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن یان با بڵێین { گروپە مەنگە کە لەئاشێکی تر باراشەکەیان خستوە } ڕۆژ تائێوارەش لە گردەکە میوان بەڕێ دەکەن و بە ناو، بارو دۆخەکە تاوتوێ دەکەن ، بێ ئەوەی کەس بزانێ چی دە گوزەرێ ، دوای خواردنەوەی چاو قاوە و ڕۆیشتنی میوانەکان کوپ و پیاڵەکان دەشۆرێن بو سبەینێ و بەتامەکەی دوێنێ و پێرێ دادەنرێتەوە ،هەرکە پێویست بو دەچنەوە بۆ ئاشە تازەکە ، دەکەونەوە مامەڵەی دەم و چاو ، بەدەم وچاو و ، گەنم بە ئارد ئەوەی کەدیارە ڕاگەیاندنە ئاڕاستە کراوە کانی خۆیان و خاوەن ئاشەکە یە " هەر لەسەر میلۆدیە نەگۆڕە سواوەکە دەیڵێنەوە " ئێمە یەک زەڕە لە داواکانی خۆمان لامان نەداوە ، ئەوە نەیارەکانمانن بوختا نمان بۆ هە ڵدە بەستن ڕۆژ و هەفتەو مانگ وساڵانیش تێ دە پەڕێ ، بەبێ ئەوەی خشتێک بخرێتە سەر خشتێک بگرە ئەوەشی دانرابوو ، دەلاقەی تێکە وتووە و لە سەرخۆبنکۆڵ دەکرێ ! بەڵێ بە هەڵەی سیاسی سەرکردکانی کورد 51% ی لێ قارسکرا، کەچی مێشیش میوانیان نیە و ئەودەڵێ ئەوان بوون ئەویتریش دەڵێ نەخێر ئەوان بوون ، ئەوا گٶڕانیش لەسەرخۆ خەریکە دەبێتە زڕبرایان ! ئێوە سەیرکەن " پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تریش بە گۆڕانیشەوە " وا دەیان ساڵە بە تایبەتی لەناو پارتی و یەکێتیدا ، کۆمەڵێ دەموچاوی چەندان بارە دەبینینەوە ، دەڵێی لای ئەمانە کەسی ترنە لەدایک دەبێ و نە دە مرێ هەر ئەمانەن دەبنە پەرلەمانتار ، دەبنە وەزیرو گزیرهەر ئەمان دەبنە پیاوی سیاسی و دانوستان کار هەر ئەمانەش کاری ڕێکخستن و ئاسایش ودادگاکان و دەبنە شکات کەرو شکات لێکراوو لەولاشەوە هەزار فرت وفێڵ وبازرگانی نابەجێ پێکەوە دەکەن ، چۆنیشیان بوێت ئاوا دەڕوات ، شەویش لەئاشەکە پێکەوەن و لەوانەشە سیفۆنە تاڵەکە ش ئاود یو کەن و تۆزێ خۆیان گێژکەن ، لە ڕۆژانی هەینی و بەیانیانی جەژنیش دەچنە مزگەوت و لەڕیزی پێشەوە لە نزیک پیاوە ئاینیەکانەوە دادەنێشن و، دەست بەرزەکەنەوە بۆ دوعاکانی پیاوە ئاینیەکان و دەڵێن ئامین . ئەم چەند دێڕە کراسێکەو لەبەری زۆربەیا ندا بوونی هە یە ، هەموویان بونەتە قوتابی یەک قوتابخانە بۆ دەستە مۆبوون ، بەرامبەر دەوڵەمەند بوون ، لە قوتابخانە کەی ینک و پدک . با بگەڕێمەوە سەر بزووتنەوەی گۆڕان " ئیمڕۆ بە بڕوای بەندە " قۆناغی دوورە پەرێزیە لە م حکومەتە تەزویرە مۆنۆپۆڵکراوە ، بزووتنەوەی گۆڕان باشترە نەچنە ناو کابینەی " نۆ " ( ٩ ) ئەم کابینەیە بەکۆمەڵێ " مینی پلان بۆ داڕێژرا و، ئامادەکراوە " هەندێ لەو پلانانە یەکێتی دەزانێ پاش بەرژەوەندیکانی سەرانی یەکێتی ، پارتیش هەر زوو لە دەمیان دەرچوو ووتیان ئێمە 45 کورسی دەهێنن و واش دەرچو . ئەمە ئاماژەیەکی باشە ، بۆ ڕوناکی خستنە سەر ئەو پلانە مین ڕێژ کراوە پلانێکی تری ئاشکرای پارتەکەی بارزانی ، هێنانە پێشەوەی ( مەسرورە ) ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین ومەبەستدارترین و دوور مەوداترینی پلا نە کە، کە بۆ دەست بە سەراگرتنی پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردوستانە لەدەست خۆیاندا ، بەمەش چوار دەوری حیزبەکانی ئێستاو داهاتوش پەرژین دەکرێن . هەرپۆستێکیش ناوی جێگری یەکەم و دووە مە { = بە سفری دوای فاریزە } جێگرەکانی پێشتر شاهێدی ئەم حاڵەن " کاک کۆسرەت بۆ نمونە " کە سەرکردەیەکی هەرە دەسەڵات داری ناو یەکێتی بوو " نەیتوانی یەک شت بکات " بۆ ئە وانی تریش هەر وا بوە {{{ بۆیە هەر پەیمانێک دراوە بە هەر کەسێک پۆست وەرگرێ ، وە وەری گرت ! دەبێ باش بزانێ کە لینج و بارگاوی ودەبێت }}} بۆیە دەڵیم دەستی میللەت ماچ کەن لەسەری ئەو دووحیزبە زۆر باشترە بەتایبەتی چوونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو ئەو کابینە نوێ بە پلان تەنراوە بۆگۆڕان ، دەبێتە مایەی سفر کردنەوەی ئەو هەموو هاتوهاوارەی کردیان کە تەزویرمان لێکراوە ، دەنگەکانمان دزراوە و ئەو هەموو بە ڵێن و پەیمانانە کەدایان بە خەڵک ، ئەیان ووت لەیەک دەنگیش خۆش نابین وهەموو دەنگەکانمان وەردەگرینەوە ، کەواتە بەچوونە ناو حکوموت جگە لە سفر کردنەوەی متمانە بۆ خۆی ، دەش چێتە خانەی ناڕاستگۆیی ، کەواتە باشترە پەرلەمانتارەکان تەنها خەریکی کاری پەرلەمانەکانی هەرێم و بەغداد بن ، لە هۆڵەکانی پەرلەمان چاودێربن لە هەرفێڵێکی سیاسی نیشتیمانی و نەتەوەیی بکرێ ، کە بیانەوێ بەسەر کوردا تێپەڕێ ، دلێرانە دەس بەرز کەنەوە و بیکەنە هەڵاو نەچنە ژێر فشاری هیچ کەس و لایەنێک {{ هەموو کەس دەزانێ کە کەس گوێتان لێناگیرێ و لەوە زیاتریشتان بۆناکرێ }} بەڵام وەك هەڵوێستێک ، بۆ ئەو کەسایەتی یانەی ئەم کارە دە کەن پۆزەتیڤ دەبێ لە پاشە ڕۆژ دا ، ببورن لەمە زیا ترتان بۆ ناکرێ ، دە نا لەزۆر مەبەستی خۆیانتانە وە دەگلێنن و پەڵاویتان دەکەن ، لەلایەکیترەوە لە بەرئەوەی تەلارە کەی بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا ، پایەکانی هێزی ڕاگیربوونی لەو پەڕی لاوازیدایە و پنتەکانی ڕاگیربوونی جوڵاوون،هەردەبێ بە هەموو سەرکردە و هەڵسوڕاوو گۆڕانخوازە ڕاستگۆکان ، دەست لەناو دەست بەگیانی لەخۆبوردە ییە وە {{ هێلەکی نیلی بپۆشن و بەرخۆدانی هەستانەوە بەرپا بکرێ }} هیچ نەبێ بیکەنە دەرفەت بۆ بە خۆدا چوونەوە ی بزووتنەوە کەو ناوخۆی بزووتنەوەکە . چۆن ئەم کارە بکرێ ؟ 1- تەسلیم کردنەوەی گردەکە بە کوڕەکانی کاک نەوشیروان ! چونکە ئەو گردە نەگردی ! کاک نەو شیروانە ! نەگردی بزووتنەوەی گۆڕانە ! نە گردی نەوەکانی کاک نەوشیروانە {{{ ئەو گردەش وەک گردەکانی تر وسەری ڕەش و ئەو هەموو شاخ و دۆڵە داگیر کراوانە کە موڵکی گشتین }}} ئەوکاتەی کە هەردو پارتی دەسەڵاتدار ،کە لە شاخ هاتنە شار لەم هەرێمەدا ، خۆیان لە یاسا بە باڵا تر زانیوە ، لەناو خۆیانا بەڕێکەوتن بە شیان کردوە و ، بەشی ئەوکەسانەشیان داوە کەخۆیان مەبە ستیان بووە ، یان لێی ترساون ، هەربۆیە ئەم گردو شاخ و دۆڵ دوکان و بازاڕانە کە موڵکی میللەتە ، بەدەیان شکات و داوای دادگاییان لەسەرە ، ئێستا گوێ لە کەس ناگرن ، چونکە خۆیان دادگاو یاسان ، دەبێ ڕۆژێک لەڕۆژان ئەگەر حکومەتێکی خۆماڵی و نیشتیمانی دروست بوو دڵنیابن ، دەبێ بگەڕێنرێتە وە و ببنەوە بە مۆڵکی گشتی و هاووڵاتی ! ئیمڕۆ بیدەنەوە بە { کوڕە کان } ئەوانیش دەبێ خۆیان هەندێ زانیاری تریان هەبێ و پرۆژەی خۆشیان هەبێ با بیکەن ، پاش ئەوەی کۆمەڵێ وردە کاری مادی و مەعنەوی بە هۆی دروست بوونی گۆڕانەوە ، ئێستا لەو گردە دا بوونی هەیە . هەر چەندە ئەوەی بیناکراوە ، بە هەیبەت و کەسایەتی کاک نەوشیروان بنیا ت نراوە دەکرێ وەک هاوکاریەکی مەعنەوی " بۆ بزووتنەوەکەبێت " تا لەسەر پێی خۆی بوەستێ وهەستێتەوە { با کوڕە کا نیش } هەر پرۆژەیەک کە خۆیان مەبەستییان بێت بیکەن{ ئا لێرەدا سەرکەوتن وسەر نەکەوتنی پرۆژەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کوڕەکانی کاک نەوشیروان خۆیان }هیچ کاریگەریەکی نێگەتیڤ لەسەر بزوتنەوەکە دانانێ" چونکە ئێستا بزوتنەوەکە لەسەر پێی خۆی ڕاوە ستاوە "دەشکرێ کوڕە کان بەشداری کاری سیاسی بزووتنە وەکە ببن و بچنە دنیای سیاسەت و تێکۆشان لەگەڵ بزووتنەوەکەدا ، بۆئەوەی لە کوڕی سەرۆك حیزبەکانی ترنەچن {{ هیچ نەبێ ببنە باژێڕوان وە بە پێی دەستوریش دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیش }} دەتوانن چالاکانە سادە و ساکار، کار بکەن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ، ئەوسا بابە هەوڵی خۆیان بگەنە ئاستە بەرزەکانی بەر پرسیارێتی بزوتنەوەکە کە زۆر ئاسایی دەبێت ، دڵنیابن ئاستی خۆشە ویستییان هاوتای ڕێزو خۆشەویستی ، پیاوە ڕۆحسپیەکە دەبێتەوە و ڕەوانشا د یش سەرفرازوو ئا سوودە تردەبێ ، وە ک کورد دەڵێ لە وەجاخ ڕوونی ئەمەش دەبێتە هۆکاری ڕەوا ندنەوە ودەرباز کردنی بزووتنەوەکە لە قۆرغکردن و بەبنە ماڵە یکردنی بزووتنەوەکە و هەڵکردنی چرایەک بۆ ڕووناک کردنەوەی چیاو وورەی گەنجە بێزارەکا 2- بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ دوودڵی کە لەگردەکە هاتە خوارێ ، خۆ دەبێتەخاوەنی خۆی دەکرێ لە چەند بیناو باڵەخانەیەکدا کارەکانی خۆی بەڕێوە بەرێ خۆ مەرج نیە بزووتنەوەکە لەسە گردبێ 3- لەبەرکردنی هێلەکی نیللی لەخۆ بوردن بۆ هەستانەوەی بزووتنەوەگۆڕان هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئارەزوومەندانەی ، ناڕازی و زویرەکان و زویرکراوەکان کان بە هەردوو بەڕێز کاک عوسمانی حاجی مەحمود و کاک قادری حاجی عەلیشەوە کە دوو پایەی بە هێزی بزووتنەوەکەن . 4- ئامادە گی ورد و پەسەند کراو، بۆ دروستکردنی ژوورێکی پسپۆڕی یاسایی و سیاسی ، کاتیی بۆ توند و تۆڵ کردنەوەو داڕشتنەوەی مەرجەکانی کاری ڕێخراوەیی و پابەند بوون و بە پرنسیپ کردنی ، وە پێکهێنانی گشت ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە و دیاری کردنی سنوری دیاری کراو بۆ هەڵسوڕاوان ، دەشکرێ پاشان هەر ئەم ژوورە بکرێتە ژوورێکی سەرپەرشتی و لێپرسینەوە و دەستکراوە بەسەر ئۆرگانەکانی ڕێکخستنەکانی ناوەوەی ووڵات و دەروەی ووڵات . 5- پێدا چونەوە بە باڵای پەیکەرەی بزووتنەوەی گۆڕانداو ، ئا ڵ و گۆڕو، بەبەر دا کردنەوەی ڕۆحێکی زیندوی گەنجانەو سەلیقە دارو پڕ کامڵی بزووتنەوەکە . 6- هەڵوشاندنە وەی خانەو هەردوو جڤات و ژوورەکان . 7- زەمینە سازی بۆ کۆنگرە بڕە خسێنرێ . بائیتر بەسبێ و کۆتایی بە کەمو کورتیەکان بێت ودەستورو ڕێبازەکەی کاک نەوشیران لەبیر نەکرێ . مەبەستی منیش لەم نوسینە ئاسودەکردنی ڕۆح و ویژدانی خۆمە زۆرم هەوڵ دا بەداخەوە هیچ نە کرا گوێ لە کەس نەگیرا هەزارانی تری وە ک من ،ناچار بوون و دوورە پەرێزییان هە ڵبژارد ، هەزاران کوردی هەندەران بە بڕوانامەی بەرز و زانستیەوە ، گەڕانەوە هەرێمە کەمان ، ئەوهەرێمە فیدراڵەی کە تەنها کورد خۆی دەڵێ فیدراڵ ، تاێستاشی لەگەڵ بێ لە یەك کەسی غەیرەکوردم نە بیستوە بڵێ هەرێمی فیدراڵ ، بەداخەوە بەخۆیان زانست و بڕوانامە کانیانەوە ، بە تانەو توانجی نا ڕاستەو خۆ و گوێ لێنە گیراوی گەڕانەوە هەندەران ، ئێمەش چاوەڕوانین بزانین کەی جامەکە پڕدەبێ لە بوغرایی و لووت بەرزی و ، ئەوسا ئێوەش بای غوربەت بتان شەکێنێ .
■ عەبدوڵا مەحمود دەسەڵاتی بنەماڵە لە کوردستاندا، قێزەونترین میراتی بۆ ماوەیی میژوویەکی بەسەرچووە، ئەم میراتە چەپەڵە چ لەحزبەکانی دەسەڵاتدا و چ لە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردییدا، ڕاستیەکی حاشالێنەکراوە. چۆن حزبەکانی دەسەڵات، بەشێوەی سیستماتیک دزی و تاڵانی دەکەن، خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەیی عادەتیانە، بەهەمان شێوەش پەرەپێدەری بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵات و وەگەرخستنی کۆمپانیای سەرۆک سازیین. لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیاندا چەندین پاکێج لەسەرۆکی پاکەتی بنەماڵەییان ئامادەکردووە، کە هەم سوکانی حزبەکان بئاژۆن و هەمیش پۆستە هەر بڵندەکانی حکومەتی دیکۆر، بگرنە دەست. ئەم میراتە بۆ ماوەییە، کەدەسەڵاتی حزبی و حکومی!! و ئیداری و ئەمنی و داهات و پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانیان... قۆرغ کردووە، تازە نییە، کەسانێک کە دەیانەوێت ئەوە وەکو مۆدێلێکی تازە نیشان بدەن، هێندەی دەیانەوێت پەردە بدەن بەسەر میراتی دەسەڵاتی بنەماڵە، کە میژوویەکە ئامادەیی هەیە، هێندە رەخنەیان لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بۆماوەیی و پشتاو پشت نییە، بەکردەوەش تامەزرۆی بەشداری لە دەسەڵاتی بنەماڵەیدان. لەدوای ئەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، وەکو براوەی!! هەڵبژاردنەکانی کوردستان... مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت و نێچیر بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم پیشنیار کرد. هات و هاواری مەترسی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەرز بۆوە، ژمارەیەکی زۆر لەنووسەر توێژەری سیاسی!! میدیاکارو کادری سیاسی و موچەخۆر کە بەشی زۆریان کاسبی و ژیانی رۆژیان لەسەر ئەو لیکدانەوە لێدوانانەیە... وای نیشان دەدەن ئەمە روداوێکی تازەو مەترسیدارە. دەیانەوێ لەو رێگایەیەوە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی و راستیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بشارنەوە. هیج لەوە راستتر و سەلماوترو رۆشنتر نییە، کە دەمێکە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، پاوانی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیە. دوو زۆن، دوو بنەماڵە پاوانی دەسەڵاتەکان، داهاتەکان و بازار و ئابوری، پەیوەندییەکان، دەزگا ئەمنییەکان،... کردووە. تەنانەت لەناوخۆی حزبیشدا، میراتگرانی بنەماڵە، هەمە کارەو خاوەن بڕیارن و ئەوانەی دەورو بەریان گوێرایەڵ و بیکاریگەر و کەم دەسەڵات و بێ ئاگا، لەرەگ و پایەکانی دەسەڵاتی داسەپاوی بنەماڵەن. تەنانەت هەژموونی کەسانی دەسترۆشتوی ناو بنەماڵە، قەوارەی رێکخراوەیی و حزبی قوتداوە. کەسانێک بێ ئەوەی ئەندامی سەرکردایەتی یان مەکتەب سیاسی بن، لەدەرەوەی چوارچیوەی ریكخراوەیەوە سوکان و بریاری حزبیان پاوانی خۆیان کردووە. بۆیە پرسی دەسەڵاتی بنەماڵەیی شتێکی تازە لەدەسەڵاتی سیاسی کورستان ناخاتە روو، کوردستان دەمێکە قوربانی و گیرۆدەی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ریزێک حزبی سیاسی ژێر قەڵەمرەوی کوڕانی بنەماڵەیە. حكومەت لە کوردستان کە دیکۆرێکە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی میلیشایی، هاوکات روپۆشێکیشە بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی، بەڵام هیچ کام لەوانە ناتوانن و هەرگیزیش نەیتوانیووە ڕاستی هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵە، دابپۆشێ. هەموو کەسێکی هوشیار و ویژدان زیندو، ئەو راستیە دەزانێ، کە حکومەت و پەرلەمان ...تاد، بەتەواوەتی ئامرازی دەستی حزب و لەناو حزبیشدا، ئامرازی دەستی بنەماڵەن. لەکوردستانی پشت بەستوو بە هێزی چەکداردا، حکومەت و پەرلەمان، ناتوانێ هەژموونی حزب و بنەماڵە، ڕابماڵێ... یان رەوتی ریفۆرم و چاکسازی تیایدا مانای واقعی پەیا بکات. هیچ حکومەتێک لە کوردستاندا ناتوانێ حکومەتی سەراسەری بێت، ناتوانێ دەسەڵاتی زاڵ بکات بەسەر دەسەڵاتی حزبی و هیچیشیان ناتوانن، دەسەڵاتی بنەماڵە کەنار بخەن. پێچەوانەی ئەوانە راستیەکی تاڵ و نەفرەتلێکراوی کۆمەڵگەی سیاسی کوردستانە. هەرگیز حکومەت لە هەولێردا، ناتوانی ببێتە حکومەت لە زۆنی سەوزدا و بە پێچەوانەشەوە حکومەتی زۆنی سەوز ناتوانێ هیچ کاراییەکی لە زۆنی زەردا هەبێت. لەهەر دوو زۆنەکەشدا، هیچ حکومەتێک ناتوانێت دەسەڵاتی حزب لغاو بکات و لەوەش زیاتر قودرەتی ڕەهای بنەماڵە، بسرێتەوە. حکومەت بەمانا باوە بۆرژوازیەکەی، تەنها کابینە نییە، تەنها ریزێک وەزارەتخانەو وەزیر نین. حکومەت لە هەر جێگایەکی ئەم دنیاو هەسارەیەدا، دەسەڵات و کۆمەڵێک ئەرک و سەڵاحیەتی بە یاسا" هەر یاسایەک" بۆ دانراوە، کە خەریکە جێ بەجێیان دەکات و حزبەکانیش ملکەچی بریارو دەسەڵاتەکانی دەبن. لە کوردستان نەک حکومەتی خاوەن دەسەڵات نییە، بەڵکو خودی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی ڕیگرن، لە حکومەتداری و دەسەڵاتی حکومی. ئەگەر لەهەموو جغرافیایەکی پێناسەکراو و خاوەن قەوارەی دەوڵەتیدا، حکومەت مانایەکی هەبێت و خاوەنی دەسەڵاتی یاسایی و حقوقی، بێت... ئەوا لە کوردستاندا لە غیابی قەوارەو چوارچێوەی دەوڵەتیدا، لە غیابی یاسا و ریسای حکومەتداریدا، دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی و بنەماڵە، هەمە کارەیە. ئەگەر لە دۆخی نزیک بە سێ دەهەی سیاسی کوردستاندا ترسێک لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و بنەماڵەیی هەیە، رەواندنەوەی ئەو ترس و لەراستیدا مۆتەکەیە، تەنها دەتوانێت لەرێگای کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و کۆتاییهینان بە پەیوەندی نا نۆرماڵی ناوەند بە بەغداو چارەسەری کارسازو گونجاوی پرسی کوردەوە، بە ئاکام بگات، کە خەڵکی کوردستان تیادا رۆڵی شایستەی خۆیانی تیادا بگێرن.