ئەیاد جەمالەدین ... و. نامیق رەسوڵ ... هەموو مرۆڤێك دەتوانێت.. دەستبكات بە خوێندنی " زانستە ئاینییەكان" لە قوم یان نەجەفی پیرۆز، یان هەر شوێنێكی تر، یان بە شێوەی روونتر.. هەموو موسوڵمانێك یان مەسیحی یان جولەكەیەك یان بێ باوەڕ" مولحید" ێك .. دەتوانێت دەستبەجێ دەستبكات بە خوێندنی " زانستە ئاینییەكان".. هەتا دەشتوانێت بەرگی ئاینی بپۆشێت بەبێ ئەوەی كەس رێگەی لێبگرێت. هەروەها دەشكرێت – ئەگەر خوێندكارەكە زیرەك و جدی بێت- قۆناغەكانی خوێندنی زانستە ئاینییەكان تێبپەڕێنێت و دەشكرێت ببێتە " موجتەهید" و هەموو كەسێكی بێ باوەڕیش دەتوانێت دەستبكات بە خوێندنی زانستە ئاینییەكان و بگاتە پلەی ئیجتیهاد و بەرگی ئاینی لەبەربكات، لە كاتێكدا نە باوەڕی بە خودا هەیە نە بە ئیسلام و نەبە .....هتد!. هەرگیز لە نێوان باوەڕداریی و تەقوا و خوادپەرستی لەگەڵ ئەوەی زانایەكی موجەتەهید بیت هیچ پەیوەندییەك نەبووە، زۆر بەباشی دەتوانرێت كەسێكی مولحید ببینیتەوە كە بەرگی ئاینی پۆشیوە و موجەتەهیدێكی زۆر تەواویشە، هەتا دەتوانیت كەسێك ببینیتەوە كە مەرجەعی ئاینییەوە و لە مەیمون فاسقترە و قسەكردن لە بارەی ئەو كەسە خراپانەوە زۆر درێژە دەكێشێت. خوێندنی زانستە ئاینییەكان.. هاوشێوەی خوێندنی هەر زانستێكە لە زانستەكانی تر، بۆ نمونە خوێندنی پزیشكی و فیزیا و یاسا و كیمیا... هتد، بۆ نمونە، تەقوا و خوداپەرستی و نزیكی لە خوداوە چ پەیوەندییەكی بە خوێندنی كیمیایەوە هەیە؟ خوێندنی پزیشكی چ پەیوەندییەكی بە خوداپەرستی و تەقواوە هەیە؟!، وەڵامەكەی/ هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیاندا نییە، هەروەها خوێندنی زانستە ئاینییەكانیش هەرگیز پەیوەندی نییە، خوێندنی زانستە ئاینییەكانیش هەرگیز پەیوەندی بە تەقوا و خوداپەرستی و نزیكی لە خوداوە نەبووە و نیە. گەورەترین كێشە ئەوەیە كە لە عەقڵیەتی شیعەدایە كە پەیوەندی دروست دەكات لە نێوان عەمامە و تەقوا و خوداپەرستی! و عەمامە پەیوەست دەكات بە زانستەوە. رەحمەتی خودا لە عەلامە و نوسەر شێخ محەمەد باقر جابری، كە شێخ و فەقێ و ئەدیب و خاوەنی نوكتەی زۆر بەهێزبوو ، ئەو كەسە بوو كە دەربارەی خۆی بە شۆخیەوە وتویەتی: شیخ باقر اللذینه ... لافْ له عمامه حضینە هەروەها خاوەنی ئەم دێڕە شیعرە بەناوبانگەیە: جیش العرب یا زین نیشن وإرمی.. مِنْ خَذوا شرمْ الشیخ خِفْتْ عله شرمی. نوكتە و قسەخۆشەكانی شێخ باقر جابری، لە ژماردن نایەن و زانا بەتەمەنە عەرەبەكانی نەجەف دەیناسن، یەكێك لە بەسەرهاتە خۆشەكانی رەحمەتی ئەوەیە، جارێك بەلای مەزاری ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت دەڕوات، ژنێك كە نامەیەكی بەدەستەوەیە رایدەگرێت و دەڵێت: شێخە گیان ئەم نوسراوەم بۆ بخوێنەرەوە.. شێخیش دەڵێت: خوێندنەوە نازانم! ژنەكە دەڵێت: عەمامەكەی سەرت زۆر لە نامەكە گەورەترە و نازانیت بیخوێنیتەوە؟!، شێخ باقریش عەمامەكی لەسەر دادەگرێت و دەیخاتە سەری ژنەكە و دەڵێت: فەرموو بیخوێنەرەوە. بە كورتی: هەرگیز هیچ پەیوەندییەك لەنێوان عەمامە و زانستدا نیە و عەمامە پەیوەندی بە تەقواوە نیە و عەمامە پەیوەندی بە نزیكی لە خوداوە نیە و پەیوەندیش لە نێوان عەمامە و پاكێتیدا نیە، بەڵێ، لە عەقڵی رەعیتەدا هەر خاوەن عەمامەیەك دەبێت زانایاكی زۆر تێگەیشتوو ، خوداپەرست .....هتد بێت. یەكێك لە دیارترین هۆكارەكانی نەزانی رەعیەت، ئەم نازناوە ئاینییە بۆشانەیە: مەرجەعی باڵای ئاینی، مەرجەعی زانا، ئایەتوڵا عوزما، سەرۆكی حەوزەی ئاینی، و هەندێكیش زیاتریان كردووە و دەڵێن: سەركردەی حەوزە ئاینییەكان. لە هەموو كەلەپوری ئیمامەكانی ئەهلی بەیت سەلامی خودایان لێبێت هیچ " وشە" یەك نیە دەربارەی مەرجەع و مەرجەعیەت، بەڵكو ئەوەی ناسراو و بەناوبانگە لە كەلەپوریاندا دووشت هەیە بریتیە لە بە نەفرەتكردنی پەیڕەوكردن و ئەهلی پەیڕەوكردن " ڵعْن التقلید وأهل التقلید ". مەرجەعیەتی ئاینی.. سەركردایەتیی كۆمەڵایەتییە بێ گومان هیچ هیچ پەیوەندییەك لە نێوان مەرجەعی ئاینی و زانستە ئاینییەكاندا نیە، نمونە/ مەرجەعی ئاینی باڵا سەید حسێن قومی كە چلەكانی سەدەی رابردووو كۆچی دواییكردووە، ئەم مەرجەعە نەخوێندەوار بوو، نوسینی نەدەزانی، هەروەهاش پەیوەندی نییە لە نێوان مەرجەعیەتی ئاینی و خوداپەرستی و تەقوا..هتد، دەكرێت مەرجەع ئەهلی تەقوا و خوداپەرستی بێت و هەروەها دەشكرێت مەرجەع گەندەڵ و فاسق ( دز) بێت. مەرجەعی ئاینی هاوشێوەی پاپای ڤاتیكان، شێخی ئەزهەر، موفتی وەهابییەكان و دەلای لامایە، ئەمانە هەموویان سەركردەی گروپی ئاینین، زیاتر لە هەموو شیعە پەیڕەوكاریان هەیە، و هیچ پەیوەندییەكیش لە نێوان سەركردایەتی ئاینییەكەیان و بەها ئەخلاقییەكاندا نیە. كەی " دیاردەی مەرجەعیەتی ئاینی" شیعە دەستیپێكرد؟ پاشا سەفەوییەكان، بناغەی بنەماكانی مەرجەعیەتی ئاینی شیعەیان دامەزراند، پێش دەوڵەتی سەفەوی، فەقێی شیعە هەبوون، هیچ شتێك نەبوو ناوی مەرجەعیەتی ئاینی بێت. دەوڵەتی سەفەوی، وەك هەموو دەوڵەتەكانی تری جیهان، هەموو وڵاتانی جیهان ئاین بەكاردەهێنن، هەروەها دەوڵەتی سەفەویش، " تەشەییوع" لەلایەن دەوڵەتی سەفەوییەوە بەكارهێنرا، پێشتر دەوڵەتی شیعە بوونی نەبوو، لەبەرئەوە كەس تەشەییوعی لە رووی سیاسییەوە بەكارنەهێنا، هەتا ئەوكاتەی دەوڵەتی سەفەوی دامەزرێنرا، تەشەییوع بووە ئامرازێك بە دەستی دەوڵەتی سەفەوییەوە و هاوشێوەی هەموو مەزهەب و ئایینەكان لە هەموو شوێن و كاتێكدا. هەتا ئێرە بەسە و دەوەستم، دڵم وەك مەنجەڵی سەر ئاگر دەكوڵێت، دەوەستم نەك لە ترسی كەسێك یان بەرژەوەندییم پێ هەبێت، بەڵكو وەك بەزەییەك بۆ هەندێك لە فەقێ شیعە چاكەكان.. دەوەستم و لە تەنیشتمدا سندوقە رەشەكە هەیە ككە هەرچی كەین و بەینی حەوزە و چۆنیەتی دروستكردنی " مەرجەع"ی تێدایە.
■ سەرتیپ جەوهەر ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردنیان قەبوڵكرد، دەبێ ئێستا دەرئەنجامەكەیشی قەبوڵ بكەن! لەكۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، نەك هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵكو پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی حكومەت زۆر زەحمەت بێت و كەس چاوەڕێ نەكات لەم چەند مانگە پێكبهێنرێت! لەكۆبونەوەی ئەمجارەدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەواو هاوهەڵوێست بوون لەچۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتووی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، وەفدەكەی یەكێتی داوا دەكات بەر لەپێكهێنانی حكومەت رێككەوتنێك بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەو ئیدارەدانی دۆسییەكانی (حكومەتی بەغداو پرسی كەركوك و حكومەتی نوێی كوردستان) وەك یەك بوخچە (پاكج)، بەڵام پارتی پێیوایە دەبێ هەر دۆسیەیەو بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دا بكرێت، ئەمەش بەتەواوی لەلایەن یەكێتییەوە رەتكراوەتەوە. پارتی دەیەوێت لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینەی پەرلەمان و بەتاك و تەنها گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بكات، بەڵام یەكێتی ئەم پێشنیارەی رەتكردۆتەوەو بەروونی بە پارتیان راگەیاندووە پێویستە لەكوردستان شەریكی راستەقینەی حوكمڕانی بین، لەهەرسێ دۆسییەی (حكومەت و پەرلەمان) و ئابوریی (نەوت) و پەیوەندییەكانی هەرێم بەشداری سەرەكی و بڕیاردەر بین نەك بەشداریپێكراو، هەروەك شەریكی راستەقینە بین لەبڕیاردان و چیتر رازینابن بەمشێوەیە حوكمڕانی كوردستان بەردەوام بێت! بۆیە كۆبونەوەكە بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە. پێدەچێت پارتی لەژێر كاریگەری بارە دەرونییەكەی بەدەستنەهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار مابێت و لەژێر كاریگەری ئەو 45 كورسییەی پەرلەمان بێت كە ئەنجامەكەیان بۆ قبوڵكرا بەبێ لێكدانەوەی چارەنوس، دەیەوێت لەڕێی بزوتنەوەی گۆڕان یارییەكی نوێ بكات، بەڵام ئەم هەڵوێست و جوڵەیە رەنگە درێژە نەكێشێت. كاربەدەستێكی باڵای پارتی لەكۆبونەوەكە بە ئەندامێكی یەكێتی وتبو "وەك گۆڕان دەبنە موعارەزە؟" لەوڵامدا وتبوی بەڵێ، بەڵام وەك گۆڕان لە پەرلەمان تەپڵتان بۆ لێدەین، موعارزەبونی ئێمە بۆخۆتان بەجێدەهێلین! قسە زۆرە بیكەین، جارێ لێدەگەڕێین، بەڵام قبوڵكردنی ئەنجامەكان هەر ئەوەی لێدەكەوێتەوە كەئێستا دەیبینین! وەك بارزانی بەبێ بونی هیچ سیفەتێكی دەوڵەتیی و ئامادەبونی لەمەراسیمێكی رەسمیی لەزاخۆ ئامادەبوو، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ سیاسەتی پارتی و چۆنییەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەموو لایەنەكان و حوكمڕانیی بەشێوەیەكی گشتیی! بۆیە ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی قەبوڵكرد، دەبێ دەرەنجامەكەیشی قەبوڵبكات، چونكە هێشتا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوریش ماوە، بائەویش بێتەوە پەرلەمان، ئینجا دەزانن چی رویداوە. بەپێی تێبینی ئەوانەی بەشداربوون لەكۆبونەوەكانی پارتی، چ لەبزوتنەوەی گۆڕان، چ لە یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، هەستدەكرێت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئاستەنگ بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكانی پێكهێنانی حكومەت و رێككەوتنی لایەنەكان دروستبكات، ئەمەش رەنگە بۆ ئەوەبێت مەسرور بارزانی ئامۆزای نەتوانێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبێنێت! بەڵام بیرمان نەچێت ئەو ستافەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشدارن لە گفتوگۆی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ئەوەندە بڕیار بەدەست نین، بۆیە ئەگەرێكی لاواز هەیە لەكۆتاییدا مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی خۆیان بێنە نێو گفتوگۆكان و ئەو گرێیانە هەڵگرن كە دێنە رێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، چونكە بارزانی مەبەستییەتی لەئێستاوە مەسروری كوڕی لەڕێی وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەبكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەمە خاڵی لێك جیابونەوەی هەریەكە لە نێچیرڤان و مەسرور بارزانییە لەسەر خاوەندارێتی و خەلافەتی رێبەرایەتی پارتی.
■ شاناز ئیبراهیم ئهحمهد له كاتێكدا كه سهركرده و حزب و لایهنه سیاسیه كورد و عیراقیهكان له ئاوه لێڵهكانی بهغدا و ههولێر سهرقاڵی (ڕاوه كورسین)..!! دراوسێكانمان شولیان لێ ههڵكێشاوه شهلم، كوێرم، نابوێرم له ههموو لایهكهوه پهلاماری گهل و خاكهكامان ئهدهن و شانازی به ئۆپهراسێۆن دژ به نهتهوهكهمانهوه دهكهن.. لێرهدا ناكرێت كه گلهیی له دوژمن و داگیركهران بكهین چونكه كورد وتهنی ( پشیله له ماڵ نهبێت مشكان تلیلیانه).. !! ههر ئهمڕۆ ئهردۆغان له میانی كۆنفرانسی یهكهمی دادوهریی دادگا باڵاكان و دادگا دهستورییهكاندا ڕایگهیاند `بهداخهوه ئهمڕۆ له زۆر شوێنی جیهان و به تایبهت له ناوچهكهمان ستهمگهری ئهوتۆ ئهنجام دهدرێن كه ویژدانهكان خوێن لێدێنن`. وتیشی `ئۆپهراسیۆنمان بۆ سهر شهنگال و دامێنهكانی مهخمور و قهرهچۆغ ئهنجامدا… و ئۆپهراسیۆنی دیكهشی بهدووا دێت` و ههروهها وتی ئهو هێرشانه بۆ`` پاراستنی شكۆی ئوممهت و ههموو مرۆڤایهتیه`` من لێرهدا به ئهردۆغان دهڵێم بهڵێ زۆر راسته هێرشهكهی شهوی ڕابووردوت بۆ سهر كامپی پهنابهران (شههید ڕۆستهم جوودی) له مهخمورو (گوندی سكێنی) شهنگال و شههید كردنی ژن و منداڵی ئاواره له شهوی خۆ ئامادهكردنیان بۆ (جهژنی ڕۆژوو) خوێنی له وێژدانی خاوهن ویژدانهكان هێنا بهڵام ئایا ویژدانی تۆشی ههژاند؟؟ ئایا له پێناو پاراستنی ئوممهت و ههموو مڕۆڤایهتیدا هێرش دهكهیته سهر منداڵه شیرخۆرهكان..؟؟ ئهرێ پێم ناڵێیت تۆیهكی ویژدان ناسك كه تهنانهت له رێپێوانی چهند پهرلهمانتارێك ئهترسی و پێتوایه ئومهتهكهت و مرۆڤایهتی ئهخهنه مهترسیهوه و خێرا خوێن بهرچاوت ئهگرێ چۆن ویژدانت ئازارت نادات ژنه شهرڤانی گهلێكیتر پارچهپارچه بكهی ؟ ئایا ویژدان لای ئێوه كاتیه؟ ههست ناكهیت كه ئۆپهراسیۆنهكانت جگه له مهرگ و ماڵوێرانی هیچ دهستكهوتێكی تریان بۆت ههبێت؟ ئایا شكۆی ئۆممهت و مڕۆڤایهتی به كوشتن و بڕین و بهند كردن و ئهشكهنجهدان و سوتاندن دهپارێزرێن یان به ئاشتی..؟؟ ئایا چڵه زهیتون لای ئێوه هێمای شهڕه یان ئاشتی؟ ههركاتێك ویژدانت لهخهو ههڵسا ئهوكات باس له ئوممهت و مرۆڤایهتی بكه.. له كاتێكدا كه هێرشی فڕۆكه توركیهكان بۆ سهر هاووڵاتیانی مهدهنی و ئاواره و پارته كورد و كوردستانیهكان به تووندی ئیدانه دهكهم به نهتهوه یهكگرتوهكانیش دهڵێم .. ئهی كامپی ئاوارهكان له ژێر چاودێری وردی ئێوهدا نهبوو..؟ باشه ئهی ویژدان و چاوو گوێ و مرۆڤایهتی لای ئێوه چی لێهاتووه؟ ناشێ ئێوهش له پێناو پاراستنی شكۆی ئوممهت و مرۆڤایهتیدا بێدهنگیتان ههڵبژاردبێت ؟ هیچم نیه بۆ حزب و لایهنه سیاسی و دهسهڵاتدارهكانی ههرێم چونكه دهمێكه ههستی كوردایهتیان لهناخدا مردووه و دهستم لێ شتوون…
■ بەیان ئیبراهیم جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، ئەگەرهێلەک زەردەکان سەرەتای دەرکەوتنی وریاکردنەوەی ئەم گۆڕانکاریە بێت ئەوا دەکرێت بڵیین ئەی ئێمە دەکەوینە کوێ ی ئەم گۆڕانکاریانەوە ، یان بە مانا جێندەریەکەی ژنانی باشور چی وانەیەک لە ژنانی وەک (بریسیلیا لۆدۆکسی) وەردەگرن کە بە ڕابەری شۆڕشی هێلەک زەردەکان ناسرا . ئەگەر نەزمی نوێ ی جیهان ئەوەی پێ ی دەوترێ سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسی و لیبڕاڵی دوا دەرهاویشتەی بیری مرۆڤ بێت بۆ ئاستی بەڕێوەبردن و جۆرێک لە دادی کۆمەڵایەتی و ڕۆژئاواییەکان بەردەوام ڕۆژهەڵاتیەکانیان بە لاسای کەرەوەی خۆیان زانیبێت و لێرەش جۆرێک لە هاوردەی بیری ڕۆژئاوا هەبوبێت وەک نەزمی باشیترین سیستەم ، ئەوا دەکرێت بڵێین ئەمڕۆی هێلەک زەردەکان لە فەرەنساوە بۆ بەلیجیکا و بۆ هۆڵەندا و دەکرێت زۆرێک لە وڵاتانی تریش بگرێتەوە چی نامەیەک بە سیستەمی نوێ جیهان دەگەیەنێت ، ئایا دیموکراسی و لیبڕاڵی دوا قۆناغی مێژوە ( فۆگۆ یاما ) . خۆ ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری لە کورتریتن پێناسەدا بریتی بێت لە بازاڕی ئازاد و هەڵبژاردن و مافی تاک ، ئەوا ئەوەی لەسەر ئاستی بەریەککەوتنی وڵاتە گەورەکان ڕو دەدات چی دەگوزورێنێ ، هەر لە بەریەککەوتنی چین و ئەمریکا و ڕوس و ئەمریکا و ئێران و ئەمریکا و کۆریای باکور و ئەمریکا و هاوپەیمانێەتی ئەروپا و ئەمریکا و جیابونەوەی بەریتانیا و بچوکتر دروستکردنی ناتۆی عەرەبی ، هەمو ئەمانە چی کاریگەریەکیان لەسەر تاک دەبێت بۆ ژیانێکی ئاسایی کە بە پێ ی مافی مرۆڤ هەمو بەشەرێک مافی ژیانێکی ئاسایی هەیە ، کە ئەم مافانە دەرهاویشتەی سیستەمی ئەم وڵاتانەن کە ئێستە هێلەک زەردەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی وڵاتانی دەهۆڵ ژەنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ . ئەگەر ژنێک بوبێتە سەرەتایەک لە دوکانێکی بچوکی ئارایشتەوە داوایەک ئاراستەی خەڵک بکات و لە ماوەی یەک هەفتەدا ببێت بە ٤٠ هەزار کەس و دواتر بەرەو ١٣٠ کەس و دواتر بچێتە شەقامەکانی هۆڵەندا و بەلجیکا و پێ بچێت زۆرێکی تریش بگرێتەوە ، تەنها لەبەرامبەر زیادکردنی نرخی سوتەمەنی ، ژنێک و ژنانێک توانیبێتیان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن ، ئایا ئەمەش نابێتە ئەوەی کە ژن جارێکی تر دەیسەلمێنێ کە دەتوانێت شۆڕش بەرپا بکات ، دەپرسین ئایا لای خۆمان ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژن خۆی دەتوانێت چەند (بریسیلیا) بەرهەم بهێنێت ، کە دەکرێت بەرواردێکی هێجگار گەورە هەبێت لە نێوان ژنانی باشور و ژنانی باکور و ڕۆژئاوا ، کە بەداخەوە ژنان لە باشور نەک دەتوانن بەرهەمهێنی ژنانێکی وەک (بریسیلیا) بن ، بەڵکو بونتە بارگرانی بەسەر کۆی مافە جێندەرەکان و ناتوانن ڕوبەڕوی کلتور و ئەو ژینگەیە ببنەوە ، کە بەرەو وێران بونی مافی ڕەگەزی و مرۆڤ بونی و هیومانستی خۆیان دەچن ، خۆ ئەگەر لە فەرەنسا و بەلجیکا و هۆڵەندا ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەو ژنانەی کە لە ڕێکخراوەکانی تردان و هێلەکی زەردیان پۆشیوە بوبێتنە بەشێکی گەورە ، ئایا ژنانی باشور بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان کە نەک سوتەمەنی بەڵکو کوشتنی ژنانی و ناچارکردنی ژنان بە خۆ کوشتن و خۆ خنکاندن تا چەندێ دەتوانێت کە کۆڕایەک لەسەر پۆشینی هێلەکێکی سور بکات (وەک نیشانەیەک بۆ کوشتنی ژنان) نەک سوتەمەنی ، کوشتنی ژنان و ناچارکردنی ژنان بە خۆ کوشتن دەبو ئێستە ببوایەتە شۆڕشێک بۆ پۆشینی هێلەکی سور لە بری زەرد لە پێناو بەخشینەوەی ژیان بە ژنان دواتر بۆ نرخی کاڵا و پێداویستیەکان . باشور تەواو جیاوز لە باکور و ڕۆژئاوا ، کە دەکرێت بڵێین ئەو شۆڕشەی کە دەکرێت لە باکور و ڕۆژئاوا (ژنانی هەپەدە و شەرەڤانانی ژن ) گەر گەورەتر نەبن لە شۆڕشی هێلەک زەردەکان ئەوا کەمتر نین ، هەمومان ئەوەمان لە بیرە کە داعش هەڕەشە بو بۆ سەر جیهان چۆن شاشەکانی ئەوانەی هێلەکی زەردیان پۆشیوە لەگەڵ لاپەڕەی یەکەمی گۆڤار و ڕۆژنامەکان و تی ڤی دەبونە وێنەی شەرەڤانانی ژن (یەپەژە) ، بۆیە گەر پێمان وابێت هێلەک زەردەکان سەرەتای دەرکەوتنی شۆڕشێکی تر و ڕەخنەیەکی توندە بۆ سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسی کە ژنێک سەرەتای دەرکەوتنی بوە ، کورتر خەباتی ژنانی باکور و ڕۆژئاوا بەروارد بکەین بە ژنانی باشور ئەوا دەبێت بڵێین دەکەوینە کۆێ ی ئەم هاوکێشەیەوە ، کە ژن دەکوژرێت و بەردەوامی هەیە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش زیاتر و قەبە تر دەبن .
■ د. یاسین سەردەشتی ئاڵۆزیی پهرهسهندنی هاوكێشه سیاسیی و كۆمهڵایهتییهكانی وڵاتانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست لهسهرهتای سهدهی بیستهمهوه زۆربهی سهركرده سیاسییهكانی گهیاندۆته ئهو واقیعهی بۆ بردنهپێشهوهی ئهجێنداكانیان پهیوهندییان به هێزه دهرهكییه ههرێمیی و جیهانییه كاریگهرهكانهوه ههبێ، لێرهشهوه ئهوانه تهنیا لهبهردهم یهك تاڵهمو لهنیوان نهتهوهپهروهریی و خیانهتكارییدا خۆیان بینیوهتهوه، چونكه ههركات ئهو پهیوهندییه بهئامانج و قازانجی بردنه پێشهوهی بهرژهوهندی گشتیی بووبێ بهرهو دۆخی یهكهم و ئهگهر بۆ بهرژهوهندی و ههژمونی تایبهت و شهخسیی و تاقمخوازیی خۆی بێ بهرهو دۆخی دووهمی بردووه. ههربۆیه بابهتێكی ههره ئاڵۆزو جێی مشتومڕی مێژوو, پێگهی ئهو سهركردانهیه لهنێوان قارهمانێتیی و خیانهتدا! روونكردنهوهی ئهوهش ئهركی ههره قورسی مێژوونووسه كه دوای بڕیاردان و سهلماندنیشی نابێته حهقیقهتی رهها و برواپێكراو لهلایهن هۆگرانی ئهو سهركردهیه! بۆنمونه چ مێژوونوسێك دهتوانێت وا لهشاپهرستیك یان بهعسییهك یان نازییهك بكات بڕوا بهوه بێنن كه رهزاشا و سهدام و هێتلهر قارهمان نهبوون و به ناوی نهتهوهو نیشتیمانپهروهرییهوه بۆ مانهوهو بهرژهوهندی خۆیان ههڵسوڕاون؟!!! ئهوهش پێمان دهڵێت، بۆچی سهركرده هاوشێوهكانی ئهوانه, باكیان به حوكمی مێژوو نییه!! بهڵام سێ بنهما زۆر گرنگن بۆ جیاكردنهوهی خائینی نیشتیمانیی لهقارهمانی میللیی كه: دكتاتۆریی و گهندهڵیی و نادادپهروهریی یه! سهركرده دكتاتۆرو گهندهڵ و خوێنڕێژه ستهمكارهكان ههرگیز نابنه قارهمان و دواجاریش نهتهوه تووشی تێكشكان و داڕزان و وڵات و نیشتیمان تووشی قهیران و داڕوخان دهكهن.
■ د. ئیسماعیل نامیق دیموکراسى لەسادەترین وکورتترین مانایدا، واتە رێزگرتن لەکاتى هەڵبژاردن لەهەمو ئاست وشوێن وبوارەکاندا، وە پابەندبون بەدەرەنجامەکانیەوەو کارپێکردنى، لەپاڵ ئەوەدا پێویستە رێز لەمافەکانى مرۆڤـ بگیرێت و رێگەش لەئازادیە گشتیەکان نەگیرێت، هەروەها پابەندێتى تەواو بەدەستور ویاسا کارپێکراوەکانەوە، ئەوەش بەو کەسانە دەکرێت کە لەناخى خۆیاندا باوەڕیان بەدیموکراسى هەیە، واتە دیموکراسى پێویستى بەخەڵکى دیموکرات هەیە، ئەگەر کەسێک لەناخى خۆیدا باوەڕى بەدیموکراسى نەبێت، ئەستەمە بتوانێت قەناعەت بەخەڵک بکات کەئەو دیموکراسى دەچەسپێنێ، ئەو بانگەشانەش کە لەوبوارەدا دەیانکات دەچنە خانەى دوڕویى وهەڵخەڵەتاندنەوە، چونکە دیموکراسى بەکەسێک ناچەسپێ کە خۆى دیموکراتیخواز نەبێت، بۆیە سەرەنجام رەوڕەوەى حوکمڕانى بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە وکەسى خۆکردوش بەدیموکراتیخواز شکست دەخوات. لەهەرێمى کوردستاندا نادیموکراتەکان خاوەن دەسەڵات وبڕیارن، ئەوان سەرگوزەشتەى دیموکراسى بۆ خەڵک دەخوێننەوەو، وانەى مافى مرۆڤـ ودەستورو یاسا فێرى هەموان دەکەن، وە لەبەر ئەوەى بەفریودان وترساندن یان بەتەزویرکردن رێگە بەخەڵک نادەن گوزارشت لەویستى راستەقینەى خۆى بکات، بۆیە ناتوانرێت چاودێریەکى راستەقینە لەسەر ئەم نادیموکراتانە بکرێت، سەرەنجام هەرخۆیان بەپارێزەرى دیموکراسى ئەمێننەوە. ئەم مرۆڤە نادیموکراتانە هەروەکو چۆن لەناو دەسەڵاتى گشتى وپلەکانى سەرەوەى کایەى حوکمڕانیدا جێ پێى خۆیان قایمکردوە، بەهەمان شێوە لەناو زۆربەى حیزبەکان ورێکخراو وکۆمەڵەکانیشدا هەڵسوڕێنەر وخاوەن بڕیارن. لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا، خوێندەوارەکان قسەى باش ئەکەن، بەڵام نەخوێندەوارەکان کارى خراپ، نەخوێندەوارەکان خاوەن دەسەڵات وخاوەن بڕیارن، بەڵام خوێندەوارەکان رۆڵى پاسەوان وشاگرد دەگێڕن. لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا نەخوێندەوارەکان دەبنە مامۆستاى دیموکراسى وخوێندەوارەکانیش چاملوسى دنیا ئەکەن تا بکرێنە گوێگرى ئامۆژگارى نەخوێندەوارەکان وجانتا هەڵگریان. لەژێر قەڵەمڕەوەى نادیموکراتەکاندا هەموو شتێک مومکینە، خوێندەوار نەخوێندەوارە، نەخوێندەوار خوێندەوارە، دەسەڵاتدار بێدەسەڵاتە، بێدەسەڵات دەسەڵاتدارە، مامۆستا خوێندکارە، خوێندکار مامۆستایە، تاوانبار دادوەرە، دادوەر تاوانبارە، پزیشک نەخۆشە، نەخۆش پزیشکە، هەژار دەوڵەمەندە، دەوڵەمەند هەژارە، زانا نەزانە، نەزان زانایە. بەکورتى لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا ولەژێر قەڵەمڕەوەى ئەواندا نابێت باسى مەعقول و مەنتیق بکرێت، چونکە پێویستە هەموو شتێک بەویستى ئەوان بێت. جا لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا چاوەڕێکردن وبەتەمابوونى دیموکراسى خۆخەریکردن، بگرە خۆ هەڵخەڵەتاندنە، چونکە رێگەى گەیشتن بەدیموکراسى بەوێستگەى لادان وکەنارگیرکردنى نادیموکراتەکاندا تێپەڕ دەبێت، تا ئەو وێستگەیە نەبڕدرێت، مەحاڵە دیموکراسى بچەسپێ.
■ مەسعود حەیدەر لە مێژووی نوێی کورد لە دەوڵەتی عێراقی جمھوری، گەلی کورد بە چەند قۆناغێکی مێژوویی تێپەریوە کە دەبێت بیکەینە ھاندەر بۆ بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، لە چەند خاڵێک کورتی دەکەینەوە؛ ١- پشتیوانی شۆڕشی ١٤ تەموز و پاشان لە دوای سێ ساڵ ھەڵگیرسانی شەڕ ٢- لە ساڵی ١٩٦١ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ٣- لە ساڵی ١٩٧٠ رێکەوتنی ١١ی ئازار ٤- لە ساڵی ١٩٧٤ نسکۆی شۆڕش ٥- لە ساڵی ١٩٧٦ ھەڵگیرسانەوەی شۆرش ( شۆرشی گوڵان و شۆرشی نوێ) ٦- ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ ئەنفال و کیمیابارانی کورد ٧- لەساڵی ١٩٨٩ دروستکردنی بەرەی کوردستانی ٨- لە ساڵی ١٩٩١راپەرینە مەزنەکەی کورد ٩- لە ساڵی ١٩٩٢ دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٢ ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی ھەستیاری جیاوازدا تێپەریوە تا ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی بەعس و بوژانەوەی بەرچاوی ھەرێمی کوردستان. قۆناغی حوکمڕانی بەرێز نێچیرڤان بەرزانی دەکرێ دابەشی بکەین بەسەر دوو قۆناغ: ١- قۆناغی بونیادنان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەرێمی کوردستان تا ئەو رادەی کە کۆچی پێچەوانە دەستی پێکردەوە لە ھەندەرانەوە بۆ کوردستان وە قۆناغێکی زێڕینە لە مێژووی ھەرێمی کوردستان کە تێیدا ھەرێم چووە سەر نەخشەی وزەی جیھان. ٢ قۆناغی بەرگری و پاراستنی کیانی فیدرالی ھەرێمی کوردستان. لەم قۆناغە ئابلۆقەی دارایی خرایە سەر ھەرێم و شەڕی داعش و ھەبوونی دوو ملیۆن ئاوارە کە زیاتر بوو لە ٣٠٪ دانیشتوانی ھەرێم و پاش ١٦ ئۆکتۆبەر پەلاماردانی سەربازی و ھەوڵی ھێنانی سوپاو حەشد بۆ گشت کوردستان و سەپاندنی ئابلۆقەی دارایی و سیاسی و دیبلۆماسی لەسەر ھەرێم. لەلایەک بە گیانفیدایی و خۆڕاگری پێشمەرگەو فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکان پەلاماری سەربازی تێکشێکنرا. بۆ یەکەم جارە بە سیاسەتی ھێزی نەرم (القوە الناعمە) ئابلۆقەی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی سەر ھەرێم لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و بە سەرپەرشتی جەنابی بارزانی مەرجع تێکشکێنرا و ھەرێمی کوردستان لە ئارامی سیاسی گیرسایەوە. دەبێ ئاماژە بە رۆلی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم و دەزگاکانی تر بکەین بۆ زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە ھەرێم کە ئەرکی زۆر گەورەیان ئەنجامداوە. بەرەچاوکردنی ئەو خالانەی سەرەوە، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەزمونەکەمان بێ کەموکوری نییەو پێویستە بنەماکانی دەوڵەت و حوکمڕانی مۆسسات بچەسپێنین و بەھێزی بکەین، بۆ ئەمەش ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێک گونجاوترە، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واقعی سیاسی نوێی ھێناوەتە کایەوە کە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی. سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ھەرێم دوو فاکتەری گرنگن بۆ حکومەتێکی بەھێز و دەستکراوە بۆ چەسپاندن و بەھێزبوونی کاری مۆسسات. حکومەتی داھاتووی ھەرێم درێژەپێدەرو تەواوکاری حکومەتی ئێستای ھەرێمە بە دیدگای نوێ کە سەرۆکی حکومەتی راسپێردراو بەرێز مەسرور بارزانی ھەیەتی بۆ پەرەپێدانی ئابوری و سەروەری یاسا لە کوردستانێکی بەھێز کە لێخۆشنەبوون لە گەندەڵی (#Zero_tolarance_corruption) یەکێک لە ئامانجە سەرەکێکان دەبێت. ئەرکی نیشتمانی ھەر دوو حزبە بەشداربۆکەی حکومەتە ( یەکێتی و گۆران) کە یەکلابن لە پشتیوانی ھەموو ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات و پابەند بن بە کارنامەی حکومەتەوە بۆ زامنکردنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەلکی ھەرێم، ھەروەھا ئەرکی نیشتمانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیشە کە بەرپرسانەو بونیادنەرانە رەخنەو پرۆژەکانیان ئاراستەی حکومەت و پەرلەمان بکەن. سیاسەتی دێوەزمەکردن و شەیتانکردنی بەرانبەر و زمانی زبر خزمەت بە کۆمەڵگای کوردی پرۆسەی سیاسی ھەرێم ناکات. لە چوارساڵی داھاتوو ھەموو تێروانینەکان بە ئاراستەی حکومەتێکی بەھێزو کوردستانێکی بەھێزە، ئەوەش بە ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو لایەنەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەبێت.
■ لاوك سڵاح ساڵی "١٩٨٨"ە لە پۆلی چواری زانکۆی موستەنسرییەم لە بەغدا، دونیا ئالۆزە، شەری هەشت ساڵەی جەنگی عێراق و ئێران وردە وردە پێ دەنێتە کۆتاییە سەرکێشەییەکانییەوە، سوپای عێراق لە باکوور، لە هەڵەبجە شکستی هێناوە و لە باشوور توانای گرتنەوەی "فاو"ی نییە، سوپای عێراق هەرچەند دەکات توانای بەرەنگاربوونەوە و دژە هێرشی نەماوە، سوپایەکی شەکەت و ئیدارەیەکی بێ ورە و میللەتێک رووخساری جەنگ بە تەواوی بە رەفتاری کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و بەها مرۆڤایەتییەکانیشیەوە دیارە. لەو دۆخەدا بەنهێنی لەگەڵ هەندێ برادەردا هەندێ کۆمەکی بچووکمان بۆ هاورێ هەڵەبجەییەکانمان کۆدەکردەوە، ئەوان نەوەک یارمەتی کەس و کاریان پێنەدەگەیشت بەڵکو نەیاندەزانی کەس وکاریان زیندون یان قوربانی و شەهیدن. هەڵەبجە لەو کاتەوە بووە شوناس. لە پەلامەردانەکەی دوو تاوەرەکەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠١، زۆربەی ئەمەریکییەکان دەمارگیربوون، بەرامبەر شوناسی ئەمەریکی خۆیان گرژ دەبوونەوە و کوێر دەبوون، زۆریان پارەیان بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەدا بۆ یارمەتیدانی لێقوماوەکان، کاری خۆبەخشییان دەکرد بۆ ئەوەی شەقامەکان پاک بکەنەوە، کە رەنگە هەر ئەو ئەمەریکاییانە دونیایەک رەخنەیان لە سیاسیەتی ئەمریکا هەبوو بێت بەڵام لەبەردەم ماڵەکانیاندا ئاڵای ئەمەریکایان دەچەقاند. بێگومان ئەوە کارێکی تەواو عاتیفانەیە، ئێمەش باس لە زۆرینەی خەڵک دەکەین کە بەو شێوازە بیردەکەنەوە . کارەساتی دوو تاوەرەکە بووە شوناسێکی نوێی ئەمەریکییەکان. بریتانییەکان لە مردنی دیانادا، خەمی کۆچی ئەو کۆی کردنەوە و پرسەکەی بووە بۆنەیەکی نیشتمانی. کۆچی ئەو هەموو دامەزراوە رەسیمییە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی کۆمەڵگەی لە خەمدا کۆکردەوە، دیانا بووە شوناسی بریتانییەکان. لە ئێستادا بیر لەو راستییە دەکەمەوە بۆ کە چرکەساتی خۆی دەهات، چرکەساتی چارەنووساز، بۆ لە رووداوە چارەنووسازەکاندا وەک خەڵک نەوەک پارتی سیاسی هەموو هەڵەبجەیی و گەرمیانی بووین، هەموو ئەمەریکی بووین، هەموو بریتانی بووین، بیر لە چرکەساتی رووداو بکەرەوە، نەوەک بیرکردنەوەی پاش رووداو، بەو مانایەی مرۆڤ هەندێ جار گوێ ناداتە ئەوەی ساتی بڕیاردانی شیاوە یان گونجاوە ئەوەندە بیر لەوە دەکاتەوە کە بڵێ ئەمە منم. هەندێ جار زۆر لە حیکمەتت دەدۆرێنیت هەر بۆ ئەوەی هەناسەیەکی کورت بدەیت. لە کۆرەوەکەدا هەموو یەک نەتەوە و یەک میللەت بووین؟ کە بەر لەوە، لە یەک دوو دۆڵدا، هەندێکمان یەکێتی و هەندێکمان شیوعی وهەندێکمان پاسۆک و هەندێکمان پارتی بووین؟ ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکین دابەشبووینەتە چەند گروپێک کە لە ناوەوە کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندی شاراوەیی خێڵ بەیەکەوەی گرێداوە و لە دەرەوە بە تەکنەلۆجیا خۆی دادەپۆشێت یان ئێمە هەر حەزمان لە تەکەتولی خۆرسکانەیە؟ تا چەند ئەو دۆڵانەی ئەوسا کە خۆمان تیایدا حەشاردەدا جیاوازە لە دۆڵە تەکنەلۆجیاکانی ئیستا لە ناو ماسنجەر و ڤایبەر. لە نێوان هەردووکیاندا شوناس چۆن دەناسرێتەوە، ئایا دیارە؟ ئەگەر کۆرەوێکی تر رووبداتەوە، ئەم جارە چۆن رەفتار دەکەین؟، دڵنیام زۆرتان بەرلەوەی بڵێن یەک هەڵوێست دەبین، ئەو خۆنەویستنەی جاران دەبێتە جێگای مشتومڕتان، ئایا لەو بڕوایەدانین کە ئێستا خۆویستی " ئەنانیەتی" سیاسی بنەمای گروپ گروپێنەی سیاسی ئەم چرکەساتەیە، ریفراندۆم زەقترین نموونە. لە نێوان هەڵەبجە و ریفراندۆمدا چەندان دوڵ و نشێو و زەمەنی سیاسی و هەڵبەزین و دابەزینی بەها سیاسییەکان هەن، بەداخەوە، تێگەیشتنەکانمان بەندە بەوەی سەر بەچ گروپێکی سیاسیین یان بەرژەوەندییە خۆویستە سیاسییەکانمان سەر بە چ جوگرافیایەکە! من لەو بڕوایەدام گروپ گروپێنە پرسێکی وجودیانەیە بەر لەوەی سیاسی بێت، لانی کەم لە سەرەتادا، لەبەرئەوەی زەمەنێکت دەوێت تا لە رووی سیاسییەوە کامڵ بیت و گەمە سیاسییەکان و بوونی خۆت لە نێوانیاندا بناسیتەوە. ئایا مرۆڤ بە سروشتی خۆرسکی خۆی دەچێتە پاڵ ئەو کەسانەی کە شوناس و باکگراوند و پاشخان و خوێن و هەمان رووداو و کیمیا کۆیان دەکاتەوە، ئایا دەچێتە پاڵ ئەوانەی لە خۆی دەکەن بۆ ئەوەی خۆی لە هەرەشەکانی دەرەوە بپارێزێت؟ بۆ مرۆڤ پێویستی بەوەیە ببێتە ئەندام لە گروپێكدا؟ چی بۆ زیاد دەکات؟ بەداخەوە، رەنگە کاتی هەڵبژاردن بۆ چوونە ناو گروپێکەوە زۆر جیاواز بێت لە کاتی هاتنە دەرەوە لێی، هەندێ جار کەسەکە خۆی ناناسێتەوە، رەنگە بەرەکان و گروپەکانیش زۆر کات گوزارشت لە خۆیان نەکەن. رەنگە بەسەلامەتی نەیەیتە دەرەوە کە زۆر جار ئەوە حەقیقەتەکەیە. گروپێنکردن ئەوەندەی رووخسارت دەشێوێنێت ئەوەندە ئەو بەهایانایەی کە رۆژگارێک بڕوات پێبوون نایەنە دی و لە هەر وێستگەیەکیشدا چەندان کەس یان دادەبەزن، یان ون دەبن یان ون دەکرێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئیتر ئەندامەکانی گروپکە یەکتر ناناسنەوە، حزبی بەعس وەک نموونە. ئەمانە وروژاندنی کۆمەڵە پرسیارێکی سەرەتایی بوون کە پەیوەستن بە وجود و شوناس وگروپی سیاسی و ساتە زیندووەکانی بڕیاردان.
■ كورتوڵوش تاییز- رۆژنامەی ئەكشام - و. نامیق رەسوڵ لە راستیدا شەڕی ناوخۆی توركیا كۆتاییهاتووە، دوژمنی گۆڕەپانەكە" داعش" شكستپێهێنرا و چیتر مەترسی دروستناكات، هێزەكانی كە نوێنەرایەتی گەلی سوریا دەكەن، زۆرینەیان لە توركیاوە نزیكن و چەكەكانیان بێدەنگ كردوووە و چاوەڕوانی گەیشتن بە ئاشتەوایی و چارەسەرن، بەڵام سروشتی دۆخەكە وایە كە جەنگەكە بەوشێوەیە كۆتایی نەهات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئارەزووی دەكات وئەو وڵاتە دامەزراندنی سیستمێكی سیاسی نوێ دوادەخات و لە راستیدا ئەو هێزەی كە ئەمڕۆ تەگەرە دەخاتە بەردەم چارەسەری سیاسی لە سوریا جگە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كەسی تر نییە. ئێستا دۆخەكە زۆر بە تەواوی گونجاوە بۆئەوەی دەستورێكی نوێ دابنرێت و هەڵبژاردن بكرێت و قۆناغی ئینتیقالی دەستپێبكات، بەڵام ئەمریكا نایەوێت ئەو نەخشە رێگایە جێبەجێبكرێت, كە توركیا و روسیا و ئێران بۆ پێكهێنانی رژێمێكی نوێ لە سوریا ئامادەیان كردووە، لەبەرئەوەی واشنتۆن هێشتا لە باكوری سوریا هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی " هەرێمی كوردیی" تەواونەكردووە و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت هەموو وردەكارییەكانی تایبەت بە " هەرێم" تەواوبكات پێش ئەواەی بچێتە دانوستانێكەوە كە چارەسەری سیاسی تێدا دەربكەوێت. ویلایە یەكگرتووەكانن ناچێتە دانوستان بۆ چارەسەری سیاسی هەتا سوپایەكی ئامادەكراو بەتەواوەتی پێكنەهێتێت و حكومەتێكی سەربەخۆ دانەمەزرێنێت و ناوچەكە لە ئاسمانەوە نەخاتە ژێر كۆنترۆڵەوە، لەم حاڵەتەشدا هیچ شتێك لە بەردەم رژێمی سوریا وڵاتانی تر نامێنێتەوە جگە لە قبوڵكردنی بوونی " یەكینەكانی پاراستی گەل" كە ئەوەش ئامانجی جموجوڵەكانی ئەمریكایە لە باكوری سوریا. هەر ئەمەش هۆكاری ئەو دەستی دەستیكردنەی ئەمریكایە كە سەبارەت بە مەنبەج و خۆرهەڵاتی فورات بە توركیای دەكات، مەنبەج بایەخێكی زۆری هەیە چونكە دەروازەی كرانەوەیە بەڕووی خۆرهەڵاتی فوراتدا، و زۆر قورسە كە واشنتۆن دەستبەرداری ئەم دەروازە ستراتیژییە بێت بۆ توركیا. دوای ئەوەی خۆرهەڵاتی فوراتی خستەژێر كۆنترۆڵ و پارێزگاری خۆیەوە، رەنگە ویلایەتە یەكگرتوەكان ئامادەبێت دەستبەرداری مەنبەج بێت بۆ توركیا، ئەوەش بەندە بەو ئامادەكارییانەی كە لە ناوخۆیدا دەیانكات. واشنتۆن هەتا ئێستا سوپایەكی 8 بۆ 10 هەوار كەسی مەشق پێكردووە و ئامانجیشی ئەوەیە كە 40 هەزار شەڕڤان ئامادە و پڕچەك بكات و لە رووی دابینكردنی چەكەوە، ئەمریكا هیچ كێشەیەكی نییە و ئاشكرایە كە هەوڵدەدات سوپایەكی لانیكەم 50 هەزار شەڕكەری پڕچەك بكات و خۆرهەڵاتی فورات بخاتەژێر ركێفی خۆیەوە و لە رێگەی ئەو بنكە سەربازیی و خاڵە چاودێرییانەی دایمەزراندوون لە توركیا بیپارێزێت. دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەكارییەكانی لە خۆرهەڵاتی فورات تەواوكرد، بەشداری دانوستانەكانی چارەسەری سیاسی تایبەت بە سوریا دەكات و بەسەر لایەنەكانیدا دەسەپێنێت كە دان بە "هەرێمی كوردی" لە سوریا بنێن. دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی لە خۆرهەڵاتی فورات، پرۆژەیەكە ماوەی 100 ساڵە خۆرئاوا كاری بۆدەكات، توركیا سەدەیەك لەمەوبەر كاتێك لە لاوازترین دۆخیدا بوو ئەم پلانەی رەتكردەوە، و ئەمڕۆش بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەنكەرە ئەوە قبوڵبكات. ئەنكەرە هەوڵدەدات ئامادەكاریی بكات و حسابایتی خۆی بكات و هاوسەنگی خۆی بەشێوەیەكی باش رێكبخات و خۆی ئامادەبكات بۆئەوەی هەلی گونجاو بقۆزێتەوە و دەستوەردان بكات.
■ لەتیف فاتیح فەرەج 1 بە جێهێشتنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن گۆڕانەوە ، جۆرێكە لە بێوەفای سیاسی ، كۆمەڵی ئیسلامی كە بەردەوام و لە هەموولایەكەوە تەڵەو داوی بۆ دەنرێتەوە ، لەوەتەی گۆڕان دروست بووە ، بۆ یەكچركە بە جێی نەهێشتوە ، سەرەڕای جیاوازی بیرو ڕاو ئایدۆلۆژیا ، ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر پێداگری لە چوونە ناو حكومەت دەكات و ئەوەش لە زاری هەموو ئەوانەوە دەگوترێ كە رەنگە ئامانجێكیان هەبێت لەوەدا ، پرسیاری ئەوە ناكرێت ، كە لە حكومەتا بوون چی ، ئەی چی لە هاوپەیمانەتیە ئاكاریەكەی نێوان خۆیان كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن ، كە نەوشیروان مستەفا زۆری بەلاوە گرنگ بوو ئەو هاوپەیمانەتیە بەهێز ترو فراوانتر بكرێت . 2 بزوتنەوەی گۆڕان لە بری سیاسەت بكات لە نێوان پارتی و یەكێتیدا یاری دەكات ، ئێستا كە لە یەكێتی كویسە ، هۆیەكەی ئەوەیە تەققە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەكەو وێنەی نەوشیروان مستەفا كرا ، هەڵبەت ئەوە راستە، بەڵام تا ئێستا ڕون نیە پلانەكە چۆن بوو ، چ دەزگایەكی موخابەراتی لە پشتیەوەیەتی ، بۆ ئەوە كرا ، بۆ دیوارێكی بەردین خرایە نێوان گۆڕان و یەكێتیەوە كە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو مام جەلال لە هەردوو لاوە كۆدەنگیەك دروست بووبوو بۆ ئەوەی رێكەوتنەكەی دەباشان بەرەو سەر بەرن . 3 بزوتنەوەی گۆڕان هەقی خۆیەتی بیر لەوە بكاتەوە بچێتە حكومەتەوە و لە تەك پارتیا رێكەوتن بكات ، لێ دەبێت ئەوە بزانێ پارتی و یەكێتی هەردوك ئازاریان داوە ، ئەگەر بیانوی ئێستای گۆڕان ئەوە بێت كە یەكێتی دەیەوێ گۆڕان نەهێڵێت ، دەی با زەحمەت بكێشێت هەواڵێكی گۆڕانەكانی بادینانیش بپرسێت ، با پرسیاری ئەوەش لە پارتی بكات ، ئەرێ ئەو حزبە خۆی كادیری كەمە تا مەسعود حەیدەرو حەمەحاجیەكانی ناوگۆڕان بەرێت و بیانكاتە شت . 4 بزوتنەوەی گۆڕان لە بری بیركردنەوە لە چونە ناو حكومەت هەقە بیر لە حاڵی شێوای ناو ماڵەكەی خۆی بكاتەوە و رێگەش نەدات ئەوەندە رەخنە گرەكانی ئەو بزوتنەوەیە بە سەگ و شتی تر بچوێنرێن، كاك نەوشیروان هەرگیز رەخنە گرەكانی بە سەگ نەچواند ئەم داهێنانە لەكوێوە هات ، سەدان هەزار كەس ئومێدیان بە گۆڕان بوو ، دەیان هەزار كەس بۆ ئەو بزوتنەوەیە هەموو دەسكەوتێكیان توڕداو هەندێك كەوتنە سەر ساجی عەلی ، ئەرێ ئەم بزوتنەوەیە بیر كەرەوەیەكی تیا نەماوە .
■ حهسهن جودی لهدوای راپهڕینی شاڵی 1991وه رۆژ بهرۆژ داگیركارانی كوردستان – بهتایبهتی توركیا و ئێران – و دهوڵهته زلهێزهكانی جیهان لهههوڵی داگیركردن و خۆسهپاندن بوون بهسهر باشووری كوردستاندا. ئهمهشیان لهمیانهی سوود وهرگرتن بووه له ناكۆكیی و ململانێی نێوان لایهنه سیاسییهكانی باشوور و پابهندنهبوونیان به ستراتیژیی نهتهوهیی و نیشتمانیی و تێكشكاندنی كهسێتی تاكی كورد و لێكترازانیی پێكهاتهكانی كۆمهڵگادا. لهئاكامی ئهمهدا؛ ئهمڕۆ ههوڵدانهكانیان بۆ داگیركاریی و خۆسهپاندن گهیشتۆته ترسناكترین قۆناخی خۆی، ئهگهر رێگیرییهكی جددی نهبێت، ئهوا باشوور بهتهواوی و لهڕووی ئابووری و سیاسی و فهرههنگی و ئیدی سهربازییش داگیر دهكرێت، ئیدی باشوور، به خاك و خهڵكییهوه، لهژێر مهترسیدارترین پیلانی داگیركاریی دایه و تهنانهت بۆته گۆڕهپانی شهڕێكی جیهانیی و ههرێمیی ئهوتۆ كه كۆتاییهكهی دیار نییه. لێرهدا؛ هۆكار و دهرئهنجامهكانی ئهو داگیركاریی و خۆسهپاندنه زۆر و ههمه لایهنهن، ئهوهی گرنگه دهكرێ چی بكرێ بۆ ئهوهی ئهو داگیركارییه چیتر بهردهوام نهبێت و لهنێو گێژاوی خۆرههڵاتی ناوین و ئێراق و كوردستاندا، ههم دهسكهوتهكانی گهلهكهمان بپارێزرێت و لهو ململانێ و شهڕ و ناكۆكییهی ئێستای ناوچهكه بهكهمترین زیان لێی دهربچین، ههمیش بتوانرێت وهك گهلی كوردستان پێگهی شایستهی خۆی لهداهاتوودا بهدهستبێنێت. مسۆگهر بهرهنگاربوونهوهی داگیركاریی به بێدهنگبوون، به ملكهچیی و وابهستهبوون پێی و كهوتنه نێو بازنهی سیاسهت و ستراتیژییهكانی داگیركارانهوه نایهتهدی، بهڵكو به رووبهڕووبوونهوهی دهبێت لهههموو ئاست و كایهكاندا. بچووكترین سازكاریی لهگهڵ داگیركاراندا، دهبێته هاوكاریی و پشتیوانیی لێی. ئهوهی ئێستا دهگوزهرێ چییه؟ دهسهڵاتێكی ستهمكار و تاڵانكاری وابهسته به داگیركاران له باشووردا باڵادهسته، كه ههبوون و مانهوهی خۆی له ههبوون و مانهوهی ههژموونی داگیركاراندا دهبینێتهوه. ههرچی رژێمه داگیركارهكانیشن ههرچییهكیان بوێت لهڕێی ئهو دهسهڵاتهی باشووردا جێبهجێی دهكهن. بێگومان ئهو رژێمانه دژ به رهوت و بزووتنهوه نیشتمانپهروهریی و نهتهوهیی و دیموكراتیخوازییهكانن، بۆیه دهسهڵاتی باشووریش بێئهملاو ئهولا لهبهرامبهر بهو رهوت و بزووتنهوانهدا ئهوه جێبهجێ دهكات كه ئهوان دهیانهوێت. بۆیه پێویست دهكات بهههموو شێوه و رێبازێك بهرهنگاربوونهوهی داگیركاریی و وابهستهیی ببینهوه و نهك ههر رێگه نهدرێت ئهو داگیركارییه بگاته سهركهوتنی خۆی، بهڵكو دهبێت ههرچی پێگه و ستووندی داگیركاریی ههیه ههڵوهشێنرێتهوه. بهمهش دهتوانرێت قۆناخێكی نوێ له باشوور دهستپێدهكات كه بهئاراستهی بونیادنانی سیستهمێكی دیموكراتیی نیشتمانیی له باشوور بونیاد بنرێت و باشوور لهناوهندی شهڕی تایبهتی داگیركارییهوه ببێته ناوهندی ئازادی و دیموكراتی و دادپهوهریی خاوهن سهروهریی و شكۆداریی خۆی.
■ كهمال رهئوف چەند ساڵێك لەمەوبەر برادەرانی پارتی لەرێگەی دوو گۆڤاری سێبەرەوە كتابێكیان بەناوی رێكخستنی یەكێتیەوە لەسەر بەندە بڵاوكردەوە، ناوەرۆكەكەی ئەوە بوو گوایە لەرێگەی كەسایەتیەكی سلێمانیەوە، بومەتە یەكێتی و مانگانەیان بۆ بریومەتەوە. دوای ئەوەی داوای یاسایم لەسەر گۆڤارەكان تۆمار كرد، كیسەكەیان بۆدەستی دەستی حەواڵەی هەولێر كرد، هەموو جارێكیش لەبری ئەوەی ئەوانەی كتابەكەیان تەزویر كردوە منیان بەگیر ئەهێناو هەرەشەی دەستگیركردنیان ئەكرد، بەڵام خۆشبەختانە یەكێك لەسەر نووسەرەكان پاش چەند ساڵێك ویژدانی جوڵاو روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئەوەی نوسی كە ئەو كتابە تەزویر بووە. زەریبەی ئەو كاتبە تەزویرە ئەوەبوو لەو ماوەیەدا بەندە رۆڵم هەبوو لە نزیكردنەوەی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی، بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێك مام جەلالم بینیبوو. ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، لەو كاتە كۆمەڵێك بەناو "رەخنەگر"، ئەوەیان بڵاو كردەوە، گوایە لە بەرامبەر ئەو چاوپێكەوتنە چەند دۆنمێك زەویم وەرگرتوە، وەك ئەوەی تاڵەبانی پەكی لەسەر ئەوە كەوتبووبێت، لە میدیایەكی كوردی مقابەلەی بكرێت!. لە چەند رۆژی رابردوو، لەپەیجێك كە خۆیان بەدۆستی گۆران و نزیك لەوان ئەزانن، بابەتێك لەسەر بەندە بڵاوكرایەوە، بەناونیشانی "كەمال رەئوف" چەكە نوێكەی یەكێتی، لەراستیدا ئاستی هەڵمەتەكە ئەوەندە نزم و گاڵتە ئامێز بوو، بەباشم زانی وەڵامی نەدەمەوە و بێدەنگەم لێكرد، چونكە پێشتر چەند جارێك لەمیدیاكانەوە بەوە تۆمەتبار كرابووم كە گۆرانم و ئیش بۆ ئەوان ئەكەم. لەیەك دوورۆژی رابردو، جارێكی تر نوسراوێكی تری تەزویر، بەڵام ئەمجارە بەناوی پارتییەوە بڵاوكراوەتەوە، گوایە شەش هەزار دۆلار بۆ بەندە خەرج كراوە، دیارە ئەم نوسراوە هی هەر كەس و لایەنێك بێت، پارتی لێ بێبەرییە، چونكە هیچ نەبێت ئەوان ئەزانن ناوی دەزگاكەی خۆیان بەراستی بنوسن، كە لەم نوسراوەدا كاكی تەزویر چی ناوەكەی بەهەڵە نوسیوە، لەنوسراوەكەدا ناوی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی پارێزگای سلێمانی ) هاتووە ، لەكاتێكدا خۆی ناوی راستی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی - هەڵەبجە)یە. من سوپاسی تەزویر چییەكان ئەكەم، چونكە هەرجارە شتێك بڵاوئەكەنەوە، هەڵەیەكی جەرگ برئەكەن و دەستەكەیان دەكەوێتە روو، لەوەی یەكەمجاری لای برادەرانی پارتی نوسراوەكەیان بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە كردبوو، كە یەكێتی نەئەوساو نەئێستاش شتێكی نییە بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە. هەرچۆنێك بێت لام سەیر نییەو خۆم دەزانم دەردی ئەم كتابە تەزویرە تازەیەش چییەو دەشزانم برادەرانی تەزویرچی كوێیان ئێشێت، بەدوریشی نازانم لە لەئایندەیەكی نزیكدا بەهەمان شێوە پەلاماری چەند كەسێكی تر بدرێت و لەسەر ئێمەش چەند بارەی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی لام سەیرە ئەوەیە كۆمەڵێك كە بەحساب لەگەڵ دەسەڵات نین، حەزیان لەوەیە ریوایەت بۆ ئەم تەزویرچیانە بهۆننەوە، جا ئەمە یان كاڵفامییە، یان هەر حەزیان لەوەیە هەموو دنیا ناشرین بكەن تاجوانی خۆیان دەرخەن.. كەمال رەئوف
■ بەیار عومەر عەبدوڵا بههۆی ئهم سیستهمه مهركهزیهوه كشتوكاڵ به گشتی و دهشتی شارهزور به تایبهتی كه یهكێكه له دهشته ههره بهپیتهكانی جیهان فهرامۆشكراون، بهڵام له سایهی سیستهمی لامهركهزی و فیدراڵیدا دهكرێت ببوژێنرێنهوه و بهرههمی كشتوكاڵی نهك ههر بهشی پێداویستی ناوخۆی ههرێمی كوردستان بكات، بهڵكو لێشی ههنارده بكهین. ئهمهش ژمارهیهكی زۆر له هاوڵاتی دهخاته سهر كار و ئاسایشی نیشتیمانیش دهپارێزێت. ههروهها دهستكراوهترمان ئهكات له بڕیاره سیاسیه چارهنوسسازهكاندا؛ واته بۆ نمونه ئهگهر سهربهخۆییمان ڕاگهیاند، بێمنهت ئهبین له ههڕهشهی دراوسێكان و داخستنی سنور. وهك چۆن گرنگه كه سوپایهكی نیشتیمانی یهكگرتوی پڕچهكمان ههبێت كه بتوانێت بهرگری له خاكی ههرێمی كوردستان بكات، به ههمان شێوه گرنگه كه خاوهنی كشتوكاڵ و پیشهسازی خۆماڵی بین و ئهوهنده چاولهدهستی ئێران و توركیا نهبین. به كورتیهكهی ئابوریهكی نیشتیمانی بههێز لهپاڵ سوپایهكی یهكگرتوی نیشتیمانی ڕێگهی ڕاستهقینهن بۆ سهربهخۆیی كوردستان، نهك دروشمبازی و موزایهدهی سیاسی و ڕیفراندۆمی ساخته و فریودهر. له سایهی سیستهمی لامهركهزی و فیدرالیدا، ئهكرێت سود له پارهی پهترۆدۆلار و پهترۆگاز وهربگیرێت بهشێكی بۆ موچه و بهشێكیشی بۆ ڕاكێشانی ئاو و كارهبا و خزمهتگوزاریهكانی تر ههم بۆ هاوڵاتیان و ههم بۆ كارگه و كێڵگهكان. بهڵام ئهوهی جێی داخه ئهوهیه كه بههۆی سیستهمی مهركهزیهوه، كشتوكاڵ و پیشهسازی نهك پهرهیان پێنهدراوه، بهڵكو دژایهتیش كراون. له ساڵی ٢٠٠٦ هوه بۆ ٢٠١٥، نزیكهی ١٣ ملیار دۆلار له پارێزگای سلێمانی وهبهرهێنان كراوه، لهمه ٨ ملیاری بۆ پیشهسازی بوه، وه لهم ٨ ملیار دۆلارهی پیشهسازیش، زیاد له ٣ ملیار دۆلاری بۆ كارگهكانی چیمهنتۆ بوه. ئهگهر لهبهر ئهوه نهبوایه كه مهواده خامهكهی له پارێزگای سلێمانیدایه، بهرپرسانی زۆنی زهرد ئهو كارگهی چیمهنتۆیانهشیان ئهگواستهوه بۆ سنوری خۆیان. بهڵام كه بۆیان نهكراوه بیگوێزنهوه، بهردهوام له ههوڵدان بۆ پهكخستنی. بهم جۆره ئهقلیهته حیزبۆكراتی و ململانێ ڕوخێنهرهوه چۆن ئابوری بههێز و دهوڵهت دروست دهكرێن؟!!! له كاتێكدا عێراق دۆستی نزیكی ئێرانه، بهڵام حكومهتی عێراق گومرگێكی زۆری خستۆته سهر چیمهنتۆی ئێرانی بۆ ئهوهی پارێزگاری له پیشهسازی ناوخۆیی بكات و هاوڵاتیان ناچار بكات زیاتر چیمهنتۆی عێراقی بكڕن، بهڵام له ههرێمی كوردستاندا هیچ پارێزگاریهك له پیشهسازی خۆماڵی نهكراوه و هیچ گومرگێكی ئهوتۆ نهخراوهته سهر چیمهنتۆی ئێرانی، بۆیه زۆرینهی هاوڵاتیانی ههرێمی كوردستان چیمهنتۆی ئێرانی دهكڕن. سهرهنجام كارگهكانی چیمهنتۆش له پارێزگای سلێمانی ناچار زۆرترین بهرههمیان بنێرن بۆ باشوری عێراق، چونكه لهوێ حكومهتی عێراقی پارێزگاری له پیشهسازی خۆماڵی ئهكات و وایكردوه كه چیمهنتۆی عێراقی بتوانێت كێبڕكێی چیمهنتۆی ئێرانی بكات له نرخ و كوالیتیدا. حكومهتی ههرێم نهك پارێزگاری له پیشهسازی خۆماڵی نهكردوه، بهڵكو سزاشی داوه. بۆ نمونه حكومهتی ههرێم كه پارتی زاڵه بهسهریدا، دهزانێت كه پارێزگای سلێمانی ههندێك پیشهسازی ههیه، دهیهوێت پهكیانبخات، بۆیه بهردهوام نرخی ئاو و كارهبایان لهسهر زیاددهكات. ههروهها چیمهنتۆی پارێزگای سلێمانی كه دهچێت بۆ كوردستانی ڕۆژئاوا بۆ ئاوهدانكردنهوه له پاش جهنگ، وهختێك چیمهنتۆكه به سنوری زهردا تێپهڕدهبێت، ههندێك جار ڕێگری لێدهكرێت، ههندێك جاریش بهرامبهر بهوهی كه ڕێگهی تێپهڕبونیان پێدهدرێت، سهرانهیان لێدهسهندرێت. بۆیه گهر بمانهوێت بهرهو سهربهخۆیی ههنگاوبنێین و دهوڵهت دروستبكهین، دهبێت سیستهمی لامهركهزی و فیدرالی پهیڕهوبكهین و دهسهڵات و داهات به شێوهیهكی ئاسۆیی شۆڕبكهینهوه بۆ سهرجهم پارێزگا و شار و شارۆچكهكان، كه ئهمهش وادهكات كێبڕكێیهكی دروستكهر دروستبێت و كهرتهكانی كشتوكاڵ و پیشهسازی له سهرجهم شار و شارۆچكهكانی ههرێمی كوردستاندا گهشهبكات. ئهمهش دهبێت به سهرهتایهك بۆ بنیاتنانی ئابوریهكی نیشتیمانی بههێز و ئاسایشی خۆراك دابینئهكات، كه پێشمهرجی دروستكردنی دهوڵهت و ڕاگهیاندنی سهربهخۆیین.
■ چیا عەباس زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان بزوتنەوەکەیان بە دۆخێک گەیاندوە کە نەیار و رکابەرەکانی بە خەونیش خوازیاری نەبون، لە باڵێکی ناسراو بە ریفۆرمی ناو یەکێتیەوە هاتبون. ئەم بەرێزانە خەبات و قوربانی زۆریان بە نەتەوەکەیان بەخشیوە، کاتێک لاپەرەکانی مێژوی زۆربەیان لە دوای راپەرینەوە هەڵبدرێنەوە کەمن ئەوانەی بە مانا رەسەنەکەی ریفۆرم ریفۆرمکار بون. ئەوانی تر لێرە و لەوێ داوای چاکسازیان کردوە، بەڵام لە ناو یەکێتی ململانێی دەسەڵات و پێگەیان کردوە و زیاد لە مافی خۆیان سودمەندیش بون لە دەسکەوت و ئیمتیازاتی تایبەت. ئەم هەڵسەنگاندنە بێ داتا و بەڵگە و ناو نیە، چەند دۆکیۆمێنتی بڵاوکراو لە لایەن ویکیلیکسەوە باسیان لەو واقیعە کردوە. بەشێکی زۆر بچوکی ئەو باڵە پێش هاتن بۆ ناو گۆڕان مەرج و داخوازی تایبەتیان هەبو، کاک نەوشیروان بە رێگەی چەند هاورێیەکی نزیک لێی لە پەیوەندیدا بو لە گەڵیان تا بێنە ناو گۆڕان و گوێی بو خواست و داواکاریەکانیان شل کردبو. کاتێک هاتنە ناو گۆڕانەوە بە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – ریفۆم هاتن، بەو بۆنەیەشەوە بەیانێکیان دەرکرد، دواتر کاک نەوشیروان قەناعەتی پێکردن هەمویان لە ژێر چەتری گۆڕاندا کاربکەن. زەمانە هات و زەمانە رۆیشت، گۆڕان بوە خاوەنی دەستور و دامەزراوەکانی خۆی، بریار بو راستەوخۆ دوای یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان لە ٢٠١٣ خانەی راپەراندن پێک بهێنرێت، بەڵام چوار ساڵ دواتر و بە ماوەیەکی کورت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان ئەو کارە ئەنجامدرا. کاک نەوشیروان لە دوا ساتەکانی ژیانیدا نامە بەناو بانگەکەی بۆ هاورێکانی نارد بۆ دروستکردنی خانەی راپەراندن، ئەوانیش درێغیان نەکرد یەکێک لە داواکاریە بنەرەتیەکانی رێکخەرە کۆچکردوەکەیان پشتگوێ خست. پێموایە ئەو پشتگوێخستنە سەرەتای کاڵکردنەوەی سەردەمی کاک نەوشیروان بو لای بەشێک لەو دەسەڵاتدارە تازانەی گۆڕانەوە. هۆکارەکانی پشت دواخستنی دروستکردنی خانەی راپەراندن لە لایەن کاک نەوشیروان ەوە چی بون؟ گەران بەدوای وەڵامەکانی ئەم پرسیارە زۆر شتی گرنگمان بۆ رون دەکاتەوە، ئەمەش کەوتۆتە سەر ویژدان و ئەمەکی کاراکتەر و شایەتحاڵە بە ئاگاکان لە روداوەکان کە چەند لە راستیەکان دەدرکێنن. نزیکەی ئەو دو ساڵەی کاک نەوشیروان بەهۆی نەخۆشیەوە لە کوردستان دور بو، دەسەڵاتەکانی خۆی بە هاورێکانی دابو، کاتێک گەیشتە ئەو باوەرەی ئەوان وەک پێویست ناتوانن ئیدارەی گۆڕان بکەن رێنماییە ناودارەکەی بۆ دروستکردنی گروپی راوێژ لەو بەرێزانە دەرکرد. دیاریکردنی ئەرک و پێگەی راوێژ لە رێنماییەکەدا بۆ هاورێکانی بە ورد و خەستی دید و هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان دەردەخات. کاک نەوشیروان لە کوردستان و لە بەریتانیا بەردەوام بۆ ئەو گروپە هەڵسوراوان و دۆستانەی سەردانیان دەکرد چەندین پرسی دەوروژاند، لەوانە: - بۆچی بەشێکی بەرچاوی پەرلەمانتارانی گۆڕان ناو بە ناویش بێت ناگەرێنەوە بۆ ئەو جەماوەرەی دەنگیان پێداون و لە نزیکەوە لە بار و دۆخی ژیانیان ناپرسنەوە؟ - بۆچی وەزیرەکانی گۆڕان، تایبەت دارایی و پێشمەرگە، دوای دورخستنەوەیان لە حکومەت بە دەنگێکی بەرز باسی پرۆژەکانی گۆڕان بۆ کابینەی هەشت ناکەن؟ - بۆچی چەند هەڵسوراوێکی باڵا کردیان بە رۆژی حەشر تا پەیوەندیە رێکخراوەییەکانی خۆی لە گەڵ بەرپرسە نارەزاکانی گۆڕان ئاساییان بکاتەوە، کە ئەوەشی کرد هەر هەمان ئەو هەڵسوراوانە کەوتنە گیانی نارەزاکان و گۆڕان یان کردە گۆرەپانی ململانێی توند لە گەڵیاندا؟ - بۆچی ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسی گۆڕان دەزانن خەمی پەیاکردنی سەرچاوەی داراییان بۆ بزوتنەوەکە نەخستۆتە ئەستۆی خۆیان؟ - بۆچی ئەوەندە سەرقاڵی مومتەلەکاتی گۆڕانن، لە کاتێکدا رۆڵێکی ئەوتۆیان لە بەدەسهێنانیان نەبوە، ئایا ئەو زەماناتانە چین کە نەریتی کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ناو گۆڕاندا دوبارە نابێتەوە؟ هەرچۆنێک بێت ئێستا شتەکانی ناو گۆڕان زۆر رون و ئاشکران، دەرکەوت لە سایەی ئەقڵیەت و ئەو کاراکتارانەدا گۆرانکاری لە ناو گۆڕان نەک هەر ئەستەمە بەڵکو روداوەکان ئاماژەن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەروات. پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە بۆچی؟ ئەو بەرێزانەی ئێستا لە گۆڕاندا باڵادەستن لە بواری رێکخراوەییدا گۆشەکراو و پەروەردەکراوی چەمکەکانی لینینزمن، بۆ ئەوان دەسەڵاتی هەرەمی بناغەی بنەرەتی بەرێوەبردنی حزبە، باوەریان بەوە هەیە هەرچی بۆچون و رای جیاواز و رەخنە و پێشنیازی بنکەکانی رێكخستنە دەبێت بە رێگەی ئەو دامەزراوانەی ئەوان کۆنترۆڵیان کردون و پریان کردونەتەوە بەوان بگات، بە مزاجی خۆشیان بریاریان لێبدەن. لە کاتێکدا کاک نەوشیروان ماڵەکەی کراوە بو، رۆژانە خولیای ئەوە بو راستەوخۆ گوێبیستی بۆچون و رای دەیان هەڵسوراو و گۆرانخواز بێت، بە رێزەوە گفتوگۆی لە گەڵ دەکردن و وەڵام و هەڵسەنگاندنی خۆی راشکاوانە رادەگەیاند. بەردەوام دەشیگوت نەریتی حزبە ستالینستەکان بە سەرچوە، بۆیە پێکهاتەی ئاسۆیی کردە کۆڵەلەکەیەی بنەرەتی رێکخراوەیی بزوتنەوەکە. دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان لە چەند گروپ و تاقمی نەگونجاو لە گەڵ یەکتر پێکهاتون، زۆربەیان هزر و فکرێکی دیاریکراوی هاوبەشیان نیە تا دەستی پێوە بگرن، بۆیە هەر سات و ئانێک جیا لە یەکتر لێدوان و قسەی جیاوازی فرە ئاراستە دەکەن، دیاردەیەک بۆتە هۆکاری سەر لێشواندن و چەواشەکاری بۆ گۆرانخوازان، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان بە یەک دو رستە بابەتەکانی رون و یەکلایی دەکردەوە. ئەم بەرپرسانەی ئێستا خاوەنی دیدگای تایبەتی خۆیان بۆ گەشەکردنی و بەهێزکردنی گۆڕان نین، ئەوەی بە دەستیانەوە ماوە ئەزمونە رێکخراوەییە کلاسیکیە بەسەرچوەکانە لە گەڵ مناوەرەی سیاسی لە رەوشی ئاڵۆزی کوردستان تا لە سایەیاندا بتوانن بەردەوام بن، بۆیە گۆڕان ئێستا دوای روداوەکان دەکەوێت و توانای خەڵقاندنی روداوی نەماوە. بە پێچەوانەوە کاتێک گۆڕان لە لوتکەی هێزیدا بو و بەشدار بو لە حکومەت، کاک نەوشیروان بۆ پێداگری لە پرەنسیپەکانی راشکاوانە رایگەیاند سەرجەم پرۆسەی پەرلەمانی و سیاسی لە کوردستان کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە و نەکەوتە ژێر باری بایکۆت و فشارەکانی دەسەڵاتەوە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا زۆر ئاسایی پێشوازی لە تەقەکەرانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە سەر مەزاری کاک نەوشیروان دەکەن، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان لە سەر تەعەدایەک، هەرەشەیەک و چاوسورکردنەوەیەک لە هەڵسوراوێکی گۆران ئامادەبو چی پێ دەکرێت بیکات. ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی گۆڕان ئێستا بە پاساوی کەمکردنەوەی فشار نیەتی جدیان هەیە لە حکومەتی هەرێم بەشدار بن، هاوکاتیش بانگەشە بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی دەکەن، کە دەبێت بکرێتە رێگەی چارەسەری کێشەکان. مەخابن بەشێکی گرنگی ئامادەکاریەکانیان بۆ کۆنفرانسەکە نادەستوریە و سەرقاڵی ئەوەشن دەرئەنجامەکان بە خواستی خۆیان بێت. ئەم بەرێزانە کاری زۆریان بۆ گۆڕان کردوە، ماندو بون و دڵسۆزی کوردایەتین، ئەم خەسڵەتە بەرزانە ئەو راستیە داناپۆشن کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ناتوانن گۆرانکاری و چاکسازی پێویست لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبکەن. کەوتۆتە سەر شانی هەڵسواراوان چۆن گۆڕان لەم مەینەتیەی تێی کەوتوە رزگار بکەن!